نییه‌تی
عه‌لی ئه‌شره‌فی
ده‌روێشیان.
وه‌رگێڕانی
له فارسییه‌وه: ئه‌مجه‌د شاکه‌لی.
- نیازعه‌لی نییه‌تی.
- ئاماده.
یه‌که‌مجار که بینیم، له ته‌نیشت پلووسکی مه‌کته‌به‌وه
دانیشتبوو. کۆکه گرتبووی. هه‌ر کۆخه‌یه‌کیش به توندی ڕایده‌ته‌کاند. خوێنێکی
کاڵی هه‌ڵاورد. ده‌می به قۆڵی چاکه‌ته به‌نڕه‌نگه‌که‌ی پاککرده‌وه. به خێرایی
به‌ره‌و پۆل ڕۆیشت و له سه‌ر یه‌که‌م ته‌خته دانیشت.
پۆلی دووه‌م بوو. گچکه و ڕێزه‌یه‌ک بوو به ڕه‌نگی
مانگ، ڕه‌گی ملی له ژێر پێسته‌وه دیار بوو و تک تک وه‌ک مرۆڤێکی تادار لێی ده‌دا.
قه‌ڵه‌مه‌که‌ی به په‌تێک به کونی دوگمه‌ی چاکه‌ته‌که‌یه‌وه
به‌ستبوو. که شتی ده‌نووسی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌نه‌که کوڵ بوو، زگی ده‌هێنایه
پێشه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌بری قه‌ڵه‌م،
له‌شی خۆی به سه‌ر کاغه‌زه‌که‌دا بکێشێ. که مه‌شق و ئه‌رکه‌که‌ییم لێ وه‌رده‌گرت،
ده‌سته‌کانی ده‌له‌رزین. کاغه‌زی مه‌شقه‌کانی له‌نێو زبڵدانی مه‌کته‌بدا ده‌دۆزینه‌وه.
که خه‌تم به سه‌ر مه‌شقه‌که‌یدا ده‌هێنا، وام هه‌ست ده‌کرد، خه‌ت به سه‌ر
ژیانیدا ده‌کێشم. نیوه‌ڕوان نه‌ده‌ڕۆیشته‌وه ماڵێ. له ڕاستیدا زۆربه‌ی منداڵه‌کان
نه‌ده‌چوونه‌وه ماڵێ. پاشماوه‌ی نانی شه‌وی پێشوویان له هه‌مان جێگه، له پاڵ
دیواره گڵێنه‌که‌ی مه‌کته‌بدا ده‌خوارد. ئه‌و نانی نیوه‌ڕۆیشی له باخه‌ڵدا بوو.
که‌وشه لاستیکینییه‌که‌ی خه‌تێکی سووری ناحه‌زی به سه‌ر خرتکه‌ی پێیدا کێشابوو و
جێ زامێکی به جێهێشتبوو. وانه‌کانی باش ده‌خوێندن. زووتر له‌وانی دی که‌وتبووه
سه‌ر ڕێ. ده‌یتوانی خه‌تی گه‌وره‌ی ڕۆژنامه‌کان به باشی بخوێنێته‌وه.
ڕۆژێکیان که هه‌موو بێده‌نگ بووین، خشه‌خشی ڕۆژنامه‌یه‌ک
که له باتی شووشه به په‌نجه‌ره‌که‌مانه‌وه نابوو، سه‌رنجی منداڵه‌کانی
ڕاکێشا، به نیازعه‌لیم گوت:
"نیازعه‌لی، ده‌توانی ڕۆژنامه‌که بخوێنیته‌وه؟
ها، ئه‌گه‌ر بڵێی چی نووسراوه؟"
دوای که‌مێک سوورهه‌ڵگه‌ڕان و من من کردن، ده‌ستی به
خوێندنه‌وه کرد:
"ئاغا نووسراوه چاکه‌ت."
- ئافه‌رین، دروسته، بخوینه‌وه، باشه.
- ئاگا دووسه‌دوپه‌نجا هه هه هه‌زار تمه‌نی.
- ئافه‌رین، ئافه‌رین، زۆرباشه، به‌رده‌وام به.
- ئاغا، له تاران هه هه هه‌ڕاج کراوه.
هه‌ناسه‌یه‌کی نوێی هاتێ، ڕووی له من کرد و گوتی:
"ئاغا چه‌ند گه‌وره و باش نووسراوه؟!"
گوتم:
"ئه‌رێ، نیازعه‌لی، له‌م ڕۆژانه‌دا له ڕۆژنامه‌کاندا
شتگه‌لی گه‌وره و باش ده‌نووسن"
***
- نیازعه‌لی نییه‌تی.
- ئاماده.
ناسنامه‌که‌ی "نیه‌تی" بوو، زۆر له منداڵه‌کانی
پۆله‌که‌ی من ناسنامه‌که‌یان "نییه‌تی" بوو. که ناویم ده‌خوێنده‌وه،
به توندی ڕاده‌چڵه‌کی. به شه‌رمه‌وه و به جۆرێک که قه‌ڵه‌م و به‌نه‌که‌ی ده‌شێرده‌وه
تا من نه‌یانبینم. به ده‌نگێکی نزم ده‌یگوت "ئاماده" و ده‌نگی له‌و ده‌مه‌دا
وه‌ک ده‌نگی بێچووه قه‌له‌ڕه‌شێک وا بوو که له نێو مشتدا بیگوشی.
تاکه شتێک که ئه‌و گه‌مه‌ی پێ ده‌کرد، تۆپیک بوو که
له کاغه‌زی ڕه‌شی سفت و توندلوولکراو دروست کرابوو و به به‌نیش پێچرابووه‌وه.
که منداڵه‌کان وازییان ده‌کرد، ئه‌و له پاڵ دیواره‌که‌دا
داده‌نیشت و تۆپه‌که‌ی توند له ده‌ستیدا ده‌گوشی. ته‌ماشای ئاسمانی ده‌کرد و به
داخ و په‌ژاره‌وه به کایه‌ی منداڵه‌کانه‌وه گێژ ده‌بوو. هه‌رکاتێک یاریی
بکردایه، کۆخه ده‌یگرت و خوێنی هه‌ڵده‌هاورده‌وه.
***
حه‌زم ده‌کرد فره‌تر له‌ته‌ک ئه‌ودا قسان بکه‌م. ڕۆژێک
له سه‌ر پلیکانه‌کانی مه‌کته‌ب دانیشتبووم، به ئه‌سپایی هات و له خواره‌وه‌ی
پێپلکه‌کان دانیشت. تۆپه کاغه‌زینه‌که‌ی به ده‌سته‌وه بوو. ئه‌ژنۆ چڵکنه‌کانی
له شه‌رواڵه دڕاوه‌که‌یه‌وه دیار بوو. پرسیم:"نیازعه‌لی، ماڵتان له کوێیه؟"
- پشت قه‌ڵا، ئاغا.
- باوکت ناوی چییه؟!
- ڕیش چه‌رموی ئاغا.
- چ کاره‌یه؟
- هیچ، ئاغا. فره پیره، له ماڵ دانیشتووه و کتێبی
دوعا ده‌خوێنێته‌وه، ئاغا.
- دایکت چ ده‌کات؟
- بێکاره، ئاغا. دوینی ددانه‌کانی پێشه‌وه‌ی که‌وتن و
بوو به بێکار.
که باش لێی وردبوومه‌وه، بۆم ده‌رکه‌وت، دایکی. بۆ مه‌شه‌دی
باقیر. بازرگانی وشکه‌ی دێ. کاری ده‌کرد. کاره‌که‌یشی پسته پاک‌کردن بوو. پسته‌گه‌لێک
که ده‌میان نه‌کرابوونه‌وه، به ددان ده‌یانیکردنه‌وه و ڕۆژی بیستوپێنج ڕیاڵی
وه‌رده‌گرت. دوای چه‌ند ساڵێکی کار ددانه‌کانی که‌وتبوون و خۆیشی بیکار که‌وتبوو.
براگه‌وره‌که‌یشی که له ژێر خاک‌دا بوو، پێش دوو ساڵ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له سه‌ربازی
له کاتی کاردا که‌لاوه‌ی به سه‌ردا ڕووخابوو و ئه‌مانی به ته‌نێ به‌جێهێشتبوو.
***
زستان هات. منداڵه‌کان له گونده دووره‌کانه‌وه ده‌هاتن.
که ده‌گه‌یشتنه جێ له مرۆڤی به‌فرین ده‌چوون. ده‌وری برژانگ و برۆکانیان و کونه‌لووتیان
به‌فر گرتبوونی. برژانگه‌کانیان، که له یه‌کدییان ده‌دا، ته‌ق ته‌ق ده‌نگیان ده‌هات.
وه‌ک ئه‌وه‌ی، که دوو پارچه شووشه به یه‌کدیدا بده‌ی. له ته‌نیشت زۆپا دارینه‌که‌وه
داده‌نیشتن و له لووتیانه‌وه دڵۆپه‌ی به‌فریان ده‌تکاند. ئه‌وانه، که خه‌تیان
دابوو و له پۆله‌کانی سه‌رووتره‌وه بوون، سمێڵی به‌فرینی گه‌وره‌یان بۆ دروست ده‌بوو.
کڵاشه‌کانیان به زۆپاکه‌وه ده‌نووساند. بۆنی لاستیکی سووتاو و بۆنی توندی ئاره‌قه‌ی
پێ له هه‌وادا بڵاو ده‌بوونه‌وه. کڵاش و که‌وشه لاستیکییه‌کان له دووره‌وه
ئاویان لێ ده‌چۆڕا و ده‌وروبه‌ری زۆپاکه‌یان ته‌ڕ ده‌کرد.
***
ژووره‌که‌م به ته‌نیشت پۆلی ده‌رسه‌وه بوو. هه‌موو به‌یانیانێک
له په‌نجه‌ره‌که‌وه، منداڵه‌کان که بۆ مه‌کته‌ب ده‌هاتن ده‌مدین. "نیازعه‌لی"
وه‌ک مه‌لێک، په‌تێکیان به پێیه‌وه به‌ستبێ، خۆی به‌ره‌و مه‌کته‌ب ده‌کرده کێش.
که ده‌رسه‌کانمان ته‌واو ده‌بوون، داوام له منداڵه‌کان ده‌کرد، که بێنه پێشێ
له پۆله‌کدا و چیرۆک بگێڕنه‌وه. هه‌ندێ جاریش ده‌مگوت ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌سێ خه‌ونێکی
سه‌یری بینیوه با بیگێرێته‌وه. ڕۆژێک نۆره گه‌ییشته "نیازعه‌لی". له
پێشدا خۆی گرت و ڕازی نه‌بوو، به‌ڵام پاشان قایل بوو. سوورییه‌کی برینئاسا که‌وتبووه
سه‌ر ڕوومه‌تی و ده‌نگی ده‌له‌رزی، ده‌ستی به گێڕانه‌وه کرد و گوتی:
"له خه‌ونمدا بووبووم به چۆله‌که. ده‌فڕیم و بازمده‌دا.
له‌سه‌ربانه‌وه فڕیمه نێو حه‌وشه. له حه‌وشه‌وه په‌ڕیمه سه‌ر تاق. باوکم
گوتی: هه‌ی داد و بێداد، منداڵه‌که‌مان بووه به چۆله‌که، بینیم باوکم خۆیشی
بووه به چۆله‌که و ڕۆیشت و له سه‌ر کتێبی دوعاکه‌ی نیشته‌وه. دایکم له پێشدا
پێکه‌نی. دوای گریا. له‌پڕ ئه‌ژدیهایه‌کی گه‌وره خۆی کرد به نێو ماڵدا. دایکم هه‌ر
که ئه‌ژدیهای بینی گوتی: وای وای خودایه مه‌شه‌دی باقیر هات! خێرا خێرا، له
چاکی پسته‌ی ده‌رده‌هێنا و پاکی ده‌کرد. بینیم دایکم ددانی نییه و خوێن له ده‌می
دێ. ده‌مویست بڕۆم و چاوی ئه‌ژدیهاکه ده‌ربێنم. یه‌کێک له پسته‌کان پێکه‌نی و
گوتی: ده‌رهێنانی چاوی ئه‌ژدیهاکه، چ سوودیکی نییه. ئێمه ئێستاکه کارێک ده‌که‌ین،
له خه‌فه‌تدا بته‌قێ. گشت پسته‌کان پێکه‌نین و دوایی ده‌میان داخست. ئه‌ژدیها به
تووڕه‌ییه‌وه گوتی: هۆ پسته‌کان، ئێستا باوکتان ده‌ردێنم. ڕۆیشت و تێڵایه‌کی زلی
هه‌ڵگرت بۆ وه‌ی بیکێشێ به سه‌ر پسته‌که‌دا. پڕی ژێرپێی ددان بوو. پێی له ددانه‌کان
هه‌ڵخلیسکا و به سه‌ردا دای به زه‌ویدا. به‌م کاره‌ی ئه‌ژدیها، گشت پسته‌کان
پێکه‌نین و ده‌میان کرانه‌وه. مه‌شه‌دی باقیر خۆشحاڵ بوو، به‌ڵام پسته‌کان به یه‌کدییان
گوت: منداڵه‌کان وه‌رن با ئیدی پێنه‌که‌نین. ئه‌ژدیها، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مان بهێنێته
پیکه‌نین، کاری سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی ده‌کرد، ملی درێژ ده‌کرده‌وه، تا ده‌گه‌یشته
ئاسمان و ئه‌ستێرانی ده‌خوارد. سه‌رمه‌قولاتی ده‌دا. چاوه‌کانی قیلوقاچ ده‌کردن و
ئه‌ستێره‌کانی له گوێیه‌وه ده‌رده‌هێنان. من پێکه‌نینم هات. له ده‌نگی پێکه‌نینی
من، ئه‌ژدیها گه‌ڕایه‌وه. منی بینی و گوتی: ها، ئه‌م هه‌موو کارانه‌ش له ژێر سه‌ری
تۆدان. به جارێک په‌لاماری منی دا. ویستم له په‌نجه‌ره‌که‌وه هه‌ڵێم. په‌نجه‌ره‌که
ته‌نگ بووه‌وه و ته‌نگ بووه‌وه. یه‌کێک له پسته‌کان، که له منه‌وه نێزیک بوو
گوتی: وه‌ره له سه‌ر پشتی من دانیشه تا هه‌ڵبێین. پسته وه‌ک باڵۆنیکی لێهات. منیش
سواری بووم. باڵۆنه‌که منی له کونی زۆپاکه‌وه برد و فڕی تا گه‌ییشته ئاسمان.
منیش حه‌زم ده‌کرد ئه‌ستێره‌یه‌کی جوان بۆ دایکم ببه‌مه‌وه بۆ وه‌ی له گه‌ردنی
بئاڵێنێ. به‌ڵام له‌پڕ پێم سوڕا و به سه‌ردا به‌ره‌و خوار هاتم. هاتم و هاتم. له
دووره‌وه بینیم، باوکم خه‌ریکی قوڕگرتنه‌وه‌یه بۆ سواغدانی سه‌ربان. به سه‌ردا
که‌وتم. له نێوان قوڕ و هاواردا، له جێگه‌که‌م ڕاپه‌ڕیم. بینیم له بنمیچی ژووره‌که‌وه،
دڵۆپه به‌سه‌رمدا ده‌بارێ".
ته‌واوی منداڵه‌کان پێکه‌نین و چه‌پڵه‌یان بۆ لێدا. که
چوو بۆ وه‌ی دانیشێ، وه‌ک بێچووه سۆنه‌یه‌ک وابوو، به‌ره‌و لای هێلانه‌که‌ی هه‌ڕا
بکات.
***
زستانی ئه‌و ساڵه له ساڵانی پێشوو ساردتر بوو. په‌نجه‌ره‌کانمان
به ڕۆژنامه و مقه‌با چاک داپۆشیبوون. به‌یانیانێک ئاماده‌بوونمان ده‌خوێنده‌وه:
- نیازعه‌لی نییه‌تی.
بڕیک له منداڵه‌کان به ئه‌سپایی گوتیان:
- ئاماده نییه.
ڕاپه‌ڕیم. جێگه‌که‌ی چۆڵ بوو. خه‌مێکی نائاشنا له ڕوومه‌تی
منداڵه‌کاندا ده‌بینرا. هه‌موویان سه‌ریان دانه‌واندبوو. له ئه‌کبه‌ری چاودێری
پۆل پرسیاری هۆی نائاماده‌یی نیازعه‌لیم کرد. گوتی:
"ئاغا، دوێنێ ئێواره مرد. له سه‌رما، ئاغا خوێن
له گه‌روویه‌وه هات و مرد. هه‌ر ده‌یگوت: ئه‌ستێره‌م ده‌وێ، ئه‌ستێره‌م ده‌وێ،
ئه‌ستێره‌یه‌کی جوان بۆ دایکم".
منداڵه‌کان بێده‌نگ بوون. با، ڕۆژنامه‌ی سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی
پۆله‌که‌ی ڕاده‌وه‌شاند و ده‌نگی ده‌بیسترا. وه‌ک ئه‌وه‌ی که "نیازعه‌لی"
له ڕێگه‌یه‌کی دووره‌وه چیرۆک بگێڕێته‌وه یا باسی خه‌ونه‌کانی بکات. ده‌نگیی ئه‌و
کاته‌ی، که ڕۆژنامه‌ی ده‌خوێنده‌وه، ده‌هاته گوێ.
په‌ڵه هه‌ورێکی ڕه‌ش له سه‌ر دڵی ئاسمان وه‌ستابوو. هه‌موومان
کپ و بێده‌نگ بووین. چاوم به ڕۆژنامه نوێیه‌که‌ی سه‌ر په‌نجه‌ره‌که که‌وت. به
خه‌تێکی گه‌وره نووسرابوو:
"له‌شساغیی بۆ هه‌مووان".
* سه‌رچاوه: درویشیان، علی، برگزیده
داستانها(از این ولایت)، چاپ اول، انتشارات پیوند، تهران 1359. ص 7- 13.
* عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان: ساڵی 1941، له
باژێڕی کرماشان، له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌دایک بووه. ئه‌و بۆ خۆی کورده، لێ به
زمانی فارسی ده‌نووسێت وه‌ک نووسه‌رێکی ئێرانی ده‌ژمێردرێ. پێش شۆڕشی 1979ی ئێران،
به ناوی خوازراوی له‌تیف ته‌لخستانی "لطیف تلخستانی"یه‌وه ده‌ینووسی و
ڕۆمانه به‌ناووبانگه‌که‌ی ئابشووران "آبشوران"ی به‌و ناوه‌وه بڵاو
کردووه‌ته‌وه. دوای خوێندنی خوێندنگه‌ی مامۆستایه‌تی، له گونده‌کانی "گه‌یلان
غه‌رب" و "شائاباد"، کاری مامۆستایه‌تی کردووه. دواتر چووه‌ته
تاران و له زانستگه ئه‌ده‌بییاتی فارسیی خوێندووه. پاش شۆڕشی 1979، چه‌ندین جار
به بیانووی چالاکیی سیاسییه‌وه زیندانیی کراوه.
آبشوران، سالهای
ابری، از این ولایت، همراه آهنگهای بابام، فصل نان، سلاول 18، درشتی، افسانه‌های
ومثل های کوردی و فرهنگ گویش کرمانشاهی، چه‌ند ڕۆمان و کورته چیرۆک و کتێبێکی ئه‌ون،
که په‌خش کراونه‌وه و به‌رهه‌می زۆری دیکه‌یشی هه‌یه، که هێشتا بڵاو نه‌بوونه‌وه.
ڕۆمان و کورته چیرۆکه‌کانی، پتر باس له هه‌ژاری و
جیاوازیی چینایه‌تی و چه‌وساوه‌یی مرۆڤی کورد ده‌که‌ن. زمانێکی پاراو و ده‌وڵه‌مه‌ندی
هه‌یه و گه‌لێ جاریش ده‌سته‌واژه و وشه‌ی کوردیی له نووسینه‌کانیدا تێکه‌ڵ به
زمانه فارسییه‌که ده‌کات. (وه‌رگێڕ)