Friday 30 November 2007

تورکیا، په‌که‌که‌ و خه‌باتی چه‌کداری

تورکیا، په‌که‌که‌ و خه‌باتی چه‌کداری


ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکاره‌کانی کوردستان، چ به‌ شێوه‌ و قه‌واره‌ و بیچمه‌ کۆنه‌ مێژووییه‌کانیانه‌وه‌ و چ به‌م سیمایه‌ی ئێستایشیانه‌وه‌، به‌ درێژایی مێژوو و بیره‌وه‌ری و هه‌ر له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌، هه‌میشه‌ سه‌یری گه‌لی کوردیان وه‌ک خه‌ڵکێکی سه‌ربه‌گۆبه‌ن  و ئاژاوه‌گێڕ و کێشه‌سازکه‌ر (Troublemaker) کردووه‌ و ده‌که‌ن. تورک، تاکه‌تاکه‌یه‌کی وه‌ک ئیسماعیل بێشکچی لێ ده‌رچێت، له‌ هیچ سه‌رده‌مێکدا کوردی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌ناسیوه‌ و هه‌رده‌میش هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ و له‌نێوبردنی داوه‌.
له‌م دوا کێشه‌یه‌ی نێوان تورکیا و  باشووری کوردستان، که‌ بیانووه‌که‌ی له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌، پارتیی کارگه‌رانی کوردستانه‌ و له‌ ڕاستیشدا کێشه‌ی تورکیا و هه‌موو کورده چ وه‌ک کۆمه‌ڵ و چ وه‌ک تاک‌، نه‌ک ته‌نێ پارتییه‌ک و به‌شێکی کوردستان یا به‌شێکی کورد، ئه‌گه‌ری هێرشی له‌شکریی تورکیا بۆ، سه‌ر باشووری کوردستان، ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ له‌ ڕاستییه‌وه‌ نێزیک بوو و نێزیک ده‌بێته‌وه‌ و ئێستاش نه‌ڕه‌ویوه‌‌ته‌وه.
له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی بارۆمیتری تووڕه‌یی و که‌لله‌ییبوون و هه‌ڵچوون و پشووسواری و ده‌نگی تورکدا، سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسی باشووری کوردستان، ده‌نگی خۆی تا ڕاده‌ی نق له‌خۆبڕین نه‌وی ده‌کاته‌وه و سه‌ری خۆی داده‌نه‌وێنێت و باده‌داته‌وه‌ و له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی پێشووتری پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌ و سازشکارانه‌تر و لاوازتر ده‌چێته‌ پێشێ.
هێرش و جه‌نگی تورکیا، دژی کورد و ناوی کورد و وشه‌ی کوردستانه‌، نه‌ک ته‌نێ په‌که‌که. ئه‌گه‌ر هاتبا و په‌که‌که‌ له‌ به‌سره‌ و دیوانییه‌ و ناسرییه‌ و (ڕه‌مادی)ی عیراق بووایه‌ و قه‌ندیل له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ بووایه‌ و سنووری تورکیایش هه‌ر وه‌ک ئێستاکه‌ بووایه‌، ئه‌وا تورکیا هه‌رده‌چووه‌ سه‌ریان و هه‌وڵی له‌نێوبردنیانی ده‌دا، وه‌ک که‌ له‌ بیقاع کردی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سنووری تورکیا له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا (به‌سره‌، دیوانییه‌، ناسرییه‌ و ڕه‌مادی) بووایه‌ و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌یش هه‌ر وه‌ک ئێستاکه‌ عه‌ره‌بنشین بووایه‌ن و په‌که‌که‌یش عه‌ره‌ب بووایه‌ن و له‌بری (په‌که‌که)‌ ناویان (په‌عه‌عه)‌ یا هه‌ر شتێکی دیکه‌ بووایه، ئه‌وده‌می تورکیا ئه‌م گێچه‌ڵه‌ی ئێستا به‌ کوردی ده‌گێڕێت، به‌ عه‌ره‌بی نه‌ده‌گێڕا و هه‌رگیز نه‌یشیده‌توانی وا سووک و ئاسان هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش و په‌لامار به‌ به‌رچاوی هه‌موو جیهانه‌وه‌ بدات و نه‌یشیده‌وێرا بیکات.
سه‌رکرده‌‌یه‌تیی سیاسیی باشووری کوردستان، که‌ هه‌ر به‌ناو یه‌ک سه‌رکرده‌یه‌تییه‌ و ته‌نێ کاسه‌ی پڕ و به‌رژه‌وه‌نده‌ ئابوورییه‌کان یه‌کی خستوون، ده‌نا له‌ ڕاستیدا هه‌ر یه‌کێک له‌ سه‌رانی له‌ ئاوازیک ده‌خوێنن و چ یه‌کهه‌ڵوێستییه‌ک له‌ گوتاره‌کانیاندا وه‌دی ناکرێت.
زۆر له‌مێژ نییه‌، مه‌سعوود بارزانی، هه‌ڕه‌شه‌ی باسکردنی ئامه‌د و باکووری کوردستانی له‌ تورکیا ده‌کرد، ئه‌گه‌ر بێتو تورکیا له‌ سه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام بێت. تورکیا به‌رده‌وام بوو و به‌رده‌وامیشه‌ و باسی ئامه‌د و باکووری کوردستان نه‌ک هه‌ر له‌ لایه‌ن مه‌سعوود بارزانییه‌وه‌، به‌ڵکه‌ له‌ لایه‌ن هیج یه‌کێک له‌ به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده‌وه‌ نه‌هاته‌ سه‌ر زاران! نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵکه‌ تورکیا هێنده‌ سووکایه‌تی به‌ سه‌رانی کورد و سه‌رکرده‌یه‌تی کورد کردووه‌ و ده‌کات، که‌ هه‌رچه‌نده‌ کێشه‌ی په‌که‌که‌یش پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به‌ خاکێکه‌وه‌ هه‌یه‌، سه‌رکرده‌یه‌تی کوردستان ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی به‌ سه‌ریدا هه‌یه‌، هێشتایش ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵیاندا دانانیشێت و گوتوبێژیان له‌گه‌ڵ ناکات و ته‌نیا ڕوو له‌ عیراقییه‌کان ده‌کات. له‌و شانده‌ عیراقییانه‌شدا، که‌ له‌ ئه‌نکه‌ره‌ له‌گه‌ڵ تورکدا دانیشتبوون، تورکیا ڕێگه‌ی به‌ نوێنه‌رانی کورد نه‌ده‌دا، که‌ به‌شداری به‌شه‌ له‌شکری و نهێنییه‌کانی جڤینه‌کان بکه‌ن و هه‌م شانده‌که‌ و هه‌م سه‌رانی کوردیش، ئه‌و سووکایه‌تییه‌یان هه‌م له‌ تورک و هه‌م له‌ عیراقییه‌کانی هاوه‌ڵیان قه‌بووڵ کرد، که‌ ئه‌گه‌ر ڕێزه‌یه‌ک غیره‌ت و بوێرییان هه‌بووایه‌، ئه‌و سه‌رشۆڕییه‌یان پێ قووت نه‌ده‌درا و ده‌سبه‌جی خۆیان له‌و شاند و جڤینانه‌ ده‌کێشایه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ عیراقییانی ده‌سه‌ڵاتیشدا ده‌یانکرد به‌ هه‌را.
 هه‌ندێکی تر له‌ سه‌رانی کورد هه‌ڕه‌شه‌ی به‌کاربردنی چه‌ک و جه‌نگیان دژ به‌ تورکیا ده‌کرد!
(جه‌لال تاڵه‌بانی) یش وه‌ک پیشه‌ی هه‌مووده‌می، له‌ کوێ بووبێت به ‌گوێره‌ی دڵی ئه‌و خه‌ڵکه‌ و ئه‌و شوێنه‌ په‌یڤیوه‌ و ده‌په‌یڤێت. له‌ هه‌ندێک قسه‌وباسیدا داوای چه‌کفڕێدان و ده‌ستبه‌رداربوونی جه‌نگ و خه‌باتی چه‌کداریی له‌ چه‌کدارانی په‌که‌که‌ کرد و داوای لێکردن ئه‌وانیش، وه‌ک دیموکرات (دیموکراته‌کان: چونکه‌ ئێستاکه‌ دووانن) و کۆمه‌ڵه (کۆمه‌ڵه‌کان: چونکه‌ ئێستاکه‌ دووان) ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که‌ ئێستا چوارن، دانیشن و خه‌باتی سیاسی بکه‌ن. بۆ سه‌لماندنی قسه‌کانی خۆی‌ باسی ئه‌وه‌ی کرد، که‌ سه‌رده‌می جه‌نگی چه‌کدار و سه‌رده‌می گیڤارا به‌ سه‌ر چووه!
ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی، که‌ پێیوایه‌ جه‌نگی چه‌کدار باوی نه‌ماوه‌ و بلا په‌که‌که‌ چه‌ک فڕی بدات و له‌گه‌ڵ تورکیادا گوتوبێژ بکات و بکه‌وێته‌ خه‌باتی سیاسییه‌وه‌، که‌ ئه‌مڕۆ له‌ لایه‌ن سه‌رانی کورد و ڕه‌دووکه‌وتووه‌کانیانه‌وه‌، ده‌خرێته‌ بازاڕاوه‌ و له‌ نێو خه‌ڵکدا بره‌وه‌ی پێده‌درێ، قه‌وانێکه‌ تورکیا بۆ خۆی په‌خشی ده‌کاته‌وه‌ و تێزێکه‌ له‌ بیروباوه‌ڕ و دیدی که‌مالیزمه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ئه‌و قه‌وانه‌ هه‌ر ئه‌و قه‌وانه‌ سوواوه‌یه‌، که‌ فه‌تحیسته‌کانی فلستین له‌ سه‌رده‌می (عه‌ره‌فات) ه‌وه‌ و به‌ کاریگه‌ری ئیسرائیل بۆ خه‌ڵکی فلستینی لێده‌ده‌ن.
ئه‌وه‌ی داوای چه‌کدانان له‌ په‌که‌که‌ ده‌کات، ده‌بوو ئه‌وه‌ی زانیبا، که‌ هیج مرۆڤێکی ئه‌م جیهانه‌، هه‌ر له‌خۆڕا و بۆ خۆشی ده‌ست ناداته‌ چه‌ک، ئه‌گه‌ر گوشارێکی نه‌خرابێته‌ سه‌ر یا ته‌نگاو نه‌کرابێت یا بارێکی تایبه‌ت ناچاری نه‌کردبێت، مه‌گه‌ر بۆ خۆی مرۆڤێکی نه‌خۆش بێت و بۆ مه‌به‌ستی کوشتنی له‌خۆڕای خه‌ڵک یا تاڵانکردن و جه‌رده‌یی و ڕووتکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک یا بۆ ڕاوه‌ئاژه‌ڵ، وه‌ها کارێک بکات.
ئه‌گه‌ر به‌ها و گرنگی و هێژایی و بایه‌خ و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ژیان به‌گوێره‌ی پله‌ و پایه‌ و نمره‌ و ڕیزی گرنگییان و ڕاده‌ی داکۆکی مرۆڤ لێیان ببه‌شینه‌وه‌ و له‌ ژێرڕا پێیاندا هه‌ڵکشێین به‌ره‌و سه‌رێ، ئه‌وا ده‌بنه‌ سێ به‌شه‌وه:
پله‌ی سێیه‌م(گرنگ) ،  پله‌ی دووه‌م(گرنگتر) و پله‌ی یه‌که‌م(گرنگترین).
پله‌ی سێیه‌م(گرنگ‌): کاری چاکه‌ و کۆمه‌ک، ڕێکوپێکی و پاک و خاوێنی و پشوودرێژی(ته‌حه‌موول، تۆلێرانس)، ده‌گرێته‌وه. ئه‌م به‌هایانه‌ گرنگن، به‌ڵام له‌ سه‌ر تاکه‌که‌س بۆ خۆی ڕاوه‌ستاون و پتر پرسێکی که‌سه‌کین.
پله‌ی دووه‌م(گرنگتر): خۆپێشاندان و ڕێپێوان، ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، مانگرتن، داکۆکیکردن له‌ سامان و موڵک و دارایی و پاراستنی بیروباوه‌ڕ و ‌بۆچوون، ده‌گرێته‌وه‌. به‌هاگه‌لێکن مرۆڤ ئاماده‌یه‌ خه‌باتیان بۆ بکات و خۆی له‌ پێناویاندا بخاته‌ سه‌ختییه‌وه‌.
پله‌ی یه‌که‌م(گرنگترین): منداڵ، ئازادی، باوه‌ڕی ئایینی و وڵات، ده‌گرێته‌وه‌. به‌هاگه‌لێکن مرۆڤ ئاماده‌یه‌ له‌ پێناویاندا بمرێت و خۆی به‌کوشت بدات. ئه‌و که‌سه‌ی له‌ پێناوی ئازادی و وڵات و باوه‌ڕدا ده‌مرێت، له‌ دیدی خۆی و ئه‌وانه‌ی وه‌ک خۆی بیرده‌که‌نه‌وه‌، قاره‌مان و شه‌هیده‌، لێ له‌ دیدی نه‌یارانیشیه‌وه‌ توندڕۆ و مرۆڤکوژ و پیاوخراپه.
