جیهانێکی ویژدانمردوو
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
نۆزده
ڕۆژه ئیسرائیل، به بیانووی لێدانی حیزبوڵڵاوه، به هه‌موو توانست و هێزی خۆیه‌وه
و به‌به‌رچاوی هه‌موو جیهان و ڕێکخراوی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان و ڕێکخراوه‌کانی
مافی مرۆڤ و سه‌دان گه‌ووادخانه و ته‌ره‌سخانه و بێشه‌ره‌ف و خوێڕی ده‌ستڕۆیشتووی
جیهانه‌وه، په‌لاماری لوبنان ده‌دات و بۆمببارانی ده‌کات و وێرانکاری تێدا ده‌کات
و که‌سیش جووکه‌ی لێوه نایه‌ت. تا ئه‌مڕۆ ژماره‌ی کوژراوانی خه‌ڵکی لوبنان، گه‌یشتوونه‌ته
750 که‌س و ژماره‌ی بریندارانیش پتر له 2000 که‌سێکه. زۆرینه‌ی قوربانیانی ئه‌و په‌لاماره‌ی ئیسرائیل
منداڵ و ژن و پیر و خه‌ڵکی بێداکۆکی و ناله‌شکریین. ماڵ‌وێران و هه‌ڵاتووان و کۆچکردووانیش خۆ له
نیو میلیۆن و پتر ده‌ده‌ن. هه‌زاران ماڵ و خانوو و کارگه و کارگێڕی و ده‌یان گوند
و گه‌ڕه‌ک خاپوور و له‌گه‌ڵ خاک‌دا یه‌کسان کران. زیانێکی ماددییش، که ئیسرائیل له
لوبنان و خه‌ڵکی لوبنانی داوه به میلیاران دۆلار قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه. ئه‌مه
جاری یه‌که‌م نییه، که ئیسرائیل وه‌ها کارێک له‌هه‌مبه‌ر لوبنان ئه‌نجام ده‌دات.
ئێستایش له بیرگه‌ی خه‌ڵکی خودان ویژدان و قوربانییاندا، دیمه‌نه‌کانی سه‌برا و
شاتیلا و وێرانکردنی به‌یرووت نه‌سڕاو‌نه‌وه. ئیسرائیل له 1948ه‌وه سیاسه‌تی
وێرانکردنی فلستین و وڵاتانی دیکه‌ی عه‌ره‌ب و کوشتنی خه‌ڵکی فلستینی و عه‌ره‌ب پێڕۆ
ده‌کات و هه‌موو ده‌مێکیش بۆی چووه‌ته سه‌ر. مێژووی مرۆڤایه‌تیی یه‌ک مێژووه و
مێژووی جیهان یه‌ک مێژووه. ئه‌وه‌ی که‌مێک شاره‌زایی له مێژوودا هه‌بێت و خۆ نه‌خه‌ڵه‌تێنێت
و به چاویلکه‌ی تاریکه‌وه نه‌نۆڕێته مێژوو، ده‌زانێت ئه‌م جه‌نگه‌ی ئێستاکه له
لوبنان و فلستیندا به‌ڕێوه ده‌چێت و ئیسرائیل ئه‌نجامی ده‌دات، جه‌نگی ئه‌مڕۆ
نییه و پاشخانێکی دوورودرێژی هه‌یه و ڕه‌گوڕیشه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانێکی
زۆر به‌ر له ئێستا. ئه‌وه‌ی بنه‌ما و هۆکاره‌کانی جه‌نگه‌که ده‌گێڕێته‌وه بۆ
ڕفاندنی دوو سه‌ربازی ئیسرائیلی له لایه‌ن حیزبوڵڵاوه له 12/7/2006 دا، یا بۆ
کرده‌وه‌یه‌کی فڵانه ڕۆژی حه‌ماس، یا بۆ
توندڕۆیی ڕێکخراوه ئیسلامییه‌کان، یا بۆ کۆمه‌کی ئێران و دنه‌دانی ئێران و...، گه‌لێک
کاڵفامانه ده‌نۆڕێته ڕه‌وشه‌که و ڕووداوه‌کان ده‌خوێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی هه‌ر
ڕووداوێک هه‌نووکه‌ییانه و بێ خوێندنه‌وه‌ی
به‌رایی و دیرۆک و پێشینه‌کانی بخوێنێته‌وه و لێکبداته‌وه، ئه‌نجامێکی ناڕاستی
دێته ده‌ست و میژوو ده‌شێوێنێت و خه‌ڵکیش چه‌واشه ده‌کات. که باس له جه‌نگی
ئێستای ئیسرائیل و لوبنان و فلستین ده‌کرێت، وه‌ک ڕاستییه‌ک مرۆڤ گه‌ره‌که ئه‌وه
بزانێت که:
ئیسرائیل داگیرکاری خاکێکه به نێوی فلستین، که
وڵاتی خه‌ڵکێکه به نێوی فلستینی.
