تێزه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی، خزمه‌ت به شۆڤینیزم و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب
و تورک و فارس ده‌که‌ن
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئه‌وه‌ی بڕێک شاره‌زایی
له‌مه‌ڕ که‌سیه‌تیی جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه هه‌بێت، ده‌زانێت ئه‌و پیاوێکه به گوێره‌ی
ڕۆژ و بازاڕ و کات و سه‌رده‌م ده‌ئاخڤێ. ئه‌و پیاوێکه به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ره‌که‌ی
کێیه قسه ده‌کات و دڵی هه‌مووان ڕاده‌گرێ و دێنێته جێ و هه‌مووان ده‌لاوێنێته‌وه.
که بیه‌وێ له پاسۆکه‌کان نه‌ته‌وه‌ییتره[1]
و که بیشیه‌وێ له کۆمۆنیسته‌کان چه‌پتره و ده‌شتوانێت ئیسلامی بێت و پێشی ده‌کرێ
له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا عه‌ره‌ب و له‌گه‌ڵ تورک‌دا تورک و له‌گه‌ڵ فارس‌دا فارس بێت. دیاره
ئه‌مه زانیارییه‌کی نوێ و په‌نهان نییه، که من دۆزیبێتمه‌وه، به‌ڵکه بۆ خۆی
وایه و هه‌یه، مه‌گه‌ر که‌سێک تا ڕاده‌ی ده‌روێشیی لێیه‌وه نێزیک بێت، هه‌ست به‌و
به‌رگۆڕانی و هه‌ڵبه‌زودابه‌زه‌ی ئه‌و پیاوه نه‌کات، یا بۆی داپۆشێت، ده‌نا وه‌ک ڕۆژی
نیوه‌ڕۆ دیاره و مرۆڤ هه‌ستی پێ ده‌کات و ده‌یبینێت و ده‌یبیسێت. له وه‌ڵامی چه‌ند
پرسیارێکی که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی ئه‌لعه‌ره‌بییه (العربیة)[2]دا،
پێش دوو ڕۆژێک، جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک پیشه‌ی هه‌موو جارێکی، ته‌واوی ڕیسه‌کانی کوردی
کرده‌وه خوری و هه‌رچی خه‌ونی کورده پێشێلی کرد و له عه‌ره‌ب عه‌ره‌بتر هاته گۆ.
تاڵه‌بانی له‌مه‌ڕ ناسنامه‌ی عیراقه‌وه وه‌ک ده‌وڵه‌تێک ده‌ڵێ:"عیراق وڵاتێکی
عه‌ره‌بییه و له کۆمکاری عه‌ره‌بیشدا وه‌ک ئه‌ندام ده‌مێنێته‌وه و چونکه عیراق
عه‌ره‌بی و ئیسلامییه". تاڵه‌بانی له‌مه‌ڕ فیدرالییه‌وه ده‌ڵێ:"عیراق
هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کپارچه بێت و ه‌ی دابه‌شکرن نییه و هه‌ر به یه‌کپارچه‌ییش
ده‌مێنێته‌وه". له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی، که کورد له عیراقدا چی‌یان ده‌وێ، تاڵه‌بانی
ده‌ڵێ:"کورد له عیراقدا داوای یه‌کگرتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد ناکه‌ن له یه‌ک
ده‌وڵه‌تدا" و پاشان هه‌ر له‌و گفتوگۆیه‌دا تاڵه‌بانی باس له‌وه ده‌کات، که
ئه‌و هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی کوردی نه‌بینیوه، وه‌ها داوایه‌کی وه‌ک (یه‌کخستنی نه‌ته‌وه‌ی
کورد)ی هه‌بێت و پاشان وه‌ک گاڵته‌پێکردنێک، تاڵه‌بانی پێیوایه ته‌نێ سه‌رۆکی لیبیا
موعه‌ممه‌ر ئه‌لقه‌ززافی(معمرالقذافي) داخوازیی یه‌کگرتنی کورد و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی
کوردستان ده‌کات.
جه‌لال تاڵه‌بانی، بێجگه له‌وه‌ی سه‌رۆککۆماری عیراقه و پێش ئه‌وه‌ی
ئه‌و پۆسته‌ی وه‌ربگرێ و ئێستاش، سکرتێری زلحیزبێکی کوردستانه، که فه‌رمانڕه‌وای
نیوه‌ی کوردستانه(یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان)، که بۆ عه‌ره‌ب و له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا
ده‌په‌یڤێ و دێته گۆ، ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌یناسێت و نه‌زانێت ئه‌و کابرایه بۆ خۆی کورده،
هه‌رگیز له عه‌ره‌بێک جودا ناکرێته‌وه. ئه‌و ڕێک هاوڕای عه‌ره‌بانه و به ناوی
ئه‌وانه‌وه و له‌بری ئه‌وان قسان ده‌کات. ئه‌و ئه‌گه‌ر بۆ تورک و فارسیش بدوێ، هه‌رگیز
له‌وان جودا ناکرێته‌وه و ده‌توانێت له‌مه‌ڕ پرسی کورده‌وه، ڕێک هاوڕای ئه‌وان بێت.
که تاڵه‌بانی عیراقی پێ عه‌ره‌ب بێت و خه‌ڵکه‌که‌یشی به به‌شێک له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب
بزانێت، ئیدی عه‌ره‌ب خۆیان بۆ وا بیر نه‌که‌نه‌وه و وا نه‌ڵێن!
تاڵه‌بانی پیاوێک نییه شاره‌زای مێژوو نه‌بێت،
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و بۆ ڕازیکردنی دڵی عه‌ره‌ب، ده‌توانێت مێژوو سه‌روبن بکات
و دیوه‌که‌ی دیکه‌ی پێشانی خه‌ڵک بدات. ئه‌و باش ده‌زانێت عیراق وه‌ک ده‌وڵه‌تێک،
زۆر له مێژ نییه دروست بووه و هه‌ر چه‌ند ساڵێک پێش هاتنه‌دنیاوه‌ی تاڵه‌بانی خۆی چێ بووه. ئه‌گه‌ر عیراق به لای
تاڵه‌بانییه‌وه هێنده پیرۆزه و بۆ ئه‌وه دروستکراوه هه‌ر هه‌بێت و یه‌کپارچه
بێت و ه‌ی دابه‌شکردن نییه، ئه‌وا لای خه‌ڵکی دیکه، به تایبه‌ت کورد و به ئاوڕدانه‌وه‌یک
له مێژوو و ته‌ماشاکردنی سیاسه‌تی نێو ده‌وڵه‌تیی و خوێندنه‌وه‌ی گۆڕانکارییه‌کانی
جیهان و بزاڤ و ڕه‌وتی مرۆڤایه‌تیی و...، به ڕوونی ئه‌وه ئاشکرا ده‌بێت، که هیچ
وانییه و عیراق له هیچ ده‌وڵه‌ت و خاکێکی دیکه‌ی ئه‌و دنیایه پیرۆزتر نییه و بۆ
ئه‌وه‌یش نه‌کراوه هه‌ر هه‌بێت و زۆر چاکیش ده‌شێ له‌توپه‌ت بکرێت. عیراق هیچ له
سۆڤیێت و یۆگوسلاڤیا و چیکۆسلاڤاکیا و ئه‌سیووپیا و ئه‌ندۆنیزیا و...پیرۆزتر نییه
و هه‌رچی بنه‌ما و بنگه‌یه‌کی له‌باریش هه‌یه تێیدایه بۆ پارچه‌پارچه‌کردنی و دابه‌شکردنیشی،
ئه‌گه‌ر کوتکوتکردنی له‌و وڵاتانه‌یش ئاسانتر نه‌بێت، ئه‌وا هه‌رگیز سه‌ختتر نییه.