ئه‌و چه‌کهه‌ڵگرتنه‌ی په‌که‌که(که‌ بۆ زارۆک، ئازادی و وڵاته‌)‌ و هه‌موو بزاڤێکی شۆڕشگێڕی ئه‌م جیهانه‌ ده‌که‌وێته‌ خانه‌ی پله‌ی یه‌که‌مه‌وه‌، که‌ به‌ لای زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌وه‌، گرنگترین به‌ها و شتگه‌لێکی ئه‌م جیهانه‌ن و په‌که‌که‌یش کارێکی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌کردووه‌، به‌ڵکه‌ هه‌روای کردووه‌.
داوای ڕاماڵینی چه‌کی په‌که‌که‌ و چه‌ککردنیان، که‌ ڕێک ده‌که‌وێته‌ چوارچێوه‌ی ئاره‌زووه‌کانی تورکیاوه‌، داوایه‌که‌ بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و ده‌ستبه‌رداربوون له‌ منداڵی کورد، ئازادی خه‌ڵکی کورد و وڵاتی کوردستان، که‌ خه‌ڵک له‌ پێناویاندا ئاماده‌ی مردنن‌ و په‌که‌که‌یش هه‌روای کردووه‌، خواستێکی دێرینی تورکیا و هه‌موو نه‌یارانی کورده‌.
چه‌ک دوا ئامرازه‌ مرۆڤێکی هۆشیار و خودان ئاوه‌ز ده‌ستی بۆ ده‌بات، ئه‌ویش ئه‌وده‌مه‌ی ئیدی ته‌واوی ڕێگه‌کانی دانوستاندن داده‌خرێن و هیچ تروسکاییه‌ک له‌ گۆڕێدا وه‌دی ناکرێت. ئه‌وه‌ی په‌که‌که‌ی ناچار کردووه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ک و یاخیبوون، هه‌ڵوێست و دیدی تورکیایه‌ له‌هه‌مبه‌ر کوردستان و خه‌ڵکی کورد.
هه‌ڵوێست و دیدی تورکیا، کار ده‌کاته‌ سه‌ر، ڕه‌وتاری تورکیا،
ڕه‌وتاری تورکیا، کاری ده‌کاته‌ سه‌ر، هه‌ڵوێست و دیدی کورد،
هه‌ڵوێست و دیدی کورد، کار ده‌کاته‌ سه‌ر، ڕه‌وتاری کورد،
ڕه‌وتاری کورد، کار ده‌کاته‌ سه‌ر، ‌هه‌ڵوێست و دیدی تورکیا.
ئه‌م هه‌ڵوێست و دید و ڕه‌وتاره،‌ له‌ جووڵانه‌وه‌یه‌کی بازنه‌ییدا کاریگه‌رییان له‌ سه‌ر یه‌کدی ده‌بێت. هه‌ڵوێست و دیدی تورکیا، که‌ وه‌ک دوژمن و پیاوخراپ نۆڕیویه‌تی و ده‌نۆڕێته‌ کورد، کاری کردووه‌ و کار ده‌کاته‌ سه‌ر ڕه‌وتاره‌کانی و  ڕه‌وتارێکی دوژمنانه‌ له‌هه‌مبه‌ر کورد ئه‌نجام ده‌دات. ئه‌و ڕه‌وتاره‌ دوژمنانه‌یه‌ی تورکیا، کار ده‌کاته‌ سه‌ر هه‌ڵوێست و دیدی خه‌ڵکی کورد، که‌ ئه‌وانیش وه‌ک دوژمن بنۆڕنه‌ تورکیا. هه‌ڵوێست و دیدی دوژمنانه‌ی خه‌ڵکی کوردیش به‌رانبه‌ر تورکیا، کار ده‌کاته‌ سه‌ر خه‌ڵکی کورد به‌وه‌ی، که‌ ڕه‌وتارێکی دوژمنانه‌ و توند له‌هه‌مبه‌ر تورکیادا ئه‌نجام بده‌ن.  ئه‌و ڕه‌وتاره‌ توند و نه‌یارانه‌ی کورد، کار ده‌کاته‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵوێست و دیدی تورکیا، که‌ بۆ هه‌میشه‌یی ڕقی له‌ کورد ببێته‌وه‌ و هه‌ر به‌ نه‌یار و شه‌ڕانی و خراپی بزانێت. ئه‌م بازنه‌یه‌ بێکۆتاییه‌ی هه‌ڵوێست و ڕه‌وتاره‌، به‌ دووی یه‌کدا ده‌خولینه‌وه‌ و ڕاوی یه‌کتر ده‌نێن و  ڕق و تووڕه‌یی و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دی ده‌ئافرێنن و ده‌هێننه‌ ئاراوه. له‌م حاڵه‌ته‌ی تورکیا و کورددا، تورکیا بۆ خۆی بنه‌مای ئه‌و ڕق و هه‌ڵوێسته‌ دوژمنانه‌یه‌، نه‌ک کورد، چونکه‌ تورکیایه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ و خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و هێز و له‌شکره‌ و تورکیایه‌ وڵاتی کوردی داگیرکردووه.
ئه‌وی داوای چه‌کدانان له‌ په‌که‌که‌ ده‌کات، ده‌بوو به‌ دووی سه‌ره‌داوه‌کاندا گه‌ڕابا و بیزانیبا، که‌ تورکیایه‌ په‌که‌که‌ و خه‌ڵکی کوردی ناچار کردووه‌ به‌وه‌ی ده‌ست بده‌نه‌ چه‌ک و ده‌بوو بۆ هۆیه‌کانی چه‌کهه‌ڵگرتن گه‌ڕابایه‌وه‌ و ده‌بوو باسی بنجوبناوان و بنه‌ما و به‌راییه‌کانی کێشه‌که‌ بخاته‌ به‌ر باس و بدا به‌ گوێی تورکیادا. تورکیا هۆ و سۆنگه‌ و سازکه‌ری کاره‌که‌یه‌ و چه‌کهه‌ڵگرتنی کورد و په‌که‌که‌یش به‌رکار و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی کاره‌که‌ن و ئه‌نجامی گوشاری تورکیان.
ئه‌و‌ی داوای چه‌کدانان له‌ په‌که‌که‌ ده‌کات، بۆ خۆی چه‌کدانانی نسکۆ و هه‌ره‌سی 1975ی به ‌(ئاشبه‌تاڵ) نێو ده‌برد و ئێستایش ده‌یه‌وێت ئاشبه‌تاڵ به‌ په‌که‌که‌ بکات و به‌ کورد بڵێ بۆ هه‌میشه‌ ماڵئاوایی له‌ چه‌ک بکه‌ن. ئه‌و‌ی وه‌ها داوایه‌ک له‌ په‌که‌که‌ ده‌کات، ده‌ڵێی تورکیا و تورک ناناسێت. تورکیایه‌کی که‌مالیستی فاشیستی نه‌ژاپه‌رستی شۆڤینیست، که‌ ددان به‌ بوونی کورددا نانێت و وشه‌ی کورد یا کوردستان له‌ زاری یه‌ک به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارییه‌وه‌ نایه‌ته‌ ده‌رێ و هیج زمانێک تێناگات، چ ئاوه‌زێک هه‌یه‌، ئه‌وه‌ په‌سه‌ند بکات، که‌ گوتوبێژی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت! په‌که‌که‌ ده‌یان جار جه‌نگی ڕاگرت و ئاگربه‌ستی کرد، لێ تورک خۆی لێ گێل کرد و باشتر کوردستانی وێران ده‌کرد. چه‌کدانانی په‌که‌که‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێک ده‌کاته نه‌ک هه‌ره‌س و نسکۆ و نازانم چی دیکه، به‌ڵکه‌ (ئاشبه‌تاڵ)ێکی زل و زه‌لام.
داوای چه‌کفڕێدان له‌ په‌که‌که‌، له‌ لایه‌ن سه‌رانی کورد و کاسه‌لێس و تووتییه‌کانیانه‌وه‌، دید و چاره‌سه‌رێکی تورکیایی و تورکانه‌یه‌ بۆ کێشه‌یه‌ک، که‌ ته‌نیا کێشه‌ی تورکیا و په‌که‌که‌ نییه‌، به‌ڵکه‌ کێشه‌ی گه‌لێکی بێ ماف و چه‌وساوه‌ و داپڵۆسێنراو و سه‌رکوت و ده‌مکوتکراوه‌، که‌ وه‌ک هه‌موو خه‌ڵکێکی ئه‌م جیهانه‌ مافی ژیان و ئازادی هه‌یه‌ و  تورکیا خۆی لێ گیل و نه‌بان ده‌کات و قڕانی ده‌کات و ده‌یتوێنێته‌وه.
تورکیا ئێستایش به‌ته‌مای لکاندنی ویلایه‌تی مووسڵه (که‌ هه‌موو باشووری کوردستان ده‌گرێته‌وه‌) به‌ تورکیاوه.  تورکیا مرخی له‌ که‌رکووک خۆشکردووه‌ و ئه‌گه‌ر کورد خاوه‌نی ئه‌م سه‌رکرده‌یه‌تییه‌ی بێت،  تورک ئه‌گه‌ر داگیریشی نه‌کات، ئه‌وا  ده‌یکاته‌ و ده‌بێته‌ پێته‌ختی ده‌ڤه‌رێکی ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی بۆ تورکمان یا لکێندراو به‌ تورکیاوه. تورکیا سه‌رسه‌ختترین دوژمنی کوردستانه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک دژی کورده و هه‌موو جۆره‌ شێوازیکیش ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ سه‌رپێشۆڕکردنی کورد.
‌سه‌رانی کورد، ئه‌گه‌ر پژمه‌ و کۆخه‌ و بایه‌کیان لێ به‌رببێته‌وه‌، ده‌سبه‌جێ مشه‌خۆر و کاوێژکار و تووتی و کاسه‌لێس و دابه‌سته‌ و گه‌نده‌ڵ و "ڕۆشنبیرانی ده‌ربار" و ویعازوسسه‌لاتین (وعاظ السلاطین)ه‌کانی ده‌ستوپێوه‌ندیان و گرێدراوانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، به‌ ڕۆژان و حه‌فتان و مانگان درێژه‌ی ده‌ده‌نێ و نانی پێوه‌ ده‌خۆن و گیرفانی پێ پڕ ده‌که‌ن و قه‌ل ئاسا و قاز ئاسا، ده‌یکه‌ن به‌ قیڕه‌قیڕ و قیژه‌ و ده‌یقۆزنه‌وه‌ و ده‌یان لێکدانه‌وه‌ و پاساوی بۆ ده‌هێننه‌وه‌ و به‌ ده‌یان جۆر ده‌یخوێننه‌وه و شییده‌که‌نه‌وه.
تێزی به‌سه‌رچوونی سه‌رده‌ه‌می گیڤارا و ماو و هۆ شی مینه و جه‌نگی چه‌کدار، تێزێکه‌ سه‌رمایه‌داری جیهانی و تاچچه‌ریزم و ڕێگنیزم و لیبراڵیزمی نوێ و بووشیزم و بازاڕی ئازاد و ئابووری بازاڕ و جیهانی یه‌کجه‌مسه‌ره‌ و  جیهانگه‌ری، که‌ هه‌موویان چه‌ند ناوێکی جیاوازن بۆ یه‌ک شت، بره‌وی پێ ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت به‌ سه‌ر هه‌موو جیهانیدا بسه‌پێنن. ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و سیاسه‌تی فه‌رمیی  نێوده‌وڵه‌تی ساڵانی جیهانی یه‌کجه‌مسه‌ره‌، رێکخراوگه‌لێکی وه‌ک ڕێکخراوی له‌شکری کۆماریی ئایرلاند(IRA و ڕێکخراوی له‌شکری سوور(Brigate rosse)ی ئیتالی و ڕێکخراوی بادر ماینهۆف(Baader- Meinhof)ی ئه‌ڵمانی و ڕێکخراوی و باسکستان و ئازادی(ETA) و له‌شکری ئازادی نیشتمانیی زاپاتیست (EZLN)ی ده‌ڤه‌ری (چیاپاس)ی مه‌کسیک، که‌ ڕێکخراوگه‌لێکی ئازادیخواز بوون و ئازادیخوازن،  ته‌نیا له‌ پێناوی پاراستنی سه‌رمایه‌ و بازاڕی ئازاددا، کپ کرانه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ له‌ وڵاتگه‌لیکی وه‌ک ئه‌وروپادا گۆڕینی خه‌باتی چه‌کدار بۆ‌ گوتوبیژ تا ڕاده‌یه‌ک بخوات و کاری پێ بکرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تورکدا هه‌رگیز ناخوات و تورک له‌ وه‌ها شۆخییه‌ک هه‌رگیز تێناگات.
ئێستاش پڵنگه‌کانی تامیل له‌ سیریلانکا و ماویسته‌کانی نیپاڵ و حیزبوڵڵاهییه‌کانی لوبنان و حه‌ماسییه‌کانی فلستین، بزاڤگه‌لێکن چه‌کیان فڕێ نه‌داوه‌ و دژی نه‌یاره‌کانیان به‌کاری ده‌به‌ن. هیچ یه‌کێک له‌ نه‌یاره‌کانی ته‌واوی ئه‌و بزاڤه‌ چه‌کدارییانه‌ به‌ ڕێکخراوی (ETA) و (IRA) و  بادر ماینهۆف و له‌شکری سووریشه‌وه‌، هێنده‌ی نه‌یاره‌که‌ی په‌که‌که‌ و کورد، که‌ تورکیایه‌، دڕنده‌ و سه‌رسه‌خت و توندوتیژ نه‌بوون و نین.
هه‌ن پێیانوایه‌،‌ ‌ گوشاری ئه‌مه‌ریکا یا خه‌ڵکی تر، تورکیای سارد کرده‌‌وه‌ له‌ هێرش کردن.
هه‌ن پییانوایه‌، ده‌لاقه‌یه‌ک ڕووناکی له‌ سیاسه‌تی تورکیادا وه‌دی ده‌کرێت و ئاوه‌ز له‌ ئه‌نکه‌ره‌ و ئیسته‌نبول جێی که‌لله‌شه‌قی و سه‌رگه‌رمی ده‌گرێته‌وه‌.
