ئاڵۆش
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
گیزه‌ی گولله، بێده‌نگی و کپی و ئارامی و مه‌نگیی شه‌وی ده‌شڵه‌قاند. ڕاپه‌ڕیم و یه‌کسه‌ر په‌لاماری تفه‌نگه‌که‌م دا. ده‌ی خودایه ئه‌وان بن و گه‌مارۆیان دابین.. به‌بێ سێ‌ودوو و یه‌کڕاست خۆم ده‌ده‌م به ده‌سته‌وه... بۆ کێی بکه‌م!...له پێناوی چیدا! چیم پێ ده‌ڵین! چ ناوێکم لێده‌نێن بابینێن...ئه‌وپه‌ڕی بڵێن..خوێڕی بوو و خۆی دا به ده‌سته‌وه. .ئێره و ئه‌وێ، ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر بۆ من چ جیاوازییه‌کیان هه‌یه!..بۆ خۆم بده‌م به کوشت..کێ منه‌تم لێ ده‌زانێت..سبه‌ی بشکوژرێم، وه‌ک تڕی بنگۆم ده‌ڕۆم..کهلاکهکهم فڕێده‌ده‌نه دۆڵێکه‌وه و داڵ ده‌مخوات یا ئه‌گه‌ر زۆر ڕێزم لێ‌بگرن ده‌مبه‌نه‌وه بۆ ماڵ و له‌وێش ده‌بیته قوڕپێوان و فه‌رته‌نه...جا وه‌ره به‌و شێوه‌یه بمره، توخوا ئه‌وه که‌رایه‌تی نییه مرۆڤ بۆ ئه‌مانه خۆی به کوشت بدا! خۆ هیچ نه‌بێ هه‌ڵاتنه‌که له‌و دڵه‌ڕاوکێ و خۆخواردنه‌وه‌یه ڕزگارم ده‌کات و بۆ خۆم درێژه به ژیانی خۆم ده‌ده‌م..من هه‌رگیز لاریم له‌وه نییه، که مردن به ده‌ست مرۆڤ نییه و به ده‌ست خودایه و نه شه‌رمی هه‌یه و نه پرس ده‌کات و که‌نگێ هات دێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ی من ده‌یکه‌م مردنم بڕێک دوور ده‌خاته‌وه و درێژه ده‌دا به ژیانم، هه‌ر هیچ نه‌بێ تارمایی مردن بۆ تاوێکیش بێت دهڕهتێنم..له‌و بڕوایه‌دام عه‌دنانیش وه‌ک من ده‌کات، ئه‌گه‌ر له سه‌ر به‌ڵێنه‌که‌ی خۆی مابێت.. ئه‌و تۆزێک حولحولییه.. له‌مێژ بوو باسی ئه‌وه‌مان کردبوو...ئه‌و ده‌یگوت ئه‌مه بیرێکی شێتانه‌یه، ئه‌مه گه‌وجییه، له‌م بیرانه وازبێنه و هه‌موو ماوه‌یه‌کی که‌ممان ماوه و ئیدی به‌ره‌ڵڵا ده‌بین... تۆ ده‌گه‌ڕێیته‌وه سه‌ر کاره‌که‌ت و له پشتی مێزه‌که‌ته‌وه داده‌نیشیت و سه‌رگه‌رمی فۆرم پڕکردنه‌وه و کاغه‌زه‌کانت ده‌بێت و به فشه و گاڵته ڕۆژه‌کانت ده‌به‌یته سه‌ر و شه‌وانیش له ماڵه‌وه و خه‌وێکی قووڵ و خۆشی ئامێزیکی گه‌رم و خه‌ونێکی په‌مه‌یی پڕ له هیوا و بۆنی شه‌وبۆ، یا چاره‌که عه‌ره‌قه‌که‌ی بۆ فڕ ده‌که‌یت و سه‌ری خۆت ده‌که‌یت به ژێری له‌شته‌وه و ده‌رگا له سه‌ر هه‌موو ڕووداو و ڕابوردوو و داهاتوو و جووڵه و ده‌نگ و ورته و بیرکردنه‌وه و کێشه‌کان داده‌خه‌یت ...چیت نه‌کراوه، دنیا به گونت...منیش دارتاشییه‌که‌ی خۆم ده‌که‌م...به خودای شا به سه‌پان ده‌زانم...ئه‌وجا وه‌ره سه‌رم لێ بده و وێکڕا ده‌چینه گه‌ڕان و خۆشی ده‌گوزه‌رێنین و ئه‌م ڕۆژانه‌ش هه‌موو ده‌بنه یادگاری و له سه‌ر مێزی خواردنه‌وه داده‌نیشین و به لاقرتێ و چه‌قه‌نه و گاڵته‌وه باسیان ده‌که‌ین.
له سه‌ربانی ڕهبییهکه، که ناوم نابوو "کونه سه‌گ" و ئه‌گه‌ر تۆزێک به ڕێزه‌وه باسم بکردایه ده‌مکرده"کونه‌گورگ"، خۆم هه‌ڵدایه خوارێ و هه‌رکه‌سه‌و له ئاستی خۆی و به هه‌ر چوار لادا ده‌ستی به ته‌قه‌کردن کرد، هه‌موو ئه‌وانی دیکه‌ش دابه‌زیبوون و له ده‌وری عادیل خڕبووبوونه‌وه. عادیلیش له سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت پاڵکه‌وتبوو...هاواری ده‌کرد...ده‌یبۆڕاند و ده‌ستی به لاقییه‌وه گرتبوو، خوێن له لاقیڕا فیچقه‌ی ده‌کرد و به سه‌ر زه‌وییه‌که‌دا ده‌چۆڕا و قه‌تیس ده‌ما.
عه‌ریف یاسین و ئه‌بو بوشرا، شڵه‌ژابوون و به‌و ناوه‌دا ده‌هاتن و ده‌چوون و فه‌رمانیان ده‌رده‌کرد بۆ کوڕه‌کان، که چی بکه‌ن و چی نه‌که‌ن. یاسین، به ڕۆژدا هه‌ر که کاری نه‌بووایه، له سه‌ر ته‌خته‌که‌ی پاڵ ده‌که‌وت و سمێڵه زه‌رده سوورباوه درێژه‌که‌ی، که به‌ره‌و سه‌رگۆنا و به‌ره‌و لای گوێی درێژبووبووه، باده‌دا و به مووکێشیک ڕاوه زێدهمووی ده‌مووچاوی ده‌کرد. ئه‌و هێنده خجڵی سه‌روسه‌کوتی خۆی بوو، هینده به کاره‌که‌یه‌وه خه‌ریک نه‌بوو، وا خۆی ده‌ڕازانده‌وه، هه‌ر ده‌تگوت ها ئێستا ها که‌مێکی تر بووکی بۆ داده‌به‌زێنن. خۆی و ئه‌بو بوشرا هه‌ریه‌که‌و هه‌نبانه‌ی فشه و درۆی ده‌کرده‌وه و ههڵیاندهڕشت..کێ ده‌یوێرا بڵی کوڕه به‌خودای وانییه و ئێوه ڕاست ناکه‌ن. هه‌ریه‌کێک له‌وانه بۆ خۆی عفریتێک بوو.
حه‌سه‌ن بێته‌له‌که‌ی کردبووه‌وه و به ده‌نگی به‌رز هاواری ده‌کرد:"سه‌ربازی ژماره 37281، عادیل جاسم موحه‌ممه‌د، چه‌ند گولله‌یه‌ک به‌ر لاقی چه‌پی که‌وتوو و خوێنێکی زۆری لێ ده‌ڕوات...چاوه‌ڕوانی ئه‌مبۆڵانس ده‌بین و له هه‌موو شتێکی نوێ ئاگادارتان ده‌که‌ینه‌وه".
مه‌نسوور له لای سه‌ری عادیله‌وه دانیشتبوو و ده‌یلاوانده‌وه.
حامید، جامانه‌یه‌کی به لاقی عادیله‌وه پێچابوو و خێرا خێرا خوێنه‌که‌ی ده‌سڕی. هه‌رکه‌سه‌و له دڵی خۆیدا ڕابوردووی خۆی ده‌هێنایه‌وه یاد و کاوێژی ده‌کرده‌وه...
