ئه‌مه‌ریکا باجی که‌ڵه‌گایه‌تی
خۆی ده‌دات
خۆی ده‌دات
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ده‌سگاکانی ڕاگه‌یاندنی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت تاکی ئاسایی ئه‌وروپاییش، که باسی ڕووداوه‌کانی 11 ئه‌یلوولی 2001ی ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌ن، هه‌ر ده‌ڵێی سنوورێک یا هێڵێک به نێوان دوو جیهاندا یا دوو مێژوودا، ده‌کێشن و پێیانوایه، که مێژووی پاش 11ی ئه‌یلوول جیاوازه له مێژووی پێش 11ی ئه‌یلوول و پێیان وایه ئیدی جیهان هه‌رگیز ئه‌وه‌ی جاران نییه. ئه‌مه‌ریکایی و ئه‌وروپایی، له کێشانی سنوور و هێڵ و مه‌رزدا، گه‌لێک زیره‌کن و چاکی لێده‌زانن. مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وان نه‌بوون و نین، که له سه‌ر مێزی خواردنه‌وه و قومار، به ڕاسته، ته‌واوی ئه‌فریقایان وه‌ک پاقلاوه، به سه‌ر ده‌یان ده‌وڵه‌تدا، به‌شیوه‌ته‌وه. مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وان نین، که هه‌ر گه‌لێک و هه‌ر هۆزێکی جیهانی سێیه‌میان، له‌توپه‌ت کردووه و نیوه‌ی خانه‌واده‌یه‌کیان خستووه‌ته بنده‌ستی ده‌وڵه‌تێکه‌وه و نیوه‌که‌ی دیکه‌شی له‌ودیوی سنووره‌وه‌یه و مه‌گه‌ر ته‌نێ له خه‌وندا، یه‌کدی ببیننه‌وه. نموونه‌ش: عه‌ره‌ب، به‌لووچ، په‌شتۆ،تاجیک، کورد، دورزی، ئازه‌ری و...، له وڵاتانی ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆمان و ته‌واوی ئه‌فریقا و ئه‌مه‌ریکای خواروویش. تاکی ئاسایی ئه‌وروپایی و خۆراوایی و ئه‌مه‌ریکایی، چوون هه‌سپی گالیسکه‌کێشی، ئه‌ملا و ئه‌ولا و چاوگیراو، بیر ده‌که‌نه‌وه و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن و ڕۆژنامه و ئینته‌رنێت و سیاسه‌تکارانی خۆیان چ ده‌ڵێن، ئه‌مانیش هه‌ر ئه‌وه ده‌بیسن و تێده‌گه‌ن و ده‌ڵێنه‌وه و هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڕاست ده‌زانن. هه‌رچی ئه‌و ڕووداوه‌ی 11ی ئه‌یلووله، که ئه‌مه‌ریکا و ته‌واوی ئه‌وروپای هه‌ژاند، به‌ڕاستی و سه‌دله‌سه‌د، هێشتا بۆ هیچ که‌سێک ئاشکرا و ڕوون نییه، که کێ ئه‌نجامی داوه، یا ڕاستتر کێی له پشته‌وه بووه! ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و ڕۆژاوا، له بیانوو ده‌گه‌ڕێن و مه‌به‌ستیان ته‌نێ ده‌سته‌یه‌ک یا خه‌ڵکگه‌لێکی دیاریکراو نییه، که به نێوی ته‌رۆریست و ته‌رۆریزمه‌وه، له‌به‌ینیان ببه‌ن، به‌ڵکه مه‌سه‌له‌که فره له‌وه گه‌وره‌تر و به‌ربڵاوتره. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له کاره‌ساتی 11ی ئه‌یلوول تێبگه‌ین، گه‌ره‌که ئاوڕێک له پاشخان و پێشینه‌ی ئه‌و ڕووداوه بده‌ینه‌وه. ئه‌وه‌ی که 11ی ئه‌یلوول ڕوویدا، هیچ له‌وه‌ی، که له سه‌فاره‌تخانه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا له به‌یرووت و ته‌نزانییا و کێنیا، ڕوویاندا، جیاواز نییه. ئه‌مه‌ریکا به‌و تووشبوون و لێقه‌ومانه، باجی سیاسه‌تی چه‌وتی خۆی و که‌ڵه‌گایه‌تی و نێره‌که‌رایه‌تی خۆی ده‌دات. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و خۆراوا باس له ته‌رۆریزم و ته‌رۆریست ده‌که‌ن، خۆ دیرۆکی خۆیان، هه‌موو خه‌ڵتانی خوێن و دیرۆکی ته‌رۆریزمه و به‌شی زۆرینه‌ی کاره‌کانیان به‌رانبه‌ر جیهانی سێیه‌م و هه‌ژارانی جیهان و گه‌لان و وڵاتانی بنده‌ست، کارگه‌لێکی ته‌رۆریستانه بووه. بۆ خۆیان گه‌وره‌ترین و هێزدارترین و تواناترین ته‌رۆریستی ئه‌م دنیایه‌ن. مه‌گه‌ر جه‌نگی خاچهه‌ڵگرانی مه‌سیحییان به‌رانبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی موسوڵمان، کوشتن و بردن و به‌کۆێله‌کردنی ڕه‌شپێستانی ئه‌فریقایی له ئه‌مه‌ریکا و بۆ ئه‌مه‌ریکا، له‌نێوبردنی ئیندیانه‌کانی ئه‌مه‌ریکای خواروو و سه‌روو، ئه‌بۆریجینه‌کانی ئه‌وسترالیا و ماورییه‌کانی نیوزیلاند و کوشتنیان و کردنیان به مه‌سیحی و سه‌پاندنی زمانی ئینگلیزی و ئیسپانیۆلی به سه‌ریاندا و سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگیان و پاشتریش هێشتنه‌وه‌یان له ناوچه‌ی دیاریکراودا، وه‌ک چۆن باخچه‌ی ئاژه‌ڵان، ئاژه‌ڵی به‌سته‌زمانی تێدا به‌ند ده‌کرێن، داگیرکردنی به‌شی زۆری ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌مه‌ریکای خواروو و دابه‌شکردنیان، له نێوان وڵاتانی ئه‌وروپادا و تاڵانکردن و ڕووتاندنه‌وه‌یان، داگیرکردنی ئه‌لجه‌زایر و شه‌هیدکردنی پتر له یه‌ک میلیۆن مرۆڤی ئه‌و وڵاته، جه‌نگی ڤیێتنام، کوودێتای سه‌ربازیی 1965ی ئیندۆنیسیا، که به کۆمه‌کی ئه‌مه‌ریکا کرا و سه‌دان هه‌زار مرۆڤی چه‌وساوه‌ی وه‌رزێر و جۆتکاری تێدا کوژران، بۆمببارانی هیرۆشیما و ناگازاکی، بۆمببارانکردن و وێرانکردنی عیراق و برسیکردنی وڵاتێک، کاره‌ساته‌کانی ڕوواندا و ئه‌فریقای خواروو و لیبیا، ئابڵۆقه‌ی ئابووری کووبا و لیبیا و عیراق و ئێران، چاندن و قوتکردنه‌وه‌ی ئیسرائیل له نێوجه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی ئیسلامی‌دا و ڕۆژانه کوشتنی فلستینییان، دژایه‌تی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ته‌واوی شۆڕش و بزاڤه ڕزگاریخوازه‌کانی جیهان، ڕووخاندنی ئاللیندی و کۆمه‌ککردن به پێنۆشێ و کوشتنی خه‌ڵکی چیللی، ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ستی نازیزم و فاشیزم و تاوانه‌کانیان و...