ئه‌رمه‌نستان و حه‌ممامی تورکی
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
مرۆڤ،
کاتێک باسی مرۆڤێکی تر ده‌کات ده‌سبه‌جێ ده‌یخاته خانه‌یه‌که‌وه و ناسنامه‌یه‌کی
بۆ دروست ده‌کات. که مرۆڤ بیه‌وێ مرۆڤێکی دیکه بناسێت و بناسێنێت به دوای بنه‌چه
و ڕه‌گه‌ز و زمان و ئایین و ڕه‌نگ و ده‌یان شتی دیکه‌یدا ده‌گه‌ڕێ. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه
به‌ش نه‌که‌ن، ئه‌وجا ده‌که‌وێته گه‌ڕان به دوای کێش و باڵا و ڕه‌نگ و شێوه‌ی
چاو و که‌پوو و پرچ و ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز و کار و ته‌نانه‌ت بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی و
شتی تردا. جیاوازی و دابه‌شبوونی مرۆڤ به‌هۆی کێش و باڵا و ڕه‌نگ و شێوه‌ی چاو و
که‌پوو و پرچ و ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز و کار و
بیرکردنه‌وه‌ی سیاسی و ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر نه‌ته‌وه و گه‌ل و وڵات و زمان و
ئایین و خێڵ و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ و...که هه‌ر له کۆنه‌وه ڕوویداوه و چه‌سپاوه، تا ڕاده‌یه‌ک هێچیان چه‌سپاو و نه‌گۆڕ نین، به‌ڵکه
هه‌موویان به‌رگۆڕانن و به‌رده‌وام ده‌گۆڕێن.
وه‌نه‌بێ
مرۆڤ، ته‌نێ مرۆڤ بخاته خانه‌یه‌که‌وه و ناسنامه‌ی تایبه‌تی بداتێ، به‌ڵکه مرۆڤ
ناسنامه ده‌داته شتی دیکه‌ش. مریشک، هێلکه، په‌نیر، بامیه، ته‌ماته، جامه‌دانی،
ڕۆن و برنج. ئه‌وانه له هه‌ر وڵاتێکی جیهان بن، هه‌ر مریشک، هێلکه، په‌نیر، بامیه،
ته‌ماته، جامه‌دانی، ڕۆن و برنجن، به‌ڵام له کوردستان ده‌بنه مریشکی کوردی،
هێلکه‌ی کوردی، په‌نیری کوردی، بامیه‌ی کوردی، ته‌ماته‌ی کوردی، جامه‌دانی
کوردی(ئاخر جامه‌دانی فلستینییش هه‌یه)، ڕۆنی کوردی و برنجی کوردی. کفته‌ی
سلێمانی و کڵاشی هه‌ورامی و مانگای مالوان و سه‌گی هه‌وشار و که‌ری حه‌سساوییه‌ش
هه‌ن. کفته‌ی سلێمانی له سلێمانی خۆی پێی ده‌گوترێ کفته‌ی سابوونکه‌ران. دیاره
ئه‌و دیارده‌یه تایبه‌ت نییه به کوردستان، به‌ڵکه له هه‌موو وڵاتێک و له‌نێو
هه‌موو گه‌لێکدا هه‌یه. له کوردستان، مریشکی چینی و که‌ڵه‌شێری شامییش هه‌ن. ئه‌مانه
بێجگه له‌وه‌ی سه‌دان شتی دیکه به ناوی وڵاته‌کانیانه‌وه هه‌ن، ئیدی ئه‌وه
فڵانه شتی تورکییه و ئه‌وه فڵانه شتی ئێرانییه و ئه‌وه سوورییه و ئه‌وه ئه‌لبانییه
و....