کوڕه قه‌ت له‌وه هاسانتر نییه...ئه‌وه‌تا به‌رانبه‌رمانه و یه‌ک سه‌عاته ڕێگه نابێت...سبه‌ینێ زوو له‌گه‌ڵ شیڕه‌ی مهلاژندا هه‌ڵده‌ستین، خۆمان ساز ده‌که‌ین، فیشه‌ک و تفه‌نگه‌کانمان هه‌ڵده‌گرین، ده‌رپێ و فانیله سپییه‌کانمان به لووله‌ی تفهنگهکانمانهوه ده‌به‌ستین و ڕاست شۆڕ ده‌بینه‌وه و ڕوو ده‌که‌ینه ئه‌وێ...ئه‌وانیش که له دوورڕا ده‌مانبینن ده‌زانن ئاڵای سپیمان هه‌ڵکردووه..واته: خۆ به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ین، ئه‌مه‌یان بێ قڕه‌وبڕه، ئه‌گه‌ریش حه‌زت له به‌زم و گۆڵمه‌ز و هه‌رایه، ئه‌وا تۆ دیکتاریۆفت هه‌یه و چه‌ند نارنجۆکێکیش هه‌ڵده‌گرین...له کاتێکدا، که هه‌موو له شێرینی خه‌ودان، دوو نارنجۆک ده‌ته‌قێنینه‌وه و فڕێیان ده‌ده‌ینه نێوهندیانهوه و تۆش به دیکتاریۆفهکهت ده‌رکه‌ی رهبییهکه ده‌گریت و تاقیان لێ ده‌بڕی و ئه‌وانه‌یشیان، که له سه‌ربانێ ده‌نوون، که‌من، لێیانگه‌ڕێ بۆ من، ئیدی چی ده‌مێنێته‌وه، ته‌نێ هێستره‌که...ئه‌وده‌م ئێمه ده‌ستمان به سه‌ر ئه‌ودا ده‌ڕوا...به‌ره‌ڵڵای ده‌که‌ین و گه‌ردنی سه‌د جار ئازاد ده‌که‌ین و ئازادی ده‌ده‌ینێ و با بۆ خۆی بۆ هه‌رکوێیه‌ک ده‌ڕوا بڕوا..خۆ ئه‌و هه‌رگیز پێویستی به پاسپۆرت و مۆڵه‌تی په‌ڕینه‌وه‌ی سنوور و ئه‌و به‌زمانه نییه..خۆزگه ئێمه‌ش هیستر ده‌بووین..سه‌گ ده‌بووین یا هه‌ر ئاژه‌ڵێکی دیکه ده‌بووین بۆ ئه‌وه‌ی بمانتونیبا سنوور ببه‌زێنین و که‌س داوای هیچمان لێ نه‌کات...ئێستاش سنوورمان پێ ده‌به‌زێنرێ، به‌ڵام تۆی، قایل نابیت و منیش به ته‌نیا پێم ئاسان نییه..وا چاکه دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و نه‌خشه‌یه، چاوه‌ڕوانی هێستره‌که بکه‌ین بزانین چ هه‌نگاوێک ده‌نێ، جا که هێستره سوور ئۆغری کرد و ڕۆیشت..خۆیشمان ڕووده‌که‌ینه ئه‌ودیو.
عه‌دنان، ملی نه‌ده‌دا و هه‌ر خه‌ونی به ژیان و شاره‌که‌یه‌وه ده‌بینی و هه‌ر بیری بۆ دارتاشخانهکه و ژووری بنه‌وه‌ی دارتاشخانهکه ده‌چوو.
