گه‌ڕانه‌وه بۆ کوردستان گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ تاراوگه‌یه‌کی دیکه
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له زۆر کۆڕ و کۆمه‌ڵ و
قسه‌وباسدا هه‌م له کوردستان، کاتێک مرۆڤ به سه‌ردان ده‌ڕواته‌وه و هه‌م لێره‌ش
له هه‌نده‌ران، له نێو خه‌ڵکانی ئاواره و هه‌نده‌راننشیندا، فره‌جاران باسی گه‌ڕانه‌وه‌ی
کوردی هه‌نده‌ران بۆ کوردستان ده‌کرێت و دێته گۆڕێ و زۆرێک له‌وانه‌ی ئه‌و قسانه
ده‌که‌ن و ئه‌و پرسیاره ده‌ورووژێنن، خۆزگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کی کوردانی هه‌نده‌ران
بۆ کوردستان ده‌خوازن. ئه‌و باسه هه‌ریه‌که‌و له چمکێکه‌وه لێی ده‌نواڕێت و لێکیده‌داته‌وه.
ئه‌وه‌ی له واقیعدا ده‌یبینین، خه‌ڵکێکی یه‌کجار که‌می کورد، که ڕه‌نگه وه‌ک ڕێژه
هه‌ر زۆر که‌م بن و له‌به‌رچاو نه‌بن، ئه‌وروپایان به‌جێهێشتووه و گه‌ڕاونه‌وه کوردستان.
ئه‌وانه‌یشی گوایه "به‌یه‌کجاری" گه‌ڕاونه‌وه، هه‌رگیز به‌یه‌کجاریی نه‌گه‌ڕاونه‌وه،
به‌ڵکه پێیه‌کیان له ئه‌وروپایه و ئه‌وی دیکه‌یان له کوردستانه. هیچیان به ته‌واوی
و سه‌دله‌سه‌د خۆیان له ئه‌وروپا و وڵاتی تاراوگه‌یان دانه‌بڕیوه و پێوه‌ندێکیان
پێیه‌وه هه‌ر هێشتووه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی له وڵاتی خۆی و زێدی خۆی هه‌ڵده‌که‌ندرێت،
ئیدی هاسان نییه جارێکی دیکه و له هیچ شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌دا جێگیر ببێت. وه‌ها
مرۆڤێک هه‌میشه ڕاڕا و دوودڵ و ناجێگیر و ناسه‌قامگیره و هیچ کوێیه‌ک نابێته وڵاتی
و هه‌موو شوێنێکیش ده‌بێته وڵاتی و هیچ کوێیه‌ک به وڵاتی خۆی نازانێت و هه‌موو شوێنێکیش
به وڵاتی خۆی ده‌زانێت. تاراوگه وڵاتی وه‌ها که‌سێکه، چونکه ئه‌و به گیان
تاراوه و که‌وتووه‌ته تاراوگه، ڕه‌نگه به له‌ش و وه‌ک مادده له شوێنێکدا خۆی
ببینێته‌وه، لێ به گیان له هیچ جێیه‌ک خۆی نابینێته‌وه و هه‌رده‌م وه‌دووی خۆیدا
ده‌گه‌ڕێت. هه‌میشه ئه‌گه‌ر کۆڵه‌پشته‌که‌یشی به کۆڵه‌وه نه‌بێت و به کرده‌وه
له‌م وڵاته‌وه یا له‌م خاکه‌وه نه‌گوێزێته‌وه بۆ ئه‌و وڵات و خاکی دیکه، ئه‌وا
له ناوه‌وه‌ی خۆیدا کۆچه‌رییه و هه‌رده‌م ڕه‌وته‌نییه و جێ به خۆی ناگرێت.
کورد له‌چاو خه‌ڵکی هه‌ندێک
نه‌ته‌وه و وڵاتی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه‌دا، له هه‌ڵاتن و وڵاتبه‌جێهێشتن و ئاواره‌بووندا
نوێیه. خه‌ڵکانی وڵاتانی کۆنه‌کۆڵۆنی و داگیرکراوی ئه‌وروپا، وه‌ک هیندوستان، پاکستان،
ڤیێتنام، ئه‌لجه‌زائیر، وڵاتانی ئه‌فریقا، یا خه‌ڵکانی وڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵاتی
کۆنه‌سۆسیالیست و بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات و خه‌ڵکانی چین و...گه‌لێک پێش کورد ڕوویان له
ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا کردووه و تێیاندا جێگیر بوون. ته‌واوی ئه‌و خه‌ڵکانه به
هۆی سیاسه‌ت و خراپیی باری سیاسیی وڵاته‌کانیانه‌وه په‌راگه‌ندی هه‌نده‌ران نه‌بوون،
به‌ڵکه به‌شێکی له‌به‌رچاویان ڕه‌وشی ئابووری و دۆزینه‌وه‌ی جێژیانێکی نوێ هانده‌ریان
بوون، بۆ ده‌رچوون له وڵاتانی خۆیان. هه‌ر خه‌ڵکانی وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و چواره‌م
نین، ڕوویان له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وسترالیا کردووه، به‌ڵکه ته‌نانه‌ت
له نێو ئه‌وروپایشدا ئه‌و جۆره کۆچکردنانه ڕوویداوه و ڕووده‌دات. له نێوان ساڵانی
1845-1930دا، نێزیکه‌ی 1200000 که‌س سوێدیان جێهێهشتووه و کۆچیان کردووه بۆ ده‌رێی
سوێد. له‌و خه‌ڵکه کۆچکردووانه نێزیکه‌ی 200000ێکیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ سوێد و
ئه‌وانی دیکه‌یان له هه‌نده‌ران ماونه‌وه و نیشته‌جێ بوون. زۆرینه‌ی ئه‌و سوێدییه
کۆچکردووانه ڕوویان کردووه‌ته ئه‌مه‌ریکا و هه‌ندێکیشیان چوونه‌ته که‌نه‌دا. نێزیکه‌ی
25000 که‌سیش چوونه‌ته ئه‌وسترالیا و 5000 که‌سێکیش چوونه‌ته نیوزیلاند. سوێدییه‌کان
به هۆی ناله‌باریی باری ئابووری و ژیانه‌وه ئه‌و کۆچه‌یان کردووه و وه‌دووی ژیانێکی
خاستردا ڕوویان له‌و وڵاتانه کردووه. ئه‌رمه‌نییه‌کان و جووله‌که گه‌لانێکن، به‌هۆی
کوشتن و قڕکردن و ڕاوه‌دوونانه‌وه، که هه‌موو ده‌که‌ونه خانه‌ی سیاسه‌ته‌وه، هه‌ڵاتوون
و زێدی خۆیان جێهێشتووه.
ئه‌وانه‌ی به هۆی ڕه‌وشی
سیاسیی وڵاتانی خۆیانه‌وه هه‌ڵاتوون که‌م نین و گه‌لێکن و به‌شێکی زۆری کوردیش ده‌که‌وێته
ئه‌و خانه‌یه‌وه. خه‌ڵکانێک، که له‌به‌ر سیاسه‌ت و ڕاوه‌دوونان وڵاتی خۆیان جێده‌هێڵن،
فره‌جاران دوای گۆڕانێکی، دیاره له ڕووی ڕێژه‌ییه‌وه، بڕێک ئه‌رێنی و هاتنه
ئاراوه‌ی ڕێژیمێکی بڕێک نه‌رم، کراوه، ڕێزگری مافی مرۆڤ، دیموکراتی یا ته‌نانه‌ت
دیموکراتییه‌کی شله‌په‌ته‌یش...هه‌وڵده‌ده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه وڵاتانی خۆیان، لێ ئه‌وه‌ش
کارێکی هێنده سانا نییه و هه‌روا به سووکوئاسان نایه‌ته دی. ئه‌وه‌ی ده‌گاته
تاراوگه ئیدی به جۆرێک له جۆره‌کان، ژیانی خۆی دابین ده‌کات و تا ڕاده‌یه‌ک تێکه‌ڵ
به بار و ژیانی ئه‌و وڵاته‌ی تێیدا ده‌ژی ده‌بێت. کورد له مێژه گوتوویه‌تی"بزن
بۆ شه‌وێک جێی خۆی خۆش ده‌کات" و سوێدییه‌کانیش ده‌ڵێن:"Gräv där du står" واته: له‌کوێ ڕاوه‌ستایت
له‌وی چاڵ هه‌ڵکه‌نه، که مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه: له‌کوێ ده‌ژیت، له‌وێ جێی خۆت بکه‌وه
و خۆت ڕابێنه.
بۆ که‌سێکی ئاواره‌بووی
وڵاتێکی نوێ، فیربوونی زمان و کار و ماڵ و هاتوچۆ و خۆراک و پێوه‌نده‌کانی مرۆڤ و
خوێندنی منداڵ و ده‌یان ورده شتی دیکه، به‌و وڵاته‌وه‌ی لێی ده‌ژی گرێی ده‌ده‌ن
و بۆ خۆیشی ڕۆژ له دوای ڕۆژ ده‌بێته به‌شێک له‌و وڵاته. هه‌ندێک له‌و وڵاته مێرد
ده‌که‌ن و هه‌ندێکیش له‌و وڵاته ژن ده‌هێنن، واته پێوه‌ندێکی قووڵتر به‌و وڵاته‌وه
گرێیان ده‌دات و تادێت، ئه‌گه‌ر به هزر و خۆشه‌ویستییش نه‌بێت، ئه‌وا به پراکتیک
ڕه‌گ داده‌کوتێت. مرۆڤی ئاواره‌بوو هه‌رچه‌ندی هه‌وڵی خۆجوێکردنه‌وه و خۆدوورخستنه‌وه
له فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی وڵاتی تازه‌ی بدات، هه‌رگیز پێیناکرێت و به جۆرێک له جۆره‌کان،
گرێدراوی زۆرێک له فه‌رهه‌نگه‌که‌ی ده‌بێت و پابه‌ندی قانوون و ڕێساکانی ده‌بێت و
بێ ئه‌وه‌ی به خۆی بزانێت ته‌نانه‌ت ده‌گاته حاڵه‌تێک، که ئیدی له به‌کاربردنی
وشه‌ی "لای خۆمان" و "لای ئێوه"دا شته‌کان تێکه‌ڵ ده‌کات. که
له هه‌نده‌ران بێت و باسی شتێک بکات، یا به‌راورد له نێوان دوو شت‌دا بکات، که‌ونه
وڵاتیی خۆی "کوردستان"ی، که باسمان له سه‌ر کوردستانه، پێ "لای
خۆمان"ه، به‌ڵام که له کوردستانیشه تازه‌وڵاتیی تاراوگه‌ی پێ "لای خۆمان"ه.
"لای خۆمان"، ده‌کاته هه‌ردوو وڵات"کوردستان و هه‌نده‌ران" و
هه‌ردوویان چوونیه‌ک و هاوتای یه‌کدین. ڕه‌نگه هه‌ندێ جار ئه‌میان له‌وی دیکه، بڕێک
زیاتر له ناخی مرۆڤه‌وه نێزیک‌تر بێت و مرۆڤ خۆشه‌ویستییه‌کی بڕێک زیاتری بۆی هه‌بێت،
لێ هه‌ڵکشان و سه‌نگی ئه‌و خۆشه‌ویستییه و هه‌ست به نێزیکایه‌تیی ئه‌و وڵاته و
گرێدراویی پێیه‌وه، کات له دوای کات ده‌گۆڕێ و هه‌رده‌م هێڵ و ئاستێکی چه‌سپاو و
ڕاوه‌ستاوی نییه، به‌ڵکه بزۆز و به‌رگۆڕانه. ڕه‌نگه به تێپه‌ڕبوونی کات
تاراوگه‌که خۆشه‌ویستتر بێت و مرۆڤ پتر پێوه‌ی گرێدرابێت و هۆگری بووبێت و ڕه‌نگه
به تێپه‌ڕبوونی کاتیش مرۆڤ له تاراوگه‌که وه‌ڕز بێت و حه‌ز بکات خۆی لێ دابڕێت
و له‌گه‌ڵیدا بیقرتێنێت. به گشتی پتر هۆگربوونی مرۆڤ به‌و جێگه‌یه‌ی لێی ده‌ژی و
ئارامییه‌کی ده‌روونی و هه‌ستێکی خۆشه‌ویستی به‌رانبه‌ر به‌و شوێنه و خۆشگوزه‌رانییه‌کی
ژیانی له‌وێ، ده‌کاته پێوه‌ندێکی توندوتۆڵ‌تر و گرێدراوییه‌کی زیاتر و پتر پێناسه‌کردنی
خۆی پێیه‌وه. هه‌ر مرۆڤه‌و هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تی هه‌یه بۆ لێکدانه‌وه و دیتنی
له‌و ڕووه‌وه. زارۆکی باوک و دایک کوردی له‌دایکبووی هه‌نده‌ران، ڕه‌نگه وه‌ک ڕه‌گوڕیشه
و بنه‌چه و باوان، خۆ به کورد بزانێت و له‌به‌ر خاتری باوک و دایکی کوردستانیی و
بۆ ڕاگرتنی دڵی ئه‌وان، باس له کوردستانیبوونی خۆی بکات، لێ وه‌ک فه‌رهه‌نگ و دید
و جیهانبینی ئه‌گه‌ر ڕێژه‌یه‌کی که‌میی کوردستانیبوونی تێدا وه‌دی بکرێت، ده‌بێ
باوک و دایکان سوپاسگۆ بن و گه‌لێک دڵخۆش بن. ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی سه‌دله‌سه‌د ئه‌و
هه‌سته‌ی دایک و باوکانیان، به‌رانبه‌ر کوردستان و کوردبوون هه‌بێت. ئه‌و زارۆکانه
تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌یه به کوردی ده‌په‌یڤن و نێوی کوردی‌یان هه‌یه، ئه‌ویش
ئه‌گه‌ر وا بن، ده‌نا ڕه‌نگه کوردییش نه‌زانن و نێوی کوردییشیان نه‌بێت. ڕه‌نگه
مرۆڤ چ گازنده‌یه‌کی به‌رانبه‌ر به‌و دیارده‌یه نه‌بێت، چونکه زارۆک له کوێ دێته
دنیاوه و گه‌وره ده‌بێت، پتر خۆی به خه‌ڵکی ئه‌و شوێنه ده‌زانێت. دروستبوونی هه‌ستێکی
له‌و جۆره له‌کن زارۆکی کورد و ناکوردی له‌دایکبووی هه‌نده‌ران، شتێکی سروشتییه
و ده‌بێ هه‌روابێت. ئێمه‌ی گه‌وره‌ساڵانیش ئه‌گه‌ر له کوردستان نه‌هاتباینه دنیاوه،
با دایک و باوکانیشمان کورد بووایه‌ن، هه‌رگیز هه‌ستی کوردستانیبوونمان نه‌ده‌بوو یا
بشمانبووایه هێنده‌ی که‌سێکی له‌دایکبووی کوردستان، به‌هێز نه‌ده‌بوو. ئه‌وڕۆ زۆر
ئاساییه منداڵانی هیندی و پاکستانی و ئه‌مه‌ریکای لاتینی و چینی و ئه‌فریقایی
و...له ئه‌مه‌ریکا و بریتانیا و فرانسا و سوێد و ...خۆ به ئه‌مه‌ریکایی و ئینگلیز
و فرانسایی و سوێدی و...بزانن. زۆر ئاساییه تووشی منداڵێکی عه‌ره‌ب یا فارس یا سریان
یا ئه‌رمه‌نی ببیت و که پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ بکه‌یت خه‌ڵکی کوێیه، پێت بڵێت سوێدییه،
به‌ڵام باوکی له بنه‌چه‌دا عه‌ره‌به، فارسه، ئه‌رمه‌نه یا سریانه. ئه‌م دیارده‌یه
بۆ کوردی پاش یه‌ک دوو نه‌وه‌یه‌کی ژیاوی هه‌نده‌ران ده‌خوا و هه‌ر وای لێ دێت. ئه‌و
زارۆکانه ڕێک وه‌ک تۆویکن و له زه‌وییه‌کی دیکه‌ی ده‌رێیی وڵاتی خۆیان چێنراون.
زارۆکی کوردیش ئه‌وڕۆ گه‌یشتووه‌ته ئه‌و قوناخه و هی وای تێدایه ئه‌وڕۆ گاڵته‌ی
به هه‌موو شتێکی کوردستان دێت و هه‌ست به هیچ جۆره پێوه‌ندێکیش به‌و وڵاته‌وه
ناکات، ئه‌گه‌ر ناچار نه‌کرێت و به تۆبزی ئه‌و هه‌سته‌ی لا قوت نه‌کرێته‌وه، لێ
ئه‌وه‌ش کارێکی کاتییه و چ ئه‌نجامێکی باشی نابێت و ئه‌وڕۆ بێت یا سبه‌ی، که بوو
به کاری زۆر، کرماشانیان گوته‌نی:"یه کار زووره یا ئه‌لی"[1]، ئه‌و زارۆکه خۆی له
بازنه‌ی ئه‌و هه‌ست و په‌یوه‌ستبوونه ده‌رباز ده‌کات، مادام به تۆبزی و زۆر بسه‌پێنرێت.
هێزی خۆبه‌ستنه‌وه یا هێزی هه‌ست به گرێدراوی به وڵاتی زێد و پێش ئاواره‌بوونه‌وه،
کۆمه‌ڵێک ڕاستی هه‌ن، که کاریگه‌رییان ده‌که‌نه سه‌ر. له‌وانه: خۆشی و ناخۆشی وڵاته‌که
و سه‌قامگیری باری سیاسیی و ئابووری وڵاته‌که و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵک و جوانیی
سروشت و بوونی زۆرینه‌ی ئه‌و شته ماددییانه‌ی، که له وڵاتی ئاواره‌ییدا هه‌ن و بوونی
قانوون و جۆره یه‌کسانییه‌ک و ساده‌یی له‌کن به‌رپرسان و بوونی ئازادی تاک و
ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕێزگرتن له مرۆڤ و گرنگیی وڵاته‌که له ڕووی سیاسیی و
ئابووری و ده‌وڵه‌مه‌ندی و پێشکه‌وتن و گه‌شتیارییه‌وه و ئاسانیی هاتوچۆ و سه‌فه‌ر
بۆی و... ده‌یان شتێکی دیکه‌ش. ئه‌گه‌ر لاسه‌نگییه‌ک له‌و ڕاستییانه‌دا وه‌دی بکرێن،
دیاره به لای زارۆکێکی کورد یا هه‌ر بیانییه‌کی دانیشتووی ئه‌وروپاوه ئه‌وانه
هه‌موو ڕاستیین و نه‌بوون و لێلادانیان ناته‌واوی و ناپه‌سه‌نده، ئه‌وا دیدی زارۆکی
ئاواره‌ی هه‌نده‌ران، به‌رانبه‌ر وڵاته‌که‌ی باوک و دایکی ده‌گۆڕێت و ڕێک پێچه‌وانه‌ی
ئه‌وان ده‌یبینێت. ڕه‌نگه زۆر جاران ڕقیشی لێی ببێته‌وه و دایک و باوکی خۆی به ڕێگر
بزانێت له به‌رده‌م زووتوانه‌وه‌یدا له نێو جڤاکه نوێیه‌که‌ی، که تێیدا هاتووه‌ته
دنیاوه یا به گچکه‌یی بۆی هاتووه.
1973، پینۆشێ ڕێژیمی گه‌لێری
سه‌لڤادۆر ئاللیندی له چیلی، به کوودێتایه‌کی له‌شکریی ڕووخاند و ڕێژیمێکی دیکتاتۆریی
هێنایه سه‌ر کار و به‌وه‌ش بوو به هۆی کوشتن و له‌نێوبردن و ڕاونانی سه‌دان هه‌زار
خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته و خه‌ڵکێکی زۆریان هه‌ڵاتن
و له ئه‌وروپا بوونه په‌نابه‌ر. 1989، که ئیدی پینۆشێ له ده‌سه‌ڵات نه‌ما و ڕێژیمی
وڵات بوو به دیموکراتی و بڕێک ئازادی هاته ئاراوه، ئیدی له دوای ئه‌و ساڵه‌وه
خه‌ڵکێکی زۆری ئه‌و وڵاته که‌ڵکه‌ڵه‌ی بیری گه‌ڕانه‌وه‌ی چیلی "وڵاتی دایک"،
که‌وته که‌لله‌یانه‌وه. به‌شێکی زۆر له‌و چیلییایانه‌ی ئه‌وروپا ئیدی له ساڵانی
1990ه‌کاندا گه‌ڕانه‌وه. بڕێک له‌و خه‌ڵکه
له چیلی مانه‌وه و زۆرینه‌یان له‌وێ هه‌ڵیان نه‌کرد و گه‌ڕانه‌وه تاراوگه‌که‌ی
خۆیان. هۆکاری جێگیرنه‌بوونی ئه‌و زۆرینه‌یه له چیلی و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌نده‌ران و هۆکاری جێگیربوونی
ئه‌و که‌مینه‌یه‌ش له چیلی و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌نده‌ران گه‌لێکن و هه‌ر یه‌که
له دید و بۆچوونی خۆیه‌وه لێکی ده‌داته‌وه. منداڵی چیلییایی له‌دایکبووی هه‌نده‌ران
و له هه‌نده‌ران گه‌وره‌بوو و فێری زمان و فه‌رهه‌نگی دیکه، مانه‌وه‌یان له چیلی
و قایل‌بوون به ژیانی باپیران و داپیرانیان، که دایک و باوکی خۆیشیان تا ڕاده‌یه‌ک
پێی قایل‌بوون و ده‌یانه‌ویست ئه‌و منداڵانه‌یشی پێ قایلکه‌ن، زۆر پێ سه‌خت بوو و پێیان
قه‌بووڵ نه‌ده‌کرا. ئه‌وانه به‌شێکی زۆریان بۆ خۆیان به ته‌نێ گه‌ڕانه‌وه هه‌نده‌ران
و ئه‌وانه‌یشیان توانییان باوک و دایکیان به گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌نده‌ران قایل که‌ن، یا
باوک و دایکیان بۆ خۆیان ئاماده‌ییان هه‌بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌نده‌ران، چونکه
ئه‌وان بۆ خۆیشیان له‌گه‌ڵ ژیانی نوێی وڵاته‌که‌یاندا ڕانه‌ده‌هاتن، هه‌موو گه‌ڕانه‌وه.
هه‌ندێک له‌و خێزانانه، نه‌ک هه‌ر منداڵ بوونه هۆی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌نده‌ران،
به‌ڵکه گه‌وره‌ساڵان و باوک و دایکان بۆ خۆیان له‌وێ هه‌ڵیان نه‌ده‌کرد و نه‌یانده‌توانی
بمێننه‌وه. گه‌وره‌ساڵان، که باس له گه‌ڕانه‌وه‌ی وڵات و زێد ده‌که‌نه‌وه، له
دیدی خۆیانه‌وه ته‌ماشای وڵات و زێد ده‌که‌ن. ئه‌وان به‌و چاوه‌ی چه‌ندین ساڵی به‌ر
له‌وه‌ی خۆیان، کاتێک له‌و وڵات و زێده‌دا ده‌ژیان، ده‌نۆڕنه وڵات و زێده‌که‌ی خۆیان.
ئه‌وان، که له هه‌نده‌رانن، هه‌موو ناخۆشی و نه‌هامه‌تی و نه‌بوونه و ڕاوه‌دوونان
و زیندانی و جه‌نگ و...شته‌کانی دیکه‌ی وڵاته‌که‌ی خۆیان، که لێی هه‌ڵاتوون و هۆکاری
هه‌ڵاتنیان بوون، لێ ده‌بێته بیره‌وه‌ری و یاده‌وه‌ری و خۆشی و...هه‌موو شته‌کان
وه‌ک نۆستاڵژیا و ته‌زوویه‌کی خۆش و موچوڕکێک، به به‌رچاو و مێشکیاندا تێده‌په‌ڕێت
و وه‌ک ڕووداوی فیلمێکی خۆش وه‌بیری ده‌هێننه‌وه. ئه‌و باسه، بۆ نه‌وه‌ی دوای خۆیان
و منداڵه‌کانیان، هیچ ناگه‌یه‌نێت و ئه‌وان هه‌ر بیریشی لێ ناکه‌نه‌وه.
که وڵاتێک ڕزگار ده‌بێت
و ئیدی خه‌ڵک و خاکه‌که‌ی وه‌ک ئازاد ده‌ژمێردرێن و جۆره سیستمێکی دیموکراتی و مرۆڤدۆستیی
تێدا دێته ئاراوه، وا چاوه‌نۆڕ ده‌کرێت، خه‌ڵکه هه‌ڵاتووه‌که‌ی، که په‌راگه‌نده‌ی
وڵاتان بوون، بگه‌ڕێنه‌وه و تێکه‌ڵ به ڕه‌وشی نوێی وڵاته‌که‌یان ببنه‌وه و به‌شداریی
له ئاوه‌دانکردنه‌وه و دروستکردنیدا بکه‌ن، به‌ڵام ئایا وا ده‌بێت! ئێریتریا یه‌کێک
بوو له‌و وڵاتانه‌ی، که کۆڵۆنی بوو و به شۆڕش و خه‌باتی دانیشتووانی گه‌یشته سه‌ربه‌خۆیی.
وا چاوه‌ڕوان ده‌کرا هه‌ر دوای جاڕدانی ڕزگاربوونی ئێریتریا، تاکه یه‌ک ئێریتریایی
له هه‌نده‌ران نه‌مێنێته‌وه و هه‌موو بگه‌ڕێنه‌وه، لێ ئایا وایان کرد! ئایا تا
ئێستا چه‌ند ئێریتری له هه‌نده‌رانه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئێریتریا! گه‌لێک که‌م.
تازه‌کی نێزیکه‌ی ساڵێک ده‌بوو هاتبوومه سوێد،
پاشنیوه‌ڕۆیه‌کی له‌گه‌ڵ(سوعاد)ی خێزانمدا سواری ئۆتۆبووسێک بووین به‌ره‌و ماڵه‌وه.
له ئۆتۆبووسه‌که‌دا له پشت پیاوێکی شه‌پقه‌له‌سه‌ر دانیشتین. کابرا دیار بوو بیانییه.
ده‌سبه‌جێ پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ کردین، خه‌ڵکی کوێین! پێمانگوت و ئه‌ویش گوتی، که خه‌ڵکی
ڕۆمانیایه و ماوه‌ی بیستوئه‌وه‌نده ساڵێکه له سوێده. ئه‌وده‌می حه‌په‌سام و نه‌مده‌توانی
بڕوا به گوێی خۆم بکه‌م و پێموابوو هیچ بیانییه‌ک ناتوانێت هێنده له وڵاتی بیانی
و تاراوگه بژی. هه‌زارانی ڕۆمانی، پۆڵۆنی، هه‌نگاری، بوڵگاری، چیکی، سلۆڤاکی، ڕووسی
و...هه‌ڵاتوانی وڵاتانی به‌نێو سۆسیالیست، وڵاتانی خۆیان جێهێشتبوو و له‌م ئه‌وروپایه
گه‌وره‌بوون و پیربوون و مردن و نه‌گه‌ڕانه‌وه وڵاتانی خۆیان، هه‌رچه‌نده وڵاته‌کانیشیان
گۆڕانیان به سه‌ردا هات و هاتنه ڕیزی ئه‌وروپای ڕۆژاواوه و بوون به سه‌رمایه‌داری
و چوونه نێو یه‌کیه‌تیی ئه‌وروپا و ناتۆیشه‌وه. که‌واته گۆڕان له‌و وڵاته‌ی لێیه‌وه‌ی
هاتووی هیچ مه‌رج نییه بۆ پاڵپێوه‌نانت یا هاندانت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ت بۆی!.
گه‌ڕه‌کگه‌لێکی وه‌ک چایناتاون(China Town)، ساوسهۆڵ(Southal)، هارینگه‌ی(Haringey)، بریکستن(Brixton)ی شاری له‌نده‌ن و تێنستا (Tensta) و ڕینکه‌بی(Rinkeby) و فیتیا و سوێده‌رتێلیای شاری ستۆکهۆڵمی سوێد و ڕووسنگۆردی شاری
مالموێی سوێد و گه‌ڕه‌که عه‌ره‌بنشین و جووله‌که‌نشین و ئێرانینشین و تورکنشین و
ئه‌رمه‌نینشینه‌کانی شاره‌کانی پاریس و نیویۆرک و برۆکسل و به‌رلین و...ده‌یان شاری
دیکه‌ی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا، نموونه‌ی مانه‌وه‌ی خه‌ڵکی بیانی و جێگیربوونیانن.
له 1991ه‌وه به‌شێکی
باشووری کوردستان ئازاده و ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی به‌غدای به سه‌ره‌وه نه‌بووه
و نییه و خه‌ڵکی کوردی هه‌ڵاتوو و نێشته‌جێی هه‌نده‌ران، نه‌ک هه‌ر نه‌گه‌ڕاونه‌وه
کوردستان، به‌ڵکه سه‌دان هه‌زاری خه‌ڵکی کوردستان له دوای 1991ه‌وه کوردستانیان
جێهێشتووه و ڕوویان کردووه‌ته هه‌نده‌ران. ڕێژه‌ی ئه‌وانه‌ی دوای 1991 باشووری کوردستانیان
جێهێشتووه، گه‌ڵێک له‌وانه‌ی پێش 1991 ئه‌و کاره‌یان کردووه، زیاتره و پێموایه
هه‌ر به‌راورد ناکرێت. ئه‌گه‌ر به پێی تیۆری هاتنه‌ئاراوه‌ی بڕێک ئازادی یا ڕوودانی
بڕێک گۆڕان و به‌ره‌وباشه‌چوون بووایه ، ئه‌وا ده‌بوو کورد پاش 1991 و دامه‌زراندنی
په‌رله‌مان و حوکوومه‌تی باشووری کوردستان و ده‌ڤه‌ری دژه‌فڕین له‌وێ و پاش ڕووخانی
ڕێژیمی به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین، تاراوگه‌یان جێهێشتبا و ڕوویان بکردایه‌ته‌وه کوردستان
و له‌وێ بژیایه‌ن، لێ وا نه‌بوو و خه‌ڵک وای نه‌کرد!
نه‌ورۆزی 1981، من بۆ خۆم
تازه‌کی و ده ڕۆژێک بوو گه‌یشتبوومه سوێد، چوومه ئاهه‌نگێکی نه‌ورۆز له یه‌کێک
له هۆڵه‌کانی شاری ستۆکهۆڵم. هۆڵێکی بچووکی ئه‌و شاره ئه‌وده‌مه جێگه‌ی هه‌موو کوردی
شاری ستۆکهۆڵمی تێدا بووبووه‌وه و سه‌روزیادیان بوو. ئێستا نه‌ک هۆڵێک ده‌یان هۆڵی
مه‌زن جێگه‌ی نیوه‌ی کوردانی شاری ستۆکهۆڵمیان تێدا نابێته‌وه.
دوکتۆرێکی سوێدی، که چه‌ند ساڵێک بوو هاتوچۆم ده‌کرد،
ساڵی 2002 جاری دووه‌مم بوو چووبوومه لای پرسیاری لێکردم، که خه‌ڵکی کوێم و چه‌ند
ساڵه له سوێد ده‌ژیم. بۆم باس کرد و پاشان باسی خۆی کرد، که ته‌مه‌نی 76 ساڵه
و زۆر زۆر منداڵ بووه کاتێک باوک و دایکی له سکۆتلانده‌وه هاتوونه‌ته سوێد و هه‌موو
ژیانی له سوێد به‌سه‌ر بردووه و ئێستا ئیتر خۆی له سوێدییه‌کان زیاتر به سوێدی
ده‌زانێت و خه‌ڵکی سوێده و سوێد به وڵاتی خۆی ده‌زانێت. ئه‌و به منی گوت:"تۆ
تازه نا‌توانیت له وڵاتی خۆت بژیت، تۆ بوویته خه‌ڵکی ئێره و له‌وێ نامۆیت و چ پێوه‌ندێکت
به‌وێوه نه‌ماوه، هه‌وڵده لێره ژیانی خۆت بگونجێنه و بژی و به‌ره‌به‌ره که‌ونه‌وڵاته‌که‌ی خۆت له‌بیر ببه‌وه".
من دروستی و نادروستی قسه‌که‌ی ئه‌و ناسه‌لمێنم، لێ ته‌نێ وه‌ک بیروڕایه‌ک باسی ده‌که‌م.
ئیمام عه‌لی
ده‌ڵێ:"اﻟﻐﻨﻰ في الغربة وطن، والفقر في الوطن غربة" واته: دارایی له غه‌ریبیدا
نیشتمانه و هه‌ژارییش له نیشتماندا غه‌ریبییه. تۆ له هه‌نده‌ران بژیت و دارا بێت
هه‌ست به‌وه ناکه‌یت ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر و تاراوی و له وڵاتی خۆیشت بژی و نه‌دار
و هه‌ژار بیت، تۆ به هه‌موو شتێکی وڵاته‌که نامۆیت و هیچ شتێکی بۆ تۆ خۆش نییه.
ئه‌و وڵات و زێده‌ی مرۆڤ
بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌ر وڵاتێک نه‌بێت
بۆ هه‌مووان، پێی ناگوترێ وڵات. وڵاتێکیش بۆ هه‌مووان، وڵاتێکه جۆرێک له یه‌کسانی
و دادی جڤاکی تێدایه، وڵاتێکه ته‌واوی پێویستییه بنگه‌ییه‌کانی هه‌موو مرۆڤه‌کانی
به‌گوێره‌ی ئابووری و گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی وڵاته‌که دابین کراون. وڵاتێکه
نان، خانوو، ئاو، ئه‌له‌کتریک، گه‌رمی، ساردی، سووته‌مه‌نی، له‌شساغی، دوکتۆر و ده‌رمان،
بیمه، فێرگه و خوێندنگه، جاده، هاتوچۆ، کار، کۆمه‌کی پیر و په‌ککه‌وته، ئازادی
که‌سیه‌تیی و تاک، ئازادی ڕاده‌ربڕین و...هه‌موو ده‌سته‌به‌ر کراون. وڵاتێکه، به
گوێره‌ی ستانداردی خۆی، له هه‌موو ماڵێکیدا به‌فرگر، فرێزه‌ر، چێشتلێنه‌ر، ژووری
میوان، ژووری نووستن، جێی خۆشۆردن، ئاوده‌ست، ته‌خته‌ی نووستن، قه‌نه‌فه و کورسی،
ئاوی سارد و گه‌رم و... هه‌یه و که‌س بیر له نه‌بوونیان ناکاته‌وه. وڵاتێکه له
ته‌واوی ئه‌و شتانه‌دا هه‌مووان له گه‌داوه تا شا وه‌ک یه‌کن و هه‌موو هه‌یانه
و که‌س لێیان بێبه‌ش نییه. ئیدی خه‌ڵک هه‌یه چرای ژووری میوانه‌که‌یان بایی سێهه‌زار
دۆلاره و خه‌لکیش هه‌یه ئه‌و چرایه بیست دۆلاری پێ داوه، ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ دارایی ئه‌و خه‌ڵکانه خۆیان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سێهه‌زار دۆلاری داوه به چراخانێک
و ئه‌ویشی بیست دۆلاری داوه به چرایه‌ک، سه‌رچاوه‌ی ئه‌له‌کتریکه‌که‌یان هه‌ر یه‌که
و هه‌ر سواری یه‌ک شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌بن، که ده‌چنه کار و منداڵه‌کانیان ده‌چنه
یه‌ک باخچه‌ی منداڵان و خۆیشیان ده‌چنه کن یه‌ک نه‌خۆشخانه. وڵاتێک بۆ هه‌مووان،
ئه‌و وڵاته‌یه، که ژێرخانیی ئابووری و هه‌موو پێویستییه‌کی ژیان بۆ هه‌موو هاووڵاتێک
وه‌ک یه‌ک هه‌ن و که‌س ناتوانێت له‌وی دیکه‌ی ببڕێت و داگیر بکات. له کوردستان که‌ی
وایه؟ کوردستان وڵاتێک نییه بۆ هه‌مووان. کوردستان وڵاتێکه، ئه‌وه هیچ که خه‌ڵکێکی
لێ ده‌ژی، هه‌زاران ساڵه نه‌وه له دوای نه‌وه له‌وێ چێ بوون و گه‌وره‌بوون و به‌و
خاک و ئاوه‌وه ڕاهاتوون و به هه‌موو مه‌رجه‌کانی ژیانیشی قایلن، به‌ڵام ئه‌وانه
ته‌نێ بژی و مه‌مر ده‌ژین و ناچارن بژین و به ته‌واوی هه‌لومه‌رجه‌کانیش قایل بن.
ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له کوردستان، چ ئه‌وانه‌ی بۆ خۆیان له‌وێ ده‌ژین و چ ئه‌وانه‌ی له
هه‌نده‌رانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه، بیه‌وێت تێروته‌سه‌ل و خۆشگوزه‌ران و ده‌ستڕۆیشتوو
و توانا و دارا بژی، ده‌بێ که‌سێک بێت: قۆڵبڕ، خۆگه‌هێن، دز، ساخته‌کار، سیاسه‌تکار،
حیزبی، ده‌وڵه‌مه‌ند، ده‌ستڕۆ، خاوه‌ن هۆز و خێڵ و خزم، مه‌راییکار و ده‌بێ له نێو
بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا بێت و سه‌ر به ده‌سه‌ڵات بێت و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا هاوبه‌ش
بێت و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا و به هاریکاریی ده‌سه‌ڵات هه‌موو کاره‌کانی ئه‌نجام
بدات. ئه‌وه‌ی لێی نه‌زانێت، له کوردستان جێی نابێته‌وه و ئه‌وه‌یشی ماستاوساردکه‌ره‌وه
و مه‌راییکار بێت، له کوردستان به باشترین شێوه ده‌توانێت جێی خۆی بکاته‌وه و
بژی. خه‌ڵکانێک هه‌ن له هه‌نده‌رانه‌وه گه‌ڕاونه‌وه کوردستان، له‌وێش به پاره‌پووڵێکی
که‌م و به کوێره‌وه‌ری و به‌دبه‌ختیی نه‌خۆشی و مووچه‌یه‌کی گچکه‌ی خانه‌نشینی ئه‌وروپا،
ده‌ست و داوینپاک، سه‌ربڵند ده‌ژین، بێ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و هیچ زه‌لکاوی ده‌سه‌ڵاتێک خلیسکابن.
نموونه‌ی ئه‌وانه زۆر که‌من و ئه‌وانه خه‌ڵکانێکی که‌نارگیر و قایل و زۆر تایبه‌تن،
لێ ئه‌وانه‌ی به گشتی له تاراوگه‌وه گه‌ڕاونه‌وه کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ بژین،
بێجگه له‌وه‌ی خه‌ڵکێکی یه‌کجار که‌من، دوو جۆره مرۆڤن:
یه‌که‌م: ئه‌وانه‌ن، که سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتن و خه‌ڵکی سه‌ر
به حیزبن و ده‌چنه‌وه له کوردستان کارگێڕی و ده‌سگا و جێکاریان بۆ ئاماده ده‌که‌ن
و له هیچی نه‌بوو بۆیان ساز ده‌که‌ن و ته‌واوی پێویستییه‌کانی ژیانیشیان، له
خانوو و ئۆتۆمبیل و مووچه و پاره‌وپووڵ و که‌ره‌سه‌ی پێویست و بواری ڕابواردن و
پاسه‌وان و خۆشگوزه‌رانییان به زیاده‌وه بۆ دابین ده‌که‌ن و له هیچیان که‌م نابێت
و ده‌شیانکه‌نه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات. ئه‌مانه خه‌ڵکانێکن هیچیان پێ شه‌رم نییه و ڕه‌نگه
تا دوێنی نه‌یاری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌وێ بووبێتن، لێ ئێستاکه سه‌ری بۆ داده‌نوێنن
و ملکه‌چی هه‌موو پێوه‌ره‌کانی ده‌بێن و داکۆکی له هه‌ڵه و کرداره ناڕه‌واییه‌کانیشی
ده‌که‌ن. که مرۆڤ له کوردستان بووبه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات، ئیدی
به‌شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت و ده‌وڵه‌مه‌ندییش له کوردستان خه‌ڵک
پێیانوایه خوا پێی داوه و به‌خشینی ئه‌وه. که ده‌سه‌ڵاتدار بێت و ده‌وڵه‌مه‌ندیش
بێت یا ده‌وڵه‌مه‌ند بێت و ببێته ده‌سه‌ڵاتدار، خه‌ڵک هه‌م پێیانوایه خوا پێی
داوه و هه‌م واده‌زانن مافی خۆیه‌تی و پێیشیانوایه چه‌ندی مرۆڤی به‌رپرس پایه‌ی
باڵاتر بێت ده‌بێ سامانیشی زیاتر بێت.
دووه‌م: ئه‌وانه‌ن، که سه‌رمایه‌دارن
و به گیرفانی تژییه‌وه ده‌چنه‌وه و پرۆژه‌ی کار و بازرگانی و وه‌گه‌ڕخستنی پاره‌وپووڵیان
پێیه و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ڕاوه قازانج ده‌که‌ن و هاوبه‌شن.
به‌ده‌ر له‌و دوو ده‌سته‌یه،
که لێنه‌بڕاون و هه‌نده‌رانیان به‌ته‌واوییش به‌جێنه‌هێشتووه و گه‌لێک جاریش به
سوودوه‌رگرتن و به‌هره‌مه‌ندبوون له هه‌موو چاکه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هه‌نده‌رانه‌وه
ده‌ڕۆنه‌وه کوردستان و له‌وێش ده‌ستبه‌رداری نابن، هیچ خه‌ڵکێکی کوردی ئاسایی دانیشتووی
هه‌نده‌ران، نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه کوردستان. ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی کوردستان بۆ کوردستانییانی
ناحیزبی و بێلایه‌ن و ده‌ستوپێ سپی و هه‌ولێری گوته‌نی"ده‌مچه‌فت"ی هه‌نده‌راننشین،
چ نه‌خشه و به‌رنامه‌یه‌کیان نییه و زۆریش به گه‌ڕانه‌وه‌یان دڵخۆش نابن، چونکه
به بڕگه‌یه‌کی سه‌رئێشه و ئاوازێکی ناجۆر و ناساز و گوشارێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراویان
داده‌نێن، که ڕه‌نگه هه‌ر هیچ نه‌بێت، ببنه هۆی ورووژاندنی پرسیار و به‌راوردکاری.
گیربوونی خه‌ڵک و مانه‌وه‌یان له ئه‌وروپا و هه‌نده‌ران و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان
بۆ کوردستان، به پله‌ی سه‌ره‌کی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ: باری ئابووری ئه‌وروپا، ئارامی ئه‌وروپا، عه‌داله‌ت و یه‌کسانییه‌کی ڕێژه‌یی،
که له ئه‌وروپا هه‌یه، خزمه‌تی له‌شساغی و پیر و په‌ککه‌وته و هاندیکاپ و منداڵ
و ژن و خێزان، که له ئه‌وروپا هه‌یه، ئازادی ژن و منداڵ و ڕاده‌ربڕین، بێده‌نگیی
خه‌ڵک و خۆتێهه‌ڵنه‌قورتاندنیان له هیچ کارێکی که‌سێکی دیکه‌دا، ساکاری و ساده‌یی
سیاسه‌تکاران و ده‌سه‌ڵاتدارانیان و نه‌رمی هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ هه‌موو تاکێکدا،
خۆبه‌نزمگرتنی ڕۆشنبیران و سیاسه‌تکارانیان و یه‌کسانییان له‌گه‌ڵ هه‌موو تاکێکدا،
ئازادی تاک، چ ده‌خۆی، چ له‌به‌ر ده‌که‌یت، چ ده‌که‌یت، ڕێزگرتنی مرۆڤ، هه‌موو ئه‌مانه
هۆن بۆ مانه‌وه له ئه‌وروپا و ئه‌وروپایش له وڵاتگه‌لێک پێکهاتووه، که بۆ هه‌مووانن.
ئه‌وه‌ی ئێستا له هه‌نده‌رانه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه
کوردستان، پتر له‌و خه‌ڵکانه‌ن، ده‌وڵه‌مه‌ند یا
سیاسه‌تکار و حیزبی یا هه‌رسێک ئه‌وانه‌ن وێکڕا، کوردستان بۆ ئه‌وانه خۆشه،
چونکه ئه‌وه‌ی به بیریاندا دێت، ده‌توانن له سه‌ر حیسابی خه‌ڵکانی ناگرێدراو و
ناوابه‌سته‌ی ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامی بده‌ن و ئیمام عه‌لی گوته‌نی "ما جاع
فقیر ﺇﻻ بما متع به غني" واته:
به‌وه‌ی، ده‌وڵه‌مه‌ند چێژی لێ ده‌بینێت، هه‌ژار برسیی ده‌بێت. به برسیبوون و نه‌داریی
هه‌ژارانی کوردستان، ئه‌وان، ده‌وڵه‌مه‌ندانی کوردستان، خۆشگوزه‌رانی خۆیان ده‌سته‌به‌ر
ده‌که‌ن.
ئه‌وانه هیچ نادادی و ناڕه‌وایی و مافخوراوی
و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌کی نێو جڤاکی کوردستان نابینن و له چاوی خۆیانی تێروته‌سه‌ل و
گیرفانپڕ و کارمه‌یسه‌ربووه‌وه ده‌نۆڕنه هه‌موو شته‌کان. ئه‌وه‌یشی له ده‌رێی ئه‌و بازنه‌یه‌یه و ده‌چێته‌وه کوردستان هه‌رگیز ئه‌و
دیاردانه‌ی، که له ئه‌وروپا پێی ڕاهاتووه و له‌گه‌ڵیدا ژیاوه له کوردستان نایانبینێت
و ته‌نێ ده‌وڵه‌مه‌نتربوونی ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتداران، له سه‌ر حیسابی
ئازار و ده‌رده‌سه‌ریی هه‌ژاران و چه‌وساندنه‌وه‌ی هه‌ژاران و جیاوازیی چینایه‌تیی
و نه‌هامه‌تی خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که و داڕزاوییان ده‌بینێت. که وڵاتێک وه‌ها بێت،
نابێته وڵاتی هه‌مووان، به‌ڵکه وڵاتی سه‌رته‌ڵ و ده‌سته‌بژارێکی هه‌لپه‌رست و کاسه‌لێس
و خۆفرۆش و دز و قه‌ڵه‌مفرۆشه، که گا به نێوی سیاسه‌ت و نه‌ته‌وه و نیشتمانپه‌روه‌ری
و گا به نێوی ئابووری و پرۆژه و گا به نێوی کاری فه‌رهه‌نگییه‌وه، کڵاو له سه‌ر
یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک وڵات ده‌نێن و ده‌یدزن و ده‌یڕووتێننه‌وه. ئه‌وانه هێز و
توانست و کۆمه‌ک و هۆی مانه‌وه و به‌رده‌وامییان به ده‌سه‌ڵاته‌وه گرێ دراوه و
ده‌سه‌ڵاته، هۆی ژیانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌کات و ده‌سه‌ڵاته، بۆ مه‌رام و ئاره‌زووه‌کانی
خۆی به‌کاریان ده‌بات و ده‌سه‌ڵاته، نه‌خشه‌کانی خۆی له ڕێگه‌ی ئه‌وانه‌وه جێبه‌جێ
ده‌کات و ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌نجام. ئه‌وانه و ده‌سه‌ڵات ته‌واوکه‌ری یه‌کدین و هه‌ویری
یه‌ک درۆ هه‌ڵده‌شێلن. جۆرج ئۆروێڵ ده‌ڵێ:"زمانی سیاسیی، له‌گه‌ڵ جیاوازیی هه‌موو
حیزبه سیاسییه‌کان، که له پارێزگارانه‌وه تا ئه‌نارکیستان ده‌گرێته‌وه، سووره
له سه‌ر ئه‌وه‌ی درۆ وه‌ک ڕاست ببینرێت و تاوان جێگه‌ی ڕێزلێگرتن بێت". له کوردستانی
"ئازاد و دیموکرات"دا، سه‌رانی وڵات خاوه‌نی ته‌واوی سامان و دارایی وڵاته‌که‌ن
و ته‌واوی پاره‌وپووڵی وڵاتیان له‌ژێر ده‌ستدایه و هیچ که‌سێک نازانێت و ناتوانێت
بزانێت چه‌ندیان هه‌یه و مووچه‌یان چه‌نده! سه‌رانی کوردستان نه‌ک هه‌ر له شاره‌کانی
کوردستان، به‌ڵکه له وڵاتانی دیکه‌یش خاوه‌نی ده‌یان خانوون. سه‌رانی کوردستان هه‌روا
ده‌که‌ن و پاره ده‌به‌شنه‌وه و بێشه‌رمانه‌ش ده‌ڵێن، که له پاره‌ی تایبه‌تیی خۆیان
وه‌ها کارێک ده‌که‌ن. سه‌رانی کوردستان له هه‌موو پرۆژه‌یه‌کی ئابووری و وه‌گه‌ڕخستنێکی
سه‌رمایه‌دا، که له‌و وڵاته ده‌کرێت، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک پووڵیان له ئارادا دانابێت،
نه‌ک هه‌ر هاوبه‌شی قازانجن، به‌ڵکه به‌شه زۆره‌که‌یشی بۆ خۆیان ده‌به‌ن. ده‌سه‌ڵات
له کوردستان درۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌کات و هه‌میشه سیاسه‌تی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی
خه‌ڵکی کورد پێڕۆ ده‌کات و به هیچ جۆرێک خواسته‌کانی گه‌لی کوردستان له‌به‌رچاو
ناگرێت و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خواستانه هه‌نگاو ده‌نێت. ئه‌گه‌ر له وڵاتانێکی دیکه‌ی
ئه‌م جیهانه خه‌ڵک گومانی له هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وت و کردار و گوتارێکی ده‌سه‌ڵات هه‌بێت
و هه‌میشه ده‌سه‌ڵات به به‌رپرس بزانێت له هه‌موو شتێکدا و هه‌رده‌م پرسیاری له‌مه‌ڕ
هه‌موو بابه‌تێکه‌وه هه‌بێت و ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی بکات، ئه‌وا کاره‌ساتی هه‌ره‌مه‌زنیی
کوردستانه‌که‌ی له‌مه‌ڕ ئێمه ئه‌وه‌یه، ئیدی
به گوێره‌ی توانست، چ به زۆر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌وه بێت یا به هاتوهاوار و قێڕه‌قێڕ
و ده‌نگهه‌ڵبڕین و خۆپێشاندان و ڕێپێوان و نووسین بێت، هیچ یه‌کێک ناپرسێت و ده‌سه‌ڵات
وه‌گیر ناهێنێت و ته‌نگ به ده‌سه‌ڵات هه‌ڵناچنێت و پرسیار ئاراسته ناکات. له‌ترسی
نانبڕین و ماڵوێراننه‌بوون و به گێره‌شێوێن و ئاژاوه‌گێڕ له‌قه‌ڵه‌م نه‌دان، که‌س
له کوردستان ناوێرێت له پێستی خۆیدا بجووڵێته‌وه. ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان درۆ
به نرخیی ڕاستی و تاوان وه‌ک ڕێزلێگرتن به خه‌ڵکی کوردستان ده‌فرۆشنه‌وه و ئه‌وه‌ی
له بازنه‌ی خۆیاندا نییه، که خه‌ڵکی کورده، دۆڕاوی ئه‌و بار و ڕه‌وش و ژیانه‌یه
و ئه‌وه‌یشی به‌ره‌نده‌ی یه‌که‌مه له ته‌واوی ئه‌و کایانه‌دا، ده‌سه‌ڵاتداران خۆیان
و ئه‌وانه‌ن، که له بازنه‌ی ئه‌واندا ده‌خولێنه‌وه و له سه‌ر خوانی ئه‌وان ده‌خۆن
و ده‌خۆنه‌وه.
ساڵی 1992، دوو سێ ڕۆژێک دوای گه‌ڕانه‌وه‌م له‌سه‌فه‌رێکی
کوردستان، له کۆڵانه‌که‌ی خۆماندا تووشم بوو به تووش ئێلینۆر کالمهێده"Ellinor
Calmhede"[2]ه‌وه،
که ژنێکی سوێدی نیشته‌جێی گه‌ڕه‌کی خۆمان بوو. ئێلینۆر زۆر به گه‌رمی و دۆستانه
باوه‌شی پێدا کردم و دوای به‌خێرهێنانه‌وه‌م و پرسیار له‌مه‌ڕ کوردستان و چۆنیه‌تیی
سه‌فه‌ره‌که‌م، پرسیاری ئه‌وه‌ی لێکردم، هه‌ست به چی ده‌که‌م، که گه‌ڕاومه‌ته‌وه
بۆ سوێد. گوتم:"به‌ڕاستی هه‌ست ده‌که‌م گه‌ڕاومه‌وته‌وه بۆ وڵاتی خۆم و کۆڵێکم
پێ خۆشه، که وڵاتێکم هه‌یه نێوی سوێده و خۆیشم به قه‌رزداری سوێد ده‌زانم،
چونکه ساڵانێکه جێی کردوومه‌ته‌وه و پاراستوومی و چ جیاوازییه‌کیش له نێوان خه‌ڵکه‌که‌ی
و مندا نه‌بووه. له‌وێ له کوردستان، وڵاتی نایه‌کسانی و ناڕه‌وایی، هه‌ستم به
نامۆیی ده‌کرد و هیچ هه‌ستم به ئارامیی نه‌ده‌کرد و بیری ئێره‌م ده‌کرد و حه‌زم ده‌کرد
بگه‌ڕێمه‌وه ئێره". گوتی: "پێمخۆشه، وا هه‌ست ده‌که‌یت و ئێره به وڵاتی
خۆت ده‌زانیت و لێره خۆت به نامۆ نازانیت و وا به ڕاستی و ڕاشکاوییش ده‌یڵێیت".
ئیمام عه‌لی ده‌ڵێ:"لیس بلدٌ ﺒﺄحق من بلدٍٍ، خیرالبلاد
ما حملك"، واته: هه‌موو وڵاتێک بۆ جێژیان ده‌ستده‌دات و باشه، لێ باشترینیان
ئه‌و وڵاته‌یه، هه‌ڵیگرتبیت و تۆ به‌سه‌ریه‌وه بیت، واته: هیچ وڵاتێک له وڵاتێکی
دیکه له‌پێشتر نییه، باشترین وڵات ئه‌و وڵاته‌یه تۆ تێیدا خۆشگوزه‌ران و دڵنیا
و ئارامیت و چ جیاوازییه‌ک له نێوان دانیشتووانیدا نییه و ناکرێت.
گرامشی[3]، پێیوایه واقیعی جڤاکی
بۆ خۆی، له نێوان فه‌رمانڕه‌وا و فه‌رمانبه‌ردا دابه‌ش ده‌بێت. بۆ خه‌ڵکی ساده و
چین و توێژه‌کانی پلیکانه‌ی خوارێی جڤاک، هه‌میشه فه‌رمانبه‌ری و به‌رفه‌رمانییه‌که‌یان
وه‌به‌ر ده‌که‌وێت و ئه‌وان نین، که ده‌بنه فه‌رمانڕه‌وا. ئه‌و وڵاته‌ی چیلیایی،
ئێریتریایی، چیکی، یۆگوسلاڤیایی، ڕووسیایی، پۆڵۆنیایی، ڕۆمانیاییه ساده و په‌راوێزێنراوه‌کان
بۆی گه‌ڕانه‌وه، وڵاتگه‌لێک نه‌بوون بۆ هه‌مووان، به‌ڵکه وڵاتگه‌لێک بوون بۆ هه‌ندێک
ده‌سته و که‌س و خه‌ڵک.
هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه مرۆڤی
کورد له تاراوگه‌شدا ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت پێی نه‌گات و له‌وێش وه‌ک وڵاته‌که‌ی خۆی
هه‌ر په‌راوێزێنراو بێت، ده‌بێ ئه‌وه‌شمان لا ڕوون بێت و باش بزانین، که کوردستانیش وڵاتێک نییه بۆ هه‌مووان،
به‌ڵکه وڵاتێکه بۆ هه‌ندێک که‌س و ده‌سته و خه‌ڵک و که‌ی بوو به وڵاتێک بۆ هه‌مووان،
ئه‌وده‌می هی ئه‌وه‌یه خه‌ڵک بۆی بگه‌ڕێته‌وه. کوردستان ئێستا بۆ خه‌ڵکانی حیزبی
و ده‌سه‌ڵاتدارانی دز و چه‌پاوکه‌ر و ساخته‌کار و سه‌رمایه‌دارانی چاوچنۆک و خۆپه‌رسته
و ئه‌وه‌ی له‌و جۆره مرۆڤانه نه‌بێت ئاو له‌به‌ر بێڵی ناڕوات. من پێموایه گه‌ڕانه‌وه‌ی
خه‌ڵکانی ئاسایی له هه‌نده‌رانه‌وه بۆ کوردستان، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ تاراوگه‌یه‌کی
دیکه‌ی پڕسته‌م و نایه‌کسان و ناداد و چه‌وسێنه‌ر و به‌شخۆر و ده‌مکوتکه‌ر و سه‌پێنه‌ر.
لۆرکا[4] ده‌ڵێ:"نه من ئه‌و
که‌سه‌م که هه‌بووم و نه ماڵه‌که‌یشم ئه‌وه‌ی جارانه". ئێمه‌ی په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌رانیش
نه‌ئه‌وه‌ین، که بووین و نه کوردستانه‌که‌شمان وڵاتی هه‌مووانه.
8-9- 2005
[2] ئێلینۆر کالمهێده" Ellinor Calmhede"، هاوکاری (سوعاد)ی خێزانم
بوو له‌و زارۆکخانه‌یه‌ی گه‌ڕه‌کی خۆمان پێکه‌وه وه‌ک مامۆستا کاریان ده‌کرد.
ژنێکی تابڵێی ڕۆحسووک و ئێسکسووک و ڕووخۆش و مرۆڤدۆست و دڵپاک و زمانشیرین بوو.
مانگی یوولی 2005 دوای نه‌خۆشییه‌کی
درێژخایه‌نی شێرپه‌نجه، کۆچییدوایی کرد و له ئۆوگوستیی 2005دا له گۆڕستانی گه‌ڕه‌کی
سۆللنتوینا(Sollentuna) ته‌رمه‌که‌یان له سه‌ر وه‌سیه‌تیی
خۆی سووتاند و خۆڵه‌مێشه‌که‌یشیان پژانده سه‌ر گوڵ و گیای جێگه‌یه‌کی تایبه‌تی ئه‌و
گۆڕستانه‌دا، که بۆ خه‌ڵکانی سووتێنراو دانراوه. یادی به‌خێر و ڕه‌وانی هه‌میشه
شاد بێت.
[3] ئه‌نتۆنیۆ
گرامشی1937-1891/Antonio
Gramsci) ،
گه‌وره‌ترین تیۆریزانی کۆمۆنیسی ئیتالیایی. له زیندانه‌کانی مۆسۆلینی فاشیستدا
کۆچی‌دوایی کرد.
[4] فێدێریکۆ گارسییا لۆرکا(Federico García Lorca /19/6/1898-
19/8/1936)،شاعیری مه‌زنی ئیسپانیا، له جه‌نگی نێوخۆی ئیسپانیادا
له لایه‌ن فاشیست و ناسیۆنالیستانه‌وه شه‌هید کرا.