Sunday 23 December 2018

جەمال نەبەز، ڕووناکبیر و بیرمەند، لێ سیاسییەکی کڵۆڵ



جەمال نەبەز، ڕووناکبیر و بیرمەند، لێ سیاسییەکی کڵۆڵ
ئەمجەد شاکەلی
بڕوا ناکەم هیچ کەسێکی بە وێژدان بتوانێ، خۆ لە کار و بەرهەم و تێکۆشانی پتر لە 60 ساڵی تەمەنی جەمال نەبەز، نەبان بکات و هەموویان بسڕێتەوە و پشتگوێیان بخات. جەمال نەبەز، زمانەوان و مێژوونووس و ڕووناکبیر و نووسەر و بیرمەند و سیاسەتکار بوو. ئەو وەک چۆن لە بیرکردنەوەی سیاسیی خۆیدا، هەموو ئامانج و خەونێکی یەکبوونی کورد و یەکخستنەوە و دامەزراندی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بوو، لە زمانیشدا، زمانێکی یەکگرتووی کوردیی، وەک زمانی ڕەسمی و ستاندارد، گەلێک بەلایەوە مەبەست و جێی بایەخ بوو. کارێکی گرنگی دیکەی جەمال نەبەز، ساغکردنەوەی مێژووی کورد و ناساندنی مێژوو و کێشەی کورد و کوردستان بوو، بە ئەوروپاییان و بیانییان بە گشتی. نووسین و هزرەکانی، بنەما و فێرگەیەک بوون، بۆ بارهێنانی نەوەیەک و پێگەیاندن و وەئاگاهێنانەوەی زۆرێک لە خەڵکی کورد. ئەو مرۆڤیکی بزێو و چالاک و کارا بوو و هەمیشە دەجووڵا و دەکۆشا، بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی، کە هەموویان بە دەوری کوردستان و نەتەوەی کورددا دەسووڕانەوە.
ئەوەی سەرەوە دیوێکی گەشی جەمال نەبەزە، لێ هیچ کەسێک، هیچ مرۆڤێک، سەدلەسەد هەموو دیوەکانی، هەموو لایەنەکانی ژیانی، هەموو دید و هویرەکانی، گەش و سوودمەند نین و تەنێ شایستەی پەسن نین و دەشێ مرۆڤ لە دیوێکی دیکەوە و بە جۆرێکی دیکە، بیانخوێنێتەوە و پێیان قایل نەبێت و ڕەخنەی لێیان هەبێت.
 لەنێو کۆمەڵ و وەڵاتی خۆمان(کوردستان)دا، وەک باوە، کە کەسێک، کۆچیدوایی دەکات، بە تایبەت ئەگەر مرۆڤێکی بەناوێ بێت و لە بوارێکدا، کارێکی کردبێ و کاریگەرییەکی بووبێ و بەرهەمێک یا شوێنەوارێکی لەپاش خۆی جێهێشتبێ، ئیدی پاش مردنی، تەنێ پەسن دەدرێ و تەواوی کردەوەگەلێکیشی، کە سوودمەند نەبووبن یا چەوت بووبن، بەگوێرەی تیۆری"شەیتان و ڕەحمان دەستیان لێی شۆردووە"، دەسڕدرێنەوە و ڕەخنەیان لێ ناگیرێت و ئەگەر هەڵەیشی کردبێت، پەردەپۆش دەکرێت. بە من، مرۆڤ، دەبێ سەرلەبەری ژیانی بخوێنرێتەوە و تەواوی مێژووی ژیانی و تەواوی ئەو وێستگە و قۆناخانەی پێیدا تێپەڕیوە و سەرجەمی کار و کردەوە و گوتار و بیروڕاکانی، خاس و نەباش، بێ بازدان بەسەر تاکە یەک شتیشیدا، وەک یەکەیەک، لەبەرچاو بگیرێن و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێن. ڕەنگە لەمەر ئەم بابەتەی بەردەستتان بگوترێ، ئەوەی ئێستا لەمەڕ مامۆستا جەمال نەبەزەوە دەگوترێ، دەبوو کاتێک، کە لە ژیاندا بوو، بگوترابا، لێ من باش دەزانم ئێستا بێجگە لە پەسن، هیچ یەکێک لەوانەی باسی مامۆستا نەبەز دەکەن، توخنی لایەن و دیوێکی دیکەی ئەو ناکەون. بۆیە ئەوەی من لێرەدا دەیڵێم، شتێکی نوێ و شاراوە نییە و بێگومانیشم لەوەی، خەڵکێک هەن، لەگەڵ بۆچوونەکانمدا هاوڕا بن، هەر بۆیە بە ڕای من پێویستە بگوترێن.
 جەمال نەبەز، وەک مرۆڤێک، بە گەواهی ئەوانەی لە نزیکەوە دیویانە، ناسیویانە، کاریان لەگەڵ کردووە، ژیاون: گەلێک خانەگومان و خۆویست بووە. هاوبیرێکی جەمال نەبەز گێڕایەوە، کە جارێک، خوشکێکی جەمال نەبەز لە کوردستانەوە هاتووە بۆ سەردانی بۆ ئەڵمانیا و لەتەک خۆیدا، وەک دیاری، چای بۆ هێناوە، کیسەیەک چای وشک، چای دووغەزاڵ(بە عەرەبی: أبوغزالین)، کە ئەودەمی زۆر باو بوو. ئەودەمە وەک ئێستا نەبوو و لە ئەوروپا هێندە چای نەبوو و ئەگەر هەشبووبێ، ئەوا چاییەک لە وڵاتەوە هاتبێ و دیارییش بووبێت، گەلێ خۆشەویست بووە و خوشکەکەیشی هەر بەو مەبەستە بۆی هێناوە. کە خوشکەکەی کیسە چاییەکەی داوەتە دەستی جەمال نەبەزەوە، لە خوشکەکەی پرسیوە، ئەوە چییە، ئەویش گوتوویەتی چاییە. جەمال نەبەز دەسبەجێ کیسە چاییەکەی فڕێداوەتە نێو زبڵدانەکەوە و بەوەش دڵی خوشکەکەی شکاندووە. ئەو کارەی بۆیە کردووە، چون گومانی ئەوەی کردووە، کە ڕەنگە حوکوومەتی عیراق ئەوەی وەک ژار و دەرمان، بۆ کوشتنی ئەو ناردبێ!
گەلێک تەنگەجیقڵدان و لە خۆڕازی بووە و هەڵسوکەوت و دۆستایەتی لەگەڵیدا هەرگیز ئاسان نەبووە، بەڵکە گەلێ سەخت و گران بووە. هەمیشە خۆی بە ڕاست و خەڵکانی ناهاوڕای بە ناڕاست زانیوە و کەمجاران ددانی خێری بە خەڵکدا ناوە.
هیچ مرۆڤێکی کوردی زیرەک و چالاک و کارای بواری نووسین و زمان و مێژوو و سیاسەتی، خۆشنەویستووە و هەموو کوردێکی لەو جۆرەی بە ڕکابەری خۆی زانیوە. هاوبیرێکی بۆی گێڕامەوە گوتی:"جارێکیان لەگەڵ جەمال نەبەزدا دانیشتبووین، ئیدی باسی سیاسەت و کورد و نووسین و...زۆر شتی دیکە کرا. هەر ناوێکی دەهاتە سەر زارمان، جەمال نەبەز شتێکی خراپی لەبارەوە دەگوت. لەپڕ باس هاتە سەر کەسێکی ناسراو، کە نووسەرێکی کارا و شارەزا و چالاک بوو و من هەندێ پەسنم دا، ئەو دەسبەجێ دەستی بە زەمکردنی کرد و گوتی، من دوو چاوم هەن، لێ یەک دانەیشیان هەڵنایە و ئەوی پێ نابینم، کوێراییم دادێ، ئەگەر ئەو کابرایە دەبینم!" دەی ئەوە لە "ئێرەیی" و "ڕقبوونەوە لە مرۆڤ" زیاتر، ناوێکی دیکەی لێنانرێت.
لەسەر شتگەلێکی بچووک و کەمبایەخ گەلێ جار، لە کەسە نزیکەکانی و ئەوانەی لە دەوری دەبوون و کۆمەکیان پێ دەکرد و ڕێزیان لێی دەگرت، دەتۆرا و دەکەوتە باسکردنیان بە خراپە و ناوزڕاندنیان، بە نووسین و بڵاوکردنەوە.
جەمال نەبەز، لەم ساڵانەی دواییەدا، لە ڕووی زمانەوە، کۆمەڵێک دەسکاری و گۆڕینی لە ڕێنووس و دەربڕین و دەستەواژە و وشە کوردییەکاندا دەکرد، بە بیانووی ئەوەی هەندێ تیپ، کە کورد بەکاریان دەهێنن، کوردیی نین و لە زمان و تیپی عەرەبییەوە هاتوونەتە نێو زمانی کوردی و گەرەکە کورد، ئەو تیپە عەرەبییە"لایدە و نامۆ"یانە وەدەرنێ و زمانی کوردییان لێ پاکژ بکاتەوە. جەمال نەبەز، لە کاتێکدا ئەوەی دەگوت، کە بۆخۆی ئێرانناسی خوێندبوو و فارسییزان و کوردێزان بوو. ئەو وشە و دەستەواژانەی، تیپی "ح"، "ق"، "ع"، "غ"یان تێدابووایەن، ئیدی لە پێشەوە، لە ناوەنددا یا لە کۆتاییدا، ئەو دەیانیگۆڕین بۆ تیپی دیکە. بۆ نموونە:(حوسەین، حەمە، مەحموود، حەسوود، حەمکە، حەسیرەکە، حەیوان، حەز، حەوت، حەوتەوانە، حەسار، حاجی،  لای ئەو دەبوونە: هوسەین، هەمە، مەهموود، هەسوود، هەمکە، هەسیرەکە، هەیوان، هەز، هەوت، هەوتەوانە، هەسار، هاجی).(قوڕ، قارەمان، قڕقێنە، قەلەڕەش، قەوزە، قەیسەری، قاز، قەرەتەپپە، سەقز، خانەقی، قەرەداغ، قلیاسان، قاڵی، قۆری، بەعشیقە، نەقیزە، لای ئەو دەبوونە: کوڕ، کارەمان، کڕکێنە، کەلەڕەش، کەوزە، کەیسەری، کاز، کەرەتەپپە، سەکز، خانەکی، کەرەداخ، کلیاسان، کاڵی. کۆری، بەئشیکە، نەکیزە). (عەلی، عومەر، عەرەب، سەعید، جومعە، عەبا، سەعات، باعەباع، عەربەت، عەلی عەسکەری، عەلی ئەسغەر، لای ئەو دەبوونە: ئەلی، ئومەر، ئارەب، سەئید، جومئە، ئەبا، سەئات، بائەباء، ئەربەت، ئەلی ئەسکەری، ئەلی ئەسخەر). (غاردان، بەغدا، غەیدین، غاز، غیرەت، غەوارە، غەریب، لای ئەو دەبوونە: خاردان، بەخدا،  خەیدین، خاز، خیرەت، خەوارە، خەریب). بەڕاستی ئەوەی جەمال نەبەز دەیکرد، بێجگە لە ئەتککردنی زمانی کوردی، چتێکی تر نەبوو. جەمال نەبەز، زمانەوان و مێژوونووس بوو، سەرباری ئەو ئەتکەیشی بە زمانی کوردی، هێشتا دەیتوانی شتی دیکەی باش پێشکەش بە زمان و مێژووی کورد بکات. سەد بریا لە بری سیاسەت، خەریکی ئەو بوارانە بووایە!
ئەو لە ساڵی 1962ەوە، واتە: ماوەی 56 ساڵان بوو، کوردستانی جێهێشتبوو و هەرگیز بۆ تاکە یەک جاریش سەردانی کوردستانی نەکردەوە. مرۆڤ، ئەگەر خۆشەویستیی بۆ خاک، وڵات، زێد، نیشتمان، گەڕەکەکەی، ئاواییەکەی، کۆڵانەکەی، یادەوەریی منداڵی و سەردەمی لاویی، خەڵکی وڵاتەکەی، هاوشارییانی، دۆست و هاوڕێ، کەسە نزیکەکانی، خانەوادە و خزمە نزیکەکانی، باوک و دایک و خوشک و براکانی هەبێت، ئەڵبەتە خۆڕاناگرێ و لەو ماوە دوورودرێژەدا، 56 ساڵان، چەندین جار سەردانی کوردستان دەکاتەوە. ئەو وەنەبێ تەنێ سەری باشووری کوردستان، کە لێی هەڵاتبوو، نەداتەوە، بەڵکە سەری باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستانیشی نەدەدایەوە، کە هەمیشە بۆ خۆی باسی کۆمەڵێک پارچەی کوردستانی دەکرد و هەموو کوردستانی وەک یەک وڵات تەماشا دەکرد. دیارە هیچ پاساوێک بۆ ئەو نەگەڕانەوەیە و سەرنەدانەوەیە، نەبووە و نییە، ئەگەر لای نەبەز خۆیشی بووبێ، هەرگیز جێی باوەڕپێکردن نییە و تەنێ کێماسی خۆشەویستی بۆ خاک و خەڵکی کوردستان، پێشان دەدات.
ئەو بۆ خۆی هەر کاتێک باسی نەگەڕانەوەی بۆ کوردستان کردبا، دەیگوت، "خولەی فێڕنەگولە"، رێگەی لێ گرتووم و نەیهێشتووە بگەڕێمەوە کوردستان. لە "خولەی فیڕنەگولە"یش، مەبەستی سیاسەتکاری بەناوێی کورد، دۆکتۆر مەحموود عوسمان بوو. ئەو باسی ئەو سەردەمەی 1970 تا سەرەتای 1974ی دەکرد، سەردەمی پێکهاتنی سەرۆک بارزانی لەگەڵ حوکوومەتی عیراقدا و ڕێککەوتننامەی 11ی مارسی 1970. ئەو بۆ خۆی ئەگەر مەبەستی گەڕانەوەی کوردستانی بووایە، بێگومان نەیبووە، نەک دۆکتۆر مەحموود عوسمان، هیچ کەسێک نەیدەتوانی ڕێگەی لێبگرێ! ئەو وا لە خۆی دەنۆڕی، کە دەبێ سەرۆک بارزانی یا کەسانی نزیکی ئەو، بانگهێشتی تایبەتی بۆ بکەن و وەک سەرکردە و ڕێبەر پێشوازی لێبکەن. دەنا ئەگەر وانییە، خۆ هەزاران کوردی پاژەکانی دیکەی کوردستان، لەو چوارساڵەیدا، کە کورد تا ڕادەیەک لە ڕەوشێکی باش و ئارامدا بوو، لە باشووری کوردستان و لە سایەی ڕێبەرایەتی سەرۆک مستەفا بارزانیدا دەژیان و تێکەڵ بە واقیعی نیشتمان بووبوون و ئەمیش دەیتوانی وەک ئەوان خۆی بخزێنێتە نێو زانستگە و کۆڕی زانیاری و بوارە فەرهەنگییەکەوە و لە پەناشدا سیاسەتی خۆیشی بکات. نەگەڕانەوەی دۆکتۆر نەبەز، تەنیا پێوەندی بە لووتبەرزی و خۆبەگەورەزانینەوە بووە و هیچی دی.
ئەگەر پێش هەرەسی 1975، تەنێ سەرۆک بارزانی تاکە ڕێبەر و سەرکردە بوو و یەک حیزب(پارتی دیموکراتی کوردستان) لە کوردستاندا دەسەڵاتی هەبوو و یەک هێزی پێشمەرگە هەبوو، لێ کە شۆڕشی کوردستان هەرەسی هێنا، ئیدی مەیدان و گۆڕەپانی کوردستان لە یەک سەرکردە و یەک ڕێبەر و یەک حیزب و یەک هێزی پێشمەرگە و یەک بزاڤی چەکداری و یەک جووڵانەوەی سیاسی، چۆڵ بوو و ڕێژیمی بەعسی بەغدا، دەسەڵاتی حوکوومەتی عیراق، گەیشتە دوورەدەستترین و سەختترین جێگە و هەموو کونجێک لە کوردستاندا. پاش ماوەیەک جارێکی دیکە ڕێکخراو و حیزب و گرۆی چەکدار پەیدابوونەوە و جەنگی دژ بە ڕێژیم دەستی پێ کردەوە. لەو دەمەیدا، ئیدی سیاسەتکردن و بزاڤە چەکدارییەکە و کورد و کوردستان بە گشتی، بێ سەر مایەوە و لەتلەت بوو و هەموو جۆرە گرۆ و دەستە و حیزبێکی تێدا پەیدابوون. ئەوانە وەک کوارگی بەهارێ هەڵدەتۆقان و هەرڕۆژەی ناوێکی نوێ دەهاتە نێوانەوە. زۆرێک لەو گرۆ و دەستە و حیزبانە، کە بەشێکیان دەستکردی پێتەختەکانی دەوروبەری کوردستان بوون، بۆ خۆیان پێیانوابوو، چەپانە دەهزرێن و دەپەیڤن، چون ئەوان، هەموو نەهامەتی و داڕووخان و هەرەسیان، دەخستە ئەستۆی سەرۆک بارزانی و بزاڤەکەی، کە ئەمان بە ناچەپیان دەزانی. ئەوانە، ئەو بیری چەپایەتییەی خۆیانیان پێوە هەڵدەکێشا، تەنێ ڕواڵەت و ڕووکەش و دەمامکێک بوو، بۆ خۆڵ لە چاوکردن و فریودانی خەڵک و بێجگە لە بانگەشەیەکی پفدراو و درۆ، هیچی دیکە نەبوو. لەو گەڕەلاوژە و بێ سەروبەرییەی دوای هەرەس، هەموو جۆرە بیر و هەموو جۆرە ڕەنگێک لەو دەڤەرەدا سەریان دەرهێنابوو و هاتبوونەگۆڕی، تەنیا یەک جۆرە بیر و ئایدیۆلۆگی لە کوردستان، ئامادەیی نەبوو، ئەویش هزری نەتەوەیی(ناسیۆنالیستی)کوردی بوو. جەمال نەبەز، کە خۆی بە دامەزرێنەری ئەو فێرگە نەتەوەییە کوردییە و ڕێناس و باوکی ئەو هزرە دەزانی، دەبوو وەک هەستی نەتەوایەتی و بەرپرسیاریەتی و چۆڵایی دەنگە نەتەوەییەکە،  لە کوردستان، ئەو دەرفەتەی بقۆستایەتەوە و ئەگەر بەڕاستیی باوەڕی بە بیر و پەیامەکەی خۆی هەبوو، دەبوو دەستبەرداری ژیانی ئەوروپای بووایە و بێ هیچ یەکودوو و بیرکردنەوەیەک گەڕابایەوە کوردستان و بنەمای بزاڤێکی نەتەوەیی دانابا و خەڵکە هەوادارەکانی خۆی خڕکردباوە و لە مەیداندا سیاسەتی خۆی کردبا. جەمال نەبەز وای نەکرد. ئەو لە ئەڵمانیا ڕوونیشتبوو و تەنێ قسەی دەکرد و دەهزری و گەرەکیبوو خەڵک بیژنەفن و بەگرێی ملدا بدەن و بێژن"ئەشهەدو ڕاست دەفەرمووی...". ئەو پێیوابوو بەو نووسین و تیۆری و قسانە لە ئەوروپاوە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕادەگەیندرێ. هزر هەرگیز لە کارکردن گرنگتر نییە. عەلی شەریعەتی دەڵێ:"ئەو خەڵکانەی ڕیبەرایەتی شۆڕشیان کردووە و کاری هەستەوەر و خەباتی کردەییان کردووە، لەو بیرمەند و فیلۆسۆفانەی، جەنگی ژیانیان نەکردووە، گرنگترن"[1]. 
جەمال نەبەز، کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی کاژیک و چالاکترینیان بوو و کرۆکی هویری کاژیکیش، نەتەوەیی بوو، بێجگە لە کۆمەڵێک دەستەواژەی توندی نەتەوەیی و تەسکبیری و بەرچاوتەنگی و تووڕەیی، لە کاژیکنامە و ئەو هزرە نەتەوەییە و ڕێبازەکەیدا، لایەنێکی تیۆری و فەلسەفەیی و ئایدیۆلۆگی و شیکردنەوەی جڤاکی، ئابووری، سیاسی و مێژوویی و نەخشە و بەرنامەیەکی  هەمەلایەنەی گرێدراو بە فەلسەفە و تیۆرییەک، کە ببێتە چرایەک و نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆمەڵی کورد و وڵاتی کوردستان، نابینییەوە. لە تێزەکانیدا گەلێ جاران، جەمال نەبەز، جەختی لەوە دەکردەوە، کە بیری نەتەوەیی کوردی، نە بیری قەومییەتی ڕۆژهەڵاتی و نە بیری ناسیۆنالیزمی ڕۆژاواییە و لەگەڵ ئەوانەدا جیاوازە، لێ تۆ کە کاژیکنامە دەخوێنییەوە و دواتریش لە گوتار و ڕەوتاری جەمال نەبەز و پێڕۆیانی فێرگەکەی ورددەبییەوە، تا ڕادەیەکی زۆر باندۆری فەلسەفە و تیۆرییەکانی ساتیع ئەلحوسەری(ساطع الحصري) و میشێل عەفلەق(میشیل عفلق) و بەعس و نەتەوەییە عەرەبەکان، لەسەر جەمال نەبەز و تێڕوانینی وی و فێرگە نەتەوەییەکەیشی بە ڕوونی دەبینی. سرووشی کاژیکنامەیش لەو پاشخانەوە بۆ جەمال نەبەز هاتووە.
لەکن کاژیک و دواتریش پاسۆک، کە هەر لەسەر بنەمای کاژیک و بیروباوەڕی جەمال نەبەز دامەزرابوو، تێزی "سۆسیالیزمی کوردی" و "قوتابخانەی سۆسیالیزمی کوردی"، هاتبووە گۆڕێ و بانگەشە بۆ سۆسیالیزم دەکرا، لێ سۆسیالیزمێک بە ڕەنگوبۆ و سیمایەکی کوردی. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە و هێنانەگۆڕێی وەها هزرێک، لە لاساییکردنەوەی ئەو سۆسیالیزمە عەرەبییە ناسری و بەعسی و بورقێبەییەوە هاتبوو، کە لەودەمەیدا لە وڵاتانی عەرەبدا باو بوو و بۆ هەڵاتن لە بیری چەپ و سۆسیالیزمی ڕاستینەی مارکسیزم، کە ئەوان وەک مەترسی و ترکزە لێیان دەنۆڕی، دەیانەویست سۆسیالیزمێکی بەدگۆڕاوی نەتەوەیی بهێننە گۆڕێ و خەڵکی پێوە سەرگەرم بکەن. سۆسیالیزمە کوردییەکەش، هەرگیز لەو دید و تێزانە بەدەر نەبوو.   
ئەو فێرگە نەتەوەییە و بیروباوەڕەی جەمال نەبەز، کە بوونە پۆشاک و چوارچێوە و بنەمای کاژیک و دواتریش پاسۆک، هەرگیز نەبوونە فێرگە و بیروباوەڕێک، زۆرینە یا زۆرێک، لە خەڵکی کوردی لە دەور گلێر ببنەوە. هەمیشە دەستەیەکی کەمژمارە هەواداری ئەو ڕەوتە بوون. بە من ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی ئەو دوو ڕێکخستنە، کاژیک و پاسۆک، ئەوانە پتر دەڤەریی، لۆکاڵی بوون و لە سنووری باژێڕی سلێمانی نەچووبوونە دەرێ و تا ڕادەیەکیش مۆرک و سیما و ڕەنگ و بۆی سلێمانییان پێوە دیار بوو. جارێکی لەگەڵ کاک ئازاد مستەفادا، کە هێشتا لەگەڵ جەمال نەبەزدا نێوانیان تێکنەچووبوو، باسی بیری نەتەوەیی و پاسۆک و ڕەوشی کوردستانمان دەکرد، گوتم:"کاک ئازاد، ئێوە باسی چوار و پێنج و هەندێ جار زیاتریش پاژی کوردستان دەکەن، خۆتان بە خاوەنی فێرگەیەکی نەتەوەیی دەزانن و حیزبەکەتان بە نوێنەری هەموو کورد دەزانن، وانییە؟". گوتی:"بەڵێ وایە". گوتم:"یەک پرسیارت لێ دەکەم، هیوادارم ڕێکوڕەوان و دروست وەڵامم بدەیتەوە". گوتی:"گومانت نەبێ، ئەوەی ڕاست بێ، پێت دەڵێم". گوتم:"ئێوەی پاسۆک، لە ئامێدی، لە دهۆک، لە مووسڵ، لە خورماتوو، لە کفری، لە خانەقین، لە مەندەلی، لە زرباتییە، لە بەغدا، لە ئیلام، لە کرماشان، لە بانە، لە ورمێ، لە قووچان، لە هەورامان، لە یێرەڤان، لە وان، لە دێرسم، لە دیاربەکر، لە مێردین، لە غازی ئەنتاب، لە قۆنیە، لە عاموودا، لە دێرک، لە قامشلوو، لە شام، لە بەیرووت، لەنێو کوردانی فەیلیدا، لەنێو کوردانی ئێزدیدا، لەنێو کوردانی کاکەییدا، لەنێو کوردانی شیعەدا،  یەک ئەندامی پاسۆکتان هەیە؟". گوتی:"نا وەڵڵا نیمانە...". گوتم:"ئێوە هەرچەندە دروشمەکانتان گەورە و زەق و قەبەن، لێ هەرگیز لە چوارچێوەی سلێمانی نەچوونەتە دەر، لەوێ هەن، بەڵام کەمیشن". گوتی:"دەی بە خوا ڕێک وایە..". گوتم:"کاتی ئەوە نەهاتووە بە خۆتاندا بچنەوە و خوێندنەوەیەک بۆ مێژوو و داهاتوو و تەواوی بیر و کرداری خۆتان بکەنەوە و گۆڕینێکی ڕادیکال لە بوونی خۆتاندا بکەن!". بڕێک ڕاما و سەرێکی بادا و گوتی:"وایە، دەیکەین ئینشائەڵڵا". هۆکاری سەرەکی بڵاونەبوونەوەی بیری نەتەوەیی جەمال نەبەز  و بچووکیی کاژیک و پاسۆک، لە تەسکبیری و خانەگومانی و وشکی و تووڕەیی و باوەڕنەبوون بە خەڵک، لە دامەزرێنەری ئەو بیر و فێرگەیەوە، جەمال نەبەز و کەسەنزیکەکانی دەوروبەری ئەوەوە هاتبوون و ئیدی بووبوونە پەتایەک، هەرگیز لەو بزاڤە نەتەوەییە نەبوونەوە و تا ئێستاش هاتن، تا ئیدی مەرگ لە 08-12-2018دا، باوکە ڕۆحییەکەی پێچایەوە و هەموو خەونەکانی لەگەڵ خۆیدا لوولدا.
من بۆ خۆم، لە نزیکەوە جەمال نەبەزم نەناسیوە و هەرگیزیش هیچ جۆرە پێوەندێکم لەگەڵیدا نەبووە، لێ بەشێک لە نووسینەکانیم خوێندوونەوە و چەندین جار، لە ستۆکهۆڵم، ئامادەی کۆڕ و سیمیناری ئەو بووم و تا ڕادەیەک ئاگاییم، لە بیر و بەرخورد و هەڵسوکەوتی ئەو هەبووە و زۆریشم لە هاوبیرانییەوە لەبارەی ئەوەوە ژنەفتووە، لەو باوەڕەدام جەمال نەبەز ئەگەر سەدلەسەدیش نەبێت، ڕێژەیەکی نزیک لەو ڕێژەیە، حاڵەتێکی ترس و سڵەمینەوە و دڵەڕاوکێ و گومانکردن و باوەڕنەبوون بە خەڵک و چاوەڕوانی خراپەکاری لە خەڵک، لە بیرکردنەوەیدا هەبووە، کە تەواوی ئەوانە، پتر لە خۆبەزلزانین و لەخۆڕازیبوون و ڕالەخۆبوونەوە دێن، کە بە لاتینی و زمانانی ئەوروپایی پێی دەگوترێ (Paranoia). ئەو حاڵەتە کارێکی وا دەکاتە سەر مرۆڤ، کە وەک لە ئەمەریکا و لەسەرجادە و بازاڕ و زمانی میللی و نێو خەڵک دەڵێن، مرۆڤ هەست بکات و پێیوابێ، خەڵک هەمووی وەدووی ئەو کەوتوون و دەیانەوێ بیگرن  و بڵێ:(هەمووکەس وەدوومەوەن بۆ گرتنم"Everyone is out to get me"). تەواوی ئەو بیرکردنەوەیە و ئەو دیدە بۆ ژیان و سیاسەت و شێوازی ڕەوتار و کارکردن و داخراوییە، لە جەمال نەبەزەوە شۆڕبووبووەوە و ڕۆچووبووە خوارێ، بۆ نێو ڕێکخستنەکانی کاژیک و پاسۆک و سۆکسە و ئەو فێرگە و بزاڤە نەتەوەییە، کە بەرهەمی هزری جەمال نەبەز و هاوبیرانی بوون و تەنانەت بۆ نێو هاوبیر و هەوادارانیشیان.
جەمال نەبەز، لەودەمەوەی نەتەوەییانە، بەو جۆرەی خۆی باوەڕی پێبوو و کاژیکانە دەهزری، ئیدی هەرگیز چ نوێبوونەوە و گۆڕانێک لە بیرکردنەوەیدا، لەو بوارەدا، نەدەبینرا. ئەو هەر لەسەر هەمان هێڵ دەڕۆیشت و هەمیشە هەر شتەکانی خۆی، کە چەندین ساڵی بەسەردا تێپەڕیبوون، دەگوتنەوە و چەندپاتەی دەکردنەوە.
هاوبیرێکی جەمال نەبەز دەیگێڕایەوە، کە جەمال نەبەز، لە تەمەنی لاویی و دەسپێکی نووسینیدا، بە ناوی "جەمال کڵۆڵ"ەوە ناسراو بووە، هەر بەڕاستیش پێموایە پرۆفێسسۆر دۆکتۆر مامۆستا جەمال نەبەز، نووسەر و ڕووناکبیر و مێژوونووس و زمانەوان و بیرمەند بوو، لێ سیاسییەکی کڵۆڵ!
23-12-2018


[1] رسول، فاضل، هکذا تکلم علي شریعتي، دار الکلمة للنشر، الطبعة الأولی 1978، بیروت- لبنان، ص 70.

Monday 17 December 2018

حەکیم کاکەوەیس، هەواری خەم، ڕووباری وشەی جوان

حەکیم کاکەوەیس،
هەواری خەم، ڕووباری وشەی جوان
ئەمجەد شاکەلی
دواجار کاک حەکیمم بینی، لە نەخۆشخانەی یەڤلە (Gävle) بوو، ئەو شارەی لە سوێد تێیدا دەژیا. 16 ئوکتۆبەری 2018 بوو. کاک ئۆمیدی کوڕی ویستی عارەبانەکەی باوکی بباتە خوارەوە و منیش هەر دەمگوت نەخێر خۆم دەیبەمە خوارێ. ژوورەکەی کاک حەکیمی تێدا بوو، لە نهۆمی دەیەمی نەخۆشخانەکە بوو و بۆ جگەرەکێشان دەبوو بچووبایە خوارێ و لە دەرێی نەخۆشخانەکە جگەرە بکێشێت. کاک حەکیم وەک هەموودەم تامەزرووی جگەرەکێشان بوو، هەموودەم بە چێژەوە مژی لێدەدا و تەنانەت لەو ڕەوشەیشیدا هەردەبوو بیکێشابا. ساڵانێک بوو، ڕێک لە ساڵی 1989 بە دواوە، کە ئیدی بۆ خۆم وازم لە جگەرەکێشان هاوردبوو، هەمیشە هەوڵم لەگەڵ دەدا بۆوەی واز لە جگەرەکێشان بهێنێت، چون من بۆ خۆم دەردی جگەرەکێشانم دیتبوو و بە هۆیشییەوە گیرۆدەی گەلێ ناساغی بووبووم. ئەو هەوڵانەی من لەگەڵ کاک حەکیمدا، هەرگیز سوودی نەبوو و هەمیشە دەیگوت:"بەخوا ئەوە خوویەکی خراپە لە تۆدا، کە هەمیشە باسی دەستبەردابوونم لە جگەرەکێشان دەکەیت". حەزم دەکرد جێینەهێڵم و زۆرترین کات لەگەڵی بم، بۆیە گەرەکمبوو هەر خۆم بە عارەبانەکەوە بیبەمە خوارێ، بۆوەی بتوانین زیاتر قسان بکەین. ئیدی لە ژوورەکەیەوە تا نێو ئەسانسۆرەکە و بڕینی دە نهۆم بۆ خوارەوە و لەوێشەوە بۆ دەرێی نەخۆشخانەکە و کێشانی جگەرەیەک و هەندێ دەردەڵ و قسەگۆڕینەوە و دیسان گەڕانەوەمان بۆ ژوورەکەی، نزیکەی سێچارەکە سەعاتێکی  پێدەچوو و ئیدی ئەوە بۆ خۆی دەرفەتێک بوو، بۆوەی پتر قسە بکەین. سێ جاران ئەو جگەرەی کێشا و منیش لەگەڵیدا چوومە دەرێ. بۆ سبەینێی ڕۆژی دواتر 17ی ئۆکتۆبەر، دەبوو بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە یەکەم چوونە خوارەوەماندا، بە ڕوویەکی خۆش و دەم بە خەندەوە پێی گوتم:" دەزانی گەلێ دڵخۆشم"، گوتم:"یاخوا هەمیشە دڵخۆش بیت"، گوتی:"دەزانی لە خودا پاڕاماوە، هێزم بخاتەوە بەر و ژیانم لێ نەستێنێ، تا ڕۆمانەکەم تەواو دەکەم، خودا بە هانامەوە هات و نزاکەمی قەبووڵ کرد و ئەو بەشەی کۆتایی ئەم دواڕۆمانەم، کە ساڵانێکە خەریکیم، تەواو کرد، ئیدی ئەگەر بشمرم چ کێشەیەک نییە و بە ئارامی و دڵخۆشی سەردەنێمەوە، چونکە لە نووسینی ڕۆمانەکەم بوومەوە و ناردیشمەوە بۆ کوردستان"، گوتم:"هیوادارم هەر بمێنی و دەیان ڕۆمانی دیکەش بنووسیت". گوتی:"نا نا ئەوە ئیتر، کە نابێت، من تەواو و هیچم نەماوە". ناڵێم هێندەی کاک حەکیم، بە تەواوکردنی ڕۆمانەکەی دڵخۆش بووم، چونکە ئەوە داهێنان و ڕۆمانی ئەو بوو، لێ دنیایەکم پێ خۆش بوو و حەمکەیەک بەو هەواڵەی گەشامەوە و دەمزانی بێگومان کارێکی جوان و داهێنانێکی کردووە و ئەوەش دەبێتە ستوونێک و کۆڵەکەیەک، بۆ ژێر دەوار و ماڵۆچکەی ئەدەبییاتی کوردی.
ماڵمان لە گەڕەکی هێلێنەلووند(Helenelund)ی شاری ستۆکهۆڵم بوو، پاش شیو، ئێوارەیەکی کۆتایی هاوین یا دەسپێکی پاییزی 1984بوو، دۆست و هاوڕێم کاک فەرهادی عەبدولقادر(فەرهاد ئازاد)، زەنگێکی بۆ لێدام، ئەودەمی تەلیفۆنی ماڵان هەبوو، دوای چاک و خۆشی و ئەوانە، گوتی:"بۆ نایەن بۆ ئێرە، بۆ ماڵی خۆمان، هاوڕێیەکی کەرکووکیی خۆمانەیش، کە تازە هاتووە لێرەیە و پێمخۆشە لە نزیکەوە یەکتر بناسن". منیش پرسیاری ناویم کرد و ئەویش پێی گوتم:"ناوی حەکیم عەبدوڵڵایە". منیش بە کاک فەرهادم گوت:"مادام کەرکووکییە، بێگومان خۆمانەیشە، ئەوە ئیدی بەرامەی گەرمیانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ئەو هاوڕێیە میوانی تۆیە، میوانی منیشە و ئێوە کەستان میوان نین و ئێوە بفەرموون بۆ لای ئێمە و ماڵ ماڵی خۆتانە، لە خزمەتتاندا دەبین و لە ڕووی کردەییشەوە من ئۆتۆمبیلم نییە و هاتنی ئێوە ئاسانترە". ئیدی لە کاک فەرهاد خوڵک لە من خوڵک، کاک فەرهاد کاری ڕاست بێ، قایل بوو و خۆی و خێزانی و هەردوو کوڕە گچکەکانی و کاک حەکیمیش خۆی و خێزانی و هەردوو کوڕە گچکەکانی هاتن. ئێمەیش "سوعاد"ی خێزانم و "ناز"ی کچم، کە ئەودەمە تەمەنی هەر حەفت هەشت مانگێک دەبوو، کاک حەکیم، تازەکی لە کوردستانەوە هاتبوو و ئەو بەرامەی باران و دۆمەڵان و گوڵاڵەسوورە و گڕە و گەردەلوولی گەرمیان و نێرگزی کوێستانی کوردستانی لەگەڵ خۆیدا هاوردبوو. وێکڕا ئێوارەیەکی خۆشمان بەدەم باسی کەرکووک و گەلێ شتی دیکەوە بەسەر برد و هەر دەتگوت دەیان ساڵە لەگەڵ کاک حەکیمدا یەکدی دەناسین. ئەوە یەکەم دیداری کاک حەکیم عەبدوڵڵا، کە دواتر عەبدوڵڵاکەی نەما و بوو بە حەکیم کاکەوەیس و بەندە بوو، ئیدی لەو دەمیەوە(1984) تا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندا بوو(17-11-2018) و ڕۆژی دواتر بەجێیهێشتین، کاک حەکیم، دۆست و هاوڕێیەکی گەلێک نزیکم بوو و بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە، نێوانمان تا دەهات خۆشتر و گەرمتر دەبوو و هەرگیز بۆ یەک چرکەیش زویری یا لێکتێنەگەیشتن نەکەوتە نێوانمانەوە.
کاک حەکیم، لە یەکەمجاری یەکتر ناسینمانەوە، ئیدی نەک هەر تەنی هاوڕێی من بوو، بەڵکە هاوڕێی منداڵەکانیشم بوو و منیش هاوڕێی منداڵەکانی ئەو بووم. کە دەهاتە سەردانمان، کچەکانم، ناز، ڕاز و پەری، لە ئێمەی گەورەکان زیاتر کەیفساز دەبوون و دەگەشانەوە. کە لەم دواییەدا لە نەخۆشخانە بوو، کچەکان گەلێک بە پەرۆشەوە بوون، سەردانی بکەن و لە نزیکەوە چاویان پێی بکەوێ و هەر بەو جۆرەشمان کرد و وێکڕا چووینە سەردانی. کە ڕاز و پەری بینین، ماشەڵڵای دەکرد و دەیگوت؛"ماشەڵڵا ئەو کچانە چەندە میهرەبان و ڕێکوپێکن و کێ دەزانێ ئەوانە منداڵەکانی جارانن. ئەو پەرییە، کە سێزدە و چواردە ساڵان بوو، جارێکی جلکی پەڵەپەڵەی کەسکی سەربازی لەبەر کردبوو و جووتێ کەوش (پۆستاڵ)ی ئەستوور و قەبەی سەربازیی لەپێ کردبوو، ئەودەمە کەس نەیدەوێرا قسەی لەگەڵ بکات، کەچی ئێستا ئەم مرۆڤە نیان و میهرەبانەی لێ دەرچووە". لەگەڵ (ڕاز)ی کچمدا نزیکییەکی پتری لە کچەکانی دیکەم هەبوو. ئەوەش بۆ خۆی چیرۆکێکە. ڕاز، هێشتا شەش حەفت هەشت مانگان بوو، لە گالیسکەی منداڵاندا دادەنیشت، ئەگەر هەموو ڕۆژێک نەبووایە، زۆرینەی ڕۆژەکانی حەفتە و بۆ ماوەی چەند مانگێک، لەگەڵ دایکی و لەگەڵ مندا، دەچووینە سەردانی نەخۆشخانەی کارۆلینسکا(Karonliska), لە گەڕەکی سۆڵنا (Solna)ی شاری ستۆکهۆڵم, بۆ سەردانی کاک ئازاد موستەفا، کە ئەودەمی لەوێ بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشییەکەی، کە شێرپەنجە بوو، دەمایەوە. ڕاز، گچکە بوو و لەو چەند سەعاتەی لەوێ دەبوو، لەنێو گالیسکەکەیەوە، بەدەم هەموو ئەو کەسانەی سەردانی کاک ئازادیان دەکرد، پێدەکەنی و دەگەشایەوە و ئەوانیش بە خەندە و بزەیەک بەرسڤیان دەدایەوە. ڕاز، لەگەڵ کاک حەکیمدا پێوەندێکی تایبەتی پەیدا کردبوو و نێوانیان گەلێک خۆش بوو. ئەو پێوەندەی کاک حەکیم و ڕاز، هەر بەردەوام بوو، تا ئەو ڕادەیەی لە خۆشەویستیی ڕازەکەی من، کاک حەکیم ناوی ڕازی لە تاقە کچەکەی خۆی نا.   دواجار، کە چوومە لای کاک حەکیم، (ڕاز)ی کچم، بە مندا ئاوی زەمزەمی بۆ نارد، کاک حەکیم گوتی:" مادام ڕاز بۆی ناردووم، باوەڕم پێیەتی و بە هیوای چاکبوونەوە، دەیخۆمەوە". ئەو چەند جارانەی دوایی، کە چوومە سەردانی، خورماوڕۆنم بۆ دەبرد، دەمزانی ئەوە جوانترین دیارییەکە، کاک حەکیم دڵخۆش دەکات و هیچ شتێک لە سەرووی ئەوەوە نییە، دەمگوت:"کاک حەکیم، خورماوڕۆنم بۆ هێناوی، خورماوڕۆن، یەکەمی بێ ڕکابەر و دەرمانی حەوت دەردان" ئای کە پێی خۆش بوو، ئای کە پێی دەگەشایەوە. دەیگوت:" ئەشهەدو وایە و زیاتریش...". 
هەر جارێک نامەم بۆ ناردبا یا بە تەلیفۆن قسەمان کردبا، دەمگوت:"کاک حەکیم سڵاوم بە هەموو کاکەوەیسان بگەیەنە" و ئەویش سڵاوی بۆ هەموو شاکەلییان دەنارد. من ئەوم وەک یەکێک لە شاکەلییان و ئەو منی وەک یەکێک لە کاکەوەیسان دەبینی و دەژمارد. ئەو لە ماڵی ئێمەدا و من ماڵی ئەواندا نامۆ نەبووین، خۆیی بووین و پێویستیمان بە خوڵک و فەرموو فەرموو و ئەوانە نەبوو. کاک حەکیم، خۆشەویستی و ڕێزێکی تایبەتی بۆ باوکم هەبوو و باوکیشم خوێنەرێکی باشی نووسینەکانی ئەو بوو و هەموو جارێ بە ئەرێنی باسی دەکردن و دەیگوت:"بەخوا ڕێک لەبنی هەمبانەکە دەدات و قسەی دڵی ئێمە دەکات".
دوو شتی یەکجار گرنگی هاوبەشی نێوان کاک حەکیم و من، کە دانیشتن و دیدار و قسەوباس و تەلیفۆن و نامە و کرۆکی هەموو بوونمانیان داگیرکردبوون، کەرکووک و خورما بوون. سەدلەسەد لە هەموو باسوخواس و دید و بۆچوون و بیروڕایەکماندا لەمەر کەرکووک و خورماوە، کۆک بووین و موو بە نێوانماندا نەدەچوو و هاوڕا بووین، تەواو هاوڕا. ئێمە کە باسی کەرکووک و خورمامان دەکرد، وەک دوو عاشق، وەک دوو دڵدار، چۆن باسی مەعشووق و دڵدار و خۆشەویستەکانیان دەکەن، بەو جۆرە باسمان دەکردن. جارێک لەم ساڵانەی دواییەدا بۆ یەکەمجار لە کەرکووک پێکەوە بووین و پیاسەیەکی باشی ئیمام قاسم و قەڵا و کەمێکیش ڕەحیماواما و ئەو ناوەمان کرد. بۆ کەرکووک دەسووتاین و دنیایەک تێبینی و سەرنج و بیرۆکە و نەخشەمان هەبوون، لێ لە خۆمان زیاتر تاکە سیاسییەکی هەوساربەدەستی کورد، هەرگیز گوێی لە ئێمە و خەڵکانی مانەندی ئێمە نە دەگرت و نە دەگرێ. کاک حەکیم، هەموو جارێک لێی دەپرسیم:"ئەگەر خودا کاریکی وا بکات و بچیتەوە عیراق و لەنێو دەسەڵاتی بەغدادا کارێکت پێ بسپێرن، ئیدی وەک وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ئەوانە، حەز دەکەیت  بکرێی بە چی؟". دەمگوت:"کاک حەکیم تا مشەخۆر و مەراییکار و کاسەلێس هەبن، کەسانی مانەندی تۆ و من و ئێمەئاسا چۆن دەکرێین بەوەزیر یا بەڕێوەبەری گشتی! تۆ لە خودات گەرەکبێ دارکاریمان نەکەن" دەیگوت:"دەی ئەمە دنیایە و لەوانەیە هەڵە بکەن و لە دەستیان دەرچێ و کارێکی وەهات پێ بسپێرن". بێ یەکودوو دەمگوت:"وەزیری خورما". دەیگوت:"ئەی ئەگەر بەڕێوەبەری گشتی بیت". دەمگوت:"بەڕێوەبەری خورما". دەیگوت:"ئەی لەوە خوارەوەتر". دەمگوت:" هەرشتێک پێوەندی بە خورماوە هەبێت دەیکەم". ئیدی هەر خەیاڵم بۆ کارێکی سەر بە خورما و پێوەند بە خورما دەچوو و بە دەوری خورمادا دەسووڕایەوە و لە بازنەی خورما نەدەهاتە دەرێ. دەیگوت:"دەی ئەگەر ئەوانە نەبوون". دەمگوت:"کەی کێشەیە، وردەوردە دێمە خوارێ تا خورمافرۆشیی سەر عارەبانەشم قەبووڵە، مادام پێوەندی بە خورماوەیەوە و هاوڕێی خورمام". ئیدی سەدان خەیاڵی هاوبەشمان لە دەوری خورما و جۆرەکانی خورما و خورماوڕۆن، تا ڕادەی ڕواندنی "دارخورماوڕۆن"، هەڵدەچنین و بە سەعاتان لەسەر ئەو باسە درێژەمان بە قسان دەدا. وەنەبێ ئەوە تەنیا یەک جار ڕوویدابێ، بەڵکە هەر کە یەکدیمان دەدی یا زەنگمان بۆ یەکدی لێدەدا یا نامەمان بۆ یەکدی دەنارد، کەرکووک و خورما، دوو بابەت بوون، هەرگیز لای ئێمە کۆتاییان نەدەهات و لەبن نەدەهاتن.