هه‌ن پێیانوایه‌، به‌وه‌ی تورکیا به‌ره‌و یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا ده‌چێت، ئیدی ڕه‌وشی کورد له‌ باکووری کوردستان ده‌گۆڕێت و تورکیایش نه‌رمونیانتر له‌گه‌ڵ کورددا به‌گشتی هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات.
سه‌رانی باشووری کوردستان، له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیان و بۆ پاراستنی پێوه‌نده‌ توندوتۆڵه‌کانی خۆیان له‌گه‌ڵ تورکیادا، به‌ هه‌موو جۆرێک ملکه‌چی هه‌ڕه‌شه‌ و خۆگیڤکردنه‌وه‌ی تورکیان.                   
تورکیا به‌ هه‌ندێک گه‌ف و ده‌نگه‌ده‌نگ، هه‌موو ئامانجه‌کانی خۆی ئه‌نگاوت و هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی سه‌رانی  باشووری کوردستانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یویست، وا به‌ره‌به‌ره‌ ئه‌نجامی ده‌دات.                                  
 باره‌گاکانی پارتی چاره‌سه‌ر، که‌ هه‌واداری په‌که‌که‌ن داده‌خرێن.
 ئابڵۆقه‌ی ئابووری و هاتووچۆ و ڕاگه‌یاندن ده‌خرێته‌ سه‌ر په‌که‌که و بنکه‌کانی قه‌ندیلیان و به‌ره‌به‌ره‌ هه‌وڵی وه‌ده‌رنان و چووڵکردنی قه‌ندیلیان پێ ده‌درێت.                                                          
سه‌ربازه‌ دیله‌کانی تورکیا، که‌ له‌کن په‌که‌که‌ دیل بوون، سووک و ئاسان و مفت و بێ هیچ مه‌رجێک    به‌ هۆی سه‌رانی کوردی باشووره‌وه‌، ئازاد کران و ساغ و سه‌لیم درانه‌وه‌ ده‌ست تورکیا.                           
یه‌ک هه‌نگاو، یه‌ک ده‌نگ، یه‌ک جووڵه‌ی دژه‌ تورکیا، نه‌ له‌ ڕاگه‌یاندن و میدیا و ده‌سه‌ڵات و بواره‌ فه‌رمییه‌کاندا و نه‌ له‌ بازاڕ و جاده‌ و باژێڕ و له‌نێو خه‌ڵکی کوردی باشووردا، دوای ئارامبوونه‌وه‌ی ئه‌و که‌فوکوڵه‌، نه‌ما و سه‌رانی کورد وه‌ک به‌شێک له‌ سازش و خۆشلکردن بۆ تورکیا، هه‌موویان هێور کرده‌وه.                                                                                                                    
چه‌قه‌نه‌ و زوڕنالێدان، بۆ کاڵا و شتومه‌کی تورکیا، بێ هیچ ڕاوه‌ستان و که‌مبوونه‌وه‌یه‌ک، له‌ هه‌موو ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستانه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و خه‌ڵکی کوردستانیش له‌ کڕین و فرۆشتنی خۆیان   له‌گه‌ڵ تورکیادا نه‌که‌وتوون و کاڵای تورکیا هه‌ر به‌کار ده‌به‌ن و خۆراک و خواردنه‌وه‌ی تورکیا هه‌ر ده‌خۆن و نۆش ده‌که‌ن و کووتاڵی تورکیایش هه‌ر ده‌پۆشن و له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانی تورکیاشدا هه‌ر هاوکاری ده‌که‌ن و چ ساردییه‌کیشیان له‌کن وه‌دی ناکرێت.                                                          
تورکیا، به‌ره‌و یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا بچێت یا نه‌چێت و له‌ هه‌ڕه‌شه‌کانیدا هێور بووبێته‌وه‌ یا نه‌، هه‌رگیز له‌ دژایه‌تیکردنی خه‌ڵکی کورد و وڵاتی کوردستان، که‌م ناکاته‌‌وه.                                                    
دڵخۆشبوون به‌وه‌ی تورکیا و به‌رپرسانی نه‌رمی ده‌نوێنن و قسه‌ی ئارام ده‌که‌ن یا بزه‌ و خه‌نده‌ و گوڵباران و ڕۆشناییه‌ک له‌ تورکیای که‌مالیستانه‌وه‌،‌ به‌ کورد ببه‌خشرێت و به‌ سه‌ر کورددا ببارێنرێت، خۆگێلکردنه‌ له‌ سروشتی تورکیا وه‌ک ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ت و له‌ تاریکایی و ژار و کیمیایی و قڕکردن و تواندنه‌وه‌یش زیاتر چ مزگێنییه‌کی دیکه‌ی بۆ کورد، پێ نییه.                                                                         
‌ئه‌مه‌ریکا به‌ ئاشکرا هاریکاریی تورکیا له‌ دژایه‌تیکردنی په‌که‌که‌دا ده‌کات و هه‌موو زانیارییه‌کی سیخوڕییانه‌ له‌مه‌ڕ په‌که‌که‌ و جموجووڵ و بنکه‌ و مه‌کۆکانیانه‌وه‌ ده‌داته‌ تورکیا و وه‌ک تورکیاش په‌که‌که‌ به‌ دوژمنی خۆی ده‌زانێت. سه‌رباری ئه‌وانه‌ش ئه‌مه‌ریکا به‌ تورکیا ناڵێ:" نابێ هێرش بکه‌یت"، به‌ڵکه‌ ده‌ڵێ:" هێرش مه‌که‌". له‌ نێوان ئه‌و دوو گوتنه‌شدا جیاوازییه‌کی مه‌زن و به‌رین هه‌یه.  ئه‌مه‌ریکا به‌ فلستینییه‌کان ده‌ڵێ:" نابێ دژی ئیسرائیل بجه‌نگن".  ئه‌مه‌ریکا به‌ ئێران ده‌ڵێ:" نابێ چه‌کی ناوکییت هه‌بێت". ئه‌مه‌ریکا به‌ کووبا ده‌ڵێ:" کاسترۆ دیکتاتۆره‌ و ڕێژیمی کووبا ده‌بێ بڕووخێ".  ئه‌مه‌ریکا به‌ تورکیای نه‌گوتووه:" نا، نابێ، نه‌ء". دڵخۆشی کورد به‌ به‌ڵێنی ئه‌مه‌ریکا نیشانه‌ی مایه‌پووچی سیاسه‌تی سه‌رکرده‌یه‌تیی کورده‌.                                                                                                      
ئه‌مه‌ریکا و یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپایش، له‌ باشترین حاڵدا، بێجگه‌ له‌ که‌چه‌مافێکی فه‌رهه‌نگی و زمان و خوێندن، هیچی دیکه‌ به‌ باکووری کوردستان ڕه‌وا نابینن.                                                           
ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراق و عه‌ره‌بی عیراق و هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بیش، هه‌ر له‌ دژی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ خودان نیبچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی باشووری کوردستان، هاوسۆزی تورکیان و قسه‌ و کرده‌وه‌کانیان له‌گه‌ڵ سه‌رانی باشووری کوردستاندا یه‌ک ده‌گرنه‌وه.                                                                                    
‌ چه‌کدانان و ده‌ستبه‌رداربوون له‌ خه‌باتی چه‌کداری وه‌ک سه‌رانی کورد و کاوێژکارانیان بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، ته‌نیا خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت په‌که‌که‌یش به‌ ده‌ردی چه‌کداره‌کانی خۆیان به‌رن، که‌ ئه‌وه‌ی پێ ده‌گوترێ گیانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و خۆڕاگریی له‌ کنیان نه‌ماوه.                                 
ڕه‌نگه‌ تاکه‌ هه‌ڵه‌یه‌ک له‌ خه‌باتی چه‌کداریی په‌که‌که‌دا، که‌ ‌ هه‌بێت ئه‌وه‌ بێت، که‌ جه‌نگی چه‌کداری خۆی له‌ کوردستان چ باشوور و چ باکووری ناگوێزێته‌وه‌ بۆ ناو خاکی تورکیا، مه‌به‌ستم تورکستانه گواستنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ بۆ ئه‌نکه‌ره‌ و ئیسته‌نبووڵ و ئیزمیر و باژێڕه‌ تورکیاییه‌کانی دیکه‌، تورکیا له‌ سیاسه‌تی چه‌وت و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی خۆی ئاگادار ده‌کاته‌وه‌ و خاستریش تێیانده‌گه‌یه‌نێت، که‌ ئازار و ئێش و ماڵوێرانی چییه‌ و کوردستانیش له‌ وێرانبوونی دوور ده‌خاته‌وه.                                          
ئه‌وی ده‌ڵێ جه‌نگی چه‌کداری و بیروباوه‌ڕی گیڤارا، ماو  یا هۆ شی مینه‌، کاتی به‌ سه‌ر چووه‌ و باوی نه‌ماوه‌، ڕێگه‌ له‌ کورد ده‌گرێت و خه‌ڵکی کورد چاوبه‌ست ده‌کات و وره‌ و هێزی گه‌لی کوردستان ده‌ڕووخێنێت و ده‌رگا له‌ خۆی کڵۆم ده‌کات و  دیوار و به‌ربه‌ست بۆ خۆی ساز ده‌کات، بۆ ڕۆژێک، که‌ ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ داگیرکارانی کوردستاندا، هیج زمان و قانوون و ئاوه‌ز و ژیرییه‌ک وه‌ده‌رد نه‌خوات.                   
ئه‌وی ئه‌گه‌ری خه‌باتی چه‌کدار وه‌لا ده‌نات، ئاڵای سپی هه‌ڵده‌کات و خۆ ده‌داته‌ ده‌سته‌وه‌.
ئه‌وی جاڕی مه‌رگی خه‌باتی چه‌کداری و جاڕی مه‌رگی گیڤارا و گیڤاریزم ده‌دات، جاڕی مه‌رگی که‌رکووک و  مووسڵ و دیاله‌ و کووت و هه‌‌موو ده‌ڤه‌ره‌ داگیرکراوه‌کانی دیکه‌ی باکوور و ‌ و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوای کوردستان ده‌دات، که‌ هیچ قانوونێک نایانخاته‌وه‌ سه‌ر کوردستان و له‌ داگیرکاران ڕزگاریان ناکات.                                                                                                                      
جاڕی مه‌رگی جه‌نگی چه‌کداری، جاڕی مه‌رگی هه‌موو سته‌مدیده‌ و چه‌وساوه‌ و به‌شخوراوانی جیهانه‌. جه‌نگی چه‌کداری و بیروباوه‌ڕی گیڤارا و ماو هۆ شی مینه، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی نادادی و نایه‌کسانی و نابه‌رابه‌ری و چه‌وساندنه‌وه‌ و مافخوراوی و سته‌م و هه‌ژاری و داگیرکردن له‌ سه‌ر ڕووی ئه‌م زه‌وییه‌ هه‌بێت، هه‌رگیز سه‌رده‌میان به‌سه‌ر نه‌چووه‌ و به‌سه‌ریش ناچێت.                                             
تا سه‌رمایه‌دار‌ی هه‌بێت، بیروباوه‌ڕی گیڤارا هه‌ر ده‌مێنێت و جه‌نگی چه‌کدارییش به‌شێکی دانه‌بڕاو ده‌بێت له‌ خه‌باتی چه‌وساوان و مافزه‌وتکراوانی جیهان.                                                        
ئێمیلیانۆ زاپاتا سالازار(Emiliano Zapata Salazar )ی ڕێبه‌ری شۆڕشی (مه‌کسیک)ی ساڵی 1910، ده‌ڵێ:"باشتره‌ به‌ سه‌ر پێوه‌ بمرێت‌ له‌وه‌ی به‌ سه‌ر ئه‌ژنۆوه بژیت‌".
2007-11-30

