تیۆرییه‌که‌ی حه‌مه‌پیرۆز
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئێمه، ئه‌گه‌ر
وه‌دووی دیرۆکی سیخوڕی له نێو بزاڤی کوردایه‌تی و شۆڕشی کورددا بگه‌ڕێین، ده‌بێ
بگه‌ڕێینه‌وه بۆ به‌راییه‌کانی ئه‌و باسه، که دیاره هێنده هاسان نییه و بێجگه
له‌وه‌ی کارێکی ورد و کونجکاوییانه‌ی ده‌وێت، مرۆڤ گه‌ره‌که ده‌ستی به‌و فایل و دۆسێ
و نامه و به‌ڵگانه‌ی ده‌سگا سیخوڕییه‌کانی به‌عس و عیراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری عیراقیشدا
بگات، که ئه‌وه بۆ خۆی لێره، له‌م دووره وڵاتییه، کارێکی یه‌کجار سه‌خته، به‌ڵام
له وڵات، له کوردستان، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌یه‌کی کارا و دڵسۆز هه‌بن و بڕیار بده‌ن،
ده‌توانن وه‌دووی ئه‌و کاره بکه‌ون و به ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ڕۆ
بچن و هه‌موو لایه‌نه شاراوه‌کانی ساغ که‌نه‌وه. له جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌گێڕنه‌وه، که ساڵانی
1980کان، گه‌لێک جار له جڤین و دانیشتنه تایبه‌تییه‌کانی خۆیدا، له‌گه‌ڵ سه‌رانی
حیزبه‌که‌یدا گوتوویه‌تی:"ئای له‌و ڕۆژه‌ی، که دێت و ته‌واوی فایله‌کانی ئه‌من
و موخابه‌راتمان ده‌ستده‌که‌وێت، تا بزانین فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر و هاوڕێکانی چۆن خزمه‌تیان به ئه‌من و موخابه‌رات
کردووه". ئێستا نه‌ک ته‌نیا فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر، به‌ڵکه سه‌دانی دیکه‌ش،
له نێو حیزبه‌که‌ی جه‌لال تاڵه‌بانیدا - یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان- فایل
و نامه‌ی کار و پێوه‌نده‌کانیان، به به‌عس و ده‌سگا سیخوڕییه‌کانییه‌وه، ئاشکرا
بووه و خه‌ڵک پێیان ده‌زانێت. حیزبی جه‌لالی، که له 1964ه‌وه له سه‌ر بناخه
و بنه‌مای ئایدیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌ی جه‌لالیزمی، دژ به بزاڤ و شۆڕشی کورد و کوردایه‌تیی
و بارزانی دروست بوو، ئه‌وه هیچ، که پێوه‌ندی سیخوڕێتییان، له‌گه‌ڵ ساواک و ڕێژیمی
ئێرانی شادا هه‌بوو، هه‌ر له 1966یشه‌وه، بوون به سیخوڕ و جاش و به‌گرێگیراوی ڕێژیمی
به‌عس و حیزبی به‌عس و ده‌سگا سیخوڕییه‌کانیشیان توانیبوویان دزه بکه‌نه نێویانه‌وه
و خه‌ڵکیان لێ بکڕن و بکه‌ن به جاسووس. مێژووی 1966-1970ی حیزبی جه‌لالی، له
مێژوویه‌کی سیخوڕی زیاتر، شتێکی دیکه نه‌بووه و نییه. ئه‌وان وه‌ک حیزب جاش و سیخوڕ
بوون و جاشایه‌تی و سیخوڕییان، خسته چوارچێوه‌یه‌کی فه‌لسه‌فه‌ییه‌وه و ئایدیۆلۆژیایه‌کیان
لێ سازکرد. که‌سانێک، که به‌شێکی زۆر
گرنگ و له‌به‌رچاوی، دیرۆکی جه‌لالیزم پێکده‌هێنن
و جه‌لالییان هه‌میشه شانازییان پێوه ده‌که‌ن و به پێشه‌نگ و سه‌روه‌ری
خۆیانی ده‌زانن، پێوه‌ندی سیخوڕیی زۆر ئاشکرا
و له‌به‌رچاویان، له‌گه‌ڵ ده‌سگا جیاوازه‌کانی سیخوڕیی ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات‌دا
