ئه‌مڕۆی فه‌رهه‌نگ
و ڕه‌وشه‌نبیری کورد
رابه‌ر فاریق: ڕۆشنبیرانی كورد توانیویانه به كه‌ره‌سته‌ی
مۆدێرن و چه‌مكه جیهانییه‌كان دۆخی گشتیی ئیسته‌ی كوردستان بخوێننه‌وه و قه‌یرانه‌كان
به‌ره‌و چاره‌سه‌ر به كێش بكه‌ن؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: دۆزی گشتیی ئێستای كوردستان، یان هه‌ر جڤاكێكی دیكه‌ی ئه‌م جیهانه، ته‌نێ
به كه‌ره‌سته‌ی نوێ و چه‌مكی جیهانی ناخوێنرێنه‌وه و به‌ره‌و چاره‌سه‌ریش
نابرێن. له نێوان جڤاكه‌كاندا كۆمه‌ڵێك شتی هاوبه‌ش و لێكچوو هه‌ن، لێ سه‌د له
سه‌دیش وه‌كیه‌ك نین. تۆ ناتوانێت ته‌واوی كه‌ره‌سته و چه‌مك و فه‌لسه‌فه و ئیدیۆلۆگی
و دیدێكی گه‌وره فیلۆسۆفانی سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵناسی و ئابووریزانانی فرانسی، یا
ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی، كه بۆ جڤاكه‌كانی خۆیان به‌كاربراون و ده‌ستیانداوه و ده‌ستده‌ده‌ن،
بهێنیت و ڕێك به ڕاسته و میللیمیتر به سه‌ر جڤاكه‌كانی سۆمال، چین، ڕواندا، ئه‌فغانستان،
یا كوردستاندا بیانسه‌پێنیت و به‌و پێوه‌رانه كێشه و قه‌یرانه‌كانیان چاره‌سه‌ر
بكه‌یت. ساڵانێك كۆمه‌ڵگه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان و وڵاتانی ئیسلامی و كوردستانی
خۆشمان، به بێ ئه‌وه‌ی چ پێشه‌سازی و پێشكه‌وتنی ئابوورییان به خۆیانه‌وه
بینیبێ، یا چینێكی كارگه‌ری به‌هێزیان تێدا په‌یدا بووبێت، یا چینی بۆرژوازی و سه‌ر‌مایه‌داریی
گه‌یشتبنه پله‌ی ئه‌وه‌ی، كه له ڕۆژاوادا وه‌دی ده‌كران و هه‌بوون و ژیانی كۆمه‌ڵگه
و وڵات و مرۆڤیان داگیر كردبوو، یا ئاگایی مرۆڤی ئه‌و وڵاتانه و ڕاده‌ی هزرین و
دیدیان، نه‌ک ته‌نێ هی خه‌ڵکه هه‌ژار و چه‌وساوه و بنده‌ست و وه‌رزێر وڕه‌شایی و
کارگه‌ره‌که، ته‌نانه‌ت هی خه‌ڵکه ڕووناکبیر و خوێندووه‌که‌ش، گه‌یشتبێته ئاستی
وه‌لانانی ئاوه‌ز و بیر و شێوه‌ژیانی خێڵ و تیره و ڕه‌وه‌ندایه‌تی و شوانكاره‌یی
و سه‌ره‌تاییترین جڤاكی كشتوكاڵیی، باس له گۆڕینێكی توند و ڕاسته‌وخۆ و به تۆبزی
ده‌كرا، بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی سیاسیی وه‌ك ئه‌وه‌ی له سۆڤیێت و چین هه‌بوون، هه‌رچه‌نده ئه‌و جڤاکگه‌له‌ش بۆ خۆیان، به پێچه‌وانه‌ی
تیۆرییه‌که‌ی مارکسه‌وه، بووبوونه وڵاتگه‌لێکی سۆسیالیستی. یه‌مه‌ن نموونه‌یه‌ك بوو له ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسلامی و عه‌ره‌بی
و خۆرهه‌ڵاتی ناڤین‌دا، ئه‌ویش خۆی ڕانه‌گرت و هه‌ڵوه‌شایه‌وه. ئه‌فغانستانیش،
نموونه‌یه‌کی دیکه بوو له‌و ده‌ڤه‌ردا، ئه‌ویش، ڕێک وه‌ک عیراق، که چۆن له 2003دا،
به تانکی ئه‌مه‌ریکی "دیموکراتی" بۆ برا، به سه‌ره‌نێزه و تانکی
سۆڤیێت، سیستمی کۆمۆنیزمی بۆ برا، بۆیه ئه‌ویش خۆی ڕانه‌گرت. دیاره من خۆڕانه‌گرتن
و هه‌ڵوه‌شانه‌و‌ه‌ی ئه‌و تێزانه، به خۆڕانه‌گرتن و لاوازیی تێز و تێۆریی
ماركسیزم و کۆمۆنیزم نازانم، چونکه پێموایه ئه‌و کاته‌ی که موڵکییه‌تی تایبه‌تی
نامێنێت و سه‌رمایه‌داری وه‌ک سیستم هه‌ره‌س دێنێ، که ئه‌وه
ئامانج و مه‌به‌ستی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمه، ئه‌و کاته ئیدی مرۆڤ له کۆت و به‌ندی دارایی و سامان و مادده ڕزگار ده‌بێ
و وه‌ک مرۆڤ به‌ها و بوونی خۆی تێده‌گات و ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌وه‌ش کۆمۆنیزم و ئه‌نارکیزم
وه‌دی ده‌هێنن. هۆکاری تێداچوونی ئه‌و ڕێژیمانه یا سه‌رنه‌که‌وتنیان، من، له به
خراپ تێگه‌یشتن و خراپ خوێندنه‌وه و چه‌وت ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ
ڕه‌وش و واقیعی ئه‌و كۆمه‌ڵگه و وڵاتانه‌دا ده‌یبینم، ده‌نا من له‌و بڕوایه‌دام،
که پیاده‌کردنی سۆسیالیزم و یه‌کسانی و ده‌دوه‌ری له جڤاکگه‌لێکی وه‌ک ئه‌وانه‌ی
ئێمه‌شدا ده‌کرا و ده‌کرێ و کارێکی نه‌کرده نییه. ده‌كرێ تۆ چه‌مك و كه‌ره‌سته‌ی
نوێ بكه‌یته ده‌سگر و چاویلكه و چوارچێوه، بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیعی كوردستان،
به‌ڵام تۆ ناتوانێت ڕێك وه‌ك ئه‌و كه‌ره‌سته و چه‌مكانه واقیعه‌كه لێكبده‌یته‌وه
و بخوێنیته‌وه. تۆ ئه‌گه‌ر به‌و كه‌ره‌سته و چه‌مكانه‌ش واقیعی كوردستانت خوێنده‌وه،
ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، كه گه‌ره‌كه ئه‌و واقیعه بگۆڕیت، كه‌ره‌سته
و چه‌مكه‌كانی به‌كارت بردوون، چ بایه‌خێكیان نامێنێت. گرنگ گۆڕینی ئه‌و واقیعه
چه‌قبه‌ستووه به‌سته‌ڵه‌كئاسایه‌یه، من مه‌به‌ستم واقیعه هزری و جیهانبینییه‌كه‌یه.
ڕۆشنبیری كورد، گه‌لێ جار، دوای لێشاو و قه‌ره‌باڵغیی جیهانگه‌ری و بازاڕی
ئازاد و نۆلیبرالیزم كه‌وتووه، پێیوایه، به جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكانه
و گوتنه‌وه‌یان و خۆهه‌ڵواسین پێیاندا، ئیدی ده‌رگای هه‌موو گۆڕان و هه‌موو تازه‌ییه‌كانی
جیهان له‌به‌رده‌میدا واڵا ده‌بێ. كه‌سانێك تا دوێنێ، كه ده‌یانویست كوردستان بكه‌ن
به كۆپێیه‌كی سۆڤیێت، یا چین، یا ئه‌لبانیا، ئه‌وڕۆ ئه‌وانن، كوچك له ئاگر گه‌رمتر،
بانگاشه‌ی سه‌رمایه‌داری و بازاڕی ئازاد ده‌كه‌ن. ئه‌وێ ڕۆژێ به كه‌ره‌سته و چه‌مكی
ماركسیزم، باسیان له گۆڕینی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی كورد ده‌كرد، ئه‌مڕۆ به
نۆلیبرالیزم و بازاڕی ئازاد و سه‌رمایه‌داری و کۆمپانیا و مه‌یخانه و قومارخانه و
سیتی و مۆڵ و به‌رزه‌هوتێل، گه‌ره‌كیانه جڤاكی كورد بگۆڕن، که ئه‌وه گۆڕین
نییه، به‌ڵکه ته‌نێ گیرفاپڕکردن و لاساییکردنه‌وه‌یه. بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یران و
كێشه‌كان، هیچ جۆره چه‌مك و ئامراز و كه‌ره‌سته‌یه‌كی سیحرامێز نییه، كه
بتوانێت ده‌سبه‌جێ و یه‌كودوو، كێشه نه‌هێڵێت و قه‌یران له‌ناو ببات. گه‌وره
ڕووناکبیرانی کوردیش، ئه‌گه‌ر هه‌بووبن یا هه‌بن، وه‌ک به‌شێک له ڕووناکبیرانی
جیهان، هه‌رگیز ڕێبه‌ریه‌تیی بزاڤی جڤاکیی سه‌رکه‌وتوویان له کۆمه‌ڵگه‌ی
کوردستاندا نه‌کردووه و به‌وه‌ش، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که، هادی ئه‌لعه‌له‌وی(هادي
العلوي) گوته‌نی:" ڕووناک‌بیری گه‌وره له هه‌مان کاتدا سیاسییه‌کی دۆڕاوه"
با چه‌مکی جیهانی و ئامرازی نوێیش به‌کار ببه‌ن.
رابه‌ر فاریق:
باشه كه چه‌مك و ئامراز و كه‌ره‌سته‌كان نه‌توانن ده‌سبه‌جێ، یان به شێنه‌یی و
قۆناغ به قۆناغ قه‌یرانه‌كان له نێو ببه‌ن، یان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر به كێشیان
بكه‌ن، ئه‌دی چی ده‌توانێ، یان كۆمه‌كمان ده‌كا؟ ئه‌مه به نیسبه‌ت دۆخی گشتیی
كوردستان. ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه بكه‌ینه تایبه‌ت و بپرسین، ئه‌دی له هه‌مبه‌ر پرسه
فه‌رهه‌نگی و ڕۆشنبیرییه‌كانی خۆیاندا چی‌یان كردووه، چی ده‌بێژی؟
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی: له‌نێوبردنی قه‌یران و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی جڤاک،
ته‌نێ به چه‌مک و که‌ره‌سته و ئامرازی نوێ ناکرێن و ته‌نێ ئه‌وانه مه‌رج نین بۆ
گۆڕین، به‌ڵکه پێش هه‌ر شتێک به خه‌ڵک، به مرۆڤ ده‌کرێن. مرۆڤیش پێش هه‌ر شتێک هۆشه،
ئاوه‌زه، هزره، ئه‌وانه‌ش له زه‌وینه و که‌ش و ژینگه‌یه‌کی ئازاد‌دا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن،
مه‌به‌ستم زه‌وینه و ژینگه‌ی مێشکی مرۆڤ خۆیه‌تی. مرۆڤ، تا مێشکێکی کراوه‌ی به
ڕووی هه‌موو بیر و دیدیکی ئازاد‌دا نه‌بێت و گومان له هه‌موو ڕاستی و جێگرتوو و چه‌سپاوییه‌ک
نه‌کات و هه‌موو دیارده و په‌یڤ و وشه و هزر و فه‌لسه‌فه و جیهانبینییه‌ک نه‌خاته
ژێر پرسیاره‌وه، ناتوانێت خۆی به خودانی مێشکێکی کراوه و ئازاد بزانێت، وه‌ها
مێشکێکیش، مێشكێکی داخراو، هه‌رگیز ڕه‌ها نابێت و ئاوه‌ز و هۆش و هزری گۆڕینوه‌دیهێنه‌ر
وه‌به‌رهه‌م ناهێنێت. که‌واته ڕه‌هابوونی مێشک، ڕه‌هابوونی بیرکردنه‌وه دێنێته
ئاراوه و به‌وه‌ش ڕه‌هابوونی هۆش و هزر دێته گۆڕێ، ئیدی ئه‌وده‌م ئه‌و مرۆڤه
هۆشیاره هزرمه‌نده ئاوه‌زداره توانستی قه‌بووڵکردن و به‌کاربردنی هه‌موو جۆره
چه‌مک و ئامراز و که‌ره‌سته‌یه‌کی نوێی لا په‌یدا ده‌بێ و به شێوه‌یه‌کی دروست به‌کاریان
ده‌بات. باسی نوێبوونه‌وه له ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی نه‌ک هه‌ر کورد، به‌ڵکه
فارس، عه‌ره‌ب، تورک، به‌نگالی، هیندی، ئه‌مازیغی و...بنه‌مایه‌کی خۆیی و خۆڕسکی
نییه و به کاریگه‌ریی ڕۆژاواوه گه‌یشتووه‌ته نێو ئه‌و جڤاکانه‌وه. ئێمه که
بڕوامان به تێکه‌ڵاوی و کارلێکردن و دان و ستاندن و گۆڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگه‌کانی
جیهان هه‌بێت، تا ڕاده‌ی به‌یه‌کبوونی فه‌رهه‌نگ، ئه‌وده‌م کاریگه‌ریی ڕۆژاوا کارێکی
سروشتییه، لێ ئه‌وه‌ی ده‌بێ بگوترێ ئه‌مه‌یه: ئه‌و نوێبوونه‌وه‌یه له ژینگه و
که‌شێکی کوردی‌دا بۆ خۆی دروست نه‌بووه. نوێبوونه‌وه له فه‌رهه‌نگدا، له گۆڕینی
کۆمه‌ڵگه‌وه په‌یدا ده‌بێ. له گۆڕینی پێوه‌نده جڤاکییه‌کان و گۆڕینی ئامرازه‌کانی
به‌رهه‌مهێنان و پیشه‌سازی و ژێرخانی ئابووری و که‌شی سیاسی و ته‌واوی ئه‌وانه‌وه
سه‌رهه‌ڵده‌دات و به‌نده به‌و ژینگه‌یه، که مرۆڤی تێدا ده‌ژی. مرۆڤ زاده‌ی
ژینگه جڤاکییه‌که‌یه‌تی به خێزان و هۆز و چین و توێژ و ده‌وروبه‌رییه‌وه. به
هۆش و ئاوه‌زێکی شوانکاره‌یی و خێڵه‌کی، نوێبوونه‌وه وه‌به‌رهه‌م نایه‌ت. خۆراوا،
دوای شکاندنی هه‌موو دیوار و بازنه‌کان، که چوارده‌وری هزریان ته‌نیبوو، هزریان
ئازاد کرد، ئیدی ڕه‌هابوونی هزر، ته‌واوی نوێبوونه‌وه‌کانی له بواره جیاوازه‌کانی:
ئایین، که‌له‌پوور، جڤاک، زمان، ئازادی تاک، کۆمه‌ڵگه، ئازادی گه‌ڕان و گه‌شت و
منه‌کردن و پشکنین، ئازادی پرسیار و ڕامان، ئازادی ڕاده‌ربڕین، مرۆڤ، باسی خوا و
فه‌رهه‌نگی، وه‌دووی خۆدا هێنا. مارکس، فێرمان ده‌کات، که هێزی نوێبوونه‌وه، تازه‌گه‌ری،
به گوێره‌ی دیالێکتیک، له کۆڵه‌که و پایه و بنه‌ماکانی بزاڤی مێژووه. نوێبوونه‌وه‌ی
فه‌رهه‌نگ به هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه، شتێک نییه به‌ده‌ر و دابڕاو، له
نوێبوونه‌وه و گۆڕینی جڤاک، له بواره‌کانی سیاسی و ئابووری و هه‌موو لایه‌نه‌کانی
دیکه‌ی ژیان. ساڵانی 1970کانی سه‌ده‌ی پێشوو، فه‌رهه‌نگی کوردییش، به چیرۆک و شیعر
و شانۆ و په‌خشان و شێوه‌کاری و...گۆڕانێکی به‌خۆیه‌وه بینی و ته‌کانێکی دا، ئه‌ویش
تۆ ناتوانی بێژی، که هه‌روا و له خۆڕا و بێ پێشینه و به بڕیارێک، وه‌ها کارێک
ئه‌نجام درا، نه‌خێر، هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی کورد، به کاریگه‌ریی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی
و شیعر 69ی ئه‌دۆنیس و به‌یانه شیعرییه‌که‌ی فازیل ئه‌لعه‌ززاوی(فاضل العزاوي)
و...بوو، لێ ئه‌وده‌مه، جیهان به گشتی، به شه‌پۆلێک گۆڕاندا تێپه‌ڕی و تێده‌په‌ڕێ
و ژان ده‌یگرت و ده‌هه‌ژا. ئه‌وده‌م، بزاڤی چه‌پ و مارکسیزم، ماویزم و شۆڕشه فه‌رهه‌نگییه‌که‌ی
چین، جیهانیان ته‌نیبووه، ئه‌وده‌م گیڤارا ڕابوو و شۆڕشی گه‌یانده لوتکه و به
شه‌هیدبوونیشی مێژووی هه‌تاهه‌تایی پێکنه‌هاتنی چه‌وساوه و چه‌وسێنه‌ری دروستکرد
و بوو به چرایه‌ک بۆ ڕۆشنکردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی مرۆڤایه‌تی به‌ره‌وه جیهانێکی
سۆسیالیستیی بێ چێن و بێ چه‌وسانه‌وه و پیرۆزیی دایه به‌ها و بیروباوه‌ڕه‌کانی،
که ئاواتی ته‌واوی گشت چه‌وساوانی جیهانی وه‌خۆ گرتبوو. ئه‌وده‌م خوێندکارانی
فرانسا دژی سه‌رمایه‌داری و نادادی و ناڕه‌وایی و بۆ ئازادی، هه‌موو ئازادییه‌ک،
ڕابوون. ئه‌وده‌م ڕووناکبیرانی عه‌ره‌ب، گۆمه مه‌نگه وه‌ستاوه‌که‌ی فه‌رهه‌نگی
عه‌ره‌بییان شڵه‌قاند. کوردیش، یا ڕاستتر، ڕووناکبیر و لاوانی کورد، وه‌ک زایه‌ڵه‌یه‌ک
به دوای ئه‌واندا و به چاولێکه‌ریی ئه‌وان، نووزه‌یه‌کیان لێوه‌هات و جووڵه‌یه‌کیان
کرد و که‌وتنه پرسیارکردن و گومان و عه‌وداڵی ڕاستییه‌کان بوون و وه‌دووی چاره‌سه‌ر
و وه‌رامدا، که‌وتنه هه‌نگاونان. مرۆڤی
کوردستانیی به هه‌زار دا‌و و کۆتی دزێوه‌وه، توند شه‌ته‌ک دراوه و سه‌رخانه
هزرییه‌که‌شی، سه‌رخانی وڵات و جڤاکه‌که‌ی، بۆ خۆی به‌شێکه له‌و کۆت و داوانه و
بۆ خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ری کۆت و داوه و بۆ خۆی سه‌پێنه‌ری داخراوییه. شکاندنی ئه‌و
کۆت و داوانه، گه‌ره‌که به سه‌ر لاشه‌ی سه‌رخانه هزرییه‌کدا بڕوات،که فه‌رهه‌نگ،
به‌شێکی سه‌ره‌کی و گرنگی ئه‌و سه‌رخانه‌یه. له‌گه‌ڵ هه‌ڵته‌کاندن و گۆڕینی ژێرخانه
ئابوورییه‌که، سه‌رخانه‌که‌ش ده‌گۆڕێ و فه‌رهه‌نگێکی نوێ به‌ره‌به‌ره خۆی ده‌سه‌پێنێت.
هه‌رچه‌نده له بواری فه‌رهه‌نگییشدا، گه‌لێک جاران، چه‌مک و که‌ره‌سته و
ئامرازی نوێ، به‌کار ده‌برێن، لێ هێشتاکه فه‌رهه‌نگی کوردی نه‌یتوانیوه له ئاست
پرسه هزرییه مه‌زنه مێشکخجڵکار و مێشکجووڵێنه‌ر و هه‌ژێنه‌کاندا، ڕاشکاوانه خۆ
ده‌رخات و بێته مه‌یدانه‌وه. ژینگه‌یه‌کی کراوه و که‌شێکی ته‌واو ئازاد، که
مرۆڤ خۆی تێیدا ببێته سه‌رچاوه‌ی هه‌موو هزر و به‌هاکان، تاکه مه‌رجێکه بۆ ڕه‌هاکردنی
بیر و ئازادی بیرکردنه‌وه و هه‌موو نوێبوونه‌وه و داهێنانێک.
رابه‌ر فاریق: ڕۆشنبیرانی كورد ده‌زانن بیر له چی ده‌كه‌نه‌وه
و له پشت بیركردنه‌وه‌كانیاندا چ مه‌به‌ستێ خۆی نواندووه؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی كورد پێیان ده‌ڵێ ڕۆشنبیر، چ جۆره پێوه‌ندێكیان
به ڕۆشنبیرییه‌وه نییه، به‌ڵکه "دابه‌زیوی هوتێلی ڕۆشنبیرین"، دیاره
كورد گه‌لێك جاران جیاوازیی له نێوان ڕووناكبیر و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وان و نوشته‌نووسدا
ناكه‌ن و ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌می به ده‌سته‌وه بێت و چوار وشه بخاته سه‌ر كاغه‌ز،
ئیدی هه‌مزاغایه و ناوی ڕووناكبیری لێ ده‌نێن، نه‌ک هه‌ر خه‌ڵک، ته‌نانه‌ت بۆ
خۆیشی ئه‌و ناوه له خۆی ده‌نێ و به خۆی ده‌ڵێ "مامۆستا" و له بنه‌وه‌ی
ناوه‌که‌ی ده‌نووسن"ڕووناکبیر"، ئه‌و نه‌ک هه‌ر شه‌رم ناکات به‌ڵکه به‌وه
گه‌لێک که‌یفی سازه و بسکه‌ی سمێڵیشی دێت. جاران له هه‌ولێر، هه‌ر كه‌سێك
پانتۆڵی له پێ كردبا، پێیان ده‌گوت مامۆستا، له شامیش به هه‌موو که‌س ده‌ڵێن
ئوستاد"استاذ". ڕۆشنبیران، چ له كوردستان و چ له هه‌ر باژێڕستان و
گوندستان و خاكستان و قوژبنستانێكی ئه‌م جیهانه، هیج كات،گرۆیه‌كی یه‌كڕه‌نگ و یه‌كهزر
و یه‌كدید و یه‌كپه‌رۆش، پێكناهێنن، به‌ڵكه زۆرجاران هه‌ریه‌كه‌یان له ئاوازێك
ده‌خوێنێت و جۆرێك بیر ده‌كاته‌وه. زۆرێك له‌وانه‌ی كورد ناوی ڕووناكبیریان
لێناون، خه‌ڵكانێكن خۆیان به ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵواسیوه و له‌سه‌ر خوانی ده‌سه‌ڵات
ده‌له‌وه‌ڕێن و په‌سنی ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن و له خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدان و چاویان له‌دووی
پاره و پووڵ و گیرفانپڕكردن و سامان و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه و پاسه‌وانیان به
دواوه‌یه‌وه و چه‌كداری حیزب ده‌یانپارێزێ و نۆره‌بڕیی ڕیزی دۆكتۆر و خوێندنگه و
ئه‌له‌كتریك و ئاو و ئازووقه و زانستگه و ئۆتۆمبیل و زه‌وی و خانوو و باخ و
مووچه‌ی خانه‌نشینانه و شه‌هیدانه و ئه‌نفالانه و سه‌رکه‌ژانه و نێودۆڵانه و
زیندانانه و بندیوارانه و هه‌موو شتێك، له خه‌ڵكی ئاسایی وڵات ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر
پێیان بكرێت نانی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه ده‌بڕن، ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی كیسه‌ی خۆیان پڕ
بێت. ئه‌و جۆره ڕۆشنبیرانه، كه‌سانێكن بیركردنه‌وه و مه‌به‌ستیان تێركردنی زگ و
به‌رزگ و ئاره‌زووه ئاژه‌ڵییه‌كانی خۆیانه و ئه‌گه‌ر جاروبارێكیش ده‌م له بابه‌تێك
بكوتن و خۆ له قه‌ره‌ی باسێك بده‌ن و قسه‌یه‌ک بگوڵمێنن، ئه‌وه هه‌ر بۆ مه‌به‌سته
تایبه‌تییه كه‌سه‌كییه‌كانی خۆیانه، ئه‌وانه خه‌ڵكانێكی تاریكبیر و خۆفرۆش و
مشه‌خۆرن، چونكه ڕۆشنبیر، كه قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی فرۆشت و بوو به مه‌یموونی ده‌سه‌ڵات
و بوو به زوڕناژه‌نی ده‌سه‌ڵات و حیزب، ده‌كاته ئه‌وه‌ی ته‌نێ بیر له خۆی ده‌كاته‌وه
و ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر پاره‌دار و سه‌رمایه‌دار و چاوچنۆكێكی دی، هه‌ر خۆی مه‌به‌سته.
