وه‌رگێڕان و گرنگییدان به مێژوو
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
لێره و
له‌وێ و له گۆڤار و ڕۆژنامه کوردییه‌کاندا، زۆرجاران کاری وه‌رگێڕدراو، مه‌به‌ستم
زێتر کاری وه‌رگێڕانه بۆ سه‌ر زمانی کوردی، به‌رچاوی خوێنه‌ری کورد ده‌که‌وێت. فره‌جاریش وه‌رگێڕدراوه‌کان
له شێوه‌ی کتێب‌دا بڵاو ده‌بنه‌وه. ئه‌و بابه‌تانه‌ی، که وه‌رده‌گێڕدرێن ئیدی تێکه‌ڵن
له شیعر، چیرۆک، لێکۆڵینه‌وه، فاکت، ده‌قی ئه‌ده‌بی و جۆری دیکه‌ش. جاروبارێکیش ڕه‌خنه
له سه‌ر وه‌رگێڕان بڵاو ده‌کرێته‌وه. مه‌به‌ستیشم له‌و وه‌رگێڕان و ڕه‌خنانه‌ش هه‌ر
ئه‌وانه‌ن، که له ده‌رێی کوردستان (هه‌نده‌ران)
بڵاو ده‌بنه‌وه، چونکه به‌ڕاستی به‌ده‌گمه‌ن نووسین و بڵاوکراوه‌ی نێو کوردستانم
به‌رچاو ده‌که‌ون. لێره‌دا باس له وه‌رگێڕانێکی تایبه‌ت ناکه‌م و مه‌رج و قانوون
و شێوه‌ی وه‌رگێڕانیش باس ناکه‌م، ته‌نێ گه‌ره‌کمه گرنگیی وه‌رگێڕان بخه‌مه به‌رچاو
و هه‌ندێ گیروگرفتی وه‌رگێڕان پێشان بده‌م. ئێمه‌ی کورد، ئه‌گه‌ر دواکه‌وتوویی،
نهخوێندوویی، نه‌بوونی قه‌واره و داموده‌سگه و کارگێڕیی خۆیه‌کی، نزمیی ئاستی فه‌رهه‌نگیی
و زۆر لایه‌نی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگه کوردییه‌کان، وه‌ک ڕاستییه‌کی گومان لێ نه‌کراو و
خاڵی ده‌ستپێک له‌به‌رچاو بگرین، ئه‌وا یه‌که‌م ڕاستییه‌ک، که ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه
ئه‌وه‌یه، کورد هێشتا به ته‌واوی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک یا گه‌لێک، مێژووی ته‌واوی
خۆی ساغ نه‌کردووه‌ته‌وه و نایزانێت و کۆمه‌ڵێک گرێکوێره‌ی تێدایه نهیکردوونهوه
و هۆکاری زۆر ڕووداو نازانێت و زۆر به هه‌ڵه له زۆر شت و زۆر که‌سی خۆی تێگه‌یشتووه[1]. مێژوویش
یه‌کێکه له‌و کۆڵه‌که و پایه گرنگانه‌ی، که سه‌رجه‌می ناسنامه و فه‌رهه‌نگ و ڕابردوو
و هه‌بوونی، هه‌موو نه‌ته‌وه و خه‌ڵکێکی له سه‌ر وه‌ستاوه. هاومێژوویی، هاوهه‌ستیی
و نێزیکایه‌تیی ڕۆحی ساز ده‌کات. که‌سانێک که به یه‌ک مێژووی هاوبه‌شه‌وه گرێ
دراون، له چوارچێوه‌یه‌کی هاوبه‌شدا یه‌ک ده‌گرنه‌وه و ده‌نۆڕنه ڕابردووی خۆیان.
زۆربه‌ی
ئه‌و شتانه‌ی، له‌مه‌ڕ مێژووی کورده‌وه، نه‌ک هه‌ر مێژوو، به‌ڵکه باری ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی،
ئابووری، سیاسی، فه‌رهه‌نگیی، جوگرافیایی و هه‌موو شتێکی کورده‌وه نووسراون، تا ئێستاش
له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی که‌ونه کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامان، که به زمانانی ئه‌وروپایی،
عه‌ره‌بی، تورکی و فارسین، ماونه‌ته‌وه. کورد خۆی له‌و باره‌وه کارگه‌لێکی زۆر که‌می
وه‌به‌رهه‌م هێناوه. نموونه‌ی ئه‌و کارانه‌ش، "شه‌ره‌فنامه"ی شه‌ره‌فخانی
بدلیسی(بتلیسی) و "تاریخ قدیم کوردستان"ی مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدییه
له کۆندا و له‌م سه‌ده‌یه‌شدا، "مێژووی کورد و کوردستان"ه‌که‌ی موحه‌ممه‌د
ئه‌مین زه‌کی و کاره‌کانی زانای گه‌وره مامۆستا موحه‌ممه‌د جه‌میل ڕۆژبه‌یانی و دۆکتۆر
که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د دیارن. نیلسۆن ماندێلا ده‌ڵێ:"پاشایان و ژهنهراڵان
مێژوو دروست ناکه‌ن، به‌ڵکه ئه‌وه گه‌له، مێژوو دروست ده‌کات". شه‌ره‌فنامه،
که به بایه‌خدارترین و هێژاترین نووسین داده‌نرێت له‌مه‌ڕ مێژووی کورد، مێژووی سه‌رخێڵ،
سه‌رهۆز، میر، سه‌ردار و فه‌رمانڕه‌وایانی کورده، واته: مێژووی ده‌سه‌ڵاتدارانه،
نه‌ک خه‌ڵکی کورد. بۆ ئێمه‌ش مێژووی کۆمه‌ڵگه‌کان، خه‌ڵک، مرۆڤ و قوربانییانی کورد،
له ده‌سته به خوێن سووره‌کانی ده‌سه‌ڵاتداران گرنگتره. هه‌رچه‌نده مێژوو گه‌له‌ک
به‌ربڵاو و به‌رین و فره‌لایه‌نه، به‌ڵام هه‌ندێ جاریش جێی گاڵته و شۆخی و لاقرتێیه.
پێشموانییه مێژوو به پینه‌کردن و خۆهه‌ڵکێشان ببێت به مێژوو[2].
ئه‌و
نووسینانه‌ی، بیانییان یا کورد، به زمانی دیکه نووسیویانن، باش بن یا خراپ، کورد
به پاڵه‌وان، قاره‌مان، شۆڕشگێڕ، چاوتێر و ده‌ست و داوێن‌پاک، یا چه‌ته، دز، خوێڕی،
شڕه‌خۆر و جاشی پێشان بده‌ن، ئه‌وانه مێژوو و زانیارین له باره‌ی کورده‌وه. وه‌ک
گه‌لێک یا نه‌ته‌وه‌یه‌ک، کورد پێویستی به‌وه هه‌یه، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له
باره‌یه‌وه نووسراون، بزانێت و بخوێنێته‌وه و ئه‌گه‌ریش ئه‌و نووسینانه نه‌کرێنه
کوردی، چۆن وه‌چه‌ی نوێی کورد، پاشخان و ڕابردووی خۆی ده‌زانێت!.
له نێو لاوان
و خوێندووانی کورددا جۆره بیرکردنه‌وه و بۆچوونێک هه‌یه، پێیوایه ئه‌وه‌ی تا ئێستا
کورد نووسیویه‌تی، یا له بواری فه‌رهه‌نگییدا کردوویه‌تی و وه‌ریگێڕاوه، له‌مه‌ڕ
شیعر، سیاسه‌ت، ئایین و مێژووه‌وه بووه و لایه‌نه‌کانی دیکه پشتگوێ خراون و
گرنگییان پێ نه‌دراوه. من له‌و بڕوایه‌دام، بۆ خه‌ڵکێکی له شارستانییه‌تی به‌جێماوی
نهخوێندووی فهرههنگنزمی بێ هیچ بنگه و ده‌سگه و پایه و کۆڵه‌که‌یه‌ک و بێخاوه‌ن
و بێقه‌واره و هه‌ژار و چه‌وساوه‌ی وه‌ک کورد، وه‌رگێڕان کارێکی یه‌کجار پێویسته.
جارێ پێش هه‌ر شتێک کورد هێشتا له‌و قۆناغه‌دایه، گه‌وه‌کانی مێژووی ناته‌واون و
پێکه‌وه گرێ نه‌دراون. بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک یا گه‌لێک مێژوویه‌کی ڕێک و
تۆکمه و دروستی خۆی هه‌بێت، ده‌بێ ئه‌و گهوانه – به پێی توانست- بدۆزرێنه‌وه
و له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا جهله(ڕیز) بکرێن تا جه‌لوو[3]ی مێژووی کورده‌که‌ی لێ پێک دێت. که باس له سیاسه‌تیش
زۆر کراوه و ده‌کرێت، شتێکی سه‌یر نییه، چونکه هه‌موو مرۆڤێکی کورد هه‌ر له‌و کاته‌وه،
چاوی دنیا ده‌بینێت و بڕێک له ژیان تێده‌گات، ئیدی خۆی له سیاسه‌تدا ده‌بینێته‌وه
و ده‌وروبه‌ری ژینگه‌یه‌کی سیاسییه و هه‌ر زۆر پێویستیشه خۆی له هه‌موو ورد و
درشتێکی سیاسه‌تیش، چ سیاسه‌تی نێوخۆی
کورد، یا سیاسه‌تی مه‌زنی جیهان، هه‌ڵقورتێنێت، هه‌رچه‌ندیش ڕه‌وشی گه‌لی کورد، کۆمه‌ڵگه‌کانی،
ڕووداوه‌کان، بۆچوونه جیاوازه‌کان، که‌سایه‌تییه مێژوویی و ناوداره‌کانی، یاخیبوون
و ڕابوونه‌کان، کۆمه‌ڵه و ڕێکخراوه‌کان، حیزبه‌کان و سه‌رکه‌وتن و به‌زین و خیانه‌ت
و کوردایه‌تی و جاشایه‌تییان و هه‌موو شتێک شیکرێنهوه و لێیان بکۆڵرێنهوه و
بخرێنه به‌ر باس و ده‌مه‌ته‌قه و ڕه‌خنه و سڵیش له هیچ نه‌کرێته‌وه، هێنده‌ی
دی مه‌سه‌له‌ی کورد دهڕهسێت و وه‌پێش ده‌چێت. که‌واته کورد بۆ تێگه‌یشتن له سیاسه‌ت
و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ڕاست، یا هیچ نه‌بێت جوێکردنه‌وه‌ی چه‌وت و ڕاست له‌یه‌کدی و
ده‌ستنیشانکردنی هه‌ڵه‌کانی خۆی، پێویستییه‌کی یه‌کجار مه‌زنی به زانینی مێژوو هه‌یه.
موحه‌ممه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یکه‌ل(محمد حسنین هیکل) ده‌ڵێت:"گرنگییدان به سیاسه‌ت
به بیر یا به کردار، یه‌که‌م شت پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی مێژووه، چونکه ئه‌وانه‌ی
نازانن پێش له‌دایکبوونیان چی ڕوویداوه، به‌وه حوکم دراون، به‌درێژایی ته‌مه‌نیان
هه‌ر به منداڵی بمێننه‌وه". که مرۆڤ ده‌نۆڕێته کتێبخانه‌ی ئێرانی (فارسی)،
ڕه‌نگه زێده‌ڕۆیی نه‌بێت ئه‌گه‌ر بگوترێ، که 60-70%ی کتێبه‌کانی وه‌رگێڕدراون له
زمانانی بیانییه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وان شاکاری ئه‌ده‌بی جیهانی ده‌که‌نه فارسی و هیگڵ
و مارکس و ئه‌نگڵز و سارتر و هۆگۆ و کامۆ و ده‌ستۆیێڤسکی و کێ و کێ ده‌که‌نه فارسی،
ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، که ئه‌وان نه‌ته‌وه‌یه‌کی خوێندووی زیندوون و خاوه‌نی
فه‌رهه‌نگێکی به‌رزن. ئه‌وان پێویستییان به‌وه نه‌ماوه، که منه[4] ی گه‌وه
ناته‌واوه‌کانی مێژووی خۆیان بکه‌ن. ئه‌وان ته‌واوی گهوهکانیان دۆزیوه‌ته‌وه – هه‌رچه‌نده
هێشتا به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاون و کۆڵیشیان نه‌داوه و شتگه‌لی نوێیش له‌باره‌ی مێژووی
خۆیانه‌وه به‌رده‌وام ده‌دۆزنه‌وه- و هیچیان لێ بزر نه‌بووه و جه‌لووی مێژوویان
به ڕوونی دیار و خویایه. بریا کوردیش گه‌وه بزره‌کانی مێژووی خۆی دیتبایه‌وه و
هیچ نه‌بێت، نه‌ک مێژوویه‌کی تۆکمه و ته‌واو، به‌ڵکه کۆلکه مێژوویه‌کی بۆ خۆی
ساز کردبا، پاشان نه‌ک هه‌ر شیعر، ڕۆمان و چیرۆکی نووسیبا، به‌ڵکه له‌باره‌ی نه‌ک
سێکس به واتا ئاساییه‌که‌ی، به‌ڵکه له‌مه‌ڕ هاوسێکسبازیشهوهی نووسیبا. باسی ڕووهکایهتی
و کهرناسیشی کردبا. ئه‌مه‌ش وا ناگه‌یه‌نێت، که ئیدی مرۆڤی کورد ده‌ستبه‌رداری هه‌موو
شتێک ببێت و هه‌ر خه‌ریکی مێژوو بێت و به‌س، به‌ڵکه هه‌موو کارێکی وه‌رگێڕان و له
هه‌موو بوارێک‌دا وه‌ک یه‌ک پێویسته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویستترین و پێویست‌تر وه‌به‌ر
پێویست بخرێنه‌وه، ڕه‌نگه سوودی پتر بێت.
