ئێوه‌ن گۆڕاون، ئه‌مه‌ریکا نه‌گۆڕاوه
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ساڵانی 1980کان،
خۆپێشاندان و ڕێپێوانی کوردانی سوێد و وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌وروپا، دژ به باڵیۆزخانه‌کانی
عیراق، ئێران و تورکیا و به تایبه‌ت عیراق بووبووه کارێکی تا ڕاده‌یه‌ک ڕۆژانه.
هه‌ر ڕۆژه‌ی چالاکییه‌ک ئه‌نجام ده‌درا و خه‌ڵکه‌که ئاماده‌بوون بۆ هه‌موو جۆره
کارێک. ئه‌و خؤپێشاندانانه، که بۆ خۆیان و له ڕاستیدا، دژ به ڕێژیمه‌کانی
ئه‌و وڵاتانه ده‌کران و دروشمی دژ به ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ڕێژیمانه‌یان تێدا
بڵند ده‌کرایه‌وه و بڕۆخی سه‌ددام و سه‌ددام دیکتاتۆره و سه‌ددام فاشیست و
مرۆڤکوژه‌ی تێدا ده‌گوترایه‌وه، دژ به ئه‌مه‌ریکاش هاوار ده‌کرا و ده‌نگ به‌رز
ده‌کرایه‌وه و خه‌ڵک هه‌موو تاوانه‌کانی سه‌ددام حوسه‌ین و تورکیا و دوژمنانی
کوردی له نێو چاوانی ئه‌مه‌ریکادا وه‌دی ده‌کرد و ئه‌مه‌ریکای به''مشته‌ی نێو هه‌مانه‌که''
و هۆکاری سه‌ره‌کی و پاڵپێوه‌نه‌ر و هانده‌ری ئه‌و تاوانانه ده‌زانی. به‌شێکی
زۆری ئه‌و چارۆکانه‌ی له لایه‌ن خۆپێشانده‌رانه‌وه هه‌ڵده‌گیران، ڕه‌نگیان سوور
بوون، یا به ڕه‌نگی سوور له سه‌ریان نووسرابوون. له مێژه کورد هاوار ده‌کات:''ئێمه
رۆڵه‌ی ڕه‌نگی سوور و شۆڕشین سه‌یریکه خوێناوییه ڕابوردوومان''. ڕه‌نگی سوور،
نیشانه‌ی شۆڕشگێڕیه‌تی و چه‌پبوون و دژه‌ئیمپریالیزم و دژه‌داگیرکار و ده‌ژه‌چه‌وساندنه‌وه
و ڕه‌نگی کارگه‌ر و سته‌ملێکراوان بوو. بڕێک له‌و چارۆکانه وێنه‌ی داس و چه‌کوش''نیشانه‌ی
کارگه‌ر و وه‌رزێر''یان له سه‌ر نه‌خش کرابوون. وێنه‌ی مارکس، ئه‌نگلز، لێنین،
ستالین، ما‌و و ئه‌نوه‌ر خواجه و جاروباریش گیڤارا، کاسترۆ، ترۆتسکی، پلیخانۆڤ و...هه‌ڵده‌گیران
و دروشمی ''دایڕزێنه، تێکیشکێنه، بیڕووخێنه ئیمپریالیزمی ئه‌مه‌ریکا''، یه‌کێک
له‌و دروشمانه بوو، که هه‌موو جار و له هه‌موو ڕێپێوان و خۆپێشاندان و بؤنه‌یه‌کدا
ده‌گوترایه‌وه و خه‌ڵک هێنده‌یان ده‌گوته‌وه و هێنده‌یان ده‌نگ بڵند ده‌کرده‌وه،
کاتێک ئه‌و دروشمه‌یان ده‌گوته‌وه، ده‌نگیان ده‌نووسا. له یه‌کێک له‌و
خۆپێشاندانانه‌دا و له مه‌یدانی''سێرگلس تۆری Sergels Torg '' له نێوه‌ندی شاری ستۆکهۆڵم، کوردێکی
زۆر خڕ بووبوونه‌وه و هه‌موو وێکڕا ده‌یانقیڕاند و ئه‌و دروشمه‌ی دژ به ئه‌مه‌ریکایان
ده‌گوته‌وه. کابرایه‌کی بڕێک به‌ته‌مه‌نی به‌دمه‌ستی سوێدی، هێنده‌ی خواردبووه‌وه
له‌تری ده‌برد، له‌و ناوه په‌یدا بوو و بڕێک له‌و نووسین و وێنانه‌ی سه‌ر چارۆکه‌کان
ڕاما و بڕێک گوێی بۆ هاتوهاوار و قێڕه‌قیڕه‌کانیش، که به سوێدی ده‌گوترانه‌وه،
شلکرد و لاره‌لار و لۆژه‌لۆژ هاته ته‌نیشت هاوڕێیه‌کمانه‌وه و لێی پرسی:''ئێوه
خه‌ڵکی کوێن؟''. هاوڕێیه‌که‌یشمان گوتی:''کوردستان''. کابرا گوتی:''ئه‌و وڵاته‌ی
هه‌ر چیایه و سه‌خته و چوار پێنج به‌شه و له لای ئێران و تورکیا و ئه‌وانه‌یه!''.
هاوڕێیه‌که‌یشمان گوتی:''به‌ڵێ''. کابرا گوتی:''ئه‌ی ئێوه کێ داگیری کردوون؟''.
هاوڕێیه‌که‌مان گوتی:'سه‌ددام حوسه‌ین''. کابرا گوتی:''ئه‌ی له‌شکری ئه‌مه‌ریکا له
وڵاته‌که‌تان هه‌یه؟''. هاوڕێیه‌که‌مان گوتی:''نا''. کابرا گوتی:''ئه‌ی ئه‌مه‌ریکا
داگیری کردوون؟''. هاوڕێیه‌که‌مان گوتی:''نا''. کابرا گوتی:''ئه‌ی ئیتر هاتوهاواری
چیتانه دژ به ئه‌مه‌ریکا و بۆ باسی ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌ن! بۆ باسی سه‌ددام حوسه‌ین
و عیراق ناکه‌ن و داوای ده‌رکردنی ئه‌وان له خاکه‌که‌تان ناکه‌ن و جیتان داوه له
ئه‌مه‌ریکا!''. ئه‌وێ ڕۆژێ شه‌رم بوو بۆ که‌سێک، ئه‌گه‌ر خۆی به مارکسیست و چه‌پ
و سۆسیالیست نه‌زانیبا. ئه‌وێ ڕۆژێ که‌سێک ئه‌مه‌ریکا و ئینگلستانی به دۆست و په‌نا
و فریاڕه‌س زانیبا و وه‌ک کۆڵۆنیال نه‌یدیتبا، خه‌ڵک نه‌فره‌تی لێ ده‌کرد و به
دژه شۆڕش و کۆنترا نێونووس ده‌کرا. هه‌ر چه‌ند ساڵێک پێش ئه‌و ساڵانه بوو، جه‌لالییه
دووئاته‌شه‌کان، سه‌رۆک بارزانی(مه‌لا مسته‌فا)یان به‌وه تاوانبار ده‌کرد، که گه‌ره‌کیه‌تی
کوردستان بکاته ویلایه‌تی 52یه‌مینی ئه‌مه‌ریکا. ئه‌و ساڵانه به‌سه‌ر چوون و پاش
هه‌ڵکردنی با و باهۆزی ئه‌مه‌ریکا و پێچانه‌وه و لوولدانی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات و
وڵاتگه‌لێک، که نێوی سؤسیالیستیان له‌خۆ نابوو و پاش دامه‌زراندنی ده‌ڤه‌ری دژه‌فڕین
له به‌شێکی باشووری کوردستان و پاش 11ی سێپته‌مبه‌ر و پاش ڕووخاندنی تالیبان و
داگیرکردنی ئه‌فغانستان و پاش ڕووخاندنی سه‌ددام حوسه‌ین و داگیرکردنی عیراق، ئه‌مه‌ریکا،
بوو به قوربانی و خه‌ڵکی دیکه جه‌للاد. ئه‌مه‌ریکا بوو به ڕزگارکا‌ر و فریاڕه‌س
و پشت و په‌نا و خه‌ڵکی دیکه هۆڤ و مرۆڤ‌کوژ و پاشکه‌وتوو و چه‌ته. ساڵانی
1980کان، وه‌ک کابرای به‌دمه‌ستی سوێدی گوتی، ئه‌مه‌ریکا له‌شکری له کوردستان نه‌بوو
و ئه‌مه‌ریکا ئه‌و وڵاته‌ی داگیر نه‌کردبوو، لێ ئه‌مه‌ریکا هه‌موو کۆمه‌کێکی به
سه‌ددام حوسه‌ین و ڕێژیمه‌که‌ی ده‌کرد. ئه‌مه‌ریکا هانده‌ری سه‌ددام حوسه‌ین بوو
دژ به ئێران و به پێ‌زانین و چاوپۆشینی ئه‌مه‌ریکا، کورد ئه‌نفالێنرا و هه‌ڵه‌بجه
گازباران کرا. ئێستا کوردستان به کردار بووه‌ته به‌شێکی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌مه‌ریکا
سیاسه‌ت خۆی له‌وێ پیاده ده‌کات و سه‌رانی کوردستانیش قنج قنج بۆ ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵده‌په‌ڕن.
