هۆ. ئێس. نویبه‌ری(H.S.Nyberg) له کوردستان
نووسینی: سیگرید کالله.
وه‌رگێڕانی له سوێدییه‌وه: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی.
کاتێک پرۆفێسسۆر هۆ. ئێس. نویبه‌ری(H.S.Nyberg)[1] باوکم
هات، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ژنی 70 ساڵه‌ی له‌دایکبوونی خۆی لای ئێمه له به‌غدا بباته سه‌ر،
یه‌کێک له ئاواته‌کانی ئه‌وه بوو، کورد ببینێت. ئه‌وده‌مه، ئێمه وه‌ک دیپلۆمات
له به‌غدا ده‌ژیاین. له سه‌رده‌می ڕێژیمی عه‌بدولکه‌ریم قاسم و له ساڵانی 1959-
1960دا بوو، کورده‌کانی عیراق بۆ ماوه‌یه‌کی کورت و که‌مخایه‌ن، ئۆتۆنۆمییه‌کی فه‌رهه‌نگییان
هه‌بوو و به ئازادی ده‌ژیان. باوکم ده‌شیه‌ویست به زووترین کات وانه‌ی زمانی کوردی
بخوێنێت. ئێمه توانیمان "پاکیزه حیلمی"[2] بدۆزینه‌وه.
پاکیزه حیلمی، له‌گه‌ڵ هه‌ندێک کوردی به‌ناوبانگی سلێمانیدا، بانگهێشتنی چایخواردنه‌وه‌ی
کردین. خاتوو پاکیزه حیلمی، مامۆستایه‌کی زمانی کوردی بۆ باوکم په‌یداکرد. مامۆستاکه،
هه‌موو به‌یانییه‌ک له نێو باخچه جوانکیله‌که‌ماندا له که‌نار دیجله به‌رانبه‌ر
دۆره، له‌گه‌ڵ باوکمدا داده‌نیشت. 24ی فێبریوه‌ری 1960، باوکم سه‌مینارێکی له‌مه‌ڕ
"گه‌شه‌کردنی زمانی فارسی و سه‌رنجێکی تایبه‌تی له زمانی کوردی"، به ئینگلیزی
و بۆ خوێندکارانی کورد له زانستگه‌ی به‌غدا ساز کرد. ده‌بێ ئه‌و کاره‌ی باوکم تا ڕاده‌یه‌ک
شتێکی گرنگ و سه‌یر بووبێت، بۆ ئه‌و خوێندکاره لاوانه، که بۆ جاری یه‌که‌م ببیسن،
ئه‌وروپاییه‌کی زمانه‌وان به شێوه‌یه‌کی زانستییانه له‌مه‌ڕ زمانی ئه‌وان ده‌دوێت.
پاش سه‌میناره‌که، خوێندکاره‌کان پرسیاری ئه‌وه‌یان کرد، که: "کام زمان کۆنتره،
کوردی یا فارسی؟" یا "ئێوه زۆرتر حه‌ز به کام زمان ده‌که‌ن، فارسی یا
عه‌ره‌بی؟". باوکم، که بریسکه و دره‌وشاوه‌یی له چاواندا بوو، زیره‌کانه
و دادوه‌رانه گوتی:"کوردی".
پشوویه‌کی نائاسایی:
هه‌ر یه‌کسه‌ر پاش شۆڕشی 1958، من بۆ خۆم، له‌گه‌ڵ کچه
چکۆله یه‌ک ساڵانه‌که‌مدا، چوومه کوردستان. چۆن ڕێککه‌وت؟ دیاره ئه‌مه جێگه‌ی
پرسیاره. ئه‌وده‌م، هیچ بیانییه‌ک نه‌یده‌توانی به نێو عیراقدا بگه‌ڕێت و بسووڕێته‌وه.
من بڕیارم دابوو به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، به زووترین کات دوای گه‌یشتنم به عیراق،
سه‌ردانی کوردستان بکه‌م و کوردستان ببینم. له وه‌زاره‌تی نێوخۆ، داوای ڕێپێدان و
مۆڵه‌تم کرد. وه‌ک هۆیه‌کیش بۆ گه‌شته‌که‌م، سووک و هاسان، نووسیم
"پشوودان". دیپلۆماته‌کان، له به‌غدا، بڕوایان به گوێی خۆیان نه‌ده‌کرد
کاتێک، بیستیان من ڕێگه‌ی گه‌شتکردنم پێ دراوه. خۆم و منداڵه‌که‌م به شه‌مه‌نده‌فه‌ر چووین بۆ
مووسڵ. له‌وێ له ماڵی خێزانێکی عه‌ره‌بی دۆست، که به‌و تازانه به هۆی یاخیبوونه‌که‌ی
شه‌ووافه‌وه، ماڵه‌که‌یان تاڵان کرابوو، ماینه‌وه. تا ئه‌و کاته‌ش مرۆڤ تا ڕاده‌یه‌ک
بۆنی خوێنی ئه‌و هه‌موو مردووانه‌ی سه‌ر ئه‌و شه‌قامانه‌ی ده‌هاته لووت. ئێمه
سواری ئۆتۆبووسێکی ئاسایی ڕێگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شار بووین و به‌ره‌و ژوور، بۆ هوتێلی
مه‌زنی تۆریستی له سه‌رسه‌نگ، وه‌ڕێ که‌وتین. شا فه‌یسه‌ڵ و عه‌بدولئیلاه، که به‌و
تازه‌یه له شۆڕشه‌که‌دا کوژرابوون، له سه‌رسه‌نگ هاوینه‌کۆشکیان هه‌بوو. من بۆم
هه‌ڵکه‌وت، ئه‌و کۆشکه له ناوه‌وه ببینم. ئه‌و هوتێله مه‌زنه ڤالا بوو. ئه‌وانه‌ی
ئاوه‌دانیان کردبووه، هه‌زاران مێش و کچه چکۆله‌که‌م و من خۆم بووین. به چوارده‌وری
ئه‌ستێڵی مه‌له‌که‌دا، هه‌موو به‌یانییه‌ک کۆمه‌ڵێک کورد داده‌نیشتن و و ده‌یاننۆڕییه
"ئیسه"[3] و من، که چۆن خۆمان ده‌خسته
ئه‌ستێڵه‌که‌وه. ئێواران ڕوومان ده‌کرده باخێکی گچکه له سه‌ره‌وه، که کورده‌کان
وه‌ک خوویه‌ک، هه‌موو ئێواره‌یه‌ک له‌وێ خڕده‌بوونه‌وه و ده‌یانکرد به گۆرانی و
شایی. ئێمه‌ش له‌گه‌ڵیاندا ده‌بووین و چه‌پڵه‌مان لێده‌دا. ته‌نێ پیاوان ده‌هاتن.
