Tuesday 19 May 2020

خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن پێنجەم -مووچە-


خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن
پێنجەم
-مووچە-
ئەمجەد شاکەلی
بڕوا ناکەم لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا، هێندەی کوردستان، ئەو لەتەی باشووری کوردستان، کە ئێستا لە هەرێمۆکەیەکدا بچووککراوەتەوە و تا دێت دەچێتە ئاو، باس لە مووچە و پارەوپووڵ بکرێت. لە وەزیر و گزیرەوە تا دەگاتە پیوازفرۆشەکەی بەر دەرکە، باس لە مووچە دەکەن و هەریەکەو لە دیدی خۆیەوە شتێکی لەبارەوە دەڵێ.
 لە جڤاکی سوێدیدا، هیچ کەسێک ڕێگە بەخۆی نادات پرسیاری مووچە و داهاتی ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە و پارە و پاشەکەوتی پارە و حیسابی بانکی، لە کەسێکی دیکە بکات، تەنانەت ئەگەر نێزیکترین کەسیشی بێت و لەیەک ماڵ و خێزانیشدا پێکەوە بژین. وەها کارێک کارێکی نەکردەنی، تابوو و لایەجووز(لایجوز) و شەرمهێنە و بە خۆهەڵقورتاندن و دەستوەردان لە ژیان و تایبەتمەندیی مرۆڤێکی دیکە دەژمێردرێت.
 لە کوردستان، لەنێو چینەباڵاکاندا، لەنێو ئەوانەی مووچەی مفت وەردەگرن و تایبەمەندیی و شتی دیکەیان بۆ دەستەبەر کراوە یا خۆیان لە ڕێگەی پێگەی حیزبی و دەسەڵاتەوە، بۆ خۆیان دەستەبەریان کردووە، وەها باسێک ناکرێت، چون ئەوان بۆ خۆیان ئافرێنەری ئەو ڕەوشەن و هەموو لە فیکەی یەکدی تێدەگەن، لێ جاروبار بۆ خۆڵ لەچاوکردنی خەڵک و فریودانی ڕەشەخەڵک و چینەکانی خوارێ، ئەوانیش لەبەردەم میدیاکاندا باس لە ئاریشەیەک، قەیرانێک، شتگەلێک دەکەن، کە تەنێ لە خەڵکەکەیان ژنەفتووە و هەرگیز بۆ خۆیان پێیدا تێنەپەڕیون. هەرچی مووچەخۆرانی ڕاستینەشن، خەڵکە شەکەت و کارمەندە کاراکان، مرۆڤ لە بێمووچەیی و گیرفان بەتاڵی و دەردەسەرییەکانیان تێ دەگات و مافی خۆیانە، هەر گلەییەکیش بکەن. 
مووچە و مووچوخۆریی و مووچەوەرگرتن، لە کوردستان بووە بە سیما و شێوازی ژیان و لە دەرێی مووچە، کەم کەس دەتوانێت، وێنای جۆرێکی دیکەی ژیان بکات. لە 1991 بەدواوە، کە ئیدی ئەو هەرێمەی کوردستان دامەزرا، حیزبانی دەسەڵاتدار، بۆ گرێدان و بە پاشکۆکردنی خەڵک بە خۆیانەوە، دەستیان دایە کارێکی دزێو و قێزەون، ئەویش، دامەزراندنی خەڵک، تەنێ بە ناو و لەسەر کاغەز نەک بە کردەوە، بە خانەنشینکردنی تەواوی کادر و ئەندامانی خۆیان، بە پلەی باڵای وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژکار، ئەفسەری پلە باڵای مانەندی عەمید و لیوا و عەقید و سەدان جۆری دیکە، کە لە ژیانیاندا نە ئەو کارانەیان کردووە و نە وەها پلەو پایەیەکیانیش بووگە، مووچەی خەیاڵیی، کە لە هیچ دەورانێکدا نەبووە، بۆ بڕینەوە. سەرەڕای دەرماڵەیەک، کە ئەگەر هێندەی مووچەکەیان نەبێت، فرە کەمتر نەبووە و نییە لێی. ئەوانە و ئەوجا دابەشکردنی زەوی و خانوو و ماشێن بەسەریاندا و دابینکردنی