هه‌بووه و هه‌یه، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، فه‌یله‌سووفی جه‌لالیزم، تا دواساتی ژیانی،
به موو له سیاسه‌تی ئینگلیز لای نه‌داوه و هه‌میشه له خزمه‌تی ئه‌واندا بووه و هاریکاریی
له‌گه‌ڵ ساواکی ئێران و عیسا په‌ژمانیشدا، له خه‌ڵک شاراوه نییه. بێجگه له‌وانه‌ش
ساڵانی 1966-1970، وه‌ک نۆکه‌رێک، چه‌کدارێک، قه‌ڵه‌مفرۆشێک و فه‌یله‌سووفێکی کوردکوشتن
و جاشیزم، له خزمه‌تی به‌عسدا بوو و تا
مردنیشی له بریتانیا، مووچه‌ی خانه‌نشینی له حوکوومه‌تی به‌عسه‌وه وه‌رده‌گرت. جه‌لال
تاڵه‌بانی، عه‌لی عه‌سکه‌ری، عومه‌ر ده‌بابه، حیلمی عه‌لی عه‌ریف، زه‌بیحی، نه‌وشیروان
مسته‌فا، که‌مال موفتی، مه‌لا ماتۆر، شێخ سه‌تتار تاهیر شه‌ریف، تاها موحیه‌ددین مه‌عرووف،
شێخ جه‌عفه‌ر به‌رزنجی و تا ده‌گاته فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر و سه‌عدی پیره و شاڵاو
عه‌سکه‌ری و مسته‌فا چاوڕه‌ش و حامیدی حاجی خالید و.... که هه‌موو له پزدانی جه‌لالیزمه‌وه
هاتوونه‌ته ده‌رێ، که‌م و زۆر ڕۆڵیان له بزاڤی جه‌لالیزمدا بینیوه و هیچ کارێک
نه‌ما، بۆ به‌عس و ڕێژیمی عیراق و ده‌سگا سیخوڕییه‌کانی و هی وڵاتانی دیکه‌یشی نه‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر ماسی له سه‌ره‌وه بۆگه‌ن بکات، وه‌ک تیۆرییه کوردییه‌که ده‌لێت، ئه‌وا
حیزبی جه‌لالی و جه‌لالیزم، له سه‌ره‌وه بۆگه‌نی کردووه. سه‌رانیانن، که ده‌یان
ساڵه سیخوڕن و ئاگری کوردکوژی خۆش ده‌که‌ن. سه‌دانی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌و سه‌رانه‌شیان،
هێشتا له نێو حیزبه‌که‌ی خۆیاندا و بزاڤی جه‌لالیزمدا، له ترۆپکی ده‌سه‌ڵات و پایه‌ی
سیاسیدان. یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانیش، که 1975 و له سووریای به‌عس و
"قه‌ڵای خۆڕاگریی و ڕووبه‌ڕڕوبوونه‌وه"، وه‌ک بۆ خۆیان نێویان لێنابوو،
له‌دایک بوو، هه‌ر به‌عسی سووریا و نه‌یارانی کورد ده‌ستیان له دروستکردنیدا هه‌بوو.
بزاڤی جه‌لالیزم، به شێوه که‌ونه‌که‌ی پێش 1975ی و به شێوه نوێیه‌که‌ی پاش 1975یشی،
که نێوی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی له خۆی نا، هه‌رگیز له بزاڤێکی پاشه‌ڵپیسی گه‌مار
زیاتر، شتێکی دیکه نه‌بووه و نییه. هاشم ئاکره‌یی، عوبه‌یدوڵڵا بارزانی، عه‌بدولوه‌هاب
ئه‌ترووشی و...له‌نێو پارتیی دیموکراتی کوردستانه‌وه ده‌رچوون و بوون به سیخوڕی
به‌عس. پارتیی دیموکراتی کوردستان، له دوای 1991 ه‌وه، که ئیدی هاته نێو شاره‌وه
و ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، سه‌دان خه‌ڵکی که‌ونه جاش و به‌عسی و سیخوڕ خۆیان پێدا
کرد و به پلیکانه‌کانیدا سه‌رکه‌وتن و پایه‌ی باڵای ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست و ئێستاشی
له‌گه‌ڵدا بێت، بۆ خۆیان تێروته‌سه‌ل پاڵیان داوه‌ته‌وه و گاڵته‌یان به دنیا دێت.
