مردنه‌کانیش جیاوازن
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
دوێنێ به‌یانیی
زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌ده‌ستییه‌کم لێیدا و له خه‌و ڕاپه‌ڕیم و بێ‌دار بوومه‌وه. که
وه‌ڵامم دایه‌وه، کاک "موحه‌ممه‌د حه‌مه‌ساڵح تۆفیق"ی هاوڕێم بوو له
سلێمانییه‌وه. گوتی ویستم هه‌واڵێکی ناخۆش، فره‌ناخۆشت پێ بگه‌یه‌نم، ئه‌ویش کاک
گۆران قه‌ره‌داغی هاوڕێمان، دوێنی ئێواره ئه‌له‌کتریک گرتی و مرد.
سڵێمانی
برام، به‌یانییه‌کی زه‌نگی بۆ لێدام و دوای یه‌ک دوو ڕسته‌یه‌ک، گوتی هه‌واڵێکی
ناخۆش: ده‌زانی کێ مردووه، سه‌باح، ئه‌وه‌ی هاوین بوون به دۆست و براده‌ر، ئه‌م
به‌یانییه له سه‌ر جاده‌ی نێوان که‌لار- کفری و به‌رانبه‌ر ماڵه‌که‌ی خۆیان له سموود ئۆتۆمبیل لێیدا و کوشتی.
به‌یانییه‌کی
مانگی یوونی، زه‌نگی ته‌له‌فۆنه‌ده‌ستییه‌که‌ی سڵێمانی برام لێیدا و، که وه‌ڵامی
دایه‌وه، ده‌نگی گۆڕا و دیار بوو ئه‌وه‌ی ئه‌و دیوی هێڵه‌که هه‌واڵێکی سه‌رسووڕهێنه‌ر،
کت‌وپڕ، سه‌رنجڕاکیش یا ناخۆشی پێ داوه و ده‌سبه‌جێ له ده‌موچاو و ڕوومه‌تیدا ده‌خوێنرایه‌وه،
که شتێک ڕوویداوه. له گفتوگۆیه‌که‌ی بووه‌وه گوتی: سه‌لام، سه‌لامی خۆمان، سه‌لام
شاکه‌لی، برینداره. پاش چه‌ند چرکه‌یه‌کی دیکه دووباره زه‌نگی بۆ لێ درایه‌وه
و ئه‌مجاره‌یان سڵێمان زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕا و لێوه‌کانی وشک بوون و گوتی: سه‌لام کوژراوه
و ته‌واو بووه.
که کاک
موحه‌ممه‌دی هاوڕێم، هه‌واڵی نه‌مانی گۆرانی پێدام، هیچم پێ نه‌گوترا و گه‌رووم وشک
بوو و ده‌تگوت مشتێک به سه‌رمدا کێشراوه و مات بووم و گریان گرتمی. ئاخر گۆران بۆ
ده‌مرێت؟ چۆن ده‌مرێت؟ نابێ بمرێت؟ که‌ی کاتی مردنیه‌تیی؟ بۆ به ئه‌له‌کتریک؟ بۆ
و ده‌یان بۆی دیکه‌م لا دروست بوون. هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی هه‌واڵێکی وا نه‌بووم. گۆران، ئه‌و پیاوه زیته‌ڵه و هه‌میشه ده‌م به
نوکته و گاڵته و پێکه‌نینه. گۆرانی ئارام و تابڵێیت دڵ و ده‌ست و ناخپاک. گۆران،
سی ساڵێک بوو به هۆی سیاسه‌ته‌وه کوردستانی به‌جێهێشتبوو و دوای چیا و سووریا و
لوبنان گه‌یشتبووه سوێد. زمانفێربوون، کار، ژیان، ماڵ، منداڵ، دۆست و ناسیاو، هیوا
و خۆزگه، وه‌ک هه‌موو یه‌کێکی ئه‌م سوێده ئه‌ویش له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌ژیا. پارساڵ
به گوێره‌ی تیۆری "شام شه‌کره، لێ وه‌لات شیرنتره"، گه‌ڕایه‌وه کوردستان
و پێیوابوو، که ئیدی کاتی کۆچی پێچه‌وانه هاتووه و کاتی کۆتاییپێهێنانی بڕگه‌ی
ئاواره‌یی هاتووه و کاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی ڕووپه‌لێکی نوێ هاتووه. که گه‌ڕایه‌وه
تۆپه‌ڵێک هیوای به ژیانه تازه‌که‌ی هه‌بوو و وه‌دێهێنانی کۆمه‌ڵێک خه‌ونی ده‌یان ساڵه‌ی پێ