ئیسرائیل
ئه‌نجامی به‌ڵێنێکی ئیمپریالیستانه‌ی نادادپه‌روه‌رانه‌ی به‌لفۆره و عه‌لی شه‌ریعه‌تی
گوته‌نی "کچێکی زۆڵی ئه‌و زینایه‌یه، که له نێوان سه‌رمایه‌داری و
کۆمۆنیزمدا له جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا ڕووی داوه"[1]
ئیسرائیل
دوورخستنه‌وه و وه‌ده‌رنانی جووله‌که‌یه له ئه‌وروپا و خڕکردنه‌وه‌یانه له
فلستین، بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی سه‌رئێشه و کێشه‌ی ئه‌وروپاییان و چاندنی گه‌رای شێرپه‌نجه‌یه‌ک
له نێوه‌ندی جیهانی ئیسلام و عه‌ره‌ب و ڕۆژهه‌ڵاتدا.
ئیسرائیل
گێڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کۆڵۆنیالیزمی ڕۆژاوایه بۆ ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی ئیسلام و
تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ڕۆژاوایه له سه‌رکه‌وتنه‌کانی سه‌لاحوددینی ئه‌ییووبی دژی
خاچهه‌ڵگران.
ئیسرائیل
سڕه‌ره‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵات و ئیسلام و عه‌ره‌به و کان و وزه و بنه‌ما و په‌ره‌پێده‌ری هێرشی فه‌رهه‌نگیی
ڕۆژاوایه به سه‌رجیهانی ئیسلامدا.
ئیسرائیل
ده‌کاته ڕۆژاوا و هه‌ڵگری ته‌واوی تۆ‌و و ماکه‌کانی ژیان و به‌رده‌وامیی بوونی
ڕۆژاوایه.
که ئه‌وه
پێناسه‌ی ئیسرائیل بێت، ئه‌وده‌م خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌که شێوه‌یه‌کی دیکه‌ی سه‌دله‌سه‌د
پێچه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره خوێندنه‌وه فه‌رمییه‌ی ئه‌وڕۆ له ئارادایه وه‌رده‌گرێت
و ته‌واوی ئه‌وه‌ی له میدیاکانی ڕۆژاوا و کوردستان و به‌شێکی وڵاتانی عه‌ره‌ب و
ئیسلام و ڕۆژهه‌ڵاتیش ده‌بینرێن و ده‌بیسرێن و ده‌خوێندرێنه‌وه، ئاوه‌ژوو و هه‌ڵه
ده‌رده‌چن.
به‌شێکی زۆری میدیاکانی جیهان و به
تایبه‌ت ڕۆژاوا، نه‌ک هه‌ر ئه‌وڕۆ و زۆر له‌مێژه، به ده‌ست زایۆنیزمی جیهانی و ئیسرائیل
و کۆمپانیا مه‌زنه‌کان و دۆستان و که‌سانی نێزیکی ئه‌وانه‌وه بوونه و هه‌ن و ئه‌وانن
کۆنترۆڵی ده‌که‌ن و به ئاره‌زووی خۆیان ئاراسته‌ی ده‌که‌ن. له‌و ئاراسته‌کردنه‌یشدا
ئه‌وان چه‌واشه‌کاری و مێشکشۆردنه‌وه و به‌هه‌ڵه‌پێشاندان و خوێندنه‌وه‌ی نادروست
و ناڕاست ده‌رخواردی مێشکی بینه‌ر و بیسه‌ر و خوێنه‌ر ده‌ده‌ن و گه‌له‌پرۆپاگه‌نده‌ی
ڕێوێڵکارانه په‌خش ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی له‌و میدیایانه‌دا وه‌دی ده‌کرێن،
پێشاندانی ئیسرائیله وه‌ک قوربانی و سته‌ملێکراو و حیزبوڵڵا و حه‌ماسیش وه‌ک کوژه‌ر
و سته‌مکار و شه‌یتان و ته‌رۆریست. ئه‌و وێنه‌یه گه‌لێک له‌مێژه ئه‌مه‌ریکا و
ڕۆژاوا و ئیسرائیل و ئه‌وانه‌یشی وا له بازنه‌ی وان‌دا ده‌خولێنه‌وه، ویستوویانه
و ده‌یانه‌وێت پێشانی خه‌ڵکی بده‌ن. ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمان و دۆسته بنده‌سته‌کانی
بۆ خۆیان و دوای نه‌مان و له‌نێوچوونی ترکزه و هه‌ڕه‌شه‌ی کۆمۆنیزم و له دیدی دوژمنایه‌تیکردنی ته‌واوی فه‌رهه‌نگ و
به‌ها و دید و هزر و باوه‌ڕه‌کانی ئیسلام و جیهانی ئیسلامه‌وه، تێزی ته‌رۆریزم و
ئێمه و ئێوه و ئێمه و ئه‌وانیان داهێنا و که‌وتنه وێزه‌ی فه‌رهه‌نگی
ناڕۆژاوایی(به تایبه‌ت نائه‌مه‌ریکایی) و نامه‌سیحی و هه‌موو شتێکی ناڕۆژاوایی(به
تایبه‌ت نائه‌مه‌ریکایی) و نامه‌سیحییان خسته چوارچێوه‌ی نه‌یار و ئه‌وی دیکه‌ی
ناجۆر و زۆڵه‌که‌وه، که گه‌ره‌که له‌به‌ین بچن. میدیا فه‌رمییه‌کانی کوردستانیش
هه‌ر به‌و ئاوازه ده‌خوێنن و مێشکی خه‌ڵکی کورد تێکده‌ده‌ن و ڕاستییه‌کان ئاوه‌ژوو
ده‌که‌نه‌وه.
ساڵانێک
بوو، له کوردستان، ته‌واوی ئه‌وانه‌ی
خجڵی کاری فه‌رهه‌نگی بوون و سه‌روسه‌ودایه‌کیان له‌گه‌ڵ نووسین و ڕاده‌ربڕیندا هه‌بوو
و خۆیان له خانه‌ی فه‌رهه‌نگدا ده‌بینییه‌وه، ئه‌گه‌ر به ده‌نگی به‌رز هاواریان
نه‌کردبا و نه‌یانقیڕاندبا، ئه‌وا هه‌ر په‌یڤێک، وشه‌یه‌ک، ده‌نگێک یا نووزه‌یه‌کیان
بۆ خه‌باتی شۆڕشگێڕانی ئه‌لجه‌زائیر و
کووبا و کاسترۆ و گیڤارا و ما‌و و فلستین ده‌گوت و لێوه‌ده‌هات. ئێستا که ده‌نۆڕیته
ئه‌و خه‌ڵکانه ده‌بینیت مته‌قیان له خۆیان بڕیوه و جووکه‌یان لێوه نایه‌ت. ئه‌وانیش
هه‌ر ئه‌و ڕێچکه‌یه‌ی میدیا فه‌رمییه‌که‌ی کوردستانیان گرتووه‌ته‌به‌ر و ئه‌وانیش
به لاملدا ده‌ده‌ن و سوێند به سه‌ری ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل ده‌خۆن. میدیا فه‌رمییه‌کانی
کوردستان له‌گه‌ڵ ڕه‌وته ئه‌مه‌ریکاییه- زایۆنییه- ڕۆژاواییه دژه ئیسلام و عه‌ره‌ب
و فه‌رهه‌نگه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌که‌ن و ئه‌وانیش گه‌له‌پرۆپاگه‌نده بۆ کاڵا
ڕۆژاواییه‌که، به هه‌موو گه‌ماری و پۆخڵییه‌کییه‌وه ده‌که‌ن. فه‌رهه‌نگییانی
کورد و خۆبه‌ڕووناکبیرزانانی کورد، که ناکرێ له" تاریکبیران" زیاتر
نێوێکی دیکه‌یان لێ بنرێن، بێ ئه‌وه‌ی ویژدانی خۆیان بکه‌نه دادوه‌ر، پێخاوسانه وه‌نێو
ئه‌و زۆنگاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان که‌وتوون و ئه‌وانیش خۆیان خستووه‌ته
خانه‌ی ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و ڕۆژاواوه. ڕۆژانه ده‌یانی له‌و جۆره خه‌ڵکه ده‌بینین
و ده‌ژنه‌فین، که چۆن زل زل و بێشه‌رمانه دێنه گۆ و داکۆکی له ئیسرائیل ده‌که‌ن
و بۆ ئیسرائیل ده‌کوڕووزێنه‌وه و ده‌گرین. ده‌سه‌ڵاتی کورد و فه‌رهه‌نگییانی کورد
و میدیای کورد و سیاسه‌تکاری کورد، ئێستاکه ته‌واوی هێلکه‌کانی خۆیان خستووه‌ته
سه‌به‌ته‌ی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاواوه و پێیانوایه ئیدی به‌وه ده‌بنه ڕۆژاوایی و
ئه‌مه‌ریکا پتری خۆشده‌وێن و ئیسرائیل شتێکیان بۆ ده‌کات. ئه‌وه‌ی ئه‌مانه ئه‌نجامی
ده‌ده‌ن، دابڕین و دوورخستنه‌وه‌ی کورده له مێژوو و فه‌رهه‌نگێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ل
گه‌لانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی کوردستانی تێدایه. ئه‌وه‌ی ئه‌مانه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن
سڕینه‌وه‌ی مێشک و بیرگه‌ی کورده له‌و مێژوو و فه‌رهه‌نگه هاوبه‌شه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌لانی
ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا و ئاخنینیه‌تی به مێژوو و فه‌رهه‌نگێکی زۆڵه‌ک و نامۆ. نێزیکترین
و دۆستترین و هاوپه‌یمانترین و گه‌وره‌ترین کۆمه‌ککاری له‌شکری و ئابووری سه‌رسه‌ختترین
نه‌یاری گه‌لی کوردستان و خواستی کورد له جیهاندا، که تورکیایه، ئه‌وڕۆ
ئیسرائیله. به‌شێکی زۆری ئه‌و فیشه‌ک و مووشه‌کانه‌ی، که تورکیا به گونده‌کانی
کوردستانه‌وه‌ی ده‌نێ و کوردی پێ له نێو ده‌بات، له ئیسرائیلڕا پێی ده‌گات و ده‌یدرێتێ.
ئیسرائیل دۆستی کورد نییه و سیاسه‌تی ئیسرائیلیش سیاسه‌تێکی چه‌وت و دژه مرۆڤه.
گه‌لێک بۆ خۆی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی بکات و ڕێگه‌ی ئازادی گرتبێته به‌ر، نه‌ده‌بوو
لایه‌نگری داگیرکا‌ر و سته‌مکار و تێڵابه‌ده‌ست بێت.
ئه‌مه‌ی
ئیسرائیل ئه‌نجامی ده‌دات، به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ی جه‌نگی ئه‌مه‌ریکایه دژ به هه‌موو
ئازادیخوازانی جیهان. ئه‌مه‌ریکایه‌ک، که به ده‌نگی کاسترۆ و چاڤێز و مۆرالێز
تووڕه ده‌بێت و تێکده‌چێت، به ده‌نگی حه‌ماس و حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا و حیزبوڵڵا که‌لله‌یی
ده‌بێت. ئه‌مه‌ریکا ده‌یه‌وێت هه‌موو جیهان بخاته ژێر کۆنترۆڵ و ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه
و هیچ دیارده و فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌تێکی نائه‌مه‌ریکایانه له جیهاندا نه‌هێڵێت.
مارۆن ئه‌ڕڕاس(مارون
الراس) و بنتجبه‌یل(بنت جبیل) و قانه، قه‌ڵای ئازادی وکوانووی شۆڕش و مه‌کۆی
شۆڕشگێڕان و بنکه‌ی به‌رخۆدانن و وێرانکردن و بۆمببارانیشیان له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه
نیشانه‌ی ده‌ستدرێژی و دڕنده‌یی و نامرۆڤیه‌تیی ئیسرائیله. حیزبوڵڵا و حه‌ماسیش
خه‌ڵکانێکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕن و ده‌نگ و زمانحاڵی خه‌ڵکی لوبنان و فلستین و به‌رخۆدان
و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ته‌واوی ئازادیخوازانی ئه‌مڕۆی جیهانن دژ به ئیمپریالیزمی
ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل و بازنه‌ی ڕۆژاوا. نێوبردنی حیزبوڵڵا و حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا
وه‌ک ته‌رۆریست و تێکه‌ڵکردنیان له‌گه‌ڵ ئه‌لقاعیده و زه‌رقاوی و بینلادن و ئه‌وانه‌دا،
کارێکی ناڕاست و نابه‌جێیه و به‌شێکه له نه‌خشه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل بۆ
ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هه‌موو جیهان و تاساندنی ده‌نگی ناڕه‌زایی و نێوزه‌دکردنی هه‌موو
ده‌نگێکی بوێر و دلێر وه‌ک شه‌ڕانی و ته‌رۆریست.
هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ڕاستییانه، خوێندنه‌وه‌یه‌کن ده‌که‌ونه
خانه‌ی بازنه‌ی ئه‌مه‌ریکا- ئیسرائیلییه‌که‌وه‌ی دژه‌جیاوازی و دژه فره‌فه‌رهه‌نگی
و فره‌ڕه‌نگی و فره‌دیده‌وه. ئه‌و جیهانه‌ی،
ئه‌و سیاسه‌تکاره‌ی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ی، ئه‌و ڕووناکبیره‌ی، ئه‌و مرۆڤه‌ی له
ئاست جه‌نگی ئیسرائیلی دژه فلستین و لوبنان و حیزبوڵڵا و حه‌ماسدا لایه‌نگری
ئیسرائیله یا بێده‌نگه، جیهان و سیاسه‌تکار و ده‌سه‌ڵاتدار و تاریکبیر و مرۆڤێکێکی
که‌ڕ و لاڵ و ویژدانمردووه.
30-7-2006