کاک حەکیم، وەک خێزان و ماڵبات، سەر بە چینێکی دەشتەکی ئاوایینشینی وەرزێری هەژاری جڤاکی کوردستان بوو و کوڕی باوکێک بوو، کە کۆمۆنیست بووبوو و باپیرێکیش، کە هەر وەک کۆمۆنیست، لەلایەن جەلالییە دژەکۆمۆنیستەکانەوە سەیر کرابوو، لێ کاک حەکیم بۆ خۆی، ڕێچکەکەی ئەوانی نەگرتبووەبەر و وەک ئەوان بیری نەدەکردەوە و لەو بازنەیە هاتبووە دەرێ. ئەو خۆی لەنێو "فێرگەی بیری نەتەوەیی کوردی"یدا دۆزیبووە، کە ئەو سەردەمانە کاژیک و دواتریش پاسۆک خۆیان بە نوێنەر و دامەزرێنەری ئەو فێرگەیە دەزانی لە کوردستاندا. تەواوی خولیا و هویری کاک حەکیم، لەنێو و بە دەوری ئەو دیدەدا دەخولایەوە. جیهانبینی کاک حەکیم و هەڵسەنگاندنی ئەو بۆ سیاسەت و هەموو بزاڤی مرۆڤایەتی و گوڕانکارییەکانی جیهان، لە دەلاقەی کورد و کوردبوون و کوردستانەوە دەبینران. خوێندنەوەی ئەو بۆ مێژوو و دەوروبەر و مرۆڤایەتی، خوێندنەوەیەکی نەتەوەییانە بوو. کرۆکی هزرین و پێوەری ئەو، بۆ هەموو گۆڕانکارییەک و ڕووداوێکی ئەم جیهانەی، لە چاوی کوردێکەوە دەبینی و هەموو شتێکی بە باڵای کورد دەگرت، جا ئەگەر کورتی بهێنایە، پێی خراپ بوو و پێچەوانەکەیشی باش، ئەو، هێندەی نەتەوە و کورد و کوردبوونی، مەبەست بوو، هێندە سۆراخی کێشەی هەژاری و چینایەتی نەدەکرد. لەنێوان بیرکرنەوەی کاک حەکیم و مندا، ئەو جیاوازییە هەبوو. من کێشەی چینایەتیم هەرگیز لە کێشەی خاک و وڵات و نیشتمان و نەتەوە، جودا نەدەکردەوە و پێموابوو و وایە، دەبێ ئەوانە شان بە شانی یەکدی بڕۆن و خەباتیان بۆ بکرێ، چون باسنەکردن و خۆلەقەرەنەدانی هەژاران و چەوساوان و چینەکانی خوارێی پلیکانەی جڤاک و  کێشەی چینایەتی، خۆلادانە و دوورەپەرێزییە لە باسی دادوەری و یەکسانی مرۆڤ. ڕزگاربوونی کورد و یەکبوونی کورد و ڕزگاربوون و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، پرسێک بوو، بەندە سەدلەسەد لاریم لێی نەبووە و نییە و هەموو دەمێکیش بە هەموو توانستێکی خۆم لەگەڵیدام و بۆی دەکۆشم، کاک حەکیمیش ئەوەی دەزانی، لێ بیری تەسکی نەتەوەیی و پێداهەڵدان و بڵندکردنەوەی کورد بۆ حەلحەلەی ئاسمان و تێزی سڕینەوەی خەڵکی دیکەی ناکورد و شۆخییکردن بە نەتەوە و گەلی دیکە و بیر لە چێکردنی کوردستانێکی سەرمایەداریی، نیوولیبرالی و بازاڕی ئازاد، کە تەنێ چینەباڵاکانی کۆمەڵی کوردستان لێی سوودمەند بن و  تەنێ بۆ کورد، من ئەوەم پێ هرس نەدەکرا و ناکرێ. کوردستان بۆ من تەنێ هی کورد نییە، هی کورد، تورکمان، ئاشووری، سریان، ئەرمەن، کلدان، عەرەب، ئێزدی (ئەوانەیشی کە خۆیان بە کورد نازانن)، موسڵمان، شیعە، سوننە، کریستیان، یارسان و هەموو ئەوانی دیکەشە. کودستان بۆ من تەنێ هی دەوڵەمەند و سەرمایەدار و بەرپرسی حیزب و دەسەڵات نییە، بەڵکە هی نەدار و چەوساوە و هەژار و خەڵکە زەحمەتکێشەکانی جڤاکی کوردستانیشە. کاک حەکیم کاریگەری مەسعوود موحەممەد، جەمال نەبەز، کاژیک و پاسۆکی لەسەر بوو و ئەوانە بنەمای پاشخانی فەرهەنگی و سیاسیی کاک حەکیم بوون. ئەو باوەڕی وابوو، بیری نەتەوەیی کورد، لە بیری نەتەوەیی نەتەوەکانی سەردەستە و ئەوانەی خودانی دەوڵەتن، جیاوازە، چون کورد سەربەخۆ نییە. من دەمگوت:"مادام نەتەوەکانی دەوروبەری کوردستان، خودانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و دەستبەرداری دەوڵەتی نەتەوەیی نابن، کوردستانیش مافی خۆیەتی و دەبێ خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، بۆ هەموو دانیشتوانی کوردستان، لێ گەیشتن بە وەها ئامانجێک بە بزاڤێکی نیشتمانیی کوردستانی، خاوەنی تیۆری و تێزێکی شۆڕشگێڕانەی ڕادیکالی نیشتمانپەروەرانەی یەکسانیخواز و پارێزەری چینە ستەمدیدەکان و بەرژەوەندەکانی ئەوان، گەلێک واقیعبینانەترە، لەوەی مرۆڤ تەنێ باس لە کوردبوون و نەتەوایەتییەکی بێ هیچ بنەما و فەلسەفە و تیۆرییەک بکات". من ئەودەم و ئێستاش پێموایە ئەو بیرە نەتەوەییەی کاژیک و پاسۆک باسیان لێوە دەکرد، تەنیا کوردایەتی و کوردەواری و کوردبوون، چەقی بیروڕا و قسەکانیان بوو، ئیدی بێ داڕشتنی چوارچێوەیەک یا تیۆریزەکردنی ئەو بیرە لە بەرنامەیەکی هەمەلایەنە و فرەڕەهەنددا. بە من هەموو بیرکردنەوە نەتەوەییەکان، لە دیرۆکی هەموو مرۆڤایەتیدا، کە بۆ خۆیشیان مێژوویەکی گەلێ و کۆن درێژیان نییە، هەر ڕەنگ و دەنگێکیان هەبێت، لە کۆتاییدا و کاتێک دەبنە دەسەڵات و هێز و هەژموون، ئیدی هەڵگری یەک پەیامن و هەموویان ئاو بە یەک ئاسیاودا دەکەن. کاک حەکیم وای بۆ نەدەچوو و ئەو جیاوازییەشمان هەرگیز لەیەکدی دووری نەدەخستینەوە و بە کەرکووک و خورمایەکە یەکدیمان دەگرتەوە و چەند نوکتە و قسەیەکی خۆش و مەزەداری "حاجی خەلیل"یشمان، حاجی خەلیلی کاکەوەیس، مامی کاک حەکیم، بەسەردا دەکردن، ئیدی کەشێکی پر پێکەنین و گەش و خۆشی بەسەرماندا زاڵ دەبوو و بۆ ساتێک مەستی دەکردین.  
ئەو هویرە نەتەوەییە خەستە، گەلێ جار وای لە کاک حەکیم دەکرد، کە سیاسییەکی کوردی دەستکردی بیانی، کەونەجاش و ناپاک، کە زۆرترینی تەمەنی خۆی لە خراپەدا لەهەمبەر کورد و کوردستان و لە خزمەتی نەیارانی کورددا گوزەراندووە، لەبەر ئەوەی لە ساتێکدا، دەماری کوردبوونی ڕەپ دەبێت و گوتارێک یا کتێبێک دەنووسێت و ڕەخنە لە نووسەرێکی نەتەوەیی عەرەب دەگرێت، کە شتێکی ناپەسەندی لەمەڕ کوردەوە نووسیوە، لێ دەبووە پیاوچاک و کوردێکی ساف و بێگەرد و عەیار 24، تەنێ لەبەر ئەوەی جارێک لە جاران"لە پلکەی تسیوە" و بۆ چەواشەکردنی نەتەوەکەی، قسەیەکی نەتەوەییانەی کردووە یا نووسیوە، ئیدی هەموو ئەو خراپەکاری و ناپاکییەی، لەهەمبەر کورد و کوردستانەوەی کردووە، لای کاک حەکیم دەسڕایەوە و هیچ گوناە و تاوانێکی نەدەمان، تەنێ لەبەر ئەوەی لەو ساتەدا، ئەو سیاسییە کوردە، نەتەوەییانە بیری کردووەتەوە و نووسیویەتی. جاری وا بووە، سەرکردەیەکی مرۆڤکوژی، بێجگە لە خۆی و خەڵکی شارەکەی خۆی، کەس بە کورد نەزانی، لێ دەبووە پێشەنگی هەژاران و چەوساوان، تەنێ لەبەر ئەوەی جلکێکی سادەی بێ کەشوفشی لەبەر کردووە. یا جارنا قەڵەم بەدەستێکی کەللەپووچی، مێشک بەتاڵی، چەواشەکاری، لەمیش و مشەخۆری، تەنێ لەبەر ئەوەی بڕێک نەتەوەییانە دەپەیڤێ، لێ دەبووە خەباتکار و تێکۆشەری مەیدانی ڕزگاریی کورد و کوردستان. دەمەوێ بڵێم گەلێ جار، تەنێ تاکە هەڵوێستێکی بچووکی کەمبایەخی نەتەوەیییانە، لەکن کەسێک، نووسەرێک، سیاسییەک، چالاکڤانێک، ئیدی خۆفرۆش و پاشەڵپیسیش بووبێت یا مرۆڤکوژ و تەوربەدەست، یا پێداهەڵدان بە بەژنی نەتەوەدا، ساتێک یا تاکە جارێک، لەلایەن تەنانەت کەسێکی چرووک و بەرژەوەندخواز و خۆپەرست و خۆویستەوە، لەکن کاک حەکیم و کەسانێکی نەتەوەیی و ئەوانەی خۆیان لە بازنەی ئەو فێرگەیەدا دەدۆزییەوە، دەبووە جێ سەرنج و پێداهەڵدان و مایەی سەرسامبوون و ڕووی دێزە و پۆخڵی ئەوانیان سپی دەکردنەوە. ئەو هەڵوێست و لێکدانەوە تیژپەڕ  و سەرپێییە، گەلێ جاران، هەموو کاغەزەکانی لەکن کاک حەکیم و ئەوانەی سەر بەو فێرگە نەتەوەییە بوون، تێکەڵ دەکرد و هەموو سمێڵ سوورێکیان لێ دەبووە هەمزاغا. فرەجاران، کە باسی بابەتێکی لەو جۆرە دەکەوتە نێوانمانەوە یا ناوی کەسێک لەوانە دەهاتە گۆڕێ، دەمگوت:" بە خوا ڕقم لێیەتی..". ئەو لە دەسپێکدا بڕێک، ئەو بەخوا ڕقم لێیەتییەی منی، پێ گران بوو، لێ بە تێپەڕبوونی کات، وایلێهات، کە من دەمگوت:"بەخوا ڕقم لێیەتی"، ئەویش دەسبەجێ بە دووی مندا دەیگوت:"بەخوا منیش ڕقم لێیەتی..".
ئەو بیرکردنەوە نەتەوەییەی کاک حەکیم و زۆرێک لەوانەی هاوبیرانی، خەیاڵ و وەهمێکی وای لەکن ئافراندبوون و ئافراندوون، کە وەدووی زەردەشت و زەردەشتیەتی و زەردەشتیبوون و ئەو تێزەدا، وەک ئایین و مێژووی کورد، بگەڕێن. گەلێ جار ئەو باسە دەهاتە نێوانمانەوە و ئەو بە باسی زەردەشت و ئایینەکەی سەرسام بوو و مێژووی کوردی، بەو ئایینەوە گرێدەدا و پێیشیوابوو، دەشێ کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشخانەی خۆی. من هەرگیز لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەیەدا نەبووم و زەردەشت و زەردەشتیبوونیشم بۆ کورد، وەک زیندووکردنەوەی مردوو دەهاتە پێش چاو و زەردەشتیشم هەرگیز نە بە کورد زانیوە و نە دەیشیزانم، چونکە ئەگەر زەردەشت کورد بووایە و زەردەشتی ئایینێکی کوردی بووایە، ئێستا ئەویش وەک ئێزدیایەتی و یارسانی، ئایینی پاژێکی خەڵکی کورد دەبوو و هەر هیچ نەبێت بڕێک لە کورد، ئێستا زەردەشتی دەبوون. خەڵک ئازادە لەوەی چ ئایینێک پێڕۆ دەکات و دەپەرستێ، لێ ئەوەی ئێستا لەنێو کورددا باسی زەردەشت و ئایینی زەردەشتی دەکات و پەرستگە و ڕێکخراوی زەردەشتییانە دەکاتەوە و دادەمەزرێنێ و زەردەشتیەتی پەخش دەکات، بێجگە لە هاندان و دەستێک زیاتر، بێجگە لە کارێکی مژدەدەرانە زیاتر، بێجگە لە دوکان و فرۆشگەیەک زیاتر، کە لە پشتەوەی مەبەستێکی سیاسی هەیە، من هەرگیز ناتوانم وەک خۆرسک و بارێکی سروشتیی هەڵقوڵایی جڤاکی کوردستانی وەرگرم. لە گرنگیدان بە زەردەشت و زەردەشیەتی، کاک حەکیم ناوی یەکێک لە کوڕەکانی نا"زەروان"، بەمن ناوێکی خۆش بوو و لێم پرسی:"زەروان چییە و لە کوێوە هاتووە؟". دەیگوت:"زەروان.......زەردەشتە"، واتە: زەروان، کەسێکی زەردەشتە، ئێستا من لە یادم نەماوە کێی زەردەشت، بەڵام ئیدی وەک ئەو دەیگوت، مامی، لالەی، باپیری، نازانم شتێکی لەو جۆرەی زەردەشتە یا پێوەندێکی بە زەردەشتەوە هەیە! لێ من ئەوەم دەزانی، کە ئاواییەک لە دەوروبەری ڕواندز بە ناوی"زەروان" هەیە.