  


Sunday 11 November 2007

بوێرێک خۆی ده‌کوژێت و خوێڕییه‌کانیش ده‌مێننه‌وه‌

بوێرێک خۆی ده‌کوژێت و خوێڕییه‌کانیش ده‌مێننه‌وه‌

ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

له‌ گوتارێکدا له‌ژێر سه‌ردێڕی "چیرۆکی جاسوسیکردنی دوو کورد له‌ ئه‌وروپاوه‌ بۆ موخابه‌راتی عیراقی"، له‌ ڕۆژی 24ی سێپته‌مبه‌ری 2007دا، ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی، باس له‌ دوو برا ده‌کات، که‌ هه‌ردوویان پێوه‌ندیان  به‌ ده‌سگای هه‌واڵگری عیراقه‌وه‌ هه‌بووه‌ و کاری سیخوڕییان بۆ ئه‌و ده‌سگایه‌ کردووه‌. له‌و ژماره‌یه‌دا باس له‌ یه‌کێک له‌و برایانه‌ ده‌کات[1].
 ‌یه‌ک ڕۆژ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه، واته‌: له‌ ڕۆژی 25-9-2007 دا و له‌ ماڵپه‌ڕی سبه‌ی (www.sbeiy.com)، هه‌واڵی خۆکوشتنی یه‌کێک له‌و دوو برایه، واته‌ ئه‌وه‌یان، که‌ هاوڵاتی باسی لێوه‌ کردبوو،‌ بڵاوکرایه‌‌وه‌.
دوو ڕۆژ دواتر،‌ واته‌ له‌ 27- 9-2007دا و له‌ ڕۆژنامه‌ی (کوردستانی نوێ)یشدا هه‌مان هه‌واڵی خۆکوشتنی ئه‌و پیاوه‌ بڵاوکرایه‌‌وه[2]‌.
له‌ 6-10-2007 دا، ڕۆژنامه‌ی "هه‌واڵ"، هه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ی بڵاوکردووه‌ته‌وه‌، لێ به‌ "کرده‌وه‌یه‌کی کوشتن" نێوی ده‌بات، واته‌ نه‌ ده‌ڵێ: خۆی کوشتووه‌ و نه‌ش ده‌ڵێ: کوژراوه[3]‌.          
ئه‌وه‌ی "خۆی کوشت" یا 'کوژراوه"‌، پیاوێک بوو به‌ نێوی(سددیق قادر کاکه‌خان) و له‌ نێو خه‌ڵک و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌ نووسینه‌کانیشیدا به‌ (هاوڕی نه‌مه‌ڵی) به‌نێوبانگ بوو، به‌ڵام له‌ هه‌واڵی خۆکوشتن/ کوژرانه‌که‌‌یدا به‌ نێوی(سددیق قادر کاکه‌خان)ه‌وه‌ نێوبراوه‌.
هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، هه‌ر  ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی گوتاره‌که‌ی هاوڵاتی بڵاوکرایه‌وه‌، واته‌: 24-9-2007 و پێش ئه‌وه‌ی ببێته‌ 25/9، کۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه‌ و لاشه‌که‌ی له‌ نێو گه‌راژی ماڵه‌که‌ی خۆیدا له‌ سلێمانی دۆزراوه‌ته‌وه‌.
بۆ یه‌که‌مجار (هاوڕێ نه‌مه‌ڵی)م بینی له‌ ستۆکهۆڵم، له‌ ماڵی هاوڕێیه‌ک و بۆ ماوه‌ی دوو سێ سه‌عاتێک بوو، ئه‌ویش له‌ سه‌ره‌تای ساڵانی 1990کاندا بوو. ساڵی2000‌ یش، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند به‌شێکی گوتارێکم به‌ نێوی"سه‌ره‌تایه‌ک بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێی مێژووی چه‌پی کوردیی (عیراق)"، به‌ زنجیره‌ له‌ بڵاوکراوه‌ی "په‌یام" دا له‌ له‌نده‌ن، هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، بابه‌ته‌که‌ی خوێندبووه‌وه‌ و به‌و بۆنه‌یه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کدا کیلۆیه‌ک باقلاوه‌ی بۆ ستۆکهۆڵم بۆ ناردم و منیش دوای ئه‌وه،‌ زه‌نگێکی سوپاسگۆییم بۆ لێدا و بڕێک قسه‌مان کرد. هه‌موو ناسیاوییه‌کی من له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بووه‌، لێ ئه‌وه‌نده‌ی بۆ خۆم له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌مزانی و ئه‌وه‌نده‌ی له‌ خه‌ڵکم بیستبوو، پیاوێکی گه‌رموگوڕ و ڕووخۆش و کراوه‌ و ده‌م به‌ خه‌نده‌ و به‌ خزمه‌ت و دڵفراوان بوو‌ و به‌رده‌وام کۆمه‌کی به‌ خه‌ڵک ده‌کرد‌ و ماڵیشی هه‌میشه‌ بۆ میوان کراوه‌ بووه‌.  
هاوڕی نه‌مه‌ڵی، ساڵانی 1974-1975 پێشمه‌رگه‌ بووه‌ و دواتر بووه‌ته‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان و له‌ 1979 دا له‌ لایه‌ن حوکوومه‌تی عیراقه‌وه‌ گیراوه‌ و فه‌رمانی هه‌ڵواسینی بۆ ده‌رچووه‌ و دواتر به‌ر لێخۆشبوونێکی گشتی که‌وتووه‌ و له‌ زیندان و هه‌ڵواسین ڕزگار بووه‌ و له‌ 1981دا چووه‌ته‌ چیا و له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستاندا بووه‌‌ و هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ش وڵاتی به‌جێهێشتووه‌ و چووته‌ ڕۆمانیا و له‌وێشه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئینگلستان. له‌ 1984یشه‌وه‌ تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی گه‌لی دیموکراتی کوردستان، ئه‌ندامی ئه‌و پارتییه‌ بووه‌ و کاری له‌گه‌ڵدا کردووه‌. تا گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کوردستان پێش  دوو سێ ساڵێک، هه‌ر له‌ ئینگلستان ژیاوه‌.
ئه‌گه‌ر هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، سیخوڕی کردبێت و زانیاری به‌ ده‌سگای هه‌واڵگری عیراق دابێت و زانیارییه‌کان هه‌ر ئه‌وانه‌ بن، که‌ له‌ له‌نده‌ن کۆبوونه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی عیراقی کراوه‌ و له‌و کۆبوونه‌وه‌دا جه‌لال تاڵه‌بانی وکێ و کێ به‌شدار بوون‌ و له‌وێدا باس له‌ ڕووخانی ڕێژیم کراوه‌، ئه‌وانه‌ زانیاریگه‌لێکن، به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین و خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ حوکوومه‌تی عیراق پێش هاوڕێ نه‌مه‌ڵی و له‌ هاوڕێ نه‌مه‌ڵی باشتر و وردتر و زیاتر ئاگاداری بوونه‌ و هه‌ر له‌نێو ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌وه‌ و له‌ لایه‌ن خه‌ڵکانی به‌شداربووی ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌وه‌، هه‌واڵه‌کان گه‌یشتوونه‌ته‌وه‌ به‌عس و حوکوومه‌تی عیراق!
 که‌ هاوڕی نه‌مه‌ڵی، پێش دوو سێ ساڵێک، گه‌ڕایه‌وه‌ کوردستان، له‌گه‌ڵ یه‌ک دوو که‌سی تردا، وه‌ک ده‌سته‌یه‌کی پاشماوه‌ی پارتی گه‌لی دیموکراتی کوردستان[4]، چوونه‌وه‌ نێو یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کوردستان و جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک سکرتێری گشتی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی پێشوازی لێکردن و ئیدی چوونه‌ ڕیزی یه‌کیه‌تیی نیشتمانییه‌وه‌ و وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه‌ کاریان ده‌کرد. هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، له‌ مه‌کته‌بی"بیر و هۆشیاری"، که‌ مه‌کته‌بێکی حیزبیی سه‌ر به‌ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌ دامه‌زرا و له‌وێ تا ڕۆژی کۆچیدوایی کاری ده‌کرد. که‌ هاوڕێ نه‌مه‌ڵی چووه‌ ڕیزی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌ و که‌ جه‌لال تاڵه‌بانی پێشوازی لێکرد و که‌ بوو به‌ کارمه‌ند له‌ مه‌کته‌بی بیروهۆشیاریدا، وه‌ک کادرێکی پارتی گه‌ل و وه‌ک تێکۆشه‌ر و خه‌باتگێڕ قه‌بووڵ کرا و وه‌ک "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی" درایه‌ ناسین و وه‌ک "هه‌ڤاڵ"ێکی حیزبی ته‌ماشا ده‌کرا، لێ که‌ له‌به‌ین چوو، وه‌ک "هاووڵاتی سدیق قادر ناسراو به‌ هاوڕێ نه‌مه‌ڵی..." باسی خۆکوشتنه‌که‌ی کرا[5] و وه‌ک بڵێی، ‌ هه‌ر ئه‌و "هاوڕێ"یه‌ نه‌بووه‌‌، که‌ ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیی بووه‌ و یه‌کیه‌تییش هه‌ر نه‌یناسیوه‌!
ئه‌گه‌ر هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، له‌ به‌ندیخانه‌دا له‌ ساڵی 1979دا، پاکانه‌ی کردبێت و نێوی خه‌ڵکی بردبێت، وه‌ک باوه، ئه‌وا خه‌ڵکی پاکانه‌کار و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌داو و نێوی خه‌ڵک بردوو، چه‌ندی بڵێی ئه‌وه‌نده‌ زۆرن و له‌ نێو بڵندترین پایه‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی کوردستاندا هه‌ن و که‌سیش ناتوانێت یه‌ک شتیان به‌رانبه‌ر بڵێت!
هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، له‌ به‌رگی ناوه‌وه‌ی کتێبێکی بچکۆله‌یدا، که‌ به‌ نێوی"به‌ندیخانه‌"یه‌، به‌رهه‌مه‌که‌ی به‌م جۆره‌ پێشکه‌ش ده‌کات:
"پێشکه‌شه‌ به‌:
- ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ په‌تی قه‌ناره‌ی به‌عسیه‌کان له‌ ملیان کرا.
- ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ تاڵاوی به‌ندیخانه‌ی لێژنه‌ی تایبه‌تی که‌رکوک یان چێشتوه‌.
- ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌ دوای ڕاستی دا وێڵن"[6].
هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، ئه‌و کتێبه‌ی پاش ده‌رچوونی له‌ زیندان به‌ چوار ساڵان نووسیوه‌ و بڵاو کردووه‌ته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر هاوڕێ نه‌مه‌ڵێ، سیخوڕ بووبێت و زانیاری به‌ حوکوومه‌تی عیراق و ده‌سگا سیخوڕییه‌کانی دابێت، وه‌ک باوه‌، ئه‌وا هه‌زاران سیخوڕ و جاش و ئه‌نفالچی و خۆفرۆش و کۆنه‌به‌عسی و ڕاپۆرتنووس و دووزمان، له‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتی کوردستاندا هه‌ن و نه‌ک هه‌ر ورده‌ زانیاری به‌ڵکه‌ درشته‌ زانیاری و ته‌واوی زانیارییان به‌ ده‌سگا سیخوڕییه‌کان و حوکوومه‌ته‌کانی نه‌ک هه‌ر عیراق، به‌ڵکه‌ تورکیا و ئێران و سووریا و کۆمه‌ڵێک وڵاتی دیکه‌یش داوه‌ و ده‌ده‌ن و که‌سیش ناتوانێت نێویان به‌رێت!
ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 25-10-2007، له‌ له‌نده‌ن هاوڕێیه‌کم زه‌نگی بۆ لێدام و گوتی: ئه‌مڕۆ سه‌عات پێنجی ئێواره‌ پرسه‌ی "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی" هه‌یه ‌بۆ نایه‌ی پێکه‌وه‌ بڕۆین؟ ده‌سبه‌جێ گوتم باشه‌ و چووین. پرسه‌یه‌کی هێنده‌ گه‌وره‌ بوو، من بۆ خۆم تا ئێستا له‌ ئه‌وروپا پرسه‌ی ئاوا گه‌رمم نه‌دیتووه‌. که‌ له‌ پرسه‌که‌ هاتینه‌ ده‌رێ، هاوڕێیه‌که‌م لێی پرسیمه‌وه‌، که‌ چۆن بوو ده‌سبه‌جێ بڕیارم دا بچم بۆ ئه‌و پرسه‌یه‌، گوتم: "ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ هاتم، ئه‌و پیاوه(هاوڕێ نه‌مه‌ڵی) پیاوێکی بوێر و ئازا بوو، ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه‌ هه‌رگیز خۆی نه‌ده‌کوشت".
به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی، که‌ له‌ نێو جله‌کانیدا، سێ نامه‌ی، یه‌کێک بۆ ژنه‌که‌ی و یه‌کێک بۆ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی و یه‌کێکیش له‌مه‌ڕ قه‌رزوقۆڵه‌کانی خۆیه‌وه‌ جێهێشتووه‌، وا پێده‌چێت "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی"، خۆی کوشتبێت، نه‌ک کوژرابێت، دیاره‌ خۆکوشتنیشی سه‌نگێکی پتر ده‌داته‌ کرده‌که‌ و بوێری و ئازایه‌تییه‌کیش به‌ ئه‌نجامده‌ری کاره‌که ده‌به‌خشێ‌، لێ ئایا "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی' سیخوڕ بوو یا نه‌! من ناتوانم وه‌رامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه، چونکه‌ ئه‌وه‌ کاری دادگا و پیاوانی قانوونه‌، به‌ڵام له‌ وڵاتێکی بێقانوونی وه‌ک کوردستاندا نه‌ء! ئه‌وه‌ی ده‌توانم بیڵێم ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه‌ بوێر و ئازا نه‌بووایه‌ هه‌رگیز خۆی نه‌ده‌کوشت. خۆکوشتنی وی نیشانه‌ی به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی بوو، به‌ ناو و ناوبانگ و ئاوڕووی خۆیه‌وه‌.
هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سیخوڕیش بووبێت، وه‌ک باوه‌، ئه‌وا ئه‌و له‌ خواری خواره‌وه‌ی لیسته‌یه‌ک‌دا بووه‌، که‌ هه‌زارانی یه‌کجار که‌لله‌زل و ته‌نگه‌زلی له‌ خۆ گرتووه‌ و له‌ دوندی ده‌سه‌ڵاتدان. ئه‌ویش وه‌ک ئه‌و له‌شکره سیخوڕه‌ی، ئه‌مڕۆ‌ له‌ نێو "کوردستانی ئازاد"دا ته‌راتێن ده‌که‌ن و خودانی ده‌سه‌ڵاتن و سواری سه‌ری خه‌ڵکی کورد بوونه‌، زۆر چاک ده‌یتوانی بمابایه‌ و باشترین ژیانیش بژیایه‌ و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتیش بووایه‌، لێ که‌ خۆی کوشت، ده‌ستبه‌رداری هه‌موو شتێک بوو و ده‌ستی له‌ هه‌موو شتێک شۆرد و خۆی له‌ هه‌موو شتێک پاککرده‌وه‌.
خۆکوشتنی "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی"، کارێکی ئاسایی نه‌بوو، به‌ڵام زۆر به‌ ئاسایی وه‌رگیرا. میدیاکانی کورردستان به‌ دوویدا نه‌چوون و هه‌ر ئه‌و یه‌ک دوو ڕۆژه‌ی، که‌ تازه‌کی خۆی کوشتبوو، ئه‌ویش وه‌ک هه‌واڵ باسیان لێوه‌ کرد، ده‌نا ئیدی باسی لێوه‌ نه‌کرا. ده‌بوو ئه‌و خۆکوشتنه‌ ڕامانێکی لێ زابا و زۆر باس کرابا و زۆر تاوتوێ کرابا، چونکه‌ بۆ کورد کرده‌یه‌کی نوێ و بێ پێشینه‌ بوو و پێموایه‌ یه‌که‌مجاره‌ له‌ مێژووی کورددا، که‌سێک نێوی سیخوڕی لیبنرێت، هه‌رله‌خۆڕا و ده‌سبه‌جێ خۆی بکوژێت.
ده‌یان ساڵه‌ خه‌ڵک باس له‌ سیخوڕیی ئه‌م سه‌رکرده‌ و ئه‌و به‌رپرس و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌و ئه‌ندامی باڵای حیزب ده‌که‌ن، که‌چی هه‌رده‌ڵێی گوێزیان بۆ ده‌ژمێردرێ و که‌س هه‌ر به‌ سه‌ر خۆیدا نابات و هه‌موو خۆیانی لێ نه‌بان ده‌که‌ن.
چه‌ندین ساڵه‌ به‌رپرس و حیزبی و ده‌سه‌ڵاتداری کورد، سیخوڕانه‌ و گرێدراوانه‌ و وابه‌ستانه‌، خاک و وڵات و هه‌موو شتێکی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی، هه‌رزانفرۆش ده‌که‌نه‌‌ هه‌رچی ده‌سگای سیخوڕی، نه‌ک هه‌ر وڵاتانی ده‌وروبه‌ری کوردستان، به‌ڵکه‌ هه‌موو جیهان و له‌ هه‌مان کاتیشدا، کرده‌که‌ی خۆیان به‌ "کوردایه‌تی" به‌ خه‌ڵکی کوردی ده‌فرۆشنه‌وه‌‌.
چه‌ندین ساڵه‌ وه‌ک ئه‌رکێکی سیخوڕانه‌، که‌ پێیان سپێردراوه‌، سه‌رانی کورد، بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌ت و ئه‌و ده‌وڵه‌ت لاوی کورد ده‌ده‌نه‌ کوشت و ده‌کوژن و به‌ خه‌ڵکی کوردیش به‌ ده‌یان نێوی جیاوازی وڵاتپاری و کوردایه‌تییه‌وه‌ ده‌یفرۆشنه‌وه‌.
چه‌ندین ساڵه‌ سیخوڕانی سه‌رکرده‌ و ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستان، هه‌رچی خودان کاریانه‌ له‌ وڵاته‌ داگیرکاره‌کانی کوردستان و وڵاتانێک که گرێدراوین، به‌ سه‌ر هه‌موو خه‌ڵکی کورد و گه‌لی کوردستانه‌وه‌ کردووه‌ته‌ که‌ڵه‌گا و وڵاتیان ده‌به‌خشنێ و سازشیان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و ملیان بۆ شۆڕ ده‌که‌نه‌وه‌ و له‌کن خه‌ڵکی کوردیش به‌ میواندۆستی و چاوتێری و دیپلۆماسییه‌ت ده‌یده‌نه‌ قه‌ڵه‌م.  
ترسنۆکن ئه‌و هه‌موو سیخوڕانه‌ی له‌ سه‌ر تا خوارێی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی کوردستاندا جممه‌یان دێت و جیفڕک لێده‌ده‌ن و خۆ ناکوژن!  
ده‌بوو خۆکوشتنی "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی"، که‌ هه‌ر مه‌رج نییه‌ سیخوڕیش بووبێت، بووایه‌ته‌ سه‌رمه‌شق و وانه‌ و هانده‌رێک، بۆ ته‌واوی ئه‌و سیخوڕانه‌ی، که‌ ئێستاش له‌ پله‌ و پایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و حیزبی کوردستان نایه‌نه‌ خوارێ و تا دێت هه‌ورازتر هه‌ڵده‌کشێن، ده‌بوو  ئه‌و هه‌موو سێخوڕانه‌ی ئه‌وڕۆ به‌ ناوی کوردایه‌تییه‌وه‌ ده‌له‌وه‌ڕێن و چاره‌نووسی خه‌ڵک دیاری ده‌که‌ن، به‌ ژنه‌وتنی ئه‌و هه‌واڵه‌، ئه‌گه‌ر ڕێزه‌یه‌ک بوێری و پیاوه‌تی و ئاوڕوویان تێدا هه‌بووایه‌‌ و هه‌یه‌، بێ سێودوولێکردن سه‌رو یه‌ک فیشه‌کێکیان به‌ که‌لله‌سه‌ری خۆیانه‌وه‌ نابا و به‌ لادا هاتبان، یا ئه‌گه‌ر خۆیان ئه‌و زات و بوێرییه‌یان تێدا نه‌بووه‌ و نییه‌ و ده‌ستیان نه‌چووه‌ و ناچێته‌ خۆیان، خه‌ڵکی کورد ئه‌و کاره‌یان له‌بری ئه‌وان کردبا و ده‌ستیان لێ نه‌پاراستبان و هه‌ر ڕۆژه‌و چه‌ند دانه‌یه‌کیان سارد کردبانه‌وه‌، به‌و جۆره‌ له‌ کۆڵی خه‌ڵکی کوردستان ده‌بوو‌نه‌وه‌ و خه‌ڵکی کوردیان لێ ڕزگار ده‌بوو.
ده‌بوو که‌لله‌سه‌ره‌ ڕه‌سیوه‌کانی، ئه‌و له‌شکره‌ سیخوڕه‌ی کوردستان، که‌ گه‌لێک زۆرن و له‌ هه‌موو ئاست و پایه‌یه‌کی به‌رپرسیی و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ن، وه‌لادا هاتبان و وڵاتیان لێ خاوێن کرابایه‌وه‌.   

