Thursday 21 August 2014

سووره‌تی هه‌ڵه‌بجه‌ شیعری: تاها خه‌لیل*


سووره‌تی هه‌ڵه‌بجه‌
شیعری: تاها خه‌لیل*

خودایه‌ دوای ئه‌م هه‌موو ساڵانه‌،
تۆ سه‌رکه‌وتی بۆ ئه‌وه‌ی بمگریێنی و منیش گریام..
من هه‌ر ده‌مێنم،.تۆ ته‌نیا یه‌ک باڵت بۆ من هێشته‌وه‌، پێی بگریم
ئه‌و ڕۆژه‌ی پێم ده‌ڵێی: سپاس بۆ گریانت، بۆ پشتی شکاوت و بۆ چاوانێک،که‌ ئیدی نابینان
منیش وه‌ک چۆن په‌یامبه‌ره‌کانت له‌گه‌ڵ تۆدا ئاخاوتوون، پێت ده‌ڵێم: من هێشتا له‌ خوێی گریانی خۆم..تێر نه‌بووم!
تۆ هێشتا باران ده‌بارێنی و هه‌وره‌کانت به‌سه‌ر که‌ناره‌کاندا تێده‌په‌ڕێنی، وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ شتێک ڕووی نه‌دابێ.
خۆره‌که‌ت هه‌ڵدێت و ئاوا ده‌بێ و خه‌ڵکیش ده‌چنه‌ سه‌ر کاره‌کانیان له‌ کێڵگه‌کاندا.
وه‌رزه‌کان وه‌ک خۆیان ده‌گۆڕێن و خوێنیش له‌ سووریا وه‌ک خۆی ده‌ڕوا
وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ شتێک ڕووی نه‌دابێ.
یاده‌وه‌رییه‌کانی منداڵیم به‌ لاتدا تێده‌په‌ڕن و له‌شکرم ده‌نێریته‌ سه‌ر
په‌ڕێک له‌ باڵه‌ شکاوه‌که‌م به‌ لاتدا تێده‌په‌ڕێ و تۆ نایبینی!
تۆ په‌ڕه‌که‌م نابینی، تۆ دلۆپه‌ خوێنی سه‌ر په‌ڕه‌که‌ ده‌بینی..
تۆ پرزه‌ و دڵۆپه‌ی هه‌ور نابینی..ته‌نیا ئه‌و کاته‌ی خوێن ده‌بارێنێ، ده‌یبینی..
خودایه‌! تۆ ده‌ستی منت گرت و بردمت بۆ گوێڕایه‌ڵییه‌کی شکاو
تۆ به‌ وڵاتاندا گێڕامت، تۆ بووی منت به‌ منداڵخستنه‌وه‌ مه‌ست کرد و به‌ڵێنت پێ دام پێش هه‌مووان بمبه‌یته‌وه‌..
تۆ زه‌ویت بۆم ته‌خت کرد و زه‌ریات به‌ داره‌که‌ی هاروون دووله‌ت کرد..
تۆ ده‌رگای با و تۆزت کرده‌وه‌ و کولله‌ت به‌ردایه‌ سه‌ر خه‌له‌ی فیرعه‌ونییه‌کان و په‌زه‌کانیانت له‌به‌ین برد.
تۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی کورد شایسته‌یانه‌، له‌ داوێنپیسانی شه‌و و عه‌ره‌بی نه‌جدت، تێ به‌ردان..
هه‌رچی سه‌لجووقی و قه‌یسه‌ره‌ دۆڕاوه‌کانی هه‌موو جه‌نگه‌کان بوون، به‌ سه‌ر مندا سه‌رکه‌وتن..!
کاتێک من به‌ تاقه‌ باڵێک ده‌گریم..تۆ سپاسم ده‌که‌یت، وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ ڕووی نه‌دابێ.
من باڵێکی لاوازم له‌ تۆ وه‌رگرت، لاواز وه‌ک باڵی په‌پووله‌یه‌ک، له‌ سه‌ر ده‌ستی هه‌ڵه‌بجه‌ زێڕێک جێبهێڵێ.
خودایه‌ تۆ بووی منت له‌به‌رده‌م بادا ڕاگرت و به‌ ژنانت گوت به‌ سه‌ر مندا تێپه‌ڕن و گوڵان له‌ قژی من بچننه‌وه‌.
هه‌ڵه‌بجه‌که‌ی من، له‌سه‌ر ده‌سته‌کانم، وه‌ک نیشانه‌یه‌کی نامۆ شین ده‌بوو..
من به‌وه‌وه، له‌نێو خه‌ڵکدا ده‌ناسرام.
ئه‌و، کۆمیدیایی کورده‌ له‌ هه‌ڵکردنی بای کیمیادا..گۆرانیم بۆ گوتن و به‌ ناوی باژێڕه‌ دووره‌که‌وه‌ ناوم نا!
شارێک ئه‌مڕۆ کوژه‌ره‌یلێکم بۆ ده‌نێرێ، قورئانی عه‌ره‌بان به‌ ده‌سته‌کانیان به‌رز ده‌که‌نه‌وه‌ و گوڵه‌ هێرۆی ده‌شتاییه‌کان ده‌ڕنن!
کورد کۆتکراو ئایینی کوژه‌ره‌کانیان وه‌رگرت، پێشبڕکێیان له‌گه‌ڵدا کردن و زه‌وییان به‌ چیرۆکه‌کانی مێژوو پیس کرد.
من بۆ ئه‌وه‌ ناوم نه‌نا هه‌ڵه‌بجه‌ تا سه‌گه‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ ڕۆشناییه‌که‌ی شیتاڵ شیتاڵ بکه‌ن..
من بۆ ئه‌وه‌ ناوم نه‌نا هه‌ڵه‌بجه‌ تا عه‌ره‌به‌ سوننه‌کان بێن و سێیه‌کانی ڕێحانه‌ داڕزێنن
من ناوم نه‌نا هه‌ڵه‌بجه‌ تا کوردی نووکه‌ر به‌ ده‌وری ناوێکی خوێناوی و که‌زیی ڕووناکیدا هه‌ڵپه‌ڕن!
من ناوم نه‌نا هه‌ڵه‌بجه‌ تا ببێته‌ دیلی شمشێری عه‌له‌وییان و شیعه‌کانی په‌شیمانیی..!
من ناوم نه‌نا هه‌ڵه‌بجه‌ تا به‌ شه‌هیدبوونی پیرۆزباییم لێ بکرێ..!
هیچ شه‌هیدبوونێک ناکاته‌ په‌لکێکی ئه‌و، ئه‌ی خودای فێڵه‌گه‌وره‌که‌..!
تۆ تۆڵه‌ی لێ ده‌که‌یته‌وه‌ و منیش لێت یاخی ده‌بم..
وه‌ره‌ بۆم..ده‌ته‌وێ پێشانتده‌م من له‌ کوێم؟!
ئه‌و هه‌موو ڕۆژێک له‌سه‌ر ده‌سته‌کانم وه‌ک دڵشکانی دایکێک گه‌شه‌ ده‌کات..!
تۆ هه‌موو ڕۆژێک، وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بووبێ، من به‌ره‌و خاکه‌ سارده‌که‌ کێش ده‌که‌یت..
خودایه‌ تۆ وه‌ره‌ بۆ لام، سه‌رله‌نوێ چیرۆکه‌که‌ت بیر ده‌خه‌مه‌وه‌:
"هه‌رچی هوباری کوڕی ئه‌سوه‌دی کوڕی موتته‌لیبی کوڕی ئه‌سه‌ده‌، گه‌لێک ئازاری موسوڵمانانی ده‌دا، تووشی زه‌ینه‌بی کچی په‌یامبه‌ری خوا هات، کاتێک کۆچی کرد، ڕیی لێگرت و ژه‌ندییه‌ وشتره‌که‌یه‌وه‌، زه‌ینه‌ب ئه‌و ده‌مه‌ دووگیان بوو، له‌ وشتره‌که‌ی به‌ربووه‌وه‌ و منداڵه‌که‌ی له‌بارچوو و له‌وه‌وه‌ تووشی نه‌خۆشی هات و تا مردنی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی له‌گه‌ڵ بوو، په‌یامبه‌ر خوێنی هوباری حه‌ڵاڵ کرد".
ئه‌دی من ئه‌ی خودای په‌یامبه‌ره‌که‌ت، ناته‌وێ چ خوێنێ حه‌ڵاڵ بکه‌م؟
من به‌ڵێنت ده‌ده‌مێ خوێنی عه‌ره‌بی سوننه‌ و عه‌له‌وییه‌کان..شیعه‌ و بێلایه‌نه‌کان، حه‌ڵاڵ ده‌که‌م..!
ئایا تۆ هیچ یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌کانی موحه‌ممه‌دم بۆ ده‌نێرێ بۆ وه‌ی کوژه‌ره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ بخه‌نه‌ نێو ئاگره‌وه‌، په‌یامبه‌ره‌که‌ت به‌ سه‌رکرده‌ سه‌ربازییه‌کانی گوت:"ئه‌گه‌ر تووشی هوباری کوڕی ئه‌سوه‌د هاتن بیسووتێنن".
خودایه‌ من که‌سێکی لاوازم و ناتوانم خوێنی تۆ حه‌ڵاڵ که‌م، شیعریش حه‌ز له‌ خوێن ناکات..!
به‌ڵام خوێنی هه‌ڵه‌بجه‌ زۆره‌.!
خوێنی به‌رز‌ و سه‌خته‌
له‌ لاپاڵی دونیای چه‌ماوه‌دا ده‌کوڵێ.!
دونیایه‌ک به‌لای ئه‌ودا ده‌ڕوانێ و خۆی ده‌داته‌ به‌ر سێبه‌ری ئه‌و!
تۆ بڵێی به‌نده‌کانی تۆ وابزانن هه‌ڵهه‌ڵه‌یان بۆ بووکێنی ئه‌و لێداوه‌..ئه‌وان خۆڵی دووره‌وڵاتییان به‌سه‌ر تۆدا ده‌ڕژان!
هه‌ڵه‌بجه‌که‌م، ساڵانێکه‌ واتای ناوی خۆیم لێ ده‌پرسێ، شه‌رمم ده‌کرد ئه‌نفال و کیمیابارانی عه‌ره‌بی وه‌بیر بخه‌مه‌وه‌!
شه‌رمم به‌ تۆ هات..شه‌رمم به‌ موسوڵمانه‌کانت هات..شه‌رمم به‌ نه‌وه‌کانی موحه‌ممه‌د هه‌موویان ‌هات.
ده‌بوو که‌مێک شه‌رمت کردبا کاتێک له‌ هه‌ڵه‌بجه‌که‌م نزیک که‌‌وتییه‌وه‌..
ده‌بوو ببووایه‌ی به‌ خۆڵه‌مێش..باڵداره‌که‌ی که‌ونه‌هابیل به‌لاتدا تێپه‌ڕێ.
ده‌بوو وه‌ک کرمێک له‌به‌ین چووبای
ده‌بوو گه‌لێ پرسیارت لێ کردبام
به‌ڵام هه‌ر ده‌ڵێی هیچ ڕووی نه‌داوه‌!
خودایه‌ تۆ هه‌موو پێکهاتنه‌کانت له‌نێوانماندا بزر کرد، تۆ هه‌موو په‌یمانه‌کانت شکاند.
ئه‌مانه‌ن عه‌ره‌به‌کانت!
ئه‌مانه‌ن موسوڵمانه‌کانت!
ئه‌وه‌ کچه‌ هێژاکه‌ی من بوو و ئه‌وه‌ش گۆرانیی ژنه‌ کورده‌ داماوه‌کانه‌ له‌سه‌ر گۆڕی منداڵه‌کانیان ..
ئه‌وه‌ش کچه‌که‌مه‌ با بۆت وه‌سف که‌م:
ئه‌وه‌ی له‌ بازنگه‌کانی ماونه‌وه‌..سبه‌ینان زوو به‌ بای چیاکان ده‌زرنگێنه‌وه‌‌