سه‌دان کاری دیکه‌ی له‌م جۆرانه، کارگه‌لێکی ته‌رۆریستانه نین! ئه‌گه‌ر ئه‌وانه ته‌رۆریزم نه‌بن، ئه‌وا هیچ شتێک له‌و دنیایه‌دا ته‌رۆریزم نییه. مێژوو له کن مرۆڤی ڕۆژاوایی، ته‌نێ مێژووی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکای سه‌رووه و له ده‌رێی ئه‌و مێژووه، ئه‌وان مێژوویه‌کی دیکه نابینن و ناناسن و ناخوێننه‌وه. خۆراوای سه‌رمایه‌داری تا سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم له ئارادا بوون، ته‌واوی هێزیان بۆ لێدانی ئه‌وان ته‌رخان کردبوو و جارنایش بۆ لێدانی کۆمۆنیزم، ئیسلامیان به دۆستی خۆیان داده‌نا. له دوای ڕووخاندنی کۆمۆنیزم، ئیدی ڕۆژاوا، ئیسلام به نه‌یاری سه‌ره‌کیی خۆی ده‌زانێت. تیۆری "کۆتایی مێژوو"، که "فۆکۆیاما"، هێنایه ئاراوه و تیۆری "ململانێی یا جه‌نگیی ژیارییه‌کان"، که "سامۆیێل هێنتینگتۆن"، هێنایه ئاراوه. به ئاشکرا باس له‌وه ده‌که‌ن، که ئایدیۆلۆژیای سه‌رمایه‌داری به ته‌واوه‌تی به سه‌ر ته‌واوی ئایدیۆلۆژیاکانی دیکه‌دا سه‌رکه‌وت و به‌وه‌ی، که شارستانییه‌ت و ژیاریی ئه‌مه‌ریکا، مارکسیزم و کۆمۆنیزمی به‌زاند و به‌سه‌ریدا سه‌رکه‌وت، ئیدی تاکه کۆسپێک، که له ڕێگه‌دا مابێت، ئیسلامه و ئه‌ویش به له‌توپه‌ت و به‌شبه‌شکردنی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کانی، ئیدی ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و هیچی نامێنێت و سه‌رمایه‌داریی خۆراوا و ئه‌مه‌ریکا ده‌بێته شاڕێگه‌ی مرۆڤایه‌تی. که مارکسیزم و کۆمۆنیزم –دیاره له شێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته تۆتالیتێر و داخراو و مرۆڤسه‌رکوتکه‌رانه‌دا، که به درۆ نێوی سۆسیالزمیان له خۆ نابوو و له پێشی هه‌موویشیانه‌وه،یه‌کیه‌تی سۆڤیێت- ڕووخا، ئیدی ئیسلام بوو به دوژمنی سه‌ره‌کیی ڕۆژاوا. پێش چه‌ند ساڵێک، دوای ڕووخانی دیواری به‌رلین و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سۆڤیێت، گفتوگۆیه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنیم له‌گه‌ڵ نووسه‌ری ئینگلیزی جووله‌که‌ڕه‌گه‌زدا، "ئه‌نتۆنی بوێرجز"[1]، له یه‌کێک له که‌ناڵه‌کانی سوێده‌وه چاوپێکه‌وت، ئه‌و کابرایه زۆر به ڕاشکاوی ده‌یگوت، که وا کۆمۆنیزم ڕووخا و ئێستا ئیدی، خه‌ته‌رێکی مه‌زن، که له به‌رانبه‌ر خۆراوا و ئه‌وروپادا هه‌بێت، ئیسلامه. ئه‌م خه‌ڵکه‌ی، که ئه‌وڕۆکه ڕۆژاوا و ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا نێوی ته‌رۆریست و ئه‌وانه‌یان لێده‌نێن، دوێنێکه له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا و بۆ دژایه‌تی