کە لە نەخۆشخانەکەی کاک ئازاد موستەفای لێبوو، لەگەڵ کاک حەکیم و کاک ئازاددا، ڕۆژانە یەکدیمان دەدیت، جارێکی کاک حەکیم باسی وەرگێڕانی نووسینە عەرەبییەکانی مەسعوود موحەممەدی هێنایە گۆڕی، کە بەڕاستی کاک ئازاد و منیش بۆخۆم، گەلێک پێمان باش بوو و بە پرۆژە و کارێکی زۆر نایاب و سوودبەخش هاتە بەرچاومان. کاک ئازاد، گوتی:"ئێوە هەردووکتان دەتوانن پێکەوە وەها کارێک بکەن و گومانیشم نییە باشی دەکەن و سەرکەوتوو دەبن". من دەمزانی کاک حەکیم عەرەبییەکی تا بڵێی جوان دەزانێت و دەتوانێت نەک وەرگێڕان، بەڵکە بۆخۆی کتێبیشی پێ بنووسێت، لێ من ئەو توانستەم لە خۆمدا وەدی نەدەکرد و پێم ئاسان نەبوو و داوای لێبوردنم کرد و گوتم:"عەرەبییەکەی مەسعوود موحەممەد، عەرەب بۆخۆیان لێی تێناگەن، منێکی هەژار کوا ئەوەم پێ دەکرێ! هەرگیز خۆم ناخەمە ژێر ئەو بارەوە". من دەمزانی کاک حەکیم، عەرەبیزانێکی زۆر شارەزا و توانایە و دەمزانی کارێکی وا، مەگەر هەر بەو بکرێ.  کاک حەکیم، شانی دایە ژێری و مەسعوود موحەممەدە عەرەبییەکانی، هەموو، کردنە کوردی و چ کوردییەکیش، بەڕاستی تۆ کە دەیانخوێنییەوە، هەر وا دەزانیت مەسعوود موحەممەد بۆخۆی بە کوردی بەو جۆرەی نووسیوە.
کاک حەکیم، کوردیزانێکی توانا بوو، ڕووبارێک بوو لە دەربڕینی سفت و بەهێز و کوردانە و زەریایەک بوو لە وشەی جوان. هەرگیز بۆ وشە دانەدەما و وشە وەک تاوەبارانی بەهارێ، بە سەریدا دەبارین و ئەو لەژێر بارانی وشەدا خەنی دەبوو و دەیچڕین و ناوازەترینیانی هەڵدبژارد و گوڵڕستەی لێ دەکردن بە تاجەگوڵینە و بەرامەی خۆشی بۆ تۆ و بۆ من و بۆ خوێنەر دەبەشییەوە. خەیاڵێکی تا هزر بڕ بکات، فراوان و بەرینی هەبوو و چیرۆکی لێ دەچۆڕا، ڕۆمانی لێ شین دەبوو. کەسەکانی نێو چیرۆک و ڕۆمانەکانی کاک حەکیم، بۆخۆیان وەدووی کاک حەکیمدا دەگەڕان و دەیاندواند و لێیان دەپرسی و بە گوێیدا دەیانچرپاند و خەویان لێ دەزڕاند، بۆوەی بیانهێنێتە زمان و نەستیان بخوێنێتەوە و دواتریش گوێ بۆ دەردەدڵ و ڕازەکانیان شل کات. کەسەکانی ئەو، کەسە نزیکەکانی خۆی و تۆ و من بوون و ئەوانەن ئێمە ڕۆژانە دەیانبینین و دەیانناسین و زۆرجارانیش ئێمە خۆمانین. ئەو پاشخان و گیانە گوندی و دەشتەکییەی کاک حەکیم، لەتەک هەموو دەربڕین و دەستەواژەیەک یا وشەیەکی بەکاری دەهێنان، تێکەڵ دەبوون و  ڕەسەنایەتییان بە داهێنانەکانی دەبەخشی. کاک حەکیم، گەلێک چالاک بوو، دەیخوێندەوە، دەینووسی، بەردەوام دەینووسی. هەرگیز کاتی بە فیڕۆ نەدەدا و تەنانەت بەو باری نەخۆشییەیشییەوە، هەرگیز وچانی نەدەدا و هەمیشە شتێکی نوێی هەبوو و هەمیشە ئاوڕی لە باسوخواس و بابەتێک دەدایەوە. وەرگێڕانەکانی، هیچیان لە نووسینەکانی خۆی کەمتر نین، ئەوانیش شاکارن و ڕەنگینترین وشەی بەبەردا کردوون و هەر دەڵێی بۆ خۆی ئەو ڕۆمانانەی نووسیون. تاکە کارێکی هاوبەشی کاک حەکیم و من دیداری"ئەوەی نابێ بگوترێ، دەبێ بگوترێ"ی، پرسیارەکانی ئەو و وەڵامەکانی منن. کە "تەونی جاڵجاڵۆکە"کەیشی بڵاو بووەوە، ڕانانێکم بۆ کرد.
کاک حەکیم، پیاوێکی خاکەرای دەستپاکی سەربەرزی ئەو کوردستانە بوو. ئەو هەرگیز هێندەی ڕێزەیەک گیانی لەخۆباییبوون و لووتبەرزیی تێدا نەبوو، سەرباری هەموو سەختی ژیان و باری ئابووری و ناساغی و ناتەندروستی خۆی، هەمیشە سەربەرزانە دەژیا و بۆ جارێکیش گازندەی لە بەختی خۆی نەدەکرد. لە تەواوی ئەو 34 ساڵەی کاک حەکیمم ناسی و دۆستایەتیم لەگەڵدا هەبوو، لە نێزیکەوە ئاگام لە وێستگەکانی ژیانی ستۆکهۆڵم و یەڤلە و دارەتوو و حەساری بوو و دەمزانی چەندە دەستکورت و نەدارە، بەڵام دەشمزانی هێندەی کەژێک خۆڕاگرە و هەرگیز ناچەمێتەوە. کاک حەکیم، زۆر بە ئاسانی دەیتوانی، مانەندی ئەو لەشکرە بە ناو "ڕووناکبیر" و "نووسەر"انەی لەنێو پارەوپووڵدا مەلە دەکەن و لەسەر خوانی حیزب و دەسەڵات دەلەوڕێن، وەها کارێک بکات و ئەویش بۆ خۆی هەمیشە بوخچەی پڕ و خۆشگوزەران بژی، لێ ئەو پێچەوانەی ئەوان ڕەوتاری دەکرد، ئەو هەرگیز ئامادەی سەرنەویکردن نەبوو، ئەو ئامادەی ملکەچبوون بۆ هیچ جۆرە چێژێکی ماددە و سامان و پاشکۆکانیان نەبوو. ئەو سەربەرزانە، پشتڕاستانە، بێمنەتانە ژیا و مرد.
حەکیم کاکەوەیس، پاژێک بوو لە ئاگایی و ویژدانی نەتەوەی کورد. ئەو خەمی نەتەوە و خاک و نیشتمانەکەی، هەمیشە وەک کۆڵەپشتێک بە کۆڵەوە بوو و بۆ ساتێکیش کوردستان و کوردی فەرامۆش نەدەکردن. ئەو زوو بەجێێهێشتین، هێشتا مابووی، زۆری پێ بوون، کە هێشتا نەیگوتبوون، چیرۆک، ڕۆمان، پەخشان، وەرگێڕان و داهێنانی زیاتری مابوون. ئەو کوردستانیانە دەخەونی، هێز نەبوو خەونەکانی لەبیر بباتەوە و  ناچاری دەستبەرداربوونیان بێت، مەرگ نەبێ. مەرگ خەون و گەیشتن بە ئامانج و مەبەست نازانێت،  مەرگ لێنەگەڕا و ئەو و خەونەکانی و ئەو و ئێمەی لەیەکتر دابڕی و دوورخستەوە. داهێنان و کارەکانی ئەو هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە و چرۆ دەکەن، گوڵی نوێ دەپشکوون و گوڵستانێک، بۆن و بەرامەی خۆش دەبەشنەوە. 
2018-12-17

Saturday 7 July 2018

کەرکووکەخەم -دوانزدە-



کەرکووکەخەم
-دوانزدە-
ئەمجەد شاکەلی
پاش نیوەڕۆیەکی 47 پلەیەک گەرم، کۆڵەپشتەکەم بە کۆڵمەوە بوو، بە کۆڵانێکی ئەو گەڕەکەی پێی دەگوترێ"ڕێگەی بەغدا" لە کەرکووک، دەڕۆیشتم و چاوەڕوان بووم تاکسییەک پەیدا بێت و سوار بم و بگەمە گەراژی بەغدا. ئەو گەراژەی ماشێنی هەموو دەڤەرەکانی خوار یا باشووری کەرکووک(تاوغ، خورماتوو، کفری، کەلار و بەغدا و...) لەوێوە دەڕۆن. تاکسییەک پەیدا بوو، دەستم لێ بەرز کردەوە و ڕاوەستا، دەرگاکەیم کردەوە، کە سەرم وەژووردا کرد، ئاژۆرێکی گەنج تەمەنی لە 20 ساڵ کەمتر لە پشتی سوکان(فەرمان)ی ماشێنەکەوە، تا ڕادەی پاڵدانەوە یەکجار پانوپۆڕ، تەنانەت ئەژنۆی لاقی ڕاستی لەسەر لایەکی ئەو کورسییە دانابوو، کە دەبوو منی لەسەر دانیشم، ناوگەڵی بە ئارەزووی خۆی بڵاوکردبووەوە و لێی دانیشتبوو. کوڕێکی بۆز و دێز و ڕەشتاڵەی نیوەی سەر تاشراو و ئەو کەمەقژەیشی مابووی لوول و ئاڵۆزکاو و چەور(بەو گەرمایە!)، هەر دەتگوت سەری لەکوولەکە ڕۆنەکەی سەید عەلی سەیاح[1] یا هیزە[2] ڕۆنەکانی جارانێ هەڵژەندووە. تیشێرتێکی بێقۆڵی گوڵگوڵی سوور و شین و مۆر و کەسک و زەرد و تووتیڕەنگ و تاووسڕەنگ و هەمەڕەنگی لەبەردا بوو و شۆرتێکی تەسکی بەلەشەوەنووساو و کورتی ڕەش و خەتخەت و پڕئەستێرە و گوڵگوڵی لەپێدا بوو و سێ چوار پێنج زریزە و ملوانکە و کلکەوانەی لە مل و مەچەک و دەست و پەنجەدا بوون و سیغارێکی باریک و درێژی لە دارسیغارێک گیرکردبوو و لە لالێوی توندکردبوو و مژی لێدەدا و دووکەڵی بە بادا دەدا، ماشێنەکەی پڕکردبوو لە دووکەڵ. لە سەروسیما و شێوەدا دیاربوو عەرەبە و منیش بەعەرەبی لێم پرسی، ئایا عەرەبی، تورکمانی یا کوردی قسە دەکات! بە دەنگێکی بڵندی پڕگەروو و پڕ بە ماشێنەکە و گەلێک باوەڕبەخۆبوو، گوتی:عەرەبی، عەرەبی"عربي، عربي...". ئیدی عەرەبی بوو بە زمانی ئاخاوتنمان. پێمگوت دەچمە گەراژی بەغدایە. گوتی باشە. کە وەڕێکەوت، گوتی: تۆ ئەمەریکاییت؟ گوتم: کوێم ئەمەریکاییە، بە چیمەوە ئەمەریکایی بم، چاوی شینم، باڵای بەرزم، قژی زەردم، زمان و قسەکردنم، مەگەر من لەگەڵ تۆدا بە عەرەبی قسە ناکەم؟ گوتی: بە کۆڵەپشتەکەت  ئەمەریکاییت! گوتم: چۆن دەزانیت ئەمەریکایی کۆڵەپشتیان لە کۆڵە؟ گوتی: لە بەسرە گەلێکم لێیان دیوە. گوتم: بۆ جەنابت خەڵکی بەسرەیت؟ گوتی: بەڵێ. گوتم: ئەی لێرە چ دەکەیت؟ گوتی: بە ماڵەوە هاتووین و لێرە دەژین، خزمەکانمان زۆریان لەمێژەوە لێرەن. گوتی: ئەی تۆ خەڵکی کوێیت؟ گوتم: نەتگوت کە من ئەمەریکاییم! گوتی: بەڵێ، بەڵام تۆ دەڵێی تۆ  ئەمەریکایی نیت! گوتم: من خەڵکی ئەم شارەم. لەم قسەوباسەدا بووین، نزیکەی چارەکەسەعاتێک ڕۆیشت و بەلای گەراژی بەغدادا تێپەڕی و بەرەو خوار ئاژۆتی. من لەو جێیەوە کە سواری تاکسییەکە بووم، دەمزانی و دەمتوانی هەر بە پێیان بڕۆم بۆ گەراژی بەغدا و هێندەی ئەو کاتەی پێنەدەچوو، کە لەگەڵ ئەم مرۆڤەدا بووم، چون ڕێگەکە بەڵەد و شارەزابووم و دەیان جار ئەو ڕێگەیەم بە پێیان بڕیبوو. گوتم: تۆ بۆ کوێ دەچیت؟ گوتی: ئەی تۆ بۆ کوێ دەچیت؟ گوتم: مەگەر پێم نەگوتی دەچمە گەراژی بەغدایە! گوتی: ئەی گەراژی بەغدا لە کوێیە؟ گوتم: تۆ لە بەسرەوە هاتوویت بۆ کەرکووک و خۆت بە کەرکووکی دەزانیت و بوویت بە کەرکووکی و تاکسیش داژۆیت و نازانی گەراژی بەغدایش لە کوێیە؟ گوتی: ئەی بۆ نەء! گوتم: هەر بەڕاستی ئەی بۆ نەء! لەسەر کۆڵانێکدا پێمگوت: ئا لێرە لەکن خۆت ڕاوەستە تا بێمەخوارێ. ڕاوەستا و دووهەزار دینارم دایە دەستی و نە من دەنگ و نە ئەو دەنگ دابەزیم. چون گەلێک دووری خستبوومەوە، ناچار تاکسییەکی دیکەم ڕاگرت و ئەویش هەر عەرەب دەرچوو[3] و پێی گەڕامەوە بۆ گەراژی بەغدا.
ئەوەی دەیگێڕمەوە نموونەیەکی گچکەی کەرکووکی دوای 16ی ئوکتۆبەری 2017 یە. کەرکووک لەودەمەوەی بە پێکهاتنێکی نێوان برازاگەل و کوڕێکی جەلال تاڵەبانی و بڕێک لە سەرانی حیزبەکەی تاڵەبانی و لە پشتەوەش بە پشتوپەنا و قایلبوونی کۆمپانیای نەوتی بریتانی(British Petrolium) یا BP، لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدایە، ڕادەستی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عیراق کرایەوە، ئیدی بارێکی دیکە هاتە گۆڕێ. دەسەڵات بە دەست حیزبە کوردییەکانەوە و لەنێویشیاندا حیزبەکەی تاڵەبانی خۆی، نەما.
 ئەگەر کۆمپانیای نەفتی بریتانی(BP) وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە دەسەڵاتی کوردستان بەرانبەر پێکهاتنیان لەگەڵ کۆمپانیای نەفتی ڕووسی، ڕووسنێفت یا ڕۆزنێفت (Rosneft) وەها کارێکیان پەسەندکردبێت، ئەوا ئەو دەستەیەی نێو حیزبەکەی تاڵەبانی(دەستەی 16 ئوکتۆبەر)، وەک لە ئەنجامی کارەکەیاندا دەردەکەوێت، تاکە مەبەستیان لەو کارەیان، وەدەرنانی پارتیی بووبێت لە کەرکووک و تەواوی دەڤەرە کوردستانییەکانی دەرێی هەرێم، ئیدی لە مەندەلی و خانەقی و قزڕەبات و جەلەولا و قەرەتەپە و خورماتوو و تاوغ و کەرکووکەوە تا دەگاتە شنگال و ئەو دەڤەرانە و داخستن و داگیرکردنی بنکە و بارەگاکانی وان و ڕادەستکردنی بە حەشدی شەعبی و عیراقییەکان بووبێت.
 کەرکووکییە ئاساییەکان، کە هیچ پێوەندێکیان بە حیزب و دەسەڵاتەوە نەبووە و نییە، گۆڕانێکی زەق و لەبەرچاو لە دوای 16ی ئوکتۆبەرەوە بەسەر ژیانی ڕۆژانەیاندا نەهاتووە. لە هەموو سەردەمەکاندا، کەرکووکییەکان، کوردی، تورکمانی، دیانی و عەرەبە کۆنەکانی، پێکەوە هەڵیانکردووە و بێ کێشە و گرفت ژیاون و ئێستایش هەر بەو جۆرەن. عەرەبی هەناردەی بەعس بۆ کەرکووک، هەر لە ساڵانی 1963ەوە و دواتریش لەتوپەتکردنی کەرکووک لەنێوان ئوستانەیلی دیالە و سلێمانی و تکریتدا، کە حیزبەکوردییەکان هەمیشە خۆیان لێ کەڕ و نەبان کردووە، هۆکارێلێکی سەرەکی تێکچوون و نائارامی و گۆڕینی ڕەوشی کەرکووک بوونە لە هەموو ڕوویەکەوە.
پیاسە و گەڕانی گەڕەک و نێو شەقامەکان، وەک من بۆ خۆم دیتم و بۆ منێکی ئاسایی، تا ڕادەیەک ئاسایی بوو. تا ئێوارەیەکی درەنگ، لە ئیمام قاسم و ئیسکان و ئازادی و شۆرجە و موسەللا و حیسابات و پریادی و ڕەحیماوا و تەپپەی مەلا عەبدوڵڵا و شاترلوو و قۆریە و ئەحمەداغا و جادەی جەمهووری و دەوروبەری مەرکەزعام و ڕێگەی بەغدا و واسیتی و تسعین، مرۆڤ دەتوانێت بگەڕێ، پیاسە بکات و بازاڕ بکات، تەنانەت ڕێگەی بەغدا و تسعین تا دەرەنگانێکی شەو کراوەیە و من بۆ خۆم دەوروبەری سەعات دوانزدە و دەوانزدەونیوی نیوەشەو لە دەرەوە بووم. ئەو ئاساییەی من بۆ خۆم دیتم، خەڵک هەن پێیانوایە کاتییە و ڕەنگە بێ ئەوەی بە خۆ بزانیت یا چاوەڕوان بیت، لەپڕێکدا شتێک بقەومێ.
 خەڵکە ئاساییەکەی کەرکووک پێیانوایە:
* ئێستا لە کەرکووکدا یەک دەسەڵات هەیە، ئەویش دەسەڵاتی عەرەبە و لەنێو ئەوانیشدا عەرەبی شیعە، لێ لە پێش 16 ئوکتۆبەر یەکیەتی و پارتی وەک دوو دەسەڵاتی جیاواز کاریان دەکرد و بەوەش خەڵکی کەرکووک لەنێوان ئەو دوو هێزەدا دابەش بووبوون.
* لە سەردەمی دەسەڵاتی یەکیەتی و پارتییدا، خەڵکانی نەتەوەکانی ناکورد و هەندێ جار خەڵکانی کوردی ناحیزبییش تووشی چاولێسوورکردنەوە و تۆقاندن و پشتگوێخستن دەهاتن و لەنێوان ئەوان و دەروێشانی ئەو دوو حیزبەدا جیاوازیی دەکرا.
* ئێستا ئەگەر، لە ڕووی پلە و پایە و نێزیکی لە دەسەڵات و لووتکەی دەسەڵاتەوە، ڕیزبەندییەک بۆ خەڵکی کەرکووک بکەین، عەرەبی شیعە پلەی یەکەمە و عەرەبی سوننە پلەی دوومە، تورکمانی شیعە پلەی سێیەمە و تورکمانی سوننە پلەی چوارەمە، دیان پلەی پێنجەمە و کورد پلەی شەشەمە، واتە: لە ڕووی نەتەوەییەوە عەرەب یەکەمە، تورکمان دووەمە، دیان سێیەمە و کورد لە دوای دواوەیە و چوارەمە. دوندی هەرەمی دەسەڵات بە دەست عەرەبەوەیە و خواری خوارەوەی هەرەمەکە، کارە ئاسایی و خزمەتگوزارییەکان، کورد کاری تێدا دەکەن.
* پتر لە 60 ساڵە کەرکووک و دەڤەرێن کوردستانیێن دەرێی هەرێمی کوردستان، دەعەرەبێنرێن، ئێستاش لە دوای 16ی ئوکتۆبەرەوە کردەی عەرەباندن گوڕ و تێنێک و وزەیەکی بەهێزی وەبەرهاتووەتەوە و بەردەوامە. هیچ جۆرە دروشم و هێما و ئاڵا و نیشانەیەکی کوردستانی و کوردی لەنێو کەرکووک و ئەو دەڤەرانەدا نەهێڵراون، هەموو لابراون.
* ئەگەر ئاشتی و ئارامییەک ئەمڕۆ لە کەرکووکدا لەبەرچاو بێت و ببینرێت، ئەوا لەبنەوە بەو جۆرە نییە و کاری تۆقاندن و هەڵکوتانە سەر خەڵک و تۆبزی و ڕفاندن و کوشتن و... لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرانبەر ئەوانەی کەرکووکیان پێ کوردستانە و لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا بوونە و هەن، هەیە و دەکرێ.
* دژایەتی کورد تەنێ نێو باژێڕی کەرکووک ناگرێتەوە، بەڵکە دەڤەرەکانی دووبز و خورماتوو و تاوغ و گوندە کاکەییەکان و حەویجە و هەموو ئەو دەوروبەرانەش، کە دەستەی 16 ئوکتۆبەر ڕادەستی کردوونەوە،  دەگرێتەوە و کورد لە ژیانی خۆیان دڵنیا نین و هەمیشە لە دڵەڕاوکێدان.
* خزمەتگوزاری و کار و باری ئابووری خەڵک بە گشتی سستی و بێهێزی تێکەوتووە و بێزاری و نائاسوودەیی و بێئومێدییەک لە ڕوومەت و دەروونی خەڵکدا دەخوێندرێنەوە.
* ئەگەر تا پێش 16ی ئوکتۆبەری 2017، بەشێک لە داهاتی هەناردەی نەوتی کەرکووک، لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای"پیترۆدۆلار"دا، دوای ئەوەی لە بەرپرسانی کارگێڕی و دەسەڵاتی حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک، بە جۆرێک لە جۆرەکان، هەر هیچ نەبووایە، ڕێژەیەکی کەمی لێ دەمایەوە و ئەو ڕێژەیە بۆ پرۆژەی پێشخستن و خزمەتگوزاری شارەکە تەرخان دەکرا، لە دوای 16ی ئوکتۆبەرەوە ئیدی ئەو ڕێژەیەش نەما و بڕا، دەستەی ١٦ی ئوکتۆبەر و حەشدی شەعبی و هەموو ئەو گرۆ و دەستانەی دەسەڵاتداری ئێستای کەرکووکن، تانکەرە نەوت لە ڕێگەی سلێمانی و گەرمیانەوە هەواڵەی ئێران دەکەن و داهاتەکەیشی، چش لە کەرکووک و کەرکووکییان، بەرەو گیرفانی خۆیان دەڕوا.  
* لەنێو شاردا و لە دەیان جێگە، سەرکۆڵان و ناوەندی کۆڵان و سەر جادەی سەرەکی و ناوەندی گەڕەک و شوێنی جیاواز، چەکداری پڕچەک و جلڕەش، لە ئەوپەڕی توندتۆڵی و ئامادەییدا، بە تەنیشت ماشێن و زرێپۆشە ڕەش و زلەکانیانەوە دەبینرێن، ڕاوەستاون، ئەگەر هیچیش نەکەن، خەڵکەکە لێیان دەتۆقن. ئەو چەکدارانە سەر بە هێزی تایبەتی عیراقین.
* نەکردنەوەی ڕێگەی نێوان کەرکووک و هەولێر، زیانێکی گەلێ مەزنی بە پێوەند و بازرگانی و هاتوچۆی خەڵکی کەرکووک و گەرمیان و هەولێر گەیاندووە. خاسنەکردنەوەی ئەو پردەی پردێ، کە نیوەی ڕووخاوە، بۆ دەسەڵاتی بەغدا ئەرکێکی گران نییە و نەکردنەوەی ئەو ڕێگەیە لە لایەن بەغداوە، تەنێ سەپاندنی سزایەکە بە سەر هەولێردا و بە سەر دەسەڵاتی هەولێردا، چون دەنگی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا و پێشەنگی ئەو داخوازییە بوو، دەنا خۆ ڕێگەی نێوان کەرکووک و سلێمانی ئاساییە و هیج کێشەیەک لە هاتوچۆدا نییە.
* خەڵکانێکی زۆر لەوانەی دوای 16 ئوکتۆبەر هەڵاتبوون و  کەرکووکیان جێهێشتبوو، زۆریان هێشتا نەگەڕاونەوە، چون لە سەلامەتی و پاراستنی ژیانیان و پشتگوێنەخستنیان و سزا، دڵنیا نین.
* ئەو تەقینەوە و دانانی بۆمب و مین و کوشتنی خەڵکی هەژار و بێدەسەڵاتانەی لە دەوروبەری گوندانی سەر بە کەرکووک یا خانەقی و دەڤەرەکانی دیکەی دەرێی هەرێم(ئەوانەی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە)، کە زۆرجاران لە میدیاکانەوە دەگوترێن، کە ئەوانە کاری داعشن، گەلێ خەڵک لەو باوەڕەدان، حەشدی شەعبییش وەها کارێلێک دەکەن، تەنیا بۆ ڕاونانی کورد و چۆڵکردنی گوندەکان لە لایەن کوردەوە و دواتر داگیرکردن و عەرەباندنیان. خەڵکی کەرکووک و تەواوی خەڵکی دەڤەرە کوردستانییەکانی دەرێی هەرێم، لەوە دڵنیا نین، ئەو کارانە داعشن یا حەشدی شەعبی! تێکەڵاوییەکی وا هاتووەتە گۆڕێ، کە بەو کارانە جیاوازییەک لەنێوان حەشدی شەعبی و داعشدا نەمابێ و لەیەکدی جوێنەکرێنەوە.