هه‌ر زوو له‌گه‌ڵیاندا دۆستایه‌تییه‌کی گه‌رممان په‌یداکرد و ئه‌وانیش له ئاگالێبوون
و چاودێریکردنی ئێمه‌دا، باوک ئاسا و دۆستانه بوون. پاش چه‌ند ڕۆژێک ئه‌فسه‌رێکی
عیراقی هات و به توندی و تووڕه‌ییه‌وه پێی گوتم، ئایا من له‌وه تێناگه‌م، که بۆ
ژنێکی ته‌نیا و زارۆکێکی گچکه، زۆر دژوار و سه‌خته، هه‌ر دوو مانگ دوای شۆڕشی ته‌ممووز،
له نێوه‌ندی ئه‌م کوردستانه کێوییه‌دا، له‌م هوتێله‌دا بن!. من پێکه‌نیم. ئه‌مجاره‌ش ده‌بوو باوکم و من، جارێکی دیکه بگه‌ڕێینه‌وه
بۆ کوردستان. من به ده‌ربڕین و وشه‌ی دڵڕفێن و په‌سه‌ند و دڵگیر، باسی جوانییه بێبه‌ر
و وشکه‌که‌ی کوردستانم، لای باوکم کردبوو. ئه‌مجاره‌یان به فڕۆکه ڕۆیشتین و دوای
یه‌ک سه‌عات و چاره‌کێک گه‌یشتینه که‌رکووک. که‌رکووک به عه‌مبار و گه‌نجینه نه‌فتییه
مه‌زن و زۆره‌کانییه‌وه، خۆشگوزه‌رانیی عیراق پێشان ده‌دات. له که‌رکووک کاتی
ئاژاوه و فه‌رته‌نه‌که‌ی پاش شۆڕش، 113 که‌س، که زۆربه‌یان تورکمان بوون، زینده‌به‌چاڵ
کران. ئه‌مڕۆ، که 26 جه‌نیوه‌ری 1960ه، واپێده‌چێت شاره‌که هێمن و ئارام بێت. که‌رکووک
وه‌ک مووسڵ، هیچ خانووی سووتاوی لێ نه‌بوو. ئێمه به خۆمان و ئیزننامه‌کانمانه‌وه
چووینه کن پۆلیس و خێرا به‌ره‌و ده‌شت و لادێ کوردییه‌کان وه‌ڕێکه‌وتین. ڕێگه‌یه‌کی
قیرتاوی ڕاست و ساف و لووس به نێو ته‌پۆڵکه و گرده قاوه‌ییه زه‌ردباوه‌کاندا، که
خێرا ده‌بوون به له‌ته‌که‌ژی که‌رتکراو، بردینی. ورده به‌ردی زۆر و زه‌به‌نده و
خاکێکی ڕه‌قه‌ن و به‌ژ، ئاسمانێکی به‌هاره‌ی شینی دره‌وشاوه به سه‌ر زه‌وییه ڕووته‌که‌دا
که‌وانه‌ی دابوو. بێجگه له ده‌نگی ئۆتۆمبیله‌که، هیچ ده‌نگێکی دیکه نه‌ده‌بیسرا.
له زارکی(ژوورگه‌ی) هه‌ر گوندێکدا، پسووله به نرخه‌که‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری:"پرۆفێسسۆر
نویبه‌ری و کچه‌که‌ی..."مان ده‌رده‌هێنا و پێشانمان ده‌دا. له نێوان ئاواییه‌کاندا
ته‌نێ مێگه‌ل و شوانمان ده‌بینی. له‌پڕ و بێئه‌وه‌ی مرۆڤ به بیریدا بێت، له پاش
هه‌ورازێک، زنجیره که‌ژێکی به به‌فر داپۆشراو، له به‌ر ده‌مماندا قوت بووه‌وه.
له دووره‌وه له ئێران چیای زاگرۆس، ده‌هاته به‌رچاو. باوکم پێیوابوو ئه‌وه گه‌چ
یا به‌ردی قسڵه. منیش پێموابوو ئه‌وه به‌فره. قسه‌ی هیچمان ده‌رنه‌چوو. من هه‌ر
به‌رده‌وام بووم، له خه‌ونبینین به شاخه به‌رزه به‌هه‌شتییه‌کانی لای ئاسۆوه.
ئه‌و دۆڵه‌ی، که سلێمانی تێدایه، پان و به‌رین و ته‌ختایی و ده‌شته و زنجیره که‌ژه‌که‌یشی
تا ڕاده‌یه‌ک نزمه، به‌ڵام له کاتی خۆراوادا، ئه‌و چیا به‌ژه بۆر و قاوه‌ییانه
ده‌بنه ئاگرێکی گڕ و بڵێسه‌دار. ئه‌م دۆڵه له‌و دۆڵانه نییه، وه‌ک کارێکی سیحرئامێز
و په‌ڕجووانه، شیر و هه‌نگوینی پێدا بڕوات. مرۆڤ ده‌که‌وێته بیری ئه‌وه‌ی، چۆن دۆڵێکی
ئاوها بژێوی سه‌رتاپای باژێڕێک، که پێته‌ختی کوردانه، دابین ده‌کات. کۆمه‌ڵه
شاخی چڕ و مه‌زنی پیره‌مه‌گروون بۆ خۆی به ته‌نیا له‌و ته‌ختاییه‌دا قوت بووه‌ته‌وه.
که ئه‌م دیمه‌نانه ده‌بینم، ده‌سبه‌جێ گه‌شته‌کانی خۆمم له به‌شه شاخاوییه
باشوورییه‌کانی دیکه‌ی ئاسیادا، له ئازه‌ربایجانه‌وه له ڕۆژاوا تا نیپاڵ و وڵاتانی
هیمه‌لایا له ڕۆژهه‌ڵات، وه‌بیر دێته‌وه. ته‌نانه‌ت له نێوان دانیشتووانی ئه‌م
جۆره ده‌ڤه‌ره ڕووته‌ن و وشکانه‌دا شتێکی هاوبه‌ش هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که
هه‌رگیز تفه‌نگیان لێ دوور ناکه‌وه‌ێته‌وه و ململانێیه‌کی سه‌ختیان له‌گه‌ڵ ژیاندا
هه‌یه. ئه‌فغانه‌کان و په‌تانه‌کان و کورد - مه‌به‌ستم به‌راوردکردنی هه‌موو شتێک
نییه- خوو و نه‌ریت و فه‌رهه‌نگی خۆیانیان پاراستووه. ئه‌و کوردانه‌ی، که ئێمه
له نێو جاده‌دا ده‌مانبینین، سه‌ر و ڕووی جوان و ڕێک و پڕیان هه‌بوو و باڵابه‌رز
و به‌هێز و زه‌لام بوون. که مرۆڤ ده‌چێته نێو هه‌ر کارگێڕییه‌که‌وه و له‌گه‌ڵ هه‌ر
کارمه‌ندێکدا چای یا قاوه‌یه‌ک ده‌خواته‌وه، هه‌ر ئه‌و خه‌ڵک و مرۆڤه شله‌په‌ته
و نه‌رم و شل و هه‌ویرئاساییانه‌ی پشت مێزی نووسین ده‌بینرێن، که له هه‌موو کارگێڕییه‌کانی
جیهاندا دێنه به‌رچاو. شێوه‌ی پۆشاکی خه‌ڵکی ئێره زۆر جوانه. پیاوان، ڕانه‌کی که‌وه(شینی
تۆخ) یا بۆر و کراسی دوو قۆپچه و مێزه‌ری ڕیشوودار و پشتێنێکی پان و زلی ڕه‌نگاوڕه‌نگ
له‌به‌ر ده‌که‌ن. ژنانیش، کراسی درێژی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و پشتێنی پان و کڵاوی ڕه‌شی تا
هه‌نیه داچۆڕاو و عه‌بایان له‌به‌ره. چارشێویش ته‌نێ ژنانی چینی نێوه‌ندی شاره‌کان
ده‌یپۆشن. له زارکی سلێمانی بایه‌کی سارد و ناخۆش دای به ڕووماندا. بایه‌که به
نێو دیواره‌کاندا ده‌گه‌یشته میوانخانه‌که‌ی، که لێی بووین. شه‌وی هه‌ریه‌که به
خۆراکیشه‌وه 24،80 (بیستوچوار
کرۆن و هه‌شتا ئۆره) مان ده‌دا. ژووره‌کان ساده و ساکار بوون، به‌ڵام هه‌م
ئاوی گه‌رم و هه‌م مێزی نووسین و چرای خوێندنه‌وه‌یشیان تێدا بوون. باوکم مه‌کینه‌ی
ڕدێنتاشینه‌که‌ی له‌بیر کردبوو و منیش پیجامه‌که‌م! پاشان کردمان به خوو و له‌و
ژووره‌ساردانه‌دا هه‌رچی جلی گه‌رممان هه‌بوون، له‌به‌رمان ده‌کرد. یه‌که‌م شتێک که
کردمان، ئه‌وه بوو، سه‌ردانی قازیی شار، "موحه‌ممه‌دی خاڵ"[4]مان کرد.