ئه‌گه‌ر تاڵه‌بانی ته‌ماشایاکی نه‌خشه‌ی ئه‌فریقا بکات، ده‌بینێت چۆن کۆڵۆنیالیستانی
ئینگلیز و فرانسه هه‌ر له سه‌ر خوانی خواردن و مێزی خواردنه‌وه و قومار ته‌واوی
ئه‌فریقایان به ڕاسته دابه‌ش کردووه و نه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه و خاک، به‌ڵکه هۆز
و خێڵ و به‌ره‌بابیشیان چه‌ند له‌ت کردووه. مه‌گه‌ر کوردستانیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه
له‌ت نه‌کراوه، ئیدی بۆ ده‌بێ دابه‌شکردنی عیراق کارێکی نه‌کرده و هێنده گران بێت!
ئه‌و ده‌ستووره‌ی تاڵه‌بانی و سه‌رانی دیکه‌ی کورد مۆریان کردووه و ئه‌و فیدرالییه‌ی
ئه‌وان بۆ کورد باسی ده‌که‌ن، هه‌ر ئه‌و مزگێنییه‌ی "پاراستنی یه‌کپارچه‌یی
خاکی عیراق" و "هه‌رگیز دابه‌شنه‌کردنی عیراق" ه‌ی پێیه بۆ عه‌ره‌ب،
که له سه‌ر زاری تاڵه‌بانی خۆیه‌وه به عه‌ره‌ب ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ. ئه‌وه بۆ عه‌ره‌ب
مزگێنییه و بۆ کوردیش هه‌واڵێکی پڕناسۆر و پڕخه‌م و نیگه‌رانییه و چه‌پۆکێکه به
نێو ده‌می کورددا ده‌درێت.
تاڵه‌بانی، بۆ خۆی داوای
یه‌کگرتنی نه‌ته‌وه‌ی کورد له یه‌ک ده‌وڵه‌تدا ناکات و پێیوایه کوردیش له عیراقدا
وا بیر ده‌که‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر کورد له عیراقدا وه‌ک تاڵه‌بانی بیریان کردبایه‌وه،
ئه‌وا 98%ی خه‌ڵکی باشووری کوردستان، هه‌ر له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی، که تاڵه‌بانی گه‌یانده
ده‌ڤه‌ری که‌سکی به‌غدا و پۆستی سه‌رۆککۆماریی پێدرا، ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان
نه‌ده‌دا! هیچ پێویست ناکات تاڵه‌بانی له‌بری خه‌ڵکی باشووری کوردستان بیر بکاته‌وه
و پێچه‌وانه‌ی دید و بۆچوون و خواسته‌کانی ئه‌وان به عه‌ره‌ب ڕابگه‌یه‌نێت. تاڵه‌بانی
ئه‌و تێزه عیراقیه‌تییه با بۆ خۆی و هاوبیرانی دیکه‌ی له سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی
کوردستان هه‌ڵگرێت. ئه‌وه‌ی تاڵه‌بانی ده‌یڵێت، خواست و ڕای خه‌ڵکی باشووری کوردستان
نییه، به‌ڵکه ه‌ی خۆی و هاوبیران و دۆستانی عه‌ره‌بیه‌تیی.
