ئه‌وروپایاندن و مه‌سیحییاندنی کوردستان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
پێش ماوه‌یه‌ک هه‌واڵێکی
وا بڵاو بووه‌وه، که چه‌ند لاوێکی ده‌وروبه‌ری شارۆچکه‌ی ڕانیه، ئایینیان گۆڕیوه
و بوون به مه‌سیحی. ڕۆژانی 14-16/4/2005 کۆنگره‌ی کڵێسا‌ی مه‌سیحیی کوردزمان له عه‌ینکاوه‌ی
سه‌ر به هه‌ولێر، به به‌شداریی 300-400 که‌س ساز کرا. ئه‌مه دووه‌م کۆنگره‌ی ئه‌و
کڵێسایه‌یه و کۆنگره‌ی یه‌که‌می ساڵی پار(2004) و به به‌شداریی 130 که‌س گیراوه.
به‌شداربووانی ئه‌و کۆنگره‌یه خه‌ڵکانێکی نیشته‌جێی هه‌ولێر، سلێمانی، که‌رکووک،
دهۆک، زاخۆ، قه‌ڵادزێ، خانه‌قین و که‌لار بوون. به‌شی زۆرینه‌ی ئه‌و به‌شداربووانه
کورد بوون و دانه‌دانه‌یه‌ک خه‌ڵکی ناکوردیشیان تێدا بوون. ئه‌و کۆنگره‌یه له لایه‌ن
ڕادیۆی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا و ڕادیۆی ده‌نگی عیراقی ئازاد و که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی کوردسات
و چه‌ند که‌ناڵێکی دیکه‌وه ڕیپۆرتاژی ڕۆژانامه‌وانی له باره‌وه په‌خش کرایه‌وه.
یه‌کێک له نه‌خشه‌داڕێژه‌رانی ئه‌و کۆنگره‌یه، قه‌شه‌یه‌کی ئه‌مه‌ریکییه به نێوی"ده‌یڤید
گێبرسۆن"، ئه‌و به زاری خۆی ده‌ڵێ"من یه‌کێکم له پلاندانه‌ران و هه‌ندێک
په‌یامی ڕۆحیم ده‌رباره‌ی خواوه‌ند له ئینجیلی پیرۆزه‌وه هێناوه، له‌گه‌ڵ وه‌ڵامی
چه‌ند پرسیارێک که له لایه‌ن عیسای مه‌سیحه‌وه ڕوونکراونه‌ته‌وه"[1].
*****
به‌هاری 1998، له گوتارێکدا به نێوی "شاز و شه‌به‌ح و چووله"،
نووسیومه:"ڕێکخراوی بیانی و به‌ناو "خێرخواز"، هێنده له
کوردستان زۆرن، که له زۆر شوێن و جێگه‌دا، تابلۆی ناوه‌کانیان ده‌بینرێن. هه‌ر ڕێکخراوێک
له‌وانه ده‌یان خه‌ڵکی ئه‌وروپایی کاری تێدا ده‌که‌ن. بێجگه له‌و ئه‌وروپاییانه،
له‌و ڕێکخراوانه‌دا، خه‌ڵکی کوردستانیش کار ده‌که‌ن، پتر وه‌ک وه‌رگێڕ و کارگه‌ر و
یارمه‌تیده‌ر و شۆفێر. بیانیگه‌لێک که له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێکخراوانه‌دا کار ده‌که‌ن و
ده‌گه‌نه وڵاتگه‌لێکی وه‌ک کوردستان، باشترین ژیانێک ده‌ژین. پاره به دۆلار وه‌رده‌گرن
و دۆلار له‌و وڵاتانه‌ی ئێمه‌دا ئاگر ده‌کاته‌وه. که ئه‌وان دۆلاریان له به‌رکدا
بێت، هه‌موو شتێک بۆ ئه‌وان هه‌رزانه و به‌و پاره‌یه‌ش –نه‌ک به قسه‌ی خۆش- مار
له کون و مه‌لا له مزگه‌وت دێننه ده‌ر. ئه‌وانه نه‌ک هه‌ر خۆشترین و به‌تامترین
خۆراک و خواردنه‌وه، به‌ڵکه ڕابواردن و مێبازی و هه‌موو لایه‌نێکی دیکه‌ی ژیان به
پووڵێکی که‌م مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. شۆفێره بیانییه‌کانی ئه‌و ڕێکخراوانه به هۆی ده‌ستڕۆیشتووییانه‌وه
زۆرجاران بۆ خۆیان شۆفێری ناکه‌ن و لێی پاڵ ده‌ده‌نه‌وه و شۆفێری کورد به کرێ ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان
بحه‌وێنه‌وه. هه‌ر ڕێکخراوێکی ئه‌وروپایی، ئه‌گه‌ر به ناوی خێرخوازی و کۆمه‌ک و
ئه‌و شتانه‌وه هاتبن بۆ کوردستان، له بنه‌مادا و بێ سێ‌ودوو و له په‌ناوپێچی کاره
ڕه‌سمی و ئاشکراکانیاندا، وه‌ک نه‌ریت، مه‌به‌ستگه‌لێکی دیکه‌ی شاراوه‌یان هه‌یه:
خڕکردنه‌وه‌ی زانیاری له باره‌ی ورد و درشتی جڤاکی کورده‌وه، باری سیاسی، ئابووری،
ئایینی، فه‌رهه‌نگی، زمان، نه‌ریت، سه‌ربازیی، هۆز وخێڵ و...هه‌موو شتێکی دیکه‌شه‌وه،
گه‌یاندنی ئه‌و زانیارییانه به ده‌سگا جاسووسی و نهێنییه‌کانی وڵاتانی خۆیان و بڵاوکردنه‌وه‌ی
ئایینی عیسایی، به‌شگه‌لێکی شاراوه‌ن له بواری کاره‌کانیان. ئه‌م جۆره کارانه به‌شێکن
له‌و کارانه‌ی، که ڕۆژهه‌ڵاتناسان ده‌یانکرد و ده‌یکه‌ن، که ڕاشکاوانه‌تر کاری
جاسووسی و ڕاپۆرتنووسین بووه، بۆ سوود و قازانجی وڵاتانی خۆیان. باره‌گای سه‌ره‌کی
ته‌واوی ڕێکخراوه بیانییه‌کان، که له کوردستانن، چ هه‌ولێر و چ سلێمانییش، له
"عه‌ینکاوه"ن، چونکه عه‌ینکاوه، ناوچه‌یه‌کی مه‌سیحییه و ئه‌و ڕێکخراوانه
پتر له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ده‌گونجێن. ئه‌و ڕێکخراوانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئینجیل له نێو خه‌ڵکدا
بڵاو بکه‌نه‌وه و ئاکار و ڕه‌وشتی مه‌سیحییانه فێری خه‌ڵک بکه‌ن. له ڕۆژانی11،10،9ی
حوزه‌یرانی 1996، به سه‌رپه‌رشتیی کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی، سه‌رۆک وه‌زیرانی حوکوومه‌تی
هه‌ریمی کوردستان[2] و له
ژێر دروشمی "یادی ڕابوردوو ده‌که‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوو بنیات بنێین"،
بڵاوکراوه‌ی "ده‌نگی کتێبی پیرۆز" واته: ئینجیل، کۆڕێکی فه‌رهه‌نگیی، له
هۆڵی میدیا له هه‌ولێر و به ئاماده‌بوونی خه‌ڵکێکی زۆری بانگهێشتکراو، ساز کرد،
بۆ ده‌مه‌ته‌قه‌کردن له‌مه‌ڕ ئه‌م بابه‌تانه‌وه:
1. نیشانه‌کانی
ڕێبه‌ری سه‌رکه‌وتوو، دۆکتۆر ستیڤن مانسڤیلد.
2.
کورد له ته‌ورات و ئینجیل‌دا، مامۆستا دۆگڵاس لایتین.
3.
داد له کتێبی پیرۆزدا، دۆکتۆر میک ئه‌نتینایتس.
له‌و کۆڕه‌دا ویستوویانه
بیسه‌لمێنن، که کورد پێش ئه‌وه‌ی ببێته ئیسلام، مه‌سیحی بووه. مه‌به‌ستیان له یادکردنه‌وه‌ی
ڕابوردوو، یادکردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌تی کورده و به‌وه‌ش ده‌یانه‌وێت داهاتوویه‌کی مه‌سیحییانه
بۆ کورد بنیات بنێن و کورد بمه‌سیحێنن[3]. سه‌یر
ئه‌وه‌یه وه‌ها چالاکییه‌ک، سه‌رۆکی حوکوومه‌تی کورد بۆ خۆی سه‌رپه‌رشتیی ده‌کات
و بێگومان ده‌ستخۆشیی له هه‌ڵسووڕێنه‌رانیشی ده‌کات. دیارده‌یه‌کی له‌وه دزێوتر،
که خه‌ریکه کوردستان ده‌ته‌نێته‌وه و هه‌ر پێوه‌ندی به مه‌سه‌له‌ی مه‌سیحییه‌ته‌وه
هه‌یه، گرنگیدان و ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ری ساڵی مه‌سیحی و جه‌ژنی له‌دایکبوونی عیسایه.
ئێمه هه‌موو ده‌زانین ئه‌مه چ پێوه‌ندێکی به وڵاتانی ئێمه و گه‌لانی ئێمه‌وه
نییه. ئه‌گه‌ر مه‌سیحیگه‌لی کوردستان و عه‌ره‌بستان و فارسستان و...ئه‌و جه‌ژنه
بگرن، ئه‌وا مافی خۆیانه، وه‌لێ سه‌رگه‌رمکردنی خه‌ڵکی موسوڵمانی کورد به هۆی ته‌له‌ڤزیۆن
و ڕاگه‌یاندن و ئه‌وانه‌وه به باسی سه‌ری ساڵ و شایی سازکردن و خۆشی دروستکردنی
ده‌ستکرد و هێنانی بابانۆئێل و...، کارێکی یه‌کجار نابه‌جێیه و گه‌له‌کیش له نه‌ریت
و سروشتی جڤاکی کورده‌وه دووره. له ئه‌وروپا، که ئه‌و کارانه ده‌کرێن،
پتر مه‌سه‌له بازاڕ و فرۆشتن و بازرگانی و کڕین و پاره‌یه. له کوردستانێکی هه‌ژاردا،
چ پێویسته خه‌ڵکه‌که‌ی ئێمه‌ش "هێلکه‌ی قاز بکات". به‌رپرسانی بێبه‌رپرسیی
وڵاتی خۆمان لێناگه‌ڕێن کورده‌که به ده‌ردی خۆیه‌وه خه‌ریک بێت و ده‌یانه‌وێ به
تۆبزی بیئه‌ورۆپێنن"[4].
*****
به‌شێکی زۆری مرۆڤ، که
ده‌زێن و دێنه دنیاوه، به هۆی ئه‌وه‌ی باوک و دایکیان یا ته‌نێ باوکیان یا ته‌نێ
دایکیان، سه‌ر به ئایینێکن و بڕوایان به ئایینێکه، ئیدی به شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی
ئه‌و منداڵه نه‌وزادانه‌ش ده‌بنه هه‌ڵگری ئه‌و ئایینه. ئه‌مه له قۆناخی منداڵی‌دا
ده‌خوا و پێڕۆ ده‌کرێت تا ئه‌و کاته‌ی ده‌گاته ته‌مه‌نی ڕه‌سین و خۆناسین و ده‌رک
به دنیا کردن و بڕێک له ژیان تێگه‌یشتن. ئه‌و کاته ئیدی منداڵ قۆناخی منداڵی جێده‌هێڵێت
و به ڕه‌سیو و گه‌وره ده‌ژمێردرێت و ده‌توانێت
بڕیاری خۆی بدات. که ئازادی، به تایبه‌تیش ئازادی تاکه‌کی، بکاته هه‌ڵبژاردن، ئه‌وده‌می
مرۆڤ چۆن ئازاده له‌وه‌ی چ پارتیی و ئایدیۆلۆژیایه‌کی سیاسی هه‌ڵده‌بژێرێت و چ جل
و که‌وش و پۆشاکێک له‌به‌ر ده‌کات و چ خۆراکێک ده‌خوات و چ خواردنه‌وه‌یه‌ک ده‌خواته‌وه
و له‌گه‌ڵ چ کوڕێک یا کچێکدا زه‌ماوه‌ند ده‌کات و به پیاده یا به سواری که‌ر یا
ئۆتۆبووس ده‌چێته سه‌ر کار و...هێنده‌ش ئازاده له‌وه‌ی چ ئایینێک بۆ خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت،
یا هیچ ئایینێک هه‌ڵنابژێرێت. تۆ که بڕوات به ئازادی هه‌بێت و پێتوابێت هه‌موو
تاکێک بۆی هه‌یه هه‌رشتێکی ده‌یه‌وێت و بڕوای پێیه‌تی بیکات، به مه‌رجێک کاریگه‌رییه‌کی
خراپی له سه‌ر ئه‌وانی دیکه و تاکه‌کانی دیکه نه‌بێت و ڕێگه له ئازادیی ئه‌وان
نه‌گرێت و سنووری ئازادیی ئه‌وان نه‌به‌زێنێت، ده‌بێ بڕوایشت به‌وه هه‌بێت، که خه‌ڵک
ئازاده له هه‌ڵبژاردنی ئاییندا. پێموایه ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له باشووری کوردستاندا
ڕووده‌دات ناکه‌وێته چوارچێوه‌ی ئه‌و ئازادییه‌وه، چونکه هه‌ر له بناخه‌دا پرۆسێسێکی
نه‌خشه‌بۆداڕێژراو و ئاماده‌کراوه و تا ڕاده‌یه‌ک ئامرازی به‌کاربردنی باری
ئابووری و فریودانی خه‌ڵک به به‌ڵێنی گه‌وره و له‌خشته‌بردنی خه‌ڵکی تێدا جێبه‌جێ
ده‌کرێت و پرۆسێسێکی مێشکشۆردنه‌وه‌ی تێدایه[5].
له باشووری کوردستان هه‌ر له ساڵی 1991ه‌وه، که ئیدی ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی به‌عس
نه‌ما و پارتییه کورده‌کان بۆ خۆیان بوونه ده‌سه‌ڵاتداری باشووری کوردستان، سه‌دان
ڕێکخراوی ئه‌وروپایی به نێوی جیاواز و بۆ کاری جیاواز له باشووری کوردستان جێگیر
بوون. ئه‌و ڕێکخراوانه به نێوی جیاواز و بۆ کاری جیاوازی خێرخوازی و مرۆڤدۆستی و
کۆمه‌ک و هاریکاریی هاتنه نێو باشووری کوردستانه‌وه. زۆرێک له‌و ڕێکخراوه ئه‌وروپاییانه،
ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم زۆرینه‌ی، هه‌رچه‌نده بۆ خۆیان ددانی پێدا نانێن، ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی
مه‌سیحییانه‌یان هه‌یه و له په‌نا کاره فه‌رمییه‌کانی خۆیاندا، به‌ڵام له‌ژێر
ناوی جیاواز و به شێوه و ڕواڵه‌تی جیاوازه‌وه، کار بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی
ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه ته‌واوی ئه‌و ڕێکخراوانه باره‌گا و بنکه‌ی سه‌ره‌کییان له عه‌نکاوه‌ی
هه‌ولێر داناوه، چونکه عه‌نکاوه ده‌ڤه‌رێکه خه‌ڵکه‌که‌ی مه‌سیحیین و ئه‌وه‌ش ژینگه‌یه‌کی
باش و له‌باره بۆ ئه‌و ڕێکخراوانه. ئه‌و ڕێکخراوانه به ڕاشکاوی و ئاشکرا داوا
له خه‌ڵک ناکه‌ن، ببنه مه‌سیحی و ئایین بگۆڕن، لێ زۆر به ئه‌سپایی و به خشکه‌یی
دزه ده‌که‌نه نێو ماڵ و خوێندنگه و کارگه و خێزان و مێشکی خه‌ڵکه‌وه. له نێو
به‌شێکی زۆری کارگێڕ و هه‌ڵسووڕێنه‌رانی ئه‌و ڕێکخراوانه‌دا، که ئه‌گه‌ر به نێوی پسپۆر و خه‌ڵکانێکی لێزانیش هاتبن و مه‌به‌ستیشیان
ته‌نێ ئه‌نجامدانی کاره سه‌ره‌کییه‌کانی خۆیان بێت، ئه‌وا هه‌ندێکیان پاشخانێکی
ئایینی‌یان هه‌یه و له بنه‌ڕه‌تدا پێوه‌ندێکیان به کڵێسه‌یه‌که‌وه یا به ڕێبازێکی
ئایینییه‌وه هه‌یه، یا له‌گه‌ڵ ئه‌واندا، که وه‌ک تیمێک دێن، چه‌ند ئۆلکارێک هه‌ر
به نێوی پسپۆر و لێزان و شاره‌زاوه ده‌خزێنرێنه نێویانه‌وه، که کاری سه‌ره‌کی
ئه‌وان په‌خشکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحییه. ئه‌و ئۆلکار و شاره‌زایانه به ناوی
دلۆڤانی عیسا و به‌زه‌یی عیسا و هاریکاریی زارۆک و کۆمه‌ک به پیر و نه‌خۆش و که‌مئه‌ندام
و په‌ککه‌وته و ژن و نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری و پاراستنی ژینگه‌وه، خۆ ده‌خزێننه
نێو ژیانی خه‌ڵکه‌وه. له‌گه‌ڵ هاتنیاندا بۆ هه‌ر شوێنێک، کۆمه‌ڵێک ئینجیل به
زمانی ئه‌و وڵاته یا به زمانێکی دیکه، که خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته لێی تێبگه‌ن، ده‌به‌نه
نێو ئه‌و وڵاته‌وه و به سه‌ر خه‌ڵکیدا ده‌به‌شنه‌وه. ئه‌گه‌ر ئینجیلیان به
زمانی ئه‌و وڵاته نه‌بێت، ئه‌وا هه‌ر ده‌سبه‌جێ ده‌که‌ونه هۆڵی ئه‌وه‌ی ده‌ستبکه‌نه
وه‌رگێڕانی بۆ زمانی ئه‌و وڵاته. کۆڕ و کۆبوونه‌وه و جڤین ساز ده‌که‌ن و خه‌ڵک
بانگهێشت ده‌که‌ن بۆیان و له‌وێدا ده‌مه‌ته‌قه و گفتوگۆ ده‌هێننه گۆڕێ و پرسیار
ده‌ورووژێنن و تۆوی گومان ده‌چێنن و زۆر هێمنانه و له‌سه‌رخۆ وه‌ڵامی پرسیار و پێویستییه‌کانی
خه‌ڵک ده‌ده‌نه‌وه و به‌ده‌میانه‌وه ده‌چن و باس له ڵایه‌نه هه‌ره‌ئاسان و بێئه‌رک
و گه‌شه‌کانی ئایینی مه‌سیحی، وه‌ک خۆشه‌ویستی و لێخۆشبوو‌ن و چاوپۆشین و دڵفره‌وانی
و...بۆ خه‌ڵکه‌که ده‌که‌ن و ته‌واوی ئه‌وانه‌ش به پێشکه‌وتنی ئابووری و ته‌کنیکی
و زانستی و هزر و ئاوه‌زی ئه‌وروپاییه‌وه گرێده‌ده‌ن، وه‌ک بڵێی ئه‌وروپا له‌به‌ر
مه‌سیحیبوونی وه‌ها پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنێکی وه‌ده‌ستهێنابێت و گه‌یشتبێته ئه‌م
ڕۆژه‌ی ئێستای. ته‌واوی ئه‌و کارانه له کوردستانیشدا ئه‌نجام ده‌درێن. دیاره ئه‌و
ڕێکخراوه ئه‌وروپاییانه ته‌نێ خۆیان نیین، که ئه‌و کارانه ده‌که‌ن، ئه‌و کارانه
به به‌رچاو و به پێزانینی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن. ئه‌و ڕێکخراوانه
بۆ ئاسانکاری و پێشخستنی کاره‌کانیان و وه‌ئه‌نجامگه‌یاندنیان و چوونه‌نێوخه‌ڵکه‌وه
و له‌خه‌ڵک تێگه‌یشتن و سه‌رکه‌وتنیان له خۆنێزیکخستنه‌وه‌ی خه‌ڵک، ده‌یان که‌سی
خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته و هاوزمانانی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ر له ئه‌وروپاوه
وه‌ک وه‌رگێڕ و یارمه‌تیده‌ر و...ده‌به‌نه‌وه و که له‌و وڵاته‌ش جێگیر ده‌بن، سه‌دانی
دیکه له‌و جۆره خه‌ڵکه په‌یدا ده‌که‌ن و به‌وه‌ش پتر و باشتر و خێراتر ده‌توانن
بچنه نێو خه‌ڵکه‌وه. بێجگه له‌وانه، که ده‌چنه ئه‌و وڵاتانه، شیولێنه‌ر، چایچی،
شۆفێر، پاکژکار، پاسه‌وان و...ده‌یان جۆره مرۆڤی دیکه په‌یدا ده‌که‌ن و ئه‌وانه‌ش
ده‌بنه به‌شێک له ئامرازی کاره‌کانیان. ئه‌و ڕێکخراوانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندن
و پاره‌یه‌کی زۆریان له‌به‌رده‌ستدایه، به ئاره‌زووی خۆیشیان پاره ده‌به‌شنه‌وه
و به‌کار ده‌به‌ن، بۆ جێبه‌جێکردنی کار و مه‌به‌سته‌کانیان. ئه‌و کارانه‌ی، که ئه‌و
نێوه‌ند و ڕێکخراوانه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، به‌شێکن له کاری مژده‌ده‌ری و بڵاوکردنه‌وه‌ی
ئایینی مه‌سیحی، لێ به نێوی دیکه و له ژێر په‌رده‌ی دیکه‌دا. ته‌واوی ئه‌و چالاکییانه
له کوردستانیشدا ڕووده‌ده‌ن. له په‌نای ئه‌و هه‌موو کارانه‌شدا، ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆ
نه‌یڵێن و باسی لێوه نه‌که‌ن و نه‌یهێننه گۆڕێ، ئه‌وا جاروبار و له په‌نا و پێچدا،
باسی گۆڕینی ئه‌لفبێی کوردییش بۆ ئه‌لفبێی لاتینی دێننه گۆڕێ و ده‌یده‌ن به گوێی
خه‌ڵکانی پێوه‌نددار به‌و کارانه‌وه[6].
