دۆڕانی خاک به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ غه‌سسان شه‌ربل(غسان شربل)، له ڕۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات(الحیاة)ی
له‌نده‌نیدا، یاسیر عه‌بد ڕه‌ببو(یاسر عه‌بد ربه)، سکرتێری گشتیی کۆمیته‌ی
کارڕاپه‌ڕاندنی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فلستین(فتح)، له میانه‌ی وه‌رامدانه‌وه‌ی
کۆمه‌ڵێک پرسیاردا له‌مه‌ڕ کێشه‌ی فلستین، ئیسرائیل، ئه‌مه‌ریکا، جۆرج بووش،
ئۆڵمێرت و گه‌لێ شتی دیکه‌ش، به دوورودرێژی باس له نۆره‌ی یاسیر عه‌رفات ده‌کات،
له دانوستانده‌کانیدا له‌ته‌ک ئیسرائیل‌دا و له ته‌واوی ڕووداو و کێشه‌کاندا و هه‌ڵوێسته‌کانی
ئه‌و پێشان ده‌دات، که چۆن هه‌مووده‌م خاکی گۆڕیوه‌ته‌وه به ده‌سه‌ڵات.
یاسیر عه‌بد ڕه‌ببو ده‌ڵێ:" گرفتی یاسیر عه‌ره‌فات ئه‌وه بوو، ئه‌و
له‌و بڕوایه‌دا بوو، که خۆی وه‌ک چۆن باشترین له‌شکریی و سیاسه‌تکار و کارگێڕه و
له هه‌موو بوارێک‌دا هه‌ر وایه، هه‌ر به‌و جۆره‌یش شیاوترین گوتووبێژکاره. خولیا
و په‌رۆشی عه‌ره‌فات له کرده‌ی گوتووبێژدا، سووربوون نه‌بوو له سه‌ر جیۆگرافیا،
به‌ڵکه به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن و په‌رۆشبوون بوو له سه‌ر به‌رینکردن و فراوانکردنی
توانست و کارایی ده‌سه‌ڵات، به ئۆمیدی چاکترکردنی هه‌لومه‌رجی گوتووبیژ له‌مه‌ڕ
خاک له داهاتوودا. عه‌رفات، ده‌یه‌ویست زۆرترین ده‌سه‌ڵات له ئیسرائیلییه‌کانه‌وه
وه‌رگرێت و جیۆگرافیاش یه‌کێک بوو له‌و
بوارانه، نه‌ک بواری سه‌ره‌کی، به‌ڵام لای ئیسرائیلییه‌کان خاک له پێشه‌وه‌ی هه‌موو
شته‌کانی دیکه بوو، ئه‌وه‌ش جیاوازی ئێمه و ئه‌وانه. ئه‌وان خاکیان به یه‌که‌م
شت داده‌نا، له کاتێکدا خاک لای ئێمه یه‌کێک بوو له شته‌کان و زۆر جاریش ده‌سه‌ڵات
زاڵ ده‌بوو به سه‌ریدا. یاسیر عه‌ره‌فات، ده‌یه‌ویست ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به سه‌ر
سه‌رچاوه داراییه‌کاندا هه‌بێت. ده‌یه‌ویست ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر سه‌رچاوه‌کانی
داهاتدا هه‌بێت و به ئاره‌زووی خۆی و چۆنی گه‌ره‌کبێت به‌کاریان ببات و ده‌ستیان
به‌سه‌ردا بگرێت، بۆ به‌هیزکردنی نۆره و ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی خۆی. ده‌یه‌ویست
بۆ خۆی خاوه‌نی بڕیار بێت له بواری داراییدا و له ڕێگه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌سه‌ڵاته‌وه،
نۆره‌ی ڕێبه‌ریه‌تیی هه‌بێت. ده‌یه‌ویست له ئیسرائیلییه‌کانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی
زیاتر وه‌رگریت، تا ئه‌وه‌ی له پێکهاتنی قاهیره‌دا داوای کرد، نازناوی سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی
بدرێتێ. پێکهاتنی ئۆسلۆ ئه‌و نازناوه‌ی نه‌دایێ. له کاتی گوتووبیژی ساڵی 1995دا،
عه‌ره‌فات ده‌یه‌ویست ئه‌نجومه‌نی کاتیی ئۆتۆنۆمیی، ببێته ئه‌نجومه‌نی یاسادانان
و حوکوومه‌تێکی لێوه پێک بێت و ئه‌ویش ببێته سه‌رۆک. ئه‌و ئه‌وه‌ی زۆر به‌لاوه
گرنگ بوو و به کارێکی زۆر مه‌زنی داده‌نا، که نازناوی سه‌رۆک وه‌رگرێ و حوکوومه‌تی
هه‌بێ و ئه‌ندامه‌کانی ناوی وه‌زیریان لێ بنرێت، نه‌ک به ناوی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی
یاسادانانه‌وه ناو ببرێن. دواتر ئه‌نجومه‌نی یاسادانانی وه‌ده‌ستهێنا و له‌بری ئه‌وه‌ی
ئه‌ندامانی 25 یا 30 که‌س بن، ژماره‌یان له 80 و 90 تێپه‌ڕی و وه‌ک ئه‌نجومه‌نی
نوێنه‌رانی لێهات. عه‌ره‌فات، پێکهاته و نێشانه‌کانی ده‌سه‌ڵات و له‌نێو ئه‌وانه‌یشدا،
نازناوه‌که‌ی خۆی به‌لاوه گرنگ بوو له کاتی گوتووبێژدا. له پله‌ی دووه‌مدا
فراوانبوونه‌وه و خاکی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بیر لێ ده‌کرده‌وه. ئیسرائیلییه‌کان نه‌خشه‌ی
دابه‌شکردنی که‌رتی ڕۆژاوایان هێنایه گۆڕێ، بۆ ده‌ڤه‌ره‌کانی(ئا، ب، ج). (ئا): شار و شارۆچکه‌کان بوو، (ب): گوند و شوێنه
که‌منشیمه‌نه‌کان بوو. (ج): شوێنه چۆڵه‌کان بوو، که هیج ئاوه‌دانییه‌کی فلستینیی
تێدا نییه، به‌ڵکه نشینگه و ئاوه‌دانگه ئیسرائیلییه‌کانی لێن و خاکی چۆڵیش ده‌گرێته‌وه،
که زۆرینه‌ی خاکی که‌رتی ڕۆژاوا ده‌گرێته‌وه. ده‌ڤه‌ره‌کانی (ئا، ب)، ته‌نێ 18%ی
که‌رتی ڕۆژاوا ده‌گرێته‌وه. ده‌ڤه‌ری (ئا)، که شاره‌کانه، ده‌سه‌ڵاتی فلستینی
به ته‌واوی تێدایه. ده‌ڤه‌ری(ب) کارگێڕییه‌کی مه‌ده‌نی فلستینی تێدایه، به‌ڵام
ده‌سه‌ڵاتێکی ئاساییشی ئیسرائیلی تێدایه، واته: چوونه‌ژووره‌وه و ده‌رچوون به
ده‌ست ئه‌وانه. ده‌ڤه‌ری(ج) به ته‌واوی و ته‌نانه‌ت له ڕووی ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه
له ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایه. له پێکهاتنی تابا(طابا)ی ساڵی 1996دا، یاسیر عه‌ره‌فات
به‌و دابه‌شکردنه، قایل بوو و په‌رۆشی ئه‌و، په‌ره‌پێدان و فراوانکردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی
ده‌سه‌ڵات و ده‌ستبه‌سه‌رداڕۆیشتنه قانوونییه‌کانی بوو، بێ گوێدان و له‌به‌رچاوگرتنی
به‌رینبوونه‌وه‌ی جیۆگرافیایی، ئه‌مه بۆ ئیسرائیلییه‌کان ده‌سکه‌وتێکی مه‌زن بوو،
چونکه به کرده‌وه و پراکتیک ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان به سه‌ر هه‌موو ده‌ڤه‌ره بێ
دانیشتووان و چۆڵه‌کانی که‌رتی ڕۆژاوادا ده‌هێڵێته‌وه و ده‌ستیان له
فراوانترکردن و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌دا، پتر ئاوه‌ڵا ده‌کات و ئیدی ئه‌وان ده‌ستیان
کرد به، دامه‌زراندن و بیناکردنی ژێرخانی ئاوه‌دانگه و نشینگه‌کان و گرێدانیان،
هه‌م به یه‌کدییه‌وه و هه‌م به ئیسرائیل. ئیدی جاده و ڕێگه فلستینییه‌کان به
کرده‌وه بوون به لاوه‌کی و ته‌نانه‌ت وه‌ک ڕێگه‌ی گوندان مانه‌وه. ئیسرائیلییه‌کان،
وه‌ک هێزی زاڵ و ده‌سه‌ڵاتدار مانه‌وه و شاره فلستینییه‌کانیان وه‌ک دوڕگه‌ی
لێکدابڕاو و ئابڵۆقه‌دراو لێکرد. ساڵانی 2000 و 2001، که ئاریێل شارۆن هاته سه‌ر
کار، ئه‌و ڕێسایه‌ی شکاند و جارێکی دی باژێڕه‌کانی داگیر کرده‌وه و هاوکێشه‌که‌ی
به ته‌واوی گۆڕی. یاسیر عه‌ره‌فات، نیشانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیشی پێ گرنگ بوون، وه‌ک
ئه‌وه‌ی، له‌شکرێکی به ناوی هێزی
ئاساییشی فلستینییه‌وه هه‌بێت و پتر له 12 ده‌سگای ئاساییشی وه‌ک ده‌سگای هه‌واڵگری
و هی دیکه‌ی دامه‌زراند، که زۆریان له نێو خۆیاندا ململانێ‌یان ده‌کرد.
عه‌ره‌فات ڕێژیمێکی عه‌ره‌بی دانا و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یویست نیشانه‌کانی
ده‌وڵه‌ت دامه‌زرێنێت، بێ ڕه‌چاوکردنی ناوه‌ڕۆکی، که به‌رته‌سک و سنووردار بوو.
هێزی زه‌ریایی و هیزی هه‌وایی دانا له وڵاتێک‌دا، که ئێمه زه‌ریامان هه‌یه، لێ
ده‌سه‌ڵاتمان به سه‌ریدا نییه. بیری لێ بکه‌وه، نابولس(نابلس) باژێڕێکه له
ناوه‌وه، بنکه‌ی هێزی زه‌ریایی لێ‌بوو، له کاتێکدا، که نه‌ک زه‌ریا، به‌ڵکه
ئاوی خواردنه‌وه‌یشی تێدا نییه. له ئه‌لخه‌لیل(الخلیل)یش هێزی زه‌ریایی هه‌بوو.
ئیدی به‌و جۆره ده‌سگا زۆر بوون. گرفتی عه‌ره‌فات ئه‌وه بوو، که گوتووبێژکارێکی
زیره‌ک نه‌بوو. دیتنی ئه‌و بۆ ئاوه‌دانگه و نشینگه‌کان و ڕێگه پێچه‌ڵپێچه‌کانی
ئیسرائیل، که شیمۆن پیرێز، ده‌ستیپێکردبوو، ته‌سکبینانه بوو. ساڵی 1995 و له
کاتی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا، پیرێز له کاتی گوتووبێژدا، داوای له عه‌ره‌فات
کرد، که ڕێگه‌ی پێ بدا، به دروستکردنی 5 ڕێگه(شه‌قام) بۆ ئاوه‌دانگه‌کان. ئێمه
شێوازی ئیسرائیلییه‌کانمان ده‌زانی، ئه‌گه‌ر
5 شه‌قامیان بده‌یتێ، ئه‌وان 50 شه‌قام دروست ده‌که‌ن و له شه‌قامی گچکه‌وه ده‌یکه‌نه
شاڕێ(مۆتۆروه‌ی). عه‌ره‌فات قایل بوو به‌وه، به‌رانبه‌ر به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی
فلستینی له شاره جیاوازه‌کانی که‌رتی ڕۆژاوادا بڵاو بێته‌وه. عه‌ره‌فات، ترکزه‌ی
ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی به هه‌ند وه‌رنه‌ده‌گرت و به جیددی و گرنگ ته‌ماشای نه‌ده‌کرد
و ئه‌و خاڵه‌یشی له دانیشتنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا تۆمار ده‌کرد، لێ ته‌نێ
بۆ گله‌یی له‌سه‌رخۆلابردن بوو، نه‌ک وه‌ک خاڵێک، که شایسته‌ی چاره‌سه‌رکردن بێت،
ته‌نانه‌ت ئێمه وه‌زاره‌تی کاروباری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌مان دامه‌زراند، لێ ئه‌وه‌ش
هه‌ر له چوارچێوه‌ی چاره‌سه‌رکردنی ڕواڵه‌تیدا بوو.
عه‌ره‌فات بێ خۆ ئاماده‌کردن چووبووه کامپ ده‌یڤید...
ئیسرائیلییه‌کان له باره‌ی خاکه‌وه شتێکی ڕوونیان نه‌خسته ڕوو، گه‌لێک
نه‌خشه‌یان پێشاندا، به کرده‌وه ده‌گه‌یشته سنووری 20% و داده‌به‌زی بۆ 13% و
12%. ئه‌وان ده‌یانویست 20%ی خاکی که‌رتی ڕۆژاوا و غه‌ززه بگرێته‌وه و دواتر
ڕێژه‌که دابه‌زی بۆ 13% و 12% ، تا گه‌یشته 9% یا 10%ی خاک. ئێمه هیچ دژه‌پێشنیازمان
نه‌بوو و هیچ دژه‌لێکۆڵینه‌وه‌مان نه‌بوو و هیچ به‌دیلێکمان بۆ پێشنیازی ئیسرائیلی
یا نه‌خشه‌یه‌کی دیکه‌مان نه‌بوو و ئاماده‌ییمان بۆ گۆڕینه‌وه‌ی زه‌وی نه‌بوو.
ئێمه وه‌ڵامێکی دژ به‌وانمان نه‌بوو، بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانگوت
9% یا 10% ده‌بوو ئێمه دژه پێشنیازمان هه‌بووایه..".
هه‌موو یه‌کێک له ئێمه ده‌توانێت کۆمه‌ڵێک
خاڵی هاوبه‌ش و لێکچوونێکی زۆر له نێوان ڕه‌وشی سیاسیی خه‌ڵکی فلستین و
کوردستاندا ببینێت. فلستینیش وه‌ک کوردستان، وڵاتێکه گیرۆده‌ی داگیرکراوی و چه‌وساندنه‌وه
و کپکردن و ده‌مکوتکردن و کوشتن و بارپێکردن و خاکزه‌وتکردن و سووتاندن و خانوو و
ماڵڕووخاندن و گرتن و زیندانیکردن و سووکایه‌تیپێکردن و هه‌موو جۆره ئازارێکی
دیکه‌یه و ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌چه‌رخێ . له 1948 ه‌وه،
له‌و ده‌مه‌وه فلستین له لایه‌ن جووله‌که‌وه داگیر کرا و جووله‌که بوون به
خاوه‌ن ماڵ و ئیسرائیل دامه‌زرێنرا، ئیدی ماڵی فلستینیان وێران بوو و بوونه په‌راگه‌نده‌ی
وڵاتان و ئه‌وانه‌یشی له فلستیندا مانه‌وه، هیچ جۆره مافێکی خاوه‌نماڵیه‌تییان
نه‌ما و بوون به میوان له سه‌ر خاکی خۆیان. خاکی فلستینیش، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی که
ئیسرائیل و کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی جیهانییش به فلستینی داده‌نێن، له‌و ده‌مه‌وه،
که ئیدی داگیر کرا، ساڵ له دوای ساڵ، که‌متر
و ته‌سکتر بووه‌ته‌وه و ده‌بێته‌وه. له نێوان دوو سێ گوندی فلستیندا یا له
نێوان چه‌ند گوند و شارۆکه‌یه‌کدا یا له نێوان دوو سێ شارۆکه‌دا، نشینگه، ئاوه‌دانگه،
کۆمه‌ڵگه(Kibbutz)
یه‌کی جووله‌که‌نشین هه‌یه. زۆر جاران فلستینییه‌ک ئه‌گه‌ر بیه‌وێت سه‌ردانی
شارۆکه‌یه‌ک بکات یا بچێته ئاواییه‌کی دیکه‌ی فلستینی، گه‌ره‌که به ڕێگه‌ی پێچه‌ڵپێچ
و به سه‌ر چه‌ندین بازگه و زاڵگه‌ی سه‌رباز و چه‌کداری ئیسرائیلی‌دا به هه‌زار
ده‌رده‌سه‌ری و سه‌ختی، تێپه‌ڕێت. ئه‌وه بێجگه له دیواری به‌رز و ڕێگه‌ی داخراو
و گیراو و ده‌یان کۆسپ و له‌مپه‌ری دیکه. هه‌رچه‌نده کرده‌ی ته‌سککردنه‌وه و
ته‌نگه‌به‌رکردنی خاکی فلستین له مێژه ده‌ستیپێکردووه، لێ له دوای پێکهاتنی عه‌ره‌فات
و ئیسرائیله‌وه و به به‌رچاو و به پێ‌زانین و قایل‌بوونی عه‌ره‌فات و هاوده‌سه‌ڵاتدارانیی
فه‌تح، ئه‌و پرۆسێسه و خاکی ئیسرائیل له زیادبووندا بوو و له زیادبووندایه و
خاکی فلستینیش هه‌میشه که‌م ده‌بێته‌وه. کورد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له سه‌ر به‌شێکی
زۆری خاکه‌که‌ی ماوه‌ته‌وه، بڕێک له فلستینییان ڕه‌وشی باشتره، به‌ڵام به هۆی
پیاده‌کردنی سیاسه‌تێکی چه‌وت و سازشکارانه‌ی سه‌رانییه‌وه، ئه‌میش ڕۆژ له دوای
ڕۆژ، ئه‌و خاکه‌ی له سه‌ری نیشته‌جێیه، ده‌چێته ئاو و بچووک و بچووکتر ده‌بێته‌وه
و ده‌یدۆڕێنێ. یاسیر عه‌ره‌فات(ئه‌بوو عه‌ممار)، که ساڵانێک ڕێبه‌ری ڕێکخراوی
ڕزگاریخوازی فلستین و بزاڤی ڕزگاریخوازی فلستین(فتح) بوو و دوای پێکهاتنی ئۆسلۆی
نێوان ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فلستین و ئیسرائیل له 1993دا، که عه‌رفات مۆری کرد و
دوای دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی فلستینی له 1994دا، بوو به یه‌که‌م سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی
فلستینی، یا سه‌رۆکی فلستینییان، نه‌ک سه‌رۆکی فلستین، وه‌ک به ڕه‌سمیی ناوی لی
نرا، له سه‌ر به‌شێکی خاکی فلستین، له که‌رتی ڕۆژاوا. عه‌ره‌فات، به جامه‌دانییه‌که‌ی
سه‌ری و چاویلکه و ڕدێنه‌که‌یه‌وه، بووبووه به‌شێک له مێژووی خه‌باتی
ڕزگاریخوازی فلستینییان، بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌که‌یان و یه‌کێک له سیاسه‌تکاره
ناسراو و ناوداره‌کانی جیهانیش بوو. ئه‌و
چۆن به‌ره‌وڕووی ڕووداوه‌کان ده‌بووه‌وه و له‌گه‌ڵ ئیسرائیلی داگیرکاری
وڵاته‌که‌یدا چۆن مامه‌ڵه‌ی ده‌کرد، سه‌رانی کوردی باشووری کوردستانیش، که له
1991ه‌وه، خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌کن له سه‌ر به‌شێکی خاکی باشووری کوردستان،
تا ڕاده‌یه‌ک هه‌مان شێوازیان پێڕۆ کردووه.
عه‌رفات خاکی ده‌کرده قوربانی ده‌سه‌ڵات، سه‌رانی کوردیش هه‌ر به‌و جۆره
جووڵاونه‌وه.
هه‌ر کوردێک ئه‌و قسانه‌ی یاسیر عه‌بد ڕه‌ببو بخوێنێته‌وه، نزیکایه‌تی و
چوونیه‌کییه‌ک له نێوان عه‌ره‌فات و سه‌رانی کورددا وه‌دی ده‌کات و ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رده‌که‌وێت،
که سه‌رانی کوردیش، له سازشکاریدا، هیچیان له عه‌ره‌فات که‌متر نه‌بووه و نییه.
ئه‌مانیش هه‌مووده‌م له دانوستانه‌کانیاندا له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی وڵاته‌که‌یاندا،
خاکیان گۆڕیوه‌ته‌وه به ده‌سه‌ڵات و پاره و سامان و ناو. ئه‌مانیش مانه‌ندی عه‌ره‌فات،
دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتێکی که‌متر و سنوورداریان به سه‌ر ده‌ڤه‌رێکی گچکه‌ی
کوردستاندا پێ باشتر و له‌پێشتر بووه، له‌وه‌ی خاکێکی به‌رینتری کوردستان وه‌ده‌ستبهێنن
و بخه‌نه‌وه سه‌ر ده‌ڤه‌ری ژێر ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆیان.
له مێژووی کورددا، هێنده‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دوای 1991، که کورد خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارییه‌کیشه
له سه‌ر به‌شێک له خاکی کوردستان، سازش له سه‌ر خاک به‌رانبه‌ر به ده‌سه‌ڵات
نه‌کراوه. ئێمه، که ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه،
که ڕێبه‌رانی پێشتری بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، سا له هه‌ر به‌شێکی کوردستان
بووبن، خاکیان پێش شته‌کانی دیکه خستووه و هه‌میشه پێش ئه‌وه‌ی بیر له دامه‌زراندنی
ده‌سه‌ڵاتێک بکه‌نه‌وه، هه‌وڵی ڕزگارکردنی خاکیان داوه، چونکه خاک پێگه و بنگه
و بناخه‌ی قه‌واره‌ی سیاسییه و به بێ خاک، قه‌واره و ده‌وڵه‌ت چێ ناکرێت. هه‌ردوو
ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی شێخ مه‌حموودی حه‌فید و قازی موحه‌ممه‌د، ئه‌وه‌مان
پێ ده‌ڵێن. شێخی حه‌فید، حوکوومه‌ته‌که‌ی ناو نابوو حوکوومه‌تی خوارووی کوردستان،
وه‌ک نیشانه‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی کوردستان به‌شی دیکه‌یشی هه‌یه و ئه‌و حوکوومه‌ته‌ی
ئه‌و، ده‌سه‌ڵاتێکه ته‌نێ بۆ به‌شێکی
کوردستان و تا ڕاده‌یه‌ک کاتییه و که کوردستان یه‌کی گرت، ئه‌وده‌م له حوکوومه‌تی
خوارووی کوردستانه‌وه، ده‌بێته حوکوومه‌تی کوردستان. کۆماری کوردستانیش له مه‌هاباد،
به‌وه‌ی که کوردی هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستانی گرتووه‌ته خۆی و به گوێری
بیروباوه‌ڕی ژێکاف و دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و کۆماره، هه‌مان دیدیان هه‌بووه له‌مه‌ڕ
خاکی کوردستانه‌وه. ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و شۆڕشه‌کانی بارزانییش(مه‌لا
مسته‌فا) هه‌ر به‌و جۆره بوون.
ئوستانی مووسڵ، که له سه‌رده‌می عوسمانییاندا به ویلایه‌تی مووسڵ ناسراو
بوو، به کاریگه‌ری ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری ئینگلستان، خرایه سه‌ر ده‌وڵه‌تی تازه‌دامه‌زراوی
عیراق، که له 1921 له ویلایه‌ته‌کانی به‌سره و به‌غدا چێ کرا. ئینگلیزه‌کان،
که له ساڵی 1918دا جه‌نگی یه‌که‌میان برده‌وه و عوسمانییه‌کانیان له عیراق وه‌ده‌رنا،
به ڕزگارکردنی به‌سره و به‌غدای عیراق قایل نه‌بوون و له جه‌نگ به‌رده‌وامبوون
تا ویلایه‌تی مووسڵیش(باشوووری کوردستان)یان خسته ژێرده‌ستی خۆیانه‌وه.
ویلایه‌تی مووسڵ، له ساڵی 1925دا خرایه سه‌ر عیراق،
لێ تورکیا له ساڵی 1926دا ئه‌و دابڕانه‌ی مووسڵی قه‌بووڵ کرد. ویلایه‌تی مووسڵ له
هه‌ولێر، که‌رکووک، مووسڵ و سلێمانی، پێکهاتبوو، که به‌شێکی زۆری باشووری
کوردستانی لێ پێک دێت. ئینگلیز بۆیه ویلایه‌تی مووسڵ‌یان خسته سه‌ر
عیراق، چونکه ئه‌وان ده‌یانزانی، که عیراق وه‌ک ده‌وڵه‌تێک، له ڕووی سیاسی و
ئابووری و له‌شکرییه‌وه، به بێ ویلایه‌تی مووسڵ، ناتوانێت جێگیر ببێت و خۆی
بباته ڕێوه. ویلایه‌تی مووسڵ له‌به‌ر گرنگیی سیاسی، ئابووری و له‌شکری خرایه سه‌ر
عیراق. له ڕووی سیاسییه‌وه بۆ ڕاگرتنی هاوسه‌نگیی نێوان شیعه و سوننه و له
ڕووی ئابوورییه‌وه بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی به‌روبوومی کشتوکاڵ و دانه‌وێڵه و نه‌وتیش
که له 1927دا بۆ یه‌که‌مجار له که‌رکووک دۆزرایه‌وه و له ڕووی له‌شکرییشه‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی چیاکانی کوردستان به‌رگری له سنووره‌کانی باکوور و رۆژهه‌ڵاتی عیراق
بکه‌ن. ئوستانی مووسڵ، چ ئه‌وده‌مه و چ له سه‌رده‌می ڕێژیمی شایه‌تی و
تا سه‌رده‌می کۆماری یه‌که‌می عیراقیش، چ له لایه‌ن کورد خۆیه‌وه و چ له لایه‌ن
خه‌ڵکانی دیکه‌یشه‌وه، به به‌شێک له کوردستان داده‌نرا و کورد به خاکی خۆی ده‌زانی.
شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، زۆر جاران ئاماژه‌ی به‌وه کردووه، که کاتێک
کوردستان ئازاد بوو، ورمێ و مووسڵ، ده‌بنه دوو پێته‌ختی کوردستان. به‌وه‌دا شێخی
نه‌هری، ئه‌و مووسڵه‌ی، که ئه‌مڕۆ کورد ده‌ستی
لێ شۆردووه و ده‌ستبه‌رداری بووه و به هی خۆی نازانێت و له ڕاستیشدا به‌شێکی
جیانه‌کراوه‌ی کوردستانه، ئه‌و به به‌شێکی گرنگی کوردستانی زانیوه.
خه‌ڵکی ناکوردیش، ئه‌وانه‌ی شاره‌زاییه‌کی
جیۆگرافیایی و مێژووییان هه‌یه، مووسڵ به کوردستان داده‌نێن. دۆکتۆر شاکر خه‌سباک
(شاکر خصباك) ، نووسه‌ر و مامۆستای زانستگه و لێکۆڵه‌ڤانی عه‌ره‌ب، له‌مه‌ڕ جیۆگرافیای
باشووریی کوردستانه‌وه، ده‌ڵێت:"کوردستانی عیراق بریتییه له چوار پارێزگه
(لیوا) : پارێزگه‌کانی مووسڵ، هه‌ولێر، سلێمانی و که‌رکووک، هه‌روه‌ها به نێو
پارێزگه‌ی دیاله‌شدا درێژه‌ی هه‌یه و ناوچه‌کانی خانه‌قین و مه‌نده‌لی ده‌گرێته‌وه.".
ئالێکسیس کویلنشه‌رنا(Alexis Kuylenstierna)، که ساڵانی 1895/1898، په‌یامنێری
ڕۆژنامه‌ی داگنس نویهیته‌ر(Dagens Nyheter) ی سوێدی بووه له ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، هه‌روه‌ها بۆ ڕۆژنامه‌ی یۆته‌بۆریس هاندل ئۆک
شوێفارتستیدنینگ(Göteborgs Handel och Sjöfartstidning) یش کاری کردووه. پێیوایه، که مووسڵ شارێکی عه‌ره‌بی
نییه و وه‌ک به‌شێک له کوردستان ده‌یبینێت. کویلنشه‌رنا، له گه‌شتێکیدا بۆ
باژێڕی مووسڵ، ده‌نووسێت:
"لێره
له مووسڵ هه‌ندێ جار و له هه‌ندێ باخچه‌دا دارخورمایه‌کی گرژه‌وه‌بوو و هه‌ڵکورماو
وه‌دی ده‌کرێ و ئه‌وه‌ش هه‌موو شتێکه. ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ی ده‌ڵێ: دوادارخورما
سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی عه‌ره‌به(عه‌ره‌بستانه) ڕاست بێت، ئه‌وا مووسڵ به هیج
جۆرێک شارێکی عه‌ره‌بی نییه. هه‌روه‌ها نه‌ک هه‌ر ئاووهه‌وای له‌بار نییه بۆ
دارخورما، به‌ڵکه ئاوه‌که‌یشی له‌بار نییه، وه‌ک به‌غدا نییه، که ئاوی ڕووبار،
ئاوێکی سه‌ره‌کییه، له مووسڵ چاڵاو هه‌یه، لێ ئاوی چاڵاوه‌کان سوێر و تاڵه و
وه‌ها ئاوێکیش کار ده‌کاته سه‌ر خاکه‌که‌ی و وزه و پیت له خاک‌دا دروست نابێت و
چ سوودێک به دارخورماکان ناگه‌یه‌نێت. زۆرجار ده‌گوترێ، که ئاووهه‌وای به‌غدا
زۆر ناخۆشه، به‌ڵام له‌چاو مووسڵدا، به‌غدا خۆشتره. پله‌ی گه‌رما له به‌غدا له
هاویندا 50 پله بێت، له مووسڵ 60 پله‌یه. زستان به گشتی له به‌غدا زۆر سارد
نییه، لێ له مووسڵ زۆر سارد و ناخۆشه، چونکه له چیاکانی کوردانه‌وه نێزیکه و
سروشتی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی هه‌یه. که له نزیکه‌وه ته‌ماشای شاره‌که ده‌که‌یت و
بازاڕ ده‌خه‌یته ژێر پێته‌وه، یه‌کێک له سه‌ریرترین بازاڕه‌کانی کڕین و فرۆشتنت
دێته به‌رچاو. ئه‌گه‌ر وه‌ک مه‌لێک له به‌رزاییه‌وه بنۆڕیته شاره‌که، له
شارێک ده‌چێت، به شتومه‌کی یاری و کارتۆن دروستکرابێ، ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
بازاڕه‌که‌ی دانه‌پۆشراو و کراوه‌یه و نه حه‌سیرێک، نه گڵێمێکی به سه‌ره‌وه‌یه،
بۆیه وادیاره، به‌ڵکه له‌و هه‌ورازه‌وه دوکانی گچکه و ورده‌ڵه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره
وه‌دی ده‌کرێن، که سه‌ربانه‌کانیان ته‌ختن و
له نێو جاده پڕ چاڵ و قۆرته‌کاندا، که له شاره مێرووله ده‌چن، شاره
مێرووله‌یه‌کی ڕه‌نگاوڕه‌نگ، وه‌ک پاکه‌تی زه‌ردی سیگار دێنه به‌رچاو. من زۆر به‌رز
نیم، که نه‌توانم شته‌کان و ڕه‌نگه‌کان، ڕه‌نگه زه‌ق و بریقه‌داره‌کان به ڕوونی
ببینم. هه‌رچه‌نده مووسڵ به ڕه‌نگه زه‌رده‌که‌یه‌وه یه‌ک بیچم و یه‌ک شێوه ده‌رده‌که‌وێت،
خه‌ڵکه‌که‌ی له ڕووی جل و به‌رگ و پۆشاکه‌وه، یه‌کێکن له ڕه‌نگاوڕه‌نگترین خه‌ڵکی
شاره‌کانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، که من بۆ خۆم دیتوومن. ئه‌مه شتێکی سه‌یر نییه
چونکه تێکه‌ڵاوی ڕه‌گه‌زیی لێره هێنده پڕ و چڕه، که تا ڕاده‌یه‌ک مرۆڤ
ناتوانێت بڕوا بکات. له ڕاستیدا مووسڵ شارێکی کوردییه، به‌ڵام ئێستا شارێکی ته‌واو
و پاک کوردی نییه. کورده‌کان عه‌ره‌بینراون و عه‌ره‌به‌کان کوردێنراون و هه‌ردوو
گه‌لیش بوونه‌ته تورک. ئه‌مه خه‌ڵکه موحه‌ممه‌دییه‌کانی شاره‌که‌ن. عیساییه‌کانی
شاره‌که پێکهاتوون له تێکه‌ڵه‌یه‌کی کلدانی سریانه کاتۆلیکه‌کان، لێ شاره‌که هه‌رده‌م
پڕه له خه‌ڵکانێکی کورد و به‌دوه‌شه‌ممه‌ره‌کان و ئێزدییه‌کان، که به شێوه‌یه‌کی
کاتیی دێنه شاره‌وه و ده‌رده‌چن لێی. به‌دوه‌شه‌ممه‌ره‌کان و ئێزدییه‌کان، دواتر
ناسیاویم زیاتر له‌گه‌ڵدا په‌یدا کردن، کاتێک له مووسڵه‌وه به‌ره‌و حه‌ڵه‌ب
ڕۆیشتم. ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی باسم کردن، ئه‌وانه‌ی نیشته‌جێن و ئه‌وانه‌یشی
کۆچه‌رن، له نێو گه‌رمای بازاڕ‌ی چڕ و پڕدا، هاوار ده‌که‌ن و ده‌ستان با ده‌ده‌ن
و ژاوه‌ژاو ده‌که‌ن. عه‌ره‌بی شارنشین به ده‌سته جل و که‌وای رێکوپێک و میزه‌ری
گه‌وره‌وه به ته‌نیشت کلدانێکه‌وه ده‌بینرێ، که کڵاوقووچێکی درێژی له سه‌ردایه
و شه‌ممه‌ر به جامه‌دانی شینه‌وه، که ده‌موچاو و ڕوومه‌تیان داده‌پۆشێ و تورکی
ئه‌فه‌ندی نیوه‌ئه‌وروپایی له‌به‌ر ده‌بینی. کوردی چیایی، که شاڵی ڕه‌نگاوڕه‌نگیان
له‌به‌ره، به جامه‌دانه به ڕه‌نگی زێڕ چنراوه‌کانیان و به پاڵتۆ و کێرد و خه‌نجه‌ر
و گوڵه‌نگه له مێزه‌ره‌وه شۆڕبووه خواره‌کانیان و له ته‌نیشت ئه‌مانه‌یشه‌وه
شه‌یتانپه‌رستێک به ده‌سماڵ و سه‌رپۆشی سپییه‌وه، که کڵاوه بۆره له خوری
دروستکراوه‌کانیانی(کڵاوقۆڕه) داپۆشیوه، ده‌بینیت.
شه‌یتانپه‌رسته‌کان حه‌زیان له ڕه‌نگی شین نییه و له‌وه ده‌چێ حه‌زیان له ڕه‌نگ
نه‌بێت و ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له شته سه‌یره‌کانی ئه‌م خه‌ڵکه. ئه‌و ده‌نگه‌ده‌نگ
و ژاوه‌ژاوه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه، که ده‌یبیسیت، وشه‌گه‌لێکی تێکه‌ڵ و زمانێکی تێکه‌ڵی
فارسی، عه‌ره‌بی، تورکی، کوردی، ئارامی، کلدانی نیوه‌چڵ و شکاو پێکده‌هێنن و به‌رگوێ
ده‌که‌وێت. هیچ که‌سێک نییه له به‌غدا سێ زمان نه‌زانێت، به‌ڵام خه‌ڵکی مووسڵ
پێنج یا شه‌ش زمان ده‌زانن. مووسڵاوییه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌ریستۆکرات، له حه‌ره‌مسه‌رادا،
به فارسی قسه ده‌کات، چونکه زمانێکی نه‌رمه ، لێ له‌گه‌ڵ میوانه‌کانیدا به عه‌ره‌بی
قسه ده‌کات، چونکه زمانێکی ده‌وڵه‌مه‌نده به ده‌ربڕین و ده‌سته‌واژه‌ی ڕێز و
حورمه‌ت و له‌گه‌ڵ ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیشیدا به تورکی قسه ده‌کات، چونکه زمانێکی
ڕه‌ق و زمانی فه‌رمانه و که له‌گه‌ڵ دوژمنه‌کانیشیدا قسان ده‌کات، به کوردی قسه
ده‌کات، چونکه زمانی کوردی له زمانی تورکی ڕه‌قتر و ترسناکتره و زمانی تووڕه‌ییه".
جه‌رجیس فه‌تحوڵڵا، نووسه‌ر و
مێژووناس و ڕۆژنامه‌وان و قانوونی و شاره‌زای سیاسی، پێیوایه، عه‌ره‌ب له
ئوستانی مووسڵدا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر عه‌ره‌به به‌دوه‌کانیشی بخرێنه سه‌ر، ئه‌وانه‌ی
که له خوارووی ئوستانه‌که و ده‌وروبه‌ری فرات وه‌ک کۆچه‌ر ژیاون و له نێو
گونداندا جێگیر نه‌بوون، که‌مینه‌ن و ئه‌وه‌ش پێویستی به هیچ مشتومڕیک نییه. هه‌روه‌ها
ئه‌و له‌و بڕوایه‌دایه، ئه‌گه‌ر یه‌کیه‌تیی
هۆز و خێڵه‌کانی شه‌ممه‌ری جه‌ربا(شمرالجربا) و جحێش(الجحیش) و جبوور(الجبور) و ئه‌لبومیوت(البومیوت)،
که ئه‌مانه هه‌موویان له ده‌شتایی شام و باکووری دوڕگه‌ی عه‌ره‌بی و نه‌جده‌وه
هاتوون، له سه‌رده‌مێکدا، که باوباپیرانی
نه‌وه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌م بیریان دێته‌وه، به تایبه‌ت له ده‌یه‌ی شه‌شه‌م
و حه‌وته‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌مدا، له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن له
مووسڵدا ناناسرێنه‌وه، هه‌رچه‌نده له خوارووی شاری مووسڵیشدا نیشته‌جێ بوون، لێ
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌نێو شاره‌که‌دا نێشته‌جێ نه‌بوون و بوونیان نه‌بووه.
یه‌کێک له ڕێبه‌رانی کورد، که
هه‌رگیز سازشی له سه‌ر خاکی کوردستان نه‌ده‌کرد و هه‌میشه‌ش خاکی پێ گرنگتر بوو له
ده‌سه‌ڵات و به ده‌سه‌ڵاتی نه‌ده‌گۆڕییه‌وه، مسته‌فا بارزانی بوو. له‌مه‌ڕ خۆشه‌ویستی کوردستان و ئه‌و شوێنانه‌ی
ئه‌و به کوردستانی زانیوه، هه‌ژاری
موکریانی له باره‌ی بارزانییه‌وه ده‌ڵێ:"بۆ کوردستان خۆشه‌ویستی نه من
وێنه‌م دیوه نه که‌س. ئه‌وپه‌ڕی ئاواتی له ژیان پێکهێنانی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ
بو، خودموختاری به پێ په‌یژه‌یه‌ک ده‌زانی به‌ره‌و سه‌رکه‌وتنی سه‌ربان. رۆژیک که
هه‌ر دوبه‌دو بوین گوتم کورد ده‌وڵه‌تی هه‌بێ ناتوانێ ئیداره‌ی بکا، چونکه بواری
که‌ناری ده‌ریامان نیه.. فه‌رموی قسه‌ی سه‌یر ده‌که‌ی.. شه‌ره‌فنامه‌ت وه‌رگێراوه
و ئه‌مه‌ش ده‌ڵێی؟ چۆن نازانی له لایه‌ک ته‌نگه‌ی هورمز و له لایه‌ک ئه‌سکه‌نده‌رونه
کوردستانه و له دولا پاڵمان به ده‌ریاوه داوه؟؟"
.
ئه‌وه دیتنی بارزانی بووه له‌مه‌ڕ هه‌موو کوردستان، که باس له باشووری
کوردستانیش بکه‌ین، که پێگه‌ی ڕێبه‌ریه‌تیی بارزانی بوو، هه‌مان سیاسه‌تی نه‌گۆڕی
هه‌بوو. ساڵی
1970، له ده‌سپێکی دانیشتنه‌کانی سه‌رکرده‌یه‌تیی بزاڤی کورددا، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی
حوکوومه‌تی به‌غدای به‌عسدا، له ناوپردان، که پێکهاتنی 11ی مارسی 1970ی لێ که‌وته‌وه،
باسی ئه‌وه هاتبووه گۆڕی، که ئه‌و ده‌ڤه‌ری ئۆتۆنۆمییه‌ی کوردستان، کوێ ده‌گرێته‌وه،
عه‌بدوڵڵا سه‌للووم ئه‌سسامه‌ڕائی(عبدالله سلوم السامرائي)، سه‌رۆکی شاندی گفتوگۆی
عیراق گوتبووی:"که‌رکووک شارێکی عه‌ره‌بییه". مه‌لا مسته‌فای
بارزانییش، به تووڕه‌ییه‌وه پێی گوتبوو:"تۆ کێی تا بڵێیت که‌رکووک عه‌ره‌بییه؟".
بارزانی هه‌ستابووه سه‌ر پێ و گوتبووی:"من له جڤینێکدا دانانیشم، ئه‌م کابرایه‌ی
تێدا بێت" و ویستبووی له جڤینه‌که وه‌ده‌رکه‌وێت. ئیدی ئاماده‌بووان، تکای
لێ ده‌که‌ن و ئه‌ویش ناگه‌ڕێته‌وه نێو دانیشتنه‌که و سوور ده‌بێت، له سه‌ر وه‌ده‌رنانی
ئه‌سسامه‌ڕائی، له هۆڵی کۆبوونه‌وه‌که. پاشان ئه‌وه‌یشی بۆ ئه‌نجام ده‌درێت و
ئیدی ئاماده‌بووانی جڤینه‌که، له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌رکووک بێده‌نگ ده‌بن.
ئه‌و بێده‌نگبوونه، بوو به هۆی، دواخستنی باسکردنی کۆمه‌ڵێک پرسی گرنگ. پرسی
باژێڕی که‌رکووک و ده‌وروبه‌ری ئه‌و شاره، یه‌کێک بوو. له‌و پرسانه‌ی، که دواخرا
بۆ دواترێکی نادیار. گفتوگۆی نێوان سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی و شاندی حوکوومه‌تی به‌عس،
تا ڕاده‌یه‌ک له‌و باره‌وه، گه‌یشتبووه بنبه‌ست و به‌ره‌و پێکنه‌هاتن و بڕینی دانوستاندن ده‌چوو. بارزانی،
سوور بوو له سه‌ر، کوردستانیی که‌رکووک و عیراقییه‌کانیش پێچه‌وانه‌وه‌ی وی بوون.
ئه‌وه‌ی بوو به هۆی، درێژه‌پێدانی گفتوگۆ و به‌رده‌وامیی و نه‌بچڕانی، هه‌وڵ و ته‌قه‌لای،
کۆمه‌ڵێک له‌و ماستاوساردکه‌ره‌وه و خۆگه‌هێن و هه‌لپه‌رست و مه‌راییکار و
کوژراوی کورسی و ده‌سه‌ڵاتی، نێو سه‌رکرده‌یه‌تیی پارتیی و ده‌وروبه‌ری سه‌رکرده‌یه‌تیی
بارزانی بوون، که ئێستایش هه‌ندێکیان ماون و درێژه به سازشکاری و کاری سیاسی
خۆیان ده‌ده‌ن. ئه‌وان ئه‌وده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدایان له‌ده‌ست نه‌چێت و ببنه وه‌زیر
و گزیر و کارمه‌ندی گه‌وره و خاوه‌ن پاره و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیان بپارێزن،
که‌وتنه نێوان بارزانی و شاندی حوکوومه‌ته‌وه و جۆره سازشکارییه‌کیان کرد و
بارزانی‌یان، به بێده‌نگبوون و دواخستنی ئه‌و باسه، بۆ ده‌رفه‌تێکی دیکه، قایل
کرد. پێکهاتن له‌گه‌ڵ شاندی حوکوومه‌تی به‌غدادا، له سه‌ر ئه‌وه کرا، که دواتر
له ئامارێکی گشتیدا، که ده‌بێ بکرێت و له سه‌ر بنه‌مای زۆرینه و که‌مینه،
کوردستانیبوونی باژێڕی که‌رکووک دیاری بکرێت. بارزانی، له‌وه گه‌یشتبوو، که
دواخستنی ئه‌و باسه و چاوه‌ڕوانکردنی ئه‌نجامدانی ئامار و سه‌رژمێری، هه‌رگیز به
قازانجی کورد ناگه‌ڕێته‌وه و حوکوومه‌تی به‌عس، ئیدی دوای ئه‌وه‌ی، که خۆی گرت و
جێی خۆی قایم کرد، زۆر به هاسانی و به هۆی ڕاگواستن و کۆچپێکردنه‌وه ده‌توانێت،
باری دیمۆگرافی که‌رکووک و ئه‌نجامی ته‌واوی ئه‌و ئامار و سه‌رژمێرییه، به
قازانجی خۆی و ناکوردستانیبوونی که‌رکووک بگۆڕێت و فڕوفێڵی تێدا بکات. هه‌ر بۆیه‌ش
بارزانی، له کاتی گفتوگۆدا له‌گه‌ڵ شاندی حوکوومه‌تی به‌غدادا له ناوپردان، پێی
گوتبوون، که:"ئه‌گه‌ر له که‌رکووک ته‌نێ دوو کوردیش بمێننه‌وه، که‌رکووک
هه‌ر کوردستانه".
دیاره ئه‌و باسی ئامار و سه‌رژمێرییه‌ی، که هاته گۆڕێ، بێجگه له که‌رکووک، ده‌ڤه‌ره‌کانی
شه‌نگال و خانه‌قینیشی ده‌گرته‌وه. هه‌رچه‌نده، خه‌ڵکانێک له ده‌ره‌وه‌ی سه‌رکرده‌یه‌تیی
بارزانی و پارتیی هه‌بوون، که نه‌یانده‌ویست باسی کوردستانیبوونی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره‌کانی
دیکه، دوابخرێت و ده‌یانویست، هه‌ر ده‌سبه‌جێ چاره‌سه‌ر بکرێت و ده‌نگی خۆیشیان
بڵند کردبووه‌وه، لێ ده‌نگی ئه‌وان له‌چاو ده‌نگی سازشکاران و هه‌لپه‌رستاندا، ته‌نێ
وه‌ک نووزه‌یه‌ک به‌رگوێ که‌وت و سازشکاران سه‌رکه‌وتن.
پاش ئه‌وه‌ی مه‌راییکاران و پاره‌په‌رستان
و ڕه‌دووکه‌وتووانی پووڵ و ناووبانگ و پایه و ده‌وڵه‌مه‌ندبوون، که هه‌مووده‌م و له هه‌موو شوێنێک هه‌ن، به هه‌ر
شێوه‌یه‌ک بێت، توانییان، پێش مۆرکردنی پێکهاتنی 11ی مارسی 1970ی نێوان سه‌رکرده‌یه‌تیی
بارزانی و حوکوومه‌تی به‌غدا، بارزانی به‌وه قایل بکه‌ن، که پرسی که‌رکووک،
دوابخرێت، بۆ کاتێکی دیکه و دوای ئه‌نجامدانی ئامار و سه‌رژمێرییه‌کی گشتیی،
پاشان قسه‌ی له سه‌ر بکرێت و چاره‌نووسی دیاری بکرێت. حوکوومه‌تی به‌عس، له‌و
ماوه‌ی چوار ساڵه‌ی پێکهاتنه‌که‌دا، شاڵاوی کۆچپێکردنی کوردی که‌رکووکی، ده‌ستپێکرد
و عه‌ره‌باندنی کرده کارێکی یه‌کجار چالاک و ڕۆژانه و ته‌واوی ده‌نگ و ڕه‌نگ و
سیمای، که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌کانی گه‌رمیانی، به‌و جۆره‌ی بۆ خۆی ویستی،
گۆڕی. ساڵی 1972، ئیدی ته‌واوی نیاز و ورده‌کاری و ئه‌نجامه‌کانی سیاسه‌تی به‌عس و
ئه‌و گۆڕانانه‌ی، که به سه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا هاتن، بۆ بارزانی و بۆ هه‌موو
کوردێکی دیکه‌ی وڵاتپارێز و خودان هه‌ڵوێستیش، وه‌ک ڕۆژی نیوه‌ڕۆ ئاشکرا بوو. له
دانیشتنێکیدا، له‌گه‌ڵ مورته‌زا ئه‌لحه‌دیسی (ﻤﺭﺘﻀﻰالحدیثي) ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی
عیراقدا، که له ناوپردان ده‌بێته میوانی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، بارزانی ڕووی
لێ ده‌کات و پێی ده‌ڵێت:"گۆڕینی باژێڕی که‌رکووک به کرده‌وه ئه‌نجام درا.
ئیدی هیچ پێویستییه‌ک بۆ ئامار و سه‌رژمێرییش نییه، چونکه ئه‌نجامه‌که‌یشی
نیشانه‌یه‌کی زیاده‌ی دیکه‌یه، له سه‌ر ئه‌وه‌ی، که ئێمه خۆمان له ڕاستی
بوارد و دوورخسته‌وه". بارزانی، ئه‌وه هیچ که نه‌ده‌بوو، گوێ
بۆ ده‌ستوپێوه‌نده مه‌راییکاره‌کانی ده‌وروبه‌ری خۆی ڕادێرێت، ده‌بوو پێی له سه‌ر
چاره‌سه‌رکردنی ده‌سبه‌جێی کێشه‌ی که‌رکووک داگرتایه و سووربووایه له سه‌ر، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه
و تێکدانی هه‌موو پێکهاتنه‌که، ئه‌گه‌ر پێویستی کردبا. که وای نه‌کردووه، من بۆ
خۆم پێموایه، هه‌ڵه‌ی کردووه و ئیدی کاره‌کان به‌و جۆره‌ی، که ده‌بوو بچن، نه‌چوون
و کێشه‌که، هه‌ر مایه‌وه.
29/9/1971، به هۆی ناردنی چه‌ند "بۆمبه‌مه‌لا"
و "بۆمبه‌ئۆتۆمبیل"ێکه‌وه، بۆ باره‌گای بارزانی، له ناوپردان، هه‌وڵێکی
کۆشتنی مه‌لا مسته‌فای بارزانی درا. هه‌وڵه‌که سه‌رنه‌که‌وت و بارزانی ڕزگاری
بوو. پاش ئه‌وه، ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری بارزانی، چاوه‌نۆڕی ئه‌وه بوون، له سه‌ر
ئه‌و کاره‌ی حوکوومه‌تی عیراق، بارزانی جاڕی جه‌نگ بدات و بیکات به هه‌را.
بارزانی، ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی، که به‌و کرداره په‌ست و تووڕه بووبوون، هێور کردنه‌وه
و جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه، که هیچ جۆره دژه‌کردارێک، له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و
کاره‌دا نابێ بکرێت و پێیشی گوتن:"ئه‌وه هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر له‌به‌ر من ، یا
له‌به‌ر که‌سێکی دیکه، جه‌نگ ده‌ست پێ بکه‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره بکه‌ین،
ئه‌وا له سه‌ر کێشه‌یه‌کی چاره‌نووسساز، بۆ نموونه که‌رکووک، ده‌یکه‌ین".
ڕێبه‌رانی کوردی دوای مه‌لا مسته‌فای بارزانی، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕه‌وتار
و گوتاره‌کانیان به‌رگۆران و له‌رزۆک و لاواز و ناجێگرتوو و ناچه‌سپاو بووه. ئه‌وان،
ڕێک به پێچه‌وانه‌ی بارزانییه‌وه، که هه‌میشه سوور بوو له سه‌ر ڕای خۆی و هه‌میشه
پێی له سه‌ر کوردستانیه‌تیی ته‌واوی خاکی کوردستان داده‌گرت، به‌رانبه‌ر به ده‌سکه‌وتێکی
که‌سیه‌تی و پله و سامان، ئاماده‌ی سازش و ده‌ستبه‌رداربوون بوونه له به‌شێکی
گرنگی خاکی وڵاته‌که‌یان.
مووسڵ له لایه‌ن کورد و ناکورده‌وه هه‌میشه وه‌ک به‌شێکی کوردستان
دیتراوه و خاکه‌که‌ی به به‌شێک له جیۆگرافیای کوردستان ژمێردراوه،، که‌چی سه‌رکرده‌گه‌لی
ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی کورد بۆ خۆیان ده‌یسڕنه‌وه و
بۆ خۆیان حاشای لێ ده‌که‌ن. نموونه‌یه‌کی سازشکاری و ده‌ستبه‌ردابوون له
خاکی کوردستان و جێهێشتنی بۆ داگیرکارانی کوردستان، هه‌ندێ قسه‌و باسی سه‌رانی
کورده له‌و باره‌یه‌وه. سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان مه‌سعوود بارزانی و کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ
عه‌لی، جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تیی
نیشتمانیی کوردستان، له دوو بۆنه‌ی جیاوازدا و به جودا باسیان له ناکوردستانیه‌تیی
مووسڵ کردووه. بارزانی گوتبووی:"ئێمه چاومان نه‌بڕیوه‌ته مووسڵ" و
کۆسره‌تیش گوتبووی:"مووسڵ به‌شێک نییه له کوردستان". قسه‌کانی ئه‌و دوو سه‌رکرده
کورده، دابڕینی مووسڵه له کوردستان و سڕینه‌وه‌ی مێژووی کوردستانیه‌تیی ئه‌و
شاره‌یه.
له دیدارێکدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا، موکه‌ڕڕه‌م تاڵه‌بانی، کۆنه‌وه‌زیر
له حوکوومه‌تی به‌غدای به‌عسدا و یه‌کێک له کۆنه‌سه‌رکرده کۆمۆنیسته‌کانی حیزبی
کۆمۆنیستی کۆمیته‌ی نێوه‌ندی (اللجنةالمرکزیة)ی عیراق، ده‌ڵی: "له وه‌ختی
مفاوه‌زاتی 1991دا بوو، چووم بۆ ئوتێل ره‌شید بۆ لای وه‌فده‌که، کاک نه‌وشیروان
مسته‌فا لێی‌پرسیم وتی: کاک موکه‌ڕه‌م ئه‌گه‌ر هاتوو وه‌زاره‌تیان پێداین، کام وه‌زاره‌ته‌یان
هه‌ڵبژێرین؟ وتم: کاک نه‌وشیروان ئێوه له سه‌ره‌تای مفاوه‌زاتدان، ئه‌ی مه‌سه‌له‌ی
که‌رکوک، ئه‌ی مه‌سه‌له‌ی خانه‌قین، باز ئه‌ده‌ن به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و مه‌سه‌لانه‌دا
بۆ کورسی وه‌زاره‌ت؟ وتی: که‌رکووک چی کردووه بۆ کورد تا ئێمه ئه‌وه‌نده له‌سه‌ری
بوه‌ستین؟ وتم: ئێوه شه‌وو ڕۆژ باسی چاره‌نووسی 180 هه‌زار که‌سی ئه‌نفالکراو ده‌که‌ن.
ئه‌مانه 150 هه‌زاریان سه‌ر به لیوای که‌رکوکه، که‌رکوک به‌قه‌د هه‌موو
کوردستان قوربانیی داوه، ئێستا چۆن وا باسی ده‌که‌ن؟" .
له گوته‌یه‌کیدا
بۆ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات"الحیاة"ی له‌نده‌نی، مه‌سعوود بارزانی، که هه‌ڵبژارده‌ی
هێزه سیاسییه‌کانی باشووری کوردستانه، وه‌ک سه‌رۆکی باشووری کوردستان و ده‌نگی
ته‌واوی باشووری کوردستانه، له‌مه‌ڕ که‌رکووکه‌وه ده‌ڵێت:"ڕیفراندۆم
ناسنامه‌ی که‌رکووک یه‌کلا ده‌کاته‌وه..که‌رکووک نابێته به‌غدا وه‌ک هه‌ندێ که‌س
داوای ده‌که‌ن به‌ڵکو وه‌ک هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک شارێکی عێراقی به‌ڵام
کوردستانی ده‌بێت.. هه‌رکاتێکیش بارودۆخی ئه‌و شاره ئاسایی بووه‌وه، ڕاپرسییه‌کی
تێدا ئه‌نجام ده‌درێ که ئێمه به ده‌رئه‌نجامه‌که‌یه‌وه
پابه‌ند ده‌بین جا له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه بێت یاخود به زیانی ئێمه ".
سه‌رۆکی حوکوومه‌تی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، جه‌خت
له سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که خه‌ڵکی که‌رکووک بۆ خۆیان ده‌بێ بڕیار له سه‌ر
شاره‌که‌ی خۆیان بده‌ن، به‌وه‌ی که بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان یا له‌گه‌ڵ
عیراقدا بێت.
لێره‌دا باسی جه‌لال تاڵه‌بانی و هه‌ڵوێسته
ناکوردستانییه‌کانی پێویستیان به وه‌بیرهێنانه‌وه نییه، چونکه ئه‌و له ده‌یان
گوتار و بۆنه‌دا، سازشی له سه‌ر نه‌ک هه‌ر مووسڵ یا که‌رکووک یا شوێنێکی دیکه‌ی
کوردستان، به‌ڵکه سازشی له سه‌ر زۆرترین
خاکی کوردستان و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد کردووه و ده‌سه‌ڵات
بۆ وی، گه‌لێک له خاک گرنگتر بووه. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر که‌رکووکدا هاتووه، له
دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، هه‌ر له دابه‌شکردنی ئه‌نجومه‌نی ئوستانداریی به
گوێره‌ی وه‌کیه‌کیی بۆ هه‌ر چوار نه‌ته‌وه‌کانی که‌رکووک و مادده‌ی 58 و 140ی
دزێوی دژه مێژوو و دژه ڕاستییه جیۆگرافییه‌کان تا ده‌گاته قودساندن و
برۆکسلاندنی که‌رکووک و هێنانه‌گۆڕێی تێزی 32%، که ده‌کاته دابه‌شکردنی کارگێڕی
و فه‌رمانبه‌رییه‌کان له سه‌ر بنه‌مای 32% بۆ هه‌ریه‌ک له کورد و تورکمان و عه‌ره‌ب
و 4%یش بۆ کلدان و ئاشووری و تێکه‌ڵکردنی تورکیا و به‌ره‌ی تورکمانی سه‌ر به میتی
تورکیا و دانی نۆره‌یه‌کی زیاتر و گرنگ به‌وان له که‌رکووکدا و نه‌گێڕاندنه‌وه‌ی
هه‌رسێ شارۆکه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، که‌لار و کفری، که سێ قه‌زای سه‌ر به که‌رکووک بوون
و به‌عس دووانیانی خسته سه‌ر ئوستانی سلێمانی و ئه‌وه‌ی دواییشیانی خسته سه‌ر
دیاله و له 1991یشه‌وه له بنده‌ست کارگێڕییه‌که‌ی تاڵه‌بانیدان، بۆ سه‌ر
ئوستانی که‌رکووک و داکۆکی له تاوانبارانی به‌ره‌ی تورکمانی، که له مانگی ته‌ممووزی
2008دا ته‌قه‌یان له خۆپێشانده‌رانی کورد کرد و پتر له په‌نجا که‌سیان لێ کوشتن
و داوای ئازادکردنیان و هێشتنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هه‌نارده و داکۆکی لێیان و
مردارکردنه‌وه‌ی پرسیی که‌رکووک، ته‌واوی ئه‌وانه ئه‌گه‌ر خه‌ڵکانێکی دیکه‌یش له
نێو سه‌رانی کورددا، نۆره‌یه‌کیان تێدا بووبێت، کاریگه‌ری نه‌ئێنی و نۆره‌ی عه‌ره‌فاتانه‌ی
تاڵه‌بانی له هه‌مووان زیاتر و له‌به‌رچاوتره.
ماکیاڤیللی ده‌ڵێ:"نه ته‌نها گه‌یشتن به ئامانج بۆ سیاسه‌تمه‌دار مه‌رجه،
رامیار نابێ گوێ بداته شه‌رم و شوره و ئه‌مه‌گداری و به‌ڵێن و په‌یمان پێک هێنان
و پیاوه‌تی و لۆمه‌ی ویژدان و به‌زه‌یی و له‌خواترسان و ئه‌و شتانه‌ی که ره‌شایی
ناویان ناوه ئاکاری باش" .
جه‌رجیس فه‌تحوڵڵا ده‌ڵێ:"مێژوو جێبڕواترین شاهیدی
ئه‌وه‌یه، که هیچ پێوه‌ندێکی سیاسیی نییه ته‌نێ له سه‌ر سۆز و بنه‌ماکانی
پاکژی و جوانیی ئاکار، دامه‌زرابێت. مێژووی درێژی پێوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به
هه‌موو نموونه‌کانییه‌وه ئه‌وه‌مان بۆ جه‌خت ده‌کاته‌وه، که تاکه گه‌ره‌نتی
پاراستنی شه‌ره‌فی وشه له په‌یمان و پێکهاته نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا ڕۆژێک له
ڕۆژان بێجگه له به‌رژه‌وه‌ندی ئاڵوگۆر کراو و هێز، شتتێکی دیکه نه‌بووه. به‌و
پێیه هیچ جێگه‌یه‌ک بۆ شه‌ره‌فی وشه و ڕێزی واژۆ نییه، چونکه ده‌وڵه‌ته‌کان به
شێوه‌یه‌کی ئاسایی تووشی هیچ شڵه‌ژانێک نابن، که کۆتایی به کارایی پێکهاتنێک یا
په‌یمانێک ده‌هێنن، کاتێک ده‌بێنن په‌یمانی گۆڕینه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌نده‌کان، ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر که‌مۆکه‌یه‌کیش بێت، به زیانی خۆیان تێکده‌چن و سه‌نگه‌لا ده‌بن".
ئه‌وه‌ی قسه‌کانی سه‌رانی کورد بژنه‌فێت، ئیدی ده‌بێ کوردستانیبوونی مووسڵ
و که‌رکووک و دیاله و کووت و به‌شێکی ئوستانی عه‌ماره و شوێنه دابڕاوه‌کانی
دیکه‌ی کوردستان له‌بیر خۆی بباته‌وه و هه‌رگیز به کوردستانیان نه‌زانێت.
سه‌رانی کورد، که به مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عیراق قایل‌بوون، گومانیان خسته
سه‌ر کوردستانیبوونی ته‌واوی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی کوردستان و درێژه‌یان به
مانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی داگیرکاری کوردستان و پرۆسێسی عه‌ره‌باندن دا. تۆ که چاوه‌ڕوان
بیت خه‌ڵکی که‌رکووک، که ئێستاکه عه‌ره‌ب زۆرینه‌ن تێیدا و تورکمان و ناکوردانی
دیکه‌یش هه‌ر هاوڕای ئه‌وانن و هه‌موو ئه‌وانه‌ش دژ به کوردستانیه‌تی که‌رکووکن و
له‌گه‌ڵ عیراقییه‌تیدان، ده‌نگ له سه‌ر شاره‌که‌یان بده‌ن و له نێوان کوردستان و
عیراقدا یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرن، ئه‌وا بێگومان ئه‌وان به‌ره‌نده‌ن و که‌رکووک ناگه‌ڕێته‌وه
باوه‌شی کوردستان و ئه‌گه‌ر به‌و ئه‌نجامه قایل بیت، واته: تۆ که‌رکووکت دۆڕاند
و له نه‌خشه‌ی کوردستانت سڕییه‌وه، ئه‌وجا تووخوا ئه‌مه بووبه کوردایه‌تی و
نیشتمانپه‌روه‌ری و شۆڕشگێڕی یا ئه‌مه بۆ خۆی فرۆشتنی وڵات و خاکه و سڕینه‌وه و
تووڕهه‌ڵدانی مێژوو و ڕاستییه‌کانه!
ساڵانی سه‌رده‌مانی
ڕێژیمه‌کانی پاشایه‌تی و کۆمارییه‌که‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم(کۆماری یه‌که‌م)،
کوردستانیبوونی ته‌واوی خاک و سنووره جیۆگرافییه‌کانی ئوستانه‌کانی سلێمانی، هه‌ولێر،
که‌رکووک و مووسڵ و به‌شێک له ئوستانی دیاله(باژێڕه‌کانی خانه‌قین و مه‌نده‌لی و
شاره‌بان و قزڕه‌بات و..) و به‌شێک له ئوستانی کووت( به‌دره و جه‌سسان و عه‌زیزییه
و..)، هیچ جۆره کێشه‌یه‌کی له سه‌ر نه‌بوو و که‌س ته‌نانه‌ت ناکوردانیش، چ
گومانێکیان له کوردستانیبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه نه‌بوو و نه‌یانده‌گوت، ئه‌وانه
کوردستان نین و که‌س به‌خۆیشیدا نه‌یده‌په‌رموو، ته‌نانه‌ت وه‌ها بیرێکیش به
مێشکیدا بێت. له‌و سه‌رده‌مانه‌دا خه‌ڵکی کورد، زنجیره چیا یا گردۆڵکه‌کانی حه‌مرین(جه‌وه‌ڵ
حه‌مرین)یان به سنووری نێوان باشووری کوردستان و عیراقی عه‌ره‌بی داده‌نا. پاش
کوودێتای 1963ی به‌عس(کۆماری دووه‌م)، ئیدی ئه‌و په‌رژینی ترسه‌ی عه‌ره‌ب و
عیراقییانه شکا و هه‌ر، که بۆیان لوا، ده‌ستیان کرد به گۆڕینی سیمای ئوستانه‌کانی
که‌رکووک و مووسڵ و دیاله و کووت که کوردستانن و عه‌ره‌باندیانن. کرده‌ی عه‌ره‌باندن
و سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری کوردستانیبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه و کۆچپێکردن و ڕاگواستنی
دانیشتووانه کورده‌که‌یان به خه‌ستی و چڕ‌وپڕ و به شێوه‌یه‌کی نه‌خشه بۆ
داڕێژراو، له دوای کوودێتای 1968ه‌وه(کۆماری چواره‌م)، ده‌ستیپێکرد و تا ئێستاش،
دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسیش هه‌ر به‌رده‌وامه.
ئه‌گه‌ر
ئاوڕێک له په‌رله‌مانی عیراقی سه‌رده‌می ڕێژیمی شایه‌تی بده‌ینه‌وه، که چوار
ساڵ دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراق له ساڵی 1921دا، هه‌ڵبژێردرا و دامه‌زرا
و بۆ ماوه‌ی 33 ساڵ و له نێوان ته‌ممووزی 1925 - حوزه‌یرانی 1958دا کارا بوو و به‌رزترین
ده‌سه‌ڵاتی قانووندانانی وڵات بوو، کۆمه‌ڵیک ڕاستیمان له‌مه‌ڕ عه‌ره‌باندنی که‌رکووک
و ڕێژه‌ی کورد و ڕێژه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و شاره و عیراقمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت:
کۆی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراق له‌و ساڵانه‌دا:
1823 که‌س بوون، له‌وانه 325 یان کورد بوون.
کۆی نوێنه‌رانی که‌رکووک له په‌رله‌مانی عیراقدا له‌و ساڵانه‌دا:
101 که‌س بوون، که (61 کورد، 34 تورکمان، 4 عه‌ره‌ب،
2 کلدان بوون).
کۆی نوینه‌رانی مووسڵ له په‌رله‌مانی
عیراقدا له‌و ساڵانه‌دا: 245 که‌س بوون، که (61 یان کورد بوون).
ژماره‌ی نوێنه‌رانی کورد له ئوستانه‌کانی
ده‌رێی کوردستان له‌و ساڵانه‌دا به‌م جۆره بوون:
ئوستانی دیاله: 5، ئوستانی به‌غدا:1، ئوستانی کووت: 3،
ئوستانی حلله: 2، ئوستانی عه‌ماره: 3، ئوستانی دیوانییه: 1
که‌س بوون.
به گوێره‌ی ئه‌و ژمارانه‌ی نووسه‌ری
ئه‌و کتێبه خستوونییه به‌رده‌ست:
ڕێژه‌ی نوێنه‌رانی کورد له په‌رله‌مانی عیراقدا
له‌و ساڵانه‌دا، ده‌کاته 17.83% و ڕێژه‌ی نوێنه‌رانی خه‌ڵکی که‌رکووکیش له
په‌رله‌مانی عیراقدا به‌م جۆره‌یه: کورد:
60.40% ، تورکمان: 33.66%، عه‌ره‌ب: 3.96 و کلدان: 1.98.
ڕێژه‌ی نوێنه‌رانی کورد له مووسڵیش ده‌کاته: 24.90%. کۆی نوێنه‌رانی کورد
له ئوستانه‌کانی دیکه‌ی ده‌رێی کوردستانیش: 15 که‌سن.
به‌و ژمارانه ده‌گه‌ینه
ئه‌م ئه‌نجامانه:
1. ئه‌و ڕێژه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی
که‌رکووک بۆ په‌رله‌مانی عیراقه، ڕێژه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی که‌رکووکیش دیاری ده‌کات. کورد زۆرینه‌ی دانیشتووانی ئوستانی که‌رکووکی
پێکهێناوه و به‌وه‌ش کورد ده‌بێته یه‌که‌م نه‌ته‌وه له که‌رکووکدا.
2. هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی
ناکورد(تورکمان، عه‌ره‌ب، کلدان، ئاشووری و ئه‌رمه‌ن) له که‌رکووک، وێکڕا ڕێژه‌یان
گه‌یشتووه‌ته: 39.60، که به به‌راورد له‌گه‌ڵ کورددا، کورد ده‌کاته یه‌کونیوێک(½ 1)ی ئه‌وان.
3. عه‌ره‌ب له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی
عیراقه‌وه تا 1958، که دوا ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی عیراق و ڕێژیمی شایه‌تیش بوو،
هه‌رگیز ڕێژه‌یان له ئوستانی که‌رکووکدا له 3.96 تێپه‌ڕی نه‌کردووه و
ژماره‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ژماره‌ی عیسایی(ئه‌رمه‌ن، کلدان و ئاشووری)یانی ئه‌و ئوستانه‌دا،
که که‌مینه‌یه‌کی که‌من، هێنده جیاوازیی نه‌بووه.
4. عه‌ره‌ب له ئوستانی که‌رکووکدا
بۆ یه‌که‌مجار، له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی عیراقدا، له نێوان کانوونی یه‌که‌می
1934 – مارسی 1935دا، به یه‌ک ئه‌ندام هاتوونه‌ته په‌رله‌مانه‌وه و له
ماوه‌ی چوار خولی هه‌ڵبژاردنی پێش ئه‌و ساڵه‌شدا، واته: له ماوه‌ی نۆ ساڵدا، چ نوێنه‌رێکیان له که‌رکووک نه‌بووه.
5.
تورکمان وه‌ک دانیشتووانێکی ڕه‌سه‌نی ئوستانی که‌رکووک ڕێژه‌یان به ڕاده‌ی
نیوه‌ی دانیشتووانه کورده‌که‌ی ئه‌و ئوستانه بووه و به‌وه‌ش ئه‌وان بوونه‌ته
دووه‌م نه‌ته‌وه‌ی که‌رکووک.
6. هه‌رچه‌نده
پرۆژه‌ی عه‌ره‌باندنی که‌رکووک له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی پرۆژه‌ی ئاوی حه‌ویجه‌دا(1936
- 1952) و نیشته‌جێکردنی هۆز و خێڵی عه‌ره‌بی به‌دوو و ڕه‌وه‌نده‌کاندا ده‌ستیپێکرد،
به‌ڵام ڕێژه‌ی پێکهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی که‌رکووک تا ڕووخاندنی فه‌رمانڕه‌وایی و
ڕێبه‌ریه‌تیی عه‌بدولکه‌ریم قاسم (کۆماری یه‌که‌م) له 1963دا، هه‌ر به‌و جۆره بوو و کورد زۆرینه‌یه‌کی
بێڕکابه‌ری که‌رکووک بوو و که‌رکووکیش به‌شێک بوو له باشووری کوردستان. پرۆسێسی
عه‌ره‌باندن له 1963وه به شێوه‌یه‌کی خه‌ست ده‌ستیپێکرد و درێژه‌ی پێ درا. جه‌رجیس
فه‌تحوڵڵا، له باره‌ی ناردنی عه‌ره‌به‌وه بۆ حه‌ویجه ده‌ڵێ:"له سه‌ره‌تای
ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا(واته: سه‌ده‌ی بیسته‌م) چه‌ند تیره‌یه‌ک له هۆزی ئه‌لعوبێد(العبید)ی
عه‌ره‌ب، که هۆزیکن ناسراو به به‌خێوکردنی ته‌نێ وشتر، له دیجله په‌ڕینه‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی له پێده‌شتاییه‌کانی حه‌ویجه‌دا له‌وه‌ڕگه و نشینگه په‌یدا بکه‌ن و
له سه‌رده‌می پاشایه‌تیشدا ده‌ستکرابوو به جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌ی ئاودێری حه‌ویجه
بۆ هاندانی ئه‌م هۆزه بۆ نیشته‌جێبوون و کشتوکاڵ. که‌رکووک ئه‌و کاته بازاڕێک
بوو بۆ ئه‌مان، که ده‌یهاتنێ بۆ کڕین. حوکوومه‌تی ئه‌وده‌مه بۆ گواستنه‌وه بۆ
که‌رکوک و نیشته‌جێبوون تێیدا هانی نه‌ده‌دان و ئه‌وانیش وه‌ها کارێکیان نه‌ده‌کرد".
7. ئوستانه‌کانی
دیاله و کووت، که کوردستانن و عه‌ماره‌یش، که به‌شێکی خاکه‌که‌ی کوردستانه،
له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی سه‌رده‌می شایه‌تی عیراقدا، یانزده ئه‌ندامی کوردیان له
په‌رله‌مانی عیراقدا هه‌بووه و ئه‌و سێ ئوستانه له‌گه‌ڵ ئوستانه‌کانی به‌غدا و
حلله و دیوانییه‌دا وێکڕا 15 ئه‌ندامی کوردیان له ماوه‌ی 33 ساڵدا په‌رله‌مانی
عیراقدا هه‌بووه.
بڕوا ناکه‌م
سه‌رانی کورد، ئه‌و ڕاستییانه له‌مه‌ڕ که‌رکووک و مووسڵه‌وه نه‌زانن، لێ له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا چاوی خۆیان لێ نووقاندووه و سه‌ری خۆیان وشترمه‌ل ئاسا کردووه‌ته ژێر
لمه‌وه، ته‌نێ له پێناوی هه‌ندێک سامان و پله‌وپایه و خۆشگوزه‌رانی و ده‌سه‌ڵاتی
خۆیاندا و ئه‌وه‌ش گۆڕینه‌وه‌ی خاکه به ده‌سه‌ڵات.
به درێژایی مێژووی پێش هاتنه‌سه‌رکاری حیزبی به‌عس له
عیراق و گه‌شه‌سه‌ندنی بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی و بره‌ودان به پانعه‌ره‌بیزم، چ
گومانێک له‌مه‌ڕ کوردستانیبوونی که‌رکووکه‌وه نه‌بوو و که‌رکووک به‌شێکی جیانه‌کراوه
و گرنگی باشووری کوردستان بوو و هه‌ر به‌و جۆره‌ش له لایه‌ن کورد و ناکوردانه‌وه
ته‌ماشا ده‌کرا. جه‌رجیس فه‌تحوڵڵا له‌مه‌ڕ کوردستانیبوونی که‌رکووکه‌وه ده‌ڵێ:"که‌رکووک
له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا نێوه‌ندی ویلایه‌تی ساره‌زوور بوو و ئوستانه‌کانی که‌رکووک
و هه‌ولێر و سلیمانیی ئێستای ده‌گرته‌وه و که‌سێک(وه‌رگرێک)، که له لایه‌ن والی
به‌غداوه دیاری ده‌کرا، فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کرد، به‌ڵام مه‌دحه‌ت پاشای والیی به‌غدا
ناوی سنجقی له که‌رکووک نا، که ئه‌وده‌م هه‌ولێر و که‌رکووکی ئیستای ده‌گرته‌وه.
شاره‌زووره مێژووییه‌که‌یش به سنجقی سلێمانیی تازه‌دامه‌زراوه‌وه لکێنرا و هه‌موو
ئه‌وانه‌ش خرانه نێو ویلایه‌تی مووسڵه‌وه، که له 1879دا دامه‌زرێنرا...پێش
ڕابوونی ئه‌فسه‌رانی چوارده‌ی ته‌ممووز به کوودێتا یا سۆڕشه‌که‌یان، هیچ کێشه‌یه‌ک
له ناسنامه‌ی ئیتنیکی که‌رکووکدا نه‌بوو. که‌رکووک وه‌ک هه‌موو شارێکی دیکه‌ی
وڵاتی دوو ڕووباری ڕه‌سه‌ن له شارستانی و که‌وناراییدا، نه‌ته‌وه‌گه‌لی زۆری تێدا
نیشته‌جێ بوون، که له ژماره نایه‌ن و له سه‌ر خاکه‌که‌یشی جه‌نگ و نه‌به‌ردی
زۆر ڕوویانداوه و ئه‌م داگیرکاریش ڕاده‌ستی ئه‌و داگیرکاری دیکه‌ی کردووه و هه‌موو
داگیرکا‌ر و په‌لامارده‌رێکیش جێده‌ستی خۆی تێدا جێهێشتووه...که‌رکووک له 1918دا
خۆی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی شانشینی عیراق ژماردووه و ئاڵای عیراق له سه‌ر
ته‌لاره‌کانی له ماوه‌ی پێنج ساڵدا نه‌شه‌کاوه‌ته‌وه. دوو زمانی به‌کارهاتوو له
که‌رکووکدا کوردی و تورکی بوونه و دانیشتووانیشی کورد و تورک و که‌مینه‌یه‌کی
عیسایی و جووله‌که بوونه. له ماوه‌ی نۆ سه‌ده‌دا ڕه‌وشی که‌رکووک نه‌گۆڕاوه و
هه‌ر به‌و جۆره بووه تا ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عس به شێوه‌یه‌کی نه‌خشه بۆ
داڕێژراو له ساڵی 1963 و دواتر ده‌ستیانکرد به عه‌ره‌باندنی...هه‌رچه‌نده که‌رکووک
ده‌که‌وێته نێو سنووری سرشتیی کوردستانه‌وه، لێ ڕه‌سه‌نایه‌تیی بوونی تورکمان
تێیدا هه‌رگیز ئینکار ناکرێت".
مێژوونووسی تورک، زانای ناسراو شه‌مسه‌ددین سامی، له‌مه‌ڕ
کوردستانیبوونی که‌رکووکه‌وه ده‌ڵێ:"شاری
که‌رکووک نێوه‌ندی شاره‌زووری ناسراوه و سه‌ر به ویلایه‌تی مووسڵه له
کوردستان. له چوار به‌ش سێ به‌شی کورده و چاره‌که‌ی دیکه‌یشی تورک و هه‌ندێک عه‌ره‌ب
و که‌مینه‌ی دیکه‌یه".
ده‌وڵه‌تی
عیراق و ڕێژیمه‌کانی و ته‌واوی داگیرکارانی کوردستان، هیج دۆڵ و تاوێر و کوچک و
میتره خاکێک، به کوردستان نازانن و دانانێن. ئه‌وه جیۆگرافیا و مێژوو و واقیع و
خواستی خه‌ڵک و ویژدان و بڕوایه، که کوردستان وه‌ک یه‌که‌یه‌کی دابه‌شنه‌کراو و
وه‌ک خاکێکی به‌رین و به‌رفراوان دیاری ده‌کات، که ته‌نێ خاکی کورد نییه، به‌ڵکه
تورکمان، ئاشووری، سریان، کلدان، ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌بیشی له سه‌ر ده‌ژی. ئه‌و خاکه
و له‌وه‌تی داگیرکراوه، داگیرکارانی، هه‌میشه و به شێوه‌یه‌کی ڕێکوپێک و جیددی،
هه‌وڵی که‌مکردنه‌وه و لێدابڕینیان داوه و تێیدا سه‌رکه‌وتوون. ئه‌وه‌یشی هانی
ئه‌وانی داوه پتر له‌و کاره‌یاندا سه‌رکه‌ون و پتر له خاکی کوردستان دابڕن و
بیده‌ن به ده‌م خاکی خۆیانه‌وه، سستی و ده‌مچه‌فتی و منجه‌منج و لاوازیی و که‌مته‌رخه‌می
و بێهه‌ڵوێستی و سازشی سه‌ران و ڕێبه‌رانی کورد خۆیان بووه.
که سیاسه‌ت و پێوه‌نده سیاسییه‌کان به‌و جۆره بن،
ماکیاڤیللی و جه‌رجیس فه‌تحوڵڵا باسی ده‌که‌ن و هه‌موو له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ند
دامه‌زرابن و دابڕێژرێن و کایه‌که هێنده ئاڵۆز بێت، که نه‌یاره‌کانت و
داگیرکارانی وڵاته‌که‌ت به‌و جۆره بن، که یاسیر عه‌بد ڕه‌ببو ئاماژه‌یان پێ ده‌کات،
مرۆڤ چ بڕوایه‌کی به به‌ڵێن و پێکهاتن و په‌یمان و واژۆ و.. نامێنێت. سه‌رانی
کورد هیچ کاتێک له‌و یارییه تێنه‌گه‌یشتوون و هه‌رگیز له‌و ده‌رفه‌تانه‌ی وه‌پێشیان
هاتوون، سوودمه‌ند نه‌بوون و نه‌یانتوانیوه بیانقۆزنه‌وه و هه‌میشه فریوخواردوو
بوون و هه‌رگیز دڵسۆزی خاک و نیشتمانه‌که‌ی خۆیشیان نه‌بوون و هیچ کاتێکیش، عه‌ره‌فات
ئاسا، له گۆڕینه‌وه‌ی خاک به ده‌سه‌ڵات و سامان، دوودڵ نه‌بوون و بێ
سێودوولێکردن، خاکیان داوه‌ته ده‌سه‌ڵات.
بره‌ودان به تێزی گێڕانه‌وه‌ی شنگال، شێخان، مه‌خموور،
جه‌باره، قه‌ره‌ته‌پپه، جه‌له‌ولا، خانه‌قین و... یا به‌شێک له خاکی باشووری کوردستان، نه‌ک ته‌واوی ئه‌و خاکه،
بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، له لایه‌ن سه‌رانی کورده‌وه، ده‌ستبه‌ردانه له ته‌واوی
مووسڵ، ته‌واوی دیاله، ته‌واوی که‌رکووک، ته‌واوی کووت، به‌شێکی تکریت و به‌شێکی
عه‌ماره و دۆڕانی ته‌واوی ئه‌و خاکه‌یه، که میژوو، جیۆگرافیا، فه‌رهه‌نگ، زمان
و هه‌موو ڕاستییه‌کان، گه‌واهی کوردستانیبوونی ده‌ده‌ن. وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی خاکی
باشووری کوردستان، ئه‌گه‌ر به وه‌ده‌رنانی ته‌واوی داگیرکارانی خاکه‌که‌ی ده‌ست
پێ بکات و به گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی مافه زه‌وتکراوه‌کان ته‌واو بێت، هه‌روا به
قسه و به‌ڵێن و سازش نایه‌ته دی و هیچ بسته خاکێکی کوردستان به ئاواتخواستن
نایه‌ته‌وه ئامێزی کوردستان، به‌ڵکه ئه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌کات و
ئه‌و مافه زه‌وتکراوه ده‌گێڕێته‌وه، تاکه یه‌ک شته، ئه‌ویش هێز، به‌ڵێ هێز و
قایلنه‌بوونه به‌و ڕه‌وشه نائاساییه‌ی، که به‌رده‌وامیی و درێژه‌پێدانی
داگیرکردن و عه‌ره‌باندنه، که له ماوه‌ی پتر له هه‌شتا ساڵدا، له لایه‌ن عیراقه‌وه
پیاده ده‌کرێ.
هه‌رچه‌نده عه‌رفات و
هاوسه‌نگه‌ر و به‌رۆگره سازشکاره‌کانی، خاکیان به ده‌سه‌ڵات گۆڕییه‌وه و
ده‌گۆڕنه‌وه، لێ خه‌ڵکی فلستین به گشتی وه‌ک گه‌لێک، هه‌میشه و به‌رده‌وام، جه‌ختیان
له سه‌ر ڕزگارکردنی ته‌واوی خاکی فلستین(کامل التراب الفلسطیني) کردووه‌ته‌وه و
قوربانییان بۆ داوه. جیاوازییه‌ک، که له نێوان فلستینییان و خه‌ڵکی کورددا هه‌یه
ئه‌وه‌یه، جه‌ختکردنه‌وه‌ی ڕزگارکردن و
گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی خاکی کوردستان(کامل التراب الکردستاني) لای خه‌ڵکی
کورد، که‌متر ده‌بینرێ و که‌متر هه‌ستی پێ ده‌کرێت و گه‌لێک لاوازه. وروژاندنی ئه‌و
هه‌سته، هه‌ستی داگیرکراوی، هه‌ستی کێماسی، هه‌ستی ملکه‌چی، هه‌ستی نزمی، هه‌ستی
کۆیله‌یه‌تی، له‌کن مرۆڤی کورد، ده‌بوو له عه‌ره‌باندنه‌وه، له ئه‌نفاله‌وه،
له داگیرکردنی خاک و زه‌وی و ماڵه‌وه، له ژاربارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌وه، سه‌ری
هه‌ڵدابا و بهاتبایه‌ته گۆڕێ و بووایه‌ته هانده‌رێک بۆ به‌رهه‌ڵستیکردن و به‌گژداچوونه‌وه
و به‌رخۆدان و په‌لاماردانی داگیرکاران و له پێش هه‌ر شتێکی تریشدا، دابڕان له
هزر و دید و مێژووی ته‌ماشاکردنی پرسی خاک و نه‌ته‌وه وه‌ک پرس و کێشه‌یه‌کی له‌تله‌ت.
دابڕانێکی له‌و جۆره‌ش به بره‌ودان به بیری یه‌کپارچه‌یی خاک(کوردستان) و یه‌کپارچه‌یی
نه‌ته‌وه(کورد) ده‌هاته گۆڕێ و جێگیر ده‌بوو. وه‌ها گۆڕانێک به تێکشکاندنی هزری
سازشکارانه‌ی ڕێبه‌ریه‌تیی سیاسیی کورد و به یاخیبوون له‌و دید و جیهانبینییه
باوه‌ی ئه‌و ڕێبه‌ریه‌تییه ده‌کرێت، که بێ گۆڕانی ئاوه‌ز و دیدی مرۆڤی کورد،
گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی و ڕه‌گوڕیشه‌یی و ڕادیکاڵ، له هه‌موو لایه‌نه‌کانی فه‌رهه‌نگ
و سیاسه‌ت و ئابووری و جڤاک و دید و جیهانبینیدا، هه‌رگیز نایه‌ته دی.
پرۆسێسی دۆڕانی
خاک به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات، چۆن له سه‌ر ده‌ستی عه‌ره‌فات و عه‌ره‌فاتان، فلستینی
له خاکێکی به‌رین و یه‌کپارچه و یه‌کگرتووه‌وه کرده کۆمه‌ڵه شارۆکه و گوندی
دابڕاو و دوور له‌یه‌کتر، به‌و جۆره‌ش باشووری کوردستان، له سه‌ر ده‌ستی عه‌ره‌فاتانی
کورد تا دێت به‌رته‌سکتر و گچکه‌تر ده‌کاته‌وه. عه‌رفات، به واژۆکردنی
پێکهاتنی ئۆسلۆی ساڵی 1993، فلستینی به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی که‌م و سنووردار، به
سه‌ر به‌شێکی که‌می خاکی فلستیندا، دۆڕاند، سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی باشووری
کوردستانیش، به بێ گێڕانه‌وه و کۆنترۆڵکردن و مسۆگه‌رکردنی ته‌واوی خاکی باشووری
کوردستان و به بێ پێکهاتنێکی بنبڕ و یه‌کلاکه‌ره‌وه و فره‌لایه‌نه‌ی پێشوه‌خت،
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکایی و عیراقییه‌کاندا، پێش ڕووخاندنی ڕێژیمی به‌عس، به پێخاوسی
و ملهوڕانه و بێ هیچ گه‌ره‌نتییه‌ک، خۆی خسته نێو، پرۆسێسی دروستکردنه‌وه و
دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تێکشکاو و ڕووخاو و مردووی عیراق و به واژۆکردنی
قانوونی 58 و 140 یش، پێش وه‌ده‌رنانی عه‌ره‌بی هه‌نارده و پێش گێڕانه‌وه‌ی ته‌واوی
به‌شه دابڕاوه‌کانی که‌رکووک بۆ سه‌ر که‌رکووک، واژووی له‌ده‌ستدانی که‌رکووکی،
کرد. ئێدوارد سه‌عید ده‌ڵێ:"هه‌موو
ئیسرائیلییه‌ک، زۆر باش ده‌زانێت و به بێ دوودڵیی ددان به‌وه‌دا ده‌نێت، که ته‌واوی
ئیسرائیل له ڕابوردوودا، فلستین بووه، وه‌ک ئه‌وه‌ی، که مۆشی دایان له 1976دا
به ئاشکرا گوتی، که هه‌موو شار و گوندێکی ئیسرائیل، ڕۆژێک له ڕۆژان ناوێکی عه‌ره‌بی
هه‌بووه"، به‌ڵام داگیرکارانی خاکی کوردستان، نه
پێیانوایه و نه ددان به‌وه‌ی ته‌واوی که‌رکووک و مووسڵ و کووت و دیاله و به‌شێکی
تکریت و عه‌ماره له ڕابوردوودا کوردستان بوونه و نه مۆشی دایان ئاسایش هێنده
بوێرن، که بڵێن هه‌موو شار و ئاواییه‌کی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه(که‌رکووک و مووسڵ و
کووت و دیاله و به‌شێکی تکریت و عه‌مار)، ڕۆژێک له ڕۆژان ناوێکی کوردی‌یان هه‌بووه.
ده‌ڵێن ئه‌فریقاییه‌کان کاتی خۆی خاوه‌نی خاک بوون و ئینجیلیان نه‌ده‌ناسی، دواتر
موژده‌ده‌ره‌کان هاتن و فێری ئینجیلیان کردن و خاکیان لێ زه‌وت کردن. داگیرکارانی خاکی کوردستانیش به ناوی قورئان
و یه‌کئایینی و برایه‌تی و مێژووی هاوبه‌ش و هاوسێیه‌تی و یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق
و دواترینیشیان ده‌نگدان له سه‌ر خاک و ده‌یان فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی دیکه‌وه سه‌رانی
کوردیان خاپاند و ده‌سته‌مۆ کرد و به چه‌ند
کورسی و ده‌سه‌ڵاتۆکه‌یه‌ک بۆ ئه‌وان خاکیان له کورد داگیرکرد، به‌وه‌ش هه‌موو
کورد کڵاوی نرایه سه‌ر و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنرا و بێده‌نگ کرا. مێژوو، سه‌رکرده‌ی کۆیله
و خۆڕاده‌ستکردوو و گه‌ل و مرۆڤی گیانکۆیله و خۆبه‌بچووکزان، ناینووسن، مێژوو گه‌ل
و مرۆڤ و ڕێبه‌ری قاره‌مان ده‌ینووسن. گه‌ل و مرۆڤ و ڕێبه‌ری کۆیله و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ر،
مێژووی ملکه‌چی و سه‌رشۆڕی، مێژوویه‌کی خوێڕیله، ده‌نووسن. ئه‌گه‌ر کار به‌و جۆره
بڕوات، وه‌ک چۆن کورد کووت و دیاله و مووسڵی
دۆڕاند، ئه‌وا باسێک له کوردستانیبوونی که‌رکووک، خانه‌قین، مه‌نده‌لی، به‌دره،
جه‌سسان، شاره‌بان، شنگال، خورماتوو، مه‌خموور و ته‌نانه‌ت گه‌لێک شوێنی تریش
نامێنێت. وه‌ها کارێک ئه‌گه‌ر ئێستایش بۆ سه‌رانی کورد چووبێت و بچێته سه‌ر، له
داهاتوودا نه‌وه‌کانی دواڕۆژ، بێجگه له تووڕه‌یی و نه‌فره‌ت زیاتر، وشه‌یه‌کی
باشتریان بۆ به کار نابه‌ن و مێژوویش له باشترین حاڵ‌دا، وه‌ک سازشکار و وڵاتفرۆش
ناویان ده‌بات.
1/5/2009
تێبینییه‌ک: له کوردستان، میدیاکانی ده‌سه‌ڵات، شه‌و و ڕۆژ
و به‌رده‌وام، باس له ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕۆژنامه‌گه‌ری و کراوه‌یی ده‌که‌ن، وه‌ک
ئه‌وه‌ی کوردستان له ڕیزی وڵاتگه‌لێکی وه‌ک سوێد، فرانسا، ئینگلستان، سویسرا یا
وڵاتێکی دیکه‌ی له‌و جۆره‌ی جیهاندا بێت، ئه‌م گوتاره‌م نارد بۆ ئه‌وێ، بۆ
کوردستان، بۆ ڕۆژنامه‌ی "ڕۆژنامه" بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی. ئه‌وان
داوایان لێکردم، بڕیک گۆڕانکاری تێدا بکه‌م
و بۆیان بنێرمه‌وه. منیش وامکرد و بۆم ناردنه‌وه، لێ نه وه‌ڵامیان دامه‌وه و نه
بڵاویان کرده‌وه. دوای چه‌ند ڕؤژێکی دی ناردم بۆ حه‌فته‌نامه‌ی"میدیا"،
ئه‌وانیش نه بڵاویان کرده‌وه و نه وه‌ڵامیان دامه‌وه. دوای چه‌ند ڕۆژێکی دیکه
ناردم بۆ ڕۆژنامه‌ی"هه‌ولێر"، ئه‌وانیش نه وه‌ڵامیان دامه‌وه و
نه بڵاویشیان کرده‌وه. دواتر حه‌فته‌نامه‌ی"بارزان" به سێ به‌ش
له ژماره 15، 16 و 17، له ڕۆژانی 17/5/2009، 24/5/2009 و 31/5/2009 دا بڵاوی
کرده‌وه.
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
Sofi,
Dana, Interetnisk konflikt eller samförstånd(En
studie om etnopolitik i Kurdistan/Irak,
US-AB Tryck & Media, Stockholm 2009, S: 72-75.
Kuylenstierna,
Alexis, Mina Resor i Orienten, Stockholm 1900, IDUNS Kungl. Hofboktryckeri, C
& E Gernands Förlagsaktiebolag, s: 418-420.
ئۆمه‌ر، ئه‌حمه‌د حه‌مه‌د ئه‌مین، ئه‌ندامه
کورده‌کانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقی له رۆژگاری پاشایه‌تیدا 1925- 1958،
چاپی یه‌که‌م، چاپخانه‌ی کۆمه‌ڵگای چاپه‌مه‌نی شه‌هاب، هه‌ولێر 2007. ل 4 – 10.