وا پێده‌چێت تاڵه‌بانی، کاتێک
پێیوایه، که هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی کوردی نه‌بینیوه باس له یه‌کخستنی نه‌ته‌وه‌ی کورد
له ده‌وڵه‌تێکی کوردی‌دا بکات، مێژوو له‌بیر خۆی ده‌باته‌وه و ڕاستییه‌کان پێشێل
ده‌کات. ڕه‌نگه ئه‌و بۆ خۆی به چاو و بینین نه‌یانیدیبێت، به‌ڵام ئه‌و باش ده‌زانێت،
که سه‌رکرده‌کانی پێشتری کورد، نه‌ک باسی یه‌کخستنی کورد و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردستانیان
کردووه، به‌ڵکه هه‌وڵ و قوربانییان بۆ داوه و بناخه‌یان داناوه و له پێناویدا
سه‌ریان ناوه‌ته‌وه. ئه‌ی هه‌ر شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و شێخ مه‌حموودی حه‌فید و
کۆمه‌ڵه‌ی خۆیبوون و ژێکاف و حیزبی هیوا نه‌بوون، باسیان له یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌موو
کورد له کوردستانێکی گه‌وره‌دا ده‌کرد! ئه‌ی هه‌ر قازی موحه‌ممه‌د و مه‌لا مسته‌فای
بارزانی نه‌بوون، که کوردیان به‌ره‌و ئاقاری یه‌کخستن و یه‌کگرتنه‌وه له وڵاتێکی
یه‌کگرتووی کورددا ده‌برد! یا تاڵه‌بانی ئه‌وانه‌ی پێ سه‌رکرده نییه و به به‌شێک
له مێژووی کوردیان ناژمێرێت! تاڵه‌بانی بۆ
خۆی ساڵانی هاوسه‌نگه‌ریی 1966-1970ی له‌گه‌ڵ به‌عس و حوکووته‌کانی دیکه‌ی عیراقدا،
یه‌کێک له به‌ڵگه و پاساوه‌به‌هێزه‌کانی، له‌کن ئاغاکانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی، دژی شۆڕشی
کوردستان و بارزانی، تۆمه‌تبارکردن و ناوزڕاندنی بارزانی بوو به‌وه‌ی جیابوونه‌خوازه
و ده‌یه‌وێت عیراق له‌تله‌ت بکات و هه‌ر تاڵه‌بانی و ده‌سته‌که‌ی بوون نێوی
"چۆمبی"[3]یان
له بارزانی نا و پێیان ده‌گوت"مه‌لا چۆمبی"، وه‌ک نیشانه‌ی جیابوونه‌وه‌خوازێک!
تاڵه‌بانی دامه‌زراندنی
ده‌وڵه‌تی کوردستان و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی پێ خه‌یاڵی شاعیران و خه‌ونه و بۆ خۆی
ده‌ڵێ، که له هه‌موو ژیانیدا بیری لێ نه‌کردووه‌ته‌وه. وه‌ک خۆی نه‌یتوانیوه وه‌ها
خه‌یاڵێک به مێشکیدا تێپه‌ڕێت، گاڵته‌یش به خه‌ڵکانێک ده‌کات، که وا بیر ده‌که‌نه‌وه
و داوای یه‌کخستنی نه‌ته‌وه‌ی کورد له یه‌ک ده‌وڵه‌تدا ده‌که‌ن. له نێو سه‌رکرده
سیاسییه‌کانی هه‌موو جیهاندا، تاکه که‌سێک، که زۆر بوێرانه و به ڕاشکاویی و
ئاشکرا و به ده‌نگی به‌رز، باسی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌موو کورد و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی
کوردستانی کردبێت، موعه‌ممه‌ر ئه‌لقه‌ززافی لیبیا بووه، که‌چی تاڵه‌بانی شۆخیی پێ
ده‌کات و به ئاشکرا نایڵێ، به‌ڵام وه‌ک خه‌یاڵپڵاوێک ته‌ماشای ده‌کات. تاڵه‌بانی
و هاوبیرانی کاتێک، که پێویستیان به قه‌ززافی بوو، بۆ وه‌رگێڕانی "کتێبی که‌سک"ی
وی پێشبڕکێیان ده‌کرد و زۆرجاران ده‌خه‌ریکان سه‌ریشیان له‌و ڕێگه‌یه‌دا دانێن. تاڵه‌بانی
و سه‌رانی حیزبه‌کانی تری باشووری کوردستان، کاتێک پێویستییان به قه‌ززافی
بوو و قه‌ززافی به لێشاو پاره‌ی ده‌دانێ
و هه‌میشه ده‌ستیان له نێو گیرفانه‌کانی قه‌ززافییدا بوو و هه‌میشه "ته‌ڕاح"
ئاسا له دیوه‌خانه‌کانی قه‌ززافیدا لێی که‌وتبوون، ئه‌وده‌می هێنده چاوه‌خواری ئه‌و
هه‌موو نان و پاره‌وپووڵ و چاکه‌یه‌ی قه‌ززافی بوون، که تێزه‌کانی ئه‌ویان پێ خه‌یاڵ نه‌بوو. تاڵه‌بانی
و سه‌رانی دیکه‌ی کورد، هه‌رگیز ڕۆژێک له ڕۆژان، هێنده‌ی قه‌ززافی بڕوایان به ڕه‌وایی
خواستی گه‌لی کوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان نه‌بووه. ئه‌وان نه ئه‌و
بڕوایه‌یان بووه و نه وێراویشیانه به‌و ڕاشکاوییه‌ی قه‌ززافی باسی لێوه بکه‌ن.
