به نێو جه‌رده‌ستان و به‌رتیلستاندا، به‌ره‌و کوردستان
مانگی ئه‌پریلی 2002، بۆ یه‌که‌م جار، به سووریادا
گه‌ڕامه‌وه بۆ باشووری کوردستان. پێشتریش دوو جاران به تورکیادا گه‌ڕاومه‌ته‌وه.
شه‌وێ کاتژمێر دوازده، له فڕۆکه‌خانه‌ی باژێڕی حه‌ڵه‌ب(حلب)، له فڕۆکه سووریاییه‌که
هاتمه خوارێ. تۆ هه‌ر، که دابه‌زیت و چوویته به‌رده‌م پۆلیسه‌کانی فڕۆکه‌خانه‌که،
ئیدی هه‌رچه‌نده بیست و ئه‌وه‌نده ساڵێکه له ئه‌وروپایت و پاسپۆرتی ئه‌وروپاییت
له باخه‌ڵدایه و له ئه‌وروپا، تۆ له هاووڵاتێکی[1] خۆیان،
جوێ ناکه‌نه‌وه و تۆ ئه‌وروپاییت، له‌وێ له سووریا، تۆ ده‌گه‌ڕێننه‌وه، بۆ هاووڵاتی
ئه‌و وڵاته سه‌گبابه (عیراق)ی، تۆ لێیه‌وه هه‌ڵاتوویت و هه‌رگیز به وڵاتی
خۆتت نه‌زانیوه و هه‌رگیزیش حه‌زت نه‌کردووه، جارێکی دیکه نێوت له‌گه‌ڵ نێویدا
بێت. ده‌تکه‌نه‌وه عیراقی، بێ ئه‌وه‌ی بۆ خۆت بته‌وێت. به بێ ویستی خۆت ده‌عیراقێندرێیت.
مرۆڤ له ڕاستیدا شه‌رمی به خۆی دێت و کۆڵێک له گه‌ڕانه‌وه‌یشی بۆ وڵات، په‌شیمان
ده‌بێته‌وه. وا ڕوویدا، چه‌ند که‌سێکی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، که ده‌گه‌ڕانه‌وه
بۆ سه‌ردانی که‌سوکاریان، له ده‌وروبه‌ری ڕانیه و قه‌ڵادزێ، هه‌ر له فڕۆکه‌خانه‌ی
حه‌ڵه‌به‌وه، بوون به هه‌ڤاڵی ڕێگه‌م و به‌و شه‌وه، ماشێنێکمان په‌یداکرد و
سواربووین، بۆ قامیشلوو. ده‌وروبه‌ری کاتژمێری پێنجی به‌یانی گه‌یشتینه قامیشلوو
و ده‌سبه‌جێ چووین بۆ هوتێلی میعمار(المعمار). نێوی هوتیلی میعمار، من هه‌ر له سوێده‌وه
وه‌رمگرتبوو و پێیان گوتبووم، که هوتێلێکی زۆر باش و خاوێنه. به‌شێکی زۆری ئه‌و
خه‌ڵکه‌یش ده‌گه‌نه قامیشلوو، ئه‌وانیش نێوی هه‌مان هوتێلیان پێ دراوه. بۆ پاسپۆرتی
سوێدی، ڤیزه‌ی نه‌ده‌ویست و له بری ئه‌وه ده‌بوو، له کن حیزبێکی کوردی، کاغه‌زێک
وه‌رگریت، بۆ ئه‌وه‌ی له قامیشلووه‌وه، له ڕێگه‌ی نوێنه‌ری ئه‌و حیزبه‌وه، دوای
پێوه‌ندکردن به موخابه‌راتی سووریاوه، بپه‌ڕیته‌وه، بۆ به‌ری
باشووری کوردستان. له وڵاتگه‌لێکی وه‌ک سووریا و ئه‌وانه‌ی کوردستانیان، له نێوان
خۆیاندا ئابڵۆقه داوه و به‌شیوه‌ته‌وه، به‌شێکی زۆری کاره‌کان، یا ڕه‌نگه هه‌مووی،
کاری موخابه‌راتییه و ئه‌وان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ته‌واوی ئه‌وانه‌ی، له حه‌ڵه‌به‌وه
بوونه هه‌ڤاڵم و ئه‌وانه‌یشی، له قامیشلوو بینیمن و میوانی ئه‌و هوتێله بوون
و ده‌چوونه‌وه باشووری کوردستان، ئه‌وانیش
وه‌ک من، هه‌موو کاغه‌زی پارتیی دیموکراتی کوردستان‌مان پێ‌بوو. ئه‌و خه‌ڵکه‌ی، به‌و
ڕێگه‌یه‌دا ده‌چنه‌وه کوردستان، به سه‌ر سنوورێکدا ده‌چن، که دیوی باشووری کوردستانه‌که‌ی،
له ژێر کۆنترۆڵی پارتیی دیموکراتی کوردستاندایه. له قامیشلوو، نوێنه‌رایه‌تیی
پارتیی دیموکراتی کوردستان هه‌یه و خانوویه‌کی زل و زه‌لامیان له‌بنده‌ستدایه و
چه‌ند که‌سێک، کاری تێدا ده‌که‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی له فیشخابوور بپه‌ڕیته‌وه، گه‌ره‌که
تۆ سبه‌ینێ زوو، له خه‌و ڕابیت و بێیته به‌ر ده‌رگه‌ی هوتێله‌که و سواری یه‌کێک
له‌و ئۆتۆمبیلانه بیت، که دێنه به‌رده‌م هوتێله‌که و که هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش
ته‌رخان کراون، بۆ ئه‌وه‌ی ببرێیت، بۆ باره‌گای پارتیی دیموکراتی کوردستان، که هه‌ر
چه‌ندسه‌د میترێک له‌وێوه دووره. شۆفێری ئۆتۆمبیله‌که 100 لیره‌یه‌کی سووریاییت
لێ ده‌ستێنێت. کاتژمێر 7ی به‌یانی، له به‌ر ده‌رگه‌ی باره‌گای پارتییدا، له‌ته‌ک یه‌ک
دوو که‌سی دیکه‌دا، ڕاوه‌ستام. پاش نێزیکه‌ی یه‌ک کاتژمێر، کارمه‌ندانی باره‌گای
پارتیی په‌یدا بوون. که وه‌ژوور که‌وتین و به‌یانی باشمان له‌و هه‌ڤاڵانه کرد و
دانیشتین، هه‌رکه‌سه‌و کاغه‌زی خۆمان خسته به‌رده‌ستی به‌رپرسیی پارتیی. پێش هه‌ر
شتێک، فۆتۆکۆپیی یه‌ک ڕووپه‌لی پاسپۆرته‌که‌ی کردین و هه‌ریه‌که‌و 50 لیره‌ی سووریایی،
بۆ ئه‌و فۆتۆکۆپییه، لێ وه‌رگرتین. پاشان ناوه‌کانمان بانگ کران. که ناوم خوێنرایه‌وه،
به‌رپرسی باره‌گاکه لێی پرسیم: "مامۆستا ناوی باوکت چییه؟"
گوتم:" فڵانه". ئه‌وجا گوتی: "مامۆستا ناوی داکت چییه؟". ئیدی
پرسیاره‌که‌م زۆر به لاوه سه‌یر بوو. گوتم: "قوربان ناوی ژنه‌که‌شمت ده‌وێت!".
گوتی:" مامۆستا جا بۆ پێتناخۆشه، ئه‌وه بۆ هه‌موو که‌سێکه". من ئه‌وه‌م
پێ ناخۆش نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پرسیار له من ده‌کات، به‌ڵکه ئه‌وه‌م پێ ناخۆش
بوو، که بۆ ئه‌و پرسیاره ده‌کرێت و بۆ ئه‌وان ناتوانن له‌و قاوغه‌ی تێیکه‌وتوون
و تێیدان ده‌رچن، یا هیچ نه‌بێت هه‌وڵی ده‌رچوون بده‌ن. ئه‌وه‌م پێ ناخۆش بوو، که
ئه‌وانیش ڕێک کاره‌کانی موخابه‌رات دووباره ده‌که‌نه‌وه و قسه‌کانی ئه‌وان ده‌ڵێنه‌وه
و به هه‌مان زمانی ئه‌وان ده‌په‌یڤن و له دید و بۆچوونی ئه‌وانه‌وه ده‌نۆڕنه جیهان
و تۆ و منێک، که چه‌ندین ساڵ جارێک ڕێمان ده‌که‌وێته ئه‌و ناوه، پشتی ملمان ده‌گرن و ده‌مانبه‌نه‌وه
خانه‌ی دوای دواوه، ده‌مانبه‌نه‌وه خانه‌که‌ی خۆیان. بۆ ئێمه ئه‌و کاره به
هیچ جۆرێک ئاسایی نییه، به‌ڵکه هه‌ڵه‌یه و هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یشه.
*****
له هوتێل میعمار، دوو شه‌و
مامه‌وه و پێشموایه زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که، بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کانی په‌ڕینه‌وه‌یان،
بۆ باشووری کوردستان جێبه‌جێ بکرێت، دوو شه‌و ده‌مێننه‌وه یا ده‌مێنرێنه‌وه. له
قامیشلووه‌وه بۆ سه‌ر ڕووباره‌که‌ی فیشخابوور و په‌ڕینه‌وه‌که، تۆ چه‌ندین ئۆتۆمبیل
ده‌گۆڕیت و چه‌ندین گله‌ت ساک و جانتات داده‌گیرێت و چه‌ندین پۆلیس و ئاساییش و
موخابه‌راتی سووریاییت تووش ده‌بن. سواربوونی ئه‌و ئۆتۆمبیلانه، که ڕێگه‌ی دووری
هه‌ندێکیان، له یه‌ک کاتژمێر و هی هه‌ندێکیشیان له چه‌ند خولکه‌یه‌ک زێتر نییه،
له سه‌ر تۆ دووهه‌زار لیره و پتر ده‌که‌ون. یه‌کێک له‌و شۆفێرانه‌ی، له‌گه‌ڵیدا
سواربووین، له وه‌رامی پرسیارێکی مندا، که بۆ ئه‌وه‌نده پاره وه‌رده‌گرن و که
گرانه، گوتی: "ب خودێ ته‌نێ هزاروپێنجسه‌د لیره بۆ منه، ئه‌وی دی بۆ وانه".
گوتم: "وان! ئه‌و کینه؟". گوتی:"ئه‌وی پارتیی".
ئۆتۆمبیلێک، که نۆ که‌سی سوار ده‌کرد و هه‌ریه‌که‌و هه‌زاروپێنجسه‌د لیره‌ێ ده‌دا،
که ده‌یکرده سیازده‌هه‌زاروپێنجسه‌د لیره، به قسه‌ی ئه‌و شۆفێره و خه‌ڵکانی دیکه‌یش
دوازده‌هه‌زاری بۆ پارتیی بوو. خه‌ڵک باسی ئه‌وه‌شیان ده‌کرد، که پارتیی ته‌نانه‌ت
له هوتێلکه‌یشدا به‌شدارن، هه‌ر بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه کوردستان ده‌بێ دوو
شه‌وێک تێیدا بمێنێته‌وه.
*****
دواشه‌وم له هوتێل میعمار، که ده‌بوو
بۆ سبه‌ینێ ئاماده بم، بۆ ده‌رچوون و په‌ڕینه‌وه‌ی فیشخابوور، ده‌وروبه‌ری کاتژمێری
2ی به‌یانی بوو، که چوومه ژووره‌که‌مه‌وه بۆ نووستن، یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی، له
هوتێله‌که‌دا کاری ده‌کرد و من له ماوه‌ی ئه‌و دوو شه‌و و ڕۆژه‌یدا، که له‌و هوتێله‌دا
بووم، ته‌نانه‌ت یه‌ک قسه‌یشم له‌گه‌ڵدا نه‌کردبوو، هاته نێو ژووره‌که‌وه و گوتی:"سه‌یدا،
تو به‌خشیشه‌ک نه‌دا مه!". گوتم: "چ به‌خشیش!". گوتی:"به‌خشیش،
به‌خشیش". گوتم:"دزانم به‌خشیش چییه، لێ چما به‌خشیش بدم ته".
گوتی:"چما نه‌دی، ما ئه‌ز نه کوردم". گوتم:"به‌لێ تو کوردی و کی
دبێژه کو تو نه کوردی، لێ نه ب ته‌نێ تو کوردی، وه‌ک تێت گۆتن نێزیا چه‌ل میلیۆن
کورد ل دنێدا هه‌نه، ئه‌گه‌ر ولۆ بێت، گه‌ره‌ک به‌خشیش بدم گش کورد، کێمانی کوردێن
کو ل ڤرن، ل ڤی هوتێلێ و ل ڤی باژێڕێ، ئێ ما ئه‌ز به‌رپسا ژیانا ته‌ڤ کوردامه؟".
*****
بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌و سنووره، به‌رپرسیی
پارتیی بۆ خۆی، له‌ته‌ک خه‌ڵکه‌که‌دا دێته سه‌ر سنووره‌که و له‌وێ لیستی
ناوه سیانییه‌کان ده‌داته ده‌ست، پۆلیس و ئاساییش و موخابه‌راتی
سووریاوه، که له‌و سه‌ر سنووره ڕاوه‌ستاون. ئه‌و به‌رپرسه، له‌ته‌ک پۆلیس و
ئاساییش و موخابه‌راته سووریاییه‌کاندا، وه‌ژوور ده‌که‌وێت و له‌گه‌ڵیاندا قسان ده‌کات
و داده‌نیشێت و پێده‌که‌نێت و خۆشی ده‌گوزه‌رێنێت. ئه‌و به‌رپرسه، ڕێک به جامبازێک
ده‌چێت، بڕکه‌کاوڕێک به جامبازێکی دیکه بفرۆشێت، یا به جامبازێکی دیکه‌یان بسپێرێت.
کارێکی، ئه‌و به‌رپرسه و خه‌ڵکانێک، که له پێوه‌ند و سه‌رسنوور و گومرکی ده‌سه‌ڵاتێکدا،
ئیدی ده‌وڵه‌ت بێت یا حیزب یا ده‌سته‌یه‌ک، ده‌یکه‌ن و ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و هه‌ڵسووڕێنه‌رن
تێیدا، زۆرجاران، ده‌یانخاته بار و ڕه‌وشێکه‌وه، که دووڕوویی و ده‌ستتێکه‌ڵکردن،
له‌گه‌ڵ ئاساییش و موخابه‌راتی وڵاتاندا، ده‌بێته کارێکی ئاسایی بۆیان. هه‌لومه‌رجی
ئه‌و جۆره کارانه، به‌رپرسان و هه‌ڵسووڕێنه‌ران و کارمه‌ندانێک، پێده‌گه‌یه‌نن و
دروست ده‌که‌ن، که کۆد و په‌ناوپێچ و لایه‌نه شاراوه‌کانی گه‌مه‌کان، هین ده‌بن
و تا دێت، به نێویدا شۆڕ ده‌بنه‌وه و قاچاخچێتی و ساخته‌کاری و خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن
و گیرفانپڕکردن و گه‌شه‌پێدان و پێشخستنی ماددی و ئابووری و تاکه‌که‌کی و که‌سه‌کی،
ده‌بنه ئامانج و له پێناویان‌دا، هه‌موو کارێک و هه‌موو ڕه‌وشتێک و هه‌موو هه‌ڵوێستێک
و هه‌موو ڕه‌وتارێک، پاساو ده‌درێن و ته‌نانه‌ت دووزمانی و هێنان و بردن و دان و
ستاندنی هه‌واڵ و زانیاری، له نێوان لایه‌ن و خه‌ڵکه جیاوازه‌کانیشدا، نه‌ک هه‌ر
ده‌بنه ئاسایی، به‌ڵکه ده‌شبنه مه‌به‌ست. له‌و سه‌ر سنووره، ته‌واوی خه‌ڵکه‌که
بانگ ده‌کرێن و دوای نێونووسین و ته‌ماشای پاسپۆرت و هه‌ندێک ورده پرسیاری دیکه،
کاغه‌زێک وه‌رده‌گرن، ئیمزایه‌کی به ڕه‌نگێکی پیرۆزه‌یی له سه‌ر کراوه و ئه‌و کاغه‌زه
ده‌برێت و ده‌درێته که‌سێکی دیکه و له‌و که‌سه‌ش، کاغه‌زێکی ئیمزاکراو، به ڕه‌نگێکی
سوور، وه‌رده‌گیرێت و له‌وێشه‌وه مرۆڤ، ده‌گاته که‌نار ڕووباره‌که و ئیدی سێ شه‌قاوێک،
له ئاوه‌که‌وه دووریت، له‌وێ، ڕێک له‌وێدا، دوو ئاساییشی سووریایی ڕاوه‌ستاون و
داوات لێ ده‌که‌ن، ساکه‌کانت بکه‌یته‌وه. تۆیش، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی سه‌رێشه‌ی کردنه‌وه
و داخستنی ساک نه‌بێت و وه‌ک نه‌ریت، سه‌د لیره‌یه‌کیان ده‌ده‌یتێ و ئیدی له کردنه‌وه‌ی
ساک، لێت خۆش ده‌بن. ئه‌وان له کردنه‌وه‌ی ساکدا، ته‌نێ مه‌به‌ستیان وه‌رگرتنی ئه‌و
پووڵه‌یه و هیچی دی.
*****
ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه سه‌یر و
سه‌مه‌ره بوو و ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه و تێیناگه‌م، ئه‌وه‌یه،
ناوی دایک و باوک، بۆچی ده‌پرسن! که‌سێک، پاسپۆرتێکی ئه‌وروپایی پێ بێت، بۆ ده‌بێ
به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه بکرێت! مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه،
پاسپۆرتی ئه‌وروپاییه شتێکی زۆر گرنگ بێت یا له پاسپۆرته‌کانی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه
پیرۆزتر بێت، به‌ڵکه گه‌ره‌کمه ئه‌وه بڵێم، که بوو وه‌ک وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه
نانۆڕنه ئه‌و پاسپۆرته و ڕه‌وتاری له‌گه‌ڵدا ناکه‌ن. ئه‌وه هیچ سووریاییه‌کان
و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ئه‌و ڕێژیمه عه‌ره‌بییانه‌ی ده‌وروبه‌ری کوردستان(سووریا و
عیراق)، سیستمی نێوی سیانی، واته: نێوی خۆت و باوک و باپیرت به‌کار ده‌به‌ن، باشه
کورد، که له 1991ه‌وه، بۆ خۆی فه‌رمانڕه‌وای خۆیه‌تی و به‌شێکی باشووری کوردستانی
له بنده‌ستدایه، بۆ نه‌یتوانیوه، له‌و بازنه‌ی ناوی سیانییه، بێته ده‌رێ و خۆی
لێ ڕزگار بکات! خۆ ده‌رچوون له‌و بازنه‌یه، ده‌کاته خۆجوێکردنه‌وه، له ڕێژیمه‌کانی
ده‌وروبه‌ر. ده‌رچوون له‌و بازنه‌یه، ده‌کاته پساندنی ئه‌و په‌ته‌ی، تۆ به‌و ڕێژیمانه‌وه،
گرێ ده‌دات. ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه جێی پرسیاره، ئه‌وا له منێکی، ئه‌وان(ڕێژیمه‌کانی
ده‌وروبه‌ری کوردستان و کورده‌کانی خۆیشمان) گوته‌نی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک عیراقی، داوای
نێوی باوک و دایک و چووزانم چی ده‌که‌ن، ئه‌دی چی به کابرایه‌کی سوێدی، چاوشین و
قژزه‌رد ده‌ڵێن، که پاسپۆرته‌که‌ی ئه‌وان و ئه‌وه‌که‌ی من، هێنده‌ی موویه‌ک جیاوازییان
نییه!. دیاره وه‌ها باسێک له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نایه‌ته گۆڕێ و پرسیاری وا شێتانه له‌و
ناکرێت، چونکه به‌وه، خۆ شه‌رمه‌زار ده‌که‌ن. پرسیاری وا شیتانه، له تۆ و من ده‌کرێت،
که ئێستایش ئه‌وان پێیانوایه ده‌بێ سوپاسگوزاریان بین، که قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن
و مۆرێکمان، بۆ له کاغه‌زێک ده‌ده‌ن. ده‌ردی ئه‌و ناوه سیانییه، هه‌ر که له فڕۆکه‌که‌وه
کاتێک له سووریا داده‌بزیت، ده‌ستپێده‌کات و ئیدی ناشبڕێته‌وه و هه‌ر له
باره‌گای پارتیی و قامیشلوو و سنووری سووریاوه، وه‌دووته‌وه‌یه تا ده‌چیته‌وه دیوی
باشووری کوردستان و جارێکی دیکه ده‌شگه‌ڕێیته‌وه سووریا و که سواری فڕۆکه‌که
بوویته‌وه و چوویته ئاسمان و به‌ره‌و سوێد گه‌ڕایته‌وه، ئیدی ئه‌وده‌م له کۆڵت
ده‌بێته‌وه و تۆ ده‌بیته‌وه هاووڵاته ئه‌وروپاییه‌که‌ی، که بوویت. له باشووری
کوردستانیش، تۆ خۆشت بێت و ترشت بێت، هه‌ر عیراقییت و تۆ هه‌رچه‌ندی
ئازاد جاف و تارا زه‌نگه‌نه و کامران به‌رواری و ژیان پاڵانی و نیاز هه‌ورامی و عه‌لی
فه‌یلی بیت، تۆ ده‌بیته‌وه، یا ڕاستتر ده‌کرێیته‌وه، ئازاد که‌ریم حه‌سه‌ن و
تارا قادر موحه‌ممه‌د و کامران جه‌ببار مه‌جید و ژیان عه‌لی عه‌بباس و نیاز موحسین
سه‌بوور و عه‌لی عه‌بولئه‌میر حوسه‌ین. ئیدی ئه‌وه له هوتێل، کارگێڕی و ته‌واوی
جێگه‌کانی دیکه‌ش هه‌ر وایه. تۆ هه‌رچه‌ندی هاوار بکه‌یت و گازنده بنوێنیت و ناڕه‌زایی
پێشان بده‌یت، به‌رپرسانی کوردستان، هه‌ر سوورن له سه‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌وه قانوونه
و ده‌بێ وابێت. بۆ ئه‌وه‌یان قانوون و قانوونبازیی، له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌خه‌نه گه‌ڕ،
لێ له سه‌دان شتی دیکه‌ی یه‌کجار پێویست و چاره‌نووسساز و به که‌ڵکدا، ئه‌وه‌ی پێی
ده‌گوترێ قانوون، ئه‌وان پێڕۆی ناکه‌ن و هه‌ر به لاییشیدا ناچن. من بۆ خۆم زۆرجاران،
بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر نێوی سیانی، بۆ تۆ و منی بێده‌سه‌ڵات به‌کار ده‌به‌ن
و به‌سه‌رماندا ده‌یسه‌پێنن، ئه‌دی بۆ ده‌ڵێن مه‌سعوود بارزانی، جه‌لال تاڵه‌بانی
و ناڵێن مه‌سعوود موسته‌فا، جه‌لال حیسامه‌ددین؟ پێموایه ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی کورد،
ده‌کرا و ده‌کرێ، بیریک له‌و سیستمه دزێوه‌ی ناوه سیانییه، بکاته‌وه و هه‌وڵدات
وه‌لای نێ. ئه‌و سیستمی ناوی سیانییه، له عیراقی ڕێژیمی به‌عسدا هه‌یه و یه‌کێکه
له دزێوییه‌کانی به‌عس و ڕێژیمی عیراقی عه‌ره‌بی و به وه‌لانانی ئه‌و سیستمه، کورد
بۆ خۆی و به شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی و سروشتی، ئه‌گه‌ر به ڕاستی ده‌یه‌وێت و پێیخۆشه،
له عه‌ره‌به‌کانی ده‌وروبه‌ری جوێ ده‌بێته‌وه و به‌وه‌ش له جیهانی هاوچه‌رخه‌وه
نێزیک ده‌بێته‌وه و ئه‌گه‌ر گاڤێکیش نه‌بێت، چه‌ند سه‌نتیمیترێک له ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆییه‌وه
نێزیک‌تر ده‌بێته‌وه.
*****
ته‌واوی ئه‌و سووکایه‌تیپێکردن و
نزمته‌ماشاکردنه‌ی، به مرۆڤی کورد ده‌کرێت، به‌به‌رچاو و به پێزانینی، به‌رپرسانی
کورده‌وه ده‌کرێت و ئه‌وان بۆ خۆیشیان، به بێده‌نگی و متبوونیان و ده‌رنه‌بڕینی،
هیچ جۆره ناڕه‌زایی و ڕه‌خنه‌یه‌ک، به‌شێکن له‌و ده‌سگا و ده‌سه‌ڵاتداریانه‌ی، ئه‌و
وڵاتانه‌ی، ئه‌و به‌زمه به خه‌ڵکی کورد ده‌که‌ن. ئه‌وان بۆ خۆیان، کاره‌کانیان به
هاسانی بۆ ئه‌نجام ده‌درێت و هه‌رگیز، ئه‌و به‌زمه‌ی به تۆ و منی ده‌که‌ن، به‌وانی
ناکه‌ن. یه‌کێکم، له‌و که‌سانه‌ی که ساڵانێکه
خه‌ریکی کاری بازرگانییه و هاتوچۆی کوردستان ده‌کات و له ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانیشه‌وه
نێزیکه، تووش بوو. باسی سه‌رێشه‌ی ئه‌و ڕێگه‌یه و گه‌ڕانه‌وه‌ی کوردستانم بۆ کرد،
گوتی:"جا تۆ بۆ وه‌ک من ناکه‌یت!". گوتم:"چی بکه‌م؟". گوتی:"شه‌وێ
به ئاسووده‌یی له هوتێل له شام بخه‌وه و هه‌ر له هوتێله‌که‌یشه‌وه، له ڕێگه‌ی
به‌رپرسه‌که‌یه‌وه، تاکسسیه‌ک بگره و یه‌کسه‌ر سواری به، تا سه‌ر ئاوه‌که و له‌وێشه‌وه
بێ ڕاوه‌ستان یه‌کسه‌ر بپه‌ڕه‌وه". گوتم:"کاکه تۆ به پاره ئه‌و به‌زمه
ده‌که‌یت و ڕه‌نگه حیسابی به‌رپرس و ئه‌و به‌زمانه‌شت بۆ بکه‌ن، ئیدی ئه‌وه کاره‌که‌ت،
هه‌ر زۆر هاسانتر ده‌بێت، لێ ئه‌وه بۆ من و منانی دیکه ناکرێت و تا ده‌گه‌ینه سه‌ر
ئاوه‌که، سه‌دجاران نێوی دایک و باوکمان داوا ده‌که‌ن و سه‌دجاران ده‌بێ سه‌دلیره‌یی
بجرنگێنین و سه‌دجاران ده‌بێ ڕووبه‌ڕووی موخابه‌رات و ئاساییش و پۆلیس ببینه‌وه و
ئاماده بین، بۆ وه‌رامدانه‌وه‌ی هه‌موو پرسیارێک و به‌جێهێنانی هه‌موو فه‌رمایشتێکیان.
تۆ و ئه‌وانه‌ی وه‌ک تۆ تووشی ئه‌و به‌زمانه نابن".
*****
له‌وبه‌ری ئاوه‌که‌وه،
که ئیدی باشووری کوردستانه و ده‌سه‌ڵاتی پارتیی تێدایه، له‌وێش گومرک و کۆنترۆڵی
پاسپۆرت و ئه‌و کارانه ئه‌نجام ده‌دران. له هۆڵێکدا، که ده‌بوو چاوه‌نۆڕی ڕیز و
نۆره‌ی خۆمان بکه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌ک بده‌ین و مۆر له کاغه‌ز و پاسپۆرت و
شته‌کانمان بدرێت و پاشان وه‌ڕێکه‌وین، هه‌ر زه‌لام بوو و خۆی پێدا ده‌کرد و نۆره‌بڕی
له‌و خه‌ڵکه ده‌کرد. ئیدی به چ ناوێکه‌وه ئه‌و کاره‌یان ده‌کرد، من بۆ خۆم نه‌مده‌زانی،
لێ ئه‌وه‌م ده‌زانی، ئه‌وانه به‌رپرس و ده‌ستڕۆیشتوون، یا ناسیاوی کارمه‌ندانی ئه‌و
شوێنه‌ن. دیاره ئه‌و دیارده‌یه(نۆره‌بڕین)، ته‌نێ له‌و جێگه‌یه‌دا نییه و ته‌نێ
ئه‌وانه نیین
ده‌یکه‌ن و ته‌نێ ئێمه‌یش نیین
لێمان ده‌کرێت، به‌ڵکه ئه‌وه له وڵاتی ئێمه و هه‌موو ڕۆژه‌هه‌ڵاتدا باوه. له
وڵاتی ئێمه، هه‌رچه‌نده به‌رپرسان و ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی جڤاک هاوار ده‌که‌ن، که
قانوون له
سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌یه و هه‌رگیز که‌سێک به ناقانوونی پێش که‌سێکی دیکه نا‌خرێت،
لێ ئه‌وه ته‌نێ قسه‌ی سه‌ر کاغه‌ز و سه‌ر زارانه. هیچ به‌رپرس و کارمه‌ندێک، ئه‌و
قسه‌یه جێبه‌جێ ناکات و هه‌موو له به‌رده‌م به‌رپرسێک یا کارمه‌ندێکی، له خۆ باڵاتردا،
داده‌نه‌وێنه‌وه و له خودایان ده‌وێت خزمه‌تێکی پێ بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر ئه‌وانیش
پاداشته‌که‌ی وه‌رگرنه‌وه. له‌و شوێنه‌دا، من بۆ خۆم، هه‌روا له‌به‌ر خۆمه‌وه و
له‌ته‌ک دوو
سێ که‌سدا، که ئه‌وانیش له ئه‌وروپاوه گه‌ڕابوونه‌وه و وه‌ک من چاوه‌نۆڕی ئه‌نجامدانی
کاره‌که‌یان بوون، هه‌ندێک بۆڵه‌بۆڵ و گازنده‌م کرد. ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه سه‌یر
و جێی پرسیار بوو، ئه‌وه بوو، یه‌ک دووانێک له‌وان، داکۆکی‌یان له ڕه‌وشه‌که ده‌کرد
و ده‌یانگوت، ده‌ی ئه‌وه له هه‌موو شوێنێک وایه و مرۆڤ نابێت قسان بکات و ده‌بێ
به‌وه‌ی قایل بین. من ته‌نێ ئه‌وه‌م وه‌بیرهێنانه‌وه، که ئه‌وان بۆ خۆیان چه‌ندین
ساڵه له ئه‌وروپا ده‌ژین و له ئه‌وروپایش، دیارده‌ی له‌و جۆره هه‌رگیز نییه و
نابینرێت و ئه‌و دیارده‌یه‌ش، دیارده‌یه‌کی خراپه، ده‌ی باشه ئیدی بۆ ئێمه، له
ئاست دیارده‌ی خراپ‌دا، بێده‌نگ بین و هه‌وڵ نه‌ده‌ین ئه‌و جۆره دیارده ناحه‌ز و دزێوانه
لابه‌ین و بیر له گۆڕان بکه‌ینه‌وه، نه‌ک هه‌ر له سه‌ر هه‌مان هێڵی سه‌دان ساڵه‌ی
هه‌ڵه بڕۆین.
*****
په‌ری کچم و من، ساڵانه
وه‌ک نه‌ریتێک، هه‌ر زۆر زوو و پێش 1ی مه‌ی(ئایار)، جه‌ژنی کارکه‌ران(کارگه‌ران،
کرێکاران)، خۆمان بۆ ڕێپێوانی 1ی مه‌ی ئاماده ده‌که‌ین. هه‌ردووکمان ئێستاش و هه‌موو
ده‌مێک، ئه‌و ڕۆژه‌مان به‌لاوه گرنگه و به‌شداربوونی جه‌ژن و ئاهه‌نگه‌کانیمان به‌لاوه
پێویسته و به ڕۆژێکی پیرۆزی ده‌زانێین. له شاری ستۆکهۆڵم، چه‌ندین ڕێپێوان،
به‌و بۆنه‌یه‌وه ده‌کرێت. سۆسیال دیموکراته‌کان و پارتیی چه‌پ و کۆمۆنیسته ستالینیست و ماویسته‌کان
و کۆمۆنیسته ترۆتسکیسته‌کان و سه‌ندیکالیست و ئه‌نارکیست
و چه‌ندین ده‌سته‌ی چه‌پی دیکه و هه‌ر ده‌سته و کۆمه‌ڵێک بۆ خۆیان و به جوێ، ڕێپێوان
و خۆپێشاندان ده‌که‌ن و جه‌ژن ده‌گێڕن. سه‌رله‌به‌یانی 1ی مای، پاش خواردنی نانی به‌یانی،
په‌ری و من، له ماڵ وه‌ده‌رده‌که‌وین و شه‌مه‌نده‌فه‌ری کاتژمێری 11،35 خولکه ده‌گرین
و کاتژمێر دوازده، ده‌گه‌ینه ناوه‌ندی شاری ستۆکهۆڵم، ئه‌و جێیه‌ی، که پێی ده‌گوترێ
سه‌رگڵستۆری (Sergels
torg) و له‌وێ له‌گه‌ڵ هاوڕێ سه‌ندیکالیست و ئه‌نارکیسته‌کانماندا، که
ئێمه ساڵانه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ڕێپێوان و جه‌ژنی 1ی مای ده‌که‌ین، تێکه‌ڵ ده‌بین
و له‌گه‌ڵ ئه‌واندا و به نێو شه‌قامه جوان و خاوێنه‌کانی شاری ستۆکهۆڵمدا، ده‌ست
به خۆپێشاندان و ڕێپێوان و هاتوهاوار و ده‌نگه‌ده‌نگ و بژی و بڕووخی، ده‌که‌ین و
به به‌رده‌م کۆشکیی شادا تێده‌په‌ڕین، تا له ستوورتۆریه‌ت (Stortorget)ه‌وه، که مه‌یدانێکه له که‌ونه‌شار (Gamla stan)، سه‌ر ده‌ر ده‌که‌ین و له‌وێ، خڕ ده‌بینه‌وه و ئیدی ده‌ست ده‌کرێت
به قسه و گوتارخوێندنه‌وه و گۆرانیچڕین و مۆسیقاژه‌ندن، تا
دره‌نگانێک و پاشان، به سروودی ئینته‌رناسیۆنالیزمیش کۆتایی به‌و ڕێپێوانه دێت.
شه‌وی 30/4/2002 و سه‌رله‌به‌یانی 1ی ئایاری 2002، له هه‌ولێر بووم. که له خه‌و
ڕابووم، ئه‌و به‌ڵێنه‌م هاته‌وه یاد، که به "په‌ری" کچم دابووم، که
ئه‌و له ستۆکهۆڵم بچێته ڕێپێوانه نه‌ریتییه‌که‌ی 1ی مای خۆمان و منیش له کوردستان
بچمه ڕێپێوانی 1ی مای. پێموابوو مادامه‌کی 1ی ئایاره، ئێستا ئیدی ده‌نگه‌ده‌نگ و
هاتوهاوار، به‌رز ده‌بێته‌وه و هه‌زاران کارگه‌ر و بێکار و پرۆلیتاریا و ڕه‌شایی
و وه‌رزێر و ده‌ستفرۆش و هه‌ژار و چه‌وساوه و خه‌ڵکانی سه‌ر به به‌ره‌ی چه‌پ، دێنه
سه‌ر جاده و ڕێپێوان ده‌که‌ن و ده‌قیڕێنن و هه‌موو هه‌ولێر، له ژێر پێیاندا ده‌هه‌ژێنن،
لێ هه‌ولێر نووستبوو و جووکه‌ی له خۆی بڕیبوو و هه‌ر ده‌تگوت له وڵاتێکدای، وشه‌ی
کارگه‌ر و 1ی مای، قه‌ده‌غه‌ن و خه‌ڵکیان له سه‌ر هه‌ڵده‌واسرێت. هه‌ر ده‌تگوت له
عه‌ره‌بستانی سعوودی، ڤاتیکان، یا هه‌ر وڵاتێکی دیکه‌ی دیکتاتۆری و فاشیستیت. ئه‌وه‌ی
نیشانه‌ی 1ی مای و باسی 1ی مای و نموونه‌ی 1ی مای بێت، له هه‌ولێر، که شارێکی یه‌ک
میلیۆنی زیاتره، وه‌دی نه‌ده‌کرا. هه‌ستم به خنکان ده‌کرد و هه‌ناسه‌م ته‌نگ ده‌بوو
و وامده‌زانی خودانه‌خواسته، فێڵێکم له په‌ری کچم کردووه و خاپاندوومه.
چێشته‌نگاوێک، له‌ته‌ک
"سڵێمان"ی برامدا، به‌ره‌و سلێمانی
به‌ڕێکه‌وتین. له ده‌وروبه‌ری کۆیه و له سه‌ر گردێک، هه‌ندێک په‌ڕۆی هه‌ڵواسراو،
که به درشت هه‌ندێکیان له سه‌ر نووسرابوون
و چه‌ند ئۆتۆمبیلێک و چه‌ندین که‌سمان دیت، که له نێو گیا و گوڵاڵه‌ی به‌هار و سه‌وزاییدا،
خوانیان لێ ڕاخستبوو و لێی دانیشتبوون و دۆڵمه و یاپراخ و برنج و کفته و شفته‌یان
ده‌خوارد. ئه‌وانه خه‌ڵکانی سه‌ر به حیزبی کۆمۆنیستی کوردستانی عیراق بوون، که
1ی مای له کنیان، بووبوو به سه‌یرانێکی ئاسایی، وه‌ک هه‌موو سه‌یرانه هه‌ینییه‌کانی
به‌هارانی کوردستان. له ڕێپێوان و دروشمبه‌رزکردنه‌وه و ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات
و هاوار و ده‌نگه‌ده‌نگه‌وه، له پێناوی ڕه‌وشێکی باشتر، بۆ کارگه‌ر و چه‌وساوه
و هه‌ژارانی جڤاک، 1ی مای بووبووه دۆڵمه‌خواردن و خوانڕازاندنه‌وه. له ده‌وروبه‌ری
دووکان، عه‌شاماتێکی فره، له نێزیک زه‌ریاچه‌که، خڕبووبوونه‌وه، وه‌ک دواتر
زانیم و له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه باس کرا، مه‌لا به‌ختیار، هه‌ندێک خه‌ڵکی به‌رپرس و
ده‌ستڕۆیشتوو و ده‌سه‌ڵاتدار و کارمه‌ند و سه‌رانی سه‌ندیکای خڕکردبووه‌وه و
بردبوونی بۆ ئه‌وێ، بۆ ئاهه‌نگی جه‌ژنی 1ی مای. دیار بوو، ته‌نێ هه‌ولێر نه‌بوو نووستبوو،
سلێمانی و ته‌واوی باژێڕه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، خڕ نووستبوون. من پێموابوو،
له 1ی مایدا، له کوردستان، جاده ده‌بێته جاده‌ی سه‌ندیکاکان و میلیۆنان کارگه‌ر
و دۆستانیان، جاده داگیر ده‌که‌ن و داخوازی و ویسته‌کانیان، ده‌خه‌نه پێش چاوی ده‌سه‌ڵاتداران
و به تۆبزییش بێت، به سه‌ریاندا ده‌یانسه‌پێنن، لێ مخابن، وا نه‌بوو وه‌ک من چاوه‌ڕوان
بووم و وایش نه‌بوو وه‌ک په‌ری کچم ده‌یویست. من شه‌رمم به خۆم ده‌هات و بیرم له‌وه
ده‌کرده‌وه، ئه‌و باسه چۆن بۆ په‌ری بگێڕمه‌وه و چۆنی تێگه‌یه‌نم، که به‌ڵێنه‌که‌ی
پێمدابوو، نه‌مهێناوه‌ته جێ. شه‌وێ ته‌له‌فۆنم بۆ سوێد کرد و له‌گه‌ڵ په‌ریدا قسه‌م
کرد. ئه‌و باسی ڕێپێوانه‌که‌ی خۆی و خۆمانی(منیش، هه‌رچه‌ند له‌وێ نه‌بووم، لێ وه‌ک
گیان و هه‌ست له‌گه‌ڵیاندا بووم) بۆ کردم و منیش پێم گوت: "په‌په‌گیان، لێره
نه‌ک هه‌ر ڕێپێوان نییه و نه‌کرا و ناکرێت، باسی 1ی مای، له کودیی ته‌ڕیشدا ناکرێت
و که‌س هه‌ر بیریشی لێ ناکاته‌وه، با بێمه‌وه، ساڵێکی دی، بۆ خۆمان وه‌ک جاران ده‌چین
و ده‌یکه‌ن، به هه‌را و به‌زم و ده‌نگه‌ده‌نگ. خوا ئه‌مانه‌ی ئێره شه‌رمه‌زار کات
وا منیان شه‌رمه‌زاری تۆ کرد". په‌ری کچم هه‌رچه‌نده به قسه‌کانم قایل بوو،
لێ کۆڵێکی به‌لاوه سه‌یر بوو و پێکه‌نینی به باسه‌که ده‌هات. ساڵانێکی پێش ئێستا،
من بۆ خۆیشم پێکه‌نینم به وه‌رامی دۆستێکم ده‌هاته‌وه، که هه‌ر پێوه‌ندی به 1ی
مایه‌وه هه‌بوو. 1997 و بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێک، له فرۆشگه‌یه‌کی گچکه‌ی دۆستێکمدا،
له ستۆکهۆڵم، هه‌فته‌ی چه‌ند ڕۆژێک و ڕۆژی سێ چوار سه‌عاتێک، وه‌ک کرێکار کارم ده‌کرد.
کاک کاروان، هاوڕێیه‌کی گه‌نج و ڕووخۆش
و ده‌مبه‌پێکه‌نین، ئه‌ویش وه‌ک کرێکار له کارگه‌یه‌کی نان چێکردندا
کاری ده‌کرد
و سبه‌ینانی زوو، به ئۆتۆمبیلێک نانی گه‌رمی له کارگه‌که‌وه، ده‌هێنا و به سه‌ر کۆمه‌ڵێک فرۆشگه‌دا ده‌یبه‌شییه‌وه و بۆ ئێمه‌یشی ده‌هێنا.
ڕۆژی پێش 1ی مای ئه‌و ساڵه، ئه‌و هاوڕێیه، هات و دوای به‌یانی باش و چاک و خۆشی،
پێم گوت، که سبه‌ینێ کار ده‌کات یا نه؟ گوتی:"ئه‌ی بۆ کار ناکه‌م!".
گوتم:"سبه‌ینێ 1ی مایه، چۆن کار ده‌که‌یت؟". گوتی:"1ی مای چییه؟".
گوتم:"1ی مای جه‌ژنی کارکه‌رانه". گوتی:"جا با جه‌ژن بێت، من چی بکه‌م؟".
گوتم:"کرێکار له‌و ڕۆژه‌یدا نابێ کار بکات، ئه‌دی ناچیته خۆپێشاندان و ڕێپێوان؟".
گوتی:"بۆ چی بچمه خۆپێشاندان و ڕێپێوان؟". گوتم:"به بۆنه‌ی ئه‌و
جه‌ژنه‌وه و دژی سه‌رمایه‌دار و سه‌رمایه‌داری". گوتی:"جا بۆ ئه‌وه بکه‌م؟".
گوتم:"بۆ ئه‌وه‌ی کرێکار نه‌چه‌وسێنرێته‌وه و بار و ڕه‌وشی کرێکار باش و
باشتر بێت و به هه‌موو مافێکی خۆی بگات". گوتی:"تووخوا وازم لێ بێنه و
من تاقه‌تی ئه‌و به‌زمه‌م نییه. لێمانگه‌ڕێ با کاره‌که‌مان لێ نه‌سێننه‌وه و نانیشمان
نه‌بڕن".
*****
کفری، که یه‌کێکه له
که‌ڤنترین باژێڕه‌کانی کوردستان و ده‌که‌وێته ده‌ڤه‌ری گه‌رمێن، هه‌رده‌ڵێی تاسێنراوه
و ده‌ستخراوه‌ته سه‌ر گه‌رووی و ڕێگه‌ی هه‌ناسه‌دان و وه‌رگرتنی لێ قه‌ده‌غه کراوه.
کفری، که له‌وه‌تی کورد هه‌بووه و له‌وه‌تی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد هه‌بووه، یه‌کێک
له به‌خشنده‌ترین و شۆڕشگێڕترین و بوێرترین و قاره‌مانترین، باژێڕ و ناوچه‌کانی کوردستان
بووه. کێ هه‌یه نێوی: ئیبراهیم خانی ده‌لۆ و عه‌به‌ئامه و حه‌سیب خوسره‌و و ئه‌حمه‌دی
حاجی سه‌مین و....ی نه‌ژنه‌فتبێت و کێ هه‌یه جه‌نگگێڕانی قاته‌کانی کفری نه‌یه‌ته‌وه
یاد و زانیارییه‌کی له‌مه‌ڕ خه‌باتگێڕان و وڵاتپارێزانی کفرییه‌وه نه‌بێت! کفری، که
سه‌رده‌مانێک نێوه‌ندی ئابووریی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان بوو و ڕۆژانه سه‌دان کاروان و
سه‌دان ئۆتۆمبیلی خه‌ڵکهه‌ڵگر و بارهه‌ڵگر، هه‌زاران خه‌ڵک و دانه‌وێڵه و به‌رهه‌می
کشتوکاڵی و ئاژه‌ڵی، له شێروانه و شاکه‌ل و زه‌نگابات و هه‌رده‌ی زه‌نگنه و بنه‌ی جافه‌وه، بۆ ده‌گوازرایه‌وه
و به سه‌دانیشی لێوه ده‌گوازرایه‌وه، بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌رانه و که‌رکووک و به‌غدا
و سه‌دانیش به شه‌مه‌نده‌فه‌ر، که ئه‌و سه‌رده‌مانه، که‌م که‌س و که‌م شوێن، شه‌مه‌نده‌فه‌ریان
دیتبوو و له‌گه‌ڵیدا ژیابوون، بۆی ده‌هاتن و لێیه‌وه وه‌ده‌رده‌که‌وتن. کفری، سه‌رده‌مانێک
بنکه‌ی فه‌رهه‌نگیی و خوێنده‌واری، ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان بوو و سه‌دان خه‌ڵکی ڕووناک‌بیری
تێدا نیشته‌جێ بوون و هه‌زاران خوێندکاریش، له ته‌واوی گونده‌کانی گه‌رمیانه‌وه ڕوویان
تێده‌کرد، بۆ درێژه‌پێدانی خوێندن. کفری، فێرگه‌ی کوردایه‌تی و شۆڕش بوو و مه‌کۆی
خه‌باتگێڕانی دژی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی بوو. کفری، ئێستاکه،
دوای له‌توپه‌تکردنی که‌رکووک و دابڕینی له که‌رکووک و قوتکردنه‌وه‌ی که‌لار، وه‌ک
نێوه‌ندێکی کارگێڕی و ئابووریی گه‌رمیان، له که‌لاوه و وێرانه‌یه‌ک زیاتر هیچی دیکه
نییه. که‌لار، که حوکوومه‌تی به‌عس قوتی کرده‌وه و گه‌وره‌ی کرده‌وه و بایه‌خی
پێدا و کردی به شار، له سه‌ر حیسابی لاوازکردن و تاساندن و مراندنی، که‌رکووک(که
کفرییش به‌شێک بوو لێی)، کرا. ئه‌وه‌یان سیاسه‌تی به‌عس بوو، لێ سیاسه‌تی فه‌رمانڕه‌وایانی
ئێستای کفری و گه‌رمیان و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، هێشتا درێژه‌پێدانی ئه‌و
سیاسه‌ت و نه‌خشه‌یه‌ی به‌عسه. ئه‌وانیش، بۆ خۆیان گرنگیی به که‌لار ده‌ده‌ن و که‌لاریان
پێ شته و کفری بۆ ئه‌وان هیچ گرنگییه‌کی نییه. ئه‌و گرنگییدانه‌یان
به که‌لار، وه‌نه‌بێ کارێکی نوێ بێت و هه‌وڵێکی هه‌نووکه‌یی بێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی
ئێستا بۆ خۆیان ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کیان له که‌لاردا هه‌س و هه‌ر له سه‌رده‌می
دروستبوونیانه‌وه، وه‌ک هێزێکی سیاسیی له 1964ه‌وه، ئیدی که‌لار یه‌کێک له پێگه
و بنگه و بنکه و مه‌کۆ و نێوه‌ندی کار و چالاکیی سیاسی و له‌شکرییان
بووه. دیاره هه‌ر وه‌ک نۆستاڵژیا و پێزانینێک، ئه‌و گرنگییدانه‌یان
به که‌لار، له‌کن مه‌به‌سته. بازاڕه درێژه‌که‌ی
کفری، که قه‌یسه‌رییان پێ ده‌گوت، سه‌رده‌مانێک پڕ بوو له ژیان و ڕۆژانه به سه‌دان
هه‌زار دیناری زه‌مانی خێر، ڕه‌نگه میلیۆنیش، بازرگانیی تێدا ده‌کرا و کڕین و فرۆشتنی
تێدا ئه‌نجام ده‌درا، ئێستاکه داته‌پیو و وێرانه‌یه و داری به‌سه‌ر به‌ردییه‌وه
نه‌ماوه. ئێستاکه، نه خوێندکار و نه گوندی و نه بازرگان و نه سیاسی و نه شۆڕشگێڕ،
هیچیان ڕوو ناکه‌نه کفری و کفری هیچ که‌سێک ئاوڕی لێ ناداته‌وه. باوه‌شاسوار و
باخی پاشا و قه‌ره‌ئۆغڵان و پیره‌گۆم و ئه‌وبه‌ر و ئیمام محه‌مه‌د و قشڵه و گه‌ڕه‌کی
عه‌جه‌مه‌کان و باخی قازی و دارکناره‌که و...که‌س هه‌ر به خه‌یاڵیدا نایه‌ن. کێ
هه‌یه، خدرکووزه‌چی و شێخ فازیل و سه‌لمه‌قه‌سساب و حه‌مه‌کوێر و عه‌باس ده‌لاڵ و
ڕه‌فعه‌ت چایچی و خورشید که‌بابچی و ئه‌دوه‌ر و مسته‌فا سه‌یهوود و...ی بیر بێته‌وه؟
ئه‌وانه مه‌گه‌ر ته‌نێ، خه‌ڵکه ڕه‌سه‌نه‌که‌ی کفری، بۆ خۆیان بیریان بێنه‌وه، ده‌نا
ئه‌وڕۆ، کێ به‌ته‌نگ وه‌ها شوێن و وه‌ها ناو و وه‌ها خه‌ڵکانێکه‌وه‌یه! کفری، ئێستاکه
له سه‌ره‌مه‌رگدایه و توانستی هه‌ناسه‌دان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی نه‌ماوه و ها ئه‌وڕۆ
و ها سبه‌ی ته‌واو بوو. کفری ئێستا وێرانستانێکه، که‌لاوه‌ستانێکه، هه‌ر ده‌ڵێی
تازه له بۆمببارانی جه‌نگێکی جیهانیی هاتووه‌ته ده‌رێ. یه‌کێک له‌و دیارده سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ی،
ئه‌وڕۆ له کفریدا په‌یدا بووه و ڕه‌نگه له هیچ شوێنێکی دیکه‌ی کوردستان و جیهاندا
نه‌بێت، دیارده‌ی قاچاخچێتییه‌کی یه‌کجار نائاساییه. قاچاخچێتییه‌کی نه‌ک ئاسایی
و نه‌ریتی، به‌ڵکه به شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌ره‌ڕۆیانه و دژوار و ترسناک. کفری، له
بازگه و کۆنترۆڵ و له‌شکر و چه‌کداری حوکوومه‌تی به‌عسی عیراقه‌وه، ته‌نێ چه‌ندسه‌د
میترێک دووره. حوکوومه‌ت له کارێزه، که ئاواییه‌کی نێزیکی کفرییه. ده‌مه‌وئێواران
و ئیدی که تاریکه دادێت، ده‌یان لۆرییه شڕ و جیپه کۆن و شکاو و پیکاپه داڕزاو،
که له
هیچ شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا، باویان نه‌ماوه، ته‌نێ له کفری نه‌بێت، ده‌یان که‌س،
سواریان ده‌بن و ڕێی هاتونه‌هاتی به‌ره‌و خوار ده‌گرنه به‌ر. به‌ره‌و ئه‌ودیو
سنووری کوردستان(حه‌مرین) و به‌ره‌و ده‌شتی عزێم، ده‌که‌ونه ڕێ. ئه‌مانه‌ی ده‌ڕۆن
بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره، ته‌واویان، لاوانێکی پڕ له گه‌نجایه‌تی و پڕ له وزه و هێزدار
و پڕ له هیوان. ئه‌مانه ده‌چن له‌و عه‌ره‌بستانه، چه‌ک، هه‌موو جۆره چه‌کێک،
پارچه ئاسن و ئه‌له‌منیۆم و نه‌وت و شتی دیکه ده‌کڕن و ده‌یانهێننه‌وه بۆ کفری
و له‌وێوه به‌ملا و به‌ولای ده‌فرۆشن. ئه‌م لاوانه، هه‌ر وا و به ده‌ستی په‌تی
ناڕۆن، به‌ڵکه به ته‌واوی ته‌داره‌ک و ئاماده‌ییه‌وه، ڕوو ده‌که‌نه ئه‌و ده‌ڤه‌ره
و به‌ره‌و ئه‌و کاره ده‌ڕۆن. هه‌ریه‌که‌و چه‌ندین پارچه چه‌ک له‌ته‌ک خۆیاندا ده‌به‌ن.
له تفه‌نگی ئاسایی و نه‌ریتییه‌وه بیگره تا کڵاشنیکۆف و ئار.پی.جی و بی.که‌ی.سی
و جۆری دیکه. ئه‌م لاوانه، که ده‌ڕۆن، خۆیان بۆ هه‌موو شتێک، دژوارترین شت، شه‌ڕ
و پێکدادان، برینداربوون، گرتن، کوشتن، ئاماده ده‌که‌ن و که تووشی ئه‌و ڕه‌وشه‌یش
بوون، ئه‌مانیش وه‌ک به‌رانبه‌ره‌کانیان ده‌ست ناپارێزن و تا دوافیشه‌ک و دواکه‌س و دواهه‌ناسه، داکۆکی
له خۆیان ده‌که‌ن و ده‌کوژن و ده‌کوژرێن و تێدا ده‌چن. ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی ئه‌م لاوانه
ده‌یکه‌ن، وه‌نه‌بێت به ڕۆژێک ته‌واو بێت، جاری وا هه‌یه، چه‌ند ڕۆژێک ده‌خایه‌نێت.
ئه‌مانه به ته‌نیشت ده‌یان بازگه‌ی حوکوومه‌ت و له‌شکر و پۆلیس و جاشدا، تێده‌په‌ڕن
و تووشی سه‌دان به‌زم ده‌بن. تا ئێستا سه‌دان که‌سی، خه‌ڵکی کفری، خه‌ڵکانێکی لاو
و له ده‌سپێکی ته‌مه‌ندا، له پێناوی په‌یداکردنی ئه‌و نانه‌ی، که بۆ ئه‌وان له
گه‌رووی شێردایه و بۆ هه‌ندێکیش له سه‌ر خوان ڕازاێنراوه‌ته‌وه و بۆ خۆی دێته
به‌رده‌ستیان و هه‌میشه ئاماده‌یه، کوژراون و له‌به‌ینچوون. ئێستا باس له‌وه‌ش ده‌کرێت،
که خه‌ڵکی کفری به قاچاخه‌ڕێدا خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه گورجستان و که‌ونه‌ستانه‌کانی
سۆڤیێت، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ونه‌زیل و که‌ونه‌ئیڤا و که‌ونه‌ئۆتۆمبیلی له‌شکریی، له‌شکری
سۆڤیێت، په‌یداکه‌ن و بکڕن و بهێننه‌وه بۆ کفری، بۆ پێشخستنی ئه‌و جۆره قاچاخچێتییه‌ی،
که له هیچ جێگه‌یه‌کی جیهاندا، له کفری نه‌بێت، نییه. ڕاسته بێ‌کاری و برسییه‌تی و به‌خێوکردنی خێزان
و ماڵ و منداڵ، پاڵ به مرۆڤه‌وه ده‌نێت، بۆ گرتنه‌به‌ری کام ڕێگه سه‌خته و بۆ
ئه‌نجامدانی کام کار، که نائاسایی و پڕده‌رده‌سه‌رییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌رگیشی
تێدا بێت، لێ په‌یدابوونی وه‌ها دیارده‌گه‌لێک و چاره‌سه‌رکردنی ته‌واوی ئه‌و ده‌ردانه،
ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵات، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی، به نێوی خه‌ڵکی کفری و شوێنه‌کانی
دیکه‌وه فه‌رمانڕه‌وایی به‌شێکی کوردستان ده‌کات.
*****
28/5/2002، که گه‌ڕامه‌وه
بۆ سووریا، له‌و کۆنترۆڵه‌ی سه‌ر ئاوه‌که ده‌بوو ڕابگیرێین و چه‌ند سه‌عاتێک بمێنینه‌وه.
ده‌بوو له‌ته‌کاغه‌زێکی گچکه، که له چوونماندا بۆ کوردستان و له‌و کۆنترۆڵه‌ی
سووریا پێیان دابووین و له ئیمزایه‌کی شین، سوور، که‌سک یا نازانم چۆن زیاتری له
سه‌ر نه‌بوو، پێمان بێت و پێشانی ئه‌وانه‌ی بازگه‌که‌ی بده‌ین و بیانده‌ینه‌وه. ئێمه،
یه‌ک یه‌ک بانگ ده‌کراینه ژووره‌وه و له‌وێ له‌به‌رده‌م که‌سێکی موخابه‌راتدا ڕاده‌وه‌ستاین.
کابرای موخابه‌رات، هه‌ندێک پرسیاری له‌مه‌ڕ باشووری کوردستانه‌وه لێ ده‌پرسین. وه‌ک
ئه‌وه‌ی، به‌رپرسی پارتیی له فڵانه باژێڕ ناوی چییه و کێ فڵانه کاره‌یه و فڵانه
حیزب و فڵانه که‌س کوو
باسی سووریا ده‌که‌ن و ده‌یان پرسیاری قۆڕ و نابه‌جێی له‌و جۆره. کابرا، ڕۆژنامه‌یه‌کی
کوردییشی دانابوو، که ڕۆژنامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستانی عیراق بوو. هه‌رکه‌سه‌و
بانگ ده‌کرایه ژوورێ، ده‌بوو چه‌ند دێڕێک، له نووسینێکی ئه‌و ڕۆژانه‌مه‌یه، که
کابرای موخابه‌رات بۆ خۆی ده‌ستنیشانی ده‌کرد، وه‌ربگێڕێته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و
کابرایش، بۆ خۆی له کاغه‌زێکدا ده‌ینووسییه‌وه. که من چوومه به‌رده‌م کابرا،
دوو سێ ڕووپه‌لی له‌و وه‌رگێڕدراوانه تژی کردبووه‌وه. ئێمه هه‌رچه‌نده وه‌رامه‌کانمان،
له‌گه‌ڵ ویست و خواستی کابرای موخابه‌راتدا، وێک نه‌ده‌هاتنه‌وه و ئه‌وه نه‌بوون،
که ئه‌و ده‌یه‌ویست، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و چه‌ند کاتژمێره‌ی له‌وێ خه‌ریکیان
کردین، له‌وه‌ی زیاتر ڕۆڵی سیخوڕ و جاسووسیان پێ لستین و سووکایه‌تییان پێ کردین، کارێکی
دیکه‌یان، بێجگه له‌وانه، به ئێمه نه‌بوو. ته‌واوی ئه‌و به‌زمه، به‌رپرسانی کورد
و حیزبه‌کانیان لێی ئاگادارن و ده‌یبینن و ده‌یبیسن، لێ چ کاردانه‌وه‌یه‌کیان له‌هه‌مبه‌ر
ئه‌وه‌دا هه‌یه! پێموایه: هیچ!!!
*****
هیچ کوردێک، به سه‌ر
عیراقدا، ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه باشووری کوردستان، مه‌گه‌ر خودا بیکات به مه‌ل و
باڵیی لێ په‌یدا ببێت. ئه‌وه‌ی، به سه‌ر تورکیادا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ باشووری کوردستان،
ده‌ڵێ جارێکی دیکه به‌م ڕێگه‌یه‌دا ناگه‌ڕێمه‌وه. ئه‌وه‌ی، به سه‌ر سووریایشدا
ده‌چێته‌وه بۆ باشووری کوردستان، هه‌ر ده‌ڵێ جارێکی دیکه به‌م ڕێگه‌یه‌دا ناگه‌ڕێمه‌وه
بۆ کوردستان. پێموابێ ئه‌وه‌ی به سه‌ر ئێرانیشدا ده‌چێته‌وه کوردستان، هه‌روا ده‌ڵێت.
لێ هه‌موو ئه‌وانه، هه‌رچه‌نده زۆر چاکیش ده‌زانن، که گه‌ڕانه‌وه بۆ کوردستان،
به سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا، ده‌کاته خۆدانه‌ده‌ست قۆڵبڕ و ساخته‌چی و دز و به‌رتیلخۆر
و جه‌رده‌وه، لێ هه‌موویش هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه و ته‌واوی ده‌رده‌سه‌ری و سه‌ختییه‌ک،
که تووشیان بووه، تووشیان ده‌بێته‌وه و دووباره‌ی ده‌که‌نه‌وه. کاک حه‌کیمی کاکه‌وه‌یس،
که بۆ خۆی له ئه‌وروپا ده‌ژی، له‌گه‌ڵ کوڕێکی گه‌نجیدا(ئومێد)، له ئه‌وروپاوه،
به سه‌ر سووریادا گه‌ڕابوونه‌وه باشووری کوردستان و پاشان، ئومێد به ته‌نێ گه‌ڕایه‌وه
سوێد. ئومێدی کاکه‌وه‌یس، وه‌ک لاوێکی کوردی
ئه‌وروپانشین و په‌روه‌رده‌ی ئه‌وروپا، دوای گه‌یشتنه‌وه‌ی به سوێد، له ئیمایلێکدا
بۆ باوکی کاک (حه‌کیم
کاکه‌وه‌یس) ده‌نووسێت:"سووریا وڵاتێکه خودا هه‌ڕاجی کردووه و ده‌یه‌وێت بیفرۆشێت،
لێ شه‌یتانیش لێی ناکڕێت". ڕه‌نگه ئه‌وه ته‌نێ سووریا نه‌بێت، وه‌ها بێت، به‌ڵکه
زۆرینه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات و به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری کوردستان، وه‌هان.
حوزه‌یران/یوونی 2002
[1]وه‌ک هه‌ڵه‌یه‌کی باو، ئه‌وڕۆ له‌بری واژه‌ی "هاووڵات"، که ڕێک
له سه‌ر کێش و شێوه‌ی وشه‌گه‌لی: هاوکات، هاوکار، هاوماڵ، هاوسێ، هاوڕاز، هاوپۆل،
هاوده‌رد، هاوسه‌ر، هاوبیر، هاوڕێ،
هاوشار، هاوئایین و...ئه‌وانه‌یه، ده‌نووسرێت: "هاوڵاتی" و
"هاووڵاتی"، که هه‌ڵه‌ن و ڕاستییه‌که‌یان "هاووڵات" و
"هاووڵاتیه‌تی"یه، به عه‌ره‌بی"مواطن" و "مواطنة".