سه‌دان پرسیار له ڕوومه‌تی کوڕه‌کاندا ده‌خوێنرایه‌وه، که‌ی نۆره‌ی ئێمه‌ش دێ؟ بۆ؟ چۆن گه‌یشتنه ئێره و چی‌یان به‌سه‌ر هات؟ ده‌بێ ئه‌م عادیله خێرله‌خۆنه‌دیوه چی به‌سه‌ر بێ؟
چی به‌سه‌ر دێ، ئه‌وپه‌ڕی ئه‌گه‌ر لاقی تیمار نه‌کرێت و زۆر خه‌ته‌ر بێت، ڕه‌نگه بیبڕنه‌وه...جا چ قه‌یدی هه‌یه...خۆ مرۆڤ به تاقه لاقێک نامرێت..کوڕه مردنی چی، من ئێستاش عومه‌رم له بیره به یه‌ک لاق و دارشه‌قێکه‌وه ڕێی له ڕێبوار بڕیبوو، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، ئه‌و ده‌یه‌ویست سه‌رمایه‌داری بڕووخێنێت و ده‌ره‌به‌گ و بۆرژوازی هه‌موو جیهانیش قهلهپاچه بکات. ئه‌م ئه‌وه‌ی نه‌گه‌ره‌که، به‌ڵام هه‌ر هیج نه‌بێ، بۆ خۆی له‌م سهگمهرگییه ڕزگاری ده‌بێ، کێ ده‌ڵێ ڕزگاری ده‌بێ، ڕه‌نگه له‌م کونهسهگه نا له کونهسهگێکی تر دایبنێن و پیازی پێ پاک بکه‌ن، به‌ڵێ پیاز، پیاز زۆر پێویسته، چونکه جموجووڵی خوێن زیاد ده‌کات و هێز ده‌داته له‌ش...زۆر باشه، که هێز بداته له‌ش، وزه و گورجوگۆڵیی مرۆڤ زیاد ده‌کات، ئه‌وده‌می ئاره‌زووی سێکسیش لای مرۆڤ زیاد ده‌کات و پیاو ده‌بێته نێره‌که‌ره سه‌ڵته‌نه‌ی مه‌تره‌قی و وانێکه‌که‌ی ڕه‌پ ده‌بێ و ده‌یدات به شاندا، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیاز وه‌ها کارێک ده‌کات، نانه‌که کافووری تێده‌کرێ و ڕه‌پ سیس ده‌بێته‌وه و وانێک مل شۆڕده‌کاته‌وه و پیاو ده‌بێته ماکه‌ری ئابڵاخ و له باشترین حاڵیش‌دا ماکه‌ری حه‌ڵه‌ب. عادیل پیاز پاک بکات یا نه‌کات شتێک له مه‌سه‌له‌که ناگۆڕێ!
عادیل هه‌ر هاواری ده‌کرد و باوکه‌ڕۆ و دایکهڕۆی بوو...فرمێسک وه‌ک بارانی به‌هار به چاوه‌کانیدا ده‌هاتنه خوارێ. جا بۆ ده‌ڵێن پیاو نابێ بگری! ئه‌وه‌نییه ئه‌مه پیاوه و ده‌شگری! تۆ بڵێی گریان ته‌نێ بۆ ژن بێت! وا ده‌ڵێن، به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر وابێ ده‌بێ منداڵی نێرینه هه‌ر له منداڵی‌ڕا فرمێسک له چاوی نه‌یه‌ته خوارێ و نه‌گری، درۆیه و هیج بنه‌مایه‌کی نییه، من بۆ خۆم هه‌زاران جار گریاوم، سهدانیشم بینیوه کۆڵێک گه‌وره بوون و هه‌ر زۆر به ئاشکرا و به ده‌نگیی به‌رز گریاون.
به‌و شه‌وه ئه‌و ده‌شته مه‌نگه درایه به‌ر ده‌ستڕێژ و شریخه و قرمه‌ی گولله ده‌گه‌یشته باڵاترین نهۆمه‌کانی ئاسمان و فه‌له‌ک. هه‌موو هه‌ر هه‌موو چاوه‌ڕوانی ته‌قه‌ی ئه‌وان بووین، به‌ڵام هیج نه‌بوو و هه‌ر بۆ دڵخۆشیش یه‌ک ته‌قه به ڕووماندا نه‌کرا. هه‌موو ڕه‌نگ بزڕکاو، په‌شۆکاو، شڵه‌ژاو. ئاخ بابه‌گیان، وای دایهگیانی عادیلیش هه‌ر ده‌هاته به‌رگوێ و که‌م نه‌ده‌بووه‌وه.
ده‌نگی مڵچه‌ی ده‌م و زمان ده‌هات. هه‌رسێ بێچووه پشیله‌کان، که عه‌بباس کاتی خۆی هێنابوونی بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک هاوده‌م و ئاوه‌دانییه‌ک له کونهسهگهکهدا بژین و بۆ ئه‌وه‌ی کونهسهگهکه له ماڵ و جێژیانیی مرۆڤ بچێت، به خشکه‌یی خۆیان گه‌یاندبووه لاقه خوێناوییه‌که‌ی عادیل و لێی گردبووبوونه‌وه و جوان جوان بۆیان ده‌لسته‌وه و خوێن به لالێو و کاجێڕهیاندا ده‌هاته خوارێ. هه‌موو سه‌ر و چاویان له خوێن ههڵسووبوو، زۆر به تام و چێژه‌وه زمانیان به‌ملاو به‌ولای ده‌میاندا باده‌دا، خودا نه‌کا ده‌نگێک و میاوێکیان لێوه بێت، مڕ بووبوون، هه‌ر ده‌تگوت جێژن و ئاهه‌نگه و هه‌رسێکه‌یان بانگکراون و خوانی خوێنیان بۆ ڕازێنراوه‌ته‌وه.
موحسین به ده‌ستی ڕاستی ملی یه‌کێکیانی گرت و به ده‌ستی چه‌پی ملی یه‌کێکی دیکه‌یانی گرت و تا هێزی تێدا بوو به‌ره‌و خوار هاوێشتنیه دۆڵه‌که‌وه و گه‌ڕایه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی سێیه‌میان و به ده‌ستی ڕاستی ملی گرت و به‌رزی کرده‌وه و وه‌ک له سێداره‌ی بدا، له‌گه‌ڵ تووڕدانیدا بۆ خواره‌وه گوتی: "هێشتاکه زیندووین ئاوها ده‌مانخۆن و خوێنمان ده‌مژن، ده‌ی که مردین ده‌بێ چۆنمان تێبه‌ربن، وا پێش ئه‌وه‌ی ئێوه تێمانبهربن، من له سێداره‌تان ده‌ده‌م و ئاوهاتان لێده‌که‌م".
وه‌ک ئه‌وه‌ی موحسین ده‌ستی له گه‌رووی من گیر کردبێ، خه‌ریک بوو بتاسێم. عه‌بباسیش دوو فرمێسک به هه‌ردوو چاویدا هاتنه خوارێ، هه‌موو سه‌رسام و مات و کڕ و بێده‌نگ دهماننۆڕییه موحسین. له ڕاستیدا ئه‌وان، بێچوه پشیله‌کان، نۆره‌ی په‌رستارێکیان ده‌دی، به‌ڵام ئێمه لێیان تێنه‌ده‌گه‌یشتین و به‌های کارهکهیانمان نه‌ده‌زانی.
ئیسعافه‌که له خوارێی شاخه‌که‌وه چاوه‌ڕوان بوو، ئه‌ملاو و ئه‌ولای عادیل ماچ کرا و گه‌ردن ئازادی و خوداحافیزی لێ‌کرا و یه‌که‌م هه‌نگاو و یه‌که‌م ساتی لێک‌دابڕان ده‌ستیپێکرد. یه‌کێک گوتی:"بۆ خۆی ڕزگاری بوو! خۆزگه‌م به خۆی".
ده‌مم به په‌ناگوێی عه‌دنانه‌وه نا و به چپه پێم گوت:"ده‌ی ئێمه که‌ی خۆمان ڕزگار بکه‌ین و بچینه ئه‌وبه‌ر؟ وا چاکه تا ده‌رپێ و فانیلهکانمان ڕه‌نگیان سپییه و بۆر و قاوه‌یی هه‌ڵنه‌گه‌ڕاون، بڕۆین، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وجا بێچووه پشیله‌کان، که ئه‌وده‌م گه‌وره‌تریشن، دێنه‌وه بۆ ئێمه‌ش".
عه‌دنان سه‌رێکی بادا و گوتی:"هه‌ناء چۆن به جێ ده‌هێڵم، چۆن دڵم دێت به‌جێی بهێڵم، هه‌موو شت به قوربانی ده‌ست له ملانێیه‌کی ههنائی نیوه‌ڕوانێکی گه‌رمی ژووری بنه‌وه‌ی دارتاشخانهکهم ده‌که‌م".
داری دێوان / ته‌ممووزی 1980