مردنی یاسر عه‌ره‌فات، دزێک که‌متر
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
چل ساڵێکه
یاسر عه‌ره‌فات، سه‌رۆکی ڕێکخراوی فه‌تح و سه‌رۆکی ڕێکخراوی ئازادیی فلستینه و چه‌ند
ساڵێکیشه له سه‌ر هه‌ندێک له خاکی فلستین، سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی فلستینه و به‌ناوبانگترین که‌سی بزاڤی ڕزگاریخوازی فلستینیشه.
عه‌ره‌فات به خۆ و ڕدێن و سمێڵ و جامه‌دانی و عه‌گاڵه‌که‌یه‌وه، وه‌ک نیشانه‌یه‌کی فلستین و عه‌ره‌ب، له ده‌روازه‌ی سیاسه‌تی جیهانییه‌وه وه‌ژوورێ
که‌وتبوو و هه‌میشه ناوی له ناواندا بوو. 11/11/2004 له نه‌خۆشخانه‌یه‌کی له‌شکریی
فرانسه له پاریس کۆچی‌دوایی کرد. عه‌ره‌فات له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی سیاسه‌تکردنیدا،
وه‌ک ته‌واوی ڕێبه‌ران و سیاسه‌تکارانی وڵاتانی جیهانی سێیه‌م و ڕۆژهه‌ڵات، له ته‌نیشت
کاره سیاسییه‌که‌ییه‌وه، زۆر چالاکانه کاری پاره‌خڕکردنه‌وه و خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردنی
خۆیشی کردبوو. ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێیه‌م، که له سیاسه‌تدا
ده‌گه‌نه پله و پایه‌یه‌کی باڵا و ده‌سه‌ڵات، ئیدی هه‌رچی سامان و پاره‌ی حیزب و
ده‌وڵه‌ت و ڕێکخراوه‌کانیانه ده‌بێته هی خۆیان و به موڵکی خۆیانی ده‌زانن و به
هه‌وه‌س و ئاره‌زووی خۆیان چۆنیان بوێت وای لێ ده‌که‌ن. ئه‌وان سیاسه‌ت ده‌که‌ن بۆ
ئه‌وه‌ی بازرگانی بکه‌ن و بۆ ئه‌وه‌ی دزی بکه‌ن و ده‌وڵه‌مه‌ند بن. ته‌واوی ڕۆژگارێک،
که ده‌بنه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات به ده‌رفه‌تێکی زێڕین و له‌باری ده‌زانن، بۆ هه‌رچی
زووتر خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و گیرفانپڕکردنه، چونکه هه‌میشه پێیانوایه، که ڕه‌نگه
له سبه‌ینێ زووتر نه‌بێت، کوودێتایه‌کیان
به سه‌ردا بکرێت و به تۆبزی له کاره‌که‌یان وه‌ده‌رنرێن و به‌ر شه‌ق بکه‌ون یا
بگیرێن و زیندانی بکرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ خۆیان ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتیان داگیرکردووه
و هه‌رگیز، مه‌گه‌ر مردن یا کوشتن پێیان به‌جێ بهێڵێت، ده‌نا تا دواهه‌ناسه‌یان، لێی
نایه‌نه خوارێ و هه‌ر داژۆن. ئه‌وجا ماوه‌ی ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی و سیاسه‌تکردنیان
له‌کن، هه‌له و به‌هاره و مه‌وله‌وی تاوگۆزی گوته‌نی:"هه‌ر به‌هار ناوێ ده‌ی
له په‌یمانه فرسه‌ت ئه‌فه‌وتێ ده‌ی له
په‌یمانه" و ده‌بێ هه‌رچی زووه بیقۆزنه‌وه و هه‌ل له ده‌ستی خۆیان نه‌ده‌ن
و له په‌یمانه بده‌ن و هه‌رچییان دێته پێش و به‌رده‌ست، ڕایماڵن و خڕیکه‌نه‌وه
و بیشارنه‌وه. به پێی میدیاکانی جیهان و شاره‌زایان و که‌سانی ئاگادار، عه‌ره‌فات
5,1 ملیار دۆلاری له پاش به جێ ماوه. عه‌ره‌فات، که ده‌ستی به سیاسه‌ت کرد، ئه‌ندازیار
بوو. ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی ئه‌م چل ساڵه‌دا وه‌ک ئه‌ندازیارێک کاری کردبا، ئێستا ئه‌گه‌ر
هه‌ر زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندیش بووبا، خاوه‌نی چه‌ند میلیۆنێک دۆلار ده‌بوو و هیچی دی. ئه‌وه‌ی
ئێستا له پاش عه‌ره‌فات به‌جێماوه، پاره و پووڵی خه‌ڵکه. پاروه‌نانی هه‌ژار و
داماو و چه‌وساوه و هه‌تیو و بێوه‌ژن و پیر و په‌ککه‌وته و منداڵه‌شه‌هید و ماڵڕووخاو
و کوڕ و برا و خوشک و دایک و باوک و کچکوژراوی فلستینییه. پاره‌ی دزییه و عه‌ره‌فات
له وڵاته‌که‌ی، له خاکه‌که‌ی، له خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی، که هه‌میشه به هه‌ردوو ده‌ست
و ده‌مولێوی ماچی درۆی به سه‌ریاندا ده‌باراند و ده‌به‌شییه‌وه، دزیویه‌تیی. ئه‌و
پێنج ملیار دۆلاره، پێنج ملیار په‌ڵه‌ی دزێو و ناشیرین و چڵکن و گه‌مارن به نێوچاوانی
عه‌ره‌فات خۆی و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسه‌تکار و سه‌رکرده و ڕێبه‌رانی دز و
ساخته‌کارانی جیهانه‌وه(به کوردیشه‌وه). پێش عه‌ره‌فات، سه‌ددام حوسه‌ین ده‌سه‌ڵاتی
له‌ده‌ست دا و ئه‌ویش هه‌رچی ملیاره‌کانی بوون ده‌ستی خه‌ڵکی دیکه که‌وتن. پێشتریش
چاوچێسکۆ و شای ئێران و هایلا سیلاسی و عیدی ئه‌مین و ... ده‌یان دیکتاتۆر و دزی دیکه
سه‌ریان نایه‌وه و هه‌موو سامانه‌کانیان بوون به هی چه‌کمه‌بۆران. مردنی هه‌ر عه‌ره‌فاتێک
و عه‌ره‌فات ئاسایه‌ک و هه‌ر ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌یه‌کی دز(به کوردیشه‌وه)، مردنی
چه‌ته و جه‌رده‌یه‌ک و له‌به‌ینچوونی گه‌وره‌دزێکه. ئایا سه‌رانی کوردیش، که له‌گه‌ڵ
عه‌ره‌فات و عه‌ره‌فاته‌کاندا هیچ جیاوازییه‌کیان نییه و، که ئه‌وانیش به‌شێکن له
کۆڕی سیاسییه پاره‌خڕکه‌ره‌وه‌کان و، که
زۆر له مێژه کاری سیاسه‌ت ده‌که‌ن و به‌شێکی پاره و پووڵی حیزب و ڕێکخراو و ده‌سه‌ڵاته‌سیاسییه‌کانیان،
ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌مووی نه‌بێت، که له خۆیان زیاتر یه‌ک که‌سی دیکه‌ی ته‌نانه‌ت ده‌وروبه‌ریشیان
ئاگاداری حیساب و سه‌رمایه و سامان و پاره و ده‌وڵه‌مه‌ندییان نییه، بیرێک له
خۆیان و چاره‌نووسی خۆیان ناکه‌نه‌وه، که له عه‌ره‌فات و ئه‌وانی پێش عه‌ره‌فات
باشتر نابن؟ ئایا به‌ته‌مان ته‌مه‌نی نووح و کیسه‌ڵ و قه‌له‌ڕه‌ش بکه‌ن؟ هه‌رچه‌ندی
بژین، ڕۆژێک دادێت هه‌ر ده‌مرن و سامان و پووڵه‌کانیان له‌دوو به‌جێده‌مێنێت و بۆ
خۆیشیان ده‌بنه بنێشته خۆشه‌ی بن ددانی خه‌ڵک. ئه‌گه‌ر ته‌واوی ئه‌و جۆره سیاسه‌تکارانه،
بۆ تاکه ساتێک له ژیان و خۆیان و کرده‌وه و گوتار و هه‌ڵوێسته‌کانیان ڕابمێنن و
بڕێک ویژدانی خۆیان، ئه‌گه‌ر هه‌یانبێت، بجه‌ڕێنن، ئه‌وانیش وه‌ک هه‌موو خه‌ڵکه
ئاساییه‌که‌ی ئه‌م جیهانه له‌وه تێده‌گه‌ن، که ده‌وڵه‌مه‌ندی دزییه و، که پاره
و پووڵ و سه‌رمایه، به پێسکه‌یی و شێوه‌ی ناڕه‌وا و حه‌رام نه‌بێت هه‌رگیز خڕ ناکرێته‌وه
و، که پاره و سامانێک به که‌لله‌چێتی و گه‌ووادی و له‌شفرۆشی و عه‌رقفرۆشتن و گۆشتی
به‌راز فرۆشتن و ته‌نانه‌ت ڕووتاندنه‌وه و دزینی سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌مه‌ندان
خڕکرێته‌وه، گه‌لێک له دزیکردن له خه‌ڵک و وڵات و گه‌ل، به به‌کاربردنی ده‌سه‌ڵات
و سیاسه‌تکاری و سه‌رکرده‌یی، حه‌ڵاڵتر و شه‌ریفتره!.
26/11/2004
No comments:
Post a Comment