خاڵ، خه‌ریکی ته‌واوکردنی فه‌رهه‌نگێک بوو، له باره‌ی ئه‌و زمانه کوردییه‌ی، که
لێره پێی ده‌په‌یڤن، سۆرانی. قازی، که‌پوویه‌کی درێژ و دوو چاوی نزیکبین و تیژ و
چکۆله و ده‌مێکی نووقاوی هه‌بوون. فێسه سووره به مێزه‌ره سپییه پێچراوه‌که‌ی،
که هه‌موو قازییه‌کان له سه‌ری ده‌که‌ن، هاتبووه نێو چاوانی و توند چه‌سپی سه‌ری
بووبوو.
گوتوبێژێکی به سوود:
له نێوان باوکم و قازی‌دا، به عه‌ره‌بییه‌کی کلاسیکی، گفتوگۆیه‌کی
سوودبه‌ش ئه‌نجام درا. به هۆی ئه‌و گفتوگۆیه‌وه، من له‌وه تێگه‌یشتم، که چاپکردنی
فه‌رهه‌نگێک به شێوه‌یه‌کی جوان و پوخته، له‌م ناوه، کارێکی سه‌خته. ئه‌وه‌ش فێربووم،
که زمانی کوردی، زمانێکی فره‌زاراوه‌یه و ئه‌و زاراوه‌یه‌ش، که ئێستا بۆ نووسین
به‌کار ده‌برێت، زاراوه‌ی سلێمانییه و کورده‌کان له تورکیا، زاراوه‌یه‌کی جیاوازیان
هه‌یه. خاڵ، باسی ئه‌وه‌ی کرد، که کورده‌کانی عیراق واقیعی(ڕیالیست)ن و بڕوایان
به‌وه‌ش نییه، کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ، که هه‌موو کوردی ئه‌و وڵاتانه بگرێته‌وه،
چێ ده‌بێت، مه‌گه‌ر پاش جه‌نگێکی جیهانی دیکه و دابه‌شکردنێکی نوێی جیهان. پاشتر
بۆمان ده‌رکه‌وت، که زۆرینه‌ی ئه‌م کوردانه‌ی سه‌ره‌وه کۆمۆنیستن و پێیانوایه،
ته‌نێ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت ده‌توانێت، ئازادی بۆ کوردستان بهێنێت! جێی سه‌رسووڕمان نییه،
کاتێک که پارتی کۆمۆنیستی عیراق خه‌ریک بوو داوای مۆڵه‌ت و ڕێگه‌پێدانی ئاشکرای ده‌کرد،
دروشمی "کورد و عه‌ره‌ب برایه"ی هه‌ڵگرتبوو و له پرۆگرامه‌که‌یشیدا گه‌لێک
خاڵ له‌مه‌ڕ مافه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورده‌وه هه‌بوون. باوکم گوتی:"من سۆز و
هاوده‌ردییه‌کی گه‌وره‌م له دڵدایه بۆ نه‌ته‌وه‌ییانی کورد. کورد یه‌کێکه له‌و
گه‌له زۆرانه‌ی سه‌ر زه‌وی، که هه‌میشه و به‌رده‌وام چه‌وسێنراونه‌ته‌وه و به
پاشکه‌وتوویی هێڵراونه‌ته‌وه. تاکه تاکه‌یه‌ک کورد له مێژووی وڵاتانی خۆیاندا هه‌ڵکه‌وتوون.
ئه‌و سه‌لاحه‌ددینه مه‌زنه، که هه‌موومان ده‌چینه زیاره‌تی گۆڕه‌که‌ی له دیمه‌شق،
کورد بوو. یه‌کێک له که‌سایه‌تییه فه‌رهه‌نگییه هه‌ره زیره‌ک و شاره‌زاکانی
مسر، ئه‌حمه‌د ته‌یموور پاشا، له خێزانێکی کوردی سووریا بوو. کورده‌کان، کاتێک که
دێنه نێو ڕه‌وش و هه‌لومه‌جی دیکه‌وه، ده‌رفه‌ت و هه‌ل و بواری مه‌زنیان هه‌یه.
شتێکی سروشتییه، که ئه‌و کوردانه‌ی، بۆیان ڕه‌خساوه و هه‌ڵکه‌وتوون و سه‌رکه‌وتوون
له‌وه‌ی به‌هره و زیره‌کیی خۆیان وه‌پێش بخه‌ن، خۆزگه و ئاواتێکی گه‌رموگوڕیان له
دڵدایه بۆ ئازادی و سه‌ربه‌ستی گه‌له‌که‌یان". له قاوه‌خانه‌یه‌کی سلێمانیدا
دانیشتین و ده‌مه‌ته‌قێ و گوتوبێژمان کرد و گشتمان له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بووین، که
باشترین هه‌لێک کورد له عیراقدا هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌یه ده‌ست بداته ئه‌و ده‌سته‌ی
حوکوومه‌ت له به‌غداوه درێژی ده‌کات. ئێمه باوه‌ڕمان به‌وه نه‌بوو، پانعه‌ره‌بیزم،
که له نێو هه‌ندێک ده‌سته و تاقمدا بڵاو بووبووه، چاره‌سه‌ر بێت، چونکه نیوه‌ی
عیراق، که‌مینه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییه و کوردیش له هه‌موو ئه‌و که‌مینانه گه‌وره‌تره.
