ئه‌و
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له ژیانمدا هه‌رگیز نه له
خواردنگه‌ی به‌ناووبانگ و گه‌وره و
گرانبه‌ها نانم خواردووه و نه له‌و جۆره هوتێلانه‌شدا خه‌وتووم یا خواردووم،
که به ژماره‌ی ئه‌ستیره‌کانیانه‌وه ده‌ناسرێن. هه‌میشه به دوای هه‌رزانترین
خواردنگه و هه‌رزانترین هۆتێلدا گه‌ڕاوم و له‌و جێگه هه‌رزانباییانه‌دا، بێجگه
له‌وه‌ی گیرفانم هه‌ر به‌شی ئه‌و جێیانه‌ی
کردووه، هه‌ستم به ئارامیی و ئاسووده‌ییش کردووه و خۆم له‌و شوێنانه‌دا دۆزیوه‌ته‌وه
و خۆم به نامۆ نه‌زانیوه و زانیویشمه و دڵنیاش بوومه له‌وه‌ی چۆن هه‌ڵسوکه‌وتیان
له‌گه‌ڵدا بکه‌م. له به‌غدا، به ته‌نێ یا له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی خۆمئاسادا، که ده‌چوومه
خواردنگه‌یه‌ک، ده‌چوومه ئه‌وه‌ی، که خواردنی "فۆگا"ی هه‌بوو. فۆگا:
وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه به واتای"له‌سه‌ری / له‌بانی" واته:
"فوق"ی عه‌ره‌بی، که ده‌کاته: سه‌ر/ بان. له‌و شوێنانه، که برنج و
شله‌یه‌ک و نانێکیان ده‌دایتێ، شله‌که له ده‌ورییه‌کی جودادا دا‌نه‌ده‌نرا، به‌ڵکه
له ته‌نیشت برنجه‌که‌وه داده‌نرا یا ده‌کرایه سه‌ر برنجه‌که‌دا و له یه‌ک ده‌وریدا
وه‌رتده‌گرت. زۆرجارانیش به نیونه‌فه‌ر که‌باب، که دوو که‌باب بوو له‌گه‌ڵ ناندا
یا به قاپێک نیسکێنه، که دوو نانم پێوه ده‌خوارد یا به خواردنی چه‌ند دانه
خه‌پڵه(سه‌مموون) به شه‌ربه‌ته‌وه، له شه‌ربه‌تخانه‌که‌ی حاجی زه‌بباله(حاج
زبالة) زگی خۆم تێر ده‌کرد و شام به سه‌پان ده‌زانی. خۆ ئه‌گه‌ر بچووباینه یا
بچووبامه مه‌یخانه‌یه‌ک، ئه‌وا ده‌چووینه یا ده‌چوومه ئه‌و مه‌یخانانه‌ی
بابوششه‌رجی یا بابوششه‌رقی"باب الشرقي"، که له ترسی دز و گیرفانبه‌تاڵ،
ژێرسیغاره‌کانیان به بزمار به سه‌ر مێزه‌کاندا داکوتابوو، ئه‌و شوێنانه، هه‌موو
جۆره خه‌ڵکێکی تێ ده‌هات، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له که‌نار و له په‌راوێز و ده‌رێی
بازنه ڕه‌سمی و نه‌ریتی و ئاساییه‌که‌ی جڤاکدا بوون و ده‌ژیان. ئه‌وانه‌ی له‌وێ
ده‌بینران و ئاماده‌ییان هه‌بوو، ئه‌و که‌سانه بوون، هه‌میشه له‌گه‌ڵ جڤاکه نه‌ریتی
و جێگرتووه‌که‌دا له کێشه و ملانێدا بوون. لات و چه‌قۆکێش و سه‌رسه‌ری و دز و به‌نگی
و نێرباز و قه‌ر‌زدار و لانه‌واز و شه‌ڵڵاتی
و حیز و سه‌ربازی هه‌ڵاتوو و خه‌ڵکانی سه‌ر به حیزبه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان و خه‌ڵکی
ڕاوه‌دوونراو و... خه‌ڵکه چه‌پ و شۆڕشگێڕ و یاخییه‌که و نووسه‌ر و شاعیر و ڕۆژنامه‌نووسی
گیرفانبه‌تاڵیش، له‌و ژینگه‌یه‌دا ده‌حه‌سانه‌وه و هه‌ستیان به نامۆیی نه‌ده‌کرد،
هه‌موو ئه‌وانه له‌و شوێنانه‌دا، خڕ ده‌بوونه‌وه، ده‌یانخوارده‌وه و گه‌نگه‌شه‌یان
ده‌کرد، تا ئه‌وده‌مه‌ی، که ئیدی که‌س له که‌س تێنه‌ده‌گه‌یشت و هه‌رکه‌سه‌و قسه‌ی
خۆی ده‌کرد، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌ریشیان بۆ یه‌کدی ده‌له‌قاند و جاروباریش وه‌ک
نیشاندانی سۆز و خۆشه‌ویستی و باوه‌ڕبه‌یه‌کبوون، باوه‌شیان به‌یه‌کدیدا ده‌کرد و
یه‌کدییان ڕاده‌مووسی. خواردنگه‌ی فۆگافرۆش و نیوکه‌بابفرۆش و بابۆڵه‌ی سووکه‌ڵه
و خێرا و خۆراکی سه‌ر عاره‌بانه و یانه‌ی کرێکاران و ئه‌و جۆره شوێنانه بۆ من و
که‌سانێکی وه‌ک من، ئارامبه‌خش و له‌بار و له‌به‌ردڵان بوون. گه‌لێ جاریش ڕوومانده‌کرده
مه‌یخانه‌ی"هاڤانا"، که ده‌که‌وته سه‌ر شه‌قامی "ئه‌بونه‌وواس –
أبو نواس"، که جاده‌یه‌کی ناسراوی به‌غدا بوو و ده‌که‌وته سه‌ر ڕووباری
دیجله له‌به‌ری "ڕه‌سافه - الرصافة". ئێمه هه‌ر له‌به‌ر ناوه‌که‌ی"هاڤانا"
ده‌چووینه ئه‌وێ، که له‌وێ داده‌نیشتین، وامان هه‌ست ده‌کرد، له هاڤانای پێته‌ختی
کووباین و له‌گه‌ڵ کاسترۆ و گیڤارای شه‌هیددا، پێک هه‌ڵده‌ده‌ین. به‌غدا، که‌رکووک،
سلێمانی و هه‌ولێر، ئه‌وده‌می بۆ من هه‌ر ئه‌و جۆره ژیانه بوو. ئه‌مجه‌دی حه‌مه‌سه‌عیدی
هاوڕێم، هه‌موو جارێک پێی ده‌گوتم:"من خه‌ڵکی سلێمانیم، لێ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه
خۆراکفرۆش و خاوه‌ن عاره‌بانه و بابۆڵه‌فرۆشه‌ی، تۆ ده‌یانناسی و تێکه‌ڵاویت له‌گه‌ڵیاندا
هه‌یه، من نیمه و نایانناسم". من ئێستاش ئه‌و جۆره خه‌ڵکانه و ئه‌و جۆره
ژینگه‌یانه، له سه‌دان خواردنگه‌ی گرانبه‌ها و هۆتێلی نازانم چه‌ند ئه‌ستێره و خه‌ڵکانێکی
میوانی ئه‌و شوێنانه"گه‌لێ زیاتر به ڕۆحم ئاشنان..." و خۆمیان تێدا
ده‌بینمه‌وه.
پاش
نیوه‌ڕۆیه‌ک له هه‌ولێر زه‌نگی هاوڕێیه‌کم لێدا و پێکهاتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له
جێگه‌یه‌ک یه‌کدی ببینین و وێکڕا هه‌ندێ قسان بکه‌ین. ئه‌و هاوڕێیه وه‌ک جێگه
"هوتێل شیراتۆن"ی پێگوتم و کاتی ئێواره‌یشی دانا. من له ماڵی کاک
"شێروان پشتیوان"ی هاوڕێم بووم و تێمگه‌یاند، که من ئه‌و هوتێله پێ
نازانم و به ته‌نیاش حه‌ز ناکه‌م بڕۆم و
داوام لێکرد، وێکڕا بڕۆین. نێزیکی ئه‌و کاته‌ی داماننابوو، له‌گه‌ڵ کاک شێرواندا
وه‌ڕێکه‌وتین و گه‌یشتینه ئه‌و هوتێله. ئه‌وێ بۆ من ژینگه‌یه‌کی نامۆ و نائاشنا
و گه‌لێک سه‌یر بوو. ئه‌وێ شوێنی گیرفانپڕ و جزدان ئاوساو و پاره‌دار و سه‌رمایه‌دار
و ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌وانه‌ی له‌نێو ئه‌و بازنه‌یه‌دان، بوو. ئه‌و هاوڕێیه له‌وێ
چاوه‌نۆڕمان بوو و له سه‌ر مێزێک دانیشتین و به‌ره‌به‌ره ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی
هاتنه سه‌ر ئه‌و مێزه زیادیانکرد و زۆرتر بوون. ئه‌وان، به ده‌م قسه‌وباس و
شۆخی و گاڵته و پێکه‌نین و باسی سیاسه‌ته‌وه، ده‌ستیان به خواردن و خواردنه‌وه
کرد و بێ ڕاوه‌ستان به‌رده‌وام بوون. من له ته‌واوی ئه‌و دانیشتنه پێنج شه‌ش سه‌عاتییه‌دا،
له یه‌ک دانه کووپی قاوه و دوو سێ په‌رداخ ئاوی لووله‌ئاوه ئاساییه‌که زیاتر
هیچی دیکه‌م، نه خوارده‌وه و نه خوارد. ئه‌وان، ئه‌گه‌ر ئاویان خواردباوه، ئاوی
حه‌یات "Hayat"ی تورکییان ده‌خوارده‌وه، لێ نه‌ده‌په‌رژانه
سه‌ر ئاوخواردنه‌وه، چونکه چه‌ندین جۆری خواردنه‌وه‌یان له‌به‌رده‌مدا بوو و هه‌رجاره‌و
جۆرێکیان نۆش ده‌کرد. له‌نێو ئه‌وانه‌ی سه‌ر مێزه‌که ئه‌وێک دانیشتبوو. ئه‌و ئه‌وه،
ئه‌وی هاوڕێیه‌که‌ی من نه‌بوو، به‌ڵکه ئه‌وێکی دیکه بوو. ئه‌م ئه‌وه، قه‌ڵه‌و و
تێروته‌سه‌ل و غه‌بغه‌به و سیخناخ به خواردن و خواردنه‌وه و ته‌مه‌ڵی. ئه‌م ئه‌وه،
له ته‌نیشت منه‌وه دانیشتبوو، تابڵێی چاکی ده‌خوارد و چاکی ده‌خوارده‌وه. تا
دره‌نگانێکی شه‌و، ده‌وروبه‌ری سه‌عات یه‌ک و یه‌کونیوی ده‌مه‌وبه‌یان، ئیدی ورده‌ورده،
سه‌ر مێزه‌که چۆڵ ده‌بوو، دوعاخوازی و سوپاسگوزاری و خۆشحاڵی به دیدار، به لاره‌لار
و به خاووخلیچکی و ده‌مبه‌یه‌کداهاتن و زمانگرتن، ده‌گۆڕدرایه‌وه و جاروباریش ده‌نگی
قاقا و پێکه‌نینێکی به‌رز و به‌هێز ده‌بیسرا. ئه‌و، که دوعاخوازیمان له‌یه‌کدی
کرد، گوتی ئه‌ی تۆ بۆ کوێ ده‌ڕۆی، مه‌گه‌ر تۆ نایه‌یته سه‌ره‌وه و لێره له‌م
هوتێله دانه‌به‌زیوی! گوتم نه‌خێر من لێره دانه‌به‌زیوم. گوتی ئه‌ی له کوێ دابه‌زیوی؟
گوتم له هوتێل شێروان. گوتی ئه‌وه له کوێیه؟ منیش ده‌ستم بۆ کاک شێروانی
هاوڕێم ڕاکێشا و گوتم لێره، لای ئه‌م. ئه‌و، پێکه‌نینێکی بۆ کردم و ئیدی چووه سه‌ره‌وه
بۆ ژووره تایبه‌تییه‌که‌ی خۆی له هوتێل شیراتۆن.
که من ئه‌و شه‌وه دیتم، ئه‌و
چه‌ند مانگێک بوو له‌و هوتێله‌دا ژوورێکی هه‌بوو و سێ ژه‌مه له‌وێ ده‌یخوارد و ده‌یخوارده‌وه
و له‌وێ ده‌خه‌وت. ئه‌و کاته ده‌گوترا،
خه‌رجیی شه‌وی تاکه‌که‌سێک له‌و هۆتێله‌دا، دووسه‌د دۆلارێکه. ئه‌و، چه‌ند
مانگ بوو له‌وێ بوو، ئه‌گه‌ر مه‌سره‌ف و خه‌رجیی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بژمێردرابا، ڕه‌نگه
بیکردبا چه‌ندین هه‌زار دۆلار، ڕه‌نگبێ ده‌یانهه‌زار دۆلار. دیاره له‌و هوتێله‌شدا،
ته‌نێ ئه‌و نه‌بوو، به‌و جۆره بژی و بیگوزه‌رێنێ، به‌ڵکه ده‌یان ئه‌وی دیکه‌ی
لێبوون، که به‌و جۆره ژیانیان ده‌برده سه‌ر.
ئه‌و، له سه‌روبه‌ندی هێرشی ئه‌مه‌ریکا
بۆ سه‌ر عیراق و داگیرکردنی عیراق، خرایه نێو ئه‌و سه‌دان عیراقییانه‌وه، که
ئه‌مه‌ریکاییه‌کان له ئه‌وروپا و هه‌نده‌رانه‌وه گلێریان کردبوونه‌وه و له‌گه‌ڵ
خۆیاندا بردنیانه‌وه بۆ عیراق. سه‌ره‌تا له به‌غدا، گیرسایه‌وه و کرایه
ڕاوێژکاری وه‌زاره‌تی یا وه‌زیری خویندن و به‌ڵێنی پله‌وپایه‌ی دیکه‌یشی پێ درابوو،
لێ پاش ماوه‌یه‌ک، به‌غدای به‌جێهێشت و هاته هه‌ولێر و ئیدی له‌و هۆتێل شیراتۆنه‌دا،
پاڵی
دابووه و ده‌یگوزه‌راند و چاکیشی ده‌گوزه‌راند.
ئه‌و، تا ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسی
عیراق و ئه‌و ڕۆژه‌ی له هه‌نده‌رانه‌وه گه‌ڕایه‌وه عیراق و کوردستان، هه‌رگیز
تاکه یه‌ک وشه‌ی خێری، به‌رانبه‌ر پارتیی دیموکراتی کوردستان و ماڵباتی بارزانی
لێ نه‌بیسترابوو و به درێژایی ته‌مه‌نی له دوای هه‌ره‌سی 1975 ه‌وه تا 2003، که
ئیدی سه‌ددام حوسه‌ین ڕووخا، ئه‌گه‌ر ده‌می له سیاسه‌ت کۆتابێ، یا خه‌یاڵی به
سیاسه‌ته‌وه کردبێ، یا گوێی له باسی سیاسه‌ت گرتبێ، ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له بازنه‌ی
یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کوردستان و جه‌لالیه‌تیدا بووه.
له هه‌رچی جڤین و دیدارێکی ڕه‌سمی
و ناڕه‌سمیی حوکوومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و مه‌کته‌بی سیاسی پارتی و سه‌رۆکی
هه‌رێم و جڤینی پارتی و یه‌کیه‌تیی و پارتی و هه‌ر حیزبێکی دیکه و سه‌رۆکی هه‌رێم
و هه‌ر شاند و که‌سێکی بیانی و ته‌واوی گردبوونه‌وه‌کاندا، به بێ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی
به به‌شێکی زۆری ئه‌و دیدار و کۆبوونه‌وه و دانوستاندنانه‌وه هه‌بێت، ئه‌و
ئاماده‌یی هه‌یه. وێنه نییه، ئه‌وی تێدا نه‌بێ. ڕۆژنامه نییه، ئه‌وی تێدا نه‌بێ.
ته‌له‌ڤزیۆن نییه، دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نه‌کات. ئه‌و نه‌ک هه‌ر ئاماده‌یه و هه‌یه،
به‌ڵکه له وێنه‌کاندا وه‌ک بڵێی سه‌رۆکی هه‌رێم یا ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی
پارتی یا سه‌رۆکی حوکوومه‌ت، هه‌موو له خزمه‌تی ئه‌ودان و ئه‌وه، که ده‌بێ خه‌ڵک
گوێی لێ بگرێ و خه‌ڵک ڕووی ده‌می لێ بکات! ئه‌و ده‌چێته به‌غدا، تورکیا، واشنگتن،
ئه‌وروپا، هه‌موو جێیه‌کی ئه‌م جیهانه و سه‌رۆکی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌رکێ دانیشێ ئه‌و
سێیه‌میانه. له هه‌موو شاند و نێردراوێکی هه‌رێمدا بۆ هه‌ر جێگه‌یه‌ک بێ، ئه‌و
هه‌یه. به‌شداره له هه‌موو دانیشتن و دیدار و کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا. له هه‌موو دانوستانی
سه‌رۆکی هه‌رێمدا و له‌گه‌ڵ هه‌رکه‌سێک بێت، ئه‌و هه‌یه. له دانوستانی سه‌رۆکی
حوکوومه‌تدا، ئه‌و هه‌یه. هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌کرێ، ئه‌و هه‌ر هه‌یه.
سه‌رۆکی حوکوومه‌ت ده‌گۆڕێ، ئه‌و هه‌ر هه‌یه. وه‌زیر ده‌گۆڕێن، ئه‌و هه‌ر هه‌یه.
په‌رله‌مانتار ده‌گۆڕێن، ئه‌و هه‌ر هه‌یه. ئه‌و وه‌ک چۆن ڕه‌گی داربه‌ڕوو له
ناخی زه‌وی چه‌قیوه، وه‌ها له ناخی کورسییه‌که‌ی چه‌قیوه. ئه‌و هیچ باوبۆرانێک،
هیچ زریانێک، هیچ گۆڕانێک، هیچ حیزبێک، هیچ فه‌رته‌نه و ئاژاوه‌یه‌ک نایگرێته‌وه
و نایله‌قێنێ.
ئه‌و مه‌ته‌ڵ و لوغز و موعه‌ممایه‌که،
بڕوا ناکه‌م، هیچ هاووڵاتییه‌کی ئه‌و کوردستانه، بتوانێ هه‌ڵیبێنێ و لێی تێ‌بگا.
ئه‌گه‌ر که‌سێکی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمیش لێی تێ‌بگا، ڕه‌نگه بگوترێ: باشه. ڕه‌نگه
زێده‌ڕۆیی نه‌بێ، ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌و به سه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێمیشدا سه‌پێنراوه. له‌و
بڕوایه‌دام، ته‌نێ ئه‌وانه‌ی له پشتی په‌رده‌ی سیاسه‌تی سه‌رانی هه‌رێمۆکه و
کوردستانۆکه‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمانه‌وه‌ن، لێی تێبگه‌ن و بزانن چییه و چ کاره‌یه،
ده‌نا هیچ که‌سێکی ئاسایی وڵاته‌که‌ی خۆمان نازانێ و ته‌نانه‌ت هیچ سیاسه‌تکارێکی
کوردستانیش نایناسێت و سه‌ری لێ ده‌رناکات!
هه‌مووان ده‌ڕۆن و ئه‌و به
کورسییه‌که‌یه‌وه نووساوه و بووه‌ته به‌شێک له کورسییه‌که‌ی و هه‌رگیز لێی
نابێته‌وه. ئه‌و گه‌نگه‌شه ده‌کات، شیکاریی ده‌کات، ڕا و بۆچوونی هه‌یه و قسه
له‌سه‌ر هه‌موو پرس و مژاره‌کان ده‌کات. که‌سانی مانه‌ندی ئه‌و، که هه‌مان کاری
ئه‌ویان هه‌بوو، له حوکوومه‌ته‌که‌ی سه‌ددام حوسه‌ینیشدا هه‌بوون، لێ هه‌رگیز نه‌ده‌بینران
و که‌سیش نه گوێی له ئاخاوتن و شیکردنه‌وه‌یان بووبوو و نه ئه‌وانیش هێنده‌ی ئه‌م
خۆیان له شته‌کان هه‌ڵنه‌ده‌قورتان!
ئه‌م وه‌ک بڵێی ڕۆڵی میرزا و
باشکاتب و ڕاپۆرتنووسێک ببێنێ وایه. له ته‌واوی ئه‌و جڤینانه‌دا، که به دوور و
نێزیکیش پێوه‌ندیان به‌وه‌وه نییه، ئه‌و هه‌یه و گوێ ده‌گرێ و ده‌نووسێ، ڕێک وه‌ک
ئه‌وه‌ی دواتر ته‌واوی ڕۆژه‌ڤ و به‌رنامه و قسه‌وباسێکی ئه‌و جڤینانه، بکاته
ڕاپۆرتێک بۆ جێگه‌یه‌کی دیکه‌ی بنێرێت، دیاره هه‌روایشه، ده‌نا بۆ هێنده هه‌یه
و هێنده خجڵی گوێگرتنه!
پاش دامه‌زراندنی سه‌رۆکایه‌تیی
هه‌رێمی کوردستان و دیوانی سه‌رۆکایه‌تی، ده‌سبه‌جێ کرایه سه‌رۆکی ئه‌و دیوانه و
تا ئه‌مڕۆیش ماوه‌ته‌وه. به گوێره‌ی قانوونێکی تایبه‌ت به‌و دیوانه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی
وه‌زێرێکی پێ دراوه. ئه‌و میرزا و ڕاوێژکارێکی نێزیک، گه‌لێ نێزیکی سه‌رۆکی هه‌رێمی
کوردستانه و گه‌وره میرزا و گه‌وره ڕاوێژکاری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه.
زۆر ده‌مێک بوو بێزم له حیزب،
له سیاسه‌ت، له گیرفان هه‌ڵتۆبزاو، له درۆوده‌له‌سه‌ی کوردایه‌تی ده‌هاته‌وه.
زۆر ده‌مێک بوو ده‌مزانی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ کوردایه‌تی ته‌نیا یه‌ک واتای هه‌ی
ئه‌ویش دۆلارایه‌تییه. له‌و شه‌وه‌یشه‌وه ئیتر بێزم له‌و جۆره دانیشتنه، له‌و
شیراتۆنه، له‌و خواردن و خواردنه‌وه و ته‌نانه‌ت له‌و چپه و بزه و سه‌رله‌قاندنه
ناڕاستگۆیانه، ده‌هاته‌وه.
ڕۆژاوا هه‌میشه سپایه‌کی
بارهێنراو و په‌روه‌رده‌کراوی ئاماده‌ی له‌م "ئه‌و"انه‌ی هه‌یه و ڕۆژهه‌ڵات
و جیهانه به‌جێماوه‌که‌ی لێ، تژی و سیخناخ ده‌کات و به‌م "ئه‌و"انه، هه‌موو
جمگه‌کانی ژیان، ده‌سه‌ڵات، ئابووری، فه‌رهه‌نگ، ئایین، سه‌رخان و ژێرخانی جڤاک،
ده‌ته‌نێته‌وه و داگیر ده‌کات. کوردستانه‌که‌ی ئێمه‌ش، له‌و سپا هه‌نارده‌یه
بێبه‌ش نه‌کراوه و به گوێره‌ی قه‌واره و بوونی خۆی، پشکی خۆی به‌رکه‌وتووه. له
کوردستان، ته‌نیا ئه‌و نییه، که هه‌و بێ، سه‌دان ئه‌وی مانه‌ندی ئه‌وی لێیه و
هه‌ر ئه‌وه‌و پاڵ به ئه‌وێکی دیکه‌وه ده‌نێ! ئه‌وانیش له سه‌ره‌وه تا خوارێ،
ڕۆچوون و داچۆڕاون و شۆڕبوونه‌وه. به‌شێک له‌و ئه‌وانه، که ئه‌و یه‌کێکه
لێیان، به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، به سه‌ر حوکوومه‌تی هه‌رێمدا، به سه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێمدا،
له لایه‌ن براگه‌وره‌کانه‌وه، له لایه‌ن ده‌وڵه‌تگه‌لێکه‌وه، که بوونه‌ته
پۆلیسی هه‌موو جیهان و سیاسه‌تی جیهان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، سه‌پێنراون و دانراون و
هێز نییه بیانجووڵێنێت. قوڕ به‌سه‌ر کوردستانێک، ئه‌و هه‌موو "ئه‌و"انه‌ی
لێبێت! قوڕ به سه‌ر کوردستانێک، ئه‌و، گه‌وره میرزا و ڕاوێژکاری سه‌رۆکه‌که‌ی
بێت.
31 – 03 - 2014