چیرۆكی بێبڕانه‌وه‌ی گاڵته‌جاڕیی به گه‌لی كوردستان
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی
ئه‌نجومه‌نی ئاساییشی سه‌ر به ڕێكخراوی
ده‌وڵه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان، له بڕیاری 1546 دا، به كۆی ده‌نگ، بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی
سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاتی، بۆ ده‌وڵه‌تی عیراق دا. له‌و بڕیاره‌دا، ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی
به پرسی كورد و باشووری كوردستانه‌وه هه‌بێت، نه‌هاتووه و باسی لێوه نه‌كراوه.
لێره‌وله‌وێ خه‌ڵكی كورد، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له ده‌رێی بازنه‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵاته
كوردییه‌كاندایه، بێ چاوه‌ڕوانی ڕوونبوونه‌وه‌ی هه‌ڵوێست و دیدی ئه‌و حیزب و ده‌سه‌ڵاتانه،
هه‌ڵوێستی ناڕه‌زاییانه‌ی خۆیان، له‌مه‌ڕ ئه‌و بڕیاره و شێوه‌ی ڕه‌وتاری سه‌ركرده‌یه‌تیی
سیاسیی كورده‌وه، ده‌ربڕی و ده‌نگی خۆیان به‌رانبه‌ریان هه‌ڵبڕی. ئه‌وه كارێكی ئه‌رێنییه
و نه‌ك هه‌ر ئێستا، ده‌بوو هه‌ر له كۆنه‌وه كرابا و ده‌بێت به‌رده‌وامیش بكرێت. حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی
كوردستان، وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان، هه‌ریه‌كه‌و له دید و ڕوانگه‌ی ته‌سكی حیزبایه‌تیی
خۆیه‌وه و هه‌ریه‌كه‌ش له ماڵ و پێته‌ختی ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه، ده‌نۆڕێته كێشه‌كه.
مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كیه‌تیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌ر دوای ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌ی
ده‌وڵه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان و بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و بڕیاره، ئێواره‌ی 9/6/2004، به
سه‌رپه‌رشتیی جه‌لال تاڵه‌بانی، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا "ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و
بڕیاره نێوده‌وڵه‌تییه‌و كاریگه‌رییه‌كانی
بۆ سه‌ر گه‌لانی عیراق به‌گشتی و گه‌لی كورد به تایبه‌تی تاووتوێكرد"[1]. ئازاد
جوندیانی، به‌رپرسیی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی یه‌كیه‌تیی نیشتمانیی
كوردستان، وه‌ك زاری حیزبه‌كه‌ی پێیوایه:"ئه‌م بڕیاره تازه‌یه كه تایبه‌ته
به گێڕانه‌وه‌ی سیاده‌و ده‌سه‌ڵات بۆ عیراقییه‌كان دوای تاووتوێكردن و دیراسه‌كردنێكی
هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بڕیاره‌كه له‌به‌ر رۆشنایی هه‌لومه‌رجه ناوخۆیی و ئیقلیمی و ده‌ولییه‌كاندا،
مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك ئه‌و بڕیاره‌ی پێ بڕیارێكی زۆر باشه به‌تایبه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
كه زۆر به‌ڕوونی مه‌سه‌له‌ی پێكهاتنی عیراقێكی دیموكراتی فیدرالی ئیشاره‌ت پێ داوه‌و
ئاماژه‌ی پێ كردووه.."[2]. جه‌لال
تاڵه‌بانییش، له قه‌ڵاچوالان، له كاتی پێشوازیكردنی له باڵیۆزی فرانسادا، ده‌ڵێ:"مایه‌ی
شادییه كه له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاساییشدا ناوی فیدراڵ هاتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه
ناوی گه‌لی كوردستان نه‌هاتووه"[3]. یه‌ك
ڕۆژ دوای ئه‌و قسانه‌ی جوندیانی، بڕێك له ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسیی هه‌ردوو حیزبی
ده‌سه‌ڵاتدار، پارتی و یه‌كیه‌تیی، كۆده‌بنه‌وه و هه‌ردوو كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ و فازڵ
میرانی، دێنه سه‌ر ته‌له‌ڤزیۆن و باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه هه‌ڵوێسته‌كانیان یه‌كن
و بیروڕایان یه‌كن و له‌مه‌ڕ ئه‌و باسه‌وه، چاوه‌نۆڕی جڤینی په‌رله‌مانی كوردستان
ده‌كه‌ن، كه "ده‌سگای بڕیارده‌ر" و "مه‌رجه‌عییه‌ت"ه، له
كوردستاندا و ئیدی له‌وێ بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌درێت. په‌رله‌مانی كوردستان كۆ
ده‌بێته‌وه و پشتگری له بڕیاره‌كه‌ی ده‌وڵه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات و قسه و
گفت و به‌ڵێنه‌كانی بووش و غازی ئه‌لیاوه‌ر(غازي الیاور) و ئه‌یاد عه‌للاوی(ایاد
علاوي)، پێ باشه و ته‌واوی ئه‌و قسانه‌ی به‌لاوه په‌سه‌ندن و پێیان قایله و به
كارێكی ئه‌رێنی داده‌نێت. بووش، ئه‌لیاوه‌ر و عه‌للاوی هه‌رسێیان، به قسه، كورد
دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه، كه مافی ناخورێت و فیدرالییه‌كه‌یان مسۆگه‌ره و پێڕۆ ده‌كرێت.
