گیروگرفتی ئه‌لفبێ و دیالێکت له زمانی کوردی‌دا
و چه‌ند سه‌رنجێک
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
پاییزی
1985، له یه‌کێک له کتێبخانه‌کانی شاری ستۆکهۆڵمدا، گۆڤاری "حۆیۆدۆ"م
به‌رچاوکه‌وت، که به زمانی عه‌ره‌بی، ئاشووری و سوێدی ده‌رده‌چێت. له‌وێدا و له
به‌شه عه‌ره‌بییه‌که‌یدا و له گوتارێکدا سه‌باره‌ت به کۆنگره‌ی یه‌کیه‌تیی
ئاشوورییان له سوێد، که پێشتر گیرابوو، ئاوها نووسرابوو:"بابه‌تی دووه‌م، که
کۆنگره گرنگییه‌کی تایبه‌تی پێدا، لێدوان و ده‌مه‌ته‌قه بوو له‌مه‌ڕ ئه‌و بڕیار
و ئاگادارییه‌ی، که ده‌سگای ده‌وڵه‌تیی کاروباری بیانییان له 1983دا ده‌ریکردبوو،
به دانانی ناوی نوێ بۆ زمانی سریانی، که به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌روه‌رده و فێرکردن
پێڕۆی کردووه و ده‌یه‌وێت ئه‌لفبێی سریانی بگۆڕێ بۆ ئه‌لفبێی لاتینی و وه‌ک هه‌نگاوی
یه‌که‌میش کتێبی "توخوقورنیا"، که تایبه‌ته بۆ فێرکردنی منداڵان له
چاپ درا. وه‌ک ئاشکرایشه، یه‌کیه‌تیی له کاتی خۆیدا به هه‌موو شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ
و ته‌قه‌لایه‌کی زۆری دا بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه و وه‌لانانی ئه‌و هه‌وڵ و کۆششه، که
ده‌کران بۆ لێدانی شوێنه‌واری ژیاری و زمانه پیرۆزه‌که‌مان. بۆ نموونه‌یش: پێوه‌ندکردن
له‌گه‌ڵ مامۆستایان و خێزانی منداڵاندا و ڕه‌فز و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی کتێبه‌که و گرتنی
پارێزه‌رێک بۆ شکاتکردن، له ده‌سگای ده‌وڵه‌تیی کاروباری بیانییان. کۆنگره هه‌ڵوێستی
ڕاست و نه‌گۆڕی خۆی نوێ و دووپات ده‌کاته‌وه، به‌رانبه‌ر به هه‌ر که‌سێک، که ڕێگه
به خۆی ده‌دات و ده‌یه‌وێت له پایه و ڕۆڵی زمان و که‌له‌پووره‌که‌مان له ژیاریی
مرۆڤایه‌تیدا که‌م بکاته‌وه و لێڵ و ته‌ماوی بکات و تێکبدات. ئێمه‌یش هاوار ده‌به‌ین
بۆ ئه‌و برا و هاوڕێیانه‌ی، که ڕه‌نگه پێشکه‌وتنی ژیاریی ئه‌وروپا، که ئێمه‌یش
ئینکاری ناکه‌ین، مه‌ستیان بکات، داوایان لێ ده‌که‌ین، له ڕووخاندنی گرنگترین پایه
و بنگه‌ی شوێنه‌وارماندا به‌شداری نه‌که‌ن و منداڵه‌کانمان له‌و تیپانه‌ی، که شوێنه‌وار
و بیری باوباپیرانی پێ نووسراونه‌ته‌وه – لێره‌شدا بوار که‌مه، له‌و ڕۆڵه مه‌زنه
بدوێین، که ئه‌م تیپه و ئه‌م زمانه له ژیاریی مرۆڤدا بینیویانه- بێ به‌ری بکه‌ن.
کۆنگره ناڕه‌زایی ده‌ربڕی و بڕیاری ڕه‌تکردنه‌وه و ڕه‌فزی کاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی
په‌روه‌رده و فێرکردنی دا و له سه‌ر داوای قانوونیی خۆیشی به‌رده‌وام ده‌بێت"[1]. ئه‌م
نووسینه‌م بۆیه به نموونه هێنایه‌وه، چونکه زمانی کوردی ماوه‌یه‌که دووچاری
تیپی لاتینی بووه و کوردێکی زۆر و زه‌و‌نده‌یش هه‌ن، به‌کاربردنی تیپی لاتینی به
چاره‌سه‌ر و ده‌رمانی هه‌موو گیروگرفت و ده‌رده‌کانی زمانی کوردی ده‌زانن، ده‌نا
منیش ئه‌وه ده‌زانم، که "مه‌سه‌له‌ی زمانی ستانداری کوردی (زمانی ئه‌ده‌بی ی
یه‌کگرتووی کوردی)، مه‌سه‌له‌یه‌که: له‌وه ئاڵۆزتر و پڕ گرێ و گۆڵتره که لێره‌دا(تاقه
وتارێک) بتوانێ لێ ی بکۆڵێته‌وه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌کانی بخاته‌ڕو و ده‌ستنیشانی هه‌ر
هه‌موو خاڵه‌کانی چاره‌سه‌رکردنی بکات.."[2]، به‌ڵام
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م تاقه گوتاره و گوتارێکی دیکه و یه‌کێکی دیش، ده‌بنه هۆی
کردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌ی موناقه‌شه و بیروڕاگۆڕینه‌وه و گه‌یشتن –به‌لایه‌نی که‌مه‌وه-
به هه‌ندێ ئه‌نجام و لێکتێگه‌یشتن و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی منیش له‌م باسه ئه‌لفبێی
کوردییه، که –به ڕه‌وشی ئێستایه‌وه- ئه‌وڕۆکه گه‌وره‌ترین و خه‌ته‌رترین گیروگرفتی
زمانی کوردی و فه‌رهه‌نگی کوردییه.
بۆ نه‌هێشتنی
نه‌خوێنده‌واری و بۆ ئه‌وه‌ی بیانی فێری کوردی بکه‌ن، تیپی لاتینی ده‌کرێته ده‌رمان
و چاره‌سه‌ر،"زمانی کوردی فێربوونی که‌مێک هاسانه و ئه‌گه‌ر پیتی لاتینی به‌کاربهێنرێ،
نه‌خوێنده‌واری زووتر له‌ناوده‌چێ وبێگانه‌ش زمانه‌که هاسانتر فێرده‌بێ"[3]. پێش
هه‌موو شتێک، زوو و دره‌نگیی له‌نێوچوونی خوێنده‌واری، چ پێوه‌ندێکی به ڕێنووس و
تیپه‌وه نییه. ئه‌و کاره –نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری- پێوه‌ندی به هۆشیاری و ده‌سه‌ڵات
و دڵسۆزی و خۆته‌رخانکردنه‌وه هه‌یه و به‌وانه وه‌دی دێت. ئه‌گه‌ر نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری،
نیاز و مه‌به‌ست نه‌بێت و نه‌بێته ئامانجێک، با تیپه‌که‌ش لاتینی بێت، ئه‌وه هه‌رگیز
کاره‌که هاسان ناکات و هیچیش له مه‌سه‌له‌که ناگۆڕێت. تورکیا، ئیسپانیا،
پورتوگال، یۆنان، ئه‌ڵمانیا و زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات و ته‌واوی ئه‌مه‌ریکای
لاتین(خواروو)، ئه‌مڕۆ به تیپی لاتینی ده‌نووسن. هیندوستان له ساڵی 1839 وه
زمانی ئینگلیزی، بووه به زمانی ڕه‌سمییان و پاکستانیش هه‌ر ئینگلیزی زمانی ڕه‌سمییه‌تی
و زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌فریقایش هه‌ر به زمانی ئینگلیزی یا فرانسه‌یی ده‌نووسن و ده‌خوێنن و زمانی ئینگلیزی
و فرانسه‌ییش به تیپی لاتینی ده‌نووسرێن، که‌چی هێشتا میلیۆنان نه‌خوێنده‌وار له‌و
وڵاتانه‌دا هه‌ن و نه‌خوێنده‌واری ده‌ردێکی کارییه له‌و ناوه و ئه‌گه‌ر به تیپ
بووایه، ده‌بوو نه‌خوێنده‌واری زۆر له‌مێژه
له‌نێوچووبا و ده‌بوو "سۆمال"یش، که تیپی لاتینی به‌کار ده‌به‌ن، مینا
ئینگلستان و سوێد، تاقه یه‌ک نه‌خوێنده‌واریشی نه‌بووایه. که‌واته تیپ چ ڕۆڵێک
له زووله‌نێوبردنی نه‌خوێنده‌واریدا نابینێت. هه‌رچی مه‌سه‌له‌ی فێربوونی بیانیشه،
خۆ ئه‌گه‌ر بیانییه‌ک بیه‌وێت زمانێک فێر بێت، ئه‌وا زۆر به هاسانی فێری ده‌بێت،
سا ئیدی تیپه‌که‌ی هه‌رچی بێت. هه‌زاران بیانی – به تایبه‌ت ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکایی-
هه‌ن، که عه‌ره‌بی، فارسی، هیندی، عیبری، چینی، ڕووسی و ده‌یان زمانی دیکه، که به تیپی لاتینیش
نانووسرێن، زۆرچاک ده‌زانن و به هاسانییش فێری بوون. مه‌سه‌له‌ی فێربوونی زمانی کوردی
له لایه‌ن بیانییه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گرنگیی کورد بۆ خۆی وه‌ک میلله‌ت و ڕۆڵی
کورد له پرۆسه و ڕووداوه ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهاندا.
له چاوی ئه‌وروپایی و ئه‌مه‌ریکاییشه‌وه به تایبه‌ت، ئابووری ڕۆڵ ده‌بینێت. ئایا
کورد چ گرنگییه‌کی ئابووری هه‌یه و له سیاسه‌تدا چ ده‌کات؟ پێموایه هه‌موومان وه‌رامی
ئه‌و پرسیاره‌مان پێ ده‌درێته‌وه و گرنگیی ئابووری و سیاسی کوردیش ده‌زانین، وه‌لێ
با ته‌ماشایه‌کی ده‌وروبه‌ری خۆمان بکه‌ین و با دوور نه‌ڕۆین، خۆ هاوسێیه‌کانی کورد،
عه‌ره‌ب و فارس - که کوردی عیراق و ئێران به تیپێک ده‌نووسن، که هه‌مان تیپی ئه‌وانه
به تۆزێک ده‌ستکارییه‌وه- تا چ ڕاده‌یه‌ک فێری کوردی بوون؟! من پێموایه هه‌رگیز
هێنده‌ی ژماره‌ی قامکه‌کانی ده‌ست، عه‌ره‌ب و فارس نابینینه‌وه، زمانی کوردی به
نووسین و خوێندنه‌وه بزانن. هه‌روه‌ها لایه‌نه‌که‌ی دی و هاوسێیه‌که‌ی دیکه‌شمان،
تورک، ئه‌وڕۆکه کوردی تورکیا ، تیپی لاتینی به‌کار ده‌به‌ن و تورکیش هه‌مان تیپ،
چ تورکێک هه‌یه کوردی به نووسین و خوێندنه‌وه بزانێت؟! لام وایه مه‌سه‌له‌که
هه‌رگیز کاری به سه‌ر تیپه‌وه نییه، به‌ڵکه به‌رژه‌وه‌ند و ڕۆڵی ئه‌و زمانه له
جیهاندا، کاره‌که ساغ ده‌کاته‌وه. بێجگه له لایه‌نی ئابووری و سیاسی، ئایینیش ڕۆڵێکی
مه‌زنی هه‌یه. خه‌ڵکێکی زۆر بۆ ناسین و تێگه‌یشتن له ئیسلام، خۆ فێری عه‌ره‌بی ده‌که‌ن
و قورئان ده‌خوێننه‌وه. بۆ تێگه‌یشتن له جووله‌که، چ وه‌ک ئایین و چ وه‌ک بیر و
سایکۆلۆژی، خه‌ڵک خۆ فێری عیبری ده‌که‌ن. بۆ تێگه‌یشتن له "باگاڤه‌گیتا"ی
کریشنا و ئایینی هیندۆیزم، خه‌ڵک خۆ فێری زمانی سانسکریت ده‌که‌ن و بۆ تێگه‌یشتن له
ئایینه کۆنه‌کانی ئێرانییش، خه‌ڵک خۆ فێری ئا‌ڤێستا و په‌هله‌وی ده‌که‌ن، به‌ڵام کورد
له‌و باره‌یه‌شه‌وه کڵۆڵه و خاوه‌نی ئه‌و جۆره شتانه نییه، هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه
بگوترێ، کوردیش نووسراوی ئایینی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، له‌فه‌ن "مسحه‌فی ڕه‌ش"
و "جلوه" و "سه‌ره‌نجام"، لێ ئه‌و نووسراوانه نه‌ک هه‌ر بیانی،
به‌ڵکه کورد بۆ خۆیشی نه‌یانیبینیوه و له نێو خه‌ڵکدا بلآو نه‌بوونه‌ته‌وه.
جاری وایش
هه‌یه خه‌ڵکی له‌به‌ر سیاسه‌ت و بۆ چوونه‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کۆمۆنیستییه‌وه، زمانی
چینی و ڕووسی فێر ده‌بن. من پێموانییه، فێربوونی عه‌ره‌بی و عیبری و سانسکریت و چینی
- بۆ ئه‌وروپاییه‌ک- به‌و تیپانه‌ی که هه‌یانه، هه‌رگیز له فێربوونی کوردی به‌م
تیپانه‌ی که هه‌یه‌تی، هاسانتر بێت، وه‌لێ سێکوچکه‌ی "ئابووری،سیاسی،ئایین"،
کاره‌که سه‌ختتر یا هاسانتر ده‌که‌ن.
جاری وا هه‌یه جوانی و ئاسان و ڕه‌واننووسین، ده‌کرێنه
بیانوو بۆ به‌کارهێنانی تیپی لاتینی "زمانی کوردی که یه‌کێکه له زمانه
ئاری یه نه‌ژاده‌کان و له بنچینه‌دا شان به‌شانی زمانه هه‌ره پێشکه‌وتووه‌کانی
ئاری یه‌کان ده‌وه‌ستێ، به‌تیپی لاتینی نه‌بێ، جوان و دروست و ئاسان و ڕه‌وان
نانووسرێت"[4]. ئه‌گه‌ر زمانی کوردی یه‌کێک
بێت له زمانه ئارییه‌کان و له نێو هه‌ره‌پێشکه‌وتووه‌کانی ئه‌وانیشدا بێت، چی
داوه به سه‌ر ئه‌وه‌ی به چ تیپێک بنووسرێت، جوان و ئاسان و دروست و ڕه‌وانه! خۆ
زمانی فارسییش له زمانه هه‌ره‌پێشکه‌وتووه‌کانی ئارییه و به تیپی غه‌یره‌لاتینیش
ده‌نووسرێت، که‌چێ زۆر جوان و دروست و ئاسان و ڕه‌وانیشه. ڕێنووسی کوردی گه‌لێک له
ڕێنووسی فارسی پێشکه‌وتووتریشه - به تایبه‌ت له ڕووی چاره‌سه‌رکردنی بزوێن(ڤاوڵ)
و لابردنی هه‌ندێک کۆنسونانت، که تایبه‌تن به زمانی عه‌ره‌بییه‌وه و هێشتا له
فارسی‌دا ماون- و فارسان هه‌رگیز گله‌یی له به‌ختی خۆیان ناکه‌ن و قایلن به‌و ڕێنووسه‌ی
خۆیان و هه‌ر به‌و ڕێنووسه‌ش، شاکاره‌کانی حافز(حافظ) و سه‌عدی و عه‌تتار(عطار) و ڕوومی
و فیردووسی و سه‌دان شاکار له بواره‌کانی هزر و فه‌لسه‌فه و مێژوو و هه‌موو جۆره
زانستێکدا نووسراون و ده‌نووسرێن و هه‌رگیز پێشموانییه، به‌ته‌مای گۆڕینی ئه‌لفبێیه‌که‌یان
بن!
بێجگه
له جوانی و دروستی و ڕه‌وانی، ئابووری و کاتیش، ده‌کرێنه بیانوو و داوا له عه‌ره‌بیش
ده‌کرێت، ئه‌لفبێی خۆیان بکه‌ن به لاتینی "جا ئه‌م جۆره نووسینه چ له‌ڕووی
ئابوورییه‌وه، چ له‌ڕووی کاته‌وه، چ له‌ڕووی ئه‌رکه‌وه، زۆر ده‌که‌وێته سه‌رمان.
به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێ هۆی زرنگ کاری و ئایینی که له‌ئارادان، ئێستاکه ناتوانین(ئه‌لفوبێ
ی کوردی) به‌لاتینی بنووسین، تا برا عه‌ره‌به‌کانیشمان ده‌که‌ونه سه‌ر ئه‌و بیروباوه‌ڕه
و جێ به‌جێ یشی ده‌که‌ن"[5]. مرۆڤ
له‌وه تێناگات، که بۆ ئه‌م جۆره ئه‌لفبێیه له ڕووی کات و ئه‌رکه‌وه زۆر ده‌که‌وێت
له سه‌رمان. ده‌بێ ئه‌و له‌سه‌رکه‌وتنه چ پێوه‌ندێکی به شێوه‌ی تیپه‌وه هه‌بێت!
خۆ ئه‌و تیپانه‌ی، کورد پێیان ده‌نووسێت"تیپی عه‌ره‌بی"، له تیپی چینی
و ژاپۆنی و ئه‌رمه‌نی و تیگرینی و ئاشووری و عیبری، سه‌ختتر نین. مه‌سه‌له‌ی
ئابووری و کات و ئه‌رکیش، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ له‌بارانه‌بوونی خۆمان و که‌سانێک، که
به چاپ و چاپه‌مه‌نییه‌وه خه‌ریکن و به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کییش بۆ ته‌کنۆلۆژیا.
هه‌رچی چاوه‌نۆڕیی ئه‌وه بین، که "براعه‌ره‌به‌کانمان" ئه‌لفبێی خۆیان بگۆڕن و بیکه‌ن به لاتینی، بۆ ئه‌وه‌ی
سه‌ختیی له سه‌ر ئێمه لابه‌ن و ڕێگه‌ش بۆ ئێمه خۆشکه‌ن و گرێدانی ئه‌و کاره‌ش به
هه‌ندێک هۆی زرنگکاری و ئایینییه‌وه، که ئێستا ڕێگه‌یان له زمانی کوردی گرتووه،
به لاتینی بنووسرێت، به‌لای منه‌وه بۆچوونێکی چه‌وت و نادروسته، چونکه پێش هه‌موو
شتێک، ئه‌و هۆ ئایینییانه‌ی، که "شاکیر فه‌تتاح" باسیان لێوه ده‌کات،
هۆگه‌لێکی هێنده پته‌و و قایم و قووڵن، که ته‌نێ به‌هۆی ئه‌وانه‌وه، عه‌ره‌ب زمان
و فه‌رهه‌نگ و بوونی خۆیان پاراستووه و سه‌رچاوه‌ی ئه‌وه‌ش قورئانه، که به‌و تیپانه‌یه.
عه‌ره‌ب ئه‌گه‌ر ئیسلامی لێ بستێندرێته‌وه، چی ده‌مێنێته‌وه؟ که‌واته ئه‌وه خه‌یاڵه
و چاوه‌نواڕیی ئه‌وه‌ش بێهووده‌ییه[6]. بۆ کوردیش
لام وایه ئه‌و هۆ ئایینییانه‌ی، که ئێستاکه له ئارادان، هه‌روا له ئارادا ده‌بن
و ڕه‌نگه به‌هێزتریش بن.
بیانوویه‌کی
دیکه بۆ به‌کارهێنانی تیپی لاتینی ئه‌وه‌یه، که تیپی کوردی(عه‌ره‌بی- فارسی ده‌ستکاریکراو)،
ته‌نێ بۆ دیالێکتی سلێمانی و سۆرانی ده‌ستده‌دات و لاتینییه‌که بۆ کرمانجی سه‌روو
چاکتره. سادیق به‌هائه‌ددین ئامێدی ده‌ڵێت: "ئه‌ڤ ڕێنڤیسینا نهول کار(ب کاردێت)
بێ گومان بزاڤ و کۆششی ژ بۆ هاتینه‌کرن کو زمانێ کوردی زاری سلێمانێی پێ بێته نڤیسین ب درستی. ژ به‌ر هندێ ژ ڕێنڤیسینا کوردی ب تیپێت
لاتینی کو کرمانجی ژ ده‌رڤه‌ی عیراقێ و ئیرانێ پێ تێته نڤیسین جودایه. ئه‌ڤ جودایه
ژی دڤێ چه‌ندی دایه کو زمانێ کوردی ب تێکڕایی پێ تێته نڤیسین، به‌روڤاژی ڕێنڤیسینا
ب تیپێت عه‌ره‌بی یا جهێ پێ ئاخاڤتنا مه. رامان و په‌ژن ئانکۆ مه‌به‌ست ژڤێ ده‌ست
نیشانکرنێ ژی ئه‌و نینه کانێ کی ژ هه‌ر دوو ڕێنڤیسینا باشتره...به‌لی رامان و په‌ژن
ژێ ئه‌ڤه‌یه زمانزانێت کورد ل عیراقێ ئه‌ڤ ڕێنڤیسینه بۆ زاری سلێمانێی ب تنێ یان
ژی سۆرانی دانایه کو پێ بێته نڤیسین؛ هه‌ر ژ به‌ر هندێ ژی چه‌ند لایێت کێم ب
هزرا من تێدا هه‌ن دێ ده‌ست نیشان که‌م کود کێمن..."[7]. ئه‌و
که‌مایه‌سییانه‌ش، که ئامێدی ده‌ستنیشانیان ده‌کات ئه‌مانه‌ن:
1. نه‌بوونی ده‌نگی(وی-û،ü) وه‌ک ئه‌وه‌ی،
له تورکی و ئه‌ڵمانیدا هه‌یه، بۆ نموونه: شێوه‌ی ده‌ربڕینی ئه‌م وشانه: سوور،
دوور، دوو، موو، توو، بوو، خه‌سوو،
خه‌زوور، گوو، تووتن، تووتی، تووڕک(تووتڕک)، هوون(ئێوه)، نووا(پێش)، لووت، تووتکه،
چوو و...، که له ده‌ڤه‌ری بادینان - نه‌ک هه‌مووی- و له دیالێکتی لوڕی و ده‌ڤه‌ری
کرماشان و ئیلام و خانه‌قین و له هه‌ندێک ناوچه‌ی گه‌رمێندا له خوارووی کوردستان
ده‌بنه: سویر، دویر، موی، توی، بوی، خه‌سوی، خه‌زویر، گوی، تویتن، تویتی، تویڕک،
هوین، نویا، لویت، تویتکه، چوی و...، که به تیپی کوردی(عه‌ره‌بی- فارسی ده‌ستکاریکراو)
نانووسرێن[8].
2. ده‌نگی (i)ی تیپی لاتینی، که به تیپی کوردی
نانووسرێت.
3.
ده‌نگی (ز) بۆ: به‌ز، په‌ز، زاڤا و...، که له هه‌ندێک ده‌ڤه‌ری بادینان به (ظ)
ده‌رده‌بڕدرێت. 4. ده‌نگی (ت) بۆ: تاڤ، تۆڤ، ته‌ڤ، تاری و...، که
له هه‌ندێک ناوچه‌ی بادینان و هه‌ندێک وشه له زاراوه‌ی سلێمانیدا، به (ط) ده‌رده‌بڕدرێت.
5. ده‌نگی (س) بۆ: ساڵ، ساڤا، ساماڵ، سوور و...،
که له هه‌ندێک ناوچه‌ی بادینان و هه‌ندێک وشه له زاراوه‌ی سلێمانیدا، به (ص)ده‌رده‌بڕدرێت[9].
ئامێدی، له هه‌مان گوتاردا ده‌ڵێ "بێ گومانه کو
زمانێ کوردی، هۆزان و چیروک و ڕێزمان ژی ژ که‌ڤندا ژ سه‌دی چارێ و پێنجێ مشه‌ختی هه‌ڤبه‌ری
ده‌هێ یازدێ زاینی وه‌ره کو ب عبدالصمد بابک یێ هه‌کاری یێ سالا (362)ێ مشه‌ختی هه‌ڤبه‌ری(1019-1020)
زاینی ژی هۆزان ب کوردی و عه‌ره‌بی ڤه‌هاندین ده‌ست پێ دکه‌ن ب زارێ کرمانجی و ب تیپێت
عه‌ره‌بی"[10]. هه‌روه‌ها له شوێنێکی دیکه‌دا
ده‌ڵێ:"ڕه‌نگه کرمانجی ژ زارێت کوردی یێت ژ زێڤه(پێشیێ) بیت کو روشه‌نبیری یا
کوردی پێ هاتبته نڤیسین، ل دوی شوینه‌وار و ده‌ستنڤیسێت کوردی یێت نه‌و د ده‌ستدا،
کو هۆزانێت هۆزانڤانێت کلاسیکی نه وه‌کی، عبدالصمد بابه‌کی، ته‌رموکی- ته‌ره‌ماخی،
جزیری، عه‌لی حه‌ریری و فه‌قێ ته‌یران، هتد. و چیرۆکێت ئه‌لکزه‌نده‌ر ژابایی سالا
(1860)ێ ل پترۆگرادی-لینینگرادێ چاپکرین، صرف و نحوا کوردی ته‌ره‌ماخی، مه‌م و زینا
سه‌یدایێ خانی، مه‌ولیدا باته‌یی و نهج الانام یا سێرتی. د سه‌رێ سه‌دێ بیستێ چه‌ند
کتێب له ستامبولێ وه‌کی مه‌م و زینێ چاپبون ب تیپێت عه‌ره‌بی"[11]. ئه‌گه‌ر-
وه‌ک ئامێدی- ده‌ڵێ ئه‌و هه‌موو شتانه به تیپی عه‌ره‌بی نووسرابن و دیالێکتی کرمانجی(ژووروو)
له پێش زاراوه‌کانی دیکه‌ی کوردی‌دا پێی نووسرابێت و ئه‌و تیپانه‌ش له سه‌ده‌ی ده‌یه‌می
زایینه‌وه پێیان نووسرابێت و پاشان گۆڕانکارییان به سه‌ردا هاتبێت، بۆ ده‌بێ ته‌نێ
بۆ دیالێکتی سلێمانی و سۆرانی بێت؟ ئه‌و تیپه لاتینییانه‌ی، ئه‌و باسیان ده‌کات، که
گوایه له ده‌ره‌وه‌ی عیراق و ئێران، کوردی‌یان پێ ده‌نووسرێن، ته‌نێ له ئه‌وروپا
به‌کار ده‌برێن و له کوردستاندا نین. بێجگه له‌وه‌ش به‌شێک له‌و کرمانجه‌ش - کوردی
سۆڤیێت - که ئه‌و ده‌یڵێت، ئه‌و تیپانه نازانێت، به‌ڵکه به تیپی کریلیک ده‌نووسێت.
ئه‌و ده‌نگانه‌ی ئامێدی به که‌مایه‌سی داده‌نێت و له ئه‌لفبێی کوردی (عه‌ره‌بی- فارسی
ده‌ستکاریکراو)دا به‌کار ده‌برێن، به‌رهه‌می پرۆسێسێکی دووروودرێژه و له ئه‌نجامدا
وای لێ هاتووه. ده‌نگی(وێ-û،ü )، که هه‌ندێک
ناوچه‌ی بادینان و لوڕ و زه‌نگاباد و چه‌ند ده‌ڤه‌رێکی گه‌رمێن به‌کاری دێنن، هه‌موو
کورد به‌کاری ناهێنێت، منیش پێموایه هه‌بوونی باشه و ده‌بوو تیپێکی بۆ دانرابا،
به‌ڵام که نییه و دانه‌نراوه، لوڕێک و زه‌نگابادییه‌ک و گه‌رمێنییه‌کیش ناتوانن
به تیپی کوردی(عه‌ره‌بی- فارسی ده‌ستکاریکراو) و به دیالێکتی خۆیان ئه‌و ده‌نگه
بنووسن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان قایلن به‌وه‌ی، که نییه و نانووسرێت و وه‌ک خه‌ڵکه‌که‌ی
دیکه ده‌نووسن و ڕه‌خنه‌ش ناگرن. له هه‌مان کاتدا ئه‌و ده‌نگه له‌و تیپه لاتینییانه‌ی،
که ئه‌وڕۆکه کوردیش به‌کاریان دێنێت، نییه. ده‌نگی (ظ، ط، ص) عه‌ره‌بین و ته‌نانه‌ت
فارسیش، که به‌کاریان ده‌به‌ن، وه‌ک کورد ده‌یانکه‌نه (ز، ت، س)، هه‌رچه‌نده ئه‌وان
- فارس- ده‌یاننووسن، وه‌لێ وه‌ک عه‌ره‌ب نایانخوێننه‌وه، ئیدی ئه‌گه‌ر به ته‌نێ
له ئامێدی وا بگوترێ، خۆ هه‌موو کورد وا ناڵێت. ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره بێت، خۆ ده‌بێ
کوردێکی هه‌ورامییش داوای ئه‌وه بکات، که ده‌نگی (ث، ذ)، که له هه‌ورامیدا هه‌ن
و زۆریش به‌کار ده‌برێن و له ڕێنووسی کوردی ئه‌مڕۆدا بوونه‌ته (س، ز) - فارسیش ده‌نووسن
(ث، ذ)، به‌ڵام به(س، ز) ده‌یخوێننه‌وه- بنووسرێن.
کوردگه‌لێک که به دیالێکتی گۆرانی - دملی( زازایی) لێ
ده‌رچێت- و لوڕی گفتوگۆ ده‌که‌ن، ئه‌مڕۆ هه‌ر به‌و ڕێنووس و زمانه ئه‌ده‌بییه یه‌کگرتووه‌ی
کوردستانی عیراق و ئێران ده‌نووسن و که‌سیش لاریی له‌وه نه‌بووه[12]. ئامێدی
له شوێنێکی دیکه‌دا ده‌نووسێت:"بێ گومانه کو کرمانجی ب درستی ب تیپێت عه‌ره‌بی
ناهێته نڤیسین؛ گروڤ ژی ئه‌مه‌یه، زانایێت عه‌ره‌ب ب خو له سه‌ر وێ باوه‌ڕێ نه
کو زمانێ عه‌ره‌بی یێ ئه‌ڤه چه‌ند هزار ساله پێ نڤیسی، هێژ فینکاراکه‌ن ب لاتینی
بنڤیسن. ژبه‌ر هندی ئه‌ز ل سه‌رڤێ بیروباوه‌ڕێ مه کو زمانی کوردی نه‌مازه کرمانجی
ب تیپێت لاتینی نه‌بیت ب راستی ده‌نگێت وی ناهێته نڤیسین ب تیپێت عه‌ره‌بی"[13]. ئامێدییش
- وه‌ک شاکیر فه‌تتاح- ده‌یه‌وێت عه‌ره‌بیش خوا لێیان تێکدات و واز له تیپه‌کانی
خۆیان بهێنن و ڕێنووسی لاتینی هه‌ڵبژێرن. جا که وای لێهات، گه‌لۆ ده‌نگی(ێ، ح، ڕ،
ص، ض، ط، ظ، ع....) چۆن به لاتینی ده‌نووسرێن! خۆ هه‌ر ئه‌و ده‌نگانه‌ش، که له
ئه‌لفبێی کوردی (عه‌ره‌بی- فارسی ده‌ستکاریکراو)دا نانووسرێن و ئامێدی به کێماسی
و که‌لێنیان داده‌نێت، وه‌ک(وی-û،ü، ط، ظ، ص) له‌و
تیپه لاتینییانه‌شدا، که ئه‌و به‌لایه‌وه په‌سه‌ندن و له ئه‌وروپا کوردی(کرمانجی
ژووروو)یان پێ ده‌نووسرێت، نین. ئه‌مڕۆ که شیعری مه‌لای جزیری و خانی و نالی و ته‌نانه‌ت
گۆرانیش، ده‌کرێنه تیپی لاتینی، ناته‌واوییه‌ک و که‌لێنێکی زۆر گه‌وره وه‌پێش دێت،
ئه‌ویش نه‌بوونی ئه‌و تیپانه‌یه، که له عه‌ره‌بیدا هه‌ن و له لاتینیدا نین. ئه‌و
دیارده‌یه به زۆری له شیعری کلاسیک‌دا وه‌پێش دێت. بێجگه له‌وانه‌ش، تیپی(ح،
ع)، که له ئه‌لفبێی کوردی(عه‌ره‌بی- فارسی ده‌سکاریکراو)دا هه‌ن، له لاتینییه‌که‌دا
ده‌بنه(E,H)، که له‌گه‌ڵ(هێ، ئه/ ه)دا
چ جیاوازییان نییه. ده‌نگی(ڵ، ڕ)، که له کرمانجی خواروودا هه‌ن، له لاتینییه‌کدا
نانووسرێن. ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب - وه‌ک ئامێدی پێشنیاز ده‌کات- تیپ بگۆڕن و بیکه‌ن به
لاتینی، که ئه‌مه عه‌قڵ ناتوانێت قه‌بووڵی بکات و کارێکی یه‌کجار خراپیشه، ده‌بێ
قورئان، که بنگه و بناخه‌ی زمانی عه‌ره‌بییه، چۆن بکه‌ن به لاتینی! ئه‌گه‌ر مرۆڤ
زۆر شاره‌زا و گه‌لێک کونجکاوی و ورد نه‌بێت، ناتوانێت به ڕێکوپێکی و بێ هه‌ڵه
قورئان - به‌و تیپانه‌ی ئێستایشی- بخوێنێته‌وه. جا ئه‌گه‌ر کرا، به‌و لاتینییه‌ی
ئامێدی، ئه‌وا چ جیاوازییه‌ک له نێوان(رحمن) و (ڕه‌همان) و (رحیم) و (ڕه‌هیم) و (عبس)
و (ئه‌ببه‌سه) و (واﻟﻀﺤﻰ) و (وه‌ززوها)و... دا نامێنێت و ئه‌وده‌مه‌ش قورئان له
قورئانیه‌تی ده‌که‌وێت و ده‌بێته شتێکی دیکه.
بۆ ئێمه‌ی
کورد دانانی تیپی (ز) له بری(ذ، ز، ض، ظ) و دانانی (س) له بری(ث، س، ص) و دانانی(ت)
له بری(ت، ط)، که له عه‌ره‌بیدا هه‌ن، بارێکی گه‌وره و گرانمان له سه‌ر شان
لاده‌بات و ده‌بێ نه‌مانی ئه‌و ده‌نگانه و کردنیان به یه‌ک ده‌نگ، به پێشکه‌وتن
و سه‌رکه‌وتن بده‌ینه قه‌ڵه‌م، چونکه"ئێمه ئه‌گه‌ر بێت‌و بۆ هه‌موو ده‌نگێکی
شێوه جیاجیاکانی زمانی کوردی پیتێکی تایبه‌تی دابنێین، کاتێک ده‌زانین پیته‌کانی ڕێنووسی
زمانی کوردی ده‌بن به (سه‌د) پیت و بگره زیاتریش، که ئه‌مه‌ش کارێکی ناپه‌سه‌نده
و نه‌شیاوه، چونکه ئێمه که نه‌توانین له پیته‌کانی ڕێنووسی کوردی که‌م بکه‌ینه‌وه
بۆچی زیادیان بکه‌ین به دووقات"[14]. عومه‌ر
عه‌بدوڕڕه‌حیم، باس له ئه‌لفبێی کوردیی عیراق و ئێران ده‌کات، لێ ئه‌گه‌ر به‌و شێوه
بکرێت، که ئامێدی ده‌یه‌وێت، ئه‌لفبێیه‌که به دڵی خه‌ڵکی ئامێدی بێت و (ط، ظ، ص) و ئه‌وانه بگێڕدرێنه‌وه بۆ ئه‌لفبێی کوردی(عه‌ره‌بی-
فارسی ده‌ستکاریکراو)، ئه‌وا ده‌بێ(ث، ذ)یشی بۆ زیاد بکه‌ین، چونکه له هه‌ورامان
به‌کار ده‌برێن و له‌به‌ر خاتری خه‌ڵکی هه‌ولێریش، هه‌رچی (ڵ)ه، بکرێن به (ر)،
"دووکه‌ڵ" و "ماڵ" و "گوڵ"، بکرێن به "دووکه‌ر"
و "مار" و "گور"، له‌به‌ر سلێمانییانیش هه‌رچی (ه‌ند، ه‌ن)، بکرێن
به (نگ) و (س، ت)یش، له "سه‌د"
و "تایه" و "سه‌گ"دا، بکرێن به (صه‌د، طایه، صه‌گ) و له‌به‌ر
موکریان و ئه‌و ناوه‌ش، هه‌رچی (ر) بکرێن به (ڕ)، "شه‌راب" بکرێت به
"شه‌ڕاب" و "فرانسه" بکرێت به "فڕانسه" و
"پرۆسێس" بکرێت به "پڕۆسێس"، ئیدی بۆ ئێمه ئه‌و حه‌له، مه‌سه‌له‌که
وه‌ک ئه‌وه‌ی لێ دێت، که عومه‌ر عه‌بدوڕڕه‌حیم باسی ده‌کات. ئه‌گه‌ر نه‌بوونی ئه‌و
تیپانه - وه‌ک ئامێدی ده‌یڵێت- که‌موکووڕی بێت و زیادکردنیان پێویست بێت، ئه‌وا نه‌ک
هه‌ر له ئه‌لفبێیه(عه‌ره‌بی- فارسی ده‌ستکاریکراو)ه‌که‌دا وایه، به‌ڵکه له‌و ئه‌لفبێیه
لاتینییه‌که‌یشدا، که کوردی کوردستانی تورکیا و سووریایش به‌کاری ده‌به‌ن، له‌وێشدا
هه‌ر وایه. که ئاوهایش بێت، ئیدی چۆن کرمانجی به تیپی لاتینی ڕێکوپێک نانووسرێت!
ئامێدی زۆرجاران ئه‌وه دووپات ده‌کاته‌وه و سووره له سه‌ری، که دیالێکتی کرمانجی
ژووروو، به‌لاتینی باش ده‌نووسرێت و به ڕای ئه‌و ئه‌لفبێی کوردیی عیراق و ئێران،
هه‌ر بۆ زاری سلێمانی و سۆرانی دانراوه. ئه‌و ده‌ڵێت:"به‌لێ زمانێ کوردی کو
زمانه‌کی هندوئورپی یه ب تیپێت عه‌ره‌بی نه‌مازه زارێ کرمانجی ناهێته نڤیسین ب
درستی و هویبوین(فێربوین) ژی ب ساناهی ناهێته ده‌ست..."[15]. ئه‌گه‌ر
به وردی و ڕه‌خنه‌گرانه بنۆڕینه نووسینه‌کانی ئامێدی، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که
ئه‌و ڕێک و ڕه‌وان بڕوای به‌وه هه‌بووه، که ته‌نێ دیالێکتی کرمانجی ژووروو به
تیپی لاتینی بنووسرێت، چونکه ئه‌م ئه‌لفبێ کوردییه‌ی که هه‌یه -به ڕای ئه‌و- هه‌ر
بۆ زاری سلێمانی دانراوه. به قسه‌ی ئه‌و زاری سلێمانی یا سۆرانی پێویستی به لاتینی
نییه. زۆر باشه، بۆ ئه‌مه‌یان ئێمه‌ش له‌گه‌ڵیداین، به‌لآم نه‌ک زاری سلێمانی و
سۆرانی، به‌ڵکه کرمانجی ژووروویش پێویستی به لاتینی نییه. ئه‌و ڕایانه‌ی ئامێدی
نه‌ک هه‌ر خزمه‌تی مه‌سه‌له‌ی یه‌کگرتنی زمانی ئه‌ده‌بیی کوردی و یه‌کیه‌تیی کورد
ناکه‌ن، به‌ڵکه پتر ڕێگه‌ی دوورکه‌وتنه‌وه و جیاوازی خۆش ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر - حاڵ
وه‌ک ئێستا بێت- کرمانجی سه‌روو به تیپی لاتینی بنووسرێت و کرمانجی خواروو به تیپی
عه‌ره‌بی و کرمانجی سۆڤیێت به تیپی کریلیک و دملی (زازایی) به دیالێکتی خۆیان
بنووسن، ڕه‌نگه سبه‌ینێش هه‌ورامی یا لوڕ یا هه‌ر دیالێکتێکی دیکه‌ی کوردی، ئه‌لفبێی
چینی، په‌هله‌وی یا عیبری هه‌ڵبژێرن بۆ نووسین، ئه‌وجا ده‌بێ کورد چی به‌سه‌ر بێت،
به لای که‌مه‌وه ده‌بێته چوار پێنج میلله‌ت و هه‌ر که‌چه‌دیالێکتێکیش له زمانی
کوردی‌دا ده‌بێته زمانێکی سه‌ربه‌خۆ[16].
سه‌باره‌ت
به‌وه‌ی - وه‌ک ئامێدی ده‌ڵێ- که کوردیی زمانێکی هیندوئوروپییه و ب تیپێت عه‌ره‌بی
نه‌مازه زارێ کرمانجی ناهێته نڤیسین، ده‌کرێ بگوترێ، که :"ئێمه سه‌رده‌مێکمان
به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی ئه‌وه‌ی داوای به لاتینی نووسینی کوردیی نه‌کردبایه له‌لایه‌ن
زۆر که‌سه‌وه به زۆڵه کورد و کۆزمۆپۆلیت و شتی وا دائه‌نرا، وه‌ک بڵێی گه‌لی کورد
یه‌کێک بێ له گه‌له لاتینی یه‌کان. ئه‌و هه‌موو گۆڕانه سیاسی یانه‌ی به‌سه‌ر وڵاته‌که‌ماندا
هاتن، کارێکی ئه‌وتویان کرد زۆر که‌س چاو به‌هه‌ڵوێستی خۆیدا بگێڕێته‌وه و ڕه‌خنه‌یه‌ک
له‌خۆی بگرێ"[17]. ڕاسته
کوردیی زمانێکی هیندو-ئه‌وروپاییه، لێ مه‌رج نییه هه‌موو زمانێکی هیندو- ئه‌وروپایی
به تیپی لاتینی بنووسرێت. فارسیی، که یه‌کێکه له سێکوچکه‌ی"عه‌ره‌بی،
فارسی، تورکی"، زمانانی جیهانی ئیسلامی و ڕۆژهه‌ڵات و زمانێکی هه‌ره پێشکه‌وتوو
و ده‌وڵه‌مه‌ندیشه، زمانێکی هیندو- ئه‌وروپاییه و به تیپی لاتینییش نانووسرێت،
به‌ڵکه به تیپی عه‌ره‌بی ده‌نووسرێت. زمانی تورکی تا ئه‌و تیپه لاتینییانه‌ی ئه‌تاتۆرک
نه‌سه‌پێنرا، به ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی ده‌نووسرا. زمانی ئوردوو، ئێستاش به ئه‌لفبێی
عه‌ره‌بی ده‌نووسرێت. ئه‌و ئه‌لفبێیه کوردی - عه‌ره‌بی ده‌ستکاریکراوانه‌ی، که ئێستا
له عیراق و ئێران زمانی کوردی‌یان پێ ده‌نووسرێت و ته‌واوی گه‌نجینه‌ی فه‌رهه‌نگ و
هزری کوردی پێ نووسراونه‌ته‌وه، گه‌لێک بیراز کراون و گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا
هاتووه، له ده‌سپێکی به کوردی نووسیندا، شه‌ش حه‌فت سه‌ده‌یه‌ک پاش هاتنی ئیسلام،
وه‌ک ئێستای ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی و فارسی بووه. واته: کورد توانیویه‌تی له ماوه‌ی
شه‌ش حه‌فت سه‌ده‌یه‌کدا، ئه‌لفبێ عه‌ره‌بی- فارسییه‌که، له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندێتی
زمانی کوردی‌دا بگونجێنێت[18]. ئه‌لفبێ
و زمان دوو شتی جیاوازن. ئه‌لفبێ نیشانه و هێمایه‌که بۆ ئه‌و ده‌نگانه‌ی، که له
زماندا دێنه ده‌راندن. ئه‌و نیشانه و هێمایانه‌ش،که ناوی ئه‌لفبێیان لێ ده‌نرێن،
مرۆڤ بۆ خۆی دروستیان ده‌کات و دایان ده‌نێت و له سه‌ریان پێکدێت و ڕێکده‌که‌وێت.
ئه‌گه‌ر زمان تایبه‌ت بێت به گه‌لێک یا کۆمه‌ڵه مرۆڤێک، که پێی ده‌په‌یڤن و له‌یه‌کتر
تێده‌گه‌ن و مۆرک و موڵک و ناسنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، ئه‌وا ئه‌لفبێ ئه‌و
تایبه‌تمه‌ندییه‌ی نییه. هه‌موو ئه‌لفبێیه‌ک ده‌توانێت، ده‌ربڕی هه‌موو جۆره
زمانێک بێت و هه‌موو جۆره ده‌نگێک بده‌رێنێت و مرۆڤیش هه‌ر کاتێک ویستی و به پێویستی
زانی، ده‌توانێت بۆ هه‌ر ده‌نگێک، هێمایه‌ک چێ بکات. ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌لفبێیه‌ک، تایبه‌ت
بێت به دیالێکتێکه‌وه، وه‌ک ئامێدی ده‌یه‌وێت، بێجگه له کوتکوتکردنی زمانی کوردی
و جوێکردنه‌وه زێتر هیچی دیکه نییه، وه‌ک ئێستا به چاوی خۆمان ده‌یبینین، ئه‌وه‌ش
به‌رهه‌می کۆششی سه‌یدا ئامێدی و که‌سانی دیکه‌ی هاوبیری ئه‌ون. ڕێنووس، وه‌ک مه‌سعوود
موحه‌ممه‌د ده‌ڵێت: "ده‌فری نووسین و خوێندن و ڕۆشنبیرییه و هه‌ر ته‌قه‌ڵێکی
هه‌ڵوه‌شێته‌وه که‌لێن ده‌دا بۆ فره‌وان بوونی مه‌ودای له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا و نه‌گونجانی
نووسه‌ران. میلله‌تێک هێندی کورد پێویستی به یه‌کیه‌تی هه‌بێت ناشێ خوێنده‌واره‌کانی
له هه‌وه‌ڵ هه‌نگاوی خامه‌گیرییانه‌وه، که ڕێنووسه، له‌یه‌کدی بترازێن. ئێمه که
له‌سه‌ر چۆنیه‌تی نووسینی(که‌ره‌باب)ی به‌ری سۆران و (ئه‌فه‌نگی) به‌ری بابان پێک
نه‌یه‌ین چۆن له ئاست شته ژیوه‌ریه گرنگه‌کان تێک ده‌گه‌ین"[19]. پێموایه
گیروگرفتی که‌ره‌باب و ئه‌فه‌نگی، نێوان به‌ری سۆران و به‌ری بابان و گیروگرفته‌کانی
دیکه‌ش له نێوان زاراوه کوردییه‌کاندا، که به تیپی عه‌ره‌بی ده‌نووسن، ئیدی چ
سۆران و موکریان و گه‌رمیان و سلێمانی بێت یا لوڕ و هه‌ورامی، تا ڕاده‌یه‌ک چاره‌سه‌ر
بوون و هه‌موو به‌و ئه‌لفبێ و ڕێنووسه‌ی، که له کوردستانی عیراق و ئێران‌دا هه‌یه،
قایلن و په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن، به‌ڵام گیروگرفته‌که له نێوان ته‌واوی ئه‌و دیالێکتانه‌ی،
که به تیپی عه‌ره‌بی ده‌نووسن و کرمانجی ژووروودایه، که به تیپی لاتینی ده‌نووسرێت.
بێجگه له‌وه‌ش
ئه‌و دیالێکتانه‌ی، که به تیپی عه‌ره‌بی ده‌نووسن هه‌موو له ده‌وری دیالێکتی سلێمانی
"که جێی خۆیه‌تی ببێته بنه‌مای نووسینی ئه‌ده‌بی کوردی. ئه‌وه‌نده لایه‌نی
به‌هێز و جوان و ڕاست و ڕه‌سه‌نی تێدا هه‌یه، که پێویستی به سه‌پاندنی شتی ناڕه‌سه‌ن
نه‌بێت. خزمه‌تی شێوه نووسینی ئه‌ده‌بی و شێوه‌ی ئاخاوتنی سلێمانی خۆیشی له‌وه‌دایه،
که هه‌ر وشه و ته‌عبیر و داڕشتنێکی کوردی له ڕه‌سه‌نایه‌تی و ڕاست بووندا به‌سه‌ر
هی دیکه‌دا که‌وته‌وه ئه‌ویان قبووڵ بکرێ نه‌ک جوانی و ئاورینگی له‌هجه‌ی بنه‌مای
ئه‌ده‌بی شه‌فاعه‌ت بکه‌ن بۆ ئه‌و به‌کارهێنانه‌ی نادروستن و له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌سه‌ر
هه‌موو زمانه‌که‌یدا بسه‌پێنێ"[20] کۆبوونه‌ته‌وه
و به‌و "زمانه ئه‌ده‌بی یه یه‌کگرتووه‌ی کوردی که له سه‌رده‌می بابانه‌کانه‌وه،(نالی)ی مه‌زن و هاوکاره‌کانی
کردیان به‌زمانی شیعر و ئه‌ده‌بیاتی کوردی و ڕۆڵێکی سه‌ره‌کیان له‌گه‌شه پێ کردن
و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی دا بووه.."[21] ده‌نووسن،
چونکه "ناتوانین بڵێین ئێستاکه کورد پتر له زمانێکی ئه‌ده‌بی یه‌کگرتووی هه‌یه.
چونکه ئه‌م زمانه ئه‌ده‌بییه له ده‌وری بابانه‌وه تا ئێستا هه‌ر زمانی ئه‌ده‌بی
ناوچه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کوردستانه و، له ساڵی(1922)ه‌وه تاکو ئه‌مڕۆ زمانی خوێندن
و نووسینی به‌شێکی زۆری ئه‌و ناوچه‌یه‌یه. هه‌ر له‌و کاته‌دا شێوه زمانێکی تر
نابینین که له ده‌وری بابانه‌وه تا ئێستا به‌و شێوه فراوانه و به‌و به‌رده‌وامی
یه زمانی ئه‌ده‌بیاتی بێت"[22]. ئه‌گه‌ر
ماڵجیایی نه‌کرابا و هه‌موو کورد له ده‌وری ئه‌و ڕێنووس و زاراوه‌یه کۆ بووایه‌وه،
بێگومان گه‌وره‌ترین و دژوارترین گیروگرفتی نه‌ته‌وه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کرا و ڕێگه‌ی
یه‌کگرتن و یه‌کیه‌تی خاک و نه‌ته‌وه‌که، هاسانتر و کورت‌تر ده‌کرایه‌وه، چونکه
"ئه‌و ڕێگایه‌ی که بنچینه‌ی زمانی ئه‌ده‌بی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه له دیالێکتێک
یا له به‌شه دیالێکتێکی زیندووی زمانه‌وه وه‌رده‌گرێت، بۆ کورد له هه‌موو ڕێگایه‌کی
تر دروستتر و گونجاوتره، به مه‌رجێ به وشه‌ی جوان و پته‌وی دیالێکته‌کانی دیکه
موتوربه بکرێت"[23]. هه‌ژاری
موکریانییش له سه‌ر ئه‌و ڕایه‌یه، که تیپی لاتینی تیماری ده‌ردی کورد ده‌کات و
ده‌ڵێت:"پیته‌کانی که ئه‌مڕۆ پێ ی ده‌نووسین که پاشماوه‌ی خه‌تی ئارامی چه‌ندین
هه‌زار ساڵه‌یه هه‌رچه‌نده ئێمه به ئیعراب به حروفه‌وه ده‌ینووسین و له عه‌ره‌ب
و فارس وارد و باشتر و هاسانترمان کردوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچاری نه‌بێ ئه‌به‌د به‌کاری
کوردی نووسین نایه. چاکترین خه‌ت بۆ کوردی نووسین ئه‌و خه‌ت و ئه‌لف و بایه که
ئێستا له کوردستانی تورکیا باوه...له‌ڕاستی دا لاتینی نه‌بێ بۆ کوردی له‌نووسینی
بێ گرێ و گۆڵ به‌مراد ناگه‌ین"[24]. زۆرم
پێ سه‌یره، کوردیزانێکی وه‌ک هه‌ژاری موکریانی،
به‌و شێوه‌یه بنواڕێته مه‌سه‌له‌که. ئێمه که ڕێنووسی کوردیمان له عه‌ره‌ب و
فارس وارد و باشتر و هاسانتر کردبێت، ئیدی بۆ ده‌بێ هه‌ر به ناته‌واو و خراپی
بزانین له کاتێکدا، که عه‌ره‌بی زمانی پتر له بیست ده‌وڵه‌ت و نێزیکه‌ی چه‌ندسه‌د
میلێۆنێک مرۆڤ و زمانی قورئانیشه، که زمانی ئیسلامه و ئایینی چواریه‌کی هه‌موو
دانیشتووانی سه‌ر گۆی زه‌وییه. فارسییش زمانی ده‌وڵه‌تێکی مه‌زن و کۆنی سێ چوار هه‌زار
ساڵه‌یه و زمانی ئه‌ده‌بیی چه‌ندین گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاته. بێجگه
له‌وانه‌ش هه‌م عه‌ره‌بی هه‌میش فارسی، دوو زمانی ئه‌ده‌بیی هه‌ره‌پێشکه‌وتوون و له
نێو ئه‌ده‌بی مرۆڤایه‌تیدا گه‌لێک دیارن و گه‌لێکیشیان خزمه‌ت به فه‌رهه‌نگی مرۆڤایه‌تی
کردووه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی کورددا، ئه‌وان زۆرزۆر له نوواوه(پێشه‌وه)ن
و ئێمه به‌واندا نه‌گه‌یشتووین و وا به هاسانییش ناگه‌ین. که ئه‌وان به‌و حاڵه‌ی
خۆیانه‌وه، به‌و ئه‌لفبێیه ڕازی بن - به مه‌رجێکیش توانستی گۆڕینیان هه‌بێ، به‌ڵام
هه‌رگیز هه‌ڵه‌ی وا ناکه‌ن- ئیدی بۆ ده‌بێ خۆمان به نه‌خۆش بزانین و لاتینی تیماری
ده‌رده‌کانی ئێمه بکات و ئه‌لفبێیه‌که‌ی خۆمان پڕبێت له گرێ و گۆڵ!
هه‌ندێک
پێیان وایه، که به تیپی لاتینی نه‌بێت، زانین له نێو میلله‌تی کورددا ناچێته
سه‌ر و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منداڵی کورد له تورکیا به تیپی لاتینی ڕاهاتوون و ڕادێن،
ئیدی لاتینی چاکه. سادق به‌هائه‌ددین ئامێدی ده‌ڵێت: "به‌لاڤکرنا زانینێ ژی
بۆ مله‌تێت وه‌کی مله‌تێ کورد ب ڕێکا نڤیسینا زمانی کوردی ب تیپێت لاتینی نه‌بت
ناچته سه‌ری؛ ژبه‌ر کو نڤیسینا زمانێ کوردی ب تیپێت لاتینی زویتر و باشتر ب ده‌ستڤه‌تێت،
چکو ده‌نگ یا فۆنێم د زمانئ کوردی ی دا ب تیپێت عه‌ره‌بی ناهێته نڤیسین و زارۆکێت
کورد ژی ل تورکیای ب تیپێت لاتینی دخوینن و دنڤیسن، نه‌شێن کتێبێت کوردی یان ڕۆژنامه
و کۆڤارێت ب تیپێت عه‌ره‌بی تێنه نڤیسین بخوینن. هه‌که هات و وه‌کی به‌رێ ب تیپێت
عه‌ره‌بی هاتنه نڤیسین وێ روشنبیرێت کورد ب درستی بێ به‌هره بن خاسما ناڤی(کورد)
ئینان له تورکیا له‌سه‌ر دچیت. هه‌ر ژبه‌ر هندێ ژی به‌هه‌شتی ئه‌لفابێ یا ڕاست
دانایی ژینێ گوهی نێزیکی ئه‌لفبێیا تورکی کر داکو کوردێت تورکی بخوینن تێ بگه‌هن.
هه‌ر ژبه‌ر هندێ یه ژی کوردێت تورکی ژ چاپه‌مه‌نی یێت کوردی له عێراقێ زربه‌هرن"[25]. پێموایه
ئه‌گه‌ر خه‌ڵک له بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاری بن و ئه‌وه‌یان لا مه‌به‌ست و گرنگ بێت،
ئه‌وا به تیپی بزمارییش بێت، ده‌توانن بڵاوی بکه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر به‌راوردێکی وه‌ک
یه‌ک و دوولایه‌نی و هاوتا بگرینه‌به‌رچاو، پێموانییه میلله‌تانێک، که به تیپی
غه‌یره‌لاتینی ده‌نووسن، له میلله‌تانێک، که به تیپی لاتینی ده‌نووسن، که‌متر
زانیاری و هزر و فه‌رهه‌نگ بڵاو بکه‌نه‌وه. ئه‌و مه‌سه‌له به ڕاده‌ی خوێنده‌واری
و پێشکه‌وتنی هه‌ر میلله‌تێکه‌وه به‌نده و چۆنیه‌تی تیپه‌که هیچ ڕۆڵێک له‌و باره‌وه
نابینێت. ئاگایی و هۆشیاربوونه‌وه و پێشکه‌وتن چ پێوه‌ندێکی به ئه‌لفبێ و تیپه‌وه
نییه. که زارۆکی کوردی تورکیا ناتوانن کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی کوردیی عیراق
بخوێننه‌و،ه له سه‌رێکه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، که به تیپی کوردیی عیراق ڕانه‌هاتوون
و نایزانن و له سه‌رێکی دیکه‌یشه‌وه، ئه‌وان هه‌ر له زاراوه‌که‌یش تێناگه‌ن. ئه‌مه
بێجگه له‌وه‌ی، که ئه‌و کتێب و ڕۆژنامه و گۆڤاره کوردییانه‌ی کوردستانی عیراق،
به هۆی سنوور و سیاسه‌تی تورکیا و عیراقه‌وه، هه‌ر ناگه‌نه ئه‌وان. منداڵی کوردی
تورکیا، نه‌ک هه‌ر بڵاوکراوه و نووسینی کوردستانی عیراقی به تیپی عه‌ره‌بی
نووسراو ناخوێننه‌وه، به‌ڵکه به خوێندنه‌وه‌ی
کوردیی لاتینییش هه‌ر ڕانه‌هاتوون، چونکه ئه‌وان به کوردی ناخوێنن و زمانی خوێندنیان
ته‌نێ تورکییه. ئه‌و کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامه کوردییانه‌ی، که به تیپی لاتینی ده‌نووسرێن،
له ئه‌وروپا و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان ده‌رده‌چن و به ده‌گمه‌نیش ناگه‌نه‌وه کوردستان.
واته: زارۆکی کوردی تورکیا مه‌گه‌ر له ئه‌وروپا- ئه‌ویش ئه‌گه‌ر زۆر به ته‌نگییه‌وه
بن- فێری زمانی کوردی ببن. سادق به‌هائه‌ددین ئامێدی، ئه‌وه‌ی له بیر کردووه، که
ئه‌و نووسینه کوردییه لاتینییه، بۆ کوردی عیراق و ئێران، هه‌مان شێوه‌ی کوردییه‌کی
ئێران و عیراقه بۆ کوردی تورکیا، ئه‌وانیش نه‌ده‌یزانن و نه ده‌گاته ده‌ستیشیان.
هه‌روه‌ها هه‌ردوو شێوه نووسینه کوردییه‌که‌ی عیراق- ئێران و تورکیا- سووریا، بۆ
کوردی سۆڤیێت نامۆن و لێی نازانن، خۆ کوردییه کریلیکییه‌که‌ی ئه‌وانیش بۆ سه‌رتاپای
کوردستان، نامۆیه و که‌س سه‌ری لێ ده‌رناکات.
بڕیاری یه‌کلایه‌نه
و بێ سێودوولێکردن و بێ ڕاوێژکردن به خه‌ڵک، زۆرجاران بڕیارێکی سه‌رکه‌وتوو نابێت.
هی وا هه‌یه له خۆیه‌وه وای بڕیارداوه، که تیپی لاتینی ببێت به ئه‌لفبێی
زمانی کوردی. شاهین سۆره‌کلی ده‌ڵێت: "یه‌ک ژ گاڤێن، کویێ ب کاربه ڕۆڵه‌ک گه‌وره
بۆ یه‌که‌تییا گه‌لێ کورد بلیزه، یه‌ککرنا نڤیسا زمانی کوردی یه. ئاڤێتنا ڤێ گاڤێ
ل به‌رچاڤێن هنان، ب تایبه‌تی ل به‌رچاڤێن ه‌ن هه‌ڤوه‌لاتێن مه‌ێین سۆران، ژ ده‌رکه‌تنا
سه‌ر هیڤێ دژوارتر بوویه.."[26]. لام
وایه هه‌موو کوردێک له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌ی سۆره‌کلیدایه، که یه‌کخستنی ڕێنووسی کوردی
و به‌کاربردنی یه‌ک ئه‌لفبێ، هه‌نگاوێکه ڕۆڵێکی مه‌زن ده‌بینێت له یه‌کیه‌تی گه‌لی
کورددا و که‌س لاریی له‌وه نییه، وه‌لێ که له‌به‌رچاوی هه‌ندێ هاووڵاتیانی سۆران
له چوونه بان مانگ دژوارتره، ئه‌مه‌یان جێی خۆی نییه، چونکه ئه‌گه‌ر مرۆڤ تیپی
لاتینی کرده بنگه و بنه‌ما و ڕاستییه‌ک و چ موناقه‌شه‌ی له سه‌ر نه‌کرێت، ئه‌وه
حه‌تمه‌ن مه‌سه‌له‌که وه‌ک سۆره‌کلی ده‌یڵێت، وا ده‌شکێته‌وه، به‌ڵام بۆ ده‌بێ تیپی
لاتینی بکرێته بناخه و بنگه بۆ ئه‌لفبێی کوردی! لام وایه ئه‌گه‌ر بشگوترێ، که
هه‌ر ده‌بێ ئه‌لفبێی(عه‌ره‌بی- فارسی ده‌ستکاریکراو) بکرێته ئه‌لفبێی هه‌موو کورد،
ئه‌وده‌مه هه‌ڤوه‌لاتیێن مه‌یێن کرمانجیش به‌لایانه‌وه له سه‌رکه‌وتنه سه‌ر مه‌ریخ
دژوارتره. له هه‌مان گوتاردا سۆره‌کلی داوا له پارتییه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات
و باشووری کوردستان ده‌کات، که کۆمیته‌یه‌ک ساز بکه‌ن بۆ وه‌ی "به‌یعه‌ت"
به تیپی لاتینی بدرێت و بیکه‌ن به ئه‌لفبێی زمانی کوردی. جارێ پێشه‌کی که‌نگێ
پارتییه سیاسییه‌کانی کوردستان ئاره‌زووی کاری فه‌رهه‌نگی و زمانه‌وانی و جڤاکییان
هه‌بووه و هه‌یه و چی لێ ده‌زانن! ئه‌وان ده‌یان ساڵه و تا ئێستاش له سه‌ر
ئامانج و ئاوات و خواسته‌کانی، نه‌ک هه‌ر گه‌لی کورد به‌ڵکه هی خۆیشیان، له سه‌ر
دروشمه‌کان و ده‌ستنیشانکردنی دۆست و دوژمنی خۆیان و له سه‌ر واتا و یه‌کاڵاکردنه‌وه‌ی
هێندێک ده‌ربڕینی سه‌ره‌تایی، وه‌ک ئۆتۆنۆمی، ئۆتۆنۆمی ڕاسته‌قینه، خودموختاری،
مافی چاره‌نووس، سه‌ربه‌خۆیی، دیکتاتۆری، فاشی، شۆڤینی، چه‌پ و ڕاست و...پێک نه‌هاتوون
و لێیان تێکه‌ڵ ده‌بن و ده‌شێوێن. ئه‌وان تا ئێستاش 75%ی نووسین و بڵاوکراوه‌کانیان
به عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی ده‌نووسن و بڵاوده‌که‌نه‌وه و دوا زمان، که بیری لێ
ده‌که‌نه‌وه کوردییه، ئیدی ده‌بێ چه‌ند تامه‌زرۆی زمان و نووسینی کوردی بن!
پاشان وا کۆمیته‌یان ساز کرد و به‌یعه‌تیشیان دا، ده‌بێ له چ قوژبنێکی کوردستاندا
بتوانن ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێ بکه‌ن و بیخه‌نه‌گه‌ڕ، چونکه ئه‌سڵه‌ن ئه‌وان هیچ شوێنێکیان
به ده‌سته‌وه نییه و ئه‌گه‌ر هێنده‌ی ساجێکیش خاکیان به ده‌سته‌وه بێت، ئه‌زه‌لی
و ئه‌به‌دی نییه و قابیلی گۆڕان و له‌ده‌ستچوونه.
سۆره‌کلی،
ئه‌لفبێیه‌که‌ی گۆڤاری "هاوار" ده‌کاته پێوه‌ر و داواش ده‌کات، که"دده‌ستپێکی
ده ب زاراڤێن زازاکی (دنبلی)، سۆرانی و کورمانجی وه‌رن وه‌شاندن و به‌لاڤ کرن.."[27]. به‌و
سێ زاراوه‌یه‌ی، که سۆره‌کلی ناویان ده‌بات، له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا نووسینی کوردی
بڵاو ده‌بێته‌وه. زاراوه سۆرانییه‌که وه‌ک زاراوه و ئه‌لفبێش، له‌و دوو زاراوه‌که‌ی
دی جوێیه، به‌ڵام کرمانجی ژووروو بۆ خۆی، که به سێ ئه‌لفبێی جیاواز، عه‌ره‌بی،
لاتینی و کریلیک ده‌نووسرێت و ماوه‌ی په‌نجا شێست ساڵێکیشه به‌و شێوه‌یه ڕوویشتووه،
و تا لاتینی و کریلیک په‌یدا نه‌بووبوون، ئه‌لفبێ عه‌ره‌بییه‌که هه‌موو زمانی کوردی
گرتبووه خۆی و پێی ده‌نووسرایه‌وه، وه‌لێ له‌وه‌تی ئه‌و دوو جۆره تیپه‌ی دیکه
هاتوونه‌ته مه‌یدانه‌وه، ئایا وا ڕوویداوه، که هه‌ر کرمانجی ژووروو بۆ خۆی به
یه‌ک ئه‌لفبێ بنووسرێت؟ یا هه‌وڵی ئه‌وه دراوه یا کاره‌که بۆ خۆی به‌ره‌و ئه‌وه
چووه، که ببێته یه‌ک ئه‌لفبێ؟ نه‌خێر هه‌رگیز...!! به‌هه‌رحاڵ پێموایه کاره‌که
نه به "هه‌ر ده‌بێ" و نه به "ئه‌لفبێی هاوار" و نه به
"پارتییه سیاسییه‌کان"یش مه‌یسه‌ر ده‌بێت! ئه‌گه‌ر چاوه‌نۆڕی پارتییه
سیاسییه‌کان بین مه‌سه‌له‌ی زمانمان بۆ چاره‌سه‌ر بکه‌ن، پێموایه به‌بێ زمان و بێ
ئه‌لفبێ سه‌رده‌نێینه‌وه. ئه‌وان با پێشتر چاره‌سه‌ری چه‌وتیی و هه‌ڵه و په‌ڵه‌ی
ده‌یان ساڵه‌ی سیاسه‌تی خۆیان بکه‌ن.
بۆ شاره‌زاییه‌کی باشتر و تێگه‌یشتنێکی زێتر له
ڕێنووسی کوردی، وا چاکه ئاوڕێک له مێژووی ڕێنووسی زمانی کوردی بده‌ینه‌وه. له کتێبی
"زمانی یه‌کگرتووی کوردی"دا، جه‌مال نه‌به‌ز، له‌باره‌ی ڕێنووسی زمانی کوردییه‌وه
به دوورودرێژی ده‌دوێت و قۆناغه‌کانی پێشکه‌وتن و گۆڕانی ڕێنووسیش باس ده‌کات. نه‌به‌ز،
له‌مه‌ڕ مێژووی به‌کوردی نووسینه‌وه ده‌ڵێت:"هه‌رچه‌نده به‌داخه‌وه نازانرێ
له که‌یه‌وه به کوردی ده‌نووسرێ، به‌ڵام ئاشکرایه؛ پاش ئه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام
له کوردستاندا بێخی داکوتا، کورده‌کانیش وه‌ک فارسه‌کان، ده‌ستیان کرد به به‌کارهێنانی
ئه‌لف و بێی عه‌ره‌بی بۆ نووسینی زمانه‌که‌یان. هه‌رچه‌نده ئه‌و به‌ڵگانه‌ی، تا ئێسته
له چه‌ند سه‌د ساڵێک تێپه‌ڕ نابێ، به‌ڵام ئه‌ز له‌و باوه‌ڕه‌دام که مێژووی نووسینی
کوردی گه‌لێک له‌و تێکستانه کۆنتره که پێمان گه‌یشتوون"[28]. به‌مه‌دا
تێده‌گه‌ین، که له‌گه‌ڵ هاتنی ئیسلامدا بۆ کوردستان، ئیدی کوردیش ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی
بۆ نووسین به‌کار بردووه. ڕه‌نگه پێش ئیسلامیش، کورد هه‌ر ئه‌و ئه‌لفبێیه‌ی، که
فارس به‌کاری بردووه، ئه‌ویش به‌کاری بردبێت، چونکه به گشتیی زمانی ده‌سه‌ڵات
و خه‌ڵکی فه‌رمانڕه‌وا - ئیدی هه‌رکه‌سێک
بووبێت- زمانی نووسین بووه. ئه‌و گریمانه‌یه‌ش کاتێک ده‌سه‌لمێت، ئه‌گه‌ر ئه‌سڵه‌ن
به کوردی شت نووسرابێته‌وه، که من بۆ خۆم بڕوا ناکه‌م. سه‌باره‌ت به هاتنی ئیسلامیش
بۆ کوردستان، نه‌به‌ز ده‌ڵێت:"ئایینی ئیسلام له ده‌وروبه‌ری 639ی زایندا هاته
کوردستانه‌وه، به ماوه‌یه‌کی که‌م ئایینی زه‌رده‌شتی ی له هه‌موو کوردستان و هه‌موو
ئێران‌دا له‌نێوبرد و کتێبه پیرۆزه‌که‌ی که قورئانه و به عه‌ره‌بی نووسراوه‌ته‌وه
به ته‌واوی جێی ئاڤێستای گرته‌وه. کورده‌کان هه‌رچه‌نده له سه‌ره‌تاوه به‌ربه‌ره‌کانی
ئه‌م ئایینه‌شیان کرد، به‌ڵام له ئه‌نجامدا و له‌به‌ر گه‌لێک هۆ به‌زۆری بوونه
موسوڵمان و ده‌ستیانکرد به‌خزمه‌ت کردنی ئایینی ئیسلام و زمانی عه‌ره‌بی"[29]. که‌واته
ئه‌گه‌ر کورد له پێش ئیسلامدا نووسینێکی بووبێت، ئه‌وا نه‌ماوه‌ته‌وه بۆ ئێستا و
ته‌نانه‌ت نووسینه‌کانی پێش هاتنی ئیسلامیش - وه‌ک نه‌به‌ز ده‌ڵێت- هه‌ر هی چه‌ند
سه‌ده‌یه‌کی له به‌رده‌ستدایه، به‌ڵام ئه‌وه ڕوونه، که ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی له
دوای هاتنی ئیسلامه‌وه بۆ کوردستان، بووه به ئه‌لفبێی کوردیش. هه‌رچه‌نده بێجگه
له تیپی عه‌ره‌بی"که‌مه‌یه‌کی که‌می ئه‌و نووسینانه به خه‌تی سریانی و که‌متریش
له‌وه به خه‌تی ئه‌رمه‌نی نووسراونه‌ته‌وه"[30]، واته:
تا ئه‌و کاته سێ ئه‌لفبێ بۆ نووسینی کوردی له ئارادا هه‌بوون، عه‌ره‌بی، سریانی
و ئه‌رمه‌نی. بێجگه له‌وانه‌ش وا پێده‌چێت زمانی کوردی به ئه‌لفبێیه‌کی دیکه‌ش
نووسرابێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌لفبێی "ئێزدی"یه، که پرۆفیسۆر قه‌ناتێ کوردۆ،
له گوتارێکیدا له‌و باره‌یه‌وه به دووروودرێژی و تێروته‌سه‌لی باسی لێوه ده‌کات
و وێنه‌یه‌کی ئه‌لفبێیه‌که‌یشی له‌وێدا بڵاو کردووه‌ته‌وه[31]. دوکتۆر
حوسه‌ین ڕه‌هبه‌ر، له‌مه‌ڕ ئه‌و ئه‌لفبێیه‌وه ده‌ڵێت:"پرۆفیسۆر قه‌ناتێ کوردۆ،
ڕاستییه‌کی دیرۆکی پێشاندده له به‌ندا (ل بابه‌ت نڤیسکار، زمان و ئه‌لفابێ یا
پرتووکێت ئێزدییان) و به‌ڵگه‌یێن به‌رچاڤ نیشاندکه، کو ئه‌لفابێ یه‌که کوردی سه‌ربخۆ،
نه‌ته‌وه‌ییه، نه نه‌ستووریی یه و نه جهووکی یه. لێ پێویسته بێ گۆتن، کو ئه‌لفابێ
دبن ئیتاعه‌تا بنکه و ڕێبازا عه‌ره‌بی دا هاتی یه ڕێک و پێک کرنێ. ئه‌و ئه‌لفابێ
یا کوردی ب ته‌مامی یا خو ڤا ژ ئه‌لفابێ یا عه‌ربی جیاوازتره"[32]. جه‌مال
نه‌به‌زیش له‌مه‌ڕ ئه‌و ئه‌لفبێ ئێزدییه‌وه ده‌ڵێت:"ئه‌لف و بێی ی ئیزدی ئه‌و
ئه‌لف و بێ یه یه که هه‌دوو کتێبه پیرۆزه‌که‌ی ئێزدی یه‌کان به‌وه نووسراوه‌ته‌وه،
واتا(مه‌سحه‌ف ڕه‌ش) و (کتێبی جه‌لوه). هه‌رچه‌نده نازانرێ که‌ی ئه‌م ئه‌لف و بێ
یه دانراوه؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشکرایه ئه‌وه‌یه که ئه‌و که‌سه‌ی دایناوه شاره‌زایی
یه‌کی ته‌واوی له ئه‌لف و بێ ی عه‌ره‌بیش و فارسیشدا بووه"[33]. که
ئه‌لفبێی ئێزدی - وه‌ک کوردۆ و نه‌به‌ز باسی ده‌که‌ن- له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌لفبێی
عه‌ره‌بی و فارسی‌دا بووبێت، ده‌کاته ئه‌وه‌ی، که ئه‌و ئه‌لفبێیه‌ش هه‌ر دوای
هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان چێ کراوه، چونکه ئێزدییه‌کانیش، که کوردن و هه‌ر له کوردستاندا
بوون، ئه‌وانیش به هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان، شاره‌زای ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی بوون، ده‌نا
خۆ پێشتر ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی له کوردستاندا نه‌بووه. تا ئێره ژماره‌ی ئه‌لفبێی کوردی
ده‌گاته چوار: عه‌ره‌بی، سریانی، ئه‌رمه‌نی و ئێزدی.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای په‌یدابوونی ئه‌لفبێی
عه‌ره‌بی، که کورد و فارسیش له پاش هاتنی ئیسلامه‌وه، به‌کاری ده‌به‌ن، ئه‌وا ده‌بینین،
ده‌وروبه‌ری دووهه‌زار ساڵێک پێش زایین، فینیقییه‌کان، ئه‌لفبێیه‌کیان به‌کار
بردووه، که له ڕاسته‌وه بۆ چه‌پ پێیان نووسیوه و له‌و ڕێنووسه‌وه ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی
و گرێکی و لاتینی گه‌شه‌یان کردووه. ته‌نانه‌ت گرێکییه‌کان، که له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه
فێری نووسین بوون، هه‌ر له ڕاسته‌وه بۆ چه‌پ ده‌یاننووسی تا دووسه‌د ساڵێک پاش
زایین و ئیدی له‌و ده‌مه‌وه ورده‌ورده به‌ره‌و ئه‌وه چوون، که له چه‌په‌وه بۆ
ڕاست بنووسن، ئه‌ویش ڕه‌نگه به هۆی ئه‌وه‌وه بێت، وه‌ک "دۆناڵد باکسسۆن"،
له کتێبی "مێژووی هونه‌ری نووسین Skrivkonstens
historia "دا ده‌ڵێت، که ئه‌گه‌ر وه‌ک عه‌ره‌ب
له لای ڕاسته‌وه بۆ چه‌پ بنووسرێت، ئه‌وه ده‌بێته هۆی شاردنه‌وه‌ی وشه‌کان له
پشتی ده‌سته‌وه و جێنه‌هێشتنی چۆڵایی به ڕێکوپێکی له نێوان وشه‌کاندا، لێ له
لای چه‌په‌وه نووسین ئه‌و ده‌رفه‌ته ده‌ڕه‌خسێنێت، ئه‌وجا ڕه‌نگه گرێکییه‌کانیش
له‌به‌ر ئه‌وه له‌چه‌په‌وه بۆ ڕاست نووسینیان هه‌ڵبژاردبێت[34]. بێگومان
کوردیش ئه‌لفبێ عه‌ره‌بییه‌کی وه‌رگرتووه، به‌ڵام پاشان تێکه‌ڵ به فارسی کراوه
و پاش کۆمه‌ڵێک ده‌ستکاری و گۆڕانکاری، گه‌یشتووه‌ته ئه‌مه‌ی، که ئێستا له
ئارادایه. مه‌سه‌له‌که له‌وه‌دا نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکه تیپی لاتینییش هاته
ئاراوه، که ئه‌ویش به چه‌ند قۆناخێکدا تێپه‌ڕیوه و گه‌یشتووه‌ته ئه‌مه‌ی، که
ئه‌وڕۆ هه‌یه.
له پاش یه‌که‌م
جه‌نگی جیهانییه‌وه، له لایه‌ن "مێجه‌ر سۆن"ه‌وه، هه‌وڵی دانانی ئه‌لفبێیه‌کی
لاتینی دراوه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌لفبێیه بڵاو نه‌بووه‌ته‌وه. له ساڵی 1930دا،
زانای ئه‌رمه‌نی"ئیسحاق مۆرگۆڵۆڤ" و "عه‌ره‌بی شه‌مۆ"، ئه‌لفبێیه‌کی
لاتینییان دانا و له نێو کورده‌کانی سۆڤێیتدا تا ساڵی 1938 به‌کار براوه. بۆ
نموونه ڕۆژنامه‌ی "ڕێیاته‌زه"، که به کوردی ده‌رده‌چێت، له ژماره‌ی
یه‌که‌میه‌وه، له ساڵی1930- 1938، به لاتینی ده‌رچووه. له ساڵی 1938- 1955، ڕێیاته‌زه،
ده‌رنه‌چووه. له 1955یشه‌وه تا ئێستا، به تیپی کریلیک ده‌رده‌چێت، وه‌لێ جه‌مال
نه‌به‌ز ده‌ڵێت:"ئه‌لف و بێ ی سریالی به زۆری له ساڵی 1946وه به‌کارده‌برێ"[35]. له
ساڵی 1932یشدا، جه‌لاده‌ت به‌درخان، ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی خۆی بڵاو کرده‌وه. ئه‌و
له ساڵی 1919ه‌وه ده‌ستی به ڕێکخستنی ئه‌و ئه‌لفبێیه کردبوو. له پێشگوتنی کتێبێک‌دا،
که له ساڵی 1932دا، له شام نووسیویه‌تی، جه‌لاده‌ت به‌درخان، باسی ئه‌وه ده‌کات،
که ساڵی 1919 له خه‌رپووت و دیاربه‌کر و
چیای مه‌له‌تیێ و له نێو عه‌شیره‌تی (ڕه‌شوان یا ڕه‌وان)دا، کاتێک که له‌گه‌ڵ
"مێجه‌ر نۆئێل"[36] ناوێکی
ئینگلیزدا ده‌بێت، که سۆرانی ده‌زانێت و هه‌وڵده‌دات فێری کرمانجی بێت، کاتێک که
مه‌ته‌ڵ و ستران و چیرۆکان کۆده‌که‌نه‌وه و ده‌نووسن و به‌راورد ده‌که‌ن، نۆئێل به‌رانبه‌ر
به تیپی عه‌ره‌بی، تیپی لاتینی ده‌نووسێت و ده‌ستنووس و خه‌تی خۆی به هاسانی ده‌خوێنێته‌وه
و وه‌ک جه‌لاده‌ت به‌درخان ده‌ڵێت:"ب بلێکرنه‌که بیانی، لێ بێ دژواری ده‌ست
نڤیسا خۆ دخواند، لێ به‌لێ ئه‌ز، هه‌یا کو من (وو) ژ (ۆ) و (ی) ژ (ێ) ده‌رخستن دکه‌تم
هه‌زار دژواری"[37]، ئه‌وجا
ده‌ڵێ:"د جهدا قه‌رارا خو دا و ژ خورا ب حه‌رفێن لاتینی ئه‌لفابێ یه‌ک لێک
ئانی"[38] و پاشان باسی ئه‌وه ده‌کات،
که سوودی له ئه‌لفبێی یۆنانی و ڕووسی و لاتینی و فرانسه‌یی وه‌رگرتووه، بۆ چێ‌کردنی
ئه‌لفبێی لاتینی بۆ کوردی و کاتێک تورکان ئه‌لفبێی لاتینی خۆیان بڵاوکرده‌وه ئیدی
"ژ بونا هێمانکرنا خوه‌ندنا نڤیسارێن مه ژ کوردمانجێن ترکیرا، مه ده‌نگێن
ه‌ن حه‌رفان ب هه‌ڤ گوهارتن ئو هه‌رچه‌ند هه‌بو مه ئه‌و چه‌ند ژ ئه‌لفابێ یا خوه
خست نێزیکی ئه‌لفابێ یا ترکان کر"[39]. به‌درخان،
باسی ئه‌وه‌ش ده‌کات، که پرسی به زۆر خوێنده‌وار و زانا و نووسه‌ری کورد و بیانی
کردووه، بۆ نووسینی ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی و گوایه سێزده ساڵ هه‌وڵی بۆ داوه. پێموایه
جه‌لاده‌ت به‌درخان، بۆ دانانی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی، پرسی به هیچ
زمانزانێکی کورد نه‌کردووه، به‌ڵکه بڕیارێکی نابه‌رپرسانه و سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی خوێنده‌وارێکی
هزر و فه‌رهه‌نگ ئه‌وروپایێندراو بووه و به ته‌نێ بۆ خۆی داویه‌تی. به‌درخان هه‌روه‌ک
پرسیی به کوردیزانی دیکه‌ی کورد نه‌کردووه، بۆ خۆیشی دیالێکته کوردییه‌کانی دیکه‌ی
نه‌زانیوه و ته‌نێ له ڕوانگه‌ی دیالێکتی کرمانجیی باکووره‌وه ئه‌و بڕیاره‌ی له‌به‌رچاو
گرتووه. دوای بڵاوکردنه‌وه‌یشی ئیدی به‌ره‌به‌ره، ئه‌لفبێ لاتینییه‌که‌ی جه‌لاده‌ت
به‌درخان، جێی خۆی گرت و بوو به بنگه‌ی نووسینی کوردی به تیپی لاتینی و تا ئێستاش
ڕۆژ له دوای ڕۆژ له‌بره‌ودایه.
ساڵی 1933 ته‌وفیق وه‌هبی، کتێبی "خوێنده‌واری
باو"ی بڵاوکرده‌وه و پتر تیپی ئینگلیزی به‌کار بردبوو. ساڵی 1956، جه‌مال نه‌به‌ز،
کتێبی "نووسینی کوردی به لاتینی" ده‌رکردووه و ده‌نگی "ڵ" و
"ڕ"ی بۆ ئه‌لفبێیه‌که‌ی به‌درخان زیاد کردووه و پاشانیش ده‌نگی"وێ Ö "ی خسته سه‌ر و به‌و گۆڕانانه تا ڕاده‌یه‌ک
ئه‌لفبێیه‌که‌ی به‌درخانی کاراتر کرد. لێ ئه‌وانه‌ی، که تیپی لاتینی به‌کار ده‌به‌ن
بۆ نووسینی کوردی، ئه‌و گۆڕانکارییه‌ی جه‌مال نه‌به‌زیان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه، که
ئه‌وه‌ش بۆ خۆی که‌لێنێکه له ئه‌لفبێی لاتینیدا. ساڵی 1972، گیوی موکریانی، کتێبی
"ئه‌لف و بێی کوردی وێنه‌دار به تیپی لاتینی"ی دانا.
سه‌رباری
ئه‌و ئه‌لفبێیانه‌ی، که تا ئه‌وڕۆکه که‌م و زۆر بۆ نووسینی کوردی به‌کار براون،
وه‌ک عه‌ره‌بی، ئه‌رمه‌نی، سریانی، ئێزدی، لاتینی و کریلیک، ده‌گوترێ که جووله‌که‌کانی
کوردستان، که ئه‌وڕۆکه له ئیسرائیلن، به تیپی عیبری، نووسینی کوردی‌یان نووسیوه.
له ساڵی 1872یشدا له ئیسته‌نبوول و به ئه‌لفبێی ئه‌رمه‌نی کتێبی"په‌یمانا
نوو"، که وه‌رگێڕانی ئینجیل بووه بۆ زمانی کوردی بڵاوکراوه‌ته‌وه.
ئه‌و ئه‌لفبێیه‌ی
له هه‌مووان زێتر پێی نووسراوه‌ته‌وه، ئه‌لفبێی عه‌ره‌بییه، که له کوردستانی
ئێران و عیراقدا و به هه‌ردوو دیالێکتی کرمانجی ژووروو و خواروو پێی ده‌نووسرێت و
زمانی خوێندن و ده‌یان ڕۆژنامه و گۆڤاره و سه‌دان کتێبی پێ ده‌نووسرێت و هه‌زارانی
پێ نووسراوه و له ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنیشدا به‌کار ده‌برێ. پاشان ئه‌لفبێی لاتینییه،
که کوردی کوردستانی تورکیا و سووریا، به دیالێکتی کرمانجی ژووروو پێی ده‌نووسن،
ئه‌ویش له ده‌رێی کوردستان (هه‌نده‌ران). دواییش ئه‌لفبێی کریلیک، که کوردانی سۆڤیێت
به کرمانجی ژووروو پێی ده‌نووسن. ئه‌و سێ ئه‌لفبێیه شانبه‌شانی یه‌کدی ده‌ڕۆن و
خه‌ڵکی فێریان ده‌بن و وه‌چه له دوای وه‌چه‌یش پێی ده‌نووسن. سه‌ره‌ڕای ئه‌و دیالێکت
و ئه‌لفبێیانه، دیالێکتی دملی(زازایی)یش ئه‌وڕۆکه له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به تیپی
لاتینی ده‌نووسرێت. به گوێره‌ی ئه‌و نه‌خشه‌ی دابه‌شبوونی ئه‌لفبێ و دیالێکتانه،
سه‌ختیی گیروگرفته‌که‌مان زێتر بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه.
مێژووی گه‌شه‌کردن
و گۆڕانکاریی ئه‌لفبێی کوردی، پێشانمان ده‌دات، که تا ساڵی 1930یه‌کان، تاکه ئه‌لفبێیه‌ک،
که کورد پێی نووسیوه، ئه‌لفبێی "عه‌ره‌بی- فارسی ده‌ستکاریکراو" بووه
و هه‌موو کوردیش له هه‌موو ناوچه‌یه‌کی کوردستاندا و هه‌ر دیالێکتێکی بووبێت، پێی
نووسیوه. گۆڕانی ڕێژیمی تورکیا، له خیلافه‌ته‌وه بۆ کۆماریی و هاتنی موسته‌فا که‌مال
ئه‌تاتورک، بۆ فه‌رمانڕه‌وایی تورکیا و گۆڕینی ڕێنووس و ئه‌لفبێی زمانی تورکی، له
ئه‌لفبێی عه‌ره‌بییه‌وه بۆ لاتینی، که‌سانێکی وه‌ک جه‌لاده‌ت به‌درخانی خسته سه‌ر
ئه‌و ڕایه‌ی، که ده‌بێ کوردیش ئه‌لفبێی خۆی بکاته لاتینی. ئه‌ڵبه‌ته وه‌ک پێشتریش
گوتمان، جه‌لاده‌ت به‌درخان بۆ خۆی باسی ئه‌وه ده‌کات. به‌درخان له ساڵی 1932دا
و پاش ئه‌وه‌ی، که له تورکیا ئه‌لفبێ کرایه لاتینی، ئه‌لفبێیه‌که‌ی خۆی بڵاوکرده‌وه
و بۆ نێزیکخستنه‌وه‌یشی له ئه‌لفبێی تورکی لاتینی، هێندێک ده‌نگی کوردی وه‌ک ئه‌و(تورکییه‌که)
لێکرد. پاش په‌یدابوونی کۆماری بۆرژوازی میللی له تورکیا له ساڵی 1932 دا "
بڕێ ئیسڵاحات له وڵات‌دا به‌دی کران. خه‌لیفایه‌تی ئاشبه‌تاڵی پێ کرا، ئایین له ده‌وڵه‌ت
جوێ کرایه‌وه، فێرگه‌کان، قوتابخانه ئاینی یه‌کان داخران، فێرگه و قوتابخانه‌ی
نوێباو کرانه‌وه"[40]. به‌مه‌دا
به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت، ئامانجی تورکه لاوه‌کان، که له تورکیادا فه‌رمانڕه‌واییان
گرته ده‌ست، خۆی له خۆیدا نه‌هێشتنی خیلافه‌ت و جوێکردنه‌وه‌ی ئایین بوو له ده‌وڵه‌ت
و داخستنی فێرگه و قوتابخانه ئایینییه‌کان و...بووه. هه‌ر بۆیه‌ش بۆ دژایه‌تی
ئایینی ئیسلام، ده‌بووایه مه‌سه‌له‌که له بنه‌ڕه‌ته‌وه هه‌ڵته‌کێنن، ئه‌ویش به
گۆڕینی ئه‌لفبێ عه‌ره‌بییه‌که و کردنی به ئه‌لفبێی لاتینی، که له ڕاستیدا ئه‌لفبێیه‌کی
لاتینی نه‌بوو، به‌ڵکه تورکی بوو و تایبه‌ت بۆ زمانی تورکی دانرابوو، هه‌ربۆیه‌ش
به ناوی "ئه‌لفبێی که‌مالی"یه‌وه واته: که‌مال ئه‌تاتورکه‌وه ناو
نرابوو. ئیدی به‌وه ته‌واوی مه‌سه‌له‌کان به‌ڕه‌واژه ده‌بنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان
له‌پڕێک نه‌بوونه کوڕێک. ئه‌و گۆڕینه به پرۆسێسێکی دوورودرێژدا تێپه‌ڕی و ورده‌ورده
هه‌نگاوی بۆ نرا و به بڕیاری تاکه‌که‌سیش نه‌کرا!
ئه‌وان(تورکه‌کان) کارێکی وایان کرد، که له نێوان
ساڵانی 1923- 1928دا "هه‌ر نووسینێک له‌باره‌ی زمانه‌وه نووسرابا زۆرتر له ڕێنووس
و ئه‌لفبێتکه ده‌دوا"[41]، ئیدی
به هه‌موو شێوه‌یه‌ک لێکۆڵینه‌وه و نووسین له سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له گرنگه ئاماده
ده‌کرا تا "له مارتی ساڵی 1926دا له باکۆ کۆنگره‌ی تورکناسی به‌سترا. له کۆنگره‌دا
مه‌سه‌له‌ی په‌سه‌ندکردنی ئه‌لفبێتکه‌ی لاتینی بۆ زمانه تورکی یه‌کان وه‌کو یه‌کێ
له مه‌سه‌له بنه‌ڕه‌ته‌کان خرایه پێش چاو. له‌م کۆنگره‌یه‌دا بڕێ تورکناسی به‌ناووبانگ
له مه‌سه‌له‌که‌یان کۆڵی یه‌وه و ئه‌لفبێتکه‌ی عاره‌بی و ئه‌لفبێتکه‌ی لاتینی یان
به باڵای یه‌کتر گرت و له‌گه‌ڵ یه‌کیان به‌راوردکردن و گرنگی ئه‌لفبێتکه‌ی لاتینی
یان به وردی ڕوون کرده‌وه و له‌به‌رچاوگرت"[42]. به‌و
قسانه‌دا زێتر بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه، که پاش کۆششێکی زۆر و پاش به‌راوردکردنێکی
وردی هه‌ردوو ئه‌لفبێیه‌که و ده‌مه‌ته‌قه‌یه‌کی زۆر له سه‌ریان، هێشتا دوابڕیاری
یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی له سه‌ر نه‌درا و ته‌نێ ئه‌وه‌یه، که ئه‌لفبێی لاتینی په‌سه‌ند
کرا. پاش ئه‌و په‌سه‌ندکردنه به دوو ساڵان و له 9ی ئابی ساڵی 1928دا، پاش ئه‌وه‌ی،
که که‌مال ئه‌تاتورک گوتارێکی خوێنده‌وه و گوتی:"زمانه شیرین و ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌مان
ئیتر له‌مه‌وپاش به پیتی نوێباوی تورکی خۆی ده‌نوێنێ. پێویسته خۆمان له پیت و پێوار
و نیشانه‌به‌نی و نائاشنایانه‌ی که چه‌ندین چه‌رخه بیر و هۆشیان له چوارچێوه‌یه‌کی
ئاسندا شاردووینه‌وه ڕزگارکه‌ین"[43]. ئه‌تاتورک
به گۆڕینی ئه‌لفبێ و کردنی به لاتینی، وه‌ک خۆی ده‌ڵێت، بۆ ئه‌وه بوو، که بیر
و هۆشی تورکان، له‌و چوارچێوه ئاسنینه، که تیپی عه‌ره‌بی و ئایینی ئیسلامه، ڕزگار
بکات! له یه‌کی تشرینی دووه‌می ساڵی 1928دا، ئه‌نجومه‌نی میلله‌ت ئه‌لفبێی لاتینی
په‌سه‌ند کرد و چه‌ندین کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ش، وه‌ک "کۆڕی زمان" و "کۆمه‌ڵی
وردکردنه‌وه‌ی زمانی تورکی" دانران بۆ لێکۆڵینه‌وه و کارکردن، له سه‌ر هه‌موو
لایه‌نێکی زمانی تورکی. ئیدی له پاش ئه‌وه‌وه له بنی هه‌مانه‌که‌یان دا و - خۆیان
گوته‌نی- خۆیان ڕزگار کرد. وه‌لێ ئه‌و خۆڕزگارکردنه هه‌رگیز سروشتی نه‌بوو و به
خواست و ئاره‌زووی خه‌ڵک و به هۆی گۆڕانکاری نێو کۆمه‌ڵگه‌وه نه‌بوو، به‌ڵکه"کارێکی
ناسروشتی و ده‌ستکرد و زۆره‌ملێ بوو به‌سه‌ر گه‌لانی تورکیادا سه‌پێنرا و له‌پێویستیی
ژیانی کولتووری و له‌ناخی گه‌ل و پێویستی یه‌کانیه‌وه هه‌ڵنه‌قوڵابوو"[44].
ئه‌گه‌ر
بنواڕینه ئه‌زموونی خه‌ڵکێکی دیکه - هه‌رچه‌ند بڕێک لێمانه‌وه دوورن- که تیپیان
گۆڕیوه، بێگومان له‌وانیشه‌وه هه‌ندێک شتمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، ئه‌و خه‌ڵکه‌ش
گه‌لی "ڤیێتنام"ه. گۆڕینی ئه‌لفبێ له ڤیێتنام، به پرۆسێسێکی دوورودرێژدا
تێپه‌ڕیوه. ماوه‌ی هه‌زار ساڵێک و تا ده‌وروبه‌ری ساڵانی 1800، هه‌موو نووسراوێک،
ئیدی کتێب و هه‌موو شتێکی دیکه، به تیپی چینی ده‌نووسران. پێش دووسه‌د ساڵێک، که
فرانسییه‌کان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی گه‌یشتنه ئه‌و ناوه، له‌گه‌ڵ خۆدا
تیپی لاتینییان گه‌یانده ئه‌وێ و له شاره گه‌وره‌کانی ڤیێتنامدا، له‌گه‌ڵ پرۆپاگه‌نده‌ی
عیسایه‌تیدا له نێو خه‌ڵکدا بڵاویان کرده‌وه و خه‌ڵکیش ورده‌ورده ده‌ستیان به
به‌کارهێنانی کرد. ڤیێتنام تا ده‌وروبه‌ری 1820، کۆڵۆنیی چین بووه و له‌وه‌ش به
دواوه تا 1954 کۆڵۆنیی فرانسه بووه. ئیدی به حوکمی ئه‌و بار و ڕه‌وشه - بێگومان
نه‌ک به بڕیار- تیپی لاتینی ورده‌ورده جێی تیپی چینی گرتووه‌ته‌وه. تا ئێستاش کتێب
و نووسینی ڤیێتنامی، به تیپی چینی ئه‌و سه‌رده‌مه، هه‌ر ماون و زۆر شت هه‌ن، که
هه‌ر نه‌کراونه‌ته تیپی لاتینی. هه‌رچه‌نده له 1920ه‌وه له خوێندنگه‌کاندا،
خوێندن و نووسین کرا به تیپی لاتینی، به‌ڵام تا ئێستاش ئه‌لفبێی چینی هه‌ر ماوه
و خه‌ڵک هه‌ردوو ئه‌لفبێیه‌که ده‌زانن[45].
به بڕێک وردبوونه‌وه و به له‌به‌رچاوگرتنی دیتن
و بیروڕای ئه‌و که‌سانه‌ی، که لایه‌نگریی له نووسینی کوردی به تیپی لاتینی ده‌که‌ن
و واقیعی ئه‌وڕۆی نووسینی کوردیی و ئه‌زموونی خه‌ڵکانێک، که ئه‌لفبێی خۆیان گۆڕیوه
بۆ لاتینی، ده‌گه‌ینه ئه‌م ئه‌نجامانه:
1. هه‌موو
هه‌وڵ و ته‌قه‌لا و کۆششێک بۆ گۆڕینی تیپی کوردی و کردنی به لاتینی، ئه‌گه‌ر له
دڵ‌پاکی و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی کورد و خۆشویستنی زمانی کوردییه‌وه بووبێت و بێت، ته‌واوی
ڕاستیی نییه، به‌ڵکه بنگه و بنه‌ڕه‌ت و هۆی دیکه‌ی هه‌ن، که ده‌کرێ له چه‌ند
بۆچوون و دیتنێکدا کۆ بکرێنه‌وه، که ئاوها خۆ ده‌نوێنن:
ئا. ڕکبوونه‌وه له هه‌موو شتێکی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی
سه‌رده‌ست و داگیرکه‌ر، عه‌ره‌ب و فارس و هه‌وڵدانی خۆ جوێکردنه‌وه له‌وان له هه‌موو
ڕوویه‌که‌وه. دیاره له ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه جێی خۆیه‌تی، لێ له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی
و ئایینی و فه‌رهه‌نگییه‌وه کارێکی نادروسته و ناکرێت. ئیدی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌لفبێی
کوردی و ئه‌وانه‌ی ئه‌وان وه‌ک یه‌کن، ئه‌وا ده‌بێ کورد بیگۆڕێت و بیکاته لاتینی.
ئه‌مه له دیتنێکی نه‌ته‌وه‌یی ته‌سک و دابڕانێکی فه‌رهه‌نگی و کاڵفامی زێتر هیچی
دیکه نییه.
ب. دیتنێکی ئه‌نتیئیسلامی"دژه‌ئیسلامی":
زۆر کوردی"هاوچه‌رخ و نوێخواز و پێشکه‌وتنخواز" و "ئه‌وروپایێندراو"
پێیانوایه، که ته‌واوی نه‌گبه‌تی و کڵۆڵی کورد، به هۆی ئیسلامه‌وه‌یه و ئیسلام،
به هۆی دواکه‌وتنی کورد ده‌زانن. له به‌ر ئه‌وه داوای گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی ده‌که‌ن
بۆ لاتینی. له ڕووی مێژووییشه‌وه ده‌بینین، که سه‌ره‌تای هه‌وڵدانی خۆ قوتارکردن
له تیپی عه‌ره‌بی و سازکردنی تیپی لاتینی، له که‌سانێکه‌وه، که هه‌م ناکورد"غه‌یره‌کورد"
و هه‌م ناموسوڵمان "غه‌یره‌موسوڵمان"یش بوون، ده‌ستی پێ کردووه، وه‌ک
"مێجه‌ر سۆن" و "ئیسحاق مۆرگۆڵۆڤ" و "مێجه‌ر نۆئێل"،
که هانده‌ری جه‌لاده‌ت به‌درخان بووه. ئه‌و که‌سانه‌ش وه‌ک ئایین مه‌سیحی بوون و
به مه‌به‌ست هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی کوردیان له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی- ئیسلامی داوه.
ئه‌و ده‌نگانه‌ی - له نێو کورد خۆیدا- که پێیان وایه،
ئیسلامبوونی کورد هۆی پاشکه‌وتنێتی، هیچ بناخه و بنه‌مایه‌کی زانستی و وردبینانه‌یان
نییه و چ به‌ڵگه‌یه‌کی سه‌لمێنه‌ر و قایلکه‌ریش بۆ پشتیوانیی بۆچوونه‌کانیان نییه.
ئێمه ئه‌گه‌ر بنۆڕینه جیۆگرافیای کوردستان و ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیش، ده‌بینین
جڤاکێکی ناموسوڵمان وه‌ک: فه‌له"دیان، مه‌سیحی"، له‌نێو ئه‌و وڵاتانه‌ی
ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ده‌ژین. ئه‌و فه‌لانه‌ش به سه‌ر کۆمه‌ڵێک نه‌ته‌وه و گه‌لدا
دابه‌ش ده‌بن؛ وه‌ک: "ئه‌رمه‌ن"، "ئاشووری"، "کلدان"،
"سریان" و...ئه‌و نه‌ته‌وه و گه‌لانه‌یش، هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه،
له‌و خاکه‌دا ژیاون و خودانی شارستانییه‌ت و فه‌رهه‌نگه‌لێکی مه‌زنیش بوونه و بۆ
نووسینی زمانه‌کانیشیان، ئه‌لفبێی تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه و هه‌یه و به نێزیک تیپی
لاتینیشدا هه‌رگیز نه‌چوون. بێجگه له‌و "دیان"انه، خه‌ڵکانی دیکه‌ش، که
وه‌ک ئایین؛ "ئێزدی"، "یارسان"، "عه‌له‌وی"،"دورزی"،
"مه‌ندائی، سابیئه" و "زه‌رده‌شتی"ن، و وه‌ک نه‌ته‌وه‌یش؛ کورد،
عه‌ره‌ب، تورک یا فارسن و له‌و ده‌ڤه‌ره ژیاون
و ده‌ژین و هه‌ندێکیشیان ئه‌لفبێی تایبه‌تی خۆیان هه‌بووه و هه‌یه. باشه ئه‌گه‌ر
ئیسلام، کوردی دواخستبێت، ئه‌ی ئه‌وانه به‌و ناموسوڵمانیه‌تییه‌ی خۆیانه‌وه، بۆچی
نه‌ک هه‌ر پێشنه‌که‌وتوون، به‌ڵکه گه‌لێک له کوردیش دواکه‌وتووترن.
پ. خۆ به
پێشکه‌وتنخواز و هاوچه‌رخ و نوێخواززانیی، وا له هه‌ندێک کورد ده‌کات، که تیپی
لاتینی بۆ کورد هه‌ڵبژێرێت و به باشی بزانێت، چونکه تیپی لاتینی زمانگه‌لێکی پێشکه‌وتووی
وه‌ک ئینگلیزی و فرانسه‌یی و ئه‌ڵمانیی پێ ده‌نووسرێن، که زمانی ده‌یان وڵاتی پێشکه‌وتوون،
به‌ڵام تیپی عه‌ره‌بی و فارسی له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و ئیسلامی‌دا به‌کار ده‌برێن، که
وڵاتگه‌لی جیهانی سێیه‌م و چواره‌من. ئیدی بۆوه‌ی کوردیش له دواکه‌وتوویی و ڕۆژهه‌ڵاتیه‌تی
دوورکه‌وێته‌وه، به ڕای ئه‌مانه ده‌بێ تیپی لاتینی به‌کاربهێنێت.
ت. بانگاشه‌ی
جه‌لاده‌ت به‌درخان و ئه‌وانی وه‌ک وی بیر ده‌که‌نه‌وه و هه‌ندێک له خوێندووانی کورد
له‌مه‌ڕ گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردی(عه‌ره‌بی- فارسی
ده‌ستکاریکراو) بۆ ئه‌لفبێی لاتینی، له خراپی و ناپه‌سه‌ندیی ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی و
باشی و جوانی و تۆکمه‌یی ئه‌لفبێی لاتینییه‌وه نییه، به‌ڵکه له چاولێکه‌ری و مۆده‌یه‌کی
باوی لاساییکردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێکی ئه‌وروپاییه‌وه‌یه و هیچی دی.
2. به‌کاربردنی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی بووه‌ته
و ده‌بێته هۆی دابڕان له هه‌موو مێژوو و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی نووسراوی کورد، که
سه‌رله‌به‌ری به تیپی عه‌ره‌بی- فارسی ده‌ستکاریکراو نووسراون. هه‌روه‌ها ده‌بێته
هۆی دابڕان له فه‌رهه‌نگی ئیسلامی، که 1400 ساڵێکه فه‌رهه‌نگی کوردیشه. ئه‌لفبێی
لاتینی، کورد له‌و فه‌رهه‌نگه مه‌زنه و له دوو زمانه مه‌زنه، عه‌ره‌بی و فارسی،
که کۆڵه‌که‌ی فه‌رهه‌نگی ئیسلامن، دوور ده‌خاته‌وه. ته‌واوی ئه‌و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌به
نووسراوه، که ئه‌وڕۆکه کورد هه‌یه‌تی و شانازیی پێوه ده‌کات، سه‌رجه‌می له
پاش ئیسلامه‌وه‌یه و کورد هیچ شتێکی نووسراوی پێش ئیسلامی نییه و ئه‌گه‌ر هه‌یشیبێت،
ئه‌وا ئه‌وڕۆکه له ئارادا نییه و پێشموانییه تازه په‌یدا بێت. ئه‌و جۆره دابڕانه
فه‌رهه‌نگیی و مێژووییه له نێو کوردی سۆڤیێت و باکووری کوردستاندا به ڕوونی وه‌دی
ده‌کرێت[46]. وه‌چه‌یه‌کی
وایان تێدا په‌یدا بووه- دۆمه‌ڵان ئاسا- بێ ڕه‌گوڕیشه و بێ هه‌ست، به‌و ماڵوێرانی
و دابڕان و له هه‌وادا مه‌له‌کردنه. عه‌لی شه‌ریعه‌تی، له‌مه‌ڕ وه‌لانانی ئه‌لفبێی
عه‌ره‌بی و هه‌ڵبژاردنی تیپی لاتینی بۆ ئه‌لفبێی تورکیاوه ده‌ڵێت: "وه‌چه‌یه‌کی
نوێ فێری بوو و په‌روه‌رده کرا، ئیدی ئه‌وانه وا باوه‌ڕیان هێنا، که مێژووی ئه‌وان
له‌و ساڵانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، که ئه‌لفبێ بووه‌ته لاتینی"[47]. ئه‌گه‌ر
ئه‌وه، پاش چل ساڵان، له گۆڕینی ئه‌لفبێ و به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی و وه‌ک پرۆسێسێکی
له‌سه‌ره‌خۆ و تۆکمه و نه‌خشه‌بۆداڕێژراو، حاڵی تورکی خودان ده‌وڵه‌ت بێت، ده‌بێ کوردێکی
به لاتینی نووس، چی به‌سه‌ر بێت و چۆن بیر بکاته‌وه!.
هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه
نووسینی کوردی به تیپی لاتینی، وه‌ک موحه‌ممه‌دی مه‌لا که‌ریم ده‌ڵێ، هه‌ندێ گیروگرفتی
ئێستای ڕێنووسمان بۆ چاره‌سه‌ر بکات"به‌ڵام کۆمه‌ڵێک گیروگرفتی نوێ یشمان له‌ڕوودا
ئه‌کاته‌وه و، ئه‌ویش به‌بێ ده‌سکاری یه‌کی زۆر به‌ده‌نگی ده‌نگه کوردی یه‌کانه‌وه
نایه‌ت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه پێوه‌ندیمان به که‌له‌پووری کۆنی خۆمان و گه‌لانی عه‌ره‌ب
و فارسه‌وه ئه‌بڕێت که ناتوانین نه‌ڵێین به‌شێکی گه‌وره‌ی بناخه‌ی کولتوورمانی لێ
پێک دێت. بۆ نموونه گه‌له موسوڵمانه‌کانی سۆڤیه‌ت که له‌به‌ر پێوه‌ندیان به یه‌کیه‌تی
سۆڤیه‌ته‌وه وه‌ک ده‌وڵه‌تێک که زمانی ڕووسی زمانی سه‌ره‌کی یه تیایدا و، به هیوای
ئه‌و پاشه ڕۆژه گه‌ش و ڕووناکه‌وه که له‌م ڕێگایه‌وه چاوه‌ڕوانی یان ده‌کات و
هه‌ر له ئێستاشه‌وه نیشانه‌ی به‌ئاشکرا ده‌رکه‌وتووه، به پێویستیان زانی ده‌ست
له ئه‌لف و بێی عه‌ره‌بی هه‌ڵگرن و ئه‌لف و بێی ڕووسی- به ورده ده‌سکاریه‌که‌وه-
وه‌ربگرن و بیکه‌ن به ئه‌لف و بێی زمانه نه‌ته‌وه‌یی یه‌کانی خۆیان. ڕاده‌ی پێشکه‌وتوویی
تێکڕای یه‌کێتی سۆڤیه‌تیش گه‌لێ کون و که‌له‌به‌ری ژیانی کولتووری یانی بۆ پڕکردنه‌وه،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌بیر چوونه‌وه‌ی تیپی عه‌ره‌بی و فارسی زیانێکی زۆری به‌په‌یوه‌ندی
کولتووریان به‌ڕابوردووی خۆیان و گه‌له موسوڵمانه‌کانی دراوسێ یانه‌وه گه‌یاندووه.
ئه‌مه ڕاستی یه‌که ناکرێ هه‌رگیز له‌بیری بکه‌ین. که‌واته ئه‌بێ ئێمه له‌پێناوی
چیدا ئه‌م پێوه‌ندی یه‌مان ببڕین و چاوه‌ڕوانی چ خێر و بێرێکی تایبه‌تی بین له به‌کارهێنانی
تیپی لاتینی وه به‌سه‌رماندا ببارێ"[48]. گه‌لانی
موسوڵمانی سۆڤیێت هه‌رگیز به‌پێویستیان نه‌زانیوه، ده‌ست له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی هه‌ڵگرن
و ئه‌لفبێی ڕووسی وه‌رگرن. که ده‌ستیشیان هه‌ڵگرتووه، ده‌ستیان پێ هه‌ڵگیراوه و
هه‌رگیز به حوسن و ڕه‌زای خۆیان نه‌بووه، به‌ڵکه به زۆر و تۆبزی ئه‌و کاره‌یان
به سه‌ردا سه‌پێنراوه، بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیان به که‌له‌پووری کۆنی خۆیان و گه‌لانی
عه‌ره‌ب و فارسه‌وه، که به‌شێکی گه‌وره‌ی بناخه‌ی فه‌رهه‌نگیانی لێ پێک دێت، به‌و
کاره‌ش به ته‌واوی له فه‌رهه‌نگی ئیسلام و گه‌لانی هاوئایین و هاوزمانی خۆیان دابڕێن.
له هه‌مان کاتدا، که ئه‌و سیاسه‌ته له‌هه‌مبه‌ر گه‌لانی موسوڵمان ئه‌نجام دراوه،
گه‌لانی ئه‌رمه‌ن و گوروزینی، که ئه‌وانیش له نێو هه‌مان سۆڤیێتدا ده‌ژین، ئه‌لفبێی
خۆیان هێڵراونه‌وه و نه‌گۆڕدراون به ڕووسی. گه‌لانی موسوڵمانی سۆڤیێت - ته‌نانه‌ت
گه‌لانی دیکه‌ی ناموسوڵمانیش- له سایه‌ی سۆڤیێتدا، نه‌ک هه‌ر پاشه‌ڕۆژی گه‌ش و ڕووناکیان
نه‌بووه و نییه، به‌ڵکه کۆڵێکیش سه‌ختیی و ناهه‌موارییان تووش بووه. ڕاده‌ی
دواکه‌وتوویی سۆڤیێتیش، ئه‌گه‌ر بۆ خه‌ڵکی دیکه هه‌ندێ کون و که‌له‌به‌ری ژیانی فه‌رهه‌نگییانی
پڕ کردبێته‌وه، ئه‌وا بۆ ئه‌وان نه‌ک هه‌ر پڕی نه‌کردووه‌ته‌وه، به‌ڵکه کون و که‌له‌به‌ری
دیکه‌ی بۆ کردوونه‌ته‌وه و پتر ڕووساندوونی و له فه‌رهه‌نگی خۆیانی داماڵیون. هه‌ر
بۆیه‌ش پاش ئه‌و گۆڕانانه‌ی، که ئه‌وڕۆ له سۆڤیێتدا له ئارادایه، گه‌لانی موسوڵمانی
ئه‌وێش، ئازه‌ری و تاجیک و ئۆزبه‌ک و...داوای گه‌ڕانه‌وه ده‌که‌ن بۆ ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی
و فارسی جارانی خۆیان، چونکه ئێستا پاش ئه‌و گۆڕانانه و پاش تێپه‌ڕبوونی شێست حه‌فتا
ساڵێکی ژیانیان له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕووسیدا، زیان و مه‌ترسی ئه‌و دابڕان و بچڕانی
پێوه‌نده‌یان بۆ ده‌رکه‌وتووه. پێموایه کوردیش به تیپی لاتینی، هه‌رگیز له‌وان
باشتری به‌سه‌ر نایه‌ت، به‌ڵکه هه‌ر زۆر خراپتریشی به‌سه‌ر دێت، چونکه هه‌ر نه‌بێت
ئه‌وان قه‌واره‌یه‌کی سیاسی خۆیان هه‌یه، هه‌رچه‌نده له نێو سۆڤیێتیشدا بێت، ئه‌مڕۆ
یا سبه‌ی خۆیان ده‌بنه خاوه‌نی خۆیان. دانانی ئه‌لفبێی لاتینی و به‌کاربردنی بۆ
زمانی کوردی، لادانه له قانوونێکی سروشتیی زمانه‌که و ڕێک وه‌ک ده‌رچوونی شه‌مه‌نده‌فه‌رێکه
له هێڵه‌که‌ی خۆی. زمانی تورکییش به هۆی ئه‌تاتورکه‌وه تووشی ئه‌و ده‌رده بوو.
بۆ کورد ده‌بێ شه‌فه‌نده‌فه‌ره له هێڵ ده‌رچووه‌که بگێڕدرێته‌وه سه‌ر هێڵه ڕاسته‌که‌ی
خۆی، نه‌ک هه‌موو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌کانی دیکه‌ش به سه‌ر هێڵه چه‌وته‌که‌دا بڕۆن و
هه‌ڵه‌کانی زمانی تورکی و ئه‌تاتورک دووپات بکه‌نه‌وه. ئه‌لفبێی کوردی(عه‌ره‌بی- فارسی
ده‌ستکاریکراو) بزاڤ و گیانێکی زیندوو بووه و هه‌یه له نێو ژیانی کورددا و تێکه‌ڵه
به ویژدان و بیرکردنه‌وه و مێژووی کورد، به به‌کاربردنی ئه‌لفبێی لاتینی ئیدی کورد
نووسراوی سه‌ر کێلی گۆڕه‌کانی باوان و باوک و باپیر و داپیریشی بۆ ناخوێنرێته‌وه و له‌وه‌ش بێبه‌ریی
ده‌بێت.
3. ئه‌وه‌ی
پێیوایه، ئه‌گه‌ر زمانی کوردی به ئه‌لفبێی لاتینی نووسرا، ئیدی کوردیش ده‌چێته ڕیزی
زمانه پێشکه‌وتووه‌کانی وه‌ک، ئینگلیزی و فرانسه‌یی و ئه‌ڵمانی و سپانیۆلی و...،
هه‌ڵه‌یه‌کی یه‌کجار گه‌وره ده‌کات، چونکه ته‌کنۆلۆژیا و پێشکه‌وتنی ئابووری و جڤاکی
و هه‌لومه‌رجی ژیان و خۆشگوزه‌رانیی ئه‌و گه‌لانه‌ی، که خۆیان خاوه‌نی ئه‌و
زمانانه‌ن - ئه‌وروپای ڕۆژاوا، نه‌ک وڵاتانێک که بنده‌ست و داگیرکراو بوونه و به
تۆبزی فێری ئه‌و زمانانه کراون- چه‌ندین سه‌ده له پێشی کورده‌وه‌ن، به‌و پێشکه‌وتنه‌ش
زمان پێشده‌که‌وێت و مه‌سه‌له‌که چ پێوه‌ندی به تیپگۆڕینه‌وه نییه و به تیپی
لاتینی خه‌ڵک پێش ناکه‌وێت. ئه‌گه‌ر وا بووایه، ده‌بوو زمانی تورکی، که ئه‌وڕۆ به
تیپی لاتینی ده‌نووسرێت، له ڕیزی ئینگلیزی و فرانسه‌یی و...دا بووایه، یا به هۆی
ئه‌لفبێی لاتینییه‌وه، تورکیا له ڕیزی وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژاوادا بووایه و ژاپۆن
و چین و کۆریا و ئیسرائیلیش، که ئه‌لفبێی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، له ڕیزی وڵاتانی
جیهانی سێیه‌م و چواره‌مدا بووایه‌ن. له کاتێکدا که ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه‌یه،
تورکیا ده‌رۆزه ده‌کات و ئیسرائیل و ژاپۆنیش ملانێی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپای ڕۆژاوا
ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر زۆریی خه‌ڵکیش، که به ئه‌لفبێی لاتینی ده‌نووسن بکرێته پێوه‌ر،
ئه‌وا چین که یه‌ک ملیار مرۆڤه، به ئه‌لفبێی لاتینی نانووسن. بێجگه له‌وانیش
زمانانی دیکه‌ی وه‌ک، عه‌ره‌بی، فارسی، ئوردوو، هیندی، ژاپۆنی، کۆریایی، عیبری، کوردی،
ئه‌رمه‌نی، تیگرینی و ده‌یانی دیکه‌ش، به ئه‌لفبێی لاتینی نانووسرێن، که ئه‌مانه‌ش
له یه‌ک ملیار زێترن.
4. ئه‌لفبێی
لاتینی، کارێکی وای کردووه‌ته سه‌ر دیالێکته‌کانی زمانی کوردی، که پتر له‌یه‌کی
دوورخستوونه‌وه. ئه‌وڕۆ ئه‌گه‌ر له ڕووی زمانه‌وانیشه‌وه یه‌ک زمانی کوردی هه‌بێت،
له واقیع و پراکتیکدا یه‌ک زمانی کوردی نییه، یا به لای که‌مه‌وه یه‌ک زمانی کوردیی
یه‌کگرتوو و ستاندارد نییه، به‌ڵکه زۆر ئاشکرایه، زمانی کوردی به پێی ئه‌لفبێ
بووه به سێ زمان و به پێی دیالێکتیش به سێ زمان. به ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێت کوردێک
ئه‌و دوو دیالێکته/ زمانه(کرمانجی ژووروو و کرمانجی خواروو)، به ڕێکوپێکی و به
ته‌واوی بزانێت، ئه‌گه‌ر بڵێم هه‌ر نییه، ڕه‌نگه درۆ نه‌بێت. بۆ کوردێک، که به
کرمانجی خواروو ده‌خوێنێته‌وه و ده‌نووسێت، فێربوونی کرمانجی ژووروو به‌و تیپه
لاتینییه‌ی، هێنده‌ی فێربوونی زمانێکی بیانی سه‌خته. بۆ کوردێکیش که به کرمانجی
ژووروو ده‌خوێنێته‌وه و ده‌نووسێت، فێربوونی کرمانجی خواروو و به تیپی عه‌ره‌بی،
هه‌مان سه‌ختیی هه‌یه. خۆ ئه‌گه‌ر باس له دملی(زازایی) و ئه‌لفبێی کوردیی سۆڤیێت
بکه‌ین، ئه‌وا مه‌سه‌له‌که یه‌کجار ئاڵۆز و سه‌خت و دژوار ده‌بێت و بۆ یه‌کێکی نه‌ک
هه‌ر ناکورد، به‌ڵکه بۆ کوردیش، فێربوونی ئه‌و هه‌موو کوردییانه، وه‌ک فێربوونی
سێ چوار زمانی بیانی وایه. ئه‌گه‌ر خۆمان نه‌خاپێنین و به چاوی واقیع بنۆڕینه مه‌سه‌له‌که،
پێموایه جیاوازیی نێوان نۆرویژی و سوێدی، که دوو زمانی سه‌ربه‌خۆن، گه‌لێک که‌متره
له جیاوازیی نێوان دیالێکتی هه‌ولێر و سلێمانی و جیاوازیی نێوان دانمارکی و سوێدی،
که دوو زمانی سه‌ربه‌خۆن، گه‌لێک له جیاوازیی نێوان کرمانجی ژووروو و کوردیی فه‌یلی
که‌متره. پێموایه ئه‌گه‌ر هه‌ر به ئه‌لفبێیه‌که‌ی خۆمان(تیپی عه‌ره‌بی) قایل
بووایه‌ین و به‌و دیالێکته، که تا ڕاده‌یه‌ک بووه به زمانی ئه‌ده‌بیی یه‌کگرتووی
کوردی و له کوردستانی عیراقدا، جێی خۆی کردووه‌ته‌وه و چه‌سپاوه، بماننووسیبا و
بیرمان له یه‌کیه‌تیی زمانی کوردی بکردایه‌وه، کاره‌که وای به‌سه‌ر نه‌ده‌هات و
جیاوازیی دیالێکته‌کانیش هێنده مه‌زن و زه‌ق نه‌ده‌بوو.
5. ئه‌لفبێی
لاتینی هه‌ستێکی وای لای زۆر کورد - به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که به کرمانجی ژووروو
ده‌نووسن- ئافراندووه، که زێتر خۆ به کرمانج، نه‌ک کورد بزانن، یا به ده‌ربڕینێکی
دی ته‌نێ کرمانجی ژووروو، نه‌ک دیالێکته‌کانی دیکه، به زمانی کوردی بزانن.
دروستبوونی ئه‌و هه‌سته و گه‌ڵاڵه و ته‌شه‌نه‌کردنی، له‌و باس و نووسین و بانگه‌واز
و داخوازییانه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و سه‌رهه‌ڵده‌دات، که ساڵانێکی زۆر و دوورودرێژه،
که‌سانێکی زۆر هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و بانگی بۆ ده‌ده‌ن. جه‌لاده‌ت به‌درخان و سادیق
به‌هائه‌ددین ئامێدی، له سه‌رووی ئه‌و که‌سانه‌وه‌ن، که هه‌رده‌م له‌وه دواون، که
تیپی لاتینی پڕبه‌پێستی دیالێکتی کرمانجی ژوورووه. زۆری دیکه‌ش هه‌مان بیروڕایان
هه‌یه و ئه‌وڕۆکه له ئه‌وروپایش له‌و ده‌نگانه زۆرن و زۆر خه‌ڵکیش به مه‌به‌ست
و له زانینه‌وه، کار بۆ ئه‌و ماڵجیایی و لێکدابڕانه ده‌که‌ن.
له ئه‌وروپا و شوێنگه‌لی دیکه‌ش زۆر گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی
کوردی بڵاوده‌بنه‌وه، که به دوو سێ دیالێکت و دوو ئه‌لفبێ ده‌رده‌چن. گۆڤاری
"به‌ربانگ"ی فیدراسیۆنی کورد له سوێد، گۆڤاری "هیوا"ی ئه‌نیستیتووی
کوردی له پاریس، و گۆڤاری "پێشه‌نگ"ی
پارتی گه‌لی دیموکراتی کوردستان، هه‌ندێ نموونه‌ن. بێجگه له‌وانه‌ش ده‌یان کتێب ئه‌وڕۆکه
له‌م دیالێکته‌وه وه‌رده‌گێڕدرێنه سه‌ر ئه‌و دیالێکتی دی، نه‌ک هه‌ر ئه‌لفبێیه‌که‌یان
ده‌گۆڕدرێت، به‌ڵکه زمانه‌که‌یشیان، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی، ڕووسی بکرێته عه‌ره‌بی یا
سپانیۆلی بکرێته فارسی و...ئه‌ز بۆ خۆم هه‌رگیز ئه‌و دیارده‌یه به نیشانه‌ی له‌شساغی
دانانێم و هه‌رگیز له‌گه‌ڵیدا نیم و ئه‌وه‌ش بێجگه له‌وه‌ی، که سه‌ختیی جیاوازیی
دیالێکته کوردییه‌کان ده‌سه‌لمێنێت، دیارده‌یه‌کی شووم و پڕ له نه‌گبه‌تییشه، که
پتر به زانینه‌وه و بۆ خۆمان مه‌سه‌له‌که سه‌ختتر ده‌که‌ینه‌وه و کۆمه‌ک به لێک‌دابڕان
ده‌که‌ین. شاکیر فه‌تاح - خودای لێ خۆش بێت-، له کۆڕێکی ئه‌ده‌بیدا له هه‌ولێر له
ساڵی 1976 یا 1977بوو، باشم وه‌بیر نایه‌ته‌وه، گوتی: ماجید مسته‌فا، که وه‌زیرێکی
کورد بوو له حوکوومه‌تی عیراقدا له سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا، حوکوومه‌ت به کارێک
ناردبووی بۆ ده‌ڤه‌ری بادینان و ئه‌ویش داوای له خه‌ڵکه‌که کردبوو، که خوێندنی کوردی
هه‌ڵبژێرن و ئیدی ده‌ست بکرێت به خوێندن به کوردی له‌و ده‌ڤه‌ره‌شدا، به‌ڵام خه‌ڵکی
ناوچه‌که گوتیان ئێمه نامانه‌وێ به‌و کوردییه بخوێنین و به عه‌ره‌بی ده‌خوێنین
باشتره. له‌مه‌ڕ هه‌مان مه‌به‌سته‌وه، که شاکیر فه‌تتاح ئاماژه‌ی پێ ده‌کات و بووه‌ته هۆی دابڕانی به‌شێکی کورد، له خوێندن
به زمانی کوردی و چ زیانێک به چێ‌بوونی زمانێکی یه‌کگرتووی کوردیی که‌وتووه، موحه‌ممه‌د
ڕه‌سووڵ هاوار ده‌ڵێت:"له‌دوای ئه‌وه‌ی ولایه‌تی موصل له ساڵی 1926دا خرابوه
سه‌ر عراق، له هه‌ندێ شوینی کوردستاندا ده‌ست کرابوو به خویندن به کوردی، له هه‌ندی
قه‌زاو ناحیه‌کانی موصل دا تاقمیکی ریژگاوی که‌روگای هه‌ڵخه‌ڵه‌تاو په‌نجه‌موری خه‌ڵکیان
کۆده‌کرده‌وه‌و ده‌یان نارد بو میری که نامانه‌وێ به‌کوردی بخوینین...بۆ ئه‌م مه‌به‌سته
چه‌ند خۆپیشاندانیکیان به منداله‌کانیان کرد، ئه‌وه بوو ئه‌و که‌ریتیه هه‌ر مه‌گه‌ر
خوا بزانیت چه‌ند که‌وت له‌سه‌ر زمانی کوردی و چ زیانێکی گه‌وره‌ی لی داین و هه‌ر
ئه‌و ده‌مارگیری و ناوچه‌گیریه‌ش بوو هه‌تا ئیسته‌ش کاریکی پیچه‌وانه‌ی کرد بۆ پێک
نه‌هینانی زمانیکی ئه‌ده‌بی یه‌کگرتووی گشتی له هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستاندا"[49]. که
باس له‌وه کراوه له هه‌موو باشووری کوردستاندا، له یه‌ک زاراوه زیاتر بکرێت
به زمانی ڕه‌سمیی کوردی، مێژوونووسی کورد، موحه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی، گوتوویه‌تی:"یه‌کێتی
زمانی کوردی تێک ئه‌درێ، که ئه‌مه ئه‌بێته سه‌به‌بی عاجزی و نه‌فره‌تی کورد و
قه‌ت ده‌لاله‌ت له حوسنی نییه‌تی حوکوومه‌ت ناکا ده‌رحه‌قیان"[50].
داگیرکه‌رانی
کوردستانیش باش له‌و مه‌سه‌له‌یه گه‌یشتوون، ئه‌وه‌تا له عیراق ڕێگه به ده‌رچوونی
ڕۆژنامه‌یه‌کی کوردی(کرمانجی ژووروو) به ناوی "بزاڤ" دراوه، هه‌ر بۆ وه‌ی
کرمانج ڕۆژنامه‌ی خۆیان هه‌بێت و سۆران هی خۆیان هه‌بێت و که‌س هی یه‌کدی نه‌خوێننه‌وه.
بێجگه له‌وه‌ی، که به‌رنامه و پرۆگرامی ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن زۆر له‌مێژه وه‌ک
دوو زمان له‌گه‌ڵ سۆرانی و کرمانجیدا مامه‌ڵه ده‌که‌ن. له ئه‌وروپایش فه‌رهه‌نگی
زمان (وێژه‌نامه)ی سۆرانی و کرمانجی له‌یه‌ک جودان و هه‌رکه‌س هی خۆی به‌کار ده‌بات.
6. دانانی
ئه‌لفبێی لاتینی و بڵاوکردنه‌وه‌ی له لایه‌ن جه‌لاده‌ت به‌درخانه‌وه، نه‌ک هه‌ر
خزمه‌تی به مه‌سه‌له‌ی نێزیکخستنه‌وه‌ی دیالێکته کوردییه‌کان له‌یه‌کدی و یه‌کگرتنی
زمانی کوردی و یه‌کیه‌تیی کورد نه‌کردووه، وه‌ک بۆ خۆی باسی ده‌کرد "د هه‌رتشتی
دا یه‌کیتی..دیه‌کیتی یا زمێن دا گاڤا پێشین یه‌کیتی یا عه‌زمانه"[51]، به‌ڵکه
گه‌وره‌ترین زیانیشی به کورد و زمانه‌که‌ی به‌خشی و تاوانێکه له‌هه‌مبه‌ر زمانی کوردی
و یه‌کیه‌تیی کورد ئه‌نجام درا.. ئینگلیزه‌کان و فرانسه‌ییه‌کان و په‌یمانی لۆزان،
چه‌ند ڕۆڵێکی خراپیان له دابه‌شکردنی کوردستاندا بینیوه، جه‌لاده‌ت به‌درخانیش، کارێکی
هێنده خراپی کردووه و ڕۆڵێکی هێنده خراپی، له له‌توپه‌تکردنی زمانی کوردی و کورددا
بینیوه. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ش، که ئه‌ڕۆکه شوێنپێ و ڕێگه‌ی ئه‌ویان گرتووه‌ته‌به‌ر،
له خزمه‌ت به لێک‌دابڕان و په‌رتکردنی کورد و خزمه‌ت به نه‌یارانی زێتر، چ ڕۆڵێکی
دیکه نابینن. سازکردنی ئه‌لفبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی، له لایه‌ن جه‌لاده‌ت به‌درخانه‌وه،
وه‌نه‌بێ پێویستییه‌کی مێژوویی بێت و کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که تیپی لاتینی به‌کار
نه‌بردبێت په‌کی که‌وتبێت، به‌ڵکه به کاریگه‌ریی"مێجه‌ر نۆئێل" ی ئینگلیز
و له‌ژێر کارتێکردن و هاندانی ئه‌ودا و پێشتریش به کاریگه‌ریی "ڕۆژێ لیسکۆ"،
جه‌لاده‌ت به‌درخان، هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی، که ده‌بێ تیپی کوردی بگۆڕێ بۆ
لاتینی، چونکه "نۆئێل" وه‌ک نوێنه‌رێکی ئینگلیزی کۆڵۆنیالیست و ئه‌وروپاییه‌ک،
دروستکردنی ڕاڕایی و دوودڵی لای جه‌لاده‌ت به‌درخان و سه‌لماندنی په‌سه‌ندیی و باشیی
ئه‌لفبێی لاتینی لای ئه‌و، بۆ تێکدانی یه‌کیه‌تیی زمانی کوردی و دابڕینی فه‌رهه‌نگی
کوردی له فه‌رهه‌نگی ئیسلامی، به ئه‌رکێکی خۆی زانیوه و هه‌وڵی بۆ داوه، چونکه
ئه‌و کۆڵۆنیالیست و ئه‌وروپاییانه، سه‌رلێشێواندن و دواخستنی نه‌ک ته‌نێ کورد، به‌ڵکه
ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێیه‌م مه‌به‌ستیانه
و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک و له هه‌موو بوارێکیشدا کاری بۆ ده‌که‌ن. زمانیش یه‌کێکه
له‌و بواره هه‌ره‌گرنگانه، ده‌نا بیانووی جوێکردنه‌وه‌ی "وو" له
"ۆ" و "ی" له "ێ"، مه‌سه‌له‌یه‌کی هێنده گرنگ و
دژوار نییه و نه‌بووه، مرۆڤ بخاته سه‌ر ئه‌وه‌ی، که ده‌بێ ئه‌لفبێی زمانه‌که‌ی
خۆی به بڕیارێکی یه‌ک که‌سیی و ده‌سبه‌جێ بگۆڕێت، وه‌ک جه‌لاده‌ت به‌درخان بۆ خۆی
باسی ده‌کات. جه‌لاده‌ت به‌درخان، بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ڕه‌وشی زمانی کوردی - وه‌ک یه‌که‌یه‌کی
جیانه‌کراوه- بێت و بێ ئه‌وه‌ی شاره‌زایی و زانیاری له دیالێکته‌کانی دیکه‌ی
زمانی کوردی‌دا هه‌بێت و بێ بیرکردنه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک
و بێ له‌به‌رچاوگرتنی دواڕۆژی کوردستان، ئه‌و بڕیاره کوشنده‌یه‌ی له‌مه‌ڕ گۆڕینی
ئه‌لفبێ داوه و به‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی هێنده مه‌زنی کردووه، که چاککردن و پینه‌کردنی
یه‌کجار سه‌خت و دژواره. جه‌لاده‌ت به‌درخان و کامڕان به‌درخانی برای زۆر له مێژ
بووه له ژێر کاریگه‌ریی ڕۆژاوا و نێوه‌نده ده‌سه‌ڵاتدار و بڕیارده‌ره‌کانیاندا
بوونه و خواستی ئه‌وانیان جێبه‌جێ کردووه. کامڕان به‌درخان یه‌که‌م کوردێک بووه،
که پێوه‌ندی به ئیسرائیل و زایۆنیزمه‌وه هه‌بووه و کاری بۆ کردوون و بنه‌ماڵه‌ی
به‌درخانیش هه‌ر له سه‌رده‌می میرنشینییه‌که‌یانه‌وه له‌و جۆره پێوه‌ندانه‌یان
هه‌بووه. ئه‌و جۆره پێوه‌ندانه و تێکه‌ڵاوی ده‌سگا سیخوڕی و بڕیارده‌ری ڕۆژاوا
و ئیسرائیل، هیچ کاتێک به قازانج و سوودی کورد نه‌شکاوه‌ته‌وه، به‌ڵکه ئه‌وان له‌و
پێوه‌ندانه‌دا سوودمه‌ند بوون و کوردیش دۆڕاو. گۆڕینی ئه‌و ئه‌لفبێیه‌ش هه‌ر ده‌که‌وێته
خانه‌ی ئه‌و دۆڕانه مه‌زنانه‌ی، که به سه‌ر کورددا هاتووه.
7. ئه‌گه‌ر
خاک و زمان و مێژووی هاوبه‌ش و هه‌ست به ئینتیما(إنتماﺀ) مه‌رج و پێناسه‌ی نه‌ته‌وه
بن، ئه‌وا ئه‌و مه‌رجانه له کوردیش‌دا هه‌ن، لێ ئه‌گه‌ر به چاوی واقیع و ڕاستگۆیانه‌تر
بنواڕینه ڕه‌وشی کورد له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه، حاڵه‌ته‌که به جۆرێکی دی خۆی ده‌نوێنێت.
باری جیۆگراسی(جیۆگرافی- سیاسی)، کوردی کردووه‌ته چوار پێنج به‌شه‌وه - ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش
تا ئێستا ساغ نه‌بووه‌ته‌وه- و به‌و دابه‌شبوونه‌ش، هه‌ر به‌شێک له‌وانه تا ڕاده‌یه‌کی
زۆر له به‌شه‌که‌ی دیکه دوورکه‌وتووه‌ته‌وه و هه‌ستی گرێدراوی به میلله‌ته‌که‌ی
هاوسێیه‌وه، عه‌ره‌ب، تورک، فارس، ئه‌رمه‌ن، ئازه‌ری و گوروزی، تا ڕاده‌یه‌ک به‌هێزه.
ئه‌و فاکته‌ره جیۆگراسییه کارێکی وای کردووه‌ته سه‌ر زۆرینه‌ی کورد، که هه‌ست
به "ئێرانیه‌تی، تورکیایه‌تی، عیراقیه‌تی، سووریایه‌تی و سۆڤیێتیه‌تی"
بکات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر کوردێک، هاونیشتمانیی یه‌کێکه له‌و وڵاتگه‌له و
ناسنامه و ڕه‌گه‌زنامه و ته‌سکه‌ره و ده‌فته‌رچه و پاسپۆرت - ئه‌گه‌ر هه‌یبێت-
ی یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی هه‌یه. زمانی خوێندن و فه‌رهه‌نگیی، زمانی عه‌ره‌بی، تورکی،
فارسی، ڕووسی، ئه‌رمه‌نی، ئازه‌ری و گوروزییه و ده‌سگای ڕاگه‌یاندنی کوردیش یا هه‌ر
نییه یا ئه‌گه‌ر هه‌شبێت فره‌وان و ئازاد نییه. له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه ئه‌گه‌ر
50%ی فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی کورد هاوبه‌ش بێت و فه‌رهه‌نگێکێ کوردی بێت، ئه‌وا 50%که‌ی
دیکه‌ی له‌گه‌ڵ میلله‌ته هاوسێیه‌که‌یدا هاوبه‌شه، واته: تا ڕاده‌یه‌ک ده‌ربڕینی
"نیوه‌میلله‌ت" یا "میلله‌تێک له قۆناخی دروستبوون و ڕه‌سیندا"ی
بۆ ده‌ست ده‌دات.
8. ئه‌گه‌ر
له سیاسه‌تدا، دژایه‌تی ئایین یا ئایینی ئیسلام یا حوکمی ئاخوند و ویلایه‌تی فه‌قیه
له ئێران‌دا، و کۆمونیزم له سۆڤیێتدا، و فه‌رمانڕه‌وایی دیکتاتۆر و بنه‌ماڵه و
تاکه‌حیزب و تاکه‌که‌س و شۆڤینیزمی عه‌ره‌بی له عیراق و سووریادا، و عه‌لمانییه‌ت
و شۆڤینیزمی تورکی و که‌مالیزم له تورکیادا، سوودێک به ئۆپۆزیسیۆنی نێو ئه‌و وڵاتانه
یا کورد ببه‌خشێت، ئه‌وا ئه‌لفبێی زمانی کوردی (تیپی عه‌ره‌بی) له تورکیا و سۆڤیێت،
چه‌کی خۆڕزگارکردنه و ده‌کرا و ده‌کرێت سوود له‌وه وه‌ربگیردرێت و به‌وه‌ش ته‌نێ
به‌وه، خۆ له تورکی عه‌لمانی و به ئه‌لفبیێ لاتینی نووس، و ئه‌رمه‌نستان و
گوروزینیا و ئازه‌ربایجانی کریلیک و هی دیکه نووس، جوێ بکرێته‌وه. پێشموایه ئه‌گه‌ر
له تورکیا، ئه‌رمه‌نستان، گورجستان، ئازه‌ربایجان و شوێنانی دیکه، که ئه‌وڕۆ به
ئه‌لفبێی لاتینی و کریلیک و شتی دیکه ده‌نووسن، ئه‌لفبێ عه‌ره‌بییه‌که‌ی زمانی کوردی
له شێوه‌یه‌کی نهێنیشدا بمابایه‌وه و له نێو خه‌ڵک و مزگه‌وت و په‌ناوپێچدا وه‌ک
"کڵامه پیرۆزه‌کانی ئه‌هلی حه‌ق و زمانی عیبری له نێو جووله‌که‌ی په‌ڕیوه‌ی
هه‌موو دنیادا و هه‌موو جۆره نهێنییه‌کی خۆش"، ئه‌وا تا ئێستاش ده‌ما و له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی، که قه‌ده‌غه‌یش بوو، خه‌ڵک پتر لێی نێزیک ده‌بوونه‌وه و فێری ده‌بوون و
وه‌ک چه‌کی خۆجوێکردنه‌وه‌یش، له ئه‌لفبێ و فه‌رهه‌نگی سه‌رده‌ست و ده‌سه‌ڵاتدار
به‌کار ده‌برا.
9. ته‌واوی ئه‌و زمانانه‌ی به تیپی عه‌ره‌بی ده‌نووسرێن
به زمانی کوردییشه‌وه، شانازی به‌وه‌وه ده‌که‌ن، که به‌ده‌وکاری و خۆشنووسی و
هونه‌رکاریی له نووسیندا به‌و تیپه عه‌ره‌بییانه، به‌هره و جوانییه‌ک به شێوه‌ی
نووسینه‌که ده‌به‌خشێ و ئه‌و نووسینه تا ڕاده‌یه‌ک وه‌ک تابلۆیه‌ک، نیگارێک،
دیمه‌نێک یا په‌یکه‌رێکی جوان پێشان ده‌درێ. نووسین به تیپی عه‌ربی و تیپی عه‌ره‌بی
خۆی، هه‌میشه سه‌رنجی هونه‌رمه‌ند و فه‌رهه‌نگییان و خه‌ڵکانی بیانی ڕاکێشاوه و
ئه‌وان پێیانوابووه، ئه‌و تیپانه
جوانترین تیپن. هه‌ربۆیه گه‌وره ڕۆژهه‌ڵاتناس
و ئیسلامناسی فرانسی لووی ماسسینۆ(Louis
Massignon / 1883- 1962)، که بێجگه له زمانانی فرانسی، ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی، زمانانی عه‌ره‌بی،
فارسی و تورکیشی به باشی زانیوه و چه‌ندین لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ
سۆفیایه‌تی و ئیسلامه‌وه هه‌یه، هه‌میشه مۆچیاری عه‌ره‌ب و ناعه‌ره‌بی کردووه
به‌وه‌ی ده‌ست به تیپه‌کانی زمانی عه‌ره‌بییه‌وه بگرن، چونکه ئه‌و تیپانه
سیما و هێمایه‌کی شارستانیه‌تی عه‌ره‌به. هه‌ر به‌و پێیه‌ش ئه‌و تیپه کوردییانه‌ی
ئێستای کوردیش ڕێک وه‌ک ئه‌و تیپه عه‌ره‌بی
و فارسییانه، هێما و سیمای شارستانیه‌تی کوردن و جوانی و نازکی و به‌هره
به شێوه‌ی نووسینی زمانی کوردی ده‌به‌خشن و هه‌رگیز هی ئه‌و نین له‌گه‌ڵ تیپی
لاتینیدا به‌راورد بکرێن.
10. زمانی ستاندارد و یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی، زمانی ڕه‌سمیی
هه‌موو عه‌ره‌بی جیهانه، که ده هێنده‌ی کورد ده‌بن. ئه‌و زمانه ڕه‌سمییه،
زمانی زگ‌ماک و زمانی دایک و په‌یڤینی ماڵه‌وه‌ی هیچ عه‌ره‌بێکی ئه‌م جیهانه، ته‌نانه‌ت
یه‌ک دانه عه‌ره‌بیش، نه‌بووه و نییه، چونکه ئه‌وان به زاراوه، زمان ده‌گرن
و ده‌که‌ونه قسان و زار ده‌که‌نه‌وه و وه‌ک نه‌ته‌وه‌یش خاوه‌نی پتر له 30 – 40
زاراوه و بنزاراوه‌ن، که هێنده دوورن له‌یه‌کدییه‌وه تا ڕاده‌ی له‌یه‌کتێنه‌گه‌یشتنیان.
هه‌موو عه‌ره‌بێک، که ده‌چێته به‌ر خوێندن به‌و زمانه ڕه‌سمییه یه‌کگرتووه، که
زمانی ماڵه‌وه‌یان نییه، فێره خوێندن و نووسین ده‌بێت، واته: ڕێک وه‌ک ئه‌وه
وایه زمانێکی نوێ فێر بێت[52]. ده‌ێ
بۆ ناکرێت هه‌موو کورد ئه‌م زمانه کوردییه‌ی ئێستای(کرمانجی خواروو و تیپی عه‌ره‌بی)
که جێی خۆی گرتووه و چه‌سپاوه، فێر بێت و بیکاته زمانی ڕه‌سمی و یه‌کگرتووی
خۆی.
11. مه‌سه‌له‌ی
هه‌ڵبژاردنی کام ئه‌لفبێ و کام دیالێکت بۆ زمانی نووسینی کوردی، تا ڕاده‌یه‌ک ڕوون
و ئاشکرایه، چونکه ئه‌و دوو شێوه نووسینه‌ی ئه‌مڕۆ"کرمانجی و سۆرانی"
به‌و دوو ئه‌لفبێیه‌ش، لام وایه هه‌ر ده‌مێنن و ناکرێنه یه‌ک، به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌کیش
ڕه‌وشی بزاڤی سیاسیی کورد و گه‌یشتنی به ئه‌نجام له به‌شێک یا چه‌ند به‌شێکی کوردستاندا،
و بوونی زمانی کوردی له‌و به‌شه یا له‌و چه‌ند به‌شه‌دا، به زمانی ڕه‌سمیی، کارگێڕی،کاروباری
ڕۆژانه، ڕاگه‌یاندنی گشتیی، میدیا و ده‌سگاکانی
بڵاوکردنه‌وه و په‌خشی بیستراو و بینراو و نووسراو(ڕۆژنامه، ڕادیۆ، ته‌له‌ڤزیۆن،
گۆڤار، کتێب، ته‌له‌فۆن و...) و خوێندن و نووسین، ڕه‌نگه بڕێک کار بکاته سه‌ر به‌شه‌کانی
دیکه. دیاره ده‌شکرێت تا ئه‌و کاته و تا ڕه‌خسانی ئه‌و هه‌ل و ده‌رفه‌ت و بواره،
شاره‌زایانی زمانی کوردی، له‌و باره‌وه بکۆڵنه‌وه و بتوێژنه‌وه و موناقه‌شه‌ی تێروته‌سه‌ل
له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بکه‌ن و ڕا بگۆڕنه‌وه و به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی
کورد، هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی زمانی کوردی له‌و پاشاگه‌ردانییه بده‌ن و له‌و خه‌ته‌ر
و مه‌ترسییه‌ی، که ئێستا تێیدایه ڕزگاری بکه‌ن، ئه‌ویش به ناسینی ئه‌لفبێی کوردی(تیپی
عه‌ره‌بی) به ئه‌لفبێی هه‌موو زمانی کوردی و گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌کاربردنی و پێشخستنی
و پێ نووسینی. با فه‌رهه‌نگییان و زمانزانان و خوێندووانی کورد و هه‌موو تاکێکی کورد
ئه‌وه بزانن، که نه‌ته‌وه و گه‌لانی دێرین و خودان مێژوو، هه‌روا به ئاسانی ئه‌لفبێی
خۆیان ناگۆڕن. چینی و کۆریایی و ژاپۆنییه‌کان، به بڕگه ده‌نووسن و تیبێتی و ئه‌رمه‌ن
و مه‌غۆل و عه‌ره‌ب و جووله‌که‌کان به ئه‌لفبێی تیبێتی و ئه‌رمه‌نی و مه‌غۆلی و عه‌ره‌بی
و عیبری ده‌نووسن و شانازی به‌و ئه‌لفبێیانه‌شیانه‌وه ده‌که‌ن و هه‌رگیزیش بیر له
گۆڕینیان بۆ لاتینی ناکه‌نه‌وه. سه‌رباری ئه‌وه ورده‌ورده‌ش کورد ده‌بێ هه‌وڵی خۆڕزگارکردن
له‌و لاتینی و کریلیک و که‌چه‌دیالێکتانه‌ش- که دزه ده‌که‌نه نێو زمانی نووسینی
کوردییه‌وه و خه‌ڵک هه‌ن داوا ده‌که‌ن پێیان بنووسرێت-، که ئه‌وڕۆ له سه‌ختیی و
گیروگرفت زێتر چی دیکه‌یان بۆ زمانی کوردی نه‌سازاندووه، بدرێت و هه‌ڵبژاردنی دیالێکتێکی
زێتر گه‌شه‌کردووی کوردی(کرمانجی خواروو، ئه‌وه‌ی به هه‌ڵه پێی ده‌گوترێ سۆرانی)
موتوربه‌کراو به هه‌موو دیالێکته‌کانی دیکه‌ی زمانی کوردی، بکرێته ئامانج و مه‌به‌ست.
به‌هاری 1990
[3] قاسملوو،
دکتور عه‌بدولڕه‌حمان، کوردستان و کورد، وه‌رگێڕانی عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده، بنکه‌ی
پێشه‌وا، 1973، ل31-32.
[4] فه‌تاح، شاکیر، گیروگرفته‌کانی
ڕێنووسی کوردی و شێوه‌ی چارکردنیان، گۆڤاری کۆڕی زانیاری عێراق، ده‌سته‌ی کورد، به‌رگی
نۆهه‌م، 1982، ل113.
[6] نووسه‌ری مسری سه‌لامه
مووسا"سلامة م‌وﺴﻰ"، کاتی خۆی نامیلکه‌یه‌کی به ناوی "الحروف
اللاتینیة للغة‌العربیة" بڵاوکرده‌وه، له‌وێدا ئه‌ویش داوای ده‌کرد، که
زمانی عه‌ره‌بی به تیپی لاتینی بنووسرێت. به‌ڵگه و به‌هانه‌یشی بۆ پشتگریی ڕایه‌که‌ی
خۆی ئه‌وه بوو که:
-
له عه‌ره‌بیدا ته‌نێ سێ بزوێن(ڤاوڵ) هه‌ن و له لاتینیدا شه‌ش.
- عه‌ره‌بی
به‌و تیپانه‌ی ئێستای نموونه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و کشتوکاڵییه، ئه‌گه‌ر
به لاتینی بنووسرێت، ئیدی کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی ده‌چێته ڕیزی کۆمه‌ڵگه پیشه‌سازییه‌کانه‌وه.
-
تیپی لاتینی به‌رگی بیری نوێیه، که ده‌کاته بیری ڕاستی، به‌ڵام تیپی عه‌ره‌بی
به‌رگی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و کۆنه.
- به‌کاربردنی
تیپی لاتینی ڕێگه‌ی فێربوونی زمانانی ئه‌وروپایی، ئه‌و زمانانه‌ی که یه‌ک ملیار
مرۆڤ قسه‌ی پێ ده‌که‌ن، بۆ عه‌ره‌ب هاسان ده‌کاته‌وه.
-
به به‌کارهێنانی تیپی لاتینی عه‌ره‌ب هه‌زار ساڵ پێشده‌که‌وێت.
[7] ئامێدی، صادق به‌هائوددین،
ڕێنڤیسینا کوردی ب تیپێت عه‌ره‌بی، گۆڤاری کۆڕی زانیاری عێراق، ده‌سته‌ی کورد، به‌رگی
نۆهه‌م، 1982، ل135-146.
[8] کاک فه‌همی کاکه‌یی بۆی
گێڕامه‌وه گوتی:"له سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیدا، جارێکیان له مامۆستا
"مه‌لا عه‌زیزی سیامه‌نسووری"، که کادرێکی کۆنی پارتیی دیموکراتیی
کوردستان بوو، پرسیم: مامۆستا گوو خۆشه
یا گوی! ئه‌ویش گوتی: وه‌ڵڵا برا گوی وه‌ده‌م خۆشه". مه‌به‌ستی هه‌ردووک
کاکه‌یی و سیامه‌نسووری له "گوو" و "گوی"، شێوه‌ی ده‌ربڕین و
ده‌نگه‌که‌یان بووه.
[12] له کاتێکدا که لێره و له‌وێ له‌م ئه‌وروپایه، هه‌ندێک نووسه‌ری کورد -
ئه‌وانه‌ی که به دیالێکتی کرمانجی ژووروو ده‌نووسن- باس له‌وه ده‌که‌ن، که له
عیراق ڕێگه‌ی به کرمانجی نووسینیان نه‌بووه یا سه‌خت بووه، چونکه کوردانی
سۆران ڕێگه‌یان نه‌داوه، ئه‌مه ڕێک وه‌ک بۆچوون و هه‌ڵوێستی هه‌ندێک له
ئاشوورییه‌کانی کوردستانی تورکیایه، که کاتێک دێنه ئه‌وروپا ده‌ڵێن:"کوردی
موسوڵمان ئێمه‌ی چه‌وساندووه‌ته‌وه و له ده‌ست ئه‌وان هه‌ڵهاتووین".
[15] ئامێدی، صادق به‌هائوددین، جه‌لاده‌ت به‌درخان، گۆڤاری
کۆڕی زانیاری عێراق، ده‌سته‌ی کورد، به‌رگی حه‌وته‌م، 1980، ل263.
[16] ژنێکی فلستینی، که مامۆستای
زمانی عه‌ره‌بییه له ستۆکهۆڵم، پێش چه‌ند ساڵێک پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ کردم، بۆ وانه‌ی کوردی به دوو سێ منداڵی کورد، که
له‌و فێرگه‌یه‌دا بوون، ئه‌و کاری تێدا ده‌کرد،
ناڵێمه‌وه، چونکه مامۆستای کوردی‌یان نه‌بوو. گوتم:"منداڵه‌کان خه‌ڵکی کوێن؟"
گوتی:"وا بزانم کوردی تورکیان". گوتم:"ئه‌وان به کرمانجی ژووروو و
تیپی لاتینی ده‌خوێنن و من به کرمانجی خواروو و تیپی عه‌ره‌بی وانه ده‌ڵێمه‌وه".
گوتی:"جا که واته دوو زمانی کوردی هه‌یه! واته ئێوه دوو میلله‌تن".
گوتم:"نه‌خێر یه‌ک زمانی کوردی هه‌یه و ئێمه یه‌ک میلله‌تین، به‌ڵام
بارودۆخی جیۆگرافی و سیاسی و دابه‌شبوونی کورد به سه‌ر چه‌ند وڵاتێک‌دا و نه‌بوونی
قه‌واره‌یه‌کی سیاسی و...وای لێکردووین". گوتی:"جا خۆ ئێمه بیست
دیالێکتمان هه‌یه و جیاوازیی هێندێکیشیان ده‌گاته ڕاده‌ی لێکتێنه‌گه‌یشتن و له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا یه‌ک زمانی نووسین و یه‌ک ئه‌لفبێمان هه‌یه. سیاسه‌ت و سنوور و دابه‌شبوون
که‌ی کارده‌کاته سه‌ر یه‌کیه‌تی زمان و ئه‌لفبێ".
[18] مامۆستایه‌کی ئێرانناس"Iranist"، به ناوی "کارینا جه‌هانیCarina Jahani"، له زانستگه‌ی "ئوپسالا" له سوێد،
که سه‌رده‌مێک مامۆستایشم بوو، ده‌یگوت:"کورده‌کان زۆر زیره‌کانه،
گیروگرفتی ئه‌لفبێیان چاره‌سه‌ر کردووه و خۆیان له گرێ و سه‌ختیی ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی
ڕزگار کردووه و دوورخستووه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر ئه‌لفبێی کوردی له‌گه‌ڵ فارسییشدا به‌راورد بکرێت، ئه‌وا کوردییه‌که
زێتر پێشکه‌وتووه".
[24] چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ شاعر
و نیشتمانپه‌روه‌ری گه‌وره‌ی کورد(هه‌ژار)، پێشه‌نگ، ژماره 11، ئازاری 1986، ل28.
[31] کوردۆ، پرۆفیسۆر قه‌ناتێ، ل
بابه‌ت نڤیسکار، زمان و ئه‌لباێی په‌رتوکێت دینێ ئێزیدیان، گۆڤاری کۆڕی زانیاری
کورد، به‌رگی یه‌که‌م، به‌شی یه‌که‌م، به‌غدا1973،ل132-172.
[32] ڕه‌هبه‌ر، د. حوسین، جه‌لاده‌ت
به‌درخان وه‌ک هیمدارێ ئه‌لفاببێیا لاتینی کوردی، رۆشنبیری نوێ، ژماره 105، ساڵی
1985، ل96.
[36] ڕه‌فیق
حیلمی، له باره‌ی "مێجه‌ر نۆئێل"ه‌وه، باسی ئه‌وه ده‌کات، که
"نۆئێل"یه‌کێک بووه له ئه‌فسه‌ره ئینگلیزه شاره‌زاکانی هه‌رێمی
کوردستان. ڕاوێژکاری شێخ مه‌حموود و یه‌که‌م نوێنه‌ری ئینگلیز بووه له کوردستان.
زمانانی فارسی و فرانسه‌یی زۆر باش زانیوه و له ئێران‌دا زۆر ماوه‌ته‌وه. له
ڕێی سیاسه‌ته‌وه خزمه‌تی بریتانیای کردووه. ڕۆژی 1-11-1918، له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا،
به خه‌ڵکی سلێمانی، که "عوله‌ما، ئه‌شراف، سادات و توججار"ی تێدا به‌شدار
بوون، به ناوی نوێنه‌ری بریتانیاوه قسه‌ی کردووه و به‌و خه‌ڵکه‌ی ڕاگه‌یاندووه،
که شێخ مه‌حموود، له لایه‌ن حاکمی گشتیی عیراقه‌وه، به "حوکمداری
کوردستان" ناسراوه. نۆئێل و له پشت ئه‌ویشه‌وه "ویلسن"ی حاکمی
گشتیی عیراق، ده‌یانه‌ویست له نفووزی شێخ مه‌حموود که‌ڵک وه‌رگرن و له هه‌رێمی
کوردستاندا، بێ هێزێکی سه‌ربازی، نفووزی ئینگلیز جێگیر بێت و به هۆی شێخ مه‌حمووده‌وه،
سیاسه‌تی حوکوومه‌تی بریتانیا، به‌ڕێوه ببه‌ن. نۆئێل، ناوی "حاکمی
سیاسی" لێ نرا. حیلمی ده‌ڵێت "زه‌مان به دڵی (نۆئێل) بچوایه به‌ڕێوه
شکم له‌وه‌دا نیه که بناغه‌ی (کوردستانی گه‌وره)ی دائه‌مه‌زراند..".
نۆئێل، شوباتی 1919 چووه‌ته تورکیا و له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌کانی سیاسی کوردیشه‌وه،
"میر جه‌لاده‌ت به‌درخان" و دوو کوردی تریش گه‌یشتوونه‌ته لای و له‌گه‌ڵ
"نۆئێل"دا یه‌کیان گرتووه و به ناو کورده‌کانی خه‌رپووت و دیاربه‌کردا
سووڕاونه‌ته‌وه و بۆ کورد و کوردستان گفتوگۆیان کردووه. بنۆڕه: حیلمی، ره‌فیق،
یادداشت، به‌رگی یه‌که‌م، چاپخانه‌ی مه‌عاریف، ساڵی 1956، ل58-73.
[40] ئوسمانۆڤا، بارات، له‌باره‌ی چاک کردنی زمانی تورکی یه‌وه، شوکور مسته‌فا
له ئازه‌ربایجانی یه‌وه کردوویه به کوردی، گۆڤاری کۆڕی زانیاری عێراق، ده‌سته‌ی
کورد، به‌رگی حه‌وته‌م، 1980، ل67-69.
[46] زۆرجاران دۆست و براده‌ری
کوردی باکووری کوردستانم، که کتێبێکی کوردی به ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی نووسراویان
دیوه، به قورئان یا هه‌ر کتێبێکی عه‌ره‌بییان زانیوه و هه‌رگیز به‌لای ئه‌وه‌دا
نه‌چوون، که ئه‌وه کوردییه و ئه‌گه‌ر گوتوومه ئه‌وه کوردییه، گوتوویانه: ها
سۆرانییه! کوردی به لای ئه‌وانه‌وه، ته‌نێ ئه‌وه‌یه که به تیپی لاتینی
نووسرابێت. ئیدی دابڕان و نه‌گبه‌تی ده‌بێ چۆن بێت!
[47] شریعتي، الدکتور علي، العوده
إﻟﻰالذات، ترجمة ابراهیم الدسوقي شتا، الزهراء للاعلام العربي، القاهرة 1989،ص122.
[49] هاوار،
کوێره‌وه‌ری و بیره‌وه‌ری، 1984،ل33. گه‌لێک جاریش زۆریی ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی
کرمانجی ژووروو قسان ده‌که‌ن، له لایه‌ن هه‌ندێکه‌وه ده‌کرێته به‌ڵگه و بیانوو
بۆ ئه‌وه‌ی، که ئه‌لفبێی لاتینی و کرمانجی ژووروو، زمانی کوردییه و به‌س. له نامه‌یه‌کیدا، که له به‌لژیکه‌وه بۆی
ناردووم و باسی "مه‌حموود باکسی" ده‌کات، که خۆی به نووسه‌ر و
ڕووناکبیر ده‌زانێت و سه‌ری به‌لژیکی دابوو ئه‌و کاته، "ئا..ش" ده‌نووسێت:"دوێنێ...لێره
بوو، له سوێده‌وه هاتبوو (مه‌حموود نازانم کێ)، لای خۆی نووسه‌ره، ده‌یفه‌رموو،
ژماره‌ی کورد بیست ملیۆنه و سۆرانییه‌کان پێنج ملیۆنن...منیش گوتم، کاکی برا سه‌د
ڕه‌حمه‌ت له سه‌ددام، ئه‌و هه‌ر ده‌ڵێ، گه‌لی کورد و ناڵێ سۆرانی و گه‌لی
بادینانمان". ئه‌وجا ئه‌وه بیر و بۆچوونی زۆربه‌ی ئه‌و نووسه‌ره پێ له زه‌وی
بڕاوانه‌یه، که له هه‌وادا مه‌له ده‌که‌ن.
[52] له‌نێو ئۆتۆبووسێکی گشتیی نێوان دوو گه‌ڕه‌کی شاری
ستۆکهۆڵمدا دانیشتبووم، ژنێک و منداڵێکی کچی ته‌مه‌ن 4 - 5 ساڵانیش له نێزیکی منه‌وه
دانیشتبوون. منداڵه‌که به ژنه‌که‌ی ده‌گوت"عمة"، واته: ژنه‌که
میمک(خوشکی باوک)ی بوو. له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا به شێوه‌زاری عیراقی، به‌غدایی، قسه‌یان
ده‌کرد. منداڵه‌که به زمانێکی عه‌ره‌بی ستاندارد و پاک و ڕه‌وانی زمانی کتێبان،
چیرۆکێکی، که له‌به‌ری کردبوو، به زمانی شیعر بۆ میمکه‌که‌ی ده‌گێڕایه‌وه. چه‌ندین
جار و تا من له ئۆتۆبووسه‌که دابه‌زیم، ئه‌و منداڵه داوای له میمکه‌که‌ی ده‌کرد،
گوێی لێبگرێ و هه‌مدیس چیرۆکه‌که‌ی ده‌گوته‌وه. پێموابێ پێنج شه‌ش جارانی، گوته‌وه.
به ده‌نگێکی منداڵانه‌ی ناسک و خۆش و له‌گه‌ڵ پاراستن و ده‌ربڕینی مۆسیقای
شیعره‌که‌دا، هێنده جوانی ده‌گوته‌وه، من بۆ خۆم حه‌زم ده‌کرد ده‌یان جاری دیکه‌یشی
بژنه‌فمه‌وه. ئه‌و زمانه‌ی منداڵه‌که چیرۆکه شیعرییه‌که‌ی پێ ده‌گوته‌وه، نه زمانی
زگ‌ماک و دایک و په‌یڤینی ماڵه‌وه‌ی منداڵه‌که بوو و نه زمانی ماڵه‌وه‌ی هیچ عه‌ره‌بێکی
ئه‌م جیهانه‌یه، به‌ڵام زمانێکه هه‌موو عه‌ره‌بی یه‌کخستووه.
که منداڵ بووم و له شاکه‌ل، شه‌وان هاوسێیه‌کانمان ده‌هاتن
بۆ ده‌مه‌ته‌قه و دانیشتن و گوێگرتن له هه‌واڵ و ده‌نگوباسی دنیا له ڕێگه‌ی
ڕادیۆوه، که ئه‌وده‌می تازه په‌یدا بووبوو. باوکم گوێی ده‌دایه په‌خشی عه‌ره‌بی
ڕادیۆی بی. بی. سی له‌نده‌ن و ڕادیۆی ئیسرائیل و به‌غدا و قاهیره و ئه‌وانه،
هاوسێیه عه‌ره‌به‌کانمان، که نه‌خویندوو بوون، زۆرکه‌م یا هه‌ر هیچ له هه‌و‌اڵه‌کان
تێنه‌ده‌گه‌یشتن و له باوکمیان ده‌پرسی، ئه‌و هه‌واڵه چی بوو و چۆن بوو! باوکم،
چونکه خوێندوو بوو تێیده‌گه‌یشت و بۆیانی ده‌کرده ئه‌و عه‌ره‌بییه‌ی قسه‌یان پێ
ده‌کرد.