زاراوه کوردییه‌کان و زمانی نووسین
نووسینی:
پرۆفێسسۆر
بوو ئویتاس
زمانی
کوردی، له‌ڕووی زمانه‌وانییه‌وه، زمانێکی ئێرانییه و به
چه‌ند زاراوه‌یه‌ک ده‌ناسرێته‌وه. له‌نێو زمانه ئێرانییه هاوچه‌رخه‌کاندا، ده‌کرێ زمانی کوردی، له‌گه‌ڵ زمانی په‌شتۆ(زمانی ئه‌فغانییه‌کان)دا، وه‌ک زمانێکی نێزیک به‌راورد
بکرێت.
هه‌ردوو
زمانی کوردی و زمانی په‌شتۆ، ده‌کرێ له ڕووی زۆریی خه‌ڵکانێک، که پێیان ده‌ئاخڤن
و له ڕووی
جیاوازی و دابه‌شبوونی زاراوه و دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر چه‌ند ده‌وڵه‌تێکدا، به‌راورد
بکرێن. به‌ڵام له‌کاتێکدا،که په‌شتۆن
یا "په‌تانه‌کان"، وه‌ک له ڕۆژهه‌ڵات
وایان پێ ده‌ڵێن، ته‌نێ
به‌سه‌ر دوو وڵات‌دا، ئه‌فغانستان و پاکستان، دابه‌ش ده‌بن، کورده‌کان وه‌ک خویایه، له‌نێو چه‌ند ده‌وڵه‌تێکدا ده‌ژین، که
له پێنج که‌متر نین: عیراق، ئێران، سووریا، تورکیا و یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت[1].
له‌ڕاستیدا ئه‌م ڕه‌وشه، هه‌وڵدان
و کاری ئه‌وانی بۆ چێ‌کردنی یه‌ک زمانی هاوبه‌شی نووسین،
هیچ
ئاسان نه‌کردووه.
پێوه‌ندی
زاراوه و زمانی نووسین:
پێوه‌ندی
نێوان زاراوه‌کان و زمانی نووسین له ئه‌مڕۆی زمانه جیاوازه ئێرانییه‌کاندا، به‌شێوه‌یه‌کی گشتی
ئاڵۆزه و گه‌لێک جۆراوجۆره. بێگومان
زمانی فارسیی نوێ ئه‌و زمانه‌یه، که پتر به‌کار
ده‌برێت و زمانی سه‌ره‌کییه له ئێران‌دا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زمانی دایکیی که‌متر له نیوه‌ی
دانیشتووانی وڵاته‌که‌یه. زمانی فارسیی نوێ ئه‌و زمانی نووسینه‌یه، که به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستای
و به ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی، پتر له 1000 ساڵێک به‌ر
له ئه‌مڕۆوه پێی ده‌نووسرێت. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، ئه‌م زمانی فارسییه
له بنه‌ڕه‌تدا له یه‌کێک له زاراوه ناسراوه‌کانه‌وه یا
ئه‌وانه‌ی، که ئه‌مڕۆ قسه‌یان پێ
ده‌کرێت، په‌یدا نه‌بووه، به‌ڵکه له بنه‌ڕه‌تدا
زمانێکی تێکه‌ڵه و وه‌ک ئامراز و ڕێگه‌یه‌ک بۆ پێوه‌ند و له‌یه‌کتێگه‌یشتن به‌سه‌ر
زاراوه و سنووری زماندا، ساز بووه. شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی له فارسیی نوێ تاجیکستانه،
که له‌سه‌ر زه‌وینه و پایه‌ی هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندیی زاراوه‌یی له کۆماری تاجیکستانی سۆڤیێتی ناوه‌ڕاستی
ئاسیادا، که له 1930یه‌کانه‌وه به تیپی کریلیک(ڕووسی)
ده‌نووسرێت، گه‌شه‌ی کردووه. ئه‌مه نموونه‌یه‌کی پڕمانا
و فێرکارانه‌یه له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی، که چۆن ده‌کرێ
له‌ڕێگه‌ی پرۆسێسی ته‌رکیزکردنی به‌هێز له سه‌ر زمان و به‌ڕێوه‌بردنی
فه‌رهه‌نگییه‌وه، زمانێکی نووسینی نوێ چێ بکرێت.
زمانێکی
دیکه‌ی ئێرانی، که
له 1930یه‌کانه‌وه به تیپی
کریلیک ده‌نووسرێت، زمانی ئۆسێتییه، که له
لایه‌ن نیومیلیۆن که‌سه‌وه له قه‌وقاسی سۆڤیێت
قسه‌ی پێ ده‌کرێت. ئه‌م زمانه له دوو زاراوه‌ی سه‌ره‌کی پێکهاتووه، که زاراوه‌ی (ئیرۆن)ی لای خۆرهه‌ڵاته‌وه
ده‌بێته بنه‌مای زمانی ئه‌ده‌بیی زاڵ. بێجگه له‌وه‌ش ڕه‌وشێکی دیکه له‌باره‌ی زمانی به‌لووچه‌کانه‌وه وه‌دی ده‌کرێت.
ئه‌و زمانه له‌لایه‌ن گه‌لێکی تاڕاده‌یه‌ک مه‌زنه‌وه(نزیکه‌ی 5 میلیۆن)
له پاکستان، ئێران و ئه‌فغانستان(و ته‌نانه‌ت گرۆیه‌کی بچووکیش له ئاسیای نێوه‌ڕاستی
سۆڤیێت) قسه‌ی پێ ده‌کرێت. په‌رتوبڵاویی زاراوه‌کان و جیاوازییان له‌سه‌رده‌می جیاوازدا،
بوونه‌ته بنه‌ما بۆ هه‌وڵدان بۆ نووسینی زمان. هه‌میشه ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی به‌کار
براوه، به‌ڵام به
هۆی
ئه‌و جیاوازییه فۆنه‌تیکییه یه‌کجار گه‌وره‌یه‌ی،
که زاراوه جیاوازه‌کان- بۆ نموونه- هه‌یانه،
هه‌رگیز ئه‌و ئه‌لفبێیه نه‌گه‌یشتووه‌ته ڕێنووسێکی چه‌سپاو و جێگرتوو. ئه‌م نموونه
جیاوازانه‌م له‌مه‌ڕ پێوه‌ندی نێوان زاراوه و زمانی نووسین وه‌ک پێشه‌کییه‌ک هێنایه‌وه،
بۆ ئه‌وه‌ی ئاماژه به‌و جۆره پێوه‌نده
زۆربگۆڕه بکه‌م که هه‌یه. مرۆڤ گه‌ره‌که بیر له‌وه بکاته‌وه، که زمانی نووسین، به‌رهه‌می پرۆسێسێکی مێژووییه،
وه‌ک ڕێسایش زۆر درێژخایه‌ن، وه‌ک فارسیی نوێ، به‌ڵام جارنا کورت مینا تاجیکی. که‌وایه
به وردی و دروستدیتن
و له‌به‌رچاوگرتنی فاکته مێژووییه گشتییه‌کان(بێ ئه‌وانه‌ی که پێوه‌ندیان به زمانه‌وه هه‌یه)
بۆ تێگه‌یشتن له گه‌شه‌کردنی زمانێکی نووسین، شتێکی گرنگه.
کۆمه‌ڵێک
زاراوه:
هه‌ردوو
زمانی په‌شتۆ و کوردی، به‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک زاراوه‌دا دابه‌شبوون، به‌ڵام له‌کاتێکدا،
که جیاوازییه‌کانی نێوان
زاراوه‌کانی زمانی په‌شتۆ به شێوه‌یه‌کی
سه‌ره‌کی له‌ڕووی فۆنه‌تیکه‌وه‌یه، جیاوازیی
نێوان زاراوه کوردییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی و زۆرتر
له‌ڕووی مۆرفۆلۆگییه‌وه‌یه(واته: بیناسازی وشه).
ئه‌و ڕه‌وشه‌ی زمانی په‌شتۆ هه‌یه‌تی، کاری سازکردنی زمانێکی نووسینی هاوبه‌ش ئاسان
ده‌کات، به‌مه‌رجێک ئه‌گه‌ر ئه‌لفبێیه‌ک دابنرێت بۆ ئه‌و زمانی نووسینه.ئه‌لفبێیه‌ک، که بتوانێت جیاوازییه گرنگ
و له‌به‌رچاوه‌کانی نێوان ده‌نگه‌کان داپۆشێ و بشارێته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌توانرێ بگوترێ، که په‌شتۆنه‌کان کردوویانه. ئه‌وان ئیدی له کۆتایی
1600 ـه‌کانه‌وه ئه‌لفبێیه‌کی عه‌ره‌بیی ده‌سکاریکراویان
به‌کار بردووه، که ڕێگه
به ده‌نگ و ده‌ربڕینه
زاراوه‌ییه جیاوازه‌کان، که به هه‌مان تیپ ده‌نووسرێن،
ده‌دات. زمانی کوردی له‌و ڕووه‌وه له بارێکی سه‌ختتردایه. زاراوه کوردییه‌کان تاڕاده‌یه‌کی
زۆر له‌یه‌که‌وه دوورن، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی مۆرفۆلۆگییه‌وه. له‌ڕاستیدا ئه‌و زاراوانه
چه‌ند له ڕووی جیۆگرافیاوه له‌یه‌که‌وه
دوور بن، پتر له‌ڕووی زمانه‌وه جیاوازن. به‌شێک له‌و زاراوانه، که له‌لایه‌ن خه‌ڵکانێکه‌وه، که خۆیان به کورد ده‌زانن، قسه‌یان
پێ ده‌کرێن، هێنده له زاراوه سه‌ره‌کییه‌کانه‌وه دوور و جیاوازن، که زمانه‌وانه ئه‌وروپاییه‌کان،
وه‌ک زمانی جیاواز سه‌یریان ده‌که‌ن.
ئه‌وان له‌و نیشانه و تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه بۆ ئه‌وه
چوون،
که زاراوه ده‌بێ ئامرازێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی
هاوبه‌ش بێت بۆ له‌یه‌کتێگه‌یشتنی ئه‌و که‌سانه‌ی، که
زانیارییه‌کی بنگه‌یی تایبه‌تیان نییه. له پراکتیکدا
ئه‌و نیشانه و تایبه‌تمه‌ندییانه به‌ده‌گمه‌ن
له ژیانی ڕۆژانه‌ی ئه‌م جیهانه‌دا پارێزراون. ته‌نێ ته‌ماشای ئه‌وه‌ی، که پێی ده‌ڵێن"زمانانی نوورد"[2] بکه! ئایا سوێدی و نۆروێژی وه‌ک ئاسا هه‌ردوولایه‌نه هی
لێکتێگه‌یشتنن؟.
پۆلێن:
جوێکردنه‌وه‌ی
زاراوه کوردییه‌کان له
نێوان
چه‌ند به‌شێکدا تاڕاده‌یه‌ک خویایه، به‌ڵام به هۆی نه‌ناسراوی و که‌میی توێژینه‌وه له باره‌یانه‌وه،
هیچ جۆره پۆلێنێک تا ئێستا، ناکرێ به
بنجبڕ و ته‌واو بژمێردرێت. به‌شێوه‌یه‌کی
ئاسایی، جیاوازیی له‌نێوان زاراوه باکوورییه‌کان و زاراوه باشوورییه‌کاندا
(جاران ده‌شگوترا"ڕۆژاوایی" و "ڕۆژهه‌ڵاتی") یا
سه‌روو، ناوه‌ند و خواروودا، ده‌کرێ. گرنگترین سنوور له‌نێوان زاراوه باکوورییه‌کان
و زاراوه ناوه‌ند-باشوورییه‌کاندا، به‌شێوه‌یه‌کی زه‌ق له زه‌ریاچه‌ی ورمێ(له ئێران)وه ده‌ڕوا تا ده‌گاته ڕووباری زێی گه‌وره و به که‌نار
ئه‌و ڕووباره‌دا ده‌ڕوا تا
ده‌گاته دیجله (باشووری مووسڵ له عیراق). سنووری نێوان زاراوه‌کانی ناوه‌ند و
باشوور، وه‌ک ئاسایی ده‌که‌وێته
ده‌ڤه‌ره‌کانی باکووری کرماشان(له ئێران) تا
خانه‌قین و جه‌وه‌ڵ حه‌مرین(له عیراق). له ڕۆژاوای دیجله و باکووری زێی گه‌وره
و زه‌ریاچه‌ی ورمێ، واته له‌نێو کورده‌کانی باکووری ڕۆژاوای عیراق، سووریا، تورکیا
و یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت، زاراوه باکوورییه‌کان وه‌دی ده‌کرێن، که وه‌ک کورتکردنه‌وه
پێیان ده‌گوترێن کرمانجی(هه‌ندێ جاریش ته‌نانه‌ت کرمانجیی
سه‌روو).
ئه‌وانه بۆ نموونه زاراوه‌کانی دیاربه‌کر، بۆتان و شه‌نگار له باکووری ڕۆژاوا و
بایه‌زید
و بادینان له باکووری ڕۆژهه‌ڵات، ده‌گرنه‌وه. ئه‌و ده‌ڤه‌ره
له ڕووی دانیشتووان و جیۆگرافیاوه، گه‌وره‌ترین
ناوچه‌ی کورده. گرۆی زاراوه‌کانی ناوه‌ند، که ئه‌مڕۆ پتر زاراوه‌کانی
خواروویان پێ ده‌گوترێن، سۆرانی، موکری و زاراوه‌ی سلێمانی(پێته‌ختی کوردستانی عیراقی
ئێستا)[3]، نموونه‌گه‌لێکی
له‌به‌رچاویانن. به‌شێوه‌یه‌کی که‌متریش زاراوه‌کانی کرماشانی و له‌کی(له ئێران)
له‌نێو زاراوه باشوورییه‌کاندا ده‌ژمێردرێن. کورده‌کان خۆیان زاراوه‌ی فه‌یلی(لوڕی)ش
له‌نێو ئه‌وانه‌دا ده‌ژمێرن. گرۆ زاراوه‌یه‌کی دیکه‌ش، که
کورده‌کان
به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی زمانه‌وانه ئه‌وروپاییه‌کانه‌وه
به زاراوه‌گه‌لێکی کوردی ده‌ژمێرن، زاراوه‌گه‌لی
گۆرانی- هه‌ورامی له خوارووی ڕۆژهه‌ڵات(عیراق) و زازایی له باکووری ڕۆژهه‌ڵات (تورکیا)ن.
پارسی
میدی:
ئه‌م
هه‌موو زاراوانه بڕێک هاوبه‌شیی زمانه‌وانییان هه‌ن و وه‌ک ئاسایی ده‌برێنه‌وه
سه‌ر ئه‌و لقه‌ی، که
پێی
ده‌گوترێ "زمانانی ئێرانی باکووری ڕوژاوا" له خێزانی زمانه ئێرانییه‌کان. زمانانی
پێشووی ئێرانی باکووری ڕۆژاوا له مێژووی ئێران‌دا، پارسی (له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیی
پارس یا ئه‌رساسی 250 پ.ز- 225 ز) و پاشایه‌تیی
میدی(600 پ.ز- 500 پ.ز)، که ته‌نێ به چه‌ند ناوێکی که‌م
و چه‌ند وشه‌یه‌کی وه‌رگێڕاوه‌وه ناسراوه.
بێگومان باسی خزمایه‌تی و نێزیکایه‌تییه‌ک
له‌گه‌ڵ ئه‌م زمانه کۆنانه‌دا له‌لایه‌ن
کورده‌کانه‌وه هاتووه‌ته گۆڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی بانگاشه‌ی
به‌رده‌وامییه‌کی مێژوویی به‌ره‌ودواوه بکه‌ن و به‌ته‌واوی
خۆیان ببه‌ستنه‌وه به ده‌وڵه‌تی
میدیاوه، که ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ به‌ره‌به‌یانی مێژوو. هێشتا له ڕووی زمانه‌وانییه‌وه،
ئه‌م
پێوه‌نده زۆر دووره له ئاشکراییه‌وه. بۆ نموونه بۆ ئه‌و 1000 ساڵه‌ی، به‌سه‌ر
پێشکه‌وتنی زماندا له‌نێوان پارسی و کوردی‌دا تێپه‌ڕیوه، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک به‌ده‌سته‌وه نییه و چ شتێکیش کۆمه‌ک به‌وه
ناکات. به‌گشتییش زۆر سه‌خته پارسی به لق و به‌ری
میدی بژمێردرێت، و ئه‌گه‌ر پێوه‌ندێکی زۆر لاوازیش له‌نێوان میدی، که ئێمه هیچ زانیارییه‌کمان له‌باره‌یه‌وه
نییه و نایزانین و کوردی‌دا هه‌بێت، ئه‌وا گه‌وی ئه‌و پێوه‌نده، که 2000 ساڵێک ده‌بێت، ناته‌واوه.
دابه‌شکردنی
زمانانی ئێرانی نوێ و زاراوه‌کانیشیان، به‌سه‌ر
گرۆی باکووری ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوادا، کارێکی دڵنیاکار نییه. فارسیی نوێ، که به
گرنگترین زمانانی باشووری ڕۆژاوا ده‌ژمێردرێت، زۆر شتی
باکووری ڕۆژاوای تێدایه، و هه‌روه‌ها به‌لووچی،
که ئه‌مڕۆ له خواره‌وه
له باشووری ڕۆژهه‌ڵات قسه‌ی پێ ده‌کرێت، له کوردی پتر سیمای باکووری ڕۆژاوای پێوه‌یه.
کۆمه‌ڵێک
ئه‌لفبێ:
به‌گوێره‌ی په‌رتبوون و فره‌لایه‌نییه‌ک، که له زمانی کوردی‌دا وه‌دی ده‌کرێت، ڕاستییه‌ک دێته گۆڕێ و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که به
کۆمه‌ڵه ئه‌لفبێیه‌ک
بنووسرێت،
له‌وانه‌ش: عه‌ره‌بی، لاتینی و کریلیک (ڕووسی). ئه‌مه‌ش بێگومان به مێژووی فه‌رهه‌نگی
کوردی و باری سیاسی ئه‌مڕۆوه، گرێدراوه. کۆنترین ئه‌ده‌بی کوردیی نووسراو،
که پارێزرابێ و مابێته‌وه،
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی 1500 و1600 ـه‌کان
و به زاراوه‌یه‌کی باکوور(کرمانجی)،
که جزیری(ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ باژێڕی جزیره، که له‌و سه‌رده‌مه‌دا
پێته‌ختی میرنشینی به‌ناوبانگی کورد،
بۆتان بوو)یه. ئه‌م که‌ونه ئه‌ده‌به به زۆریی بریتییه له شیعری شاعیرانی وه‌ک مه‌لای جزیری،
فه‌قێ ته‌یران و چیرۆکه شیعرییه مه‌زنه‌که‌ی
ئه‌حمه‌دی خانی، مه‌م و زین، که
به شاکاری نه‌ته‌وه‌یی کورد ناوی ده‌رکردووه.
ئه‌م کارانه به
ئه‌لفبێی
عه‌ره‌بی نووسراون، به شێوه‌یه‌ک،
که زۆر له ڕێنووسی فارسیی نوێوه نێزیکه.
ئه‌و شاعیرانه به گشتی، شێوه و قانوونه‌کانی
شیعری عه‌ره‌بی- فارسی، پێڕۆ ده‌که‌ن. ئه‌م زمانه ئه‌ده‌بییه کوردییه له بنجوبناواندا
له‌سه‌ر زاراوه‌ی جزیره دانراوه، که به تێکچوونی میرنشینی
بۆتاندا تێپه‌ڕی و بوو به
زمانی نووسینی کورده‌کانی باکوور، ئه‌وه‌ی که
ئه‌مڕۆ
پێی ده‌ڵێن"کرمانجی"،
(هه‌رچه‌نده "کرمانجی"
له ڕاستیدا به شێوه‌یه‌کی گشتی
به واته‌ی کوردی دێت).
ڕووناکبیره کورده‌کان، که له کۆتایی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه،
له‌نێو چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا هه‌وڵیان داوه،
بۆ ژیاندنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردی، ئه‌و زمانی نووسینه‌یان به‌کار بردووه و به‌و زمانه‌ش یه‌که‌م ڕۆژنامه و گۆڤارگه‌لێکی
کوردی (کوردستان له قاهیره ساڵی 1898 و کورد له ئیستانبوول ساڵی 1907) ده‌رچوون.
دوای ئه‌وه‌ی که تورکیا له 1920
ـه‌کاندا، ئه‌لفبێی لاتینی بۆ زمانی تورکی هه‌ڵبژارد،
کورده‌کانیش له تورکیا ده‌ستیان کرد به به‌کار
بردنی ئه‌م ئه‌لفبێیه بۆ کرمانجییه‌که‌یان و تا
ئه‌مڕۆش - له‌و ماوه کورتانه‌ی، که بۆیان ڕه‌خساوه زمانی کوردی بۆ نووسین به‌کار
ببه‌ن- هه‌ر وا ده‌کرێت. کورده‌کان له یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت،
که زاراوه‌یه‌ک ده‌په‌یڤن له زاراوه‌ی ئه‌سڵیی
جزیره‌وه نێزیکه، به
شێوه‌یه‌کی
گشتی به هه‌مان زمان ده‌نووسن،
به‌ڵام له ساڵانی 1930 ـه‌کانه‌وه
به ئه‌لفبێی ڕووسی.
زاراوه‌ی
هه‌ورامی:
له
ناوه‌ڕاست و خوارووی کوردستان، ئه‌و زمانی نووسینه‌ی،که له‌سه‌ر زاراوه‌ی
جزیری دامه‌زرابوو، زۆر که‌م هێزی
بڵاوبوونه‌وه و گشتگریی و بره‌وی هه‌بوو. له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، له سه‌ره‌تادا، زاراوه‌ی
هه‌ورامی(به‌شێک له گۆرانی)، وه‌ک زمانی ئه‌ده‌بی پایه‌ی سه‌رده‌ستی وه‌رگرت. هه‌ورامی،
وه‌ک سه‌ره‌تای ئه‌ده‌بی جزیری، به ئه‌لفبێی
عه‌ره‌بی ده‌نووسرا. گرنگیی زاراوه‌ی هه‌ورامی وه‌ک زمانی نووسین، ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ جودابوونه‌وه‌ی ده‌سته و ته‌ریقه‌تێک به‌ناوی"ئه‌هلی
حه‌ق"[4] ، له
ئیسلام. ئه‌وان زمانی عه‌ره‌بییان وه‌ک
زمانی ئایین، وازلێهێنا و ئه‌و زاراوه‌یه‌ی زمانی کوردییه‌یان کرده زمانی ئایینی خۆیان.
دواتر هه‌ورامی بوو به زمانی نووسین،
له میرنشینی ئه‌رده‌ڵانی کورددا،
که سه‌ره‌تا شاره‌زوور(له
عیراقی ئێستا) و پاشان، دوای 1612، سنه(له ئێرانی ئێستا)ی هه‌بوو وه‌ک پێته‌ختی.
به‌وه‌دا بڕێک له ڕۆڵه گرنگه‌کانی ئایینه‌کان، له ناساندن و دیاریکردنی زمانی
نووسیندا، وه‌ده‌ر ده‌که‌وێت و مرۆڤ له‌وه‌ش تێده‌گا، که
زاڵبوونی
زمانی عه‌ره‌بی له‌نێو ئیسلامدا، به په‌یدابوونی
زمانی نووسینی ناوچه‌یی تۆڵه‌ی کراوه‌ته‌وه.
له
سلێمانییه‌وه بۆ سۆرانی:
له‌گه‌ڵ
تێکچوون و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی
میرنشینی ئه‌رده‌ڵاندا، زاراوه‌ی هه‌ورامی له ساڵه‌کانی
1800 ـه‌کاندا شوێنگه‌ی خۆی وه‌ک زمانی نووسین
له ده‌رێی خه‌ڵکانی سه‌ر به ئه‌هلی
حه‌ق، له‌ده‌ست دا. له ناوه‌ند و خوارووی کوردستان، به‌ره‌به‌ره زمانێکی نووسین،
که له سه‌ر
زاراوه‌کانی ناوه‌ڕاست دامه‌زرابوو، جێی ئه‌وی گرته‌وه. ئه‌وانه‌ی که
پێیان
ده‌گوترا میرانی بابان، له ساڵی 1784 ـه‌وه سلێمانییان کرده
پێته‌ختی فه‌رمانڕه‌واییه‌کی کوردی، که تاڕاده‌یه‌ک
سه‌ربه‌خۆیی خۆی تا نیوه‌ی ساڵانی
1800 ـه‌کان پاراستبوو. به کارتێکردنی زاراوه‌ی
گۆرانی و زاراوه‌ی شاره‌زوور، که زاراوه‌ی
بنه‌ڕه‌تیی بابانه‌کان بوو و زاراوه‌کانی دیکه‌ی ناوه‌ڕاست، له 1800 ـه‌کاندا زمانی نووسینی سلێمانی، که بوو به
ئامرازێکی
گرنگ بۆ ئه‌ده‌بی کوردی، چێ کرا. له سه‌رده‌می له‌نێوچوونی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و په‌یدابوونی
عیراقی نوێ‌دا، زاراوه‌ی سلێمانی بوو به
زمانی سه‌رده‌ستی نووسین، بۆ کورده‌کانی
عیراق و بوو به نیشانه‌یه‌کی گرنگی
ئه‌و نه‌ته‌وه‌خوازییه‌ی، که به خێرایی له‌گه‌ڵ خه‌باتی
کورده‌کاندا بۆ سه‌ربه‌خۆیی، بڵاو بووه‌وه.
له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی کورده‌کان له عیراق، له به‌کاربردنی زمانه‌که‌یان، له خوێندن و ئه‌ده‌بدا، ده‌رفه‌ت و بوارێکی باشتریان له کوردانی وڵاتانی هاوسێیان هه‌بووه، زاراوه‌ی سلێمانی
له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆماندا بووه به‌و زمانه
نووسینه کوردییه‌ی، که له
هه‌مووان زێتر به‌کار ده‌برێت. ئێستا وه‌ک ئاسایی پێی ده‌گوترێ "سۆرانی"
که له بناخه‌دا ناوی زاراوه‌یه‌ک بووه له
ده‌وروبه‌ری باژێڕی ڕه‌واندز. دوای کوودێتای 1958 ی
قاسم به‌تایبه‌ت، کورده‌کان له عیراقدا، هه‌لی گه‌شه‌پێدانی زمانی نووسینی خۆیانیان بۆ ڕه‌خسا، وه‌ک
نموونه به هۆی ده‌ستپێکردنی
خوێندنی بابه‌تی کوردناسی له زانستگه‌ی به‌غدا، ئیدی
زاراوه‌ی سۆرانیی سلێمانی، له‌ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی،
که گه‌لێک وشه و هێڵ
و سیمای زمانی له زاراوه نێزیکه‌کانه‌وه وه‌رگرت، که‌سیه‌تییه‌کی
گشتی وه‌رگرت و په‌یدا کرد. ئه‌م "سۆرانی"یه بوو به
زمانی فه‌رمیی گشت کورده‌کانی عیراق. ئه‌مه‌ش بۆ نموونه
له کتێبی خوێندنگه‌کان و وانه‌گوتنه‌وه‌دا به‌کار ده‌برێت. ساڵی 1968 زانستگه‌یه‌کی
کوردی له سلێمانی کرایه‌وه و فه‌رهه‌نگستانێکی کوردییش له ساڵی 1970دا دامه‌زرا
(له ساڵی 1978دا بوو به به‌شێک
له فه‌رهه‌نگستانی عیراق). سۆرانی، ئێستا
به ئه‌لفبێیه‌کی عه‌ره‌بیی
ده‌ستکاریکراو ده‌نووسرێت، که به پێچه‌وانه‌ی شێوه‌ی
ئاسایی به‌کاربردنی ئه‌و جۆره ئه‌لفبێیه، بۆ هه‌موو بزوێنه‌کان نیشانه‌ی تایبه‌ت
دانراوه. هه‌رچی وشه‌ی عه‌ره‌بییشه به‌گوێره‌ی فۆنه‌تیکی کوردی ده‌نووسرێته‌وه،
واته به‌گوێره‌ی شێوه‌ی ده‌ربڕین
و ده‌نگیی کوردی، نه‌ک به حینجه‌ی
عه‌ره‌بی. ئه‌مه‌ش له‌نێو ئه‌و ئه‌لفبێ عه‌ره‌بییه گونجێنراوانه‌ی، که له به‌شێکی زۆری جیهانی ئیسلامی‌دا هه‌ن، وه‌ک فارسیی نوێ و په‌شتۆ، که دوو زمانی ئێرانین، شتێکی نائاساییه. یه‌که‌م
نیشانه‌کانی ئه‌م ئه‌لفبێ کوردییه ده‌ستکاریکراوه، له ڕۆژنامه‌ی کوردستان، که له سه‌ره‌وه باس کرا، و له وه‌رگێڕانێکی
ئینجیل‌دا، که له ساڵی 1905دا کراوه، وه‌دی ده‌کرێت. ئیدی له ساڵانی 1930 ـه‌کان به‌ملاوه، گه‌شه‌ی پێ درا و به‌م شێوه‌یه‌ی
ئێستای له‌و بیرازه زمانه‌وانییه‌وه، که
پاش
ئه‌وه‌ی قاسم له 1958دا ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست، جێی خۆی گرت. ته‌نانه‌ت له ئێرانیش دوای ئه‌وه ئیدی ده‌ستکرا به به‌کاربردنی ئه‌م
ئه‌لفبێ عه‌ره‌بییه ده‌ستکاریکراوه. له‌وێ زمانێکی نووسین به‌کار ده‌برێت، که نێزیکی
سۆرانییه و له زاراوه‌ی موکرییه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات و له‌گه‌ڵ هه‌ندێک سرشتی زاراوه‌ی سلێمانیدا
تێکه‌ڵ ده‌کرێت. به‌ڵام له کات و ماوه‌ی
کورت‌دا، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می
ئه‌وه‌ی، که به
"کۆماری مه‌هاباد" ناو ده‌برێت له
ساڵانی 1945-1946دا، زمانی کوردی به‌شێوه‌یه‌کی
بڕێک فرإوان له ئێران پێی بڵاو کرایه‌وه.
ڕه‌وشی
ئه‌مڕۆی زمانی کوردی:
به شێوه‌یه‌کی زۆر له‌به‌رچاو
و دیار، ڕه‌وشی زمانی کوردی، به‌هۆی ئه‌و باره
سیاسییه‌وه،
که کۆمه‌ڵانێکی زۆری
کوردی ته‌نگاوی ئاواره‌یی کردووه، زێتر سه‌خت
و ئاڵۆز دێته به‌رچاو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پڕانی ئه‌و کورده ئاوارانه له ڕووی سیاسی
و فه‌رهه‌نگییه‌وه چالاکن، ژماره‌یه‌کی زۆری کتێب و گۆڤار به زمانی کوردی،
له گه‌لێک له وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژاوا و له‌نێو ئه‌وانیشدا له سکه‌ندیناڤیا، په‌خش
ده‌کرێنه‌وه. بێگومان له‌به‌ر هۆی پراکتیکی و نه‌ته‌وه‌یی، هه‌وڵدان و بۆچوونی له‌و
جۆره، که هه‌موو جۆره زمانه
نووسینه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کدا به‌کار ببرێن، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا ئه‌وانه له
زمانێکی ستانداردی کوردی‌دا یه‌ک خرێن، هه‌ن. به‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه من هه‌وڵمدا ئه‌وه پێشان بده‌م، که فراژووتنی زمانێکی
نووسینی له‌و جۆره، پرۆسێسێکه،زۆر
شت، هه‌م
ئه‌و شتگه‌له‌ی که پێوه‌ندیان
به زمانه‌وه هه‌یه،
و هه‌م ئه‌و شتگه‌له‌ی که پێوه‌ندیان به زمانه‌وه نییه،
ده‌گرێته‌وه. هه‌ر به‌کاربردنی سێ
جۆره ئه‌لفبێی جیاواز بۆخۆی، گیروگرفتی پراکتیکی دێنێته پێشه‌وه. ئه‌وه‌ی ئێستا
له‌به‌رچاوه ئه‌وه‌یه، که ڕه‌نگه
که‌س له‌نێو هیچ یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی، ئه‌و ئه‌لفبێ عه‌ره‌بی، لاتینی و کریلیکییه‌ی
تێدا به‌کار ده‌برێن، ئاماده‌ی ئه‌وه نه‌بێت، ده‌ستبه‌رداری ئه‌لفبێی تایبه‌تی خۆی
ببێت. هه‌روه‌ها پێکهاتن له‌سه‌ر یه‌ک ئه‌لفبێ،
له‌سه‌ر
حیسابی ئه‌وانی دیکه، له تاراوگه‌یش، کارێکی
سه‌خته، ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌کرده نه‌بێت. هه‌رچی جیاوازییه زمانه‌وانییه‌کانه، که
له‌نێوان هه‌ردوو زاراوه سه‌ره‌کییه‌کاندا، کرمانجی و سۆرانی، هه‌ن، ئه‌وانه ئه‌مڕۆ هێنده گه‌وره‌ن، که بێگومان بۆ نێزیککردنه‌وه‌یان له یه‌کدی،
کارێکی یه‌کجار دوورودرێژ و ئاگایانه‌ی ده‌وێت.
بۆ وه‌دیهێنانی شتێکی له‌و بابه‌ته، ده‌سه‌ڵاتێکی نێوه‌نده‌کی
پێویست
ده‌کات، که له سه‌رووی
به‌شبه‌شی و ده‌ڤه‌رده‌ڤه‌رییه‌وه بوه‌ستێ و بۆ
ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ به‌رده‌وامی و نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵکی هه‌بێت (یا ئامرازی
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌بێت، که
به‌رژه‌وه‌ندی
لایه‌ک به‌سه‌ر لایه‌کانی دیکه‌دا بدات). له کاتی نه‌بوونی وه‌ها
ده‌سه‌ڵاتێکدا، ڕه‌نگه له‌بارترین
ڕێگه ئه‌وه بێت، ئاگایانه هه‌وڵ
بدرێت بۆ تێگه‌یشتنێکی زێتر
له‌نێوان زاراوه‌کاندا، بۆ نموونه به‌هۆی ئه‌وه‌ی،
که ڕێگه به هه‌موو زاراوه جیاوازه‌کان
و شێوه‌کانی نووسین بدرێت، که پێکه‌وه
له چاپه‌مه‌نی، خوێندن و وانه‌گوتنه‌وه، شانۆ، په‌خشی
ڕادیۆ و شتگه‌لی دیکه‌دا، پێکڤه بڵاو ببنه‌وه
و پێشان بدرێن و ئه‌مه‌ش شتێکه، که بێگومان کورده‌کان بۆ خۆیان ده‌بێ خه‌ریکی
بن و هه‌وڵی بۆ بده‌ن.
ئێمه‌ی سکه‌ندیناڤیایی ئه‌گه‌ر "نووردیزم"ی
خۆمان
به مه‌به‌ست
و ئاگاییه‌وه ئه‌نجام
دابا، له‌وانه بوو ئێستا له‌باره‌ی
ئه‌م جۆره گونجاندنه فه‌رهه‌نگییانه‌وه پترمان زانیبا. که
حاڵ وه‌ک ئه‌مڕۆ بێت، ئه‌وا ئێمه له‌م باره‌وه هیچ شتێکمان نییه،خه‌ڵک لێمانه‌وه فێر بن.
وه‌رگێڕانی له سوێدییه‌وه: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
سه‌رچاوه:
*Utas, Bo, Kurdiska dialekter och skriftspråk, Svensk-kurdisk journal, 2, 1986,ss 8-10.
* پرۆفێسسۆر بوو ئویتاس، سه‌رۆکی به‌شی ئێرانناسییه، له ئه‌نیستیتووی زمانانی ئه‌فریقایی- ئاسیایی، له زانستگه‌ی ئوپسالا
له سوێد. ئه‌م گوتاره‌ش له به‌هاری 1987دا کراوه‌ته کوردی. (وه‌رگێڕ).
[3]
سلێمانی تا پێش ساڵی 1974 له ڕووی فه‌رهه‌نگیی و بزێوییه‌وه به پێته‌ختی کوردستانی عیراق داده‌نرا، به‌ڵام وه‌ک شار و گه‌وره‌یی و پێشکه‌وتن وئابووری، که‌رکووک پێته‌ختی کوردستانی عیراق بوو. تا ساڵانی 1950 و 1960کان، خه‌ڵکی سلێمانی، که
بچووایه‌ن بۆ که‌رکووک، ده‌یانگوت : ده‌چین بۆ شار. له ساڵی 1974 یشه‌وه ئیدی سلێمانی شوێنگه‌ی پێته‌ختیه‌تی کوردستانی عیراقی له‌ده‌ست دا و هه‌ولێر
ئه‌و ڕۆڵه‌ی هه‌ردوو سلێمانی و که‌رکووکیش ده‌بینێت. (وه‌رگێڕ).
[4] ئه‌هلی حه‌ق، یارسان و کاکه‌یی، سێ ناوی جیاوازن بۆ پێڕۆیانی
ئه‌و خه‌ڵکه‌ی سه‌ر به‌و ڕێبازه‌ن. پێڕۆیانی ئیسلام ئه‌و ئایینه به لادانێک له
ئیسلام ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م. به‌ڵام ئه‌وان خۆیان به ئایینێکی جیاواز له ئیسلام و
ئایینه‌کانی دیکه ده‌زانن. کتێبه پیرۆزه‌کانیان و کڵامه‌کانیان به زاراوه‌ی هه‌ورامی-
گۆرانیی کوردین. (وه‌رگێڕ).