جاك سترۆ، ته‌له‌فۆنی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌كات و پێی ده‌ڵێت، كه ئه‌مه‌ریكا و بریتانیا،
پرسی كورد پشتگوێ ناخه‌ن و مافی كورد له‌به‌رچاو ده‌گیرێت. دوای دوو ڕۆژان، جاك
سترۆ، ته‌له‌فۆنی مه‌سعوود بارزانی ده‌كات و هه‌ر ئه‌وه‌ی، كه به تاڵه‌بانی
گوتووه، بۆ بارزانیشی دووپات ده‌كاته‌وه. تاوتوێكردن و باسكردن و شیكردنه‌وه و
هه‌ڵسه‌نگاندنی، هه‌موو بڕیار و هه‌ڵوێست و نه‌خشه و سیاسه‌ت و گوتارێك، كه پێوه‌ندیان
به پرسی كورده‌وه هه‌بێت، ئه‌گه‌ر سه‌رانی كورد فێری بووایه‌ن و فێری ببن، بۆ خۆی
كارێكی باشه و مایه‌ی دڵخۆشییه، به‌ڵام هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له كێشه‌یه‌كی چاره‌نووسسساز
و گرنگی، وه‌ك پرسی دواڕۆژی باشووری كوردستان، به‌وه ده‌كرا و ده‌كرێت، كه ته‌واوی
هه‌ڵوێسته‌كان بكرێنه یه‌ك و به یه‌ك ده‌نگ به‌ره‌وڕووی كاره‌كه ببنه‌وه. به‌وه
ده‌كرا و ده‌كرێت، كه پرس به ته‌واوی گه‌لی
كورد، ته‌واوی تاكه‌كانی گه‌لی كورد، خاوه‌نه ڕاسته‌قینه‌كانی پرسه‌كه، كرابا و
بكرێت. هه‌ردوو تاڵه‌بانی و جوندیانی، به‌وه‌ی، كه وشه‌ی فیدرالی له‌و بڕیاره‌دا
هاتووه، گه‌لێك دڵخۆشن. ئه‌مه ڕێك وه‌ك ئه‌وه وایه، كه‌سێك ئه‌گه‌ر جنێویشی پێ
بدرێت، دڵخۆش بێت، ته‌نێ له‌به‌ر وه‌ی ناوی ده‌هێنرێت. تۆ بڵێی به به‌كاربردنی وشه‌ی
فیدرالی، ئیدی هه‌موو كاره‌كانی گه‌لی كورد جێبه‌جێ ببێت! هیچ یه‌كێك له تاڵه‌بانی
و جوندیانی، ناپرسن و بیر له‌وه ناكه‌نه‌وه و به قه‌ره‌ی ئه‌ودا ناچن، كه ئه‌و
فیدرالییه‌ی ئه‌و بڕیاره باسی لێوه ده‌كات، كام فیدرالییه! ئایا ئه‌وه فیدرالییه‌كه،
ته‌واوی خاكی باشووری كوردستان، تا حه‌مرین و به كه‌ركووك و مووسڵ و خانه‌قین و مه‌نده‌لی
و به‌دره و جه‌سسانه‌وه ده‌گرێته‌وه، یا فیدرالییه‌كه هه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی ئێستای
ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو زلحیزبه كوردییه‌كه ده‌گرێته‌وه، كه كاتی خۆی به‌عسه‌كه‌ی
سه‌ددامیش لاری لێ نه‌بوو، یا هه‌ر ئه‌و فیدرالییه‌ی پارێزگه‌كانه، كه جه‌لال تاڵه‌بانی
بۆ خۆی كاتیی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی به‌غدای مۆری كرد!. پاشان گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری
و ده‌سه‌ڵات بۆ عیراقییه‌كان، كه ده‌بێته هۆی به‌هێزبوون و خۆسازدان و خۆپته‌و و
تۆكمه‌كردن گوڕسه‌ندنه‌وه‌ی عیراقییه‌كان، كه ئێستاش چواریه‌كێكیان به‌عسین و ئه‌وانی
دیكه‌شیان، كه به‌عسی نین، ئه‌گه‌ر ڕقیشیان له كورد نه‌بێته‌وه، مه‌یلیان به
لای كورددا نییه، ده‌بێ چ خێروبێرێكی بۆ گه‌لی كوردستان، بێجگه له مه‌ترسی و ناڕوونیی
و تارمایی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ی دیكه، له‌و سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاته‌دا هه‌بێت و
