Wednesday 21 May 2014

سووتانی خەونێک


سووتانی خەونێک

ئەمجەد شاکەلی

 

" له‌م شه‌وه‌دا،

هه‌موومان،

له‌ چایخانه‌ی ئاڵۆزەکان گردبووینه‌وه‌،

چاومان بڕیبووه‌ شاشه‌ی ته‌لەڤزیۆنه‌که‌،

چاوه‌ڕوانی دیدارێکی عه‌زیز ئه‌لحاج بووین،

پێش چه‌ند ڕۆژێک،

 هه‌واڵی چه‌ند نه‌به‌ردێکی قیاده‌مان له‌ زونگاوه‌کان بیست،

که‌ دیداره‌که‌ په‌خش کرا،

بێده‌نگییه‌کی ترسناک هاته‌ گۆڕێ،

وەک ئەوەی چایخانه‌که‌ بووبێتە مۆنۆلۆگێکی ناوه‌کی،

ته‌نیا چل خوله‌کێکی خایاند،

به‌ڵام درزێکی له‌ یاده‌وه‌ریدا دروست کرد،

هێشتا له‌ ئاوێنه‌کانماندا ده‌یبینین،

سه‌عات هه‌شتی ئێواره‌ بوو،

بیرم نایەتەوە

 کاممان،

پێشتر ئه‌وێمان به‌جێهێشت.."[1]


