تورکیای نادیموکراتی، کورد فێری دیموکراتی ده‌کات
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
سه‌ره‌تای مانگی نۆڤه‌مبه‌ری
1980 تازه گه‌یشتبوومه دۆڵه‌تووی پشتی قه‌ندیل. زستانێکی سه‌خت و سه‌هۆڵبه‌ندانێکی
گه‌لێک دژوار بوو. باره‌گاکانی مه‌کته‌بی سیاسیی و سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی و پێشمه‌رگه‌یی
حیزبی سۆسیالیستی کوردستان له دووڵه‌توو بوون. کاک قادر جه‌باری و کاک سه‌یید
قادر جه‌باری و مامۆستا موحه‌ممه‌د فاتیح له ژوورێکدا پێکه‌وه بوون و منیش به هۆی
ناسیاویمه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا که‌وتمه ژووره‌که‌ی ئه‌وان. زۆربه‌ی ڕۆژان خاڵه
سه‌ییدکاکه و کاک قادر عه‌زیز و چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ش ده‌هاتنه ئه‌وێ و چه‌ند سه‌عاتێک
داده‌نیشتن و ده‌بووه ده‌مه‌ته‌قه و قسه‌وباس و ڕه‌خنه‌گرتن و گێڕانه‌وه‌ی یادگاری
و باسی پێشمه‌رگایه‌تی و حیزب و سیاسه‌ت و ئه‌و جۆره شتانه. ئه‌وده‌مه کاک پۆڵای
شێخ مارفی به‌رزنجی، که کوڕی شه‌هید شێخ مارفی به‌رزنجییه، ئه‌ویش له دۆڵه‌توو
بوو و له‌گه‌ڵ مولازیم فوئاددا له ژوورێکدا بوون. من له ڕێگه‌ی باسکردنی ئه‌و به‌ڕێزانه‌وه
له دانیشتنه ڕۆژانه‌که‌یاندا له ژوووره‌که‌ی کاک قادر جه‌باری زانیم، که کاک پۆڵایش
له‌وێیه. من کاک پۆڵام نه‌دیبوو، به‌ڵام دووراودوور ناویم بیستبوو و ده‌مزانی کێیه
و چی بووه. کاتێک خاڵه سه‌ییدکاکه ناوی ئه‌وی هاته سه‌ر زار، منیش هه‌روا پرسیارێکم
به مێشک‌دا هات و گوتم:"باشه خاڵه سه‌یید، کاک پۆڵا چۆنه لێره‌یه و چ ده‌کات؟".
من ئه‌و پرسیاره‌م بۆیه به بیردا هات، هه‌نده‌ک زانیاریم له‌مه‌ڕ کاک پۆڵاوه هه‌بوو
و ده‌مزانی پێشتر له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌ی سیاسیی بووه، که ده‌سته‌یه‌کی عیراقی
بوون و ڕێکخراوێکی کوردستانی نه‌بوون. کاک قادر جه‌باری پێش خاڵه سه‌ییدکاکه که‌وت
و له وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی مندا گوتی:"کاک پۆڵایش وه‌ک تۆ و وه‌ک من و وه‌ک
ئێمه ئه‌ویش هاتووه‌ته ده‌ره‌وه و کوڕی شه‌هید شێخ مارفی به‌رزنجییه و هه‌ڵاتووه
و که‌رکووکییه و ئیدی له‌به‌ر ئه‌وانه لێره‌یه و ئه‌ویش ده‌یه‌وێت به‌شدارییه‌ک
بکات". خاڵه سه‌ییدکاکه‌یش ڕووی له من کرد و گوتی:"ئه‌تو ده‌یناسیی؟".
گوتم:"نه‌مدیوه، به‌ڵام ده‌زانم کێیه و وه‌ک ناو ده‌یناسم و پاشان کێ هه‌یه
شه‌هید شێخ مارف به‌رزنجی نه‌ناسێت، که قاره‌مانێک بوو و که باوکی ئه‌وه!".