پێ بێت! گێڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵات بۆ عیراقییه‌كان، ده‌كاته پتر عیراقییاندنی
باشووری كوردستان و به عیراقه‌وه نووساندنی و هه‌رگیز لێكنه‌كردنه‌وه‌ی. گێڕانه‌وه‌ی
سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵات بۆ عیراقییه‌كان، هیچ دوور نییه ببێته هۆی ده‌سه‌ڵاتگرتنه
ده‌ستی خه‌ڵكانێكی تیۆكرات و توندڕۆترین و شۆڤینیستترین و نه‌ته‌وه‌په‌رستترین توێژاڵه‌كانی
نێو جڤاكی عیراق، كه هه‌رگیز تاكه یه‌ك شتی چاك بۆ كورد به ڕه‌وا نابینن. په‌رله‌مانی
كوردستان، په‌رله‌مانێكه، له مێژه ئێكسپایه‌ر بووه و په‌رله‌مانێكه گۆج و شه‌ل
و ده‌ست و پێ سپێ و بێده‌سه‌ڵات و پاشكۆی زلحیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان، بڕیاری
چی ده‌دات و چی پێ ده‌كرێت و چ جیاوازییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌سگا و كارگێڕییه‌كی
دیكه‌ی حوكوومه‌تیدا هه‌یه!. په‌رله‌مانی كوردستان بۆ مه‌رجه‌عییه‌ت بێت، ئه‌گه‌ر
ده‌سه‌ڵاتی كردنه‌وه‌ی لاقه مریشكێكی نه‌بێت و هه‌موو بڕیارێك، كه ده‌یدات له هه‌ردوو
زلحیزبه‌كه‌وه، یا ڕاستتر له هه‌ردوو سه‌رۆكی زلحیزبه‌كانه‌وه، ئیملای پێ بكرێت!
ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان مه‌رجه‌عییه‌ته و قسه‌ی قانوونه، بۆ له كاتی
كوردكوشتنی هه‌ردوو زلحیزبه‌كدا، نقی له خۆی بڕڕیبوو و ته‌نانه‌ت وه‌ك لاڵیش به
جووڵانه‌وه‌ی ده‌ست و سه‌ر، قسه‌ی نه‌ده‌كرد و بۆ هه‌ردوو حوكوومه‌ته‌كه‌ی هه‌ولێر
و سلێمانی هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه و بڕیاری یه‌كخستنی هه‌ردوو كارگێڕییه‌كه نادات و
بڕیاری هه‌ڵبژاردنێكی نوێ له كوردستان نادات و بڕیاری خستنه‌وه سه‌ر كارگێڕیی
كوردستانی، كه‌ركووك و خانه‌قین و ده‌ڤه‌ره تازه ئازادكراوه‌كانی كوردستان
نادات؟ كه ئه‌مانه‌ی پێ ناكرێت و ئه‌ندامه‌كانی ته‌نێ پاره و پووڵی مفت هه‌ڵده‌لووشن
و ته‌نێ خزمه‌ت ده‌كرێن و یه‌ك تاكه خزمه‌ت، نه به كورد و نه به كوردستان ناكه‌ن،
ئیدی په‌رله‌مان بۆ چی باشه و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆچی باشن؟ خۆ تابلۆ و ئنجانه
نین، ماڵیان پێ بڕازێنرێنه‌وه! ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی بووش و ئه‌لیاوه‌ر و عه‌للاوی ئێستا
به كوردی ده‌ده‌ن، گه‌لێك جاری دیكه‌ش، پێی دراوه و كورد لێیان تێر بووه. سه‌رانی
كورد ده‌بوو، شتێك له دیرۆكی كورده‌وه فێر بووایه‌ن، كه مخابن هه‌رگیز لێیه‌وه
فێر نابن، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه له‌وه‌تی كورد هه‌یه، هه‌رگیز به‌رانبه‌ره‌كانی،
له به‌ڵێنه‌كانیاندا ڕاستگۆ نه‌بوونه و كوردیان ته‌نێ وه‌ك فاكته‌رێكی یارمه‌تیده‌ر
به‌كار بردووه، تا كاره‌كانی خۆیانیان پێ كردووه و به ئامانجه‌كانی خۆیان گه‌یشتوون.
ئه‌و خاپاندنه‌ی كورد، له ئه‌تاتورك و ڕه‌زاخان و موحه‌ممه‌د ڕه‌زا شا و شاكانی عیراق
و قاسم و عارف و سه‌ددام و ئینگلیز و ئه‌مه‌ریكا و ڕووسه‌وه ده‌ستی پێ كردووه، ئه‌وه‌تا ئه‌وڕۆ گه‌یشته ئه‌لیاوه‌ر
و عه‌للاوی و بووش و...هه‌ر درێژه‌ی هه‌بووه و هه‌ر درێژه‌یشی هه‌یه. سه‌رانی
كورد به‌وه‌ی، كه جاك سترۆ زه‌نگێكیان بۆ لێ ده‌دات، كۆڵێك كه‌یفخۆش ده‌بن و هه‌واڵ
له دوای هه‌واڵ و زۆر به‌گه‌رمی، ده‌كه‌ونه باس كردنی و سه‌ری خه‌ڵكی كوردی پێ ده‌ئێشێنن،
به‌ڵام خۆیان له‌وه گێل و نه‌بان ده‌كه‌ن، كه جاك سترۆ و هه‌رچی ناكوردی ئه‌م جیهانه‌شه،
گاڵته‌یان پێ ده‌كه‌ن، چونكه وه‌ك دوو سه‌رۆك خێڵ و دوو حیزب و دوو كارگێڕی و دوو
ده‌سه‌ڵات و دوو ده‌نگ و دوو گه‌ل و دوو وڵات، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. جاك
سترۆ و هه‌رچی جاك سترۆكانی جیهانن، ئه‌وانیش وه‌ك سه‌رانی كورد خۆیان، بۆ خۆیان پێیانخۆشه
كورد هه‌رگیز نه‌بێته یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هێز و هه‌میشه هه‌ر دوو له‌ت و چه‌ند له‌ت
بێت، هه‌ر بۆیه‌ش به‌و شێوه‌یه ته‌له‌فۆنیان بۆ ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو
"سه‌رۆك"انی باشووری كوردستاندا قسان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی
كوردستان، به‌هایه‌كه‌ی هه‌بووایه و جاك سترۆكان، وه‌ك نیشانه‌ی سه‌روه‌ری كورد و
مه‌رجه‌عییه‌تی كورد، ته‌ماشایان كردبا، ئه‌وا ئه‌وان گرنگییان به‌و په‌رله‌مانه
ده‌دا و زه‌نگیان، بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌كه لێ ده‌دا. یا ئه‌گه‌ر ئه‌وان حوكوومه‌تی
كوردیان پێ حوكوومه‌ته، بۆ زه‌نگ بۆ ئه‌و دوو سه‌رۆك حوكوومه‌تانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی
لێ ناده‌ن! سه‌رانی كورد و سه‌ركرده‌یه‌تیی سیاسیی كورد، له پێناوی نه‌شێواندنی
باری ژیانی خۆیان و پاراستنی به‌رژه‌وه‌نده‌كان و خۆشگوزه‌رانیی خۆیان و له‌ده‌ستنه‌دانی
ده‌سه‌ڵاتی خۆیان، هیچ گرنگ نییه به لایانه‌وه، كورد ده‌بێته دوو له‌ت، یا هه‌زار
كه‌رته‌وه و هیچ گرنگ نییه به لایانه‌وه كورد ڕزگاری و سه‌روه‌ری خۆی وه‌ده‌ست
ده‌هێنێت یا نه! سه‌رانی كورد، ئه‌گه‌ر به‌ته‌نگ پرسی كورد و ڕزگاری كورد و
كوردستانه‌وه بووایه‌ن، ده‌بوو له‌وه گه‌یشتبان، كه ته‌واوی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
و ئینگلیز و بووش و عه‌ره‌بی عیراق و ئه‌لیاوه‌ر و عه‌للاوی، به‌وانیان گوتووه و
به‌ڵێنیان پێ داون، ته‌نێ قسه‌ی ڕووته و یه‌ك كاغه‌ز و گه‌ره‌نتی، له نێواندا نییه
و هه‌ر ساتێك بیانه‌وێت ده‌توانن لێی پاشگه‌ز ببنه‌وه. سه‌رانی كورد، كوردیان له‌سه‌ر
ئه‌و كڵاوبه‌سه‌رچوونه ڕاهێناوه و هه‌ر ده‌ڵێی بۆ ئه‌وه بارهێنراون و پێگه‌یێنراون،
كه شۆخیی به خه‌ڵكی كورد بكه‌ن. خۆشباوه‌ڕیی له سیاسه‌تدا، ده‌كاته گه‌مژه‌یی
و نه‌زانی و بووده‌ڵه‌یی، یا ناڕاستی و نانیشتمانپه‌روه‌ری، ده‌نا كێ هه‌یه، له
وه‌ها وازییه‌كدا، كه چاره‌نووسی وڵاتێك و گه‌لێكی له‌سه‌ر وه‌ستاوه، به‌و شێوه‌یه‌ی
سه‌رانی كورد ڕه‌وتار بكات و بێ هه‌ڵوێست بێت!.
12 - 6 - 2004