قاوه،
که له بنه‌ڕه‌تدا له ئه‌سیووپیا و ئه‌فریقاوه بڵاوبووه‌ته‌وه و له عه‌ره‌به‌وه
گه‌یشتووه‌ته وڵاتانی دیکه، جۆری سازکردنی بۆ خواردنه‌وه لای عه‌ره‌ب ناونراوه
قاوه‌ی عه‌ره‌بی و له‌کن تورکیش بووه به قاوه‌ی تورکی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تورک گه‌یاندوویه‌تییه
ئه‌وروپا، له ئه‌وروپایش وشه‌ی قاوه‌ی تورکی وشه‌یه‌کی نامۆ نییه، ئه‌ویش وه‌ک
که‌باب و یۆگورت(ماست)ه‌که، که ئه‌وروپا له تورکه‌وه وه‌ریانگرتووه و به هی
تورکی ده‌زانن. تورک گه‌رماو(حه‌ممام)یشیان ناو ناوه حه‌ممامی تورکی.
له‌و گه‌شته‌دا بۆ یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت، ساڵی 1986، که به
هاوڕێیه‌تی کۆمه‌ڵیک خوێندکاری خوێندنگه‌ی مامۆستایانی سوێد و دوو مامۆستا چووبووم
و هه‌موو خوێندکاره‌کان خه‌ڵکی باکووری کوردستان بوون، له باژێری یه‌ریڤانی پێته‌ختی
ئه‌رمه‌نستان چه‌ند ڕۆژیک ماینه‌وه. ڕۆژێکی به نێو شاردا و به ئۆتۆبووس ده‌مانیانگێڕا
بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌وار و تایبه‌تمه‌ندی وشته گرنگ و جوانه‌کانی شاری یه‌ریڤانمان
پێشان بده‌ن و کچێکی ئه‌رمه‌نی، که ڕێپێشانده‌ر و ڕێنوێن(گاید Guide) مان بوو، به زمانی ڕووسی باسی
ئه‌و شتگه‌له و میژوویانی بۆ ده‌کردین، ئیدی ئه‌وه فڵانه کۆشکه و ئه‌وه فڵانه
کڵێسه‌یه و ئه‌وه فڵانه مه‌یدانه و ئه‌وه په‌یکه‌ری فڵانه سه‌رکرده‌یه و
...پیاوێکی ڕووسیش، که ئه‌ویش ڕێنیشانده‌رمان بوو و سوێدی ده‌زانی، قسه‌کانی ئه‌و
کچه‌ی بۆ ئێمه ده‌کرده سوێدی. پاش گه‌ڕانێکی زۆر، که له سه‌ردانی مۆنۆمێنتی شه‌هیدانی
ئه‌رمه‌نه‌وه، که ئاگرێکی زیندووی هه‌میشه گڕی لێیه، ده‌ستیپێکرد، ئه‌و شه‌هیدانه‌ی
له پرۆسێسی کۆمه‌ڵکوژیدا له‌سه‌ر ده‌ستی تورکان شه‌هید کرابوون و که له 24 ئه‌پریلی
ساڵی 1915دا ده‌ستیپێکردبوو، له شوێنێک ڕاوه‌ستاین بۆ ئه‌وه‌ی پشوویه‌ک بده‌ین.
کچه‌که گوتی، ئه‌گه‌ر هه‌ر پرسیارێکتان هه‌یه فه‌رموون تا وه‌ڵامتان بده‌مه‌وه.
یه‌کێک له هه‌ڤاڵانی ئێمه، که ناوی "ڤیلدان(ویلدان) تانریکئۆغڵو" بوو،
وشه‌ی ڤیلدان بۆ خۆی له (ولدان)ی عه‌ره‌بییه‌وه هاتووه و ئه‌و تیپی(و) ه له
زمانی تورکیدا ده‌بێته(ڤ) ئیدی بۆیه ناوی ئه‌ویش بووه به ڤیلدان، ده‌ستی بڵند
کرد و به سوێدی گوتی، من پرسیارێکم هه‌یه. قسه‌که‌ی بۆ کچه ئه‌رمه‌نییه‌که
کرایه ڕووسی و ئه‌ویش فه‌رمووی لێکرد. ویلدان گوتی: لێره حه‌ممامی تورکی هه‌یه؟ ئه‌و پرسیاره کرایه ڕووسی بۆ کچه ئه‌رمه‌نییه‌که،
کچه به ده‌نگێکی نێرانه‌ی بڕێک توند و بڕێک به‌رز و باوه‌ڕبه‌خۆبووه‌وه گوتی:
"ئێمه لێره ته‌نیا حه‌ممامی ئه‌رمه‌نیمان هه‌یه".
ویلدان،
وه‌ک هه‌موو کۆمۆنیستانی ئه‌وده‌می سه‌ر به سۆڤیێت، هه‌ر زۆر بێتام ده‌روێشی
سۆڤیێت بوو و هه‌موو شتێکی سۆڤیێتی پێ چاک و سه‌یر و عه‌نتیکه بوو و وه‌ک شتێکی
پیرۆز ته‌ماشای ده‌کرد. که خۆراکمان ده‌خوارد،
ئیدی خۆراکه‌که هه‌رچی بووایه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناخۆشترین جۆر و تامیش بووایه،
ئه‌و پیاوه مڵچه‌ی ده‌می ده‌هات و ده‌یان جار ده‌یگوت:"ئه‌ڤ چییه! ئه‌ڤ چه‌وا
چێ کرنه!". که پاش خواردن به‌سته‌نیمان ده‌خوارد، ئه‌و ویلدانه سه‌دجار له‌سه‌ریه‌که
ده‌یگوت:"ئه‌ڤ چ قاس خوه‌شه"، له کاتێکدا له هه‌موو ئه‌و گه‌شته
بیستوئه‌وه‌نده ڕۆژییه‌ماندا و له‌و هه‌موو شارانه، ته‌نێ یه‌ک جۆر و یه‌ک تام و
یه‌ک ڕه‌نگ به‌سته‌نیمان خوارد. هه‌موو جارێکیش به ویلدانم ده‌گوت: کوڕه شه‌رمه
تۆ وا ده‌ڵێی، تۆ له سوێده‌وه هاتووی، هه‌ر که‌چه‌فرۆشگه‌یه‌کی لاکۆڵان بچیت، سه‌دان
جۆره به‌سته‌نی لێیه! ویلدان ماشێنی "لادا"ی ڕووسی و نانی ڕووسی(نانێکی
یه‌کجار جێڕ و ڕه‌قیان هه‌بوو، که ده‌بوو تا پاروویه‌کی لێ ده‌خۆی، سه‌دجاران
هاوارکه‌یته خودا و پیاوچاکان به‌شکو ددانه‌کانت نه‌که‌ونه نێو ده‌مت) و په‌تاته‌ی
ڕووسی و قه‌ندی ڕووسی(که به یه‌ک دانه‌ی ده‌توانی شه‌ش حه‌فت پیاڵه چای دیشله‌مه
بخۆیه‌وه)، له ڤۆڵڤۆی سوێدی و نانی سوێدی و په‌تاته‌ی سوێدی و قه‌ندی سوێدی، پێ باشتر
بوون. له‌کن ویلدان و زۆرینه‌ی هه‌ڤاڵه‌کانی تریشمان نه‌تده‌توانی بڵێی فڵانه شتی
ڕووسی، ئه‌رمه‌نی، گوروزینی یا ئازه‌ری، ده‌بوو بڵێی فڵانه شتی سۆڤیێتی، ته‌نانه‌ت
هه‌ندێ جار لێیان تێکده‌چوو و به زمانی ڕووسییش ده‌یانگوت زمانی سۆڤیێتی. ئه‌و
هاوڕێیانه یه‌ک شتی ناته‌واو و خراپیان له‌و ئیمپراتۆریا گه‌وره‌یه‌دا نه‌ده‌دی.
ئێمه هه‌ر یه‌که‌م ڕۆژ، که له فڕۆکه‌خانه‌ی لێنیگراد(ئێستا سان پیته‌ر بورگ)
دابه‌زین، وایان پشکنین تا ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی یه‌ک به یه‌ک و ته‌نیا ته‌نیا بردمانیانه
ژوورێکه‌وه و هه‌موو جله‌کانیان له‌به‌ر داکه‌ندین و ته‌نیا به ده‌رپێیه‌کانمانه‌وه
ماینه‌وه. بێجگه له‌وه‌ش چه‌مه‌دان و ساکه‌کانمان هێنده به وردی پشکنران و
هێنده پرسیاری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌مان له‌مه‌ڕ شته‌کانمانه‌وه لێ کرا، مرۆڤ له
گیانی خۆی بێزار ده‌بوو. که پاکه‌ته جگه‌ره و کرێمی ددان شۆردن و ورده شتی
دیکه، له کاتی پشکنینی ساکه‌کانماندا به‌رده‌ستی ئه‌و پۆلیسانه ده‌که‌وتن، بۆ
خۆیان ده‌یانخسته لاوه و له کیسه‌یه‌کیان ده‌کرد، به ناوی ئه‌وه‌ی که ئه‌وانه
بۆ ئه‌وان باشن یا گومانیان لێیان هه‌یه و پاشان ده‌یانماشییه‌وه و له به‌رکیان
ده‌نا و ده‌یانبرده‌وه ماڵێ. ئه‌و هه‌موو به‌زمه، ئه‌و هه‌موو سووکایه‌تیپێکردنه،
له‌کن ویلدان و هاوڕێیانی دیکه، گه‌لیک ئاسایی بوو و هه‌ر هیچ نه‌بوو و به پێچه‌وانه‌شه‌وه
گه‌لێک که‌یفساز بوون پێی و هه‌رده‌تگوت"ڕوونی سه‌ی له قه‌لبیان ده‌ده‌ن".
وه‌ڵامی
ئه‌و کچه ئه‌رمه‌نییه بۆ پرسیاره‌که‌ی ویلدان، فێنکاییه‌کی به دڵ و هه‌ناومدا
هێنا و کۆڵیک دڵی خۆش کردم و هه‌ر ده‌تگوت قسه‌ی دڵی من ده‌کات، ڕێک وه‌ک ئه‌وه
وابوو، تۆپه‌ڵێک به‌فر به ڕوومه‌تی ویلداندا بدا یا مشتێک به‌نێو ده‌میدا بکێشێت.
دواتر به ویلدانم گوت: توخوا ئه‌وه پرسیار بوو کردت! چ مرۆڤێکی هۆشیار پرسیاری
وا ده‌کات! سه‌د بریا هه‌ر زارت نه‌کردبایه‌وه!
ئه‌وه‌ی ویلدان کردی وه‌ک ئه‌وه وابوو تۆ بانگهێشتنی
ئێزدییه‌ک بکه‌یت بۆ نانخواردن و که‌له‌رم و گوڵه‌که‌له‌رم و کاهووی بخه‌یه به‌رده‌ست،
یا جووله‌که و موسوڵمانێکی خاوه‌ن باوه‌ڕ گوشتی به‌رازیان ده‌رخوارد ده‌یت یا له
ماڵه ئێزدییه‌ک چه‌ندین جار له‌سه‌ریه‌که و به ده‌نگی به‌رز ناوی شه‌یتان بهێنیت
یا له نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا په‌یکه‌ر بۆ موعاویه‌ی کوڕی ئه‌بوسوفیان و یه‌زیدی
کوڕی موعاویه و شه‌مری کوڕی زیلجه‌وشه‌ن دروست بکه‌یت. ویلدان، هه‌رچه‌نده کورد
بوو و له کۆمۆنیسته‌کانی شووره‌وییش کۆمۆنیستتر بوو، به‌ڵام به مێشکێکی تورکی ده‌هزرا.
ئه‌و چۆن به هه‌موو شتێکی سۆڤیێت سه‌رسام ده‌بوو، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش به هه‌موو
شتێکی تورکی سه‌رسام بوو و مینا تورکانیش پێیوابوو، حه‌ممام هه‌ر ده‌بێ تورکی بێت
و گه‌ره‌که له هه‌موو شوێنێکیش هه‌بێت، ته‌نانه‌ت له ئه‌رمه‌نستانیش!!!
عه‌ره‌ب
ده‌ڵێن:"سکت دهرا نطق کفرا" واته: زه‌مانێک کڕ بوو و پاشان به کفر
هاته گۆ.
13/3/2010
No comments:
Post a Comment