ئێستاش ئه‌گه‌ر کونێک له زگی سه‌رانی کورد بکرێت، دۆلار و خۆراکه‌کانی قه‌ززافییان
لێ دێته ده‌رێ. سه‌یره مرۆڤ هێنده بێئه‌مه‌گ و پێنه‌زان و سپڵه بێت و هه‌ر ئێستای
له‌به‌رچاو بێت و هه‌ر هه‌نووکه بخوێنێته‌وه. دیاره ئه‌وه‌ی ئێستا تاڵه‌بانی له
ئه‌مه‌ریکا و ئینگلیز و عیراقی وه‌رده‌گرێت، گه‌لێک زۆرتر و چه‌ورتره له‌وه‌ی کاتی
خۆی له قه‌ززافی وه‌ریده‌گرت، بۆیه هێنده بێباکانه، لاقرتێ به قه‌ززافی ده‌کات!
ئه‌و تیره‌ی تاڵه‌بانی ده‌یگرێته قه‌ززافی، سبه‌ینێش ده‌یهاوێژێته ئیسماعیل بێشکچی
و که‌سانێکی دیکه، که وه‌ک قه‌ززافی ده‌نۆڕنه کێشه‌ی گه‌لی کورد، ئه‌گه‌ر هه‌بن.
ئه‌وه تیرێکه تاڵه‌بانی ده‌یهاوێژێته پێچکه‌ی ڕه‌وڕه‌وه‌ی کاروانی به‌ره‌وسه‌رخۆبوونی
گه‌لی کوردستان و ئازادی کوردستان. تیرێکه تاڵه‌بانی ڕووبه‌ڕووی گه‌لی کوردستانی
ده‌کاته‌وه و گه‌رکیه‌تیی هه‌رچی تروسکه‌یه‌کی هیوا و هه‌رچی ڕووناکییه‌که له دڵ
و ده‌روونی مرۆڤی کورددا، هه‌مووی له‌گۆڕ نێت و تۆوی بێئومیدی له جێی وی بچێنێت و
ئومێد و هیواش به نه‌یارانی کورد ببه‌خشێت. تاڵه‌بانی به بڕوابوونی به یه‌کپارچه‌یی
خاکی عیراق و هه‌رگیز دابه‌شنه‌کردنی عیراق و عه‌ره‌بایه‌تیی عیراق و بڕوانه‌بوونی
به یه‌کگرتنی گه‌لی کورد و ده‌وڵه‌تی کوردستان، وه‌ک هه‌موو ژیانی، دڵی شۆڤینیستان
و ناسیۆنالیستانی عه‌ره‌ب و تورک و فارس ڕاده‌گرێت و خزمه‌تێکی گه‌لێک گه‌وره به
شۆڤینیزم و ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب و تورک و فارس ده‌کات. ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆ خۆی، له
پێناوی ده‌سه‌ڵات و پایه و سامان و ناودا، ئاماده‌ی هه‌موو جۆره سازش و نزمییه‌ک
بێت و هه‌موو کارێک و گوتارێک به ڕه‌وا بزانێت بۆ خۆی، پێویست ناکات سه‌ری خه‌ڵکی
کوردیش نه‌ویی بکات.
30/8/2005
[1] هاوڕێیه‌کم، ساڵانێکی زوو، که بۆ خۆی له‌گه‌ڵ پاسۆکدا
بوو، کتێبێکی جه‌لال تاڵه‌بانی، که وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی ساڵح دوگڵه(صالح دگله)
ناوێک بوو، به عه‌ره‌بی به نێوی"اغد دیمقراطي ام..." خوێندبووه و ده‌یگوت:
"ئه‌و جه‌لال تاڵه‌بانییه له ئێمه‌ی پاسۆک پاسۆکتره". هه‌ر ئه‌و جه‌لال
تاڵه‌بانییه و حیزبه‌که‌ی وی بوون له‌گه‌ڵ پاسۆکدا به‌شه‌ڕ هاتن و چه‌ندین که‌سیان
له‌یه‌کدی کوشت. ساڵانێکی، که ئاش (ئاڵای
شۆڕش) له یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان جیابووبووه‌وه، یه‌کیه‌تییان ئاشیان به
عیراقچییه‌تی تۆمه‌تبار ده‌کرد و خۆیانیان پێ کوردستانیی بوو.
[3] مۆیسی کاپێندا چۆمبی
(Moïse Kapenda Tshombe 1919-1969)، سیاسییه‌کی کۆنگۆیی بوو. له 1950کاندا، هاته نێو
کاری سیاسه‌ته‌وه و له ده‌ڤه‌ری کاتانگا، پارتییه‌کی به ناوی کۆناکات(Konakat) دامه‌زراند، که ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی کاتانگا بوو. له
1960دا کۆناکات له هه‌ڵبژاردندا له ده‌ڤه‌ری کاتانگا بردییه‌وه و هه‌ر له‌و
ساڵه‌شدا کۆنگۆ ئازاد بوو و بوو به کۆمارێکی سه‌ربه‌خۆ و چۆمبی و کۆناکاتیش جاڕی
جیابوونه‌وه‌ی کاتانگا و سه‌ربه‌خۆیییان
دا. چۆمبی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بێلژیکییه‌کاندا هه‌بوو و داوای کۆمه‌کی له‌وان کرد و
که بوو به سه‌رۆکی کاتانگایش نه‌یده‌ویست له‌گه‌ڵ بێلژیکی کۆڵۆنیالدا پێوه‌نده‌کانی
بقرتێنێت و به‌ڵکو ده‌یه‌ویست به‌هێزتری بکات. سه‌رۆکی ئه‌وده‌می حوکوومه‌تی کۆنگۆ
پاتریس لۆمۆمبا(Patrice Lumumba) بوو. لۆمۆمبا داوای کۆمه‌کی له ده‌وڵه‌تانی یه‌کگرتوو(UN) کرد. لۆمۆمبا دواتر له‌لایه‌ن
هێزه‌کانی بێلژیکه‌وه یا به کۆمه‌کی ئه‌وان، کورژرا. دوای دوو ساڵێکیش واته: له
1963دا، له جه‌نگدا دژی چۆمبی، هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تانی یه‌کگرتوو، کاتانگایان گرت
و چۆمبییان ناچار کرد به‌وه‌ی وڵات جێبهێڵێت و هه‌ڵبێت بۆ ڕۆدیسیای باکوور و دواتر
چووه ئیسپانیا. له 1964دا، چۆمبی، گه‌ڕایه‌وه بۆ کۆنگۆ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته سه‌رۆکی
حوکوومه‌تێکی هاوپه‌یمان و تێکه‌ڵ، لێ ساڵێک دوای ئه‌وه له کار لابرا. جۆمبی به‌پێچه‌وانه‌ی
لۆمۆمبای دژه‌کۆڵۆنیال و پان- ئه‌فریقاییه‌وه، مه‌سیحی و دژه کۆمۆنیست بوو. جه‌لالییان،
ئه‌وده‌می بارزانی‌یان به دژه کۆمۆنیست و پیاوی ئیمپریالیزم داده‌نا و خۆیشیان به
کۆمۆنیست، لێ له ڕاستیدا نه ئه‌وان کۆمۆنیست بوون و نه بارزانیش پیاوی
ئیمپریالیزم و دژه کۆمۆنیست بوو.