گاڵته‌کردن
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ڕۆژی
25/9-2003، په‌رله‌مانی کوردستان، به زۆرینه‌ی ده‌نگ، قایل بوو و بڕوای خۆی دا به
سێ ژن، که پۆستی وه‌زاره‌تیان له حوکوومه‌ته‌که‌ی سلێمانیدا وه‌رگرت. ئه‌م هه‌واڵه
میدیاکانی کوردستان، ڕایانگه‌یاند و منیش له‌وانه‌وه به‌ر گوێم که‌وت. هه‌ر که‌سێک،
ئه‌گه‌ر بڕێک ئاگاداری پاشخان و به‌رایی، ڕووداوه سیاسییه‌کانی باشووری کوردستان،
و گه‌مه‌ی مشک و کتک و تۆمی و جێڕی، پارتیی و یه‌کیه‌تیی نه‌بێت، ڕه‌نگه دانانی سێ
وه‌زیری ژنی، له حوکوومه‌تی سلێمانیدا، زۆر پێ باش بێت و به هه‌نگاوێکی "شۆڕشگێڕانه"ی
بداته قه‌ڵه‌م، هه‌رچه‌نده ئه‌وان هه‌نگاوی ناشۆڕشگێڕانه‌یان هه‌رگیز نییه و هه‌ر
کارێکی، که کردوویانه و ده‌یکه‌ن، هه‌موو هه‌ر شۆڕشگێڕانه و داهێنانه!.به من:
1. دانانی هه‌ر ژنێک، له هه‌ر ده‌سگایه‌کی ده‌سه‌ڵات
و فه‌رمانڕه‌وایی و کارگێڕیدا، به هه‌موو ئاسته‌کانیانه‌وه، له کوردستان و عیراق
و ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی ناڤین و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا، ته‌رازووی لاسه‌نگی
ژنانی ئه‌و وڵاتانه، ڕاست ناکاته‌وه و هیچ جۆره کاریگه‌رییه‌کی، له پرۆسه‌ی یه‌کسانی
ژن و پیاو و ئازادی ژن و ئه‌و مه‌به‌ستانه‌دا، که خه‌ڵک هاواری بۆ ده‌کات و له گه‌لێک
له وڵاتانی جیهاندا، بڕێک چووه‌ته پێشه‌وه، نییه و هیچ کاتێکیش نیشانه‌ی ئه‌وه
نییه، چونکه ئه‌و ژنانه‌ی، ئه‌و پۆستانه‌یان ده‌درێتێ، ژنگه‌لێکن پیاو دایان ده‌نێت
و به مه‌رجی پیاو دانراون و داده‌نرێن.
ژنگه‌لێکن له چوارچێوه‌ی مه‌به‌ست و نه‌خشه‌ی پیاودا کار ده‌که‌ن. ژنگه‌لێکن له دیدی پیاوه‌وه ده‌نۆڕنه ته‌واوی
مه‌به‌سته‌کان. ئه‌و ژنانه، ته‌نێ به پۆشاک و سه‌ر و سیما و سنگ و به‌رۆک و ده‌نگ
و ڕه‌نگ و بۆن و ڕواڵه‌ت، ده‌ناسرێنه‌وه، که ژنن، ده‌نا وه‌کی دی، له بۆچوون و
بیروڕادا، له‌گه‌ڵ پیاودا، چ جیاوازییه‌کیان نییه. زۆرجارانیش، پیاوانی ده‌سه‌ڵاتدار،
وه‌ک چۆن ماڵه‌کانی خۆیان، یا ژووره‌کانی خۆیان، به ئینجانه و گوڵدان و
گوڵ و تابلۆی جوان و شتی نایاب ده‌ڕازێننه‌وه،
هه‌روایش شوێنی کاره‌که‌ی خۆیان، به‌و ژنانه ده‌ڕازێننه‌وه.
2. ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی، که ئێستا یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی
کوردستان، وه‌ک سه‌رچاوه‌ی قانوون و شه‌رعییه‌ت، لێی ده‌نواڕێت و داوای لێ ده‌کات،
ڕه‌زامه‌ندی له سه‌ر دانانی چه‌ند وه‌زیرێک ده‌ربڕێت و بڕوایان بداتێ، ساڵی 1994،
هه‌ر یه‌کیه‌تیی نیشتمانی بۆ خۆی، ته‌لاره‌که‌ی تۆپباران ده‌کرد و ئه‌وی ڕێز و
حورمه‌ت بێت، بۆ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی نه‌هێشته‌وه.