پاسەوان بۆیان و مسۆگەرکردنی گەشت و ڕابواردن و دەیان جۆرە خزمەتی تر، کەتەواوی ئەوانەش، هەر بەشێکی جیانەکراوەی مووچە و مووچەبازیین. هەر ئەو جۆرە مرۆڤانە، ئەگەر ڕۆژێک لەسەردەمی بەعسدا زیندان کرابێتن، ئەوا پارەی زیندانی سیاسییش وەردەگرن، پارەی ژنی شاخ و شەهیدانە و چەندین جۆری دیکەش وەردەگرن. نەک تەنێ هی خۆیان یا هی ژن و باوک و برا و خوشکیان، وەردەگرن، بەڵکە هی ئامۆزا و لالۆزا و میمکەزا و برازا و خوشکەزا و دەیان زای دیکە و مام و خاڵ و مامۆژن و لالۆژن و...چەندین جۆری دیکەی قەوم و قیلە وەردەگرن. تەواوی ئەو پارەیەی دەچێتە بەرکی ئەو جەنابانەوە، لە دوای 2003 و ڕووخانی بەعسەوە، ئەگەر زیادی نەکردبێت و دەیان فڕوفێڵ و گزیی دیکەی تێدا نەکرابێت، ئەوا هەرگیز بەلای کەمییدا نەچووە. ئەمانە یەک لەشکری تەواوی حیزبن، کە بێجگە لە مفتەخۆری و مشەخۆری، چ کارێکیان نییە. ئەمانە ئەوانەن، کە پێێان دەگوترێ"بندیوار". بندیوارانیش، چەند چینێکن، هەیانە لەسەر چڵەپۆپەی دارەکە و ترۆپکی کەژەکە و هەیانە نزمتر و خوارترە و وەک ئەوانەی بانێ، ئەو هەموو کەشوفش و ناز و خۆشگوزەرانییەیان نییە.
لە 1992 ەوە تا هەنووکە، پێنج خولی پەرلەمان لە کوردستان هەبوون و هەڵبژێردراون. چوار لەو خولانە تەواو بوون و ئەندامانی خانەنشین کراون. دیارە خانەنشینکردنی ئەندامی پەرلەمان، بە هەموو پێوەرێک، ناڕەوا و هەڵە و دزیوترین کارێکە، کە دەکرێ. پەرلەمانتار دوای تەواوبوونی کارەکەی وەک پەرلەمانتار، دەتوانێت بچێتەوە سەر ئەو کارەی پێشووی، کە هەیبووە. ژمارەی ئەندامانی هەر یەک خولی پەرلەمانی کوردستان 111 ئەندامە و کۆی ئەندامانی خانەنشینکراوی ئەو چوار خولە دەکاتە 444 کەس. ئێستاش کە خولی پێنجەم لە 2018 ەوە لەپەرلەمانن و ماوەیەکی دی ئەوانیش خانەنشین دەکرێن و ژمارەی پەرلەمانتاری خانەنشینکراو ئەودەم، دەبنە 555 کەس. هەموو ئەندام پەرلەمانێک، کە لە کاردا بێت، وەک دەڵێن، هەشت میلیۆن و دووسەدهەزار(8.200.000) دیناری عیراقی[1]، کە دەکاتە نزیکەی 7000 دۆلاری ئەمەریکی، وەردەگرێت، بێجگە لە دەرماڵە و پشتماڵە و بنماڵە و ژێرماڵە و بانماڵە و زۆری دیکەش. بێجگە لە پاسەوان و خانوو و ماشێن و بەزمی دیکەش، کە ئیدی ڕەنگە گەلێک لە 7000 دۆلار زیاتر بێت. کە پەرلەمانتار خانەنەنشینیش دەکرێت، پارەی مفتی خۆی هەر وەردەگرێت، بە کەمۆکەیەک گۆڕینەوە، کە ڕەنگە بە ڕێژەیەکی کەمتر مووچەکەی وەرگرێت، لێ هێشتا پاسەوانی هەر هەیە.
وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، جێنێراڵ، ڕاوێژکار، پەرلەمانتاری خانەنشینکراوی کوردستانی لە ئەوروپاژیاو، سەرباری مووچەی خانەنشینی کوردستان، مووچەی خانەنشینی وڵاتانی ئەوروپایش وەردەگرن و تەنانەت دەستبەرداری وەرگرتنی مووچەی پاسەوانەکانیشیان نابن، کە لە ئەوروپا، نەک پەرلەمانتار و وەزیر و گزیر، تەنانەت سەرۆکی حوکوومەتیش پاسەوانی نییە.
 کەسی هەرێمی کوردستان، 24 قلیان کارمەند و مووچەخۆرن. ڕەنگە بڕێک لەو مووچەخۆرانە زگورد بن، لێ زۆرێکیان، مێرد و ژن و زارۆکیان هەن، واتە: چەند میلیۆنێکیش لەو پێنج میلیۆن و هەندەی کوردستان، لەسەر مووچە دەژین. ئەمە لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک چین، کە یەک میلیارد و سێسەدوشەست میلیۆن(1.360.000.000) مرۆڤن، تەنێ 0.5% دانیشتووانی فەرمانبەرن. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی چین 257 ئەوەندە و بڕێک زیاتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن، لێ چین 8 ئەوەندەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان، کارمەند و مووچەخۆری هەیە!
ئەم خشتەیەی خوارەوە، ئەو بەراوردکارییەی ژمارەی دانیشتووان و کارمەندان و ڕێژەکانیانە لە کوردستان و لەو وڵاتانە، کە بزووتنەوەی گۆڕان کاری لەسەر کردووە:
بە گوێرەی زانیاریگەلێک، کە لە بەردەستتان و ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی لە حوکوومەتی پێشووی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، لە داهاتی هەرێمی کوردستان، کە لە پارەی نێوخۆ و نەفت و ئەو پارانەی لە بەغدادەوە دەدرێنە هەڕیمی کوردستان وەدەست دێن، 83%ی بۆ مووچە تەرخان دەکرێ و 5%ی بۆ سولفە (السلفة/وام/Soft Loan)ی کارگێڕی و دامەزراوەکان و8%ی بۆ خزمەتگوزاری دەرمان، پارەی کارەبا، پارەی تەرخانکراو بۆ خۆراک و پاراستن و ئاگاداریی ئامێر و بینایەی کارگێڕییەکان، ناردنی کارمەندان بۆ ئەملاو و ئەولا، پێوەندکردن و پاکژکردنەوە و تەنیا 4%یشی بۆ سەرمایەگوزاری تەرخان دەکرێت[2].
دەسەڵات(حیزب)، کاغەزەکانی بەجۆرێک تێکەڵکردووە، کە خەڵکە ئاساییەکە ناتوانێت جودای بکاتەوە. دەسەڵات، باس لە وەزیر و جێگر و بەڕێوەبەر و جێنێراڵی مفتەخۆری ملقەوی بندیوار ناکات، کە باس لە مووچەیش دەکات تێکەڵ بە مووچەخۆرانی دیکەیان دەکات. مووچەی فەرمانبەر و کارمەندی گچکەی ماندووی خوارێی پلیکانەکەیە دەبڕدرێ، ئەوە ماڵی وێران دەبێ، ئەوە قەرزدار دەبێ، ئەوە بە هیچدا ڕاناگات. کابرای بندیواری مفتەخۆری گەندەڵ، باکی نییە، ئەگەر مووچە دەهەزار حەفت هەزار یا چوارهەزار دۆلارییەکەی، یەک دوو هەزارێکیشی لێ ببڕدرێ، کە هەرگیز ئەوە ڕوونادات، چون ئەوانن دەسەڵات، وەک کریگرتە و پاسەوان بەکاریان دەهێنێت، یا بە دەربڕینێکی تر چون دەسەڵات(حیزب) بۆ خۆی لەوان پێکهاتووە، هەرگیز نە کاری تێدەکات و نە هەستی پێ دەکات.
گەلێک، یەک میلیۆن و دووسەد و چلونۆ هەزار (1.249.000) کارمەند و مووچەخۆری هەبێت، کە لە هیچ جێیەکی جیهاندا، تەنانەت لە هەژارترین وڵاتانی جیهانیشدا نموونەیەکی لەو جۆرەی کوردستان نییە، بە دووسەد و چلونۆ هەزارەکەی، هەموو کاری وڵات بەڕێوە دەچێت و یەک میلیۆنەکەی زیادە.  
گەلێک، 83%ی پارەی داهاتی بۆ مووچە بڕوات و لە هەر چوار کەسی وڵاتەکەی دانەیەکیان کارمەند و مووچەخۆر بێت و بەشێکی زۆریش لەو مووچەخۆرانەی، مووچەی مفت و مشەخۆری و ئەفسانەیی وەربگرن، تەواوی ئاوی دیجلە و فرات و زێ و سیروان و ئەڵوەن و باسەڕەی، بۆ بکە بە پارە، هەرگیز بەشی مووچەی ناکات!
بە پێدانی مانگێک  مووچە و چەند مانگ ڕاگرتنی، بە پاشەکەوتکردن و بە چاوەڕوانی خێر و سەدەقەی بەغداد، بەو هەموو پینەوپەڕۆیە، هەرگیز ئەو کێشەیە چارەسەر ناکرێت و هەرگیز دەمی ئەو مووچەخۆرانەیشی، کە زیانمەندی یەکەمن داناخرێت، ئەگەر کارمەندە ڕاستینەکان لە بندیواران جودا نەکرێنەوە و مووچە و تایبەتمەندیی ئەو بندیوارە ملئەستوور و مفتەخۆر و گەمار و پیسخۆرانە نەبڕدرێ و ئابوورییەکی خۆماڵیی پشتبەستوو بە خاک و کشتوکاڵ و کانزا و هێزی کاری کوردستان و گۆڕینێکی ڕادیکاڵ لە شێوازی بەڕێوەبردن و کارگێڕییدا نەیەتە گۆڕێ.

2020-05-19  


[1] HYPERLINK "https://xelk.org/169237/?__cf_chl_jschl_tk_" https://xelk.org/169237/?__cf_chl_jschl_tk_  
[2] HYPERLINK "https://www.alsumaria.tv/news/237786" https://www.alsumaria.tv/news/237786

Friday 1 May 2020

ڕۆژگارێکی بێ ڕەنگوبۆ


ڕۆژگارێکی بێ ڕەنگوبۆ
ئەمجەد شاکەلی
خۆشەویستی، هەمیشە و لەو دەمەی ڕا مرۆڤ هەبووە، بەهێزترین و تەمەندرێژترین و تۆکمەترین ڕایەڵەیەک بووە، مرۆڤ و دەوروبەری، مرۆڤ و ژینگەی، مرۆڤی سروشتی، مرۆڤی و مرۆڤی، وێکڕا گرێداوە و درێژەی بە ژیان داوە. جوانترین ئاوازێک، ناخ و هەستی مرۆڤی هەژاندووە، بێجگە لە خۆشەویستی هیچی دیکە نەبووە. خۆشەویستییە، ڕەنگ و چێژ و جوانی و هێز و ئومێد و بەخشندەیی و پێکەوەژیان و تەواوی باشییەکانی بە مرۆڤ بەخشیوە و مرۆڤی ئاراستە کردووە، بەوەی بژی و داهێنان بکات. جیهانی بێ خۆشەویستی، جیهانێکە بێڕەنگ، پڕ لە ڕق، تاریک، بێگیان، مردوو.
یەکدی بەسەرکردنەوە و یەکتربینین و پێوەند و تێکەڵاوی و سەردانی یەکدی و پێکەوە دانیشتن و ژوان و دەستگوشین و لەئامێزگرتن و ماچ و هەموو جۆرە نێزیکایەتییەکی مرۆڤێک و یەکێکی دی، نیشانەکانی خۆشەویستی و وزەبەخشی ماشینی خۆشەویستین. پێش ئەم پەتا نەفرتییەی کۆرۆنایە، هیچ یەکێک دەستبەرداری گچکەترین دانەیەکی لەو نیشانانەی خۆشەویستییە نەدەبوو و دوورکەوتنەوە و پشتگوێخستنیان، نیشانەی کەمتەرخەمی و دڵڕەقی و بێهەستی و ناتەواوییەک بوو.
ئەدی ئێستا!
پەری، لە پیاسەیەکییەوە هاتە بەر دەرگە و زەنگی دەرگەکەی لێدا، ئەو دەیزانی من لە ماڵم و وەک زۆرێک لەوانەی لە کۆرۆنا دەترسن، لە ژوورێ خۆم حەشار داوە. دەرگەم کردەوە و لە دوورایی سێ میترێکەوە، هەندی قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشت.
فەرهاد، بڕێک خۆراکی بۆ کڕیم و ئێوارەیەکی دوای گەڕانەوەی لەسەر کار، بۆی هێنام و لە دووریی چوار میترێکەوە هەندێ قسەمان کرد و ئیدی ڕۆیشت.
ڕاز و پەری، دوو جار، بە کۆمەڵێک توورەکە و دەڵقی پڕ لە میوە و سەوزە و وشکەوە هاتنە بەر دەرگە و لە دوورایی چوار پێنج میترێکەوە، لە خوارێی پلیکانەکە ڕاوەستابوون، بڕێک قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشتن.
ڕاز، لەسەر کارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵ، زەنگێکی بۆ لێدام و گوتی دێمە نزیکی ماڵ و تۆیش وەرە بەر پەنجەرەی ناندینەکەت و ماوەیەک بە تەلیفۆن قسە دەکەین. منیش وام کرد و بڕێکمان قسە کرد و دواتر ڕۆیشت.
ئەمڕۆ یەکەمی مەی(یەکی ئایار، یەکی مایس)ە، ڕۆژی کارگەرانی جیهانە. یەکێکە لە ڕۆژە هەرە خۆشەکانی ساڵ، کە هەمیشە دوانزدە مانگ چاوەنۆڕی هاتنەوەییم و نوێبوونەوە و چێژێکی گیانەکی بە تەواوی هەستەکانم دەبەخشێت. ئەگەر ساڵێک، بەهۆی نەبوونم لە سوێد، لە بەشداربوون لەم بۆنەیەدا، لە ڕێپێوان و خۆپێشاندان و ئاهەنگگێڕان، دابڕابم، لەو دوورییەم لە سوێد و لەو ڕۆژەدا، پەشیمان بوومەوە و هەرگیز خۆمم نەبەخشیوە و سەرزەنشتی خۆمم کردووە و پێم وابووە، کەلێنێک کەوتووەتە ژیانمەوە و زیانێکی گرانم بەرکەوتووە. ساڵانە و ئەم ڕۆژە، پەری، لەوەتی هێشتا لە گالیسکەی زارۆکاندا بوو و تا ئیدی پێڕەوکە بووە و کەوتووەتە سەر پێی خۆی و وردەوردە ئاگاییشی پەیدا کردووە، هاوڕێی ئەم جەژنگێڕانەم بووە و وێکڕا و لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکەدا، لەگەڵ سەندیکالیست(SAC)  و ئەنارکیست و ناپەرلەمانی و ناحیزبییەکاندا، ڕۆژێکی گەش و دەم بە خەندە و خۆش و پڕئومێد وزەبەخشمان گوزەراندووە، لێ ئەمساڵ نەء! ئەمساڵ یەکی مەی، نە جەژن و نە ئاهەنگ و نە ڕێپێوان و نە دیداری هاوڕێ و خۆشەویستان!
هاوڕێیەکانم، کە جاران، ڕۆژێکی خۆرەتاوی خۆش، کەنار زەریاچەیەک، پیاسەیەکی چەند سەعاتی، قاوەخانەیەک و کووپێک قاوە، خواردنێکی چینی، تایلاندی، ڤیێتنامی، یا فەلافیلێک، دەردەدڵێک، بڕێک شۆخی و قسەی خۆش، خڕبوونەوەیەک، ئاهەنگێک، زەماوەندێک، پرسەیەک، تەنانەت پرسەیەک و سەرگۆڕستانێک، کۆی دەکردینەوە، ئیدی لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، هیچ یەکێک لەوانە نامانگەیەنێتە یەکتر. میوان، کە لە کوردەواریدا دەڵێن خۆشەویستی خودایە، تەنانەت میوان و میواندارییش، خەریکن لەبیر دەچنەوە!
ئێستا، ئەوەی خۆشت دەوێ و ئەوەی خۆشی گەرەکی، دەبێ خۆتی لێ دوور بگریت  و دوورایی نێوانتان بە میتر بپێوی، چمانی ئاگر و بەنزینن، لە یەکدی نێزیک نەبنەوە. ئێستا، نزیکی پێوەری خۆشەویستی نییە، دوورکەوتنەوە نیشانەی خۆشەویستییە و تەلیفۆن، تەنێ تەلیفۆن، هەستەکانمان بۆ یەکدی دەگوێزێتەوە. ئێستا، ڕۆژەکان، بێجگە لەوەی بێتامن،  هیچی دیکە نین! ئاو، هەرچەندە بنەمای هەموو زیندەوەر و زیندووییەکە[1]، لێ کە پێناسە دەکرێ، دەگوترێ، شلەیەکی بێ ڕەنگ و بێ بۆنە، ئێستا ڕۆژگارێکە بێ ڕەنگوبۆیە! 
01 – 05 - 2020



[1] (وَجَعَلْنَا مِنَ ٱلْمَآءِ كُلَّ شَىْءٍ حَىٍّ)، القرآن الکریم، الأنبیاء/30.