زۆرجاران
له بری ئه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ خۆی دا‌نیشێت و مێشکی خۆی بگوشێت و خۆی تووشی سه‌رئێشه و
گۆڕینی چاویلکه و نه‌خه‌وتن و نائارامی بکات، بۆ ئه‌وه‌ی گوتارێکی لاوازی بێبایه‌خی
هیچ نه‌گه‌یه‌ن و هیچ نه‌گۆ، له‌باره‌ی "ئه‌فلاتوون"، "ئه‌لغه‌زالی"،
"مارکس"، "فۆکۆ" یا "شه‌ریعه‌تی"یه‌وه بنووسێت، گه‌لێک
چاکتر و به‌که‌ڵکتر و سوودبه‌خشتره، هه‌وڵی ئه‌وه بدرێت، "کۆمار"، "إحیا
ٍ علوم ا‌لدین"، "سه‌رمایه"،
"تاوان و سزا"، "فلسفتنا"، "إقتصادنا"، "دۆکتۆر
ژیڤاگۆ"، "هه‌بوون و نه‌بوون"، "مێژووی سێکس" و "فلسفه
و جامعه شناسی سیاسی"، بکرێنه کوردی، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی کورد، خوێنه‌ری کورد،
پێشتر بزانێت ئه‌و به‌ڕێزانه چ ده‌ڵێن و چی‌یان گه‌ره‌که، پاشان نووسینی نووسه‌رانی
کورد له باره‌ی هزر و فه‌لسه‌فه و دیتنی ئه‌وانه‌وه بخوێنێته‌وه. زۆربه‌ی لاوانی
کوردی ئه‌م سی چل ساڵه‌ی دواییه، له ڕێگه‌ی گوتاره‌کانی "زه‌کی خه‌یری"
و "ماجید عه‌بدولڕه‌زا" و "به‌هائه‌ددین نووری" و "عامیر
عه‌بدوڵڵا" و "کیا نووری" و "ئیحسانی ته‌به‌ری(احسان طبرﻯ)" و "کتێبه‌کانی داروتتهقهدوم(دارالتقدم)"ی مۆسکۆ و "فه‌ریکه
مارکسی- لێنینییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کوردستان" و هی دیکه‌وه، له‌باره‌ی لێنینایهتی
و ستالینایهتییهوه، که بۆ خۆیان مارکسایهتییهکی بهڕهواژهکراو و ههڵگێڕدراو
و لنگاوقووچکراون، مارکسایهتییان خوێندووه‌ته‌وه و له چاوی، "خه‌یری"
و "عه‌بدولڕه‌زا" و "نووری" و "عه‌بدوڵڵا" و "ته‌به‌ری"
و "داروتتهقهدوم" و "فه‌ریکه مارکسییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان"ه‌وه،
شاره‌زای مارکسایه‌تی بوون و لێی تێگه‌یشتوون، مارکسایهتییهک، که گه‌لێک له
مارکسایه‌تی مارکس و ئه‌نگڵز جیاوازه و دوور. ئێستاش لاوی کورد تاکه یه‌ک کتێبی
"فۆکۆ"ی به کوردی نه‌خوێندووه‌ته‌وه، که‌چی ده‌یان نووسین له‌باره‌ی
"بونیادگه‌ری" و "فۆکۆ"یهتییهوه، له ده‌رکه‌ی مێشکی خوێنه‌ری
کورد ده‌ده‌ن، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و خوێنه‌ره بنه‌ما و ڕه‌گ و بناخه‌کانی بیری "فۆکۆ"ی
له زمانی "میشێل فۆکۆ" خۆیه‌وه و به کوردی خوێندبێته‌وه. گه‌له‌ک له‌و
قه‌به و زلهگوتار و نووسینانه‌ی، که له بواری بونیادگه‌ری و فه‌لسه‌فه و بیر
و ئه‌و جۆره شتانه‌دا، به کوردی ده‌نووسرێن و به زلهدهستهواژه و قورسهوشهی
تێکسمڕاو و که‌ته، سیخناخ کراون و به ناوی "تازه‌گه‌ری" و "نوێخوازی"
و "پۆستمۆدێرنیزم" و شتی دیکه‌وه، وه‌ک بیری نوێ، بۆچوونی نوێ و چه‌مکی
نوێ، به خوێنه‌ری کورد ده‌فرۆشرێنه‌وه، زۆربه‌یان ڕێک و ڕه‌وان، وه‌رگێڕانی نووسینی
خه‌ڵکانێکی شاره‌زای ئه‌و بوارانه‌ن و زۆرجاران له عه‌ره‌بی، فارسی، سوێدی یا
زمانێکی دیکه‌وه، به بڕێک پاش و پێشخستنی وشه و ڕسته‌وه و ده‌ستکارییه‌کی که‌مه‌وه،
وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی کوردی، به بێ ئه‌وه‌ی ناوی کابرای نووسه‌ر یا سه‌رچاوه‌که
بنووسرێن، ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ک جار نووسرابێت، ئه‌وا ده‌یان جار پشتگوێ خراوه. ئه‌مه
بێجگه له‌وه‌ی لادانه له ده‌ستپاکی و یاساکانی وه‌رگێڕان، خۆبهزانازانین و نزمته‌ماشاکردنی
خوێنه‌ری کوردیشه[5]. بێگومان
زۆرجاران نووسینی گوتارێک له وه‌رگێڕانێک گه‌لێک هاسانتره. جارێ وه‌رگێڕانی زلهنووسینی
که‌ڵه‌پیاوی، وه‌ک مارکس و سارتر، بۆ زمانێکی هه‌ژاری وه‌ک زمانی کوردی، به ده‌ردی
ئێرانی‌یان گوته‌نی"کاری حه‌زره‌تی فیله". وه‌رگێڕان پێش هه‌ر شتێک پێویستی
به فه‌رهه‌نگ(قاموس)ی باشه، ئیدی فه‌رهه‌نگی ئینگلیزی- کوردی، فرانسی- کوردی، ئه‌ڵمانی-
کوردی، ڕووسی- کوردی، ئیسپانیۆلی- کوردی، فارسی- کوردی، عه‌ره‌بی- کوردی، تورکی- کوردی،
هیندی-کوردی و هه‌موو زمانێک و کوردی و کوردی و هه‌موو زمانێکی دیکه. پاشان فه‌رهه‌نگی
فه‌لسه‌فه‌یی، سیاسی، ئابووری، ئایینی، جڤاکی، سروشتی، سێکسی، ته‌کنیکی، کشتوکاڵی،
سه‌ربازی و ده‌یانی دیکه به کوردی/کوردی و کوردی/ئه‌و زمانانه پێویسته. کورد هه‌ر
هیچی له‌م بابه‌ته شتانه نییه. ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره کارانه‌یان پێ ئه‌نجام ده‌درێت
و ده‌بوو به ئه‌رکی خۆیانی بزانن و ده‌توانن نه‌ک فه‌رهه‌نگ، به‌ڵکه فهرههنگانیش
چێ بکه‌ن، نایکه‌ن و له بری ئه‌و کاره گرنگه، کارگه‌لێکی دیکه ئه‌نجام ده‌ده‌ن،
وه‌ک ده‌سته و تاقمبازی و سیاسه‌تبازی و پارتایه‌تی و شتگه‌لی له‌و جۆره، که به
جێگر و بریکار و یاریده‌ری نووسه‌ر و خه‌ڵکی زۆر خواره‌وه‌ی پلیکانه‌ی فه‌رهه‌نگییش
ده‌کرێن. ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن فه‌رهه‌نگ(قاموس)، له کن کورد گه‌لێک له په‌نجه‌کانی
ده‌ست که‌مترن و هه‌ر چۆن کراون، ئیدی له شوێنی خۆیاندا ماونه‌وه، نه گۆڕانێک،
نه زیادکردنێک، نه چاپێکی نوێ و نه هیچ، وه‌ک ئه‌وه‌ی زمانی کوردی، له‌و ئاسته‌دا
ڕاوه‌ستابێت و به موویش جووڵه‌ی نه‌کردبێت[6]. ئه‌و
سێ چوار ساڵه‌ی 1970-1974، کۆڕی زانیاری کورد له به‌غدا، بڕێک له‌و کارانه‌ی ئه‌نجام
دا، به‌ڵام ئیدی پایدۆسی لێ کرا. له 1991ه‌وه تا ئێستا، حیزبه کوردییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان،
فه‌رمانڕه‌وای به‌شێکی خوارووی کوردستانن، له پاڵ ئه‌و هه‌موو دزی و شڕه‌خۆری و کوشتن
و تاڵانی و برسیکردنی خه‌ڵک و وێرانکارییه‌ی، که به مرۆڤ و خه‌ڵکی کوردستانیان پێشکه‌شکردووه،
ده‌بوو، ئه‌گه‌ر هه‌ر ڕێزه‌یه‌ک به‌ته‌نگ
فه‌رهه‌نگ و مێژوو و زمان و زانست و پێشکه‌وتنی کورده‌وه هاتبان، هه‌ر وه‌ک پرۆپاگه‌نده
و بۆ پێویستی کاروباری خۆیشیان بووایه، ناڵێم کۆڕ و ئه‌کادیمیا و فه‌رهه‌نگستان،
به‌ڵام کۆڕۆکهیهک، ئهکادیمیلکهیهک یا فهرههنگستانۆکهیهکیان چێ کردبا و هه‌ر
هیچ نه‌بووایه هه‌وڵی ئه‌نجامدانی فه‌رهه‌نگێکی باش و فراوانی عه‌ره‌بی- کوردی،
فارسی- کوردی، تورکی- کوردی و کوردی- کوردی و کوردی و ئه‌و زمانانه‌یان دابا و بنکه‌یه‌کی
وه‌رگێڕانیان ساز کردبا و ده‌یان شاکاری تورکی و فارسی و عه‌ره‌بییان بکردبایه‌ته
کوردی و کوردی‌یان بکردبایه‌ته ئه‌و زمانانه. وه‌ها کارێک گه‌لێک له‌و پارانه‌ی،
بۆ گه‌شت و سه‌فه‌ر و ژن له دووی ژن هێنانی سه‌رکرده و به‌رپرسیاران و کوشتنی مرۆڤ
و ژینگه و جه‌ژن و ئاهه‌نگگێڕان و دامه‌زراندنی زیندان و په‌روه‌رده‌کردنی سیخوڕ
و مرۆڤ‌کوژ و خواردنه‌وه و به‌دمه‌ستی و به‌رزگ تێرکردن و خانوو و ئۆتۆمبیلی کاربه‌ده‌ستانی
حیزبی سه‌رف ده‌کرێن، که‌متر تێ ده‌چێت.
ڕه‌وشه‌که
له کوردستان به‌و شێوه‌یه‌یه، به‌ڵام وه‌نه‌بێ له ده‌رێی کوردستان، زۆر له‌وه
باشتر بێت. له ده‌رێی کوردستان، کاری جیددی و له‌به‌رچاو و مه‌زن له بواری وه‌رگێڕاندا
نه‌کراوه. له ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وسترالیا، ڕووسیا، وڵاتانی عه‌ره‌ب، ئێران
و تورکیا، کوردێکی ئاواره‌ی یه‌کجار زۆر ده‌ژین و زۆربه‌یشیان زمانانی ئه‌و وڵاتانه‌ی،
لێی ده‌ژین، فێر بوونه و ده‌زانن. له نێو ئه‌و کوردانه‌شدا خه‌ڵکانێکی زۆر هه‌ن،
خۆ به کاری فه‌رهه‌نگی و ئه‌و بابه‌تانه‌وه خه‌ریک ده‌که‌ن، به‌ڵام وه‌رگێڕان شوێنێکی
زۆر که‌م و گچکه‌ی له ڕووبه‌ری چالاکیی فه‌رهه‌نگیدا گرتووه‌ته‌وه. له ده‌رێی وڵات
–له کوردستانیش هه‌ر وایه- په‌تای ده‌رکردنی گۆڤار، ڕۆژنامه، حه‌فته‌نامه،
مانگنامه، وه‌رزنامه و هیننامه هه‌یه. هه‌ر نووسه‌ره‌و ده‌یه‌وێت گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی
خۆی هه‌بێت. هه‌ر نووسه‌ره‌و بۆ ئه‌وه‌ی گوتارێکی خۆی بڵاو بکاته‌وه، که ڕه‌نگه
نووسه‌ره‌که‌ی دی، که خاوه‌ن گۆڤاره، له‌به‌ر جیاوازی بیروباوه‌ڕ یا به هۆی ناکۆکی
و ناته‌باییه‌ک، که له نێوانیاندا هه‌یه، بۆی بڵاو نه‌کاته‌وه، ناچار ده‌بێ بۆ
خۆی گۆڤارێک یا ڕۆژنامه‌یه‌ک ده‌رکات و ئیدی نووسینی خۆی به ئازادی بڵاو بکاته‌وه.
جاری وایش هه‌یه ئه‌و نووسه‌ره، ده‌رکردنی گۆڤار و ڕۆژنامه‌ی بۆ ناڕه‌خسێت، ئه‌وجا
ناچار ده‌بێ گوتاره‌که‌ی یا نووسینه‌که‌ی له شێوه‌ی نامیلکه‌یه‌کدا بڵاو بکاته‌وه.
زۆرجاران ئه‌و گۆڤار و ڕۆژنامه و بڵاڤۆکانه‌ی ده‌رێی وڵات، به هۆی باری ئابووری
و سه‌ختیی کار و هه‌لومه‌رجی ژیانه‌وه، که‌مته‌مه‌ن ده‌بن و زوو ڕاده‌وه‌ستن. خۆ
ده‌وڵه‌مه‌ند و پاره‌دار و سه‌رمایه‌داری پیسکه و چاوچنۆکی کوردیش –که که‌م نین-
هه‌رگیز ئاماده‌ی به‌خێوکردنی گۆڤارێک یا ڕۆژنامه‌یه‌ک نین و پاره‌ی خۆیان بۆ ئه‌و
جۆره کاره فه‌رهه‌نگییانه خه‌رج ناکه‌ن، ده‌نا هه‌ر ئه‌و پاره‌داره کوردانه و
ئه‌و ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه کوردییانه، پێیان ده‌کرێت چه‌ندین مه‌ڵبه‌ند و نێوه‌ند و
بنکه‌ی وه‌رگێڕان، له وڵاتانی جیاواز و بۆ زمانانی جیاواز ساز بکه‌ن و وه‌ک پرۆژه‌یه‌کی
بازرگانی و پاره‌په‌یداکردنیش بیبه‌ن به‌ڕێوه. دیاره ده‌کرێ –بۆ نموونه- سوود له
ئه‌زموونی عه‌ره‌ب و فارس، وه‌ربگیرێت، که سه‌دان بنکه و نێوه‌ندی له‌و جۆره‌یان
هه‌ن.
که وه‌رگێڕان
هێنده گرنگیی پێ نادرێت، زۆرجاران به هۆی ئه‌وه‌وه‌یه، هه‌ندێ نووسه‌ر و ئه‌وانه‌ی
سه‌رقاڵی کاری فه‌رهه‌نگیین، به پله‌یه‌کی نزمتری له نووسینی خۆیانی داده‌نێن.
واته: پێیانوایه، ئه‌گه‌ر خه‌ریکی وه‌رگێڕان بن، پێی که‌م ده‌بنه‌وه و "پایه
و ئاستی ئه‌ده‌بی"یان داده‌به‌زێت و خه‌ڵک به چاوێکی نه‌ویتر، تێ‌یان دهنواڕن،
یا خه‌ڵک به گوێره‌ی تیۆرییه هه‌ڵه‌که‌ی "هه‌موو ڕێژیسۆرێک، ئه‌کته‌رێکی دۆڕاوه
و هه‌موو ئاوازدانه‌رێک، سترانبێژێکی دۆڕاوه و هه‌موو وه‌رگێڕێک، نووسه‌رێکی دۆڕاوه"پێیانوایه،
ئه‌وه‌ی خه‌ریکی وه‌رگێڕان بێت، بۆ خۆی توانستی نووسین و ده‌ربڕینی نییه. تاکه
نموونه‌یه‌کی پرشنگدار، ئه‌ویش زانای هێژا مامۆستا "شوکور مسته‌فا" یه،
ئه‌و بۆچوونه سه‌قه‌تانه پووچ ده‌کاته‌وه. پێموایه ته‌واوی خوێنه‌رانی کورد، ده‌بێ
سه‌ری ڕێز بۆ مامۆستای هێژا شوکور مسته‌فا دانه‌وێنن، بۆ شاکاره وه‌رگێڕانه‌کانی،
که یه‌کجار وه‌ستایانه، بلیمه‌تانه و زانایانه، کردوونی به کوردی و چ کوردییه‌کیش،
مه‌گه‌ر هه‌ر له‌و هێژایه بوه‌شێته‌وه و له زاری وی بێته ده‌ر و له‌و بڕوایه‌شدام
–من بۆ خۆم تورکی نازانم- له تورکییه‌که‌ی "یه‌شار که‌مال"یشی تێپه‌ڕاندبێت.
دیارده‌یه‌کی
زه‌ق و له‌به‌رچاو و تا ڕاده‌یه‌ک دزێو، که له بواری وه‌رگێڕانی کوردی‌دا وه‌دی ده‌کرێت،
وه‌رگێڕانه له کوردییه‌وه بۆ کوردی، واته: له نێوان دیالێکته‌کانی زمانی کوردی‌دا،
هه‌رچه‌نده ناکرێ ناوی وه‌رگێڕانی لێ بنرێت، چونکه وه‌رگێڕان له زمانێکه‌وه بۆ
زمانێکی دیکه ده‌بێت، نه‌ک له دیالێکتێکه‌وه بۆ دیالێکتێکی دیکه‌ی هه‌مان زمان.
کرمانجی ژووروو، ده‌کرێت به کرمانجی خواروو(سۆرانی) و کرمانجی خواروو ده‌کرێت به
کرمانجی ژووروو و هه‌ورامی ده‌کرێته سۆرانی و کرمانجی ژووروو ده‌کرێت به زازایی.
کاره‌که لێره‌دا ڕێک وه‌ک ئه‌وه وایه، عه‌ره‌بی، فارسی، تورکی، فرانسی یا
پورتوگیزی بکرێن به کوردی[7]. ئه‌گه‌ر
دووربینانه بنۆڕینه ئه‌م کاره و "به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی کورد" له‌به‌رچاو
بگرین، ئه‌وا نه‌ک هه‌ر به قازانجی زمانی کوردی و یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورد کۆتایی
نایه‌ت، به‌ڵکه ئه‌نجامێکی یه‌کجار خراپیشی ده‌بێت و به زیان ته‌واو ده‌بێت. گۆڕینی
تیپ، واته: له ئه‌لفبێی لاتینییه‌وه بۆ ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی یا له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بییه‌وه
بۆ ئه‌لفبێی لاتینی یا له ئه‌لفبێی کریلیکهوه بۆ ئه‌لفبێی عه‌ره‌بی و لاتینی و
به پێچه‌وانه‌یشه‌وه، بێ گۆڕین و ده‌ستکاری دیاڵێکتهکه، کارێکی باشه و گه‌لێکیش
خزمه‌ت به زمانی کوردی ده‌کات. مامۆستای گه‌وره‌مان شوکور مسته‌فا، زۆر به جوانی
و لێزانانه، ئه‌م کاره‌ی ئه‌نجام داوه.
جاری وا
هه‌یه خه‌ڵک کۆنیی و نوێیی بابه‌ته وه‌رگێڕدراوه‌که ده‌که‌نه پێوه‌ر، بۆ دادوه‌ری
له باره‌ی باشی و خراپی بابه‌ته‌که‌وه و پێیانوایه، ئه‌وه‌ی کۆنه، نابێ وه‌ربگێڕدرێت
و ده‌بێ پشتگوێ بخرێت[8]. ڕه‌نگه
بیستنی له‌و جۆره قسانه له خه‌ڵکێکی لاو و دنیانهدیو و که‌مئه‌زموون، شتێکی سه‌یر
نه‌بێت، وه‌لێ که‌سانێک، که بڕێک ته‌مه‌نیان هه‌بێت و دنیاشیان دیتبێت و خۆ به ئه‌هلی
قه‌ڵه‌م و کتێبان بزانن، ئه‌مه‌یان سه‌یره!. وه‌ها خه‌ڵکانێک له بهرکهپووی خۆیان
ئه‌ولاتر نابینن. ئه‌وان ته‌نێ هه‌نووکه ده‌بینن و ئه‌وڕۆ له دوێنێ دادهبچڕن. ئه‌وه
له‌بیر ده‌که‌ن، که پێرێ درێژه‌پێدانی بهسرپێرێیه و دوێنی درێژه‌پێدانی پێرێیه
و ئه‌مڕۆ درێژه‌پێدانی دوێنێیه و سۆزیی[9] درێژه‌پێدانی
ئه‌مڕۆیه. ئه‌گه‌ر مرۆڤ شاره‌زای کۆن و ڕابردوو نه‌بێت، چۆن ده‌توانێت له هه‌نووکه
تێبگات! خۆ ئه‌وه‌ی، که ئێستا پێی ده‌ڵێن ئێستا و هه‌نووکه، سۆزیی و ڕۆژگارێکی دیکه
ده‌بێته دیرۆک و ڕابردوو. ئێمه درێژه‌پێدانی ڕابردووی خۆمانین و ڕابردووشمان ته‌نێ
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێوه‌ی به‌ندین و به‌سه‌رچووه و جوانه و سۆزمان بۆی هه‌یه و به‌زه‌ییمان
پێیدا دێته‌وه، لا پیرۆز نییه. فازیل ئه‌لعه‌ززاوی(فاضل العزاوي) ده‌ڵێت:"ئێمه
له ناوکمانهوه، به هه‌موو ساتێکی ڕابردووه‌وه گرێدراوین، به‌ڵام ڕابردوو ساڵۆنێک
یا چایخانه‌یه‌ک نییه بۆ کاتبه‌سه‌ربردن. تاکه ڕێزێک، که ده‌شێ بۆ ڕابردوومان هه‌بێت
ئه‌وه‌یه، فڕێی ده‌ینه کووره‌ی ئێستاوه، بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی توانستی له سه‌ر ژیان
و بۆ ئه‌وه‌ی ببێته پارچه‌یه‌ک له ناسنامه‌ی نوێمان"[10]. ئه‌ز
به‌ش به حاڵی خۆم له‌و بڕوایه‌دام، زۆربه‌ی شته‌کان بۆ کورد نوێن و هه‌موو شتێکیش
بۆ کورد پێویسته، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باسه‌که له‌مه‌ڕ، پهلکهپیاز و قالۆنچه و کنگرههڵکهندن
و که‌ری دێزهشهوه بێت. زۆرجاران مێژوو به هه‌ڵه وه‌رده‌گیرێت و به خراپی به‌کار
ده‌برێت و به مه‌به‌ستی چه‌واشه‌کردن فێر ده‌کرێت و ده‌گوترێته‌وه و به پێی
سوود و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت لێکده‌درێته‌وه و شیده‌کرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه وا
ناگه‌یه‌نێت، که مێژوونووسان هه‌موو زانیارییه‌کانیان لنگاوقووچ کردبێته‌وه و وایان
گوتبێت یا نووسیبێت[11].
مێژوو به ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌گۆڕدرێت و
ده‌ستکاری ده‌کرێت و لێکده‌درێته‌وه و زۆربه‌ی جار بۆ سوود و قازانجی ده‌سه‌ڵاتدار
و ده‌سه‌ڵات ده‌نووسرێت. هه‌ندێ جاریش ناوی که‌سانێک لاده‌برێن و ده‌سڕدرێنه‌وه و
به خوێڕی و ترسنۆک و خائین ده‌درێنه قه‌ڵه‌م و ناوی خه‌ڵکانێک له‌جێی وان داده‌نرێن
و شوێنیان ده‌گرنه‌وه و وه‌ک قاره‌مان و نه‌ترس و بوێر باس ده‌کرێن و شتگه‌لێک له
باره‌یانه‌وه ده‌گوترێن، که هه‌رگیز نه کردوویانه و نه ئه‌نجامیان داوه و نه
ئاگاشیان لێ بووه. هیتله‌ر، ستالین، فرانکۆ، پینۆشێ و سه‌ددام حوسه‌ین، که له‌کن
مرۆڤایه‌تی چارهگهلێکی دزیون و قڕانیان خستووه‌ته نێو خه‌ڵک، لای نازیست، ستالینیست،
فاشیست، به‌عسی و ڕاستڕه‌وان، ڕزگارکه‌ری مرۆڤایه‌تی و په‌یامبه‌رن. وه‌ک ده‌شگوترێ
"سه‌رکه‌وتووان مێژوو ده‌نووسن". فازیل ئه‌لعه‌ززاوی گوته‌نیش:"خوێن
به ته‌نێ تا ئێستا مێژووی دروست کردووه. ئه‌گه‌ریش خه‌ون به مێژوویه‌کی دیکه‌وه
ده‌بینین ئه‌وه ئه‌و مێژووه‌یه، که له ئازادی‌دا ده‌ست پێ ده‌کات"[12].
له‌م باره‌یه‌وه،
له‌باره‌ی گرنگیی زانینی مێژوو و خۆناسینه‌وه، گێڕانه‌وه‌یه‌کی بیریاری مه‌زن، دۆکتۆر
عه‌لی شه‌ریعه‌تی، وه‌بیر ده‌هێنمه‌وه، که زۆر جوان مه‌به‌ستی ئه‌نگاوتووه و
نموونه‌یه‌کیشی هێناوه‌ته‌وه، که کتومت له‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌چێت و ڕێک
واقیعی ئاستی فه‌رهه‌نگیی زۆربه‌ی "مه‌کته‌بلی"یانی ڕۆژهه‌ڵات و ئێمه‌ی کوردیش
به تایبه‌ت ده‌پێکێت. له‌به‌ر به‌ها و گرنگیی گێڕانه‌وه‌که، وام به باش زانی، بێ
که‌م و زیاد بیکه‌م به کوردی. شه‌ریعه‌تی ده‌ڵێت:"که له سویسراوه بۆ ئێران
ده‌گه‌ڕامه‌وه، هاوڕێیه‌که‌م خویندکارێکی زانستگه بوو. تورک بوو و خه‌ڵکی ئیزمیر
بوو. ئه‌ندازیاری کشتوکاڵ بوو و له سویسرا خوێندبووی. چ هاوڕێیهک له‌مه باشتر ده‌بێت؟
له دڵی خۆمدا گوتم: ئه‌م هاوڕێیه زۆربه‌ی خاڵه نادیار و گرێ ناڕوون و شاراوه و
ته‌ماوی و ورده‌کانم له‌مه‌ڕ "هونه‌ری پێکهاتنی کۆمه‌ڵگه‌ی تورکی"یه‌وه،
له‌ڕووی ئایینی و فه‌رهه‌نگی و سیاسی و جڤاکییه‌وه بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه و هه‌ر به
نووکی په‌نجه‌کانی ئه‌و کاره‌ش ده‌کات. ئه‌و لاوێکی خوێندووی دنیادیده بوو و
فرانسییش به چاکی ده‌په‌یڤی. له گفتوگۆیهکانمدا له‌گه‌ڵیدا له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژدا
هیچم سوود لێ وه‌رنه‌گرت...ئه‌مه‌ش چیرۆکێکی دیکه‌یه. که گه‌یشتینه ئیسته‌نبووڵ،
ڕێپێوان و پێشاندانێکی له‌شکریمان دیت...پرسیم: ده‌بێ ئه‌مه چی بێت؟ گوتی: له‌شکری
تورک ئاهه‌نگی چل ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ده‌گێڕێت. گوتم: چل سه‌ده؟ پێکه‌نی و گوتی:
نا، هۆشت له کوێیه، چل ساڵ. جاری دووه‌م پرسیمه‌وه: چل چی؟ دووباره جه‌ختی کرده‌وه:
چل ساڵ. پاشان بۆی ڕوون کردمه‌وه، که من مێژوو و ڕابردووی تورکیا نازانم و گوتی:
ده‌وڵه‌تی تورک و زانستگه و ژیاری و بنگه کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کان و حوکوومه‌ت
و له‌شکر له تورکیادا، هه‌مووی پێش چل ساڵان دامه‌زراون. ئیدی دوای ئه‌وه نه‌متوانی
ته‌حه‌ممولی بکه‌م و له هاوڕێیه‌تی ئه‌م بیریاره، که سه‌ر به ئوممه‌تێکی نوێباو
و تازه‌کییه، که مێژووی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیوه‌ی ته‌مه‌نی مرۆڤێک، هه‌ڵاتم. وام
ده‌هاته به‌رچاو، ئاسمانی قوسته‌نتینییه هێشتا دوا ڕووداوی مه‌زنی له‌بیره و بۆ
منیش وه‌ک ئه‌وه وابوو، که دوێنێ ڕوویدابێت. له‌شکره‌کانی موحه‌ممه‌دی فاتیح ساڵی
1453ی زایین، به ده‌رکه‌کانی ئه‌م شاره‌دا، که دڵی ئیمپراتۆریای ڕۆژهه‌ڵاتی ڕۆمانی
بوو و مه‌زنترین نێوه‌ندی ژیاری سه‌ده‌کانی ناڤین بوو، وه‌ژوورکه‌وتن و مهسیحایهتییان
به ژیاریی ڕۆژهه‌ڵاتیی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، له که‌ناری زه‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه هاوێژته
که‌ناره‌که‌ی دیکه، ئه‌م ساڵه‌ش(که نه‌ک ساڵی دامه‌زراندنی له‌شکری تورکیای موسوڵمانی
ئه‌مڕۆیه) به کۆتایی چاخه‌کانی ناڤین و سه‌ره‌تای چاخی نوێ له ڕۆژاوادا دانرا.
ئه‌م لاساییکه‌ره‌وه بۆشه له‌خۆنامۆیه سه‌یدا ئه‌ندازیاره، که له سویسرا خوێندوویه‌تی
و سۆزیی ده‌بێته مامۆستایه‌ک له زانستگه‌دا، یا ده‌بێته وه‌زیری کشتوکاڵ له ده‌وڵه‌تێکدا،
که سه‌رته‌ڵ و هه‌ڵبژارده‌ی چینی بیریاری کۆمه‌ڵگه‌که‌یه‌تی، نازانێت له‌شکره‌که
پێش شه‌ش سه‌ده دامه‌زراوه. له‌و کاته‌وه، که گه‌وره‌ترین کاری سه‌ربازیی ئه‌نجام
دا، ئه‌و کاره‌ی، که بووه ده‌سپێکی به‌شێک له به‌شه‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی. هه‌ر
له‌و کاته‌ش به دواوه، مه‌زنترین ئیمپراتۆریای له سه‌ده‌کانی ناڤین و نوێ‌دا دامه‌زراند
و ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر ته‌واوی ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات و یۆنان‌دا گرت.
ئه‌و مزگه‌وت و په‌رستگه مه‌زنانه‌ی، باپیرانی له یۆگوسلاڤیا، بوڵگاریا، ڕۆمانیا
و یۆنان، چێیان کرد، ئێستاش نیشانه‌ی مه‌زناهی و هێز و ده‌ستڕۆیشتوویی سیاسی و فه‌رهه‌نگیی
و هزریی ئه‌وانن. ئه‌وان تا فرانسه و ئیتالیا چوون و ڤیه‌ننایان تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی
هه‌ژده‌یه‌م و نۆزده‌یه‌م، چه‌ندجاران گه‌مارۆ دا. له زه‌ریای ناڤین‌دا گه‌وره‌ترین
هێزی زه‌ریاییان هه‌بوو...چی دی بڵێم؟ پێش هه‌زار ساڵ به‌ری جه‌نگی خاچایهتی و لافاوی
هێرشی چه‌کدارانه‌ی گه‌له‌کۆمه‌کی ڕۆژاوای دژ به وڵاته ئیسلامییه‌کان گرت. ئێستاکه‌ش
شمشێر و قه‌ڵغان و تۆپه‌کانیان، که ئایه‌تی جیهادیان له سه‌ر نه‌خش کراوه، له
مۆزه سه‌ربازییه‌کاندا له ئه‌وروپا، سه‌رنجی هه‌رکه‌سێک، ته‌ماشایان بکات، ڕاده‌کێشێت...چی
دی بڵێم؟ پێش ئه‌وه‌ی ناوی ڕۆژاوای نوێ له جیهاندا هه‌بێت و ڕۆشنایی ئیسلامیش له
خۆرهه‌ڵاته‌وه هه‌ڵبێت، ئه‌م خاکه لانکی ژیاریی بیزه‌نتی و ڕۆمانی ڕۆژهه‌ڵات بووه.
مێژووی هه‌زار ساڵی ئه‌م ئوممه‌ته‌ش نیشانه‌ی هێزی له‌شکریی و ژیاریی و زانست و
باوه‌ڕ و فه‌رهه‌نگ و ئیمپراتۆریای جیهانی و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایه به سه‌ر کهوشهنێکدا،
که ده‌که‌وێته نێوان خۆرهه‌ڵات و خۆراواوه. له نێوان جیهانی ژیاریی کۆن و جیهانی
ژیاریی نوێ‌دا، سێبه‌ری هه‌ردوو باڵی له‌یه‌ک کاتدا به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوادا،
په‌خش کردبووه‌وه. تا جه‌نگی یه‌که‌میش مه‌زنترین هێزی ئیمپراتۆریایی و سه‌ربازی
بوو له ئه‌وروپا و به‌شێکی مه‌زنی ئاسیادا. عه‌ره‌ب و یۆنان و باکووری ئه‌فریقا و
ته‌واوی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بوون. پێش چل ساڵان، له ئه‌نجامی
ته‌کنیکی سه‌ربازیی ئه‌وروپایی له پشتییه‌وه و خه‌نجه‌ری ئێرانی- عه‌ره‌بی له پێشییه‌وه،
به سه‌ر ئه‌ژنۆیدا داده‌چه‌مێته‌وه و کڕنووش ده‌با، و ئینگلیز وڵاتی عه‌ره‌بی لێ
ده‌ستێنێته‌وه، و ئه‌وروپا یۆنان و بوڵگاریا و ڕۆمانیا و یۆگوسلاڤیای لێ داده‌بڕێت
و له ته‌نگه‌یه‌کدا ئابڵۆقه‌ی ده‌دات. پاشان ئه‌تاتورک و لاوانی خوێندووی ئه‌وروپایێندراو،
که سوڵتانی عوسمانی بۆ خوێندنی ته‌کنیکی سه‌ربازیی ئه‌وروپایی و زانستی ئه‌وروپایی
نوێ و زمانانی ئه‌وروپایی و زانیاری و ژیاریی ئه‌وروپایی، شاندبوونی بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی
هێرشی سه‌ربازی و ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگیی ئه‌وروپا بوه‌ستنه‌وه، ده‌سه‌ڵاتیان
گرته ده‌ست. ئیدی ئه‌و هێزه جیهانییه مه‌زنه، پارچه‌پارچه بوو. ئه‌و ئیمپراتۆریا
عوسمانییه پان و به‌رینه گۆڕا و بوو به ده‌وڵه‌تێکی به‌زیوی له‌تله‌تکراوی بچووک.
له‌و هه‌موو وڵاته ڕۆژاوایی و ئاسیایی و ئهفریقاییانهش ته‌نێ ئیسته‌نبوول و ئه‌نقه‌ره‌ی
بۆ ده‌مێنێته‌وه. پاشانیش تیپی لاتینی ده‌بێته ئه‌لفبێی و وه‌چه‌یه‌کی نوێ په‌یدا
ده‌بێت و به‌و ئه‌لفبێیه فێر ده‌بێت و وه‌ها باوه‌ڕ ده‌هێنێت، که مێژووی ئه‌و له
چل ساڵ پێشتره‌وه ده‌ستپێده‌کات، واته: له جه‌نگی یه‌که‌می جیهانییه‌وه یا به
ته‌واوی له‌و کاته‌وه، که به‌زێنران و لهتلهتکران و گه‌یشتنه ئه‌وپه‌ڕی لاوازی
و بێبایه‌خی و دزێوی. له‌شکریش –له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو داستانی قاره‌مانییه‌تییه‌ی، که
له ڕابردوویدا هه‌یه- مێژووی له‌و ساته‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، که به‌زێنراوه....سه‌یره
و چ سه‌یرێک"[13]. خۆناسین
ده‌بێ مرۆڤ هانبدات بۆ گه‌ڕان به شوێن خۆدا. وه‌دووی خۆدا گه‌ڕانیش پێویست به
گرنگییدان به مێژو و زانینی مێژوو ده‌کات. مێژووی کوردیش، پێویستی به پێداچوونه‌وه،
له‌بێژنگدان، ته‌ته‌ڵه، بژار، پاکنووس، ڕاستکردنه‌وه[14] و سه‌رله‌نوێ
نووسینه‌وه و دروستکردنه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش به به‌شدارکردنی، چینه‌کانی خواره‌وه‌ی
کۆمه‌ڵگه، لاوان، ژنان و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی، که له بواری ئابووری، سیاسی، جڤاک،
فه‌رهه‌نگ و ده‌سه‌ڵاتدا، پشتگوێخراون و ناکارا کراون و پهراوێزێنراون. باشترین
شتی مێژوویش، چ بۆ کورد بێت یا ناکورد ئه‌وه‌یه، که مرۆڤ فێری ئه‌وه ده‌کات و به‌ره‌و
ئه‌وه‌ی ده‌بات و وای لێ ده‌کات، باشتر و ڕوونتر بیر بکاته‌وه.
نۆڤه‌مبه‌ری 1997
[1] تا ئێستاش به ته‌واوی پێوه‌ندی کورد له‌گه‌ڵ میدییه‌کان، ساغ نه‌بووه‌ته‌وه.
ڕاستی و درۆی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر و زوحاک و ماره‌کانی سه‌ر شانی، هێشتا جێی گومانن.
جێژنی نه‌ورۆز له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به جۆرێک پیرۆز ده‌کرێت، که زۆر له
پیرۆزکردنی فارسان و گه‌لانی ئێرانییه‌وه نێزیکتره – یا هه‌ر ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی
ئه‌وانه- تا له شێوه‌ی پیرۆزکردنی له باکوور و باشووری کوردستان. له ڕۆژهه‌لآتی
کوردستان شێوه‌ی ئایینی – زه‌رده‌شتی و...- سروشت به سه‌ریدا زاڵه و له‌وێ نه‌ورۆز
جێژنی خه‌ڵک و خێزان و مرۆڤ و سروشته، که
دیاره ئه‌و شێوه پیرۆزکردنه ڕاستتره، که‌چی له باکوور و باشووری کوردستان، له
مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی زێتر هیچی دیکه نییه و نه‌ورۆز له‌وێ جێژنی حیزب و
ڕێکخراوه سیاسییه‌کانه، نه‌ک هی خه‌ڵک. ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه، که مێژووی نوێن،
ئێستاش به ته‌واوی هه‌موو شتێک له باره‌یانه‌وه ئاشکرا نییه و نازانرێت.
[2] وه‌ک نموونه‌یه‌ک ده‌کرێ، هه‌وڵدان بۆ دانانی ساڵی کوردی، که به دوو شێوه
ده‌یژمێرن، بهێنینه‌وه:
ئا. مێژووی له‌دایکبوونی زه‌رده‌شت، له‌گه‌ڵ ساڵی زایینی‌دا، کۆ ده‌که‌نه‌وه،
واته: 700+1997 ده‌کاته 2697ی کوردی. له کاتێکدا بۆ هیچ که‌س ساغ نه‌بووه‌ته‌وه،
که زه‌رده‌شت که‌ی زاوه؟ تهقو زانراش که‌ی زاوه، ده‌ی زه‌رده‌شت چ پێوه‌ندێکی
به کورده‌وه هه‌یه؟ بۆ له نێو کورددا ده(10) که‌سی زه‌رده‌شتی نابینرێنه‌وه؟
ب. مێژووی گرتنی باژێڕی نه‌ینه‌وا، له‌گه‌ڵ ساڵی زایینی‌دا کۆ ده‌که‌نه‌وه،
واته: 612+1997 ده‌کاته 2609ی کوردی. له کاتێکدا پێوه‌ندی کورد به میدییه‌کانه‌وه
تا ئێستاش جێی گومانه.
پ. شانازی‌کردن به"ئێمه ڕۆڵه‌ی میدیا و که‌یخوسره‌وین.."، که له
سروودی ئه‌ی ڕه‌قیبدا هه‌یه، که من بۆ خۆم پێموایه سرووده‌که به ته‌واوی، گه‌له‌ک
ڕه‌گه‌زپه‌رستانه و ناحه‌زه و زۆریش دوروودرێژه و هه‌رگیز بۆ سروودی نیشتمانی و
مارشی نه‌ته‌وه‌یی ناشێت. ئه‌مانه هه‌موو ده‌شێ ببنه جێگه‌ی پرسیار و ڕامان و
مایه‌ی گومان و هۆکاری پشکنین و توێژینه‌وه‌ی نوێ و ڕاستکردنه‌وه‌ی چه‌وتییه‌کان.
[5] حه‌مه،
ئازاد، ووتاری سترۆکتۆرالیزمی، به‌شی یه‌که‌م، یه‌کگرتن، ژماره 9، هاوینی 1989،
ل65-82. به‌شی دووه‌می ئه‌م وتاره له ژماره‌یه‌کی پاشتری یه‌کگرتندا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
زۆربه‌ی ئه‌م نووسینه له "اٍبراهیم،
الدکتور زکریا، مشکلة البنیة اًو أضواء ﻋﻠﻰ البنیویة، دار مصر للطباعة، 1976" وه‌رگیراوه،
که‌چی له یه‌ک دوو شوێندا ئاماژه به‌و سه‌رچاوه‌یه کراوه. له لاپه‌ڕه 73ی
نووسینه‌که‌یدا، ئازاد حه‌مه ده‌ڵێ:"له ساڵی 1928دا کۆنگره‌یه‌کیان له بلاهای-
هۆڵه‌ندا به ناوی(زانستی زمانه‌وانه‌وه) ڕێک خست". ئه‌م بڕگه‌یه‌ی له لاپه‌ڕه
43ی ئه‌و کتێبه‌ی "دۆکتۆر زه‌که‌رییا ئیبراهیم"ه‌وه وه‌رگرتووه، ته‌نانه‌ت
له بری "لاهای" - که هه‌موو که‌س ده‌زانێت ناوی باژێڕێکه له هۆڵاند-
نووسیویه‌تی "بلاهاي" و تیپی "ب"ی پێش وشه‌ی "لاهای"ه‌که‌شی،
که له عه‌ره‌بیدا "حرف الجر" و له زمانه ئهوروپاییهکانیشدا"preposition"ی پێ
ده‌ڵێن، به وشه‌ی "لاهای"ه‌وه نووساندووه. له عه‌ره‌بییه‌که‌دا وه‌ها
نووسراوه "المۆتمرالدولي لعلوم اللسان الذي انعقد بلاهاي بهولندة..".
ئه‌مه نموونه‌یه‌کی گچکه‌ی گواستنه‌وه و وه‌رگێڕانه –زۆرجاران به پێشگر و
پاشگری زمانانی دیکه‌شه‌وه- بۆ کوردی.
[7] هه‌ژاری
موکریانی، "مهم و زین"ی "خانی" کردووه به موکریانی. کتێبی
"کۆماری دیموکراتی کوردستان (مه‌هاباد)"ی "که‌ریمی حیسامی"،
له لایه‌ن "ئهلیشێر"ه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته کرمانجی ژووروو و وه‌شانێن
"ژینانوو" له ساڵی 1986دا، له ئوپسالا(سوێد) چاپی کردووه. چیرۆکی
"پێشمه‌رگه"ی "ڕه‌حیمی قازی"، کراوه به کرمانجی ژووروو.
"مه‌هاباد کوردی" زۆرجاران نووسینی کرمانجی ژووروو ده‌کاته سۆرانی. ئه‌مانه
چه‌ند نموونه‌یه‌کی زۆر که‌من و ده‌یان شتی له‌و جۆره کراون و ده‌کرێن و گه‌له‌ک
له برهویشدان.
[8] ساڵی
1988 کتێبۆکه‌یه‌کی سوێدیم به نێوی"کورد گه‌لێکی بێ وڵات"، وه‌رگێڕایه
سه‌ر زمانی کوردی و له 1994دا، چاپ بوو. یه‌کێک له‌وانه‌ی، که دیتبوویان گوتبووی
ئه‌مه کۆنه، که‌ی ئێستا باوی وه‌رگێڕانی شتی وایه!
[11]ساڵی 1988 و 1989 له یه‌کێک له خوێندنگه ئاماده‌ییه‌کانی ستۆکهۆڵم، ده‌رسی
زمانی کوردیم ده‌گوته‌وه. پۆلێکم هه‌بوو، بریتی بوو له شه‌ش حه‌فت خوێندکار، که
له ساڵانی کۆتایی ئاماده‌ییدا بوون، واته: پۆلی یازده‌یه‌م و دوازده‌یه‌م و ئه‌وانه
بوون. له ده‌قێکدا، که ڕۆژێک له‌به‌ر ده‌ستماندا بوو و ده‌مانخوێند، باسی
"شۆڕشی ئهیلوول" هاته گۆڕێ. لێم پرسین، ئایا ده‌زانن "شۆڕشی ئهیلوول"
چییه! گوتیان: ئه‌م شۆڕشه‌یه، که ئێستا له کوردستان هه‌یه و له دوای
"ئاشبه‌تاڵ"ی "مه‌لا مسته‌فا" ده‌ستی پێ کردووه. بێگومان ئه‌وه
ته‌نێ قسه‌ی خۆیان نه‌بوو و ئه‌و لاوه حه‌ڤده هه‌ژده ساڵانانه، ئه‌وه شێوه‌ی
بیرکردنه‌وه و په‌روه‌رده و بۆچوونی ماڵه‌وه‌یان بوو و وه‌ها فێر کرابوون، که
ئه‌وه‌ی تا پێش ئه‌و مێژووه‌ی 1975 – هه‌ره‌س- کراوه به هیچی دانه‌نێن و هێڵی چه‌پ
و ڕاستی به‌سه‌ردا بهێنن. واته: مێژوویان به هه‌ڵه فێر کرابوو و سه‌ریان لێ
شێوێنرابوو. یه‌کێک له‌و "زۆر ڕۆشنبیر"انه‌ی، که کاتی خۆی یه‌کێک بووه
له ئه‌ندامانی کۆڕی مورید و شاگردانی سیاسهتچییهکی کورد و زۆریش جێ هیوای
مورشیدهکهی بووه، له دانیشتنێکدا جارێکیان فه‌رمووبووی، مێژووی کورد له 1976ه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات!
بێگومان ئه‌مه‌ش ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی،
ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی ئه‌و "زۆر ڕۆشنبیره" ده‌روێشیان بوو، له‌و
کاته‌وه که‌وتبوونه چیا و دژی حوکوومه‌تی عیراق جه‌نگابوون. خۆ مێژووی ساڵانی
پێش ئه‌و ساڵه‌شیان له که‌س شاراوه نییه. ئایا له‌کن چ خه‌ڵک و گه‌ل و نه‌ته‌وه
و کۆمه‌ڵێکی ئه‌م جیهانه، ته‌سکبینی و که‌مئاوه‌زی و هۆشکولی ده‌گاته ئه‌م ڕاده‌یه!
[14] خودا خێری بیریاری مه‌زن
مامۆستا "مه‌سعوود موحه‌ممه‌د" و دۆکتۆر "که‌مال مه‌زهه‌ر ئه‌حمه‌د"
بنووسێت، که یه‌که‌میان "مه‌لای خه‌تێ" و دووه‌میان "موشیری حه‌مه‌ی
سلێمان"یان له گوناه و تاوان پاک کرده‌وه و "ردالإعتبار"یان بۆ
کردنه‌وه.