ئه‌وه‌ی له‌ سۆمای چاوه‌کانی ماونه‌وه‌ پارێزه‌رانی ڕۆژاوا له‌ پشتی سه‌نگه‌ره‌کانیانه‌وه‌ ده‌یکه‌نه‌ چاوه‌زار تا له‌ خراپه‌کاران و دڕنده‌کان، کوژه‌رانی عه‌مماری کوڕی یاسر، بیانپارێزێ!
ئه‌ی ده‌نگی ئه‌و، خودایه‌، دیجله‌ به‌ پێچوده‌وره‌ شه‌رمنه‌کانی خۆی، خۆی پێ ده‌پێچێته‌وه‌..
له‌ دیجله‌ ده‌پرسین: بۆچی و له‌ کوێ ئاوه‌که‌ت ڕوونییه‌که‌ی له‌ده‌ست داوه‌؟
شاژنه‌ کۆچه‌ره‌که‌ له‌ وڵاتی سکاندیناڤیا ڕێگه‌مان پێشانده‌دا..
ده‌ڵێ:"ناوه‌که‌ی مه‌گۆڕن".
ئه‌نگوستیله‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌، سه‌ندووقه‌ که‌ونه‌که‌ی بووکێنی، سه‌ندووقه‌که‌ی نه‌نکه‌ فاتیمه‌ی، که‌ هه‌موو نهێنییه‌کانی گه‌ردوون و شه‌که‌تیی ژنه‌ ماندووه‌کانی کوردستان، باره‌گرانه‌که‌ی سه‌رشانی، تێدا کڵۆم کردبوو.
هه‌ڵه‌بجه‌ توند ده‌ستی گرتبوو به‌ چیایه‌که‌وه‌ و به‌ پزێکه‌وه‌‌، که‌ هێشتا له‌ پزدانیدا بوو و ناوی"باگۆک"ی بۆ ئاماده‌ کردبوو..!
هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌موو لوتکه‌کانی باگۆکی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردن و ئێمه‌ی له‌ ده‌شتایی سه‌رلێشێواندا جێهێشت، وه‌ک مار به‌ ده‌وری خه‌مه‌کانماندا پێچ ده‌خوێن،.
خودایه‌ ئه‌م گریانه‌م له‌ کۆڵ نابێته‌وه‌ و هه‌رگیز به‌رم نادا!
په‌یامبه‌رانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ورمێ و سنه‌ و خانه‌قین و سلێمانی و سه‌رێکانی و ئامه‌ده‌وه‌ هاتن، کۆنه‌ خه‌مێکی شارا‌وه‌یان له‌گه‌ڵ خۆدا هه‌ڵگرتووه‌..شه‌هیده‌کانی کوردستانیان وه‌بیرهێنامه‌وه‌ بۆ وه‌ی چاوه‌کانم ئارام بگرن!
به‌ڵام چاوه‌کانم پڕن له‌ ئاوسانی کات و چاوه‌ڕوانیی گاڵته‌ قورسه‌که‌ی خوا!
خودایه‌، به‌ عه‌ره‌به‌کانت بڵێ با که‌مێ ڕاوه‌ستن و کاته‌کانی خۆیان له‌ خه‌می ئازا‌ره‌کانی کورد، بته‌کێنن!
له‌ عه‌ره‌به‌کانت بپرسه‌ چییان ده‌ستکه‌وت..ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌که‌ی تاها خه‌لیل بوو دۆست و هاوده‌مه‌ نهێنییه‌که‌ت..!
ئه‌و تاسه‌ی په‌ڕه‌سێلکه‌ بوو له‌ ئاداری هه‌وره‌ بروسکه‌ و چه‌خماخه‌ و میناتووری ته‌نیایی و بێکه‌سییه‌کی کوردیدا
هه‌ڵه‌بجه‌ په‌ڵه‌سپییه‌که‌ی ناوچه‌وانی ئه‌سپی په‌یامبه‌ران بوو..سمکۆڵانی ئه‌و ئه‌سپانه‌ی ده‌چوونه‌ سه‌ر کانیی نه‌عنا، تێکچوون..!
وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بووبێ.
ئیدی له‌مڕۆوه‌ خه‌نه‌ بۆ کێ به‌رین و یاد و تاسه‌ شه‌رمنه‌کانمان بۆ کێ بهۆنینه‌وه‌؟
په‌لکه ‌یاسه‌مه‌نه‌ وشکه‌وه‌بووه‌کانی ژێر که‌زییه‌‌کانی به‌ کێ ببه‌خشین؟
تۆ که‌ دوامه‌نزڵگه‌ییت ده‌ورگرت، په‌لکه‌کانیت نه‌بینین؟
تۆ هه‌رگیز ده‌ستت نه‌داوه‌ته‌ که‌زییه‌ک تا هه‌ورێشمی دایکان بناسی!
تۆ هیچ شتێکی ئێمه‌ت تاقی نه‌کردووه‌ته‌وه‌!
ئێمه‌ هه‌موو شتێکی تۆمان تاقی کردووه‌ته‌وه‌،
تۆ خۆهه‌ڵده‌قورتێنییه‌ نێو گۆرانییه‌کانمانه‌وه‌ و به‌ دزییه‌وه‌ خه‌له‌ و ده‌غڵه‌کانمان ده‌سووتێنی و دواییش وه‌ک بێتاوانێک له‌نێو تازیه‌باراندا داده‌نیشی!
وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ نه‌قه‌ومابێ!
کورد و عه‌ره‌به‌یلێک شمشێری سه‌رشۆڕی و ناپاکیی ته‌ڕوتازه‌یان هه‌ڵگرت و بێچووه‌ ئاسکه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ی دڵمیان پێکا!
خودایه‌ تۆ بینیت و وه‌ک به‌ڵێنت به‌ عه‌ره‌به‌کانت دابوو هیچت نه‌کرد!
تۆ هێشتا ته‌ماحیان ده‌خه‌یته‌ به‌ر و ئه‌وانیش ته‌ماح له‌ خوێنی ئێمه‌ ده‌که‌ن!
خوێنی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ک خوێنی عه‌ره‌بان نییه‌!
تۆ ناپاکییت له‌گه‌ڵ مندا کرد، ئه‌وت لێ دزیم، کاتێک له‌نیوه‌ی سووتاندا، له‌نیوه‌ی ژیاندا، له‌نیوه‌ی گریاندا، له‌نیوه‌ی ڕۆژدا، له‌نیوه‌ی خوێندا بووم!
خوێنی ئه‌و وه‌ک ڕۆژی قیامه‌ت له‌سه‌ر کراسه‌که‌ی په‌یامبه‌ره‌!
ڕۆژێک دادێ په‌یامبه‌ر له‌پێشتدا ڕاده‌وه‌ستێ، تۆ ده‌بێ لێی بپرسی عه‌ره‌به‌کانی ئه‌و چییان کرد..
تۆ ده‌بێ به‌ جیددی لێی بپرسی.
ده‌بێ په‌یامبه‌ره‌که‌ت به‌ شه‌رمه‌زارییه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ته‌ختی تۆدا، له‌به‌رده‌م سیدره‌تولمونته‌هادا ڕاوه‌ستێ، کاتێک ئێمه‌ به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ به‌لای شڕه‌وشیتاڵه‌ ڕزیوه‌کانتدا تێده‌په‌ڕین!
من و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ لاتدا تێده‌په‌ڕین و گوڵه‌ لاله‌‌کانمان به‌ سه‌رتدا فڕێده‌ده‌ین
هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لاله‌‌ و بڕێک په‌لکی‌ گوڵه‌هێرۆی وشکه‌وه‌بووی نێو گیرفانی به‌ده‌ر، هیچی دیکه‌ی پێ نییه‌
 تۆ به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی کچم، که‌ بۆ خۆی له‌ ڕووه‌که‌ و به‌ کچانی ئاوایی، که‌ سه‌رسووڕمانیان له‌سه‌ر ته‌نافی کات وشک ده‌که‌نه‌وه‌، چ ده‌ڵێی، شه‌رم ناتگرێ..
وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بووبێ
له‌ ڕۆژی خوێندا واقوڕمانی هه‌ڵه‌بجه‌ت بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌
ئه‌و هاواری به‌ بۆشایی کرد و بۆ بۆشایی گریا
سترانبێژێکی کوردی نه‌بینییه‌وه‌، چیرۆکی ناپاکییه‌کانی کوردی به‌ گوێدا بداته‌وه‌
ئه‌وان هاتن پیرۆزباییم لێ بکه‌ن
پیرۆزبایی خوێنی به‌سه‌ر خاک ڕژاوم لێ بکه‌ن
ئه‌م خاکه‌ و وڵاتانی گاڵته‌جاڕیی دڵۆپه‌ خوێنێک و گڕه‌یه‌کی ترس ناهێنن!
هه‌موویان وڵاتی مه‌رگن
مه‌رگ مه‌رگه‌..گوژاڵکه‌ی هاوینه‌، که‌مێک پێش وشکه‌وه‌بوونی
هه‌ر ده‌ڵێی هیچ نه‌بووه‌
ئه‌ی خودای مردن
ئایا ئه‌گه‌ر گریام، عه‌ره‌به‌کانی تۆ، هه‌ڵه‌بجه‌که‌م ده‌ده‌نه‌وه‌؟
تۆ به‌ گریانی من مه‌ست ده‌بێ و که‌ به‌ یه‌ک باڵ ده‌گریم سپاسم ده‌که‌یت
منیش له‌ خوێی گریانی خۆم تێر نه‌بووم
هه‌ر ده‌ڵێی هیچ نه‌بوو
ئه‌مه‌ جه‌نگی نه‌ته‌وه‌گه‌لێکی ملکه‌چ و سه‌رشۆڕه‌ خه‌ڵکانی شیێچک ده‌کوژن
تۆڵه‌ی تارماییه‌کانی مێژوویه‌کی شه‌رمهێنه‌ر ده‌که‌نه‌وه‌
به‌عسییه‌کان به‌ لاشه‌ی مردوو و ڕه‌وانبێژیی لم نۆژه‌نیان کرده‌وه‌
له‌ هه‌موو قوژبنێکی گه‌نیوه‌وه‌ هاتن بۆ ئه‌نگاوتنی شۆخه‌کانی کورد
له‌وه‌ڕگه‌ی ئاسکانیان پیس کرد
به‌ هه‌موو سووکیی و سه‌رشۆڕییه‌کی مێژوو و به‌ هه‌موو ڕقێکیانه‌وه له‌ جوانیی‌، به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌که‌ی مندا تێپه‌ڕین
وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ شتیک نه‌بووبێ
ته‌نێ دیواره‌کانی گه‌ردوونی تۆ به‌سه‌ر مندا داڕمان
منیش ئیدی ده‌بێ مێگه‌لی خه‌مه‌کانم به‌ره‌و له‌وه‌ڕگه‌ بڵنده‌کانی تۆ باژۆم
بۆ وه‌ی خه‌مبارانه‌ له‌ ده‌وری خاتوونه‌که‌ی خه‌یاڵ بڵه‌وه‌ڕێ

* وه‌رگێڕانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی.


* تاها خه‌لیل، کوردی ڕۆژاوای کوردستانه‌ و دوای ساڵانێکی ژیانی هه‌نده‌ران، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باژێڕی قامیشلوو و له‌وێ ده‌ژی. نووسه‌ره‌ و شاعیره‌ و چالاکه‌ له‌ بواری میدیا و کاری فه‌رهه‌نگییدا. له‌ بنکه‌ی فه‌رهه‌نگیی کانتۆنی جزیره‌ و ته‌له‌ڤزیۆنی ڕووناهی کار ده‌کات. ئه‌م شیعره‌"سووره‌تی هه‌ڵه‌بجه‌"ی، بۆ کچه‌که‌که‌ی نووسیوه‌، که‌ له‌دوای کاره‌ساتی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ماوه‌یه‌ک‌ هاتووه‌ته‌ دونیاوه‌ و له‌ خۆشه‌ویستیی هه‌ڵه‌بجه‌، ناوی هه‌ڵه‌بجه‌ی لێ ناوه‌. هه‌ڵه‌بجه‌ی کچی تاها خه‌لیل، که‌ زۆر نه‌بوو مێردی کردبوو و دووگیان بوو، له‌ مانگی ئه‌پریلی 2014دا، له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا له‌ قامیشلوو، شه‌هید بوو. من بۆ خۆم له‌گه‌ڵ هه‌ندێ بیر و بۆچوون و دیدی تا ڕاده‌یه‌ک دژه‌عه‌ره‌ب و دژه‌ ئیسلامی تاها خه‌لیلدا نیم، که‌ له‌ شیعره‌که‌یدا هاتووه‌، به‌ڵام له‌به‌ر بڕوابوونی ته‌واوم به‌ ئازادی بیروڕا و خه‌م و ئازار و سۆزێکی پاک و ڕاستگۆیانه‌ی شاعیر، وه‌ک باوکێک،‌ که‌ له‌ شیعره‌که‌دا هه‌یه‌، کردمه‌ کوردی، (شاکه‌لی).

Saturday 9 August 2014

داعشایه‌تی و پاشخانی داعش

داعشایه‌تی و پاشخانی داعش

 ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

جه‌یمس وۆڵسی(James Woolsey) یا (Robert James Woolsey, Jr که‌ له‌نێوان 1993 – 1995دا، واته‌ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، به‌رپرسی ده‌سگای هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریکا(CIA) بووه‌، له‌ گوته‌یه‌کی کورتدا، له‌مه‌ڕ ڕێژیمه‌ عه‌ره‌بییه‌کانه‌وه‌ بۆ کومه‌ڵێک ئاماده‌بوو و گوێگر، له‌ ساڵی 2006 دا، ده‌ڵێ:" کێشه‌که‌ ئیسلام نییه‌، کێشه‌که‌ سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ توانیمان به‌شێک له‌ موسوڵمانان، به‌شێک له‌ خه‌ڵک له‌ جیهاندا، ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی به‌ ڕواڵه‌ت له‌ژێر زوڵمدان، له‌ زۆرێک له‌م وڵاتانه‌دا، به‌وه‌ قایل بکه‌ین، که‌ ئێمه‌ لایه‌نگری ئه‌وانین، له‌ کۆتاییدا ئێمه‌ سه‌رده‌که‌وین، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ جه‌نگی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانی و له‌ جه‌نگیی سارددا دژ به‌ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت کردمان و سه‌رکه‌وتین. که‌ ئه‌وه‌مان کرد خه‌ڵک نیگه‌ران و گرژ و په‌ست ده‌که‌ین. بنه‌ماڵه‌ی پاشایه‌تی سعوودییه‌ و ڕێژیمی موباره‌ک له‌ مسر په‌ست و تووڕه‌ ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر له‌ ڕزگارکردنی عیراقدا سه‌رکه‌وتین و ده‌ستمان واڵا بوو بۆ سووریا و لیبیا و وڵاتانی دیکه‌، گوشار ده‌خه‌ینه‌ سه‌ریان بۆ گۆڕینیان. ئه‌وده‌م ئالی سعوود و موباره‌ک دێنه‌ لامان و ده‌ڵێن: ئێمه‌ زۆرزۆر تووڕه‌ و په‌ست‌ و نیگه‌رانین! وه‌ڵامی ئێمه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ بێ: گه‌لێک باشه‌، ئێمه‌ش ئه‌وه‌مان ده‌وێ. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ ئێوه‌ ئه‌وه‌ بزانن، که‌ ئێستا و دوای چواره‌م جار له‌ سه‌د ساڵی ڕابوردوودا، ئه‌م وڵاته‌ و هاوپه‌یمانه‌ دیموکراته‌کانی، هاتووین و هێرش ده‌که‌ین و سه‌رده‌که‌وین و سه‌رده‌که‌وین، چونکه‌ ئێمه‌ لایه‌نگری ئه‌وانه‌ین، که‌ ئه‌و سه‌رداره‌ عه‌ره‌به‌ دیکتاۆرانه‌ لێیان ده‌ترسن"[1].‌
 ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ قسه‌کانی ئه‌و وؤڵسییه‌دا ده‌یخوێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌، که:
ئه‌مه‌ریکا و ته‌واوی هاوپه‌یمانانی، ئه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ "دیموکراته‌کان" ناویان ده‌با، له‌ ته‌واوی جیهاندا، ئه‌مه‌ریکا خۆی، ئه‌وروپا، ئیسرائیل، ئه‌وسترالیا، که‌نه‌دا و نیووزیلاند، ده‌گرێته‌وه‌، که‌ هه‌موو، بێ ئیسرائیل، وڵاتگه‌لی ڕه‌گه‌زی سپیین، بێجگه‌ له‌و وڵاتانه‌، وڵاتگه‌لێکی دیکه‌ ناگرێته‌وه‌. ئیسرائیلیش هه‌رچه‌نده‌ به‌ ڕه‌گه‌ز سامییه‌، لێ وه‌ک فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت، به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ و یه‌کجار گرنگی ئه‌و یانه‌یه‌یه‌، که‌ ئه‌مه‌ریکا ڕێبه‌ریه‌تی. ئه‌مه‌ریکا و ئه‌و جیهانه‌ی وۆڵسی به‌ دیموکرات ناوی ده‌با، عه‌ره‌ب و ئیسلام و ئاسیایی و ئه‌فریقایی و لاتین ئه‌مه‌ریکایی، وه‌ک "ئه‌وانی دیکه‌" سه‌یر ده‌که‌ن، ئه‌م "ئه‌وانی دیکه‌یه"‌، وڵات و جڤاک و مرۆڤگه‌لێکن، له‌ ده‌رێی بازنه‌ "دیموکرات" و "شارستانه‌تی" و "فه‌رهه‌نگ" و "پێشکه‌وتن"که‌ی ئه‌وان(ئه‌مه‌ریکا و...). له‌ په‌یامه‌که‌یدا وۆڵسی، جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی، زۆر له‌مێژه‌، نه‌خشه‌ی گۆڕینی وڵاتانی عه‌ره‌بی و خۆرهه‌ڵاتی ناڤینیان، به‌و مه‌رجه‌ی خۆیان(ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی) ده‌یانه‌وێ، داناوه‌ و کاری بۆ ده‌که‌ن. ئه‌وان خه‌ڵک له‌و وڵاتانه‌ قایل ده‌که‌ن، به‌ دروستکردنی عه‌ره‌ب و ئیسلامێک، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی دید و سیاسه‌ت و نه‌خشه‌کانی خۆیاندا بگونجێن.
ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی، له‌ دژی کۆمۆنیزم و به‌ره‌ی سۆسیالیستی، هه‌موو جۆره‌ چه‌کێکیان به‌کارهێنا، تا چۆکیان پێ دادان و ڕووخاندیانن. له‌ سه‌رده‌می داگیرکردنی ئه‌فغانستاندا له‌ لایه‌ن سۆڤیێته‌وه‌ له‌ نێوان 1979 – 1989، ئه‌مه‌ریکا هه‌رچی تۆندڕۆ و په‌ڕگری سوننه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسلامییه‌، له‌ ئه‌فغانستانی، خڕ کردنه‌وه، بۆ وه‌ی به‌ ناوی ئایین و جیهاده‌وه‌، بیانکا به‌ گژ، ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیێت و له‌شکره‌که‌یدا، له‌و‌ وڵاته‌. ‌ ئیسلامێکی توندڕۆی له‌، ئه‌لقاعیده‌، تالیبان، ئه‌ننوسره‌، داعش و ده‌یان گرۆی له‌و جۆره‌ی‌، بۆ بنکۆڵکردنی به‌ره‌ی سۆسیالیست، بۆ سه‌رلێشێواندنی خه‌ڵک، بۆ دزێوکردنی ئیسلام، بۆ تاقیکردنه‌وه‌ و فرۆشتنی چه‌کی خۆیان، بۆ کوشتن و قڕکردن و که‌مکردنه‌وه‌ خه‌ڵکی ئه‌و جڤاکانه‌ی ده‌رێی "دیموکراتی و شارستانه‌تی"یه‌که‌ی خۆیان، بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه‌ و چێکردنی دوژمنا‌یه‌تی له‌نێوان خه‌ڵک و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و ئایین و ئایینزا جیاوازه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی ده‌رێی بازنه‌ پیرۆزه‌که‌ی خۆیان، بۆ سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی که‌ونارا و مێژوو و شارستانه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین، بۆ ده‌ستبه‌رداگرتنی سه‌رچاوه‌ ئابوورییه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، که‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین به‌شی جیهانه‌ له‌ نه‌فت و کانزای دیکه‌دا و زۆر هۆی دیکه‌ش، داتاشی.
 مرۆڤ که‌ ده‌نۆڕێته‌ کرده‌وه‌ی ئه‌لقاعیده‌ و تالیبان و داعش، هه‌موو ئیسلامی له‌به‌رچاو ده‌که‌وێ، به‌ڵام ئایا به‌ڕاست ئه‌مه‌ ئیسلامه‌! ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ئیسلامه‌، ئه‌دی ئیمام عه‌لی، ئه‌بوزه‌رری غه‌فاری، ئیمام حوسه‌ین، سه‌لمانی فارسی، عومه‌ری کوڕی عه‌بدولعه‌زیز، مه‌ولانا جه‌لالوددینی ڕوومی، فه‌ریدوددین عه‌تتار، حه‌للاج، ئیبن عه‌ره‌بی، سه‌عدی شیرازی، حافزی شیرازی، مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی، سه‌دره‌ددینی شیرازی(مه‌لا سه‌درا)، مه‌لای جزیری، مه‌وله‌وی  تاوگۆزی، کاکئه‌حمه‌دی شێخ، مه‌لای گه‌وره‌(مه‌لا موحه‌ممه‌دی جه‌لیزاده‌)، عه‌لی شه‌ریعه‌تی، مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ڕڕیس، سه‌یید حوسه‌ین نه‌سر، سۆفی ڕه‌شیدی قوله‌به‌رز و ئه‌وانی دیکه‌ی مانه‌ندیان چی بوون و چین و له‌ چ خانه‌یه‌کدان و له‌کوێی ئیسلامدان؟ ئه‌و ئیسلامه‌تییه‌ی داعش و مانه‌ندی داعش نوێنه‌رایه‌تیی ده‌که‌ن و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن، به‌رهه‌می ئیسلامێکی ئه‌مه‌وییانه‌یه‌، ئیسلامێکه‌‌ له‌سه‌رده‌می موعاوییه‌ی کوڕی ئه‌بووسوفیانه‌وه‌ بره‌وه‌ی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ و ئێستاش بره‌وی پێ ده‌درێ. ئیسلامێکی یه‌زیدانه‌یه‌. ئیسلامێکه‌، هه‌موو نه‌یارێکی ئیسلامی لێ گرد ده‌بنه‌وه‌ و کۆمه‌کی پێ ده‌که‌ن و به‌هێزی ده‌که‌ن و ده‌یکه‌نه‌ دارده‌ست و ئامرازێک بۆ سڕینه‌وه‌ی هه‌موو فه‌رهه‌نگ و جوانییه‌ک. ئیسلامێکه‌، پێڕۆیانی، یه‌ک شت کۆیان ده‌کاته‌وه‌، ڕق له‌ هه‌موو غه‌یری خۆیان. ئیسلامێکه‌، دوژمنی ئالولبه‌یته‌، داوای هه‌موو خراپه‌یه‌ک بۆ ئالولبه‌یت ده‌کات و نه‌فره‌ت له‌ ئیمام عه‌لی ده‌کات و دوژمنایه‌تی ڕێبازه‌که‌ی ده‌کات، ئه‌مانه‌ عه‌ره‌ب گوته‌نی:ناسیب و ناسبی و نه‌واسیب"ناصب، ناصبي، نواصب"ن، ئیسلامێکه‌، موتوربه‌کراو، بارگاوی به‌ ڕق و کینه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و شۆڤینیزمی عه‌ره‌بی(که‌ ئه‌ویش له‌ بنه‌مادا ده‌ستکردی ڕۆژاوا و ده‌سگا سیخوڕی و ئایینه‌ییه‌کانی ئه‌وانن) و په‌یامی تواندنه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵکێکی ده‌رێی خۆیانی پێیه‌. ئیسلامێکه‌،‌ له‌ بنه‌مادا. فه‌رهه‌نگکوژ، مێژووکوژ، هزرکوژ، جوانیکوژ. ئیسلامێکه‌ خه‌ڵک ده‌که‌رێنێ و چاوی خه‌ڵک ده‌به‌ستێ و مێشک داده‌خا و گرێکوێره‌ی لێده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز نه‌جۆڵێ و نه‌پرسێ و ڕه‌خنه‌ نه‌گرێ. تالیبان په‌یکه‌ری بوودایان ڕووخان، ئه‌نساروئیسلام گۆڕی شێخه‌کانی ته‌وێڵه‌ و بیاره‌یان تێکدا و داعش گۆڕی په‌یامبه‌ران شیت و یوونس و مزگه‌وت و حوسه‌ینی و مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ پیرۆزه‌کانی شیعه‌ و کڵێسه‌ و په‌رستگه‌ی ئێزدی، ده‌ڕووخێنێ و تێکده‌دا، وه‌ها کارێک ته‌نێ له‌ خه‌ڵکانێک ده‌وه‌شێته‌وه‌، که‌ ده‌یانه‌وێ، مێژوو و فه‌رهه‌نگ بسڕنه‌وه‌. ئه‌و گۆڕ و مه‌زارگه‌ و شوێنه‌ پیرۆزانه‌، هه‌زاران ساڵه‌ بوون به‌ به‌شێک له‌ مێژوو و فه‌رهه‌نگی ئه‌و ده‌ڤه‌ر و خه‌ڵکه‌ موسو‌ڵمانه‌(شیعه‌، سوننه‌، عه‌له‌وی)، فه‌له‌، ئێزدی، یارسان، عه‌ره‌ب، کورد، تورک، ئاشووری، ئه‌رمه‌ن، کلدان و زۆری دیکه‌ش. ئه‌و کاره‌ی داعش ده‌یکا، سڕینه‌وه‌ی بیرگه‌ و یاده‌وه‌رییه‌کانی خه‌ڵکه‌ و بڕینی گشت ڕایه‌ڵه‌کانه‌ به‌ ڕابوردوو و کۆهه‌ستی مرۆڤه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌وه‌. ئه‌م کرده‌وه‌ نه‌گریسانه‌ی داعش،‌ ده‌بوو پرسیارێکی له‌کن خه‌ڵک ورووژاندبا، کامه‌ ئایین، کامه‌ وێژدان، کامه‌ خه‌ڵک، له‌ ڕووخان و تێکدانی مێژوو و فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین سوودمه‌نده‌؟ تاکه‌ هێزێک، وڵاتێک، ده‌سه‌ڵاتێک له‌و کاره‌ سوودمه‌نده‌، ئه‌وانه‌ن، که‌ خۆیان(ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی) به‌ به‌ره‌ی دیموکرات و شارستانه‌تی و پێشکه‌وتن داده‌نێن و ده‌رێی ئه‌و بازنه‌یه‌یان پێ مرۆڤ نییه‌ و ژیانیان پێ ڕه‌وا نابینن.                                                    
گۆڤاری (veterans today)،که‌ گۆڤاریکی ئه‌لیکترۆنیی ئه‌مه‌ریکایی تایبه‌ته‌ به‌ پرسیی سه‌ربازیی و کاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌ ڕاپۆرتێکیدا که‌ له‌ 4 – 8 – 2014 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، له‌ زاری ئێدوارد سنۆودن(Edward Snowden)ه‌وه‌، ئه‌و لاوه‌ی ته‌مه‌ن 31 ساڵییه‌،که‌ سیخوڕی ده‌سگای ئاژانسی ئاساییشی میللی ئه‌مه‌ریکا(National Security Agency (NSA), ) و ده‌سگای هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریکا(CIA)بوو و دواتر هه‌ڵهات و کۆمه‌ڵێک نهێنی ئه‌و ده‌سگایه‌ی ئاشکرا کرد، باس له‌ ئه‌بووبه‌کر ئه‌لبه‌غدادی(أبوبکرالبغدادي) ڕێبه‌ری داعش و خه‌لیفه‌ی به‌ناو "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" ده‌کات و ده‌ڵێ:"ئه‌لبه‌غدادی، له‌ دایکوباوکێکی جووله‌که‌وه‌ هاتووه‌ته‌ دونیاوه‌ و ناوی ئیلیۆت شیمۆن(Simon Elliot (Elliot Shimon)ه‌ و سیخوڕی ئیسرائیله‌...ئیلیۆت، له‌ لایه‌ن مۆسادی ئیسرائیله‌وه‌ له‌ بواری سیخوڕی و ده‌روونیدا، مه‌شقی پێ کراوه و ‌خراوه‌ته‌ کار بۆ دژایه‌تی عه‌ره‌ب و کۆمه‌ڵه‌ موسوڵمانه‌کان...ڕێبه‌ری داعش، به‌ هاریکاریی له‌گه‌ڵ ده‌سگا سیخوڕی و نهێنییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، بریتانیا و ئیسرائیل، توانیی ڕێکخراوێک دابمه‌رزێنی، توانستی ئه‌وه‌ی هه‌بێ، هه‌موو تێرۆریستانی توندڕۆ، له‌ هه‌موو قوژبنێکی جیهانه‌وه‌ له‌ خۆ گرد کاته‌وه..."‌[2]. بڵاوکراوه‌ی ئه‌لیکترۆنی(Global Research) له‌ زمانی ئێدوارد سنۆودنه‌وه‌ ده‌نووسێ:"ده‌سگا سیخوڕییه‌کانی سێ وڵات(ئه‌مه‌ریکا، بریتانیا و ئیسرائیل)، ئه‌و ڕێکخراوه(داعش)‌یان دروست کرد، بۆ وه‌ی وه‌ک شاره‌زه‌رده‌واڵه‌، هه‌موو تێرۆریستانی جیهان خڕکاته‌وه‌...ئه‌و شاره‌زه‌رده‌واڵه‌یه،‌ بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی زایۆنیزمه‌ و په‌نا ده‌باته‌ به‌ر ئایینی ئیسلام و دروشمه‌کانی...به‌ گوێره‌ی سنۆودن، تاکه‌ چاره‌سه‌ر و ڕێگه‌یه‌ک بۆ پاراستنی ده‌وڵه‌تی جووله‌که‌ ئه‌وه‌یه‌،  دوژمنێک بۆ دوژمنه‌کانی‌ نزیک سنووره‌کانی خۆی چێ بکات...ده‌گوترێ، ئه‌بووبه‌کر ئه‌لبه‌غدادی، له‌ لایه‌ن مۆساده‌وه‌، بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ته‌واو، مه‌شقێکی چڕ و خه‌ستوخۆڵی کاری سه‌ربازی پێکراوه‌، سه‌رباری کۆمه‌ڵێک خولی ئایینی و هونه‌ری قسه‌کردن و گوتاردان..."[3].                           
له‌ دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی ئه‌لمه‌یادین(المیادین)ی عه‌ره‌بی زمان له‌ به‌یرووت، نه‌بیل ئه‌ننه‌عیم(نبیل النعیم)، یه‌کێک له‌ سه‌رکرده‌ پێشووه‌کانی ئه‌لقاعیده‌ و یه‌کێک له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ڕێکخراوی جیهادی ئیسلامی له‌ مسر، له‌مه‌ڕ ڕێکخراوه‌کانی ئه‌لقاعیده‌ و داعش و ئه‌لنوسره‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌کات‌، که‌:"ئه‌و دوو ڕێکخراوه‌ له‌لایه‌ن ده‌سگای سیخوڕی ئه‌مه‌ریکا(CIA)وه‌ دامه‌زراون و مه‌شقپێکراون و خراونه‌ته‌ گه‌ڕ و هه‌مو کاره‌کانیان بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وروپا و ئیسرائیله‌ئه‌بوبه‌کر ئه‌لبه‌غدادی، ڕێبه‌ری داعش، که‌ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک زیندانی کرابوو و دواتر ئازادکرا، به‌ 20 - 30 میلیۆن دۆلارێک، که‌ ئه‌مه‌ریکا دابووی پێی، له‌ جڤینێکدا له‌ ئوردن، ڕێکخراوی داعشی دامه‌زراندداعش سه‌ربازگه‌ی له‌ ئوردون هه‌یه‌چه‌که‌کانی داعش و ئه‌لنوسره‌ ئه‌مه‌ریکایینبرینداره‌کانی داعش له‌و جه‌نگانه‌ی، که‌ ده‌یکا له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی ئیسرائیل تیمار ده‌کرێنئێستا 1500 برینداری داعش له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی ئیسرائیلدانداعش هه‌مووده‌م جه‌نگ دژی موسوڵمانان ده‌کا،.. ئه‌و جه‌نگ دژی شیعه‌ و سوننه‌ ده‌کات،..له‌ سامه‌ڕڕا هه‌زاران سوننه‌ی کوشت... ئه‌و هه‌موو خه‌ڵک به‌ کافر داده‌نێ...ده‌یه‌وێ شیعه‌ و سوننه‌ بدات به‌گژی یه‌کدا و جه‌نگ له‌ نێوان موسوڵماناندا ساز بکات...ئه‌م ڕێکخراوانه‌ کار بۆ سی ئای ئه‌ی ده‌که‌ن...ئه‌وان جه‌نگی ئه‌مه‌ریکا ناکه‌ن...پاره‌ و میدیا ده‌توانن ڕێکخراوی وا ساز بکه‌ن...داعش، شه‌ڕی لاده‌ر(مرتد) پێش شه‌ڕی کافر و جووله‌که‌ ده‌خه‌ن... لاده‌ر له‌کن ئه‌وان، شیعه‌ و ئه‌و موسوڵمانانه‌ن، که‌ وه‌ک داعش ناهزرێن...ئه‌مه‌ریکا بۆیه‌ چه‌ک ده‌داته‌ ئه‌لنوسره‌ و داعش، تا هێزی جه‌نگ و سپای وڵاتانی ده‌وروبه‌ری ئیسرائیل، تێکشکێنن...ئه‌و کاره‌ش به‌شێکه‌ له‌  نه‌خشه‌یه‌کی کارگێڕیی ئه‌مه‌ریکا و زایۆنیزم، که‌ به‌ ناوی(چوارده‌وری خاوێن(الطوق النظیف، به‌ عه‌ره‌بی و (Clean Break- PNAC)، به‌ ئینگلیزی)،‌ له‌ 1998دا، بۆ پاراستنی‌ ئیسرائیل، دانرا، به‌وه‌ی هه‌وڵبدرێ بۆ تێکدانی وڵاتانی سووریا، عیراق، ئێران، سعوودییه‌ و هی دیکه‌ش و تێکدانی سپاکانیان و له‌تله‌تکردنیان...ته‌واوی ئه‌م گرۆیانه‌ی ئێستا ده‌جه‌نگن، به‌شێکن له‌و نه‌خشه‌یه و له‌ بنه‌ماشدا ئه‌وه‌ نه‌خشه‌یه‌که، بێرنارد لیویس[4]، دایناوه...‌"[5].
ئه‌و دوو دیده‌ی سنوۆدن و نه‌بیل ئه‌ننه‌عیم، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن، که‌ ده‌سگا سیخوڕییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا و ئیسرائیل، له‌ هیچ شتێک ناسڵه‌مێنه‌وه‌ و هه‌موو شێوازێکی کارکردن، بۆ لێدانی ئه‌وانه‌ی بۆ خۆیان له‌ ڕیزبه‌ندی دوژمندا دایده‌نێن، پێڕۆ ده‌که‌ن و ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ. ئه‌وانه‌ی ئه‌وان پێیان دوژمنه‌، ئه‌وانه‌ن، خواستی ئازادییان هه‌یه‌ و دژی چه‌وساندنه‌‌وه‌ و داگیرکردن و ئیمپریالیزمن. ئه‌و ده‌سگا سیخوڕییانه‌، هه‌ر له‌نێو ئه‌و کۆمه‌ڵ و جڤاکانه‌ی ده‌یانه‌وێ بیانگۆڕن، پواز دروست ده‌که‌ن. خه‌ڵکانێک په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن و به‌ سه‌دان شێواز، ده‌یانخه‌نه‌ سه‌ر ڕێگه‌یه‌ک، که‌ بتوانن هزری چه‌وت و ڕووخێنه‌ر، له‌نێو ئه‌و جڤاکانه‌دا په‌خش بکه‌ن و به‌ پاروپووڵ و قسه‌ی لووس، خه‌ڵک له‌ ده‌وریان خڕ بکه‌نه‌وه‌ و پاشان ئه‌رکی تێکدانی ئه‌و جڤاکانه‌‌یان، به‌ ناوی گۆڕینه‌وه‌، پێ بسپێرن.                                                          
له‌ ڕه‌وتار و شێوازی کارکردنی ئه‌و جۆره‌ گرۆیانه‌، ئه‌لقاعیده‌ و داعش و ئه‌لنوسره و هی دیکه‌ی وه‌ک ئه‌وان، پرسێک له‌ مێشکی مرۆڤدا دروست ده‌بێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره‌ گرۆیانه‌ ده‌ستکردی، ده‌سگا سیخوڕییه‌کانی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژاوا نین، بۆ هه‌رگیز کرده‌یه‌ک، چالاکییه‌ک، به‌رانبه‌ر ئیسرائیل ناکه‌ن و زیانێک به‌ به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ناگه‌یه‌نن و بۆ ئه‌وان، سووریا و عیراق و کوردستان و وڵاتگه‌لێکی ئیسلامی وێران ده‌که‌ن و تێکده‌ده‌ن و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌کوژن؟ داعش، ته‌نانه‌ت له‌ گرتنی مووسڵ و ده‌وروبه‌ری مووسڵدا، تاکه‌ یه‌ک که‌سی سه‌ر به‌ ئایینی مه‌سیحییان نه‌کوشتووه‌ و نه‌ به‌ دیل گرتووه‌، به‌ڵام به‌ هه‌زاران شیعه‌ و سوننه‌یان له‌ تکریت و سامه‌ڕڕا و ڕه‌مادی و مووسڵ و به‌غدا و...کوشتووه‌! له‌ شنگال پتر له‌ 500 ئێزدیان کوشتووه‌ و سه‌دانیشیان به‌ دیل گرتووه‌ و سه‌دان کچ و ژنیان وه‌ک کۆیله‌ له‌ بازاڕه‌کاندا ده‌فرۆشن! هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ ئێزدییاندا به‌و جۆره‌ ڕه‌وتار ده‌که‌ن، نیشانه‌ی سووربوونی داعشه‌ له‌سه‌ر له‌به‌ینبردن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و توخمه‌ میللی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیانه‌ی، که‌ به‌شێکن له‌و جیاوازییه‌ جوانانه‌ی‌ فه‌رهه‌نگی کوردستان پێکده‌هێنن. ئێزدی، شه‌به‌ک و کاکه‌یی، داعش هه‌رچییان به‌سه‌ر بهێنێت، له‌به‌ر کوردبوونیانه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م و دواتریش جیاوازییه‌ ئایینه‌ییه‌کان. داعش، فه‌رهه‌نگ و ئایین و ناسنامه‌ی، شیعه‌ و سوننه‌ و کورد، ده‌سڕێته‌وه‌ و به‌ تۆبزیی ئێزدییانی کورد ده‌کاته‌ موسوڵمانێکی داعشی، لێ کاری به‌ فه‌له‌ و جوو نییه‌، نه‌ ده‌یانکاته‌ موسوڵمان و نه‌ مێینه‌کانیان ده‌فرۆشێ و نه‌ له‌به‌ینیان ده‌با، مه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگه‌که‌‌یان به‌شێک بێت له‌ فه‌رهه‌نگی کوردستان یا عه‌ره‌بستان! هه‌موو ڕه‌وتارێکی داعش، بڕێک گومانمان لا ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌ و پتر له‌ باوه‌ڕبوون به‌ گرێدراوی ئه‌وان و ئه‌مه‌ریکا و ئیسرائیل، نێزیکمان ده‌خاته‌وه‌، لێ ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت، که‌ سه‌رباری هه‌موو ڕاستییه‌ک، له‌ قسه‌ و بۆچوونه‌کانی وۆڵسی، سنۆودن و ئه‌ننه‌عیمدا، کۆمه‌ڵێکی لات، خه‌ڵکێکی هه‌ژار و که‌نارخراو و سه‌رکوتکراو، هه‌میشه‌ ژینگه‌یه‌کی له‌باره‌، بۆ خڕبوونه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی، ئیدی به‌ هه‌ر شێوازێک بێت، پاره‌وپووڵ، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن، به‌ڵێن، له‌ ده‌وری توندڕۆترین گرۆ، که‌ دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات و بانگه‌شه‌ی بانه‌ڕۆژێکی باشتر بۆ خه‌ڵکه‌که‌ بکات، هه‌رچه‌نده‌ درۆزن و فریوده‌ر و کرێت و خراپ و دڕنده‌ش بێ.  
9 – 8 - 2014



   -[3]http://www.globalresearch.ca/isis-leader-abu-bakr-al-baghdadi-trained-by-israeli-mossad-nsa documents-reveal/5391593                                                                                                                                   
 [4]، بێرنارد لیویس(Bernard Lewisئینگلیزیکی ئه‌مه‌ریکایی به‌ ڕه‌گه‌ز جووله‌که‌یه‌، شاره‌زا و زانایه‌ له‌ مێژووی ئیسلام و ڕۆژهه‌ڵاتناسیدا‌. ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی وه‌ک تێزێک له‌مه‌ڕ وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل و خۆرهه‌ڵاتی ناڤین و ئێران و ئه‌فغانستان و تا ده‌گاته‌ هیندوستان، کێشه‌کانیان و چارسه‌ره‌کردنیان، به‌ گوێره‌ی دیدی لوویس، که‌ له‌ کۆتاییهاتنی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و  قۆناغێکی نوێی جه‌نگ و نه‌خشه‌ی نوێ  بۆ به‌رپاکردنی جه‌نگ بۆ له‌به‌ینبردنی وڵاتگه‌لێک و دابه‌شکردنی وڵاتگه‌لێک و قوتکردنه‌وه‌ی وڵاتگه‌لی نوێ و ... دانا.

Thursday 7 August 2014

نیگه‌رانیی

نیگه‌رانیی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی

ته‌واوی ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له‌ باشووری کوردستان له‌ دوای 10ی حوزه‌یرانی 2014 و داگیرکردنی باژێڕێ مووسڵه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ چه‌کداره‌کانی داعشه‌وه‌، هاتووه‌ته‌ گۆڕێ، له‌ شانۆیییه‌ک ده‌چێ، که‌ تێگه‌یشتن لێی، بۆ ئێمه‌گه‌لێکی ده‌رێی بازنه‌ی سیاسه‌ت و دامێنی جڤاک و کۆمه‌ڵ، کارێکی ئاسان نییه‌.
دوای ڕزگارکردنی به‌شێک له‌ ده‌ڤه‌ره‌، جاران دابڕاوه‌کانی کوردستان، به‌تایبه‌ت که‌رکووک، له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌وه‌، هه‌موو کورد، گه‌شایه‌وه‌ و دڵخۆش و که‌یفساز بوو و چاوه‌نۆڕی ئه‌وه‌ بوو، که‌ ته‌واوی باشووری کوردستان، تا ده‌گاته‌ زنجیره‌کانی جه‌وه‌ڵ حه‌مرین، به‌ ته‌واوی ئوستانی مووسڵ و ته‌واوی ئوستانی  که‌رکووک و به‌شێکی ئوستانه‌کانی تکریت و دیاله‌ و کووت و عه‌ماره‌وه‌ ڕزگار ده‌بن و به‌وه‌ش ته‌واوی خاکی باشووری کوردستان ڕزگار ده‌بێ و ئیدی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی و ده‌وڵه‌تی کوردستان، خه‌ونی سه‌دان ساڵه‌ی خه‌ڵکی کوردستان، له‌ زووترین کاتدا، دێته‌ دی.
چاوه‌ڕوانییه‌کان وا ده‌رنه‌چوون:
وا بۆ دوو مانگ ده‌چێ، جه‌له‌ولا، که‌ باژێڕێکی گچکه‌ی گه‌رمێنه‌ ڕزگار نه‌کراوه‌. تاقه‌ گه‌ڕه‌کێک له‌ ناو جه‌له‌ولادا داعش فه‌رمانڕه‌وایه‌تی و کورد پێی ناگیرێ. ئه‌وه‌ هیچ که‌ سه‌عدییه‌ و مه‌نده‌لی و به‌دره‌ و جه‌سسان و زرباتییه‌ و...ده‌ڤه‌ره‌کانی خواره‌وه‌ی جه‌له‌ولا چ باسێکیان لێوه‌ ناکرێن. سلێمان به‌گ و ئامرلی و به‌شێکی دیکه‌ی ده‌ڤه‌ری خورماتوو و تاووغ و حه‌وویجه‌ له‌ ئوستانی که‌رکووک، هێشتا له‌بن ده‌سه‌ڵاتی داعشدان‌. باژێڕی مووسڵ و به‌شێکی زۆری ئوستانی مووسڵ له‌بن ده‌سه‌ڵاتی داعشدایه‌.
پێش چه‌ند ڕۆژان، سه‌رۆکی هه‌رێم باسی ڕزگارکردنی مووسڵ و وه‌ده‌رنانی داعشی ده‌کرد! داعش نه‌ک هه‌ر وه‌ده‌ر نه‌نرا، به‌ڵکه‌ زوممار و شنگال و ڕيبیعه‌شی، که‌ پێشتر له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ ڕزگار کرابوون، گرته‌وه‌. پێشمه‌رگه،‌  شنگال و هه‌موو ئێزدییه‌ داماوه‌کانی مارانگه‌سته‌ی چه‌ندین هێرش و په‌لامار و قڕکردن له‌ مێژووی کۆن و نوێدا، بۆ گورگه‌کانی داعش جێهێشت و هه‌ڵات. كه‌ سه‌ربازه‌کانی عێراق به‌ هاتنی داعش بۆ مووسڵ، هه‌ڵاتن، پێشمه‌رگه‌ و کورد، گاڵته‌یان پێ ده‌کردن. پێشمه‌رگه‌ خۆی له‌و سه‌ربازانه‌ی که‌متر نه‌کرد و هه‌مان ڕێگه‌ی ئه‌وانی گرته‌به‌ر.
ئێستاش که‌ونه‌ پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵکه‌ حزبییه‌کانی کوردستان، ده‌یان داستانی نه‌به‌رده‌کانی ساڵانی 1980 و ده‌شتاییه‌کانی گه‌رمیان، که‌ به‌ چه‌کی سووکه‌وه‌ به‌رانبه‌ر سه‌دان تانک و هێلیکۆپته‌ر و چه‌کی قورس و هێزی زۆر و کارامه‌ی سپای عیراق ڕاوه‌ستاون و تێیاندا سه‌رکه‌وتوون، ده‌گێڕنه‌وه‌، به‌ڵام گه‌ڕه‌کێکی جه‌له‌ولایان پێ ڕزگار ناکرێ! شنگال و زوممار چۆڵ ده‌که‌ن و هه‌ڵدێن!  ناتوانن ده‌شتاییه‌کانی که‌رکووک له‌ داعش خاوێن که‌نه‌وه‌! په‌نا بۆ عیراق و حوکوومه‌ته‌که‌ی مالیکی ده‌به‌ن بۆ وه‌ی کۆمه‌کیان پێ بکات و له‌ داعش بیانپارێزێ!
ئێستا پێشمه‌رگه‌، سه‌دجاران له‌و ساڵانه‌، پۆشته‌تر و پڕچه‌کتر‌ و تێرتره‌. ئێستا خاوه‌نی هه‌موو جۆره‌ چه‌کێکی پێشکه‌وتووه‌ له‌ تانک و تۆپ و سه‌دان شتی دیکه‌وه‌، که‌ من ناویان نازانم تا خودا ده‌زانێ چی دیکه‌، لێ جه‌نگ ته‌نێ چه‌ک و پۆشته‌یی نییه‌! داعش ئه‌مڕۆ شه‌ڕی حوکوومه‌تی عیراق و حوکوومه‌تی کوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌ کوردییه‌که‌ی ڕۆژاوای کوردستان و حوکوومه‌تی سووریا ده‌کات، ئه‌وه‌شی له‌ میدیاکانه‌وه‌ ده‌بێنرێ، ئه‌وان چه‌کی هێنده‌ به‌ هێزیان نییه‌، که‌ بتوانن له‌هه‌مبه‌ر چوار حوکوومه‌تدا بجه‌نگن! ڕه‌نگه‌ ته‌نیا چه‌کێکی زیاتر له‌ چه‌کی پێشمه‌رگه، که‌ ئه‌وان هه‌یانبێ و پێشمه‌رگه‌ نه‌یبێ، چه‌کی باوه‌ڕه‌که‌یان بێ،  ئه‌و باوه‌ڕه‌ سه‌قه‌ت و خواروخێچه‌ی هه‌یانه‌ و مه‌ستی کردوون، که‌ له‌کن پێشمه‌رگه‌کانی باشووری کوردستان نییه‌.
کێماسیگه‌لێکی مه‌زن و له‌به‌رچاو، که‌ ئه‌مڕۆ له‌ باشووری کوردستان و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌نگه‌دا ده‌بێنرێن، ڕه‌نگه‌ له‌ چه‌ند خاڵێکدا بخرێنه‌ به‌رچاو:
- هێزی پێشمه‌رگه‌، به‌ڵێ به‌ ڕواڵه‌ت سه‌ر به‌ حوکوومه‌تی کوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا یه‌ک هێز نییه‌ و یه‌ک فه‌رمانده‌ی نییه‌ و سه‌ر به‌ حوکوومه‌ت نییه‌ و هێزی وڵاتی کوردستان و خه‌ڵکی کوردستان نییه‌، به‌ڵکه‌ کۆمه‌ڵێک میلیشیای سه‌ر به‌ حیزبن و وه‌لائیان بۆ حیزبه‌ و کار بۆ حیزب ده‌که‌ن. سپایه‌ک ئه‌گه‌ر سپایه‌کی نیشتمانی نه‌بوو و له‌ژێر یه‌ک فه‌رمانده‌دا نه‌بوو و یه‌ک ئامانجی نه‌بوو، هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی سه‌رکه‌وتنی لێ ناکرێ!
- هیچ سپایه‌کی ئه‌م جیهانه‌ له‌ میدیاکانه‌وه‌ باسی ورده‌کاریی جموجووڵی سه‌ربازه‌کانی و نه‌خشه‌کانی و چه‌که‌کانی و هیچ شتێکی پێوه‌نددار به‌ له‌شکر و جۆری کار و چالاکییه‌ سه‌ربازییه‌کانه‌وه‌ ناکات و بچووکترین نهێنی نادرکێنێ. کاتی خۆی ساڵونیوێک له‌ سپای عیراقدا سه‌ربازییم کردووه‌، که‌ له‌ شوێنێکه‌وه‌ ده‌گوێزراینه‌وه‌ بۆ شوێنێکی دیکه‌، له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ نیو سه‌عاتدا فه‌رمانمان پێ ده‌درا، خۆمان و هه‌موو شتومه‌کمان ئاماده‌که‌ین و ده‌سبه‌جێ سواری ئۆتۆمبیله‌ سه‌ربازییه‌کان ده‌بووین و وه‌ڕێ ده‌که‌وتین، بێ ئه‌وه‌ی بزانین بۆ کوێ ده‌ڕۆین، هیچ یه‌کێکیشمان بۆی نه‌بوو پرسیار بکات. ئه‌و کاته‌ سپاکه‌ له‌ جه‌نگیشدا نه‌بوو. له‌ سپادا نه‌ریتێک، یاسایه‌ک، فه‌رمانێک هه‌بوو ده‌یگوت: جێبه‌جێی که‌ و گه‌نگه‌شه‌ی له‌سه‌ر مه‌که‌"نفذ ولا تناقش". ئێستا پێش ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌فسه‌ر و ڕێبه‌ره‌کانیان بزانن، میدیاکانی کوردستان، هه‌مووی هه‌ڵده‌ڕێژن و ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌م داعش و هه‌موو خه‌ڵکی دیکه‌ش. ته‌ماشای ئه‌م هه‌واڵانه‌ بکه‌، که‌ میدیای کورد بڵاوی کردووه‌ته‌وه و من ڕێک وه‌ک خۆیان وه‌رمگرتوون‌:

"کاروانێکی دیکەی چەکی قورس دەگاتە ھەولێر.

ھێزێکی تایبەت بەرەو گوێڕ بەڕێکەوت.

پێشمه‌رگه‌ به‌خێرایی به‌ره‌و شه‌نگال ده‌چن.

ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی‌ رۆژهه‌لات گه‌یشتنه‌ به‌ره‌كانی شه‌نگال.

هێزێكی گەورەی پێشمەرگە لە گوێر و مەخموور جێگیردەكرێن.

کاکەییەکانی داقووق چەک هەڵدەگرن.

وێنە ؛ پێشمەرگەکانی کوردستان ئەم چەکانەیان بەدەست گەشتووە.
وێنە ؛ بزانە ئەم بەیانییە وەزیری پێشمەرگە لەکوێ نانی خواردوە.

فەرماندەكانی پێشمەرگە دەڵێن بەمزووانە هەردوو رێگە سەرەكییەكەی شنگال كۆنترۆڵدەكرێ".

ئه‌مه‌ چ پاراستنی نهێنی و چ سپا و ‌ چ وڵاتێکه‌،که‌ میدیا و میدیاکارانی کوردستان، نۆره‌ی تابووری پێنجه‌می تێدا ده‌بینن!
- سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حوکوومه‌تی کوردستان، ده‌بوو ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستانی چه‌کدار کردبا و سپایه‌کی میللی، گه‌لێری کوردستانیی، نه‌ک حیزبی و ئایینی و ئایینزایی و خێڵه‌کی، له‌ ته‌نیشت هێزی پێشه‌مه‌رگه‌وه‌ دروست کردبا، وه‌ک هێزێکی یه‌ده‌ک، بۆ پشتیوانیی پێشمه‌رگه‌ و داکۆکی له‌ خاک و خه‌ڵکی کوردستان. ئێستا خه‌ڵکی کوردستان، به‌ تایبه‌ت دانیشتووان و هاووڵاتیانی هه‌رێم، بێلایه‌نانه‌ له‌و جه‌نگه‌ی هه‌یه‌ ده‌نۆڕن و نه‌بوونه‌ته‌ لایه‌ک لێی. حوکوومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و ڕێبه‌رانی کوردستان، ده‌بێ خه‌ڵک بکه‌نه‌ لایه‌ن و خه‌ڵک بخه‌نه‌ نێو کێشه‌ و جه‌نگ و باسه‌که‌وه‌ و هه‌ڵوێستیان هه‌بێ، خه‌ڵک وا لێ بکه‌ن هه‌موو ڕووداو و لێقه‌ومان و شکست و پێشکه‌وتنه‌کان، به‌ هی خۆیان بزانن.
- هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کوردستان، که‌ ناوی پێشمه‌رگه‌یان لێ نراوه‌، ڕێک وه‌ک عه‌شیره‌ت و هۆزه‌کانی جاران و وه‌ک سووکه‌جاشه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس ناودێر ده‌کرێن و باس ده‌کرێن. پێشمه‌رگه‌ی پارتی، یه‌کیه‌تیی، سۆسیالیست، دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان، په‌که‌که‌، یه‌په‌گه‌، پاسه‌وانه‌کانی گۆڕان، لیواکانی کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ و هی دیکه‌ش. ئه‌مه‌ فره‌به‌ره‌یی و ناکۆکی هێزی چه‌کدار و سپای کوردستان ده‌رده‌خا.
- له‌ ته‌واوی ڕووداوه‌کانی کوردستاندا، ناته‌بایی و دووفاقی و جیاوازییه‌ک له‌ هه‌ڵوێسته‌کانی هه‌ردوو زلحیزبی، پارتی و یه‌کیه‌تیی ده‌بینرێن. هه‌ردوو لا به‌ دوو ئاراسته‌ی جیاواز کار ده‌که‌ن و هه‌ریه‌که‌یان به‌ره‌یه‌ک ده‌لاوێنێته‌وه‌ و کاریگه‌ریی لایه‌نێکی له‌سه‌ره‌. ئه‌گه‌ر وا نییه‌، ڕێگه‌دان به‌ هاتنی چه‌کداری عه‌ره‌ب و ئێرانی و به‌در و حوکوومه‌تی عیراق بۆ که‌رکووک و کفری و تاوغ و خورماتوو، چ واتایه‌کی هه‌یه‌! ئه‌ی ئه‌و هه‌موو عه‌ره‌ب و تورکمانه‌ی له‌ مووسڵ و ته‌له‌عفه‌ر و شوێنانی دیکه‌ هه‌ڵدێن و له‌ که‌رکووک داڵده‌ ده‌درێن، بۆ؟ که‌رکووک هێشتا عه‌ره‌به‌کانی هه‌نارده‌ و عه‌ره‌باندنی له‌کۆڵ نه‌بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وجا ئه‌وانه‌شی دێنه‌ سه‌ر. کارگێڕی شاری که‌رکووک، وه‌ک به‌شێک له‌ سیاسه‌تی یه‌کیه‌‌تیی نیشتمانی بۆ ڕازیکردنی عیراق و ئێران، وه‌ها کارێک ئه‌نجام ده‌دا، که‌ به‌ڕاستی هه‌رگیز به‌ قازانجی که‌رکووکی کوردستان نابێت.
- خڕبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو عه‌ره‌به‌ هه‌نارده‌ و هاورده‌ و هێزی کار و هه‌ڵاتوو و په‌نابه‌ره‌، له‌ شار و گوند و هه‌موو جێیه‌کی باشووری کوردستان(هه‌ولێر، دهۆک، که‌رکووک، سلێمانی، خانه‌قین، که‌لار و...)، جگه‌ له‌ داڵده‌دانی سه‌دان هه‌زار خه‌ڵکی هه‌واداری داعش و به‌عس و تێرۆریست زیاتر شتێکی دیکه‌ نییه‌. ئه‌وانه‌ ده‌ستی داعشن له‌نێو کوردستاندا و هه‌موو ئه‌وانه‌ شانه‌ی خه‌وتوون و قورمیش کراون، هه‌ر که‌ پێویستی کرد، وه‌ئاگا ده‌هێنرێنه‌وه‌ و ده‌ته‌قنه‌وه‌ و کوردستان ده‌که‌نه‌ دۆزه‌خ. هه‌ر ئێستا ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌ ئاشکرا ده‌بێنرێ. داعش به‌ یارمه‌تی عه‌ره‌به‌کانی شنگال هاتوونه‌ته‌ نێو شنگاله‌وه‌ و به‌ کۆمه‌کی عه‌ره‌به‌کانی مه‌خموور هاتوونه‌ته‌ نێو مه‌خمووره‌وه‌ و عه‌ره‌بی که‌رکووکه‌، که‌ ته‌قینه‌وه‌ و کوشتن و ماڵوێرانی له‌ که‌رکووک جێبه‌جێ ده‌کا و سبه‌ی هه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ن، له‌ سلێمانی و چۆمان و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ولێر و که‌لار، ده‌یان مه‌رگه‌سات ده‌ئافرێنن. ئه‌م بۆچوونه‌ی من هه‌‌رگیز به‌رهه‌می دید و هزر و بۆچوونێکی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ نییه‌ و هه‌رگیز ڕقبوونه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌ب نییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕاستییه‌که‌ و له‌به‌رچاوه‌ و چاره‌سه‌ریشی ڕێگه‌نه‌دانه‌ به‌ بوونی عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ و هاورده‌ و ئاواره‌ و هه‌موو جۆره‌کانی دیکه‌، له‌ کوردستان و گێرانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان یا خڕکردنه‌وه‌ی ئاواره‌کانیان، وه‌ک کارێکی مرۆڤانه‌، له‌ خێوه‌تگه‌ و ئۆردووگادا، به‌ مه‌رجی چاودێری، تا ئه‌و کاته‌ی هه‌لی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێن و نشینگه‌ی خۆیان هه‌ڵده‌که‌وێ.‌
له‌ ساڵی 61ی کۆچی/ 680ی زایینی، که‌ ئیمام حوسه‌ین، له‌سه‌ر داوا و خواست و بانگهێشتنی خه‌ڵکی کووفه‌ و عیراق، له‌ مه‌ککه‌وه‌ وه‌ڕێ ده‌که‌وێ به‌ره‌و کووفه‌ له‌ عیراق بۆ وه‌ی ببێته‌ ڕێبه‌ری موسوڵمانان و دژی ده‌سه‌ڵاتی یه‌زیدی کوڕی موعاویه‌ ڕاوه‌ستێ، له‌ ڕێگه‌ تووشی فه‌ره‌زده‌ق(الفرزدق)ی شاعیر ده‌بێ، که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئیمام حوسه‌ینه‌وه‌، له‌ کووفه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مه‌ککه‌. ئیمام حوسه‌ین هه‌واڵی کووفه‌ و عیراقی لێ ده‌پرسێ، ئه‌ویش ده‌ڵێ:"دڵیان له‌گه‌ڵته‌ و شمشێره‌کانیان له‌بان سه‌رته‌(قلوبهم معك وسیوفهم علیك". عه‌ره‌بی کوردستان، هه‌مان ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ن، ئه‌مانه‌ نه‌وه‌ی موعاویه‌ و یه‌زید و ئه‌مه‌وییه‌کانن و له‌سه‌ر ئایینی ئه‌وانن. ئه‌مانه‌ نه‌وه‌ی به‌عس و ئه‌نفالکه‌ر و داگیرکه‌ر و وێرانکه‌ری کوردستانن، هه‌رگیز ڕێزه‌یه‌ک خۆشه‌ویستییان بۆ خاکی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی نییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌زاران ساڵیش به‌خێوی کردبن و داڵده‌ی دابن. ئه‌مانه‌ هه‌میشه‌ شمشێره‌کانیان له‌سه‌ر سه‌ری کوردستانه‌.
- ماڵوێرانییه‌کی دیکه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی کوردستان، ئه‌و خۆشباوه‌ڕی و زیاد له‌ پێویست بڕوابوونه‌یه‌ به‌ ئه‌مه‌ریکا. ئه‌مه‌ریکا هه‌رگیز دۆستی که‌س نه‌بووه‌ و نییه‌ و ناشبێت. نه‌ به‌ڵێنی هه‌یه‌ و نه‌ دڵسۆزی هیچ که‌سێکه‌ و نه‌ به‌زه‌یی به‌ که‌سیشدا دێته‌وه‌. ئه‌و وه‌دووی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیه‌وه‌یه‌تی. ئه‌مه‌ریکا له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا ده‌نۆڕێته‌ کورد و ئێستاش له‌ تاکه‌ یه‌ک لێدوانی ڕه‌سمی و باسێکی جیددی و دیپلۆماسیدا، وشه‌ی کوردستان یا کورد، به‌ زاری هیچ به‌رپرسێکیاندا نایه‌ت و وه‌ک گه‌لی عیراق و سنووره‌کانی عیراق و وڵاتی عیراق و لێقه‌ومانی عیراق، باس له‌ کوردستان ده‌که‌ن، ئه‌ویش بۆ کورد خۆی و که‌سێکی شاره‌زای ئه‌و ناوچه‌یه‌، که‌ نێوان دێڕه‌کان ده‌خوێنێته‌وه‌ و تێده‌گا، عیراق کوردیش ده‌گرێته‌وه‌، ده‌نا بۆ خه‌ڵکێکی ناشاره‌زا و دوور له‌ مێژوو و ڕه‌وشی ئه‌و ناوچه‌یه‌، هه‌رگیز ناتوانێ له‌وه‌ تێبگا، کورد، به‌شێکی گرنگی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ و سیاسه‌تیه‌تی. ئه‌مه‌ریکا له‌م وه‌رزی سه‌رهه‌ڵدانی داعشه‌دا، ئێستا و له‌یه‌ک کاتدا، چه‌ک ده‌داته‌ عیراق و کوردستان و هیچ گومانیشت له‌وه‌ نه‌بێت، له‌ په‌ناوپێچه‌وه‌ به‌ سوننه‌ و داعشیشی ده‌دات! ئه‌مه‌ریکا چه‌ک ده‌فرۆشێ، چه‌ک ده‌ئه‌زمووێ و مه‌به‌ستیشێتی هه‌رچی زۆرتره‌ و هه‌رچی زووتره‌، خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینی، ئیسرائیلی لێ ده‌رچێ، له‌کۆڵ بێته‌وه‌.
- سه‌رکرده‌یه‌تی کوردستان یا سه‌رکرده‌یه‌تییه‌کانی کوردستان، چونکه‌ له‌ ڕاستیدا یه‌ک سه‌رکرده‌یه‌تی نییه‌، هه‌میشه‌ ده‌که‌ونه‌ دوای ڕووداو و ده‌گلێنرێنه‌ نێو ڕووداو و دوای لێقه‌ومانه‌کانه‌وه‌، که‌ قه‌وما و ناقڕه‌ی گرتن، ئه‌وجا باس له‌ دانانی نه‌خشه‌ و کار و چاره‌سه‌ر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ ده‌که‌ن. پێشبینیی له‌کن ئه‌وان نییه‌! پێکهاتن و یه‌کخستنی هه‌ڵوێسته‌ جیاوازه‌کانی خۆیان و دانانی نه‌خشه‌ی پێشوه‌خت و هاوئاهه‌نگیی و ئاماده‌یی له‌کن ئه‌وان نییه‌! سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش، گه‌لێک بێمنه‌تانه‌ و له‌خۆباییانه‌، دێنه‌ گۆ و ڕه‌وتار ده‌که‌ن، که‌ ته‌واوی ئه‌و کرده‌یه‌، کاریگه‌رییه‌کی خراپ ده‌کاته‌ سه‌ر گه‌لی کوردستان و تۆوی بێبڕوایی و نابه‌رپرسیاریه‌تی و بێهووده‌یی و دوودڵی و نیگه‌رانی له‌نێو خه‌ڵکدا، دێنێته‌ گۆڕێ.
هه‌ویری کورد ئاوکێشه‌ و نیگه‌رانییه‌کان گه‌لێکن و به‌ چه‌ند دێڕێک نایه‌نه‌ کۆتا.


7 – 8 - 2014