سیروان جاف، فه‌تاح جاف، یه‌حیا جاف، ئیبراهیم زه‌نگه‌نه، ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ک،
به‌هائه‌ددین ئه‌حمه‌د و...هه‌ر خه‌ڵکانێکی کورد بوون و دژی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان
بووبوون به نۆکه‌ری ڕێژیمی به‌عس. ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له نێوان، خه‌ڵکانی نه‌ته‌وه‌یی
و سه‌ربه حیزبگه‌لی نه‌ته‌وه‌یی کورد و خه‌ڵکانی سه‌ر به حیزبی کۆمۆنیستی عیراق
بکه‌ین، له‌ڕووی گه‌ندڵی و گه‌ماری و خیانه‌تکاری و پاشه‌ڵپیسییانه‌وه، حیزبی کۆمۆنیستی
عیراق، له چاو حیزبه نه‌ته‌وه‌ییه کوردییه‌کاندا، به سه‌د ئاو شۆراوه‌ته‌وه و
بیسمیل کراوه و گه‌لێک له‌وان پاکژتر بووه. حیزبی کۆمۆنیستی عیراق، به درێژایی
مێژووی 1934-1967، که یه‌ک ڕێکخراو بوو، وێڕای هه‌موو جۆره ڕاوه‌دوونان و گرتن و
ئه‌شکه‌نجه و کوشتنێک، ته‌نێ دوو که‌س له سه‌رانیان، خۆیان دۆڕان و بوون به پیاوی
ئاساییش و که‌وتنه سه‌نگه‌ری ده‌سگاکانی ئاساییشه‌وه و هاریکاری ئاساییش و پۆلیسیان
کرد، له ئاشکراکردنی هاوڕێکانی خۆیاندا و گرتنیان و زیندانیکردنیان. ئه‌و دوو که‌سه
یه‌کێکیان، مالیک سه‌یف بوو و ئه‌وی دیکه‌یشیان، ڕه‌فیق چالاک بوو. ئه‌یلوولی
1967، حیزبی کۆمۆنیستی عیراق، بوو به دوو به‌شه‌وه: کۆمیته‌ی نێوه‌ندی(اللجنة
المرکزیة) و سه‌رکرده‌یه‌تیی نێوه‌ندی(القیادة المرکزیة) و ئیدی له‌و مێژووه‌یشه‌وه،
ده‌بێ به جودا هه‌ردوو باڵه‌که‌ی حیزبی کۆمۆنیست بخوێنرێنه‌وه. حیزبی کۆمیته‌ی
نێوه‌ندی، ساڵانی 1967 تا 1972، هاریکاری و هاوئاهه‌نگییه‌کیان له‌گه‌ڵ
حوکوومه‌ته‌کانی عیراقدا هه‌بوو و کاری ڕاوه‌دوونان و ڕاپۆرتنووسین و به‌ده‌سته‌وه‌دانی
خه‌ڵکانی سه‌ر به حیزبی سه‌رکرده‌یه‌تیی
نێوه‌ندییان بۆ ڕێژیمی عیراق ده‌کرد . ساڵی 1972 حیزبی کۆمیته‌ی نێوه‌ندی، له‌گه‌ڵ به‌عسدا
چوونه به‌ره‌یه‌که‌وه و ئیدی که‌وتنه داکۆکیکردن له ڕێژیمی عیراق و به‌عس و تا
له به‌هاری 1974یشدا، تا 1975ی هه‌ره‌سی شۆڕشی کوردستان، چه‌کی به‌عسیان له
شان کرد و که‌وتنه وێزه‌ی بزاڤی کوردستان و ڕۆڵی جاشایه‌تییان بۆ به‌عس بینی.
ساڵی 1975 و تا 1978 و 1979، حیزبی کۆمیته‌ی نێوه‌ندی، له‌گه‌ڵ به‌عسدا مابووه‌وه،
تا ئیدی به‌عس ته‌نگیپێهه‌ڵچنین و که‌وته گرتنیان و ئه‌وانیش به کاوه‌خۆ، ڕێگه‌ی
که‌ژه‌کانی کوردستانیان گرته‌به‌ر. له‌و ماوه‌یه‌دا، که هێشتا له شار و له‌گه‌ڵ
به‌عسدا بوون، به تۆبزی به‌عس و ده‌سگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانی عیراق، به‌شێکی زۆریان،
ده‌ستبه‌رداری حیزب و بیروباوه‌ڕه‌که‌ی خۆیان بوون و دانیان به زۆر نهێنیدا نا.