هێڵی قاسم به‌م جۆره بوو: عیراقێکی عیراقی بۆ عه‌ره‌ب و کورد و ئه‌رمه‌نی و
ئاشووری و...بۆ هه‌ر کوێیه‌ک ده‌ڕۆیشتین و له گشت لایه‌ک ده‌نگی "عه‌ره‌ب و کورد
برایه" ده‌هاته گوێ و هه‌ر که‌سێکیش ئه‌وه‌ی ده‌گوت، هه‌ردوو په‌نجه‌ی شایه‌تمانی
پێکه‌وه ده‌گرتن و به‌وه وێنه‌ی برایه‌تی پێشانده‌دا. له میوانخانه‌که چاوه‌نۆڕی
سه‌رنووسه‌رێکی کورد بووین، که ده‌بوو بێته دێنیمان، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌هات. له
بری ئه‌و "فوئاد ڕه‌شید"ی سه‌رۆکی ده‌سگه‌ی فه‌رهه‌نگیی له‌گه‌ڵ "ئه‌لمووسا"
ناوێک‌دا، که به‌رپرسی کارگێڕییه‌ک بوو، هاتن. ئه‌و شه‌وه، ساردترین شه‌وی سلێمانی
بوو. هێنده سه‌رمامان بوو، ناچار بووین بانگیان که‌ینه دیوه‌که‌ی باوکم و له‌وێ
خۆمان به په‌تووی ئه‌ستوور و پۆشه‌نی دیکه پێچایه‌وه و دانیشتین. پاش ئه‌وه‌ی،
به درێژا له‌مه‌ڕ کوردستان و ئه‌و سه‌رکه‌وتنه‌ی وه‌ده‌ستهاتووه به پشتگریکردنی
فه‌رهه‌نگی کوردی، په‌یڤین، ده‌ستمان کرد به قسه‌کردن له باره‌ی سوێده‌وه. ئه‌وان
هه‌ردووکیان زۆرزۆر په‌سنی سوێدیان دا و زۆریان ستایش کرد و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه
هه‌موو شتێکی کوردستانیان پێ خراپ بوو. من به‌وه‌ی، که باسی هه‌موو شتێکی خراپی
سوێدی لای خۆمانم بۆ کردن، دڵیانم دایه‌وه، وه‌لێ باوکم ئه‌وه‌ی پێ خۆش نه‌بوو.
پاشتر له‌گه‌ڵ باوکمدا پێکهاتینه‌وه و ئه‌وجا باوکم گوتی:"تۆ بۆچی به‌و شیوه‌یه
وڵاتی خۆت ڕه‌ش ده‌که‌یت و ده‌شکێنیته‌وه؟! "Right or
wrong, my
country"، به‌ڵام من له‌به‌ر ئه‌وه‌م
بوو، تا ئه‌وان به‌رانبه‌ر به پێشکه‌وتنی ئێمه هه‌ست به که‌موکووڕی و ناته‌واوی
نه‌که‌ن. پێنجشه‌ممه 28ی جه‌نیوه‌ری چووینه وه‌زاره‌تی زانیاری(معارف) سلێمانی[5] و له
لایه‌ن "مووسا" و کوردێکی گچکه‌ی ئینگلیزیزان، که ناوی "مه‌جید سه‌عید"
بوو و مامۆستایه‌کی ڕدێننه‌تاشراو، که ناوی "مه‌حموود ئه‌حمه‌د" بوو و
مامۆستایه‌کی نه‌خش و نیگار، که ناوی "شه‌وقی" بوو و سه‌رۆکی "بنکه‌ی
بیستن و بینین" بوو، پێشوازی کراین. ئه‌مان، به درێژایی ئه‌و ڕۆژه گرنگه،
بوونه هاوڕێی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌واممان. "شه‌وقی" داوای بۆرس (ستیپێندیۆم،
منحة دراسیة)ی خوێندنی له سوێد، یا له ئه‌ڵمانیای دیموکراتی، لێده‌کردین و بۆ
هه‌ر کوێیه‌ک ده‌ڕۆیشتین، "شه‌وقی" گۆناسێوین به پرچه ڕه‌شه لووله‌که‌ی
و ده‌سته جله شیکه‌که‌یه‌وه، له‌به‌ر ده‌مماندا ڕاوه‌ستابوو و بڕوانامه‌کانیشی
به ده‌سته‌وه بوون. مخابن ئێمه ده‌مانزانی، که هه‌موو داخوازییه‌ک ده‌بێ له ڕێگه‌ی
حوکوومه‌تی عیراقه‌وه بێت و بۆیه، به هیچ شێوه‌یه‌ک، بۆ تاکه‌که‌سێک هیچ نه‌ده‌کرا،
به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه له بواری هونه‌ریدا کاری کردبا. ئه‌م "شه‌وقی"یه
گۆناسێوینه، فیلمێکی ڕه‌نگداری 16 میللیمی، له باره‌ی ساڵڕۆژی جه‌ژنی شۆڕشه‌وه،
له ساڵی 1959دا له سلێمانی، پێشانداین، که نه زرێپۆش و نه فڕۆکه‌ی جێتی لێبوون،
وه‌ک نواندنه‌که‌ی به‌غدا، به‌ڵکه ته‌نێ کچانی شۆخ و شه‌نگی گۆڤه‌ندکاری کورد و دانیشتووانه‌چیاییه‌کان،که
به‌شداری ڕێپێوانه‌که‌یان کردبوو، ده‌بینران.
هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌کی کوردی:
حه‌زم لێ‌بوو هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌کی کوردی ببینم. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
کوردستان ناوچه‌یه‌که، ده‌سبه‌جێ خۆزگه و داخوازی میوانی، تێدا ده‌هێنرێنه دی،
ئێمه‌یان برده خوێندنگه‌یه‌کی کچان و له‌وێ به کچانی کونجکۆڵ و فره‌پرسیار، حاته‌درام.
ئه‌وان حه‌زیان ده‌کرد و ده‌یانویست هه‌موو شتێک له باره‌ی کچانی سوێده‌وه
بزانن. باوکم کێشرایه نێو بازنه‌یه‌ک له مامۆستا کچه لاوه شۆخه‌کانه‌وه، که
جلی مۆدێرنیان له‌به‌ردا بوو. ئه‌وان نه‌خش و نیگاری کوردی‌یان پێشانداین، که ده‌ستکردی
خۆیان بوون. پاش قاوه‌خواردنه‌وه له‌گه‌ڵ کێکدا، که خۆیان دروستیان کردبوو، بانگکراینه
نێو هۆڵێکی گچکه‌وه و له‌وێ نێزیکه‌ی په‌نجا کچێکی گه‌نج، به پاڵتۆی ئه‌ستووره‌وه
خزابوونه ژوورێ. ئه‌و کچانه خۆیان ئارایش نه‌کردبوو و پێستیان زیپکاوی و هه‌رزه‌کارانه
بوو و چاوانیشیان ڕه‌ش و جوان و ڕه‌نگی ڕوومه‌تیشیان زۆر گه‌ش و له‌شساغ و بێخه‌وش
بوون. پێنج کچی باڵابه‌رز و که‌ڵه‌گه‌ت، بۆ ڕێزلێنانی ئێمه و له‌به‌ر دڵی ئێمه،
جلی کوردی‌یان له‌به‌رکردبوو. منیش وه‌ک پێویست، ڕێک وه‌ک ئه‌وان، ده‌ستێ جلی کوردیم
له‌به‌رکرد. جله‌کان له‌مانه پێکهاتبوون: ده‌رپێی کیسه‌ئاسا، که له نیوه‌ی به‌ره‌وخواریان،
بۆ لای ده‌رقاچه‌کانیان، چه‌پ و ڕاست، زه‌رد بوون. کراسی نیوه‌درێژی ته‌نک، که ئه‌و
دیویان لێوه ده‌بینران و قۆڵه‌کانیان زۆر درێژ بوون و له پشته‌وه پێکه‌وه گرێ
ده‌دران و نیوه‌ی درێژیی قۆڵه‌کانیان ده‌که‌وتنه سه‌ر شان و له‌ژێر ئه‌و کراسه شیفۆن
یا نایلۆنانه‌وه، ژێرکراسێ مۆدێرنی نایلۆن، که داوێنه‌کانیان به نه‌خش و نیگار ڕازێنرابوونه‌وه،
ده‌بینران. له سه‌ره‌وه‌ش سوخمه‌یه‌کی نایابی نه‌خشێنراو، که هه‌ریه‌که‌یان جۆرێک
بوون. ئه‌وه‌ی من کۆتری ئاشتی چکۆله و جوانی پێوه دوورابوو. قه‌راخی سوخمه‌که‌ش،
گۆبه‌رۆکی زێڕ و زیوی پێوه بوو، که ده‌بریسکایه‌وه. به سه‌ر هه‌موو جله‌کانیشه‌وه،
چه‌ند بڵێی خشڵ هه‌ڵگیرابوو. پێڵاوگه‌لێک، که له‌پێی کچه‌کاندا بوون، هێندێ جار به
پاژنه‌ی پلاستیکی، نه‌خشێنراوبوون. پێنج کچه‌که، که سه‌ریشیان نه‌به‌ستبووه، به
چه‌ند شێوه‌یه‌کی جیاواز هه‌ڵپه‌ڕکێیان کرد. له کاتی هه‌ڵپه‌ڕیندا ده‌ستی یه‌کیان
ده‌گرت. ئه‌م ده‌ستگرتنه، بۆ نموونه، له کن کچانی هیندوستانی، هه‌رگیز نابینرێت.