هاسان بوو. هێنده به خێرایی تێکه‌ڵ به ژیانی ئه‌وێ بووه‌وه، وایده‌زانی هه‌رگیز
ئه‌وروپای به چاو نه‌دیوه و هه‌ر له کوردستان ژیاوه. گۆران، چووبووه بۆ کوردستان
بۆ ژیان نه‌ک بۆ مردن. گۆران، له کوردستان به ئه‌له‌کتریک مرد! ته‌نێ گۆران نییه
له کوردستان به ئه‌له‌کتریک مردبێت و بمرێت. ڕۆژانه خه‌ڵک له کوردستان به ئه‌له‌کتریک،
به سووتان، به کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل، به کوژران، به مار و دووپشکپێوه‌دان، به له‌ئاوداخنکان،
به ته‌ور و داس و تاوێر و به‌رد، به گولله‌ی وێڵ، به خشت و دیوار و خانوو به‌سه‌ردا
داڕووخان، به خۆراکی خراپ و ژاراوی، به نه‌خۆشیی بێ چاره‌سه‌ر و بێ ده‌رمان، به
ته‌قینه‌وه‌ی به‌رمیلی گاز، به ته‌قینه‌وه‌ی پریمز، به نه‌وت و به‌نزین و...به
سه‌دان ده‌ردیسه‌ری دیکه ده‌مرن و له‌نێو ده‌چن. گۆرانیش یه‌کێک بوو له‌وانه. ئه‌وانه‌ی
به‌و ده‌ردانه ده‌مرن و له‌به‌ین ده‌چن، هه‌ژاران، نه‌داران، برسییان، ڕووتان، چه‌وساوان
و خه‌ڵکانی شه‌که‌ت و سته‌مدیده‌ی خوارێی کۆمه‌ڵگه‌ن. گۆرانیش یه‌کێک بوو له‌وانه.
گۆران، منداڵه هه‌ژارێکی بێدایکگه‌وره‌بووی به‌رده‌ستی باوه‌ژن، تا هه‌بوو هه‌میشه
ته‌مێکی خه‌م و شه‌که‌تیت، وه‌ک په‌رده‌یه‌ک به‌سه‌ر ڕوومه‌ت و ده‌موچاویدا وه‌دی
ده‌کرد و هه‌میشه له ده‌موچاو و ڕوومه‌تیدا قورسایی و ماندوبوونی ساڵانێکی زۆرت
ده‌دیت و ده‌خوێنده‌وه. ئه‌وانه‌ی، که به‌و شێوه‌یه ده‌مرن، خه‌ڵکه شه‌که‌ته‌که‌ن
و گۆرانیش یه‌کێک بوو له‌وان. ئه‌وانه گۆرانه‌کانن. ئه‌له‌کتریک، ئۆتۆمبیل،
سووتان، داس و ته‌ور و خاکه‌ناز، جه‌نگ، مار و دووپشک، ڕووخانی دیوار و...،به‌چکه‌ده‌وڵه‌مه‌ند
و ده‌سه‌ڵاتدار ناکوژن. ده‌وڵه‌مه‌ندزاده و ده‌سه‌ڵاتدار، به به‌چکه هه‌ژاران کاره‌کانی
خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ئه‌وان ده‌که‌نه
قیروسیا و ده‌یانخه‌نه به‌ر دژوارییه‌که‌وه و بۆ خۆیشیان لاق له سه‌ر لاقی داده‌نێن
و فشه‌یان به هه‌موو دنیایێ دێت. ئه‌وه به‌چکه‌ی هه‌ژاره و ئه‌وه گۆرانه، که
ده‌بێ بۆ خۆی بچێته سه‌ربان و ئه‌له‌کتریک ببه‌ستێت و کاره‌کانی ئه‌نجام بدات. ده‌وڵه‌مه‌ندان
ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان، له باشترین خانوودا ده‌ژین و له نوێترین ته‌کنیک سوود
وه‌رده‌گرن و ناوماڵه‌کانیان به جوانترین و تازه‌ترین و گرانترین شێوه ده‌ڕازێننه‌وه
و چێ ده‌که‌ن. ئه‌وان خه‌ڵک کاریان بۆ ده‌کات. ئه‌وان هه‌موو شتێک، هه‌موو کاتێک به
نوێترین شێوه‌کانی، مسۆگه‌ر ده‌که‌ن. گۆران، ئه‌گه‌ر سی ساڵی دیکه‌ش له سوێد بژیایه
هه‌رگیز ئه‌له‌کتریک نه‌یده‌گرت. له هه‌موو ئه‌وروپادا تا ئێستا یه‌ک مرۆڤ ئه‌له‌کتریک
نه‌یگرتووه.
سه‌باح، ئه‌و پیاوه‌ی هاوێنێ ناسیم و کۆڵێک ڕووخووش
و جوامێر و دڵکراوه و ڕۆحسووک بوو و هه‌ر ده‌سبه‌جێ و بێ هیچ به‌راییه‌ک نێوانمان
خۆش بوو، به کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل ده‌مرێت. کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل هه‌ژارانی وڵاته‌که‌ی
له‌مه‌ڕ ئێمه ده‌دوورێته‌وه و له‌به‌ین ده‌بات. ئۆتۆمبیلی هه‌ژاران له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبیلی
ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتداراندا جیاوازییان هه‌یه. ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌مه‌ندان
سواری مۆنیکا و له‌یلاعه‌له‌وی و مارسیدس و بی. ئیم. ده‌بلیوو ده‌بن و جاده‌یان بۆ
چۆڵ ده‌کرێت و نێوانیان له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبیلی خه‌ڵکی دیکه‌دا گه‌لێک دوورن له‌یه‌کدییه‌وه
و چۆنیان بوێ وا داژۆن و شۆفێری تایبه‌ت و پاسه‌وانیان هه‌یه و ده‌یان زه‌لام به
چه‌که‌وه ده‌یانپارێزن و ئۆتۆمبیل و جاده و خه‌ڵک، هه‌موو ده‌بێ خۆ له ڕێگه‌یان
لاده‌ن. مه‌ترسی وه‌رگه‌ڕان و لێدانیان هه‌ر یه‌کجار که‌مه و هه‌رگیزیش به پێیان
وه‌ک سه‌باح، ناچنه سه‌ر جاده و ئه‌وان سه‌باحه‌کان ده‌نێرنه سه‌ر جاده. سه‌باح،
ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبیل له سموود لێی نه‌دابا، سی ساڵی تری ته‌مه‌نی له ئه‌وروپا بووایه،
هه‌رگیز به کاره‌ساتی ئۆتۆمبیل نه‌ده‌مرد.
سه‌لام،
منداڵێکی ئه‌و ده‌شته‌ی گه‌رمێنه، هه‌موو ژیانی به کوێره‌وه‌ی و به‌دبه‌ختی
بردبووه سه‌ر. ساڵانێک پێشمه‌رگایه‌تیی و چیا و ساڵانێک ئاواره‌یی و ساڵانێکیش بێ‌کاری
و نه‌داری. بێ‌کاری و نه‌داری کردییه پۆلیس و وه‌ک پۆلیسی عیراقی له جه‌له‌ولا، ده‌ستی
به‌کار کرد. به‌یانییه‌ک خۆی و شه‌ش حه‌فت هاوکاری دیکه‌ی له شیرینی خه‌ودا، عه‌ره‌ب
به‌سه‌ریاندا ده‌دات و ده‌یانداته به‌ر ده‌ستڕێژ و هه‌موویان ده‌کوژێت، سه‌لامیش
له‌گه‌ڵ ئه‌واندا کوژرا. سه‌لام، ئه‌گه‌ر منداڵه هه‌ژار نه‌بوویایه هه‌رگیز نه‌ده‌بووه
پۆلیس. منداڵی ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌مه‌ندانی وڵاته‌که‌ی ئێمه نابنه پۆلیس و
ئه‌وان به‌چکه هه‌ژاران ده‌که‌نه پۆلیس و چه‌کیان ده‌ده‌نه‌ده‌ست و دیانده‌نه کوشت.
به‌چکه هه‌ژاران و پۆلیس و پاسه‌وانانی وڵاتی ئێمه، ده‌سه‌ڵاتداران و ده‌وڵه‌مه‌ندان
ده‌پارێزن. ده‌سه‌ڵاتی کورد، سیاسیی کورد، حیزبی کورد، که تا ئێستاش نه‌یتوانیوه
عه‌ره‌ب له جه‌له‌ولا وه‌ده‌رنێت و جه‌له‌ولا بخاته‌وه سه‌ر کارگێڕی و بن ده‌سه‌ڵاتی
کورد، به چ هزر و نه‌خشه و فه‌لسه‌فه و ئاوه‌زێکه‌وه پۆلیسی کورد له ناو بازنه‌ی
به‌عسی و عه‌ره‌بدا داده‌نێت؟ ده‌سه‌ڵاتداران
سه‌لام ده‌نێرنه جه‌له‌ولا و منداڵانی خۆیان ده‌نێرنه پاریس و له‌نده‌ن و ستۆکهۆڵم
و واشنینگتۆن. سه‌لام، ئه‌گه‌ر نه‌کوژرابا، تا سی ساڵی تری ته‌مه‌نی له ئه‌وروپا
بووایه، هه‌رگیز به پۆلیسی و به گولله‌ی عه‌ره‌ب و به‌عسی نه‌ده‌کوژرا.
نه‌ده‌کرا،
سه‌باح و سه‌لام بهێنیت بۆ ئه‌وروپا و نه‌شده‌کرا گۆڕان بگه‌ڕێنیته‌وه بۆ ئه‌وروپا،
لێ ده‌کرێ ڕه‌وشی کوردستان بگۆڕیت. ده‌کرێ ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌ند و چه‌وسێنه‌ران،
که له سه‌ر خوێنی خه‌ڵکی هه‌ژار و چه‌وساوه‌ی کورد ده‌ژین، له‌قاوده‌یت و ڕسوابکه‌یت
و ده‌رده‌کانی جڤاکی کورد ئاشکرا بکه‌یت. ده‌کرێ ڕووی دزیوی ده‌سه‌ڵاتداران، که به‌رپرسن
له هه‌موو مردنێکی ناسروشتی له‌و وڵاته‌ی ئێمه‌دا، هه‌ڵماڵیت و پێشانی خه‌ڵکی وڵاتی
بده‌یت. پێشانی ئه‌وانه‌ی تا ئێستاش سوێند به سه‌ریان ده‌خۆن و هێچ کرده‌وه‌کیان
ناخه‌نه به‌ر پرسیاره‌وه. ده‌کرێ مردنه‌کان له یه‌کدی جوێ بکه‌یته‌وه و هه‌ریه‌که‌و
ناوی خۆی لێ بنێیت. ده‌کرێ بپرسێت، چما هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتدارزاده‌یه‌ک یا ده‌وڵه‌مه‌ندزاده‌یه‌ک
به‌و شێوه مردنه‌ی هه‌ژارانی وڵاته‌که‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان نامرن!. ده‌کرێ بازنه و
پانایی ئه‌و پرسیاره فراوانتر و مه‌زنتر بکه‌یته‌وه و هه‌موو بوون و ده‌سه‌ڵاتی
ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه بخه‌یته به‌ر پرسیاره‌وه. ئه‌گه‌ر چێبوون و مردن دوو ڕووداو،
کردار، ئه‌نجامه‌کردار یا پرۆسه بن، که مرۆڤ له هه‌موو جیهاندا و ته‌واو و سه‌دله‌سه‌د
هاوبه‌ش و وه‌ک یه‌کبن تێیاندا، واته: هه‌موو مرۆڤێک له ئه‌نجامی کارێکی سیکسی
باوکێک و دایکێک بێته دنیاوه و چێ ببێت و هه‌موو مرۆڤێکیش بمرێت، ئه‌وا که له هه‌ردوو
چێبوون و مردنه‌که، وه‌ک دوو دیارده‌ی پێوه‌نددار به که‌سه‌کانه‌وه، ورد ده‌بییه‌وه
و قووڵتر تێ‌یان ده‌نۆڕیت، بۆت ده‌رده‌که‌وێت و ده‌بینیت، که له شێوه و چۆنیه‌تی
و ڕه‌وش و بار و هه‌لومه‌رجی ڕوودانی چێبوون و مردنی مرۆڤدا جیاوازیی هه‌یه. هه‌ژاران،
نه‌داران، برسییان، ڕووتان، چه‌وساوان و خه‌ڵکانی شه‌که‌ت و سته‌مدیده‌ی خوارێی کۆمه‌ڵگه،
هه‌میشه منداڵه‌کانیان له سه‌ختترین هه‌لومه‌رجدا دێنه دنیاوه. منداڵه‌کانیان کاتێک
دێنه دنیاوه، ڕه‌نگه دایکه‌کانیان خه‌ریکی دروێنه، په‌زدۆشین، ته‌پاڵه‌خڕکردنه‌وه،
به‌نڕستن، هه‌وێرشێلان، نانکردن، ئالیکبه‌ئاژه‌لدان، خاوێنکردنه‌وه و گسکلێدان، شیولێنان
و...بن. زارۆکی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌ند، له باشترین و گرانترین و به‌خزمه‌تترین
نه‌خۆشخانه‌دا دێنه دنیاوه و سه‌دان جێگه‌ی نه‌رم و جلی جوان و له‌یستۆکی نایاب
و سه‌یر ده‌کرێته خه‌ڵاتیان. له‌مردنیشدا هه‌ژاران، نه‌داران و..ئه‌و جۆره خه‌ڵکانه،
زۆرجاران له کاتی کار، جه‌نگ، شه‌که‌تبوون،
هاتوچۆ و سه‌رگه‌رمی و سه‌رقاڵییه‌کدا، تێده‌که‌ون و به‌رده‌که‌ون و تێدا ده‌چن.
مردنی ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌وڵه‌مه‌ندان له مردنی خه‌ڵکه ئاساییه‌که جیاوازه. ئه‌وان
له نێو جێگه‌ی گه‌رم و نه‌رمدا ده‌مرن. ئه‌وان نابنه ژێر دیواره‌وه و پرێمز پێیاندا
ناته‌قێته‌وه. ئه‌وان ئه‌له‌کتریک نایانگرێت و داس و ته‌ور له که‌لله‌یان نادات.
ئه‌وان گولله‌ی عه‌ره‌ب و به‌عسی نایانکوژێت. ئه‌وان ئۆتۆمبیل نایانشێلێت. باسکردنی
هه‌واڵی مردنه‌که و ناشتنی مردووه‌که و پرسه‌دانان بۆ مردووه‌که، هی ده‌سه‌ڵاتداران
و ده‌وڵه‌مه‌ندان له خه‌ڵکه‌که‌ی دیکه جیاوازه. ڕۆژانه له کوردستان سه‌دان گۆران
و سه‌باح و سه‌لام، ده‌بنه قوربانی ڕه‌وشێکی تاڵ و ناله‌بار، که ده‌سه‌ڵاتدارانی
وڵات، بازرگانانی جه‌نگ، ده‌وڵه‌مه‌ندانی دز، سازاندوویانه و هێناویانه‌ته ئاراوه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان (بازرگانانی جه‌نگ و ده‌وڵه‌مه‌ندانی دز)، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت
و بڕێک له سامان و ده‌سه‌ڵات و ساخته‌کاری و دزیی خۆیان که‌مکه‌نه‌وه و بڕێک له
پاره‌وپووڵێک، که بۆ خواردن و خواردنه‌وه و ڕابواردن و بانگهێشتن و گه‌شت و
قومار و خانووکردن و ناوماڵه‌کڕین و هه‌زارویه‌ک شتی قۆڕی دیکه ته‌رخانی ده‌که‌ن،
دانێن بۆ چاککردنی جاده و چاککردنی ئه‌له‌کتریک و نه‌هێشتنی عه‌ره‌باندن و...ده‌یان
شتی دیکه، ئه‌وا هه‌رگیز گۆران و سه‌باح و سه‌لامه‌کان ناکوژرێن و له‌نێوناچن. له
هه‌موو ئه‌وروپادا ئه‌گه‌ر باس له‌و شێوه مردنانه‌ی وڵاتی کوردستان (پرێمزته‌قینه‌وه،
گازته‌قینه‌وه، ئه‌له‌کتریک، ڕووخانی دیوار و خانوو، خنکان له نێو ئاودا، کاره‌ساتی
لێدانی ئۆتۆمبیل له سه‌ر جاده و...) بۆ که‌سێکی ئه‌وروپایی بکه‌یت، ڕه‌نگه به
ئه‌فسانه‌ی تێبگات و هێنده‌ت پێ بکه‌نێت، که ئاو له چاوه‌کانی بێته خوارێ و وه‌ک
شۆخییش بۆ ده‌یان که‌سی بگێڕێته‌وه. نه‌مانی گۆران و گۆرانه‌کان، تۆپه‌ڵه خه‌مێکی
زیاده‌ن ده‌خرێنه سه‌ر خه‌رمانی خه‌مه‌که‌ڵه‌که‌کراوه‌کانی هه‌موو مرۆڤێکی ئازادیخواز
و دژه‌چه‌وساندنه‌وه و وڵاتپارێزی وڵاتی
خه‌مستان (کوردستان).
27/11/2004