پاریسی گڕگرتوو
و کوردستانی خامۆش
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
وا بۆ یازده ڕۆژ ده‌چێت لاوان و بیانییان و
بێکارانی گه‌ڕه‌که هه‌ژاره‌کانی پاریس، دژی ده‌سه‌ڵات و نایه‌کسانی و نادادی و بێ‌کاری
و ڕه‌گه‌زپه‌رستی و هه‌ڵاواردن و که‌نارخستن، ڕاپه‌ڕیون و جامی تووڕه‌یی خۆیان به
سه‌ر ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران و نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵده‌ڕێژن. ئه‌وانه‌ی
ڕاپه‌ڕیون، مێردمنداڵان و لاوانی وه‌چه و نه‌وه‌ی دووه‌م و سێیه‌می بیانیگه‌لێکن،
که باوک و دایک و باپیر و داپیریان، له وڵاتگه‌لی ژێرده‌سته‌ی فرانساوه هاتوون
و هه‌میشه وه‌ک نۆکه‌ر چاویان لێ کراوه و ڕه‌وتاریان له‌گه‌ڵ کراوه. ئێستایش نه‌وه‌کانی
ئه‌وان دوای نێزیکه‌ی یه‌ک سه‌ده هه‌ر به‌و چاوه ته‌ماشا ده‌کرێن و ڕه‌وتاریان له‌گه‌ڵ
ده‌کرێ. ڕه‌گه‌زپه‌رستان و سه‌رمایه‌دارانی بێ‌ویژدان، ئه‌وان به مرۆڤ نازانن و وه‌ک
ئامێرێکی کار و مشه‌خۆر لێیان ده‌نۆڕن. له 6ی دیسه‌مبه‌ری 1986، له یاخیبوونێکی
خوێندکاراندا، خوێندکارێکی ته‌مه‌ن 22 ساڵ به نێوی "مالیک ئوسه‌کین" له
لایه‌ن پۆلیسه‌وه کوژرا. مارییا شۆتینیووس(Maria Schottenius)، له گوتارێکیدا له ژێر سه‌ردێڕی پاریس ده‌سووتێ(Paris brinner) له ڕۆژنامه‌ی داگنس نویهێته‌ر(Dagens Nyheter)ی سوێدیدا، ده‌ڵێ:"له 1986دا، که یاخیبوونێکی
خوێندکاران ڕووی دا و که مالیک ئوسه‌کین له لایه‌ن پۆلیسه‌وه کوژرا، ئێمه له
پاریس ده‌ژیاین، یه‌کێک له هاوسێیه‌کانمان گوتی: ئه‌وه‌ی کوژرا خوێندکار نه‌بوو،
عه‌ره‌بێک بوو"[1]. ئه‌وه
"عه‌ره‌بێک بوو"ه، دوور له گیانی ئه‌و لاوه، ڕێک وه‌ک ئه‌وه وایه
باسی مردن، کوژران یا تۆپینی ئاژه‌ڵێک بکرێت. سووتاندنی ئۆتۆمبیل و په‌لاماردان و
هێرشکردنه سه‌ر فرۆشگه و کارگێڕییه حوکوومه‌تییه‌کان و ڕاونانی پۆلیس و ڕێپێوان
و خۆپێشاندان و هاتوهاوار و ده‌یان چالاکی دیکه، به‌شێکن له جۆره‌کانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵات، که یاخیبووانی پاریس ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. کوشتنی دوو مێردمنداڵی به ڕه‌گه‌ز
بیانی، توونسییه‌ک و یه‌کێکی خه‌ڵکی مالی، له لایه‌ن پۆلیسه‌وه و هه‌ر له‌خۆڕا و
بێ هیچ هۆیه‌ک، بوو به ده‌سپێکی پێکردنی بزیسکی ڕابوونه‌که و هاواری خه‌ڵکی تووڕه
بۆ له‌کارلابردنی، نیکۆلا سارکۆزی، وه‌زیری نێوخۆی فرانسا. هه‌رچه‌نده ده‌ستپێکردنی ڕووداوه‌کان
به‌و جۆره بوو، لێ له بنه‌ڕه‌تدا ڕه‌گه‌زپه‌رستی و بێ‌کاری و په‌راوێزاندن، هۆگه‌لی
سه‌ره‌کی ئه‌م یاخیبوونه‌ن و قه‌یرانی به‌رینبوونه‌وه‌ی جیاوازییه چینایه‌تییه‌کان
بنه‌مای یاخیبوونه‌که‌ن. له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌یه‌کی "نیکۆلا
سارکۆزی"ی وه‌زیری نێوخۆ و "دۆمینیک دوڤیلپا"ی سه‌رۆکی حوکوومه‌تی
فرانسا، ڕابوونه‌که پتر گه‌رم ده‌بێت و ته‌شه‌نه ده‌کات و وا بێجگه له پاریس،
باژێڕه‌کانی "تولوو" و "لییۆن" یشی گرتووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی له
پاریس ڕووده‌دات، تایبه‌تمه‌ندییه‌ک نییه، ته‌نێ پێوه‌ندی به پاریسه‌وه هه‌بێت،
به‌ڵکه ده‌نگی هه‌ژاران و په‌راوێزێنراوان و بێکاران و بیانییانه، دژی سه‌رمایه‌داری
و ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵات و ڕه‌گه‌زپه‌رستی. ده‌نگێک و تووڕه‌بوونێک و یاخیبوونێکه،
ده‌بێ هه‌موو فرانسا و له‌وێشه‌وه هه‌موو جیهان بته‌نێته‌وه.
که ئاوڕێک له مێژووی ئه‌م دوا دوو سێ سه‌ده‌یه‌ی وڵاتی فرانسا و گه‌لی
فرانسا ده‌ده‌یته‌وه، ئه‌وه‌ت بۆ ئاشکرا ده‌بێت، که وڵاتی فرانسا بێشه‌ی چه‌ندین
ڕابوون و یاخیبوون بووه و که گه‌لی فرانسا فره‌جار خه‌ڵکێکی پێشه‌نگ بوونه له
به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی نادادی و ناڕه‌وایی و سته‌مکاری و چه‌وساندنه‌وه و تووڕهه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵاتداری به‌دڕه‌وتار
و به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی ده‌مکوتکردن و چه‌پاندن. شۆڕشی فرانسای 1789-1799، که به
دروشمی "ئازادی، برایه‌تیی و یه‌کسانی"یه‌وه هاته مه‌یدان و کۆموونه‌ی
پاریسی نێوان مارس- مه‌ی 1871، که شۆڕشگێڕان ده‌ستیان به سه‌ر ده‌سه‌ڵات و کارگێڕیی
پاریس‌دا گرت و یاخیبوون و ڕاپه‌ڕینی خوێندکاران و لاوانی فرانسای 1968 و بڵندکردنه‌وه‌ی
دروشمی"ئازادی، یه‌کسانی و هاریکاری"، هه‌موو بوونه هۆی هه‌ڵته‌کاندنی کۆمه‌ڵگه‌ی
کۆنی فرانسا و گۆڕینی بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و کراوه و یه‌کسان و سروشبه‌خشی گیانی
شۆڕش و ڕابوون و یاخیبوونیش بۆ گه‌لانی دیکه‌ی سه‌ر گۆی زه‌وی. ئه‌گه‌ر ئه‌و یاخیبوون
و سه‌رهه‌ڵدانانه، خاڵگه‌لێکی مه‌زنی وه‌رچه‌رخان بن له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، ئه‌وا
فرانسا بێجگه له‌وانه‌ش هه‌میشه به‌خشه‌ری چه‌ندین تووڕه‌یی و ناڕه‌زایی و ڕاپه‌ڕین
بووه. یاخیبوونی وه‌رزێر و کارگه‌ر و شۆفێر و فرۆشیار و توێژ و پۆل و چینه‌کانی دیکه‌ی
کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و وڵاته و له سه‌رده‌مانێکی جیاوازدا و ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ی ئێستایش، نیشانه‌یه‌کی زه‌قی
زیندوویی گیانی یاخیبوونه له نێو وڵاتێکی زیندوو و گه‌لێکی زیندوودا. دیاره خاکی
به پیت، به‌روبوومی باش وه‌به‌رهه‌م دێنێت
و گه‌ل و خه‌ڵکی ئاگا، کرداری ئاگایانه‌یان لێ ده‌وه‌شێته‌وه. که چه‌وساوه و سته‌ملێکراو
هه‌ستیان به ده‌رده‌کانی خۆیان و سته‌ملێکراویی خۆیان کرد و پێیانیان زانی و هۆکاره‌کانیان
دۆزییه‌وه، ئه‌وده‌می ئیدی بۆ خۆیان تیماری ده‌رده‌کانی خۆیان ده‌که‌ن.
گه‌نده‌ڵی و دزی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی ناڕه‌وا
و هه‌رله‌خۆڕا و ڕووتاندنه‌وه‌ی وڵات و به‌شی خه‌ڵک خواردن و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه
له لایه‌ن به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رمایه‌دارانه‌وه له کوردستان، کاریگه‌رییه‌کی
ئه‌وتۆی کردووه‌ته سه‌ر خه‌ڵک، که ئه‌گه‌ر له ترسی له‌کارده‌رکردن و نانبڕین و
سزاداندا نه‌بێت، هه‌رگیز هیچ گوتوبێژێک و هیچ نێزیکایه‌تییه‌ک و هیچ پێوه‌ندێک له
نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکدا نییه. جیاوازیی چینایه‌تیی هه‌میشه له به‌رینبووندایه
و ژماره‌ی سه‌رمایه‌داری تێڕه و چاوچنۆکیش به‌رده‌وام له زیادبووندایه. مشه‌خۆرانی
بازاڕی فه‌رهه‌نگ و نووسین، که کاریان ته‌نێ ده‌هۆڵلێدانه بۆ ده‌سه‌ڵات و له‌وه‌ڕین
و خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و ده‌ستگرتنه به کڵاوی خۆیانه‌وه و کوێری و لاڵییه له
ئاست هه‌موو ناڕه‌وایی و گه‌نده‌ڵییه‌کان، ئه‌وانیش هه‌رگیز له که‌مبووندا نین، به‌ڵکه
به پێچه‌وانه‌وه و له سه‌ر حسێبی بێویژدانیی خۆیان، هه‌ر له زیادبووندان. ده‌سه‌ڵاتدارانی
کوردستان، به‌و سامان و پاره زۆره‌ی له ژێر ده‌ستیاندایه و ڕۆژ له دوای ڕۆژیش
له زیادبووندایه، کار بۆ چینی مشه‌خۆری سه‌رمایه‌دار ده‌که‌ن. ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌رمایه‌داری
لامژی کوردستان، که ئه‌وڕۆ هه‌ردوو هاوبه‌شن له ڕووتاندنه‌وه و دزینی وڵات‌دا و
هه‌ردوو هاوبه‌شن له تێکدان و داته‌پاندنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان و هاوبه‌شن
له سازکردنی پرۆژه‌ی دژ به خه‌ڵک و بۆ خێری خۆیان و هاوبه‌شن له هێنانه‌ژووره‌وه‌ی
سه‌رمایه‌دار و کۆمپانیای وڵاتگه‌لی داگیرکاری کوردستان و هاوبه‌شن له هه‌موو
تاوانێکدا له هه‌مبه‌ر داڕزاوترین چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه، هه‌رگیز چ کارێکی باشیان
له ده‌ست نایه‌ت و هه‌رگیز بۆ قازانجی گه‌ل و خاک و وڵات کار ناکه‌ن. ته‌واوی پرۆژه
و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌یه‌ک، که هه‌رده‌م و بێشه‌رمانه بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن و خۆیانی
پێوه هه‌ڵده‌کێشن، ئه‌و پرۆژه و ئاوه‌دانکردنه‌وانه‌ن، که خێروبێری ته‌نێ بۆ چینی
ده‌وڵه‌مه‌نده. ئه‌گه‌ر وانییه ئه‌دی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانی بێێاوی و بێبه‌نزینی
و بێسووته‌مه‌نی و بێخانوویی و بێ سه‌دان شتی دیکه‌یه چییه! ئه‌گه‌ر وانییه چۆن ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتداران
و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان و ئه‌وانه‌یشی وا له سه‌ر ئه‌وان ده‌له‌وه‌ڕێن، هه‌میشه
ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌بن! ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی کوردستان به ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ
سه‌رمایه‌دارانی نێو وڵات و سه‌رمایه‌دارانی داگیرکارانی کوردستان و کۆمپانیاکانی
دیکه‌دا، هه‌رگیز به لای پرۆژه و کارێک‌دا ناچن، که ژێرخانی ئابووری کوردستان بنیات
بنێت و بنگه‌ی ئابووریی کوردستان دروست بکات، به‌ڵکه کاره‌کانیان ته‌نێ بواری خزمه‌ت
و ڕابواردنی وه‌ک هوتێل و ڕیستۆران و بازاڕ و گازینۆ و ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه، که
هه‌مووی بۆ خزمه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندان و هاوسامانانی وه‌ک ئه‌وانه.
پێش ماوه‌یه‌ک خه‌ڵکی تووڕه‌ی که‌لار و گه‌رمیان و له پێش هه‌موویشیانه‌وه
لاوانی خوێنگه‌رمی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، ڕابوون و تووڕه‌یی خۆیان دژی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی
ئه‌و ده‌ڤه‌ره و دژی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی ئه‌له‌کتریک و نه‌بوونی ئاو و نه‌بوونی
خزمه‌تی جڤاکی و نادادی و دژی هه‌ڵسوکه‌وت و بێڕه‌وشتیی ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسان ده‌ربڕی،
لێ به توندیی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه سه‌رکوت کران و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه زۆر به
ئاسانییش ناوی ئاژاوه‌گێڕ و سه‌رلێشواویان لێ نرا. ده‌سه‌ڵات بۆ داپۆشینی دزی و
ساخته‌کارییه‌کانی خۆی و شاردنه‌وه‌ی هه‌رچی گه‌نده‌ڵیی خۆیه‌تی، نێوی دز و تێکده‌ری
بۆ ئه‌و خه‌ڵکه به‌کار برد. چه‌ند ڕۆژێک پێش ئێستایش له شاری ئاکرێ یاخیبوونێک
دژی ده‌سه‌ڵات په‌یدا بوو و پاش ماوه‌یه‌کی که‌م دامرکایه‌وه و بێده‌نگ بوو. که که‌لارییان
دژی ده‌سه‌ڵات ڕاپه‌ڕین، پێموابوو ئه‌مه ئیدی ده‌سپێکی هه‌ستکردنه به ده‌رده‌کانی
خۆیان و سته‌ملێکراویی خۆیان و ئیدی پێیان ده‌زانن و هۆکاره‌کانیان ده‌دۆزنه‌وه و
ئه‌وده‌میش ئیدی بۆ خۆیان تیماری ده‌رده‌کانی خۆیان ده‌که‌ن. پێموابوو ئه‌مه ئیدی
ده‌بێته بزیسکی ڕاماڵین و گڕتێبه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و ده‌سه‌ڵاتدارانی دز
و سه‌رمایه‌دارانی چاوچنۆک و مشه‌خۆری کوردستان. که ئاکرێیان ڕابوون، پێموابوو ئه‌وانیش
به‌ده‌نگی که‌لارییانه‌وه چوون و هه‌رچه‌نده به گولله وه‌رامی که‌لارییان درایه‌وه،
لێ خه‌ڵکی بوێری کوردستان له‌وه ناترسن و هه‌موو وێکڕا ده‌بنه گڕێکی زیندوو، بۆ
له‌نێوبردنی سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌ڵاتدارانی گه‌نده‌ڵ. به ڕاپه‌ڕینی که‌لار و
ئاکرێ دڵم خۆش بوو و چاوڕوانی به‌رده‌وامییان بووم. کورد زۆر له‌مێژه گوتوویه‌تی:"جام
پڕ بوو لێی ده‌ڕژێ" یا "کاسه پڕ بوو لێی ده‌ڕژێ". به گوێره‌ی ئه‌و
تیۆرییه ده‌بوو ئێستا خه‌ڵکی ڕه‌شوڕووت و چه‌وساوه و هه‌ژار و لاوان و ژنانی چینه
په‌راوێزێنراوه‌کانی کوردستان به جۆرێ ڕاپه‌ڕیبان، که هه‌رچی بنگه‌ی ده‌سه‌ڵاته
به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران و سه‌رمایه‌داراندا بیانڕووخاندبا و هه‌رچی پرۆژه‌ی بێکه‌ڵک
و دزخانه و کارگێڕیی و گه‌نده‌ڵخانه‌ی وڵاته کاولیان کردبا. ده‌بوو بۆ خۆیان کۆنترۆڵی
سیاسه‌ت و بازاڕیان کردبا و ئابوورییان بگرتبایه‌ته ده‌ست. بریا چه‌وساوان و هه‌ژاران
و به‌شخوراوان و بنده‌ستان و په‌راوێزێنراوان و ئه‌نفالزادان و مه‌ینه‌تبارانی گه‌لی
باشووری کوردستان چاوێکیان له پاریسی گڕگرتوو ده‌گرت و ئه‌وانیش ڕاده‌بوون و گڕیان
به‌رده‌دایه هه‌رچی سه‌رمایه‌دار و ده‌سه‌ڵاتداری دز و گه‌نده‌ڵ و بێویژدانی کوردستان
و پاشکۆکانیشیانه و ته‌خت و به‌ختیانیان ده‌سووتاندن. بریا یاخیبوون هه‌موو جیهانی
ده‌ته‌نییه‌وه و هه‌رچی جڤاکه سه‌روبنی ده‌کرد و سه‌رله‌نوێ جیهانێکی نوێی یه‌کسان
و ئازاد و پڕدادی بۆ هه‌مووان دابین ده‌کرد. به‌و هیوایه‌ی ئه‌م گڕه‌ی پاریس هه‌موو
جیهان، به وڵاته‌که‌ی خۆیشمانه‌وه (کوردستان) بگرێته‌وه.
7-11-2005