Saturday 27 November 2021

خوێندکارانی کوردستان و بڕێک سەرنج

خوێندکارانی کوردستان و بڕێک سەرنج

 

                                                            ئەمجەد شاکەلی

 

ئەمڕۆ لە دیدارێکیدا لەگەڵ هەندێک لە خوێندکارانی زانستگە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، مەسروور بارزانی، گوتی:"خوێندن لەو زانکۆیانەی کە حکومین بە خۆرایین و حکومەت بە خۆڕایی خوێندن دابین دەکات بۆ ئەو قوتابییانەی کە لەم زانکۆیانە دەخوێنن. داواکردنی دەرماڵە بۆ خوێندنی خۆڕایی لە هیچ شوێنێکی جیهان نییە...لەهیچ شوێنێک شتی وانییە کە بڵێی من بە خۆڕایی دەخوێنم و دەبێت بڕەپارەیەکیشم وەک دەرماڵە پێبدەن بۆ ئەوەی بخوێنم"[1].

ئەوانەی هاوڕێی سەرۆکی حوکوومەت بوون لەو دیدارەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانستگەیەک بوون، کە هەردوویان بەرپرسی ڕاستەوخۆی خوێندنی زانستگە و خوێندکارانن. بێجگە لەوە من هیچ گومانێکم لەوەدا نییە، کە سەرۆکی حوکوومەت و هەر بەرپرسێکی باڵای کوردستان، بەو دوو هاوڕێیەی لەگەڵ سەرۆکی حوکوومەتیشدا بوون لەو دیدارەیدا، دەیان و سەدان ڕاوێژکار و جێگر و سکرتێر و یارمەتیدەر و کارمەند و دەستوپێوەند و خەڵکیان لەبەردەستدایە و زۆر بە ئاسانی دەتوانن، دەستیان بە هەموو زانیارییەکی ڕاست و دروست و نوێوە، لەمەڕ هەر پرس و بابەتێکەوە، نەک تەنێ پێوەنددار بە کوردستانەوە، بەڵکە بە هەموو گەردوونەوە و بە زووترین کات، بگات. لەم سەردەمی جیهانگەری و پێشکەوتنی تەکنۆلۆگییەدا، دەستەبەرکردنی زانیاری کارێکی گەلێک سانایە بۆ هەموو مرۆڤێک، بەتایبەت بۆ کەسانێک، کە لە لووتکەی دەسەڵاتدا بن. لێ مخابن، لەو دیدارەی سەرۆکی حوکوومەتدا وا نەبوو! ئەو زانیارییەی سەرۆکی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمەڕ خوێندنی خۆڕایی و دەرماڵەی خوێندکاران لە وەڵاتانی دیکەی جیهاندا، هەڵە بوو. ئەو دەبوو پێشتر داتای دروستی بۆ ئامادە کردبا، ئیدی بۆ خۆی یا بە کۆمەکی دەستەکەی، کە لەگەڵیدا کار دەکەن.

من بۆ خۆم ماوەی چل ساڵێکە لە وەڵاتی سوێد دەژیم و بڕێکیش خوێندوومە و قەرزی خوێندنم وەرگرتووە و تا ڕادەیەکیش ئاگاداری وەڵاتگەلی ئەوروپا و دەوروبەری سوێدم. تەواوی خوێندنی سوێد، لە هەموو خوێندنگە و زانستگەکاندا هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تا پۆست دۆکتۆرایش، هەمووی بە خۆڕایی و مفتە و خوێندکار یەک قل پارە بە خوێندن نادات. تاکە تاکەیەک خوێندنگەی تایبەت لێرە و لەوێ هەن، بە پارە تێیاندا دەخوێنرێت، لێ ژمارەیان ناگاتە ژمارەی پەنجەی دەست. هەموو شاگردێک لە تەمەنی نێوان  16-20 ساڵان و لە پۆلی دەیەمەوە، مانگانە وەک دەرماڵە 1250 کرۆنی سوێدی مفتی دەدرێتێ. کە خوێندکار دەچێتە خوێندنی دوای ئامادەیی و زانستگە، ئیدی ئەگەر ئارەزووی لێبێت، دەتوانێت قەرزی خوێندن(بە عەرەبی:منحة دراسية، بە فارسی:کمک هزینه تحصیلی، بە ئینگلیزی: Study grant) وەربگرێت، چون هەن قەرز وەرناگرن و لەگەڵ خوێندنەکەیاندا کار دەکەن و خۆ دەژێنن. ئێستا لە ساڵی 2021دا مانگانەی هەر خوێندکارێکی زانکۆ، ئەگەر قەرز وەرگرێت 10928 کرۆنە، کە 7328 کرۆنی بە قەرز دەژمێردرێت و 3600 کرۆنی بە دەرماڵە، واتە: مفت وەریدەگرێت. لە ساڵی 2022دا ئەو پارەیە دەگۆڕێت و دەبێتە 11088 کرۆن لە یەک مانگدا، کە 7436 کرۆنی قەرزە و 3652 کرۆنی دەرماڵەی مفتە. ئەو پارەیەی خوێندکار وەک قەرز وەریدەگرێت، پاش تەواوکردنی خوێندن گەرەکە مانگانە بەشێکی بگێڕێتەوە بۆ حوکوومەت تا بەرەبەرە هەمووی تەواو دەبێت، کە ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت، ئەو بەشەی دەرماڵەیە، ئەو وەک شیری دایکی نۆشی گیانی دەکات و هیچ لەسەری ناکەوێت. خوێندکار دەتوانێت تەنیا دەرماڵەکە وەرگرێت و قەرزەکە وەرنەگرێت، ئەگەر بتوانێت بەو دەرماڵەیە بژێت. خوێندکار چ ئەوانەی قۆناخی ئامادەیی و چ هی زانستگە، مافی ئەوەی هەیە کارتێکی مانگانە یا ساڵانە بۆ هاتوچۆی نێو ئەو شارەی تێیدا دەژی و دەخوێنێت، بۆ ئۆتۆبووس، شەمەندەفەری سەرزەوی و میترۆ بکڕێت بە نیوەی نرخی ئاسایی خەڵکی ئاسایی و بۆ هاتوچۆی نێو تەواوی سوێدیش هەر بە نیوە نرخە ئاساییەکە دەتوانێت بگەڕێت. خوێندکار، بە نیوە نرخ دەچێتە سینەما، شانۆ، مەلەوانگە و دەیان جێگەی دیکە. لە تەواوی ئەوانەدا خوێندکار و خانەنشین وەک یەک دەژمێردرێن، هەردوویان نیوەنرخ دەدەن. خوێندکار لەو خواردنگە و ڕیستۆرانتانەی نێو زانستگەکان، بە نیوە نرخ دەخۆن. بێجگە لەوانە، خوێندکار زۆر شتی دیکە دەیگرێتەوە و سوودمەند دەبێت لێیان.

خوێندکارانی کوردستان تەنیا کێشەی دەرماڵەیان نییە، ئەوان کێشەی بەشە ناوخۆییەکانیشیان هەیە، کە پڕن لە ناڕێکی و پڕگرفت و سەختی.

ئەو هەموو زانستگە و خوێندنگە تایبەت و ئەهلی و بیانیانەی لە کوردستان کراونەوە و هەن و ڕیگەپێدراون، زیانێکی یەکجار مەزن و کاریگەرییەکی یەکجار خراپیان لەسەر جڤاک و فەرهەنگی گەلی کوردستان و زمانی کوردی داوە و کردووە. کارێکی وایان کردووەتە سەر خوێندن و خوێندکار، کە بەسەر دوو جەمسەردا دابەش بن. بەچکە دەوڵەمەند و سەرمایەدار و بەرپرس و مشەخۆران، دەچنە خوێندنگە و زانستگەی  تایبەت، کە خوێندن تێیاندا بە پارەیە و بە زمانانی ئینگلیزی، فرانسی، تورکی، ئەڵمانی و... فرەتر بە ئینگلیزییە. ئەو جۆرە خوێندنگە و زانستگەیانە خوێندکارێکی تەمبەڵ و کەمنمرە، کە لە پۆلی دوانزدەی ئامادەییدا 50ی هێناوە، کە لە زانستگە حوکوومەتییەکە وەرناگیرێت، لەوێ تەنیا لەبەر ئەوەی پارە دەدات، وەردەگیرێت. کاتێکیش ئەمەی زانستگەی تایبەت خوێندن تەواو دەکات، لەبەر زمانە ئینگلیزییەکەی و لەبەر ئەوەی بێچوە دەوڵەمەند و بەرپرسە، زۆر بە ئاسانی کاری دەستدەکەوێت و بێچوە هەژارە دەرچووەکەی زانستگە حوکوومەتییەکەیش، کە دەبێ ڕکابەری بێچووە دەوڵەمەندەکەی دەرچووی خوێندنی تایبەت و زمانی ئینگلیزییەکە بکات، پێی ناکرێت و لەو پێشبڕکێ نایەکسانەدا دەدۆڕێت.

هەزاران بەرپرس و دەستڕۆ و دارا و گیرفانپڕی کوردستان، کە بەشێکی زۆریان لە کوردستان خوێندیان تەواو نەکردووە و بڕوانامە و بەڵگەی ساختەیان بۆ کراوە، ساڵانە دەچنە دەرێی کوردستان، تورکیا، ئێران، لبنان، میسر و...هەر وەڵاتێکی دیکە یا خۆیان لە کەرکووک، ڕەمادی، شارەبان، باقوبە، مووسڵ و تەنانەت چەپەکترین شوێنی عیراق ناونووس دەکەن و دوای ماوەیەک پلەی ماستەر یا دۆکتۆرا وەردەگرن و دێنەوە و دەبنە بەڵا بۆ ئەو هەژارانەی لە زانستگە حوکوومەتییەکانی کوردستان خوێندنیان تەواو کردووە و ڕکابەرییان دەکەن.

خوێندکارانی کوردستان مافی ڕەوای خۆیانە دەرماڵەیەکی باش وەرگرن و منەتیان بەسەردا نەکرێت. ئەگەر ئەوە بکرێتە بیانوو، کە حوکوومەتی عیراق لە ساڵی 2014ەوە چەندین ملیار دۆلاری بۆ کوردستان نەناردووە و قەرزداری کوردستانە و ئەوە پارەی خوێندکارانە و بەغدا خواردوویەتی و هەموو جارێک ئەو ڕستەیە بدرێت بە گوێی خوێندکار و کارمەند و کارگەر و چینەکانی خوارێی کۆمەڵدا، ئەدی وەزیر و گزیر و جێنێراڵ و ڕاوێژکار و جێگری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییە خانەنشینکراوە بندیوارەکان، بۆ مووچە و دەرماڵە و پشتماڵە و ژێرماڵە و بانماڵەی خۆیان ڕێک و بێ کێشە وەردەگرن، ئەوە لە کاتێکدا، کە بەردەوام باس لە چاکسازی دەکرێت! تەواوی پارەیەک بۆ ئەو دەرماڵەیەی خوێندکاران دەڕوات، بە قسەی مەلا بەختیار، کە یەکێکە لە سەرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، 10 میلیۆن دۆلارێک دەکات.

لە کوردستان، دەیان هەزار لەو بندیوارە مفتەخۆرانە هەن، هەریەکە و مانگانە دەیان هەزار دۆلاریان بۆ خەرج دەکرێت، کە سەرلەبەری پارەیەکی وەریدەگرن، وەک چۆن گۆشتی بەراز و سەگ لە ئایینی ئیسلامدا حەرامە، ئەو پارە و مووچەیەی ئەوانیش وەها حەرامە. ئەوانە لە ساڵانی 1990وە تا هەنووکە ئەو مووچە و پارەیە وەردەگرن، حوکوومەت بە بڕینی ئەو پارە حەرامەی ئەو مفتەخۆرانەی بندێوارێ، نە تەنیا دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر مەبەستی بێت، دەتوانێت دەرماڵەی تەواوی خوێندکارانی هەموو کوردستانی گەورە دابین بکات.

بەشە هەرێمەکەی باشووری کوردستان، سیستمێکی خوێندن پێڕۆ دەکات، بێجگە لەوەی ئاستی زانین و زانست چەندی بیری لێ بکەیتەوە نزمە، کادرێکی زۆری ناکارایش لە بواری ناپێویستدا دێنێتە بەرهەم و دەخاتە نێو جڤاک و بازاڕی کارەوە، کە بێجگە لە زیان چ سوودێکیان نییە، چون ئەوانە دەبنە لەشکرێکی بێکار و بێبەرهەم.

تەواوی ئەوانە کێشەن، لێ مرۆڤی دەوڵەمەند و سەرمایەدار و تێر و دەسەڵاتدار، لەبەر ئەوەی بۆ خۆی لە وەها حاڵێکدا ناژی، هەرگیز ناتوانێت هەست بەو جیاوازییانە بکات. پیرەمێردی شاعیر لەمێژە گوتوویەتی:

پیاوی تێر ئاگای لە برسی نییە، بە ماڵ ئەخوڕێ هیچ ترسی نییە

  27-11-2021

  

Sunday 7 November 2021

تیۆری پیلانگێڕی و داڕووخانی کاباڵ

تیۆری پیلانگێڕی و داڕووخانی کاباڵ

                                                          ئەمجەد شاکەلی

زۆرێک لە ئێمە لەبارەی تیۆرییەکانی پیلانگێڕی یا کۆمپلۆت  و دەسیسە (Conspirations Theory)ەوە، گەلێ شتی بیستووە. وەک نموونە: کە خۆراکێکی ئێمە دەیخۆین، ژاری تێدایە! 11ی سێپتەمبەری 2001، بەو جۆرەی میدیا ڕەسمییەکان باسیان کردووە و پێشانیانداوە، ڕووینەداوە! جۆن کەنەدی(John Fitzgerald ”Jack” Kennedy)، سەرۆکی ئەمەریکا، دەستی دیکە لە پشتی کوشتنەکەیە بووە! کە میدیا ئێمە چەواشە دەکات و دەمانخەڵەتێنێت بەوەی وەڵاتگەلێکی جیاواز بە ناوی دیموکراتییەوە داگیر دەکرێن!

گەلێ جار بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوێکی دیاریکراو یا هەڵوێستێک، کە هیچ هۆکار و پاساوێک نییە بۆ ڕوودانی لەنێو جڤاک و خەڵک و وەڵاتاندا و کە ڕووداوێکە پێشینەی نەبووە و هەرگیز پێشتر ڕووی نەداوە یا بەو جۆرە ڕووینەداوە، دەستەواژەی تیۆریی پیلانگێڕی  بەکار دەهێنرێت. زۆر جار ناوەڕۆکی ئەو پیلانگێڕییانەش کردەوەیەکی ناقانوونین یا زیانبەخش و خراپەکارین و بۆ مەبەستی سیاسی و ئابووری دەکرێن.

ئەوەی پتر دەبێتە هۆی باوەڕهێنان بە تیۆری پیلانگێڕی یا گومان دروست دەکات، لەکن خەڵک، لەدەستدانی باوەڕە بە ئامرازی میدیایی نەریتی و ڕەسمییەکان، کە ئیدی خەڵک ناچار دەبێت بە دوای پاساودا بگەڕێت، چون پێیان وایە ئەوەی میدیا دەیڵێ ڕاست نییە و هیچ شتێک هەروا بە بەڕێککەوت چی نابێت.

بەڵام، ئایا ئەو دەنگۆیانە تەنێ تیۆرین یا ڕاستییەک لەو باسوخواسانەدا هەیە؟ چین و کێن ئەوانەی لەپشتی هەموو ئەو دەنگۆیانەوەن؟ ئەوجا بۆ؟

ئەم تیۆرییەی پیلانگێڕی، کۆمپلۆت و دەسیسەیە باوەڕی بەوەیە، کە دەستەیەکی دەستەبژێری جیهانی، بازنەیەک مرۆڤی توانا هەن، وەک ئەنجومەنێکی داخراو و پەنهان لە پشتی پەردەوە، دەستیان بەسەر حوکوومەتەکان و پیشەسازی و میدیای هەموو جیهاندا دەڕوات و لەڕێگەی سیستمی بانکییەوە، بە هەوەسی خۆیان دەیانجووڵێنن و یارییان پێ دەکەن و ئامانجیان سەپاندنی هەژموونی خۆیانە بەسەر دەوڵەتاندا. هەر ئەو دەستەیە مەسرەفی هەموو ئەو جەنگە مەزنانەی جیهانیان، کە لە ماوەی دوو سەدەی پێشوودا ڕوویانداوە، کردووە. ئەوانەی باوەڕیان بەو تیۆرییەیە، پێیانوایە ئەو دەستە یا ئەو گرۆ نهێنییەیە، کە کۆمەکی کردووە و دەستی هەبووە لە بەرزبوونەوە و گەیشتنی کۆمیۆنیزم و نازیزم بە دەسەڵات لە ئەوروپادا. بێجگە لەوەش، ئەو دەستەیە نەخشەی جەنگ دادەڕێژن، چون ئەوە ڕێگەیان بۆ خۆش دەکات، هەژموون و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری خۆیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن و سیستمێکی نوێی سیاسی و ئابووری و ژیان بەسەر جیهان و مرۆڤدا بسەپێنن. باوەڕدارانی ئەو تیۆرییە، پێیانوایە بنکە و نێوەندی سەرەکی ئەو دەستەیە لە جێگەیەکی نهێنی ڕۆژاوایە.

لەو ڕووداوانەی بەو تیۆرییەوە گرێدەدرین و لێکدانەوەی پێچەوانەی لێکدانەوە ڕەسمییەکانیان بۆ دەکرێن:

ڕووداوی 11ی سێپتەمبەری 2001، کە هەرچەندە باس لە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە دەکرێ کردبێتی، لێ بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی قوربانیان و ڤیدیۆی ڕووخانی هەردوو بورجە بازرگانییەکانی نیوویۆرک، بەپێی تیۆری پیلانگێڕی، ئەوە ڕووداوێکە لە توانستی ئەلقاعیدە گەورەترە و ئەلقاعیدە هیچ پێوەندی پێوە نییە، بەڵکە ئەوە کردەیەکە بەرپرسانی باڵای کارگێڕیی ئەمەریکا ڕێگەیان بە ڕوودانی داوە، بۆ پاساودان بە جەنگی ئەمەریکا لە ئەفغانستان. وەک گەواهیی ڕاستبوونی ئەو تیۆرییە، یەکێک لە دیمەنەکانی فیلمە ئەمەریکییەکانی پێشووتریان وەک نیشانە و ڕاستی تیۆرییەکە هێناوەتەوە، دیارە بەوەش سینەما دەتوانێت لە پەرەپێدانی ئەو تیۆرییەدا ڕۆڵێکی دیاری هەبێت.

 

کوژتنی جۆن کەنەدی، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا لە 22ی نۆڤەمبەری 1963دا و کوژتنی لی هارڤی ئۆزوالد(Lee Harvey Oswald)، ئەو کەسەی بە تۆمەتی کوژتنی کەنەدی گیرابوو، لە لایەن جاک ڕۆبی(Jack Leon Ruby)یەوە، دوای دوو ڕۆژ لە کوژتنی کەنەدی، هەموو ئەو ڕووداوانە، ئەو گومانانەی هێنایە گۆڕێ، کە سی.ئای.ئەی(CIA)، یا مافیا، یا لیندن جۆنسن(Lyndon Baines Johnson)، کە جێگری سەرۆک کەنەدی بوو لەو کاتەدا، یا فیدێل کاسترۆ(Fidel Castro)ی ڕێبەری کووبا، یا دەسگەی هەواڵگریی کەی.جی.بی(KGB) سۆڤیێت لە پشتی کوژتنی کەنەدییەوە بووبن.

شۆڕشی فرانسای 1789، باوەڕدانی ئەو تیۆری کۆمپلۆتە، پێیانوایە ماسۆنی و دەستەی ڕۆشنگەران و دەستەی سوارانی پەرستگەی عیساییانی لەپشتەوە بوونە.


دابەزینی مرۆڤ لەسەر مانگ، بۆ یەکەم جار لە 16ی جوڵای 1969دا، کە بە بڵاوکرابوونەوەی وێنەکانی، گۆمانێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، کە وێنەکان دروستکراو بن و وەها کارێک هەر نەکرابێت!

 

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی 2019ەوە، کە هەموو جیهانی گرتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە، کۆمەڵێک گومانی بە دوای خۆیدا هێنا، کە لە تاقیگە یا کارگەیەکدا دروست کراوە و بڵاو کراوەتەوە. ئەمەریکییەکان دەڵێن لە چین دروست کراوە و چینییەکانیش دەڵێن ئەمەریکا دروستی کردووە و سەربازێکی ئەمریکی لە شاری ووهان لە چین بڵاوی کردووەتەوە.

گەلێ جار جوولەکە یا کەنیسەی کاتۆلیکی و ڤاتیکان تۆمەتبار دەکرێن بەوەی ڕوودەدات.

بەگوێرەی دیدی مایکڵ بارکۆن(Michael Barkun)ی ئەمەریکی، لە دایکبووی 1938 و پرۆفێسسۆر لە بواری زانستی سیاسیدا و پسپۆر لە بواری تونداژۆیی، ئایین، تیۆری پیلانگێڕی، پایەکانی تیۆری پیلانگێڕی، کۆمپلۆت یا دەسیسە، لەسەر ئەوە بەندە، کە گەردوون بە جۆرێک لە ڕێکخستن و هاوئاهەنگی و لەنێو چوارچێوەیەکدا، بەستراوە و گرێدراوە پێکەوە و چەند  پێوەرێک شێوەی گەردوون دەنەخشێنن. پێوەرەکانیش ئەمانەن:

هیچ شتێک بە ڕێککەوت نایەتە گۆڕێ.

 هەموو شتەکان و پێشهاتەکان گرێدراوی یەکترن.

 هیچ شتێک وەک ئەو جۆرەی دەردەکەوێت، نییە.

بەشێکی زۆر لەو لێکدانەوە و گومانانەی لە تیۆریی دەسیسە و پیلانگێڕاندا دەخرێنە بەرباس، لە دۆکیۆمێنتێری داڕووخانی کاباڵ(The Fall of the Cabal)دا، کە لەلایەن جانێت ئۆسبارد(Janet Ossebaard)ەوە ئامادە کراوە، وەک بەدواداچوونێک، دەخرێنە بەرباس.

جانێت ئۆسبارد، خانمێکی هۆڵڵاندییە و لەدایکبووی ساڵی 1966ە. ئەو کەسێکە زانستی زمانی خوێندووە، بە تایبەت لە ڕووی فەرهەنگی و وشەسازی و لێکدانەوەی دەقەوە (فیلۆلۆگی/ Filologi) و دۆکتۆرای لەو بوارەدا وەدەستهێناوە. ئەو شارەزای  بواری دەفرە ئاسمانییەکانیشە، کە وا باوە دەفڕن و لە دەرێی تۆپی زەوی و ئەستێرەی دیکە و ئاسمانەوە دادەبەزن و یووفۆ(UFO)یان پێ دەگوترێ، یووفۆ بە ئینگلیزی، واتە:( Unidentified Flying Object)، کە دەکاتە دەفرێک یا شتێکی نەناسراوی فڕندە. دیارە وەها دەفر و شتگەلێکی لەو جۆرە تا هەنووکە جیی گومانن. ئۆسبارد لە 1994ەوە لەو بوارەدا چالاکە و چەندین کتێبی نووسیوە و بەردەوامیش گوتار و نووسین لەمەڕ ئەو باسانەوە لە ڕۆژنامە و کۆڤارەکاندا بڵاو دەکاتەوە و وەڵاتان دەگەڕێ و لەو بارەوە کۆڕ دەگرێت و دەدوێت.

ئۆسبارد، ئێستا کار لە دروستکردنی فیلمی دۆکیۆمێنتاریدا دەکات و کارەکانی بە قازانجی ئیدیۆلۆگی کیوئەینۆن(QA non) دەگەڕێتەوە، کە تیۆرییەکی ڕاستڕۆیە، بە تیۆری دەسیسە و کۆمپلۆت دەناسرێت و باس لە دەسیسەیەکی نهێنی دژ بە دۆناڵد ترەمپ(Donald John Trump)ی، سەرۆکی ئەمەریکای پێشوو و لایەنگرانی دەکات، کە لە لایەن، وەک دەڵێن دەوڵەتێکی نهێنی و هێز و دەسەڵاتێکی ژێرزەمینی، واتە: دەوڵەتێک لە قوولاییدا، نەخشەی بۆ دادەنرێت. کیووئەینۆن، خەڵکانێکی نادیار و نهێنیین، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکاندا دەکەن و بۆ خۆیان بازنەیەکی داخراون (Cabal)، لە دەستەبژێر و سەرتەڵەکانی جیهان پێکهاتوون. دەستەواژەی کاباڵ، لە(Kabbalah)  یا (‌Qabala)  یا (Cabala)وە هاتووە، کە لە بنەمادا دەگەڕێتەوە بۆ زمانی عیبری و ئاراستەیەکی ئایینی جووە، تاڕادەیەک مانەندی سۆفیگەرییە لەکن ئیسلام.

ئەو فیلمە دۆکیۆمێنتارییەی ئۆسبارد کردوویەتی لەژێر ناوی (The Fall of the Cabal)دا. دۆکیۆمێنتێرێکە، لە 10 بەش پێکهاتووە، دوای بینینی هەموو بەشەکان، وەک فیلمێکی پرۆپاگەندە و بانگەشەی هەڵبژاردن دێتە بەرچاو بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە لە ساڵی 2020دا، جۆ بایدن(Joe Biden)ی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، وەک ڕکابەری وی(ترەمپ)، خۆی بە نوێنەری دیموکراتەکان ناودێر کرد. پاژەکانی ئەو دۆکیۆمێنتێرە، کە پێکەوە گرێدراون بۆ ئەو باسوخواسانەن، لەنێو میدیای سێبەر و لابەلا و ناڕەسمییدا پەخش دەکرێنەوە. ئەو مژارانەی لەو دۆکیمێنتێرەدا باسیان لێوە کراون، پتر پێوەنددارن بە منداڵبازی(Pedophilia) و سرووتە شەیتانییەکان و شەیتانپەرستی (Satanism) لە نێو خەڵکانی بەناوێی دەستەبژێردا، بەتایبەت ئەوانەی هۆلیوود (Hollywood) و دیموکراتەکان و دەسگەی هەواڵگریی ئەمەریکا(CIA)، کە تا ڕادەیەک بەرپرسن لە هەموو نەهامەتییەکان جیهان.

ئەو کارەی ئۆسبارد، وەک بانگەشە و پرۆپاگەندەیەک بۆ ڕاستڕۆ تونداژۆکان دەبینرێت. بەگوێرەی ئۆسبارد، گۆڕانێکی مەزن بەڕێوەیە، لێ زۆرینەی خەڵک بێئاگان لێی. دۆکیۆمێنتێرەکە، باس لە سیستم یا ڕێکخستنەوەیەکی جیهانی نوێ(The New World Order (NWO)  و دەوڵەتێک یا دەسەڵاتێکی قووڵ و ناخویا و لە پەنهاندا، دەکات. ئەم فیلمە چەند جارێک لەلایەن یووتیووب(YouTube)ەوە قەدەغە کراوە. دۆکیۆمێنتێرەکە نزیکەی 3 سەعاتێکە، لەلایەن کەسێکی شارەزا و توێژەرێک(جانێت ئۆسبارد)ەوە ئامادە کراوە.

داڕووخانی کاباڵ The Fall of the Cabal، باس لە داڕووخانی ئەو بازنە یا دەستە گچکەیەی خەڵکانێک دەکات، کە لە ڕێگەی زێدەدەوڵەمەندی و دارایی و دەسەڵات و هێزێکی هەیانە، هەموو جیهان بەڕێوە دەبەن و نەخشەی بەڕێوەبردن و ئاژۆتنی هەموو مرۆڤایەتییان هەیە و بۆ خۆیشیان ڕێژەیەکی یەکجار کەمن، لێ خودانی دەسەڵات و هەژموون و دارایین. ئەوانن دەستە یا بازنەی کاباڵ پێکدەهێنن. تەواوی نەخشەگەلێکی، کە هەیانە، لەسەر بنەمای گەندەڵی، خزمەتگوزاریی نهێنی، جڤاکی نهێنی، ئەنجامدانی تاوانی گەورە بە هۆی سەرانی کەسان و گرۆی تاوانکار و مرۆڤکوژ، لە دەڤەر و وەڵاتە جیاوازەکاندا ئەنجام دەدرێن. کێن ئەوانەی، بێجگە لە سەرکردە سیاسییەکان و شا و شاژنەکان، کە لەڕاستیدا جیهان بەڕێوە دەبەن؟ بانکەکان چ ڕۆڵێکیان هەیە؟ ناسنامەی ڕاستینەی ڤاتیکان چییە؟ کەی دەڕووخێن؟ ڕۆڵی خەڵک، تۆ و من چییە؟ ئێمە چۆن لەگەڵ ئەم گۆڕانە مەزنەدا، کە پێیدا تێدەپەڕین بەرخورد دەکەین؟ ئێمە چۆن ڕابوون و هەڵسانەوەیەکی گەورەی پڕ لە هێزی ناوەکی و باوەڕبەخۆبوون بە تەواوی دەئەزموونین؟ هەموو ئەوانە پرسگەلێکن، لەو دۆکیۆمێنتێرەدا، جانێت ئۆسبارد هەوڵی وەڵامدانەوەیان دەدات. 

لەم دۆکیۆمێنتێرەدا ئۆسبارد، باس لەوە دەکات، چۆن میدیا، بارهێنان و خوێندن، فیلم، موزیک، کار دەکەنە سەر مرۆڤ بۆوەی بەگوێرەی خواست و بەرژەوەندی گرۆ و دەستەیەک و خەڵکێکی تایبەت بژین.

ئۆسبارد، باس لەو گرۆ یا دەستەیە دەکات، کە لە 13 بنەماڵە یا خێزان پێکهاتوون و لەنێویاندا، ماڵباتی ڕۆتشیڵد(Rothschild)، ڕۆکیفێللەر (Rockefeller) و مۆرگان (Morgan) هەن، لێ لە ڕاستیدا بنەماڵەی دیکەش هەن، کە تەنانەت لەبان ئەمانەوەن و لە سەری سەرەوەن و ئەوانن ئەم 13 بنەماڵەیە بەڕێوە دەبەن و فەرمانیان پێ دەدەن.

ئایا تۆ زانیوتە، بەرەک ئۆباما(Barack Obama)، کە بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا، خەڵاتی نووبێلی ئاشتی درایە، لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا پەلاماری حەوت وەڵاتی داوە و هەر بیست خولەک جارێک، بۆمبێکی بەسەر خاک و خەڵکدا کێشاوە؟ ئەمە زۆرینەی خەڵک نایزانن، چون وەها کارێک لە میدیادا، میدیای ڕەسمی ناخرێتە بەرباس.

ئێمە بەهۆی ئەم دۆکیۆمێنتێرەوە، جۆرج سۆرۆس(George Soros) دەناسین و زانیاری لەمەڕ وی پەیدا دەکەین، کە میلیاردێرێکە بەوە ناسراوە، مرۆڤدۆست و خێرخواز و وەبەرهێن و سەرمایەگوزارە. ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە سۆرۆس، سەرمایەگوزارییەکی گەورە لەو ڕێکخراوانەی وەک: ئەنتیفا(ANTIFA)دا دەکات، کە لە ڕێگەی هاتنە سەر جادە و هەرا و زەنا و توندوتیژییەوە، گەرەکیانە پەیامی خۆیان بگەیەنن، یا سەرمایەگوزاری لە ڕێکخراوی نامبلا(NAMBLA)دا، کە کوتکراوەی (North American Man/Boy Love Association)ە دەکات. نامبلا، کار بۆ ڕێگەپێدان و شەرعییەتدان و بە قانوونیکردنی پێوەندی سێکسی نێوان پیاوان و منداڵانی نێرینە(کوڕ)ی گچکە و مێردمنداڵ دەکات. ئۆسبارد، کە باس لە جۆرج سۆرۆس دەکات، وەک سەرمایەگوزار و وەبەرهەمهێنێکی گەورە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و کۆمەڵەی ناڕوون و تەماوی و گوماناویدا ناوی دەبات و ئەوە پێشان دەدات، ئەو ڕێکخراو و کۆمەڵە و گردبوونەوانە، لە هەموو قوژبنێکی جیهاندا، کۆمەک بە بەشداربووانیان دەکەن و پارەیان دەدەنێ، بۆوەی ئاژاوە بێننە گۆڕێ و دەست بە شەڕ و پێکدادان بکەن و تاڵان و دزی و کاری ناجۆری دیکە بکەن و تەواوی ئەو کارانە بە پۆشاک و جلوبەرگێکەوە ئەنجام بدەن، کە لە پۆشاک و سیپاڵی نەیارەکانیان بچێت، بۆوەی وێنەیەکی دزێو و ناشیرینی ئەوان پێشان بدەن.

لە دۆکیۆمێنتێرەکەیدا، ئۆسبارد، ئەوە پێشان دەدات، کە چۆن ئەو گرۆ گچکەیەی جیهانی ئێمە بەڕێوە دەبات، جۆر و شێوازێکی ژیان و گوزەران دەژی، فرە نامۆیە بە ژیان و گوزەرانی زۆرێک لە ئێمە..

ئۆسبارد، تۆڕێکی منداڵبازی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە پێشان دەدات و ئاشکرا دەکات، کە گەلێک مرۆڤی بەناوێی جیهان، هۆڵیوود، سیاسەتکاری باڵا، پاشا و میرزادە، پاپای ئایینی عیسایی و چەندین ڕێکخراوی تێدا بەشدارن.

ئەوە پێشان دەدرێت، کە چۆن میدیا، سیاسەتکار، دادوەر و توێژینەوەی زانستی لە زانستگەکاندا، کار لەسەر شەرعییەتدان و بە قانوونیکردنی سێکسکردن لەگەڵ منداڵدا (منداڵبازی) دەکەن. هەروەها کار لەسەر ئاساییکردن و پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی دیاردە و کردە و فەرهەنگی مرۆڤخۆری (Cannibalism) و  شەیتانپەرستی و مرۆڤکوژی، لەنێو میدیا و فەرهەنگی گەلێر و لەنێو خەڵکدا دەکەن.

باس لەوە دەکرێت، چۆن چەندین گەورە منداڵباز(Pedophil)، لە وەڵاتگەلێکی جیاواز دەسگیرکراون، ددانیان بەوەدا ناوە و گەواهی ئەوەیان داوە، کە ئەوان منداڵ ئامادە و دەستەبەر دەکەن بۆ تۆڕێکی گەورەی منداڵبازی و چۆن ئەو گەواهینامانە و ئەو ددانپێدانانانە لە لایەن دادگە  و تۆڕ و میدیاکانەوە پشتگوێ دەخرێن، بۆوەی ڕاستییەکان لە خەڵکە گشتییەک، بشاردرێنەوە و ئاوەژوو بکرێن.

ئۆسبارد، باسی ئەوە دەکات، کە تەنێ لە ئەمەریکادا ساڵانە سەدان هەزار زارۆک بزر دەبن، ئێمە هەرگیز لە میدیاوە ئەم زانیارییانەمان وەدەست ناکەوێت. باس لەوە دەکات، چۆن یەکێک لە کارە پێشینەکانی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، وەستاندن و ڕاگرتنی بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە و چۆن ترەمپ، وەک بەشێکی سەرەکی لە کاری وی بۆ وەستاندنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کاری بۆ سەختگیری و ڕێلێگرتنی کۆچبەریی نایاسایی کردووە. بەشێکی زۆر لەو زارۆکانەی لەنێو کارکردن بۆ ڕاگرتن و وەستاندنی کۆچبەریی نایاسییدا بینراون و دۆزراونەوە، ئەو زارۆکانەن، کە ڕفێندراون و بە قاچاخ براون بۆ ئەمەریکا. لەڕێگەی سەختگیریی کۆچبەریی نایاساییەوە، مرۆڤ سەختگیری لە بازرگانیکردنیش بە مرۆڤەوە دەکات. 

بە هۆی دۆکیۆمێنتێرەکەوە، ڕووداوی پیتزاگەیت(Pizzagate)مان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە چۆن هەردوو جووتە کلینتن(Bill & Hillary Clinton) و ئۆباما لەو مەسەلەیەدا بەشدارن و تێوەگلاون. لە مەسەلەی پیتزاگەیتدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە چۆن ئەو منداڵبازانە، کاتێک باس لە منداڵ دەکەن، ناوی خوازراوی کۆدپێدراوی وەک: پیتزا، هۆتدۆگ، سوسیس، بەکار دەهێنن، کە لە لایەن کارگێڕی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی/پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا(FBI/ Federal Bureau of Investigation)وە پێیاندراوە. باس لەوە دەکەن، کە چۆن پیتزا(کچان) و هۆتدۆگ(کوڕان) بە چەندین هەزار دۆلار دەکڕن، لە ڕاستیدا ئەوکڕینانە، کڕینی جۆرە جیاوازەکانی سێکس و سێکسکردنە لەگەڵ منداڵدا. ئەمە ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن ئۆباما 65000 دۆلاری بۆ ئەو پیتزا و هۆتدۆگانەی بە فڕۆکە، لە شیکاگۆوە،  بۆ ئاهەنگێکی تایبەت گوێزراونەوە بۆ واشنگتن، خەرج کردووە.  

بێجگە لەوانە زۆر نموونەی هەڵخەڵەتاندن و فریودان و بەکاربردنی میدیایی باس دەکرێن، وەک نموونە: کاتێک میدیا باس لە گرێدراوی و پێوەندی ترەمپ دەکات بە گەشتێکی ڕێکخراو لە لایەن کۆمەڵەی هارڤی ئیپستێنس(Harvey Epsteins)، بۆ دوڕگەی ئیپستێنس، کە بە "دوڕگەی منداڵبازی(Pedophilia Island)" ناوی دەرکردووە. کە گوایە ئەو(ترەمپ) هەر لەو گەشتەیدا، دەستدرێژی سێکسی کردووەتەوە سەر کچێکی دوانزدە ساڵان. کاتێک دواتر لیستی ناوی سەرنشینانی فڕۆکەکە و گەشتیاران بڵاوکرایەوە، ناوی ترەمپی تێدا نەبوو، وەک ئەوەی ترەمپ هەرگیز لەو گەشتەدا نەبووبێت، لێ لەبری ئەوە بیڵ کلنتن لەوێ بووە، ئیدی باسی ترەمپ لە میدیادا بێدەنگیی لێکرا.

بەو جۆرە میدیا و دەسگە و شتی دیکەش بۆ قازانجی ئەو جۆرە مرۆڤانە بەکاردەهێنرێن و دەریشدەکەوێت و ڕووندەبێتەوە، کە ئەوانەیشی گەواهی لەسەر ئەو جۆرە کردارانە دەدەن و زانیاری لەبارەیانەوە دزە پێ دەکەن و ناوی ئەو جۆرە مرۆڤانە دەبەن، دوای ماوەیەکی کەم نامێنن و لەبەین دەچن و دەمرن یا ڕاستتر لەبەین دەبرێنرێن و دەمرێنرێن.

ناوەندی ساڵانی 1970، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاماری که‌رکووک، کارم ده‌کرد. هاوکار و هاوڕێیەکی زێدە خۆشه‌ویستم لەگەڵ بوو، کاک نه‌جمه‌ددین تاهای ناو بوو. فرە جار دەممان لە سیاسەت دەژەنی و باسی جیاوازمان لەو جۆرە بابەتانە دەکرد. کاک نەجمەددین هەموو جارێک ده‌یگوت:"هه‌موو گۆڕان و ڕووداوێکی سیاسی، که‌ له‌ جیهاندا ڕوو ده‌دات، پێشه‌کی نه‌خشه‌ و پلانی، له‌ لایه‌ن هه‌ردوو زلهێزه‌که‌وه‌، ڕووس و ئه‌مه‌ریکا، یا ڕوونتر، (سی. ئای. ئه‌ی) و (که‌ی. جی. بی)یه‌وه‌ بۆ دانراوه‌، ئیدی مرۆڤ له‌ به‌رده‌م ئه‌واندا، بێده‌سه‌ڵاته‌ و هیچی پێ ناکرێت و خۆشه‌که‌تکردنیش، بێهووده‌ییه‌".

ئێستاش، لە جیهانێکدا، کە تاکجەمسەریی سەرمایەداری، هەژموونی پارە، میدیای چەواشەکار، سیستمی بانکی، زانستی شێوێنەر، چەک و جەنگ، ڕەگەزپەرستی، نادادی، هەژاری، کێشەی چینایەتی، کێشەی نەتەوەیی، کێشەی ئایینی و...زاڵن بەسەر مرۆڤایەتیدا، ئەگەر ئەو دەمەی ساڵانی 1970، بۆچوونەکەی کاک نەجمەددین تاها، ڕاستییەکی تێدا بووبێت، ئەوا دۆکیۆمێنتێرەکەی جانێت ئۆسباردیش، لە ڕاستییەوە دوور نییە. مرۆڤ لە جیهان و سەردەمێکدا دەژی، ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت، واپێدەچێت گومان و بێهوودەیی و هیچگەرایی هەموو بوون هەڵلووشێت. 

بۆ بینینی تەواوی دۆکیۆمێنتێرەکەی ئۆسبار تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

https://www.facebook.com/unforeseennotion/videos/the-fall-of-the-cabal-full-documentary-by-janet-ossebaard/2432748923683730

 

07-11-2021