گاڵته‌جاڕیی هه‌ڵبژاردن
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
بڕواناکه‌م هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه و خه‌ڵکێکی ئه‌م جیهانه
هێنده‌ی کورد، خۆشباوه‌ڕ و بیرکول و هه‌ڵقون بێت. تۆ ته‌ماشای ئه‌و شه‌قام و کۆڵان
و مه‌یدانانه‌ی شار و شارۆکه‌کانی باشووری
کوردستان بکه، ده‌ڵێی ڕۆژی حه‌شره! په‌ڕۆ و ڕه‌نگ و ئاڵا، چاوی مرۆڤ ده‌ردێنن و
هاوار و قیژه و نه‌ڕه‌نه‌ڕ، گوێی مرۆڤ که‌ڕ ده‌که‌ن، دیاره من له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه
ده‌یبینم، خودا بۆ خۆی به‌زه‌یی به‌و خه‌ڵکه‌ی ئه‌و وڵاته‌دا بێته‌وه. چییه!
دیسان هه‌ڵبژاردنه. هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک، حیزب و ڕێکخراوه سیاسییه‌کان و که‌سانێک،
که شه‌یدای کورسیین، ئه‌م شایلۆغانه ساز ده‌که‌ن و ماوه‌ی چه‌ند حه‌فته‌یه‌ک ئه‌و
خه‌ڵکه تووشی سه‌رێشه و گێژووێژی ده‌که‌ن. درۆیان لێ ده‌که‌ن به ڕاست، دنیایان
بۆ ده‌که‌نه به‌هه‌شت و دز و ساخته‌کار و پاشه‌ڵپیسیان لێ ده‌که‌ن به ده‌ستپاک و
فریشته. به‌ڵێنیان ده‌ده‌نێ به بار و به ته‌غار. که‌رکووک و خانه‌قین و مه‌نده‌لی
و شنگال و ...ده‌گێڕنه‌وه سه‌ر کوردستان و برسی تێر ده‌که‌ن و گه‌نده‌ڵی بنبڕ ده‌که‌ن
و نه‌خۆش تیمار ده‌که‌ن و هه‌ژار ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن و وشکه‌ساڵی ده‌ته‌ڕه‌ساڵێنن
و چی ده‌که‌ن و چی ده‌که‌ن...هه‌ندێ جار ئه‌م به‌زمه بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی
کوردستان و هه‌ندێ جار بۆ په‌رله‌مانی
عیراق و ماوه‌یه‌کی دیکه بۆ به‌زمێکی تری
ده‌که‌ن. ئێستا بۆ عیراقه، ئه‌و خه‌ڵکه، ژن و پیاو و خۆر‌ت و زارۆک، هه‌ڵده‌په‌ڕن
و نیوه‌ی له‌شیان له ماشێنه‌وه ده‌به‌نه ده‌رێ و په‌ڕۆ، په‌ڕۆی زه‌رد، په‌ڕۆی
که‌سک، په‌ڕۆی که‌وه(شینی تۆخ/ نیلی) و ده‌یان ڕه‌نگی دیکه...ڕاده‌وه‌شێنن و هاوار
ده‌که‌ن، هه‌ر ده‌ڵێی ده‌روێشی ڕیفاعی و که‌سنه‌زانن. هه‌مووان ته‌نیا خۆیان ده‌بینن
و ڕه‌نگه‌کانی خۆیان له‌کن تۆخ و تۆختر ده‌بێته‌وه و ڕه‌نگه‌کانی ئه‌وانی دیکه‌شیان
له‌کن کاڵ و کاڵتر ده‌بێته‌وه. دیسان هه‌ڵبژاردنه...
په‌رله‌مان و دیموکراتیی په‌رله‌مانی، گاڵته‌جاڕییه‌که
له‌و گۆڕه‌ی. ترۆپکی گاڵته‌جاڕییه‌که‌ش، هه‌ڵبژاردنه، ئه‌و شانۆییه‌ی، که خه‌ڵک
تێیدا ده‌کرێنه ئه‌کته‌ر و لێبووک و هه‌ڵده‌په‌ڕێنرێن. هه‌ڵبژاردن وازییه و
چاوبه‌ستن و پێکه‌نینه به ڕدێنی خه‌ڵک. هه‌ڵبژاردن، ڕێگه‌دانه به چه‌ند که‌سێک،
که به ناوی نوێنه‌رایه‌تی و گه‌له‌وه خه‌ڵک بڕووتێننه‌وه. په‌رله‌مان کارگه‌ی
دروستکردن و پێگه‌یاندنی کۆمه‌ڵێک مشه‌خۆره، که هه‌ریه‌که‌و مانگانه چه‌ندهه‌زار
دۆلاریک وه‌رده‌گرێت و خانوو و ماڵ و ماشێن و پاسه‌وان و شۆفێر و نۆکه‌ر و ده‌یان
تایبه‌تمه‌ندیی دیکه‌ی بۆ دابین ده‌کرێن و که چوار ساڵه‌که‌یش ته‌واو ده‌کات، به
چه‌ندهه‌زار دۆلارێک خانه‌نشین ده‌کرێ، که ئه‌مه‌یان له هیچ وڵاتێکی جیهاندا
نموونه‌ی نییه ته‌نێ له کوردستان و عیراق نه‌بێت. ئه‌و دوو وڵاته‌ی، ده‌سه‌ڵاتدارانی
به هیچ شتێک تێر نابن و ئه‌گه‌ر پێیان بکرێ هه‌موو تاکێکی دانیشتووانیان ڕووت ده‌که‌نه‌وه.
کورد له‌م هه‌موو خۆشه‌که‌تکردن و ژاوه‌ژاوه‌دا ئه‌گه‌ر
به ده‌نگدان هه‌ندێک له‌و مشه‌خۆرانه بگه‌یه‌نێته په‌رله‌مانی به‌غدا، ئه‌وا له
باشترین حاڵ‌دا، هه‌ر وه‌ک جاران ده‌وروبه‌ری په‌نجا که‌سێک بخاته سه‌ر ته‌خت. له
کۆی 325 ئه‌ندام په‌رله‌مانی به‌غدا، ئه‌گه‌ر 50 ئه‌ندامی نوێنه‌ری کوردستان بن،
ئه‌گه‌ر بگه‌نه 60یش و ئه‌گه‌ر کوردستان بیشیگه‌یه‌نێته
150 نوێنه‌ریش، که هه‌رگیز نایگه‌یه‌نێت، ئه‌وا کورد هێشتا هه‌ر که‌مینه‌یه و به‌رانبه‌ر
175 ئه‌ندامه‌که‌ی دی هیچی پێ ناکرێ و خه‌ونی گێڕانه‌وه‌ی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره
دابڕاوه‌کانی کوردستان"به قانوون"، وه‌ک هه‌ندێک سیاسه‌تکار و پاشکۆی
سیاسه‌تکار و نووسه‌ر و ڕووناکبیرانی مشه‌خۆر و فیلۆسۆفانی کورد خه‌ونی پێوه ده‌بینن،
هه‌رگیز نایه‌ته دی!
دوای 14ی ته‌ممووزی 1958 و گۆڕینی ڕێژیمی شافه‌یسه‌ڵ بۆ
کۆماریی عه‌بدولکه‌ریم قاسم، مامۆستا هه‌ژار(هه‌ژاری موکریانی) له سووریاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه
عیراق و له به‌غدا ده‌بێ. پێی ده‌ڵێن که مامۆستا گۆران(گۆرانی شاعیر) له به‌غدایه
و ئه‌ویش که هه‌ر دووراودوور ئاشنای گۆران ده‌بێ، ده‌چێته دیده‌نی. مامۆستا هه‌ژار
ده‌ڵێ:"چوومه زیاره‌تی له ئوتێل سیروان. فه‌رمووی: هه‌ژار! جار-جار دڵ خه‌به‌ر
ده‌دا. وا کۆمه‌ڵی نووسه‌ران و شاعیران دامه‌زراوه، سه‌د و په‌نجا ئه‌ندامن.
داوام کردووه ناوی تۆش نووسراوه. هه‌ر چه‌ند گوتیان که‌س نازانێ له کوێیه،
تازه نایه‌ته‌وه، ده‌دڵم چه‌قیبوو دێیه‌وه. دڵم خۆشه که ناوت نووسرا. –
مامۆستا سوپاست ده‌که‌م، به‌ڵام نایکه‌م. – چۆن ئه‌و شانازیه قبووڵ ناکه‌ی؟ -
قوربان! چیرۆکمان چیرۆکی موسوڵمانانی هینده: به‌وپه‌ڕی ئازادیش ڕه‌ئی بده‌ن، هه‌ر
که‌مایه‌تین. پاکستان بۆیه دروست بوو...نۆ کورد ده‌گه‌ڵ سه‌دوچل عه‌ره‌ب چۆن ده‌ربه‌رێ؟!
"[1].
دیموکراتیی په‌رله‌مانی به هۆی ده‌ستدرێژی و ده‌ستڕۆیشتوویی
و زاڵبوونی ئابووری و فه‌رهه‌نگی و سیاسی ڕۆژاواوه(ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا و..)
بووه‌ته تاکه شێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانیی و بووه‌ته نموونه‌یه‌ک، که ته‌نانه‌ت
خه‌ڵکی وڵاتانی دیکه‌ی ده‌رێی ئه‌و بازنه‌یه‌ی ئه‌وانیش چاوی لێ بکه‌ن و به
پیرۆزی بزانن. به گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی په‌یدابوونی دیموکراتی، مرۆڤ ده‌گاته ئه‌و
ئه‌نجامه‌ی، که دیموکراتی به شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی تاکه‌که‌سێک وه‌ک نوێنه‌ری سه‌دهه‌زار
که‌س، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێستای عیراق یا هه‌ر ڕێژه‌یه‌کی دیکه، له ده‌سپێکدا نه‌بووه
و ته‌نیا دیموکراتییه‌ک، که هه‌بووه، دیموکراتیی ڕاسته‌وخۆ بووه. خه‌ڵک بۆ خۆی
ده‌نگی له‌سه‌ر هه‌موو بڕیارێک داوه و خه‌ڵک ده‌مه‌ته‌قه و گوتوبێژ و مشتومڕی له‌سه‌ر
هه‌موو شتێک کردووه. ئه‌م جۆره دیموکراتییه له مێژووی فه‌رمانڕه‌وایی
ئیسلامیشدا له سه‌رده‌می په‌یامبه‌ر و خه‌لیفه‌کانیشیدا هه‌بووه و له فه‌رهه‌نگی
وڵاتی کوردستانیشه‌وه دوور نه‌بووه و نییه.
دیموکراتیی ڕۆژاوایی ئه‌مڕۆ له سه‌دان وڵات‌دا پێڕۆ ده‌کرێ.
له 1992یشه‌وه کورد خاوه‌نی په‌رله‌مانه و له عیراقی پاش به‌عسیش، به دیتنی
سیاسه‌تکارانی ئه‌و وڵاته و کوردانیش، هه‌ڵبژاردنی ئازاد ده‌کرێ و په‌رله‌مان هه‌یه،
ئایا په‌رله‌مان چ کێشه‌یه‌کی چاره‌سه‌ر کردووه، ئه‌گه‌ر قووڵتر و سه‌ختتری نه‌کردبێ!
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یش وه‌ک هه‌موو هه‌ڵبژادنێکی دیکه‌ی
جیهان، سه‌رخستنی چه‌ند گه‌مژه و مشه‌خۆرێکه بۆ ئه‌وه‌ی سواری سه‌ری خه‌ڵک بن و
به سه‌ر خه‌ڵکه‌وه بله‌وه‌ڕێن و پتر ورگ زل بکه‌ن.
ده‌ردی گه‌لی کوردستان،
هه‌ر ئه‌و ده‌رده‌ی موسوڵمانانی هیندوستان و پاکستانی پێش ساڵانی 1947 ه‌و هه‌ر ئه‌و
ده‌رده‌ی خوارووی سوودان، ئایرلاندی باکوور، باسک، فلستین، به‌لووچستان و زۆری
دیکه‌ی وه‌ک ئه‌و گه‌له بێ ده‌وڵه‌تانه‌یه، نه په‌ڕۆی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و نه قیژه
و هه‌را و زه‌نا و نه خۆبادان و سه‌رده‌رکردن له ماشێنه‌وه و نه په‌رله‌مان و
نه به‌غدا و ئه‌نقه‌ره و تاران و ئیسته‌نبووڵ و نه دیموکراتیی په‌رله‌مانی،
هیچیان چاره‌ی ده‌رده‌که‌ی ناکه‌ن.
24-2-2010