نیوەڕوانێک، عەبدولقادر ئەلجەنابی(عبدالقادر الجنابي)ی شاعیر و فازڵ عەبباس هادی(فاضل عباس هادي)ی وێنەگر و شاعیر و ڕۆژنامەوان و فیلۆسۆف، لە گەڕەکی وەزیرییەی بەغدا و لە کتێبخانەکەی نێوەندی فەرهەنگی بریتانی، وەدووی دیوانە شیعری"هەڵۆی بەر باران"ی تید هیووز"Ted Hughes"دا وێڵن  و کە نایدۆزنەوە و تەنانەت کارمەندانی کتێبخانەکەیش نازانن ئەو یەک دانەیەی لەو کتێبە، کە هایانبوو چی بەسەر هاتووە، وەدەردەکەون. لە ڕێگە تووشی جان دەممۆ (جان دمو)ی شاعیر، دیاردە تایبەتەکەی ژیان، خەونستان، یاخی، کەونەمارکسیست، پووچگەرا و هەڵگری پشکێک لە خەمستانەکەی کەرکووک، دەبن. دەممۆ، لە پێکەنیندا بەملا و بەولادا لارەلار دەبێتەوە و هەڵۆکەیان پێشان دەدات و دەڵێ: کوڕە باوە ئەوە شێتە! ئەو نیوەڕۆیە نیوەڕۆی ڕۆژی 3ی ئەپریلی 1969، بەو جۆرە تێدەپەڕێ. بۆ ئێوارەکەی هەموو لە چایخانەی دەروون ئاڵۆزان، سوریالیستان، یاخییان، لانەوازان، فیلۆسۆفان و... خڕدەبنەوە و چاو دەبڕنە تەلەڤیزیۆنەکە و چاوەڕوانی دیدارێک دەکەن...
ڕێک ئەو دیدارەی عەبدولقادر ئەلجەنابی(عبدالقادر الجنابي)، فازڵ عەبباس هادی(فاضل عباس هادی) و جان دەممۆ(جان دمو) و دەروون ئاڵۆزانی دیکەی چایخانەکە، چاوەنۆڕی بوون، منیش ڕێک و هەر ئەو ئێوارەیە، چاوەنۆڕی ئەو دیدارە بووم.  ئەوان و من، ئەودەمە، هەر لە یەک شاردا بووین (بەغدا)، لێ لە دوو جێگەی جیاواز. ئەوان و من، یەک شتی هاوبەش لە دووریی یەکدییەوە کۆی کردبووینەوە، ئەویش دیدارەکە بوو، دیداری سووتانی خەونەکانمان. ئەوان سێ هاوڕێ و چەند دانە مرۆڤی ئاڵۆز و خەمۆکان و ئێمەیش، چەند کارگەرێکی یانەی خوێندکاران و خاوێنکردنەوە و و سەدان خوێندکاری خەمۆک و ئاڵۆز و کازمی هاوڕێم و من...شیعرەکەی ئەلجەنابی منی گێڕایەوە بۆ ئەو ئێوارەیە، کە ئەمێستا چلوپێنج ساڵ بەسەر دیداری گڕتێبەردانی ئەو خەونانەماندا تێدەپەڕێ و هەنووکەش دەڵێی دوێنییە... 
 درەنگانێک، نێوان عەسرێکی درەنگ و خۆراوایەکی مانگی ئەپریل، دوای گەڕانەوەم لە کۆلیژەوە، لەنێو شاری بەغداوە، بۆ خەوگەکەمان لە شاری زانستگە(المدینة الجامعیة)، کە دەکەوتە سەر ڕێگەی باقوبە(بعقوبة) و خانی بەنی سەعد (خان بني سعد)، نێزیک بە نەخۆشخانە یا شێتخانەی ئەششەماعیە (الشماعیة)، هێندە شەکەت بووم، بێ خۆگوڕین، هەر بە جلی ڕۆژ و کەوشەکانمەوە، لەسەر گازەرەی پشت، لەبان تەختی خەوتنەکەم لە ژوورەکەدا، کە لەگەڵ چوار یا پێنج خوێندکاری دیکەدا، هاوژووربووین و دابەشمان دەکرد، پاڵکەوتم. ئەو ساتەی گەڕامەوە و پاڵکەوتم، کەسی دیکە لە ژوورەکەدا نەبوو و تەنێ خۆم بووم. خەوم لێکەوت. ڕەنگبێ نێزیکەی سەعاتێک یا بڕێک زیاتر خەوتبێتم، لەپڕ بە دەنگی هەڵسەهەڵسە(أگعد أگعد)یەک، بیدار بوومەوە و کە چاوەکانم کردنەوە، دیتم کازم ئەلحاج ڕەزووقی ئەلعەتتار(کاظم الحاج رزوقي العطار)، بە چاویلکە گەورەکانی و دەستە پیجامە شینەکەیەوە، بە دیار سەرمەوە ڕاوەستاوە و هەڵسەهەڵسەکە ئەوە و وەئاگام دەهێنێتەوە. بە چاوێکی خەواڵوو و ڕوومەتێکی بەیەکدادراو و تاڕادەیەک پەست، گوتم بۆ هەڵمدەستێنی، تازە خەوم لێکەوتووە! گوتی: هەستە تەنبەڵ، کەمێکی تر مامت لە تەلەڤزیۆن دەردەچێ. واقم وڕما و گوتم: مامی من، مامی چی، مامم کێیە؟ گوتی: ئای لەوە، ئەوە چییە! بۆ خۆت نەبان دەکەیت، عەزیزی مامت، عەزیز ئەلحاج (عزیزالحاج). گوتم: قسەی قۆڕ، چۆن شتی وادەبێ و ئەوە خەونە تۆ دەیبینی، هەرگیز شتی وا نابێ. گوتی: جارێ هەستە و قیت ببەوە و خێراکە، تا زووە بچین جێگەیەک لە یانەی خوێندکاران(نادي الطلبة) بگرین و ئەودەمی بە چاوی خۆت دەیبینی. کازم و من هەردوومان خوێندکاری کۆلیژی ئابووری بووین و هەردوومان ساڵی یەکەممان بوو، لێ هاوپۆل نەبووین و لە خەوگەشدا، لە یەک ژووردا نەبووین. کازم خەڵکی عەمارە (العمارة) بوو و کۆمۆنیست بوو و سەربە حیزبی شیووعی عیراقی(لیژنەی مەرکەزی) بوو. منیش مەیل و سۆزێکم بۆ حیزبی شیووعی عیراقی(قیادەی مەرکەزی) هەبوو و هەواداری بووم. هەریەکەمان لە سەنگەرێکدا بووین و هەردوویشمان بەیەکدیمان دەزانی و هەموو قسەوباسێکیشمان، بێ هیچ ترس و شاردنەوە و سڵەمینەوەیەک، لەتەک