Tuesday 19 February 2019

خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن چوارەم -کەرتی تایبەت-

خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن
چوارەم
-کەرتی تایبەت-
ئەمجەد شاکەلی
ئەو بەشەی باشووری کوردستان، کە پێی دەگوترێ هەرێم، تا ساڵی 1991، لە هەموو ڕوویەکەوە، بەشێک بوو لە عیراق و تەواوی قانوونەکانی عیراقی تێدا پێڕۆ دەکران. دیارە ئێستاش هەر بەشێکە لە عیراق، لێ بڕێک جیاوازیی لەنێوان ئەو هەرێمە و عیراقدا هەیە، چون هەرێم، لە هەندەک بواردا، جۆرێک سەربەخۆیی هەیە. ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم، بواری ئابوورییە. ئابووریی عیراق و کوردستانیش ئەمڕۆ، لەسەر بنەمای "ئابووریی ئازاد، ئابووریی بازاڕ، بازاڕی ئازاد"، دامەزراوە و ئەوەی بۆ کراوە بە بناخەی ئابووری. ئابووریی بازاڕ، لە هەموو جیهاندا پشت بە کەرتی تایبەت دەبەستێ و پشت دەکاتە کەرتی گشتی. وەها ئابوورییەک، دەکاتە: سەرمایەداری.
کەرتی تایبەت، پێچەوانەی کەرتی گشتییە. کۆمپانیا، ئیدی گەورە یا گچکە، لە کەرتی تایبەتدا، کەسێکی تایبەت، خێزانیک، یا چەند کەسانێکی تایبەت، یا چەند خێزانێک، خاوەنداریەتی دەکەن، لێ لە کەرتی گشتیدا، دەوڵەت، کارگێڕییە گشتییەکان، ئوستانداری یا شارەداری، خاوەنداریەتی دەکەن. وەک نموونە، لە سوێد کۆمپانیاکانی  ئیکییا(Ikea)، ڤۆڵڤۆ (Volvo)، هۆئێم (H&M) و کۆمپانیا گچکە ئاساییەکان، هەموو کەرتی تایبەت خاوەنیانن. کۆمپانیای وزە(ئەلەکتریک) و تاڤگەکان، دوو کۆمپانیان، سەدلەسەد سەربە کەرتی گشتین و لەلایەن دەوڵەتی سوێدەوە خاوەنداریەتی دەکرێن. کۆمپانیای دیکەش هەن، وەک کۆمپانیای خانووبەرە، لەلایەن هەموو شارەدارییەکانەوە خاوەنداریەتی دەکرێن، ئەوانەش هەر سەر بە کەرتی گشتین. کەرتی تایبەت، بەگوێرەی پێناسەکەی، هی کەسانێکی تایبەت یا خێزانگەلێک یا کۆمەڵە و ڕێکخراوگەلێکی پێکهاتوو لە کەسانێکی قازانجخواز، کە لە چوارچێوەیەکدا خڕدەبنەوە، هەموو ئەمانە وەدووی دەسکەوتی ئابووری و قازانجدا وێڵن. هەندێ جار لەنێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا، کەرتێکی دیکە هەیە، کەرتی سێیەمی پێ دەگوترێ، یا کەرتی خێرخوازی و کاری جڤاکی و کاری هەرەوەزی و خانەی هزر و ئەو جۆرانە، کە نە هی دەوڵەتن و نە هی کەسی تایبەت، بەڵکە خەڵکانێک پێکەوە خاوەنداریەتی دەکەن، هێندە وەدووی قازانجەوە نین. ئەو جۆرە کۆمپانیانەی کەرتی سێیەمە، هەندێ جار دەخرێنە خانەی ڕێکخراوەیل و کۆمپانیایەیلی ناحوکوومەتییەوە، کە(NGO)یشیان پێ دەگوترێن.
سەرمایەداری، بە دابەشکردنێکی نادادوەرانە و پشتگوێخستنی زۆرینەی نەداران و پشتبەستن بە چینە باڵا دەستڕۆیشتوو و گیرفانپڕەکان و دەسەڵاتەوە، گرێدراوە. سەرمایەداری پاماڵی بازاڕ دەکات و ئەوەیشی ئەو پاماڵ و داگیرکارییە دەکات، کەمینەیەکی نێو جڤاک و وەڵاتە، کە تەنانەت حوکوومەتیش دەگرێتەوە و وەها حوکوومەتێکیش دەبێتە حوکوومەتی کەمینە، کە لە بازاڕی سیاسەتدا، حوکوومەتی ئۆلیگارکی (Oligarchy) پێ دەگوترێ. وەها حوکوومەت و دەسەڵاتێک، خەڵکانێک دەستی بەسەردا دەگرن، کە: پایەی باڵای چینایەتییان هەبێت، وەک ئەوەی سەربە چینێکی ئەریستۆکرات و ناسراو بن، ساماندار و دارا بن، ڕایەڵە و پێوەندێکی خێزانی توندوتۆڵ و خزمایەتی و خوێن لەنێوانیاندا هەبێت، خوێندەواری بەرز و خاوەن بڕوانامەی باڵا بن، خاوەنی کۆمپانیای مەزن و سەرمایە بن، ڕوومەتێکی ئایینی بن و دەسەڵاتێکی ئایینییان هەبێت، پلەوپایەیەکی سیاسییان هەبێت، خاوەنی هێزی چەکدار بن یا خەڵکیان، ئیدی بە هەر هۆیەکەوە، وەدووکەوتبن. ئەو جۆرە خەڵکانە، کە کەمینەشن، هەم پاماڵی بازاڕ(ئابووری) و هەم پاماڵی دەسەڵات (سیاسەت) دەکەن، ئیدی بەو دووە، کە لفانەی یەکدین، گەل، وەڵات، زۆرینەی ڕەهای خەڵک و هەرچی بوارێکی ژیانە، دەیخەنە بندەستی خۆیانەوە. وەها هەژموون و دەسەڵاتێک، هەندێ جار لەنێو خێزانەکاندا، وەک بۆماوەیی، نەوە لە دوای نەوە دەمێنێتەوە و گەلێ جاریش، بۆماوەیی، مەرج نییە بۆ گەیشتن و بوون و پاراستنی وەها دەسەڵاتێک!
سیستمی سیاسی و ئابووریی سەرمایەداری، خاوەنداریەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی و پێشەسازی، دەداتە دەست تاک و کۆمپانیا تایبەتەکان، کە تەنیا ئامانجیان قازانجە و هیج دەرفەتێک بۆ حوکوومەت ناهێڵرێتەوە و بنەما و پایەکانی ئەو ئابوورییە، موڵکییەتی تایبەت، کەڵەکەکردنی سەرمایە، هەڵپەی قازانج و بازاڕی ڕکابەرییە. بۆشایی نێوان موڵکدار و موڵکنەدار، دارا و نەداران، بە هۆی دابەشکردنی ناڕەوای داهاتەوە، هەمیشە فراوانتر دەبێت. سەرمایەداری مافی تاکی بۆ گرنگە، کە دەتوانێ هەڵبژێری، کاڵا، ماددە، خوێندنگە، نەخۆشخانە، ئۆتۆمۆبیل، شەمەندەفەر، خواردنگە، قاوەخانە، مەیخانە، جل و پۆشاک، خواردنەوە، جگەرە، گەشت، ئامێر، تەکنۆلۆگی، بازاڕ و فرۆشگە و هەزاران شتی دیکە هەڵبژێرێ، لێ کێن ئەوانەی هەڵدەبژێرن؟ باشترینی ئەو کاڵا و خزمەتانە، ئەو تاکانە هەڵیاندەبژێرن، کە دەستڕۆیشتوو و گیرفانپڕن و خاوەن پارەوپووڵن، هەژاران توانستی هەڵبژاردنیان نییە و هەمیشە لەو هەڵبژاردنانەدا مایەپووچ و بێبەش دەبن و هیچیان دەستناکەوێت. سەرمایەداران دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان کاریگەر بن لە بڕیاردان بەسەر نرخ و بازاڕدا و لەبەر دەستتێکەڵکردنیان لەگەڵ دەسەڵاتدا، یا لەبەر ئەوەی ئەوان خۆیان دەسەڵاتن و دەسەڵاتیش ئەوانە، چ ڕێگرییەکیان لێ ناکرێ، تەنانەت ئەگەر بڕیارەکان بە زیانی زۆرینەی خەڵک و وەڵاتییانیش بگەڕێنەوە، کە لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە. سەرمایەداران، تەنانەت کەونەکۆمۆنیستەکانیانیش، کە ئیدی بوون بە سەرمایەدار و کە شارەزایی و پسپۆرییەکی باشیان لە ئابووری بازاڕ و ڕکابەری بازاڕ و نێونەتەوەییدا هەیە، تەنانەت ئەو کۆمۆنیستانەشیان، هەرگیز وێژدانیان نابزوێ و تێرکردنی زگێکی برسی و پۆشتەکردنەوەی ڕووتێکی سەرمابردەڵە و تیمارکردنی نەخۆشێکی گیرفانبەتاڵ، بەخێوکردن و گرتنەخۆی زارۆکێکی بێ سەرپەرشت، بەبێ بەرانبەر و مفت، بە دواکەوتوویی و بێمێشکی و لەدەستدانی ئاوەز، دەزانن.
ئەوەی سەرێ، کە تا هەنووکە گوترا، ڕێک ئەو ڕەوش و واقیعەیە، کە لە کوردستاندا پیادە دەکرێ.
ئەمڕۆ لە کوردستان، تەندروستی، نەخۆشخانە، دەرمان و هەموو ئەو شتانەی بەندن بەو بوارەوە، بە زۆریی کەوتوونەتە بندەستی کەرتی تایبەت. سەدان نەخۆشخانەی گەورەی بواری جیاواز، سەدان تاقیگە و دەرمانخانە و کارگەی دەرمانسازی، هی سەرمایەداران و لەنێویشیاندا بەرپرسانی حیزب و دەسەڵات، کە ئەوانیش هەر سەرمایەدارن. بژیشک، کە لە نەخۆشخانەی دەوڵەتیدا کار دەکات، دوای یەک دوو ساڵێک لەوەی خوێندن تەواو دەکات و پسپۆریی لە بەشێکی تەندروستیدا وەردەگرێ، ئیدی دەتوانێت خاوەنی کلینیکی خۆی بێت و کارەکەی لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکەشدا هەر هەبێت و مووچەی ئەویش وەرگرێت. لە سوێد، بژیشک ئەگەر لە نەخۆشخانەی دەوڵەتیدا کاری کرد، ناتوانێت و بۆی نییە، کلینیکی خۆی هەبێت. ئەو بژیشکەی کوردستان، کە خاوەنی کلینیکی خۆیەتی و لە نەخۆشخانەی گشتیی دەوڵەتدا کار دەکات، نەخۆشەکانی، ئەگەر نەخۆشییەکیان هەبێت لەو بوار و بەشەیدا، کە کاکی بژیشک پسپۆریەتی، لە نەخۆشخانەگشتییەکە چارەسەریان ناکات و کلیاندەکات بۆ کلینیکەکەی خۆی، بۆوەی بە پارە تیماریان بکات و دوو سێ کیلۆ دەرمانیان بۆ بنووسێت و بیاننێرێ بۆ ئەو دەرمانخانەیەیشی، کە هی خۆیەتی یا هاوبەشە لەگەڵ کەسێکدا تێیدا، بۆ کرینی دەرمان. ئەو نەخۆشخانە تایبەتانە، کە هی کەرتی تایبەتن، پارەی خەیاڵیی لە نەخۆش وەردەگرن بۆ چارەسەرییەکی تەنانەت گچکەیش. لەو نەخۆشخانانەدا بۆ نەشتەرگەرییەک، باس لە چەندین هەزار دۆلار دەکرێ. ئێستا لە کوردستان، وەک بڵێی بەشێکە لە ئەمەریکا، کە باس لە پارە دەکرێ، خەڵک بە دۆلار قسە دەکات، تەنێ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەمەریکادا ئەوەیە، لە کوردستان بۆ دۆلار، زمانی گەڵا و دەفتەر و بلۆک بەکاردەهێنرێت. بەرپرسان و سەرمایەداران، کە ئەو هەموو بەڵایەیان بۆ خەڵکە هەژارەکە ساز کردووە، بۆ خۆیان، بۆ چارەسەر و تیماری نەخۆشییەکانیان، دەچنە دەرێی وەڵات. ژمارەی نەخۆشخانەی تایبەت لە باژێڕەکانی کوردستاندا، تا دێ لە زیادبووندایە. بێجگە لە بەرپرس و سەرمایەداری کوردستان، دەیان نەخۆشخانەی وەڵاتانی دەوروبەری کوردستان و دەرەکی، کە ئەوانیش هەر هی سەرمایەدارانی ئەو وەڵاتانەن، لە کوردستان هەن. بە پارەی زۆر و خەیاڵیی، سەرمایەداران لە ڕێگەی بەڵێندەر و ئۆفیسی تایبەتەوە، گەشتی بژیشکی و تیماری نەخۆش بۆ دەرێی کوردستان، بۆ تورکیا، ئێران، هیندوستان و ئەوروپا، ڕێکدەخەن. شەل و کوێر و کەڕ و لاڵ و سەقەتکردنی نەخۆش، گەلێ جاران، لەو نەخۆشخانە تایبەتانەی کوردستاندا ڕوودەدەن و کەس خۆی لێ ناکات بە خاوەن. بژیشکی ئوردونی، ئێرانی، تورکیایی و شوێنانی دیکە، لە ڕێگەی بەڵێندەر و خەڵکانی دیکەوە دەهێرێنە کوردستان و بەسەر خەڵکی هەژار و بەلەنگازی وەڵاتدا دەیانکەن بە جالینۆس و ئیبنولهەیسەم(إبن الهیثم) و ئیبنوننەفیس(إبن النفیس) و ئەلکیندی(الکندي) و بە ماوەی چەند ڕۆژێکی مانەوەیان لە کوردستان، هێندەی ساڵێکی وەڵاتی خۆیان پارە خڕدەکەنەوە و بە گیرفانی هەڵتۆبزاوەوە دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان و ئەوەیشی هێناونی بۆ کوردستان، ئەویش لەو ئاهەنگی ڕووتاندنەوەی هەژاراندا، پارووی چەوری خۆی دەگلێنێ. هاوردنی دەرمان، لە دەرێ ڕا، کە ئەویش بازرگانییەکە بیلیۆنان دۆلاری تێدا قازانج دەکرێ، لەنێویاندا سەدان جۆری خراپ و بێکەڵک و کاتبەسەرچوو و زیانبەخش هەن، کە لە هەموو قوژبنێکی ئەم دنیایەوە، بێ گوێدانە هیچ مەرجێک بێجگە لە قازانج، وەک ژار و دەرد، دەرخواردی نەخۆشی کوردستان دەدرێن، تەواوی ئەمانە ڕووتاندنەوەی خەڵکە هەژارەکە و کوشتنیان و هەڵئاوسانی گیرفانی سەرمایەدارانی کوردستانە.
بواری خوێندن و خوێندنگە و زانستگە، بوارێکی دیکەی بازاڕی کەرتی تایبەتە. باژێڕ و شارۆکە نییە لە کوردستاندا، زانستگە و لەتەزانستگە و شتێکی لەو جۆرەی تێدا نەبێت. دەیان زانستگەی بیانی، تورکی، لبنانی، ئەمەریکایی، ئینگلستانی، فرانسی و شوێنانی دیکە کراونەوە و خوێندکار بە پارە تێیاندا دەخوێنێت. دیارە ئەو خوێندکارە بێچووە دەوڵەمەندانەی، لە زانستگە دەوڵەتییەکاندا بەهۆی کەمیی نمرەوە وەرناگیرێن، لە زانستگە تایبەتییەکاندا بە پارە جێگەیان دەکرێتەوە و دوای چەند ساڵێک، بە هەر شێوەیەک بێت، خوێندنی خۆیان تەواو دەکەن و ڕکابەری خوێندکارانی زانستگە دەوڵەتییەکان دەکەن و لەبەر ئەوەی لە بنەمادا بۆ خۆیان بەچکە دەوڵەمەندن، بواری وەرگرتنی کار بۆ ئەوان نەک هەر ئاسانترە، بەڵکە تا ڕادەیەک مسۆگەریشە. تەنێ زانستگەی تایبەت نییە، کە لە کوردستان پەرەی پێ درابێ و زۆر بن، بەڵکە خوێندنگەی تایبەتیش هەموو ئەو وڵاتەی تەنیوەتەوە. لە دایەنگە و باخچەی زارۆکان و سەرەتاییەوە تێیدایە تا دەگاتە ئامادەیی و دواتر. ئەو خوێندنگە تایبەتانە و ئەو زانستگە تایبەتانە، بێجگە لەوەی دامەزراوەیلێکن بۆ قازانج و خڕکردنەوەی پارە کراونەوە، بەشێکیشیان، لە پەنای کارەکانیاندا، کاری مسیۆنەری و بڵاوکردنەوەی ئایینی عیسایی دەکەن و مێشکی زارۆک و خوێندکاری کوردستان دەئەوروپایێنن و دەخۆراوایێنن. خوێندن لەو خوێندنگە و زانستگە تایبەتانەدا، بە زمانی ئینگلیزییە، وەک بڵێی کوردستان بەشێک بێت لە وڵاتانی کۆمنوێڵس و بەشێک بێت لە ئەمەریکا، ئینگلستان یا ئەوسترالیا. خێزانی کورد وای لێهاتووە شانازی بەوەوە دەکات، کە منداڵەکەی وا لە خوێندنگەی سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەییە تایبەتەکاندا دەخوێنێ، هەموو وانەکانی بە زمانی ئینگلیزییە و کوردی نازانێ! ئەوانەیشی منداڵیان لە زانستگە تایبەتەکاندا دەخوێنن، ئەوانیش گەلێکیان پێ باشە، لەو زانستگەیە زمانی خوێندن ئینگلیزییە! کورد، کە لە زمانەکەی زیاتر هیچی دیکەی نییە و تەنێ زمانەکەیشیەتی لە تواندنەوە دەیپارێزێ. شاعیری عەرەب مەحموود دەرویش(محمود درویش)، لە شیعرێکیدا بە ناوی "کورد بێجگە لە با هیچی تری نییە"، دەڵێ:"سێبەری سەر ناسنامەکەی دەتەکێنێت: ناسنامەکەم زمانەکەمە. من..و من. من زمانەکەمم. من دوورخراوەی نێو زمانەکەمم"[1]. کورد، دەبوو کوردینەزانین و کوردینەخوێندنی پێ شەرم بووایە. دەبوو تەواوی بابەتەکانی بە زمانی کوردی بخوێندایە و کە کوردییەکەی ڕەوانکرد، ئەودەمی لە زمانە بیانییەکاندا، زمانی عەرەبی بە پلەی یەکەم، ئەوجا زمانی فارسی و ئەوجا زمانی تورکی خوێندبا و فێربووایە، چون ئەو سێ زمانە هێ سێ نەتەوە و چوار دەوڵەتن، دەوری کوردستانیان داوە و کوردستان و ئەو دەوڵەتانە لە یەک جیۆگرافیادا دەژین. کوردستان نە لە ئەوروپایە، نە لە ئەفریقا و ئەمریکای سەروو و خواروو! بە گوێرەی هەندەک ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمى کوردستان 16 زانکۆ (زانستگە، ڕاستترە لە زانکۆ)ى حکوومەتى هەن، کە بەسەر شارەکانى کوردستاندا دابەش بوون، لێ هەر بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، 19 زانستگە و لقەزانستگەی تایبەت و 14 پەیمانگەی تایبەت، کە دەبنە 33 زانستگە و پەیمانگەی کەرتی تایبەت و ئەهلی،  لە شار و شارۆکەکانی هەرێمدا هەن.  واتە ژمارەی زانستگە دەوڵەتی و حوکوومەتییەکان لە کوردستان لە نیوەی ژمارەی زانستگە و پەیمانگە تایبەت و ئەهلی و نادەوڵەتی و ناحوکوومەتییەکان، کە تەواویان هی کەرتی تایبەتن، کەمترن. تێکڕای زانستگە و پەیمانگە دەوڵەتی و نادەوڵەتی و تایبەتەکان دەکەنە 49دانە. ئەوە تەنێ زانستگە، خۆ ئەگەر تەماشایەکی ژمارەی دایەنگە، باخچەی زارۆکان، خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بکەین، ئەوا سەیروسەمەرەی زیاتر دەبینین.