کۆمۆنیستانی ڕووس، پێیان ده‌گوتن "مجاهیدین" و هه‌موو کۆمه‌کێکیان پێ ده‌کردن. سی. ئای. ئه‌ی، بۆ خۆی چه‌کی پێده‌دان و مه‌شقی پێ ده‌کردن. ئه‌گه‌ر جارنا ده‌نگێک له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه، یا له هه‌ر سووچ و قوژبنێکی ئه‌م دنیایه‌وه، بۆ خۆناسینه‌وه و ڕاوه‌ستان له سه‌ر پێی خۆ، به‌رز بووبێته‌وه، وه‌ک غاندییه‌ک، ماوێک، بنبیللایه‌ک، لۆمۆمبایه‌ک، گیڤارایه‌ک، خومه‌ینییه‌ک، ماندێلایه‌ک یا کاسترۆیه‌ک، ئه‌وا خۆراوا و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا هه‌موو دنیایان کردووه به گژی‌دا و به ڕیزپه‌ڕ و چه‌وت و دژه‌شارستانییه‌ت و دژه‌ژیاری دانراون. شارستانییه‌ت و ژیارییش به لای ڕۆژاواوه، ته‌نێ ناشارستانییه‌ت و ناژیاریی ئه‌مه‌ریکای بێفه‌رهه‌نگه. ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و خۆراوا، سیاسه‌تکار و کارگێڕ و هه‌ڵسووڕێنه‌ر و کۆمۆنیست و چه‌پ و موسوڵمان و شۆڕشگێڕی، سازشکار و ترسنۆک و پووله‌کی و جاسووس و خۆفرۆش و ساخته‌چی و فریوده‌ر و سووک و هه‌رزه‌یان ده‌وێت، بۆ وه‌ی بۆ خۆیان و به ئاره‌زووی خۆیان، بیانجووڵێنن و کاریان به سه‌ردا دابه‌ش بکه‌ن. مه‌به‌ستی ڕاسته‌وخۆ و سه‌ره‌کیی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا، له کۆتایی مێژوو و جه‌نگیی ژیاری و شارستانییه‌ته‌کان، ئه‌مه‌ریکاییاندن و ئه‌وروپاییاندن و خۆراواییاندنی هه‌موو جیهانه و تاساندنی هه‌موو ده‌نگێکی بڕێک له خۆیان جیاواز. ئه‌مه‌ریکا ، که بۆ خۆی ڕێبه‌ری ته‌رۆریزمی جیهانی و نێونه‌ته‌وه‌ییه، له تاوانه‌کانیدا به‌رانبه‌ر مرۆڤایه‌تی، هونه‌ر ده‌نوێنێت و کاری یه‌کجار خه‌یاڵئامێز ده‌کات. ئه‌مه‌ریکا ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی جیهانی خستووه‌ته سه‌ر دووڕیانێک و هه‌ڵبژاردنێک، له‌گه‌ڵیدا ده‌بن و به‌شداریی ڕه‌وتی تاوانه‌کانی ده‌که‌ن باشه، ده‌نا له نێوچوون و مردن چاوه‌نۆڕیان ده‌بێت. ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا، جیهانێکی یه‌کڕه‌نگ و یه‌کفۆرم و یه‌کبیچمیان گه‌ره‌که. ده‌یانه‌وێ هه‌موو جیهان له‌فه‌ن(وه‌ک) ئه‌وان بیر بکاته‌وه و له خولکه‌ی ئه‌واندا بسووڕێته‌وه، هه‌ر بۆیه به جیهانگه‌ری(عه‌وله‌مه, Globalization) و به پرۆژه‌ی جاسووسیی "ئیشلۆن Echelon "ه‌وه، ده‌یانه‌وێت ته‌واوی جیهان بئه‌مه‌ریکێنن و بیخه‌نه ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی خۆیانه‌وه. ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و خۆراوا، شه‌و و ڕۆژ، ده‌هۆڵ بۆ دیموکراسی لێده‌ده‌ن، لێ ئه‌وان دیموکراسییان بۆ خۆیان ده‌وێ، نه‌ک بۆ جیهانی سێیه‌م و چواره‌م و ده‌یه‌م. دیموکراسی ڕۆژاوایی ده‌کاته هه‌ڵبژاردن و که زۆرینه برده‌وه یا (به‌ره‌نده)[2] بوو له هه‌ڵبژاردندا، ده‌بێ که‌مینه ملی بۆ که‌چ بکات و قایل بێت به‌وه‌ی، که زۆرینه کارگێڕیی حوکوومه‌ت بگرێته ده‌ست، که‌چی له ئه‌لجه‌زایر، که ئیسلامییه‌کان به گوێره‌ی دیموکراسیی خۆراوایی له هه‌ڵبژاردندا بردیانه‌وه و ده‌بوو کارگێڕیی بگرنه ده‌ست، ڕۆژاوا لێنه‌گه‌ڕا و ده‌سبه‌جێ لێدران و ڕاوکران. له تورکیا حیزبی ڕه‌فاه[3] ، که دیموکراسییانه‌ی خۆراواییانه، بردییه‌وه و کارگێڕی گرته‌ده‌ست، دواتر له‌شکر به فه‌رمانی ڕۆژاوا، چونکه وه‌ک ده‌سگایه‌ک بۆ خۆی سه‌ر به خۆراوایه، وه‌ده‌ریان نان. ته‌واوی دیرۆکی مرۆڤایه‌تی، ملانێ و پێکدادان و جه‌نگێکه، له نێوان زۆردار و زۆرلێکراو، موعاویه و عه‌لی، ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار، چه‌وسێنه‌ر و چه‌وساوه، یه‌زید و حوسه‌ین، دارا و نه‌دار، داگیرکه‌ر و داگیرکراو، عوسمان و ئه‌بوزه‌ر، سه‌رده‌ست و بنده‌ست، سه‌رمایه‌دار و کارگه‌ر، تێر و برسی، سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیزم، به‌شخۆر و به‌شخوراو، ئیمپریالیزم و گیڤارا، ئه‌نفالکه‌ر و ئه‌نفالکراو، پێنۆشێ و ئاللیندی، هێزدار و بێهێز و ده‌سه‌ڵاتدار و بێده‌سه‌ڵاتدا، من بۆ خۆم لایه‌نگر و له‌ته‌ک و سه‌ر به زۆرلێکراو، عه‌لی، هه‌ژار، چه‌وساوه، حوسه‌ین، نه‌دار، داگیرکراو، ئه‌بوزه‌ر، بنده‌ست، کارگه‌ر، برسی، سۆسیالیزم، به‌شخوراو، گیڤارا، ئه‌نفالکراو، ئاللیندی، بێهێز و بێده‌سه‌ڵات ده‌زانم و له خانه‌ی ئه‌واندام و پێشموایه هه‌ڵوێستی ڕاست و دروست و مرۆڤانه‌ش ده‌بێ وا بێت. ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و ڕۆژاوا، له به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگیی خۆیانه‌وه و بێ گوێدانه هیچ ئاکار و ڕه‌وشت و ڕه‌وتار و به‌هایه‌کی مرۆڤانه، ده‌نۆڕنه جیهان و ئه‌گه‌ر حیساب بۆ خه‌ڵکانی دیکه‌ی ئه‌و دنیایه‌ش بکه‌ن، ئه‌وا حیساب بۆ خه‌ڵکانێک ده‌که‌ن، که بۆ به‌رژه‌وه‌ندیان و به قازانجیان، کار ده‌که‌ن، یا دژی به‌رژه‌وه‌ندیان کار ده‌که‌ن و زیان به قازانجیان ده‌گه‌یه‌نن. ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و خۆراوا، هێنده ملهوڕ و لووتبه‌رز و ڕاله‌خۆبوون، که تاکه یه‌ک زمان تێده‌گه‌ن، ئه‌ویش زمانی زیانپێگه‌یاندن و لێدانی ڕه‌گی ئابووری و سووکایه‌تیکردنه به سیاسه‌تیان. مه‌زنترین تڕۆکردن و سووکایه‌تییه‌کیش، که تا ئه‌وڕۆکه به ئه‌مه‌ریکا کرابێت، شکستیان له ڤیێتنام، گرتنی سه‌فاره‌ته‌که‌یان له تاران له لایه‌ن شۆڕشگێڕانی پێڕه‌وانی ئیمامه‌وه، له سه‌ره‌تای شۆڕشی ئێران‌دا، ته‌قاندنه‌وه‌ی سه‌فاره‌ته‌کانیان له به‌یرووت و کێنیا و ته‌نزانییا و دواتریش ئه‌مه‌ی 11ی ئه‌یلووله. کورد که بۆ خۆی به‌شێکه له، نه‌ک جیهانی سێیه‌م، به‌ڵکه جیهانی دوای بیسته‌میش، زۆر سه‌یره، که هێنده و به‌و خه‌ستییه، ده‌م له جیهانگه‌ری ده‌کوتێت و دژه ته‌رۆریزم و ئه‌وانه قسه ده‌کات. دیاره که ده‌ڵێم کورد، مه‌به‌ستم نووسه‌ر و ئه‌هلی قه‌ڵه‌م و سیاسه‌تکارانیه‌تی، ده‌نا برسی و چه‌وساوه و بێده‌سه‌ڵات و هه‌ژار و خه‌ڵکانی چینه‌کانی خواره‌وه‌ی جڤاکی کوردی، ئه‌و جۆره فشانه ناکه‌ن و ئه‌وان "بۆ نان ده‌گه‌ڕێن و خه‌رپزه به‌لایانه‌وه ئاوه". ده‌ڵێن "ئه‌سپیان ناڵ ده‌کرد، قرژانگیش لاقی هه‌ڵده‌بڕی". کورد، که به درێژایی مێژوو، له په‌راوێزی ڕووداوه‌کاندا بووه و هه‌میشه کارتێکراو بووه و ڕۆڵێکی لاوه‌کییانه‌ی بزوێنراوی پارسه‌نگاسای یارمه‌تیده‌ری هه‌بووه و خه‌ڵک حیسابی ته‌رۆریستی بۆ خۆی ده‌کات، کوردی عیراق له لایه‌ن عیراقه‌وه، کوردی تورکیا له لایه‌ن تورکیاوه و کوردی ئێران له لایه‌ن ئێرانه‌وه، به ته‌رۆریست داده‌نرێن، لێ کوردی عیراق له لایه‌ن ئێرانه‌وه و کوردی تورکیا له لایه‌ن عیراق و ئێرانه‌وه و کوردی ئێران له لایه‌ن عیراقه‌وه به پێشمه‌رگه و تێکۆشه‌ر و خه‌باتکار داده‌نرێن. له چاوی ڕۆژاوایشه‌وه تێکدانی نه‌خشه‌ی هه‌موو ده‌وڵه‌تێک، ئه‌گه‌ر له سه‌ر ده‌ستی خۆیان و به قازانجی خۆیان نه‌بێت، کارێکی ته‌رۆریستانه‌یه، که‌چی پێیوایه ئه‌گه‌ر دژی ته‌رۆریزم و ئیسلام و ئه‌وانه قسان بکات، ئیدی حیسابی شارستانی و ژیاریی بۆ ده‌که‌ن و به‌وه‌ش ده‌چێته ژێر چه‌تره‌که‌ی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و خۆراواوه. هه‌ر ئه‌و ئه‌هلی قه‌ڵه‌م و سیاسه‌تکارانه‌ی کورد، که ئه‌وڕۆکه سه‌رجه‌م بوونه‌ته ده‌روێشی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا و که‌مه‌نکێشی ته‌کیه‌کانی"کۆشکی سپی" و" Downing Street10" بوون، تا دوێنێ ڕێبوارانی ته‌ریقه‌تی مارکس و لێنین و هاوڕێ ما‌و بوون. من ئێستاش وه‌ک هه‌موو ده‌مێکی دی، پێموایه، ئه‌م خۆراوازه‌ده‌یی و ئه‌وروپازه‌ده‌یی و ئه‌مه‌ریکازه‌ده‌ییه، خۆخه‌ڵه‌تاندن و ده‌رده و ده‌شێ هه‌رچی زووتره، به شوێن ده‌رمان و چاره‌سه‌ره‌که‌یدا بگه‌ڕێین و له‌و بازنه‌یه‌ی، که تێیکه‌وتووین، خۆ قوتار که‌ین. کوردیش وه‌ک ته‌واوی چه‌وساوه‌کانی دیکه‌ی جیهان، ده‌شێ وه‌دووی که‌سایه‌تیی و ناسنامه‌ی خۆی بکه‌وێت و خۆی بدۆزێته‌وه و دژی هه‌موو ئه‌وروپاییاندن و ئه‌مه‌ریکاییاندن و ڕۆژاواییاندنێک بوه‌ستێته‌وه.
8-10-2001
[1] ئه‌نتۆنی بوێرجز(Anthony Burgess) یا جۆن ئه‌نتۆنی بوێرجز ویلسن(John Anthony Burgess Wilson)، 1917-1993، نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گریی بریتانیی ڕه‌گه‌زجووله‌که.له نێوان ساڵانی 1954-1960، بوێرجز وه‌ک ئه‌فسه‌رێکی مامۆستا له مالایا و بۆرنیۆ، که ئێستا سه‌ر به مالایزیا و ئیندۆنیزیان کاری کردووه. له‌و ساڵانه‌دا یه‌که‌م ڕۆمانه‌کانی بڵاو کرده‌وه، که ساڵی 1972 و له یه‌ک کتێب‌دا کۆکرانه‌وه و له ژێر ناوی سێیانه‌ی مالایا"The Malayan Trilogy"دا، بڵاو کرانه‌وه. به‌نێوبانگترین کتێبه‌کانی ئه‌مانه‌ن: پرته‌قالێک به‌مه‌کینه‌ی سه‌عات کارکه‌ر(A Clockwork Orange) ڕۆمان 1962، که له لایه‌ن ڕێژیسۆری ئه‌مه‌ریکایی ستانلی کیوبریک(Stanley Kubrick)ه‌وه کرایه فیلم و به‌وه‌ش ناوبانگێکی گه‌لێک مه‌زنی په‌یدا کرد، حه‌ز له ژیان(The Wanting Seed) ڕۆمان 1962، هێزه‌زه‌وێنییه‌کان(Earthly Powers) ڕۆمان 1980، کۆتایی هه‌واڵه‌کانی جیهان(The End of the World News) ڕۆمان 1982، پیانۆژه‌ن(The Pianoplayers) ڕۆمان 1986. ساڵی 1987 یه‌که‌م به‌شی بیره‌وه‌رییه‌کانی له ژێر ناوی: ویلسنی بچکۆله و خودای گه‌وره(Little Wison and Big God). ساڵی 1990یش پاشماوه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کانی له ژێر ناوی: کاتت ته‌واو بوو(You´ve Had Your Time). بوێرجز له هه‌ندێک له کتێبه‌کانیدا نازناوی جۆزیف کێل(Joseph Kell) ی به‌کار بردووه. شێوه‌ی نووسین و ستیلی بوێرجز گه‌لێک جاران ساتیرئامێزانه‌یه به ناوه‌ڕۆکێکی ڕه‌خنه‌ییه‌وه، ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ ڕه‌شه‌گاڵته(ڕه‌شه‌شۆخی، ڕه‌شه‌ساتیر) وه‌ک نموونه ده‌کرێ نێوی ئه‌و سێیانه‌یه بگوترێ، که له ساڵی 1960دا له‌مه‌ڕ ئینده‌ربی(Enderby) شاعیره‌وه نووسیویه‌تی. ئه‌م زانیارییانه‌ی له‌مه‌ڕ بوێرجزه‌وه له ئه‌نسیکلۆپێدیای سوێدییه‌وه وه‌رگیراون.
دواتر بوو به فه‌زیله‌ت.[3]