ئێستا ئه‌مه‌ریکا له‌وێیه، نه‌ک ته‌نێ له سه‌ر خاک، به‌ڵکه له نێو هه‌موو
ماڵێکی کوردستان و له نێو هه‌موو خێزانێکی کوردستاندایه. ئه‌مه‌ریکا به فه‌رهه‌نگ،
به ڕه‌وشت، به ئاکار، به ڕه‌وتار، به هزر، به ئایین، به بارهێنان، به په‌روه‌رده،
به فه‌لسه‌فه، به پاره‌وپووڵ له‌وێیه. ئه‌مه‌ریکا، هه‌ر چۆن جاران سه‌ددام
حوسه‌ین ده‌یگوت: ''سه‌ددام حوسه‌ین له هه‌موو دڵۆپه شیرێکی، که منداڵێکی
عیراقی ده‌یخواته‌وه، هه‌یه، سه‌ددام حوسه‌ین له هه‌موو کراسێکی خاوێنی، که
مرۆڤێکی عیراقی له‌به‌ری ده‌کات، هه‌یه''[1]،
ئه‌مه‌ریکا به‌و جۆره له‌وێیه. ئه‌وده‌م ئه‌مه‌ریکا، ته‌نێ وه‌ک سێبه‌ر له‌وێ
بوو. ئێستا بۆ خۆی له‌وێیه. ئه‌مه‌ریکا ئێستا داچۆڕاوه‌ته نێو خوێن و مێشکی به‌شێکی
زۆری ئه‌وانه‌ی نێوی ''ڕووناکبیر'' و ''ڕۆشنبیر'' یان له خۆ ناوه و ئه‌وانه‌یشی
سیاسه‌تکار و ده‌سه‌ڵاتدارن، که به هه‌ردوو لایانه‌وه ده‌سته‌بژار و سه‌ر‌ته‌ڵی
جڤاکی کوردستان پیکده‌هێنن. ئه‌مانه هه‌ردوو ته‌واوکه‌ری یه‌کترن. ئه‌م''ڕووناکبیر''
و ''ڕۆشنبیر'' و سیاسه‌تکار و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئێستای کوردستان، هه‌ر ئه‌وانه‌ی
ساڵانی 1980کان و پێشتر و پاشترن، که به‌شێکی زۆریان، چالاکییه‌کی ڕه‌وشه‌نبیری و
سیاسی‌یان هه‌بوو و به جۆرێک گرێ‌دراو و هه‌واداری ڕێکخراوێکی کۆمه‌ڵایه‌تی یا فه‌رهه‌نگی
یا سیاسی بوون. ئه‌مانه، زۆرێک له‌مانه، ئه‌وده‌م تا ده‌نگیان نه‌نووسابا، ده‌ستبه‌رداری
جنێودان به ئه‌مه‌ریکا، نه‌ده‌بوون. من له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمه داخراو
و تۆتالیتێرانه‌ی وه‌ک سؤڤیێت و وڵاتانی
هاوشێوه‌ی وی نیم و سه‌دجار نه‌فره‌تیان لێبێت، لێ ئه‌مه‌ریکایشم پێ ڕزگارکا‌ر و ئازادیبه‌خش
نییه. ئه‌مه‌ریکا هه‌ر ئه‌و ئه‌مه‌ریکایه‌ی جارانه و دڕتر بووه نه‌ک ئارامتر.
ئه‌وه‌ی گۆڕاوه و دڕنده و داڵ و هۆڤی لێ بووه به به‌رخ و کۆتری ئاشتی، ئه‌و ''ڕووناکبیر''
و ''ڕۆشنبیر'' و سیاسه‌تکار و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئێستای کوردستانن، له هه‌ر هه‌موویشیان
خراپتر ''ڕووناکبیر'' و ''ڕۆشنبیر''انی کاسه‌لێس و خۆفرۆش و مشه‌خۆرانی پاشکۆی ده‌سه‌ڵات،
که پاساو بۆ هه‌موو نێزیکبوونه‌یه‌ک له ئه‌مه‌ریکا و هه‌موو هه‌نگاوێکی ده‌سه‌ڵات
بۆ ئه‌مه‌ریکایاندنی کوردستان و جڤاکه‌که‌ی ده‌هێننه‌وه و هه‌ر به‌وه‌شه‌وه
ڕاناوه‌ستن، به‌لکه به‌ڵگه‌ش بۆ دروستی چه‌وتییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌دۆزنه‌وه و
خه‌ڵکی ئاسایی و دڵ‌پاکی دووره‌ده‌سه‌ڵاتی کوردستانی پێ ده‌خاپێنن و فریو ده‌ده‌ن. ڕه‌وشه‌نبیری
ڕاستگۆ و ڕه‌خنه‌گر، هه‌میشه بۆشایی و بوار و دوورایی و مه‌ودایه‌ک، له نێوان
خۆی و ده‌سکه‌وت و مفتخۆری و ده‌سه‌ڵاتدا ده‌هێڵێته‌وه، که وا نه‌بوو و وای نه‌کرد،
ئیدی نه ڕه‌وشه‌نبیره و نه ڕاستگۆیه و نه ڕخنه‌گر، به‌ڵکه تاریکبیر و درۆزن
و جلخواره.
21- 4 - 2006
[1]به عه‌ره‌بییه‌که‌ی:''صدام حسین موجود بکل قطرة
حلیب یشربه الطفل العراقي، صدام حسین موجود بکل قمیص نظیف یلبسه الانسان
العراقي''،