شێوه‌ی پێدانان و هه‌نگاونانی سه‌ماکه تا ڕاده‌یه‌ک یه‌ک جۆره، به‌ڵام ڕێکوپێک و
له سه‌ر ئاوازه. ئه‌و کچانه‌ی دیکه، که ڕاوه‌ستابوون و ته‌ماشایان ده‌کرد، ده‌ستیان
کرد به چه‌پڵه‌لێدان و هه‌ڵپه‌ڕکێکه‌رانیان به ده‌نگی به‌رز و هاتوهاوار و غه‌ڵبه‌غه‌ڵب،
گه‌رم ده‌کرد. جارجاریش سه‌یرێکی باوکمیان ده‌کرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن هه‌ڵوێستی چییه،
بێگومان پێیان باش بوو. له‌ناکاو کچێکی ڕند و به‌ده‌و ڕاوه‌ستا و سترانێکی خه‌باتگێڕیی
سیاسی چڕی و ئه‌وانی دیکه‌ش بۆیان سه‌نده‌وه و بوون به کۆرس بۆی و ناوبه‌ناویش گۆرانییه‌که‌یان
ده‌بڕی، بۆ ئه‌وه‌ی بابژییه‌کی عه‌بدولکه‌ریم قاسم بکه‌ن و پاشان بۆ ئاشتی و یه‌کیه‌تی
گه‌ل و جارێکی دی بۆ قاسم و ئه‌وجا بۆ ئاشتی و پاشان بۆ کۆمار و بۆ برایه‌تی کورد
و عه‌ره‌ب و له دواییشدا دیسان بۆ ئاشتی، بابژی ده‌کرا. ئیدی کاتی ئه‌وه هات، که
باوکم شتێک بڵێت. ئه‌و وای به باش زانی، که هه‌ندێک گۆڕان پێویسته، بۆیه وشه‌ی
"ئازادی" ناو برد. ئه‌وجا ده‌نگ و هاواری کیژان، بێ‌سنوور و بێ‌کۆتایی
بوو. باوکم گوتی:"که گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵ باسی به‌سه‌رهات و بینینه‌کانم له کوردستان
بۆ لاوانی سوێدی ده‌گێڕمه‌وه"، به دوویدا شه‌پۆلی ده‌نگی به‌رز و قاڵه و
هاوار به‌رز بووه‌وه و ئه‌گه‌ر کچه‌کان بیانتوانیبا باوکم هه‌ڵگرن و به‌رزبکه‌نه‌وه
بۆ ئاسمان، بێگومان ده‌یانکرد. نه‌سرین، کچێک بوو له‌و نێزیکانه ڕاوه‌ستابوو. سه‌رپێییه‌کانی
له پێ داکه‌ند و دایانی به من. منی گه‌وج و ده‌به‌نگیش سه‌رگۆناکانیم ماچ کردن و
ئه‌وه‌ش، بوو به هۆی تێز و گاڵته‌ی هه‌مووان و کچه‌کانیش ده‌ستیان کرد به هاوار
و چه‌پڵه‌لێدان و کچه‌که‌ش ماچه‌کانمی گێڕایه‌وه و ماچی کردم. ئه‌وجا بردیانین بۆ
ژووری پۆلێکی دی و "نویبه‌ری"، له نێوان کچانی گه‌نجتردا، که له نێوان
12 و 16 ساڵاندا بوون، خۆی بینییه‌وه و ده‌وره درابوو. پێشتریش له نووسینگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر،
له‌گه‌ڵ سێ مامۆستای شۆخ و جوان‌دا، که بانگهێشتنی قاوه و "چای ترش"یان
کردین، دانیشتین. پرسیاری ئه‌وه‌یان لێ کردین، که ده‌مانه‌وێ گوێ له چ وانه‌یه‌ک
بگرین؟ نویبه‌ری گوتی:"به ته‌واوی ئاره‌زووه‌وه، مێژوو".
وانه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ مێژوو:
چووینه ژووری پۆلێکه‌وه. مامۆستاکه له‌و کاته‌دا خه‌ریک
بوو ئیملا(دیکته)ی به خوێندکاره‌کان ده‌کرد. ئیملای زۆر و له‌به‌رکردنی زۆر، له
وڵاتێکی وه‌ک عیراقدا، نیشانه‌ی نه‌بوونی کتێبی خوێندن بوو. هه‌موو ده‌فته‌ره‌کان
به خێرایی، خرانه نێو ته‌خته‌کانه‌وه و وانه‌یه‌کی ئاسایی، وه‌ک نموونه و پێشاندان،
به عه‌ره‌بی ده‌ستی پێ کرد. مامۆستاکه گوتی:"ته‌نی له پۆله پله‌نزمه‌کاندا،
به کوردی وانه ده‌گوترێته‌وه. بۆ پۆلی پله‌ی به‌رز هیچ کتێبی خوێندن به کوردی
نییه". مامۆستا کۆمه‌ڵێک پرسیاری له‌مه‌ڕ ئاشووری و بابیلی و ئه‌که‌دی و سۆمه‌رییه‌کان
کرد. ده‌ستی کچان به کۆمه‌ڵ به‌رز بوونه‌وه و وه‌رامه‌کانیش گورج و خێرا و به ڕوونی
ده‌درانه‌وه. مخابن بۆمان ڕێکنه‌که‌وت، لێدوان و بۆچوونی مامۆستاکه خۆی له‌باره‌ی
دیرۆکی نوێوه ببیسین. یه‌ک خوێندنگه‌ی دیکه‌ش گه‌ڕاین و ئیدی پێمانوابوو ته‌واوی
خوێندنگه‌کانی سلێمانیمان، که سه‌رجه‌م 40 دانه بوون، دیوه. له‌و خوێندنگه‌یه‌ی
دیکه، که چووین، کچه‌کان به پێشکۆشی سپییه‌وه و به ڕێکوپێکی، به ده‌وری مێزێکدا
ڕاوه‌ستابوون. مێزه‌که سێ ده‌فری له سه‌ر بوو و له‌نێو ده‌فره‌کانیشدا، بسکویت،
هێلکه و ڕۆن و کێکێکی به شه‌کر، هه‌بوون. ئه‌و کاره‌یان به بۆنه‌ی کۆتایی تاقیکردنه‌وه‌وه
کردبوو. له هه‌ر یه‌ک له‌و خۆراکانه، شتێکمان خوارد. له دواییدا و له ژووری نیگارکێشان،
هه‌مدیس تووشمان بوو به تووش "شه‌وقی" گۆناسێوینه‌وه، که تکای ده‌کرد
و ده‌یگوت:"ده‌مه‌وێ بخوێنم، ده‌مه‌وێ فێربم". پاشان باوکم به نائومێدییه‌وه
پرسیاری کرد، که ئایا ده‌توانین سه‌ردانی کتێبفرۆشییه‌ک بکه‌ین!. ئه‌و هه‌ڤاڵه ڕووخۆشانه
له‌گه‌ڵماندا بوون، داخوازییه‌که‌ی باوکمیان به‌جێهێنا و چووینه تاکه گه‌نجینه‌یه‌کی
کتێب، که له‌و شاره‌دا هه‌بوو و له‌وێ ڕاوه‌ستاین و ده‌ستمان کرد به ڕووپه‌لهه‌ڵدانه‌وه
و تێڕوانینی کتێبی کوردی. ئه‌نجامێکی، که پێی گه‌یشتین، ئه‌وه بوو، که کتێبخانه‌ی
کوردیمان، زۆر هه‌ژار هاته به‌رچاو. زۆرینه‌ی کتێبه‌کان چ کتێبی شیعر و چ کتێبی سیاسی،
کۆمۆنیستانه بوون. له‌بری کتێب، کڵاوی کوردیمان کڕی. کڵاوی کوردی یه‌کێکه له
نموونه هه‌ره‌جوانه‌کانی کاری ده‌ستیی کوردی. کاتژمێری چوار، گه‌ڕاینه‌وه بۆ میوانخانه‌که.
دوو مامۆستای کچ و کچێکی دیکه، به ناوی "جه‌میله" له‌وێ ڕاوه‌ستابوون.
"جه‌میله" ده‌ستێک جلی کوردی له باوه‌ش گرتبوو. جله‌کانی به دیاری بۆ
من هاوردبوو. مخابن پاشتر ئه‌و ده‌سته جله‌م له ئه‌ڵمانیا لێ دزرا. مامۆستا کچه‌کان
و جه‌میله، منیان له‌ته‌ک خۆیاندا برد بۆ بانگهێشتنێکی چای و له‌وێ فێری هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌ک
بووم و له‌گه‌ڵ چوار کچدا هه‌ڵپه‌ڕیم. به‌رانبه‌ر به‌و فیربوونی هه‌ڵپه‌ڕکێیه، منیش
گۆرانی "ئاخ گه‌رمێنی جوان"م بۆ چڕین[6]. ئه‌وجا
کاتی خۆراوابوون چووینه سه‌رچنار. که چیاکانی وه‌ک پشکۆ ده‌هاتنه به‌رچاو.
پاشان باوکم و من لای خانوویه‌کی به‌ردین گلدراینه‌وه. خانووه‌که تابلۆیه‌کی نیۆنی
له سه‌ر هه‌ڵواسرابوو و لێی نووسرابوو: خه‌بات.
باره‌گای بارزانی:
ئێمه ئه‌و خانووه‌مان به قاوه‌خانه یا جێگه‌ی خڕبوونه‌وه‌ی
لاوان زانی. کورد له هه‌موو جۆره ته‌مه‌نێک له سه‌ر پلیکانه‌کان دانیشتبوون. کوردێکی
درێژ هات و به توندی ده‌ستمی گوشی و به ئینگلیزی گوتی:"شه‌وباش Good
night". منیش به گاڵته‌وه
گوتم:"ده‌تانه‌وێت هه‌ر له ئێستاوه بڕۆن؟". تومه‌ز ئه‌وه ته‌نێ سڵاو
و به‌خێرهێنانه. له ژووره درێژ و باریکه‌که‌دا، ئه‌م وێنانه هه‌ڵواسرابوون: له
نێوه‌نددا ژنێکی کورد، که به پیر و لاوانی کورد ده‌وره‌درابوو. ده‌رکه‌وت ئه‌وانه
شه‌هیدن و له ڕێی خه‌باتدا دژ به ئیمپریالیزم و بۆ مافی کورد شه‌هید بوون. له‌ولاوه
وێنه‌یه‌کی ماوتسی تۆنگ - له‌و سه‌رده‌مه‌دا وا نێو ده‌برا- و یه‌کێکی لێنین هه‌ڵواسرابوون.
ئێمه له نێو باره‌گای "پارتیی دیموکراتیی کورد"ی تازه‌دامه‌زراوی[7] مه‌لا
مسته‌فای بارزانیدا بووین. له‌وێ تووشی لێپرسینه‌وه‌یه‌کی ورد بووین له باره‌ی سوێده‌وه.
-
ئێوه له
هیچ په‌یمانێکی سه‌ربازیدا ئه‌ندامن؟
-
نا.
-
هیچ وه‌گه‌ڕخستن
و سه‌رمایه‌گوزارییه‌کی بیانی له وڵاتی ئێوه‌دا هه‌یه؟
-
نا.
-
چه‌ند
پارتیتان هه‌ن؟
-
پێنج، هه‌موویانمان
ژمارد.
-
چه‌ند کۆمۆنیستتان
هه‌ن؟
-
تا ڕاده‌یه‌ک
که‌م.
-
بۆچی؟
-
له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی جڤاکییه‌ی، که هه‌مانه، له شێوه و فۆرمێکی
دیکه، که ئێمه له‌و بڕوایه‌داین ده‌مانکاته پاشکۆی هێزیکی دیکه، بۆ ئێمه
باشتر ده‌گونجێت. ئێمه ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆ و ئازاد بین و به ئاشتی بژین.
-
ده‌ی که‌واته
ئێوه ده‌وڵه‌مه‌ندن؟
-
به‌ڵێ، به‌ڵام
تا پێش سه‌دساڵێک ئێمه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک وڵاتێکی پاشکه‌وتوو بووین. که‌س ئه‌م باسه‌ی
نه‌ژنه‌فتبوو و هه‌موو دڵنه‌وایی خۆیان ده‌کرد و دڵ پڕ له ئومێد بوون و پێیان سه‌یر
بوو.
وه‌ک کۆتاییهێنانێک به سه‌ردانه تایبه‌تییه که‌مخایه‌نه‌که‌مان
بۆ سلێمانی، تاکسییه‌کمان گرت و چووین بۆ لای به‌نداوه‌که‌ی ده‌ربه‌ندیخان. ده‌شت
و وشکاییه‌که، کاره‌ساتاوی ده‌هاتنه به‌رچاو، نه‌رمه‌به‌ردی سه‌ر ڕێگه‌ی ئۆتۆمبیله‌که،
ده‌بوونه هۆی وریاکردنه‌وه‌ی مرۆڤ. به‌ره‌و ژوور به نێو تونێلێکی درێژدا، که هێشتا
ته‌واو نه‌کرابوو و فرانسییه‌کان له کاتی شۆڕشدا به‌جێیانهێشتبوو، ڕۆیشتین تا زنج
و کۆڵێت و خێوه‌ته‌کانی ئه‌وبه‌رمان وه‌دی کرد و ده‌نگی زه‌نگێکی بڵند و ترسناکمان
ژنه‌وت. به‌نداوه‌که، که له سه‌ر چه‌می سیروانه، له لایه‌ن سێ به‌ڵێنده‌ری ئه‌مه‌ریکایی
و ده‌سگایه‌کی ئه‌ڵمانی و کۆمه‌ڵێک ئه‌ندازیاره‌وه، که سه‌ر به نه‌ته‌وه و وڵاتی
جیاوازن، ئه‌نجام ده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌له‌کتریک، بۆ باکووری عیراق دابین بکرێت.