دیاره به‌رانبه‌ر ئه‌و جۆره ڕووناكبیره، جۆرێكی دیكه هه‌یه، كه ڕاستگۆیه و
له‌گه‌ڵ ده‌رد و ئازاری خه‌ڵك و وڵاته‌كه‌یدایه و هه‌میشه‌یش هه‌ڵگری چرای ئازادی
و ڕزگاری و یه‌كسانی و دژی چه‌وسانه‌وه‌یه و هانده‌ری گۆڕینه. ئه‌مانه بیر له
گۆڕینی جڤاك ده‌كه‌نه‌وه و مه‌به‌ستیانه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندووی خاوه‌ن ئاوه‌ز
بئافرێنن، كه خه‌ڵك به مێشكی خۆی بیر بكاته‌وه و كه‌س له بری كه‌سێكی دیكه
بیر نه‌كاته‌وه.
رابه‌ر فاریق: له نێو ڕۆشنبیرانی ئیسته‌ی كوردستاندا
كۆمه‌ڵێك گرووپ ئاماده‌ییان هه‌یه، ئێمه ده‌توانین بڵێین ئه‌مانه بنه‌مایه‌كی
ته‌ندروستیان هه‌یه بۆ درێژه‌دان به كاره‌كانیان؟ بۆچی ئه‌م گرووپانه هه‌ر ده‌مێك
و كه‌سێك وه‌ك (ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی كورد)، یا (شاعیری گه‌وره‌ی كورد) ده‌ناسێنن؟ ئه‌م
(گه‌وره‌ییـ)ـیه ده‌سته‌واژه‌یه‌كی لۆژیكییه، یان هه‌ڕه‌مه‌كیی؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: خه‌ڵكی جیاواز له نێو ڕووناكبیرانی كوردستاندا هه‌ن، به‌ڵام كه‌مجاران وه‌ك
ده‌سته و گرۆ ئاماده‌ییان هه‌بووه. سه‌رده‌مانێك ڕوانگه‌ییه‌كان و سه‌رده‌مانێك
ماركسیسته‌كان و سه‌رده‌مانێك بوونگه‌راییه‌كان (وجوودییه‌كان) و سه‌رده‌مانێك ڕه‌هه‌ندییه‌كان
و پۆستمۆدێرنیسته‌کان هه‌بوون و هه‌ن. بوونی ئه‌م جۆره گرۆیانه دیارده‌گه‌لێكی
ناساغ و ده‌رده‌دار و نه‌خۆش نه‌بوون و نین، به‌ڵكه به پێچه‌وانه‌وه، دیارده‌ی
له‌شساغی و گه‌شیی و ئافراندن بوون و هه‌ن. فه‌رهه‌نگ و هزر، به فره‌ڕه‌هه‌ندی و
جیاوازی و گه‌نگه‌شه و فره‌ڕه‌نگیی، بنه‌مایه‌كی ته‌ندروست بۆ جڤاكێكی ته‌ندروست و
زیندوو ده‌سازێنێت. ئه‌وه‌ی، كه به كه‌سێك بگوترێ "ڕۆشنبیری گه‌وره‌ی
كورد" یا "شاعیری گه‌وره‌ی كورد"، هه‌رگیز ده‌سته‌واژه‌یه‌كی
لۆگیكی نییه و زۆریش ناڕاسته. ئه‌م ڕۆشنبیری گه‌وره و شاعیری گه‌وره‌یه، هه‌ر
له فه‌رهه‌نگه‌لێكی به‌جێماوی وه‌ك فه‌رهه‌نگی كورددا وه‌دی ده‌كرێ و زۆرجاران
حیزب دروستی ده‌كات و به گوێی خه‌ڵكیدا ده‌دات. چما ڕووناكبیر و شاعیر پله‌ی له‌شكریین،
كه له مولازیمی دووه‌مه‌وه ببنه مولازیمی یه‌كه‌م و له مولازیمی یه‌كه‌مه‌وه
ببنه نه‌قیب و له نه‌قیبه‌وه ببنه ڕائید و له ڕائیده‌وه ببنه موقه‌دده‌م و
له موقه‌دده‌مه‌وه ببنه عه‌قید و دواتر عه‌مید و لیوا و فه‌ریق و مارشاڵ و...
تا دوایی! تۆ ئه‌گه‌ر نازناوی "ڕووناكبیری گه‌وره"ت دایه فڵان و "شاعیری
گه‌وره"ت دایه فڵانی دیكه، ئه‌دی ئه‌و ڕووناكبیر و شاعیره‌كانی دیكه چی
لێ ده‌كه‌یت و چ پله‌یه‌كیان ده‌ده‌یتێ! خۆ ناشێ ناوی "ڕووناک‌بیری
بچووک" و "شاعیری بووده‌ڵه" و "ڕۆشنبیری خوێڕیله" و
"چیرۆک‌نووسی گه‌مژه"یان لێ بنێی. ڕووناكبیر له جیهان و ته‌مه‌نی
مرۆڤدا زۆربوون و زۆرن، به‌ڵام كامیان هێنده‌ی ڕێبه‌را‌نێکی وه‌ک عیسای مه‌سیح و په‌یامبه‌ری
ئیسلام و ئیمام عه‌لی و فیلۆسۆفێکی وه‌ک ماركس، نۆره‌یان له‌سه‌ر هزری مرۆڤ بینیوه
و خه‌ڵكیان به خۆوه سه‌رگه‌رم كردووه و خه‌ڵكیان وه‌دووی خۆدا بردووه! من به
پێچه‌وانه‌ی زۆری دیکه‌وه، که ته‌نێ وه‌ک بانگده‌ر و بانگه‌شه‌کارێک سه‌یریان ده‌که‌ن،
عیسا و موحه‌ممه‌د و عه‌لیم، بێجگه له ڕێبه‌ریه‌تی پێ ڕووناکبیریشن، ئه‌وان
ڕوونابیرگه‌لێکی جڤاکین، که له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌دا ژیاون و کرده‌ی گۆڕینی جڤاکیان به
ئه‌رکی خۆیان زانیوه و پیاده‌یان کردووه.
تۆ نا‌توانیت ته‌نێ ئه‌وان به گه‌وره و كه‌ڵه‌ڕووناكبیر بزانیت و پله‌ی مارشاڵیان
بده‌یتێ و هیگڵ و برتره‌ند ڕه‌سڵ و سارتر و ئیدوارد سه‌عید بسڕیته‌وه یا پله‌ی
مولازیمی دووه‌میان بده‌یتێ. ڕووناكبیر یا شاعیر هه‌ریه‌كه و له بوارێكدا ڕه‌نگه
پێشه‌نگ بێت، لێ له هه‌مان كاتدا ڕووناكبیرێكی دیكه و شاعیری دیكه‌ش هه‌ن، كه
به جۆرێكی دیكه پێشه‌نگن. به‌شینه‌وه‌ی ئه‌و نازناو و گه‌وره‌ییانه، نه
ڕووناكبیر و نه شاعیر، ناكاته پله یه‌ك و گه‌وره‌ییان پێ نابه‌خشێت، ئه‌گه‌ر بۆ
خۆیان، به به‌رهه‌م و هزر و داهێنانه‌كانیان، گه‌وره نه‌بن! ڕووناكبیری ڕاسته‌قینه
و گه‌وره، كه‌سێكه داهێنه‌ر، كه‌سێكه پێشبینی ده‌كات و داهاتوو ده‌خوێنێته‌وه
و ده‌بینێت، ئایا له نێو كورددا، له‌و جۆره ڕووناكبیره هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر هه‌شبێ،
گه‌لێک ده‌گمه‌نه و له‌به‌ر "ڕووناکبیرانی" مشه‌خۆر و کاسه‌لیس، که‌متریش
وه‌به‌رچاوان ده‌که‌وێ.
رابه‌ر فاریق: كه‌سانێك هه‌ن زۆر به داخراوه‌یی و
سانایی پێكهاته و لایه‌نه‌كانی مه‌جازیی ده‌ق هه‌ڵده‌سه‌نگینن، به واته‌یه‌كی
تر: ته‌نیا ده‌ڵێن (ئه‌م ده‌قه جوانه)، (ئه‌م ده‌قه ناشیرینه)، به بێ ئه‌وه‌ی
بپرسن: بۆچی جوانه؟ بۆچی ناشیرینه؟ هۆكاری ئه‌م جۆره هه‌ڵسه‌نگانانه بۆ چی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: نه‌ك هه‌ر ده‌ق، به‌ڵكه هه‌موو نووسینێك، داهێنانێك، دیارده‌یه‌ك،
ڕووداوێك، بۆچوونێك یا هه‌ر شتێكی ئه‌م ژیان و جیهانه، كه تۆ ده‌یبینی، ده‌یبیسی،
ده‌یخوێنییه‌وه، ئاگات لێیه، كه مه‌به‌ست ئه‌وه بێت تۆ بیر و دید و ڕای خۆتی
له سه‌ر ده‌ربڕی، تۆ نا‌توانیت به یه‌ك وشه، جوانه یا دزێوه، باشه یا خراپه،
خۆشه یا ناخۆشه، گه‌ماره یا خاوێنه، هه‌روا سه‌رپێی، وه‌رام بده‌یته‌وه، به‌ڵكه
گه‌ره‌كه، هه‌موو لایه‌نه‌كانی ئه‌و گوتنه‌ی خۆت ڕوونبكه‌یته‌وه و بێژی بۆچی
وایه یا بۆچی وانییه. ئه‌وه‌ی هه‌روا خێرا و بێ هه‌ڵسه‌نگاندن و وردبوونه‌وه و
ده‌سبه‌جێ مۆری دزێویی یا ڕه‌نگینیی به ده‌قیکه‌وه بنێ، به تایبه‌ت ده‌قێکی سه‌نگین،
پێموایه جۆره په‌له‌کردنێک له بڕیاره‌که‌یدا هه‌یه، که نیشانه‌ی ته‌نکیی
بیرکردنه‌وه و هه‌ناسه‌سواریی پێوه دیاره. ده‌قی جوان و باش و ده‌قی نه‌باش و
دزێو، گرێدراوی كاریگه‌ری و نۆره‌یانن له‌سه‌ر مرۆڤ. ده‌قی جوان، په‌خشکردنی به‌رامه
و ده‌مکردنه‌وه‌ی گوڵه و جووڵه‌یه و بزاوته و نه‌سره‌وتنه و به‌خشینی شتێكی
نوێیه به جیهان و مرۆڤایه‌تی. ده‌قی جوان، شکاندنی به‌سته‌ڵه‌ک و کردنه‌وه‌ی
ڕێچکه‌ی نوێ و کردنه‌وه‌ی ده‌لاقه و ده‌رگای نوێیه.
رابه‌ر فاریق: كه‌نگێ ده‌توانین بڵێین ئه‌م نووسراوه
(زاره‌كییه) و ئه‌ویدی به (نووسراوكراو)ه؟ هاوكات ئه‌و ڕه‌خنه‌یه (بنیاتنه‌ر)ه
و ئه‌ویدیكه (ڕوخێنه‌ر)ه؟ ئه‌م دابه‌شكردن و هه‌ڵسه‌نگاندنانه له چییه‌وه سه‌رچاوه‌یان
گرتووه، هاوكاتیش؛ كه‌نگێ و بۆچی ده‌توانیین ئه‌م پرسیار و پێودانگانه ده‌رببڕین؟
ئه‌گه‌ر پێویستیش نییه باسیان لێوه بكه‌ین، هۆكاره‌كان كامانه‌ن؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: ئه‌ده‌بی زاره‌كی، ئه‌و ئه‌ده‌به‌یه، كه له‌سه‌ر زمانی خه‌ڵك بووه و ده‌ماوده‌م
له نه‌وه‌كانی پێشووه‌وه گه‌یشتووه‌ته نه‌وه‌كانی دواتر. ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ
فۆلكلۆر، ده‌كه‌وێته ئه‌و خانه‌یه‌وه. لاوێك هه‌ستی خۆی به‌رانبه‌ر به كچه
چاوباشقاڵه جوانكیله‌كه‌ی هاوسێی، له چه‌ند وشه‌یه‌كدا، كه جوانیی ئه‌و كچه و
حه‌زی ئه‌و لاوه، وای لێكردوون ببنه وشه‌گه‌لێكی كێشدار و سه‌روادار و جۆره
ڕیتم و ئاوازێك هه‌ڵگرن و ببنه شیعر، ده‌ربڕیوه و ئه‌و شیعره ده‌ماوده‌م بڵاو
بووه‌ته‌وه و ئیدی به‌و جۆره ده‌یان و سه‌دان له‌و شیعرانه خڕبوونه‌وه و له
سه‌رجه‌می ئه‌وانه و له‌و چیرۆكه ئه‌فسانه‌ییانه‌ی، پڕبوون و پڕن له باسی دێ‌و و
درنج و جنۆكه و مێرده‌زمه و چه‌ته و دز و قاره‌مان و جه‌نگگێڕ و هه‌مووده‌م
گێڕدراونه‌وه و له‌و فۆلكلۆره‌ی پێوه‌ندیان به هه‌ندێك بۆنه و نه‌ریت و ڕێساوه
هه‌بووه، وه‌ك: كاروباری كشتوكاڵ و ژیانی ئاوایی و دره‌و و ساوه‌ركوتان و
مانگادۆشین و ئاودێری و بێری و هه‌ندێك بۆنه‌ی ئایینی، مانه‌ندی ئاهه‌نگی جه‌ژنان
و مه‌ولوودنامه و شه‌وی به‌رات و هێلكه‌ڕه‌نگكردنی ئێزدیان و جماتی یارسانییان و
مردن و چه‌مه‌ره و شیوه‌ن و بڕێك بۆنه‌ی جڤاكیی وه‌ك: زه‌ماوه‌ند و بووكگواستنه‌وه
و له‌دایكبوونی منداڵ و خه‌ته‌نه‌كردنی كوڕان و ده‌یان بۆنه و نه‌ریتی دیكه، له‌وانه
هه‌موو ئه‌و ئه‌ده‌به زاره‌كییه خڕبووه‌ته‌وه. ئه‌م ئه‌ده‌به زاره‌كییه هه‌رچه‌نده
جوانه و له‌به‌ردڵانه و كاریگه‌ره و دڵخۆشكه‌ره، لێ مێشكگوشین و هونه‌ر و
ماندوبوونی تێدا به‌كار نه‌براوه، به‌ڵكه هه‌روه‌ك چۆن ده‌ربڕاوه و له زار
هاتووه‌ته ده‌ر، هه‌ر به‌و جۆره گه‌یشتووه‌ته ئێمه. ئه‌ده‌بی زاره‌كی، ده‌سپێك
و بێژه‌ری دیار نییه و كه‌سیش نازانێت، كه‌ی گوتراوه و كێ گوتوویه‌تی. هه‌رچی ئه‌ده‌بی
نووسراویشه، هونه‌ری تێدا به‌كار هاتووه و كه‌سێك پێوه‌ی ماندوو بووه و هونه‌ركاریی
تێدا كردووه و هه‌وڵیداوه به جوانترین شێوه بیخاته به‌ر دید و ده‌ستی خوێنه‌ر
و پێیدا چووه‌ته‌وه و هه‌ڵه‌گیری تێدا كردووه و مه‌به‌ستی بووه چی بنووسێت و
باسی چی بكات و هه‌ست و دید و جیهانبینی و هزر و ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه و كه‌سیه‌تیی
خۆی تێدا نواندووه، تا ئافراندوویه‌تی. ڕه‌خنه، ڕه‌خنه‌یه و ڕووخێنه‌ر و بنیاتنه‌ر
چ واتایه‌كی نییه. ئه‌وه‌ی تۆ و من و خه‌ڵكێك به ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ری ده‌زانین و
دایده‌نێین، ڕه‌نگه خه‌ڵكی ده‌سه‌ڵاتدار و نووسه‌ره هه‌ڵمش و مشه‌خۆره‌كانی ده‌وری
ده‌سه‌ڵات، به ڕووخێنه‌ری دابنێن و پێچه‌وانه‌كه‌یشی هه‌ر ڕاسته، ئه‌وه‌ی ئه‌وان
پێیان بنیاتنه‌ره، ڕه‌نگه لای خه‌ڵكی دیكه ڕووخێنه‌ر بێت. ڕه‌خنه خوێندنه‌وه‌ی
ده‌ق و هه‌ڵسه‌نگاندن و شیكردنه‌وه و لێوردبوونه‌وه و پێشاندانی هه‌موو هزر و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی
پشت نووسینی ئه‌و ده‌قه و لایه‌نه به‌هێز و لاوا‌زه‌كانی ئه‌و ده‌قه‌یه و ده‌قیش
له نووسه‌ره‌كه‌ی جوێ ناكرێته‌وه و ته‌واوی بیری نووسه‌ره‌که‌یه‌تی و نوسه‌ره‌که
خۆی و ڕه‌وشی و جیهانبینی، پیکهاته و کرۆکی ئه‌و ده‌قه‌ن و ده‌شێ نووسه‌ره‌كه‌یشی
وه‌ك ئافه‌رێنه‌ری ده‌ق، وه‌به‌ر ڕه‌خنه بكه‌وێت. ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی تۆ له منی
بگریت و من به دڵم نه‌بێت، تۆ ناوی ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ری لێ ده‌نێیت، من ناوی ڕه‌خنه‌ی
ڕووخێنه‌ری لێ ده‌نێم. ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی من له تۆی ده‌گرم، من ناوی بنیاتنه‌ری لێ
ده‌نێم، تۆش ئه‌گه‌ر پێت باش نه‌بێت، ناوی ڕووخێنه‌ری لێ ده‌نێیت. ڕه‌خنه‌ی
ڕووخێنه‌ر، ئه‌و جۆره ڕه‌خنه‌یه‌یه، كه پێوه‌ندی ته‌نیا به ئه‌ده‌ب و ده‌قه‌وه
نییه، به‌ڵكه له پێوه‌ندداریه‌تییشدا له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ڕۆژانه به‌كار
ده‌برێ و ده‌گوترێته‌وه، كاتێك یه‌كدی ده‌شكێننه‌وه و یه‌كدی سووك ده‌كه‌ن و نزم
ته‌ماشای یه‌كدی ده‌كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی لایه‌نی هه‌ستیاریی مرۆڤ لێكبدرێته‌وه و
شێوه‌ی دروستبوون و سروشتی مرۆڤ بخوێنرێته‌وه، به‌وه‌ی كه ناته‌واوییه‌كی له‌ش
یا هۆش ده‌كرێته نه‌نگی و هۆی گاڵته و لاقرتێ.
رابه‌ر فاریق: ڕه‌خنه‌گرانمان به‌ده‌ر له كاری خۆیان
(ڕه‌خنه‌گر)ی، (به‌دیل دۆزه‌ره‌وه)شن، پێت وایه ئه‌م دووانه گه‌ره‌كیان به كه‌سی
تایبه‌تمه‌ند و ئه‌كادیمیستی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێ؟ كه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بیی (ئه‌ڵته‌رناتیڤ)
ده‌خوازی؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: ڕه‌خنه‌گر، هیچ كاتێك مه‌رج نییه، ئه‌كادیمیست و خاوه‌ن بڕوانامه بێت.
ڕه‌خنه‌گری باش، خوێنه‌رێكی زیره‌ك و وردبین و بیرتیژ و شیكار و گومانكار و تژیی
پرسیاره و ئاسۆی دیتنی به‌رینتره و دوورتر ده‌بێنێت و دیوه شاراوه و نادیاره‌كانی
نێو ده‌قه‌كه ده‌بینێت و ئه‌وه‌ی له ده‌قه‌كه‌دا نه‌گوتراوه و نه‌نووسراوه، ئه‌و
ده‌یبینێت و ده‌یخوێنێته‌وه، كه ده‌قیش ده‌خوێنێته‌وه، له منی خوێنه‌ری
ئاسایی به‌رینتر و چڕتری ده‌خوێنێته‌وه و بیر له هه‌موو لایه‌نه‌كانی ده‌كاته‌وه،
لێ ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر بریت(به‌دیل)دۆزه‌ره‌وه‌ش بێت، چونكه ده‌قی
ئه‌ده‌بی چ بریتێكی نییه و ئه‌وه‌ی نووسراوه و بڵاو كراوه‌ته‌وه، خاس یا خراپ،
لاواز، یا به‌هێز، ئیدی بووه به هی خه‌ڵك و ده‌كرێ قسه‌ی له سه‌ر بكرێ و باس
بكرێ و ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێ.
رابه‌ر فاریق: بۆچی ڕه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی كاری له سه‌ر
نه‌كراوه، به شێوه‌یه‌ك كه سه‌رچاوه‌مان له‌مباره‌یه‌وه هه‌بێ، له كاتێكدا ده‌بوو
ئیسته زیاتر له جاران بایه‌خی پێ درابا، چونكه نائاماده‌ییی له ڕۆژگارێكی وه‌ك
ئه‌مڕۆدا، هه‌م بۆشایی و هه‌م قه‌یران و هه‌م ده‌رگه‌ی داخستنی سه‌رده‌مێكیشمان به
ڕوودا ده‌كاته‌وه؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: ڕه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی، یان ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریی، بوارێكی گه‌لێك
فراوان و به‌رینه و پێویستی به قووڵبوونه‌وه‌یه‌كی زیاتر و بایه‌خپێدانێكی زۆر و
جیددی هه‌یه، به خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی جیاواز و نووسه‌ری جیاواز و بواری جیاواز و
ژینگه‌ی جیاواز و به باڵاگرتنی ده‌قی نووسه‌رێكی سه‌ر به زمان و نه‌ته‌وه و
وڵاتێك، به ده‌قی نووسه‌رێكی دیكه‌ی وڵات و نه‌ته‌وه و زمانێكی جیاواز. به
باڵاگرتنی چیرۆكیك به چیرۆكیكی دیكه و شیعرێك به شیعرێكی دیكه و نووسه‌رێك به
نووسه‌رێكی دیكه، یان به‌رواردكردنی داهێنانێكی ئه‌ده‌بی به كارێكی هونه‌ری وه‌ك
فیلم، شانۆیی، مۆسیقا و شێوه‌كاری. ته‌واوی ئه‌و به‌راوردكارییه ده‌شێ، له نێوان
نووسه‌رێك یا ده‌قێكی كوردیدا و نووسه‌ر و ده‌قێكی ناكوردی و سه‌ر به ژینگه و
زمانیكی دیكه‌دا بكرێت. هه‌ندێ جاریش وه‌ها به‌راوردێك له نێوان نووسه‌ر و ده‌قی
یه‌ك زماندا، به‌ڵام سه‌ر به ژینگه و فه‌رهه‌نگ و وڵاتی جیاوازدا ده‌كرێت، بۆ
نموونه مه‌غریب و سووریا(زمانی عه‌ره‌بی)، ئه‌مه‌ریكا و نیوزیلاند (زمانی
ئینگلیزی)، كۆنگۆ و توونس و فرانسا (زمانی فرانسی)، ئێران و تاجیكستان و ئه‌فغانستان
(زمانی فارسی). وه‌ها كارێك زمانزانین و چێژی ده‌وێ. نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی به‌راوردكاری،
بۆشاییه‌ك ده‌سازێنێت، به‌ڵام مه‌رج نییه ببێته هۆی قه‌یران و ده‌رگه‌داخستن به
سه‌ر سه‌رده‌مێكدا. ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریی و ڕه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی، بۆ خۆی وه‌ك
به‌شێك له ئه‌ده‌ب و چالاكیی ئه‌ده‌بی، گه‌لێك كۆن نییه، هه‌موو ئه‌و خوێندنگه
و ڕێبازانه‌ی، كه به ڕێبازی فرانسی و ئه‌مه‌ریكی و ئه‌ڵمانی و... ناسراون،
كۆنترینیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، واته: ساڵانی 1800ه‌كان.
له نێو ئه‌ده‌بی كوردیدا، ڕه‌خنه‌ی به‌راوردكاریی ژانرێكی نوێیه، پێموایه نووسه‌ر
و ڕه‌خنه‌گری كورد، هێنده خۆی له قه‌ره‌ی نه‌داوه و به سه‌ری نه‌كردووه‌ته‌وه.
ئه‌وه نابێته هۆی ماڵوێرانیی كورد و پووكانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی، لێ هه‌بوونی،
ته‌كانێكی به‌هێز به ئه‌ده‌بی كوردی و ناساندنی به جیهانی ده‌ره‌وه ده‌دات و ده‌كات.
رابه‌ر فاریق: له ئیسته‌دا، داهێنان و ڕیكلام هاوئاستن
له خستنه‌ڕووی ئاستی ده‌ق له كوردستاندا، به‌ڵام ئه‌و ڕیكلامه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه
دابه‌شبووه به سه‌ر خوێنه‌ر و ڕاگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی حیزبه‌كان. بۆئه‌وه‌ی
نووسه‌ری ئیبداعكار پردێك دروست بكات، بۆ به یه‌كترگه‌ییشتنی داهێنان و ڕیكلام،
ئه‌وه چییه له وه‌ها وه‌ختێكدا ده‌بێت به كۆمه‌كاری ته‌ندروست؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: داهێنان و ڕیكلام دوو شتی جیاوازن و هه‌رگیزیش له یه‌ك ئاستدا نین. خوێنه‌ری
زیره‌ك، زۆرچاك نووسه‌ری داهێنه‌ر و ده‌قی به‌رز و هێژا، له نووسه‌ری ناداهێنه‌ر
و ده‌قی بێهێز و هیچنه‌گۆ، جیا ده‌كاته‌وه و جیاوازییه‌كانیان به ئاسانی ده‌بینێت.
تۆ بنۆڕه هه‌ندێک له‌و میعر و قسه هیچوپووچانه‌ی هه‌ژاری موکریانی و جه‌گه‌رخوین
و گۆران، که له باره‌ی ستالین و ڕووس و لێنین و عیراق و دابه‌شکردنی عه‌رده‌وه
گوتوویانه، که‌ی ڕه‌وایه ئه‌وانه له‌گه‌ڵ شاکاره‌کانی جه‌زیری و نالی و مه‌حوی
و گۆران و شێرکۆ بێکه‌س و فه‌رهاد شاکه‌لی و عه‌بدوڵڵا په‌شێودا، به یه‌ک چاو ته‌ماشا
بکه‌یت. شه‌فیق ئه‌لکه‌مالی (شفیق الکمالي)یه‌ک، که به‌عس کردبووی به کوێخای ئه‌دب
و فه‌رهه‌نگ له عیراقدا و عه‌بدوڕه‌ززاق عه‌بدولواحید(عبدالرزاق عه‌بدالواحد)ێک،
که نازناوی شاعیری "دایکی نه‌به‌رده‌کان" و "شاعیری قادسییه"ی
به‌عسی وه‌رگرتبوو، هه‌رگیز به به‌در شاکر ئه‌سسه‌ییاب و موزه‌ففه‌ر ئه‌لننه‌وواب
و حه‌سه‌ب ئه‌لشێخ جه‌عفه‌ر و ئه‌دۆنیس، ناپێورێن و هه‌میشه ئه‌وان گرگن و کورته‌باڵان
و ئه‌مانیش به‌ژن زراڤ و که‌ڵه‌گه‌تن. له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیش‌دا، وه‌ک زۆرێک له
کۆمه‌ڵگه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان، ده‌سه‌ڵات ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا ده‌گرێ، بواری
فه‌رهه‌نگییش، یه‌کێکه له بواره ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌کان و زۆر جاران، نووسه‌رانی
سه‌ر به ده‌سه‌ڵات و ئه‌وانه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌نووسن، گۆڕه‌پانه‌که داگیر ده‌که‌ن
و ڕووناکییه‌که ده‌خرێته سه‌ر ئه‌وان، به‌ڵام ئه‌وه دیارده‌یه‌کی کاتییه و
نووسه‌ری باش و ده‌قی باش، وه‌ک چۆن "به بێژنگ به‌ری خۆر ناگیرێت"، هه‌رگیز
ناشاردرێنه‌وه. ده‌ق یا نووسه‌رێك، كه ڕاگه‌یاندنی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی گه‌وره‌ی
ده‌كه‌نه‌وه و ڕیكلامی بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بۆ خۆی(ده‌ق) شتێكی تێدا نه‌بێت و (نووسه‌ر)شتێکی
پێ نه‌بێت و نووزه‌یه‌کی لێوه نه‌یه‌ت، هه‌رگیز وه‌ك داهێنان و داهێنه‌ر ته‌ماشا
ناكرێن و پله‌ی هێژایه‌تی وه‌ده‌ستناهێنن.
رابه‌ر فاریق: دیكارت ڕوانینێكی وه‌هایه: "من بیر
ده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته هه‌م"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاراوه ماوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یه:
كام (بیر كردنه‌وه) ده‌توانیت (بوون)یكی پڕجووڵه و ئیبداعكاریی به‌رده‌وام به‌رهه‌م
بهێنێ، هاوكات بیركردنه‌وه له كن تاكی هۆشیار تا چه‌ند په‌یوه‌سته به (ئاگایی)
و (ئه‌وانیدیكه)وه؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: بوون و نه‌بوونی مرۆڤ و پێناسه‌كردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆنی ده‌بینین.
مرۆڤ، كه هاته دنیاوه ئیدی هه‌یه، چونكه ده‌ژی، ده‌خوا، ده‌ڕێ، ده‌سێکسێ،كار
ده‌كا، ده‌مرێ و... به‌ڵام بوونێكی وا ئاژه‌ڵیش هه‌یه‌تی، هه‌رچه‌نده تا ڕاده‌یه‌ك
جیاوازییه‌كی هێنده مه‌زن له نێوان ئێمه‌ی مرۆڤ و ئاژه‌ڵدا، له لایه‌نه
فیزیكییه‌كه‌وه نییه و ئه‌وه‌ی ئێمه له ئاژه‌ڵ جوێ ده‌كاته‌وه، لایه‌نه ئاوه‌زی
و هۆشه‌كییه‌كه‌یه. ئاژه‌ڵ مێژوویان نییه و ئێمه مێژوودارین. ئاژه‌ڵ بیرگه‌یان
یا نییه یا هه‌ر یه‌کجار کورت و که‌مخایه‌نه. منی بیركه‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر منێك نه‌بێت،
هه‌میشه مێشكی بارگرانی پرسیار و گومان و دوودڵی و وردبوونه‌وه بێت، هه‌رگیز
منێك نییه، كه هه‌بێت، به‌ڵكه منێكی ناچالاك
و خاووخلیچك و خوێڕیله و سسته، كه ته‌نێ هه‌یه و هه‌ناسه ده‌دات و
بۆشاییه‌ك له سه‌ر ئه‌م زه‌وییه پڕ ده‌كاته‌وه. منێكه چه‌ندباره ده‌بێته‌وه
و سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه و ده‌مرێ و له‌گه‌ڵ منه‌كانی تردا، هیچ جیاوازییه‌كی نییه.
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له بوونی مرۆڤ، وه‌ك ئایینه‌كان جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه،
ته‌نێ بۆ كڕنۆشبردن و ملكه‌چبوون بێت بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی باڵا و هێزیكی بانتر، ئه‌وه
بوون نییه، ئه‌وه ته‌نێ بۆشایی پڕکردنه‌وه‌یه. ئه‌وه بوونێكه له چوارچێوه‌ی
بازنه‌یه‌كدا، كه جێگه‌ی پرسیار و گۆڕان و بیركردنه‌وه‌ی تێدا نابێته‌وه. مرۆڤ
شارستانی و ژیاری ده‌ئافرێنێ و هۆش ده‌كاته پێوه‌ر بۆ به‌رده‌وامبوون و درێژه‌پێدانی
ژیان و به وروژاندنی پرسیار و داهێنان و به‌ده‌وكاریی و ئافراندن، بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت.
بوون، ئه‌گه‌ر په‌یامێكی نه‌بێت ئه‌وه هیچ واتایه‌کی نابێت.
رابه‌ر فاریق: چی له‌و واقیعه تاڵه بكه‌ین كه خه‌یاڵ
و فه‌نتازیا ناتوانن بیگۆڕن؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: شیعری جوان، چیرۆكی جوان، ڕۆمانی جوان، مۆسیقای جوان، تابلۆی جوان، خه‌یاڵی
جوان و خۆش، چپه‌ی جوان، مرۆڤی جوان، خۆشه‌ویستیی، هه‌موو خه‌ونی خۆش و جوانن و
مرۆڤیش، ئه‌گه‌ر خه‌ونی نه‌دیت، ئیدی ده‌مرێت. مرۆڤ به خه‌ونه‌وه، به ئومێده‌وه،
ده‌توانێت درێژه به ژیان بدات. من له‌و بڕوایه‌دام جوانی و خۆشه‌ویستی، واقیعی
تاڵ ده‌گۆڕن، به‌ڵام نه‌ك به شێوه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه و ڕادیكاڵ و سه‌ر و بن. ئه‌و
جوانی و خۆشه‌ویستییه، بیر و جیهانبینی و ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌هه‌ژێنن و هه‌ژاندنیش
گۆڕانی به‌دوودا دێت. به‌شێكی زۆری داهێنان و شاكاره‌شیعر و شاكاره‌هونه‌ر و
شاكاره‌ڕۆمانه‌كانی ئه‌م جیهانه، خه‌یاڵێكی خۆش و خه‌ونێكی فێنكی جوانن و خراونه‌ته
نێو چوارچێوه‌ی مه‌به‌سته‌كانه‌وه. بێ خه‌ون و خه‌یاڵ، ژیان ته‌نێ چه‌قه‌چه‌قی
ئاش و ته‌قه‌ته‌قی ماشێن و ده‌نگێکی ناساز و ژاوه‌ژاوه.
رابه‌ر فاریق: كۆمه‌ڵگه و تاكی كوردیی توانیویانه له
گۆڕانه به‌رده‌وامه‌كاندا خۆیان به‌رجه‌سته بكه‌ن و جۆرێك له فره‌ڕه‌هه‌ندیی
ڕوانین به‌رهه‌م بهێنن؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: تاكی كورد و جڤاكی كوردستان، به‌شێكی دابڕاو نین، له مرۆڤی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه
و ئه‌م جیهانه. ئه‌وانیش وه‌ك هه‌موو مرۆڤ و جڤاكه‌كانی دیكه‌ی مرۆڤایه‌تی، به
جۆرێك له جۆره‌كان، كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی تێكه‌ڵاویی و پێوه‌نده
جیهانییه‌كانه‌وه. هه‌ر گۆڕانێك له بوارێكی ژیاندا، ئابووری، سیاسی، زانستی، ته‌كنیكی،
فه‌رهه‌نگی و... له جیهاندا ڕوو بدات، كار ده‌كاته سه‌ر هه‌موو جڤاكێك و تاكێكی
ئه‌م جیهانه و كوردیش، یه‌كێكه له‌وان و تاكی كوردیش، له‌وه‌ی له ده‌وروبه‌ری و
له‌وپه‌ڕی دنیا ده‌گوزه‌رێت، به ڕێژه‌یه‌ک ئاگاداره. به هۆی ئه‌و ئاگاداربوونه‌وه،
فره‌ڕه‌هه‌ندیی و ڕوانینێكی به‌رینتر وه‌به‌رهه‌م دێن، كه ڕێك ده‌بنه هۆی گۆڕانی
به‌رده‌وام و نوێبوونه‌وه، كه مه‌رج نییه گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌یه‌كی فره‌خێرا و
له‌پڕ بن.
رابه‌ر فاریق: بۆچی خوێنه‌رانی كورد له سه‌روه‌ختی
خوێندنه‌وه‌ی كاریگه‌رترین و گه‌وره‌ترین ڕۆمانی دنیادا، وه‌ها هه‌ڕه‌مه‌كی
پێشوازی له‌م ژانره ده‌كه‌ن؟ هاوكاتیش، تۆ بڵێیت ڕۆمان ئه‌ڵته‌رناتیڤی هه‌موو
بۆشاییه‌كانی ئه‌ده‌ب بێت؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: به بڕوای من، له ڕۆژگارێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا، كه‌م كه‌سی كورد، خۆی به
خوێندنه‌وه‌وه خه‌ریك ده‌كات. ئه‌وه‌ی ده‌خوێنێته‌وه له‌نێو جڤاكی كورددا، خه‌ڵكێكی
یه‌كجار كه‌من. ئه‌وانه خه‌ڵكێكن بۆ خۆیان، ئاره‌زوویه‌كی ئه‌ده‌بی و هونه‌رییان
هه‌یه. خه‌ڵكی ئێمه، هێنده‌ی ده‌م له سیاسه‌ت ده‌كوتن و مێشكیان سیاسه‌تاوی
بووه، یه‌ك له سه‌دی ئه‌وه، خۆیان به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و هزره‌وه خه‌ریك
ناكه‌ن. هه‌ندێك رۆمان، كه پێشتر، ڕیكلامێكی زۆریان بۆ ده‌كرێت و زۆریان له باره‌وه
ده‌نووسرێت و نووسه‌ره‌كانی، به هۆی نێزیكییانه‌وه له ده‌سه‌ڵات و ده‌سگاكانی
ڕاگه‌یاندن و حیزبه‌وه، ده‌خرێنه به‌ر ڕووناكی و هه‌ڵده‌درێن، ئه‌وده‌می خوێنه‌ریان
بۆ په‌یدا ده‌كرێن. ئه‌و جۆره نووسه‌رانه یا ڕۆمانه‌كانیان به ویست و خواست، گه‌وره
ده‌كرێن، خه‌ڵكی ئێمه‌ش، یان ڕاستتر، خوێنه‌ری ئێمه شوێنی ئه‌و هه‌ڵڵا و ده‌نگه‌ده‌نگه
ده‌كه‌ون و زۆر به جیددی شوێنی ئه‌و عه‌شاماته ده‌كه‌ون. ڕۆمان، به‌ریناییه‌ک و
ئاسۆیه‌کی گه‌لێک هه‌راو له ئه‌ده‌بدا پڕ ده‌کاته‌وه و به‌شێکی فره‌ی کووچه و
کۆڵانه‌کانی ژیان و ئه‌ندێشه‌کانی مرۆڤ و خه‌م و خواست و ویست و ئۆمێد و ده‌رده‌کانی
ده‌گرێته خۆ و مێژووی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌داته شاندا، لێ ناتوانێت جێ به شیعر له‌ق
کات و پاڵ به چیرۆکه‌وه بنێ و بیانسڕێته‌وه و ده‌ست بخاته ناقڕه‌یان و
بیانتاسێنێت. ڕۆمان، نۆره‌ی خۆی و شیعر و چیرۆکیش، نۆره‌ی خۆیان ده‌بینن و هه‌ریه‌که‌یان
بۆشاییه‌ک پڕ ده‌که‌نه‌وه و هه‌ریه‌که‌یان په‌یامێک ده‌گه‌یه‌نن. ئه‌وروپا، که
زێد و جێی له‌دایکبوونی ڕۆمانه، تا ئێستاش شیعری جوان و چیرۆکی جوان و به‌شه‌کانی
دیکه‌ی ئه‌ده‌ب، به به‌رده‌وامی دێنێته به‌رهه‌م.