یەکدیدا دەکرد و هیچمان لەیەکتر نەدەشاردەوە. دۆستایەتی و هاوڕێیەتیمان لەڕادەبەدەر بوو و لەسەرێی هەموو شتێک و لەدەرێی هەموو شتەکانی دیکە بوو و بڕوایەکی تەواومان بەیەکدی هەبوو. خێرا لەگەڵ کازمدا بەرەو یانەی خوێندکاران، کە سێسەد میترێک لێمانەوە دووربوو،  وەڕێکەوتین. من دەمزانی عەزیز ئەلحاج ماوەیەک پێش ئەو ڕۆژە گیراوە، لێ هەرگیز بڕوام بە قسەکەی کازم نەبوو، کە ئەلحاج دێتە سەر تەلەڤزیۆن و لە دڵی خۆمدا دەمگوت، کازم گاڵتەم پێ دەکات و پێم ڕادەبوێرێ. گەیشتینە یانەی خوێندکاران، یانە جمەی دەهات و هەر خوێندکار بوو، کورسییەکی بۆخۆی داگیرکردبوو و ڕووەو تەلەڤزیۆنەکە دانیشتبوو و هەمووان چاوەڕوانی شتێکی گرنگ بوون. هەرچۆنێک بوو، کازم و منیش، سەرو کورسیمان پەیدا کرد و لە پشتی چەند ڕیزێکەوە دانیشتین و ئەبڵەق ئەبڵەق ڕوومان کردە تەلەڤیزیۆنەکە. ئەوەی ئەو خەڵکە چاوەڕیی بوون پێشان بدرێ، هێشتا مابووی. هەموو دەتگوت لەسەر ساجێکی گەرم ڕاوەستاون و سمکۆڵان دەکەن یا پێخاوسن و پێیان بە دڕکدا دەچەقێ. چاوەکان پەلەی بینین و گوێیەکان پەلەی بیستنیان بوون و زۆرێک لەوانەی دانیشتبوون، دڵەپرتەیان وێ کەوتبوو و پەلەی ڕووداوەکە بوون. دوای ئەو چاوەڕوانییە بێزارکەرە، موحەممەد سەعید ئەلسەححاف(محمدسعیدالصحاف)، کە ئەودەمی بەڕێوەبەری ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی بەغدا بوو، دەرکەوت و عەزیزئەلحاجی بە ناوی عەزیز ئەلحاج عەلی حەیدەر (عزیزالحاج علي حیدر) و وەک سکرتێری حیزبی شیووعی عیراقی(قیادەی مەرکەزی)ی پێشکەشکرد. ئیدی ئەلسەححاف دەیپرسی و ئەلحاج بەرسڤی دەدایەوە. ئەلحاج، ئەوەی لە هەنبانەکەیدا بوو، هەڵیڕژت و بارەکەی بەتاڵ کرد و دڕوویەکی بە فوودانکەکەدا کرد و تەقاندییەوە. کۆمەڵێک لەوانەی لەو هۆڵەدا بوون بە منیشەوە، هەموو هێڕ و کاس بووین و تاسابووین و وشە لە گەروومانا گیری خواردبوو و توانستی دەراندنی هیچ پەیڤێک، هیچ ڕایەک، تەنانەت هیچ دەنگێکمان نەمابوو، بێجگە لە هەناسەی سارد هەڵکێشان. چاوانیشمان، فرمێسکیان تێ زابوون و کەپوویشمان کەوتبوونە مشەمش. ئەوەی عەزیز ئەلحاج گوتی، چەپۆکێک بوو بە سەروسەکوتی هەموو یەکێک لە ئێمە و شەقازللەیەک بە بناگوێی هەموو یەکێک لە ئێمە و سووکایەتپێکردنی هەموو یەکێک لە ئێمە بوو. دیارە نەک هەر ئێمەی نێو ئەو هۆڵە، بەڵکە تەواوی خەڵکی دژە دەسەڵاتی عیراق. عەزیز ئەلحاج، لە خەیاڵی ئێمە و زۆرینەیەکی عیراقیاندا، عەرەب و کورد و...، گیڤارایەک بوو و دونیایەک خەونی ڕەنگاوڕەنگی جوان و خۆشمان بەوەوە دەبینی و کۆمەڵێک ئومێدمان بە دەوری ئەو و بزاڤەکەی ویدا هەڵچنیبوو، چاوەڕوان بووین مزگێنی ئازادی و یەکسانی و بەختەوەری، بۆ گەل، بۆ هەموو گەل، بۆ مرۆڤ، بۆ چەوساوانی وەڵات بهێنێت و ئیدی هەموو خەون و هیواکانمان بهێنێتە دی و جیهانێکی ڕازاوە و گوڵستانێک ببنە جێگرەوەی ئەم جیهانە، پڕ مەینەتی و نادادی و ناڕەواییە. لەبری ئەوانە، ئەوەی ئەو کردی،  "بە پاکانە نانێکی بۆ فڕێداین...و حیزبێکی ڕووخاند، بە دەستی خۆی دروستی کردبوو..."[2] و سەرلەنوێ فەهد و سەلام عادیل و جەمال حەیدەری و خالید ئەحمەد زەکی(خالد أحمد زکي/ظافر) و چێ گیڤارای لە خاچ دایەوە و چۆڕاوگەی خوێنی سەرجەم شەهیدەکانی ئەو ڕێبازەی ئەوانی بەردایەوە...
دیدارەکە تەواو بوو و لەگەڵ کازمدا لۆژەلۆژ و بێدەنگ و کشومات، خامۆش وەک گۆڕستاننشینان، بەرەو ژوورەکانی خۆمان کشاین و تا گەیشتینەوە، ورتە لە هیچ یەکێکمانەوە نەهات. ژوورەکەی کازم پێش ژوورەکەی من بوو و لەبەردەم دەرکەی ژوورەکەی ئەودا، من کازمم جێهێشت و نە ئەو دەنگ و نە من دەنگ، تەنێ چاومان بڕییە نێو چاوی یەکدی، ئیدی لێکتێگەیشتین و من بەردەوام بووم و چوومەوە ژوورەکەم و هەر دەسبەجێیش چوومەوە سەر تەختەکەم و بێ شەوباشی هاوژوورەکانم پاڵکەوتم و تا سبەی ئەمدیووئەودیوم دەکرد و بۆ یەک خولەکیش خەو نەچووە چاوم...
21-05-2014  

 



[1]  عبدالقادر الجنابي، قصیدة صور بغدادیة جدیدة، https://elaph.com/Web/Culture/2014/5/902294.html.

[2] لە شیعرێکی موزوففەر ئەننەوواب(مظفرالنواب)دا هاتووە بەناوی "براءة"، واتە: پاکانە.