پاش ئه‌و قه‌یرانه‌یان و تا ئێستا، ئیدی گه‌ڕانه‌وه نێو سه‌نگه‌ر و هێڵی گه‌ل و
دژایه‌تیی ڕێژیمی به‌عس. هه‌رچی حیزبی سه‌رکرده‌یه‌تیی
نێوه‌ندییشه، به‌هاری 1969، عه‌زیز ئه‌لحاج (عزیزالحاج)ی سکرتێری گشتیی ئه‌و حیزبه
گیرا و ئه‌ویش، هه‌رچی زانیارییه‌کی له‌مه‌ڕ حیزبه‌که‌ی خۆی و هاوڕێکانییه‌وه هه‌بوو،
دای به ده‌سگاکانی ئاساییش و هه‌واڵگر(مخابرات)ی عیراق و بوو به هاریکاری ڕێژیمی
به‌عسی عیراق و چاوساغیان. دواتریش موسلیح مسته‌فا، که ماوه‌یه‌ک بوو به جێگری
عه‌زیز ئه‌لحاج، خۆی دایه ده‌ست حوکوومه‌تی عیراقه‌وه و بوو به هاریکار و پیاوی
به‌عس و ئاساییشی عیراق، لێ له پایه‌یه‌کی نه‌ویتردا. ساڵی 1975، که شۆڕشی کوردستان،
هه‌ره‌سیی، فارووقی مه‌لا مسته‌فا، که سکرتێری هه‌رێمی کوردستانی حیزبی سه‌رکرده‌یه‌تیی
نێوه‌ندی بوو، خۆی دایه ده‌ست به‌عسه‌وه. له نێو حیزبی سه‌رکرده‌یه‌تیی نێوه‌ندیدا،
ئه‌وانه‌ی که ده‌کرێ وه‌ک خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ر و هاریکاری ڕێژیم و چاوساغی به‌عس و
دداننه‌ر به نهێنییه‌کانی حیزب‌دا و به‌ده‌سته‌وه‌دانی خه‌ڵک نێو ببرێن، ده‌کرێت ته‌نێ
نێوی عه‌زیز ئه‌لحاج ببرێت . که‌واته، هه‌موو دیرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی عیراق، به
هه‌موو باڵ و جۆره‌کانییه‌وه، مالیک سه‌یف، ڕه‌فیق چالاک و عه‌زیز ئه‌لحاجی تێدا
وه‌دی ده‌کرێن، وه‌ک خیانه‌تکار و پیاوی ڕێژیم. حه‌مه پیرۆز (موحه‌ممه‌د پیرۆز
ڕۆسته‌م)، کاتی خۆی جه‌لالی بوو. ماوه‌یه‌ک بوو به به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماده‌یی کوردستان
له که‌رکووک و سه‌رده‌مێکیش جه‌لالییان له
ساڵانی 1966-1970ی جاشایه‌تییاندا، کردیان به قایمقامی قه‌زای نێوه‌ندی که‌رکووک.
دواتریش کرا به به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی سلێمانی و ئیتر نازانم چی لێ هات! حه‌مه‌پیرۆز
بووبوو به به‌عسی و پیاوی ڕێژیم و هه‌موو شتێکی بۆ به‌عس ده‌کرد. حه‌مه‌پیرۆز، تیۆرییه‌کی
هه‌بوو، ده‌یگوت:"ئه‌گه‌ر هه‌موو کورد ببێته به‌عسی و جه‌یش ئه‌ششه‌عبی و
له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی عیراقدا بێت، ئه‌وا کوردستان ده‌که‌وێته ژێر ده‌ستی خۆیانه‌وه
و کورد ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر وڵاته‌که‌ی خۆیدا ده‌بێت و حوکوومه‌تی به‌عس له کوردستاندا
ڕۆڵی نامێنێت". حه‌مه‌پیرۆز، که
بۆ خۆی خودانی ئه‌و فه‌لسه‌فه و تیۆرییه بوو، بڕوای پێ بوو و له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕاستگۆ
بوو و به گوێره‌ی ئه‌و تیۆرییه سیاسه‌تی ده‌کرد. حیزبه‌کانی باشووری کوردستان و
به تایبه‌ت یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و جه‌لالییان، ڕێک وایانکردووه و بۆ خۆیان
میراتگری به‌عس و ده‌سگا داپڵۆسێنه‌ره‌کانین و پێده‌چێت، به درێژایی دیرۆکی خۆیان،ئه‌و
تیۆرییه‌ی حه‌مه‌پیرۆزیان کردبێته ڕێباز و هێڵی هزریی خۆیان و سه‌دله‌سه‌د قه‌بووڵیان
بووبێت و ئه‌و تیۆرییه‌یان پێڕۆ کردبێت و له سه‌ر ڕۆشنایی ئه‌و تیۆرییه ڕۆیشتبن
و سیاسه‌تیان کردبێت و بکه‌ن، لێ به هۆی
بووده‌ڵه‌یی و ترسنۆکی و ناڕاستگۆیی خۆیانه‌وه، به بێ ناوهێنانی حه‌مه‌پیرۆز، وه‌ک تیۆریساز و
ئایدیۆلۆژیاساز و هزرمه‌ند، ئه‌و کاره‌یان ئه‌نجام داوه.
29/10/2003
No comments:
Post a Comment