3. ئه‌گه‌ر
ئه‌و سێ وه‌زیره ژنه‌ی، حوکوومه‌تی سلێمانی، په‌رله‌مان بڕوای خۆی پێ دان و قایلبوو
به دانانیان، ده‌ی وه‌زیره‌کانی دیکه‌ی ئه‌و حوکوومه‌ته چی؟ خۆ ئه‌وان بێ بڕوا و
قایل‌بوونی په‌رله‌مان دانراون. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکه تا مانگی ئوکتۆبه‌ری 2002، که ئه‌ندامانی که‌سک،
هاتنه‌وه نێو په‌رله‌مان و که‌سک و زه‌رد یه‌کدییان گرته‌وه، ئه‌و حوکوومه‌ته‌ی سلێمانی، له به‌ر نه‌بوونی بنگه‌یه‌کی
قانوونی و نه‌بوونی په‌رله‌مانێک له پشتییه‌وه ، تا ئه‌و کاته و
ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت، خه‌ڵکی سه‌ر جاده‌کانی کوردستان، نێوی حوکوومه‌تی "فه‌ل"یان
لێ نابوو و ناوه. 4. له‌و ئه‌نجومه‌نی
حوکمه‌ی به‌غدا و له‌و عیراقه‌ی، که سه‌رانی کورد، شانازیی پێوه ده‌که‌ن و له عه‌ره‌ب
و عیراقییان زیاتر، هه‌رده‌م و بێ وچان، یه‌کپارچه‌یی و سه‌روه‌ری و ...ده‌پارێزن
و داکۆکی لێ ده‌که‌ن، تا ئێستاش به یه‌ک وشه، ناوی ئه‌و دوو حوکوومه‌ته‌ی هه‌ولێر
و سلێمانی نابیسرێت و هیچ شوێن و جێگه‌یه‌کی قانوونیشیان بۆ ده‌ستنیشان نه‌کراوه.
5. له کاتێکدا،
که ته‌واوی کوردی، هه‌موو کوردستان، ده‌قێڕێنن، هاوار ده‌که‌ن و ده‌پاڕێنه‌وه و چاویان بڕیوه‌ته ئه‌وه‌ی هه‌رچی
زووتره، ئه‌و دوو "حوکوومه‌ت"ه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی، ببن به یه‌ک و به
یه‌کده‌نگ وه‌رامی خه‌ڵکی کورد و جیهان بده‌نه‌وه و به‌ره‌وپیری ڕووداوه‌کان ببنه‌وه،
ڕێک له وه‌ها کاتێکدا، په‌رله‌مان ده‌نگده‌دات بۆ دانانی وه‌زیری نوێ، له حوکوومه‌تێکدا،
که له گیانه‌ڵڵادایه و پێییه‌کی له لێواری گۆڕدایه، ئه‌م کاره ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت،
که ئه‌و هاوڕێیانه‌ی په‌رله‌مان و هه‌ردوو حوکوومه‌ته‌که‌ی هه‌ولێر و سلێمانی و ڕێبه‌ریه‌تیی
سیاسیی کورد، سووکایه‌تیی به خه‌ڵکی کورد و خوێنی شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریی کوردستان
و خاکی کوردستان ده‌که‌ن و پێیانوایه هه‌موو کارێکی ده‌یکه‌ن به سه‌ر خه‌ڵکی کوردی‌دا
تێده‌په‌ڕێنن و خه‌ڵک شاشی و چه‌وتییه‌کانیان نابینێت!.
ڕێبه‌ریه‌تیی سیاسیی کورد، هه‌رچۆنی لێکده‌ده‌نه‌وه
و هه‌رچۆنی ده‌بینن و هه‌رچۆنی پاساوده‌ده‌ن، به هیچ پێوه‌ر و دیتنێک، ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، له به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کیه‌تیی
کورد و یه‌کیه‌تیی خاکی کوردستاندا نییه. نه‌ک هه‌ر حوکوومه‌ته‌کانیان، په‌رله‌مانه‌که‌یشیان،
که ئه‌ندامه‌کانی، حیزب ده‌ستنیشانی کردوون و دایناون، هه‌رگیز نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک
ناکات. ته‌نێ ڕاخوازی و ڕاپرسی و کاری ڕاسته‌وخۆ و ده‌سبه‌جێ و گه‌ڕانه‌وه بۆ خه‌ڵک،
ده‌ربڕی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکه و چاره‌نووسی هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌کیش، به تایبه‌ت
ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به بوون و چاره‌نووسی گه‌ل و وڵاته‌وه هه‌بێت، له وه‌ها پرۆسێسێکی
گه‌لێردا، بڕیار ده‌درێت و وه‌گه‌ڕ ده‌خرێت و ده‌کارایێ.
1/10/2003
No comments:
Post a Comment