دانیشتووانی سوێد، سەرووی دە(10) میلیۆن  کەسن و دوو هێندە و بڕێکیش زیاترن لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە بڕێک لە پێنج (5)میلیۆن زیاترن. بە گوێرەی ئامارەکان،  لە سوێد 48 زانستگە و خوێندنگەی باڵا هەن  و 36 لەوانە حوکوومەتین و سەر بە دەوڵەتن و 12یشیان نادەوڵەتین و سەربە کەرتی تایبەتن، لە کاتێکدا ژمارەی زانستگە و پەیمانگە لە کوردستان زیاترن لە سوێد و ژمارەی زانستگە و پەیمانگەی تایبەت و نادەوڵەتی لە کوردستان دوو هێندەی ئەوانەی سوێدن. سوێد یەک هەزار ساڵ دەبێت وەک قەوارەیەک، وەک دەوڵەتێک، هەبووە. کوردستان نە دەوڵەت بووە نە ئێستاش دەوڵەتە. سیستمی سیاسی و ئابووریی لە سوێد، سەرمایەدارییە، لێ سەرمایەدارییەکی مەرجدار و تایبەت بۆ سوێد خۆی. بە بەراورد لەتەک وەڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەمەریکای سەرمایەداریدا، سوێد تا ڕادەیەک بڕێک بنەمای سۆسیالیستی و دادپەروەری و یەکسانی تێدایە. کوردستان لاسایی سوێد و وەڵاتێن مانەندی ئەو ناکاتەوە، بەڵکە لاسایی ئەمەریکا دەکاتەوە!  
لە وەڵاتێکی وەک ئینگلستان، کە وەک بنگەی سەرمایەداری و دیموکراتی و لیبرالیزم، سەیردەکرێت، لە وتارێکدا لە 12 فێبریوەری 2019دا، لە ڕۆژنامەی گاردیان(The Guardian)ی لەندەنیدا، خوێندنگە تایبەتییەکان بە "مۆتۆری نادادی" یا "بزوێنەری نادادی" ناو دەبات و پێیوایە، ئەو خوێندنگەیانە ،جیاوازیی لەنێوان خوێندکاراندا چێدەکەن و دەبنە کارگەی بەرهەمهێنانی ڕێبەر و کارگێڕ و میدیاکار و هونەرمەند و پەرلەمانتار و سیاسی و دادوەر و وەرزشکار و خەڵکانی دەستڕۆیشتوو و بەوە، خوێندکارانی خوێندنگە دەوڵەتییەکان، پشتگوێ دەخرێن و دوا دەکەون. خوێندنگە تایبەتییەکان لە ئینگلستان 6%ی ژمارەی خوێندکارانی ئەو وەڵاتە فێردەکەن و باردەهێنن، کە دەکەنە625000 شاگرد و بەسەر 2600 خوێندنگەدا دابەش دەبن. ئەوە لە ئینگلستان، خەڵکی بەتەنگەوەهاتووی وڵات و مرۆڤی ئەوێ بەو جۆرە دەنۆڕنە ئەو مژارە، لێ لە کوردستانە تا بیناقاقا لە گەندەڵیدا چەقیو و خنکاوەکەی لەمەڕ خۆمان، هەرگیز باسێک لەو بابەتە نییە و هەرگیز کەس بەلای ئەوەدا ناچێت، کە پلەوپایەی جڤاکی و دەسەڵات و هەژموونی مرۆڤێک، بۆماوەیی سامان و دەوڵەمەندی، لە باوکودایک و باوانەوە دیاری دەکات و هەمیشە ئەو خێزانە دارایانە دەبنە خودانی دەسەڵات و هەژموون و پایە و خێزانە هەژارەکانیش وەک پاشکۆ دەمێننەوە[2]. 
بواری گوازتنەوە، یەکێکە لە کارەساتاویترین بوارەکانی ژیان لە کوردستان، کە هەر هەمووی کەرتی تایبەت داگیری کردووە. هاتوچۆی نێو شارەکان، هاتوچۆی نێوان شارەکان و دەرێی شارەکان، هاتۆچۆی دەرێی کوردستان، هەمووی کەرتی تایبەت ئەنجامی دەدات. ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمۆبیل دەهاوردرێن بۆ هەرێمی كوردستان، بێ ئەوەی یەک گەردیلە بیر لە ژینگە، شەقام، ڕێگەوبان، ڕووداوی ناخۆش و زیانی گیانی و ماددی بکرێتەوە. لەبری سەدان هەزار تاکسی و مینیبووس و ئەوانەی کەرتی تایبەت، کە بۆ هاتوچۆی خەڵک، لەسەر جادەکانن، دەشێ حوکوومەت، نەک کەرتی تایبەت، بە یەک لە سەدی1%ی ئەو ژمارەیە، ماشێنی گەورە، بووس، مینیبووس، ترام و هی دیکە، بخاتە بواری هاتوچۆی خەڵکەوە و ژمارەی ئۆتۆمۆبیل لەو وەڵاتەدا بهێنێتە سەر نیوە و  چواریەک و ژیانی هەزاران خەڵک بپارێزرێ و ژینگە پاکژتر بێت. دەگوترێ، کە تەنێ لە شاری هەولێردا نزیکەی یەک میلیۆن ماشێنی تایبەت هەن و ڕۆژانە بەسەر ئەو شەقامانەدا دەخولێنەوە، ئەوجا لەوە گەڕێ، کە چەندی هی حوکوومەت و چەند تاکسی و هی دیکەش هەن. دیارە لە باژێڕەکانی دیکەش حاڵ لەوە باشتر نییە.
بواری کشتوکاڵ لە کوردستان، دەکرێتە قوربانی بەرهەمی کشتوکاڵی وەڵاتانی دەوروبەر. هەموو بەرهەمێکی کشتوکاڵیی تەنانەت ئەوانەیشی لە کوردستان فرەن، بازرگانان بێ گوێدانە ئەوە هەر دەیانهێنن. زەوی کشتوکاڵ و کێلگە دەکرێنە خانوو و دەفرۆشرێن. گوڵ لە هۆڵاند و کینیاوە، مریشک لە برازیلەوە، هێلکە و ساوەر لە تورکیاوە، گوشتی مەڕ لە نیوزیلاندەوە، ڕانکوچۆغەی دووراو لە چینەوە و لە هەموو دنیاوە، بازرگانانی کورد دەیانهێن، بێ ئەوەی بیرێک لە وەرزێر و جووتیار و ئاژەڵدارانی کوردستان بکرێتەوە. پێستی ئاژەڵ، کە دەشێ دەیان شتی لێ دروستبکرێ، دوای سەربڕینی ئاژەڵەکە و خواردنی گۆشتەکەی، فڕێدەدرێ! خوری مەڕ و مووی بزن، کە جاران دەڕێسران و جاجم و خورج و کڵاش و هۆڕ و نەوو و فەرەنجی و کەڕەک و دەیان شتی دیکەیان لێ دروستدەکران، ئێستا لە کوردستان دەسووتێنرێن! هەرچی کاڵایە، تەنانەت ئەو کاڵایانەیشی کوردستان بۆ خۆی بەرهەمی دەهێنێت، لە دەرێ ڕا دەهاوردرێن. ئەوە هیچ لە تورکیا و ئێران و سووریا و عیراقەوە، لە چین و ئەڵمانیا و برازیل و ئەمەریکا و نیوزیلاندەوە تا دەگاتە بنی دونیا بازاڕەکانی کوردستانیان لێ پڕ دەکرێن. تەواوی ئەو ماڵوێرانییەیە بە پێزانینی حوکوومەت و بە بەشداریی سەرمایەدارانی حیزب و ئەوانی دیکە دەکرێ.
لە هەموو جیهاندا، باس لە خراپی و زیانی جگەرە دەکرێ و لە زۆرێک لە وەڵاتانی جیهانێ، لە شوێن و جێگە گشتییەکاندا، تەنانەت لە ڕیستۆرانت و مەیخانەکانیشدا، سیغارکێشان قەدەغەدەکرێت، کەچی لە کوردستان، بازرگانیکردن بە جگەرەوە دەگاتە ترۆپکی برەو. کوردستان، جاران بۆ خۆی گارگەی جگەرەدروستکردنی لە هەولێر و لە سلێمانیش هەبوون و تووتنی خۆماڵیی لەو کارگانەدا بەکاردەبران. ئێستا و ساڵانێکە، لەودەمەوە، کە ئیدی هەرێم هەیە، بازرگانی کوردستان، لەوپەڕی دنیاوە جگەرە دێنێتە نێو کوردستانەوە و لەوێشەوە بۆ قازانج دەینێرێتە هەندەران. بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی حوكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سێ ساڵی ڕابردوودا بایی نزیكەی سێ‌ ملیار دۆلار جگەرە هاوردراوەتە هەرێمی كوردستان. هاوردەی جگەرەش ساڵ بەساڵ زیادی كردووە، بەجۆرێك ساڵی ڕابردوو بە بەراورد بە ساڵی پێشتر 51% زیادی كردووە. هەر بەپێی ئامارەکان نزیكەی 170 ماركە و جۆری جگەرە لە 42 وڵاتەوە دەهاورێنە کوردستان. هەندەک جۆری جگەرە لە کوردستان بەرچاو دەکەون، لە هیچ جێیەکی دنیادا نابینرێن. هەرێمی كوردستان بووەتە ناوەندێك بۆ هەناردنی جگەرە بۆ وڵاتانی دەوروبەر، مانگانە پتر لە 100 هەزار كارتۆن جگەرە بە هەموو جۆرەكانییەوە لە هەرێمی كوردستانەوە دەهەناردرێت بۆ ئێران و توركیا و سووریا و عیراق. بازرگانی کورد، فەرهەنگی نێرگەلەکێشانیانیشیان هێناوەتە کوردستانەوە و بە سەدان نێرگەلەخانە لە کوردستان پەیدابوون. جگەرە و نێرگەلە ئێستاکە کلاسیکن، دەرمان و حەبی مەستبوون و گێژبوون و ماددەی هۆشبەر و بەنگکێشانیش کوردستانی تەنیوەتەوە و هەڕەشەیەکی  گەلێ گەورە لە دانیشتووانی وەڵاتەکە دەکات. تەنێ جگەرە و نێرگەلە و ماددەی هۆشبەر نییە، کە بازرگانانی کوردستان، کوردستان و وەڵاتانی دەوروبەریشیان لێ پڕ کردووە، خواردنەوە ئەلکهوولییەکانیش بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە کوردستان بازاڕیان گەرمە و لە کوردستانەوە ئاوەودیوی ئێران دەکرێن، چون ئێران بە شێوەیەکی ڕەسمی ئەلکهوول تێیدا قەدەغەیە. ئەو کۆڵبەرە کوردانەی لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا، ئەمدیو و ئەودیو دەکەن و هەر بەینێ جارێک بڕێکیان لێ دەبنە قوربانی، بەشێکیان خواردنەوە ئەلکهوولییەکان دەگوێزنەوە. زۆرینەمان فیلمی"ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان"ی بەهمەنی قوبادیمان دێتەوە یاد، کە باس لەو کۆڵەبەرانە و باری ئەسپ و هێسترەکانیان دەکات.
لە سوێد، کە بە وەڵاتێکی گەلی لیبرالی ئەوروپا دەژمێردرێت و لە هەرە پێشکەوتووەکانیشیەتی، کڕین و فرۆشتن و تەواوی وردەکارییەکانی پێوەنددار بە ئەلکهوولەوە، بە کۆمپانیایەکەوە گرێدراوە، سەر بە دەوڵەتە. ئەو کۆمپانیایە، کە پێی دەگوترێ سیستێم بوڵاگێت (Systembolaget)، لە ساڵی 1955ەوە دامەزراوە، خاوەنی سەرمایەیەکە، کە نزیکەی 31 بیلیۆن کرۆنی سوێدییە و دەکاتە نزیکەی سێ بلیۆن و سێسەدوسی میلیۆن (3330000000 دۆلاری ئەمەریکی و نزیکەی 3500کەس کاری تێدا دەکەن. بێجگە لە ئەلکهوول(بە هەموو جۆرەکانییەوە، سووک و قورس و مەی و بیرە)، ئەو کۆمپانیایە کار لە کڕین و فرۆشتنی وردەواڵەی دیکەشدا دەکات. لە ساڵی 1994دا بۆ ئەوەی سوێد ببێتە ئەندامی یەکیەتیی ئەوروپا یا نەبێت، دەنگدان کرا و بە زۆرینەی دەنگی دانیشتووانی سوێد، دەنگ بە چوونە نێو یەکیەتیی ئەوروپا درا. لە یەکیەتیی ئەوروپادا ئەلکهوول لە بازاڕدا و لە هەموو فرۆشگەیەکدا ئازادانە وەک کۆکاکۆلا و ئاوی خواردنەوە و جاجکە و ڕۆژنامە و هەموو شتێکی دیکە دەفرۆشرێت، لێ سوێد ئەوەی قەبووڵ نەکرد و سستێم بۆڵاگەکەی خۆی پاراست و هێشتەوە و تەواوی قانوونگەلێکی پێوەندداری بە ئەلکهوول و خواردنەوەی و کڕین و فرۆشتنییەوە و تەواوی بازرگانی و چالاکییەکانی ئەو بوارە و ئەو کۆمپانیایە لە دەستی دەوڵەتدا هێشتەوە.
بوارێکی دیکەی کەرتی تایبەت لە کوردستان، بازرگانیکردنە بە نەفتەوە. لەو خاڵەسنوورییانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ئێرانێدا، بە پێی ئامارگەلێک، کە کەسانێکی شارەزا و زیتەڵە و وریای دانیشتووانی ئەو خاڵەسنوورییانەی پەروێزخان و باشماخ و حاجی ئۆمەران، دەیگێڕنەوە، ڕۆژانە نزیکەی 900 تانکەر نەوتی ڕەشی پاشماوەی پاڵاوتەکان، کە "نەفتا"یشی پێ دەگوترێ، دەبرێنە دیوی ئێرانەوە و لەوێوە ڕەوانەی بەندەر ئیمام، بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. لە پەروێزخانەوە، ڕۆژانە 700 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئیمام دەکرێن. لە پێنجوێن و باشماخەوە ڕۆژانە 25 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. لە حاجی ئۆمەرانەوە ڕۆژانە 150 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. هەر یەک تانکەر لەوانە 25 تەن(تۆن) نەفت دەگرێ. هەر یەک تەن لەو نەفتە بە 600 دۆلارێک دەفرۆشرێت. ئەو نەفتەی دەنێردرێتە بەندەر ئیمام، بە کۆمپانیای بیانی دەفرۆشرێت، چون ئێران ئەو بەرهەمانە ناکڕێ. ئەگەر داهاتی فرۆشتنی ڕۆژانەی  ئەو نەفتە بژمێرین، دەگەینە ئەم ئەنجامانەی خوارێ:
لە پەروێزخانەوە هەر ڕۆژەی 700 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەر یەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: دەمیلیۆن و پێنجسەدهەزار( 10500000) دۆلار.
لە پێنجوێن و باشماخەوە هەر ڕۆژەی 25 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەریەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: سێسەدوحفتاوپێنج هەزار(375000)دۆلار.
لە حاجی ئۆمەرانەوە هەر ڕۆژەی 150 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەریەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: دوومیلیۆن و دووسەدوپەنجا هەزار(2250000) دۆلار.
سەرجەمی داهاتی فرۆشتنی ڕۆژانەی ئەو نەفتە لەو سێ خاڵە سنوورییەوە، دەکاتە: سێزدەمیلیۆن و سەدوبیستوپێنج هەزار (13125000) دۆلار. تەواوی ئەو بازرگانییەی ئەو نەفتە ڕەوانەکردن و فرۆشتن و پارەوەرگرتنە هی دوو کۆمپانیان: کۆمپانیای"قەیوان/ Qaiwan Group" کە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنیەتی و کۆمپانیای "عیراق ئۆیڵ/Iraq Oil" کە پارتیی دیموکراتی کوردستان خاوەنیەتی. کۆمپانیای قەیوان، نەفتەکەی خۆی لە ڕێگەی پەروێزخان و باشماخەوە ڕەوانە دەکات، هەرچی عیراق ئۆیڵە لە حاجی ئۆمەران و جارجار کەمێکیش لە باشماخ و پەرێزخانەوە دەنێرێت. ئەو دوو کۆمپانیایە، دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەتن، چون حیزب خاوەنیانە، نەک دەوڵەت و حوکوومەت. تەواوی ئەو داهاتانەش دەگەڕێتەوە بۆ حیزب.
کەرتی تایبەت، لەم ساڵانەدا گرنگییەکی فرە بە کردنەوە و دامەزراندنی بازاڕی یەکجار مەزن دەدات، کە (مۆڵ)یان پێ دەگوترێن. ئەم مۆڵانە، بازاڕەیلێکن، هەرچی کاڵایە تێیاندا، لەهەندەرانەوە هاوردراون. کاڵاگەلێکی تێیاندا دەفرۆشرێت، لە بازاڕەکانی سوێددا، گەلێک لەو نرخانەی کوردستان هەرزانترن. مۆڵ، دەکاتە لەنێوبردنی فرۆشگە و دوکانی گچکەی خۆماڵی و نەریتی. مۆڵ، تەنێ خزمەت بە چینە دارا و بەرکپڕەکان دەکات.
سەرمایەداری کوردستان، وڵاتەکەی پڕکردووە لە مەساجخانە، کە هەموو شتێکی دیکەیە، بێجگە لە مەساج. هەزاران ژنی نیپالی، ئەفریقایی، تایلاندی و شوێنانی دیکە، لە لایەن بەڵێندەر و سەرمایەدارانەوە، دەهێنڕینە کوردستان، بۆ کارکردن لە ماڵە دەوڵەمەندەکاندا، بۆ کارکردن لەمەساجخانەدا، بۆ کارکردن لە بواری ئاوڕووبەری دیکەدا، کە تەواوی ئەوانە سووکایەتیکردنە بە مرۆڤ و بە ژنان بە تایبەت. ڕێکخستنی هەڵبژاردنی شاجوان، لە کوردستان بووەتە نەریتێک، کە لە مۆڵەکاندا دەکرێ و سەرمایەداران بە میلیۆنان دۆلاری تێدا خەرج دەکەن. بانگهێشتنی چەندین سترانبێژ و بەناو هونەرمەندی وەڵاتێن عەرەب، تورکیا و شوێنانی دیکە، بووەتە ئامرازێکی دیکەی تێکدانی جڤاک و خڕکردنەوەی پارە.
بەرێوەبەریەتی گشتیی كۆمپانیاكان لە کوردستان. لە ساڵی 2017دا، باس لە بوونی21000 كۆمپانیای ناوخۆیی و3100كۆمپانیای بیانی لە کوردستان دەکات، کە تێکڕا دەکەنە 24100 کۆمپانیای تایبەت، ئەهلی، ناحوکوومەتی سەربە کەرتی تایبەت.
فیدێل کاسترۆ(Fidel Castro ،13/08/1926-25/11/2016)ی شۆڕشگێڕی ڕێبەری شۆڕشی کووبا، لە 25ی نۆڤەمبەری 2016دا، لە تەمەنی 90 ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد. لاشەکەی سووتێنرا و خۆڵەکوو(خۆڵەمێش)ەکەی لە هاڤانای پێتەختی کووباوە بە کەژاوە و کاروانی هەزاران مرۆڤ و ماشێنەوە، بە هەمان ڕێگەی کە لە جەنیوەری 1959دا، کاروانی ئازادی، شۆڕشگێڕانی کووبای، بە ڕێبەریی کاسترۆ، پێدا هاتبوون بۆ هاڤانای پێتەخت و جاڕی ڕزگاری و سەرکەوتنی شۆڕشیان بەسەر ڕێژیمی باتیستا(Fulgencio Batista)دا، دا و کاسترۆ و هاوڕێیانی دەسەڵاتیان گرتەدەست، بە درێژایی 900 کم خۆڵەکووەکەی کاسترۆ، بەنێو باژێڕ و ئاوایی و جەماوەری خەڵکدا، برایەوە بۆ سانتیاگۆ دی کووبا (Santiago de Cuba)، ئەو باژێڕەی کاسترۆ تێیدا هاتبووە دنیاوە و لەوێ لە گۆڕستانی سانتا ئیفگێنیا (Santa Ifigenia Cemetery)، دوای 9 ڕۆژان لە تازیەباری، بە خاک سپێردرا.  هاوڕێیەکم، کە لە سوێد دەژی، لەو کاتەدا لە کووبا بوو و لەگەڵ ڕەوتی کەژاوەی گێڕانەوەی خۆڵەکەوەی لاشەسووتێنراوەکەی کاسترۆدا ڕۆیشتبوو و هەموو ئەو ڕۆژانەی تازیەبارییەکە بەشداریی کردبوو، تا بەخاکسپاردنی. هاوڕێیەکەم گێڕایەوە و گوتی:"کاسترۆ، ماوەیەک پێش مردنی، کە نە لە دەسەڵات و نە لە ڕێبەریی حیزب مابوو، لەگەڵ ڕێبەرایەتی حیزبی کۆمۆنیست و ڕێبەرانی دەوڵەتدا،کۆبووبووەوە و پێێ گوتبوون، من دەزانم جیهان لە گۆڕاندایە و ئەمەریکا و ڕۆژاوا، لە دوای سەردانەکەی ئۆباما(Obama)وە بۆ کووبا، ئیدی هاتوونەتە نێو کووباوە و هەژموونی خۆیان لەم وڵاتەدا دەبێ و ڕەنگە ئیدی نەکرێ بەریان پێ بگیرێت. ئەوەی من داواتان لێ دەکەم، ئەگەر دەسبەرداری تەواوی بەها و دەسکەوتەکانمان دەبن و ئابووری و شێوازی ژیان و کارگێڕی دەگۆڕن و دەسکاری دەکەن، هەرچەندە من حەز ناکەم و لەگەڵی نیم، لێ گرنگ نییە بەلامەوە چ دەگۆڕن، ئەوەی بۆ من گرنگە، دوو شتە، هەردوو کەرت و بواری تەندروستی و خوێندنە. ئەو دوو بوارە، کە بوارەیلێکن پێوەندیان بە ژیانی خەڵکەوەیە، جەماوەرەکە، خەڵکە فراوانەکە، ئێمە لە کووبادا تێیاندا سەرکەوتوو بووین و لە هەردوویاندا خەڵک، هەموو خەڵک، سوودمەند بوون و نموونەیەکی ڕەنگینمان بە مرۆڤایەتی پێشانداوە، داواتان لێ دەکەم هەرگیز مەیانگۆڕن و دەسکارییان مەکەن و وەک خۆیان بیانهێڵنەوە".
باشووری کوردستان، زۆرینەی ڕەهای خەڵکەکەی، جڤاکەکەی، بێجگە لەوانەی حیزب و دەسەڵات و نانخۆری سەر خوانی ئەوان، لە ڕەوشێکی ئابووری پڕ لە نایەکسانی و نادادیدا دەژین. نایەکسانی ئابووری، بەرهەم و دەستکردی، ئابووری بازاڕ و ئابووری ئازاد و کەرتی تایبەت و سەرمایەدارییە. حوکوومەت و دەوڵەت، ئەگەر بۆخۆی موڵکی حیزب نەبێت و حیزبیش کەرتی تایبەت و سەرمایەدار نەبێت، بەرپرسە لە سنووردانان بۆ ئەو نایەکسانی و نادادییە و دەتوانێت لە ڕێگەی نەخشە و بەرنامەگەلێکەوە، کە بۆ هەژاران سوودبەخش بن، بەرنامەگەلێکی وەک: خوێندنی بەخۆڕایی، خزمەتی تەندروستی و لەشساغی و دەرمان و نەخۆشخانە بە خۆڕایی، کۆمەکی جڤاکی و بیمەی ژیان بە پەککەوتە و پیران و نەداران، وەرگرتنی ڕێژەیەکی بەرزتری باج لە دەوڵەمەندان، دابینکردنی جێگەی ژیان و خانوو و ماڵ بە مفت یا بە نرخێکی هەرزان بۆ دەستکورتان، هاتوچۆکردنی بە خۆڕایی یا هەرزان، بە ئامرازەکانی گوازتنەوە بۆ نەداران، کورتکردنەوەی دەستی کەرتی تایبەت و ڕادەستکردنی هەموو بوارە گرنگەکانی، کە پێوەندن بە ژیانی خەڵک و داهاتوویانەوە بە کەرتی گشتی و بە دەوڵەتیکردنیان و زۆری دیکە، لەسەر بنەمای نەخشەدانانی ئابووری ناوەندەکییەوە، کە یەکسانی دێنێتە گۆڕی و هانی یەک جۆرە دەرفەت بۆ هەمووان دەدات، دەتوانێت چارەسەری ئەو ماڵوێرانییە بکات و هەژموونی چینی سەرمایەدار نەهێڵێت. ئەگەر وا نەبێت و بەو جۆرە نەبێت، چ تام و چێژ و خۆشی و ئۆمێدێک لەو نیشتمانەدا هەیە؟
سوارەی ئێلخانیزادەی شاعیر (1937-1976)، له‌ شيعرى "شار" دا، کە يه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترين شيعره‌كانى و بۆ خۆشەویستەکەی نووسیوە و من لێرەدا تەنێ یەک دوو کۆپلەیەکی دەگوێزمەوە، دەڵێ:
گوڵم!
دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
چلۆن بژیم لە شارەکەت
کە پڕبەدڵ دژی گزەم؟!
لە شارەکەت زەلیلە شێر،
باوی ڕێوییە
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
گوڵم، ھەرێمی زۆنگ و زەل
چلۆن ئەبێتە جاڕەگوڵ
لە شاری تۆ، لە بانی عەرشە قۆنەرەی دراو
شارەکەت
ئاسکە جوانەکەم!
تەسکە بۆ ئەوین و بۆ خەفەت ھەراو
کێ لە شاری تۆ، لە شاری قاتڵی ھەژار
گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ؟
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم
لە نیشتمانێکدا، کە بەدەست کەرتی تایبەت و بەرپرسی سەرمایەدار و سەرمایەداری مەعموولییەوە، پڕ بێ لە گزی و باوی ڕێوی بێت و شێر تێیدا زەلیل، دەڤەرێک بێت بۆ زۆنگ و زەل، کەوشی پارەوپووڵ لە بانی عەرش بێت و هەژارکوژ بێت، دەبێ ژیان بۆ نەداران و چینەکانی خوارێی پلیکانێی جڤاک ج واتایەکی هەبێت؟
فیلۆسۆف و دەوڵەتمەداری ئایرلەندی ئێدمۆند بورک(Edmund Burke)/ 1797-1729)، کە لەلایەن زۆرێکەوە بە دامەزرێنەری بیری کۆنسێرڤاتیزم دادەنرێ، دەڵێ:"بۆ ئەوەی نیشتمانمان خۆش گەرەک بێت، دەبێ شتگەلێک لە نیشتماندا هەبن پاڵمان پێوە بنێن بۆ خۆشویستنی. ئەگەر لە نیشتماندا، ئەو شتگەلە پاڵنەرانەی، کە وامان لێ دەکەن خۆشیمان بووێت و هەست بە ئینتیما بکەین بۆی، نەبن، ئەوا ئەوەی ناوی نیشتمانی لێ دەنێین درۆیەکەی گەورەیە".
2019-02-19




[1] شیعرەکەی (مەحموود دەرویش)، بە عەرەبی ناوی"لیس للکرد إلا الریح"ە و بە (سەلیم بەرەکات) پێشکەش کراوە.

Tuesday 22 January 2019

خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن سێیەم -ئابووری بازاڕ-



خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن
سێیەم
-ئابووری بازاڕ-
ئەمجەد شاکەلی
جڤاکی باشووری کوردستان وەک هەموو جڤاکێکی ئەم جیهانە، لە کۆمەڵێک چین و توێژی کۆمەڵایەتی پێکهاتووە. جاران، کە کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی، بنگەی ئابووریی کوردستان بوون، تەنێ دوو چینی سەرەکی: ئاغا و دەرەبەگ و موڵکدار(چینی سەرەوە) و وەرزێر و ڕەشایی[1] و کرێکار و ڕەنگە بەشێکی دیکەیشی وەک سوعلووک[2] بۆ زیاد بکرێ(چینی خوارەوە) هەبوون و لەنێوان ئەو دوو چینەشدا، کەموکەیەکیش چینی ناوەند هەبوون.
دوای 14ی تەممووزی 1958 و گۆڕانی ڕێژیم لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری و دواتریش بزاڤی چەکداریی کورد و دەسەڵاتی حیزبی بەعس، ئیدی ئەو دابەشبوونە چینایەتییە گۆڕدرا. گوند و ئاغا و دەرەبەگ و موڵکدار و وەرزێر، نەمان. زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بە تۆبزی و هەندێکیش بە ئارەزوو، ڕوویان کردە شاران و بوون بە "شلەشاری". ئیدی لەبری بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە دانەوێڵە، میوە، سەوزە، شیرەمەنی، گۆشت، هێلکە، هەندێک پۆشاک و جلک و کاری دەستیی و شتی نێوماڵ، کە تەواوی ئەوانە پێداویستییەکانی خۆیانی دەشتەکی پڕدەکردەوە و شارییەکانیشیان پێیان دەژیان، تەواوی ئەو شلەشارییانە، لە بەرهەمێنەرەوە بوونە بەرخۆر.
ئەوان، لەوەی لە ئاواییدا خاوەنی جێگە و خانوو و ماڵی خۆیان بوون، لە شاردا بوونە کرێنشین. ئەوان لە فرۆشیارەوە بوونە کڕیاری هەموو شتێک. دەبوو ڕیز بگرن بۆ نانکڕین و هێلکە، مامر، ڕۆن، میوە، شیرەمەنی، نەفت، سەوزە، ئارد، ساوەر، دانەوێڵە، گۆشت و هەموو خۆراکێک و تەواوی شتەکانی دیکەش بکڕن. دەبوو لەبری، وڵاخ(هێستر، کەر، ئەسپ و مایین)، ئۆتۆمۆبیل، ماتۆرسایکل و پایسکیل، بەکاربهێنن و سواری تاکسی ببن. دەبوو لەبری خانووی قوڕ و و دار و قامیش و دارسووتاندن بۆ گەرمی و چێشتلێنان، بلۆک و چیمەنتۆ و ئاسن(بۆ زستان سارد و بۆ هاوین گەرم) و نەفت و گاز و کارەبا بەکارببەن، کە تێچوون و خەرجییەکی زیاد بوو بۆیان. دەبوو منداڵیان لە خوێندنگەکانیاندا لەبری جلکی کوردی یا دشداشە، پانتۆڵ و جلکی ئەوروپایی لەبەر بکەن، چون ئیدی شارنشێنن و ئەو جلکە لادێیانە "شەرمهێنەر" بوون بۆیان. دەبوو لەبری مەڕ و بزندۆشین و شیری چێڵ خواردنەوە و پەنیر و ژاژی و کەرێ و ماست و ڕۆن و دۆینە و قەرەخەرمان وجاجم و بەڕە و لباد و تەلیس و هۆڕ و شەڵتە...دنیایەک شتی تری دەسکردی خۆیان، ببنە کڕیاری تەواوی ئەوانە لە بازاڕدا. دەبوو لەبری خوری و بەرگن و موو و پەڕ و گۆرەوی و پووزەوانە و دەستەوانە و کڵاو و فەرەنجی و کەڕەک و کڵاش، ئیدی وەدووی کەوشی ئیتالی و تورکی و شتی پلاستیکی و تەتکەولەرزانەدا غار بدەن. دەبوو لەبری دروستکردنی ترشی و ترخێنە و ساوەر و قەرەخەرمانی خۆماڵی، هاوردەی تورکیا بکڕن و لەبری بەستووقە و دەفری گڵینی جوان و خاوێنی کەرکووک و خورماتوو، پەقرەجە نایلۆن و پلاستێکی ژاراویی ئێران و تورکیا بەکار ببەن. ئیدی دەیان دەبووی دیکەی لەو جۆرە..
بەهۆی لەنێوچوون و تێکشکانی ئاواییەوە، کە بنگەی ئابووری کوردستان بوو و بەهۆی شێواندنی چەمکی ئاوایینشینییەوە، ژینگەی وڵات گۆڕا. بیرکردنەوە و جیهانبینیی مرۆڤی باشووری کوردستان، لە مرۆڤێکەوە، کە خۆی پشتوپەنای خۆی و بەخێوکەری خۆی و وەدەستهێنەری بژێوی خۆی بوو، گۆڕا بۆ مرۆڤێکی چاولەدەست خەڵک بوو و مشەخۆری چاولەدووی مووچە و کۆمەکی  دەوڵەت و خۆراکی پاکەت و قوتووخۆر و چاولەڕێی شتی ئامادەکراو.
لە وەها بارێکدا، چینێکی مشەخۆری هەلپەرستی ناوەند(بۆرژوازی) لە شاردا لەسەر حیسابی زۆرینەی دانیشتووانی کوردستان، لەسەر حیسابی گوندی و وەرزێران، لەسەر حیسابی ڕووخان و دادەپینی گیانی هەرەوەزی وەرزێر و ڕەشایی و لادێیی، هەلی قۆستەوە و بە هەموو جۆر و ڕێگەیەک، نایاسایی و تەنانەت بێڕەوشتانەیش، گەشەی کرد و بۆ سەرەوە هەڵکشا و دەستی بەسەر ئابووری وەڵاتدا گرت. ئەم چینە، چینی ناوەند بوو، کە چینێکە لەنێوان"سەرمایەدار و چینی باڵا" و "کارگەر و ڕەشایی و سوعلووک"اندا. چینی ناوەند، کە چینی بۆرژوازیشی پێ دەگوترێ، بۆ خۆی یەک پێکهاتە نییە، بەڵکە چینی ناوەندی باڵا(بۆرژوازی گەورە) و چینی ناوەندی ناوەند (بۆرژوازی ناوەند) و چینی ناوەندی خوارێ(بۆرژوازی بچووک یا وردەبۆرژوازی)، ئەمەی دواییان لە کارگەر و نەدار و وەرزێرانەوە نزیکە، لێ سروشتێکی هەلپەرستانەی هەیە و وەدووی خوانی چەور و پووڵی مفتدا دەگەڕێ و مشەخۆر و بێ بەڵێن و بێ ئاوڕووە، ئەو دووانەی سەرێش، لە سەرمایەدار و موڵکدارانەوە نزیکن و دەزانن چۆن قۆڵ ببرن.
 ئەم چینی ناوەندە ئابوورییەکی تێکشکاوی پووچەڵی خزمەتگوزاری (services) و بەرخۆریی لە کوردستاندا بەرهەمهێنا، کە جۆرە ئابوورییەکە، چ سامانێکی ماددی، چ بەرهەمێک، بە وەڵات نابەخشێ و ئەوەی دەیهێنێتە دەست، سامان نییە، چون خزمەتگوزاری لە بنەمادا، وەک نۆکەر و پاشکۆ (subservient)ی بەرهەمهێنانی کاڵا هاتووەتە گۆڕێ و لە خزمەتی سەرمایە و سەرمایەداریدایە. ئەو ئاسانکاری بۆ گەشەکردنی سەرمایەداری و کەڵەکەکردنی فرەتری سامانی سەرمایەداران دەکات. خزمەتگوزاری، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێدراوی کاڵا و بەرهەمەکانی سەرمایەدارییە، ئەو، کاڵا فرۆشراوەکانی وەک ئۆتۆمۆبیل، جلشۆری، ماشینە ئەلەکتریکی و ئەلیکترۆنییەکان خاس دەکاتەوە و دەپارێزی، خانووبەرە و تەلار و باڵەخانە بەکرێ دەدا، ئۆتۆمۆبیل و ماشینی دیکە بەکرێ دەدا، بیمە و پارێزەری و کۆمەکی قانوونی دابین دەکات، بە ماشین ئۆتۆمۆبیل دەشۆرێ، ژمێریاری بۆ خاوەن کۆمپانیا و فرۆشگە و شوێنی دیکە دەکات، ڕاوێژکاری قانوونی  و خزمەتی دارایی و خزمەتی هەناردن و هاوردن و خزمەتی گەشتوگوزار، خزمەتی هوتێل و سینەما و یانە و جێگەی کار دەکات، ماڵ و ئۆفیس و پەنجەرە و بنمیچ و دووکەڵکێش و  مێز و ئاودەستخانە و حەمام و زۆری دیکەش خاوێن دەکاتەوە، ئاهەنگ و زەماوەند و تازیەباری و ئەو بەزمانە ساز دەکات و هۆڵ و جێگە بۆ گێڕانی ئەو بەزمانە بە کرێ دەدا، ڕێکلام و بانگەشەی هەموو جۆرە کاڵایەک تەنانەت ئەگەر کاڵاگەلێکی زیانبەخشیش بن بۆ جڤاک و تاکی مرۆڤیش دەکات، بانگەشەی ئایین و دژەئایینیش لەیەک کاتدا دەکات، تەنانەت نووسینی سیڤیش بۆ ئەوانەی وەدووی کاردا دەگەڕێن، ئیدی هەر جۆرە کارێک بێت، ئەوەش دەکات و هەموو ئەوانە و زۆری تریش دەکات.
 خزمەتگوزاری بەرهەم نییە، واتە: بەرهەمێکی ماددی نییە، کە بەهایەکی بەکارهێنانی هەبێت. مارکس، هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، کە کار بە تەنیا، تاکە سەرچاوەی سامانی ماددی نییە، هەر شتێک بەهای بەکارهێنانی هەبێت، کار باوکیەتی و زەویش دایکی. ئەو دەیگوت: کار و زەوی (یا سروشت) و نەیدەگوت خزمەتگوزاری، چون ئەو بێ دایکە.
کە دەڤەری نەفڕین لە لایەن دەوڵەتانی ڕۆژاواوە بۆ بەشێک لە باشووری کوردستان پەسەند کرا، ئیدی هێزە سیاسییەکانی کورد لە 1991دا، لە کەژوکێوان هاتنە خوارێ و شۆڕبوونەوە نێو باژێڕان و بوون بە سەرداری ئەو دەڤەرە. ئەوان دەستیان بەسەر وەڵاتێکدا گرت، کە ڕێژیمی بەعس تەواوی ژێرخانی ئابووری تێکشکاندبوو و وەڵاتێکی بەدگۆڕاوی لێ چێکردبوو. بەعس، بنەما و بنگەی ئابووریی باشووری کوردستانی لە ئابوورییەکی دامەزراو لەسەر کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، ئاوایی خۆبەخێوکەر و بەرهەمهێنەری پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆی، کاری دەستیی و بەرهەمهێنانی هەندێ کاڵای وەک پۆشاک و کەوش و کڵاش و کاری دار و تەختە و شیرەمەنی، کارگەی وردەبەرهەمهێنەری کاڵای ناوماڵ و زۆری دیکە، کە سەرچاوەی تەواوی ئەوانە ئاوایی و خاک و ئاو و ئاژەڵ و وەرزێر وکارگەر بوون، گۆڕیبوو بۆ وێرانەیەک، کە تێیدا نە ئاوایی و نەخاک و نەئاو و نەئاژەڵ و نەوەرزێر و نەکارگەری، هێشتبوو، هەمووی سڕیبووە. خاک و ئاوایی، وێران کرابوون و سووتێنرابوون و ڕووخێنرابوون، ئاو، ژاراو کرابوو، ئاژەڵ، لەگەڵ کاولکردنی گونددا، نەمان و ئاژەڵداران، ناچارکرابوون بە فرۆشتنیان و لەبەینبردنیان و وەرزێر و کارگەریی لادێییش، ناچاری بارکردن و ڕاگوێزتن کرابوون بۆ شاران یا بۆ ئۆردووگە زۆرەملێیەکان.  حیزبە کوردییەکان، بەسەر ئەو ڕەوشەدا هاتنە سەر کار.
پاش دامەزراندنی پەرلەمان و حوکوومەت، دەسەڵاتە کوردستانییەکە، لەبری تێکدان و سڕینەوەی تەواوی شوێنەواری بەعس و کردە و نەخشە و بەرنامە و ئەنجامی کارەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر جڤاکی کوردستان، بەوەی گوندەکان چێبکەنەوە و کۆمەک بە وەرزێرەکان و لادێییانی پەڕیوەی شاران بکەن و بیانگێڕنەوە بۆ ئاواییەکانیان و بۆ نێو خانووە قوڕەکانیان، کە خاوێنترین ژینگە بوون و  لەبری ڕووخاندنی تەواوی ئۆردووگە زۆرەملێیەکان و لەبری ئەوەی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بکەنە بنەمای ئابووری وەڵات، ئەوان، ئابوورێیەکی بێ بەرنامە و بێ نەخشە و پاشکۆی هەر چوار دەوڵەتانی دەوروبەری کوردستانیان هێنایە گۆڕێ. ئابووری خزمەتگوزار(Service economy) وەک لە ئەدەبی بۆرژوازیدا پێی دەگوترێ، ئابووری بەرخۆر نەک  ئابووری بەرهەمهێنەریان چێکرد.  ئابوورییەکیان پیادەکرد، لە هیچ نەدەچوو و نموونەی لە جیهاندا نەبوو. زۆرینەی سەران و بەرپرسانی حیزب، ئەوانەی لە چیا، خۆیان بە مامۆستای شۆڕشگێڕی و جەنگاوەری دەزانی و گەلێ جاران لەسەر سۆسیالیزم و مارکسیزم و ماویزم و زۆرێکی دیکە لەو ئیزمانە، ڕایان لە کەس نەبوو و خۆیان بە ڕاستینەی ئەو هەموو ئیزمانە دەزانی، لە ساڵانێکی کەمدا، لەگەڵ چینە بۆرژوازییە هەلپەرستەکەی نێو شار، دەستیان تێکەڵ کرد و دەستیان بەسەر ئابووری وەڵاتدا گرت و بۆ خۆیان، دەمامک و جلکی شۆڕش و جەنگ و مامۆستایی و سۆسیالیستییان تووڕدا و گیرفانەکانیان بەرین بەرین کردەوە و سەرتاپای لەش و جلکیان بوونە شەڵتە و خورج و هۆڕ  و هەرچی کونوقوژبنێکیان لەو دنیایە شک دەبرد، پڕیانکرد لە پارەوپووڵ. پارەیان بە ژوور و هۆدەی پڕاوپڕ، بە لۆری، بە میلیۆن و بیلیۆن دۆلار دەژمارد و شانازییان بە بوونی میلیۆنێر و بیلیۆنێرانی کوردستانەوە دەکرد. زەوییان داگیرکرد. خانوو و تەلار و کۆشک و باخیان، دروستکرد. کۆمپانیایان بە میلیۆنان دۆلار پێکەوەنا. بۆ سڕینەوەی بازاڕی کۆنی جاران و فرۆشگەی گچکە و کاری دەستی و خۆماڵی، ئەمان مۆڵی زل و زەلام، نەک دانەیەک دەیانیان قوتکردەوە، کە یەک شتی خۆماڵیی تێدا نییە و سەرلەبەری هاوردەیە. ژن و زارۆکیان، هەموو کرانە مووچەخۆر و هەموو تایبەتمەندییەکیان بۆ دابین کران. سەدان پاسەوانیان وەدووی خۆ خست. ئەوان بۆ خۆیان بەکون فەیەکوون"کن فیکون"ێک، لە چەکدار و شۆڕشگێڕ و جەنگاوەر و سۆسیالیستەوە، کە لەڕاستیدا هیچ یەکێک لەوانە نەبوون و تەنێ بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، بوون بە سەرمایەدار و هاوپشکی سەرمایەدار. بەو جۆرە چینێکی مشەخۆری مرۆڤخۆری پێکهاتوو لە: سەران و بەرپرسی حیزب و دەسەڵاتداران+ چینی نێوەندی بۆرژوازی، چینێکی نوێیان پێکهێنا، کە ڕەنگە ئەگەر ڕەوانشاد کارڵ مارکس، ئێستا لە ژیاندا بووایە، نەیتوانیایە ناوێکی لێ بنێ. ئەم چینە نوێیە بوو بە خودانی ئەو ئابوورییە مشەخۆرە، کە تا هەنووکە شیرازەی جڤاکی کوردستانی شڕ کردووە و هەڵوەشاندووەتەوە و هەرچی ڕایەڵە و پێوەندە کۆمەڵاتەییەکان و یادەوەرییە مێژووییەکان و فەرهەنگە ساکار و باو و ڕەسەنە گوندییەکانە، هەمووی لوولداوە و بەرەبەرە دەیانخاتە چاڵی فەرامۆشییەوە. هاتنەگۆڕێ و سەرهەڵدانی وەها چینێکی نوێ، لەسەر بنەمای ئەو پێکهاتەیە، لە هیچ هەژمار و لێکدانەوەیەکدا بە بیری هیچ کەسێکدا نەدەهات.
ئەو چینە نوێیە تێکەڵەیەی دەسەڵاتداران و بۆرژوازییە ناوەندەکان، بە هەردوویانەوە، کە ئیدی دەشێ وەک سەرمایەدار سەیر بکرێن، هەموو ئاوەز و چالاکی و زانیاری خۆیان خستە بواری خزمەتگوزارییەوە نەک بەرهەمهێنان. وەک ئاشکراشە، هەموو زیادەکردنێک لە بەرهەمهێنانی خزمەتگوزاریدا، زیادەکردنیشە بۆ تێچوونی ئەو کاڵانەی بەرهەمدەهێنرێن و دەخرێنە بازاڕ. بە تێچوونی سامانێک بۆ تەنێ خزمەتگوزارییەک، کە چ پێوەندێکی بە بەهای بەکارهێنانەوە نییە، باری سەرشانی کاڵاکان و کڕیار و بەکارهێنەرانیان گران دەکات. کاتێک کەسێک کاڵایەک لە بازاڕ دەکڕێت، دەبێ تێچووی تەواوی خزمەتگوزارییەکانی، وەک: پێچانەوە، پڕکردن، گوازتنەوە، پارەی باج و بانک و گومرک و گەنجینە، هەڵگرتن و دابەشکردن، کە ئەو کاڵایە تەواوی ئەوانەی لەنێو خۆدا هەڵگرتووە، بێ ئەوەی هیچ سوودێکی بۆی هەبێت، دەبێ بیدات. ئەمە ئەو سیستمە ئابوورییە نوێیەیە، کە ئابووری بۆرژوازی، مژدەدەرێتی و هەردەمە بە ناوێکەوە، دەمێک وەک ئابووری بازاڕ و دەمیک وەک ئابووری زانیاری و دەمێکیش وەک ئابووری ئازاد. دەردەکەوێ.
 دەسەڵات و بۆرژوازییانی کوردستان(واتە: چینە مشەخۆرە نوێیەکە)، وەها ئابوورییەکیان بۆ کوردستان کردە دیاری. ئەوان، مۆبایل، کاڵای ئەلیکترۆنی، ئۆتۆمۆبیل، جلکی مۆدەی ئەوروپایی، خۆراکی لە قوتووکراوی تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکە، هوتێل، گازینۆ، قومارخانە، مەیخانە، مەساجخانە، نۆکەر و کارگەری بیانی، ژنی فلیپپینی و ئەسیووپیایی و تایلاندی، هەزاران باڵەخانە و تەلارخانەی بیست و سی نهۆمی، سەدان کەناڵی تەلیڤزیۆنی بێ کەڵک و وێرانکەری جڤاک، سەدان دەسگە و پەخشخانەی پەخش و بڵاوکردنەوەی بێبایەخ، نەخۆشخانەی تایبەتی گرانبەها، کە تەنێ چینە دەوڵەمەندە باڵاکە سوودمەندە لێی، خوێندنگە و زانستگەی تایبەت، کە بۆ منداڵە تەنبەڵ و تێڕە و تەوەزەلەکانی خێزانە دەوڵەمەندەکانە، هەزاران چێشتخانە، نێرگەلەخانە و بازاڕی جگەرەی قاچاخ، کە نموونەیان لە هیچ وەڵاتێکی جیهاندا، بێجگە لە کوردستان نابینییەوە و سەدان شتی بێبایەخ و ناپێویستی دیکەیان بۆ خەڵکی کوردستان، کردنە دیاری، کە تەنێ سوودیان بۆ گیرفانی خۆیان و زیانیان بۆ خەڵکی کوردستان هەبووە و هەیە.
ئەو ئابووریی بازاڕە، ئازادە، زانیارییە، کە ئەو چینە نوێیە کردیانە پۆشاکی جڤاکی کوردستان، بەو هەموو ڕەنگ و ناوە جوداکانییەوە، لەسەر یەک پایە و بنگە و ڕێباز ڕاوەستاوە، ئەویش هێشتنەوەی پتر لە نیوەی هێزی کارە، هێزی کارگەر و جووتیار و وەرزێر، هێزی بەرهەمهێنەر، بە بێکاری. چون ئەو هێزی کارە پڕتوانست و پڕهێز و وزە و هیوا و ئامانجە، لە لایەن چینە باڵادەستەکەوە(بەرپرسانی حیزب و دەسەڵات و چینە ناوەندەکەوە) بۆ مەبەستی دیکە بەکارهێنران، ئەوان کران بە، پاسەوان، شوان، گاوان، باخەوان، قەلەوان، چایدانەر، چێشتلێنەر، سەگەوان، ئاژۆر، دەرگەوان، پۆلیس و دەیان کاری بێکەڵکی بێنرخی دیکە، لە ماڵ و جێی کار و شوێنی ڕابواردنی ئەو چینە باڵادەستە. ئەوەی، چینە باڵادەستەکە، بەناوی کارەوە، بۆ هێزی کار دەیژمێرێت، تەنێ پاراستنی بەرژەوەندە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیانە و کەڵەکەکردنی پتری سەرمایەیە و بێجگە لە بێکاری بۆ چینە هەژارەکەش، هیچی دیکە نییە. ئەو هێزی کارە، سەرگەرمی شتێک دەکرێ، کە بێ بەرهەم و وزەفەوتێن و سستکردن و مراندنی توانست و ئومێدەکانە. بێکارییەکە، بەرهەمهێنەری هیچ بەهایەک نییە، کە بشێ بگۆڕدرێتەوە و سوودێک بە جڤاکی کوردستان و مرۆڤایەتی بگەیەنێت. ئەوەش ڕێک پەکخستن و زیانپێگەیاندنی بەرهەمهێنەرە ڕاستینەکانە (کارگەران و وەرزێران).
گرنگیدان بە خزمەتگوزاری و بانگەشەی ئەوەی، کە مرۆڤی سەردەم هێندەی پێویستی بە خوێندن و بارهێنان و فەرهەنگ و مۆسیقا و وەرزش و مۆبایل و تەلیڤزیۆن و ئۆتۆمبیل و خۆراکی قوتوو و مۆدەی پۆشاکی ئەوروپایی و نێرگەلە و شامپۆ و دارودەرمانی ڕوومەت و پرچ و ئارایشتگە و دیکۆر و نەخش و نیگاری بیانی نەگونجاو و مۆبیلە و...سەدان پۆخڵەواتی دیکەی جڤاکی بۆرژوازی، هێندەی پێویستی بە کەوش وکراس و جلک و نان و ئاو و گەرمی و ساردی و ئەو شتانە نییە، تێزێکە چینە باڵا بۆرژوازییە سەرمایەدارە حیزبییەکەی کوردستان وەک هەموو چینە ناوەندەکان و سەرمایەداران و سۆسیالدیموکراتەکان لە جیهاندا، پەرەی پێدەدەن و پشتی دەگرن. 
چینی نێوەند، چینێکی مشەخۆرە و مارکس بە چینی بۆرجوازی بچووک یا وردەبۆرژوا(Petty Bourgeoisie)ناوی دەبات. ئەو چینە، هەرگیز ناتوانێت وەک هێزیکی بەرهەمهێنەر لە جڤاکە نوێیەکاندا، پێگەی سەروەری وەدەستبهێنێت و بۆ وەها ئەرکێک سست و بێ وزەیە.  چینی نێوەند، لەبەر ئەوەی خاوەنی ئامرازێکی بەرهەمهێنان نییە، کە بتوانێت هەموو پێویستییە بنەڕەتییەکانی جڤاک دابین بکات، بۆیە ناتوانێت سیستمێکی جڤاکیی سەقامگیر و چەسپاو دابمەزرێنێت. ئەم چینە بانگەشەی ئەوە دەکات، کە خودانی زانیارییە، بۆیە ئاڵای"ئابووری زانیاری" هەڵدەکات، لێ زانیاری، ئامرازی بەرهەمهێنان نییە. زانیاری، لە کۆمەكکردن بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان زیاتر، تێناپەڕێت، مرۆڤ هەر لەمێژە بەبێ زانیاری نەیتوانیوە ساکارترین ئامێرەکانی بەرهەمهێنان بەکاربهێنێت. دیارە ئەو زانیارییانەی پێویست بوونە بۆ دروستکردنی چەرخ لەو زانیارییانەی، کە ئەمڕۆ پێویستن بۆ دروستکردنی مووشەک یا بۆمبی ئەتۆم، پێشکەوتووتر و باڵاتر بوونە. زانیاری، ئامرازی بەرهەمهێنان نییە و تایبەتیش نییە بە دابەشکردنی کار، تا چینێکی جڤاکی پسپۆر لە بەرهەمهێنانی زانیاریدا چێ ببێت. پێوەندی دیالیکتیکی کارگەر بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە، ئەو پزدانەیە، کە هەموو زانیارییە جیاوازەکانی تێدا دەئافرێن، چون چینی ناوەند بێجگە لە خزمەتگوزاری هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێت. ئەو چینە خاوەنی ئامرازی بەرهەمهێنان نییە تا بتوانێت سامانی نەتەوەیی بەرهەم بهێنێت. 
بەم ئابوورییە خزمەتگوزارییە مشەخۆرە، وابەستەیەی داهاتی نەفت و هاوردەی هەموو شتێک، لە تەماتە و هێلکە و ساوەر و هەزاران پێویستی دیکەوە لە هەندەرانەوە، بەم ئابوورییە، کە  تەلار و باڵەخانە بۆ حەلحەلەی ئاسمان بەرزدەکاتەوە، بەم ئابوورییە، کە شانازی بە زیادکردنی ژمارەی ئۆتۆمۆبیل و کۆمپیووتەر و مۆبایلەوە دەکات، بەم ئابوورییەوە، کە هەژار هەژارتر دەکات و دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر و بە...بە...بە و هەزاران بەی دیکە، هەرگیز کوردستان ناگاتە جێگەیەک و تا دێت پتر دادەتەپێ. چارەسەر ئابوورییەکی کشتوکاڵییە وەک بنگە و بیناکردنی پێشەسازییەکە لەسەر ئەو بنگەیە. ئابوورییەک دەوڵەت، دەوڵەتی خەڵک و مرۆڤە ئاسایی و هەژارەکانی کوردستان، بەڕێوەی ببات. ئابوورییەک هێزی کار تێیدا نۆرەی خۆی ببینێ و بەرهەمهێنەر و وزەبەخش بێت و  دواڕۆژ دروست بکات. ئابوورییەک ئەگەر سەدلەسەدیش سۆسیالیستی نەبێت، ڕێژە زۆرەکەی سۆسیالیستی بێت. ئابوورییەک دەستی بەرپرس و حیزب و دەسەڵاتدار و ئەو چینە ناوەندە، کورت بکاتەوە و لە دواییدا بیبڕێ،  ئابوورییەک بەها بۆ مرۆڤەکانی خوارێی پلەکانی جڤاک بگێڕێتەوە، نەک هێندەی دی لە قوڕیان بگرێ.
قانیعی شاعیر(1898 – 1965)، لە شیعرێکیدا بە ناوی"پێنج خشتەکی لەسەر شیعری موفتی پێنجوێنی"[3] دەڵێ:
بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم
لە شیعرێکی دیکەیشیدا بە ناوی "بۆ چییە؟"[4] دەڵێ:
تا کڵاشی بەنچنی ژێرمەحکەمی خۆم دەسبدا
قۆندەرەی تەسک و تروسک و لار و خوارم بۆچییە؟
تا سەبیلی زەرد و سووری فیتکەدووری خۆم ببێ
فڵتەفڵتی نێرگەلە و تۆپی سیغارم بۆچییە؟
شەربەتی هەرمێ لەت و دۆشاوی شۆکەم دەسکەوێ
ئارەق و تریاکی هەروەک ژەهرەمارم بۆچییە؟
نەی کە شومشاڵە عەزیزم، سەد گرامافۆن ئەژی
سۆزی شومشاڵم ببێ من عوود و تارم بۆچییە؟
ڕانک و چۆخەم دەسکەوێ، چیمە لە فاسۆن و حەریر؟
جاوی خۆماڵیم ببێ چیتی توجارم بۆچییە؟
(بانی خێڵان) ئاوەدان بێ بۆ قەڵەم بۆ کوردەکان
تازە ئیتر ئووچی پیسی بەدنیگارم بۆچییە؟
تا ببێ بەفراو و مێرگ و چیمەن ئێڵاخی خۆم
ئاوی سوێر و دڕکەزەردەی گەرمەسارم بۆچییە؟
حەفتا ساڵێک پێش ئەمڕۆ، قانیعی شاعیر، ئەوەی گوتووە، ئەو قسانە بۆ ئێستاش کۆن نین و کاتیان بەسەر نەچووە. ئێستاش کۆمەڵی کوردستان پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ خۆ، بە دۆزینەوەی خۆ، بە لەسەرپێی خۆ ڕاوەستان. کۆمەل و نەتەوە و گەل و خەڵک و وەڵاتی پاشکۆ و تەوەزەل و بێبەرهەم و خۆهەڵواس و چاولەدەست و چاولەدووی کۆمەک و خێری ئەم و ئەو و بەرخۆر، هەرگیز ناتوانێت بگاتە ئامانج و هەمیشە لە دەرەوەی مێژوو دەمێنێتەوە.
22 – 01 - 2019





[1] ڕەشایی، پتر بە جەماوەر و خەڵکە گشتییەکە دەگوترێ، لێ لە ئاوایی و جڤاکی کشتوکاڵیدا بەو گوندنشیانە دەگورتێ، کە خاوەنی زەویوزار نین و ئامرازی کشتوکاڵ نین و کشتوکاڵ ناکەن، بەڵکە لەنێو گونددا کاری: شوانی، گاوانی، مڵۆچنین، جووتیاری، قوڕکاری، پاککردنەوەی جۆگەی ئاو، بیرهەڵکەندن و تەنانەت نۆکەریی دەکەن.
[2] سوعلووک، بەعەرەبی"صعلوك"، واتە: هەژارێک، کە خاوەنی هیچ نییە. ئەم وشەیە لە عەرەبیدا، پێوەندی بە بزاڤی ڕزگاربوون لە هەژاری هەیە، وەک سوعلووکەکان لەسەردەمی جاهیلییەتی پێش ئیسلامدا دایانهێنا و عوروە کوڕی وەرد(عروة بن الورد)، کە ساڵی ٥٩٤ی.ز مردووە و بە میری سوعلووکان بەناوێ بوو، ڕێبەری ئەو بزاڤە و ئەو خەڵکە سوعلووکانە بوو.
[3] دیوانی قانع، شاعیری چەوساوەکانی کوردستان، کۆکردنەوەی بورهان قانع، بانیز، 2016، ل151.
[4] سەرچاوەی پێشوو، ل 228.