هه‌ندێک جار ته‌نانه‌ت دزێواندنی زمانانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی، که بێجگه له‌وه‌ی
زمانی ئایین و زمانی فه‌رهه‌نگیی کوردن، زمانانی هاوسێیه‌کانی کوردیشن، ده‌که‌نه
بابه‌تی باسه‌کانیان و لاوانی کورد هانده‌ده‌ن بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له‌و زمانانه و
به‌رپسانی کوردیش هانده‌ده‌ن بۆ ده‌ستبه‌ردابوون له‌و زمانانه، به‌تایبه‌ت زمانی
عه‌ره‌بی، له پرۆگرامه‌کانی خوێندندا و جێگۆڕکێیان به زمانی ئینگلیزی[7].
به‌شێکی دیکه‌ی کار و چالاکییه‌کانیان ڕوو له پرسی خێزان و پێکهاته‌ی خێزان و پێوه‌ندداریه‌تیی
نێو خێزان ده‌کات و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه، به بیانووی دواکه‌وتوویی و گۆڕانکاریی له‌و
بواره‌دا، هه‌وڵی سستکردن و تێکدانی بنه‌ما و بناخه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و پێوه‌ندداریه‌تییه‌ی
وڵاتانی له‌مه‌ڕ ئێمه ده‌ده‌ن. بێجگه له‌وانه‌ش بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک خووڕه‌وشتی
نامۆ به کۆمه‌ڵگه‌کانی ئه‌و وڵاته و له‌گه‌ڵیشیدا به‌نگکێشان و مووزیکی ناڕه‌سه‌ن
و ناحه‌ز، دێننه گۆڕێ و په‌خش ده‌که‌نه‌وه و کار ده‌که‌نه سه‌ر لاوان و هه‌وڵده‌ده‌ن،
دید و جیهانبینییان به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی بۆ خۆیان ده‌یانه‌وێت، بگۆڕن.
*****
له ئه‌وروپا ئه‌و مژده‌ده‌رانه‌ی،
که ئایینی عیسایی بڵاو ده‌که‌نه‌وه، گه‌لێک جاران له ده‌رگای ماڵان ده‌ده‌ن و که
ڕێگه‌یان پێده‌درێت بێنه ژوورێ، داده‌نیشن و قسه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ماڵه‌که‌دا ده‌که‌ن
و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕێکلام بۆ ئایینی مه‌سیحی ده‌که‌ن و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن،
که خه‌ڵکه‌که، به باشیی و پاکژی و ڕاستیی ئایینی مه‌سیحی، دیاره به لای خۆیانه‌وه،
قایل بکه‌ن. من بۆ خۆم چه‌ندین جار ده‌رگام بۆ ئه‌و جۆره ئۆلکارانه کردووه‌ته‌وه
و قسه‌یان له‌گه‌ڵدا کردووم. جارێکی دووان هاتن و ده‌رگام بۆ کردنه‌وه و هه‌ندێک
قسه‌یان کرد و پاشان چه‌ند کتێبێکیان به زمانی سوێدی ده‌رهێنا و گوتیان ئه‌گه‌ر ئه‌وانه
بخوێنیته‌وه باشتر له‌م بابه‌ته تێده‌گه‌یت. منیش هه‌رچه‌ندی پێنج شه‌ش ساڵێکیش
بوو نیشته‌جێی سوێد بووم، هه‌ر بۆ تاقیکردنه‌وه‌یان گوتم، ئه‌گه‌ر ئه‌و کتێبانه‌تان
به زمانه‌که‌ی خۆم هه‌بێت، بۆ من ئاسانتر و باشتره. لێیان پرسیم، که زمانی من چییه!
گوتم کوردییه. ئه‌وجا له نێو ساکه‌که‌ی ده‌ستیاندا گه‌ڕان و چه‌ند دانه‌یه‌کیان
به زمانی عه‌ره‌بی ده‌رهێنا و گوتیان ئه‌وه‌تا. گوتم نه‌خێر ئه‌وانه به عه‌ره‌بین
و من کوردیم ده‌وێت. گوتیان چاوه‌ڕوانبه حه‌فته‌یه‌کی تر بۆت په‌یدا ده‌که‌ین. حه‌فته‌یه‌کی
پاشتر هاتنه‌وه و له ده‌رگایان دا و که کردمه‌وه دیتم هه‌ر خۆیانن و زۆر که‌یفخۆش
و به خه‌نده‌وه گوتیان وا بۆمان هێناوی. که کتێبه‌کانیان دایه ده‌ستم، دیتم به
فارسین. گوتم ئه‌وه‌ش زمانی من نییه، ئه‌وه فارسییه و زمانی من کوردییه. گوتیان
که‌واته نیمانه و ده‌بێ هه‌وڵده‌ین به‌و زمانه‌ی تۆیش چاپیان که‌ین. ئه‌وانه چه‌ندی
بڵێیت سوورن له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه‌که‌ی خۆیان و ته‌واوی توانست و هێزی
خۆیانی بۆ ته‌رخان ده‌که‌ن. فره‌جاران هێنده چه‌قاوه‌سوو و قیرسچمه‌ن و وه‌ک چه‌سپ
لێت نابنه‌وه تا به دووروودرێژی له‌گه‌ڵتدا داده‌نیشن و بۆت ده‌ئاخێون و گومانێکت
لا دروست ده‌که‌ن، ئیدی ئه‌گه‌ر بته‌وێ له کۆڵی خۆتیان بکه‌یته‌وه، ده‌بێ بڵێی تۆ
ئیسلامی یا بێئایینی یا ئایینێکی دیکه‌ت هه‌یه پێی قایلیت یا ڕقت له‌و باسانه‌یه
و دژی هه‌موو ئایینێکیت، به‌ڵام ئه‌وده‌میش هه‌ر له‌گه‌ڵتدا دێن و هه‌ر بۆت ده‌سه‌لمێنن،
که ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێیانه له‌وه‌ی تۆ جیاوازه و ئه‌وه‌ی ئه‌وان باشتر و به‌که‌ڵکتر
و خواییتره و وا چاکه تۆ بڕوا به‌وه‌ی ئه‌وان بهێنیت.
*****
ڕۆژێکی یه‌کشه‌ممه له
شاری ستۆکهۆڵم چووم بۆ سه‌ردانی دۆستێکم. که وه‌ژوورکه‌وتم دیتم دوو میوانی له کنه.
یه‌کێکیان ژاپۆنی بوو و ئه‌وی دیکه‌یان لوبنانی و به عه‌ره‌بی ده‌په‌یڤی. هه‌ردووکیان
له‌و ئۆلکاره مه‌سیحییانه بوون، که ئایینی مه‌سیحییان بڵاوده‌کرده‌وه. چه‌ندین
کتێب و بڵاوکراوه‌یان له سه‌ر مێزه‌که‌ی به‌رده‌میان دانابوو و زۆر به گه‌رمی و
جیددی باسی ئه‌و بابه‌ته‌یان ده‌کرد. له‌گه‌ڵ منیش‌دا که‌وتنه قسه و ده‌یانه‌ویست
سه‌رنجم بۆ هه‌ندێک دیتنی خۆیان ڕاکێشن. جه‌ختیان له سه‌ر ئه‌وه ده‌کرده‌وه، که
ئه‌و جۆره مه‌سیحییه‌ته‌ی ئه‌وان باسی ده‌که‌ن پاکژترین جۆری مه‌سیحییه‌ته و ڕاستترین
شێوه‌یانه و، که جیهان به سایه‌ی مه‌سیحییه‌ته‌وه به‌ره‌و یه‌کبوون ده‌ڕوات و
له نێوان وڵاتان و خه‌ڵک و مرۆڤدا هیچ جۆره ململانێ و جه‌نگ و ناکۆکییه‌ک نییه
و ئه‌و جۆره ناکۆکی و جه‌نگانه‌ش، که هه‌ن هه‌موویان دروستکراون و ...زۆری دیکه‌شیان
ده‌گوت.
