که‌رکووکه‌خه‌م
- یه‌ک -
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
هه‌س به‌رده‌وام و بێ پشوو و بێ راوه‌ستان و بێ ئه‌وه‌ی گوێ بداتێ، گوێی لێ ده‌گیرێ یا نه، قسه ده‌کا و ئه‌وه‌ی ده‌یڵێ، له زۆرگوتن یا زۆر بڵێیی زیاتر هیچی دیکه نییه. هه‌س زۆر به ده‌گمه‌ن قسان ده‌کات، به‌ڵام که قسه‌ی کرد گه‌وهه‌ر و زێڕ و شه‌کر له زاری دێته ده‌ر و ده‌بارێ. هه‌س ئه‌گه‌ر له ژیانیدا قسه‌یه‌کی کرد، ده‌یبزڕکێنێ و مرۆڤ شه‌رم ده‌یگرێ له ژنه‌فتنیشی.
عارف ته‌یفوور، له ساڵی 2005ه‌وه ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراقه، به ناوی کورده‌وه و هه‌ر له‌وێ ده‌میه‌وه جێگری سه‌رۆکی ئه‌و په‌رله‌مانه بووه و ئێستاش له سه‌ر هه‌مان کورسی دانیشتووه. له ماڵپه‌ڕی ئاوێنه‌دا خوێندمه‌وه، که ته‌یفوور هێرشی توندی کردووه‌ته سه‌ر په‌رله‌مانتاره عه‌ره‌به‌کانی که‌رکووک و به‌شکستخواردوو ناویان ده‌بات و پێیوایه، که ئه‌و په‌رله‌مانتارانه ده‌ر‌بڕی خواستی شه‌قام و داخوازییه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه نین، که ده‌نگیان پێ داون و بێده‌نگن له ئاست ئه‌و ده‌ستگیرکردن و گوشارخستنه‌سه‌ره‌ی له لایه‌ن هێزه‌کانی دیجله‌وه بۆ سه‌ر خۆپێشانده‌ران ده‌کرێن. به کوردییه‌که‌ی عارف ته‌یفوور، داوا له په‌رله‌مانتاره عه‌ره‌به‌کانی که‌رکووک ده‌کات، که کارا بن و ده‌نگ هه‌ڵبڕن و داکۆکی له خۆپێشانده‌رانی عه‌ره‌بی که‌رکووک بکه‌ن، که دژی حوکوومه‌ت عیراق ڕاده‌بن[1].
عارف ته‌یفوور، که بۆ خۆی خه‌ڵکی که‌رکووکه و ساڵانێکیشه خه‌ریکی سیاسه‌ته، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی کردبا ده‌بوو بیری له هه‌ندێ ڕاستیی پێوه‌نددار به که‌رکووکه‌وه و به ڕه‌وشی کوردستان و عیراقه‌وه کردبا :
1. ئه‌و خۆپێشاندانه‌ی، که عه‌ره‌بی که‌رکووک سازی ده‌که‌ن و خه‌ڵکی بۆ ده‌به‌نه سه‌ر شه‌قام، به‌شێکن له‌و خۆپێشاندانانه‌ی، که نزیکه‌ی سێ مانگێکه، ڕه‌مادی و فه‌للووجه و مووسڵ و سامه‌ڕا و شوێنانی دیکه‌ی گرتووه‌ته‌وه، دژی حوکوومه‌تی عیراق. ئه‌و خۆپێشاندانانه، خۆپێشاندانی عه‌ره‌بی سوننه‌ی عیراقه و له ده‌ڤه‌ره سوننه‌نشینه‌کاندایه دژ به ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی شیعه(مالیکی و حوکوومه‌ته‌که‌ی).
2. عه‌ره‌بی سوننه‌ی عیراق به گشتی و عه‌ره‌بی سوننه‌ی که‌رکووک به تایبه‌تی، زۆرینه‌یان له سه‌رده‌می ڕێژیمی به‌عسدا، به‌عسی بوون و له خزمه‌ت ڕێژیمی به‌عسدا بوون.
3. عه‌ره‌بی که‌رکووک به سوننه و شیعه‌یانه‌وه، مه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن لێیان ده‌رچێت و کورد گوته‌نی:"مه‌گه‌ر بۆ خوێ چێشت"، وه‌ک تاکه‌تاکه‌یه‌کی عه‌ره‌به کۆنه‌کانی که‌رکووک، ئه‌وانه‌ی، که کورد به عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن، ناویان ده‌بات، ده‌نا سه‌رله‌به‌ریان، به‌عسی و سیخوڕ و موخابه‌رات و ئه‌من و جه‌یشوششه‌عبی و داگیرکه‌ر بوون.
4. ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی، که ئه‌مڕۆ نوێنه‌رایه‌تی عه‌ره‌بی که‌رکووک ده‌که‌ن، نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و عه‌ره‌به داگیرکه‌رانه‌ی که‌رکووک ده‌که‌ن، که هه‌رگیز یه‌ک قسه‌ی خێر بۆ کوردستانیه‌تی که‌رکووک، بۆ کورد، بۆ تورکمان، به زاریاندا نایه‌ت.
5. ته‌واوی عه‌ره‌بی که‌رکووک، به‌شدارن له پرۆسێسی ده‌یان ساڵه‌ی داگیرکردن و عه‌ره‌باندنی که‌رکووک و وه‌ده‌رنانی کورد و سڕینه‌وه‌ی نیشانه و سیمای کوردستانیه‌تیی که‌رکووک. ئه‌وان، که‌رکووک به باژێڕێکی عه‌ره‌بی و عیراقی ده‌ژمێرن و خۆیان به خاوه‌نی که‌رکووک ده‌زانن و گچکه‌ترین حیساب بۆ کورد ناکه‌ن.
6. که‌رکووک و خورماتوو و مووسڵ و جه‌له‌ولا و سه‌عدییه و مه‌نده‌لی و ده‌یان ده‌ڤه‌ری دیکه‌ی دابڕێنراوی کوردستان، له دوای 2003یشه‌وه و ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت، ڕۆژانه کوردی لێ وه‌ده‌رده‌نرێ و ده‌کوژرێ و به تۆبزی کۆچی پێ ده‌کرێ و بار ده‌کرێ و ده‌تۆقێنرێ، به‌ڵام هه‌رگیز نه عارف ته‌یفوور و نه حیزبه‌که‌ی عارف ته‌یفوور و نه حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و نه حیزبه هاوپه‌یمانه‌کانی حیزبه‌که‌ی عارف ته‌یفوور، بۆ یه‌کجاریش نه‌یانویستووه و نه‌یانتوانیوه، مانه‌ندی عه‌ره‌بی سوننه، کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه بهێننه سه‌ر جاده و هانیان بده‌ن، خۆپێشاندان و ڕێپێوان بکه‌ن، دژی ده‌سه‌ڵاتی حوکوومه‌تی به‌غدا و دژی سیاسه‌تی پاکتاوی نه‌ژادیی دژ به کورد و کوردستانیه‌تی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، که ئێستاش له‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا و له‌لایه‌ن عه‌ره‌ب و حوکوومه‌تی نێوه‌ندییه‌وه، پێڕۆ ده‌کرێ. تاقه یه‌کجار وه‌ها کارێکیان کرد و هانی خه‌ڵکی کوردیان دا بۆ خۆپێشاندان و ڕێپێوان، بریا ئه‌و جاره‌ش ئه‌وه‌یان نه‌کردایه، ئه‌ویش ئه‌وه بوو، که له باره‌گای به‌ره‌ی تورکمانییه‌وه، ده‌ستڕێژ و ته‌قه له خه‌ڵکه‌که کرا و خه‌ڵکێکی زۆر له خۆپێشانده‌رانی کورد، کوژران و بریندار کران و حیزبه کوردییه‌کان له‌بری سه‌رکۆنه‌ی به‌ره‌ی تورکمانی و خستنی تاوانی کوشتنی خۆپێشانده‌ران به ئه‌ستۆی ئه‌وان، که‌وتنه پاڕانه‌وه و پاساوهێنانه‌وه بۆ به‌ره‌ی تورکمانی.
7. به خۆپێشاندانی عه‌ره‌بی سوننه‌ی که‌رکووک، جه‌له‌ولا، خورماتوو، یا هه‌ر شوێنێکی دیکه‌ی دابڕێنراوی کوردستان، عه‌ره‌ب ده‌یسه‌لمێنێ، که ئه‌و ده‌ڤه‌رانه پتر ه‌ی ئه‌وانه و ئه‌وانن، که خه‌ڵک ده‌جووڵێنن و ده‌توانن خواسته‌کانی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن، به‌و کاره‌ش کوردستانیه‌تی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه کاڵتر و گوماناویتر ده‌که‌ن.
8. عه‌ره‌بی شیعه‌ی عیراق، ساڵانێکی زۆری سه‌رده‌می به‌عس، هاوئازار، هاوخه‌م، هاوده‌رد، هاوچه‌وسانه‌وه، هاوزیندان، هاوسێداره، هاونه‌گبه‌تی و هاوبه‌دبه‌ختی کورد بوون، به‌ڵام عه‌ره‌بی سوننه، به‌عسی و دارده‌ستی به‌عس بوون و کوردقڕان و ئه‌نفال و چه‌وساندنه‌وه‌ی کورد، له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئه‌نجام ده‌درا. که‌واته عه‌ره‌بی شیعه نه‌ک سوننه، له کورده‌وه نێزیکترن و له خراپترین حاڵ‌دا، عه‌ره‌بی شیعه، ڕه‌نگه هاوسۆزییه‌ک و تێگه‌یشتنێکی بۆ کورد هه‌بێت، ئه‌مه به شێوه‌یه‌کی گشتی و له‌سه‌ر ئاست عیراق، به‌ڵام که باس له که‌رکووک بکرێ، عه‌ره‌بی سوننه و عه‌ره‌بی شیعه، چ جیاوازییه‌کان نه‌بووه و نییه و هه‌ردوویان به‌رانبه‌ر به پرسی کورد و کوردستان و که‌رکووک یه‌کهه‌ڵوێست بوون و یه‌کهه‌ڵوێستن.
9. داواکردنی عارف ته‌یفوور، له په‌رله‌مانتارانی عه‌ره‌بی که‌رکووک بۆ وه‌ده‌نگهاتن و ده‌نگهه‌ڵبڕین و داکۆکی له خۆپێشاندانی عه‌ره‌بی سوننه‌ی که‌رکووک، داکۆکییه له عه‌ره‌باندنی که‌رکووک و سڕینه‌وه‌ی کوردستانیه‌تیی که‌رکووک و پێشاندانی وه‌ک شارێکی عیراقی و عه‌ره‌بی و سوننه‌نشین.
10. عارف ته‌یفوور، له‌بری ئه‌و ماندووبوونه‌ی بۆ هاندانی په‌رله‌مانتاره عه‌ره‌به‌کانی که‌رکووک، ده‌بوو که‌مێک خۆی ماندوو کردبا و هانی خۆی و په‌رله‌مانتاره کورده‌کانی که‌رکووکی دابا، که به ده‌نگی کوردانی که‌رکووک هه‌ڵبژێردراون، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام وه‌ده‌نگهاتبان و وه‌هانای که‌رکووک و کوردی که‌رکووک و کوردستانیه‌تیی که‌رکووکه‌وه هاتبان، که هه‌میشه ئه‌تک ده‌کرێن.
بریا عارف ته‌یفوور، وه‌ک چۆن تا ڕاده‌یه‌ک هه‌میشه، بێده‌نگ، له سه‌ر کورسییه‌که‌ی خۆی، له بان سه‌کۆکه‌ی په‌رله‌مانی عیراق، له ته‌نیشت سه‌رۆکی په‌رله‌مانه‌وه، دانییشتووه و داده‌نیشێ، ته‌نێ جاروبار به‌ملاو به‌ولادا سه‌ر باده‌دا، هه‌روا، ئارام، دانیشتبا و ئه‌و قسه‌یه‌ی نه‌کردبا.
26 – 2 – 2013
که‌رکووکه‌خه‌م
- دوو –
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له مێژووی ئیسلامدا، جه‌نگێک له نێوان عه‌ره‌به موسوڵمانه‌کان به سه‌رکرده‌یه‌تیی په‌یامبه‌ری ئیسلام(موحه‌ممه‌د) و چه‌ند هۆز و خێڵێکی عه‌ره‌ب، به سه‌رکردیه‌تیی ئه‌بوسوفیان(أبوسفیان)، که به ناوی ئه‌لئه‌حزاب(الأحزاب) خڕبووبوونه‌وه، له سااڵی پێنجه‌می کۆچیدا، که ده‌کاته 627ی زایینی، ڕووده‌دات. ئه‌و جه‌نگه به ناوی ئه‌لخه‌نده‌ق(الخندق) یا ئه‌لئه‌حزاب(الأحزاب)ه‌وه ناسرا. هۆزه عه‌ره‌به‌کان، به هاندانی جووله‌که‌کانی به‌نی ئه‌ننه‌زیر(بني النضیر)، ویستیان، په‌لاماری شاری مه‌دینه(المدینة) بده‌ن و داگیری بکه‌ن و موسوڵمانه‌کان له‌به‌ین ببه‌ن و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی بڕووخێنن. په‌یامبه‌ری ئیسلام(موحه‌ممه‌د) به‌ره‌وڕووی ئه‌و عه‌ره‌به‌ناموسوڵمانانه بووه‌وه، به‌وه‌ی که فه‌رمانی به له‌شکره‌که‌ی خۆی دا، له باکووری شاری مه‌دینه، چالێک(که‌ن، که‌ند)ێکی گه‌وره و قووڵ هه‌ڵبکه‌ندرێ، بۆ ئه‌وه‌ی هێرشبه‌ران و په‌لامارده‌رانی عه‌ره‌به‌ناموسوڵمانه‌کان، نه‌توانن به ئاسانی بگه‌نه ناو شاری مه‌دینه و ئه‌و که‌نده ڕێگه‌یان لێ بگرێ. بیرۆکه‌ی هه‌ڵکه‌ندنی ئه‌و که‌نده، سه‌لمانی فارسی(سلمان الفارسي)، یه‌کێک له یارانی په‌یامبه‌ر، پێشنیازی بۆ په‌یامبه‌ر کرد. سه‌لمانی فارسی، که له ده‌سپێکدا ناوی ڕووزبێ(روزبه) بوو و بۆ خۆی ئێرانی بوو و بووبووه موسوڵمان، سرووشی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی له مێژووی ئێرانه‌وه بۆ هاتبوو، که ئه‌وان(ئێرانییه‌کان) له جه‌نگدا، دژی نه‌یارانیان، ئه‌و نه‌خشه‌یه‌یان به‌کار بردووه و سوودیان لێ وه‌رگرتووه. به هۆی ئه‌و چاڵه قووڵ و گه‌وره‌یه‌وه، که له جه‌نگی خه‌نده‌قدا، هه‌ڵکه‌ندرا، ئه‌و جه‌نگه ناوی خه‌نده‌قی لێ نرا. وشه‌ی خه‌نده‌ق (الخندق)، که ئێستا وشه‌یه‌کی عه‌ره‌بییه، له بنه‌مادا له وشه‌ی(که‌ند، که‌ن)ی زمانانی ئێرانییه‌وه هاتووه، که ئێستاش له فارسی و کوردی‌دا به‌کار ده‌برێن. له کوردستان، ده‌یان جێگه هه‌یه، که وشه‌ی که‌ند یا که‌نی پێوه‌یه، بۆ نموونه: که‌نه‌زه‌رد، که‌نه‌که‌وه، که‌نه‌دڕیاگ (که‌نه‌دڕاو)، گڵکه‌ند، که‌ندیناوه و....
له 17 – 12 – 2012دا، ئوستانداری ئوستانی که‌رکووک، دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم، ڕایده‌گه‌یه‌نێ، که "ئیداره‌ی كه‌ركوك خه‌نده‌قێك به‌درێژی (150) كیلۆمه‌تر به‌چوار ده‌وری شاری كه‌ركوكدا لێده‌دات بۆ رێگرتن له گروپه تیرۆریستیه‌كان كه ده‌یانه‌وێت بێته ناو شاری كه‌ركوكه‌وه و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن..."[1].
من وشه‌ی "ئوستان" و "ئوستاندار"، له‌بری وشه‌ی "پاریزگا" و "پارێزگار"، به‌کار ده‌هێنم، چونکه پێموایه پارێزگا و پارێزگار وه‌رگێڕانی وشه‌گه‌لی"محافظة" و "محافظ"ی عه‌ره‌بین و ئه‌و دوو وشه‌گه‌له‌ش له‌و ده‌میه‌وه‌ی شۆڤینیسته نه‌ته‌وه‌ییه عه‌ره‌به‌کان له عیراقدا، دوای ڕووخاندنی کۆماره‌که‌ی عه‌بدولکه‌ریم قاسم و ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست و زاڵبوونی دید و بیری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی ئه‌وان و سرووش وه‌رگرتن له مسر و ناسریزم و به‌عسیزم، ئیدی ئه‌و وشانه هاتنه نێو زمانی عه‌ره‌بییه‌وه له عیراق و کوردیش، وه‌ک زۆر جار و زۆر کاری دیکه، بێ بیرکردنه‌وه و وردکاریی، وه‌ریانگێڕایه سه‌ر زمانی کوردی و ئیدی تا ئێستاش وه‌ک وشه دزیوه‌کانی"به‌روار" و "پێشنیار" و "هه‌ڵده‌ستێ به..." و ده‌یانی دیکه‌ی ناکوردی بوون به به‌ڵا، به‌سه‌ر زمانی کوردییه‌وه و لێی نابنه‌وه. وشه‌گه‌لی "ئوستان" و "ئوستاندار"، دوو وشه‌ی ڕه‌سه‌نی زمانه ئێرانییه‌کانن، که زمانی کوردییش یه‌کێکه له‌و زمانانه و بۆ کورد ڕه‌وایه و زۆر ڕاسته و گه‌لێک زانستیانه‌تره، که "ئوستان" و "ئوستاندار" به ه‌ی خۆی بزانێت و به‌کاریان بهێنێت.
ئه‌وه‌ی بۆ من جێی سه‌رنج و ڕامانه، ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریمه، بۆ هه‌ڵکه‌ندنی که‌ندێکی 150 کیلۆمیتری به ده‌وری که‌رکووکدا، بۆ ڕێگه‌گرتن له تێرۆریستان!.
من دڵنیام له‌وه‌ی، که دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم و هه‌موو کورد و تورکمانێکی که‌رکووک، ئه‌گه‌ر خۆ نه‌خه‌ڵه‌تێنن، مێژووی عه‌ره‌باندنی که‌رکووکیان، زۆر باش له یاده و هێشتا له بیرگه‌یاندا نه‌سڕاوه‌ته‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌وه، که به‌عس له 1963دا ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست، ئیدی عه‌ره‌ب هه‌نارده‌ی که‌رکووک ده‌کران. له کوودێتای 1968 به دواوه، ئیدی به‌عس بێشه‌رمانه، عه‌ره‌بی به لێشاو هه‌نارده‌ی که‌رکووک ده‌کرد و ماڵ و گه‌ڕه‌کی کوردی زه‌وت ده‌کرد و کوردی وه‌ده‌ر ده‌نا و عه‌ره‌بی له جێگه‌یان، نیشته‌جێ ده‌کرد. هه‌موو که‌رکووکییه‌ک و هه‌موو که‌رکووکناسێک و هه‌موو خودان ویژدانێک، باش ده‌زانێت، که ته‌واوی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی، له‌و ده‌مییه‌وه هه‌نارده‌ی که‌رکووک کراون، به سوننه و شیعه‌یانه‌وه، بۆ داگیرکردنی که‌رکووک و عه‌ره‌باندنی و سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری تورکمانی و کوردی و سڕینه‌وه‌ی کوردستانیه‌تی که‌رکووک، نێردراونه که‌رکووک و هاتوونه که‌رکووک. ئه‌وان، که به ئاره‌زوومه‌ندانه و به خواست و ویست و قایل‌بوونی خۆیان، هه‌نارده‌ی که‌رکووک کران، په‌یامی وه‌ده‌ردانی کورد و عه‌ره‌باندن و به‌عساندنی که‌رکووکیان له‌گه‌ڵ خۆدا هێنابوو. ئه‌وان، سه‌رباز و ئه‌من و موخابه‌رات و جه‌یشوششه‌عبی و چه‌کدار و سیخوڕ و هه‌موو ئه‌وانه بوون له که‌رکووک و به چه‌که‌وه و به‌وپه‌ڕی خۆشی و شادی و که‌یفه‌وه، ڕژانه نێو که‌رکووک. ئه‌وان، بۆ تاڵان و جه‌رده‌یی هاتنه که‌رکووک و ته‌واوی کارگێڕی و ماڵ و موڵک و کاری کورد و تورکمانی که‌رکووکیان داگیر کرد. ئه‌وان که‌مترین به‌زه‌ییان به کورد و تورکمانه‌کانی که‌رکووکدا، که بۆ خۆیان خاوه‌ن ماڵ بوون، نه‌ده‌هاته‌وه و نایه‌ته‌وه. ئه‌وان کوردیان ڕاو ده‌نا، ده‌کوشت، زیندانی ده‌کرد و هه‌موو په‌تپه‌تییه‌کیان پێ ده‌کرد و ئاماده‌ش بوون هه‌موو خراپکارییه‌ک به‌رانبه‌ر به کورد بکه‌ن. ئه‌وان هه‌رگیز نه فریشته بوون و نه په‌یامی ئاشتی و برایه‌تییان پێ‌بوو، به‌ڵکه داگیرکه‌ر و جه‌للاد بوون. پرۆسێسی عه‌ره‌باندنی که‌رکووک، 40 ساڵی ته‌واو، هه‌ر له 1963 – 2003 درێژه‌ی هه‌بوو و ئێستاش به‌رده‌وامه. ئه‌و عه‌ره‌به هه‌ناردانه، که ده‌بوو له 2003دا، ته‌نانه‌ت یه‌ک دانه‌شیان له که‌رکووکدا نه‌مابایه‌وه، ئێستاش له جێی خۆیانن و ئێستاش ئه‌وانن، که خاوه‌نی که‌رکووکن. ئه‌وان ئێستاش وه‌ک سه‌رده‌می به‌عس، هه‌رچییان له‌ده‌ست بێت، بۆ زیاتر عه‌ره‌باندنی که‌رکووک و بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان و بۆ سڕینه‌وه‌ی کوردستانیه‌تیی که‌رکووک، ده‌یکه‌ن و له هیچ شتێکیش ناسڵه‌مێنه‌وه.
من ده‌زانم دۆکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم، له‌به‌ر پله و پایه‌ی خۆی، ڕه‌نگه نه‌توانێت، ڕاشکاوانه بیروڕا و بۆچوونی خۆی ده‌ربڕێ، به‌ڵام ئه‌ویش باش ده‌زانێت، که گه‌ڕه‌کی عه‌ره‌بنشینی وا له که‌رکووکدا هه‌یه، کورد به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ ناتوانێت ڕووی تێ بکات و خۆی وه‌ک کورد تێدا پێشان بدات. ئه‌وه‌ی کاری تێرۆریستی له ناو که‌رکووکدا ده‌کات، له ده‌ڕێی که‌رکووکه‌وه نایه‌ت بۆ که‌رکووک، ئه‌و تێرۆریستانه بۆ خۆیان دانیشتووی که‌رکووکن و که‌ونه به‌عسی و داگیرکه‌ر و مرۆڤکوژه‌کانی ئه‌و چل ساڵه‌ی پێش و پاش 2003ن و دانیشتووی ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ن، که ئێستاش مۆڵگه‌ی شۆڤینیست و به‌عسی و عه‌ره‌به توندڕۆکانن.
هه‌ڵکه‌ندنی که‌ندێکی 150 کیلۆمیتری به ده‌وری که‌رکووکدا، له‌م سه‌رده‌مه‌دا، که نه سه‌رده‌می جه‌نگی ئه‌لخه‌نده‌قه و نه شێوازی جه‌نگیش به‌و جۆره‌ی ئه‌و ڕۆژگاره‌یه، پتر له خه‌یاڵ(Science fiction) ده‌چێت. نه‌ک که‌ندێک، ده‌یان که‌ندی دیکه‌ی له‌وه گه‌وره‌تریش به ده‌وری که‌رکووکدا هه‌ڵکه‌ندرێن، هه‌رگیز ڕێگه له تێرۆریستان ناگرێت، چونکه تێرۆریستان بۆ خۆیان له نێو که‌رکووکدا ته‌راتێن ده‌که‌ن و هه‌میشه گه‌رای نوێ داده‌نێن. وه‌ها که‌ندێک، ڕه‌نگه میلیۆنان دۆلاری تێ بچێت. ئه‌و پاره‌یه ئه‌گه‌ر ته‌رخان بکرێت بۆ دابه‌شکردنی به سه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی له 1963 به دواوه هه‌نارده‌ی که‌رکووک کراون، بۆ ناردنه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، ئه‌وده‌م ئیدی نه تێرۆریست له که‌رکووکدا ده‌مێنێت و نه هه‌ڵکه‌ندنی وه‌ها که‌ندێکی مه‌زنی، ژینگه وێرانکه‌ریش، پێویست ده‌بێت.
ڕووسه‌کان، ئێستاش که باسی هێرش و په‌لاماردانی هێزه‌کانی ئه‌ڵمانیای نازیی بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌یان ده‌که‌ن، هه‌رگیز ناڵێن، ئه‌ڵمانیای نازی، یا له‌شکری هیتله‌ر، به‌ڵکه ڕێکوڕه‌وان و گه‌لێ ڕاشکاوانه ده‌ڵێن: ئه‌ڵمانییه‌کان هێرشیان کرد و ئه‌ڵمانییه‌کان وایان کرد. وڵاتانی ئه‌وروپاش، که باس له داگیرکردن و خراپکاریی ئه‌ڵمانیای نازی بکرێ، هه‌ر به‌و جۆره باسی ئه‌ڵمانییه‌کان ده‌که‌ن و وه‌ک ئه‌ڵمان و ئه‌ڵمانییان ناویان ده‌به‌ن. ئه‌رمه‌نییه‌کان، که باسی کۆمه‌ڵکوژی و قڕانه‌که‌یان ده‌که‌ن، که پێش سه‌د ساڵێک له لایه‌ن تورکی عو‌سمانییه‌وه ئه‌نجام درا، هه‌رگیز ناڵێن، ئه‌و قڕان و کۆمه‌ڵکوژییه، ده‌وڵه‌تی عوسمانی کردی یا له‌شکری عوسمانی ئه‌نجامی دا، به‌ڵکه زۆر به ڕوونی و پڕ به‌ده‌م ده‌ڵێن، کۆمه‌ڵکوژی و قڕانیی ئه‌رمه‌ن له لایه‌ن تورکه‌وه کرا. فلستینییه‌کان و عه‌ره‌ب، که باس له داگیرکردنی فلستین ده‌که‌ن، بێ پێچوپه‌نا، ناوی جووله‌که وه‌ک داگیرکه‌ر ده‌به‌ن. له کاتێکدا له‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا، تاکه که‌سێک نادۆزییه‌وه، ناوی برا و پیاوچاک و مێرخاس و هاوسێ و هاوبه‌ش، له داگیرکه‌ر بنێت، کورد داگیرکه‌رانی که‌رکووک وا ناو ده‌بات. کورد، به‌گشتی و به تایبه‌تی توێژه‌ر و لێکۆڵه‌ر و نووسه‌ر و سه‌رکرده و سیاسه‌تکارانی، تا ئێستاش نه‌یانتوانیوه و نه‌یانوێراوه، به ئاشکرا و بێ منجه‌منج و بێ په‌رده، ناوی داگیرکه‌ر، له‌و عه‌ره‌بانه‌ی که‌رکووک بنێن و به هۆکاری ته‌واوی کێشه‌کانی که‌رکووکیان، به کاره تێرۆریستییه‌کانیشه‌وه، بزانن. 10 – 3 - 2013
که‌رکووکه‌خه‌م
- سێ -
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له به‌ندی 13یه‌می جاڕی گه‌ردوونیی مافی مرۆڤدا، هاتووه، که"1. هه‌موو که‌سێک ئازادیی هاتن و چوون و هه‌ڵبژاردنی شوێنی نیشته‌جێبوونی له نێو سنووری هه‌ر ده‌وڵه‌تێکدا هه‌یه. 2. هه‌موو که‌سێک مافی به‌جێهێشتن و بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ر وڵاتێکی، ته‌نانه‌ت وڵاته‌که‌ی خۆیشی، هه‌یه."[1]. ئه‌وه‌ی له‌و به‌نده‌ی ئه‌و جاڕنامه‌یه‌دا هاتووه، باس له وڵاتێک ده‌کات، که مرۆڤ چ وه‌ک تاک و چ وه‌ک کۆمه‌ڵ، تێیدا ئازاده. وڵاتێک، مرۆڤ تێیدا مرۆڤه و هه‌موو مافێکی ژیان و ڕاده‌ربڕین و هه‌ڵبژاردن و جووڵانه‌وه و کار و ته‌واوی مافه‌کانی دیکه‌ی هه‌یه. باس له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌کات، که خه‌ڵکه‌کانی له‌به‌رده‌م قانوون‌دا چوونیه‌کن و له هه‌موو ماف و ئه‌رکه‌کانیاندا یه‌کسانن. وه‌ها مافێک، که جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ، بۆ ته‌واوی مرۆڤی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ی ده‌سته‌به‌ر کردووه، هه‌رگیز له وڵاتێکی وه‌ک کوردستاندا، که به ده‌ست چوار ده‌وڵه‌تی داگیرکاره‌وه ده‌یناڵاند و ده‌ناڵێنێت، له لایه‌ن ئه‌و داگیرکارانه‌وه، ناخوات و به پووڵێکی قه‌ڵبی ناکڕن.
دیرۆکی کۆن و نوێی کورد و خه‌ڵکی کوردستان، بارگاوییه و تژییه له کۆچ و کۆچپێکردن و بارکردن و وه‌ده‌رنان. ئیدی هه‌ر له وه‌ده‌رنان و به تۆبزی کۆچپێکردنی کوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه بۆ خوراسان و کۆچپێکردنی کوردانی ئه‌رمه‌نستانه‌وه بۆ ئازه‌ربایجان و گورجستان و کۆچپێکردنی کوردانی باکووره‌وه بۆ نێو تورکیا، تا ده‌گاته وه‌ده‌رنان و کۆچپێکردنی کوردانی فه‌یلی به‌غدا بۆ ئێران و کوردانی که‌رکووک، بۆ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک.
گه‌لێ جار، که له‌گه‌ڵ سوێدییه‌کاندا، باسی کۆچپێکردن و وه‌ده‌رنانی کوردانی که‌رکووک و ناردنی عه‌ره‌ب بۆ که‌رکووک و عه‌ره‌باندنی که‌رکووکم کردووه، سوێدییه‌که پێی سه‌یر بووه، که من به‌و جۆره ده‌نۆڕمه ئه‌و باسه و ئه‌وه به کێشه و کاره‌سات ده‌زانم. ئه‌و پێیوابووه، بارکردن و گواستنه‌وه و گۆڕینی شوێنی نیشته‌جێبوون، مافی هه‌موو که‌سێکه. ته‌واوی ئه‌و کۆچپێکردن و وه‌ده‌رنانی کورده‌ی له که‌رکووک و ناردنی عه‌ره‌به‌ی بۆ که‌رکووک و عه‌ره‌باندنه‌ی، به لاوه، وه‌ک گواستنه‌وه و بارکردنی کابرایه‌کی خه‌ڵکی ستۆکهۆڵم بۆ شاری مالموێ یا یۆته‌بۆری یا به پێچه‌وانه‌وه بووه. بۆ سوێدییه‌ک، مه‌سه‌له‌که ته‌نێ گۆڕینی جێگه‌ی ژیان و ناوونیشانه‌که‌یه و هیچی دیکه. دیاره، سوێدییه‌کی مێشک داخراوی چوارسووچه بیرکه‌ره‌وه‌ی ته‌سکبین، هه‌رگیز ناتوانێت له‌وه تێبگات، که له ده‌رێی ئه‌و به‌ندی سێزده‌یه‌مه‌ی جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤه، قانوونگه‌لی دیکه هه‌ن، که قانوونی جه‌نگه‌ڵن و خه‌ڵکانێکی دڕنده، له جه‌نگه‌ڵستانێکدا، که ناوی وڵات و ده‌وڵه‌تی لێنراوه، کاری پێ ده‌که‌ن. سوێدییه‌ک و ئه‌وروپاییه‌کانی دیکه‌ش، دیاره خه‌ڵکه ئاساییه‌کانیان، له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ندی سێزده‌یه‌مه‌وه، ده‌نۆڕنه کێشه‌که و نازانن عه‌ره‌باندن، تورکاندن و فارساندن، چین و چ واتا و ئه‌نجامێکیان هه‌یه! لێ زله‌نه‌هه‌نگه‌کانیان، ئه‌وانه‌یان، که له هه‌موو کاسه‌یه‌کدا که‌وچکن و خودانی پاره و به‌رژه‌وه‌ند و سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵات و پێوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تین و کاریگه‌رییان له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه و کاری سیخوڕی و کۆمپانیا ده‌که‌ن و هه‌زارویه‌ک فێڵ و ته‌ڵه‌که و ته‌ونی داگیرکردن و تێکدان ده‌چنن، ئه‌وانه زۆر باش له‌و ڕه‌وشه‌ی کوردستان تێده‌گه‌ن، لێ ئه‌گه‌ر خۆیان پشکێکیان له کێشه‌که‌دا هه‌بێت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانی تێدا بێت، ئه‌وا چاوی لێ ده‌نووقێنن و هیچ نابینن و ناژنه‌فن.
ئه‌گه‌ر له‌نێوان 1963 – 2003دا و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ڕێژیمی به‌عسی تێدا ڕووخا، پاساوێک بۆ وه‌ده‌رنانی کورد له که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی داگیرکراوی کوردستان(که من هه‌موویان له ژێر ناوی که‌رکووکدا کۆ ده‌که‌مه‌وه) هه‌بێت، ئه‌وا له دوای 2003وه هیچ پاساوێک نییه. پێش 2003، به‌عس سیاسه‌تی عه‌ره‌باندن و به‌عساندنی که‌رکووکی به نه‌خشه و به هێز و هه‌موو جۆره ئامراز و شێوه‌یه‌ک، پێڕۆ ده‌کرد و بۆیشی ده‌چووه سه‌ر. ئه‌و سیاسه‌ته، که له هه‌ناردنی عه‌ره‌ب بۆ که‌رکووک و وه‌ده‌رنانی کورد له که‌رکووکدا ده‌رده‌که‌وت، له هیچ که‌سێکی کورد و تورکمانی که‌رکووک و ته‌واوی کوردستان، شاراوه نه‌بوو. له دوای 2003 و ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه، سیاسه‌تی به‌عساندن له که‌رکووک به ئاشکرا نه‌ماوه، به‌ڵام سیاسه‌تی عه‌ره‌باندن درێژه‌ی هه‌یه و زۆر به ڕێکوپێکی و به نه‌خشه و به‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان و هه‌موو حیزبه کوردستانییه‌کان و کورده‌وه، پیاده ده‌کرێ. ڕۆژنامه‌کانی کوردستان(هه‌رێم) و ته‌له‌ڤیزیۆن و جۆره‌کانی دیکه‌ی میدیاکانیان، بۆ خۆیان به‌رده‌وام گه‌واهی ئه‌وه ده‌ده‌ن و ئه‌و باسانه، نه‌ک وه‌ک شیکردنه‌وه و وه‌دوای چاره‌سه‌دا گه‌ڕان و ئه‌نجامگریی، به‌ڵکه ته‌نێ وه‌ک هه‌واڵێکی خوێڕیله، دێننه گۆڕێ. باس له فراوانتربوونی کۆچی کوردانی که‌رکووک ده‌که‌ن و باس له‌وه ده‌که‌ن، که به جۆرێکی ڕێکخراو و به بڕیار هه‌ڕه‌شه له کوردی که‌رکووک ده‌کرێ و باس له‌وه ده‌که‌ن، که شه‌وانه ته‌قه له ماڵه کورده‌کانی که‌رکووک ده‌کرێ. ئه‌م باسه وه‌نه‌بێ ته‌نێ نێو شاری که‌رکووک بگرێته‌وه، به‌ڵکه به‌رده‌وام هه‌واڵی کۆچکردنی کوردانی دانیشتووی خورماتوو، قه‌ره‌ته‌پپه، جه‌له‌ولا(قه‌ره‌خان)، مه‌نده‌لی، سه‌عدییه(قزلڕه‌بات)، مووسڵ، شنگال، ته‌له‌عفه‌ر و ده‌یان شوێنی کوردنشین و کوردستانیی دیکه، ده‌بیسرێت.
کۆچکردنی کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می ڕێژیمی به‌عسدا به تۆبزی بوو، وه‌ده‌رنان و کۆچپێکردن بوو، ئه‌مڕۆ هه‌ر ئه‌وه نییه، به‌ڵکه به‌شێک له‌و خه‌ڵکه، به ئاره‌زووی خۆیان کۆچ ده‌که‌ن و زێد و ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆیان جێده‌هێڵن. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، که خاکێکی دابڕێنراون له کوردستان و داگیرکراون، له ڕه‌وشێکی زۆر تایبه‌تدا ده‌ژین. حوکوومه‌تی عیراق، وه‌ک یه‌که‌یه‌ک، خۆی به خاوه‌نی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه ده‌زانێت و له هه‌مان کاتیش‌دا، حوکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش، وه‌ک یه‌که‌یه‌ک، خۆی به خاوه‌نیان ده‌زانێت. له که‌رکووک و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا یه‌ک حوکوومه‌ت و یه‌ک ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵکه چه‌ندین حوکوومه‌ت و چه‌ندین ده‌سه‌ڵات هه‌یه و ده‌کرێ ده‌سه‌ڵاتی دوو حوکوومه‌تی به‌غدا و کوردستان، ورد بکه‌ینه‌وه بۆ چه‌ندین ورده‌ده‌سه‌ڵات و چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتی تریشیان بخه‌ینه سه‌ر. عه‌ره‌بی سوننه، عه‌ره‌بی شیعه، عه‌ره‌بی که‌ونه‌به‌عسی، تورکمانی سوننه، تورکمانی شیعه، کۆمه‌ڵیک حیزبی تورکمانی سه‌ر به تورکیا، کۆمه‌ڵێک حیزبی تورکمانی سه‌ر به ئێران، یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمه‌ڵێک حیزبی دیکه‌ی کوردستانی( گۆڕان، سۆسیالیست دیموکرات، یه‌کگرتووی ئیسلامی، کۆمه‌ڵی ئیسلامی، شیووعی کوردستانی، شیووعی عیراقی، پارتی چاره‌سه‌ر، زه‌حمه‌تکێشان، کۆمۆنیستی کارگه‌ری..)، هۆز و خێڵ و سه‌رۆکهۆز و سه‌رۆکخێڵی عه‌ره‌ب و کورد، فه‌ڵه، ده‌مڕاستی ئێزدیان، شێخانی ته‌ریقه‌تی ئیسلامی، ده‌مڕاستی یارسانان، مه‌ندائی، سیخوڕان و ده‌ستی تورکیا، سیخوڕان و ده‌ستی ئێران، سیخوڕان و ده‌ستی ئه‌مه‌ریکا، سیخوڕان و ده‌ستی وڵاتانی ئه‌وروپایی، سیخوڕان و ده‌ستی ئیسرائیل و ده‌یان ده‌سته‌ی دیکه، هه‌موو ئه‌مانه ده‌سه‌ڵاتن و کاریگه‌ری و هه‌ژموون و هێزیان هه‌یه و خۆ به خاوه‌نی که‌رکووک ده‌زانن. هه‌ر یه‌کێک له‌مانه ناوه‌ندێکه و که‌مه‌ڵێکی له ده‌وری خۆی خڕکردووه‌ته‌وه. هه‌ر یه‌کێک له‌مانه ده‌سه‌ڵاتێکه و هیچ یه‌کێکیشیان ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان به سه‌ر که‌رکووکه‌وه نییه. هه‌موو ئه‌مانه خۆیان به خاوه‌نی که‌رکووک ده‌زانن و هیچیشیان به ته‌واویی خاوه‌نی که‌رکووک نین. هه‌موو ئه‌مانه پێیانوایه، خزمه‌ت به خه‌ڵکی که‌رکووک ده‌که‌ن و هیچیشیان، هیچ بۆ خه‌ڵکی که‌رکووک ناکه‌ن و زۆرجاران، بار و قورسایین به سه‌ر خاک و خه‌ڵکی که‌رکووکه‌وه.
پێش 2003، به‌عس کوردانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی وه‌ده‌رده‌نا و ده‌یناردن بۆ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک و شارۆچکه‌کانی سه‌ر به‌و ئوستانانه، ئێستاش کوردی که‌رکووک، که کۆچ ده‌که‌ن، هه‌ر ڕوو له‌و ده‌ڤه‌رانه ده‌که‌ن. کوردی مه‌نده‌لی و سه‌عدییه و جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌پپه و خورماتوو، ڕوو ده‌که‌نه، که‌لار و سلێمانی. کوردی که‌رکووک، ڕوو ده‌که‌نه، سلێمانی و هه‌ولێر. کوردی شنگال و مووسڵ، ڕوو ده‌که‌نه دهۆک و هه‌ولێر و سلێمانی. کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، ڕوو ده‌که‌نه، هه‌رێمی کوردستان.
ڕۆژانه ده‌یان چیرۆکی پڕ له نه‌هامه‌تی، خه‌ڵکی هه‌ڵاتووی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، ده‌ژنه‌فین، که له ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌لێکردنه‌وه جێگه‌ی نیشته‌جیبوونی خۆیان، جێده‌هێڵن. عه‌ره‌بی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، به چه‌ک، به ته‌لیفۆن، به نامه، به هاتنه به‌ر ده‌رگه، به سووکایه‌تیپێکردن، به هه‌موو ئامرازێک، ناچاریان ده‌که‌ن، بارکه‌ن و زێدی خۆیان، جێبهێڵن. نازیسته‌کانی ئه‌ڵمانیاش، شه‌وی کریستاڵ، هه‌ر به‌و جۆره‌یان له‌ته‌ک جووله‌که‌کاندا کرد، تاکه جیاوازییه‌ک ئه‌وه‌یه، نازیسته‌کان، ماڵه جووله‌که‌کانیان به بۆیه‌یه‌ک ڕه‌نگ ده‌کرد و دیاری ده‌کرد و ئیدی به‌سه‌ریاندا ده‌دان و وه‌ده‌ریانده‌نان. جووله‌که‌کانیش له‌و ده‌مییه‌وه، که فلستینیان داگیر کرد، توندترین و کاراترین و وردترین و لێزانانه‌ترین و نه‌خشه‌بۆداڕێژراوترین سیاسه‌ت و کرده‌ی وه‌ده‌رنانی عه‌ره‌بی فلستینییان پێڕۆ کردووه. عه‌ره‌به‌کانی که‌رکووک هێشتا ئه‌و ڕه‌نگه‌ی نازیسته‌کانیان به‌کار نه‌هێناوه، لێ ته‌واوی سیاسه‌تی جووله‌کاندنی فلستین و وه‌ده‌رنانی فلستینییان، ئه‌مانیش پێڕۆی ده‌که‌ن و له سه‌ری ده‌ڕۆن. ئه‌مان، نامه‌ی هه‌ڕه‌شه فڕێ ده‌ده‌نه ماڵه کورده‌کانه‌وه و زه‌نگیان بۆ لێده‌ده‌ن و شه‌وانه ته‌قه له ماڵه‌کانیان ده‌که‌ن و دیوار‌یان ده‌ڕووخێنن و دزییان لێ ده‌که‌ن و له ده‌رکه‌یان ده‌ده‌ن و به هه‌موو جۆرێک وه‌ڕسیان ده‌که‌ن و سه‌رئێشه‌یان بۆ ساز ده‌که‌ن. ئه‌و کوردانه‌شی، که تووشی وه‌ها مامه‌ڵه‌یه‌ک ده‌بن، له بێ پشتوپه‌نایی و بێهێزیدا، ئیدی له ترسی گیان و ماڵدا، سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن و ڕوو ده‌که‌نه سێ ئوستانه قوته‌ڵه‌کانی هه‌رێم.
ته‌واوی ئه‌و به‌زمه، ته‌واوی ئه‌و سووکایه‌تیپێکردنه، ته‌واوی ئه‌و عه‌ره‌باندنه، به‌به‌ر چاو و گوێی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان و هه‌موو حیزبه کوردستانییه‌کان و له‌شکر و پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌وه، ڕوو ده‌دات و ده‌گوزه‌رێت، بێ ئه‌وه‌ی لێی بێنه وه‌ڵام و کاردانه‌وه‌یه‌کیان هه‌بێت! هه‌موو کاردانه‌وه و وه‌ڵامێکی ئه‌وان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا دێت، ته‌نێ باسکردنێتی وه‌ک هه‌واڵێک، ئه‌ویش نه‌ک هه‌واڵێکی هه‌ژێن و پڕبایه‌خ و گرنگ، به‌ڵکه هه‌واڵێکی ساردوسڕ و هیچ نه‌گه‌یه‌ن و مردوو، له میدیاکانی خۆیانه‌وه!
له‌بری ئه‌وه‌ی کورد، که خاکه‌که‌ی داگیرکراوه، هه‌ڕه‌شه‌ی له عه‌ره‌بی داگیرکه‌ر کردبا و وه‌ده‌ری نابا و خاکه‌که‌ی ڕزگار کردبا، عه‌ره‌به، که هه‌ڕه‌شه له کورد ده‌کات و ڕاوی ده‌نێ و خاکی پێ چۆڵ ده‌کات. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کورد، ئێستاش شانازی به‌وه‌وه ده‌کات، که هه‌رگیز نه‌چووه‌ته سه‌ر که‌س، به‌ڵکه هه‌ر خه‌ڵک هاتووه‌ته سه‌ر ئه‌م و خه‌ڵک شه‌ڕیان هێناوه‌ته خاکی کوردستان. ئه‌مه چه‌وتترین بیرکردنه‌وه‌یه و ترسنۆکانه‌ترین دید و بۆچوونه. کورد، ئه‌گه‌ر عه‌ره‌بی هه‌نارده و هاورده‌ی که‌رکووکی پێ داگیرکه‌ره، ئیدی چ پاساوێک هه‌یه بۆ خۆکه‌ڕکردن و چاونووقاندن له‌و ڕه‌وشه‌ی کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی پێدا تێده‌په‌رێ! خۆ ده‌بێ وه‌ڵام و کاردانه‌وه‌یه‌ک، بۆ ئه‌و کۆچه‌ی کورد و جێهێشتنی که‌رکووکه هه‌بێت!
ساڵی 1980 و پێش ده‌ستپێکردنی جه‌نگی عیراق دژ به ئێران و وه‌ک به‌رایی و ڕێگه‌خۆشکردنێک بۆ هه‌ڵگیرساندنی ئه‌و جه‌نگه، له لایه‌ن عیراقه‌وه، ته‌قه و تۆپ وه‌شاندن له‌نێوان هێزه‌کانی عیراق و ئێران‌دا، جاروبار، ڕووی ده‌دا. من ئه‌وده‌می له "باریکه"ی ده‌ڤه‌ری خانه‌قین، سه‌ربازی یه‌ده‌ک بووم. ته‌واوی ده‌ڤه‌ری خانه‌قین، تا ده‌گه‌یشته بناری چیای به‌مۆ، که سه‌ر به خانه‌قین بوو، هه‌موو عه‌ره‌بێنرابوو و بۆ ده‌رمانیش له‌و گوندانه‌دا کوردێکت ده‌ست نه‌ده‌که‌وت. شه‌وێکیان تۆپێکی ئێران، به ڕێککه‌وت، که‌وته سه‌ربانی ماڵێک له قۆره‌توو. ماڵه‌که عه‌ره‌بی هه‌نارده/هاورده بوو و ئه‌وده‌می هه‌موو خه‌ڵکی قۆره‌توو، عه‌ره‌بی هه‌نارده/هاورده بوون. تۆپه‌که له بانه‌وه که‌وته نێو ماڵه‌که‌وه و پێنج شه‌ش که‌سی ماڵه‌که‌ی کوشت، بۆ سبه‌ینێ، تاقه یه‌ک ماڵه عه‌ره‌ب له قۆره‌توودا، نه‌مان و هه‌موو هه‌ڵاتن. له‌گه‌ڵ سه‌ربازێکی هاوڕێمدا، که ناوی فه‌لاح بوو و خه‌ڵکی زاخۆ بوو، ئه‌و ڕۆژه چووینه قۆره‌توو و به چۆڵیی و بێ عه‌ره‌ب، دیتمان.
بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان و حیز ب و چه‌کدار و ئه‌و هه‌موو هێز و به‌زمه‌ی هه‌یانه، گه‌لێک شه‌رمه و گه‌لێک ترسنۆکییه، له ئاست ئه‌و کاره‌ساته‌دا، که به سه‌ر که‌رکووک و ته‌واوی کوردی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا دێت، خۆ گێل ده‌که‌ن و بێده‌نگن و چ کاردانه‌وه‌کیان نییه!
داگیرکه‌ر، ته‌نێ یه‌ک زمان تێده‌گات و به یه‌ک جۆر تێده‌گات و له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ردا تاکه یه‌ک سیاسه‌ت ده‌خوات، ئه‌ویش"چاو به چاو و ددان به ددان(العین بالعین و السن بالسن)".
29 – 3 - 2013
[1]جاڕی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ، پێشه‌کی: که‌نداڵ نه‌زان، وه‌رگێڕانی بۆ کوردی: ڕۆژه‌ن به‌رناس، ڕه‌شۆ زیلان، به‌ختیار ئه‌مین، ه. سه‌لیم، ئه‌مجه‌د شاکه‌لی، بڵاوکراوه‌ی ئه‌نیستیتووتی کورد له پاریس، فرانسه، 1989، ل 63.
که‌رکووکه‌خه‌م
- چوار-
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له سه‌رده‌می ڕێژیمی به‌عسدا، به هه‌موو خراپییه‌کییه‌وه، له هیچ شوێنێکی عیراق و له کوردستاندا، ته‌قینه‌وه و کاری خۆکوژی، ڕووی نه‌ده‌دا. هه‌ر که ڕێژیم ڕووخا و ئه‌مه‌ریکا وڵاتی داگیرکرد و به تۆپ و بۆمب و تانک و لووله‌ی تفه‌نگ، به‌ناوی دیموکراتییه‌وه، سیستمێکی خێڵۆکراتی و تایفۆکراتی و مه‌زهه‌نۆکراتی بێفه‌ڕ و سه‌قه‌تی به‌سه‌ر وڵات‌دا سه‌پاند و پیاوان و ده‌ستوپێوه‌ندانی خۆی، هێنایه سه‌ر کار، ئیدی له‌وده‌مه‌وه، ته‌قینه‌وه و خۆته‌قاندنه‌وه و کاری خۆکوژی، که‌وته نێو وڵاته‌وه و بوو به کرده‌یه‌کی ڕۆژانه و به‌شێک له ژیانی خه‌ڵک. ئه‌و دیارده‌یه ته‌واوی عیراق و کوردستانیشی گرته‌وه و تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه.
به‌شه کوردستانه‌که‌ی بنده‌ستی حوکوومه‌تی عیراق، به گشت ده‌ڤه‌ره‌کانییه‌وه که‌رکووک، مووسڵ، دیاله و.. پێش ڕووخانی به‌عس، ده‌عه‌ره‌بێنرا و ده‌به‌عسێنرا و هه‌موو شوێنه‌وار و ڕوخسار و سیمایه‌کی کوردی و کوردستانییه‌کی هه‌یبوو، لێی ده‌ستێنرایه‌وه. کوردبژار ده‌کرا و موڵک و ماڵ و خانووی کوردی تێدا داگیر ده‌کرا و گشت نیشانه‌یه‌کی کوردبوونی تێدا ده‌سڕێنرایه‌وه، به‌ڵام ته‌قینه‌وه و ته‌قاندنه‌وه و کاری خۆکوژیی، تێدا ڕووی نه‌ده‌دا.
ئێستا و له 2003وه، له دوای ڕووخانی به‌عسه‌وه، هه‌رکه کارێکی خۆکوژی و ته‌قینه‌وه‌یه‌ک، نه‌ک هه‌ر له کوردستاندا، به هه‌رێم و به‌شه دابڕاوه‌که‌یشیه‌وه، به‌ڵکه له هه‌ر جێیه‌کی عیراقیشدا، ڕوو ده‌دات، ئیدی ده‌سبه‌جێ، سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حیزبه‌کانی کوردستان، به تایبه‌ت هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵات، پارتی و یه‌کیه‌تی، به‌یانێک ده‌رده‌که‌ن. وه‌ک بڵێی چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه و ته‌قاندنه‌وه و کاری خۆکوژی و کوشتنی خه‌ڵک، به تایبه‌ت خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌کانی دیکه‌ی کوردستانی ده‌رێی هه‌رێم(که‌رکووک و...)، وێرانکردنیان بووبن، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر، بڵاوکراوه‌یه‌کی دزێوی پڕشه‌رمه‌زاری به ناوی سه‌رکۆنه و ئیدانه و مه‌حکوومکردنه‌وه ده‌رکه‌ن و به وشه بێتام و سواوه‌کانی وه‌ک: به‌داخه‌وه و داواده‌که‌ین و پێویسته و پرسه و سه‌ره‌خۆشی له که‌سوکاری قوربانیان ده‌که‌ین و له خوای مه‌زن داواکارین شه‌هیدان به به‌هه‌شتی به‌رین شاد بکات و هیوای چاکبوونه‌وه‌یش بۆ برینداران ده‌خوازین و هاوبه‌شی خه‌می خێزان و بنه‌ماڵه‌ی و شه‌هیدانبن بڕازێننه‌وه و جاروباریش به فشه هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک، که خوێنی ئه‌و شه‌هید و قوربانیانه به فیڕۆ ناڕوات، کۆتایی به بڵاوکراوه‌که بهێنن.
ئه‌و سه‌رکۆنه و ئیدانه‌کردنه، که بێهێزترین و لاوازترین و ده‌ستوپێسپیترین مرۆڤیش له ده‌ستی دێت و ده‌توانێت بیڵێت و بینووسێت، لاوازترین کارێکه، بێبایه‌خترین به‌رپه‌رپه‌چدانه‌وه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌یه‌که، به‌رانبه‌ر دوژمنێکی داگیرکه‌ر، که زۆرجاران، بێجگه له خه‌ڵکه بێ‌تاوان و ئاساییه‌کان، ئه‌ندامان و هه‌وادارانی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکانی ده‌سه‌ڵات، ده‌کاته ئامانج. ئه‌وه کاردانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی ترسنووکه، که به هیچ جۆرێک نه‌یگه‌ره‌که، ڕه‌وشی تیروته‌سه‌لیی ئابووری و ده‌وڵه‌مه‌ندی و خۆشگوزه‌رانی، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی حیزبی و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان، له‌سه‌ر حیسابی چینه‌کانی خواره‌وه‌ی جڤاکی کوردستان و له‌سه‌ر حیسابی، خه‌ڵکی داماو و سته‌مدیده و ئازارچه‌شته‌ی که‌رکووک و ته‌واوی ده‌ڤه‌ره کوردستانییه‌کانی ده‌رێی هه‌رێم، تێکچێت و کاریگه‌رییه‌ک بکاته سه‌ر بازرگانی و گیرفانی.
هێشتا مامۆستا سه‌عید ناکام(یادی به‌خێر) له ژیاندا بوو، جارێکیان، پشکۆ ناکامی کوڕی، که له ستۆکهۆڵم ده‌ژیا، تووشی دۆکتۆر جه‌مشید حه‌یده‌ری ده‌بێ. دۆکتۆر حه‌یده‌ری، پاش ده‌ستگوشین و سڵاو و چاک و خۆشی، پرسیاری مامۆستا سه‌عید ناکام، له پشکۆ ناکام ده‌کات و ده‌ڵێ:"ئه‌رێ پشکۆ بابت چۆنه؟". پشکۆ ناکامیش ده‌ڵێ:"وه‌ڵڵا کاک جه‌مشید باوکم زۆر باشه و چ عه‌یبی نییه، به ته‌مایش مه‌به وا زوو بمرێ و نه‌که‌ی پرسه‌نامه و شیوه‌نی بۆ ئاماده بکه‌یت و بنووسیت!". ئه‌و ده‌مه وا باو بوو، که دۆکتۆر جه‌مشید حه‌یده‌ری، ماڵی ئاوابێ، زۆرجاران به شیوه‌نه‌گوتار، یادی نووسه‌ر و خه‌ڵکی به‌ناووبانگی مردووی کورد ده‌کاته‌وه.
وه‌ک چۆن پارێزه‌ر، بێجگه له بواره‌کانی دیکه، قازانج له کێشه و ڕووداو و لێقه‌ومان، ده‌کات، له کورده‌واریدا، جاران، له پرسه‌دا، ژنێکی ده‌نگخۆش و خۆشخوان و شاره‌زا و شیعرزان، له گه‌رمیان پێیانده‌گوت"یایه"، به کوڵ و جۆش، ده‌گریا و شیوه‌نی بۆ مردووه‌که ده‌کرد و پێیدا هه‌ڵیده‌دا و پرسه‌که‌ی گه‌رمتر ده‌کرد و هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌هێنایه گریان و فرمێسکڕشتن و به‌رانبه‌ر ئه‌و کاره‌ی، له خاوه‌ن پرسه‌وه، شتێکی پێ ده‌به‌خشرا. بڵاوکراوه سه‌رکۆنه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیش، هه‌ر ده‌ڵێی لاواندنه‌وه‌ی مردوو و چاوه‌ڕوانی پاداشتێکه.
ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، که خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو له‌شکر و چه‌کدار و چه‌که‌یه، که هه‌میشه فشه‌یان پێوه ده‌کات، ده‌بێ ئه‌و هێزه‌ی بۆ چی و بۆ که‌ی هه‌ڵگرتبێ! ڕه‌نگه، ناخویایی و نه‌ناسینی ئه‌و نه‌یاره‌ی وه‌ها کارێکی خۆکوژی و ته‌قینه‌وه ده‌کات، پاساوێک بێت بۆ خه‌مساردی ده‌سه‌ڵات و قایل‌بوون به ده‌رکردنی سه‌رکۆنه‌به‌یانێکی خوێڕیله. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، خۆیان له‌و مرۆڤکوژانه نه‌بان ده‌که‌ن و له ڕاستی خۆ ده‌دزنه‌وه و چاو ده‌نووقێنن، هه‌موو که‌سێک سه‌رچاوه و بنه‌مای ئه‌و کاره نامرۆڤییانه ده‌زانێت و ده‌شتوانێ وه‌ڵامی بداته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته، که ڕێگره و پارێزه‌ری ئه‌و ڕه‌وشه‌یه. هه‌موو که‌س ده‌زانێت، ئه‌وانه‌ی له که‌رکووک کاری خۆکوژی ده‌که‌ن و ته‌قینه‌وه چێ ده‌که‌ن و خه‌ڵک ده‌کوژن، ئه‌وانه‌ن، که به ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، زیانیان لێ که‌وت، ئه‌وانه‌ش که‌ونه‌به‌عسی و موخابه‌رات و ئه‌من و خه‌ڵکانی سه‌ر به ڕێژیمی به‌عسن و ته‌واوی ئه‌وانه‌ش عه‌ربگه‌لی هه‌نارده/هاورده و ده‌هه‌زارییه‌کانن، که تا ئێستاش نیشته‌جێی که‌رکووکن. تا ئه‌وانه له که‌رکووک بن و بمێننه‌وه، ڕه‌وشی که‌رکووک له‌وه‌ی هه‌یه، خراپتر ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمیش، بێ هیچ سه‌ریشه و قڕه و شڵه‌ژانێک و بێ ئه‌وه‌ی ڕێزه‌یه‌ک بدۆڕێنن و گه‌ردیله‌یه‌ک زیانیان پێ بگات، به‌رده‌وام ده‌توانن، چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه و کوشتنی که‌رکووکییان بکه‌ن، بۆوه‌ی، جوار دێڕی ڕه‌نگزه‌رد و چاوشۆڕ بنووسن و به ده‌نگه‌نووساوه‌که‌یان، سه‌رکۆنه خوێڕیله‌کانی خۆیان، په‌خش بکه‌نه‌وه.
17 – 4 - 2013
که‌رکووکه‌خه‌م
- پێنج-
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
داگیرکردن، له هه‌موو زمانانی جیهاندا هه‌ر یه‌ک واتای هه‌یه و ده‌کاته ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێک، ده‌سه‌ڵاتێک، ده‌سته‌یه‌ک، خه‌ڵکێک، که‌سێک. خێڵێک، وڵاتێک، خاک، شار، ماڵ، سامان، موڵک و شتێکی که‌سێکی دیکه زه‌وت ده‌کات و به ئاره‌زووی خۆی ئه‌وه‌ی گه‌ره‌کی بێت له گه‌ڵیدا ده‌یکات و هه‌موو قانوون و ڕێسا و ڕه‌وتار و ئه‌وانه‌ی بۆ خۆی بڕوای پێیه‌تی به سه‌ر ئه‌و جێگه و ئه‌و خه‌ڵکه‌یدا و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌سه‌پێنێت. له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشیدا به سه‌ر ئه‌و شوێنه‌دا، هه‌وڵی گۆڕینی هه‌موو سیمایه‌کی ئه‌و جێگه‌یه ده‌دات و هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی و سڕینه‌وه‌ی نه‌ریت و فه‌رهه‌نگ و بڕوا و هه‌موو شته‌کانی دیکه‌شیان ده‌دات. ئه‌وه سروشتی هه‌موو داگیرکارێکه هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه. تۆ، که ده‌نۆڕیته هێرشی عه‌ره‌به موسوڵمانه‌کان له سه‌رده‌می (عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب)ه‌وه، که چۆن وڵات و ئیمپراتۆریای ساسانییان ڕووخاند و وڵاتی فارسیان داگیرکرد، یا ئینگلیز، که چۆن هیندوستان و ئه‌وسترالیا و نیو زیلاند و ئه‌مه‌ریکای باکوور و له نیوه‌ی جیهانیان زیاتر داگیر کرد، یا فرانسییه‌کان، که چۆن سه‌دوسی ساڵ ئه‌لجه‌زائیریان داگیر کرد، یا ئیسپانیۆلی و پۆرتوگیزه‌کان، که چۆن ئه‌مه‌ریکای لاتین (خواروو)یان داگیر کرد، یا هۆڵه‌ندییه‌کان، که چۆن باشووری ئه‌فریقا و تیمووری خۆرهه‌ڵاتیان داگیر کرد، یا جوو و ئیسرائیلییه‌کان، که چۆن وڵاتی فلستینیان داگیر کرد و ... ده‌یان نموونه‌ی دیکه‌یش، ئه‌وه‌مان بۆ ساغ ده‌بێته‌وه، که ته‌واوی ئه‌و داگیرکارانه، که‌م و زۆر و به ڕێژه‌یه‌ک زیاتر یا که‌متر، هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی گه‌لانی بنده‌ستی خۆیان داوه و هه‌وڵی گۆڕینی ئایین، فه‌رهه‌نگ، شێواز و ورده‌کارییه‌کانی ژیان و ته‌نانه‌ت ناوی خه‌ڵکیشیان له‌و وڵاتانه‌ی بنده‌ستی خۆیاندا داوه.
ئه‌و عه‌ره‌به‌ی هێنراونه‌ته که‌رکووک، یا هاتوونه‌ته که‌رکووک، یا نێردراونه‌ته که‌رکووک، هیچیان خه‌ڵکی که‌رکووک نه‌بوون و نین و هیچیان وه‌ک میوان نه‌هاتوونه‌ته که‌رکووک، تا بۆ ماوه‌یه‌ک له‌وێ بن و پاشان جێی بهێڵن و بڕۆنه‌وه کاولبووی خۆیان، به‌ڵکه وه‌ک داگیرکارێک هاتوون و نێردراونه‌ته که‌رکووک. ئه‌وانه پێش هه‌ناردنیان بۆ که‌رکووک، هه‌موو شتێکیان له‌مه‌ڕ که‌رکووکه‌وه زانیوه و به ورد و درشته‌وه بۆیان باس کراوه و پێیان وتراوه بۆ کوێ ده‌برێن و له‌وێ کاریان چ ده‌بێ و ئه‌وانیش زۆر باش زانیویانه بۆ کوێ ده‌چن و چ ده‌که‌ن. عه‌ره‌ب هه‌ر له ساڵه‌کانی 1930ه‌کانه‌وه، کاتێک پرۆژه‌ی ئاوی حه‌ویجه کراوه‌ته‌وه، بۆ ده‌شتی حه‌ویجه نێردراون. عه‌ره‌ب وه‌ک کارمه‌ند و پۆلیس و سه‌رباز و کارگه‌ر له ساڵانی 1930کانه‌وه تا 1960ه‌کان تاکه‌تاکه و بۆ جێگیربوون ڕه‌وانه‌ی که‌رکووک کراون. تا کۆتایی ساڵانی 1950کان و سه‌ره‌تای ساڵانی 1960ه‌کان و پێش کووده‌تاکه‌ی 1963ی به‌عسیش، تاکه عه‌ره‌بێک که له که‌رکووکدا ده‌بینرا، عه‌ره‌بێکی خوێفرۆش بوو، که بێجگه له باره‌خوێیه‌که‌ی ڕه‌بابه‌یه‌کیش له کۆڵه‌که‌یدا بوو. ئه‌گه‌ر خوێت لێ کڕیبا، پاره‌ی خوێیه‌که‌ت ده‌دایه و ئه‌گه‌ریش خوێت لێ نه‌کریبا و یه‌ک عانه(چوار فلسی سه‌رده‌می پاشایه‌تی) ت پێ دابا، ڕه‌بابه‌ی بۆ لێده‌دای. له کوودێتای 1963ی به‌عسه‌وه ئیدی بێشه‌رم و بێپه‌رده عه‌ره‌ب به لێشاو ڕه‌وانه‌ی که‌رکووک کراون و ده‌ست به خاپوورکردنی گوندی کوردنشینی که‌رکووک کرا. له 1968 به دواوه ئیدی به نه‌خشه و وردکاری، عه‌ره‌ب به زیاده‌وه نێردراونه که‌رکووک. سه‌رباری ئه‌و هه‌موو عه‌ره‌به هێشتا تا 1972 و ئه‌وانه ئه‌وه‌نده هه‌ست به زۆریی عه‌ره‌ب نه‌ده‌کرا له که‌رکووک، لێ له 1973 و 1974 و 1975ه‌وه ئیدی به ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا و عه‌ره‌ب تا ده‌هات زیادی ده‌کرد.
هه‌ر له ساڵی 1973دا حوکوومه‌تی به‌عس که‌وته ده‌رکردنی کارگه‌رانی کوردی کۆمپانیای نه‌وتی که‌رکووک و گواستنه‌وه‌یان بۆ شاره‌کانی هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆک. ڕاگواستنی کارگه‌رانی کوردی کۆمپانیای نه‌وتی که‌رکووک پێش هه‌موو ڕاگواستنه‌کانی دیکه ده‌ستیپێکرد. به دوای ئه‌وانیشدا ڕاگواستنی کارمه‌ندانی هه‌موو کارگێڕییه‌کان ده‌ستپێکرد و تا ساڵی 1975 ئیدی تاکه یه‌ک کارگه‌ر و یه‌ک کارمه‌ندی کورد له هیچ کارگێڕییه‌کی که‌رکووکدا نه‌ما، مه‌گه‌ر تاکه‌تاکه‌یه‌ک، که به پشتوپه‌نای خه‌ڵکانێکی ده‌ستڕۆیشتووی نێو ده‌سه‌ڵاتی به‌عس یا بۆ خۆیان بووبێتنه به‌عسی، ده‌نا هیچ کوردێک نه‌یده‌توانی کاری ڕه‌سمی و حوکوومه‌تی بکات له که‌رکووکدا و ده‌بوو که‌رکووک جێبهێڵێت.
که‌رکووکه‌خه‌م
- شه‌ش -
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له‌ژێر ناوونیشانی"چاره‌ی یه‌کجاره‌کی که‌رکووک له دابه‌شبوونیه‌تی" و له ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان و له 25- 4 - 2013دا، دکتۆر عه‌بدولڕحمان مه‌ولود(مه‌ولوود ڕاسته و مه‌ولود هه‌ڵه‌یه - شاکه‌لی)، گوتارێکی نووسیوه، که تێیدا باس له کێشه‌ی که‌رکووک ده‌کات. دکتۆر مه‌ولوود، پێیوایه:::
هه‌ریه‌ک له‌و نه‌ته‌وانه‌ی دانیشتووی که‌رکووکن(کورد، تورکمان و عه‌ره‌ب)، که‌رکووک به ه‌ی خۆیان ده‌زانن، واته: هه‌ریه‌که‌و خۆی به خاوه‌نی که‌رکووک ده‌زانێت. کورد ده‌یه‌وێ که‌رکووک بدرێته ده‌م هه‌رێمی کوردستانه‌وه و تورکمان ده‌یه‌وێ که‌رکووک ببێته هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ و گرێدراوی به‌غدا و عه‌ره‌بیش ده‌یه‌وێ که‌رکووک وه‌ک باژێڕێکی عیراقی چاو لێبکرێت و سه‌ر به به‌غدا بێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر بکات، دکتۆر مه‌ولوود، پێشنیازی دابه‌شکردنی شاری که‌رکووک ده‌کات له‌نێوان دانیشتووانه‌که‌یدا. بۆ نموونه گه‌ڕه‌کێکی کوردنشین بخرێته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و گه‌ڕه‌کێکی عه‌ره‌بنشین بخرێته سه‌ر عیراق و گه‌ڕه‌کێکی تورکماننشین بدرێ به تورکمان. دکتۆر مه‌ولوود به گوێره‌ی ئه‌و دیده‌ی، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدایه، که چایخانه و بازاڕ و مزگه‌وت و حوسه‌ینی و خوێندنگه و حه‌مام و گوڕستانه‌کانی که‌رکووکیش، له‌نێوان کورد و تورکمان و عه‌ره‌بدا دابه‌ش بکرێن. دکتۆر نموونه‌ی فلستین دێنێته‌وه و پێیوایه، له‌نێوان دوو ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و فلستیندا(فلستین هێشتا به ڕه‌سمی نه‌بووه‌ته ده‌وڵه‌ت - شاکه‌لی)، مزگه‌وتی ئه‌قسا(المسجد الأقصی)ی قودسیش، نهۆمی خواره‌وه‌ی بدرێ به جووله‌که‌کان و نهۆمی سه‌ره‌وه‌یشی بدرێ به فلستینییان. به‌ڕای دکتۆر ئه‌و شارانه‌ی، که وه‌ک قودس یا که‌رکووک، تێکه‌ڵن و له چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێک دێن، ده‌بێ وه‌ک چۆن ته‌لارێک، باڵه‌خانه‌یه‌ک، له‌نێوان خه‌ڵکێکی زۆردا دابه‌ش ده‌کرێ و هه‌ریه‌که خاوه‌نی شوققه‌ی خۆیه‌تی، هه‌ر به‌و جۆره‌ش، ده‌کرێ ئه‌و جۆره شاره و که‌رکووکیش وا لێ بکرێ.
له سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه، له لایه‌ن کۆڵۆنیالیزمی بریتانیاوه، و گرێدانی باشووری کوردستان پێیه‌وه، تا ئه‌مڕۆ، ته‌واوی کورد و ته‌واوی ئه‌وانه‌ی بڕێک سه‌ریان له مێژوو ده‌رده‌چێت و ته‌واوی جیۆگرافیازانان و ته‌واوی ئه‌وه‌ی بڕێک خاوه‌ن ویژدانه و ڕاستییه‌کان وه‌ک خۆیان ده‌بینێت، گومانی له‌وه‌دا نه‌بووه و نییه، که باشووری کوردستان(کوردستانی عیراق)، ته‌واوی ئوستانه کۆنه‌کانی، هه‌ولێر، سلێمانی، که‌رکووک و مووسڵ، به سنووره کۆنه‌کانی پێش 1968یانه‌وه و به‌شێکی دیاله، به‌شێکی کووت و به‌شێکی عه‌ماره، ده‌گرێته‌وه. زۆرجارانیش گوتراوه، زنجیره چیای حه‌مرین، سنووری نێوان کوردستان و عیراقی عه‌ره‌بییه. به‌و پێیه، که‌رکووک، باژێڕێکه، ده‌که‌وێته نێو سنووری کوردستانه‌وه و به‌شێک بووه و به‌شێکه له کوردستان. که ده‌گوترێ به‌شێکه له کوردستان، واته: خاکه‌که‌ی به‌شێکه له خاکی کوردستان. تورکمان زۆر له‌مێژه له‌گه‌ڵ کورددا له که‌رکووک و هه‌ندێک ده‌ڤه‌ری دیکه‌ی کوردستان، پێکه‌وه ژیاون و ده‌ژین. تورکمانیش هێنده‌ی کورد مافی که‌رکووکیه‌تی هه‌یه و خودانی که‌رکووکه. بوونی تورکمان له که‌رکووک ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ، که که‌رکووک ئیدی کوردستان نییه. عه‌ره‌ب، هه‌رگیز دانیشتووانی ڕه‌سه‌نی که‌رکووک و مووسڵ و باژێڕه‌کانی دیکه‌ی کوردستان نه‌بوون و نین، به‌ڵکه ئه‌وان هه‌نارده کراون بۆ ئه‌و باژێڕانه و ئه‌وان ئه‌و باژێڕانه‌یان عه‌ره‌باندووه. عه‌ره‌ب، ئه‌گه‌ر ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ی عه‌ره‌باندن و داگیرکردن و شێواندنی مێژووی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان و شێواندنی ڕاستییه‌کان و سڕینه‌وه‌ی بیرگه‌ی کورد و پڕکردنه‌وه‌ی به زانیاری ناڕاست و نادروست، هه‌رگیز نایانکاته خاوه‌ن ماڵ و نایانکاته که‌رکووکی و خه‌ڵکی که‌رکووک. وه‌ها ڕه‌وشێک نابێته هۆی ئه‌وه‌ش کورد، له‌به‌ر بوونی عه‌ره‌ب یا زۆریی ژماره‌یان له که‌رکووکی ئێستادا، ئیدی پێیوابێ که‌رکووک کوردستان نییه و ده‌ستبه‌رداری ببێت و به ه‌ی خۆی نه‌زانێت و عه‌ره‌ب به خاوه‌ن به‌ش و که‌رکووکی بزانێت. ئه‌و گوتاره‌ی دکتۆر عه‌بدولڕه‌حمان مه‌ولوود، به‌و ئاقاره‌دا ده‌ڕوات و ده‌تگه‌یه‌نێته ئه‌و ئه‌نجامه و و عه‌ره‌بیش له که‌رکووکدا ده‌کاته خاوه‌ن ماڵ.
ئه‌مڕۆ، له ناوه‌ندی کوردستاندا، چه‌ندین په‌ڵه و جڤاک و گوند و شارۆچکه هه‌ن، دانیشتووانیان کورد نین و خۆ به کورد نازانن. عه‌نکاوه، هه‌رمۆته، به‌رته‌له، گومار، تلکێف، سلێمان به‌گ، بێ‌شیر، چه‌ند گه‌ڕه‌کێکی شاری که‌رکووک و...جڤاکگه‌لێکی فه‌له، تورکمان و عه‌ره‌بن. هه‌مان دیارده له مووسڵ، جه‌له‌ولا، شنگال، مه‌خموور، قه‌ره‌ته‌پپه، شاره‌بان، مه‌نده‌لی، سه‌عدییه، خورماتوو، تاوغ و گه‌لێک جێگه‌ی دیکه‌ش، ده‌بێنرێ، لێ ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، که ئه‌م شوێنانه کوردستان نین و دانیشتووانه‌که‌ی سبه‌ی بۆیان هه‌یه، جاڕی ده‌وڵه‌ت، یا سه‌ربه‌خۆیی خۆیان بده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد نین. خاکێک، که ئه‌و شوێنانه‌ی تێدایه و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی له سه‌ر ده‌ژین، ئیدی عه‌ره‌بن، تورکمانن، فه‌له‌ن یا هه‌ر شتێکی دیکه‌ن، خاکی کوردستانه، ئیدی خودای ده‌کرد، کێی تێدا ده‌ژیا. سنووری باشووری کوردستان به‌گوێره‌ی مێژوو و جیۆگرافیا و هه‌موو به‌ڵگه‌کان، ده‌که‌وێته خواره‌وه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه، که‌واته: ئه‌و ده‌ڤه‌رانه کوردستانن.
به‌غدا یه‌کێکه له‌و باژێڕانه‌ی، که ئێستاش و دوای ئه‌و هه‌موو قڕکردن و وه‌ده‌رنان و ڕاگواستنه‌ی به سه‌ر کوردانی فه‌یلی ئه‌و شاره‌دا هات، له میلیۆن پتر، کوردی تێدا ده‌ژی، به‌ڵام ئایا هیچ که‌سێک ده‌توانێت بڵێ، که به‌غدا شارێکی کورده یا کوردانی ئه‌و شاره، که له گه‌ڕه‌که‌کانی باب ئه‌ششه‌یخ(باب الشیخ) و عه‌گدلئه‌کراد(عگدالأکراد) و فه‌زل(الفضل) و قه‌مبه‌ر عه‌لی(قمبرعلي) و ئه‌لکیفاح(الکفاح) و شۆرجه(الشورجة) و...ده‌ژین، داوای ئه‌وه بکه‌ن، که بۆ خۆیان کارگێڕی ئه‌و گه‌ڕه‌ک و کۆڵانا‌نه‌یان بگرنه ده‌ست! ئه‌و ڕه‌وشه‌ی به‌غدا له‌کووت و عه‌ماره و مووسڵ و باقوبه(بعقوبة) و هه‌موو ئه‌و باژێڕانه‌ی، که له‌مێژوودا کوردستان بوون و ئێستا خه‌ڵک، ته‌نانه‌ت کورد بۆ خۆیشی، به عه‌ره‌بیان ده‌زانێ، به ڕوونی ده‌بێنرێ و وا خه‌ریکه که‌رکووکیش به‌و ده‌رده ده‌برێت. نه‌ک ته‌نێ له باشووری کوردستان و عیراقدا، ئه‌و دیارده‌یه هه‌یه، له تاران و دیمه‌شق و ئه‌نکه‌ره و ئیستانبووڵیش، که گه‌وره‌باژێڕی وڵاتگه‌لێکن، هه‌ریه‌که‌و به‌شێکی کوردستانی داگیرکردووه، ئه‌و دیارده‌یه به زه‌قی ده‌بینرێ. ئیستانبووڵ، پتر له سێ میلیۆن کوردی تێدا ده‌ژی، دیمه‌شق چه‌ندین تاخ و کۆڵانی تێدایه، که هه‌ر کوردن و به‌س، تارانیش ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆری کوردی تێدا ده‌ژی، لێ هیچ کوردێک داوای سه‌ربه‌خۆیی گه‌ڕه‌ک و هوتێل و مزگه‌وت و کۆڵان و فرۆشگه و ته‌لارێکی به‌غدا، تاران، ئیستانبووڵ یا دیمه‌شقی نه‌کردووه و ناکات و داوای ئه‌وه ناکات، که قه‌مبه‌رعه‌لی و عه‌گدلئه‌کرادی به‌غدا و تاخاکوردا و روکنه‌ددینی شام، بدرێ به‌ده‌م کوردستانه‌وه یا کارگێڕییه‌کی کورد به‌ڕێوه‌یان ببات. هیچ عه‌ره‌بێک، تورکێک یا فارسێکی ئه‌و باژێڕانه و هه‌موو جیهانیش، گومانیان له‌وه‌دا نییه، که ئه‌و باژێڕانه به ته‌واوی باژێڕگه‌لێکی عیراقی، سووریایی، تورکیایی و ئێرانین و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکه، عه‌ره‌بی و تورکی و فارسین. کورد، ئه‌وه‌ی له‌و باژێڕانه‌دا ده‌توانێ بیکات و بیڵێت و داوای بکات، ئه‌وه‌یه، که مافی خوێندنی به زمانی خۆی هه‌بێت و کۆمه‌ڵه و خڕبوونه‌وه و جڤاکی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی خۆی هه‌بێت و ئازادیی ڕاده‌ربڕین و خاوه‌نداریه‌تی ماڵه‌کانی خۆیان هه‌بێت، که زۆرجاران ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ئه‌و باژێڕانه و حوکوومه‌ته‌کانیان هه‌رگیز ئه‌وه به کورد ڕه‌وا نابینن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویست ناکات کورد خۆی به خاوه‌نی دیمه‌شق و به‌غدا و تاران و ئیستانبووڵ بزانێت. به هه‌مان شێوه‌یش، به‌شێکی که‌می عه‌ره‌بی که‌رکووک، که ده‌کرێ به دانیشتووانێکی ڕه‌سه‌نی که‌رکووک دابنرێن، ئه‌ویش ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی ده‌و‌روبه‌ری گه‌ڕه‌کی قه‌سسابخانه‌ی که‌رکووک و خه‌ڵکانێک که سه‌ر به هۆزی حه‌دیدییه‌کان بوون، ده‌نا ئیدی ئه‌وه‌ی له دوای ساڵی 1963 وه هه‌نارده‌ی که‌رکووک کراوه و به خه‌ستتریش له 1968ه‌وه هاتووه‌ته که‌رکووک، ئه‌وانه خڕ ناڕه‌سه‌ن و داگیرکه‌رن و هیچ کاتێک خاوه‌نی که‌رکووک نین و ناشبێ کورد، به خه‌ڵکی که‌رکووکیان بژمێرێت و کۆڵان و جاده و خوێندنگه و مزگه‌وت و بازاڕ و هوتێل و گه‌ڕه‌ک و چایخانه‌یان له‌گه‌ڵدا به‌ش بکات.
ئه‌گه‌ر هه‌ر وڵات و خه‌ڵک و نه‌ته‌وه و گه‌لێک، به گوێره‌ی تیۆرییه‌که‌ی دکتۆر عه‌بدلڕه‌حمان مه‌ولوود، چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیان بکه‌ن، خۆ ده‌بێ ئێستا باژێرگه‌لێکی وه‌ک له‌نده‌ن، پاریس، ستۆکهۆڵم، به‌یرووت له‌توپه‌ت بکرێن له‌نێوان دانیشتووانه‌کانیاندا. له‌و باژێرانه‌دا گه‌ڕه‌ک هه‌ن ته‌نێ هیندی یا عه‌ره‌ب یا تورک یا چینی یا فه‌له یا شیعه یا سوننه یا شتێکی دیکه‌ن، به‌ڵام ئه‌و باژێڕانه ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌شیان ببنه هیندی یا عه‌ره‌ب یا تورک یا چینی یا سوننه یا شیعه یا فه‌له، ئه‌وا هه‌ر به ئینگلیزی، فرانسه‌یی، سوێدی و لوبنانی ده‌مێننه‌وه و نابنه هیچ شتێکی دیکه، چونکه له‌نێو خاکێکدان، که خاکی ئینگلترا، فرانسه، سوێد و لوبنانه.
نادڵسۆزی و گه‌وجی و بووده‌ڵه‌یی سه‌رکرده‌یه‌تی سیاسیی باشووری کوردستان، که‌رکووکی به‌م ده‌رده‌ی ئێستا برد و بووه هۆی ئه‌وه‌ی، که که‌رکووک نه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و که‌رکووک به مادده‌ی ناپیرۆز و بێفه‌ڕ و گه‌ماری 140وه، بخرێته سه‌ودا و مامه‌ڵه‌وه و ده‌نگدانی له سه‌ر بکرێت و که که‌س باس له عه‌ره‌بی داگیرکه‌ری که‌رکووک و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی ڕه‌سه‌نی خۆیان له عیراق نه‌کات، ده‌نا هه‌رگیز هیچ که‌سێک، ته‌نانه‌ت وه‌ک خه‌یاڵیش، بیری به‌لای وه‌ها بیرۆکه‌یه‌کدا وه‌ک ئه‌مه‌ی دکتۆر عه‌بدولڕه‌حمان مه‌ولوود نه‌ده‌چوو و عه‌ره‌بی که‌رکووکی، که بنه‌ما و بنگه و ڕه‌گوڕێشه‌ی ته‌واوی کێشه‌کانی که‌رکووکن، لێ نه‌ده‌بووه خاوه‌ن ماڵ و خودانی که‌رکووک و نه‌یده‌کردنه خاوه‌ن پشک وه‌ک تورکمان و کورد.
دکتۆر عه‌بدولڕه‌حمان مه‌ولوود، ده‌ڵێی به نوێنه‌رایه‌تی یه‌کیه‌تیی ده‌وڵه‌تانی یه‌کگرتوو(UN) و بان کی مۆنی سکرتێری، ئه‌و گوتاره‌ی نووسیوه و که ده‌یخوێنییه‌وه پێتوایه له ئه‌ستێره‌یه‌کی دیکه‌وه هاتووه‌ته کوردستان و میوانه و وه‌ک هه‌نده‌ک سیاسه‌تکار، ده‌یه‌وێ له‌کن هه‌مووان خۆی خۆشه‌ویست بکات و دڵی که‌س نه‌ئێشێنێ. بیرۆکه‌که‌ی دکتۆر مه‌ولوود، باشترین چاره‌سه‌ره بۆ له‌ده‌ستدانی ته‌واوی کوردستان، چونکه ئێستا ته‌واوی کوردستان، به تایبه‌ت باژێرگه‌لێکی مه‌زنی وه‌ک هه‌ولێر و دهۆک و سلێمانییش، له‌وه ده‌رچوون، که دانیشتووانه‌کانیان سه‌دله‌سه‌د کورد بن، به‌ڵکه تێکه‌ڵن و ئه‌و تێکه‌ڵاوییه‌ش، هه‌میشه به‌ره‌و زیادبوون ده‌چێ و ئه‌گه‌ر ئه‌و تێۆری"چاره‌ی یه‌کجاره‌کی که‌رکووک"ه‌ی دکتۆر مه‌ولوود، که بۆ خۆی وه‌ک ده‌رمانێکی سیحری و بنبڕکه‌ر و یه‌کاویه‌ک ده‌یبینێ، بخرێته بواری کرداره‌وه، ئه‌وا هه‌رگیز نه‌ک هه‌ر باشووری کوردستان، به‌ڵکه ته‌واوی کرماشان و سنه و ورمێ و ئامه‌د و مێردین و قامشلو و به‌شێکی زۆری هه‌موو کوردستان، ده‌دؤڕێت و ناوێک له کوردستان نامێنێت. مرۆڤ هه‌رگیز ناتوانێت وه‌ها خۆزگه‌یه‌ک"دابه‌شکردن"، نه‌ک هه‌ر بۆ کورد و وڵاتی کوردستان بخوازێت، به‌ڵکه بۆ به‌غدا و دیمه‌شق و تاران و ئیستانبووڵ و هیچ شوێنێکی ئه‌م جیهانه‌یشی ناخوازێت.
13 – 6 - 2013
بۆ خوێندنه‌وه‌ی گوتاره‌که‌ی دکتۆر عه‌بدولڕه‌حمان مه‌ولوود ته‌ماشای ئه‌م لینکه بکه: