Tuesday 19 May 2020

خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن پێنجەم -مووچە-


خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن
پێنجەم
-مووچە-
ئەمجەد شاکەلی
بڕوا ناکەم لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا، هێندەی کوردستان، ئەو لەتەی باشووری کوردستان، کە ئێستا لە هەرێمۆکەیەکدا بچووککراوەتەوە و تا دێت دەچێتە ئاو، باس لە مووچە و پارەوپووڵ بکرێت. لە وەزیر و گزیرەوە تا دەگاتە پیوازفرۆشەکەی بەر دەرکە، باس لە مووچە دەکەن و هەریەکەو لە دیدی خۆیەوە شتێکی لەبارەوە دەڵێ.
 لە جڤاکی سوێدیدا، هیچ کەسێک ڕێگە بەخۆی نادات پرسیاری مووچە و داهاتی ڕۆژانە و مانگانە و ساڵانە و پارە و پاشەکەوتی پارە و حیسابی بانکی، لە کەسێکی دیکە بکات، تەنانەت ئەگەر نێزیکترین کەسیشی بێت و لەیەک ماڵ و خێزانیشدا پێکەوە بژین. وەها کارێک کارێکی نەکردەنی، تابوو و لایەجووز(لایجوز) و شەرمهێنە و بە خۆهەڵقورتاندن و دەستوەردان لە ژیان و تایبەتمەندیی مرۆڤێکی دیکە دەژمێردرێت.
 لە کوردستان، لەنێو چینەباڵاکاندا، لەنێو ئەوانەی مووچەی مفت وەردەگرن و تایبەمەندیی و شتی دیکەیان بۆ دەستەبەر کراوە یا خۆیان لە ڕێگەی پێگەی حیزبی و دەسەڵاتەوە، بۆ خۆیان دەستەبەریان کردووە، وەها باسێک ناکرێت، چون ئەوان بۆ خۆیان ئافرێنەری ئەو ڕەوشەن و هەموو لە فیکەی یەکدی تێدەگەن، لێ جاروبار بۆ خۆڵ لەچاوکردنی خەڵک و فریودانی ڕەشەخەڵک و چینەکانی خوارێ، ئەوانیش لەبەردەم میدیاکاندا باس لە ئاریشەیەک، قەیرانێک، شتگەلێک دەکەن، کە تەنێ لە خەڵکەکەیان ژنەفتووە و هەرگیز بۆ خۆیان پێیدا تێنەپەڕیون. هەرچی مووچەخۆرانی ڕاستینەشن، خەڵکە شەکەت و کارمەندە کاراکان، مرۆڤ لە بێمووچەیی و گیرفان بەتاڵی و دەردەسەرییەکانیان تێ دەگات و مافی خۆیانە، هەر گلەییەکیش بکەن. 
مووچە و مووچوخۆریی و مووچەوەرگرتن، لە کوردستان بووە بە سیما و شێوازی ژیان و لە دەرێی مووچە، کەم کەس دەتوانێت، وێنای جۆرێکی دیکەی ژیان بکات. لە 1991 بەدواوە، کە ئیدی ئەو هەرێمەی کوردستان دامەزرا، حیزبانی دەسەڵاتدار، بۆ گرێدان و بە پاشکۆکردنی خەڵک بە خۆیانەوە، دەستیان دایە کارێکی دزێو و قێزەون، ئەویش، دامەزراندنی خەڵک، تەنێ بە ناو و لەسەر کاغەز نەک بە کردەوە، بە خانەنشینکردنی تەواوی کادر و ئەندامانی خۆیان، بە پلەی باڵای وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژکار، ئەفسەری پلە باڵای مانەندی عەمید و لیوا و عەقید و سەدان جۆری دیکە، کە لە ژیانیاندا نە ئەو کارانەیان کردووە و نە وەها پلەو پایەیەکیانیش بووگە، مووچەی خەیاڵیی، کە لە هیچ دەورانێکدا نەبووە، بۆ بڕینەوە. سەرەڕای دەرماڵەیەک، کە ئەگەر هێندەی مووچەکەیان نەبێت، فرە کەمتر نەبووە و نییە لێی. ئەوانە و ئەوجا دابەشکردنی زەوی و خانوو و ماشێن بەسەریاندا و دابینکردنی پاسەوان بۆیان و مسۆگەرکردنی گەشت و ڕابواردن و دەیان جۆرە خزمەتی تر، کەتەواوی ئەوانەش، هەر بەشێکی جیانەکراوەی مووچە و مووچەبازیین. هەر ئەو جۆرە مرۆڤانە، ئەگەر ڕۆژێک لەسەردەمی بەعسدا زیندان کرابێتن، ئەوا پارەی زیندانی سیاسییش وەردەگرن، پارەی ژنی شاخ و شەهیدانە و چەندین جۆری دیکەش وەردەگرن. نەک تەنێ هی خۆیان یا هی ژن و باوک و برا و خوشکیان، وەردەگرن، بەڵکە هی ئامۆزا و لالۆزا و میمکەزا و برازا و خوشکەزا و دەیان زای دیکە و مام و خاڵ و مامۆژن و لالۆژن و...چەندین جۆری دیکەی قەوم و قیلە وەردەگرن. تەواوی ئەو پارەیەی دەچێتە بەرکی ئەو جەنابانەوە، لە دوای 2003 و ڕووخانی بەعسەوە، ئەگەر زیادی نەکردبێت و دەیان فڕوفێڵ و گزیی دیکەی تێدا نەکرابێت، ئەوا هەرگیز بەلای کەمییدا نەچووە. ئەمانە یەک لەشکری تەواوی حیزبن، کە بێجگە لە مفتەخۆری و مشەخۆری، چ کارێکیان نییە. ئەمانە ئەوانەن، کە پێێان دەگوترێ"بندیوار". بندیوارانیش، چەند چینێکن، هەیانە لەسەر چڵەپۆپەی دارەکە و ترۆپکی کەژەکە و هەیانە نزمتر و خوارترە و وەک ئەوانەی بانێ، ئەو هەموو کەشوفش و ناز و خۆشگوزەرانییەیان نییە.
لە 1992 ەوە تا هەنووکە، پێنج خولی پەرلەمان لە کوردستان هەبوون و هەڵبژێردراون. چوار لەو خولانە تەواو بوون و ئەندامانی خانەنشین کراون. دیارە خانەنشینکردنی ئەندامی پەرلەمان، بە هەموو پێوەرێک، ناڕەوا و هەڵە و دزیوترین کارێکە، کە دەکرێ. پەرلەمانتار دوای تەواوبوونی کارەکەی وەک پەرلەمانتار، دەتوانێت بچێتەوە سەر ئەو کارەی پێشووی، کە هەیبووە. ژمارەی ئەندامانی هەر یەک خولی پەرلەمانی کوردستان 111 ئەندامە و کۆی ئەندامانی خانەنشینکراوی ئەو چوار خولە دەکاتە 444 کەس. ئێستاش کە خولی پێنجەم لە 2018 ەوە لەپەرلەمانن و ماوەیەکی دی ئەوانیش خانەنشین دەکرێن و ژمارەی پەرلەمانتاری خانەنشینکراو ئەودەم، دەبنە 555 کەس. هەموو ئەندام پەرلەمانێک، کە لە کاردا بێت، وەک دەڵێن، هەشت میلیۆن و دووسەدهەزار(8.200.000) دیناری عیراقی[1]، کە دەکاتە نزیکەی 7000 دۆلاری ئەمەریکی، وەردەگرێت، بێجگە لە دەرماڵە و پشتماڵە و بنماڵە و ژێرماڵە و بانماڵە و زۆری دیکەش. بێجگە لە پاسەوان و خانوو و ماشێن و بەزمی دیکەش، کە ئیدی ڕەنگە گەلێک لە 7000 دۆلار زیاتر بێت. کە پەرلەمانتار خانەنەنشینیش دەکرێت، پارەی مفتی خۆی هەر وەردەگرێت، بە کەمۆکەیەک گۆڕینەوە، کە ڕەنگە بە ڕێژەیەکی کەمتر مووچەکەی وەرگرێت، لێ هێشتا پاسەوانی هەر هەیە.
وەزیر، جێگری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی، جێنێراڵ، ڕاوێژکار، پەرلەمانتاری خانەنشینکراوی کوردستانی لە ئەوروپاژیاو، سەرباری مووچەی خانەنشینی کوردستان، مووچەی خانەنشینی وڵاتانی ئەوروپایش وەردەگرن و تەنانەت دەستبەرداری وەرگرتنی مووچەی پاسەوانەکانیشیان نابن، کە لە ئەوروپا، نەک پەرلەمانتار و وەزیر و گزیر، تەنانەت سەرۆکی حوکوومەتیش پاسەوانی نییە.
 کەسی هەرێمی کوردستان، 24 قلیان کارمەند و مووچەخۆرن. ڕەنگە بڕێک لەو مووچەخۆرانە زگورد بن، لێ زۆرێکیان، مێرد و ژن و زارۆکیان هەن، واتە: چەند میلیۆنێکیش لەو پێنج میلیۆن و هەندەی کوردستان، لەسەر مووچە دەژین. ئەمە لە کاتێکدا لە وڵاتێکی وەک چین، کە یەک میلیارد و سێسەدوشەست میلیۆن(1.360.000.000) مرۆڤن، تەنێ 0.5% دانیشتووانی فەرمانبەرن. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی چین 257 ئەوەندە و بڕێک زیاتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن، لێ چین 8 ئەوەندەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان، کارمەند و مووچەخۆری هەیە!
ئەم خشتەیەی خوارەوە، ئەو بەراوردکارییەی ژمارەی دانیشتووان و کارمەندان و ڕێژەکانیانە لە کوردستان و لەو وڵاتانە، کە بزووتنەوەی گۆڕان کاری لەسەر کردووە:
بە گوێرەی زانیاریگەلێک، کە لە بەردەستتان و ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی لە حوکوومەتی پێشووی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، لە داهاتی هەرێمی کوردستان، کە لە پارەی نێوخۆ و نەفت و ئەو پارانەی لە بەغدادەوە دەدرێنە هەڕیمی کوردستان وەدەست دێن، 83%ی بۆ مووچە تەرخان دەکرێ و 5%ی بۆ سولفە (السلفة/وام/Soft Loan)ی کارگێڕی و دامەزراوەکان و8%ی بۆ خزمەتگوزاری دەرمان، پارەی کارەبا، پارەی تەرخانکراو بۆ خۆراک و پاراستن و ئاگاداریی ئامێر و بینایەی کارگێڕییەکان، ناردنی کارمەندان بۆ ئەملاو و ئەولا، پێوەندکردن و پاکژکردنەوە و تەنیا 4%یشی بۆ سەرمایەگوزاری تەرخان دەکرێت[2].
دەسەڵات(حیزب)، کاغەزەکانی بەجۆرێک تێکەڵکردووە، کە خەڵکە ئاساییەکە ناتوانێت جودای بکاتەوە. دەسەڵات، باس لە وەزیر و جێگر و بەڕێوەبەر و جێنێراڵی مفتەخۆری ملقەوی بندیوار ناکات، کە باس لە مووچەیش دەکات تێکەڵ بە مووچەخۆرانی دیکەیان دەکات. مووچەی فەرمانبەر و کارمەندی گچکەی ماندووی خوارێی پلیکانەکەیە دەبڕدرێ، ئەوە ماڵی وێران دەبێ، ئەوە قەرزدار دەبێ، ئەوە بە هیچدا ڕاناگات. کابرای بندیواری مفتەخۆری گەندەڵ، باکی نییە، ئەگەر مووچە دەهەزار حەفت هەزار یا چوارهەزار دۆلارییەکەی، یەک دوو هەزارێکیشی لێ ببڕدرێ، کە هەرگیز ئەوە ڕوونادات، چون ئەوانن دەسەڵات، وەک کریگرتە و پاسەوان بەکاریان دەهێنێت، یا بە دەربڕینێکی تر چون دەسەڵات(حیزب) بۆ خۆی لەوان پێکهاتووە، هەرگیز نە کاری تێدەکات و نە هەستی پێ دەکات.
گەلێک، یەک میلیۆن و دووسەد و چلونۆ هەزار (1.249.000) کارمەند و مووچەخۆری هەبێت، کە لە هیچ جێیەکی جیهاندا، تەنانەت لە هەژارترین وڵاتانی جیهانیشدا نموونەیەکی لەو جۆرەی کوردستان نییە، بە دووسەد و چلونۆ هەزارەکەی، هەموو کاری وڵات بەڕێوە دەچێت و یەک میلیۆنەکەی زیادە.  
گەلێک، 83%ی پارەی داهاتی بۆ مووچە بڕوات و لە هەر چوار کەسی وڵاتەکەی دانەیەکیان کارمەند و مووچەخۆر بێت و بەشێکی زۆریش لەو مووچەخۆرانەی، مووچەی مفت و مشەخۆری و ئەفسانەیی وەربگرن، تەواوی ئاوی دیجلە و فرات و زێ و سیروان و ئەڵوەن و باسەڕەی، بۆ بکە بە پارە، هەرگیز بەشی مووچەی ناکات!
بە پێدانی مانگێک  مووچە و چەند مانگ ڕاگرتنی، بە پاشەکەوتکردن و بە چاوەڕوانی خێر و سەدەقەی بەغداد، بەو هەموو پینەوپەڕۆیە، هەرگیز ئەو کێشەیە چارەسەر ناکرێت و هەرگیز دەمی ئەو مووچەخۆرانەیشی، کە زیانمەندی یەکەمن داناخرێت، ئەگەر کارمەندە ڕاستینەکان لە بندیواران جودا نەکرێنەوە و مووچە و تایبەتمەندیی ئەو بندیوارە ملئەستوور و مفتەخۆر و گەمار و پیسخۆرانە نەبڕدرێ و ئابوورییەکی خۆماڵیی پشتبەستوو بە خاک و کشتوکاڵ و کانزا و هێزی کاری کوردستان و گۆڕینێکی ڕادیکاڵ لە شێوازی بەڕێوەبردن و کارگێڕییدا نەیەتە گۆڕێ.

2020-05-19  


[1] HYPERLINK "https://xelk.org/169237/?__cf_chl_jschl_tk_" https://xelk.org/169237/?__cf_chl_jschl_tk_  
[2] HYPERLINK "https://www.alsumaria.tv/news/237786" https://www.alsumaria.tv/news/237786

Friday 1 May 2020

ڕۆژگارێکی بێ ڕەنگوبۆ


ڕۆژگارێکی بێ ڕەنگوبۆ
ئەمجەد شاکەلی
خۆشەویستی، هەمیشە و لەو دەمەی ڕا مرۆڤ هەبووە، بەهێزترین و تەمەندرێژترین و تۆکمەترین ڕایەڵەیەک بووە، مرۆڤ و دەوروبەری، مرۆڤ و ژینگەی، مرۆڤی سروشتی، مرۆڤی و مرۆڤی، وێکڕا گرێداوە و درێژەی بە ژیان داوە. جوانترین ئاوازێک، ناخ و هەستی مرۆڤی هەژاندووە، بێجگە لە خۆشەویستی هیچی دیکە نەبووە. خۆشەویستییە، ڕەنگ و چێژ و جوانی و هێز و ئومێد و بەخشندەیی و پێکەوەژیان و تەواوی باشییەکانی بە مرۆڤ بەخشیوە و مرۆڤی ئاراستە کردووە، بەوەی بژی و داهێنان بکات. جیهانی بێ خۆشەویستی، جیهانێکە بێڕەنگ، پڕ لە ڕق، تاریک، بێگیان، مردوو.
یەکدی بەسەرکردنەوە و یەکتربینین و پێوەند و تێکەڵاوی و سەردانی یەکدی و پێکەوە دانیشتن و ژوان و دەستگوشین و لەئامێزگرتن و ماچ و هەموو جۆرە نێزیکایەتییەکی مرۆڤێک و یەکێکی دی، نیشانەکانی خۆشەویستی و وزەبەخشی ماشینی خۆشەویستین. پێش ئەم پەتا نەفرتییەی کۆرۆنایە، هیچ یەکێک دەستبەرداری گچکەترین دانەیەکی لەو نیشانانەی خۆشەویستییە نەدەبوو و دوورکەوتنەوە و پشتگوێخستنیان، نیشانەی کەمتەرخەمی و دڵڕەقی و بێهەستی و ناتەواوییەک بوو.
ئەدی ئێستا!
پەری، لە پیاسەیەکییەوە هاتە بەر دەرگە و زەنگی دەرگەکەی لێدا، ئەو دەیزانی من لە ماڵم و وەک زۆرێک لەوانەی لە کۆرۆنا دەترسن، لە ژوورێ خۆم حەشار داوە. دەرگەم کردەوە و لە دوورایی سێ میترێکەوە، هەندی قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشت.
فەرهاد، بڕێک خۆراکی بۆ کڕیم و ئێوارەیەکی دوای گەڕانەوەی لەسەر کار، بۆی هێنام و لە دووریی چوار میترێکەوە هەندێ قسەمان کرد و ئیدی ڕۆیشت.
ڕاز و پەری، دوو جار، بە کۆمەڵێک توورەکە و دەڵقی پڕ لە میوە و سەوزە و وشکەوە هاتنە بەر دەرگە و لە دوورایی چوار پێنج میترێکەوە، لە خوارێی پلیکانەکە ڕاوەستابوون، بڕێک قسەمان گۆڕییەوە و ئیدی ڕۆیشتن.
ڕاز، لەسەر کارەکەی دەگەڕایەوە بۆ ماڵ، زەنگێکی بۆ لێدام و گوتی دێمە نزیکی ماڵ و تۆیش وەرە بەر پەنجەرەی ناندینەکەت و ماوەیەک بە تەلیفۆن قسە دەکەین. منیش وام کرد و بڕێکمان قسە کرد و دواتر ڕۆیشت.
ئەمڕۆ یەکەمی مەی(یەکی ئایار، یەکی مایس)ە، ڕۆژی کارگەرانی جیهانە. یەکێکە لە ڕۆژە هەرە خۆشەکانی ساڵ، کە هەمیشە دوانزدە مانگ چاوەنۆڕی هاتنەوەییم و نوێبوونەوە و چێژێکی گیانەکی بە تەواوی هەستەکانم دەبەخشێت. ئەگەر ساڵێک، بەهۆی نەبوونم لە سوێد، لە بەشداربوون لەم بۆنەیەدا، لە ڕێپێوان و خۆپێشاندان و ئاهەنگگێڕان، دابڕابم، لەو دوورییەم لە سوێد و لەو ڕۆژەدا، پەشیمان بوومەوە و هەرگیز خۆمم نەبەخشیوە و سەرزەنشتی خۆمم کردووە و پێم وابووە، کەلێنێک کەوتووەتە ژیانمەوە و زیانێکی گرانم بەرکەوتووە. ساڵانە و ئەم ڕۆژە، پەری، لەوەتی هێشتا لە گالیسکەی زارۆکاندا بوو و تا ئیدی پێڕەوکە بووە و کەوتووەتە سەر پێی خۆی و وردەوردە ئاگاییشی پەیدا کردووە، هاوڕێی ئەم جەژنگێڕانەم بووە و وێکڕا و لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکەدا، لەگەڵ سەندیکالیست(SAC)  و ئەنارکیست و ناپەرلەمانی و ناحیزبییەکاندا، ڕۆژێکی گەش و دەم بە خەندە و خۆش و پڕئومێد وزەبەخشمان گوزەراندووە، لێ ئەمساڵ نەء! ئەمساڵ یەکی مەی، نە جەژن و نە ئاهەنگ و نە ڕێپێوان و نە دیداری هاوڕێ و خۆشەویستان!
هاوڕێیەکانم، کە جاران، ڕۆژێکی خۆرەتاوی خۆش، کەنار زەریاچەیەک، پیاسەیەکی چەند سەعاتی، قاوەخانەیەک و کووپێک قاوە، خواردنێکی چینی، تایلاندی، ڤیێتنامی، یا فەلافیلێک، دەردەدڵێک، بڕێک شۆخی و قسەی خۆش، خڕبوونەوەیەک، ئاهەنگێک، زەماوەندێک، پرسەیەک، تەنانەت پرسەیەک و سەرگۆڕستانێک، کۆی دەکردینەوە، ئیدی لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، هیچ یەکێک لەوانە نامانگەیەنێتە یەکتر. میوان، کە لە کوردەواریدا دەڵێن خۆشەویستی خودایە، تەنانەت میوان و میواندارییش، خەریکن لەبیر دەچنەوە!
ئێستا، ئەوەی خۆشت دەوێ و ئەوەی خۆشی گەرەکی، دەبێ خۆتی لێ دوور بگریت  و دوورایی نێوانتان بە میتر بپێوی، چمانی ئاگر و بەنزینن، لە یەکدی نێزیک نەبنەوە. ئێستا، نزیکی پێوەری خۆشەویستی نییە، دوورکەوتنەوە نیشانەی خۆشەویستییە و تەلیفۆن، تەنێ تەلیفۆن، هەستەکانمان بۆ یەکدی دەگوێزێتەوە. ئێستا، ڕۆژەکان، بێجگە لەوەی بێتامن،  هیچی دیکە نین! ئاو، هەرچەندە بنەمای هەموو زیندەوەر و زیندووییەکە[1]، لێ کە پێناسە دەکرێ، دەگوترێ، شلەیەکی بێ ڕەنگ و بێ بۆنە، ئێستا ڕۆژگارێکە بێ ڕەنگوبۆیە! 
01 – 05 - 2020



[1] (وَجَعَلْنَا مِنَ ٱلْمَآءِ كُلَّ شَىْءٍ حَىٍّ)، القرآن الکریم، الأنبیاء/30.   

Friday 27 March 2020

وڕێنەیەک لە سەردەمی کۆرۆنادا

وڕێنەیەک لە سەردەمی کۆرۆنادا

ئەمجەد شاکەلی

کاکەحەمەی دێبنە و باوکم(ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر)، ئەحمەد[1] و منیان، بە خۆمان دشداشە و چاکەتەکانمانەوە، بردە دوکانەکەی حەمەی وەستا زۆراب و سەرو پانتۆڵ و سەرو کراسیان بۆ کڕین. هەردووکمان چون یەک، پانتۆڵێکی خاکی و کراسێکی سپی. هاوین بوو، ئێمە چووبووینە کفری بۆوەی لە تاقیکردنەوەی بەکالۆریای پۆلی شەشەمی سەرەتایی ساڵی 1961/1962دا بەشدار بین. یەک ڕۆژ پێش تاقیکردنەوەکە، ئەو جلانەیان بۆ کڕین. ئەوە یەکەم جارم بوو پانتۆڵ لەپێ بکەم. تا پێش ئەوە و تا ئەو تەمەنە هەر دشداشەم لەبەر کردبوو. دشداشە بۆ ماڵ، بۆ گەمەکردن، بۆ میوانی، بۆ جووڵانەوەی ڕۆژانە، بۆ جەژن، بۆ خوێندنگە، بۆ خەوتن و بۆ هەموو شتێک لەبەر دەکرا. لە ڕۆژەکەی دوای ئەو ڕۆژەوە، ئیدی پانتۆڵ جێگەی دشداشەی گرتەوە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا تا ئێستا هاتووە.
لە ساڵانی 1980دا هاوڕێم کاک ڕەمزی قەیتوولی لە گەڕانەوەیدا لە گەشتێکی بۆ لەندەن، دشداشەیەکی سپی وەک دیاری بۆ هێنام، کە ئێستاش ماومە. جارجار لە ماڵەوە بۆ خەوتن لەبەری دەکەم یا کە نەخۆش دەکەوم و دەکەومە سەر جێگە لەبەری دەکەم. ساڵی 2018 یش (ڕاز)ی کچم لە حەج گەڕایەوە، دشداشەیەکی مەیلەو بۆر- قاوەیی بە دیاری بۆ هێنام، ئیدی بووم بە خاوەنی دوو دشداشە.
لە سەردەمێکدا لە ماڵی خۆمان، لە تەمەنی منداڵی و مێردمنداڵیدا، جاروبار، کە حەزم لە بینینی هەندی میوان یا کەسێک یا مەیلی چوونەدەرەوە و دیتنی خەڵکم نەکردبا، تەنانەت ئەگەر هاوڕێیانی خۆیشم بووایەن، لەنێو ماڵدا پاڵم لێ دەدایەوە و دادەنیشتم و نەدەچوومە دەرێ. دایکم دەهاتە ژوورێ و بە شێوەزارە گەرمیانییەکەی خۆی دەیگوت: "ئەوە بۆ ناچیتە دەشتۆ، خۆ خەتەنە نەکریایتە، وا لەبن ماڵا خۆت مات داوە، هەڵسە هەڵسە دەی بچۆ دەشتۆ!". ئەو سەردەمە کەسێک کە خەتەنە دەکرا، دشداشەیەکی لەبەر دەکرد و پاڵی لێ دەدایەوە و نەدەچووە دەرێ.
ئێستا بە سایەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، لە ماڵەوە پاڵم داوەتەوە و دشداشەشم لەبەر کردووە. دشداشە وەک هێمای ئاریشە و کێشە و جۆرە ڕووداوێکی نەخوازراو. تەنێ لەنێوان 15-20 میترێکی بۆشایی نێو ئەپارتمانە 56میترییە چوارگۆشەکەمدا دێم و دەچم. لە دوو پەنجەرەوە دەرێ دەبینم و ئاگاداری هاتوچۆ و جووڵانەوەی گەڕەکم، کە ئەسڵەن بۆ خۆی گەڕەکێکی مردووە. کۆرۆنایش نەبێت هەر مردووە، لێ ئێستا لەم وەرزی کۆرۆنایەدا کپ و بێگیان و مردووترە.
تاکەتاکە مرۆڤ لە پەنجەرەکانەوە دەبینم و ڕەنگە تا دنیا ڕووناکە و تەواوی ڕۆژەکە ژمارەیان نەگاتە 50 کەسێک. بەیانیانی زوو، لە بن دیواری خوارێی ژووری خەوتنەکەم، دەنگی ترپەی پێیە بچکۆلەکانی زارۆکە گچکەکانی باخچەی منداڵانەکەی نزیکێ ماڵمان دێتە گوێم، کە لەلەکانیان دەیانبەنە دەرێ و بەدەم وردە ڕۆیشتنەوە دەنگە ناسکە منداڵانەکانیان، دێنە گوێم.
 ئەوەی زۆرتر دڵم پێی خۆشە، سەگەکانن! دوو سەگخانە(باخچەی سەگەل یا سەرپەرشتیخانەی سەگەل یا ماڵەسەگ)، نزیکی ماڵەکەی منن. هەموو ڕۆژانی کار، دووشەممە تا هەینی، کچەکان، ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 16-20 ساڵێکدایە، سەگوانەکان، لەلەکانی سەگەکان، کە بۆ خۆیان 3-6 کیژێک دەبن، ئیدی زیاتر یاکەمتر، هەریەکەیان سەری 10-12 پەتی بەدەستەوەیە و ئەو سەری پەتەکان لە ملی 10-12سەگێک ئاڵاون و ژمارەی سەگەکان لە کەمترین جاردا لە 40 سەگێک کەمتر نییە. سەگی گەورە و زەبەلاح، سەگی گچکەی زۆر گچکە، دێڵ، گەماڵ، سەگی سپی، سەگی ڕەش، سەگی قاوەیی، سەگی سادەی یەک ڕەنگ، سەگی دوو ڕەنگ و تێکەڵ، سەگی بۆرە، سەگی بازە، سەگی سەر بە ڕەگەزی جیاواز، سەگی سەر بە بنەچەی جیاواز و هەموو جۆرە سەگێک، ئارام و بێ دەنگ بەدەوری لەلەکانیاندا وەک بازنەیەک، مانەندی سەرباز و مەشقپێکراو، دەڕۆن و نە گەنگەشە و نە شەڕ و نە دەنگ دەنگ، نە جیاوازیی چینایەتی و نە فشەکردن و خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و نە ئێرەیی و نە تێڕەیی و چاوچنۆکی، هێمن هێمن، بەڕێز بەڕێز، لە کەشێکی پڕ لە خۆشەویستی و هاوئاهەنگی و یەکگرتووییدا، نەرم نەرم دەڕۆن و چێژ لەو سروشتە جوانەی دەوروبەری خۆیان وەردەگرن. جارجار لەلەکان ڕادەوەستن و ئەوانیش هەر هەموو ڕادەوەستن. هەموو چاوەنۆڕی فەرمانی دادەکانیانن. من زۆربەی ڕۆژان، نەک بە سایەی کۆرۆناوە، بەڵکە بەسایەی خانەنشینییەوە، ڕۆژانە ئەو دیمەنە، شادییەک، گەشی و خۆشییەک، بە ڕۆحم دەبەخشێ. بۆ من ئەو دیمەنە دەکاتە: ژیان. ئێستاش لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا، کە ئەو گەلە سەگ و لەلە و سرووتە ڕۆژانەیە دەبینم، تێدەگەم، هێشتا خەڵک دەچنە سەرکار، چون ئەو سەگانە بۆیە خراونەتە ئەو سەگخانانە، لەبەروەی خاوەنەکانیان کار دەکەن و چۆن منداڵەکانیان دەبەنە، زارۆکخانە، باخچەی منداڵان، بەو جۆرەیش سەگەکانیان لەو سەگخانانە دادەنێن تا ئەودەمی نزیکەی سەعات 17-18 ی ئێواری لە کار دەگەڕێنەوە و سەگەکان و زارۆکەکانیان دەبەنەوە ماڵێ. تا ئەو سەگانە ڕۆژانە ببینرێن، واتە: ژیان نەوەستاوە، واتە: هێشتا ژیان بەردەوامە.
کۆرۆنا، جموجووڵی مرۆڤ و فڕۆکە و ماشێن و شەمەندەفەر و گەشت و سەیران و هاتوچۆی ڕاگرت و وەک چۆن جاران بەرخ دەکرانە کۆزەوە و مامر دەکرانە کولانەوە، کۆرۆنا، کۆزەکۆزەی لە مرۆڤ کرد و کردنیە کۆزەوە و کردنیە کولانەوە. کۆرۆنا، زەنگێک بوو، دنیایەک شتی وەبیر مرۆڤایەتی هێنایەوە و چەپۆکێک بوو، سروشت، نادادی، هەژاری، هەڵاواردنی مرۆڤ، جیاکاری، ژینگە، کێشایان بە تەپڵی سەری مرۆڤدا بۆ وەئاگا هێنانەوەی، ئەگەر بڕیار بێت وەبیرهێنانەوە و وەئاگاهێنانەوە، زەنگێک بن مرۆڤ بێدار بکەنەوە و دید و وزەیەکی نوێی پێ ببەخشن و وانەیەکی نوێی ژیانی فێر بکەن! کەمجار مرۆڤ وانەیەک لە هەڵەکانی خۆی و هەڵەکانی خەڵک و جڤاک فێر دەبێ!
ئێستا ئێمەی، کە ناچینە سەرکار، ئێمەی لەماڵەوە تەڕاح و پاڵلێداوە، ئەو کەسانەین، لە کارکردن دووکەوتووینەوە. لاوەکان دەچنە سەر کار، ئێمە ناچین. ئێمە لە ماڵەوە تەنیاین. هەموو هاوتەمەنانی ئێمە، ئەگەر لە هیچ شتێکدا، لە چین و ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و نەتەوە و....چون یەک و یەکسان نەبین، لە تەنیاییدا یەکسانین. ئێمە هەموومان لە ماڵەوەین. هەندێکمان لە پەنجەرەی ماڵەکانیانەوە، خەڵکانی تێپەڕبوو دەژمێرن و هەندێکمان سەگەل دەژمێرن و هەندێکمان هەر چای دەخواتەوە و هەندێکمان هەر خەرێکی شیولێنانە و هەندێکمان تەماشای فیلم و تیڤی دەکات و هەندێکمان خجڵی فەیسبووک و وەتس ئاپ و ڤایبەر و ئیمۆ و ئینتەرنێتە و هەندێکمان وەدووی هەواڵدا هەڕا دەکات و هەندێکمان نوقمی لاپەڕەی کتێبانە و هەندێکمان وشە ڕیز دەکات و گوتەیەک، هزرێک، خەیاڵێک دەدەرێنێت، هەندێکمان سوودووکۆ دەکات و هەندێکمان گوێ دەداتە مووزیک و هەندێکمان نوێژ دەکات و قورئان دەخوێنێتەوە و هەندێکمان دەخواتەوە و جگەرە دەکێشێ و هەندێکمان بەنێو لیستی ناوی هاوڕێ و دۆست و کەسەکانی نێو تەلێفۆنەکەیدا دەگەڕێ و ئەوەی چوار ساڵیشە پێوەندی پێوە نەکردووە، زەنگی بۆ لێدەدا یا لەو جۆرە کەسانەوە زەنگی بۆ لێدەدرێ و هەندێکیشمان تەمبەڵ و تەوەزەل و زەمتە هیچ، هەر هیچ ناکات و فەلسەفەی" ئەوەندە خۆشە هیچ نەکەیت و دوای ئەوەش ئیسراحەت بکەیت" پێڕۆ دەکات، ئەم فەلسەفەیە، لەگەڵ (پەری)ی کچمدا هەردەم توێژینەوەی لەسەر دەکەین و خوێندنەوەی نویی بۆ دەکەین و شتی نوێی دەخەینە سەر و جارجار لە (ناز) و (ڕاز)یشەوە سرووشمان پێ دەبەخشرێت. دیارە هەندێکیشمان زۆرێک لەوانەی گوتران، پێکەوە لە ماڵی دەکات. ئێمە هەموومان تەنیایی یەکیخستووین. تەنیایی، کە پتر دەردێکی پێشکەوتن و نوێگەرایی و جڤاکی مۆدێرنە و کەمتر لە جڤاکگەلێ ڕۆژهەڵاتییدا هەبوو و هەیە، هەرچەندە ئێستا مۆبایل و تیڤی و ئینتەرنێت و جیهانگەری و لاساییییکردنەوە سەدان تڕوتەشقەڵەی شێوژیانی ڕۆژاوایی و تەکنۆلۆجیا و بەزمی دیکە، پەتای تەنیایی گەیاندووەتە ڕۆژهەڵات و تەنانەت جڤاکە سادە و ساکار و سەرەتاییەکانیش. لێرە لە ئەوروپا و بەتایبەت لەم سوێدە، تەنیایی پێوەر و نموونەی ژیانی ستانداردە و پێچەوانەکەی ناستاندارییە.
 هەواڵەکانی وەدوویاندا وێڵین، هەواڵی ژیان و مەرگن. لەنێوان ژیان مەرگدا توێژاڵێکی هێندە تەنک هەیە، کە ئێستا لەهەموودەم زیاتر، ئێمەومانان هەستی پێ دەکەین و دەیبینین. میدیاکان پەیتا پەیتا هەواڵی مەرگمان بەسەردا دەبارێنن و وێنەکانی مەرگمان پێشان دەدەن و پێ دەگەیەنن. مرۆڤی پێش ئەم پەتایە، دیارە نە هەموو مرۆڤ، تەنێ یەک شتی دەزانی، ڕاکەڕاکەی ژیان و هەڵپە، بۆ زیاتر پەیداکردنی سامان، پارە، دەوڵەمەندی، دەسەڵات. مرۆڤ وەدووی دنیاویستی و دنیاری و خۆویستیدا غاری دەدا. مرۆڤە گەورەساڵەکان، کاتیان بۆ زارۆک، بۆ خۆیان، بۆ خێزان و خۆشەویستانیان نەبوو. کاتیان نەبوو بیر بکەنەوە. کاتیان نەبوو جوانیی ببینن. کاتیان نەبوو چێژ لە سروشت لە دەنگی سروشت، لە هاژەی با، لە جریوەی مەل، لە دەنگی بێدەنگی، لە دەنگی ئاژەڵ، لە دەنگی خاک، لە دەنگی گیا و گوڵ و ئاو و درەخت و ژین وەربگرن. ئەگەر کۆرۆنا وانەیەک بە مرۆڤ ببەخشێت، ئەوا مرۆڤی دوای کۆرۆنا، وەک مرۆڤی پێش کۆرۆنا نابێت. کۆرۆنا ئێمەی تەنیاخست و ئێمەی کەنارخست، ئێمە ئێستا تەنێ خۆمانین و کەسمان لەگەڵ نییە. ئێمە تەنێ بیر لە دەستشۆردن و خۆخاوێنکردنەوە و دەستوەرنەدان لە دەم و کەپوو و چاو و ڕوومەتمان دەکەینەوە. ئێمە ئێستا بیر لە خواردنەوەی گەرم و شلەمەنی و شتی بە سوود بۆ بەرگریی لەش دەکەینەوە. ئێمە ئەگەر ناچاریش بین بچینە فرۆشگەیەک بۆ کڕینی پێویستییەک، خۆراکێک، خۆمان لە مرۆڤ دوور دەگرێن، نامانەوێ کەس ببینین. تۆ خەڵکی هەرکوێییەکی، چ ڕەگەزێکی، ئێستا تۆیش و هەموو ئەوانی دیکەش لەنێوان ترس و مەرگدان، ئێمە لە بەرزەخداین، ئێمە هەموومان لەو نێوەندەداین.
 ئێمە، ئێستاکە و پێشتریش، پێش کۆرۆنا و لە وەرزی کۆرۆنایشدا، دوو جۆر ئێمەین. ئێمەی پایینی پلیکانەکەی جڤاک لە ڕووی چینایەتییەوە و ئێمەکانی دیکەی باڵای پلیکانەی جڤاک لە هەموو ڕوویەکەوە. ئێمەگەل، بە سەر دوو چیندا و هەندێ جار پتریش دەبەش دەبین. ئەوانەی سەرێ، ئەوانەی باڵای جڤاک، سواری چ شەپۆلێک بووبوون و بەرەو کوێ هەنگاویان دەنا! ژیانیان پڕ لە پەلە و کار و جووڵە و مەشغەڵەت و فریانەکەوتن و بێ کاتیی بوو. خۆیان بزر کردبوو و لە ڕاستی هەڵدەهاتن. ئەوان ئێستاش لەم کۆرۆنابارانەدا دەتوانن، لە ڕەوشێکی تردا بن. ئەوان دەتوانن وڵات جێبهێڵن و بە فڕۆکە و بە کەشتی خۆیان و بە نوێترین ماشێنی خۆیان، بەرەو دوڕگەیەکی چۆڵ لە خەڵک، بەڵام پڕ لە ئامرازی پشوو و خۆشگوزەرانی بڕۆن و لەوێ دوور لە مرۆڤ، لەنگەر بگرن و خۆ بپارێزن و کۆرۆنا ڕوویان تێ نەکات. ئەوان دەتوانن بە زەنگێکی تەلیفۆن یا لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، نەک سێ ژەمە، بەڵکە چوار ژەمە و حەفت ژەمە و فرەتریش، لەگەڵ نایابترین جۆری خواردنەوە و سەد بەزمی دیکە ،بهێننە بەردەرکەی ژووری خەوتنەکەیان. ئەوان دەتوانن ئەگەر تووشی دەردیش بن، بە زەنگێک، باشترین بژیشکی تایبەت و باشترین نەخۆشخانەی تایبەت و نایابترین دەرمان، بگەنە خزمەتیان و چارەسەری دەردەکانیان بکرێت. هەرچی ئێمەکانی خوارێی پلیکانەکەین، کونجی ماڵ و چاوەڕوانی خۆمتکردن، تەنانەت ئەگەر دەردەکەش سەرودڵی گرتین، تاکە ڕێگەمانە لەم کاتەشدا. ئێمە باجی کارە چەپەڵەکانی ئەوانەی سەرێی پلیکانەکە دەدەین. ئێستا، کە کۆرۆنا بەر دەرکەی لێ گرتووین، ئێمەکانی خوارێ، خۆمان دەدۆزینەوە و بۆمان دەردەکەوێت، چەندە لاوازین، چەندە هیچ نین، چەندە بێدەسەڵاتین. ئێستا، لە ڕۆژێکداین، هێندە دەستەپاچەین، دەزانین هیچ شتێک دادمان نادات، ئێمە، ئێستا باجی تەواوی ئەو کارە نابەجێیانەی دەسەڵاتداران و زلهێزان و دارایانی ئەم جیهانە و مرۆڤایەتی دەدەین. ئێستا پێویستمان بە ڕاوەستان و تێگەیشتنمانە لە سەرقاڵی و خجڵبوون.
 ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە  لەوەی، کە زەوی هێندە باری گرانە، ئیدی توانستی هەڵگرتنی ئەو هەموو کاڵا و بەرهەم و شتومەکە بێفەڕ و بێکەڵک و زیادە و ژینگەوێرانکەرانە نەماوە. ئێستا، پێویستمان بە تێگەیشتنە لە گرنگیی پێوەندداری، تێکەڵاوی، یەکدی بەسەرکردنەوە، خۆشەویستی، کات تەرخانکردن بۆ یەکدی. ئێمە لە کەشوفش و تەرەفێکدا دەژیاین، تەنیا بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزەرانیمان دەبینی. پێمان وابوو ئەوانە هەموو کێشەکانمان وەلاوە دەنێن. ئێمە هەمیشە ترس و دڵەوڕاکێی لەدەستدانی بەرهەم و ئازادی و خۆشگوزارانیمان بوو. ترس و دڵەڕاوکێ، ژیانمانی ئاڵۆز کردبوو و مێشک و بیر و دیدمان ئاڵۆزکاو بوو. هەموومان مرۆڤگەلێکی ئاڵۆزکاو بووین. کۆمەک و هاریکاری و بەتەنگەوەهاتنی مرۆڤی خودان پێویستی و لێقەوماومان فەرامۆش کردبوو. ئێمە نەماندەزانی، هەموو مرۆڤایەتی گرێدراوی یەکدین. ئێمە دەبێ جیهان بە جۆرێکی دیکە بینا بکەینەوە. جیهانێک بهێنینە گۆڕێ و دروست بکەینەوە، مێشک و بیر و دەروونی مرۆڤ، لەسەر بنەما و بناخەی خۆشەویستی مرۆڤ و هاریکاری و کۆمەک و نەهێشتنی جیاوازیی چینایەتی و ڕەگەزی و ئایینی و نەتەوەیی، بینا بکاتەوە، چون بێ ئەوانە، بێ مێشک و دەروونی ئاسوودە و دروست و ئارام، لەشساغی نایەتە گۆڕێ.
جیهان بۆ دەبێ دوای ڕێبەر و دارا و دەسەڵاتدارگەلێک بکەوێت، خۆیان بخەنە پێش هەموو مرۆڤەکانی دیکەوە و هەموو بەرژەوەند و ئارەزوو و خواستەکانی خۆیان، بە پێویست بزانن و وەپێش هەموو کەس و هەموو شتێکی دیکەی بخەن! وەها ڕێبەرگەلێک دەبێ نەمێنن و وەلانرێن. بۆ بەرەوڕووبوونەی هەر نەهامەتی و دەرد و پەتا و ئاریشەیەک، مرۆڤ، گەل، خەڵک پێویستیان بە شارەزا و زانای باوەڕپێکراو هەیە، پێویستیان بە باوەڕبوون بە دەسەڵاتدارانێکی دڵسۆز هەیە، دەسەڵاتدارگەلێک، هەرچەندە دەگمەنن، کە خەمی گەل و وڵات و مرۆڤایەتی دەخۆن، وڵاتەکانیش پێویستیان بە باوەڕبوون بە یەکدی هەیە. لە جیهاندا سەدان میلیۆن مرۆڤ هەن تەنانەت سەرەتاییترین، مەرجەکانی ژیانێکی شایستەی مرۆڤیان نییە، ئیدی لە ئاوی خواردنەوەوە بیگرە و بە نان و کوڵبەیەک بۆ تێدا ژیان و پۆشاک و هەموو پێویستییەکانی دیکەوە  تا دەگاتە خزمەتی تەندروستی و بژیشک و دەرمانیان نییە، کە هەموو ئەوانە دەبنە هۆی مەترسی و دژواری، نە تەنێ بۆ ئەوان، بەڵکە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
 دەوڵەتەکان، نەتەوەکان، لەسەر ئەوە ڕاهاتوون، تەنێ بیر لە لەشساغی لەنێو وڵات و خەڵکانی خۆیاندا بکەنەوە، لێ دابینکردنی چارەسەر و تەندروستیی باش بۆ هەر وڵاتێک چین، ئیتالیا، کووبا سۆمال یا ئێران، بە قازانجی گەلانی فرانسا، ئەمەریکا، برازیل یا سوێدیش دەگەڕێتەوە. تووشبوونی مرۆڤ بە کۆرۆنا یا هەر پەتایەکی دیکە، لە ئێران، چین، ئیتالیا یا سپانیا، هەڕەشەیەک نییە تەنێ بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرانە، بەڵکە بۆ هەموو یەکێک لە ئێمە لەم جیهانەدا. هەموو مرۆڤایەتی لە سەر یەک تۆپی زەوی دەژین، ئاو و هەوا و خۆر و سروشت و ژینگە و خاک و ئێستا و داهاتوویان، گرێدراوی یەکدین و لە ژیان و مردندا هاوبەشن. هەموو مرۆڤایەتی بەرپرسە لە پاراستنی هەموو مرۆڤێک، هەموو تاکێک، هەموو ئاژەڵێک، هەموو درەختێک، لە هەموو وڵاتێک، لە هەموو جیهاندا. ڕێبەر و سەرکردەی توانا و لێهاتوو و خاوەن بڕیار بۆ کارەساتگەلێکی وەک کۆرۆنا لە جیهاندا پێویستن.
ئێمە، کە لەنێو ماڵدا خۆمان حەشارداوە، ئەگەر بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە نەیڵێین، وادەزانین لەبەر هەموو دەرگا و هەموو پەنجەرەیەک و لەژێر هەموو بەرد و تاوێرێک و لەبان هەموو دار و دەوەن و بنجک و تەختە و هەموو توێکڵە میوەیەک و لەبن هەموو دیوارێکدا، کۆرۆنا خۆی مەڵاس داوە و زۆرجاران وا بیر دەکەینەوە و وامان بە خەیاڵدا دێت، کە ئەگەر دەرگا یا پەنجەرە یا هەر کونێکی ماڵەکەمان کراوە بێت، ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ سەلام و چاک و خۆشێێ، خۆی وەژووردا دەکات، وەک چاوەڕوانی کردنەوەی دەرکە و پەنجەرە و دەلاقە و کون و کەلەبەر بێت بۆ هاتن بۆ نێو ماڵ.
ئەوەی ئێستا بەسەر مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕێت، باجی هەڵسوکەوت و بەرخورد و ڕەوشتە نامرۆڤانەییەکانی ڕێژیم و دەسەڵاتەکانی سەر گۆی زەوییە. زادەی چاوچنۆکی و گەنهزرینی ئەوانەن، هەوساری جیهانیان بەدەستەوەیە و بە ئارەزووی خۆیان داژۆن و مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر و لەبەینچوون دەبەن. ئێستا جیهانی سەرمایەداری زۆر ئاشکرا و بێ شاردنەوە، لە زمانی سەرکردەکانیانەوە، باس لەوە دەکەن، کە چاوەڕوانی لەبەینچوونی70%ی خەڵکانی وڵاتەکانیانن و داوا لە خەڵک دەکەن، ئامادەی ئەوە بن، ماڵاوایی و خوداحافیزی، بۆ دواجار، لە خۆشەویستان و کەسە نزیکەکانیان بکەن، چونکە ئیدی ڕەنگە نەیانبیننەوە! ئەو کەسە نزیکانە و ئەو خۆشەویستانەی ئەوان باسیان دەکەن، پیرەکانن، حەفتاساڵان و بانتر. ئەوانەن ڕۆژێک لە ڕۆژان هەموو کارا و پڕهێز و گورجوگۆڵ، کاریان دەکرد و بەرهەمیان هەبوو و خشتیان دەخستە سەر خشت و ئەم جیهانەی ئەمڕۆیان دروست دەکرد.
 جیهانی سەرمایەداری، ئەوروپا، ئەمەریکا و...ڕێژەی پیر لە وڵاتەکانیاندا 70% پێکدەهێنن و گەنجیان کەمترە. کەمتر زاوزێ دەکەن و منداڵیان کەمتر دەبێت. مرۆڤیان تەمەندرێژن و درەنگ دەمرن. هەشتا و نەوەت و سەت ساڵانیان فرەن و زۆر جاریش لە دەرێ دەبینرێن و چالاکن و وەرزش دەکەن و دەژین. ئەو پیرانە، نزیکەی هەر هەموویان بە تەنێ دەژین. ئەگەر لە ماڵێکیشدا بە تەنێ نەژین، لە خانەی پیران هەریەکەو ژووری خۆی هەیە. ڕۆژاوا و جیهانی سەرمایەداری، لەوە تێدەگەن، کە ئەم هەموو پیرە، کار ناکەن، بەرهەمیان نییە، مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، دەمیان هەیە و دەستیان نییە، پێویستیان بە دەرمان و کۆمەکی لەشەکی و مەسرەف و خۆراک و هەموو شتێکە و بۆ خۆیشیان توانستی دابینکردنی ئەو هەموو شتەیان نییە، ئیدی بوونی ئەمانە، لە چاوی سەرمایەداری و ڕۆژاوای بێ دڵ و بێ بەزەییەوە، زیادەیە و کەمبوونەوە و نەبوون و نەمانیان، سەرمایەداری و سەرمایەداران، بە قازانجی دادەنێن. 
ئەو تێڕوانینە بۆ خەڵکانێکی بێ بەرهەم و "دەمدار و بێدەست"، زادەی ئەم ڕۆژگارە نییە، بەڵکە بنجوبناوانێکی لە بڕێک دید و هزردا هەیە، کە لەمێژە لەنێو جڤاکی ڕۆژاوادا هەن. هزر یا تیۆرییەکەی مالسۆس[2] لەمەڕ زانستی دانیشووانەوە، کە لە 1798دا، لەژێر ناونیشانی"گوتارێک لەمەڕ بنەما گشتییەکانی دانیشتووان"دا، بڵاوی کردەوە، دەڵێ:" هێزی زیادبوونی دانیشتووان مەزنترە لە هێزی زەوی لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا". مالسۆس، پێیوایە ژمارەی مرۆڤ هەر 25 ساڵ جارێک بەگوێرەی یەک بەدوای یەکی ئەندازەییدا(4-8-16-32-64-128...) زیاد دەکات، هەرچی بەرهەمی خۆراکە بە گوێرەی یەک بە دوای یەکی ژمارەییدا (10-20-30-40-50...) زیاد دەکات. مالسۆس دەڵێ:"مادام مرۆڤ بەبێ خۆراک ناتوانێت بژی، ئەم دوو هێزە نایەکسانە لە گەشەسەندندا، دەبێ هەندەک ڕێگر بێتە ڕێیان بۆ ئەوەی وەک یەکیان لێ بێت، واتە: کەمکردنەوەی ڕێژەی زیادکردنی دانیشتووان، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێژەی بەرهەمهێنانی خۆراکدا هاوتا ببنەوە". بەگوێرەی مالسۆس ئەم ڕێگرییانەی، کە ڕێگری لە زاوزێی خەڵک دەکەن، هەم نەئێنی و هەم ئەرێنین. هۆکارە نەئێنییەکان، لە شوونەکردن و ژننەهێناندا بەهۆی دەستکورتییەوە دەبینرێن، هەرچی هۆکارە ئەرێنییەکانە لەپاش سەرنەکەوتنی هۆکارە نەئێنییەکان دێن، کاتێک سروشت و مێژوو، بە نەخۆشی و برسییەتی و جەنگ، قڕ دەخەنە نێو مرۆڤ، ئەو کاتە ئیدی هاوسەنگیی لەنێوان دانیشتووان و خۆراکی دەستەبەرکراودا ڕادەگیرێت. ئەوەی مالسۆس ئاماژەی پێ دەکات، لە ململانێیەکانی باکووری دەوڵەمەند و باشووری هەژاری تۆپی زەویدا و لە سیاسەتی ڕێژیمە نازیست و فاشیست و سەرمایەدارییەکاندا، هەمیشە بینراوە. هەموو ئەم ڕێژیمانە، قڕکردن و کوژتنی بەکۆمەڵی گەلانیان، ئافراندووە و ئەنجام داوە. لە دوو جەنگی جیهانیدا و لە دەیان جەنگی کۆڵۆنیالیزمدا، دیوە دزێوەکەیان وەدەرکەوتووە.
کورتەی بیرۆکەیەک مالسۆس دەریدەبڕێ دەڵێ:"ئەو مرۆڤەی کەسێکی نییە بیژێنێت و ناتوانێت لەنێو جڤاکدا کارێکی دەستکەوێت، دەشبینێت لەسەر خاکەکەی خۆیشیدا، چ بەشە خۆراکێکی چنگ ناکەوێت و نییە، ئیدی لەئەنجامدا، ئەو کەسێکی زیادەیە لەسەر خوانی سروشت، چون ئەو دەورییەکی نییە لەنێو دەورییەکاندا و بەو پێیەش سروشت فەرمانی پێدەدا زەمەن جێبهێڵێت".
کە زیادبوونی ژمارەی مرۆڤ و کەمیی بەرهەم، بگاتە بارگرانی زەوی و تەحەممولنەکردنی (carrying capacity of land)، بە بۆچوونی مالسۆس، ئیدی ڕەوشەکە دەگاتە قۆناخی چڕی و تەقینەوەی دانیشتووان و بەو پێیەش ڕۆژێک دادێ خۆراک بەشی دەمە برسییەکان ناکات و ئەوەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی جەنگ لەپێناوی خۆراک و ئاودا، ئەوە لایەنە نێودەوڵەتی و جیهانییەکەی، هەرچی پێوەندداریشە بە یەک جڤاکەوە، لەنێو یەک جڤاکدا، دەبێتە هۆی مانەوەی مرۆڤە بەهێز و تواناکان. ئیدی هەژاری و دەرد، بڵاو دەبێتەوە و جەنگیش لەنێوان دەوڵەتاندا و هەژاری لەنێو یەک جڤاکدا دەبنە واقیع و ڕاستی.
 مالسۆس دەڵێ:"جڤاکی مرۆڤایەتی بەم جۆرە تەنێ ململانێیە،  ژیان بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە، باشترینن و سامان و داراییش لەم ململانێیەدا، تەنێ خەڵاتە بۆ ئازا و لێهاتووەکان". هەموو ئەو ڕێگرییانەی بەلای مالسۆسەوە پێویستن گەرەکە بکرێن یا بێنە دی: برسییەتی، دەرد، جەنگ، هەموو ئەمانە لە وڵاتانی دواکەوتوو و هەژار و گەشەنەسەندوودا ڕوودەدەن و دەبنە هۆی لەنێوبردنی بەشێک لە دانیشتووان، کە ئیدی هاوتایی و هاوسەنگیی بۆ دانیشتووان و چەندیەتی خۆراک دەگێڕدرێتەوە، دیارە بۆ دەسەڵاتداران و دارایانی ئەو وڵاتانە، نەک هەموو مرۆڤەکان. ڕێگرییە خۆپارێزی و ئارەزوومەندییەکان، ژنومێردایەتی نەکردن یا دواخستنی، ئەمە لە وڵاتانی پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا باوە، کە لە کۆتاییدا هاوسەنگییەک لەنێوان ژمارەی دانیشتووان و چەندیەتی خۆراکدا دێتە گۆڕێ.
مالسۆس، گۆڕان و گەشەکردنی دۆزینەوە و داهێنانە زانستییە نوێییەکان و ئاستە هونەرییەکانی، کە بوونەتە هۆی زیادبوونی بەرهەم بە ڕێژەیەکی زۆر، لەبەرچاو نەگرتووە. هەروەها بڵاوبوونەوەی زانیاری و ئاگایی فەرهەنگی، کە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی زاوزێ، نەک بەهۆی ژنومێردایەتی نەکردن، یا دواخستنی، بەڵکە بەهۆی بەکارهێنانی ئامرازی زانستیی نوێ بۆ ڕێگریکردن لە منداڵبوونی، لەبەرچاو نەگرتووە. ئێستا ڕێژەی زیادەی خۆراک گەلێک لە ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووان زیاترە، بە تایبەت لە گەلێک لە وڵاتانی پیشەسازییدا، مالسۆس ئەوەیشی لەبەرچاو نەگرتووە. مالسۆس، نادادی و ناهاسەنگی و ناهاوتایی، لە دابەشکردنی خۆراکدا، لەنێوان وڵاتانی دەوڵەمەندی باکووری زەوی و وڵاتانی هەژاری باشووری زەوی، کە کەمینە بەشی زۆرینە دەخوات، لەبەرچاو نەگرتووە. لەگەڵ هەموو کێماسییەکدا لە تیۆرییەکەی مالسۆسدا، ئەم تیۆرییەی بوو بە بنەمایەک و تیۆری (چێبوون و گەشەکردن/Theory of Evolution/ نظریة النشوء والإرتقاء)ی چارڵس داروین[3] و تیۆری (مانەوەی تواناکان /بەهێزەکان/Theory of survival of the fittest/ البقاء للأصلح)ی فرێدریک نیچە[4](Friedrich Nietzsche)ی بەرهەم هێنا، کە بوون بە سرووشبەخشی نازیزم و فاشیزم و کۆڵۆنیالیزم و کەپیتالیزم و نیولیبرالیزم.
سەرمایەدارییی، کە ئیدی گەیشتووەتە قۆناخی ئیمپریالیزم و هیچ دەرفەت و بوارێکی بۆ باشووری هەژاری گۆی زەوی نەهێشتووەتەوە و تەواوی 50%ی سامان و ئابووری جیهان، ئەگەر لەو ڕێژەیەش زیاتر نەبێت، بە دەست 1%ی جیهانەوەیە، کە دارا و سەرمایەدارانی وڵاتانی باکووری گۆی زەوین. ئێستا ژمارەی میلیۆنێرانی جیهان 36 میلیۆن میلیۆنێرن و لە ساڵی 2022دا دەبنە 44 میلیۆن میلیۆنێر. ئێستا 15،3 میلیۆن میلیۆنێر لە ئەمەریکا(USA)  و2،7 میلیۆن میلیۆنێر لە ژاپۆن و 2،2 میلیۆن میلیۆنێر لە بریتانیا(UK)  و 1،9 میلیۆن میلیۆنێر لە چین هەن[5]. وڵاتانی سەرمایەداری و سەرمایەداران، ئابوورییان، سامانیان بۆ بەرهەمهێنانی میلیۆنان شتی بێکەڵک و ناپێویست و زیادە هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ بەرهەمهێنانی فرە و بە کۆمەڵ و لە یەک کاڵا میلیۆنان جۆر و ڕەنگ و میلیاران تۆن و دانە(Massproduktion)ی لێ دروست دەکەن، کە تەنێ بازاڕی پێ پڕدەکەنەوە و گیرفانی خەڵکی پێ بەتاڵ دەکەنەوە هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ دروستکردنی چەک، ئەتۆم، بۆمب، تانک، فڕۆکە، گازی ژاراوی، هەزاران جۆرە تفەنگ و دەمانچە و چەکی لیزەری و دەسگەی سیخۆڕی و بەزمی دیکە، کە بیلیۆنان دۆلاری تێدەچێ هەیە. ئابووری و سامانیان بۆ دەسەڵاتداری توڕەهات و جڤینی بێ نرخ و بێ بایەخ و ئاهەنگی ناپەسەند و کۆشک و تەلاری ڕازاوە و پۆشاکی گرانبەها و وەرزشکار و فووتبۆڵیست و هەزاران جۆری ئەلکحوول و سیگار و خشڵ و زێڕ و سەدان هەزار شتی دیکە هەیە، لێ ئێستا بۆ مرۆڤ، بۆ لەشساغی، بۆ خۆپاراستن، بۆ هەژار و نەدار و برسی و ڕووت و بێماڵ و پەنابەر و هەڵاتوو و لێقەوماو و دەردار، نییە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، پیادەکردنی جۆرێکە لەو تیۆری و هزر و سیاسەتانەی، کە بە کەمکردنەوەی دانیشتووانە هەژار و نەدارەکەی سەر زەوی، خۆشگوزەرانی بۆ داراکانی سەر زەوی دەستەبەر بکرێ، ئەویش بە سازکردنی جەنگ و پەرەپێدانی هەژاری و دروستکردنی دەرد و نەخۆشی و پشتگوێخستنی ژیانی مرۆڤەکانی دەرێی بازنەی سەرمایە و یانەی سەرمایەداران.
تازەکی لەگەڵ(سوعاد)ی هاوژینمدا لە ساڵانی 1980دا هاتبووینە سوێد. زینەت شاکەلی، هاوژینی یەکەمی فەرهادی برام، کە باسی نەخۆشخانەکانی سوێدی دەکرد، دەیگوت: هێندە پاک و خاوێنە، ئەگەر خۆراک، چێشت هەروا ڕۆبکرێتە سەر زەوی نێو نەخۆشخانەکە، نێو ژوورەکانی، ڕاڕەوەکانی، مرۆڤ دەتوانێت دانیشی و بە کەوچک و چنگال خۆراکەکە بخوات. مەبەستی لەوە بوو، کە بێتام پاکە. دواتر تووشی نەخۆشخانە و نەشتەرگەری هاتم و دیتم ئەلحەقی ئەو قسەیە ڕاست و دروستە و وایە. ئیدی دوای ئەم هەموو ساڵەی لەم وڵاتەم بۆم ڕوون بووەوە، کە هێندەی گرنگیی بە پاک و خاوێنی و گۆڕینی چەرچەف و پەتوو و بالیف و جێگە و دەسماڵ و دەستەوانە و لیوانی ئاوخواردنەوە و دەفر و سابوون و خواردن و قاوە و چای و فنجانی قاوە و دەسکی دەرگا و پەردە و پۆشاک و تابلۆی نێو ژوورەکان و تەختەی خەوتنەکە و...دەیان وردە شتی تر دەدرێن، هێندە گرنگیی بە نەخۆشی و نەخۆشەکە نادرێ. هێندەی پارەوپووڵ بۆ ئەو وردە شتانە بەفیڕۆ دەدرێ، هێندە پارە بۆ بژیشک و پەرستار و نەخۆش و نەخۆشی خەرج ناکرێت. هاوڕێم کاک حەکیمی کاکەوەیس(یادی بەخێر و ڕۆحی شاد)، یەک دانە ساڵ و نێو هێنایان و بردیان دوای ئەوە توانیان نەخۆشییەکەی دەستنیشان بکەن، ئەویش کەی، دوو مانگ پێش ماڵاوایی لە ژیان! سوێدییەکان، هێندە بەکاوەخۆ کار دەکەن، گەلێ جار، نەخۆشییەکە تەشەنە دەکات و کار لەکار دەترازێت. ساڵانی 1980 لەگەڵ ئێستادا دنیایەک جیاوازیی هەیە. ئەودەم سیاسەتی ماڵی گەل و بیمەی لەشساغی و کۆمەڵایەتی و جۆرێک لە هەرەوەزی و سۆسیالیزم لە گۆڕێدا بوو و نەخۆشخانەکان و بژیشکەکان، سەر بە دەوڵەت بوون، ئێستا زۆرێک لە نەخۆشخانەکان فرۆشراون و بوون بە تایبەت و سەر بە کەرتی تایبەتن. ئێستا دەوڵەت دەستبەرداری بەشی زۆری نەخۆشخانە و خوێندنگەکان بووە و کەرتی تایبەت بوون بە خاوەنیان.
 لەم دابارینی کۆرۆنایەدا، سوێد و دەسەڵاتەکەی، سیاسەتێکی هێندە نەرم و خاووخلیچک و لاستیکییانە و خەمساردانە پێڕۆ دەکەن، مرۆڤ وەڕس دەکات. چین، ئێران، ئیتالیا، سپانیا، ئەڵمانیا و...کۆمەڵێک وڵاتن، تووشی ئەم پەتایە بوون. چین هەر لە دەسپێکی سەرهەڵدانی دەردەکەوە، لەبەر ئەوەی حوکوومەت و دەسەڵات و مەرکەزییەت هەیە، توانیی تا ڕادەیەک ڕێگە لە بڵاوبوونەوەیەکی خێرای دەردەکە بگرێت. شارێکی گەورەی 11 میلیۆنیی وەک ووهان (Wuhan)ی کەرەنتینە کرد و لە جیهان دایبڕی و هاتووچۆ و بازاڕ و زانستگە و خوێندن و کارگە و کارگێڕی و هەرچی شتی دیکەیە لە وڵاتدا داخست و بەوە توانیی ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە بگرێ. ئیتالیا و ئەڵمانیا و سپانیا، چونکە سەر بە فەرهەنگێکی ترن، نەیانتوانی وەها کارێک بکەن، بۆیە تەشەنەی کرد. سوێد، لە دەسپێکدا خۆی لە پەتاکە نەبان کرد و بیریان لەوە دەکردەوە، پەتاکە پتر بڵاوببێتەوە، بۆ ئەوەی ببێتە نەخۆشیی کۆمەڵ(گەلەدەرد) و هەموو جڤاک بیگرێتەوەو بە دیتنی ئەمان، کە وای لێهات، ئەودەمی زۆرینەی خەڵک بەرگریی لەش پەیدا دەکەن و لەیەکدییەوە تووش نابن و لەو نەخۆشیی کۆمەڵ و گەلەدەردەوە دەگۆڕدرێت و حاڵەتی بەرگریی کۆمەڵ(گەلەبەرگریی) دێتە گۆڕێ[6]. دەرکەوت ئەمە فشەیەکی گەورەیە. خڕبوونەوەی زیاتر لە 500 کەسییان پێش حەفتەیەک قەدەغە کرد(واتە: 501 کەس و بەرەوژوور)، لێ خڕبوونەوەی 500 کەس ڕێگەپێدراو بوو. ئەمڕۆ خڕبوونەوەی زیاتر لە 50 کەسیان قەدەغە کرد(واتە: 51 کەس و بەرەوژوور) و خڕبوونەوەی 50 کەسیان ڕێگە پێداوە! ئەمە مەگەر تەنێ کەسێکی کەمئاوەز و دەروون ئاڵۆز و عەقڵقونتە بتوانێت لێی تێبگات!
سوێد هێشتا لەوە تێنەگەیشتووە، هاتنی ئەم پەتایە وەک هەڵگیرسانی جەنگێکی جیهانییە، هێشتا ناتوانێت هاتوچۆ، گەشت، بازاڕ، خوێندنگە، فڕۆکەخانە و...دابخات. ئازادی دەداتە ئەو جێگە و خەڵکانە، بۆ خۆیان بڕیار بدەن. مرۆڤ کاتێک ئەمە دەبینێت، وەک ئەوە وایە، بۆمبباران و جەنگ و زرمەی تۆپ و تانک و فڕۆکە و هێرشی لەشکرە و خەڵکێکی نەزان و منداڵ و لاو، هەڕا دەکەن و خۆ دەدەنە بەر تەقە و لە تانک و سەربازەکانی دوژمن نزیک دەکەونەوە و بە کوردییەکەی: خۆ دەخەنە نێو ئاگر، دەسەڵاتیش یا گەورەکان تەماشایان دەکەن و دەڵێن: ئەوان بۆ خۆیان ئازادن و بۆ خۆیان بڕیار لەسەر ژیان و هەڵسوکەوتی خۆیان دەدەن و بۆ خۆیان هەڵبژاردەی خۆیان دەکەن. لە وەها ڕەوشێکدا دەبێ ئەو ئازادی و دیموکراتی و هەڵبژاردنە پشتگوێ بخرێن و ژیان و خۆپاراستن و سەلامەتی مرۆڤ بخرێنە پێش هەر شتێکی دیکەوە و بە تۆبزی بەسەر ئەو مرۆڤانەدا بسەپێندرێت، لێ ئەمە هەرگیز سوێدییەک تێێناگات! سوێد، بەو هەموو دەوڵەمەندی و سامانەی هەیەتی و بەو هەموو باجەی، کۆمپانیا و کارگەکان و لە هەموو تاکێکی سوێدی وەریدەگرێت، کە 30% داهاتی هەموو وڵاتی و دانیشتوویەکی سوێدە، بە خانەنشینکراوەکانیشەوە، کە داهاتێکی گەلێک کەم وەردەگرن، هاواری ئەوەی لێ هەڵساوە، کە جێگە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا نییە. ئامۆژگاریی نەخۆش دەکەن، لە ماڵەوە دانیشی و خۆی کەرەنتین بکات، نەک هەر پیر، بۆ گەنجانیش شتێک ناکەن. ئەگەر تەماشایەکی نەخۆشخانەکانی سوێد بکەیت، دەبینیت بیستوپێنج دانە نەخۆشخانانەی یەکجار زەبەلاحی لێیە، شەش دانەیان مەزنن، دوانزدە دانەیان مەزنترن و حەفت دانەیان مەزنترینن. هەریەکێک لەو نەخۆشخانانە چمانی شارێکە و دەشتێکی داگیرکردووە، هەرەیەکەو سەدان ڕاڕەو و ژوور و ژێرزەمین و دەیان نهۆم و هەزاران دەسگە و ماشین و کارمەند و چووزانم چی تێدان و پێشکەوتووترین ئامێریان لەبەردەستە، کەچی هاواری ئەوە دەکەن، چێ بکەن و چۆن بەرەوڕووی ئەم پەتایە ببنەوە! سوێدێک سەدان ساڵە، نە جەنگ، نە برسییەتی نە ئاوارەیی و هەڵاتن و نەهامەتی نەدیوە، کەچی دەستەوەستان دەوەستێ و ناتوانێت چارەسەری نەخۆشەکانی بکات و نەخشە و میکانیزمێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردن و ڕاگرتنی کۆرۆنا دانێت. تاکە مۆچیارییەکی بۆ نەخۆشەکان ئەوەیە پێیان دەڵێ: لە ماڵەوە دانیشە و چاوەڕێ بکە! هێشتا هەزار ڕەحمەت لە کوردستانێکی هەژار و کەمئەزموون و کەمئامێر و کەمدەسگە و کەم بژیشک، کە دەتوانێت بڕیار بدات و کار بکات و فریای نەخۆشەکانی بکەوێت و کۆمەک بە هەموویان، بەوەی پێوستی پێیەتی، بێ جیاوازیی بکات.
لەم سەردەمە کۆرۆناییە دژوار و پڕتەنگژە و مەرگبارانەدا، هێشتا کۆمپانیا و کارتێل(Cartel)ە زەبەلاحەکانی سوێد، دیارە لە هەموو جیهانی سەرمایەداری هەر بەو جۆرەیە، میلیاران کرۆن لە دەوڵەتەوە وەردەگرن، بۆ دەربازبوونیان لەم تەنگژەیە. دەوڵەت پارەی نەخۆش و مۆڵەتوەرگرتووەکانیان دەدات، بۆوەی ئەو کارتیلانە نەکەونە ساجی عەلی، کە هەرگیز وایشیان لێ نایەت. ئەو پارەیەی دەوڵەت دەیدات، لەو باجەیە لە داهاتی هەموو تاکێکی سوێدی دەبڕدرێ. کارتێلەکانی ئا.بێ.بێ(ABB)، 18 میلیارد کرۆن و ئینڤێستۆر(Investor)ی ڤالنبەرییەکان (Wallenbergs)، 2 میلیارد کرۆن و ڤۆڵڤۆ(Volvo)،9.5 میلیارد کرۆن و ئیندوستریڤەردن(Industrivärlden)ی فرێدریک لوندبەری(Fredrik Lundberg)،870 میلیۆن کرۆن، وەردەگرن، کە سەرجەمی ئەو پارەیە دەکاتە 30 میلیارد کرۆن. دەوڵەت پارەی بۆ ئەو کارتێلە زەبەلاحانە هەیە، لێ ژمارەی ئەوانەی لە کەرتی تەندروستییدا کار دەکەن، کەم دەکاتەوە. تەواوی کێشە و ئاریشە و بەڵا وهەموو نەگبەتییەکە، لەم "سەر گا و قنگ کەرەدا"، کورد گوتەنی،  بۆ خەڵکە ئاساییەکەیە، کاتێ 20% کارگەران بۆ هاوین بێکار دەبن[7].
هەرچی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە لە سوێد، سوێدییەکان، لە دەسپێکدا کردیان بە هەرا، کەوا لە ڕێگەی یەک دوو ئێرانییەوە، کە لەئێرانێ ڕا گەڕاونەوە، بڵاوبووەتەوە. ئێرانییەکان هەر ژمارەیەکی یەکجار کەمیان تووش کرد، ئەویش خێزان و ماڵی خۆیان بوون، لێ بڵاوبوونەوەی پەتاکە بە شێوەیەکی بەربڵاو، لە لایەن ئەو سوێدییانەوە بوو، لە چیاکانی ئەلپ و ئیتالیا و نەمسا و فرانسا و سپانیاوە گەڕانەوە و کە بۆ گەشتیاری و ڕابواردن و وەرزش بۆ ئەو دەڤەرانە ڕۆیشتبوون، ئەوانەیشی لەو وڵاتانە بوون و گەڕانەوە، بەشێکیان خەڵکە دەوڵەمەند و وەرزشکار و بەناوێکانی سوێد بوون و هەر لە فڕۆکەکانی ڕا، کە پێیان دەهاتنەوە، خەڵکیان تووشی ئەو دەردە کردبوو تا دەگەیشتنەوە شار و گەڕەک و کۆڵان و ماڵەکانی خۆیان، ئەو دیارییەیان دەبەشییەوە. سوێد، هەرگیز باسی لەوانە نەکرد، چون بێجگە لەوەی لە چینە دەوڵەمەندەکەن، لە ئەوروپاوە هاتبوونەوە و بۆ ئەمان، سوێدییەکان دیارە لەکن هەموو ئەوروپاییانی دیکەش هەروایە، ناوهێنانی ئەوروپا بە خراپە یا نەخۆش یا هەر کێماسییەکی دیکە، کارێکی نەکردەیە. ئەوەش گرێدراوی پاشخانە ڕەگەزپەرستییەکەیە، کە لەکن ئەوروپاییان زۆر بە ڕوونی دەبینرێت. سوێد لە هەمبەر ئەو هەموو تووشبووەی لەوانەوە تووش بوون، متەقی نەکرد و خۆش خۆش باسی ئێرانێی دەهێنایە گۆڕێ.
 خەڵکێکی زۆر لە سوێد بەو پەتایە مردوون و بەشێکی زۆر لەوانە، خەڵکە بیانییەکەن. شەش کەسێک لە سوێدییە سۆمالییەکان مردن. ئەمە وەک هەواڵێک بڵاوبووەوە. سوێدییەکان، لەبری ئەوەی فۆکەس بخەنە سەر ئێتنیک و ڕەچەڵەک، دەبوو فۆکەس بخرایەتە سەر پرسە چینایەتییەکان و گرنگیدان بە تەندروستی گەل. ئەوەی خەڵک دەکوژێت تەنێ پەتاکە نییە، بەڵکە پاشخانی تەندروستیی تووشبووی پەتاکەیە. ڕەمڵێکی زۆر لێدرا لە لایەن خەڵکەوە، کە بۆ ئەو گرۆیە تووشی ئەو پەتایە بوون و مردوون، ئیدی نەبوونی زانیاریی بە زمانە جیاوازەکان، تەنگەبەریی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوون، زۆریی ئەندامانی خێزان و نەخوێندەواری، هەموو ئەوانە وەک هۆکار بۆ مردندنیان دەستنیشان  دەکران. تاکە شتێک مرۆڤ دەیزانێت ئەوەیە، ئەو مرۆڤانەی لەو گەڕەکە هەژارانەی ستۆکهۆڵمدا دەژین، ستانداردی ژیان و باری ئابوورییان لە خەڵکانی دیکە خراپترە. وەک نموونە: دەڤەری یێرڤا (Järva)، لە ڕۆژاوای ستۆکهۆڵم. لەو گەڕەکە هەژارنشینانەدا، تەنێ بیانییان نین، بەڵکە خەڵکانی بێ ماڵ، ئەوانەی لە پەنا دیوار و کەنار شەقامەکاندا دەخەون و دایکە تەنیاکانیش هەن، کە زۆر بە سەختی دەژین، ئەو پرسە ئەوانیش دەگرێتەوە. دەبوو باس لە نایەکسانیی لە بواری تەندروستیدا کرابا. تەندروستی گەل، پرسێکی چینایەتییە. لەبەر ئەوەی چینە هەژارەکەی خوارێ جڤاک، ئەمڕۆ خەڵکە سپییەکە نییە، کەواتە پرسەکە لە ڕەچەڵەک و ڕەنگی پێست و شوێنی دانیشتندا دەبینرێت و دەدۆزرێتەوە. لەنێوان دەڤەری داندرید(Danderyd) و ڤۆربی گۆرد(Vårby gård)دا جیاوازیی 18 ساڵ لە تەمەندا هەیە. ئەوانەی ئابووری و ڕەوشی ژیانیان خراپە، تەندروستیشیان خراپە. ئاستی ژیانی جڤاکی و ئابووریی مرۆڤ، ڕاستییەک و هۆکارێکی گرنگ و کاریگەرە، بۆ دیاریکردنی ئەوانەی تووشی نەخۆشی دەبن. ئەوانەی مردن زۆرێک لەو نەخۆشە ئاساییانەیان هەبوو، کە پتر هەژاران تووشی دەبن، وەک: هەناسەتەنگیی، نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار و پەستانی خوێن. ئەو نەخۆشییانە گەلێک ئاسایی و بەربڵاون لەنێو ئەو خەڵکانەی ئاستی جڤاکی و ئابوورییان نزمە. لەنێوان خەڵکانی کەمخوێندوو و فرەخوێندوودا جیاوازیی گەلێک مەزن هەیە. لەنێوان گەڕەکەکانی تێنستا(Tensta)، ڕینکەبی(Rinkeby)، ڕۆگسڤێد(Rågsved) و بووتشیرکا(Botkyrka) و گەڕەکی(Danderyd) دا، 6.8 ساڵ جیاوازیی تەمەن هەیە و لەنێوان فرەخوێندوویەکی داندرید (Danderyd) و کەمخوێندوویەکی ڤۆربی گۆرد(Vårby gård)دا 18 ساڵ جیاوازیی تەمەن هەیە[8].
سوێدییەکان باس لەوە ناکەن، کە زۆرینەی بیانییەکان، لەبەر هەژاری و دەستکورتی و نەداری، زۆرێک لە خێزانەکان تێکەڵ و لەگەڵ یەکدیدا دەژین. باپیر و داپیر و کوڕ و کوڕەزا، دەتوانن لەگەڵ یەکدیدا بژین، بەڵام سوێدییەکان هەریەکەو دایکم گوتەنی: وەک قازی کوێر، بە تەنێ خۆی، دەژی و ماڵ و جێگەی خۆی هەیە. سەرەڕای ئەوە، ئەو سۆمالی و بیانیانەی دیکە، هەموو کاری دەرێ، کاری خزمەتگوزاری، بەقاڵی، خۆراکفرۆشی، کارگەری چێشتخانە و قاوەخانە و مەیخانە و ئۆتۆبووس و شەمەندەفەر و پاککردنەوە و ئاژۆری و تاکسی و کاری نێوماڵان و خزمەتی پیر و پەککەوتە و پیرخانە و زارۆکخانە و...زۆری دیکەی لەو جۆرە دەکەن، کە ناچارن و هەر دەبێ بڕۆنە دەرێ، بۆ پەیداکردنی پووڵێک و پاروویەک نان، چون ئەو کارانەی ئەوان لە ماڵەوە ناکرێت، وەک ئەوەی بۆ زۆرینەیەک لە سوێدییەکان دەلوێ. ئیدی بە چوونە دەرەوەیشیان، ئەو بیانیانە و لەنێویشیاندا سۆمالییەکان، لەبەر ئەو تێکەڵاوییەیان و خزمەتکردن و گەیاندن بە خەڵکانی جیاواز، بە هۆی کارەکانیانەوە، ئیدی تووشبوونیان بەو پەتایە، لە خەڵکی دیکە، ئاسانتر و خێراتر دەبێت.
نزیکەی زۆرترینی سوێدییەکان، کە نێشتەجێی شارانیشن، لە دەرێی شارەکان، لە دەشت، کەنار زەریا و ڕووبارەکان، نزیک بە جەنگەڵەکان، خانووی تایبەتی هاوینە و جێی وچان و پشوودان و ئیسراحەتیان هەن، کە لە شڵەژانێکی وەک ئەمەی ئێستادا، سواری ماشێنەکانیان دەبن و دەچنە ئەو جێیانە، کە ئیدی دەرد و بەڵایان پێ ناگات. ئەوە هەژارەکانن، کە کۆرۆنا زۆرترین زیانیان پێدەگەنێت و هەموودەم دووچاری نەخۆشی دەبن. ژیان بە شێوەیەکی تەندروست، نەبوونی نەخۆشی دیکە و پێشینەی ناساغی لە ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنادا،. ژیان لە تەنگەبەری و بێجێیدا، گرنگیپێدانت یا گرنگیپێنەدانت لە دەسگە تەندروستی و نەخۆشخانەکاندا، بوونی دەرفەت و بوار و هەلی کارکردن لەماڵەوە، تەواوی ئەوانە پرسگەلێکی چینایەتین و بێجگە لە پرسیی چینایەتی هیچی دیکە نین[9]. جیاوازیی چینایەتی، ئەگەر تاکە هۆکار نەبێت بۆ دەرد و بەڵا و پەتا و نەگبەتی و بەدبەختی و کێشەکانی جڤاک و مرۆڤ، ئەوا هۆکارێکی هەرەگرنگ و سەرەکیترین هۆکارە.
مرۆڤ ناتوانێت بڵێت ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە دروستکراوە، لێ بەدەوکارییەکی لەم جۆرە، لە سروشت و بیرکردنەوەی ئیمپریالیزم و نوێلیبرالیزمەوە دوور نییە. تەواوی ئەوەی ڕوو دەدات، شەرعییەتی سەرمایەداری و ئەم جۆرە ڕێژیمانەی چارەنووسی تۆپی زەوی و گەردوون و مرۆڤایەتییان بەدەستە، دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئایا ئیدی کاتی ئەوە نەهاتووە مرۆڤ بیر لە جۆرێکی دیکەی بەرهەمهێنان و سنوودارکردنی بەرهەمهێنانی ناپێویست و ڕۆڵی پتری دەوڵەت لە ئابوورییدا بکاتەوە! ئایا کاتی تووڕهەڵدانی سیستمی سەرمایەداری بە هەموو گەماری و قڕێژی و نامرۆڤایەتییەکانییەوە نەهاتووە و کاتی ئەوە نەهاتووە دەوڵەتی خەڵک، دەوڵەتی جڤاک، دەوڵەتی سۆسیالیستی، مرۆڤدۆست، ژینگەدۆست و خاوەنی ئابوورییەکی نەخشە بۆ دانراو و ئاراستەکراو، بێتە گۆڕێ و بڕێک مەرکەزییەتی تێدابێت! ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، دیموکراتی و ئازادی، کە ڕۆژاوا هەمیشە خستوونیە و دەیانخاتە پێش هەموو شتێکەوە، بخرێنە دوای نان و لەشساغی و تەندروستی ئاساییشەوە!

27-03-2020




[1] ئەحمەد شاکەلی.
[2] تووماس ڕۆبێرت مالسۆس/Thomas Robert Malthus/1766-1834)، ئابووریناس، نووسەر، ئامارکار، زانای دانیشتووان، قەشە، کۆمەڵناس، ماتماتیکزان و زانایەکی ئینگلیز بوو. خاوەنی چەندین تیۆری و کتێبە لە بواری ئابوورییدا.
[3] داروین(Charles Robert Darwin/ 1809-1882)، زانایەکی مێژووی سروشت و جیۆلۆجییەکی بریتانییە.
[4] نیچە(Friedrich Nietzsche / 1844- 1900) ، فیلۆسۆف و ڕخنەگری فەرهەنگی و شاعیر و ئاوازدانەر و زمانەوان و توێژەڕێکی ئەڵمانییە و لە زمانانی لاتینی و یۆنانییدا توێژینەوەی کردووە و کارەکانی گەلێک کاریگەرییان لەسەر فەلسەفەی ڕۆژاوایی و مێژووی هزری نوێ و هاوچەرخ هەبووە. کتێبی"زەردەشت وای گوت"، کە بەئەڵمانی (Also sprach Zarathustra)یە، بە گرنگترین کتێبەکانی نیچە دادەنرێت.
[6]  بە ئینگلیزی دەبێتە: Herd immunity , community immunity, population immunity, or social immunity و بە فارسی دەبێتە: ایمنی جمعی یا مصونیت دسته‌جمعی و بە عەرەبی دەبێتە: مناعة القطيع أو مناعة المجتمع،