*****
دۆستێکم، که مامۆستایه
و نووسه‌ره و سه‌رقاڵی کاری فه‌رهه‌نگییه و پیاوێکی ئایینداره، بۆی گێڕامه‌وه
و گوتی:"ڕۆژێکی که‌سێکی نه‌ناس زه‌نگێکی بۆ لێدام و دوای چاک و خۆشی و ئه‌وانه
پێی گوتم، که پێیخۆشه له‌گه‌ڵمدا دا‌نیشێت و یه‌کدی ببینین بۆ ئه‌وه‌ی باسێک هه‌یه
حه‌ز ده‌کات له‌گه‌ڵمدا بیکاته‌وه. منیش پێمگوت، باسه‌که چییه و بۆ ئێستا به ته‌له‌فۆن
پێم ناڵێیت؟ گوتی له‌باره‌ی کتێبێکه‌وه‌یه، که بۆ خۆم نووسیومه. گوتم کتێبه‌که
له‌باره‌ی چییه‌وه‌یه؟ گوتی له‌باره‌ی یه‌زدانه‌وه‌یه. زۆرم پێ خۆش بوو و له دڵی
خۆمدا گوتم به‌خوا کارێکی چاکه مرۆڤ بتوانێت له‌مه‌ڕ یه‌زدانه‌وه بنووسێت و به‌ویشم
گوت باشه به چاوان و کات و شوێنێکمان دیاری کرد بۆ دیداره‌که‌مان و بۆ ئه‌وه‌ی کتێبه‌که‌ی
لێ وه‌رگرم. کاتی دیاریکراو چوومه ئه‌و جێیه، که قاوه‌خانه‌یه‌ک بوو و له‌وێ پێکه‌وه
دانیشتین. دیتم کوڕێکی گه‌نجه و ته‌مه‌نی له ده‌وروبه‌ری بیست‌ودوو بیستووسێ ساڵێکدایه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌که‌مجار بوو بیبینم، پرسیاری ناو و خه‌ڵکی کوێیه و ئه‌وانه‌م
لێکرد. ئه‌ویش بۆی باس کردم، که کێیه و خه‌ڵکی کوێیه و کوڕی حاجی فڵانه له فڵانه
شاری کوردستان. ئه‌و به هۆی کاروباری منه‌وه و ماوه‌یه‌کی زۆری ژیانم له‌و شاره‌دا،
زانیارییه‌کی له‌باره‌ی منه‌وه هه‌بوو و ده‌یناسیم. هاتینه سه‌ر باسی کتێبه‌که‌ی
و دیتم له ده‌ڵقێکدایه و گوتی، که باسێکه له‌مه‌ڕ یه‌زدانه‌وه بۆ خۆی به کوردی
نووسیویه‌تی و حه‌ز ده‌کات پێیدا بچمه‌وه و ڕای خۆمی له‌سه‌ر بده‌م و پاشان یارمه‌تی
بده‌م بۆ له چاپدانی. منیش گوتم باشه ئه‌و
کاره ئێستاکه لێره‌دا ناکرێت و من ده‌بێ ئه‌و کتێبه ببه‌مه ماڵێ و به کاوه‌خۆ
بیخوێنمه‌وه و پاشان ئه‌وانی دیکه باس ده‌که‌ین. له سه‌ر ئه‌وه پێکهاتین و دۆعاخوازیمان
له‌یه‌ک کرد و ڕۆیشتمه‌وه ماڵێ. پاش یه‌ک دوو ڕۆژان ده‌ڵقه‌که‌م هێنایه پێش و
چاوێکم له کتێبه‌که کرد، دیتم ته‌واوی ئه‌و کتێبه له‌مه‌ڕ عیسا و ئازاره‌کانی عیسا
و په‌ند و گوته‌کانی عیسا و قوربانیدانی عیسا و مۆچیارییه‌کانی عیسا و ئایینی عیساییه‌وه‌یه. بۆی دانیشتم و ته‌واوی کتێبه‌که‌م
خوێنده‌وه. پاش دو سێ ڕۆژان، زه‌نگێکم بۆ ئه‌و براده‌ره‌ی خاوه‌ن کتێبه لێدا و جێ‌ژوان
و کاتێکمان دیاری کرد و چووم له‌وێ دیتم. له‌گه‌ڵیدا که‌وتمه قسه و پێمگوت، که
ئه‌و کتێبه باسێکه له‌مه‌ڕ عیسا و ئایینی
عیساییه‌وه‌یه و تۆش وات تێگه‌یاندبووم، که له‌باره‌ی یه‌زدانه‌وه‌یه. گوتی ئه‌دی
عیسا یه‌زدان نییه! ئیدی بڕێک قسه‌مان کرد و بیروڕامان گۆڕییه‌وه. وه‌ک خۆی باسی
کرد و بۆم ده‌رکه‌وت، که ئه‌و دۆسته کوڕی باوک و دایکێکی موسوڵمان و ئایینداره
و باوکی حاجییه و خه‌ڵکی باژێڕێکی باشووری کوردستانه و به کاریگه‌ریی هه‌ندێک خه‌ڵکی
بواری ئایینی عیسایی ئایینی خۆی گۆڕیوه و بووه‌ته عیسایی. گوتم باشه ئێستا، که
ده‌چییه‌وه کوردستان و شار و ماڵی خۆتان، چۆن له‌گه‌ڵ باوک و دایکتدا قسان ده‌که‌یت
و چی‌یان پێ ده‌ڵێیت! چی پاڵی پێوه‌نایت بۆ گۆڕینی ئیسلام به عیسایه‌تی! بۆ عیسایه‌تی
له ئیسلامه‌تی باشتر بێت! ئیدی پاش ده‌مه‌ته‌قه و گفتوگۆیه‌کی دوورودرێژ کتێبه‌که‌م
دایه‌وه ده‌ستی و پێمگوت، که من هیچم پێناکرێت و ئه‌گه‌ر خۆی مشوورێکی چاپکردنی
بخوات و هیوای سه‌رکه‌وتنم بۆ خواست".
*****
سه‌رماوسۆڵه و با و بۆڕفته
و به‌فره‌ئێواره‌یه‌کی دره‌نگی زستانێکی سه‌ختی ستۆکهۆڵم، پاش ته‌واوبوونی کاره‌که‌م،
له پلیکانه‌کانی وێستگه‌ی میترۆکه سه‌رکه‌وتم بۆ ئه‌وه‌ی سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ر
بم به‌ره‌و ماڵه‌وه. له سه‌ر یه‌کێک له ته‌خته‌کان سێ چوار منداڵم دیت دانیشتبوون.
که لێیان نێزیک بوومه‌وه ناسیمنه‌وه و دیتم ئه‌وانه منداڵی ماڵێکی کوردی ئه‌و
گه‌ڕه‌که‌ن، که ئه‌و دوکانه گچکه‌یه‌ی لێ‌بوو، که هی دۆستێکم بوو و من وه‌ک کارگه‌رێک
جاروبار کارم تێدا ده‌کرد. زۆرجاران پێشتر له دوکانه‌دا ، که ده‌هاتن شه‌کرۆکه
و نۆقڵیان ده‌کڕی دیتبوومن و ده‌مزانی به کوردی قسان ده‌که‌ن. سڵاوم لێ کردن و لێم
پرسین، که به‌و ئێواره دره‌نگه و به‌و سه‌رمایه چ ده‌که‌ن له‌وێ و بۆ کوێ ده‌چن.
گوتیان به‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی ده‌چنه فڵانه وێستگه و له‌وێش ده‌چن بۆ کڵێسه. که
وایان گوت، له دڵی خۆمدا گوتم دیاره باوک و دایکی ئه‌و منداڵانه و ئه‌و ماڵانه
له مه‌سیحییه‌کانی کوردستانن. زۆرم به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه، که به‌و سه‌رمایه
و به‌و ئێواره‌یه ئه‌و ڕێگه‌یه ده‌بڕن و له هه‌مان کاتیش‌دا سووربوون و بوێری و
بڕوای به‌هێزیان به بیر و بۆچوونی خۆیان، به‌لامه‌وه جێی خۆشحاڵی و ده‌ستخۆشی
بوو لێیان. ئه‌وجا گوتم هه‌ر به ته‌نێ خۆتان و به‌و دره‌نگوه‌خته بڕێک سه‌خت نییه
بۆتان!. گوتیان نا ئاسانه و باوک و دایکیشمان له‌وێ چاوه‌ڕوانمانن، چونکه ئه‌وان
پێشتر چوونه و له‌وێن. ئیدی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ی من هات و دۆعاخوازیم لێکردن و
من ڕۆیشتم. یه‌ک دوو ڕۆژان دوای ئه‌وه، ئه‌م باسه‌م بۆ هاوڕێیه‌که‌م، که خاوه‌نی
دوکانه‌که بوو گێڕایه‌وه. هاوڕێیه‌که‌م ئه‌و ماڵه و ئه‌و منداڵانه‌ی ده‌ناسی.
باسی سه‌رما و به‌فر و دره‌نگیی کاته‌که‌م بۆ کرد و که ئه‌و منداڵانه چه‌ندی
گوناه بوونه و چه‌ندیش خۆشه، که ئاوا بڕوایان به بۆچوون و ئایینه‌که‌ی خۆیان هه‌یه.
هاوڕێیه‌که‌م گوتی، تۆ ئه‌وانه ده‌ناسیت! گوتم نا، لێ ده‌زانم کوردن و مه‌سیحین.
گوتی تۆ ده‌زانیت ئه‌وانه زارۆکی خه‌ڵکانێکن بۆ خۆیان کوردن و موسوڵمانن و لێره
به هۆی هه‌ندێک کۆمه‌ک و خزمه‌ت و پاره‌وپووڵه‌وه، که کڵێسه پێیداون، وازیان له
ئیسلامه‌تی هێناوه و بوونه‌ته مه‌سیحی و زۆریش به خه‌ستی گرتوویانه و هه‌میشه
له کڵێسه‌ن و سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی ده‌ده‌ن و به‌ڵێنیشیان
داوه، که چه‌ند قه‌شه و ئۆلکارێکی مه‌سیحی له‌گه‌ڵ خۆ ببه‌نه‌وه کوردستان و ته‌واوی
مه‌سره‌ف و خه‌رجیی سه‌فه‌ر و چوون و هاتنه‌وه‌شیان، هی خۆیان و میوانه‌کانیشیان، کڵێسه
بۆیان ده‌دات!
*****
پیاوێکی باڵابه‌رزی باریکه‌ڵه‌ی
قژزه‌رد و کاڵ و سووروسپی و چاوشین، زۆرجاران لای چێشته‌نگاو ده‌هاته ئه‌و دوکانه
گچکه‌یه‌ی، که من وه‌ک کارگه‌رێک جارجار کارم تێدا ده‌کرد و ئیدی کۆلا، چۆکلات، ڕۆژنامه،
میوه‌یه‌ک شتێکی له‌و جۆره‌ی ده‌کڕی و زۆرجارانیش پاره‌که‌ی نه‌ده‌دا و ده‌یگوت، که
پاره‌ی پێ نییه و ڕۆژیکی دیکه ده‌یدات. جاری یه‌که‌می بوو هاته ئه‌وێ و به کوردیی
پێی‌گوتم ڕۆژباش و چۆنی و خواحافیز و چه‌ند وشه‌یه‌کی دیکه‌یشی گوت. که لێم پرسی دیتم
سوێدییه و مامۆستای زمانی سوێدییه و وانه به‌و بیانییانه ده‌ڵێته‌وه، که تازه‌کی
هاتوونه‌ته سوێد و خوێندنگه‌که‌یشیان سه‌ر به یه‌کێکه له‌و کڵێسانه‌ی سوێد. که
پرسیاری ئه‌وه‌م لێکرد، ئه‌و کوردییه له کوێ و چۆن فێر بووه، گوتی له خوێندکار
و شاگرده‌کانییه‌وه فێر بووه و بۆ خۆیشی هه‌وڵده‌دات ته‌ماشای کتێب و نووسینی کوردی
بکات و گوێ له گۆرانی و مووزیکی کوردییش ده‌گرێت و بێجگه له‌وه‌ش چووه‌ته کوردستان
و شاری سلێمانی و هه‌ندێک باسی کفته و دۆڵمه‌یشی بۆ کردم و باسی ئه‌وه‌یشی کرد، که
خۆراکی کوردی خۆشه و کورد خه‌ڵکێکی باش و میواندۆستن و گوتیشی، که ئێستاش به ته‌مایه له‌گه‌ڵ چه‌ند کوردێکدا
جارێکی دیکه بچێته‌وه سلێمانی و کوردستان. ڕۆژی پاشتر، چیرۆکه‌که‌م بۆ هاوڕێم
خاوه‌نی دوکانه‌که گێڕایه‌وه، ئه‌و ئه‌و پیاوه‌ی ده‌ناسی. پێی‌گوتم، که ئه‌و کابرایه سه‌ر به کڵێسه‌یه
و مامۆستای زمانی سوێدییه بۆ بیانییان و تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ کوردی ئێره‌دا په‌یدا کردووه
و ئه‌وان بانگهێشتنی ماڵی خۆیانی ده‌که‌ن و خۆراکی خۆشی بۆ لێده‌نێن و ده‌یبه‌نه‌وه
سلێمانی و ئه‌ویش هه‌وڵده‌دات ورده‌ورده بیانکاته مه‌سیحی و توانیویشیه‌تی ئایینی
هه‌ندێکیان بگۆڕێت و کردوونی به مه‌سیحی.
*****
لاوێکی کوردم ده‌ناسی،
دوای چه‌ند ساڵێکی ده‌رچوونی له کوردستانه‌وه، له ڕێگه‌ی پاکستانه‌وه گه‌یشته
سوێد. پاش جێگیربوونی و فێربوونی زمانی سوێدی و ده‌ستبه‌کارکردن و په‌یداکردنی کچه‌هاوڕێیه‌کی
سوێدی، ئیدی به‌ره‌به‌ره تێکه‌ڵاوی ژیانی سوێد و سوێدییان بوو. هاوڕێیه‌کم، به هۆی
هاوسێیه‌تییه‌وه، ناسیاوی و تێکه‌ڵاوییه‌کی زیاتری له‌گه‌ڵ ئه‌و لاوه‌دا هه‌بوو،
بۆی باس کردم، که ئه‌و لاوه بۆی گێڕاوه‌ته‌وه، که عیسا هاتووه‌ته خه‌وی و
بانگهێشتنی کردووه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته مه‌سیحی. ئه‌میش ئیدی بڕیاری داوه ببیتێ و
ده‌ستیکردووه به هاتوچۆی کڵێسه و به‌شداریکردن له هه‌موو بۆنه ئایینییه‌کانی
مه‌سیحییاندا و پێیشیوایه، مه‌سیحییه‌ت ئایینێکه له ئیسلام باشتره، چونکه ئایینێکی
کراوه و سنگفراوانه و ئه‌رک و داوای زۆر سه‌ختی، وه‌ک ئیسلام، له سه‌ر مرۆڤ نییه.
ئه‌و پیاوه ژیانی خۆیشی ته‌رخان کردووه بۆ ئه‌و ئایینه و هه‌ربۆیه‌ش ده‌ستی به
خوێندنی زانسته‌کانی ئه‌و ئایینه کردووه و ده‌یه‌وێت ببێته ئۆلکارێکی عیسایی و
مژده‌ده‌ری عیسایه‌تی.
*****
خزمێکم، که له وڵاتێکی
ئه‌وروپایی ده‌ژی، له‌مه‌ڕ ناسیاوێکی هه‌ردووکمانه‌وه که هاوشارییه‌تی
بۆی گێڕامه‌وه، که کچه هه‌شت نۆ ساڵانه‌که‌ی بردووه‌ته کڵێسه بۆ مه‌سیحییاندنی
یا ناولێنانی مه‌سیحییانه‌ی. ئه‌وه‌ی بۆ من زۆر جێی سه‌رسووڕمان بوو، باوک و دایکی
ئه‌و منداڵه بۆ خۆیان که‌سانێک بوون، که چ پێوه‌ندێکیان به ئایینه‌وه نه‌بوو و
بێ‌بڕوا و بێئایین بوون، که‌چی ده‌یانه‌ویست منداڵه‌که‌یان ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له
خوێندنگه و کۆڕ و کۆمه‌ڵی ئه‌و وڵاته‌دا و له نێو خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌دا به جیاواز
ته‌ماشا نه‌کرێت و خۆی به نامۆ نه‌زانێت، کاتێک که باسی ئایین ده‌کرێت، ئه‌و
منداڵه‌ش بتوانێت بڵێت، که ئه‌ویش براوه‌ته کڵێسه و مه‌سیحیێندراوه و نێوی مه‌سیحییانه‌ی
وه‌رگرتووه[8].
*****
له نێو ئه‌و په‌نابه‌ره کوردانه‌ی باشووری کوردستاندا،
که به لێشاو له دوای ساڵی 1991ه‌وه ڕوویان ده‌کرده ئه‌وروپا، خه‌ڵکانێک هه‌بوون
به نێوی ئه‌وه‌ی ئایینیان گۆڕیوه و بوون به عیسایی، خۆیان به پۆلیس و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی
و کارگێڕییه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌دایه ناساندن. هه‌ندێکیان کاسێتی ڤیدیۆیان
تۆمار کربوو، که چۆن چوونه‌ته کڵێسه و له‌وێ بوونه‌ته مه‌سیحی یا نێوی مه‌سیحییانه‌یان
لێ نراوه و چۆن ئه‌و بۆنه‌یه ئاهه‌نگی بۆ گێڕدراوه. ئیدی سه‌دان چیرۆکیش له‌و
بواره‌دا چێ کراوه، که ئیدی ئه‌وه‌ی بووته مه‌سیحی نه‌یتوانیوه له کوردستان
بمێنێته‌وه، چونکه له لایه‌ن ماڵی خۆیانه‌وه یا خزم و که‌سییانه‌وه یا حیزبێکی
ئیسلامییه‌وه و یا خه‌ڵکێکی دیکه‌وه، هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنیان لێ کراوه و ئیدی ئه‌مانیش
هه‌ڵاتنیان هه‌ڵبژاردووه. ئه‌و خه‌ڵکانه چۆن ده‌ستبه‌رداری ئیسلامه‌تی بوون و
بوونه‌ته مه‌سیحی، هه‌ریه‌که‌یان به جۆرێک ده‌یگێڕێته‌وه. هی وایان تێدایه باس
له‌وه ده‌کات، که عیسا هاتووه‌ته خه‌وی و پێیگوتووه بێته سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاستی وی،
واته: ئایینی مه‌سیحی. هی وایان تێدایه باس له‌وه ده‌کات، که به هۆی ناسیاوی و تێکه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ که‌سێکی بیانیی
ئه‌وروپایی سه‌ر به یه‌کێک له‌و ڕێکخراوه خێرخوازییه ئه‌وروپاییانه‌ی کوردستان
و هاندانی وی، گه‌یشتووه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی، که ئایینی خۆی بگۆڕێت و ببێته مه‌سیحی. هه‌ر له نێو ئه‌و
په‌نابه‌رانه‌شدا هه‌یه، ئه‌و کاره ته‌نێ بۆ ئه‌وه ده‌کات، که وه‌ک په‌نابه‌ر
وه‌ربگیرێت و مۆڵه‌تی مانه‌وه و نیشته‌جێبوونی بدرێتێ.
*****
زۆرجاران و له سه‌رده‌مێکدا نیشانه‌یه‌ک یا جۆره نه‌ریت و ڕه‌وشت
و شتێک ده‌بێته باو و دیارده‌یه‌ک و خه‌ڵکێکی زۆر وه‌دووی ده‌که‌ون و پێوه‌ی خجڵ
و سه‌رگه‌رم ده‌بن و لاساییکردنه‌وه و هه‌ڵگرتنی به پێویست ده‌زانن و ئه‌گه‌ر نا
ئه‌وا خۆیان به دواکه‌وتوو و جێماو ده‌زانن یا خه‌ڵک وایان ده‌بینێت. سه‌ره‌تای
ساڵانی 0196ه‌کان
و له‌گه‌ڵ په‌یدابوونی بیتڵز(Beatles) و سه‌رهه‌ڵدانی
بزاڤی هیپپی(Hippie)، شه‌پۆلی قژدرێژکردنه‌وه‌ی کوڕانی لاو
و کورت له‌به‌رکردنی کچان هاته گۆڕێ و لاوان باسیان له ئازادی سێکس و کراوه‌یی ده‌کرد
و ئه‌و بزاڤه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک هه‌موو جیهانی گرته‌وه. کۆتایی ساڵانی 1960ه‌کان و
پاش په‌ره‌سه‌ندنی ڕاپه‌ڕینی لاوان و خوێندکاران و بزاڤی چه‌پ، وه‌ک ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵات و نه‌ریته زاڵ و سه‌رده‌سته‌کان و نوێگه‌رایی و یاخیبوون، بزاڤێکی سه‌رتاسه‌ری
هه‌موو جیهانی ته‌نییه‌وه. مووزیکی ڕۆکئه‌نڕۆڵ(Rock'n'roll) و هیپهۆپ(Hiphop) و کاری هزری و ئه‌ده‌بی و هۆنه‌ری و وه‌رزشی
و نێوی هه‌ندێک بیریار و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و وه‌رزشکار گه‌لێک جار له سه‌رده‌مێکدا
بوونه‌ته هۆی سه‌نگه‌رله‌یه‌کترگرتن و خه‌ڵک تا ڕاده‌ی په‌رستن شوێنیان که‌وتووه.
لاوان ئێستاکه سه‌ر ده‌تاشن و قژدرێژکردنه‌وه‌ی پیاوان نیشانه‌ی نۆستالژیایه‌که
بۆ ڕابوردوو. هه‌ڵگرتنی هه‌ر نیشانه و هێمایه‌ک، ئیدی ئه‌گه‌ر هه‌ڵبواسرێت، له‌به‌ربکرێت،
به‌ده‌سته‌وه بگیرێت، بکرێته مل یا په‌نجه یا ده‌ست، یا به هه‌ر شێوه‌یه‌کی دیکه به‌کار
ببرێت، وه‌ک ئاڵا، ملوانکه، جل، وێنه و...نیشانه‌ی مه‌یل و حه‌زلێکردنی ئه‌و بیر
و دید و ئایدیۆلۆژیا و بۆچوونه‌یه، که ئه‌و نیشانه‌یه ده‌ریده‌بڕێت و پێشانی ده‌دات.
جاران له کوردستان، که پیاوان پرچ و ڕدێنیان ده‌هێشته‌وه و درێژده‌کرده‌وه و نه‌یانده‌تاشی،
نیشانه‌ی ده‌روێشی و ئیسلامه‌تی بوو. سه‌رده‌مێکیش ڕدێنهێشتنه‌وه و پرچدرێژکرده‌نه‌وه
و نه‌تاشینیان، نیشانه‌ی شۆڕشگێڕی و چه‌پایه‌تی و چاولێکردنی گیڤارا و کاسترۆ بوون
وه‌ک نموونه، یا هیپپییه‌تی و بڕوانه‌بوون و ڕه‌فزی هه‌موو شتێکی جڤاک بوون. سمێلهێشتنه‌وه،
له سه‌رده‌مێکدا نیشانه‌ی کۆمۆنیستی و ستالینیستی بوو. سه‌رتاشین لای هه‌ندێک نیشانه‌ی
ڕه‌گه‌زپه‌رستییه و لای هه‌ندێکی دیکه‌ش پێچه‌وانه‌یه‌تی. جلی سوور و به‌کاربردنی
ڕه‌نگی سوور جاران نیشانه‌ی کۆمۆنیستی بوو. جلی ڕه‌ش و گوێنه‌دان به ڕێکوپێکی نیشانه‌ی
ئه‌نارکیستییه. هه‌ڵگرتنی وێنه‌ی هیتله‌ر و ئاڵای ئه‌ڵمانیای نازی، ده‌کاته مه‌یل
به لای نازیزمدا. هه‌ڵگرتنی داس و چه‌کوش یا وێنه‌ی لێنین، مارکس، ما‌و، ترۆتسکی یا
ستالین، ده‌کاته مه‌یل به لای کۆمۆنیزمدا. هه‌ڵگرتنی وێنه‌ی گیڤارا، ده‌کاته هه‌واداریی
شۆڕش و گیڤاریستی. هه‌ڵگرتنی ئاڵای ئه‌مه‌ریکا، ده‌کاته حه‌زکردن له ئه‌مه‌ریکا.
هه‌ڵگرتنی ئاڵای ڕه‌ش و تیپی A له نێو بازنه‌که‌دا،
ده‌کاته مه‌یل به‌لای ئه‌نارکیزمدا. هه‌ڵگرتنی ئه‌ستیره‌که‌ی داوودیی جووله‌که،
ده‌کاته جووله‌که‌یی یا خۆشویستنی جووله‌که. هه‌ڵگرتنی ئاڵایه‌کی چوارگۆشه یا لاکێشه‌یی
پێکهاتوو له دوو سێگۆشه‌ی یه‌ک سوور و یه‌ک ڕه‌ش، نیشانه‌ی سه‌ندیکالیستییه. هه‌ڵگرتنی
وێنه‌ی سه‌ددام حوسه‌ین، ده‌کاته به‌عسیبوون یا سه‌ددامیه‌تی. هه‌ڵگرتنی ئاڵای عیراق،
ده‌کاته خۆ به عیراقی زانین. هه‌ڵگرتنی ئاڵای عیراقی به‌عس، ئه‌گه‌ر نه‌کاته خۆ
به به‌عسی زانین، ئه‌وا ده‌کاته خۆشویستنی به‌عس و یا هیچ نه‌بێت ڕقنه‌بوون له
به‌عس. که قورئانێک یا لا ئیلاهه ئیللاڵڵایه‌ک به ملوانکه‌یه‌که‌وه بکرێته
مل، ده‌کاته موسوڵمان بوون یا خۆشویستنی ئیسلام. هه‌ڵگرتن یا له ملکردنی خاچی مه‌سیحی،
ده‌کاته مه‌سیحیبوون یا حه‌زکردن له مه‌سیحییه‌ت. گه‌لێک له‌و مێردمنداڵ و لاوانه‌ی
کوردی ئه‌وروپام به‌رچاو که‌وتوون، که هه‌رچه‌نده منداڵه موسوڵمانیشن، خاچه‌که‌ی
مه‌سیحییه‌ت له‌مل ده‌که‌ن.
*****
له کوردستان و به تایبه‌ت
له میدیاکانی هه‌ردوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستاندا، زۆر به گه‌رمییه‌وه
و به‌رده‌وام باس له سه‌ری ساڵ و جه‌ژن و ئاهه‌نگگێڕانی سه‌ری ساڵ و هاتنی بابانۆئێل
و پیرۆزبایی به بۆنه‌ی سه‌ری ساڵ و پێشاندانی چالاکییه‌کی یه‌کجار زۆر و زه‌وه‌نده
له‌و بوارانه‌دا، کارێکی وای کردووه، که به تۆبزی و بێ ئاره‌زووی خه‌ڵک خۆی، ئه‌و
فه‌رهه‌نگه نامۆیه، که فه‌رهه‌نگی ئه‌وروپایه به بڕێک پاشخانی مه‌سیحییه‌ته‌وه،
بکرێت به به‌شێکی سه‌ره‌کی له فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی کوردستان. منداڵانی گچکه‌ی دوو
سێ ساڵانی زارۆکخانه، له کوردستان فێری ئه‌وه ده‌کرێن، که چاوه‌ڕوانی سه‌ری ساڵ
بن بۆ ئه‌وه‌ی بابانۆئێل دیاری‌یان بۆ بهێنێت. دار سنه‌وبه‌ره‌که‌ی جه‌ژنی له‌دایکبوونی
عیسا، له ته‌واوی شوێنه فه‌رمی و حوکوومه‌تی و هوتێل و ڕیستۆرانه گه‌وره‌کانی کوردستاندا
داده‌نرێت و نه‌ک هه‌ر داره‌که، به‌ڵکه ته‌واوی ئه‌و ته‌لارخانانه‌ش ده‌کرێنه
چراخان و ده‌ڕازێنرێنه‌وه. له ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانه‌وه پیاسه‌ی شه‌وی سه‌ری ساڵی نێو
جاده‌کانی باژێڕه‌کانی کوردستانی، ڕاسته‌وخۆ پێشان ده‌درێت. هه‌ر له‌و میدیایانه‌وه
گرنگییه‌کی یه‌کجار زۆر به باسی کڵێسه و بۆنه و جه‌ژنی ئایینی عیسایی و کردنه‌وه‌ی
کڵێسه و خوێندنگه و ئاوه‌دانکردنه‌وه و شوێنه‌واری ئایینی مه‌سیحی ده‌درێت و هه‌رده‌م
باس ده‌کرێت، تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی باسی مه‌سیحی و مه‌سیحییایه‌تی، پشکێکی زیاتری هه‌بێت
و زاڵ بێت به سه‌ر باسی موسوڵمان و ئایینی ئیسلامدا، که به‌شی زۆرینه‌ی کورد سه‌ر
به‌و ئایینه‌یه.
*****
هه‌رچه‌ندی له ئه‌مه‌ریکا
و ئه‌وروپا، وه‌ک سیستم و جڤاکگه‌لێکی سێکۆلار و ئازاد و کراوه، ئازادی ئایینیش بۆ
هه‌موو که‌س دابین کراوه و مرۆڤ ده‌توانێت نه‌ک هه‌ر به خوا، به‌ڵکه به هه‌ر
ئاژه‌ڵ و هه‌ر شتێکی، که خۆی ده‌یه‌وێت، بڕوای هه‌بێت و ئازادیشه له‌وه‌ی چۆن و
به چ جۆرێک ئه‌و خودا یا ئاژه‌ڵ یا شتپه‌رستییه ده‌کات. زۆرێک له‌و خه‌ڵکانه‌ی سه‌ر
به ئایینی ئیسلام یا هه‌ر ئایینێکی دیکه‌ن، که له وڵاته‌کانی خۆیاندا لێناگه‌ڕێن
ئازاد بن و به ئاره‌زووی خۆیان خودا یا هه‌رچی په‌رستیی خۆیان بکه‌ن و ڕێگه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن
و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینیان لێ ده‌گیرێت و ده‌مکوت ده‌کرێن، له ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا
ئازادن و به ته‌واوی کراوه‌یی و بێ هیچ گیروگرفتێک هاتوچۆی مزگه‌وت و په‌رستگه‌ی
خۆیان ده‌که‌ن و به‌شداریی جڤین و کۆڕ و کۆمه‌ڵه و ڕێکخراوی ئایینی خۆیان ده‌که‌ن
و هه‌ر شتێکیشی گه‌ره‌کیان بێت ده‌یڵێن و ده‌یکه‌ن. ئازادیی ئایین و بڕوا له ئه‌وروپا
و ئه‌مه‌ریکا مسۆگه‌ر کراوه و هیچ ڕێگه‌یه‌کی لێناگیرێت. خه‌ڵک ده‌توانێت ڕه‌خنه‌ش
بگرێت و قسه‌ی خۆیشی بکات، لێ بێڕێزیی به بڕوا ناکرێت و به تاوان دژی کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێک
یا گرۆیه‌ک داده‌نرێت و لێپرسینه‌وه‌یشی له‌سه‌ره. ئه‌مه‌ریکاییان و ئه‌وروپاییان،
له ماڵی خۆیاندا و له سه‌ر خاکی خۆیان به‌و شێوه‌یه ده‌که‌ن، لێ له ده‌رێی وڵاتانی
خۆیشیان کارێکی دیکه جێبه‌جێ ده‌که‌ن و ئه‌رکێکی دیکه‌یان هه‌یه. بڵاوکردنه‌وه‌ی
ئایینی عیسایی و عیساییاندنی خه‌ڵک، وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی کار و چالاکییه‌کانی
زلهێزانی ڕۆژاوا، له ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌مه‌ریکای لاتین و کوردستانی خۆیشماندا
به‌ڕێوه ده‌چێت و تا ڕاده‌یه‌کیش به ئه‌رکی خۆیانی ده‌زانن. ئه‌وان ئامراز و شێواز
و میکانیزمی تایبه‌تی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و کارانه هه‌یه. ئه‌گه‌ر تۆ بنۆڕیته
پێچه‌وانه‌ی ئه‌و کاره‌ی زلهێزانی ڕۆژاوا، واته: بنۆڕیته بڵاوبوونه‌وه یا بڵاوکردنه‌وه‌ی
ئیسلام له ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپادا، ده‌بینیت له ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا، خێراخێرا
ئامار و ژماره له میدیاکاندا بڵاو ده‌کرێنه‌وه له باره‌ی ئه‌وه‌ی چه‌ند که‌س
بوونه‌ته موسوڵمان و ئایینیان گۆڕیوه. زۆرجاران ئه‌و ئامار و ژمارانه به مه‌به‌ست
و بۆ تۆقاندنی خه‌ڵکه‌که‌ی خۆیان(ئه‌مه‌ریکاییان و ئه‌وروپاییانی مه‌سیحی) و وێناکردنی
ڕه‌وشێکی وا، که هاکه هه‌موو ئه‌مه‌ریکا یا ئه‌وروپا ئیسلام داگیری کرد و خه‌ڵکه‌که‌ی
بوونه موسوڵمان و ئایینی عیساییان واز لێ هێنا، زۆر به گه‌وره‌یی و به زیاده‌وه
بڵاو ده‌که‌نه‌وه. له‌و کاره‌یاندا زێده‌ڕۆیی ده‌که‌ن و به‌وه‌ش باری ئیسلامۆفۆبیا
یا ترس له ئیسلام ده‌ئافرێنن و ده‌سازێنن، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی خۆیان پتر باوه‌ش
به ئایینه‌که‌ی خۆیاندا بکه‌ن و ئیسلام به خه‌ته‌ر بزانن و ڕێگه له بڵاوبوونه‌وه‌ی
بگرن. ئه‌مه کارێک نییه پێوه‌ندی به 11ی سێپته‌مبه‌ره‌وه هه‌بێت، به‌ڵکه دیدێکه
و جیهانبینییه‌که، که ڕۆژاوا بۆ به خه‌ته‌ردانانی ئه‌وی دی و پاراستنی خۆ و جیهاناندنی
هه‌موو به‌ها و جیهانبینییه‌کانی خۆی، له پێناوی چێ‌کردنی جیهانێکی یه‌کڕه‌نگی یه‌کده‌نگی
یه‌کبیچمی یه‌کشێوه‌ی یه‌کڕه‌وتی یه‌کفه‌رهه‌نگی ئه‌مه‌ریکاییانه و ئه‌مه‌ریکێنراو،
ده‌یکات و به‌کاری ده‌بات. ئه‌وڕۆ نێوه‌ندی مه‌سیحییه‌ت، فلستین و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
نییه، که بۆ خۆیان لانکی مه‌سیحییه‌تن، به‌ڵکه به هۆی پێشکه‌وتن و توانست و زاڵبوونێکی
ئابووری و ئاوه‌زی و ئازادییه‌ک، که له ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپادا هه‌یه، ئه‌مه‌ریکا
و ئه‌وروپایه. ئه‌وڕۆ عیسای په‌یامبه‌ر، مرۆڤ و پیاوێکی گه‌نمڕه‌نگ یا ڕه‌شتاڵه‌ی
پێخاوسی دشداشه‌له‌به‌ری فلستینی نییه، به‌ڵکه مرۆڤ و پیاوێکی قژزه‌رد و چاوشین
و سووروسپیی ئه‌وروپاییه. که ئه‌مه‌ریکاییه‌ک یا ئه‌وروپاییه‌ک مه‌سیحییه‌ت ده‌باته
کوردستان و بڵاوی ده‌کاته‌وه، مرۆڤی وڵاتی ئێمه ده‌سبه‌جێ نه‌ک هه‌ر به قسه و
به‌ڵگه‌کانی، به‌ڵکه به خۆیشی وه‌ک مرۆڤێک، سه‌رسام ده‌بێت و ته‌واوی پێشکه‌وتن
و ئازادی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا له‌ودا ده‌بینێت[9].
ئه‌مه‌ریکاییان و ئه‌وروپاییان به‌و کاره‌یان، به بڵاوکردنه‌وه‌ی مه‌سیحییه‌ت، خه‌ڵکی
کوردستان و ته‌واوی وڵاتانی دیکه، به ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپاوه گرێده‌ده‌ن و به‌وه‌ش
مێشکی مرۆڤی کوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌ی دیکه ده‌سمن و فه‌رهه‌نگی ئه‌وان ده‌سمن و
مێژوویی خۆیان له‌بیر ده‌به‌نه‌وه و مێژوویه‌کی دیکه‌ی ده‌خه‌نه شوێن و وڵاته‌کانیشیان
ده‌که‌نه پاشکۆیه‌کی بێده‌سه‌ڵاتی لامژی مشه‌خۆری بازاڕ و ئابووری و به‌ها و فه‌رهه‌نگ
و هه‌موو شته‌کانی دیکه‌ش.
*****
ئه‌گه‌ر سوودوه‌رگرتن له
زانست و ته‌کنۆلۆژیا و ئاوه‌ز و پێشکه‌وتنی ئه‌وروپا به‌وه بێت تۆ له هه‌موو شتێکدا
لاساییان بکه‌یته‌وه، ئه‌وا نه‌ک هه‌ر سوودمه‌ند نابێت، به‌ڵکه زیانمه‌ند ده‌بیت
و خۆیشت ده‌دۆڕێنێت. به‌و گه‌رمییه به به‌ره‌وپیریه‌چوونی ئه‌وروپا و هه‌موو شتێکی
ئه‌وروپایی و ئامێزکردنه‌وه بۆیان بێ بیرکردنه‌وه له ئه‌نجامه‌کانی، ده‌کاته سڕینه‌وه‌ی
خۆت و ڕه‌نگکردنی خۆت به ڕه‌نگی ئه‌وان و چوونه پێستی ئه‌وانه‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ
له باشووری کوردستاندا، به دنه‌دان و نه‌خشه‌داڕێژانی ئه‌مه‌ریاکییان و ئه‌وروپاییان
و ڕێکخراوه خێرخوازییه‌کان و به پێ‌زانین و جێبه‌جێکردنی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان
ڕووده‌دات، پرۆسێسێکی مه‌سیحییاندنی خه‌ڵکی کورد و کۆمه‌ڵگه‌کانی کوردستانه و هه‌وڵدانێکه
بۆ دزێواندنی ئایین و فه‌رهه‌نگی زۆرینه‌ی کورد و به‌ره‌به‌ره‌یش سڕینه‌وه‌ی و سه‌پاندنی
فه‌رهه‌نگێکی نامۆ و به‌هاگه‌لێکی نامۆ به سه‌ر خه‌ڵکی کورددا. ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیی، که ئه‌وڕۆ له کوردستان
فه‌رمانڕه‌وایه و، که خۆ به سێکولار ده‌زانێت، چ پێویسته هێنده باسی ئایین بکات!
که باسی ئایینیش ده‌کات بۆ ده‌بێ هێنده باسی مه‌سیحییه‌ت بکات! تۆ که سێکولار بیت،
میدیای ده‌سه‌ڵاته‌که‌ت بۆ باسی ئایین ته‌رخان ناکه‌یت، ئه‌وه کاری تۆ نییه و کاری
ئۆلکارانه. تۆ که ده‌سه‌ڵاتێکی سێکولار بیت، پێتوایه ئه‌وه‌ی تزار بۆ تزاره و
ئه‌وه‌ی خودایش لێیده‌گه‌رێیت بۆ خودا خۆی. ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری کوردستان، ده‌بوو
سه‌یرێکی لای چه‌پ و ڕاستی خۆیان کردبا و بیرێکیان له چاره‌نووسی ڕه‌زاخان و ئه‌تاتورک و موحه‌ممه‌دڕه‌زاشا کردباوه، که سه‌رمه‌شق
و پێشه‌نگی ئه‌وروپاییاندنی وڵات و کۆمه‌ڵگه‌کانی خۆیان بوون و ئه‌وان په‌تای ئه‌وروپاییاندنیان
هێنایه ئه‌و ده‌ڤه‌ره، که به کوێ گه‌یشتن! ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له باشووری کوردستان
ڕووده‌دات، بێجگه له‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسی مه‌زنه، قه‌یرانێکی فه‌رهه‌نگیی یه‌کجار
گه‌وره‌یه و مه‌ترسییه‌که له سه‌ر یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌ی کورد و فه‌رهه‌نگ و مێژوو
و ته‌نانه‌ت بوونیشی. ئه‌گه‌ر ئازادی بیروڕا و ئازادی که‌مینه و چوونیه‌کیی هه‌مووان
و یه‌کسانی و ڕێگه‌دان به هه‌موو ده‌سته و گرۆیه‌ک و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وی دیکه و
گوێڕادێران بۆ به‌رانبه‌ر و ئه‌و جۆره باسانه بکرێنه به‌ڵگه بۆ ئه‌و ڕه‌وشه‌ی
ئه‌وڕۆی کوردستان، ئه‌وا ئه‌وه‌ی ئێستا ڕووده‌دات، گه‌لێک له ئازادییه‌وه دووره.
ئه‌وه‌ی بڕوای ته‌واویشی به ئازادیی بیروڕا و بۆچوون و جیاوازیی هزریی و دید هه‌بێت،
ناتوانێت له هه‌مبه‌ر سڕینه‌وه‌ی بڕوا و به‌ها و فه‌رهه‌نگێکدا، که مێژوو و بوونیی
نه‌ته‌وه‌یی پێوه گرێدراوه، بێلایه‌ن و ده‌سته‌وه‌ستان و سست ڕاوه‌ستێ و بێده‌نگ
بێت. ئه‌وه‌ی ئێستا له کوردستان ڕووده‌دات، شۆردنه‌وه‌ی مێشکی مرۆڤی کورد و دابڕینی
نه‌ته‌وه‌ی کورده له مێژوو و فه‌رهه‌نگێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هاوسێیه‌کانیدا و ده‌رکردنێتی
له‌و ژینگه و بازنه و هێڵه دیرۆکییه‌ی خۆی و پێکه‌نینه به فه‌رهه‌نگ و به‌ها
و بڕوا و مێژووی نه‌ته‌وه‌ی کورد و شۆخیپێکردن و سووکایه‌تیپێکردنه به کورد. ته‌واوی
ئایینه‌کانی جیهان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر وه‌ک یه‌کن و له گشت بنگه و هێڵه سه‌ره‌کییه‌کانیشیاندا
هاوبه‌شن و ته‌واوکه‌ر و درێژه‌پێده‌ری یه‌کتریشن. هه‌موویان دید و په‌یام و کۆمه‌ڵێک
قانوون و ئامۆژگاری و جیهانبینی و ڕێگه‌یه‌کی تایبه‌تی ژیانیان بۆ مرۆڤ پێیه. به‌شێکی
زۆریان کلیلی ته‌واوی پرس و نهێنییه‌کانی ژیان و پاش ژیانیش ده‌ده‌نه ده‌ست هێزێکی
ده‌رێی سروشت، که خودایه. خودایش، هه‌ر ئایینه‌و به جۆرێک ده‌یبینێت و ده‌یناسێت.
ئایینیش هه‌یه ته‌نێ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ژیانه و هیچ شتێکی خۆی ناداته ده‌ست خودا
و پرسی خودا بۆ ئه‌و نه به‌رباسه و نه گرنگ. که‌سێک، که وه‌ک له‌دایکبوون و خوێن
و خێزان و په‌روه‌رده و بارهێنان و جڤاک و فه‌رهه‌نگ و...به‌رۆگری ئایینێک بێت، به‌ڵام
بۆ خۆی بڕوای پێی نه‌بێت و هیچ جۆره تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئه‌و ئایینه جێبه‌جێ نه‌کات،
چ هۆکارێک پاڵی پێوه ده‌نێت بچێته سه‌ر ئایینێکی دیکه و ده‌ستبه‌رداری ئایینه‌که‌ی
خۆی، که بۆ خۆی به‌رۆگریه‌تی، ببێت! من پێموایه بێئایینییش، واته: بڕوانه‌بوون
به هیچ ئایینێک و خۆنه‌به‌ستنه‌وه پێی، بۆ خۆی ئایینه و ئه‌گه‌ر نه‌کرێ نێوی ئایینیشی
لێبنرێت، ئه‌وا دید و فه‌لسه‌فه‌یه‌که. تۆیه‌ک، که به موسوڵمانیی هاتبیته دنیاوه،
بۆ پێتوایه مه‌سیحییه‌ت له ئیسلام باشتره و بۆ ده‌ستبه‌رداری ئایینی ئیسلام ده‌بیت!
تۆیه‌ک، با وه‌ک موسوڵمانیش هاتبێته دنیاوه، به‌ڵام وه‌ک پراکتیک موسوڵمان نه‌بێت،
چ سوودێک له‌وه‌دا ده‌بینیت ئایین بگۆڕیت و ببیته مه‌سیحی! که ناته‌وێت موسوڵمان
بێت و بڕوات به ئیسلام نییه، بۆ پێتوایه مه‌سیحییه‌ت له ئیسلام یا له بێئایینییه‌که‌ی
خۆت باشتره! ئه‌گه‌ر به بێئایینییه‌که‌ی خۆت بمێنییه‌وه، باشتر نییه له‌وه‌ی خۆت
به ئایینێکدا هه‌ڵواسیت، که هه‌موو شتێکی به تۆ نامۆیه و هیچ ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی
تۆی تێدا نییه و هیچ زه‌وینه و بنگه‌یه‌کی هزریی، تۆی پێوه نابه‌ستێته‌وه و هیچ
سۆز و هه‌ستێکی ویژدانیت له‌گه‌ڵیدا ناگونجێت و هیچ جێده‌ست و شوێنه‌وارێکی تۆ و پێشینه‌کانی
تۆی پێوه دیار نییه و هیچ ڕووپه‌لێکی مێژووه‌که‌ت له‌گه‌ڵیدا وێک نایه‌ته‌وه! ئه‌مه‌ریکا
و ئه‌وروپا، مه‌سیحییه‌ت پێشی نه‌خستوون، ئه‌وه‌ی ده‌رگای پێشکه‌وتنی بۆ خستنه سه‌رپشت،
گومان و پرسیار و ڕه‌خنه‌گرتن و کردنه‌وه و ڕه‌هاکردنی مێشک و ئازادی بیر و باوه‌ڕ
و بۆچوون بوو. گومان له هه‌موو شتێک، پرسیار له‌مه‌ڕ هه‌موو شتێکه‌وه، ڕه‌خنه له
هه‌موو شتێک و خستنه به‌رباسی هه‌موو شتێک، بێ گوێدانه پیرۆزیی شته‌کان و بێ گوێدانه
چه‌قبه‌ستوویی هزره‌کان و بێ گوێدانه هێز و دارایی ده‌سه‌ڵاتداران[10].
ئازادی ڕه‌ها و به‌ره‌ڵاکردنی مێشک، له‌وه‌دایه تۆ خۆت سه‌دله‌سه‌د به هیچ ئایدیۆلۆژیا
و ئایینێکه‌وه نه‌به‌ستیته‌وه و گرێنه‌ده‌یت و ڕه‌خنه‌گرانه بنۆڕیته په‌یامی هه‌ریه‌کێکیان
و هه‌رده‌م پرسیار بورووژێنێت و وه‌دووی وه‌رامه‌کانیاندا بگه‌ڕێیت. سه‌دله‌سه‌د به‌ڕاستزانینی
ئایدیۆلۆژیا و ئایینێک و نه‌بینی هیچ هه‌ڵه‌یه‌ک تێیاندا و باوه‌ڕبوون به‌وه‌ی، که
هه‌موو ڕاستییه‌کان له‌کن خۆتن و قه‌بووڵنه‌کردنی هیچ ڕه‌خنه و بۆچوونێکی جیاواز
و به پیرۆززانینی ته‌نێ ئه‌وه‌ی خۆت، ده‌کاته ته‌پاندن و کڵۆمکردنی مێشک. تۆیه‌ک
ئه‌گه‌ر ئیسلامت پێ زیندان و قه‌فه‌زێک بێت و ئازادی و سه‌فرازی خۆت له‌وه‌دا ببینییه‌وه،
که ببیته مه‌سیحی، ئه‌وا هه‌رگیز وانییه. ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یکه‌یت ته‌نێ قه‌فه‌زگۆرکێ
و زیندانگۆڕکێیه و هیچی دی.
27/5/2005
[1] کڵێسا‌ی
مه‌سیحی کوردزمان به‌به‌شداری 400 که‌س دووه‌مین کۆنگره‌ی ساز کرد، میدیا، ژماره
187، سێشه‌ممه 19/4/2005.
[2] تا
31-8-1996 کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی، سه‌رۆکی حوکوومه‌ته‌که‌ی یه‌کیه‌تی نیشتمانیی
کوردستان بوو له هه‌ولێر و دوای ئه‌وه‌ش هه‌ولێر که‌وته‌وه ده‌ست پارتیی و یه‌کێتی
له هه‌ولێر وه‌ده‌رنران.
[3] بنۆڕه:
زنگابادي، جلال،اهکذا نتذکر الماضي لنبني المستقبل، وطن الشمس، العدد 14،
السبت22-6-1996 والعدد 15، السبت 6-7-1996.
[4] ئه‌و گوتاره له هه‌ردوو
ماڵپه‌ڕی (www.kurdistannet.org) و (www.dengekan.com) دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
[5]ساڵانی 1991و دواتر، که باری ئابووری خه‌ڵکی کوردستان زۆر خراپ بوو، کۆمه‌ڵێک
ڕێکخراو و حیزبی تورکمانی سه‌ر به تورکیا، که ده‌رگای کارکردن و چالاکییان له
کوردستاندا بۆ له سه‌ر پشت بوو، بار و ڕه‌وشی ناهه‌مواری کورده‌که‌یان به‌کار ده‌برد
و به تورکمان له نێو حیزب و ڕێکخراوه‌کانی خۆیاندا نێونووسیان ده‌کردن، به‌رانبه‌ر
به‌وه‌ی، که هه‌ندێک ئازووخه و خۆراک و ئه‌و جۆره شتانه‌یان ده‌دانێ.
[6] ته‌نێ
خه‌ڵکانی ئه‌و ڕێکخراوه ئه‌وروپاییانه نیین، که ئه‌و باسه ده‌هێننه گۆڕێ،
کوردگه‌لێکی ئه‌وروپانشین(به تایبه‌ت هه‌ندێک کوردی باکووری کوردستان)، که فره‌یان
هه‌ر پێوه‌ندیان به زمانه‌وه نییه و هیچی لێ تێناگه‌ن، له بنه‌وه پێوه‌ندیان به‌و ڕێکخراوانه و هه‌ندێک
ده‌سگای ئه‌وروپاییه‌وه هه‌یه و کاریان بۆ ده‌که‌ن و لێیان ده‌خۆن، ئه‌وڕۆ ئه‌وانیش
ڕۆڵێکی خراپ له‌و بواره‌دا ده‌لێزن و وه‌ک ئاوڕۆشنکه‌ره هه‌میشه به ڕێگه‌ی
کوردستانه‌وه‌ن و پرۆژه ده‌به‌نه‌وه و له کوردستانیش ده‌له‌وه‌ڕێن و دنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی
کوردستانیش ده‌ده‌ن بۆ دزێواندنی ئه‌لفبێی کوردی (عه‌ره‌بی) و گۆڕینی بۆ ئه‌لفبێی
(تورکی-لاتینی). ئه‌وان به‌و کاره‌یان، پێ بزانن یا نه، گه‌وره‌ترین زیان به فه‌رهه‌نگ
و یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌گه‌یه‌نن.
[7] دیاره
فێربوون و زانینی هه‌ر زمانێک بۆ مرۆڤ ده‌وڵه‌مه‌ندی و توانستێکی زۆره و گرنگییه‌کی
زۆری هه‌یه. ئه‌وروپاییه‌کان بۆ خۆیان گرنگییه‌کی یه‌کجار زۆر به فێربوونی زمان
ده‌ده‌ن. له نێو ئه‌و زمانانه‌شدا، که ئه‌وان گرنگییه‌کی پتریان ده‌ده‌نێ، عه‌ره‌بی
و فارسی و تورکییه. بۆ تێگه‌یشتن له ئیسلام و ڕۆژهه‌ڵات، فیربوونی ئه‌و زمانانه
گه‌لێک پێویسته و به فێربوونیان ده‌رگای ڕۆژهه‌ڵات وئیسلامت بۆ ده‌خرێته سه‌رپشت.
بۆ زۆرینه‌ی کورد بێجگه له‌وه‌ش، ئه‌و زمانانه ئامرازێکی پێوه‌ندن له نێوان خۆی
و ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا، که هه‌م دراوسێین و هه‌م فه‌رهه‌نگ و ئایینێکی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵیاندا
هه‌یه. به زانینی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی، که‌سیه‌تیی کورد به‌هێزتر ده‌بێت و
خۆی و نه‌ته‌وه‌کانی هاوسێیشی باشتر ده‌ناسێت و باشتر لێیان تێده‌گات. فێربوون و
زانینی زمانی ئینگلیزی، کارێکی باشه ئه‌گه‌ر جێی زمانانی هاوسێیانی کورد نه‌گرێته‌وه
و نه‌بێته هۆی قرتاندنی په‌تیی پێوه‌ندی نێوان کورد و هاوسێیه‌کانی، به‌ڵام گه‌ره‌که
ئه‌وه‌ش بزانین، که ئینگلیزی قه‌ره‌بووی زمانانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی ناکاته‌وه.
[8] ئه‌و مه‌سیحییاندنه و نێولێنانه مه‌سیحییانه‌یه، به عه‌ره‌بی
"تعمید" و به فارسییش "تعمید کردن" یا "نامگرارﻯ" و به سوێدی "Döpa" و به ئینگلیزییش "Baptize" یا "Christen"ی پێ ده‌گوترێ. منداڵ ده‌برێته کڵێسه و له‌وێ قه‌شه هه‌ندێک
ویرد و دۆعای به سه‌ردا ده‌خوێنێت و چه‌ند گوێلێک ئاوی به سه‌ر و ناوچاواندا ده‌کات
و ئیدی به‌و جۆره ئه‌و منداڵه ده‌بێته مه‌سیحی. ئه‌گه‌ر به منداڵی ئه‌و کاره
بۆ منداڵه‌که ئه‌نجام نه‌درابێت، ئه‌وا ده‌کرێ له ته‌مه‌نێکی هه‌ورازتردا بۆی
بکرێت. له‌کن یارسان(کاکه‌یی، ئه‌هلی حه‌ق)انی کوردستانیش نه‌ریتی ناولێنان و کردن
به یارسانی هه‌یه و پێی ده‌گوتری"جه‌وزه‌شکاندن" و "جه‌وزه‌ی سه‌ر
شکاندن".
[9] هه‌زاران ساڵه مه‌سیحی و ئیسلام و ته‌واوی ئایینه‌کانی دیکه‌ی کوردستان،
پێکه‌وه ده‌ژین و هه‌موو خه‌ڵکانی سه‌ر به‌و ئایینانه ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندییه
ئایینییه‌کانی خۆیشیان پێڕۆ ده‌که‌ن و هیچ مه‌سیحییه‌کیش هه‌وڵی ئه‌وه‌ی نه‌داوه،
که موسوڵمانێک له ئایینه‌که‌ی وه‌رگێڕێت و بیکاته مه‌سیحی.
[10] هاوینی
1991، له‌گه‌ڵ "ناز"ی کچمدا چووینه ئێران و له‌وێشه‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستان، بۆ سه‌ردانی ماڵی خۆمان(باوک و دایک و خوشک و براکانم)، که به هۆی
کۆڕه‌وه‌که‌وه باشووری کوردستانیان جێهێشتبوو و په‌ڕیبوونه دیوی ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستان و له گوندی "مه‌نسووراغا" یا "مه‌سووراقا"ی نێوان
پاوه و کرماشان جێگیر بووبوون. له‌وێ به خزمه‌تی کۆمه‌ڵێک مرۆڤی باش و کوردپه‌روه‌ر
و دۆست و جوامێر گه‌یشتم و ناسیاویم له‌گه‌ڵدا په‌یدا کردن، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی، که
هه‌رده‌م له یادمن و گه‌وره‌ییان له بیر ناکه‌م و خۆشه‌ویستیم بۆیان هه‌یه و
سوپاسگۆیانم. یه‌کێک له‌و مێرخاسانه مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی مه‌لای مزگه‌وتی
گوند بوو. مامۆستایه‌کی شاره‌زا و خوێنده‌وار و ڕووناکبیر بوو. هه‌ر که به خزمه‌تی
گه‌یشتم، حه‌زی ده‌کرد له‌مه‌ڕ ئه‌وروپاوه هه‌ندێک پرسیارم لێ بکات و هه‌ندێکی بۆ
ڕوون بکه‌مه‌وه. هه‌ر له ده‌سپێکێشدا پێی گوتم:"من تا ڕاده‌ی ڕه‌دکردنه‌وه‌ی
هه‌موو شتێکی ئایینی ئیسلام و ئینکارکردنی بوونی خودایش له‌گه‌ڵتدا دێم و ده‌توانم گوێت بۆ ڕادێرم و قسه‌ت له‌گه‌ڵدا بکه‌م، وه‌لێ
که باس هاته سه‌ر شۆخیپێکردن و سووکایه‌تیپێکردن و سووکته‌ماشاکردن، ئیدی
ناتوانم بێده‌نگ بم و پێم قووت نادرێت".