ئازادی بۆ ئاکۆ موحه‌ممه‌د و هاوڕێیانی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
که مرۆڤ باس له ئازادی و دیموکراتی بکات، ده‌بێ ئازادی ڕاده‌ربڕین و بیروبۆچوون له پێشی پێشه‌وه‌ی لیسته‌ی ئازادییه‌کانه‌وه بێت. که مرۆڤ نه‌یتوانی قسه‌ی خۆی بکات و ئه‌وه‌ی له دڵیدایه هه‌ڵیڕێژێت، ئیدی چ ئازادییه‌ک له گۆڕێ‌دا نییه. که مرۆڤ له سه‌ر بیروڕا و دیتنی ده‌مکوت کرا و درایه ناو ده‌میدا، ئیدی ئه‌وه تاساندن له‌گۆڕنانی ئازادییه. ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، یه‌کجار زۆر بانگاشه‌ی ئازادی ده‌که‌ن و زۆر خۆیان به بوونی بڵاوکراوه‌ی زۆر و کۆڕ و ئه‌وانه‌وه هه‌ڵده‌کێشن، به‌ڵام ده‌نگی جیاواز قه‌بووڵ ناکه‌ن. ده‌نگێک، که کێماسی و ناته‌واوییه‌کانیان ده‌رخات و پێشاندات، کپ ده‌که‌ن و ده‌تاسێنن. ئه‌وان ته‌نێ ده‌نگی په‌سندان و پێداهه‌ڵگوتنیان پێ باشه و قه‌بووڵه. ئه‌گه‌ر یه‌ک شت کرۆکی هه‌موو پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنێکی وڵات و گه‌ل و مرۆڤ بێت، ئه‌وه ته‌نێ ئازادیی بیروبۆچوون و ڕاده‌ربڕینه. کڵۆمکردنی زاری خه‌ڵک و ڕێگه‌نه‌دانیان به‌وه‌ی قسه‌ی خۆیان بکه‌ن و لێپێچینه‌وه و لێپرسینه‌وه‌یان به هۆی بیروڕاوه و گرتنیان و زیندانیکردنیان، نیشانه‌ی نادیموکراتیه‌تی و ناشارستانیه‌تی و دیکتاتۆرییه. ده‌سه‌ڵاتێک ئه‌گه‌ر بڕوای به ئازادی هه‌بێت، ڕێگه به هه‌موو ده‌نگێک ده‌دات و هیچ جۆره بۆچوونێک له‌مه‌ڕ هه‌رشتێکه‌وه بێت قه‌ده‌غه ناکات و ڕێی لێ ناگرێت.
حه‌فته‌نامه‌ی میدیا، یه‌کێکه له بڵاوکراوه هه‌ره‌باش و سه‌رکه‌وتووه‌کانی باشووری کوردستان. باشی و ڕێکوپێکی و سه‌رکوتوویی میدیاش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رنووسه‌ره‌که‌ی، که کاک (ئاکۆ موحه‌ممه‌د گه‌ردی)یه. ئاکۆ موحه‌ممه‌د، ڕۆژنامه‌وانێکی چالاک و بزیۆ و وردکار و شاره‌زا و ڕاستگۆ و دڵسۆز و کوردپه‌روه‌ر و کوردستانییه.
گرتنی ئاکۆ موحه‌ممه‌د له لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه و ئه‌وڕۆ، یا هه‌ر ڕۆژنامه‌وانێکی دیکه و هه‌ر کاتێکی دیکه، له سه‌ر بیروڕا، نیشانه‌ی ترسه له ئازادی و کارێکه یه‌کجار خراپ و نابه‌جێ و دیارده‌یه‌کی ترسناکه و گوشارخستنه‌سه‌ر و هاندانی ڕۆژنامه‌وانانی ئازادیخوازه بۆ به‌جێهێشتنی کوردستان و شاردنه‌وه و داپۆشینی ته‌واوی هه‌ڵه و گه‌نده‌ڵییه‌کانی ده‌سه‌ڵات.
هه‌رچی زووتره، گه‌ره‌که ئاکۆ موحه‌ممه‌د و هاوڕێیانی ئازادکرێن و داوای لێبوردنیشیان لێ بکرێن.
9/8/2005
No comments:
Post a Comment