کەرکووکی ڕۆژانی پێش 16ی ئوکۆبەری 2017، لەتەک کەرکووکی ئەمڕۆدا، گەلێک جیاوازە. ئێستا کەرکووک بێجگە لە داگیرکراوی، ناتوانی ناوێکی دیکەی لێبنێی. ئێستا پرۆسێسی عەرەبەناندن چالاک کراوەتەوە و شێوە و سیمای شارەکە لە هەموو نیشانە و هێمایەکی کوردی دەسڕدرێتەوە. ئێستا تۆ ئەگەر خەڵکی کوردزمان لە کەرکووکدا نەبینی و نەبیسیت، وا هەست دەکەیت لە شارێکی عەرەبدایت، وەک ناسرییە، دیوانییە یا تکریت. ئێستا دەسەڵات بە دەستی حەشدی شەعبی و حەشدی تورکمانییەوەیە و کورد بەم ڕەوشەی ئێستایەوە، لە دەرێی هەموو هاوکێشەکانە و ناوی لە ناواندا نییە و نەماوە.
کە سپای دەوڵەتی عوسمانی هەر لە سەدەکانی سێزدە و چواردەوە هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی ئەوروپا و هەر لە سربیا و کرواتیا و دەڤەری بەڵکانەوە پێدا هات تا لە 1529دا گەیشتە شاری (ڤییەن) و وڵاتی نەمسای داگیرکرد و لەو ساڵانەشدا جێ پێی خۆی لە بوڵگاریا، بۆسنیا، قوبرس، جۆرجیا، یۆنان، کۆسۆڤۆ، رۆمانیا و ئەلبانیا کردەوە و تورکێکی زۆریان لەو وەڵاتەیلە و لەو دەڤەرەیلە چاند و جێگیرکرد، کەسێک، تاکە یەک کەس لە ئەوروپا، نەیدەگوت و ناڵێ:"سپای دەوڵەتی عوسمانی هات و دەستی بەسەر ئەو وەڵات و دەڤەرانەدا گرت.." بەڵکە دەیانگوت و دەڵێن:"تورک یا سپای تورک هات و ئەو وەڵات و دەڤەرانەی داگیرکرد.."، واتە جەخت لەسەر داگیرکاریی تورک دەکەنەوە. کە سپای ئیسلام و دەوڵەتی ئەمەوی لە دوای ساڵانی 700دا هیرشی کردە سەر ئیسپانیا و داگیری کرد و سەدان ساڵ تێیدا مایەوە، خەڵکی ئیسپانیا و ئەوروپا، کە باسیان دەکەن، ناڵێن:"سپای دەوڵەتی ئەمەوی.."، بەڵکە دەڵێن:"سپای موسوڵمانان، سپای عەرەب، داگیرکارانی عەرەب، داگیرکارانی موسوڵمان هاتن و ئیسپانیایان داگیرکرد..". لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، کە سپای ئەڵمانیای نازی هێرشی کردە سەر وەڵاتی سۆڤیێت و تا دەوروبەری مۆسکۆ ڕۆیشت و دواتر لەهەمبەر لەشکری سووری سۆڤیێت شکا و وەدەرنرا، هیچ ڕووسێک یا کەسێکی خەڵکی وەڵاتی سۆڤیێتی جاران، نەیاندەگوت و ناڵێن :"سپای ئەڵمانیا هات و ویستی سۆڤیێت داگیر بکات.."، بەڵکە دەیانگوت و دەڵێن:"ئەڵمانییەکان، ئەڵمانییە نازییەکان هاتن و ویستیان سۆڤیێت داگیر بکەن..". من بۆ خۆم ساڵی 1986 لەسەردەمی گەرباچۆڤدا، کە هێشتا سۆڤیێت مابوو، لە سۆڤیێت بووم و بە گوێی خۆم چەندین جار لەو گاید(ڕێنوێنیکار، دەلیل)ەی لە لێنینگرادی ئەودەم و سانت پێتەر بورگی ئەمڕۆم دەبیست، کە لەگەڵماندا بوو و باسی ئەو هێرشەی ئەڵمانیای بۆ دەکردین، هەر دەیگوت:"کە ئەڵمانەکان یا ئەڵمانییەکان هێرشیان کرد، سپای سوور قارەمانانە تێکیشکاندن....ئەڵمانەکان یا ئەڵمانییەکان هەڵاتن....". ئەو شێوازی دەربڕینە و  ناوهێنانی سپای ئەڵمانیا بە ئەڵمانەکان و ئەڵمانییەکان، بۆ هاوڕێیەکانم و تەنانەت منیش بڕێک سەیر بوو و پێمانوابوو ئەوە جۆرێکە لە نەتەوەپەرستی و شۆڤینیزم! لێشاوی هەناردنی عەرەب، هەر لە 1963ی سەردەمی بەعسەوە تا دەگاتە ڕێژیمی ئێستای بەغدا، بە قایلبوون و خواستی عەرەبەکان بۆ خۆیان و بە شێوازێکی نەخشەبۆداڕێژراو، لە خوارووی عیراقەوە لە ماوەی دەیان ساڵدا بۆ کەرکووک و داگیرکردنی خاک و زەوی و کشتوکاڵ و گەڕەک و کۆڵانی خەڵکی کوردی کەرکووک و گۆڕینی هەموو سیما و شێوەیەکی کوردستانی و کوردیی شارەکە، دەبێ لە عەرەباندن زیاتر چ ناوێکی لێ بنرێ و کەنگێ ئیدی کورد و تورکمان و دیانی کەرکووک و دەسەڵاتدارانی کوردستان، دەتوانن و دەوێرن، ڕێکوڕەوان و بێ پێچوپەنا و ڕاشکاوانە، بەو عەرەبە هەناردانە، لەنێویشیاندا ئەو ئاژۆری تاکسییەی منی لەگەڵ سواربووم،  بڵێن: داگیرکەر!
2018-07-07


[1] سەید عەلی سەیاح، لە سەییدەکانی گەرمک بوو و دانیشتووی کەلار بوو. خاوەنی زەویوزار نەبوو و کاری کشتوکاڵ و وەرزێری نەدەکرد و لە ڕیزی چینی"ڕەشایی"دا بوو، واتە: ئەوانەی خاوەنی زەوی نین. پیاوێکی ڕەنگسووری لووتباریکی برۆی تا ڕادەیەک تێکەڵ و کەمێک بەخۆیەوە بوو. قژێکی ماشوبرنجی درێژ بەسەر شانیدا شۆڕ بووبووەوە. کەمدوو بوو، بەڵام لە کاتی قسەکردندا برێک تەنگەنەفەس و هەناسەسوار بوو.  زۆرجاران کراسێکی درێژی ڕەنگ قاوەیی یا زەدرباوی لەبەر دەکرد و لە سەرەوەیشی شتێکی مانەندی ئێلەک(سوخمە) و لە بنەوەش دەرپێیەکی سپی درێژی لەپێ دەکرد. مشکییەکی دەدا بە سەریدا و  پارچەیەکی سەوزی دەپێچایە سەرییەوە، وەک نیشانەی سەییدیەتی. زۆر دەگەڕا و دەچووە گوندانی دەوروبەری کەلار و گەرمیان، هەربۆیە نازناوی"سەیاح"یان لێنابوو. هەردەم ئەگەر بۆ ماڵە هاوسێیەکیشی چووبا، مەتارەیەکی پڕ لە ئاوی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕا. دوعای دەکرد و دەنووسی و کەڵەشاخیشی دەگرت. زۆرجاران لەبری ئەو نوشتە و دوعا و کەڵەشاخە، وەک "سەرقەڵەمانە" و حەقدەست، ڕوونی ئاژەڵ و کەرە و ساوەر و دۆینەی وەردەگرت و بۆ خۆی لەو گوندانەی دەچوویە داوای ئەوانەی دەکرد. بەردەوام کوولەکەیەکی ملاوی و چەقۆیەکی گەورەی تەورئاسای یا شمشێرێکی پێبوو و هەندێ جاریش هیزەی هەڵدەگرت. ئەو کوولەکەیە، کە کوولەکە ملاوییان پێدەگوت، لە بنەوە بەرین بوو و ملکێکی هەبوو، وشک دەکرایەوە و وەک دەفر بۆ شت تیداهەڵگرتن، مانەندی  ڕۆن و کەرە و خوێ و دانەوێڵە و ئەو جۆرە شتانە لە ماڵاندا بەکاریان دەهێنا، سەیید عەلی ڕۆن و کەرەی تێدەکرد. وا باو بوو، کە سەیید هەرگیز لە ژیانیدا ڕوونی ڕووەکی و دروستکراوی نێو قوتوو و تەنەکە و ئەوانەی بە هیچ جۆرێک نەخواردووە و تەنێ ڕۆنی ئاژەڵیی دەخوارد. هەربۆیە کوولەکەکەی هەمیشە ڕۆنی تێدا بوو و چەوری لێ دەتکا. هەندێ خەڵک "سەیید عەلی ناننەخۆر"یشیان پێدەگوت، چون هەموو خۆراکێکی نەدەخوارد و حەزی بە خواردنی خۆش و چەوری بە ڕۆنی ئاژەڵ دروستکراو بوو. ئەگەر چووبایەتە ماڵێک و ڕۆنی ئاژەڵییان نەبووایە بۆوەی چیشتی بۆ لێبنێن، بۆ خۆی لە کوولەکەکەی خۆی ڕۆنی ئاژەڵیی دەدانێ. گەلێ حەزی لە کەباب بوو و وەک دەگێڕنەوە هەر چەند ڕۆژ جارێک لە کەلاری کۆنەوە، کە ئەودەمی، هەرچەندە گوندێکی گەورە بووە، لێ خواردنگە و کەبابخانەی تێدا نەبووە، بە پێیان بێ ئەوەی سواری ماشێن ببێت، چووە بۆ کەلاری شار و تازە و نێوەندی قەزاکە بۆ کەبابخواردن. هەر کاتێک هاتبا بۆ شاکەل و کە لە پاسەکەی حاجی حەسەنی کوێخا فەرەج دادەبەزی، هەموو منداڵانی گوند هەر کە چاویان پێی دەکەوت، هەڕایان دەکرد و خۆیان لێ دەشاردەوە، چون لێی دەترسان، نەک لەوەی کە ئازاریان دەدا، بەڵکە تەنێ لەبەر شێوەی پۆشاک و پرچی درێژ و شمشێرەکەی. دادە تەلیعەی کچی ئەکبەری کەمەری ڕۆغزادی جاف، کە جاران دانیشتووی شاکەل بوو دەگێڕێتەوە، کە جارێکیان سەیید عەلی داوای ساوەر لە دادە مەنیج، کە دەبێتە میمکی دادە تەلیعە و خێزانی فەرەجی ئەحمەد ڕەمەزانی گڵاڵی، دەکات. دادە مەنیجیش دەڵێ: "سەیید گیان بوومەقوروانت هێشتا ساوەرم نەکردووە! سەیید پێی دەڵێ:"ئەی عەمرت نەمێنێ لە هاوینا هەر سێوەرێ خۆشوێ قنگی تێئەکەی، ساوەرەکە ئەخەیتە پاییز، جا ئەوەنە جیڕ ئەوێ ناخورێ، یاخوا لات وە دەوار وێ". 
 2  هیزە لە پێستی بەرخ دروست دەکرێت، بڕێک نەرم و شل و لووس و بریقەدارە و تایبەتە بە هەڵگرتن و پاراستنی کەرە و ڕۆنی ئاژەڵیی.
[3] دەگێرنەوە کە بەشیر موشیر دوای 50 ساڵ پێکەوە ژیان لەگەڵ ژنەکەیدا، کە دایکی "شامیل"یان پێگوتووە، لە ژنە جودا بووەتەوە یا بەکوردییەکەی تەڵاقی داوە. خەڵک و دۆست و ناسیاوان لێی دەپرسن، کە بۆ ئەو ژنەی تەڵاق داوە،ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ:" ئەمڕۆ بۆم دەرکەوت عەرەب دەرچوو"، واتە: دوای ئەو هەموو ساڵە بەو تازەیە پێیزانیوە عەرەبە.