- کوردانی فه‌یلی و دوو سه‌ده له چه‌وساندنه‌وه
نووسینی: هه‌وراز گه‌رمیانی.
وه‌رگێڕانی له سوێدییه‌وه
بۆ کوردی: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی.
نێوی لوڕستان، به ده‌ڤه‌ری خوارووی کوردستانی ئێران ده‌گوترێت، که چه‌ندین خێڵ و هۆزی کوردی
یه‌کگرتوو و تێکه‌ڵ و هاوپه‌یمانی، تێدا نێشته‌جێن.
لوڕستان، له کرماشانه‌وه له لای ژووره‌وه، تا دیزفوول له لای خواره‌وه، درێژه‌ی
هه‌یه. ئه‌و زنجیره چیایه‌ی، له‌و ده‌ڤه‌ره‌دایه و درێژه‌ی چیاکانی زاگرۆسه، ده‌ڤه‌ره‌که
ده‌کاته دوو به‌شه‌وه، پشتکوو[1] و پیشکوو[2]، که
به گوێره‌ی جێگه‌ی جوگرافیاییان نێونراون. لوڕستانیش، وه‌ک زۆر له ناوچه‌کانی دیکه‌ی
کوردستان، له سه‌رده‌مێکدا، جۆره سه‌ربه‌خۆییه‌کی، له شێوه‌ی میرنشینێکدا، له
ژێر فه‌رمانڕه‌وایی، والییه‌ک یا میرێکدا، هه‌بووه. پێوه‌ندی نێوان هۆزه‌کانی کوردی
لوڕستان و ده‌سه‌ڵاتی نێوه‌نده‌کیی له تاران، هه‌میشه شێوه‌ی ناکۆکیی و دوژمنایه‌تیی،
به سه‌ریدا زاڵ بووه. دانیشتووانی ناوچه‌ی لوڕستان، بۆ پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان،
چه‌ندین جار دژی کارگێڕیی نێوه‌نده‌کیی ڕابوونه.
یه‌کێک له‌و ڕابوونه مه‌زن و به‌نێوبانگانه‌ی، که له چه‌رخی نوێ‌دا ڕوویداوه، له
ده‌ڤه‌ری پیراندوه‌ند بووه. ئه‌و ده‌مه له ساڵه‌کانی 1920ه‌کاندا، هۆزی "له‌ک"
به سه‌رکرده‌یه‌تی ژنه‌سه‌رکرده‌ی "قه‌ده‌مخه‌یر"، ڕاپه‌ڕین و سێ ساڵان
به‌رگرییان، له سه‌ربه‌خۆیی هۆزه‌که‌یان کرد. غوڵام ڕه‌زاخان، دوا والی لوڕستان
بوو، له سه‌رده‌می ڕه‌زاشای، باوکی دوایین شای ئێران‌دا. فه‌رمانی پێ کرا، که ئه‌و
ڕابوونه‌ی قه‌ده‌مخه‌یر، به کۆمه‌کی له‌شکری ئێران، سه‌رکوت بکات، وه‌لێ ئه‌م میره
یا والییه، دژی فه‌رمانی شا وه‌ستایه‌وه و نه‌یویست کۆمه‌ک، به له‌شکری ئێران،
دژ به هاووڵاتییان و نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی بکات. ئه‌وجا، شا هێزی نوێی نارده سه‌ر
غوڵام ڕه‌زاخان و هه‌م خۆی و هه‌م هاوزمان و ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌ی، ناچار کرد، ڕوو
بکه‌نه ناوچه‌ی گه‌رمه‌سێر، که ده‌که‌وێته نێو عیراقی ئێستاوه. کوڕانی غوڵام ڕه‌زاخان،
له خه‌باتیان دژی حوکوومه‌تی ئێران به‌رده‌وامبوون، به‌ڵام که‌مبوونی ته‌قه‌مه‌نی
و چه‌ک و ئامێری جه‌نگ و ئازووقه، بوو به هۆی ئه‌وه‌ی، ڕابوونه‌که‌یان به یه‌کجاریی
شکست بخوات. له‌م جۆره ڕابوونانه، له ده‌ڤه‌ری جیاوازی کوردستاندا، ڕوویان داوه
و هه‌ر ئه‌م ڕابوونانه‌ش یه‌کێک بوون، له هۆیه‌کانی مۆرکردنی پێکهاتنێک، له نێوان
عیراق و ئێران و ئه‌فغانستان و تورکیادا، له ناوه‌ڕاستی ساڵانی 1930یه‌کاندا، که
به پێکهاتنی "سه‌عداباد"، نێوی ده‌رکرد. یه‌کێک، له ئامانجه سه‌ره‌که‌ییه‌کانی
ئه‌و پێکهاتنه، تاساندنی بزاڤی کورد بوو، له سیان له‌و وڵاتانه‌دا. خێڵ و هۆزه‌کانی
لوڕستان، ده‌کرێنه دوو به‌شه‌وه: لوڕی گه‌وره و لوڕی گچکه. ئه‌م هۆزانه، به
شێوه‌یه‌کی گشتی، له سه‌ر به‌خێوکردنی ئاژه‌ڵ و په‌ز ده‌ژین و وه‌ده‌ستخستنی له‌وه‌ڕگه‌یش،
وه‌ک هه‌موو خێڵ و هۆز و خه‌ڵکانێکی ڕه‌وه‌ند، بڕیاری هاتوچۆ و کۆچ و گواستنه‌وه‌یان
له شوێنێکه‌وه، بۆ شوێنێکی دیکه ده‌دات. ئه‌م خێڵانه له زستاندا، له گه‌رمه‌سێر
و له ده‌شتایی و دۆڵه‌کاندا ده‌ژین و به هاوینیش ڕوو ده‌که‌نه که‌ژه‌کان و ده‌چنه
کوێستانان. سنووری نێوده‌وڵه‌تی، هه‌رگیز کاری نه‌کردووه‌ته سه‌ر ئه‌م خێڵه ڕه‌وه‌ندانه.
له ساڵانی 1920ه‌کاندا و بۆ یه‌که‌م جار، سنووری ئاشکرای نێوان عیراق و ئێران دیاری
کرا و ئه‌و سنووره، بوو به هۆی ڕێگه‌گرتن، له هاتوچۆی هۆزه کۆچه‌ره‌کان و نه‌ریتی
ڕه‌وه‌ندیه‌تیی ئه‌وان. به‌و جۆره، هۆزه لوڕه‌کان، له نێوان عیراق و ئێران‌دا دابه‌شبوون.
له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیشدا، له‌م جۆره ڕووداوانه ڕوویان داوه و هۆزه‌ڕه‌وه‌نده‌کان
ناچار کراون و به‌تۆبزی له شوێنه‌نیشته‌جێییه‌کانیان و به گوێره‌ی سنووری نێوده‌وڵه‌تیی
نوێ، وه‌ده‌رنراون و پێیان چۆڵ کراوه. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی، که پێشتر کۆچه‌ر بوون، به
زۆریی ڕوویان کرده شاره‌کان. پێش 200 ساڵێک، له‌م جۆره گۆڕانکارییانه ڕوویان
داوه و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه، که ڕه‌گه‌زی کورد، له ده‌ڤه‌ره‌کانی کووت، عیماره،
به‌دره، زرباتییه، عه‌لی ئه‌ششه‌رقی، عه‌لی ئه‌لغه‌ربی، جه‌له‌ولا، قزڕه‌بات و به‌غدا
هه‌ن. ئه‌م کۆمه‌ڵه کورده لوڕه زۆره، که له باژێڕه‌کاندا نیشته‌جێکران،
دواتر نێوی کوردی فه‌یلییان لێ نرا. کوردانی فه‌یلی له ژیانی ئابووری به‌غدادا، ڕۆڵێکی
مه‌زنیان بینی. له به‌غدا بازاڕگه‌لێکی فره هه‌بوون، به ته‌واوی هی بازرگانان و
سه‌رمایه‌دارانی کوردانی فه‌یلی بوون و هه‌زارانیشیان له نێو ئه‌و بازاڕانه‌دا، کاری
جۆراوجۆر و جیاوازییان ئه‌نجام ده‌دا. زۆریان له چێشتخانه و هوتێلدا و وه‌ک فرۆشیاری
گچکه و بارهه‌ڵگر(کۆڵهه‌ڵگر، حه‌مباڵ، حه‌مماڵ)[3]، کاریان
ده‌کرد. دانیشتووانی گه‌ڕه‌کگه‌ل و کووچه و کۆڵانگه‌لێکی زۆری به‌غدا، کوردی فه‌یلی
بوون، هه‌ر بۆ نموونه‌ش ده‌کرێ، بابوششێخ(باب الشیخ)، عه‌گدلئه‌کراد(عگد الأکراد)
و قه‌نبه‌ر عه‌لی(قنبرعلی) باس بکرێن. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌یه و نه‌ک ڕێککه‌وت،
ئه‌گه‌ر پرسیاری ئه‌وه بکرێت، که گه‌وره‌ترین باژێڕی کوردستان کوێیه؟ کورد به
گاڵته‌وه ده‌ڵێن: به‌غدا!. کوردانی فه‌یلی ڕۆڵێکی مه‌زنیشیان، له بزاڤی ڕزگاریخوازی
کورد و ژیانی سیاسی‌دا بینیوه. شاری به‌غدا، هه‌ر له ساڵانی 1920ه‌کانه‌وه، نێوه‌ندێکی
گرنگی ژیانی فه‌رهه‌نگی و سیاسی کورد بووه. هه‌زاران لاوی کورد، خوێندنی خۆیان، له
زانستگه‌ی به‌غدا ته‌واو کردووه و گه‌وره‌ترین ڕۆژنامه و گۆڤاری کوردییش، له به‌غدا
ده‌رچوون. کوردانی فه‌یلی، پشتیوان و کۆمه‌ککارێکی زۆر گه‌وره بوون، بۆ بزاڤی ڕزگاریخوازی
کورد و یارمه‌تییه‌کی ئابووریی، گه‌لێک گرنگی ڕێکخراوه کوردییه‌کانیشیان داوه، بێجگه
له به‌شداربوونێکی کاریگه‌ریان، له کار و چالاکیی سیاسی‌دا. حوکوومه‌ته‌کانی عیراق
هه‌مووده‌م، هه‌ڵوێستێکی نه‌یارانه‌یان، له
هه‌مبه‌ر کوردانی فه‌یلیدا هه‌بووه و ڕێگه‌یان لێ گرتوون و لێیان قه‌ده‌غه کردوون،
له‌وه‌ی، به‌شداریی له ژیانی ئابووریدا بکه‌ن. ئه‌وان تووشی ڕاوه‌دوونان و زیندانی و له‌سێداره‌دان بوونه و حوکوومه‌تی عیراقیش، به هه‌موو شێوه و ئامرازێک ویستوویه‌تی، له
به‌غدا وه‌ده‌ریان نا، و بۆ ئه‌وه‌ش پاساو
و هۆی زۆریان ده‌دۆزییه‌وه و ده‌یانگوت ،
که کوردانی فه‌یلی - هه‌رچه‌نده زیاتر له دووسه‌د ساڵ و پتریش له عیراق ژیاون- به ڕه‌چه‌ڵه‌ک له ئێرانه‌وه هاتوون و ده‌بێ
بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئێران و هه‌ندێک جاریش، حوکوومه‌تی عیراق بانگاشه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد،
که کوردانی فه‌یلی، وه‌ک به‌کرێگیراو و سیخوڕی ده‌سه‌ڵات، یا ده‌وڵه‌تێکی بیانی، کاریان
کردووه و هه‌وڵی خراپه‌کاری و تێکده‌رانه‌یان
داوه، له عیراقدا. ڕاستیی مه‌سه‌له‌که‌ش
ئه‌وه بووه، که فه‌یلییه‌کان کورد بوون
و به‌شدارییه‌کی چالاکانه‌یان، له بزاڤی کورددا هه‌بووه. هه‌ڵویستی ئێرانیش، له
هه‌مبه‌ر کوردانی فه‌یلی، هه‌ر وه‌ک پێشتر هێمامان بۆ کرد، هه‌ڵوێستێکی نه‌رێنی
بووه. ئێران، به هه‌موو جۆر و شێوه‌یه‌ک، هه‌وڵی تاساندن و له نێوبردنی هۆزه کورده‌کانی
ده‌دا و ده‌یه‌ویست میران و فه‌رمانڕه‌وایانی،
سه‌ربه‌خۆی لوڕستان، داپڵۆسێنێت و له‌نێویان
به‌رێت. ئێران، هه‌وڵی تواندنه‌وه‌یشیانیان ده‌دا و بانگاشه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد، که
کوردانی فه‌یلی، به بنه‌چه فارسن و ئێرانین. ڕێژیمه‌کانی عیراقیش، به هه‌مان شێوه
بانگاشه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد، که کوردانی فه‌یلی ، کورد نین و شێوه‌زاریان، به‌شێک نییه له زمانی کوردی. سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ترین شتیش ئه‌وه‌یه، که هه‌ندێک له ڕۆژهه‌ڵاتناسان به‌و درۆ و ده‌له‌سه
و بانگاشه شۆڤینیست و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی، ڕێژیمانی ئێران و عیراق قایل‌بوون. له‌و چه‌شنه
هه‌وڵانه، به‌رانبه‌ر کوردانی زازا له تورکیا، و کوردانی هه‌ورامی له عیراقیش
دراوه. به‌شی زۆرینه‌ی میژوونووسان و له نێو ئه‌وانیشدا مێژوونووسانی کورد، هۆز
و خێڵه‌کانی لوڕستانیان، به هۆز و خێڵی کورد داناوه. شه‌ره‌فخانی بدلیسی(1543-1604)،
له کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌یدا "شه‌ره‌فنامه"، که تایبه‌ته، به مێژووی
گه‌لی کورد، و له ساڵی 1598دا نووسراوه، ده‌ڵێ، که لوڕستان به‌شێکه له گه‌لی کورد.
بدلیسی ئه‌مه‌ی له کاتێکدا نووسیوه، که که‌مترین هۆیه‌ک، یا هیچ مه‌به‌ست و
ئامانجێکی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه، بۆ وه‌رگرتنی وه‌ها هه‌ڵوێست و دیتنێک. دوای ساڵی 1968، له عیراقدا، ڕێژیمی به‌عس، به
هه‌موو جۆر و ئامراز و شێوازێک، هه‌وڵی به‌شبه‌شکردن
و بڵاوه‌پێکردن و لێکدابڕینی کوردانی فه‌یلی و لاوازکردنی ڕۆڵ و کاریگه‌ریی سیاسی
و ئابوورییانی، له به‌غدادا داوه. ساڵی
1969، حوکوومه‌تی عیراق، دووسه‌د خێزانی فه‌یلی، له به‌غداوه دوورخسته‌وه بۆ ئێران.
شاڵاوی دووه‌می وه‌ده‌رنان و دوورخستنه‌وه‌ی کوردانی فه‌یلی، له 1971ه‌وه ده‌ستیپێکرد،
و تا کۆتایی 1972 درێژه‌ی کێشا. له‌و ماوه‌یه‌دا، ڕێککه‌تننامه‌یه‌کی ئاشتی، له نێوان
عیراق و بزاڤی کورددا مۆر کرا. ئه‌و پێکهاتنه،
وا دانرابوو، که له ماوه‌ی چوار ساڵدا جێبه‌جێ بکرێت، و به‌جێ بهێنرێت. له‌و شاڵاوه‌دا،
که کرایه سه‌ر کوردانی فه‌یلی، به‌شێکی زۆری ئه‌و پێکهاتن و به‌ڵێنه‌ی، که له پێکهاتنی 11 مارسی
1970دا، به کورد درابوو، به خاسکردنی باری ژیانیان، شکێنرا. ئامانجی ئه‌و شاڵاوه‌یش
زۆر ئاشکرا دیار بوو، به‌وه‌ی که ده‌یه‌ویست،
بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد بورووژێنێت
و تووڕه و لاواز بکات. پارتیی دیموکراتیی کوردستان، ساڵانی 1970-1974، مۆڵه‌تی کارکردنی
ئاشکرای پێ درابوو. به‌غدا، نێوه‌ندێکی گرنگی بزاڤی کورد بوو و بۆ نموونه‌ش ڕۆژنامه‌ی
ڕۆژانه‌ی، پارتی دیموکراتی کوردستان، له‌وێ ده‌رده‌چوو[4]. هه‌ر
له به‌غداش کۆڕی زانیاریی کورد و به‌شی کوردی له زانستگه‌ی به‌غدا هه‌بوون. هه‌زاران
خویندکاری کوردیش، له به‌غدا هه‌بوون و ده‌یانخوێند. له به‌غدا، بنکه‌ی یه‌کیه‌تیی
نووسه‌رانی کورد و نێوه‌ندێکی فه‌رهه‌نگییش هه‌بوو[5]. کوردانی
فه‌یلی له‌و ماوه‌یه‌دا، پله و جێگه‌ی زۆر گرنگیان، له نێو ڕێکخراوه کوردییه‌کاندا
هه‌بوو. سه‌رۆکی یه‌کیه‌تی قوتابییانی کوردستان[6] و یه‌کیه‌تی
لاوانی کوردستان و یه‌کیه‌تی ژنانی کوردستان[7] و سکرتێری
گشتی پارتیی دیموکراتیی کوردستان[8] کوردی
فه‌یلی بوون. له‌و کات و هه‌لومه‌رجه‌دا، ڕێژیمی به‌عس ده‌ستیکرد، به شاڵاوی زۆر
گه‌وره و به‌رین، بۆ کۆچپێکردن و
دوورخستنه‌وه‌ی کوردانی فه‌یلی. به تۆبزی
و به زۆر و به شێوازی جیاواز، نێزیکه‌ی 200000-300000 کوردی فه‌یلی ناچار کران،
باژێڕه‌کانی به‌غدا، زرباتییه، کووت، عیماره،
به‌دره، عه‌لی ئه‌ششه‌رقی و عه‌لی ئه‌لغه‌ربی به‌جێبهێڵن. بڕێک له‌و خه‌ڵکانه،
مۆڵه‌تی یه‌ک حه‌فته‌یان پێ درا، بۆ ئه‌وه‌ی
ماڵ و سامان و داراییان، بفرۆشن و له‌کۆڵ خۆ بکه‌نه‌وه و ئه‌وانی دیکه‌یشیان، سواری ئۆتۆمبیلی گواستنه‌وه‌ی
له‌شکریی، کران و بران، بۆ سنووری ئێران و له کاتی په‌ڕینه‌وه‌یاندا، به سه‌ر
سنووردا بۆ ئێران، بۆ ترساندن و تۆقاندنیان، ته‌قه‌یان به سه‌ردا کرا. توندترین و
سه‌ختترین شاڵاوی وه‌ده‌رنانی فه‌یلییان، له 6ی ئه‌پریلی 1980دا، ده‌ستیپێکرد و ئه‌و
ڕاونان و وه‌دووکه‌وتنه، تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه. نێزیکه‌ی 300000 که‌س تووشی
کۆچپێکردن بوون. ڕێژیمی به‌عس، زۆربه‌ی جاران،
له کاتی ئه‌و شاڵاوانه‌ی کۆچپێکردن
و دوورخستنه‌وه‌یه‌دا، دڕنده‌ترین شێواز و
جۆر و ئامرازی نامرۆڤانه‌ی به‌کار ده‌برد. سه‌ربازانی عیراقی، به ته‌واویی، ئابڵۆقه‌ی
گه‌ڕه‌ک و کۆڵان و کووچه‌گه‌لێکیان ده‌دا و
دانیشتووانیان ناچار ده‌کرد، که شوێنیان بکه‌ون، بۆ جێگه و شوێنی دیاریکراو، که له‌وێشه‌وه گه‌شتی
وه‌ده‌رنان ده‌ستیپێده‌کرد و ده‌بران بۆ، ئه‌و جێیه‌ی بڕیاری له‌سه‌ردرابوو. هه‌زاران
جاریش وا ڕووی ده‌دا، که ئه‌ندامانی خێزانێک، له یه‌کدی جوێ ده‌کرانه‌وه و داده‌بڕدران.
زۆرجاران ئه‌وانه‌ی، که کۆچپێده‌کران، نه‌یانده‌توانی ته‌نانه‌ت ئه‌و شتانه‌ی، که زۆر پێویستن ، له‌گه‌ڵ
خۆیاندا بیبه‌ن. زۆرجاریش وا ڕووی ده‌دا، که نه‌خۆش و پیر و په‌ککه‌وته‌کان، که
نه‌یانده‌توانی به گواستنه‌وه‌که‌دا بگه‌ن و له‌گه‌ڵ بن، هه‌رچه‌ندی
که‌سوکار و خزمانیان ناڕه‌زاییشیان
ده‌رده‌بڕی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر، به بێ چاودێری و یارمه‌تی و تیمارکردنێک، به‌جێ ده‌هێڵران.
کێشه‌ی
به‌دران:
به‌دران،
چه‌ند ساڵێک بازرگانێکی کارا بوو له به‌غدا. ئه‌و ئێستاکه، له ده‌یه‌ی شه‌شه‌می
ته‌مه‌نیدایه و له ساڵی 1980وه، له سوێد ده‌ژی. ئه‌وه‌ی به‌دران ده‌یگێڕێته‌وه،
ڕێک له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی هه‌زاران کوردی فه‌یلی دیکه‌دا، یه‌ک ده‌گرێته‌وه. کۆچپێکردن،
له‌تکردن و جوداکردنه‌وه و دوورخستنه‌وه‌ی، ئه‌ندامانی خێزان له‌یه‌کدی، و خزم و که‌سی
بزربوو و زیندانیکراو. خێزانی به‌دران، له نێو یه‌که‌م ده‌سته‌ی وه‌ده‌رنراوان و کۆچپێکراواندا
بوو، که له ئه‌پریلی 1980وه ده‌ستی پێ کرد.
به‌دران ده‌ڵێ: "پاش نیوه‌ڕۆیه‌کی دره‌نگ، من له نووسینگه‌که‌ی خۆم کارم ده‌کرد،
کاتێک دیتم، دوو که‌س خۆیان وه‌ژووردا کرد، هه‌ر به شێوه و سیمادا ناسیمنه‌وه، که
سه‌ر به ده‌سگای هه‌واڵگرتن (مخابرات)ن. فه‌رمانیان دامێ، که له‌گه‌ڵیان بڕۆم و
وه‌دوویان که‌وم، بۆ جڤینی بازرگانانی، سه‌ر به ژووری بازرگانیی به‌غدا. گوتیان،
وه‌زیر ده‌یه‌وێت، ئێمه‌ی بازرگانان ببینێت. هه‌وڵمدا قایلیان بکه‌م به‌وه‌ی، که
ده‌بێ پێش هه‌ر شتێک، بچمه‌وه ماڵێ. به‌ڵام ئه‌وان لێنه‌گه‌ڕان و به تۆبزی، سواری
ئۆتۆمبیله‌که‌ی خۆیانیان کردم. ئۆتۆمبیله‌که، نێزیکه‌ی یه‌ک سه‌عات ڕۆیشت، و ئیدی
یه‌کسه‌ر زانیم، ئێمه به‌ره‌و ژووری بازرگانیی ناڕۆین. دوای ماوه‌یه‌ک، گه‌یشتینه
بینایه‌کی گه‌وره، له‌وێ سه‌دان کوردی فه‌یلی دیکه‌ی لێبوون، به ئاشکرا پێیانه‌وه
دیار بوو، که پێش من به هه‌مان شێوه، ڕاپێچی ئه‌وێ کرابوون و به‌رده‌وامیش خه‌ڵک
و ده‌سته‌ی نوێیان ده‌هێنایه ئه‌وێ. نیوه‌ی شه‌و، سواری ئۆتۆمبیله زله‌کانی گواستنه‌وه‌ی
سه‌ربازییان کردین. هه‌ر یه‌ک ئۆتۆمبیل 20-30 که‌سی تێدا بوون. ئێمه پاڕاینه‌وه
و داوامان لێکردن: له ڕێی خودا و له‌به‌رخاتری خودا، مادام هه‌ر ده‌رمانده‌که‌ن و
دوورمان ده‌خه‌نه‌وه، ڕێگه بده‌ن با خێزانه‌کانمان له‌گه‌ڵماندا بن. به‌ڵام بێهووده
بوو و تاکه وه‌ڵامیان ئه‌وه‌بوو، که ئێوه ده‌بێ پێشتر بڕۆن و پاشان خێزانه‌کانتانیش
دێن. دوای چوار حه‌فته، له ئێران، له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌مدا یه‌کمان گرته‌وه. ئه‌وان
پێیان گوتم، که ئاگادار نه‌بوونه و نه‌یانزانیوه، من چیم به سه‌ر هاتووه. ئه‌وان
وایان زانیبوو، من زیندانی کراوم و نه‌شیانوێرابوو، سۆراخی من، له کن ده‌سه‌ڵاتداران
بکه‌ن و له باره‌ی منه‌وه له‌وان بپرسن. هه‌ر دوای یه‌ک حه‌فته له دوورخستنه‌وه‌ی
من، زه‌نگی ده‌رگای ماڵه‌که‌مان لێده‌درێت و پێش ئه‌وه‌ی یه‌کێک له کوڕه‌کانم، پێڕابگات
ده‌رگاکه بکاته‌وه، 8-9 سه‌رباز ، دێنه نێو باخچه‌ی ماڵه‌که‌مانه‌وه و فه‌رمان
ده‌ده‌ن، به ته‌واوی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌م، که ده‌ستیان به‌رز بکه‌نه‌وه و له
ماڵ وه‌ده‌رکه‌ون. ژنه‌که‌م و کچه‌کانم، ده‌ست به گریان ده‌که‌ن، به‌ڵام سه‌ربازه‌کان
بێده‌نگیان ده‌که‌ن. ئه‌وان گریابوون، چونکه ئاگاداربوون له‌وه‌ی، ده‌رده‌کرێن و ده‌بێ
وڵات به‌جێبهێڵن و هه‌ربۆیه، له سه‌ربازه‌کان پاڕابوونه‌وه، که ڕێگه‌یان بده‌ن،
شتگه‌لێکی یه‌کجار پێویست، له‌گه‌ڵ خۆیاندا به‌رن، به‌ڵام سه‌ربازه‌کان، هیچ ده‌رفه‌تێکیان
نه‌دابوونێ و به پێچه‌وانه‌شه‌وه، فه‌رمانیان
دابوونێ، بچن سواری ئه‌و ئۆتۆمبیله سه‌ربازییانه ببن، که له به‌رده‌م ماڵدا ڕاوه‌ستابوون.
به‌و جۆره له‌گه‌ڵ هه‌زاران خێزانی دیکه‌دا، وه‌ده‌رنران و دوورخرانه‌وه، بۆ
سنووری ئێران. ده‌سه‌ڵاتی عیراق، هه‌رچی موڵک و سامانێکی، هه‌مانبوو، ده‌ستیان به
سه‌ردا گرت". گێڕانه‌وه‌ی، ئه‌و کاره‌سات و به‌سه‌رهاته دڵته‌زێنانه، کارێکی
ئاسان نییه بۆ به‌دران. ئه‌و ده‌زانێت، هه‌زاران خێزان، ڕێک به هه‌مان شێوه،
تووشی وه‌ده‌رنان و دوورخستنه‌وه بوون و له هه‌ر خێزانێکیش کوڕێکیان، وه‌ک بارمته
لێ گلدراوه‌ته‌وه و گیراوه و زیندانی کراوه. ئه‌میش، کوڕێکی، وای به سه‌ر
هاتووه و هیچ، له باره‌ی چاره‌نووسییه‌وه نازانێت، ئازارێکی زۆریی پێ ده‌گه‌یه‌نێت.
به‌دران ده‌ڵێت: "کوڕه‌که‌م سه‌رباز بوو. دوای کۆچپێکردنی خێزانه‌که‌مان، ئه‌و
به مۆڵه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵێ. که ده‌گاته‌وه ماڵێ، هه‌وارێکی خاڵیی و ماڵێکی
داخراو ده‌بینێت. پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌وه سه‌ر جاده‌که، ده‌سبه‌جێ ده‌گیرێت. زێتر
له 10000 له لاوه‌کانمانیان گرت و وه‌ک بارمته گلدرانه‌وه و زیندانی کران. زۆرینه‌ی
ئه‌وان خوێندنیان ته‌واو کردبوو. زۆرێک له نێو ئه‌واندا بژیشک و ئابووری‌زان و ئه‌ندازیار
و مامۆستا و ئه‌ندازیاری کشتوکاڵ و خوێندکار بوون. کوڕه‌که‌ی من ئابووری‌زان بوو. کوردانی
فه‌یلی له ئێران تووشی بار و ڕه‌وشێکی یه‌کجار سه‌خت و ناخۆش بوون. زۆرینه‌ی ئه‌وان
خرانه نێو ئۆردووگا و کامپی په‌نابه‌ران، که له ده‌ڤه‌ره کوردییه‌کانه‌وه، گه‌لێک
دوور بوون. به‌شێکیشیان له باژێڕه مه‌زنه‌کانی، وه‌ک ئیلام و کرماشان و تاران نیشته‌جێ
بوون. ئه‌وان توانییان به جۆرێک له جۆره‌کان، خۆیان بژێنن. ئێران ده‌یه‌وێت و هه‌وڵده‌دات
ئه‌وان و نه‌مازه لاوه‌کان به‌کارببات، به‌وه‌ی، بیانکاته سه‌رباز و ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌کانی
جه‌نگیان بکات".
وه‌رنه‌گرتنی
هیچ جۆره کۆمه‌کێک بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی خێزان:
دوای نێزیکه‌ی
یه‌ک ساڵ و نیو، مانه‌وه و نیشته‌جێبوون له ئێران، به‌دران و هه‌موو ئه‌ندامانی
خێزانه‌که‌ی، ئێرانیان به‌جێهێشت و به پێیان ڕوویانکرده تورکیا. له‌وێ له تورکیا،
پاسپۆرت و بلێتی سه‌فه‌ری په‌یداکرد و به‌ره‌به‌ره، خۆی گه‌یانده سوێد و وه‌ک په‌نابه‌ر
خۆی ناساند. له سوێد، به‌دران، وه‌ک زۆرینه‌ی کوردانی دیکه‌ی سوێد، ئه‌ویش درێژه‌ی
به خه‌باتی خۆی، له پێناوی مه‌سه‌له‌ی کورددا، دا. مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆر گرنگ و مه‌زن
بۆ به‌دران، که هه‌رده‌م له یادی ناچێت، ئازادکردنی کوڕه‌که‌یه‌تی له زیندان، یا
به لای که‌مه‌وه، زانینی شتێکه، له باره‌ی چاره‌نووسییه‌وه. به‌دران به‌رده‌وام،
پێوه‌ندی به ڕێکخراو و ده‌سگا جیاوازه جیهانی و مرۆڤایه‌تییه‌کانه‌وه هه‌بووه
و هه‌یه و داوای کۆمه‌کی لێ کردوون، به‌ڵام ئه‌و پێیوایه، هیچ جۆره تێگه‌یشتن و
وه‌ڵام و به‌ڵێنێکی، له هیچ لایه‌که‌وه، وه‌رنه‌گرتووه. ئه‌و زۆر گومانی له‌وه‌دا
هه‌یه، که ئه‌و ڕێکخراوانه توانست و ئاره‌زووی ئه‌وه‌یان هه‌بێت، کارێک بۆ کورد
ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌و ده‌ڵێت:"به هه‌موو شێوه‌یه‌ک و زۆر به گه‌رمی، هه‌وڵمدا
بۆ وه‌رگرتنی هه‌موو جۆره کۆمه‌کێک، بۆ دۆزینه‌وه‌ی کوڕه‌که‌م، لێ بێهووده و بێ
ئه‌نجام بوو. کێ ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌یه، گوێ له ئێمه‌ی کورد بگرێت؟ کێشه‌ی کورد،
مایه‌ی ململانێ و ناکۆکی، وڵاتگه‌لێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌هێزه. وڵاتێکی دیکتاتۆریی
وه‌ک عیراق –که خوارووی ئه‌فریقا و ئه‌ڵمانیای نازی، له نامرۆڤایه‌تی و توندوتیژی
و زۆردا، تێپه‌ڕاندووه و گه‌لێک له‌وان له پێشتره- و هێشتاش له هه‌ردوو ڕۆژهه‌ڵات
و ڕۆژاواوه، کۆمه‌ک و پشتیوانی ده‌کرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌وێ، به‌رژه‌وه‌ندی
ئابووریی مه‌زنیان هه‌یه و عیراقیش سه‌رچاوه‌ی نه‌وتیی، زۆر مه‌زنی هه‌یه. ته‌واوی
ئه‌و دروشمانه‌ی له‌مه‌ڕ هاریکاری و برایه‌تی و مرۆڤایه‌تی، هه‌موو ڕسته‌ی به‌تاڵ و
بێ واتان. با نموونه‌یه‌کت بۆ بگێڕمه‌وه: من پێوه‌ندم به ڕێکخراوی ئه‌منستیی جیهانی
و خاچی سوور و ڕێکخراوی په‌نابه‌رانی سه‌ر
به یه‌کیه‌تیی ده‌وڵه‌تانی یه‌کگرتوو له سوێد و نووسینگه‌که‌یان له ژنێڤ، کرد،
به‌ڵام ئه‌نجام چی بوو؟ من تا هه‌نووکه‌یش، هیچ شتێک، له باره‌ی کوڕه‌که‌مه‌وه
نازانم و ناشزانم چی به سه‌ر هاتووه. چۆنیه‌تیی چاره‌سه‌رکردن و مامه‌ڵه‌کردنیش،
له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا، کێشه‌ی کوڕه‌که‌م، له‌و به‌رسڤه‌ی ڕێکخراوی ئه‌منستیی
جیهانیدا، که له خواره‌وه‌یه، ده‌رده‌که‌وێت. له‌و نامه‌یه‌ی ئه‌واندا، به ئاشکرا
دیاره و خویا ده‌بێت، که به ئاره‌زوو و ویستی خۆیان، له‌مه‌ڕ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه،
که‌وتوونه‌ته کۆمه‌ڵێک هه‌ڵه‌وه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن، کێشه‌ی
کورد، به جه‌نگی عیراق و ئێرانه‌وه، گرێبده‌ن و ببه‌ستنه‌وه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی،
که له کن هه‌مووان ئاشکرا و ڕوونه، که کێشه‌ی کورد، له ڕووی دیرۆکییه‌وه، زۆر
له‌و جه‌نگه کۆنتره. جه‌نگی عیراق و ئێران، له مانگی سێپته‌مبه‌ری 1980 به‌رپا
بوو، به‌ڵام ئێمه له مانگی ئه‌پریلی 1980دا، کۆچمان پێ کرا و وه‌ده‌رنراین
و دوورخراینه‌وه و کوڕه‌که‌یشم، هه‌ر له‌و
ده‌مه‌وه، گیرا و وه‌ک بارمته، زیندانیی کرا. ڕێکخراوی ئه‌منستی کاتێک ده‌ڵێت، کوڕه‌که‌م
دیلی جه‌نگه و ده‌بێت کێشه‌که‌ی بدرێت به خاچی سوور، هه‌وڵده‌دات و ده‌یه‌وێت، خۆی
له به‌رپرسیاریه‌تیی بدزێته‌وه و له‌و کێشه‌یه هه‌ڵێت. به‌ڵام خاچی سووریش ده‌زانێت،
ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یڵێن، ڕاست نییه. له کۆتاییشدا ئه‌وه‌ی، که ڕێکخراوی ئه‌منستی،
به ئێمه‌ی ده‌ڵێت و ڕێنوێنی و ئامۆژگاریمان ده‌کات، که بیکه‌ین، واته: پێوه‌ندکردن
و پاڕانه‌وه، له ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی عیراق، هه‌م کاره‌ساته و هه‌میش شایسته‌ی گاڵته و پێکه‌نینه.
ئه‌گه‌ر که‌سێک هه‌بێت بزانێت، ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی عیراق چۆن کار ده‌کات، ئه‌وه ڕێکخراوی
ئه‌منستیی خۆیه‌تی، که له هه‌مووان باشتر و پتر شاره‌زای ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی عیراقه.
ڕێکخراوی ئه‌منستیی بۆ خۆی، لیسته‌ی سه‌دان ناوی کوردی لایه، که له لایه‌ن ڕێژیمی
عیراقه‌وه له سێداره دراون. ڕێکخراوی ئه‌منستیی،
ئه‌وه‌ش ده‌زانێت، که ڕێژیمی عیراق، له کاتی جیاوازدا، 400 زارۆکی له سێداره
داوه. ڕێکخراوی ئه‌منستیی ئه‌وه‌ش ده‌زانێت، که ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێت، پرسیاری ڕه‌وش و باری که‌سوکار و خزم
و نێزیکێکی خۆی، بکات، که زیندانیی بن، له زیندانه‌کانی عیراقدا، ئه‌وا که‌سی پرسیارکه‌ر، خۆیشی له سێداره ده‌درێت.
ئه‌و ئامۆژگارییه‌ی ڕێکخراوی ئه‌منستیی، هێنده گه‌وجانه و بێعه‌قڵانه‌یه، وه‌ک
ئه‌وه وایه، که به جووله‌که بگوترێت، بچن له ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی نازیی بپاڕێنه‌وه
و داوای کۆمه‌ک بکه‌ن، له‌مه‌ڕ که‌سوکار و خزمانیان، که له ئۆردووگا و گرتووخانه‌کانی
ئه‌واندا بوون. من هه‌روه‌ها پێوه‌ندیشم به ڕێکخراوی دیکه‌ی جیاواز و حیزبی سیاسیشه‌وه
کرد، به‌ڵام کاردانه‌وه‌ی ئه‌وانیش، هێنده هانده‌ر نه‌بوو. من پێش دوو ساڵێکیش، کێشه‌که‌م
خسته پێش چاوی، نوێنه‌رانی هه‌ر پێنج حیزبه سوێدییه‌که‌ی، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی
سوێد، وه‌لێ تا ئێستا هیچ وه‌رامێکم نه‌دراوه‌ته‌وه". سه‌رباری هه‌موو جۆره
سه‌ختی و ناخۆشی و تفت و تاڵی و کۆسپێک، هێشتاکه به‌دران، ئومێدی له ده‌ست نه‌داوه
و وه‌ک باوکێک، تاکه هیوای ئه‌وه‌یه، سه‌رله‌نوێ به دیداری کوڕه‌که‌ی شاد بێته‌وه.
هه‌زاران باوکی کورد، که له هه‌مان ڕه‌وشی به‌دراندان، له‌و ئومێده‌دا له‌گه‌ڵ به‌دراندا
هاوبه‌شن. به‌دران ده‌ڵێت:"من ده‌زانم نه خۆرهه‌ڵات و نه خۆراوا و نه دوڵه‌تانی
دیموکراتی و نه ده‌وڵه‌تانی نادیموکراتی، هیچ کارێک، بۆ ئێمه ناکه‌ن. تاکه هیوا
و پشتیوانی من، پێشمه‌رگه‌کانی کوردستانن. کاتێک که کوردستان ڕزگار ده‌بێت، ده‌بێته
وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ند. وڵاتێک، که مه‌زنترین سه‌رچاوه‌ی نه‌وتی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی
تێدایه. کاتێکیش ئێمه بۆ خۆمان، ده‌بینه خودانی نه‌وتی خۆمان، به‌ڵێ ئه‌وده‌م هه‌ڤاڵ
و دۆستمان زۆر ده‌بن".
نامه‌ی
ڕێکخراوی ئه‌منستیی جیهانیی:
ڕێکخراوی ئه‌منستیی جیهانیی
لقی سوێد/ سندووقی کۆمه‌کی سوێدی
15/3/1983
به‌ڕێز...
شه‌قامی...
گه‌وره‌ی
به‌ڕێز...
له ڕێگه‌ی...له...بۆمان هه‌ڵکه‌وت، که
ئاگاداری نیگه‌رانی و خه‌متان بین بۆ کوڕه‌که‌تان، که وا ده‌رده‌که‌وێت له ده‌سپێکی جه‌نگه‌وه، له زیندانی عیراقدا بێت.
زۆر مخابن، ڕێکخراوی ئه‌منستی جیهانی، توانستی کۆمه‌ککردنی ئێوه‌ی نییه. ئێمه به شێوه‌یه‌کی گشتی، زۆر
بۆمان سه‌خته، کار له سه‌ر تاکه که‌سان بکه‌ین، له وڵاتگه‌لێک، که جه‌نگیان تێدان.
هه‌رچی دیله‌کانی جه‌نگیشه، ئه‌وه ئه‌رک و کاری خاچی سووره. ڕه‌نگه زیندانییش ڕاسته‌وخۆ،
به دیلی جه‌نگ نه‌ژمێدرێت. ئایا ئێوه ڕاسته‌وخۆ داوای کوڕه‌که‌تان، له ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی
عیراق کردووه؟ ئه‌گه‌ر کارگێڕیی ده‌وڵه‌تیی کۆچبه‌رانی سوێدی، مافی نیشته‌جێبوون
له سوێد، به کوڕه‌که‌تان بدات، له‌وانه‌یه ده‌رفه‌تێک بۆ ئه‌و هه‌ڵکه‌وێت، بتوانێت
عیراق به‌جێبهێڵێت. من ده‌زانم، ئێوه، تا ڕاده‌یه‌ک، هه‌موو ڕێگه‌یه‌کتان تاقی کردووه‌ته‌وه.
من نامه‌وێت هه‌ندێک هیوا و ئومێدتان بده‌مێ و دڵخۆشتانکه‌م، هه‌ر پێشتریش ڕوونم کرده‌وه،
ئێمه هیچ کارێکمان پێ ناکرێت. بێگومان دیاره،
هۆگه‌لێکی مرۆڤانه و هانده‌رێکی زۆر له ئارادا هه‌ن – بیستوومه که ژنه‌که‌تان
نه‌خۆشه- و ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌تان، له ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی عیراق
داوا بکه‌ن و بپاڕێنه‌وه، ڕه‌نگه هیچ سه‌ختگیرییه‌کیش بۆ کوڕه‌که‌تان چێ نه‌کات. له‌گه‌ڵ قووڵایی تێگه‌یشتنمدا، بۆ دڵته‌نگی و نیگه‌رانیتان
و له‌گه‌ڵ هیواشمدا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی خێزانه‌که‌تان بۆ جاری
دووه‌م و له ده‌رفه‌تێکی زوودا.
سڵاوی
دۆستانه‌م.
ڕێکخراوی ئه‌منیستی نێونه‌ته‌وه‌یی
بریتا گرووندین
سکرتێریه‌تیی
- ئه‌م گوتاره له گۆڤاری Svensk-kurdisk
Journal ی ژماره 11-12
ساڵی 1987-1988دا، که له لایه‌ن "کۆمه‌ڵه‌ی فه‌رهه‌نگیی سوێد-کوردستان"ه‌وه
ده‌رده‌چوو، به سوێدی بڵاوکراوه‌ته‌وه و له نۆڤه‌مبه‌ری 1988یشدا، کراوه‌ته
کوردی.