سه‌رانی کورد
به ڕدێنی خه‌ڵکی کورد ده‌خه‌نن
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
سه‌رانی سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی باشووری
کوردستان، وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان هه‌ر کارێکی ده‌یکه‌ن، له ئه‌سفه‌ڵتکردنی
جاده‌یه‌کی چه‌ندسه‌د میترییه‌وه تا ده‌گاته بناخه‌دانانی سیخوڕخانه و زیندانیش،
به نێوی هه‌واڵی خۆش و مزگێنییه‌وه به خه‌ڵکی کوردستانی ڕاده‌گه‌یه‌نن. پێکهاتنی
سه‌رکرده‌یه‌تیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، له
سه‌ر یه‌کخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو کارگێڕییه‌کانیان (هه‌ولێر و سلێمانی)، له زاری سه‌رانی
پارتیی و یه‌کیه‌تییه‌وه ڕاگه‌یه‌ندرا و به‌ته‌مایشن وه‌ک جه‌ژنانه‌ی جه‌ژنی
قوربان، به خه‌ڵکی کوردستانی پێشکه‌ش بکه‌ن! سه‌رکرده‌یه‌تییه سیاسییه‌کانی
باشووری کوردستان، که به کرده‌وه له 1964ه‌وه تا ئه‌وڕۆ، دوو سه‌رکرده‌یه‌تین
و وه‌ک دوو فێرگه و ئایدیۆلۆژیا، به نێو هه‌رچی بوون و هه‌رچی شته له
کوردستاندا، ڕۆچوونه‌ته نێو درشت و وردی ته‌واوی شته‌کانه‌وه و مێشکی مرۆڤی
کوردیان کردووه‌ته دوو که‌رته‌وه و برایان کردووه‌ته نه‌یاری برا و یه‌ک به‌ره‌بابیان
به سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری دژبه‌یه‌کدا به‌شیوه‌ته‌وه و نه‌وه له دوای نه‌وه‌یان،
به سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی دیکه و نه‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ولا، پێگه‌یاندووه و بارهێناوه و په‌روه‌رده
کردووه، که به‌شه‌ڕ هاتوون، ویستوویانه ته‌واوی کورد لاگری خۆیان بێت و چه‌پڵه‌یان
بۆ لێدات و که ئاشتیشبوونه‌ته‌وه ویستوویانه خه‌ڵک هه‌موو ده‌ستخۆشییان لێ بکات
و ئافه‌رینیان پێ بڵێ. ته‌نێ دوو ساڵ و چه‌ند مانگێکی نێوان 1991-1994، پێکه‌وه فه‌رمانڕه‌وایی
باشووری کوردستانیان کرد و له 1994دا به‌ربوونه یه‌کدی و کار نه‌ما به یه‌کدی
نه‌که‌ن و شت نه‌ما به یه‌کدی نه‌ڵێن و هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ش بۆ خۆیان، خه‌ڵکی
کوردیان له دوو له‌شکری پڕتفاق و پڕچه‌ک و مه‌زندا به‌یه‌کدا ده‌دا و ئه‌وی ناشێ
به یه‌کدی ده‌یانکرد. وه‌نه‌بێ ئه‌و پێکدادان و شه‌ڕ و ماڵواێرانییه‌یان، ته‌نێ
ئه‌ندامانی ئه‌و دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتدار و نه‌یارانه‌ی خۆیانی گرتبێته‌وه، به‌ڵکه
ته‌واوی مێژوویه‌که. 1964 تا ئه‌وڕۆ، ته‌واوی کوردی نه‌ک هه‌ر باشووری کوردستان،
به‌ڵکه سه‌رتاپای کوردستانی پێوه ده‌تلێته‌وه و ته‌واوی کوردیان تێوه گلاندووه.
بۆ هه‌موو ئه‌و چه‌وتی و هه‌ڵه و نه‌هامه‌تی و وێرانکارییه‌ی، که سه‌رانی ئه‌و
دوو حیزبه، به سه‌ر کوردیاندا هێناوه، هه‌رگیز ڕۆژێک له ڕۆژان داوای به‌خشین و
لێخۆش‌بوونیان له نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌کردووه، به پێچه‌وانه‌وه پێیانوابووه، به‌و
شه‌ڕانه‌یشیان خزمه‌ت به نه‌ته‌وه‌ی کورد و پرسی گه‌لی کوردستان ده‌که‌ن و گه‌ره‌که
خه‌ڵکی کورد له‌وه‌شدا پشتیان بگرێت و ده‌ستخۆشییان لێ بکات. ئێستا به قسه‌ی
خۆیان پێکهاتوون و یه‌ک حکوومه‌ت و یه‌ک کارگێڕی و یه‌ک ده‌سه‌ڵات له باشووری
کوردستان، جێی دوو حکوومه‌ت و دوو کارگێڕی و دوو ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته‌وه. وه‌ک له
گوتاری هه‌ردوو لایاندا خویا ده‌بێت، هه‌رچه‌نده بۆ خۆیان نکۆڵیی لی ده‌که‌ن، هه‌مدیس
نه‌خشه‌ی نگریسی په‌نجا- په‌نجا، وه‌ک بڵیی هه‌رگیز نه‌زانن چۆن بووه، تاقی ده‌که‌نه‌وه:
سه‌رۆکایه‌تیی هه‌ریم بۆ پارتیی، جێگریی سه‌رۆکایه‌تی
هه‌رێم بۆ یه‌کیه‌تیی.
سه‌رۆکایه‌تیی حوکوومه‌ت بۆ پارتیی، جێگریی
بۆ یه‌کیه‌تیی.
سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان بۆ یه‌کیه‌تیی،
جێگریی بۆ پارتیی.
یازده وه‌زیر بۆ پارتیی و یازده وه‌زیریش بۆ
یه‌کیه‌تیی(دوو تیمی تۆپیپێی ته‌واون!).
پێنج وه‌زاره‌تیش بۆ تورکمان و کلدۆئاشووری
و یه‌کگرتووی ئیسلامی و کۆمۆنیست و...
ئه‌م شێوه ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واییه‌یان،
تا کۆتایی ساڵی 2007 به‌رده‌وام ده‌بێت وه‌ک
خۆیان ده‌ڵێن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وده‌م "ده‌ڤه‌ره‌کانی که‌رکووک و خانه‌قین
و...ئه‌وانه‌یش بێنه‌وه سه‌ر کوردستان"[1]
و دوای ئه‌وه‌یش پۆسته‌کانی پارتیی و یه‌کیه‌تیی جێگۆڕکێیان پێ ده‌کرێن و ئه‌وانه‌ی
پارتیی ده‌درێنه یه‌کیه‌تیی و ئه‌وانه‌ی یه‌کیه‌تییش ده‌درێنه پارتیی.
ئه‌وه جۆری حوکوومه‌ت و یه‌کگرتنه‌وه‌که‌یان
ده‌بێت و ده‌شڵێن: په‌نجا- په‌نجا نییه!
ئه‌و دوو سه‌رکرده‌یه‌تییه، جاران، که
جاڕی جه‌نگیان ده‌دا و ڕاوی یه‌کدی و ڕه‌شبگیریان ده‌کرد، هه‌رگیز پرسی هیچ
کوردێکیان نه‌ده‌کرد و هه‌ر بۆ خۆیان ئه‌و بڕیاره‌یان ده‌دا. ئێستایش، که ئاشتی
ده‌که‌ن و یه‌کده‌گرنه‌وه، به‌ڵێ کارێکی باش ده‌که‌ن، لێ که‌س، ته‌نانه‌ت حیزبه
کوردستانییه دۆست و نێزیکه‌کانی خۆیشیان ناخوێننه‌وه و هیچ له‌و حیزبانه‌یش په‌ی
به په‌نا و پێج و دیوه شاره‌وه‌کانی ژێربه‌ژێریی پێکهاتنه‌که‌یان نابات. ئێستا
بۆ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌یان دیسانه‌وه ده‌یکه‌نه‌وه شایلۆغان و ده‌شیانه‌و‌ێت هه‌موو
کورد بۆیان هه‌ڵپه‌ڕێت و سووڕ بدات. یازده دوازده ساڵه هه‌موو کورد هاوار ده‌کات
و داوایان لێ ده‌کات پێک بێن و یه‌ک کارگێڕی و یه‌ک ده‌سه‌ڵات دامه‌زرێنن، نه‌یانده‌کرد
و خواستی خه‌ڵکی کوردیان ده‌خسته ده‌فته‌ر و بلۆکه دۆلار و چه‌کمه‌ی به‌رپرس و
چه‌کداره‌کانیانه‌وه. ئێستا ئه‌و پێکهاتنه‌یان له خه‌ڵکی کورد کردووه به
کارێکی یه‌کجار گرنگ و منه‌ت به سه‌ر خه‌ڵکی کورددا ده‌که‌ن، وه‌ک بڵێیت گه‌لی
کورده، خه‌ڵکی کورده، مرۆڤی ئاسایی کورده، جه‌نگیوه و ده‌ستی خستووه‌ته خوێنی
برا[2]
و که‌س و خزم و هاوڕێ و هاوزمان و هاووڵاتی خۆی و شه‌ڕی براکوژی و خۆکوژی و
کوردکوژیی ئافراندووه. له مانگی فێبریوه‌ریی 2006دا، واته: یه‌ک مانگی تر، ده‌کاته
42 ساڵی ته‌واو، گه‌لی کوردستان له نێوان دوو سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی‌دا ده‌به‌شرێته‌وه
و پاژ ده‌کرێت و به گژ یه‌کدیدا ده‌درێت و هه‌رچی شته لێی ده‌کرێت به دوو و به
دوو جۆری یه‌کجار جیاواز، دیرۆکی ده‌نووسرێت و شه‌هیدی لێ ده‌کرێت به خائین و
خۆفرۆش و خائین و خۆفرۆشیشی لێ ده‌کرێت به شه‌هید. ئه‌م به‌ره‌بابیان ئه‌وی دیکه‌ی
پێ شه‌یتانه و ئه‌وانه‌ی خۆیشی پێ فریشته‌ن و ئه‌و به‌ره‌بابیشیان هه‌روا. چه‌نده
بڕوام به یه‌کگرتنه‌وه‌ی کاتۆلیک و پرۆتستانت و ئه‌رته‌دۆکس هه‌یه و چه‌نده
بڕوام به یه‌کگرتنه‌وه‌ی شیعه و سوننه هه‌یه، هه‌ر هێنده‌یش بڕوام به یه‌کگرتنه‌وه‌ی
پارتیی و یه‌کیه‌تیی هه‌یه. تاکه یه‌کگرتنه‌وه و یه‌کخستنه‌وه‌یه‌کی ماڵی کورد و
ده‌سه‌ڵاتی کورد و گه‌لی کورد، له نه‌مانی مۆنۆپۆڵی ده‌سه‌ڵاتی پارتیی و یه‌کیه‌تییدا
ده‌بینم. تا خه‌ڵکی کورد بۆ خۆی نه‌بێته خاوه‌نی بڕیار و ده‌سه‌ڵات و کارگێڕی و
دارایی و هێز و خاوه‌نی خۆی، گشت پێکهاتن و یه‌کخستنه‌وه و یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌ک به
پینه‌وپه‌ڕۆ و کارێکی نیوه‌چڵ و وشکه‌که‌ڵه‌ک ده‌زانم و هه‌رگیز دڵیشم خۆش ناکه‌ن[3].
8/1/2006
1 ئه‌مان
چاره‌نووسی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌یشیان داوه‌ته ده‌ست ئامار و ڕاپرسییه‌وه و هه‌ر به‌وه‌یش
بۆ خۆیان گومانیان خستووه‌ته سه‌ر کوردستانیه‌تییان و به‌و جۆره بیرکردنه‌وه و
نه‌خشانه‌یشیان، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ڤه‌رانه به ئامار و ڕاپرسی نه‌گه‌ڕینه‌وه سه‌ر،
خۆیان گوته‌نی"هه‌رێمی کوردستان"، ئه‌وا ئیدی کوردستان نین و ده‌بێ ده‌ستیان
لێ بشۆن!
3 دوێنێ شه‌و ده‌وروبه‌ری کاتژمێری یازده‌ونیو دۆستێکی
کوردم، که خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری "بتلیس"ه، زه‌نگێکی بۆ لێدام و زۆر به
گه‌رمی گوتی:"چه‌عڤێ ته و مه ڕوون". گوتم:"چما!".
گوتی:"چی چما! ژبه‌ر لهه‌ڤهاتنا سه‌رۆکێن مه". گوتم:"وه‌ی مالێ ته
ئاڤا، ئه‌ڤ جارا چه‌نده کو وان لهه‌ڤ تێن و توجارا ژی لهه‌ڤ ناێین!".