11-11-2007‌
  
   




[1] بنۆڕه ماڵپه‌ڕی‌www.hawlatinews.com  ، 25-9-2007.
 کوردستانی نوێ، ژماره‌ 4384، پێنجشه‌ممه‌ 27-9-2007.[2]
 هه‌واڵ، ژماره‌ 250، 6-10-2007.[3]
[4] پارتی گه‌لی دیموکراتی کوردستان، که‌ سامی عه‌بدوڕه‌حمان ڕێبه‌ری بوو،  له‌ هاوینی ساڵی 1992دا خۆی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ حیزبی سۆسیالیستی کوردستان و "پاسۆک"دا، حیزبێکی نوێیان، به‌ نێوی "حیزبی یه‌کگرتنی کوردستان" ساز کرد و دواتر ئه‌و حیزبه‌یش هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌ و چووه‌ نێو پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه‌. چه‌ند که‌سێک له‌ حیزبی سۆسیالیست، وه‌ک تاک، چوونه‌ نێو یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه‌ و بڕێکیش له‌وانه‌ی پارتی گه‌ل نه‌ چوونه‌ نێو پارتی و نه‌ چوونه‌ نێو یه‌کیه‌تییه‌وه‌، به‌ڵکه‌ حیزبێکی دیکه‌یان به‌ نێوی"حیزبی ڕزگاری کوردستان" ساز کرد. چوونی هاوڕێ نه‌مه‌ڵی و یه‌ک دوو که‌سی دیکه‌، وه‌ک ده‌سته‌ و پاشماوه‌ی پارتی گه‌ل و دوای پازده‌ شازده‌ ساڵێک له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حیزبه‌که‌یان و کۆڵدانیان له‌ سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی و که‌نارگرتنیان، بۆ نێو یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، له‌ وازییه‌کی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی زیاتر شتێکی دیکه‌ نه‌بوو و ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ بوو، له‌ میدیاکانی یه‌کیه‌تییدا وا پێشان بده‌ن، که‌ ئه‌وانه‌ پاشماوه‌ی حیزبێکن و تێکه‌ڵ به‌ حیزبه‌که‌ی ئه‌وان ده‌بن، ده‌نا  له‌ ڕاستیدا ئه‌وانه‌ زۆر له‌مێژ بوو له‌ حیزبایه‌تی دابڕابوون و پێش ئه‌وه‌ی له‌ میدیاکانی یه‌کیه‌تییشدا باسیان وه‌ک ده‌سته‌ بکرێت، ئه‌وان وه‌ک تاک گه‌ڕابوونه‌وه‌ نێو یه‌کیه‌تیی و کاریان وێ درابوو. ساڵی 1984 پارتی گه‌ل له‌ سووریاوه‌ چه‌ند که‌سێکی خۆی وه‌ک ده‌سته‌یه‌ک نارده‌وه‌ بۆ کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بچن له‌وێ بنکه‌یه‌ک دانێن و به‌شداری بزاڤی چه‌کداری بکه‌ن. دووان له‌وانه‌، خه‌ڵکی سلێمانی و گه‌رمیان بوون. یه‌کێکیان هه‌ر که‌ گه‌یشتنه‌وه‌ ده‌وروبه‌ری سلێمانی و هێزه‌کانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانی بینی، که‌ ئه‌وده‌م یه‌کیه‌تیی له‌ گوتوبێژدا بوو له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی به‌عسدا و خه‌ڵکانی یه‌کیه‌تییش هاتوچۆی شارانیان ده‌کرد، ئیدی خۆی تێکه‌ڵ به‌وان کرد و وازی له‌ پارتی گه‌ل هێنا. ئه‌وی دیکه‌شیان له‌ سلێمانی خۆی مات کرد و پاڵی لێ دایه‌وه و دواتر خۆی گه‌یانده‌ هه‌نده‌ران و 1991، که‌ ڕاپه‌ڕین هاته‌ گۆڕێ، ئه‌وده‌م له‌ سلێمانی سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه.‌ هاوڕێیه‌کم گێڕایه‌وه‌ و گوتی:"که‌ 1991 دوای ڕاپه‌ڕین گه‌ڕامه‌وه‌ سلێمانی ده‌بینم ‌ئه‌و هاوڕێیه‌ی له‌ 1984ه‌وه‌ خۆی مات کردبوو و وازی له‌ پارتی گه‌ل هێنابوو و لێی دابڕابوو، له‌به‌رده‌م یه‌کێک له‌ خانووه داگیرکراوه‌‌کانی حوکوومه‌تدا ڕاوه‌ستاوه‌ و  له‌سه‌ر ده‌رگاکه‌ی به‌ گه‌وره‌یی نووسیویه‌تی (باره‌گای پارتیی گه‌لی دیموکراتی کوردستان) و بۆ خۆیشی جلێکی کوردی له‌به‌ر کردووه‌ و ده‌مانچه‌یه‌کی کردووه‌ته‌ لاکه‌مه‌ریدا. منیش پێم گوت: کوڕه‌ ئه‌وه‌ تۆ ئه‌م هه‌موو ساڵانه‌‌ له‌ کوێ بووی و چۆن بوویته‌وه‌ به‌ پارتیی گه‌ل!".                                                                                                                                    
[5]  کوردستانی نوێ، ژماره‌ 4384، پێنجشه‌ممه‌ 27-9-2007. هه‌ر له‌ کوردستانی نوێدا پێشتر وه‌ک هه‌ڤاڵ و کادری پارتی گه‌ل درایه‌ ناسین، کاتێک جه‌لال تاڵه‌بانی پێشوازی لێکرد.
 هاوڕێ، به‌ندیخانه‌، شانۆگه‌ری، له‌نده‌ن 1983.[6]

Thursday 1 November 2007

ده‌بوو کورد ئابڵۆقه‌‌ بخاته‌ سه‌ر تورکیا، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌

ده‌بوو کورد ئابڵۆقه‌‌ بخاته‌ سه‌ر تورکیا، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

غاندی، ڕزگارکاری هیندوستان، به‌ که‌چه‌خه‌ڕه‌کێک و کراسێکی شڕ و شیری بزنه‌لاتێک و  دارده‌سێک و جووتێک سه‌رپێییه‌وه،‌ به‌رانبه‌ر ئینگلیزی داگیرکه‌ر ڕاوه‌ستا و چۆکی پێ دادان و وڵاته‌که‌ی(ئه‌و هیندوستانه‌ مه‌زنه‌، که‌ ئه‌وده‌می پاکستان و به‌نگلادیشیشی له‌گه‌ڵ بوو) ڕزگار کرد.                      
کوردانێک، که‌ ده‌بوونه‌ ئه‌ندامی حیزبی هیوا، یه‌کێک له‌ مه‌رجی وه‌رگرتنیان له‌و حیزبه‌دا ئه‌وه‌بوو، چای نه‌خۆنه‌وه‌، چونکه‌ چای هی ئینگلیزه و ئینگلیز هێناویه‌تییه‌ وڵاته‌وه‌‌. مامۆستا عه‌بدولعه‌زیز پشتیوان، یادی به‌خێر و ڕه‌وانی شاد، که‌ یه‌کێک بوو له‌ پێشه‌نگانی هیوا و بزاڤی کوردایه‌تیی گه‌رمیان‌، تا کۆچی دواییشی کرد چای نه‌ده‌خوارده‌وه‌. نه‌ک هه‌ر خۆی، منداڵ و نه‌وه‌کانیشی تا ئێستایش چای ناخۆنه‌وه‌ و له‌ نێوه‌ندی ساڵانی 1940ه‌کانه‌وه‌ چای سه‌ری به‌ ماڵیاندا نه‌کردووه‌.      
ساڵانی 1980کان، له‌ مه‌یدانی هوێتۆریه‌ت(Hötorget ستۆکهۆڵم، که‌ مه‌یدانێکه‌ میوه‌ و سه‌وزه‌ی لێ ده‌فرۆشرێ و ته‌واوی ئه‌و به‌قاڵانه‌ش خه‌ڵکانێکی بیانین، له‌ کاتێکدا که‌ هه‌مووان میوه‌ی هه‌موو وڵاتێکیان ده‌فرۆشت، کابرایه‌کی کوردی لوبنان، که‌ ئه‌ویش له‌وێ میوه‌فرۆش بوو، ‌پرته‌قاڵی"یافا"ی ئیسرائیلی نه‌ده‌فرۆشت و به‌ ئاشکرایش ده‌یگوت، دژی ئیسرائیله‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ میوه‌ی ئیسرائیلی نافرۆشێت و ناخوات.
خه‌ڵکێکی زۆر ده‌ناسم، ساڵانیکی دوورودرێژ، له‌ دژی ئه‌مه‌ریکا، نه‌ (کۆکاکۆلا)یان ده‌خوارده‌وه‌ و نه‌ خۆراکی‌ مه‌کدۆناڵدز(McDonald’s)یان ده‌خوارد. من بۆ خۆیشم یه‌کێک بووم له‌وانه‌ و ئێستایش هه‌ر وا ده‌که‌م و له‌ سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه‌ به‌رده‌وامم.
کووبا، له‌  ساڵی 1962وه‌‌وه‌، ئابڵۆقه‌ی ئه‌مه‌ریکای له‌ سه‌ره‌ و له‌ ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانییه‌وه‌، هیچی بۆ ناڕوات و هیچی لێ ناکڕدرێت، به‌ڵام گه‌ل و وڵات و خه‌ڵک و سه‌رۆکه‌‌که‌یش‌ی، گه‌لێک ئازایانه‌ و داهێنه‌رانه‌، خۆیان ڕاگرتووه‌ و ژیانیان گونجاندووه‌ و له‌گه‌ڵ نه‌بوونی شتی ئه‌مه‌ریکایشدا ڕاهاتوون. تا سۆڤیێت هه‌بوو، نه‌وتیان له‌وێوه‌ بۆ ده‌هات و پیشه‌سازییه‌کی باشیان له‌ په‌نای کشتوکاڵ و بواره‌کانی دیکه‌ی ئابووریدا چێکردبوو. که‌ سۆڤیێت نه‌ما، نه‌وتیان لێ بڕا، به‌ڵام چ په‌کیان له‌به‌ر نه‌وت نه‌که‌وت، چونکه‌ ئابوورییه‌کی کشتوکاڵی زۆر به‌هێزیان هه‌بوو و پتر گرنگییان دایه‌وه‌ به‌ کشتوکاڵ و له‌به‌ر نه‌بوونی که‌ره‌سه‌ و ئامێر و کاڵای کشتوکاڵیی هاوچه‌رخ و نوێ، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شێوازه‌ کۆنه‌که‌ی کشتوکاڵ. ئێستایش، بێجگه‌ له‌و مه‌کینه‌ و ئامێرانه‌ی، که‌ ده‌سکردی خۆماڵییه‌، گاجووت و وڵاخ به‌کار ده‌به‌ن بۆ کێڵانی زه‌وی و هه‌موو جۆره‌ سه‌وزه‌ و میوه‌یه‌ک ده‌چێنن و ده‌ڕوێنن و هه‌نارده‌یه‌کی زۆریشیان بۆ ده‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ و پاکژترین جۆری سه‌وزه‌ و میوه‌ و ڕووه‌کیش وه‌به‌رهه‌م دێنن، که‌ ده‌رمان و مادده‌ی کیمیایی تێدا به‌کار نابه‌ن. سوود له‌ ئامێر و کاڵا و که‌ره‌سته‌ی ساکار و ئاسایی وه‌رده‌گرن و کاره‌کانی خۆیانی به‌ باشترین شێوه‌ پێ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و زۆر ژیرانه‌ و دووربینانه‌یش، بیر له‌ ژینگه‌ و پاراستنی ده‌که‌نه‌وه‌‌. بێجگه‌ له‌وانه‌یش له‌ بواری خوێندن و له‌شاغی(ته‌ندروستی)دا، کووبا یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ره‌باشترین و هه‌ره‌پێشکه‌وتووترین و پێشه‌نگانی وڵاتانی جیهان.
تورکیا پێش ئه‌وه‌ی هێرش بکاته‌ سه‌ر باشووری کوردستان، باس له‌ ئابڵۆقه‌ی ئابووری ده‌کات بۆ سه‌ر کوردستان. له‌م کێشه‌یه‌ی نێوان تورکیا و کوردستاندا، ده‌بوو کورد، نه‌ک تورکیا، وه‌ها بیرۆکه‌یه‌کی هێنابایه‌ته‌ گۆڕێ. گه‌لی باشووری کوردستان، ئه‌گه‌ر وه‌ک گه‌لانی ئاگای جیهان، وه‌ک خه‌ڵکانێکی به‌ته‌نگه‌وه‌هاتووی خاک و وڵات، وه‌ک گه‌لێکی قاڵبووی ساڵانێکی دوورودرێژی چه‌وسانه‌وه‌ و سته‌م، وه‌ک گه‌لێک، که‌ هه‌میشه‌ له‌ ژێر سایه‌ی ئابڵۆقه‌دا ژیاوه‌ و گوشاری ئابڵۆقه‌ی له‌ سه‌ر بووه‌، له‌ ڕه‌وشی خۆی نۆڕیبا و بنۆڕێ، ده‌بوو ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ری وه‌ها ئابڵۆقه‌یه‌ک بووایه‌ نه‌ک تورکیا. ده‌بوو ئه‌و بووایه‌ته‌ مۆته‌که‌ و مێرده‌زمه‌ و  تورکیای تۆقاندبا، نه‌ک تورکیا ئه‌وی ترساندبا.                          
خه‌ڵکی کورد له‌ باشووری کوردستان، ئه‌گه‌ر بڕێک ئاوڕیان له‌ مێژوو و ڕابوردووی خۆیان بدایه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ستی وڵاتپارێزییان تێدا هه‌بووایه‌ و ئه‌گه‌ر بڕێک هاوچه‌رخانه‌ و سه‌رده‌مانه‌ بیریان کردبایه‌‌وه‌ و ئه‌گه‌ر بڕێک هۆش و هزریان خستبایه‌ته‌‌ گه‌ڕ و چاویان کردبایه‌وه‌ و ڕوونتر شته‌کانیان دیتبا و خوێنبایه‌وه‌،  بێ سێودوولێکردن و بی ڕاوه‌ستان و هه‌ر زۆر خێرا و پێش هه‌ر شتێک، ده‌بێ له‌ هه‌موو خۆراک، خواردنه‌وه‌، کاڵا، کووتاڵ، که‌ره‌سته‌، ئامێر، ئامراز، خزمه‌تگوزاری و کۆمپانیایه‌کی  تورکی دوورکه‌رنه‌وه‌. هیچی تورکیا نه‌خۆن، نه‌خۆنه‌وه‌، له‌به‌ر نه‌که‌ن، به‌کار نه‌به‌ن، نه‌کڕن، نه‌فرۆشن و خۆیان به‌ ته‌واوی له‌ هه‌موو شتێکی ئه‌و وڵاته‌ دابڕن و ده‌ستبه‌رداری هه‌موو شتێکیان ببن و لێیان دوورکه‌ونه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ بۆرژوازی و بازرگان و سه‌رمایه‌دار و ده‌سه‌ڵاتداری کورد، له‌به‌ر گرێدراوییان به‌ تورکیاوه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ تورکیادا، وه‌ها کارێک نه‌که‌ن، به‌ڵام وه‌ها کارێک به‌ خه‌ڵکه‌ ئاساییه‌که‌ ده‌کرێت و ئه‌وان ده‌بێ له‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ن. ئه‌وان ده‌بێ ته‌واوی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی تورکیا و ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به‌ تورکیاوه‌یه، له‌ ده‌سگا و بازاڕ و کۆمپانیا و کاڵا و کارگێڕی و هه‌رچی شتی دیکه‌یه‌ له‌ کوردستان، بیخه‌نه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی خۆیان و له‌گه‌ڵ هاتنه‌ژووره‌وه‌ی یه‌که‌م چه‌کمه‌ له‌پێی تورکدا، هه‌مووی بخه‌نه‌ بنده‌ستی خۆیانه‌وه‌ و له‌نێوی به‌رن و بیشکێنن و بیسووتێنن و بیفه‌وتێنن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هی سه‌رمایه‌دار و بۆرژوازییانی کوردستانیش بێت. سه‌رمایه‌دار و بۆرژوازی و ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، داهۆڵ و پارێزگار و پاسه‌وانی به‌رژه‌وه‌ندی تورکیان له‌ کوردستان. ئه‌وانن کوردستانیان کردووه‌ته‌ کۆڵۆنی تورکیا و کورد له‌به‌رده‌م تورکیادا سه‌رشۆڕ ده‌که‌ن. خه‌ڵکی کورد، ده‌بێ له‌وانه‌وه‌ ده‌ستپێبکات و ده‌ست له‌ هیچ یه‌کێکیان نه‌پارێزێت، چونکه‌ ئه‌وان کورد گوته‌نی"ڕه‌فیقی قافڵه‌ و شه‌ریکی دزن = هاوڕێی کاروان و هاوبه‌شی دز"ن. له‌ ته‌واوی بازرگانی و کۆمپانیا و سه‌رچاوه‌ی پاره‌دا، هاوبه‌شن له‌گه‌ڵ تورکیا و وه‌کی دیکه‌یش، بۆ بره‌ودان به‌ کاڵا و سه‌رمایه‌ی خۆیان و گه‌رمکردنی بازاڕی خۆیان، خۆ به‌ هاوده‌ردی خه‌ڵکی کورد داده‌نێن.                                                                                                                  
تاوانه‌ مرۆڤ ببێته‌ کۆیله‌ی خوو و ڕاهاتن و خۆراک و کاڵا و شتومه‌ک و مادده‌. مرۆڤ، که‌ بۆ خۆی له‌ پێشدا خووه‌کان دروست ده‌کات و دواتر خووه‌کان مرۆڤ دروست ده‌که‌ن و له‌ مرۆڤ نابنه‌وه‌ و مرۆڤ ناتوانێت ده‌ستبه‌رداریان ببێت. تاوانه‌ مرۆڤ نه‌توانێت ده‌ستبه‌رداری کۆمه‌ڵێک شتی ناپێویستی ژیان ببێت، که‌ بۆ خۆی و به‌ ده‌ستی خۆی سازی کردوون و بۆ خۆی و به‌ ده‌ستی خۆی کردوونی به‌ که‌ڵه‌گا و زاڵی کردوون به‌ سه‌ر خۆیه‌وه‌ و پێی سه‌خته‌ بیانبڕێ و وازیان لی بهێنێت. تاوانه‌ مرۆڤ نه‌توانێت ده‌ستبناته‌ڕووی کۆمه‌ڵیک شته‌وه‌، که‌ ئامرازگه‌لێکن بۆ ملکه‌چکردن و سووککردن و چاوه‌خوارکردنی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر  ئه‌و شتگه‌لانه‌ زێڕی هه‌موو جیهانیش بهێنێن.                                               
زۆرێک له‌ ئێمه‌ سه‌دان چیرۆکی له‌ ساڵانی 1963-1970 و 1974 تا 1991وه‌، بیر دێته‌وه‌، که‌ چۆن له‌ بازگه‌کانی حوکوومه‌تی به‌عس، ڕۆژانه‌ هه‌زارویه‌ک سووکایه‌تی به‌ ژنانی کورد ده‌کرا، له‌سه‌ر کیلۆیه‌ک چای یا چه‌ند کیلۆ شه‌که‌ر یا چه‌ند لیترێک نه‌وت. من بۆ خۆم سه‌دانم له‌و چیرۆکانه‌ بیر دێته‌وه‌، که‌ سه‌رباز و به‌عسییانی عیراق و جارجاره‌یش جاشی کوردیان له‌گه‌ڵ، چۆن فڵانه‌ پیره‌ژنیان کوشت و فڵانه‌ پیره‌مێردیان دایه‌ به‌ر شه‌ق و چای و شه‌که‌ری فڵانیان ڕۆ کرده‌ نێو ئاوده‌ست و نه‌وتی فڵانیان ئاگرتێبه‌ردا و...!                                                                                             
کێ له‌ ئێمه‌ ساڵانی 1991 و دواتری بیر نایه‌ته‌وه‌، که‌ چۆن هه‌زاران کورد، بۆ چنگێک ڕۆن و گوێلێک ئارد و کیلۆیه‌ک شه‌که‌ر و بڕێک چای و نیسک و نۆک، ده‌ستبه‌رداری کوردبوونی خۆیان ده‌بوون و له‌کن حیزب و ڕێکخراو و ده‌سگا‌ تورکمانییه‌کانی  سه‌ر به‌ میتی تورکیا، خۆیان به‌ تورکمان نێونووس ده‌کرد!
کێ له‌ ئێمه‌ چه‌ندین چیرۆک له‌مه‌ڕ ئه‌و قاچاخچییه‌ کوردانه‌وه‌ نازانێت و ناوی ده‌یان که‌س له‌وانه‌ نازانێت، که‌ له‌ نێوان سنووره‌ ده‌سکرده‌کانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و باکووری کوردستاندا ، بوونه‌ و ده‌بنه‌ قوربانی فیشه‌کی پۆلیس و سه‌رباز و جه‌ندرمه‌ و قه‌ره‌قۆڵ و پاسدار!                                  خه‌ڵکی کورد ئه‌گه‌ر چاوێک له‌ جیهان بکات و  وانه‌یه‌ک له‌ مێژوولکه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ و شتێک له‌ خه‌ڵکی دیکه‌وه‌ فێر ده‌بێت، ئه‌وده‌م بۆ خۆی بایه‌خی ئابڵۆقه‌ و خۆدابڕین ده‌زانێت و ئه‌وده‌م ده‌ستبه‌کار ده‌بێت.                                                                                                                    
زلحیزبه‌کانی باشووری کوردستان، له‌ 1991ه‌وه‌، که‌ ده‌سه‌ڵات که‌وته‌ ده‌ستیان، به‌ موو له‌ سیاسه‌تی به‌عس لایان نه‌دا. به‌عسێک، که‌ کوردستانی وشک کردبوو و کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداریی تێدا له‌به‌ین بردبوو و له‌شکرێکی به‌رهه‌مهێنی گوندنشینی، کردبووه‌ مشه‌خۆری نێو کووچه‌ و کۆڵانه‌کانی شار و له‌ هه‌موو کوردستاندا دوو سێ زله‌شار و چه‌ند قوته‌ئۆردووگایه‌کی هێشتبووه‌ و ته‌واوی گوندی کوردستانی له‌گه‌ڵ خاکدا یه‌کسان کردبوو، ئه‌مانیش(سه‌رانی کورد) هه‌مان ڕێچکه‌ی به‌عسیان گرته‌به‌ر.  ئه‌مان نه‌ ئوردووگای زۆره‌ملێیان تێکدا و نه‌ گوندیان زیندوو کرده‌وه‌ و نه‌ گرنگییان به‌ کشتوکاڵ دا، که‌ کوردستان بۆ خۆی وڵاتێکی کشتوکاڵییه‌ و نه‌ ئاژه‌ڵدارییان زیندوو کرده‌وه‌، به‌ڵکه‌ گه‌لی باشووری کوردستانیان کرده‌ به‌کاربه‌ر و بخۆر و بدڕ و بێبه‌رهه‌م. ته‌واوی ئه‌وه‌ی له‌ بازاڕه‌کانی کوردستاندا بۆ خه‌ڵکی کوردستان فه‌راهه‌م کران، له‌ گۆشت و  ڕۆن و ئارد و برنج و نیسک و نۆک و شه‌که‌ر و چای و وشکه‌مه‌نییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ هه‌موو سه‌وزه‌ و میوه‌یه‌ک و هه‌رچی کاڵا و کووتاڵ و ئامرازی دیکه‌یه‌، له‌ چین و برازیل و نیوزیلاند و ئوردون و سووریا و تورکیا و ئێران و هه‌رچی وڵاتی دنیایه‌ هێنایاننه‌ کوردستان. وه‌رزێری شاره‌زوور و ده‌شتی قه‌راج و ده‌شتی که‌رکووک و گه‌رمیاننشینی بنگه‌ی کشتوکاڵ، ته‌ڕه‌ و سه‌وزه‌ و میوه‌ی له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ پێ ده‌گات و بۆ خۆی هیچ وه‌به‌رهه‌م ناهێنێت. هه‌وراماننشینی خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو گوێز و به‌ڕوو و هه‌نجیر و میوه‌ی ئه‌و هه‌ورامانه‌، له‌ قیرغیزستانه‌وه‌ گوێزی بۆ دێ و له‌ ئه‌لبانیاوه‌ هه‌نجیره‌وشکه‌ی پێ ده‌گات. ئه‌مه‌ نه‌ک تۆ و منێکی به‌ساڵاچوو، به‌ڵکه‌ مێردمنداڵێک و زارۆکێکیش، تێی ده‌گات، که‌ ئه‌نجامی چه‌وتی و دۆڕان و تێکشکانی سیاسه‌تی ئابووری و هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی کوردستانه‌. سه‌رانی کورد، به‌ ده‌ست و ئاره‌زووی خۆیان گه‌لێ باشووری کوردستانیان کردووه‌ته‌ پاشکۆ، به‌ تایبه‌تیش پاشکۆی وڵاتێک، که‌ له‌وه‌تی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ دوژمنی کوردستان و کورد بووه‌، ئه‌ویش که‌ تورکیایه‌.  
عه‌ره‌ب قسه‌یه‌کی هه‌یه‌ ده‌ڵێ:"تعشی بي قبل ما یتغدی بیك" واته‌:"بیکه‌ شیوی ئێوارێ پێش ئه‌وه‌ی بتکاته‌ نانی نیوه‌ڕۆ" یا "بیخۆ پێش ئه‌وه‌ی بتخوا". یا"أتعشی بیك قبل ما تتغدی بي"، واته‌:"ده‌تکه‌مه‌ شیوی ئێوارێ پێش ئه‌وه‌ی بمکه‌یته‌ نانی نیوه‌ڕۆ" یا "پێش ئه‌وه‌ی بمخۆی ده‌تخۆم".
ئه‌وه‌ خه‌ڵکی کورده‌، که‌ ده‌بێ یه‌که‌مجار، ئابڵۆقه‌ بخاته‌ سه‌ر تورکیا، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. ‌ئه‌وه‌ خه‌ڵکی کورده‌، که‌ ده‌بێ دووه‌مجار، په‌لاماری هه‌رچی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی تورکیایه له‌ کوردستان و ده‌رێی کوردستان و له‌ هه‌ر کوێیه‌ک ده‌ستی پێ ڕا ده‌گات،‌ بدات، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
ئه‌وه‌ خه‌ڵکی کورده‌، که‌ ده‌بێ سێیه‌مجار، جه‌نگ بباته‌ نێو تورکیاوه‌ و گڕ له‌ تورکیا به‌ربدات، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
ڕۆژانه‌ سه‌دان هه‌زار به‌رمیله‌ نه‌وتی که‌رکووکی کوردستان ده‌چێته‌ به‌نده‌ری جیهانی تورکیا و له‌وێشه‌وه‌ ده‌فرۆشرێته‌ وڵاتانی ئه‌وروپا. به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک و به‌ بڕینی ئه‌و نه‌وته‌، نه‌ک هه‌ر تورکیا، به‌ڵکه‌ ئه‌وروپا ده‌هه‌ژێنرێت. گه‌لی کوردستان، ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له‌ غاندی و کووبای خۆڕاگر و خه‌ڵکانی ئازادیخوازی جیهان بداته‌وه‌ و له‌ سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستی، به‌ ئابڵۆقه‌ خستنه‌سه‌ر تورکیا، تورکیا ده‌خاته‌ پاڕانه‌وه.
خه‌ڵکی کوردستان ئه‌گه‌ر بۆ خۆیان ده‌ستبه‌کار نه‌بن و بۆ خۆیان ئابڵۆقه‌ نه‌خه‌نه‌ سه‌ر تورکیا و شتی تورکی و چاوه‌ڕوانی سه‌رکرده‌ سازشکار و گه‌نده‌ڵ و خۆویست و خۆپه‌رسته‌کانیان بن، ئه‌وا نه‌ک هه‌ر هیچ به‌ هیچ ناکه‌ن، به‌ڵکه‌‌ کۆیله‌تر و پاشکۆتر ده‌مێننه‌وه‌ و تورکیاش زاڵتر ده‌که‌ن به‌ سه‌ر خۆیاندا.‌

1-11-2007‌