له نێوان دووڕێیانی له‌تێک کوردستان و ته‌واوی
عیراقدا
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئه‌وه‌ی
ئه‌لفبێیه‌کی سیاسه‌ت تێبگات و بنواڕێته جیهان و ده‌وروبه‌ر و له که‌وڵی حیزب و
ئایدیۆلۆژی بێته ده‌ر، لاوازیی گوتار و هه‌ڵوێست و ته‌ته‌ڵه‌کردنی ده‌م و زمان و منجه‌منج و گه‌ڕه‌لاوژه‌ی
سه‌رانی باشووری کوردستان، له ته‌واوی کێشه و پرسه گرنگه‌کانی کوردستاندا، به
ئاشکرا ده‌بینێت و هه‌ست پێ ده‌کات و خاس له‌وه تێده‌گات، که سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسیی کورد، نه‌ک هه‌ر له ئاست ڕووداو و
پێشهاته‌کاندا نه‌بووه و نییه، به‌ڵکه گه‌لێک سازشکارانه، بێههڵوێستانه،
ملهوڕانه، نابه‌رپرسانه، ترسنۆکانه، نانیشتمانپهروهرانه، نانه‌ته‌وه‌ییانه
و نهزانانهیش هه‌نگاوی ناوه و ده‌نێ و به‌ره‌وڕووی پرس و کێشه‌کان بووه‌ته‌وه
و ده‌بێته‌وه.
له ته‌واوی
ئه‌م ماوه‌یه‌ی پاش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، له 9ی ئه‌پریلی 2003ه‌وه، تا ئه‌مڕۆ،
که ده‌بوو بێ هیچ دوودڵی و بیرکردنه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌یه‌ک، ته‌واوی ده‌ڤه‌ره
دابڕاوه‌کانی باشووری کوردستان(مووسڵ، که‌رکووک و به‌شێکی دیاله و کووت و تکریت)،
ته‌نێ به پشتبه‌ستن به مێژوو و جوگرافیا و هێزی خۆیی و خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه،
بخرایهنهوه سه‌ر کوردستان و ڕزگار کرابان و قانوونه‌کانی به‌عس و عه‌ره‌باندن
سڕابانهوه و له ته‌واوی داگیرکاری ههناردهیش پاککرابانهوه. سه‌رکرده‌یه‌تیی
کوردستان، وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌کرد، پتر ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی به عیراقه‌وه لکاند و
کێشه‌که‌ی له کێشه‌یه‌کی ناوه‌کی نێوان کوردستان و عیراقه‌وه، کرده کێشه‌ی کورد
و عه‌ره‌ب و شیعه و سوننه و تورکمان و مه‌سیحی و کێشه‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تی و
تورکیا، ئێران، سووریا، ته‌واوی وڵاتانی عه‌ره‌ب و ڕێکخراوی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانیشی
هێنایه نێوه‌وه و کردیانی به خاوه‌ن به‌ش و خاوه‌ن قسه و خاوه‌ن بڕیار له‌و
کێشه‌یه‌دا و هیچی بۆ خۆی نه‌هێشته‌وه.
حوکوومه‌تی
عیراق، هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئیسرائیل له‌هه‌مبه‌ر فلستینییهکاندا، پێڕۆ ده‌کات،
که ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی کوردستان هێنده‌ی دیکه له کوردستان دابڕێت و به‌ره‌به‌ره
وایان لێبکات، کورد، ته‌نانه‌ت بۆ سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه، به مۆڵه‌تی عیراقییان
بچێت و به هه‌زار ده‌ردیسه‌ری و فه‌لاکه‌ت ده‌ستی به زه‌وی و موڵک و خاک و خه‌ڵکی
ئه‌و ناوه نه‌گات، ڕێک وه‌ک ده‌ڤه‌ره لێکدابڕاوه‌کانی فلستین و فلستینییان، که
خه‌ڵکه‌که‌یان به چ سه‌ختییه‌ک و چ جۆره سووکایهتیپێکردنێک، هاتوچۆی ئه‌و
ناوچانه ده‌که‌ن. کوردیش، ڕێک وه‌ک فلستینییان، فه‌تح و حه‌ماسی هه‌ن و له
مێژیشه که‌رکووکی ناوناوه قودس، ئیدی کوردستان بۆ وه‌ک فلستین و کورد بۆ وه‌ک
فلستینییانی لێ نه‌یه‌ت!
له
میدیاکانی خۆیه‌وه، سه‌رکرده‌یه‌تیی کوردستان، بۆ خۆڵله‌چاوکردنی خه‌ڵکی کورد و
پتر شاردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و کێشه و گرفته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، هه‌ندێک فشه و
خۆگیڤکردنه‌وه پێشان ده‌دات و به گوێی خه‌ڵکیدا ده‌دات، لێ له واقیعدا، له
ڕاستییه‌وه گه‌لێک دووره و هیچ ناگه‌یه‌نێت.
سه‌رکرده‌یه‌تیی
کوردستان، که له عیراقییه‌کان عیراقیتره و له‌وان پتر گرێدراوی ده‌ستوور و
قانوونه‌کانی عیراقه و ده‌ستوور و قانوونه‌کانی عیراقی گه‌لێک به لاوه پیرۆزن،
که به تۆبزی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی نه‌گێڕایه‌وه سه‌ر کوردستان و وه‌ک چاوه‌ڕوانکردنی
"گۆدۆ"[1] ئه‌میش
چاوه‌ڕێیه‌تی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه بۆ خۆیان و به‌کاوه‌خۆ و ساڵڵانهساڵڵانه، به
قانوون بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر کوردستان، دیاره قانوونێکیش، که زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ران
له سه‌ری، دژ به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و دهڤهرانهن بۆ سه‌ر کوردستان، ده‌بوو هه‌ر
له‌و بواره‌دا و بێ شکاندنی قانوون و به‌زاندنی سنووره‌کانیش، یه‌ک ڕێزه بوێری
نواندبا و ته‌واوی نوێنه‌رایه‌تی و به‌رپرس و کارمه‌ندان و په‌رله‌مانتاران و وه‌زیر
و گزیر و سه‌رله‌شکر و ئه‌فسه‌ر و به سه‌رۆککۆماریشه‌وه، له به‌غدا کێشابایه‌وه
و هاتبانه‌وه بۆ کوردستان، ئه‌وده‌می حوکوومه‌ت داده‌ته‌پی و هه‌رکه‌سه و ده‌بووه
"دزی گای خۆی". سه‌رانی کورد، هیچ یه‌کێک له‌وانه‌یان نه‌کرد و نایشیکه‌ن.
هۆی نه‌کردنیشی، هه‌رچه‌نده ئه‌وان بۆ خۆیان هه‌زار ڕاوه‌ڕێوی و پاساوی بۆ دێننه‌وه
و به هه‌زار جۆر ده‌یده‌ن به گوێی مرۆڤی کورددا، لێ له یه‌ک هۆ زیاتر نییه، ئه‌ویش
مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی ئه‌و پاره‌وپووڵ و درا‌ڤ و داهاته‌یه، که له به‌غداوه
به ڕێژه‌ی 17%ی بودجه‌ی عیراق وه‌ریده‌گرن و داده‌بارێته سه‌ریاندا. سه‌رانی
کورد، که 8-9 میلیار دۆلار دێته گیرفانیانه‌وه و به‌و جۆره‌ی هه‌موومان ده‌یبینین
ده‌ژین و ژیانی چه‌ندین نه‌وه‌ی دوای خۆیشیان، نه‌وه‌ی خۆیان نه‌ک هی خه‌ڵکی کورد،
مسۆگه‌ر کردووه و بۆیان پاشه‌که‌وت کردوون، ده‌ستبه‌رداربوونیان له‌و ڕێژه پاره‌یه
مفته، به کارێکی فره سه‌خت و دژوار و شێتانه ده‌زانن و هه‌رگیز بیرۆکه‌ی سه‌ره‌ڕۆییه‌کی
له‌و جۆرهیشیان به هزردا تێناپه‌ڕێ . ته‌واوی گرێکوێره‌که له‌وێدایه و هه‌ر
پاساوێکی دیکه‌ی جیا له‌وه، نه‌ک هه‌ر قایلکه‌ر نییه، به‌ڵکه جێی گومانیشه.
ده‌سه‌ڵاتی
باشووری کوردستان، که له کاتی ڕووخانی ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین و هه‌ڵوه‌شاوه‌یی و
داته‌پین و داڕووخانی عیراقدا، نه‌یتوانی کوردستان له عیراق جودا بکاته‌وه و
جاڕی ده‌وڵه‌تی کوردستان بدات و، که نه‌یتوانی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی
کوردستان(نه به تۆبزی و نه به قانوون) بگێڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و،
که نه‌یتوانی و ناشتوانێ خۆ له به‌غدا بکێشێته‌وه و، که نایشیه‌وێت ده‌وڵه‌تی
عیراق تێکدات و هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و، که نهیشیگهرهکه
ئه‌و ڕێژه زۆره‌ی بودجه‌یه‌ی به‌غدای له ده‌ست ده‌رچێت، ڕه‌نگه تاکه یه‌ک ڕێگه‌ی
له‌به‌رده‌مدا مابێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه خۆ به ته‌واوی بکاته‌وه به عیراقی و ده‌ستبه‌رداری
ئه‌و لهتهفیدرالییه یه‌کلایه‌نه چووهئاوه ناته‌واوه‌ی خۆی بێت و به ته‌واوی
گوڕ و تین و هێزه‌وه بچێته نێو ده‌سه‌ڵاتی عیراقه‌وه و ببێته‌وه عیراقی و لێبڕاوانه،
هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی عیراق بدات بۆ 13ی ته‌ممووزی 1958[2]. ئه‌و هه‌رێمۆکه‌یه‌ی ئێستا له بنده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی
کوردستاندایه، نیوه‌ی یا قیچه‌ک زیاتر له نیوه‌ی، خاکی باشووری کوردستانه
و ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی کوردستانیش،
نزیکه‌ی 50% یا بڕێک که‌متری خاکی باشووری کوردستانن، که کورد ئه‌و ده‌ڤه‌ره
دابڕاوانه‌ی دهستنهکهوتنهوه و دۆڕاندنی و به‌م سێ ئوستانه‌ی ئێستایه‌وه(دهۆک،
هه‌ولێر و سلێمانی) مایه‌وه، تێکه‌ڵاوبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عیراقدا و دامه‌زراندنی
عیراقێک، که گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت، عیراقێکی بێ جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و
ئایینی و ئایینزایی و ڕه‌گه‌زی و ڕه‌نگ، له نێوان خه‌ڵکه‌که‌یدا و له سه‌ر بنه‌مای
یه‌کسانی و ته‌ماشاکردنی مرۆڤ و هاووڵات و دانیشتووی جوگرافیی و وه‌ک تاک و به
گوێره‌ی توانست و کارکردنی تاکه‌کان و، به
مه‌رجێک له عه‌ره‌ب و خه‌ڵکانی دیکه ئه‌گه‌ر زیاتر نا ئه‌وا که‌متر خاوه‌نی
عیراق نه‌بێت، گه‌لێک به قازانجی ده‌بێت، هیج نه‌بێت به قازانجی مرۆڤی ئاسایی
کورد و هاووڵاتانی کوردستان.
بانگاشه‌ی
ده‌ربازبوون و ده‌رچوون له دواکه‌وتوویی، له‌گه‌ڵ قایل‌بوون به گرێدراوی و وابه‌سته‌ییدا،
هه‌رگیز نایه‌ته‌وه و یه‌ک ناگرێته‌وه و نابێت و کارێکی نه‌کرده‌یه. پێش دۆزینه‌وه‌ی
ڕێگه‌ی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی خێرا، پێویسته و گه‌ره‌که ویستی نه‌ته‌وه‌یی
ڕزگار بکرێت. سه‌رکرده‌یه‌تیی باشووری کوردستان، به ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی له‌م
لهتهفیدرالییهیدا، که ته‌نێ یه‌کلایه‌نه خۆی باسی ده‌کات و له لایه‌ن عیراقییانه‌وه چ بایه‌خێکی نییه، سه‌لماندی،
که کارگێڕێ و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی به‌و جۆره‌ی، که ده‌بێ، پێ ناکرێت و ئه‌وه‌یشی
کردوویه‌تی، ته‌نێ له به‌رژه‌وه‌ندی چینی بۆرژوازی و خودان پاره‌دا بووه و پتر
کارێکی بازرگانانه بووه و له دیدی سه‌رمایه و بازاڕ و قازانجه‌وه، له سیاسه‌ت
و ڕێبه‌رایه‌تی نۆڕیوه، به‌و پێیه‌ش، نه ویستی نه‌ته‌وه‌یی ڕزگار کراوه و نه
گرێدراوی و وابه‌سته‌یی، ڕه‌فزکراوه و ڕه‌تکراوه‌ته‌وه و دراوهتهدواوه، هه‌ربۆیه‌ش
بانگاشه‌ی به‌جێهێشتن و ده‌ربازبوون له دواکه‌وتوویی و گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌ی پێشکه‌وتن
و گه‌شه‌کردن، ته‌نێ گوتارێکی ناڕاست و ڤاڵایه. واپێده‌چێ کورد چ وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسی و چ وه‌ک نه‌ته‌وه‌یش گوته‌که‌ی
جۆرج بێرنارد شۆ[3]،
پێڕۆ بکه‌ن، که ده‌ڵێ:"ئێمه له مێژووه‌وه فێر ده‌بین، که هیچ له مێژووه‌وه
فێر نه‌بین".
2-10-2008
[1] له
چاوه‌ڕوانی گۆدۆ(En attendant Godot )دا، شانۆنامه‌یه‌کی ئهبسوێردیستی
نووسه‌ری ئایرلاندی - فرانسی سامویێل بێککت(Samuel Beckett)ه و به فرانسی نووسراوه، باس
له دوو که‌س ده‌کات، له سه‌ر ڕێگه‌یه‌ک ڕاوه‌ستاون و له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا دهمهدهمیانه
و هه‌ردووک چاوه‌ڕوانی هاتنی گۆدۆ ده‌که‌ن، که شتێکی نادیار و په‌نهان و شاراوه‌یه
و ئه‌ویش هه‌ر نایه‌ت. شانۆنامه‌که ژیانی مرۆڤ و دڵخۆشبوونی به نادیار و په‌نهان
و شاراوه و ئه‌وه‌ی هێشتا ڕووینه‌داوه و نه‌هاتووه، پێشانده‌دات. دیاره هه‌ر
ئه‌و ئومێدهیشه، مرۆڤ ده‌هێڵێته‌وه و درێژه به ژیان و بوونی ده‌دات.
[2] وه‌ک وه‌ڕزی و
بێزارییه‌ک له ڕه‌وشی کورد و عیراقی کۆماریی دوای 1958، خۆزگه و هیوایه‌کی به‌دینه‌هاتووی
مامۆستا مه‌سعوود موحه‌ممه‌د بوو، یادی به‌خێر و ڕه‌وانی شاد.
[3] جۆرج بێرنارد شۆ(George
Bernard Shaw، 26/7/1856- 2/11/1950)، نووسه‌رێکی ئایرلهندییه و له ده‌بڵن
له‌دایک بووه. خاوه‌نی چه‌ندین شانۆنامه و نووسین و به‌رهه‌مه. ساڵی 1925، خه‌ڵاتی
نۆبیلی ئه‌ده‌بی وه‌رگرت. شۆ، ڕووه‌کخۆر بوو.