له نێو ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه و خه‌ڵکه‌ی ئه‌و وڵاته جیاوازانه‌دا، یۆگوسلاڤییه‌ک
وه‌ده‌رکه‌وت و به نێو خێوه‌تگه‌که‌دا له "کامه‌لا"[8] گێڕاینی.
خێوه‌تگه‌که له کۆمه‌ڵێک کۆڵێت و زنجی خنجیلانه‌ی سپیی ژماره‌دار پێکهاتبوو. خێوه‌تگه‌که
به چوارده‌وری مه‌له‌وانگه‌یه‌کدا بوو و پیاده‌ڕێیه‌ک
و کۆمه‌ڵێک داری به ده‌وردا بوون و ده‌رکه‌یه‌کی هه‌بوو له تاقی سه‌رکه‌وتن ده‌چوو!
هه‌ر زنج و کۆڵیتێک، دوو ناندین[9] و دوو
گه‌رماوی هه‌بوون. فڕۆکه‌وانه ئه‌ڵمانییه‌کان و دوو ئه‌ڵمانی دیکه و سه‌یدا
"کرێگه‌ر" و ئێمه، ڕۆیشتین بۆ کۆشکی جێگری سه‌رۆکی ئه‌ندازیاران، که به‌نداوه‌که‌ی
پێشانداین. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌مه‌ڕ به‌نداوه‌وه هیچ زانیارییه‌کی نه‌بێت، فریو ده‌درێت
و تا ڕاده‌یه‌ک وه‌ک شتێکی خه‌یاڵی و ئه‌فسانه‌یی دێته به‌ر چاو، ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌یه،
که کارگه‌ره کورده‌کان به گاڵته‌وه ده‌یڵێن، که لاندۆڤه‌رێکی بچووک کوڕی
لاندرۆڤه‌رێکی گه‌وره‌یه. ئه‌مه ئه‌ندازیارێکی ئه‌ڵمانی گێڕایه‌وه، نه‌ک وه‌ک نیشانه‌ی
ئاره‌زووی گاڵته و شۆخی له کن کوردان، به‌ڵکه بۆ سه‌لماندنی، دواکه‌وتوویی و به‌جێماوییان
له بواری ته‌کنۆلۆژیادا!!
له ژێر ئاسمانی پڕ ئه‌ستێره‌ی کورده‌واریدا:
گوتوبێژ و ده‌مه‌ته‌قه‌ی کاتی شیوخواردنی نێو خێوه‌ته‌که‌ی،
که بۆمان دانرابوو تێیدا بنووین، شێوه‌یه‌کی جیاوازی هه‌بوو له‌وه‌ی باره‌گای خه‌بات
له سه‌ره‌وه. لێدوان و باسه‌کان له باره‌ی خه‌ڵاتی نۆبێله‌وه، که
"پاسترناک" وه‌ریگرتبوو و له باره‌ی ئه‌ده‌بی یۆگوسلاڤی و له‌مه‌ڕ تفاق
و ناوماڵه‌ڕیکخستن و له باره‌ی وازهێنانی"ڤۆڵفگانگ له‌ییۆنهارد"ی کۆمۆنیست و له‌مه‌ڕ مانگ و ماتماتیک و له‌مه‌ڕ
ده‌سته‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکاییه‌وه، که بڕوایان به خڕیی گۆی زه‌وی نییه و له باره‌ی
کورده‌وه و له‌مه‌ڕ زۆر شتی پێکه‌نیناوی دیکه‌وه، بوون. حه‌وته‌وانه به سه‌ر سه‌رمانه‌وه
بوو و ئاسمانیش به ئه‌ستێره‌کانییه‌وه، له هه‌موو شه‌وێکی به‌غدا ڕوونتر ده‌دره‌وشایه‌وه.
سۆزی[10]ی
داهاتوو به فڕۆکه‌یه‌کی "VW"ی چکۆله و به به‌رزیی 600 میتر و له‌گه‌ڵ "کاپتن ڤایس"دا،
به سه‌ر کوردستاندا، به سه‌ر ڕێگه شاخاوی و نشێو و دۆڵ و چه‌م و ڕووبار و ئاوه‌ڕۆ
و کێڵگه‌ی چوارگۆشه‌ی پێده‌شته‌کاندا و به‌ره‌وخوار بۆ بێئاوانه‌کان، فڕین و
به‌ره‌و به‌غدا شۆڕبووینه‌وه. فڕۆکه‌وانه‌که گوتی:"هیچ خۆش نییه،
مرۆڤ ڕۆژی دوو گله‌ت به‌م ڕێگه‌یه‌دا بفڕێت و بێت و بچێت". که گه‌ڕاینه‌وه
ماڵێ، "پاکیزه ئه‌ڕڕاوی"، که به "حیلمی" به‌نێوبانگه له‌گه‌ڵ
خوشکه‌که‌یدا چاوه‌ڕوانمان بوون. پاکیزه، خه‌ریکبوو "ئا‌ڤێستا"ی وه‌رده‌گێڕایه
کوردی. باوکم ده‌ستی به خوێندنی وانه کوردییه‌کانی کرده‌وه. که باوکم سه‌فه‌ری
کرد و گه‌ڕایه‌وه بۆ سوێد، ئێمه تا ئه‌وده‌مه‌ی هه‌ل و ده‌رفه‌تمان هه‌بوو، به‌رده‌وام
هاتوچۆی کوردانمان ده‌کرد. دوائێواره‌یش، پێش ئه‌وه‌ی له مارسی 1961دا، عیراق به‌جێ
بهێڵین، سه‌رکرده‌یه‌کی کورد و سه‌رکرده‌یه‌کی ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بمان بانگهێشتنی
ماڵ کرد، به‌ڵام دواتر ئیدی وای لێهات، وه‌ها کارێک سه‌خت بێت و به هیچ جۆرێک نه‌کرێت.
ڕه‌وشی کورد له عیراقدا به شێوه‌یه‌کی له‌به‌رچاو و خراپ گۆڕا و جه‌نگی خوێناوی
براکوژی هه‌ڵگیرسا. باوکم له پشتیوانی و خۆشویستنی کورددا، هه‌رچه‌ندی پێی کرا له
ماڵ له ئوپسالا، به‌رده‌وام خه‌ریک بوو. منیش پێوه‌ندێکی چڕ و به‌هێزم له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی
جیهانیی کوردستاندا، که پێگه‌که‌ی له ڕۆتردام بوو، هه‌بوو. له ڕێگه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌وه
و به‌رده‌وام، هه‌موو زانیاری و ئاگادارییه‌کم له‌مه‌ڕ کورد، ده‌ستده‌که‌وت و پێم
ده‌گه‌ییشت. ئه‌وده‌مه خه‌ڵکی سوێد به ده‌گمه‌ن ده‌یانزانی گه‌لێک به ناوی کورد
هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وڕۆ گه‌لێک کوردمان، چ وه‌ک هاووڵاتیی سوێد و چ وه‌ک میوان، له
نێواندایه. بلا ئه‌م کوردانه وا هه‌ست بکه‌ن له ماڵی خۆیاندان و شتێک به فه‌رهه‌نگی
ئێمه پێشکه‌ش بکه‌ن و جارێکیش له جاران، وه‌ک پێ‌زانین و دیارییه‌ک، ئاوڕێک له
دوو دۆستی گه‌وره‌ی کورد، له نێو توێژه‌ره سوێدییه‌کاندا بده‌نه‌وه و یادێکیان
لێ بکه‌نه‌وه. ئه‌و دوو توێژه‌ره‌وه‌ش، یه‌کێکیان پرۆفێسسۆر "ستیگ ڤیکانده‌ر"ه[11]، که
به‌م تازه‌یه کۆچی دوایی کرد و ئه‌وی دیکه‌یشیان پرۆفێسسۆر "هۆ. ئێس، نویبه‌ری"
باوکمه، که تا ساڵی 1974 له ژیاندا بوو. ئه‌وان هه‌ردووکیان به گه‌رمی هاوبه‌شیی
چاره‌نووسی کوردیان کرد و به توێژینه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی زمان و مێژوویانه‌وه خه‌ریکبوون
و له‌گه‌ڵیشیاندا هاوده‌ردبوون.
سه‌رچاوه: ئه‌م گوتاره یه‌که‌م جار
له گۆڤاری"Svensk-kurdisk Journal" ی ژماره 1-2ی ساڵی 1986دا، که له لایه‌ن"کۆمه‌ڵه‌ی
فه‌رهه‌نگیی سوێد- کوردستان"ه‌وه ده‌رده‌چێت، بڵاوکراوه‌ته‌وه و زستانی
1987 کراوه‌ته کوردی.
[1] هۆ. ئێس. نویبه‌ری(H.S.Nyberg) : هه‌نریک سامۆیێل نویبه‌ری، له 28/12/1889 له "سوێده‌ربێرکه"
له سوێد له‌دایک بووه و ساڵی 1974، کۆچی دوایی کردووه. ساڵی 1908 بۆ خوێندنی
ڕۆژهه‌ڵاتناسی و زمان چووه‌ته زانستگه‌ی ئوپسالا و بووه به شاگردی "که‌ی.
ڤی. سێتته‌شتێن K.V. Zettersten"، مامۆستای به‌ناوبانگی
زمانانی سامی و پاشانیش
بووه به جێگری ئه‌و له هه‌مان زانستگه‌دا. ساڵانی 1924-1925 له مسر خوێندوویه‌تی.
له 1931-1956 پرۆفێسسۆری زمانانی سامی بووه و پاشانیش بووه به پرۆفێسسۆری
زمانانی ئێرانی و له بواری ئێرانناسیدا له‌مه‌ڕ ئایین و مێژوو وزمانه‌وه و به
تایبه‌ت زمانی په‌هله‌وی، کارێکی زۆری کردووه. بواری سه‌ره‌کی توێژینه‌وه و
لێکۆلینه‌وه‌ی ئه‌و، زمانانی سامی، به تایبه‌ت زمانی عه‌ره‌بی بووه. له ساڵی
1948ه‌وه، ئه‌ندامی ئه‌کادیمیای سوێدی بووه. ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی"ئینسکلۆپێدیای
ئیسلامی" بووه. ساڵی 1957 له لایه‌ن کۆنگره‌ی جیهانی ڕۆژهه‌ڵاتناسانه‌وه
مه‌دالیای زێڕینی "Lidzbarski"، وه‌رگرتووه. هه‌رچه‌نده
له بواری زمان و ئایین و ئێرانناسیدا زۆر خه‌ریک بووه و کاری کردووه، به‌ڵام له
ساڵی 1960دا و له ته‌مه‌نی 70 ساڵیدا، بۆ یه‌که‌م جار سه‌ردانی ئێرانی کردووه و
ساڵی 1963یش بۆ جاری دووه‌م سه‌ری ئێرانی داوه‌ته‌وه. مامۆستا و زانا و زمانه‌وان
و توێژه‌ره‌وه‌یه‌کی دیار و ناسراو بووه.(وه‌رگێڕ).
[3] "ئیسه" ناوی کچه‌که‌ی "سیگرید کالله"ی
نووسه‌ری ئه‌م گوتاره‌یه و بۆ خۆیشی کچی "هۆ. ئێس. نویبه‌ری"یه.(وه‌رگێڕ).
[5] له‌و سه‌رده‌مه‌دا و تا ئێستاش شتێک به ناوی وه‌زاره‌تی
مه‌عاریف له سلێمانی نه‌بووه و نییه. بێگومان نووسه‌ر مه‌به‌ستی کارگێڕیی مه‌عاریفی
ئه‌و کاته بووه.(وه‌رگێڕ).
[7] "پارتیی
دیموکراتی کورد"ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی، ئه‌و کاته ساز نه‌کراوه، به‌ڵکه
له ساڵی 1946ه‌وه هه‌بووه، به‌ڵام له‌و ده‌مه‌دا مۆڵه‌تی کارکردنی ئاشکرای
دراوه.(وه‌رگێڕ).
[8] نووسه‌ر وشه‌که‌ی به‌و جۆره نووسیوه، به‌ڵام ناوێکی
ئاوها، که‌سانی شاره‌زای ئه‌وێیش نایناسن. ڕه‌نگه خاتوو سیگرید، وشه‌ی
"کامپ"ه‌که‌ی به‌ر گوێ که‌وتبێت و وای نووسیبێت.(وه‌رگێڕ).
[9] واته: چیشتخانه، خواردنگه، خارنگه، ئاشخانه،
ئاشپه‌زخانه، شیوگه، چێشتگه، ئاشگه، مووبه‌ق، متبه‌ق، مه‌تبه‌خ(مطبخ). (وه‌رگێڕ).
[11] "ستیگ ڤیکانده‌ر"، ساڵی 1908 له‌دایک بووه.
پاش ئه‌وه‌ی له زانستگه‌کانی ئوپسالا و کۆپنهاگن و پاریس خوێندوویه‌تی، له ساڵی
1938دا له زانستگه‌ی ئوپسالا، دوکتۆرای وه‌رگرتووه و له ساڵی 1941دا پله‌ی
"دۆسێنت"ی له زانستگه‌ی "لووند"، دراوه‌تێ و له ساڵی 1952دا
له زانستگه‌ی ئوپسالا بووه به پرۆفێسسۆر و
له بواری سانسکریت و توێژینه‌وه‌ی به‌راورد، له زمانه هیندۆئه‌وروپاییه‌کاندا
کاری کردووه. بۆ لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه له لوبنان و سووریا ژیاوه. له
ساڵانی 1953 و 1959 و 1962-1963دا له تورکیا ژیاوه. پاییزی 1958 له ئه‌کادیمیای
"ئۆبوو" و "تورون ئیلیۆپیستو" له فینلاند، ده‌رسی گوتووه‌ته‌وه.
بێجگه له لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی زمانه‌وانی و مێژووی ئایین، نووسینی له‌مه‌ڕ
چیرۆکی شیعریی هیندی و ئه‌فسانه‌ی هیندی بڵاوکردووه‌ته‌وه. کۆمه‌ڵێک تێکستی کوردی
کۆکردووه‌ته‌وه و له کتێبێک‌دا به ناوی"Recueil des textes Kourmandji"، له ساڵی 1959دا، له زانستگه‌ی ئوپسالا بڵاوی
کردووه‌ته‌وه. ساڵی 1986 کۆچی دوایی کردووه.