گوتی:"ده باشه با شته‌کت پێ برێم، جارێ پێش هه‌ر شته‌ک ئه‌و ئه‌وه‌تا له
ژووره‌که‌ی مولازیم فوئاد هه‌ر خه‌ریکی چایلێنان و چایخواردنه‌وه‌یه و چ ناکات.
پاشان ئه‌تو خومه‌ینی ده‌ناسیت! خومه‌ینی ڕدێنی هه‌یه و موسوڵمانه و ئایه‌توڵڵا
و ئه‌وانه‌یه، سۆڤیێتیش وراته‌کی(وڵاتێکی) کۆمۆنیست و سۆسیالیست و ئه‌وانه‌یه و
بڕوایشی به دین نییه، ئه‌و سۆڤیێته ته‌عه‌ممولی (ته‌حه‌ممولی) خومه‌ینی به‌و هه‌موو
هه‌یتوهووته‌وه پێ ده‌کرێت و نایه‌وێت له‌گه‌ریدا(له‌گه‌ڵیدا) تێکبچێت و نێوانیشیان
گه‌رمه، به‌ران(به‌ڵام) ته‌عه‌مموللی ئه‌و پۆرایه‌ی (پۆڵایه‌ی) پێ نه‌کرا و نه‌یهێشت
خیندنی(خوێندنی) خۆی له زانکۆی وێنده‌ری ته‌واو بکات، ده‌ری کرد و گوتی بڕۆ و
وراتی(وڵاتی) مه به‌جێبێره(به‌جێبهێڵه). ده‌زانی ئه‌و لۆ هاتیته ئێره! ئه‌و ده‌یه‌وێ
ببته زه‌حیم(زه‌عیم)، ده‌وجا سۆڤیێته‌ک به‌و عه‌زه‌مه‌ته‌ی خۆوه ئه‌و پیاوه‌ی پێ
ته‌عه‌ممول نه‌کرا، ئه‌مه کوو ته‌عه‌مولی ئه‌و پۆرایه‌مان(پۆڵایه‌مان) پێ ده‌کرێت!".
*****
پێش چه‌ند ڕۆژێک، ده‌سپێکی
ئه‌م مانگه، خێزانێکی کوردی خه‌ڵکی زاخۆی باشووری کوردستان، ژن و مێردێک و سێ
منداڵ(کوردستان مه‌حۆ، زیاد مه‌حۆ، یووسف مه‌حۆ، عه‌لاﺀ مه‌حۆ، زینه- لێنا مه‌حۆ)،
بلێتی سه‌فه‌ر بۆ ئیسته‌نبوول و دیاربه‌کر ده‌کڕن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه وڵات و
سه‌ردانی کوردستان بکه‌ن. ڕۆژی سه‌فه‌ره‌که‌یان ده‌چنه فڕۆکه‌خانه‌ی ئارلاندا (Arlanda)ی شاری ستۆکهۆڵم و که کارمه‌نده‌کانی
به‌رپرسیی سه‌فه‌ر و ئه‌وانه‌ی ته‌ماشای پاسپۆرت و بلێت ده‌که‌ن و ساکه‌کان وه‌رده‌گرن،
داوای بلێت و پاسپۆرتیان لێ ده‌که‌ن و له کۆمپیووته‌ره‌که‌ی به‌رده‌میان ده‌ده‌ن
و ته‌ماشا ده‌که‌ن، پێیان ده‌ڵێن، که "کوردستان مه‌حۆ" بۆی نییه سه‌فه‌ر
بکات. خێزانه‌که پێیان سه‌یر ده‌بێت، که بلێت و پاسپۆرت و هه‌موو شتێکیان ته‌واوه،
ئیدی بۆ ناتوانن سه‌فه‌ر بکه‌ن. کارمه‌نده‌کان له وه‌ڵامدا ده‌ڵێن، کۆمپانیای هێڵی
هه‌وایی تورکی"Turkish Airlines"،
ڕێگه نادات و که‌سێک به‌و ناوه‌وه هه‌ڵناگرێت و سوار ناکات، چونکه ئه‌وه ناوێکی
سیاسیی هه‌سته‌وه‌ره له تورکیا و بۆ ئه‌وان شتێک به ناوی کوردستان نییه و ئه‌وه
ناوێکی هه‌ڵه‌یه. خێزانی مه‌حۆ، نه‌خشه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌یان تێکده‌چێت و به نائومێدی
و دڵشکاوییه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌که‌ی خۆیان له گه‌ڕه‌کی هاللووندا(Hallunda)ی ستۆکهۆڵم[1].
کوردستان مه‌حۆ، به‌ته‌مایه دوای ئه‌وه‌ی پاسپۆرتی سوێدی وه‌ربگرێت، ناوه‌که‌یشی
له کوردستانه‌وه بگۆڕێت بۆ "نوور" بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ده‌رده‌سه‌رییه ڕزگاری
ببێت[2].
*****
ئه‌گه‌ر به‌رواردێک له
نێوان ئیسرائیل و تورکیادا بکه‌ین، ده‌توانین بڵێین هه‌ردووکیان داگیرکه‌ری خاکی خه‌ڵکی
دیکه‌ن. تورکیا به هه‌ردوو شێوه کۆن و نوێیه‌که‌یه‌وه له سه‌ده‌ی شازده‌یه‌مه‌وه
داگیرگه‌ری کوردستانه. ئیسرائیل له 1948وه داگیرکه‌ری فلستینه. له ئیسرائیل عه‌ره‌ب
ده‌توانێت به زمانی خۆی قسه بکات، بخوێنێت، خوێندنگه و زانستگه‌ی هه‌بێت، ڕۆژنامه
و گۆڤار و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی هه‌بێت، مافی ده‌نگدان و خۆهه‌ڵبژاردنی بۆ په‌رله‌مان(کنێست
Knesset) هه‌بێت، چه‌ندین ئه‌ندامی په‌رله‌مانی
ئیسرائیلی عه‌ره‌بن و له نێو په‌رله‌مانیشدا ده‌توانن باسی کێشه‌ی فلستین و گه‌لی
فلستین و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسلامیش بکه‌ن. فلستینی له فلستین و له ئیسرائیل
ده‌توانێت بڵێت فلستینییه. له تورکیا زمانی کوردی قه‌ده‌غه‌یه. هیچ خوێندنگه و
بڵاوکراوه‌ی کوردی نییه و ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی کوردیزمان نییه و ناوهێنانی کوردستان
قه‌ده‌غه‌یه و جل و پۆشاکی کوردی قه‌ده‌غه‌یه و باسکردنی کێشه‌ی کورد و کوردبوون
بۆ خۆی قه‌ده‌غه‌یه و کورد ناتوانێت بڵێت کورده یا کوردستانییه. ڕه‌نگه ته‌نێ
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ده‌ستوور و قانوون و هه‌ندێک شتێ دیکه‌ی ڕوواڵه‌تییان
هه‌ن، که ده‌یانخاته ڕیزی وڵاتانی دیموکراتییه‌وه، هه‌ردوو تورکیا و ئیسرائیل له
چاوی هه‌ندێک سیاسه‌تکار و نووسه‌ری کورده‌وه به دیموکراتی نێو ده‌برێن، لێ له ڕاستییدا
هیچ یه‌کێک له‌و دوو وڵاته دیموکراتیی ڕاسته‌قینه نین، چونکه دیموکراتییه‌که‌یان
بۆ هه‌موو خه‌ڵک نییه و بۆ به‌شێکه له خه‌ڵک. ئیسرائیل بۆ جووله‌که دیموکراتییه
و تاڕاده‌یه‌کیش بۆ ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی ناو ئیسرائیل و بۆ عه‌ره‌بی گوێڕایه‌ڵ و سه‌لاری
دیکه‌ش، که قایل بێت به سیاسه‌تی ئه‌وان، دیموکراتییه، به‌ڵام ڕه‌وتاری له‌گه‌ل
زۆرینه‌ی فلستینییاندا و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی خه‌ڵکی فلستین و ڕێکخراوه سیاسییه‌کانیان،
ڕه‌وتارێکی نادیموکراتییه و به هه‌موو جۆرێک سه‌رکوتیان ده‌کات. ئیسرائیل ڕێگه
به ڕێکخراوی جووله‌که‌ی چه‌پ و کۆمۆنیست و ڕاستڕۆ و هه‌موو جۆره ئایدیۆلۆژیایه‌کی
دیکه‌ی نێو جووله‌که ده‌دات. هه‌رچی تورکیایه ئه‌وه هیچ ڕێگه به هیچ شتێکی کورد
نادات و ناوی کورد نابات و کورد ده‌کوژی و له خاکی خۆی وه‌ده‌ری ده‌نێ و کوردستانه‌که‌ی
وێران ده‌کات، بۆ تورکه‌کانی خۆیشی نادیموکراتییه. چه‌پبوون و کۆمۆنیستبوون یا ئیسلامییبوونێکی
خه‌ست له نێو تورکیاشدا قه‌ده‌غه‌یه و سزا چاوه‌ڕوانی خه‌ڵکانی هه‌وادارانیان ده‌کات.
*****
له نێوان
8-14/5/2005 دا، یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان ده‌یان کادری سیاسیی خۆی نارده
تورکیا[3]
بۆ فێربوونی "دیموکراتی و زانست و سیاسه‌ت". ئه‌و کادرانه له سه‌ر
بانگهێشتنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا چوون بۆ تورکیا. شانده‌که سه‌ردانی حیزبی
عه‌داله‌ت و په‌ره‌پێدان(AK) و حیزبی گه‌لیی کۆماریی(CHP) کرد و و چاوی به هه‌ندێک به‌رپرسیی وه‌زاره‌تی
ده‌ره‌وه‌ی تورکیا که‌وت و به‌شداریی چه‌ند سه‌مینارێکی کرد. ته‌واوی ئه‌و به‌رپرس
و کارمه‌ند و حیزبییانه‌ی تورکیا، که ئه‌و کادرانه‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی بینیویانن
و له‌گه‌ڵیاندا کۆ بوونه‌ته‌وه، وه‌ک حیزبێکی عیراقی باسی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی‌یان
کردووه و ته‌نێ باسی عیراقیان له‌گه‌ڵدا کردوون و سه‌ری زمان و بنی زمانیان یه‌کپارچه‌یی
و یه‌کیه‌تیی عیراق بووه و باسی جه‌لال تاڵه‌بانییش، که هاتووه‌ته گۆڕێ، ته‌نێ
وه‌ک سه‌رۆکی عیراق ناوی براوه. ئه‌گه‌ر حیزبێکی عیراقییش، بو نموونه حیزبی ئیسلامیی
عیراق، تورکمانی عیراق، شیعه‌ی عیراق، به‌عسی عیراق، ناسریی عیراق، سوننه‌ی عیراقی،
کلدانی عیراقی، مه‌ندائی عیراق، یا هه‌ر ده‌سته و حیزبێکی دیکه، سه‌ردانی تورکیایان
کردبا، تورکه‌کان هه‌ر هێنده باسی کوردستان و کوردیان له‌گه‌ڵدا ده‌کردن، که له‌گه‌ڵ
شانده‌که‌ی یه‌کیه‌تیی نیشتمانییدا کردوویانه. سه‌رکرده‌یه‌تی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی
کوردستان و به تایبه‌تیش سکرتێری گشتیی یه‌کیه‌تیی جه‌لال تاڵه‌بانی، زۆر له‌مێژه
پێوه‌ندێکی توندتۆڵیان له‌گه‌ڵ تورکیا و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی تورکیادا هه‌یه.
سه‌رکرده‌یه‌تیی یه‌کیه‌تیی
نیشتمانیی کوردستان تا ڕاده‌یه‌ک، ته‌واوی کار و به‌رنامه و نه‌خشه‌یه‌کی سیاسیی
خۆی، به هاوئاهه‌نگیی و ڕێکخستن له‌گه‌ڵ تورکیادا ئه‌نجام ده‌دا و که‌مجار بێ تورکیا
و بۆ خۆی و هه‌ر له خۆیه‌وه کارێک ده‌کات. پرس و ڕاوێژێکی ته‌واوی له‌گه‌ڵ تورکیادا
هه‌یه. له ڕووی ئابووریشه‌وه ئه‌وڕۆ کوردستان بووه‌ته به‌شێک له بازاڕی تورکیا
و سه‌دان کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ر و سه‌رمایه‌داری تورک به نێو کوردستاندا ته‌راتێن
ده‌که‌ن و هه‌روا به‌ڵێنده‌ره‌و به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ و به‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتدارانی
باشووری کوردستانه‌وه، پاره‌یه‌کی مفت و زۆر و مۆڵی کوردستان ده‌دزێت و هه‌ڵدێت. سه‌رباری
ئه‌وانه‌ش تورکیا، به سایه‌ی سه‌ری سه‌رکردیه‌تیی سیاسیی باشووری کوردستانه‌وه،
ئه‌وڕۆ وه‌ک فه‌رهه‌نگ چووه‌ته نێو ماڵی هه‌موو کوردی باشووری کوردستانه‌وه و خه‌ڵک
له‌وێ به سه‌رسووڕمانه‌وه ته‌ماشای تورکیا ده‌که‌ن و تورکیایه‌کی سه‌رسه‌ختترین
نه‌یاری کوردیان، به هۆی سه‌رکرده‌یه‌تییه سیاسییه‌که‌یانه‌وه لێ بووه به دۆست
و ئاشتیخواز و فریاڕه‌س. تورکیا هه‌ر به ئاوی حه‌یات و ئاڵتوونسا و فرووتی[4]
و خه‌نه‌ی ئه‌تاتورک و فیلمی سێکسی و زمانی تورکی و خوێندنگه‌ی تورکی و تیپی تورکی(لاتینی)
و به‌فرگر و ته‌له‌ڤزیۆن و مۆبێله و ته‌واوی ئامێره‌کانی نێوماڵه‌وه نه‌چووه‌ته
نێو باشووری کوردستان و ماڵی کورد و مێشکی کورده‌وه، به‌ڵکه به هۆی پێوه‌ند و
گرێدراویی پته‌وی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی باشووری کوردستانه‌وه به تورکیا، تورکیا
توانیویه‌تیی سیخوڕ و جاسووسگه‌لێکی زۆری خۆیشی له‌وێ بڵاو بکاته‌وه. سه‌ردانی کادرانی
یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تورکیا بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی سیاسی و بارهێنان
و فێربوونی دیموکراتی له تورکیاوه، هیچ جیاوازییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه، که
کادرانی به‌ره‌ی گه‌ل و به‌ره‌ی گه‌لی دیموکراتی(نایف حه‌واتمه) و به‌ره‌ی گه‌لی
سه‌رکرده‌یه‌تیی گشتیی (ئه‌حمه‌د جبریل) و حه‌ماس و جیهادی ئیسلامی فلستینی، سه‌ردانی
ئیسرائیل بکه‌ن و له‌وێ ئاماده‌ی کۆرس و سه‌مینار بن له‌مه‌ڕ دیموکراتییه‌وه. هێشتا
سه‌ردانی ئه‌و فلستینییانه بۆ ئیسرائیل و گوێگرتن له باسی دیموکراتی له ئیسرائیلییانه‌وه،
کارێکی گه‌لێک ئاساییتره له‌وه‌ی، کورد بچێت له تورکه‌وه فێری دیموکراتی بێت. ئیسرائیل
به هه‌موو پێوه‌رێک گه‌لێک له تورکیا دیموکراتیتره. سه‌ردانی کادرانی یه‌کیه‌تیی
نیشتمانیی بۆ فێربوونی دیموکراتی له تورکه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌یه، حیزبی
دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، پارتیی کارگه‌رێن
کوردستان(پ.ک.ک)، کادرانی خۆیان ناردبایه‌ته کن حیزبی به‌عسی سه‌ددام حوسه‌ین بۆ
فێربوونی دیموکراتی. سۆڤیێتێکی کۆمۆنیست ته‌حه‌موولی خومه‌ینییه‌کی موسوڵمان و ڕێژیمێکی ئیسلامی کردبێت، سه‌ییدکاکه گوته‌نی، به‌ڵام
تورکیایه‌ک، که له سه‌ر بنه‌مای ڕه‌گه‌زپه‌رستی دامه‌زراوه و پێیوایه ئه‌وه‌ی
له نێو ئه‌و خاکه‌دا(ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ تورکیا به کوردستانیشه‌وه) ده‌ژی، ته‌نێ
تورکن و بێجگه له تورک که‌سی دیکه له‌و وڵاته‌دا نییه و ددان به بوونی کورددا نانێت و بۆی بکرێت هه‌رچی
ڕیسێکی کورده ده‌یکاته‌وه خوری و شتێک به ناوی کوردستان له‌کن وی بوونی نییه و
ڕۆژ نییه هه‌ڕه‌شه له‌و قه‌واره‌یه‌ی باشووری کوردستان نه‌کات و ڕۆژانه بۆمببارانی
باکووری کوردستان ده‌کات و کوردی ئه‌وێ ده‌کوژێت و به تاکه یه‌ک ژنی کوردستانناو
تێکده‌چێت و ته‌حه‌ممولی ناکات و ڕێگه‌ی سه‌فه‌ری نادات، ده‌بێ چ دیموکراتییه‌ک فێری
خه‌ڵک بکات، به تایبه‌ت کورد! ده‌گوترێ، که په‌یامبه‌ری ئیسلام گوتوویه‌تی: "ﺃطلبوا العلم ولو فی الصین"واته:
داوای زانست بکه‌ن، ئه‌گه‌ر له چینیش بێت. مه‌به‌ست له "ئه‌گه‌ر له چینیش
بێت"، دوورییه، واته: دووریی چین له دوڕگه‌ی عه‌ره‌ب و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه،
که ده‌کاته ئه‌وه‌ی: ته‌نانه‌ت تا چینیش وه‌دووی زانست‌دا بچن. تورکیا، له چین گه‌لێک
زیاتر، له کوردستانه‌وه نێزیکتره، به‌ڵام تورکیایه‌کی نادیموکراتی، که ده‌سه‌ڵاتدارانی
ده‌رچووی فێرگه‌ی ئه‌تاتورکیزم (که‌مالیزم)ن و ئه‌تاتورکیزمیش لنگی سێیه‌می سێکوچکه‌ی
نازیزم و فاشیزمه، تورکیایه‌کی دژه‌کورد، ناتوانێت هیچ شتێکی باش به کورد ببه‌خشێت،
چونکه چاکه‌ی کوردی ناوێت و که خۆیشی دیموکراتی نه‌بێت، ناتوانێت وانه‌ی دیموکراتی
به خه‌ڵک بڵێته‌وه. عه‌ره‌ب ده‌ڵێن:"فاقدﺍﻟﺸﺊ لا یعطیه"، واته:
ئه‌وه‌ی خۆی شتێکی نه‌بێت ناتوانێت شت ببه‌خشێت". شه‌رمه بۆ کورد سه‌ر به هه‌ر
لایه‌نێک بێت و له هه‌ر خانه‌یه‌کدا بێت و له هه‌ر ئاست و پایه‌یه‌کدا بێت و هه‌ر
چۆن بیر بکاته‌وه، باسی فێربوونی دیموکراتی له تورکه‌وه بکات.
17-6-2005
[2] Josef el-Mahdi, Svenska
Dagbladet, 4/6/2005.
[3] راپۆرتێک له‌باره‌ی سه‌ردانی وه‌فدێکی کادرانی ی.ن.ک بۆ
تورکیا، کوردستانی نوێ، ژماره 3676، هه‌ینی 20-5-2005. وێنه‌که‌ی که له‌ته‌ک ئه‌م
گوتاره‌یشدایه هه‌ر له‌و ژماره‌یه‌ی کوردستانی نوێوه وه‌رگیراوه.
[4] که له ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی کوردستانه‌وه ڕێکلامی بۆ ده‌که‌ن
له پاڵ ئه‌وه‌ی، که ده‌یڵێن و ده‌نووسرێت "خۆشترین تامی میوه‌یه" له
بنه‌وه‌ش ده‌نووسرێت "له تورکیا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت".