Friday 17 December 2021

سەرۆککۆمار

 

سەرۆککۆمار

ئەمجەد شاکەلی

لە 2003وە و دوای داگیرکردنی عیراق لە لایەن ئەمەریکاوە، بە ناوی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ و سیاسەتی تەوافوق و تەوازون وشەراکەت و سەدان کڵاوبازی و قسەی قۆڕی دیکەوە، بێفەڕترین و دواکەوتووترین سیستمێکی حوکومڕانی بە سەر عیراقدا سەپێنرا. سیستمێک، لەسەر بنەمای تائیفی و نەتەوەیی و ئایینزایی، لە لایەن ئەمریکاوە دامەزرا و تا هەنووکە، پێڕۆ دەکرێت. ئەم سیستمە، کۆپێیەکی گەنتر و دزێوتری سیستمی سیاسیی لبنان بوو و لبناناندنی عیراقی لێکەوتەوە. هەرسێ سەرۆکایەتییە باڵاکەی عیراق، حوکوومەت، کۆمار و پەرلەمان، لەنێوان شیعە و سوننە و کورددا دابەش کران. سەرۆکایەتی حوکوومەت، کە گرنگترین و کاریگەرترین و بەدەسەڵاتترین پۆستە، بوو بە پشکی شیعە. سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو بە پشکی سوننە. سەرۆکایەتی کۆمار بوو بە پشکی کورد. عەرەب، کران بە دوو کەرتەوە و لە عەرەبەوە وەک نەتەوەیەک و نەتەوەی سەردەست و زۆرینەی عیراق، کران بە شیعە و سوننە. تا ئەمڕۆ، کورد سێ جار، پۆستی سەرۆککۆماریی وەرگرتووە، یەکەمیان جەلال تاڵەبانی بوو و دووەمیان فوئاد مەعسووم و سێیەمیان بەرهەم ساڵح. پۆستی سەرۆککۆمار، بێجگە لە بڕێک پارەوپووڵ و تایبەتمەندی ماددی بۆ حیزبەکەیان و خۆیان، هیچی دیکەی بۆ خەڵکی کورد و کوردستانییان تێدا نییە. سەرۆککۆمار بێدەسەڵاتترین دەسەڵاتدارە لە سیستمی حوکومڕانیی عیراقی دوای بەعسدا. سەرۆککۆماری عیراقی دوای بەعس، هەر هێندەی تاها موحیەددینی سەردەمی سەددام حوسەین دەستی دەڕوات.

 سەرۆککۆمار، کە وەک نیشانە و هێمایەک و ڕوویەکی عیراق، لە دەرێی عیراق دەبینرێت و عیراقیش وەک دەوڵەتێکی عەرەبی دەژمێردرێت، دەکاتە ئەوەی سەرۆککۆمار سەرۆکی دەوڵەتێکی عەرەبییە. دانانی کوردێک بە سەرۆککۆمار و قایلبوونی کورد بەوەی پۆستی سەرۆککۆمار وەرگرێت، گەورەترین سووکایەتیکردنە بە عیراق، وەک دەوڵەتێکی عەرەبی، کە سەرۆککۆمارەکەی کورد بێت و گەورەترین سووکایەتیکردنە بە کوردیش، کە سەرۆککۆماری دەوڵەتێکی عەرەبی بێت و لە دەرەوە وەک عەرەب بژمێردرێت. ئەو سووکایەتیپێکردنە، ئەمەریکا بۆ سەرشۆڕکردنی، هەردوو کورد و عەرەب دایهێنا و بۆ ناشیرینکردنی ڕووی سەرۆککۆماری عیراق. لە یەکەم سەرۆککۆماری دوای ڕووخانی بەعسەوە، ئەو پۆستە بەدەست یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بووە و هەیە.  تەنیا لە دانانی جەلال تاڵەبانیدا وەک یەکەم سەرۆککۆمار، پارتیی دیموکراتیی کوردستان دژایەتی و ناڕازیی نەبوو بۆ ئەو سەرۆککۆمارە، ئیدی لە دانانی فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵحدا، پارتیی بەربژێری ڕکابەری بۆ هەردوویان هەبوو، لێ پۆستەکە هەر بوو بە هی یەکیەتیی. چۆن عەرەب کران بە شیعە و سوننە و وشەی عەرەب لە قانوونی دانانی ئەو سێ پۆستە باڵایانەدا سڕایەوە، هەر بەو جۆرە بۆ کوردیش، تا ڕادەیەک و بە کردار وشەی کورد سڕاوەتەوە و وشەگەلی یەکیەتی و پارتی جێگەیانی گرتووەتەوە، بەتایبەت لای کورد خۆی و دیارە لەکن عیراقییانیش. سەرۆککۆمار بووەتە تاپۆی یەکیەتیی و سەرۆکی هەرێم بووتەوە تاپۆی پارتی. کورد، ئەگەر بڕێک وردبین بووایە، هەرگیز توخنی پۆستی سەرککۆماری نەدەکەوت، پۆستێک کە هیچی لەباردا نییە و کورد گوتەنی"لاقی مریشکێکی پێ ناکرێتەوە" و دەستەوسان و دەەستەپاچە، دەبێ چاوەنۆڕی بەزەیی و دلۆڤانی و میهرەبانی دوو سەرۆکەکەی تری حوکوومەت و پەرلەمان بێت.

جەلال تاڵەبانی، کە یەکەم سەرۆککۆماری کورد بوو لە عیراقدا، بەو هەموو کاریزما و لەبلەبانی و زارقەرەباڵغی و زمانە لەچەرخدراوەی و بەو هەموو فرتوفێڵ و تەڵەکەبازی و پێوەندداری و لێزانین و هەلپەرستی و ڕەنگگۆڕین و دووڕوویی و هەڵبەزودابەز و دەیان سیفەتی دیکەیەوە، مەلا غەفووری دەبباغی گوتەنی:"زگگورگی سەرمەڕ بۆ وا فەقیری؟ خۆ تۆ هەوێنێ نۆ مەنجەڵ شیری!"، ئەو هەوێنی سەد مەنجەڵ شیریش بوو، لێ هیچی لێ هەڵنەکڕدرا و هیچ خێروبێرێکی بۆ کورد نەبوو. سەرۆککۆمارە خەواڵووەکەی دوای ئەو، فوئاد مەعسووم، گێرەی لە هەولێرێ دەگەڕا و سەرۆکەکەی ئێستاش، بەرهەم ساڵح، کە دەرسی شەیتان دەدات، بۆ کورد تەنێ زمانێکی لووس و دوودەستی بەتاڵی پێوەیە. هیچ سەرۆککۆمارێکی کورد لە عیراقدا و لە سایەی وەها دەوڵەت و قانوونێک و سیستمێکی سیاسییدا، هەرگیز لەمانەی ناویان هات، باشتر نابن. کاتێک کورد دەتوانێت بەمانە بڵێت لالۆ (سەرۆککۆمار)، چۆلەکەی بۆ بگرن. ئەمانە نەک چۆلەکە بۆ کورد دەگرن، چۆلەکە بۆ کورد ناگرن و بەڵکە چۆلەکەکەی دەستی کوردیش بەرەڵڵا دەکەن. ئەو هەموو ساڵانەی بەسەر چوون، گرنگترین پرسی کورد، خاک بوو و خاکە، کەرکووک و تەواوی دەڤەرە دابڕێنراوەکان، "قودس"ەکەی ئەو سێ سەرۆککۆمارە کوردانە، بە ماددەی سەدوچل و بە 16ی ئوکتۆبەر و بە نابەرپرسیاریی خۆیان، هەموویان دۆڕاند و ڕادەستی نەیارانی کوردستانیبوونی کەرکووکیان کرد.

عیراق، یەکێکە لەو دەوڵەتانەی بە دامەزرێنەری کۆمکاری عەرەبیی دەژمێردرێن. لە 22 مارسی 1945دا و پێش دامەزراندنی ڕێکخراوی دەوڵەتانی یەکگرتوو(UN)، بە چەند مانگێک، حەفت دەوڵەتی عەرەبی سەربەخۆی خودان سەروەریی سیاسی: میسر، سووریا، شانشینی سعوودییەی عەرەبی، ڕۆژهەڵاتی ئوردون، لبنان، عیراق و یەمەن، خڕ دەبنەوە و بڕیاری دامەزراندنی چەترێک، بازنەیەک، یەکیەتییەک بۆ خڕکردنەوەی دەوڵەتانی عەرەبی، گەلی عەرەب و خاکی جیهانی عەرەبی لەنێو و لەچوارچێوەی ئەو بازنەیەدا و لەژێر ئەو چەترەدا، دەدەن. عیراق، وەک شاکارێکی سایکس-پیکۆ و کۆڵۆنیالیزمی بریتانی، بە هەموو پێوەرێک و لەبەر ئەندامبوونیشی لەو کۆمکارەدا، دەوڵەتێکی عەرەبییە و بێجگە لەوە شتێکی دیکە نییە.

لە وەڵاتێکدا پۆستی سەرۆککۆمار دەتوانێت بە بایەخەوە لێی بنۆڕدرێت و کاریگەریی هەبێت و نوێنەرایەتی تەواوی دانیشتووانی وەڵاتەکە بکات، جیاوازیی لەنێوان پێکهاتەکانی وەڵاتەکەدا نەبێت و تەواوی تاکەکانی کۆمەڵ و خەڵکی وەڵاتەکە وەک هاووەڵات سەیر بکرێن و هاووەڵاتیەتی چ پێوەندێکی بە ڕەگەز، ڕەنگ، ئایین، نەتەوە، زمان، ئایینزا، ڕەچەڵەک و...نەبێت، بەڵکە تەنێ لەسەر بنەمای هاووەڵاتیبوون حیسابی بۆ بکرێت. وەک نموونە دەکرێ وەڵاتانی لاتین ئەمەریکا باس بکرێن.

لە وەڵاتانی لاتین ئەمەریکا، کە کیشوەرێکی بەرینە و پتر لە 650 میلیۆن مرۆڤ تێیاندا دەژین، لە ماوەی 40 ساڵێکدا 11 سەرۆککۆمار، کە بە بنەچە و ڕەچەڵەک عەرەبن، فەرمانڕەواییان کردووە. عەرەب، بۆ خۆیان دانیشتووانی ڕەسەنی لاتین ئەمەریکا نین، بەڵکە وەک پەنابەر و کۆچبەر لە ماوەی یەک سەدەدا و بەرەبەرە لەو کیشوەرە نیشتەجێ بوون. لە تەواوی لاتین ئەمەریکادا نزیکەی 40 میلیۆن مرۆڤی بە ڕەچەڵەک عەرەب دەژین. 12 میلیۆن لەوانە لە برازیل و 1,2 میلیۆن لە ئەرجەنتین و ئەوانی دی لە وەڵاتانی دیکەی ئەو کیشوەرەن. ڕێژەی عەرەب لە لاتین ئەمەریکادا دەکاتە 6%ی تەواوی دانیشتووانی ئەو کیشوەرە. لە نێو زمانی سپانیۆلی و پۆرتوگیزی، کە لە لاتین ئەمەریکادا زمانانی هەموو کیشوەرەکەن، 500 وشە و دەستەواژەی عەرەبی، تێکەڵ بەو دوو زمانە بوون و لە هەندێک لەو وەڵاتانەدا بوون بە بەشێک لە زمانی ڕۆژانەی خەڵک.  

ئەو سەرۆککۆمارانەی، کە بە ڕەچەڵەک عەرەبن و لە لاتین ئەمەریکا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست ئەمانەن:

کارلۆس منعیم(Carlos Menem)، لەنێوان 1989-1998، سەرۆکی ئەرجەنتین بوو، لە دایک و باوکێکی سووریایی هاتووەتە دنیاوە. ئەنتۆنیۆ سەقا(Antonio Saca)، سەرۆکی ئێلسەلڤادۆر، بە ڕەچەڵەک فلستینی بوو. سەرۆکێکی دیکەی ئێلسەلڤادۆر، نەجیب بووکیلە یا ناییب بووکیلە(Nayib Armando Bukele Ortez)، لە باوکێکی فلستینی و دایکێکی ئێلسەلڤادۆری بوو. ميشال تامر(Michel Temer)، سەرۆکی برازیل، بە ڕەچەڵەک لبنانییە. خولیۆ تیۆدۆرۆ سالیم(Julio Teodoro Salem)، عەبدەڵڵا بووکەرەم(Abdalá Bucaram) و جەمیل مەعەووەز(Jamil Mahuad)، هەرسێیان بە ڕەچەڵەک لبنانین و سەرۆکی ئێکوادۆر بوون. خولیۆ سیزار تەربای یا خولیۆ سەمیر تەربای(Julio César Turbay)، لە باوک و دایکێکی لبنانی هاتووەتە دنیاوە، سەرۆکی کۆلۆمبیا بوو. سەلڤادۆر نەسرەڵڵا(Salvador Nasralla) و  کارلۆس ڕۆبێرتۆ فلوورێس یا کارلۆس فەققووسە(Carlos Roberto Flores)، هەردووکیان  دایک و باوکیان فلستینی بوون، سەرۆکی هۆندوراس بوون. ماريۆ عەبده بێنیتز(Mario Abdo Benítez)، سەرۆکی پاراگوای، لە دایک و باوکێکی لبنانییە. بێجگە لە سەرۆککۆمار، سەدان وەرزشکار، سینەماکا، میدیاکار، مامۆستای زانستگە، ئەدیب و شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوان و شارەزای ئابووری و قانوون و دەیان بواری دیکە هەن، کە بە ڕەچەڵەک عەرەبن[1]. نەک هەر خەڵکی بە ڕەچەڵەک عەرەب، بەڵكە خەڵکی بە ڕەچەڵەک وەڵاتی دیکەش بوون بە سەرۆککۆمار، نموونەش ئەلبێرتۆ فوجیمیرۆ(Alberto Fujimori)، سەرۆکی پێرو، کە لە باوک و دایکێکی ژاپۆنی هاتووەتە دنیاوە.

تەواوی ئەوانە بوون بە سەرۆکی دەوڵەت لە کیشوەری لاتین ئەمەریکادا، نەک بە ناوی عەرەب یا ژاپۆنی، بەڵکە بەناوی ئەرجەنتینی، برازیلی، ئیلسەلڤادۆری، کۆڵۆمبیایی، هۆندوراسی، پاراگوایی، پێرویی، ئێکوادۆری. ئەوان نوێنەری ئەو دەوڵەتانە و گەلانی ئەو دەوڵەتانە بوون، لێ لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەچەڵەک و بنەچەی ڕەسەنی خۆیانیان فەرامۆش نەدەکرد و ناکەن، کە عەرەبن. گەلێ جار و لە کاتی پێویستدا هەڵوێستی سوودبەخشیان بە نەتەوە ئەسڵییەکەی خۆیان(عەرەب) و وەڵاتانی عەرەبی نواندووە و گەیاندووە. 

کورد، دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو خاکەن، کە پێی دەگوترێ کوردستان و بەشێکی بە عیراقەوە لکێنراوە و ڕێژەیشی لەنێو عیراقی ئێستادا لە ڕێژەی ئەوانەی بە ڕەچەڵەک عەرەبن لە لاتین ئەمەریکا و ئێستا تواونەوە و بوون بە خەڵکی ئەو وەڵاتانەی تێیاندا دەژین، گەلێک زیاترە. کورد 20-25%ی دانیشتووانی عیراق پێکدەهێنن. کورد، دەبوو خۆی دوور گرتبا لەوەی سەرۆکی دەوڵەتێکی عەرەبی بێت و بە ناوی عەرەبەوە قسان بکات. ملانێی پارتیی دیموکراتیی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر هەر پۆستێک لەنێو عیراقدا و بەتایبەتیش لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عیراق، دزێوترین ملانێیە. وەها ملانێیەک، سڕینەوەی کوردە و سڕینەوەی کوردستانە و چەسپاندن و جێگیکردنی حیزبە(یەکیەتی یا پارتی یا...) لەبری کوردستان و کورد. لە دێر زەمانەوە گوتراوە:"چێشتی پڕکابان بێخوێ یا سوێرە"، بەو ملانێیە پارتیی و یەکیەتیی، نەک چێشتی بێخوێ یا سوێر دەرخواردی کوردستانییان دەدەن، بەڵکە زەقنەبووت و ژەهری هەلاهەلایان دەرخوارد دەدەن. وەدەستهێنانی پۆستێکی کارا، لە کەرکووک و دەڤەرە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، کە بتوانێت وەک کورد، وەک کوردستانیی، نەک وەک یەکیەتیی یا پارتیی، یەک میتر خاک، بیرەئاوێک، درەختێک بگێڕێتەوە ئامێزی کوردستان، عەرەبێکی هەناردەی داگیرکاری کوردستان وەدەرنا، کوردێکی هەڵاتووی کەرکووک و خورماتوو و مەندەلی بگێڕێتەوە جێی خۆیان، ناوە کوردییەکەی ئاواییەکی عەرەبێنراو، خوێندنگەیەک، شەقامێک، جۆگەڵەئاوێک، دۆڵێک، تەپۆڵکەیەک بکاتەوە کوردی، گەلێک لە پۆستی سەرۆککۆمارێکی تەوەزەلی تێڕە باشتر و بەکەڵکترە. عەرەبی عیراق بۆ خۆیان دەبوو پۆستی سەرۆککۆماریی عیراق نەدەن بە کورد و بە مۆڵکی خۆیانی بزانن. ئەو پۆستی سەرۆککۆمارە، کە عیراق دەوڵەتێکی عەرەبی بێت، مافی عەرەبە و هەرگیز مافی کورد نییە.

17-12-2021

Saturday 27 November 2021

خوێندکارانی کوردستان و بڕێک سەرنج

خوێندکارانی کوردستان و بڕێک سەرنج

 

                                                            ئەمجەد شاکەلی

 

ئەمڕۆ لە دیدارێکیدا لەگەڵ هەندێک لە خوێندکارانی زانستگە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا، سەرۆک وەزیرانی هەرێم، مەسروور بارزانی، گوتی:"خوێندن لەو زانکۆیانەی کە حکومین بە خۆرایین و حکومەت بە خۆڕایی خوێندن دابین دەکات بۆ ئەو قوتابییانەی کە لەم زانکۆیانە دەخوێنن. داواکردنی دەرماڵە بۆ خوێندنی خۆڕایی لە هیچ شوێنێکی جیهان نییە...لەهیچ شوێنێک شتی وانییە کە بڵێی من بە خۆڕایی دەخوێنم و دەبێت بڕەپارەیەکیشم وەک دەرماڵە پێبدەن بۆ ئەوەی بخوێنم"[1].

ئەوانەی هاوڕێی سەرۆکی حوکوومەت بوون لەو دیدارەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانستگەیەک بوون، کە هەردوویان بەرپرسی ڕاستەوخۆی خوێندنی زانستگە و خوێندکارانن. بێجگە لەوە من هیچ گومانێکم لەوەدا نییە، کە سەرۆکی حوکوومەت و هەر بەرپرسێکی باڵای کوردستان، بەو دوو هاوڕێیەی لەگەڵ سەرۆکی حوکوومەتیشدا بوون لەو دیدارەیدا، دەیان و سەدان ڕاوێژکار و جێگر و سکرتێر و یارمەتیدەر و کارمەند و دەستوپێوەند و خەڵکیان لەبەردەستدایە و زۆر بە ئاسانی دەتوانن، دەستیان بە هەموو زانیارییەکی ڕاست و دروست و نوێوە، لەمەڕ هەر پرس و بابەتێکەوە، نەک تەنێ پێوەنددار بە کوردستانەوە، بەڵکە بە هەموو گەردوونەوە و بە زووترین کات، بگات. لەم سەردەمی جیهانگەری و پێشکەوتنی تەکنۆلۆگییەدا، دەستەبەرکردنی زانیاری کارێکی گەلێک سانایە بۆ هەموو مرۆڤێک، بەتایبەت بۆ کەسانێک، کە لە لووتکەی دەسەڵاتدا بن. لێ مخابن، لەو دیدارەی سەرۆکی حوکوومەتدا وا نەبوو! ئەو زانیارییەی سەرۆکی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمەڕ خوێندنی خۆڕایی و دەرماڵەی خوێندکاران لە وەڵاتانی دیکەی جیهاندا، هەڵە بوو. ئەو دەبوو پێشتر داتای دروستی بۆ ئامادە کردبا، ئیدی بۆ خۆی یا بە کۆمەکی دەستەکەی، کە لەگەڵیدا کار دەکەن.

من بۆ خۆم ماوەی چل ساڵێکە لە وەڵاتی سوێد دەژیم و بڕێکیش خوێندوومە و قەرزی خوێندنم وەرگرتووە و تا ڕادەیەکیش ئاگاداری وەڵاتگەلی ئەوروپا و دەوروبەری سوێدم. تەواوی خوێندنی سوێد، لە هەموو خوێندنگە و زانستگەکاندا هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تا پۆست دۆکتۆرایش، هەمووی بە خۆڕایی و مفتە و خوێندکار یەک قل پارە بە خوێندن نادات. تاکە تاکەیەک خوێندنگەی تایبەت لێرە و لەوێ هەن، بە پارە تێیاندا دەخوێنرێت، لێ ژمارەیان ناگاتە ژمارەی پەنجەی دەست. هەموو شاگردێک لە تەمەنی نێوان  16-20 ساڵان و لە پۆلی دەیەمەوە، مانگانە وەک دەرماڵە 1250 کرۆنی سوێدی مفتی دەدرێتێ. کە خوێندکار دەچێتە خوێندنی دوای ئامادەیی و زانستگە، ئیدی ئەگەر ئارەزووی لێبێت، دەتوانێت قەرزی خوێندن(بە عەرەبی:منحة دراسية، بە فارسی:کمک هزینه تحصیلی، بە ئینگلیزی: Study grant) وەربگرێت، چون هەن قەرز وەرناگرن و لەگەڵ خوێندنەکەیاندا کار دەکەن و خۆ دەژێنن. ئێستا لە ساڵی 2021دا مانگانەی هەر خوێندکارێکی زانکۆ، ئەگەر قەرز وەرگرێت 10928 کرۆنە، کە 7328 کرۆنی بە قەرز دەژمێردرێت و 3600 کرۆنی بە دەرماڵە، واتە: مفت وەریدەگرێت. لە ساڵی 2022دا ئەو پارەیە دەگۆڕێت و دەبێتە 11088 کرۆن لە یەک مانگدا، کە 7436 کرۆنی قەرزە و 3652 کرۆنی دەرماڵەی مفتە. ئەو پارەیەی خوێندکار وەک قەرز وەریدەگرێت، پاش تەواوکردنی خوێندن گەرەکە مانگانە بەشێکی بگێڕێتەوە بۆ حوکوومەت تا بەرەبەرە هەمووی تەواو دەبێت، کە ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت، ئەو بەشەی دەرماڵەیە، ئەو وەک شیری دایکی نۆشی گیانی دەکات و هیچ لەسەری ناکەوێت. خوێندکار دەتوانێت تەنیا دەرماڵەکە وەرگرێت و قەرزەکە وەرنەگرێت، ئەگەر بتوانێت بەو دەرماڵەیە بژێت. خوێندکار چ ئەوانەی قۆناخی ئامادەیی و چ هی زانستگە، مافی ئەوەی هەیە کارتێکی مانگانە یا ساڵانە بۆ هاتوچۆی نێو ئەو شارەی تێیدا دەژی و دەخوێنێت، بۆ ئۆتۆبووس، شەمەندەفەری سەرزەوی و میترۆ بکڕێت بە نیوەی نرخی ئاسایی خەڵکی ئاسایی و بۆ هاتوچۆی نێو تەواوی سوێدیش هەر بە نیوە نرخە ئاساییەکە دەتوانێت بگەڕێت. خوێندکار، بە نیوە نرخ دەچێتە سینەما، شانۆ، مەلەوانگە و دەیان جێگەی دیکە. لە تەواوی ئەوانەدا خوێندکار و خانەنشین وەک یەک دەژمێردرێن، هەردوویان نیوەنرخ دەدەن. خوێندکار لەو خواردنگە و ڕیستۆرانتانەی نێو زانستگەکان، بە نیوە نرخ دەخۆن. بێجگە لەوانە، خوێندکار زۆر شتی دیکە دەیگرێتەوە و سوودمەند دەبێت لێیان.

خوێندکارانی کوردستان تەنیا کێشەی دەرماڵەیان نییە، ئەوان کێشەی بەشە ناوخۆییەکانیشیان هەیە، کە پڕن لە ناڕێکی و پڕگرفت و سەختی.

ئەو هەموو زانستگە و خوێندنگە تایبەت و ئەهلی و بیانیانەی لە کوردستان کراونەوە و هەن و ڕیگەپێدراون، زیانێکی یەکجار مەزن و کاریگەرییەکی یەکجار خراپیان لەسەر جڤاک و فەرهەنگی گەلی کوردستان و زمانی کوردی داوە و کردووە. کارێکی وایان کردووەتە سەر خوێندن و خوێندکار، کە بەسەر دوو جەمسەردا دابەش بن. بەچکە دەوڵەمەند و سەرمایەدار و بەرپرس و مشەخۆران، دەچنە خوێندنگە و زانستگەی  تایبەت، کە خوێندن تێیاندا بە پارەیە و بە زمانانی ئینگلیزی، فرانسی، تورکی، ئەڵمانی و... فرەتر بە ئینگلیزییە. ئەو جۆرە خوێندنگە و زانستگەیانە خوێندکارێکی تەمبەڵ و کەمنمرە، کە لە پۆلی دوانزدەی ئامادەییدا 50ی هێناوە، کە لە زانستگە حوکوومەتییەکە وەرناگیرێت، لەوێ تەنیا لەبەر ئەوەی پارە دەدات، وەردەگیرێت. کاتێکیش ئەمەی زانستگەی تایبەت خوێندن تەواو دەکات، لەبەر زمانە ئینگلیزییەکەی و لەبەر ئەوەی بێچوە دەوڵەمەند و بەرپرسە، زۆر بە ئاسانی کاری دەستدەکەوێت و بێچوە هەژارە دەرچووەکەی زانستگە حوکوومەتییەکەیش، کە دەبێ ڕکابەری بێچووە دەوڵەمەندەکەی دەرچووی خوێندنی تایبەت و زمانی ئینگلیزییەکە بکات، پێی ناکرێت و لەو پێشبڕکێ نایەکسانەدا دەدۆڕێت.

هەزاران بەرپرس و دەستڕۆ و دارا و گیرفانپڕی کوردستان، کە بەشێکی زۆریان لە کوردستان خوێندیان تەواو نەکردووە و بڕوانامە و بەڵگەی ساختەیان بۆ کراوە، ساڵانە دەچنە دەرێی کوردستان، تورکیا، ئێران، لبنان، میسر و...هەر وەڵاتێکی دیکە یا خۆیان لە کەرکووک، ڕەمادی، شارەبان، باقوبە، مووسڵ و تەنانەت چەپەکترین شوێنی عیراق ناونووس دەکەن و دوای ماوەیەک پلەی ماستەر یا دۆکتۆرا وەردەگرن و دێنەوە و دەبنە بەڵا بۆ ئەو هەژارانەی لە زانستگە حوکوومەتییەکانی کوردستان خوێندنیان تەواو کردووە و ڕکابەرییان دەکەن.

خوێندکارانی کوردستان مافی ڕەوای خۆیانە دەرماڵەیەکی باش وەرگرن و منەتیان بەسەردا نەکرێت. ئەگەر ئەوە بکرێتە بیانوو، کە حوکوومەتی عیراق لە ساڵی 2014ەوە چەندین ملیار دۆلاری بۆ کوردستان نەناردووە و قەرزداری کوردستانە و ئەوە پارەی خوێندکارانە و بەغدا خواردوویەتی و هەموو جارێک ئەو ڕستەیە بدرێت بە گوێی خوێندکار و کارمەند و کارگەر و چینەکانی خوارێی کۆمەڵدا، ئەدی وەزیر و گزیر و جێنێراڵ و ڕاوێژکار و جێگری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییە خانەنشینکراوە بندیوارەکان، بۆ مووچە و دەرماڵە و پشتماڵە و ژێرماڵە و بانماڵەی خۆیان ڕێک و بێ کێشە وەردەگرن، ئەوە لە کاتێکدا، کە بەردەوام باس لە چاکسازی دەکرێت! تەواوی پارەیەک بۆ ئەو دەرماڵەیەی خوێندکاران دەڕوات، بە قسەی مەلا بەختیار، کە یەکێکە لە سەرانی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، 10 میلیۆن دۆلارێک دەکات.

لە کوردستان، دەیان هەزار لەو بندیوارە مفتەخۆرانە هەن، هەریەکە و مانگانە دەیان هەزار دۆلاریان بۆ خەرج دەکرێت، کە سەرلەبەری پارەیەکی وەریدەگرن، وەک چۆن گۆشتی بەراز و سەگ لە ئایینی ئیسلامدا حەرامە، ئەو پارە و مووچەیەی ئەوانیش وەها حەرامە. ئەوانە لە ساڵانی 1990وە تا هەنووکە ئەو مووچە و پارەیە وەردەگرن، حوکوومەت بە بڕینی ئەو پارە حەرامەی ئەو مفتەخۆرانەی بندێوارێ، نە تەنیا دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر مەبەستی بێت، دەتوانێت دەرماڵەی تەواوی خوێندکارانی هەموو کوردستانی گەورە دابین بکات.

بەشە هەرێمەکەی باشووری کوردستان، سیستمێکی خوێندن پێڕۆ دەکات، بێجگە لەوەی ئاستی زانین و زانست چەندی بیری لێ بکەیتەوە نزمە، کادرێکی زۆری ناکارایش لە بواری ناپێویستدا دێنێتە بەرهەم و دەخاتە نێو جڤاک و بازاڕی کارەوە، کە بێجگە لە زیان چ سوودێکیان نییە، چون ئەوانە دەبنە لەشکرێکی بێکار و بێبەرهەم.

تەواوی ئەوانە کێشەن، لێ مرۆڤی دەوڵەمەند و سەرمایەدار و تێر و دەسەڵاتدار، لەبەر ئەوەی بۆ خۆی لە وەها حاڵێکدا ناژی، هەرگیز ناتوانێت هەست بەو جیاوازییانە بکات. پیرەمێردی شاعیر لەمێژە گوتوویەتی:

پیاوی تێر ئاگای لە برسی نییە، بە ماڵ ئەخوڕێ هیچ ترسی نییە

  27-11-2021

  

Sunday 7 November 2021

تیۆری پیلانگێڕی و داڕووخانی کاباڵ

تیۆری پیلانگێڕی و داڕووخانی کاباڵ

                                                          ئەمجەد شاکەلی

زۆرێک لە ئێمە لەبارەی تیۆرییەکانی پیلانگێڕی یا کۆمپلۆت  و دەسیسە (Conspirations Theory)ەوە، گەلێ شتی بیستووە. وەک نموونە: کە خۆراکێکی ئێمە دەیخۆین، ژاری تێدایە! 11ی سێپتەمبەری 2001، بەو جۆرەی میدیا ڕەسمییەکان باسیان کردووە و پێشانیانداوە، ڕووینەداوە! جۆن کەنەدی(John Fitzgerald ”Jack” Kennedy)، سەرۆکی ئەمەریکا، دەستی دیکە لە پشتی کوشتنەکەیە بووە! کە میدیا ئێمە چەواشە دەکات و دەمانخەڵەتێنێت بەوەی وەڵاتگەلێکی جیاواز بە ناوی دیموکراتییەوە داگیر دەکرێن!

گەلێ جار بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوێکی دیاریکراو یا هەڵوێستێک، کە هیچ هۆکار و پاساوێک نییە بۆ ڕوودانی لەنێو جڤاک و خەڵک و وەڵاتاندا و کە ڕووداوێکە پێشینەی نەبووە و هەرگیز پێشتر ڕووی نەداوە یا بەو جۆرە ڕووینەداوە، دەستەواژەی تیۆریی پیلانگێڕی  بەکار دەهێنرێت. زۆر جار ناوەڕۆکی ئەو پیلانگێڕییانەش کردەوەیەکی ناقانوونین یا زیانبەخش و خراپەکارین و بۆ مەبەستی سیاسی و ئابووری دەکرێن.

ئەوەی پتر دەبێتە هۆی باوەڕهێنان بە تیۆری پیلانگێڕی یا گومان دروست دەکات، لەکن خەڵک، لەدەستدانی باوەڕە بە ئامرازی میدیایی نەریتی و ڕەسمییەکان، کە ئیدی خەڵک ناچار دەبێت بە دوای پاساودا بگەڕێت، چون پێیان وایە ئەوەی میدیا دەیڵێ ڕاست نییە و هیچ شتێک هەروا بە بەڕێککەوت چی نابێت.

بەڵام، ئایا ئەو دەنگۆیانە تەنێ تیۆرین یا ڕاستییەک لەو باسوخواسانەدا هەیە؟ چین و کێن ئەوانەی لەپشتی هەموو ئەو دەنگۆیانەوەن؟ ئەوجا بۆ؟

ئەم تیۆرییەی پیلانگێڕی، کۆمپلۆت و دەسیسەیە باوەڕی بەوەیە، کە دەستەیەکی دەستەبژێری جیهانی، بازنەیەک مرۆڤی توانا هەن، وەک ئەنجومەنێکی داخراو و پەنهان لە پشتی پەردەوە، دەستیان بەسەر حوکوومەتەکان و پیشەسازی و میدیای هەموو جیهاندا دەڕوات و لەڕێگەی سیستمی بانکییەوە، بە هەوەسی خۆیان دەیانجووڵێنن و یارییان پێ دەکەن و ئامانجیان سەپاندنی هەژموونی خۆیانە بەسەر دەوڵەتاندا. هەر ئەو دەستەیە مەسرەفی هەموو ئەو جەنگە مەزنانەی جیهانیان، کە لە ماوەی دوو سەدەی پێشوودا ڕوویانداوە، کردووە. ئەوانەی باوەڕیان بەو تیۆرییەیە، پێیانوایە ئەو دەستە یا ئەو گرۆ نهێنییەیە، کە کۆمەکی کردووە و دەستی هەبووە لە بەرزبوونەوە و گەیشتنی کۆمیۆنیزم و نازیزم بە دەسەڵات لە ئەوروپادا. بێجگە لەوەش، ئەو دەستەیە نەخشەی جەنگ دادەڕێژن، چون ئەوە ڕێگەیان بۆ خۆش دەکات، هەژموون و دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری خۆیان بەسەر جیهاندا بسەپێنن و سیستمێکی نوێی سیاسی و ئابووری و ژیان بەسەر جیهان و مرۆڤدا بسەپێنن. باوەڕدارانی ئەو تیۆرییە، پێیانوایە بنکە و نێوەندی سەرەکی ئەو دەستەیە لە جێگەیەکی نهێنی ڕۆژاوایە.

لەو ڕووداوانەی بەو تیۆرییەوە گرێدەدرین و لێکدانەوەی پێچەوانەی لێکدانەوە ڕەسمییەکانیان بۆ دەکرێن:

ڕووداوی 11ی سێپتەمبەری 2001، کە هەرچەندە باس لە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە دەکرێ کردبێتی، لێ بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی قوربانیان و ڤیدیۆی ڕووخانی هەردوو بورجە بازرگانییەکانی نیوویۆرک، بەپێی تیۆری پیلانگێڕی، ئەوە ڕووداوێکە لە توانستی ئەلقاعیدە گەورەترە و ئەلقاعیدە هیچ پێوەندی پێوە نییە، بەڵکە ئەوە کردەیەکە بەرپرسانی باڵای کارگێڕیی ئەمەریکا ڕێگەیان بە ڕوودانی داوە، بۆ پاساودان بە جەنگی ئەمەریکا لە ئەفغانستان. وەک گەواهیی ڕاستبوونی ئەو تیۆرییە، یەکێک لە دیمەنەکانی فیلمە ئەمەریکییەکانی پێشووتریان وەک نیشانە و ڕاستی تیۆرییەکە هێناوەتەوە، دیارە بەوەش سینەما دەتوانێت لە پەرەپێدانی ئەو تیۆرییەدا ڕۆڵێکی دیاری هەبێت.

 

کوژتنی جۆن کەنەدی، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا لە 22ی نۆڤەمبەری 1963دا و کوژتنی لی هارڤی ئۆزوالد(Lee Harvey Oswald)، ئەو کەسەی بە تۆمەتی کوژتنی کەنەدی گیرابوو، لە لایەن جاک ڕۆبی(Jack Leon Ruby)یەوە، دوای دوو ڕۆژ لە کوژتنی کەنەدی، هەموو ئەو ڕووداوانە، ئەو گومانانەی هێنایە گۆڕێ، کە سی.ئای.ئەی(CIA)، یا مافیا، یا لیندن جۆنسن(Lyndon Baines Johnson)، کە جێگری سەرۆک کەنەدی بوو لەو کاتەدا، یا فیدێل کاسترۆ(Fidel Castro)ی ڕێبەری کووبا، یا دەسگەی هەواڵگریی کەی.جی.بی(KGB) سۆڤیێت لە پشتی کوژتنی کەنەدییەوە بووبن.

شۆڕشی فرانسای 1789، باوەڕدانی ئەو تیۆری کۆمپلۆتە، پێیانوایە ماسۆنی و دەستەی ڕۆشنگەران و دەستەی سوارانی پەرستگەی عیساییانی لەپشتەوە بوونە.


دابەزینی مرۆڤ لەسەر مانگ، بۆ یەکەم جار لە 16ی جوڵای 1969دا، کە بە بڵاوکرابوونەوەی وێنەکانی، گۆمانێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، کە وێنەکان دروستکراو بن و وەها کارێک هەر نەکرابێت!

 

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی 2019ەوە، کە هەموو جیهانی گرتەوە و تا ئێستاش بەردەوامە، کۆمەڵێک گومانی بە دوای خۆیدا هێنا، کە لە تاقیگە یا کارگەیەکدا دروست کراوە و بڵاو کراوەتەوە. ئەمەریکییەکان دەڵێن لە چین دروست کراوە و چینییەکانیش دەڵێن ئەمەریکا دروستی کردووە و سەربازێکی ئەمریکی لە شاری ووهان لە چین بڵاوی کردووەتەوە.

گەلێ جار جوولەکە یا کەنیسەی کاتۆلیکی و ڤاتیکان تۆمەتبار دەکرێن بەوەی ڕوودەدات.

بەگوێرەی دیدی مایکڵ بارکۆن(Michael Barkun)ی ئەمەریکی، لە دایکبووی 1938 و پرۆفێسسۆر لە بواری زانستی سیاسیدا و پسپۆر لە بواری تونداژۆیی، ئایین، تیۆری پیلانگێڕی، پایەکانی تیۆری پیلانگێڕی، کۆمپلۆت یا دەسیسە، لەسەر ئەوە بەندە، کە گەردوون بە جۆرێک لە ڕێکخستن و هاوئاهەنگی و لەنێو چوارچێوەیەکدا، بەستراوە و گرێدراوە پێکەوە و چەند  پێوەرێک شێوەی گەردوون دەنەخشێنن. پێوەرەکانیش ئەمانەن:

هیچ شتێک بە ڕێککەوت نایەتە گۆڕێ.

 هەموو شتەکان و پێشهاتەکان گرێدراوی یەکترن.

 هیچ شتێک وەک ئەو جۆرەی دەردەکەوێت، نییە.

بەشێکی زۆر لەو لێکدانەوە و گومانانەی لە تیۆریی دەسیسە و پیلانگێڕاندا دەخرێنە بەرباس، لە دۆکیۆمێنتێری داڕووخانی کاباڵ(The Fall of the Cabal)دا، کە لەلایەن جانێت ئۆسبارد(Janet Ossebaard)ەوە ئامادە کراوە، وەک بەدواداچوونێک، دەخرێنە بەرباس.

جانێت ئۆسبارد، خانمێکی هۆڵڵاندییە و لەدایکبووی ساڵی 1966ە. ئەو کەسێکە زانستی زمانی خوێندووە، بە تایبەت لە ڕووی فەرهەنگی و وشەسازی و لێکدانەوەی دەقەوە (فیلۆلۆگی/ Filologi) و دۆکتۆرای لەو بوارەدا وەدەستهێناوە. ئەو شارەزای  بواری دەفرە ئاسمانییەکانیشە، کە وا باوە دەفڕن و لە دەرێی تۆپی زەوی و ئەستێرەی دیکە و ئاسمانەوە دادەبەزن و یووفۆ(UFO)یان پێ دەگوترێ، یووفۆ بە ئینگلیزی، واتە:( Unidentified Flying Object)، کە دەکاتە دەفرێک یا شتێکی نەناسراوی فڕندە. دیارە وەها دەفر و شتگەلێکی لەو جۆرە تا هەنووکە جیی گومانن. ئۆسبارد لە 1994ەوە لەو بوارەدا چالاکە و چەندین کتێبی نووسیوە و بەردەوامیش گوتار و نووسین لەمەڕ ئەو باسانەوە لە ڕۆژنامە و کۆڤارەکاندا بڵاو دەکاتەوە و وەڵاتان دەگەڕێ و لەو بارەوە کۆڕ دەگرێت و دەدوێت.

ئۆسبارد، ئێستا کار لە دروستکردنی فیلمی دۆکیۆمێنتاریدا دەکات و کارەکانی بە قازانجی ئیدیۆلۆگی کیوئەینۆن(QA non) دەگەڕێتەوە، کە تیۆرییەکی ڕاستڕۆیە، بە تیۆری دەسیسە و کۆمپلۆت دەناسرێت و باس لە دەسیسەیەکی نهێنی دژ بە دۆناڵد ترەمپ(Donald John Trump)ی، سەرۆکی ئەمەریکای پێشوو و لایەنگرانی دەکات، کە لە لایەن، وەک دەڵێن دەوڵەتێکی نهێنی و هێز و دەسەڵاتێکی ژێرزەمینی، واتە: دەوڵەتێک لە قوولاییدا، نەخشەی بۆ دادەنرێت. کیووئەینۆن، خەڵکانێکی نادیار و نهێنیین، توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکاندا دەکەن و بۆ خۆیان بازنەیەکی داخراون (Cabal)، لە دەستەبژێر و سەرتەڵەکانی جیهان پێکهاتوون. دەستەواژەی کاباڵ، لە(Kabbalah)  یا (‌Qabala)  یا (Cabala)وە هاتووە، کە لە بنەمادا دەگەڕێتەوە بۆ زمانی عیبری و ئاراستەیەکی ئایینی جووە، تاڕادەیەک مانەندی سۆفیگەرییە لەکن ئیسلام.

ئەو فیلمە دۆکیۆمێنتارییەی ئۆسبارد کردوویەتی لەژێر ناوی (The Fall of the Cabal)دا. دۆکیۆمێنتێرێکە، لە 10 بەش پێکهاتووە، دوای بینینی هەموو بەشەکان، وەک فیلمێکی پرۆپاگەندە و بانگەشەی هەڵبژاردن دێتە بەرچاو بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە لە ساڵی 2020دا، جۆ بایدن(Joe Biden)ی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، وەک ڕکابەری وی(ترەمپ)، خۆی بە نوێنەری دیموکراتەکان ناودێر کرد. پاژەکانی ئەو دۆکیۆمێنتێرە، کە پێکەوە گرێدراون بۆ ئەو باسوخواسانەن، لەنێو میدیای سێبەر و لابەلا و ناڕەسمییدا پەخش دەکرێنەوە. ئەو مژارانەی لەو دۆکیمێنتێرەدا باسیان لێوە کراون، پتر پێوەنددارن بە منداڵبازی(Pedophilia) و سرووتە شەیتانییەکان و شەیتانپەرستی (Satanism) لە نێو خەڵکانی بەناوێی دەستەبژێردا، بەتایبەت ئەوانەی هۆلیوود (Hollywood) و دیموکراتەکان و دەسگەی هەواڵگریی ئەمەریکا(CIA)، کە تا ڕادەیەک بەرپرسن لە هەموو نەهامەتییەکان جیهان.

ئەو کارەی ئۆسبارد، وەک بانگەشە و پرۆپاگەندەیەک بۆ ڕاستڕۆ تونداژۆکان دەبینرێت. بەگوێرەی ئۆسبارد، گۆڕانێکی مەزن بەڕێوەیە، لێ زۆرینەی خەڵک بێئاگان لێی. دۆکیۆمێنتێرەکە، باس لە سیستم یا ڕێکخستنەوەیەکی جیهانی نوێ(The New World Order (NWO)  و دەوڵەتێک یا دەسەڵاتێکی قووڵ و ناخویا و لە پەنهاندا، دەکات. ئەم فیلمە چەند جارێک لەلایەن یووتیووب(YouTube)ەوە قەدەغە کراوە. دۆکیۆمێنتێرەکە نزیکەی 3 سەعاتێکە، لەلایەن کەسێکی شارەزا و توێژەرێک(جانێت ئۆسبارد)ەوە ئامادە کراوە.

داڕووخانی کاباڵ The Fall of the Cabal، باس لە داڕووخانی ئەو بازنە یا دەستە گچکەیەی خەڵکانێک دەکات، کە لە ڕێگەی زێدەدەوڵەمەندی و دارایی و دەسەڵات و هێزێکی هەیانە، هەموو جیهان بەڕێوە دەبەن و نەخشەی بەڕێوەبردن و ئاژۆتنی هەموو مرۆڤایەتییان هەیە و بۆ خۆیشیان ڕێژەیەکی یەکجار کەمن، لێ خودانی دەسەڵات و هەژموون و دارایین. ئەوانن دەستە یا بازنەی کاباڵ پێکدەهێنن. تەواوی نەخشەگەلێکی، کە هەیانە، لەسەر بنەمای گەندەڵی، خزمەتگوزاریی نهێنی، جڤاکی نهێنی، ئەنجامدانی تاوانی گەورە بە هۆی سەرانی کەسان و گرۆی تاوانکار و مرۆڤکوژ، لە دەڤەر و وەڵاتە جیاوازەکاندا ئەنجام دەدرێن. کێن ئەوانەی، بێجگە لە سەرکردە سیاسییەکان و شا و شاژنەکان، کە لەڕاستیدا جیهان بەڕێوە دەبەن؟ بانکەکان چ ڕۆڵێکیان هەیە؟ ناسنامەی ڕاستینەی ڤاتیکان چییە؟ کەی دەڕووخێن؟ ڕۆڵی خەڵک، تۆ و من چییە؟ ئێمە چۆن لەگەڵ ئەم گۆڕانە مەزنەدا، کە پێیدا تێدەپەڕین بەرخورد دەکەین؟ ئێمە چۆن ڕابوون و هەڵسانەوەیەکی گەورەی پڕ لە هێزی ناوەکی و باوەڕبەخۆبوون بە تەواوی دەئەزموونین؟ هەموو ئەوانە پرسگەلێکن، لەو دۆکیۆمێنتێرەدا، جانێت ئۆسبارد هەوڵی وەڵامدانەوەیان دەدات. 

لەم دۆکیۆمێنتێرەدا ئۆسبارد، باس لەوە دەکات، چۆن میدیا، بارهێنان و خوێندن، فیلم، موزیک، کار دەکەنە سەر مرۆڤ بۆوەی بەگوێرەی خواست و بەرژەوەندی گرۆ و دەستەیەک و خەڵکێکی تایبەت بژین.

ئۆسبارد، باس لەو گرۆ یا دەستەیە دەکات، کە لە 13 بنەماڵە یا خێزان پێکهاتوون و لەنێویاندا، ماڵباتی ڕۆتشیڵد(Rothschild)، ڕۆکیفێللەر (Rockefeller) و مۆرگان (Morgan) هەن، لێ لە ڕاستیدا بنەماڵەی دیکەش هەن، کە تەنانەت لەبان ئەمانەوەن و لە سەری سەرەوەن و ئەوانن ئەم 13 بنەماڵەیە بەڕێوە دەبەن و فەرمانیان پێ دەدەن.

ئایا تۆ زانیوتە، بەرەک ئۆباما(Barack Obama)، کە بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا، خەڵاتی نووبێلی ئاشتی درایە، لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا پەلاماری حەوت وەڵاتی داوە و هەر بیست خولەک جارێک، بۆمبێکی بەسەر خاک و خەڵکدا کێشاوە؟ ئەمە زۆرینەی خەڵک نایزانن، چون وەها کارێک لە میدیادا، میدیای ڕەسمی ناخرێتە بەرباس.

ئێمە بەهۆی ئەم دۆکیۆمێنتێرەوە، جۆرج سۆرۆس(George Soros) دەناسین و زانیاری لەمەڕ وی پەیدا دەکەین، کە میلیاردێرێکە بەوە ناسراوە، مرۆڤدۆست و خێرخواز و وەبەرهێن و سەرمایەگوزارە. ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە سۆرۆس، سەرمایەگوزارییەکی گەورە لەو ڕێکخراوانەی وەک: ئەنتیفا(ANTIFA)دا دەکات، کە لە ڕێگەی هاتنە سەر جادە و هەرا و زەنا و توندوتیژییەوە، گەرەکیانە پەیامی خۆیان بگەیەنن، یا سەرمایەگوزاری لە ڕێکخراوی نامبلا(NAMBLA)دا، کە کوتکراوەی (North American Man/Boy Love Association)ە دەکات. نامبلا، کار بۆ ڕێگەپێدان و شەرعییەتدان و بە قانوونیکردنی پێوەندی سێکسی نێوان پیاوان و منداڵانی نێرینە(کوڕ)ی گچکە و مێردمنداڵ دەکات. ئۆسبارد، کە باس لە جۆرج سۆرۆس دەکات، وەک سەرمایەگوزار و وەبەرهەمهێنێکی گەورە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و کۆمەڵەی ناڕوون و تەماوی و گوماناویدا ناوی دەبات و ئەوە پێشان دەدات، ئەو ڕێکخراو و کۆمەڵە و گردبوونەوانە، لە هەموو قوژبنێکی جیهاندا، کۆمەک بە بەشداربووانیان دەکەن و پارەیان دەدەنێ، بۆوەی ئاژاوە بێننە گۆڕێ و دەست بە شەڕ و پێکدادان بکەن و تاڵان و دزی و کاری ناجۆری دیکە بکەن و تەواوی ئەو کارانە بە پۆشاک و جلوبەرگێکەوە ئەنجام بدەن، کە لە پۆشاک و سیپاڵی نەیارەکانیان بچێت، بۆوەی وێنەیەکی دزێو و ناشیرینی ئەوان پێشان بدەن.

لە دۆکیۆمێنتێرەکەیدا، ئۆسبارد، ئەوە پێشان دەدات، کە چۆن ئەو گرۆ گچکەیەی جیهانی ئێمە بەڕێوە دەبات، جۆر و شێوازێکی ژیان و گوزەران دەژی، فرە نامۆیە بە ژیان و گوزەرانی زۆرێک لە ئێمە..

ئۆسبارد، تۆڕێکی منداڵبازی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە پێشان دەدات و ئاشکرا دەکات، کە گەلێک مرۆڤی بەناوێی جیهان، هۆڵیوود، سیاسەتکاری باڵا، پاشا و میرزادە، پاپای ئایینی عیسایی و چەندین ڕێکخراوی تێدا بەشدارن.

ئەوە پێشان دەدرێت، کە چۆن میدیا، سیاسەتکار، دادوەر و توێژینەوەی زانستی لە زانستگەکاندا، کار لەسەر شەرعییەتدان و بە قانوونیکردنی سێکسکردن لەگەڵ منداڵدا (منداڵبازی) دەکەن. هەروەها کار لەسەر ئاساییکردن و پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی دیاردە و کردە و فەرهەنگی مرۆڤخۆری (Cannibalism) و  شەیتانپەرستی و مرۆڤکوژی، لەنێو میدیا و فەرهەنگی گەلێر و لەنێو خەڵکدا دەکەن.

باس لەوە دەکرێت، چۆن چەندین گەورە منداڵباز(Pedophil)، لە وەڵاتگەلێکی جیاواز دەسگیرکراون، ددانیان بەوەدا ناوە و گەواهی ئەوەیان داوە، کە ئەوان منداڵ ئامادە و دەستەبەر دەکەن بۆ تۆڕێکی گەورەی منداڵبازی و چۆن ئەو گەواهینامانە و ئەو ددانپێدانانانە لە لایەن دادگە  و تۆڕ و میدیاکانەوە پشتگوێ دەخرێن، بۆوەی ڕاستییەکان لە خەڵکە گشتییەک، بشاردرێنەوە و ئاوەژوو بکرێن.

ئۆسبارد، باسی ئەوە دەکات، کە تەنێ لە ئەمەریکادا ساڵانە سەدان هەزار زارۆک بزر دەبن، ئێمە هەرگیز لە میدیاوە ئەم زانیارییانەمان وەدەست ناکەوێت. باس لەوە دەکات، چۆن یەکێک لە کارە پێشینەکانی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، وەستاندن و ڕاگرتنی بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە و چۆن ترەمپ، وەک بەشێکی سەرەکی لە کاری وی بۆ وەستاندنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کاری بۆ سەختگیری و ڕێلێگرتنی کۆچبەریی نایاسایی کردووە. بەشێکی زۆر لەو زارۆکانەی لەنێو کارکردن بۆ ڕاگرتن و وەستاندنی کۆچبەریی نایاسییدا بینراون و دۆزراونەوە، ئەو زارۆکانەن، کە ڕفێندراون و بە قاچاخ براون بۆ ئەمەریکا. لەڕێگەی سەختگیریی کۆچبەریی نایاساییەوە، مرۆڤ سەختگیری لە بازرگانیکردنیش بە مرۆڤەوە دەکات. 

بە هۆی دۆکیۆمێنتێرەکەوە، ڕووداوی پیتزاگەیت(Pizzagate)مان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە چۆن هەردوو جووتە کلینتن(Bill & Hillary Clinton) و ئۆباما لەو مەسەلەیەدا بەشدارن و تێوەگلاون. لە مەسەلەی پیتزاگەیتدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە چۆن ئەو منداڵبازانە، کاتێک باس لە منداڵ دەکەن، ناوی خوازراوی کۆدپێدراوی وەک: پیتزا، هۆتدۆگ، سوسیس، بەکار دەهێنن، کە لە لایەن کارگێڕی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی/پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا(FBI/ Federal Bureau of Investigation)وە پێیاندراوە. باس لەوە دەکەن، کە چۆن پیتزا(کچان) و هۆتدۆگ(کوڕان) بە چەندین هەزار دۆلار دەکڕن، لە ڕاستیدا ئەوکڕینانە، کڕینی جۆرە جیاوازەکانی سێکس و سێکسکردنە لەگەڵ منداڵدا. ئەمە ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن ئۆباما 65000 دۆلاری بۆ ئەو پیتزا و هۆتدۆگانەی بە فڕۆکە، لە شیکاگۆوە،  بۆ ئاهەنگێکی تایبەت گوێزراونەوە بۆ واشنگتن، خەرج کردووە.  

بێجگە لەوانە زۆر نموونەی هەڵخەڵەتاندن و فریودان و بەکاربردنی میدیایی باس دەکرێن، وەک نموونە: کاتێک میدیا باس لە گرێدراوی و پێوەندی ترەمپ دەکات بە گەشتێکی ڕێکخراو لە لایەن کۆمەڵەی هارڤی ئیپستێنس(Harvey Epsteins)، بۆ دوڕگەی ئیپستێنس، کە بە "دوڕگەی منداڵبازی(Pedophilia Island)" ناوی دەرکردووە. کە گوایە ئەو(ترەمپ) هەر لەو گەشتەیدا، دەستدرێژی سێکسی کردووەتەوە سەر کچێکی دوانزدە ساڵان. کاتێک دواتر لیستی ناوی سەرنشینانی فڕۆکەکە و گەشتیاران بڵاوکرایەوە، ناوی ترەمپی تێدا نەبوو، وەک ئەوەی ترەمپ هەرگیز لەو گەشتەدا نەبووبێت، لێ لەبری ئەوە بیڵ کلنتن لەوێ بووە، ئیدی باسی ترەمپ لە میدیادا بێدەنگیی لێکرا.

بەو جۆرە میدیا و دەسگە و شتی دیکەش بۆ قازانجی ئەو جۆرە مرۆڤانە بەکاردەهێنرێن و دەریشدەکەوێت و ڕووندەبێتەوە، کە ئەوانەیشی گەواهی لەسەر ئەو جۆرە کردارانە دەدەن و زانیاری لەبارەیانەوە دزە پێ دەکەن و ناوی ئەو جۆرە مرۆڤانە دەبەن، دوای ماوەیەکی کەم نامێنن و لەبەین دەچن و دەمرن یا ڕاستتر لەبەین دەبرێنرێن و دەمرێنرێن.

ناوەندی ساڵانی 1970، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاماری که‌رکووک، کارم ده‌کرد. هاوکار و هاوڕێیەکی زێدە خۆشه‌ویستم لەگەڵ بوو، کاک نه‌جمه‌ددین تاهای ناو بوو. فرە جار دەممان لە سیاسەت دەژەنی و باسی جیاوازمان لەو جۆرە بابەتانە دەکرد. کاک نەجمەددین هەموو جارێک ده‌یگوت:"هه‌موو گۆڕان و ڕووداوێکی سیاسی، که‌ له‌ جیهاندا ڕوو ده‌دات، پێشه‌کی نه‌خشه‌ و پلانی، له‌ لایه‌ن هه‌ردوو زلهێزه‌که‌وه‌، ڕووس و ئه‌مه‌ریکا، یا ڕوونتر، (سی. ئای. ئه‌ی) و (که‌ی. جی. بی)یه‌وه‌ بۆ دانراوه‌، ئیدی مرۆڤ له‌ به‌رده‌م ئه‌واندا، بێده‌سه‌ڵاته‌ و هیچی پێ ناکرێت و خۆشه‌که‌تکردنیش، بێهووده‌ییه‌".

ئێستاش، لە جیهانێکدا، کە تاکجەمسەریی سەرمایەداری، هەژموونی پارە، میدیای چەواشەکار، سیستمی بانکی، زانستی شێوێنەر، چەک و جەنگ، ڕەگەزپەرستی، نادادی، هەژاری، کێشەی چینایەتی، کێشەی نەتەوەیی، کێشەی ئایینی و...زاڵن بەسەر مرۆڤایەتیدا، ئەگەر ئەو دەمەی ساڵانی 1970، بۆچوونەکەی کاک نەجمەددین تاها، ڕاستییەکی تێدا بووبێت، ئەوا دۆکیۆمێنتێرەکەی جانێت ئۆسباردیش، لە ڕاستییەوە دوور نییە. مرۆڤ لە جیهان و سەردەمێکدا دەژی، ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت، واپێدەچێت گومان و بێهوودەیی و هیچگەرایی هەموو بوون هەڵلووشێت. 

بۆ بینینی تەواوی دۆکیۆمێنتێرەکەی ئۆسبار تەماشای ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

https://www.facebook.com/unforeseennotion/videos/the-fall-of-the-cabal-full-documentary-by-janet-ossebaard/2432748923683730

 

07-11-2021 

Saturday 18 September 2021

 

قانگدان

ئەمجەد شاکەلی

پێش جێهێشتنی کوردستان و گیرسانەوەم لە سوێد، نزیکەی 6 ساڵ لە کارگێڕی ئاماری سەر بە وەزارەتی نەخشەدانانی عیراق، لە کەرکووک، سلێمانی و هەولێر کارم کرد. ڕۆژانەی کار، مانەندی هاوکارانم، ژیانم لەتەک ژمارەدا بەسەر دەبرد، ئیدی لە ژمارەی ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی، ژمارەی کارگەر، تۆنی چیمەنتۆ، ژمارەی ئاسنگەر، نەفەری سینەما، ژمارەی پەز، کەر، چێل، کیلۆی شەکر و ئارد و لیتری ڕۆنی شیرینیەمەنی، نەفەری چایخانە و حەمام و هۆتێل تا دەگاتە ژمارەی دەیان شتی دیکە. بۆیە تا هەنووکەش ئامار سەرنجم ڕادەکێشێت و ئامار بە گرنگ دەزانم بۆ نەخشەدانان بۆ داهاتوو و خوێندنەوەی پێشهات و پێشبینیکردن. وەک چۆن لە کەلەپوور و ئەدەبییاتی مارکسیزمدا هەمیشە جەخت لەوە کراوەتەوە، کە"هیچ بزاڤێکی شۆڕشگێڕانە بێ تیۆرییەکی شۆڕشگێڕانە نابێت"، خوێندنی زانستگە و کار و ژیانیش، ئەوەیان فێر کردم، کە"هیچ گەشەسەندن و بووژانەوە و فراژووتنێک بێ نەخشەدانان نابێت و هیچ نەخشەدانانێکیش بێ ئامار نابێت".

لە ماڵپەری تۆڕی ڕووداودا، لە 14 سێپتەمبەری 2021، نووسینێکم بە ناوونیشانی"لە کۆی 81 هەزار تەکسی تەنیا 22 هەزاریان لەزگەیان لێدراوە"[1]، نووسینی هێمن بابان ڕەحیم، بەرچاوکەوت. ژمارەکانی نێو بابەتەکە سەرنجیان ڕاکێشام و هانیاندام وەدووی هەندێ سەرەداوی پێوەنددار بەو باسە بگەڕێم. بە گوێرەی بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان(ئوستانەکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی، دیارە هەڵەبجە و گەرمیان و ڕانیە و سۆران و...یان لەگەڵدان، کە وەک کارگێڕی سەربەخۆ دێنە ژماردن)دا و لە ئێستادا(ساڵی 2021)، 81000(هەشتاویەک هەزار) تاکسی هەن، کە بەم شێوەیە دابەش دەبن: هەولێر: 36 هەزار، سلێمانی 27 هەزار و دهۆک: 18 هەزار.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، کە هی ساڵی 2021ە و لە مانگی ئەپریلدا لە ڕووداو بڵاوکراوەتەوە، کۆی گشتیی ژمارەی ئۆتۆمبیل لە هەرێمی کوردستان: یەک میلیۆن و 896 هەزار و 593 ئۆتۆمبیلن. یەک میلیۆن 91 هەزار 466 ئۆتۆمبیلیان تایبەتن، کە 58٪ی کۆی ژمارەی ئۆتۆمبیلی هەرێم پێکدەهێنن.  لەنێو تەواوی ئەو ژمارەیەدا، بە تایبەت و ناتایبەتەوە، 19 هەزار ئۆتۆمبیلی  بێسەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، تۆمارنەکراون[2].

بەگوێرەی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، کە لە 6 دێسەمبەری 2020دا بڵاو کراوەتەوە، ژمارەی دانیشووانی هەرێم شەش میلیۆن و سەدوحەفتاویەک هەزار و هەشتاوسی(6,171,083) کەسن[3]. هەر ئەم دەستەی ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستانە لە ڕۆژی 27ی جەنیوەری 2018دا، واتە: دوو ساڵ پێش ئەو ئامارەی ساڵی 2020، مەزەندەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا (2018) بە حەفت میلیۆن ودووسەدوهەشتاوسێ هەزار و حەفتسەدوپەنجا (7,283,750) کەس دەکات[4]، کە پتر لە میلیۆنێکی زیاترە لە ساڵی 2020(ساڵی 2018 زیاترە لە ساڵی 2020) وەک بڵێی قڕان کەوتبێتە نێو خەڵکی ئەو هەرێمەوە و لە ماوەی دوو ساڵدا یەک میلیۆنیان لێ نەمابن!

بۆ خوێندنەوەیەکی ئەو ڕەوشەی کوردستان و گەیشتن بە ئەنجامێک و  بەرچاوڕوونییەک، بەراوردێکی ژمارەی تاکسی و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس، بە هەمان ئەو ژمارانە لە نۆ وەڵاتی ئەوروپا و لەم خشتەیەی خوارەوەدا دەکەین، کە لە ساڵی 2018دا بڵاو کراونەوە[5] :

وەڵات

ژمارەی دانیشتووانی(میلیۆن)

ژمارەی تاکسی

ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس

سوێد

1,10

800 17

1.7

دانمارک

5.7

4200

0.7

نۆروێژ

5.3

8800

1.6

فینلاند

5.5

9500

1.7

بێلژیک

11.3

4000

0.4

هۆڵاند

17

9000

0.5

ئەڵمانیا

83

 500 53

0.6

فرانسا

67

 000 60

0.9

بریتانیا

66

 900 75

1.4

 

بەگوێرەی کارگێڕی و نێوەندی ئاماری سوێد(SCB)، ژمارەی ئێستای دانیشتووانی سوێد (جوونی 2021)، دە میلیۆن و چوارسەدوشانزدە هەزار و پێنجسەدوهەشتاوپێنج(10416585)کەسن[6]. ژمارەی تاکسی، کە بە گوێرەی ئەو خشتە و سەرچاوەیەی سەرەوە لە ساڵی 2018دا، لە کاتێکدا دانیشتووانی سوێد 10.1 میلیۆن کەس بوونە، 17800 تاکسی بووە، لە ساڵی 2021دا کە ژمارەی دانیشتووانی سوێد بووەتە نزیکەی دە میلیۆن و نیو کەس،  ژمارەی تاکسی بووەتە 18000 تاکسی، واتە: تەنێ 200 تاکسی زیادی کردووە.

تەواوی ئەو ئامار و ژمارانە پێمان دەڵێن:

1.      تەنیا لە ئوستانی دهۆکدا، هێندەی تەواوی وەڵاتی سوێد تاکسی هەن.

2.      تەنیا لە ئوستانی هەولێردا دوو هێندەی تەواوی وەڵاتی سوێد تاکسی هەن.

3.      تەنیا لە ئوستانی سلێمانیدا 9 هەزار تاکسی زیاتر لە ژمارەی تاکسییانی وەڵاتی سوێد هەن.

4.      بەرزترین ڕێژەی تاکسی بۆ هەر یەک هەزار کەس لەنێو ئەو نۆ وەڵاتانەی ئەوروپادا سوێدە، کە 1.7 ە، لە کاتێکدا بۆ هەر یەک هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان 13.5 تاکسی هەن، واتە: هەر 74 کەس(دیارە بە منداڵی قوماتکراوی نێو بێشکە و لانکیشەوە) یەک تاکسییان بەر دەکەوێت، لێ لە سوێد هەر 588 کەس یەک تاکسییان بەر دەکەوێت.

5.      کۆی تەواوی ژمارەی تاکسییانی شەش وەڵاتی ئەوروپا: سوێد، دانمارک، نۆروێژ، فینلاند، بێلژیک و هۆڵاند دەکاتە 53300 تاکسی و کۆی ژمارەی دانیشتووانی ئەو شەش وەڵاتە دەکاتە 54.9 میلیۆن کەس، کە نۆ هێندە و پتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانن، لێ هەرێمی کوردستان 20 هەزار تاکسی زیاتری لەو شەش وەڵاتە وێکڕا تێدایە.

6.      هەر یەک لە ئەڵمانیای 83 میلیۆنی و فرانسای 67 میلیۆنی و بریتانیای 66 میلیۆنی، کە سێ زلە وەڵات و سێ دەوڵەمەندە وەڵاتی جیهانن، هەر وەڵاتەو بە تەنێ  هێندەی هەرێمی کوردستان تاکسی تێدا نییە.

تەواوی ئەو ئامار و ژمارانە چ ئەنجامێکمان دەدەنە دەست:

ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەسەر ژمارەی ئۆتۆمبیلی هەرێمدا دابەش بکرێن، هەر 3 کەس یەک دانە ئۆتۆمبیلیان بەر دەکەوێت، کە ئەمە ڕێژەیەکی بەرز و ناپێویستە.

 تەواوی ئەو تاکسییانەی کوردستان، هەشتاویەک هەزار تاکسی، بێ بەرنامە و بێ نەخشە و بێ گوێدانە ژێنگە و... شەووڕۆژ بەسەر شەقام و نێو کۆڵان و نێو شار و نێوان شار و شارۆکە و ئاوەدانییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەخولێنەوە و دووکەڵ و گاز و پیسایی و بۆن بە هەوادا و لەنێو ئاوەدانیدا بڵاو دەکەنەوە و بە گەرووی مرۆڤیدا دەکەن، کە دەبنە هۆی سەدان نەخۆشی و دەردی کوشندە.

 زۆریی ژمارەی ئەو ماشێنانە بە تاکسی و ناتاکسی و تایبەت و ناتایبەتەوە، جادە و ڕێگەوبانەکان وێران دەکەن و دەبنە هۆکاری پیسکردنی ژینگە و سەدان ڕووداوی دڵتەزێنی لەبەینچوون و بریندابوونی خەڵک.

 بوونی ئەو هەموو ماشێنە بارگرانییەکی ئابوورییە بەسەر وەڵاتەوە.

ڕەنگە کەمیی ژمارەی تاکسی لە ئەوروپا بگەڕێتەوە بۆ زۆریی و فراوانی و ئاسانیی ئامرازەکانی هاتوچۆ و گواستنەوە، وەک ئۆتۆبووس، شەمەندەفەری سەرزەوی و ژێرزەوی(مێترۆ) و ترامی گشتی و تەنانەت هەندێ جار کەشتی و گەمی(بەلەم)یش دەگرێتەوە، کە هەموو قوژبن و گەڕەکێکی باژێڕ و شارۆکە و گوند و ئاوەدانییە گچکەکان و نێوان هەموو شار و ئاوەدانییەکان پێکەوە گرێدەدەن و دەبەستنەوە و بە جارێک خەڵکێکی زۆر هەڵدەگرن و دەگوێزنەوە و دەستەبەریشە بۆ هەمووان، بە نرخێکی هەرزان و بە بێ جیاوازی، تەنانەت بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیش، سەرباری هەموو شتێکیش سەلامەتتر و بێ کێشەترە. ئەو جۆرە گواستنەوە و هاتوچۆ گشتییە یا میللییە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێ (Public transport) و بە سوێدیش (Kollektivtrafik). ڕەنگە زۆریی تاکسییش لە هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گواستنەوە و هاتوچۆی گشتی و میللی، کە کارەسات و نەهامەتی و بەدبەختی و سیاچارەییەکە،  لە ڕووی ژینگە و پیسی و ناسەلامەتییەوە، بۆ تەواوی خاک و خەڵک و سروشتی وەڵاتەکە، لێ بۆ خەڵکە هەژار و نەدارەکە ئەو کارەسات و نەهامەتی و بەدبەختی و سیاچارەییە دوو جار و دوو هێندەی خەڵکە گیرفانپڕ و بەرپرس و دەسەڵاتدارەکەیە. دەسەڵاتدار، بەرپرس و گیرفانپڕ و سەرمایەداران، شوێن و شێوازی ژیانیان لە خەڵکە ڕەشۆکییەکە جیاوازە. ئەوان، تەنانەت ژینگە و خۆراک و چارەسەری تەندروستی و دەرمان و خوێندنگە و هاتوچۆ و ئاو و هەوا و کارەبا و هەرچی شتیانە جیاوازە. ئەوان بەڵێ بەناو لە کوردستان دەژین، لێ جیهانی ئەوان جیهانێکی دیکەیە، کە هیچ لە ئەریستۆکرات و سەرمایەدارانی ئەوروپا و ئەمەریکا جیاواز نییە!

دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، سی(30) ساڵە ئەو دەڤەرەیان لەبندەستە، تا هەنووکە نەیانتوانیوە تۆڕێکی هاتوچۆ و گواستنەوەی گشتی نێو شاران و نێوان شارانی هەرێم و دەرێی هەرێم دروست بکەن. ئەگەر پێش 2003، بە سەردەمی تەنگانە و کێشە و ترسی بەعس و ناسەقامگیری و چی و چی دەژمێرن، خۆ لە 2003وە تا ئێستا دەکاتە 18 ساڵ! 18 ساڵ، ماوەیەکی یەکجار زۆرە بۆ دامەزراندن و دروستکردنی تۆڕی پێشکەوتووی هاتوچۆی گشتی و میللی و وەلانانی ئەو هەموو تاکسییە. دەکرا بە ئۆتۆبووس دەست پێ بکەن و لەبری هەشتاویەک هەزار تاکسی، بە پێنج هەزار ئۆتۆبووسی گەورە کێشەی هاتۆچۆی هەموو دەڤەر و قوژبنێکی هەرێم و دەرێی هەرێم چارەسەر دەکرا و دەکرێ. وەها کارێک لەنێوان 2003-2011 دەگەیشتە ئەنجام و لە 2011یشەو تا ئەمڕۆ، دەکرا کار لەسەر مێترۆ و ترام و شەمەندەفەر و ئەوانە کرابا و تەواوی ئەوانە دەبوونە تۆڕێکی گەشەسەندوو و پێشکەوتووی هاتوچۆی گشتی و میللی.

کارکردن بە و بۆ و بەکارهێنانی گواستنەوەی گشتی و میللی، بێجگە لەوەی پێویستییەکی نیشتمانییە و هێمای پێشکەوتن و ژینگەپارێزییە، مافێکی گشتی خەڵک و تەواوی هاونیشمانانە. هەر لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی عیراقەوە تا کۆتایی ڕێژیمی بەعس و سەددام حوسەین لە عیراقدا، بە کوردستانەکەیشییەوە، کاری پێ دەکرا و تەنانەت لەسەردەمی بەعسدا، گەلێک پێشکەوتوویش بوو، لێ ئیدی دوای نەمانی بەعس ئەمانەی لەودەمیەوە دەسەڵاتدارن، وێرانیان کرد و نەیانهێشت و وەلایان نا، دیارە لەپێناوی بەهێزکردن و کەڵەگایی سەرمایەدار و بازرگانان و کارتێلەکانی بەنزین و ئۆتۆمبیل و بەڵێندەر و کەرتی تایبەت، کە تەواوی ئەوانە گرێدراوی حیزب و بەرپرس و دەسەڵاتدارانن و پارێزەری بەرژەوەندی یەکدین. گواستنەوەی گشتی، بێجگە لە ئاسانکاری گواستنەوەی مرۆڤ، پێویستییەکی مەزن و گرنگە بۆ گەشەندنی ئابووری و گرێدانی ئاوەدانییەکان و خەڵک و کۆمەڵیش پێکەوە. ئەگەر تۆڕێکی چڕ و پێشکەتووی هاتوچۆ و گواستنەوەی گشتی لە هەر وڵاتێکدا هەبێت، فەرهەنگی پاراستنی ژینگە، پیادەڕۆیی، بایسکیل ئاژۆتن، زاڵ دەبێت و کۆمەکێکی زۆر بە لەشساغی و پاکژیی هەوا و خاک دەکات. ئەمەی ئێستا لە کوردستان ڕوودەدات و هەیە، بێجگە لە وێرانکردنی ژینگە و تەندروستی و پیسکردنی هەوا، شتێکی دیکە نییە. ئێستا 90% ی دانیشتووانی گۆی زەوی، بە کوردستانەکەی خۆیشمانەوە، لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، هەوای پیس و قڕێژ هەڵدەمژن، کە تەندروستییان وێران دەکات، دیارە هۆکارە سەرەکییەکەیشی نەبوونی تۆڕی هاتوچۆی گشتی و میللییە.

تۆ بە ڕۆژدا لەسەر هەر کەژێکی بڵندی دەوروبەری سلێمانی، هەولێر، دهۆک، کەلار، هەڵەبجە، سۆران، ڕانیە، زاخۆ، کفری و...[7]بنۆڕە ئەو باژێڕانە دەبینیت ئاسمانی شار، بە دووکەڵێکی چڕ و چڵکن و پیس داپۆشراوە. مرۆڤ کە ئەوە دەبینێت، تێدەگات چ هەوایەک هەڵدەمژێت، چ ماڵوێرانییەک ڕوودەدات و دەسەڵات چەندە نابینا و ناڕاستە لە چارەسەرکردنی ئەو پرسە.

 دەسەڵات، هێندەی پارە بۆ دەسگەیەکەی بێخێری وەک پەرلەمان و پەرلەمانتاران و هێندە پارە بۆ کڕینی ماشێن و مۆبیلە و ڕازاندنەوەی ماڵ و جێی کاری بەرپرس و هێندەی پارە و مووچە و دەرماڵە و تایبەتمەندی بۆ وەزیر و گزیر و جێگری وەزیر و ڕاوێژکار و جێنێراڵ و بەڕێوەبەری گشتیی بندیوار و مشەخۆرانی حیزبی و دەستوپێوەندەکان خەرج دەکات و هێندە هانی پرۆژەی بێفەڕ و بێخێر و ماڵوێرانکەری کەرتی تایبەتی، وەک مۆڵ و ڕیستۆرانت و کۆمپانیای زەبەلاحی هاوردنی شتی بێکەڵک و دەرمانی ساختە و کردنەوەی زانستگە و خوێندنگەی گرانبەهای بیانی بۆ منداڵە دەوڵەمەندەکان و کردنەوەی نەخۆشخانەی تایبەتی قۆڵبڕینی خەڵک، دەدات، هێندە بەتەنگ ژیانی خەڵک، زۆرینەی خەڵک، هەژارانی خەڵک، خەڵکە گشتی و ڕەشۆکی و چینەکانی خوارێی کۆمەڵەوە نایەت. ئەوەی بۆ خەڵک، زۆرینەی خەڵک، هەژارانی خەڵک، خەڵکە گشتی و ڕەشۆکی و چینەکانی خوارێی کۆمەڵ دەیکات، پرۆسێسی پرۆژەی دووکەڵ بە گەروودا کردن و قانگدانیانە!

18-09-2021

 

 



[5]https://www.taxiforbundet.se/wp-content/uploads/2018/07/Taxil%C3%A4get-i-europa_2018.pdf

 

[7]  من بۆیە ناوی باژێرەکانی دیکەی وەک کەرکووک، شنگال، مەخموور، خورماتوو، خانەقی، جەلەولا، مەندەلی، بەدرە، زرباتییەی باشووری کوردستانم نەبرد، چون باسەکە لەمەڕ هەرێمی کوردستانەوەیە.