رابه‌ر فاریق: ده‌توانین بڵێین كولتووری ڕۆژهه‌ڵات
كولتوورێكه ده‌كرێ ببێته كه‌ره‌سه‌ی داهێنانگه‌لێك، به‌ڵام ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان
سوودی ئه‌وتۆیان لێی وه‌رنه‌گرتووه له به‌رابه‌ر ڕۆژئاواییه‌كاندا. ئه‌وه نووسه‌رانی
ئێمه‌ن كه جیهانبینییان ته‌سكه و ناتوانن له كولتوور ده‌قی ئافرینه‌رانه به‌رهه‌م
بهێنن، یان بینینی هه‌ر كولتوورێك له دووره‌وه باشتر قووڵاییه‌كانی دیار ده‌كه‌ون؟
یان چیی؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: فه‌رهه‌نگ، به بڕوای من، له هه‌ر جیۆگرافیا و له‌نێو هه‌ر نه‌ته‌وه و
گه‌ل و وڵات و خه‌ڵكێكدا بێت و هه‌رچه‌ندی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بێت، بۆ هه‌موو
مرۆڤایه‌تییه، به واتایه‌كی تر: فه‌رهه‌نگی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر سه‌ر به شوێن و خاك و
كۆمه‌ڵگه و ئایین و نه‌ته‌وه و زمانی جیاوازیش بێت، هه‌ر یه‌ك فه‌رهه‌نگه و بۆ
ته‌واوی مرۆڤه‌كانی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌یه و هه‌رگیز له‌یه‌كدی دابڕاو نییه، به‌ڵكه
وه‌ك زنجیرێك ته‌واوی گه‌وه‌كانی گرێدراوی یه‌كدین. ڕۆژهه‌ڵات جیۆگرافیایه‌كی تا
بڵێی به‌رینی فه‌رهه‌نگیی ده‌گرێته خۆ. جیهانێكه پڕ له فه‌رهه‌نگی جیاواز.
جیهانێكه پر له داهێنان و ئافراندن. جیهانێكه پڕ له خه‌ون و خه‌یاڵ و ئه‌فسانه
و سیحر. تۆ بنۆڕه ئه‌و هه‌موو ئایین و په‌یامبه‌ریه‌تی و فه‌لسه‌فه و ڕیباز و هزر
و شیعر و ئه‌ده‌ب و په‌یامه مرۆڤانه و نووسینه مه‌زن و پڕبایه‌خ و به‌هادارانه‌ی،
له‌و ڕۆژهه‌ڵاته‌دا وه‌به‌رهه‌م هاتوون: بوودایزم، كۆنفۆشیانیزم، تاویزم، شامانیزم،
میتراییزم، جووله‌كایه‌تی، مه‌سیحییه‌ت، ئیسلام، سۆفیزم، شیعه، عه‌له‌وی، هیندۆیزم،
ئێزدیایه‌تی، یارسانی، زه‌رده‌شتی، مه‌ندائی، نه‌قشبه‌ندی، قادری، یۆگا، زێن و ده‌یان
ڕێباز و بیر و هێڵ و ئایین و ئایینزا و فه‌لسه‌فه‌ی دیكه. تۆ بنۆڕه فه‌رهه‌نگی
چین و ژاپۆن و هیندوستان و ئێران و عه‌ره‌ب، چی‌یان به فه‌رهه‌نگیی جیهانی پێشكه‌ش
كردووه. ته‌واوی فه‌رهه‌نگێك، كه ئه‌مڕۆ ڕۆژاوا شانازی پێوه ده‌كات، له بنه‌مادا
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فه‌رهه‌نگی گرێك (یۆنان) و پاشماوه و درێژه‌پێدانی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌یه.
ئه‌مڕۆ زاڵبوونی ته‌كنیك و ئابووری و سیاسه‌ت و هێزی ڕۆژاوا، كارێكی وای كردووه،
فه‌رهه‌نگه‌كه‌یشی به سه‌ر فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتدا زاڵ بێت و باڵاده‌ست بێت.
ڕۆژاوا به ڕێنێسانس و ئازادی بیر و ڕه‌هاكردنی ئاوه‌ز و هزر، گره‌وی پێشكه‌وتنی
فه‌رهه‌نگیی و زاڵبوونی، له ڕۆژهه‌ڵات برده‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی،
كه ئیدی خه‌ڵك پشت له فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵات بكه‌ن و پێیانوابێت هیچی تێدا نه‌ماوه
و ڤالایه. نووسه‌رانی ئێمه، به‌شێكی زۆریان، سه‌رسامبوونێكی زیاد له پێویست به
فه‌رهه‌نگی ڕۆژاواوه پێشان ده‌ده‌ن و ته‌واوی فه‌رهه‌نگ و پاشخانی ڕۆژهه‌ڵاتیه‌تی
خۆیان ده‌سڕنه‌وه. ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه‌یه به‌شێكه له ده‌رده‌ڕۆژاوایه‌تی
(ڕۆژاوازه‌ده‌یی)، كه ئه‌وانه دووچاری بوون. له فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاتدا هێنده
كیشوه‌ر هه‌ن، كه هێشتا نووسه‌رانی ئێمه نه‌یاندۆزیوه‌ته‌وه. هێنده سنوور هه‌ن،
كه هێشتا نه‌یانبه‌زاندووه و به سه‌ریدا نه‌په‌ڕیونه‌وه. جیهانبینی ئه‌و نووسه‌رانه،
كه به بێ ئه‌وه‌ی به خۆ بزانن، سه‌رسامی سیاسه‌ت و بازاڕی ئازاد و ته‌كنیك و
لیبرالیزمی ڕۆژاوان، وای لێكردوون، مه‌ستی فه‌رهه‌نگی ڕۆژاوا بن، ئه‌وان مه‌ستی
ئیدیۆلۆگیی کۆڵۆنیالیستانه‌ی ڕۆژاوان، که په‌یامی سڕینه‌وه‌ی نه‌ک هه‌ر فه‌رهه‌نگه‌که‌یان،
به‌ڵکه هی خۆیانیشی پێیه، ئه‌وان مه‌ستی زانستی رۆژاوایی نین. ئه‌و نووسه‌رانه
ئه‌گه‌ر هه‌ندێک له دیرۆک ورد ببنه‌وه و ته‌ماشایه‌کی ده‌وروبه‌ری خۆیان بکه‌ن،
فه‌رهه‌نگی ڕۆژهه‌ڵاته‌كه‌ی خۆیان هێنده‌ی تێدایه، كه سروشبه‌خش بێت و ببێته
بنه‌مای ئافراندن و داهێنان. ڕه‌نگه تیۆری "ده‌نگی ده‌هۆڵ له دووره‌وه
خۆشه" یا "سترانبێژی گه‌ڕه‌ك، مرۆڤ ناخاته سه‌ما"، له سه‌رده‌مێكدا،
له‌ته‌ك ئه‌م ڕه‌وشه فه‌رهه‌نگییه‌ی ئێستادا، وێك هاتباوه، لێ ئێستا هه‌موو ده‌رگه‌كان
كراوه‌ن و هیچ شتێكی شاراوه نییه و فه‌رهه‌نگی دوور نه‌ماوه و هه‌موو فه‌رهه‌نگێك
نزیكه.
رابه‌ر فاریق: به‌رده‌وام كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌ن پێیان وایه
ئایین نه‌بێت باشتره، ئه‌م تێڕوانینه بنچینه‌یه‌كی ته‌ندروستی هه‌یه؟ ئه‌مه ده‌رهاویشته‌ی
دنیای مۆدیرنیته‌یه، یان شتیكی دیكه؟ هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌توانێت به‌بێ ئایین
درێژه به ڕه‌وتی پێشكه‌وتنی خۆی بدات؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: بوون و نه‌بوونی ئایین، به ده‌ستی تۆ و من و ئه‌و کۆمه‌ڵه که‌سه نییه.
هه‌ر له سه‌رده‌می بوونی مرۆڤه‌وه تا ئه‌مڕۆ، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ی، كه مرۆڤ له
مه‌یموونیه‌تی ده‌رچووه و بووه به مرۆڤ و له ئه‌شكه‌وتدا ژیاوه و گه‌ڵای داری
به گه‌ڵ و گون و گوانی خۆیه‌وه پێچاوه، مرۆڤ بۆ خۆی وه‌دووی هێزێك له خۆی به‌هێزتر
و به ده‌سه‌ڵاتتردا گه‌ڕاوه و ناوی بۆ دۆزیوه‌ته‌وه و هه‌ر جڤاك و خه‌ڵكێك
ناوێكی تایبه‌تیان له‌و هێزه ناوه. خه‌ڵك ئه‌و هێزه‌ی به پێویست زانیوه، بۆ وه‌ی
له ته‌نگانه‌دا به هانا‌یانه‌وه بێت. ئه‌و هێزه فریادڕه‌سێك بووه و هه‌میشه
مرۆڤ هاواری پێ كردووه و په‌نای بۆ بردووه. زۆرجاران مرۆڤ وێنای ئه‌و هێزه‌یان
وه‌ك شتێكی دنیایی و له‌به‌رچاو و بینراو كردووه، كه له شێوه‌ی ئاژه‌ڵێكدا خۆی
نواندووه یا له شێوه‌ی مرۆڤدا بووه. ئه‌وه‌تا چه‌ندین نه‌ته‌وه و گه‌ل و خه‌ڵكی
سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، مانگا به پیرۆز ده‌زانن و هی وایش هه‌ن، سرشت یا شتێك له
سرشتدا ده‌په‌رستن و هی دیكه‌ش هه‌بوون و هه‌ن به‌رد و بت و کۆته‌ڵ و شتی دیكه ده‌په‌رستن.
ئایینی میترایی، با و باران و ئاگر و به‌هار و كه‌ژ و ئاسمان و لێڕه‌وار و شه‌وی
پێ پیرۆز بوو و پێڕه‌وانی ده‌یانیپه‌رستن. ئایینه یه‌كتاپه‌رسته‌كانی وه‌ك جووله‌كایه‌تی،
عیسایی و ئیسلام، هه‌رسێیان بڕوایان به بوونی یه‌ك خودا هه‌یه، كه سه‌روو و سه‌ره‌تا
و خاوه‌ن و ئافه‌ریده و كۆتایی هه‌موو بوونه و ده‌بێ بپه‌رسترێت. ئه‌م هه‌موو
ئایینه له مانگاپه‌رسته‌وه بیگره تا ده‌گاته به‌رد و بت و خوا، تۆ نا‌توانیت
هه‌روا هێڵێكی چه‌پوڕاستی به سه‌ردا بێنێت و بیانسڕیته‌وه و بڵێی نه‌بن باشتره.
هه‌رچه‌نده ئایین، هه‌موو ئایینه‌كان، به تایبه‌ت ئایینه ئاسمانییه‌كانی وه‌ك
جووله‌كایه‌تی، عیسایی و ئیسلام، له ده‌ستپێكدا، وه‌ك كۆمه‌ڵێك قانوون و ڕێسا، بۆ
ڕێنوێنی مرۆڤ و ڕێكخستنی كاروباری مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه و پێوه‌ندداریه‌تیی مرۆڤ له‌ته‌ك
یه‌كتردا، هاتوون، لێ لایه‌نێكی دیكه‌ی گرنگیشیان تێدا بووه و هه‌یه، ئه‌ویش
ڕێكخستنی پێوه‌ندی مرۆڤه به خوداوه. به بڕوای من ئه‌و ڕایه‌ڵه و پێوه‌ندداریه‌تییه‌ی
مرۆڤ و خودا، كه دیوێكی گرنگیی ئایینه، بابه‌تێكی كه‌سه‌كی تایبه‌ته و مرۆڤ بۆ
خۆی چۆنی ئه‌نجام ده‌دا یا نادا، پێوه‌ندی به خۆیه‌وه هه‌یه. عه‌بدولکه‌ریم
سرووش ده‌ڵێ:"ئێمه چ ئه‌زموونێکی ئایینی گشتگر و به کۆمه‌ڵمان نییه، ئه‌زموونه‌که
هه‌میشه که‌سه‌کی و خۆیه‌کییه. ئێمه به ته‌نێ خۆمان له عیشقدا خۆشه‌ویستیدا
ده‌ژین و به ته‌نێ ده‌مرێن و ئه‌زموونی ئایینییش به ته‌نی خۆمان تێیدا ده‌ژین".
له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی گۆڕانی شێوه‌ی ژیانی مرۆڤ و ئابووری و جڤاك و هزردا، دیدی مرۆڤیش
له‌هه‌مبه‌ر ئایین، گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و زۆر وه‌ك پێویستییه‌ك نایه‌ته به‌رچاو.
زۆرجاران پێكهاتنی خه‌ڵك له‌نێو جڤاكدا له سه‌ر كۆمه‌ڵێك ڕێسا و قانوون و جۆری هه‌ڵسوكه‌وت
و نه‌ریت، بۆ خۆی ده‌بێته ئایین و خه‌ڵك پێڕۆی ده‌كه‌ن و پێیان سه‌خته لێی لابده‌ن،
به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی كات و گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌كان، ئه‌و پێكهاتنانه ده‌گۆڕێن
بۆ پێكهاتنی نوێ و خه‌ڵكه‌كه‌ش به خه‌ڵكی تر و هی دوای ئه‌وان، جێیان ده‌گیرێته‌وه
و ئه‌وده‌می ڕێسای نوێ و دیدی نوێ، جێی ئه‌وانی پێشوو ده‌گرنه‌وه، كه‌واته: هه‌ر
سه‌رده‌مه‌و جۆره ئایینێك یا دیدێك باوی ده‌بێت و گۆڕانی هه‌لومه‌رجه‌کانی ژیان و
پێشکه‌وتنی هۆش و هزر و ئابووری و ته‌کنیک و زانستیش، زه‌وینه‌ی گۆڕین له دیدی
مرۆڤدا له‌هه‌مبه‌ر ئایین دێنێته گۆڕێ و زه‌وینه‌ش خۆش ده‌کات بۆ گونجاندنی ئایین
له‌گه‌ڵ ڕۆژگار و پێویستییه‌کانی سه‌رده‌مدا. نه‌بوونی هیچ ئایینێكیش، یا بێ
ئایینی كار له ڕه‌وتی مرۆڤایه‌تی ناكات و سه‌دان كۆمه‌ڵگه له‌م جیهانه‌دا هه‌ن
بێئایینن و كاروباریشیان به ڕێكوپێكی به‌ڕێوه ده‌چێت. ئایین، بڕێك ڕێسا و
قانوونی خۆی هه‌یه، بۆ مردن و له‌دایكبوون و هاوسه‌رگیریی ژن و پیاو و هه‌ندێك جه‌ژن
و بۆنه‌ی دیكه، كه هه‌ر بۆنه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌تیی خۆی هه‌یه، ئیدی شێوه‌ی
ناشتنی مردوو و ناولێنانی منداڵ و ماره‌بڕینی بووك و زاوا و نوێژ و ڕۆژوو، كه هه‌ر
ئایینه‌و به جۆرێكی ئه‌نجام ده‌دات. برێژنێڤی سه‌رۆكی پێشووی حیزبی كۆمۆنیسی
سۆڤیێت و سه‌رۆكی پێشووی وڵاتی سۆڤیێت، هه‌رچه‌ندی وه‌ك كۆمۆنیستێك بڕوای به
ئایین نه‌بوو، لێ كه مرد، قه‌شه‌یان هێنایه سه‌ری و برایه كڵێسه و وه‌ك
عیساییه‌ك به خاك سپێردرا. ده‌مه‌وێ بڵێم، هه‌ندێ جار، مرۆڤ نازانێت چۆن مامه‌ڵه
له‌گه‌ڵ هه‌ندێ پێشهات و ڕووداودا بكات، بۆ ئه‌وه په‌نا ده‌باته به‌ر ئایین و له
ئایینه‌وه وه‌ڵامی به‌شێك له پرسیاره‌كانی ده‌ستده‌كه‌ون. ماركسیسته‌كان ده‌یانگوت،
هونه‌ر جێی ئایین و خوداپه‌رستی ده‌گرێته‌وه و مرۆڤ ئه‌وده‌می چ پێویستییه‌كی به
ئایین نییه. لایه‌نه قانوونی و جڤاكی و ڕێكخستنه‌كه‌ی ئایین، مرۆڤی ئێستا به
ئاوه‌زی نوێ و هزری نوێ و دیدی نوێ، قه‌ره‌بووی ده‌كاته‌وه و مرۆڤ بۆ خۆی نه‌خشه‌ی
چۆنیه‌تیی كار و ژیان و پێوه‌ندداریه‌تییه‌كان داده‌ڕێژێ و چ پێویستی به هێزێكی
سه‌ره‌وه‌ی مرۆڤ یا ئه‌ودیوی سرشت نییه بۆی داڕێژێ. ئه‌و ئارامییه گیانه‌کییه‌ی
مرۆڤێکی خودان باوه‌ڕ هه‌ستی پێ ده‌کات، هه‌رگیز که‌سێکی گوماناوی یا بێباوه‌ڕ هه‌ستی
پی ناکات، ڕه‌نگه له‌و ڕووه‌یشه‌وه ئایین هێشتا و تا ماوه‌یه‌کی زۆر و درێژی تر
کاریگه‌ریی خۆی هه‌بێت و بشمێنێت. ئێستاش پێڕه‌وانی مووسا و عیسا و موحه‌ممه‌د و
شیڤا و کریشنا و بوودا(هه‌رچه‌نده ئه‌م سێیه‌ی دوایین ئایینی ئاسمانیی نین) و...گه‌لێک
له‌وانه زۆرترن، که بێئایینن.
رابه‌ر فاریق: له هه‌موو وڵاتێك و ئایینه‌كاندا، كۆمه‌ڵێك
یاسا و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ن، كه پێویسته ئه‌و مرۆڤانه‌ی قبووڵیان ده‌كه‌ن بچنه
ژێر ڕكێفیانه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵه یاسا و تایبه‌تمه‌ندییانه نه‌مێنن، مرۆڤ
ده‌توانێت به شێوه‌یه‌كی قووڵ و تۆكمه‌تر باس له هه‌بوون و ژیان و ئاوه‌زی خۆی
بكات؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: پرسیاری پێشوویش تا ڕاده‌یه‌ك هه‌مان مه‌به‌ستی هه‌بوو. من له‌و بڕوایه‌دام،
ئه‌و قانوون و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له ئاییندا هه‌ن و له وڵاتاندا پێڕۆ ده‌كرێن،
له‌گه‌ڵ كاتدا و له‌گه‌ڵ گۆڕانی مرۆڤ و جیهان و بیركردنه‌وه و ئاوه‌زدا، به‌ره‌به‌ره
كاڵ ده‌بنه‌وه و ئه‌و نۆره‌یه‌ی، كه له ده‌سپێكدا هه‌یانبوو، نایانمێنێت. مرۆڤ
چاره‌نووسی خۆی و نه‌خشه و ڕێگه‌ی ژیانی خۆی ڕاده‌ستی هێزێكی نادیاری ده‌رێی سرشت
ناكات و كه‌س به گه‌وره و سه‌روه‌ری خۆی نازانێت و تا بۆی بكرێ و بۆی بلوێ له
بازنه‌ی به‌سته‌ڵه‌كئاسای ئایین خۆی ده‌رباز ده‌كات.
رابه‌ر فاریق: ئایین له توانایدا هه‌یه به‌رگری له
ئازادیی و فیكر و ژیانی تاكه‌كه‌س بكات؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: ئایین، ڕێسا و قانوون و ورده‌کارییه‌کانی، که دانراون و له لایه‌ن مرۆڤه‌وه
لێکدراونه‌ته‌وه، له قاڵبدانی هزر و ئازادی و ژیانی مرۆڤه و ته‌واوی بیركردنه‌وه
و جووڵانه‌وه‌ی مرۆڤ، به ئایین، چوارچێوه‌دار و سنووردار ده‌بێت. مێشك له مه‌نگه‌نه
ده‌درێت و هزر له شوێنی خۆیدا چه‌قده‌به‌ستێ، ڕێك وه‌ك سه‌هۆڵبه‌ندانێكی ئه‌م
وڵاتانه‌ی سه‌رێی گۆی زه‌وی. مرۆڤ، ناتوانێت ئه‌و هێڵانه‌ی بۆی دانراوه ببه‌زێنێت
و له‌و بازنه‌یه ده‌رچێته ده‌رێ. ئایین، هه‌موو شته‌كان، ئه‌وه‌ی تووشی مرۆڤ ده‌بێت
و هه‌موو بوونی مرۆڤ، ده‌داته ده‌ست خوداوه، یا هێزێكی سه‌ره‌وه‌ی مرۆڤ و بوون و
سرشت، كه له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه و ئه‌و بڕیاری هه‌موو شتێك ده‌دات و
ئه‌وه‌ی دێته ڕێگه‌ی مرۆڤ، به دیتنێكی ئایینی، له نێوچاوانی نووسراوه و هه‌ر
زۆر پێشتر له لایه‌ن خوداوه بڕیاری له سه‌ر دراوه، كه‌وابوو، چ ئازادی و بیر
و ژیانێكی تاكه‌كه‌سیی له نێو ئه‌و ژێنگه‌یه‌دا جێی نابێته‌وه و مرۆڤ هه‌رگیز
توانستی هه‌ڵبژاردنی له‌به‌رده‌مدا نییه و مینا زارۆکێکی قوماتکراوی نێو بێشکه،
توانستی هیچ جووڵانه‌وه‌یه‌کی نییه.
رابه‌ر فاریق: كه‌نگێ ئایین به‌ربه‌ست دروست ده‌كات له
به‌رده‌م زیاتر كرانه‌وه‌ی جیهاندا، هاوكاتیش تا چه‌ند كراوه‌یه له به‌رده‌م به‌ربه‌سته
گه‌وره‌كاندا؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: كاتێك ئایین ده‌رگه‌ی بیركردنه‌وه له مرۆڤ دابخات و ڕێگه به مرۆڤ نه‌دات،
به ئاره‌زووی خۆی ببزوێ و ڕای خۆی ده‌ربڕێت و بهزرێت و هه‌ڵسوكه‌وت بكات و بخوات
و بخواته‌وه و بپۆشێت و بچێته نێو ته‌واوی ورده‌کارییه‌کانی ژیانه‌وه و هه‌موو
شتێک له مرۆڤ بسێنێته‌وه و ڕاده‌ستی هێزێکی بانه‌کی بکات، ئه‌وه گه‌وره‌ترین به‌ربه‌سته
له‌به‌رده‌م كرانه‌وه‌ی مرۆڤدا، كه ده‌كاته كرانه‌وه‌ی جیهانیش، چونكه مرۆڤ بۆ
خۆی خاوه‌نی جیهانه و خۆی یه‌كسانه له‌گه‌ڵ جیهاندا. من بۆ خۆم بڕوام وایه، که
ئه‌و هه‌موو به‌ند و گرێ و داخراوییه‌ی به ئایینه‌وه ده‌لکێنرێن، به‌شێکی زۆریان
یا هه‌موویان، له داهێنانی ئه‌وانه‌ن، که به ناوی ئایینه‌وه قسان ده‌که‌ن،
واته: پیاوانی ئایینی و کارمه‌ندانی ئایینی و
ئامۆژگاریی به‌خشه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات(وعاظ السلاطین)، ده‌نا بنه‌مای ئایین
و سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌می ئایین، که بنه‌مای بوون و ژیان بێت و ده‌سپێکی ده‌سپێکه‌کان
بێت، پێموانییه هه‌رگیز ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی ئافراندبێ، چونکه ئه‌و ئافه‌رێنه‌ره،
که خودایه، خودای ته‌واوی مرۆڤه، به هه‌موو ڕه‌نگ و زمان و فه‌رهه‌نگ و
جیۆگرافیا و سێکس و هزر و نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزا جیاوازییه‌کانیانه‌وه.
خودای گێتی و بوون و هه‌موو شتێکه. به‌و پێیه، ده‌بێ ڕێگر نه‌بێت له‌به‌رده‌م
کرانه‌وه‌ی جیهان و تێکه‌ڵاوبوونی مرۆڤدا. بیری بوونی خودا، وه‌ک ئافه‌رێنه‌ریکی
ژیان و بوون و گێتی تاڕاده‌یه‌ک بیرێکی جوانه، لێ ئه‌وه‌ی که ناوی ئه‌و خودایه
ده‌زڕێنێ و دزێوی ده‌کا، ئه‌وانه‌ن، که خۆیان به جێگر و بریکار و بڵندگۆی وی ده‌زانن.
ئه‌وانه‌ن، که ته‌واوی ڕاستییه‌کان له‌کن خۆیان ده‌بینن و به‌رانبه‌ره‌کانیان به
هه‌ڵه و چه‌وت ده‌زانن و کێشه له‌نێوان ئایینه‌کان و مرۆڤه‌کاندا چێ ده‌که‌ن و
پێیانوایه، که خودا ته‌نێ خودای ئه‌وان و ئایین و ئایینزاکه‌ی ئه‌وانه.
رابه‌ر فاریق: ده‌شێت (بوونی ئایین) پێوه‌ست بكرێت به
درێژبوونه‌وه‌ی (بوونی مرۆ)وه؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: مه‌رج نییه وا بێت، ڕه‌نگه مرۆڤ له مه‌ودایه‌كی درێژدا و پاش چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی
دیكه، هیچ جۆره پێویستییه‌كی به ئایین نه‌مێنێت و باسێكیش له ئایین ته‌نێ وه‌ك
مێژوو بكرێت. تۆ هه‌ر ئێستا و له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌بینیت، مرۆڤ هێنده‌ی جاران
پابه‌ندی ئایین نییه و ئایین ئه‌و نۆره كارایه‌ی جاران له ژیانیدا نابینێت، تۆ
له‌وه گه‌ڕێ، ئه‌مڕۆ ئایین له به‌شێکی زۆری جیهاندا و له سه‌ر ده‌ستی کۆمه‌ڵێک
بازرگانی سیاسی و سیاسه‌تکاری ساخته‌کار، کراوه‌ته کاڵا و وه‌ک ئامرازێک بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی
مرۆڤ و کوشتنی ئازادی و له‌نێوبردنی مرۆڤ به‌کار ده‌برێ. تۆ ده‌زانی وڵاتی چین، که
گه‌وره‌ترین کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤه له‌م جیهانه‌دا و خاوه‌نی شارستانییه‌کی 4-5 هه‌زار
ساڵه و زیاتریشه، وڵاتێکه هه‌رگیز ئایینی به خۆیه‌وه نه‌دیوه و ئایین تێیدا
زاڵ نه‌بووه و بێ ئایین ژیاوه و ده‌ژی، مه‌به‌ستم ئایینێک، که بڕوای به تاکه خوایه‌ک
یا چه‌ند خوایه‌ک هه‌بێت و بڕوای به زیندووبوونه‌وه‌ی دوای مردن و لێپرسینه‌وه
هه‌بێت! کۆنفۆشیانیزم، بوودیزم، شامانیزم و تاویزم، که خه‌ڵکی چین پێڕۆیانیانن،
هیچیان ئایینی خودایی و ئاسمانی و بڕوابوو به زیندووبوونه‌وه و ژیانێکی دیکه و
لێپرسینه‌وه نین، به‌ڵکه ئه‌وانه پتر فه‌لسه‌فه و ڕێبازیکی ژیانن. هه‌رچی مه‌سیحییه‌ت
و ئیسلامیشه، که ئایینگه‌لێکی ئاسمانیین، هه‌زار و چه‌ند سه‌د ساڵێکه گه‌یشتوونه‌ته چین و له
چاو ئه‌و ڕێباز و فه‌لسه‌فه ڕه‌سه‌نانه‌ی چین خۆیدا، که له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی چیندا
ڕه‌گیان داکوتاوه، هێنده‌یان کاریگه‌ری نییه. ئیندیانه‌کانی هه‌ردوو ئه‌مه‌ریکای
باکوور و باشووریش، که مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندین هه‌زار ساڵ، ئایینی
ئاسمانییان نییه و پتر سرشتپه‌رستن و ئه‌وه‌ی لای ئه‌وان ئایینه گرێدراوی سرشته.
ڕاستافارییه‌کان، که پتر له جامایکا و ئه‌سیووپیا هه‌ن، کۆنه ئیمپراتۆری ئه‌سیووپیا،
هایلا سیلاسی، به گیانی خودا و خودا ده‌زانن و ئه‌و ده‌په‌رستن. له ئه‌فریقا چه‌ندین
کۆمه‌ڵگه و خه‌ڵک هه‌ن، بڕوایان وایه، که له پاڵ خودایه‌کی مه‌زندا، که ئافه‌رێنه‌ری
هه‌موو گێتییه، چه‌ند خودای گچکه‌گچکه هه‌ن، که کۆمه‌کی پێ ده‌که‌ن. هه‌ندێک
کۆمه‌ڵگه‌ی دیکه هه‌ن له‌و بڕوایه‌دان، که له هه‌موو شتێکدا ته‌نانه‌ت
بێ‌گیانیش، به‌شێکی گیانیی خودای تێدایه. خه‌ڵکانێکیش هه‌ن ئاژه‌ڵ، ده‌په‌رستن. مرۆڤ،
بێ ئایین ژیاوه و بێ ئایینیش ده‌توانێ بژی.
رابه‌ر فاریق: به درێژاییی مێژووی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی
كوردی، داهێنان و تێپه‌ڕاندن هه‌بووه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، ئه‌مه‌یش له (حاجی
قادری كۆیی) و (نالی) و (مه‌وله‌وی) و (سالم) و (كوردی)یه‌وه بگره، تا (مه‌سعوود
محه‌ممه‌د) و (شوكور مسته‌فا) و سه‌رده‌می ئه‌مڕۆمان. لێره‌شه‌وه ئه‌مه ده‌ڵێم
كه ئافراندن پێوه‌ندیی به هه‌بوونی مرۆڤه‌وه هه‌یه، واته: تا ژیانكردن له سه‌ر
زه‌وی به‌رده‌وام بێت، ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌یش درێژه ده‌كێشێت. ئایا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی
تا چه‌ند كراوه بووه له به‌رانبه‌ر قبووڵكردنی ده‌قه نه‌مره‌كاندا؟ هاوكات
ئێمه ده‌زانین مه‌گه‌ر چۆن، ئه‌گینا ده‌قی ڕه‌سه‌ن هه‌رده‌م دژ ده‌كه‌وێته‌وه له‌گه‌ڵ
میژوو، بۆیه له پاڵ ئه‌م پرسانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ده‌پرسم: ده‌وری مێژوو چییه له
ناساندن و په‌رده‌پۆشكردنی داهێناندا؟
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی: ده‌قی جوان و تۆكمه و پڕ له هزر و سروشبه‌خش، ده‌قێکه هه‌رچی دا‌و و گرێ و ده‌سرازه و کۆت هه‌یه، هه‌مووی تێکده‌شکینێ
و ده‌پسێنێ و وه‌ک باڵنده‌یه‌کی سرک ده‌فڕێ، ده‌قێکه سه‌ر بۆ هێچ چه‌مکێکی ڕۆژانه‌ی
باو و سواو نه‌وی ناکات، تابوو ده‌شکێنێ،
کاوێژ ناکات و ناجوێته‌وه و ڕێگه‌ی نوێ بۆ ده‌ربڕین ده‌بینێته‌وه، ئازاده و بێنیازه
له هه‌موو ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و سه‌روه‌رێک و نابێته کۆیله‌ی هیچ یه‌کێک له‌وان،
وه‌ها ده‌قێک، هه‌میشه خۆی ده‌سه‌پێنێت و له ڕیزی پێشه‌وه‌دا ده‌بێت
و نۆره‌ی پێشه‌نگ ده‌بینێت. مێژوو، مرۆڤ دروستی ده‌كات و ده‌قی خاس و ده‌قی
خراپیش، هه‌ر مرۆڤ ده‌یداته ده‌ر. نه مێژوو و نه مرۆڤ، ناتوانن ده‌قێكی بێفه‌ڕ
و خوێنتاڵ و مردوو، بكه‌نه داهێنان. ده‌قی
خراپ، لاڵه و به مردوویه‌تی له‌دایک ده‌بێت و له‌بارده‌چێت و ده‌قی خاسیش،
گیانداره و زیندووه و هه‌موو به‌ربه‌ست و کۆسپه‌کان ده‌ڕووخێنێت و هه‌ژان دروست
ده‌کات. گه‌لێ جار، كات ده‌ڕوات و رۆژگار تێده‌په‌ڕن، مرۆڤ دره‌نگانێك، وه‌ئاگا
دێنه‌وه و به‌ها و بایه‌خی ده‌قێكی پشتگوێخراویان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت یا ده‌قێك، كه
به هۆیه‌ك له هۆیه‌كان، له سه‌رده‌مێكدا، كه‌نار خراوه و زۆر گرنگیی پێ نه‌دراوه،
دێته‌وه مه‌یدان و خه‌ڵك به جۆرێكی دیكه ده‌یخوێننه‌وه و چاوی لێ ده‌كه‌ن. ده‌قی
چاك هه‌میشه زیندووه و هه‌رگیز نامرێت. ده‌قی نه‌مریش ده‌قێكه به‌رهه‌مهێنه‌ر،
دروستكار و نوێكه‌ره‌وه و ئافه‌رێنه‌ر، ده‌قێكه هه‌میشه وه‌دووی دۆزینه‌وه‌ی
نوێ و جیهانی نوێ‌دا وێڵه و به‌رده‌وام ده‌ربڕی نیگه‌رانییه هه‌میشه‌ییه‌كانی
مرۆڤه. به خوێندنه‌وه‌ی شیعرێک، چیرۆکێک، ڕۆمانێک یا په‌خشانێک، ئه‌گه‌ر هه‌ستت
کرد مێشکت جووڵه‌ی تێده‌که‌وێ و ئه‌گه‌ر که‌وتیته هزرین و پرسیارت لا دروست بوو و
ئه‌گه‌ر ئاسۆی هزرت به‌رینتر بووه‌وه و چیژێک به گیانت به‌خشرا و هه‌ستت ختووکه‌ی
هاتێ، ئه‌وده‌مه ده‌زانیت ئه‌وه ده‌قیکی مه‌زنه. ده‌قی مه‌زن و داهێنه‌ر و
تۆكمه، ته‌نێ سیپاڵی دوێنێی له‌به‌ردا نییه و باس له دوێنێ ناكات و ته‌نێ بۆ
ئه‌مڕۆ نییه، به‌ڵكه بۆ داهاتوو و ڕۆژانێكه، كه هێشتا ئێمه چاوه‌ڕوانیانین. ئه‌و
ده‌قه‌ی ئه‌مڕۆ خزمه‌ت به مرۆڤی کورد ده‌کات و دیدی فراوانتر ده‌کاته‌وه و
ڕوونتر پێی ده‌بینێ، ده‌قێکه دژی باو و مه‌نگیی کۆمه‌ڵگه و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی
چه‌وت و ده‌سگا ئایینه‌ییه وشکهه‌ڵاتووه‌کان و پێکهاته فه‌رهه‌نگییه ژه‌نگرتووه‌کان
و هه‌موو ئه‌و ده‌سگایانه‌ی مرۆڤ ده‌خه‌سێنن و ده‌مکوت ده‌که‌ن، ده‌قێکه هه‌موو
ئه‌و سه‌قامگیرییه فه‌رهه‌نگییه ده‌ڕووخێنێ و دید و بیستن و زمان و مێشک، ده‌کاته‌وه
و ئازاد ده‌کات. ده‌قی داهێنه‌ر و به‌هادار،
ئه‌و ده‌قه‌یه، كه جێگه و شوێن و كاتی بۆ نییه و ده‌قێكه بۆ هه‌موو شوێن و هه‌موو
كاتێك، وه‌ها ده‌قێك هه‌رگیز نامرێت.
دیدار:
ئه‌مجه‌د شاكه‌لی
سازدانی: ڕابه‌ر فاریق
مارسی 2010
*ئه‌م
دیداره له سێ ژماره‌ی حه‌فته‌نامه‌ی"ڕووبه‌ری داهێنان"دا، ژماره 21ی
29/6/2010 و ژماره 22ی 6/7/2010 و ژماره 23ی 13/7/2010 و به سێ به‌ش بڵاوکراوه‌ته‌وه.
* دیداره‌که له سازدانی"ڕابه‌ر
فاریق" ه، به‌ڵام له حه‌فته‌نامه‌که‌دا هه‌ر به ناوی ڕووبه‌ری داهێنانه‌وه
بڵاو کراوه‌ته‌وه.
* بۆ دیتنی هه‌ر سێ به‌شی دیداره‌که له حه‌فته‌نامه‌ی"ڕووبه‌ری
داهێنان"دا، ته‌ماشای ئه‌م لینکانه بکه: