کوردستان
نووسینی: ئه‌ندرێس کونگ
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی، له سوێدییه‌وه
کردوویه به کوردی
"خودێ
به سێ ده‌ردان سزای مرۆڤ ده‌دات: کولله و مشکه‌کوێره و کورد".
( گوته‌یه‌کی عه‌ره‌بییه)
ژماره‌ی کورده‌کان
له‌وانه‌یه بگاته یه‌ک ده‌رزه‌ن میلیۆن که‌س[1]. نێزیکه‌ی
نیوه‌یان له ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا و سێیه‌کیشیان له ئێران ده‌ژین. له نێوان یه‌ک میلیۆن
و دوو میلیۆندا له باکووری عیراق و نیومیلیۆنێک له سووریا و سهدههزاریش له قه‌وقاسی
سۆڤیێت ده‌ژین. یه‌کلانه‌بوونه‌وه‌ی ژماره‌ی خه‌ڵکی کورد، به‌شێک له سروشت و ڕه‌وشی
پرسی کورد پێشان ده‌دات، که ئه‌ویش قایلنه‌بوون و دداننهنانی وڵاتانی هاوسێی کورده
به‌وه‌ی، که گه‌لێک به نێوی کورده‌وه هه‌یه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کورده‌کان
زمانێک و مێژوویه‌ک و فه‌رهه‌نگێکی هاوبه‌شیان هه‌یه و له سهردهمێکیشهوه، که
وه‌بیر نایه‌ت، هه‌ر له‌و ده‌ڤه‌ره شاخاوییه سه‌ختانه‌ی ژوورووی وڵاتی دووڕووباری
میزۆپۆتامیاشدا ژیاون. کورده‌کان به پێچه‌وانه‌ی هاوسێیهکانیانهوه له ماوه‌ی
نێزیکه‌ی سێهه‌زار ساڵێکدا، توانیویانه کێیه‌تی و ڕه‌وشتی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان بپارێزن،
بێ ئه‌وه‌ی ده‌نێو ئه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه داگیرکارانه‌ی، وه‌ک عه‌ره‌ب و مه‌نگۆل و
تورک و هی دیکه‌شدا، که به درێژایی مێژوو به سه‌ر کوردستانیاندا داوه و ته‌راتێنیان
تێدا کردووه، بتوێنه‌وه. ته‌نانه‌ت له ده‌رێی وڵات و خاکی کوردستانییش، کورده‌کان
هه‌وڵی پاراستنی که‌سیه‌تی و نه‌ریت و خۆیه‌تیی خۆیان داوه. تا ئه‌مڕۆیش له دیمه‌شقی
پێته‌ختی سووریا، گه‌ڕه‌کێکی تایبه‌تی کورد هه‌یه[2]. وێڕای
ئه‌وه‌ش کوردگه‌لێکی زۆرییش له نێو وڵاتانی هاوسێدا تواونه‌وه و ڕۆڵێکی گرنگیشیان
له دیرۆکی عه‌ره‌بدا بینیوه. ناسراوترین کوردێک له‌وانه‌ی تواونه‌وه سه‌لاحوددینی
قاره‌مانه، که له ساڵی 1187دا، به سه‌ر ڕێڕۆی خاچههڵگره دیانهکاندا له ڕۆخی
زه‌ریاچه‌ی جه‌لیل، سه‌رکه‌وت. پاشان زۆرینه‌ی خێڵ و تیره کورده‌کان له ژێر فه‌رمانڕه‌وایی
و ڕێبه‌ریی سهلاحوددیندا له سووریا یه‌کدییان گرت. که مه‌نگۆله‌کان هاتنه نێو ڕۆژه‌هه‌ڵاتی
نێزیکه‌وه، له لایه‌ن کورده سه‌رسه‌خته‌کانه‌وه به‌ره‌نگارییان لێ کرا. هه‌ر به‌و
ئاوایه کورده ئازادیخوازه‌کان له مێژووی پێشتریشدا چه‌کیان دژ به سۆمه‌ره‌کان
و ئاشوورییه‌کان هه‌ڵگرتووه و هه‌ر ئه‌وه‌یشیان ده‌گه‌ڵ "کووره‌ش"ی شای
فارساندا کردووه و نه‌ینه‌وا و بابیلیشیان سووتاندووه. له سه‌ره‌تای ساڵانی
1500ه‌کانه‌وه کاتێک، که تورکه‌کان، ئه‌رمه‌نستان و کوردستانیان داگیر کرد، سوڵتان
ڕێگه‌ی به مه‌لا ئیدریسێکی کورد دا، ده‌وڵه‌تێکی گوێڕایه‌ڵی خاوه‌نی بڕێک سه‌ربه‌خۆیی
نێوخۆیی، دابمه‌زرێنێت[3]. سوڵتانێکی
دیکه‌ی تورک، عه‌بدولحه‌مید[4]، به‌وه‌ی
که زیره‌کانه چه‌مک و پرنسیپی "په‌رتکه و زاڵبه"ی پێڕۆ کرد، پتر زیانی
به پرسی کورد گه‌یاند و برینداری کرد. بۆ تێکدانی ئه‌و په‌یمانه دۆستایه‌تییه نه‌نووسراوه‌ی
نێوان کورده‌کان و دیانه‌کانی هاوسێیان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی، عه‌بدولحه‌مید ڕێگه‌ی
به دامه‌زراندنی یه‌که‌یه‌کی سواره‌ی کوردی دا و خێڵه‌کییه‌کانی، که پێکیانهێنابوو
تایبه‌تمه‌ندییه‌کی باڵا و له‌به‌رچاویان وێدرابوو[5]. ئه‌مه‌ش
بووبه هۆی دوژمنایه‌تی و ئاژاوه‌نانه‌وه له نێوان ده‌سته و تاقمه جیاوازه‌کانی
کورددا، که له لایه‌ن حوکوومه‌ته‌کانه‌وه وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک به‌کاربراوه بۆ پێشاندانی
کورد، نه‌ک هه‌ر وه‌ک گه‌لێکی یه‌کنه‌گرتوو، به‌ڵکه ته‌نانه‌ت وه‌ک چه‌ته و ڕێگرێکی
ناشی و پاشکه‌وتوو ، که بێجگه له زه‌بر و زۆر هیچ جۆره به‌ڵگه‌یه‌کی دیکه تێناگه‌ن.
بۆیه نه‌یارانی کورد بۆ مه‌به‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان، ناکۆکی و
ململانێی نێوان هۆز و خێڵه جیاوازه‌کانی کورد و
نێوان کۆمه‌ڵانی وه‌رزێره نهخوێندووهکانی بنده‌ستی ده‌ره‌به‌گه‌کان و ڕه‌وشه‌نبیرانی
چینی نێوه‌ندی نێو شاره‌کانیان، به‌کاربرد.
هه‌ڵگر و
بڵندکهرهوهی بیری نوێی نه‌ته‌وه‌یی کورد، هه‌ر له ده‌سپێکرا ئه‌و که‌سانه
بوون، که له سه‌رده‌می عوسمانییه‌کاندا له شاره کوردییه‌کاندا ده‌ژیان. کوردێکی
زۆر له په‌رله‌مانی عوسمانی‌دا کران به نوێنه‌ر و ئه‌وانیش پێشنیاز و داخوازیی ئۆتۆنۆمییان
بۆ کورد به په‌رله‌مانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی پێشکه‌ش کرد. ئه‌و پێشنیاز و داخوازییانه‌ش
له لایه‌ن ئه‌و ڕۆژنامه و یانه کوردییانهوهی، که له سه‌رده‌می تورکاندا له
ئیسته‌نبوول و به‌غدا و مووسڵ دامه‌زرێنرابوون، له بنه‌وه پشتگرییان لێ ده‌کران.
له کۆتایی ساڵانی 1800ه‌کاندا، کۆمیته‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی کورد دامه‌زرا، که به‌ره‌به‌ره
به‌ره‌و ئه‌وه چوو ببێته پارتییه نه‌ته‌وه‌ییه کوردییه‌که‌ی ئه‌مڕۆی عیراق[6]. له
په‌یمانی سیڤری 1920ی نێوان ئیمپراتۆریای عوسمانی و هێزه سه‌رکه‌وتووه‌کانی جه‌نگی
جیهانیی یه‌که‌م، یه‌کێک له‌و شتانه‌ی بڕیاری له سه‌ر درا، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی
کوردی بوو، که سنووره‌که‌ی ده‌ڤه‌ره‌کانی له باشووری ئه‌رمه‌نستانه‌وه تا باکووری
عیراقی ده‌گرته‌وه[7]. په‌یمانی سیڤر له سه‌ر
لاوازیی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی تورکان ساز کرا و به سه‌ر حوکوومه‌تی تورک‌دا
سه‌پێنرا. به هۆی هێزی تورکیای نوێی سه‌رکه‌وتووی سه‌رده‌می که‌مال ئه‌تاتورکه‌وه،
هه‌رگیز ددان نه‌نرا به په‌یمانی ئاشتی سیڤردا و هه‌رگێز کاری پێ نه‌کرا و ته‌نانه‌ت
له 1923دا و له لۆزان گۆڕدرایه‌وه به په‌یمانێک، که نێوی کوردستانی تێدا نه‌هات[8].
هه‌ر ئه‌و
ده‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی دژایه‌تیکردنی به‌هێزی کورده‌وه، فه‌یسه‌ڵ حوسه‌ین، به
هۆی پشتگریی بریتانییه‌کانه‌وه، نێوی شای عیراقی لێ نرا و کرایێ[9]. هه‌ر
ئه‌و ده‌می بریتانییه‌کان فه‌رمانڕه‌وایه‌کی کوردیان له باکووری عیراق دیاری کرد. کاتێک ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه
له پێناوی دامه‌زراندنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆدا، ڕێبه‌ریی ڕابوونێکی کرد، ده‌ستگیر
کرا و له وڵات وه‌ده‌ر نرا[10]. بریتانییه‌کان
ته‌نانه‌ت قایل نه‌بوون به‌وه‌ی، که ددان به تایبه‌تمه‌ندی و سه‌ربه‌خۆییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی
بۆ کورد به سه‌ر ناوچه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی که‌رکووکدا، که پتر له ¾ی نه‌فتی عیراق وه‌به‌رهه‌م دێنێت، بنێن. هه‌ر بۆیه‌ش بریتانییه‌کان، باژێڕی
سلێمانییان ئابڵۆقه دا و له هه‌مان کاتیش‌دا هێزی هه‌وایی بریتانیا(هێزی هه‌وایی
پاشایی) شاره‌که‌یان بۆمبباران کرد[11].
به گوێره‌ی
په‌یمانی لۆزان، ده‌بوو سنووری نێوان تورکیا و عیراق، به پێکهاتن له‌گه‌ڵ بریتانییه‌کاندا
کێشرابا و دیاری کرابا. که لایه‌نه‌کان نه‌یانتوانی پێکبێن و ڕێککه‌ون، کۆمه‌ڵه‌ی
نه‌ته‌وه‌کان کۆمیته‌یه‌کی به نێوی کۆمیته‌ی مووسڵ دانا، که بێجگه له کاره‌کانی
دیکه‌ی، ئه‌وه‌ی چه‌سپاند و ده‌ستنیشانکرد،
که کورد نه تورکه و نه عه‌ره‌به و نه‌ش فارسه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بوو ددان
به کوردستانێکی ئازاد‌دا نرابا.
1922 ده‌وڵه‌تی
نوێچێکراوی عیراق و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی مانداتی ئینگلستان بڕیاریان دا، ده‌سه‌ڵاتی
خۆبه‌ڕێوه‌بردن به کورد بده‌ن. ئه‌و به‌ڵێنه وه‌ک مه‌رجێک بۆ ئه‌وه‌ی عیراق ببێته
ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان، له 1932یشدا دووپات کرایه‌وه.
له نێوان
هه‌رتک جه‌نگدا ڕاپه‌ڕینی ده‌ڤه‌ریی کورد له عیراقدا به‌رپا ده‌بوو و له لایه‌ن له‌شکری
عیراقی- بریتانی و به هاریکاریی هێزی هه‌وایی بریتانی(هێزی هه‌وایی پاشایی) سه‌رکوت
ده‌کران. له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانیی دوه‌مدا، ڕابوونێکی نوێ به‌رپا بوو، ئه‌مجاره‌یان
موسته‌فا بارزانی سه‌رکرده‌یه‌تیی ده‌کرد، که پاشان بوو به مه‌زنترین سه‌رکرده‌ی
کورد. ڕابوونه‌که سه‌رنه‌که‌وت و بارزانی له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانیدا هه‌ڵهات بۆ یه‌کیه‌تیی
سۆڤیێت. بارزانی بۆ جاری یه‌که‌م 1958، پاش کوودێتای قاسم، گه‌ڕایه‌وه بۆ عیراق. که قاسم له 1958دا ڕێژیمی
پاشایه‌تیی ڕووخاند و خۆی بوو به فه‌رمانده‌ر و ڕێبه‌ری وڵات، به هۆی به‌ڵێنه‌کانییه‌وه،
که دابوونی به کوردان، که به‌ره‌وپیریی داخوازییه‌کانیان ده‌چێت، به گه‌رمیی له
لایه‌ن کورده‌کانه‌وه پێشوازیی لێ‌کرا. ده‌ستووریی کاتیی عیراقی ساڵی 1958 ڕوونی کرده‌وه،
که عیراق ده‌وڵه‌تێکی هاوبه‌شه و له عه‌ره‌ب و کورد پێکهاتووه، لێ قاسمییش ئه‌وه‌ی
پێشان دا، که ئه‌ویش وه‌ک سه‌رکرده‌کانی پێشووی عیراق، ئه‌و گوته و وشه ڕندانهی خۆی نه‌خسته گه‌ڕ، ته‌نێ
له‌وه‌دا نه‌بێت، که پێوه‌ندی به ڕێگه‌دانی زمانی کوردییه‌وه هه‌بوو له بواری
خوێندندا.
پارتییه
سیاسییه‌که‌ی کورده نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، پارتیی دیموکراتیی کورد، تا ده‌هات پتر ڕه‌خنه‌ی
له ساردوسڕی و گوێنه‌دانی ڕێژیمی قاسم ده‌گرت. ئه‌مه‌ش بوو به هۆی قه‌ده‌غه‌کردنی
ڕۆژنامه‌که‌ی پارتیی و زیندانیکردنی سکرتێره گشتییهکهیشی، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د[12]، پێش
ئه‌وه‌ی پارتییه‌که له پاییزی 1961دا به ته‌واوی قه‌ده‌غه بکرێت. له هه‌مان کاتیش‌دا
بۆمببارانی گونده کورده‌کان به ناپاڵم و پاشتریش به بۆمبای گازی گۆگرد ده‌ستیپێکرد.
کورده‌کان له ژێر سه‌رکرده‌یه‌تیی و ڕێبه‌ریی "مه‌لای سۆر"[13]دا، موسته‌فا
بارزانی، ناچار کران خه‌باتی چه‌کداری ده‌ستپێبکه‌ن. له سه‌ره‌تاوه واپێده‌چوو، یاخیبوونه‌که
یاخیبوونێکی خێڵه‌کی بێت، خزمگهل و هۆزی بارزانی ده‌ستیان پێ کردبێت. وه‌لێ جه‌نگاوه‌ره
خێڵه‌کییه‌کان له 1961ه‌وه و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی ساڵاندا، بوون به له‌شکرێکی کۆک
و ڕێکوپێک و سه‌قامگیری 10-20 هه‌زار که‌سیی. بزاڤه خێڵه‌کییه‌که سیما و شێوه‌ی
بزاڤێکی نه‌ته‌وه‌یی وه‌رگرت، له‌گه‌ڵ بوونی ده‌سگایه‌کی نێوهندهکیی له‌شکری و سیاسی
له ترۆپکیدا. کورده‌کان کارگێڕییه‌کی خۆیهکییان له گونده‌کانی خۆیاندا که بۆ خۆیان
ده‌سه‌ڵاتیان به سه‌ردا هه‌بوون دامه‌زراند. له هه‌مان کاتیش‌دا باژێڕێن مه‌زن هه‌ر
له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمی به‌غدادا بوون. 1964، ئه‌نجومه‌نێک به نێوی ئه‌نجومه‌نی
باڵای شۆڕش دامه‌زرا، پتر له 40 ئه‌ندامی تێدا بوو، که نوێنه‌ری هه‌موو ده‌سته
و خه‌ڵک و گه‌له جیاواز و گرنگه‌کانی کوردستانی عیراق بوون. هه‌روه‌ها حوکوومه‌تێک[14]،
دادگه‌یه‌ک، سیستمێکی باجخڕکردنهوه و چه‌ند کۆمیته‌یه‌کی جیاواز و جۆراوجۆریش بۆ
کارکردن له‌گه‌ڵ کارگێڕی و ده‌سگا خۆیهکییهکاندا و بۆ ئاماده‌کردنی ده‌ستوورێک دامه‌زران
و پێکهێنران.
سه‌ختیی
دامه‌زراندنی کارگێڕییه‌کی کارا و توانا له‌و ده‌ڤه‌ر و شوێنانه‌ی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی
بارزانیدا بوون، ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، که له کوردستانی عیراقدا به 1-2 میلیۆن
کهسهکهیهوه، ته‌نێ دوو بژیشکی کوردی بارهێنراو و لێزانی لێ بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
به‌پێی پرۆگرامی پارتیی، وه‌دیهێنان و جێبه‌جێکردنی چاره و تیمارکردنی مفت،
ئامانج بوو. له‌و شتانه‌ی، له پرۆگرامه‌که‌دا و به شێوه‌یه‌کی گشتی باسکرابوون، که‌مترین
مووچه، باجیی ڕاسته‌وخۆ و هه‌ڵکشاو و به‌ره‌وژوور،
مافی سازکردنی سه‌ندیکا، هه‌روه‌ها باسی بیرازی زه‌وییش کرابوو، که زه‌وی به هه‌موو
وه‌رزێران ده‌درێت. داخوازییه‌کی سه‌یر و سه‌رنجڕاکێشیش بۆ مافی ته‌واوی سیاسی و
ئابووری و یه‌کسانی جڤاکیی ژنییش هه‌بوو. به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه ده‌بێ ئاماژه بۆ ئه‌وه
بکرێت، که فره‌ژنه هێشتا له نێو پڕانیی ئه‌و کوردانه‌ی، که خۆیان به ئیسلام ده‌ژمێرن
هه‌یه و وه‌دی ده‌کرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌ریتی بوونی له‌یه‌ک ژن زیاتر
له پاشه‌کشێیه‌کی به‌هێزدایه.
گوشاری له‌شکریی
له لایه‌ن حوکوومه‌تی نێوهندهکییهوه بوو به هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی ناکۆکی و دژایه‌تیی
خێڵه‌کی له نێو کورده‌کاندا، هه‌رچه‌نده حوکوومه‌تی به‌غدا له لایه‌ن چه‌ند خێڵێکی
کورده‌وه، له پێش هه‌مووشیانه‌وه خێلی زیبارییه توانا و ده‌ستڕۆیشتووه‌کان، که
دوژمنی نه‌ریتیی بارزانیین، پشتیوانیی لێ ده‌کرێت. هه‌ندێک له‌م زێبارییانه، گه‌یشتوونه
پایه و پۆستی گرنگ له نێو کارگێڕی و ده‌سگاکانی نێوه‌نده‌کی عیراقدا له به‌غدا.
ناکۆکی ئایدیۆلۆژی و تاکتیکی، بزاڤی ڕزگاریخوازی
کوردی شه‌که‌ت و لاواز کردووه. جه‌لال تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له 1964-1965دا
ده‌گه‌ڵ بارزانیدا تێکچوون و لێی جیابوونه‌وه و پاشانیش وهل حوکوومه‌تی به‌غدادا
هاریکارییان کرد. ناکۆکییه‌کانیش به پێی ئه‌وان(جه‌لال تاڵه‌بانی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)
له‌وه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه، که بارزانی سه‌رکرده‌یه‌کی خێڵه‌کی نه‌ریتییه و گه‌ره‌کیه‌تی
له‌گه‌ڵ سه‌رکرده دهرهبهگهکاندا له کوردستان هاریکاریی بکات. پتر له 12 ساڵ
مانه‌وه و ژیانی له سۆڤیێت هیچ جۆره شه‌قڵێکی قووڵی ئایدیۆلۆژی له بارزانیدا به‌جێنه‌هێشتووه.
ڕووناکبیرانی کورد له باژێڕه‌کاندا، که له نێو پارتیی دیموکراتیی کورددا ده‌ستیان
ده‌ڕوات و زاڵن ده‌یانه‌وێت شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشی جڤاکی بهه‌ڤرا گرێ بده‌ن و کوردستانێکی
نوێ و هاوچه‌رخ دابمه‌زرێنن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وا پێده‌چێت، بارزانی له‌وه‌ی که
نه‌یاره‌کانی ده‌یڵێن و باسی ده‌که‌ن، ڕادیکالتر بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌ری دانهواندبێت
بۆ ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته و تاقمه ده‌ره‌به‌گه‌کان، ئه‌وه به نیازی وه‌دیهێنانی یه‌کیه‌تییه‌ک
بووه له کاتی خه‌باتی ڕزگاریخوازیدا. ناکۆکییه‌کانی نێوان ده‌سته و باڵی تاڵه‌بانی-ئه‌حمه‌د
و بارزانی وێده‌چێ ته‌نانه‌ت هۆ و بنه‌مایه‌کی ملانێی ده‌سه‌ڵاتی که‌سه‌کی تێدا هه‌بێت.
له‌کاتێکدا
بارزانی گومان و بێباوه‌ڕییه‌کی قووڵی له ویست و توانستی ده‌سه‌ڵاتدار و کاربه‌ده‌ستانی
عیراق ده‌کرد، که بتوانن ملانێکه له سه‌ر مێزی گوتوبێژ، نه‌ک له گۆڕه‌پانی جه‌نگدا
چاره‌سه‌ر بکه‌ن، تاڵه‌بانی و ئه‌حمه‌د بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێکی سیاسیی له ڕێگه‌ی
گوتوبێژ و مانۆره‌وه کراوه‌تر بوون. زۆرینه‌ی شته‌کان واده‌گه‌یه‌نن، که بارزانی
له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه له کوردستاندا هه‌روه‌ها له نێو خوێندکارانی کوردیش‌دا
له ده‌رێی وڵات به باشی پشتگریی لێ ده‌کرێت.
گومانی
بارزانی بنه‌مایه‌کی پته‌وی له هه‌ڵسه‌نگاندنی تاقیکردنه‌وه‌کانی ساڵانی 1960ه‌کانه‌وه
هه‌یه. جه‌نگی نێوخۆ سێ جاران بۆ گوتوبێژکردن له‌گه‌ڵ گۆڕانی ڕێژیمهکاندا له به‌غدا،
ڕاگیرا. پاش ڕووخانی قاسم له به‌هاری 1963دا، سه‌رۆکی کوودێتاکه سه‌ردانێکی لای
بارزانی کرد[15] و پاش ئه‌وه‌ش حوکوومه‌ت
ددانی به "مافی سروشتیی گه‌لی کوردد به هه‌ڵبژاردنی شێوه‌ی نانێوه‌نده‌کی"دا
نا. حوکوومه‌ت ئاماده نه‌بوو به داخوازییه‌کانی کورد بۆ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ له
چوارچێوه و قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تی عیراقدا، قایل بێت. که کورده‌کان نوێنه‌ری خۆیان
نارده به‌غدا بۆ گوتوبێژکردن له‌مه‌ڕ شێوه و داڕشتنی بیری نانێوه‌نده‌کی، نوێنه‌ره‌که
گیرا[16]،
پاشان ئه‌وانیش زێتر پێیان داگرت و داوای پتر و مه‌زنتریان ده‌کرد. حوکوومه‌تی به‌غدا
داوای کرد، هێزه‌کانی بارزانی خۆ بده‌ن به ده‌سته‌وه. ئه‌م هه‌ڕه‌شه توندوتیژه
له‌گه‌ڵ هێرشێکی له‌شکری نوێ‌دا، یه‌کیان گرت. گوندنشینه کورده‌کان له ماڵه‌کانی
خۆیان وه‌ده‌رنران و تارێنران و عه‌ره‌به کۆڵۆنیالیستهکانیان خستنه جێیان.
ئه‌م گۆڕانکارییه
ده‌بووایه کارێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو نه‌بووایه، به‌لای که‌مه‌وه له بیرکردنه‌وه‌ی
خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته نوێیه‌کانی به‌غدا، که سه‌ر به پارتیی به‌عس بوون و که ییروباوهڕه
سهرهکییهکهیانیش پانعه‌ره‌بیزم و سۆسیالیزم بوو. هه‌مان پاییز ئه‌و ڕێژیمی به‌عسه
سه‌رنگوم کرا و عه‌بدوسسه‌لام عارف بوو به سه‌رۆک[17]. بڕیاری
ئاگربه‌ستێکی نوێ درا و گوتوبێژیکیش له نێوان عارف و بارزانیدا ده‌ستیپێکرد. ئه‌مجاره‌یشیان
نه‌گه‌یشتنه هیچ چاره‌سه‌رێک و نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکه ته‌نانه‌ت جه‌نگ له شێوه‌یه‌کی
فراوانتردا له ساڵی 1965دا، ده‌ستیپێکرده‌وه. کاتێک عارف له ڕووداوێکی هه‌لیکۆپته‌ردا
تێداچوو، عه‌بدوڕڕه‌حمانی برای بوو به جێگری[18] و ئه‌ویش
له ده‌سپێکدا له سه‌ر هه‌مان سیاسه‌تی براکه‌ی ڕۆیشت.
هاوینی
1966 مه‌زنترین هێرشێک تا ئه‌و کاته کرایه سه‌ر کورده‌کان. دوای مانگێک ڕوونبووه‌وه،
که ته‌نانه‌ت ئه‌و هێرشه‌ش شکاوه. ئه‌مه بوو به هۆی پته‌وکردنی شوێن و جێگه‌ی
سه‌ره‌ک وه‌زیری مه‌ده‌نی "به‌ززاز"[19]. به‌ززاز
به‌ته‌واوی باوه‌ڕی به پێویستی چاره‌سه‌رێکی ئاشتییانه له کوردستاندا، هێنابوو.
شه‌ڕی نێوخۆ ده‌یکرده خه‌رجییه‌کی زۆر و زه‌وه‌نده‌ی ده‌وڵه‌ت بۆ له‌شکر، له سه‌ر
حسێبی پرۆژه مه‌ده‌نییه گرنگه‌کانی گه‌شه‌کردن و ده‌بووه هۆی پتر لهشکراندنی ژیانی
جڤاکیی عیراق. له‌شکری عیراق هه‌ر له ڕۆژانی قاسمێ ڕا، داوای چاره‌سه‌رێکی له‌شکریی
بۆ کێشه‌ی کورد ده‌کرد و ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌ت و هه‌لومه‌رجی گوت‌وبێژی بۆ حوکوومه‌تێکی
ئاشتیدۆست که‌متر ده‌کرده‌وه. حوکوومهتێکیش هه‌رچی زێتر ببێته "کورددۆست"،
ڕه‌نگه خێراتر له لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکره‌وه له نێو ببرێت. ئه‌م مه‌ترسییانه
و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی چه‌شنه مافێک له داواکاریی کورده‌کان بۆ ئۆتۆنۆمی، ده‌کرا
ببێته یه‌که‌م هه‌نگاوی خۆدابڕین و جیابوونه‌وه‌یان له ده‌وڵه‌تی عیراق.
به‌پێچه‌وانه‌ی
دژوه‌ستانی له‌شکره‌وه، به‌ززاز پرۆگرامێکی 12 خاڵیی دانا و خسته‌به‌رچاو، که پاشان
ئه‌و پرۆگرامه بوو به بناخه‌یه‌ک بۆ هه‌موو هه‌وڵدان و ته‌قه‌لایه‌ک، که له لایه‌ن
ڕێژیمی به‌غداوه ده‌درا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که. پرۆگرامه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا
بوو، له ده‌ستووردا ددان به نه‌ته‌وه‌ی کورددا بنرێت و نانێوهندهکییهک جێبه‌جێ
بکرێت و به‌شداربوون و نوێنه‌رایه‌تیی کورده‌کان له حوکوومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی
و کارگێڕی و ده‌سگا و کۆڕی دیپلۆماتیک و سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکردا، به گوێره‌ی ژماره
و ڕێژه‌یان له نێو دانیشتووانی عیراقدا، مسۆگه‌ر بکرێت. هه‌روه‌ها لێخۆشبوونی گشتیی به سه‌ربازانی هه‌ڵاتوو
بدرێت و کارمه‌نده ده‌رکراوه کورده‌کان بگێڕدرێنه‌وه نێو کارگێڕییه‌کانیان و هێز
و چه‌کداره‌کانی بارزانییش ده‌نێو له‌شکری عیراقدا جێگیرکرێن و چه‌که‌کانیشیان بدرێن
به ده‌سه‌ڵات و کارگێڕییه به‌رپرسه‌کان.
ئه‌م پرۆگرامه
بێگومان پێشکه‌وتنێکی مه‌زنی وه‌دیهێنا، وه‌لێ له لایه‌ن بارزانییه‌وه به گومانێکی
زۆره‌وه تێی دهنۆڕدرا و بارزانی له توانست و چه‌سپاویی ڕێژیم، گومان و دوودڵیی هه‌بوو، که بتوانێت به پێچه‌وانه
و دژ به خواستی سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکر، وه‌ها پرۆگرامێک جێبه‌جێی بکات. ئه‌و دوو
خاڵه یهکلاکهر و گرنگانه‌ی، که بارزانی نه‌یده‌ویست پێیان قایل بێت، نانێوه‌نده‌کی
له بری ئۆتۆنۆمی و ده‌ستهه‌ڵگرتن له سه‌رکرده‌یه‌تی و ڕێبه‌ری له‌شکره کوردییه‌که‌ی
خۆی و به‌جێهێشتنی بۆ حوکوومه‌تی نێوه‌نده‌کی بوون. بارزانی پێیوابوو، هێزی چه‌کدار
و له‌شکری کورد تاکه گه‌ره‌نتییه‌که بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ی گوتوبێژ به‌ره‌به‌ره
بتوانێت چاره‌سه‌رێکی گونجاو بۆ دابینکردنی داخوازییه‌کانی کورد بهێنێته پێشێ و له‌گه‌ڵ
ئه‌و داخوازییانه‌دا یه‌کبگرنه‌وه. داخوازییه‌کانی کورد به به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌سپێکی شه‌ڕی ناوخۆدا، له سه‌ره‌تای شێسته‌کاندا،
تا ده‌هات ڕوونتر و خورتتر بووبوون.
گوشاری له‌شکر
به‌ره‌به‌ره بوو به هۆی ئه‌وه‌ی، به‌ززاز وه‌لانرێت و له‌شکرییه‌ک وه‌ک سه‌رۆکوه‌زیران
بخرێته جێگه‌ی[20]. ئه‌م جێگره‌ی به‌ززاز هه‌ڵوێستێکی نابه‌دڵ و
ناقایلی به‌رانبه‌ر به گوتوبێژ له‌گه‌ڵ کورده‌کاندا وه‌رگرت. له بری ئه‌وه‌ش سه‌رۆک عارف هه‌وڵی دا ئه‌و
ڕه‌وشه نه‌گۆڕ و چه‌قیوه له ڕێگه‌ی چاوپێکه‌وتنی بارزانییه‌وه، بگۆڕێت. ئه‌وه‌ش
یه‌که‌م جار بوو، که ڕێبه‌ری یاخیبوونه‌که له لایه‌ن سه‌رۆکێکی عیراقییه‌وه، له
سه‌ر خاک و ده‌ڤه‌ری کورددا، دیده‌نی بکرێت. هه‌رچه‌نده هه‌ندێک هیوا و ئاوات به
گه‌ڕانه‌وه‌ی گوندنشینه کورده‌کان بۆ سه‌ر خانوو و زێدی پێشووی خۆیان، که عه‌ره‌به
کۆڵۆنیالیسته‌کان ده‌ستیان به سه‌ردا گرتبوو، وه‌دی ده‌کرا، به‌ڵام ڕه‌وش و باری کوردستان به شێوه‌یه‌کی گشتی چ گۆڕانێکی به سه‌ردا
نه‌هات. هاوینی 1968 سه‌رۆک عارف ڕووخێنرا و حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌کر، به سه‌رکرده‌یه‌تیی
ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی، که به‌رپرسیاری هێرشه له‌شکری و چه‌کدارییه‌که‌ی ساڵی 1963
بوون، گه‌ڕایه‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی. مینا جاران، گۆڕانی ڕێژیم به‌ڵێنی نوێیشی
به‌دوادا هات. ئه‌مجاره‌یان بێجگه له هه‌وڵدانی ڕواڵه‌تی، ته‌نانه‌ت هه‌وڵ و ته‌قه‌لای
کۆنکرێتییش درا. ئه‌لبه‌کر بڕیاری دامه‌زراندنی ئه‌کادیمیایه‌کی فه‌رهه‌نگیی کوردیی
دا و مووچه‌خۆر و کارمه‌نده ده‌وڵه‌تی و فه‌رمییه کورده‌کان گێڕدرانه‌وه سه‌ر کاری
خۆیان و بانگی لێخۆشبوونێکی گشتییش درا، بێ داواکردن له هه‌ڵاتووه‌کانی له‌شکر و
پۆلیس، که چه‌که‌کانیان بگێڕنه‌وه، وه‌لێ ئه‌و ده‌ستووره کاتییه نوێیه‌ی، که
پاییزی 1968 دانرا مه‌به‌ست و ئامانجه‌کانی مه‌ودایه‌کی درێژی له‌به‌رچاو گرتبوو.
له‌وێشدا ڕوونکرابووه‌وه که "گه‌لی عیراق به‌شێکه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب".
له سه‌ره‌تای
1969دا کورده‌کان له شێوه‌یه‌کی ته‌سک و که‌مدا هێرشی چه‌کدارییان ده‌ستپێکرد. ئه‌مه
بوو به هۆی ئه‌وه‌ی، له‌شکری عیراقیش له به‌هاردا پێنجه‌م هێرشی گه‌وره‌ی ده‌ستپێکرد.
ئه‌مه ڕه‌نگه بهرهوپیرییهوهچوونی کورده‌کان بێت، که هه‌موو ڕێژیمه‌کانی عیراق
له سه‌ره‌تادا ئه‌وه‌یان پێشانداون، که ڕێژیمه نوێیه‌کان جێی خۆیان نه‌گرتووه
و ئامانجیشیان ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتی خۆیان قایم بکه‌ن و بچه‌سپێنن. نموونه‌ی گوتوبێژه‌کان،
که به کاری له‌شکری و چه‌کداری کۆتایی پێ ده‌هات، هێنده دووپات کرابوونه‌وه،
مرۆڤی ڕووبه‌ڕووی پرسیار و گومان ده‌کرده‌وه، له‌مه‌ڕ ئه‌و هه‌لومه‌رج و توانستانه‌ی،
که ڕێژیمێکی عیراقی گهرهکیهتیی و ده‌توانێت کێشه‌که‌ی پێ چاره‌سه‌ر بکات.
ئه‌وجا ئه‌و
گرێکوێره‌ی کورده ده‌بێ چۆن چاره‌سه‌ر بکرێت و بکرێته‌وه؟ هه‌ڵوێست و دیتنی ده‌وڵه‌تانی
هاوسێ و ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کان و ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان له‌گه‌ڵ ڕای گشتیی جیهانیدا
هاوتان و له ده‌ره‌وه کاریگه‌رییه‌کی گرنگیان له سه‌ر پاشه‌ڕۆژی کوردستان هه‌یه.
با پێشه‌کی بنۆڕینه ڕه‌وشی کورده‌کانی ده‌وڵه‌تانی هاوسێ و بزانین به چ شێوه‌یه‌ک
ڕه‌وتاریان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت.
کێشه‌ی کورد،
شێوه و فۆرمی جۆراوجۆر وه‌رده‌گرێت له‌و ده‌وڵه‌ته جیاوازانه‌دا. تا ئێستا بزاڤێکی
یه‌کگرتووی کورد، که کوردستانێکی یه‌کگرتووی،
وه‌ک ئامانجێکی سیاسیی نێزیک خستبێته به‌رچاو و هه‌وڵی بۆ بدات، نییه و وه‌دی
ناکرێت و له هیچ وڵاتێکیشدا کورده‌کان بۆ
سه‌ربه‌خۆییه‌کی ته‌واو خۆیان شه‌که‌ت ناکه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌و کوردانه‌ی عیراقیش.
ئه‌و وڵاته‌ی
زۆرینه‌ی کوردی لێ ده‌ژی، تورکیا، ددان به‌وه‌دا نانێت، که کێشه‌ی کورد له‌وێ هه‌یه،
چونکه"هه‌موو کورده‌کان له تورکیادا تورکن"[21]. ئه‌وه‌ی
سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه له‌و دیتن و بۆچوونه‌دا ئه‌وه‌یه، که حوکوومه‌تی تورک هه‌ر
بۆ خۆی له کۆتایی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مه‌وه ناچار کرابوو، سێ ڕاپه‌ڕینی کورد سه‌رکوت
بکات. ئه‌و ڕابوونانهیش له ئه‌نجامی ناقایلبوون و دژایه‌تیکردنی کورده شا و ئایینخوازهکاندا
بوو، که به‌رهه‌ڵستیی نه‌هێشتن و لابردنی خه‌لیفایه‌تی و هێنانه کایه‌ی نوێخوازی
و سێکولاریزمه‌که‌ی ڕۆژانی ئه‌تاتورکیان ده‌کرد له لایه‌که‌وه و له ئالییه‌کی دیکه‌یشه‌وه
ئه‌نجامی سه‌رکوتکردن و پێشێلکردنی بانگه‌وازی داخوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورده‌کان
بوو. له نێوان هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیدا و له ده‌ڤه‌ر و به‌شه جیاوازه‌کانی تورکیادا، ڕاگواستنی
زۆره‌ملێی گه‌وره و کاریگه‌ر و له‌به‌رچاو به سه‌ر کورده‌کاندا جێبه‌جێ کرا. که
ئاژاوه و نائارامییش گه‌یشته نێو کورده‌کان له ئێران‌دا، له‌شکری ئه‌و هه‌ردوو وڵاته
کارێکی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا، که به هۆیه‌وه کورده‌کان زیانێکی سه‌خت و کاریگه‌ریان
گه‌یشتێ. له هه‌نده‌ک ده‌ڤه‌ری کوردنشیندا له تورکیا کارگێڕی ڕیزپه‌ڕ و نائاسایی
خرایه گه‌ڕ و دوای ئه‌وه‌ش پرۆسێسێکی تورکاندنی کارا و چالاکانه ده‌ستپێکرا، که
تێیدا خوێندن به زمانی کوردی قه‌ده‌غه کرا. له سه‌ره‌تای 1960دا گوێرسێلی سه‌رۆکی
تورکیا، ڕوونیکرده‌وه و به ئاشکرا گوتی، که له تورکیادا به هیچ شێوه‌یه‌ک گه‌لێک
به نێوی کورد نییه و ئه‌و نێوه فهرمییهیشی،
که ئیدی لێیان نرا "تورکه چیاییه‌کان"ه. فه‌رمانێک، که له ساڵی 1967دا
ده‌رچوو، چاپکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی چاپه‌مه‌نیی
کوردیی له هه‌ر شێوه‌یه‌کدا بێت، له تورکیاوه و بۆ تورکیا قه‌ده‌غه کرد. ته‌نانه‌ت
به‌کاربردنی وشه‌ی "کورد" له نووسیندا قه‌ده‌غه کرا. ئه‌م کار و تهدارهکانه
کارێکی وایان کرده سه‌ر بیری نه‌ته‌وه‌یی کورد، که ئه‌مڕۆ نه‌توانێت و بۆی سه‌خت
بێت، خۆی ده‌رخات و پێشان بدات و کاریگه‌ر بێت. سهردانهواندنهکانی حوکوومه‌تی عیراقی
ساڵی 1970 بۆ کورده‌کان له عیراقدا، به زێتر گوشار و چه‌وساندنه‌وه شکایه‌وه له
تورکیا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به وه‌ها بانگاشه و تهشقهڵهیهک له نێو کورده‌کانی
تورکیادا بگیرێت. واشپێدهچێت مه‌زنترین کۆسپ و گرفتێک له ڕێگه‌ی پرسیی کورددا له
تورکیا ئه‌وه بێت، که پڕانیی کورده‌کان له‌وێ وه‌رزێری هه‌ژاری بێسه‌وادن، که نه
ده‌توانن بخوێننه‌وه یا بنووسن، ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئاگاداری و زانیاری‌یان
یه‌کجار خۆوار و به‌رته‌سک بێت و له سنووری ده‌ڤه‌ره‌کانی خۆیان تێنه‌په‌ڕێت.
له ئێران
گه‌لێک جار ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کرێت، که کورده‌کان به‌شێکن له گرووپی گه‌لانی
ئێرانی و زمانێکی ڕۆژاوایی ئێرانی ده‌په‌یڤن و که ئێران ئیمپراتۆریایه‌کی فره‌ڕه‌گه‌زه
و له سه‌ر مێژوویه‌کی هاوبه‌ش و باوه‌ڕ به شا بنیاتنراوه، وه‌لێ له پاش جه‌نگی
جیهانی دووه‌م یه‌کسه‌ر کورده‌کان به پشتگریی سۆڤیێت کۆمارێکی سه‌ربه‌خۆیان له ڕۆژاوای
ئێران‌دا دامه‌زراند. کۆماره کوردییه‌که‌ی ساڵی 1946، ئه‌و کاته‌ی سۆڤیێت بڕیاری کشانه‌وه‌ی
هێزه داگیرکاره‌کانی خۆی له ئێران دا، له هه‌مبه‌ر به‌شێک له داهاته‌کانی نه‌فتی
ئێران‌دا، ڕووخا. ڕووسه‌کان له بایه‌خنه‌دان
و گوێنه‌دانی نه‌ته‌وه‌ییه کورده‌کان به ئایدیۆلۆژیای مارکسیزم – لێنینیزم و نه‌ویستن
و ناقایلیی ئه‌وان به کۆنترۆڵی سۆڤیێت، هیوابڕاو بوون. ساڵی 1968 یاخیبوونێک له
نێو کورده‌کاندا له ڕۆژاوای ئێران، به‌رپا بوو[22] و به
گوێره‌ی زانیاری کورده‌کان بووبووه هۆی کوشتنی 200 که‌سێک. وه‌کی دیکه داخوازی کورده‌کان
له بواری فه‌رهه‌نگییدا له شێوه و قه‌واره‌یه‌کی گچکه و ته‌نگه‌به‌ردا له لایه‌ن
حوکوومه‌تی فارسه‌وه ڕه‌چاو کراوه. ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌نجامی ئه‌و
هاوپه‌یمانییه بێده‌نگ و کپه‌ی نێوان کورد و فارس بێت له مێژووی که‌ڤندا.
به گوێره‌ی
پرنسیپی سیاسه‌تی که‌مینه‌ی لێنینیزم، که له‌م بار و حاڵه‌دا به‌ڕاستی جێبه‌جێ کراوه،
کورده‌کانی سۆڤیێت به باشی ڕه‌وتاریان له‌گه‌ڵ کراوه. کورده‌کان له یه‌کیه‌تیی
سۆڤیێت فێرگه‌ی خۆیان هه‌یه و ده‌شتوانن بڵاوکراوه به کوردی په‌خش بکه‌نه‌وه.
زۆرینه‌ی ئه‌و بڵاوکراوه کوردییانه که نێزیکه‌ی 500 دانه‌یه‌ک ده‌بن و له 1920ه‌وه
ده‌رچوون و بڵاوکراونه‌وه، هه‌روه‌ها زنجیره‌یه‌ک قه‌وانی گرامافۆنی مووزیکی میللی
کوردییش هه‌موو له یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت ده‌رچوون. ئه‌وانه به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ
کاریان تێ کراوه و ڕووسێنراون. حوکوومه‌تی سۆڤیه‌تیی کات له دوای کات په‌نابه‌ری
کوردی وه‌رگرتووه[23]. له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا کێشه‌ی کورد ته‌نانه‌ت بۆ پرۆپاگه‌نده به‌کاربراوه، بۆ نموونه له ڕێگه‌ی
ڕادیۆی "په‌یکی ئێران"ی کۆمۆنیسته‌وه له لایبزیگ[24]، که
هه‌میشه هانی کورده‌کانی ئێران ده‌دات بۆ یاخیبوون. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه ئه‌م
که‌ونه په‌ندی پێشینانه کوردییه، که ده‌ڵێت : "مه‌ڕی له ڕان دابڕاو به‌شی
گورگانه"، به‌که‌ڵکه و واتایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت.
سووریا به
فه‌رمیی هه‌ر ئه‌و هێڵه‌ی تورکیای پێڕۆ کردووه و ئه‌ویش ددان به بوونی کورد له‌و
وڵاته‌دا نانێت. کورده‌کان به‌شێکی سه‌ره‌کی له دانیشتووانی سێ ده‌ڤه‌ری کوردنشین
له باکووری سووریا پێکده‌هێنن. زۆربه‌یان له ده‌ڤه‌ری جه‌زیره ده‌ژین، که وه‌ک
گۆشه‌یه‌ک یا فوازێک له نێوان تورکیا و عیراقدا درێژ ده‌بێته‌وه. پێش چه‌ند ساڵێک،
به هۆی ڕاگواستنی زۆره‌ملێی کوردان و وه‌رزێری عه‌ره‌ب له‌جێ دانانیان، هه‌ندێک
نائارامی و ئاژاوه و فه‌رته‌نه له نێوان کورده‌کاندا له‌و ناوچه‌یه‌ی، که عه‌مبار
و گه‌نجینه‌ی دانه‌وێڵه‌ی سووریایه، ڕووی دا. له ساڵانی 1960ه‌کاندا چه‌ندین جار
حوکوومه‌تی دیمه‌شق، ڕووناکبیرانی کوردی به بیانووی "چالاکیی جیابوونه‌وه‌خوازی"،
دادگایی کردووه. بێبه‌ختییه که ڕای گشتیی له پرس و کێشه‌ی کورددا، تا ڕاده‌یه‌ک
وای لێهاتووه ته‌نێ ڕوو له حوکوومه‌تی به‌غدا ده‌کات، به هۆی جه‌نگی ناوخۆی عیراقه‌وه.
کورده‌کان له لایه‌ن حوکوومه‌ته‌کانی تورکیا و سووریاوه ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستێکی
توندوتیژ ده‌بنه‌وه و پتر ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه. له‌م وڵاتانه‌دا کورده‌کان له
مافگه‌لێک، که کورده‌کانی عیراق ئه‌مڕۆ سوودی لێ وه‌رده‌گرن، به‌تایبه‌ت له بواری
فه‌رهه‌نگیدا، بێبه‌ش ده‌کرێن.
ئایا وڵاته
هاوسێیه‌کانی عیراق چۆن ده‌نۆڕنه جه‌نگی نێوخۆ له عیراقدا، له نێوان کورده‌کان،
له ژێر سه‌رکرده‌یه‌تیی بارزانی و ڕێژیمی به‌غدای عه‌ره‌بیدا؟ هۆیه‌کی سروشتیی هه‌یه،
که ده‌وڵه‌تانی هاوسێی عیراق، له دروستبوونی کوردستانێکی ئازاد یا کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ
له نێو چوارچێوه‌ی عیراقدا بترسن، چونکه به‌وان وه‌ها کارێک ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی
که‌مینه کورده‌کانی نێو سنووره‌کانی خۆیان، سه‌رله‌نوێ ڕابن و سه‌رهه‌ڵده‌نه‌وه.
ئه‌مه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی، که ته‌نێ ئێران هه‌ڵوێستێکی ئه‌رێنی هه‌بێت له‌هه‌مبه‌ر
خه‌باتی کورده‌کانی عیراقدا. پێده‌چێت شای فارس له‌وه دڵنیا بێت، که ئێران چ مه‌ترسییه‌کی
له‌و "کاریگه‌ریی-دۆمینه"[25]دا به‌وه‌ی
پریشکی جه‌نگی کورد و عیراق و کاریگه‌ریی ئه‌و جه‌نگه بگاته ئێران و کاردانه‌وه‌ی
هه‌بێت له سه‌ر وڵاته‌که‌ی ئه‌و و کوردانی ئێران، نه‌بێت. وه‌لێ له نێو سنووری ئێران‌دا،
گه‌لێک به نێوی گه‌لیی ئازه‌ری ده‌ژین، که ئه‌وانیش وه‌ک هاوسێ کورده‌کانیان له
ئێران‌دا، پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م به پشتیوانیی ڕووسیای سۆڤیێتی، کۆماری خۆیان
دامه‌زراند. ڕه‌نگه شا پێیوابووبێت، که قایلنهبوونێک به هاندان یا به‌لای که‌مه‌وه
ڕێگه‌گرتن له چاوپۆشیی لێکردن به ناردنی کۆمه‌ک له کورده‌کانی ئێرانه‌وه بۆ
خزمانیان له عیراق، ده‌بووه هۆی په‌یدابوونی ناڕه‌زاییه‌کی توند له کوردستانی ئێران‌دا.
ڕه‌نگبێ ئه‌م بۆچوون و دیتنه، زێده‌ڕۆییه‌ک
بێت له پێشاندانی هه‌ستی نێزیکی و خزمایه‌تی له نێوان کورددا له ئێران و عیراق.
بۆ نموونه ده‌گوترێ، که سه‌رۆکی کورده‌کانی عیراق موسته‌فا بارزانی دژ به یاخیبوونه‌که‌ی
ساڵی 1968ی کورده‌کانی ئێران ڕاوه‌ستاوه.
سه‌یر له‌وه‌دایه،
که واپێده‌چێت شا، به‌رانبه‌ر خه‌باتی بارزانی کاتێک بارزانی له سه‌ختترین و
دژوارترین کاتی‌دا بووه، فره ئه‌رێنی پێشاندابێت. ئه‌م شێوه مامه‌ڵه و ڕه‌وتاره
چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌ی شا، ده‌کرێ وا لێکبدرێته‌وه، که شا له‌وه تۆقیوه، که
بارزانییه‌کی هه‌ڕه‌شه‌لێکراو به دۆڕانی له‌شکریی له عیراقدا، وه‌ک پاش جه‌نگی جیهانیی
دووه‌م، گه‌ره‌کی بێت و به ته‌ما بێت، خه‌بات بگوێزێته‌وه بۆ ئێرانی هاوسنوور. نێزیکبوونه‌وه‌ی
نێوان مسر و عیراق و له‌هه‌مان کاتیش‌دا سیاسه‌تی ڕادیکالانه‌ی ڕێژیمه‌کانی عیراق،
هه‌موو ئه‌وانه ڕه‌نگه کار بکه‌نه سه‌ر هه‌ڵوێستی شا. ڕاستییه‌ک، که ده‌توانێت
ڕۆڵ ببینێت ئه‌وه‌یه، که کورده‌کان وه‌ک به‌شی سه‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌به‌کانی عیراق، سه‌ر
به ئایینزای سوننین له نێو ئیسلامدا[26]. لێ
له باشووری عیراق، وه‌ک ئێران دووه‌م لقی سه‌ره‌کی نێو ئیسلام، شیعه، زۆرینه‌ن.
ئه‌گه‌ر کورده‌کان له عیراق خۆ داببڕن و جوێببنه‌وه، ئه‌وه بێگومان ده‌بێته هۆی
گۆڕینی ژماره‌ی شیعه و سووننه له عیراقدا و به قازانجی شیعه‌کان ده‌شکێته‌وه،
که ڕه‌نگه ببێته هۆی خاسترکردنی پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئێران‌دا.
له‌مه‌ڕ په‌یداکردنی چه‌ک و ئازووقه و تفاقه‌وه،
ڕێگه‌ی ئێران تاکه ڕێگه‌یه، که له‌سه‌رپشت و وازه بۆ کورده یاخیبووه‌کان له
عیراقدا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش وا باوه، که به خشکه‌یی و بێده‌نگیی و له‌و ڕێگه‌یه‌وه و به قاچاخ، کۆمه‌ک له خاچی
سووری جیهانییه‌وه براوه‌ته ژوورێ. که فڕۆکه عیراقییه‌کان بۆمببارانی ئه‌و بژیوهڕێگهیانهی
کرد، گونده‌کانی ئێرانیش له‌و دیوی سنووره‌وه به‌رکه‌وتن و ئه‌وه‌ش بوو به هۆی
گرژبوونی پێوه‌نده‌کانی نێوان ئێران و عیراق. هه‌رچی سنووری نێوان تورکیا و کوردستانی
عیراقه، ده‌یان ساڵه داخراوه و خه‌باتی یاخیبووانی کوردیش به هیچ شێوه‌یه‌ک له
لایه‌ن حوکوومه‌تی تورکه‌وه دنه نادرێت. هه‌ڵوێستی سووریاش هه‌ر به‌و جۆره‌یه و
ساڵی 1963 سووریا، به هێزی له‌شکره‌وه به‌شداریی له جه‌نگدا دژ به یاخیبوونه‌که‌ی
کوردستانی عیراق و بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی کرد[27]. له‌و
کاته‌دا سووریاش وه‌ک عیراق له لایه‌ن حوکوومهتێن به‌عسی پانعهرهبیستهوه فه‌رمانڕه‌وایی
ده‌کرا. هه‌ڵوێستی یه‌کیه‌تیی سۆڤیێت له‌رزۆک و له‌ق بوو، چونکه دوو مه‌به‌ستی دژبه‌یه‌ک
کار ده‌که‌نه سه‌ری. ڕووسه‌کان له سه‌رێکه‌وه نایانه‌وێت به ته‌واوی کراوه‌یی
پشتگریی خه‌باتی کورده‌کان بکه‌ن، نه‌بادا ئه‌و پشگرییه بیانکات به نه‌یار له‌گه‌ڵ
جیهانی عه‌ره‌بدا و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه نهیانگهرهکه کورده‌کان ته‌نگاو و
شپرزه بکه‌ن و بیانکه‌ن به باوه‌شی ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوادا. گه‌وره‌ترین ڕێبه‌ری کوردان
موسته‌فا بارزانی له نێوان 1946 و 1958دا له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانیدا، له یه‌کیه‌تیی
سۆڤیێت ژیا. بارزانی له سه‌رده‌می حوکوومه‌تی قاسمدا له به‌غدا وه‌ک په‌یوه‌ست و
گه‌یێنه‌رێکی پێوه‌ندی نێوان قاسم و مۆسکۆ به‌کار ده‌برا. له پاش تێکچوون و دابڕان
له نێوان بارزانی و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدادا له کۆتایی ساڵانی 1950کانه‌وه، یه‌کیه‌تیی
سۆڤیێت ده‌ستبه‌رداری پشتگری و یارمه‌تی کورده‌کان بوو و له بری ئه‌وه ڕووسه‌کان
چه‌کیان بۆ عیراق کلدهکرد. به‌ڵام گه‌لێک جار و له زۆر ده‌رفه‌تی دووپاتبووهوهدا،
گوشاریانیش به‌کار بردووه بۆ هێنانه کایه‌ی
هه‌لومه‌رجی گوت‌وبێژی ئاشتییانه، به‌تایبه‌ت له ساڵی 1963دا، کاتی ڕێژیمی به‌عس،
که پێوه‌نده‌کانی نێوان مۆسکۆ و به‌غدا، به
هۆی کوشتنی کۆمۆنیسته‌کانی عیراقه‌وه، گرژ و توند بوون.
ڕێبه‌ری
مسرییش جه‌مال عه‌بدونناسر، ڕۆڵێکی چالاکانه‌ی وه‌ک ناوبژیکارێک له نێوان لایه‌نه‌کانی
جه‌نگی نێوخۆی عیراقدا، بینی. هه‌ڵوێسته‌کانی ناسرییش، به‌پێی پله‌ی لایه‌نگریی حوکوومه‌تی
به‌غدای ڕۆنیشتوو، له خۆشهکهتکردن و هه‌وڵدانی
ناسر، بهرگۆڕان بوون. له گه‌لێک بۆنه و جاردا سه‌رکرده‌ی کورد پاش سه‌ردانی
قاهیره، په‌سنی خواستی ناسریان بۆ ئاشتی داوه. ئه‌مه‌ش ده‌کرێ به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی
به‌وه ڕوون بکرێته‌وه، که عیراقێکی خجڵی جه‌نگی نێوخۆ، گه‌لێک بێسوود و بێکه‌ڵک
ده‌بێت له خه‌باتی دژ به ئیسرائیل‌دا. ئیسرائیلیش به نۆبه‌ی خۆی هه‌ڵوێستێکی
چاودێریکار و چاوهڕوانکارانه وه‌رده‌گرێت، هه‌رچه‌نده ئاره‌زوو و خواستی هاوبه‌ش
و لایه‌نگریی، له به‌ر هۆی ڕوون و خویا له کن کورده‌کان هه‌یه. به ئاشکراش هیچ
کۆمه‌ک و پشتگرییه‌کی چالاکانه له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه بۆ کورده‌کان نه‌هاتووه
و نه‌دراوه. له به‌غدا و له‌کن عه‌ره‌بان هه‌میشه بانگاشه‌ی ئه‌وه ده‌کرێت، که
خه‌باتی بارزانی له لایه‌ن ڕۆژاوا و ئیسرائیله‌وه به تایبه‌تیش له لایه‌ن کۆمپانیاکانی
نه‌وته‌وه هانده‌درێت، وه‌لێ تا ئێستاش ئه‌و گله‌یی و تاوانبارکردنانه، هه‌رگیز
به هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک یه‌کلا و ساغ نه‌کراونه‌ته‌وه. ڕه‌نگه نوێنه‌رانی کۆمپانیاکانی
نه‌وتی ڕۆژاوایی چه‌شنه به‌ڵێنێکی بیمه‌کردن و پارێزگاری‌یان لای بارزانی وه‌ده‌ستهێنابێت،
که کۆمپانیا و کێڵگه و که‌ره‌سه گرنگه‌کانی نه‌وت تێکنه‌درێن و نابووت نه‌کرێن.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و به پێچه‌وانه‌وه و دژ به خواستی بارزانی، له به‌هاری 1969دا، یه‌که‌م هێرش کرایه سه‌ر
ئاقار و سامانی کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان. ئه‌مه وا ده‌گه‌یه‌نێت، که ئه‌م خه‌باته
درێژخایه‌ن و کهمبهرههمه، کاکڵه و نێوه‌ندێکی جهنگگێڕی ئاماده‌ی شه‌ڕی، له
نێو کورده نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا دروست کردبێت، که دژ به هه‌موو جۆره دهسپێخهری
و هه‌وڵێکی ئاشتییانه و ناله‌شکری بن و بیانهدهنه دواوه. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت،
که بارزانی هه‌رچه‌نده ئه‌و بۆ خۆی سکرێتری گشتیی پارتییه[28]، ئیدی
به‌شداریی ئه‌و کۆبوونه‌وانه ناکات، که کۆمیته‌ی ڕاپه‌ڕاندن(جێبه‌جێکردن)ی پ. د.
ک ده‌یکات.
ده‌وڵه‌تانی
ڕۆژاوا، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بانگاشه‌یه‌ی، که له ئارادایه، هیچ کاتێک چالاکانه
خۆیان به خه‌باتی کوردانه‌وه خه‌ریک نه‌کردووه
و ئه‌وه‌ی هه‌میشه بۆ ئه‌وان گرنگ بووه ئه‌وه‌بووه، که ده‌ستیان به کانه نه‌وته
ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی عیراقڕا بگات و له‌ده‌ستیان ده‌رنه‌چێت. بێجگه له‌وه‌ش ئه‌وان
به‌گژاچوونی تورکیا و وڵاتانی عه‌ره‌بیان نه‌ویستووه.
گه‌لێک له
سیاسه‌تکارانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕۆژاوا، ته‌نانه‌ت له‌وه ترسابوون، که بارزانی و
پارتییه‌که‌ی کۆمۆنیست بن. ئه‌و بۆچوونه ڕاستییه‌کی تێدا بوو، چونکه پارتیی دیموکراتی
کوردستان تا کوودێتای قاسمی 1958 له عیراقدا، کۆمۆنیسته‌کانی تێدا زاڵ بوون، به‌ڵام
له ساڵانی 1960ه‌کاندا نه‌ته‌وه‌ییانی خودان ئاگایی جڤاکی ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و
شوێن و جێگانه‌دا گرت. لاوازی و جێلهقبوونی مارکسیسته‌کان به گۆڕانێک له پرۆگرامی
پارتییدا، که ساڵی 1966 بڕیاری له سه‌ر درا، وه‌دی ده‌کرا. خاڵی پێنجه‌می پرۆگرامی
پارتیی پێشتر، به‌م شێوه‌یه بوو: "پارتیی له خه‌باتی سیاسی خۆیدا له شیکردنه‌وه
کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیدا بیروباوه‌ڕی مارکسیزم – لێنینیزمی زانستی پێڕۆ ده‌کات".
به‌ڵام له‌و پرۆگرامه ڕادیکاله نامارکسیستهی ئێستادا ئه‌وه به‌م شێوه‌یه گۆڕاوه:
"پارتیی له خه‌باتی سیاسی خۆیدا له‌و تیۆرییه زانستییه پێشکه‌وتووانه‌ی که
له‌گه‌ڵ باری گه‌لی کورددا ده‌گونجێن که‌ڵک وه‌رده‌گرێت". هه‌رچه‌نده کورده‌کان
به‌که‌می له لایه‌ن شوێن و سه‌رچاوه فه‌رمییه‌کانی ڕۆژاواوه هانده‌دران، به‌ڵام
ڕێکخراوه‌کانیان ڕێگه درابوون که به ئازادی پرۆپاگه‌نده و ئاگاداری له‌مه‌ڕ ڕووداوه‌کانی
کوردستانه‌وه بڵاوبکه‌نه‌وه. پرسی کورد له لایه‌ن ڕای گشتییه‌وه له ئه‌وروپا
و ئه‌مه‌ریکا باسی لێوه ده‌کرا، وه‌لێ له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا وا ڕوویداوه، که سه‌رکرده مه‌زنه‌کانی کورد، له‌وانه‌ش تاڵه‌بانی، که
هه‌رچه‌نده ئه‌وان نوێنه‌ری تایبه‌تی بارزانی خۆیشی بوون، ڕێگه نه‌دراون سه‌ری ئینگلستان
و ئه‌مه‌ریکا بده‌ن[29].
ساڵی
1963، له دهوڵهتهیهکگرتووهکاندا، خه‌ریک بوو کێشه‌که بخرێته به‌رباس کاتێک،
که کۆماری مۆنگۆلیای گه‌لیی، عیراقی به ڕه‌شه‌کوژیی کوردان تاوانبار کرد. ئه‌و
پرس و باسه‌ش به گوشارخستنه سه‌ر مۆسکۆ
له لایه‌ن حوکوومه‌تی به‌غداوه، له خشته‌ی کاری ڕۆژانه‌ی ڕێکخراوی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان
سڕایه‌وه و ده‌رهاوێژرا و مۆسکۆیش به نۆره‌ی
خۆی حوکوومه‌تی مۆنگۆلیای قایل کرد، که تاوانبارکردنهکهشی دژ به عیراق بکێشێته‌وه.
له پاش ئه‌وه‌وه ئیدی هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان به جۆرێک بووه، که جه‌نگی
نێوخۆی کوردستانی وه‌ک کێشه و گیروگرفتێکی نێوخۆی عیراق ته‌ماشاکردووه. ئه‌م هه‌ڵوێسته
جێی ده‌مه‌ته‌قه و باسه، چونکه یه‌کیه‌تیی ده‌وڵه‌ته‌کان، بۆ خۆی له ساڵی
1925دا، بڕیاری دامه‌زراندنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆی له نێو چوارچێوه‌ی عیراقدا،
دابوو. له‌وه‌ش پێشتر و له ساڵی 1922دا، به‌ڵێنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ له ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نێوان عیراق و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی مانداتی ئینگلستاندا،
درابوو. بێجگه له‌وه‌ش جه‌نگی ناوخۆی عیراق به هۆی خۆتێکه‌ڵکردنی هێزه‌کانی سووریاوه
له ساڵی 1963دا، گۆڕدرا بۆ جه‌نگێکی نێونه‌ته‌وه‌یی.
له سه‌ره‌تای
ساڵی 1970وه سه‌رده‌مێکی ئاشتییانه‌ی نوێی پێوه‌ند له نێوان حوکوومه‌تی نێوه‌نده‌کی
به‌غدا و یاخیبووه کورده‌کاندا ده‌ستپێکرا.
نوێنه‌رانی بارزانی و حوکوومه‌تی به‌غدا ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کیان وه‌دیهێنا. یه‌کێک
له‌و شتانه‌ی، که له ڕێککه‌وتننامه‌که‌دا بڕیاری له سه‌ر دراوه ئه‌وه‌یه، که
له ژێر جۆره چاودێرییه‌کی دهوڵهتهیهکگرتوهکاندا ڕاپرسییه‌کی گشتی له باکووری
عیراقدا بکرێت[30]، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنی نیشته‌جێی
کورده‌کان بزانرێت. ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ش به‌ره‌به‌ره له یه‌که‌یه‌کی کارگێڕیدا ڕێکخرێن.
زمانی کوردی به فه‌رمی ددانی پێدا بنرێت. کورده‌کان نوێنه‌رایه‌تیی خۆیان له ده‌سگاکانی
قانووندانان و جێبه‌جێکردن و هه‌ڵسووڕاندنی وڵات‌دا به گوێره‌ی به‌ش و چه‌ندایه‌تییان
له دانیشتوواندا، که نێزیکه‌ی 30%ی ته‌واوی دانیشتووانی عیراقن، هه‌بێت. کوردێکیش
به جێگری سه‌رۆککۆماری وڵات دابنرێت. به‌ڵێنی لێخۆشبوونی گشتییش هێشتا کاری پێ بکرێت.
ڕێککه‌وتننامه‌که
هه‌ندێ به‌ند و خاڵی نهێنیشی تێدایه، که
ناوه‌ڕۆکه‌کانیان به فه‌رمی ئاشکرا نه‌کراوه، وه‌ک ئه‌وه‌ی که کورده‌کان بۆیان
هه‌بێت، چه‌که قورسه‌کانیان و وێستگه‌ی ڕادیۆکه‌یان بهێڵنه‌وه، تا هه‌موو خاڵه‌کانی
تری ڕێککه‌وتننامه‌که جێبه‌جێ ده‌کرێن. هێزه‌کانی حوکوومه‌تی به‌غدا له باکووری
عیراق ده‌گێڕدرێنه‌وه دواوه، بێجگه له ئۆردووگای که‌رکووک که چاودێری جێگه نه‌وتییه‌کان
ده‌کات. بارزانی بۆی هه‌یه 12000 که‌س له له‌شکری پێشمه‌رگه‌ی خۆی بهێڵێته‌وه.
دوژمنه‌کانی بارزانی، هێزه به‌کرێگیراو و نانه‌زگه کورده‌کان و پارتییه کوردییه
دۆسته‌که‌ی به‌غدای تاڵه‌بانییش هه‌ڵده‌وه‌شێنرێنه‌وه. تاڵه‌بانییش بۆ خۆی هه‌رپێش
ساڵگۆڕانی 1969-1970 له عیراق، وه‌ده‌رنرا[31].
ئه‌وجا بۆچی
حوکوومه‌تی به‌غدا بڕیارێکی وا کتوپڕی دا، که هه‌وڵدات بۆ چاره‌سه‌رێکی ئاشتییانه‌ی
کێشه‌ی کورد؟ یه‌که‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، له‌شکری عیراق هه‌ر وه‌ک جارانی پێشوو، له
گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێکی له‌شکریی بۆ کێشه‌ی کورد، تێکشکانی وه‌ده‌ست هێنابوو. هه‌روه‌ها
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که یاخیبووه کورده‌کان له 1969دا و بۆ جاری یه‌که‌م هێرشیان کرده
سه‌ر شوێنگه و ئاورازه نه‌وتییه گرنگه‌کان له باکوور. ئه‌م جێگه نه‌وتییانه ¾ی داهاتی ده‌وڵه‌تیی حوکوومه‌تی عیراق دابین ده‌که‌ن. سێیه‌میش به‌هۆی ئه‌و
به‌رهه‌ڵستییه نێوخۆییه‌ی، که دژ به سه‌رۆکی عیراقی ئه‌لبه‌کر هه‌یه و که ئه‌و
فه‌رمانی مردنه سیاسییانه‌ی ئه‌م ساڵانه‌ی دواییه‌ی، لاوازی و لهقیی جێگه‌ی وی ده‌رده‌خات.
ئه‌لبه‌کر به ته‌واوی ئاگادار بوو له پێوه‌ند و ده‌ستتێوه‌ردانی یاخیبووه کورده‌کان، له نێو نه‌یارانی پارتیی
به‌عسدا له به‌غدا. چواره‌میش ئه‌وه‌یه، که ڕێژیمی به‌غدا کێشه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یشی
هه‌یه. وڵاتی هاوسێ ئێران تا ئێستاش ئاماده‌یه، له کاتی پێویستدا یارمه‌تی خه‌باتی
بارزانی بدات. عیراق، له‌مه‌ڕ ڕۆخانه‌ی عه‌ره‌به‌وه، که ده‌کاته ئاوڕێژگه‌ی
گرنگ و ستراتیژی فرات و دیجله له که‌نداوی فارس‌دا، له کێشه‌دایه له‌گه‌ڵ ئێران‌دا. به پێی هێندێ
زانیاری پێده‌چێت پێوه‌ندی عیراق له‌گه‌ڵ وڵاتی هاوسێی ڕۆژاوایدا سووریا، فره له‌وه‌ی
خۆرهه‌ڵات ئێران، خاستر نه‌بێت. حوکوومه‌تی سووریا له لایه‌ن باڵێکی ململانێکه‌ر
و نه‌یاری نێو پارتیی به‌عسی پانعهرهبیستهوه به‌ڕێوه ده‌برێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش
هۆکارێکی سیاسی گرنگ هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌و وهدواوهکشانهوه به‌ڵێندراوه‌ی ئینگلیزی
ساڵی 1971ه، له که‌نداوی فارس. عیراق، ئێران، عه‌ره‌بستانی سعوودی هه‌ر له ئێستاوه،
بۆ کاریگه‌ری و ده‌ستڕۆیشتن له نێو هورده
شێخنشینه نه‌وتییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا، ده‌ستیان به پێئشبڕکێ کردووه.
شتێکی دیکه‌ش که به لای که‌مه‌وه هه‌مان گرنگیی هه‌یه ئه‌وه‌یه، که ئاشتی له
کوردستاندا مه‌رجێکه بۆ کاریگه‌ری و به‌شدارییه‌کی زێتری عیراق له خه‌باتی دژ به
ئیسرائیل‌دا. ئه‌م باسه ته‌نانه‌ت بووه‌ته هۆی گوشارخستنه سه‌ر حوکوومه‌تی عیراق
له لایه‌ن سۆڤیێته‌وه، بۆ وه‌دێهێنانی باریی ئاشتی له کوردستاندا.
لێ به‌بێ
گوێدان به هۆکاره‌کانی ئێستای خواستنی ئاشتی به‌رانبه‌ر کورده‌کان له لایه‌ن به‌غداوه،
ده‌بێ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئێستا به خۆشییه‌وه پێشوازی لێ بکرێت. خواستنی ئاشتی له
لایه‌ن حوکوومه‌تی نێوهندهکییهوه، به هۆی ئه‌و هه‌موو ده‌ستبه‌رداربوون و خۆدانهدهستهوهیانهیهتی،
که له‌سه‌ره‌وه باسکران. هاوینی 1970 چوار له پێنج وه‌زیره کورده‌کان له به‌غدا
بوون و ڕۆژنامه‌که‌ی بارزانی ئه‌لته‌ئاخی(التاخی- برایه‌تی)به شێوه‌یه‌کی ئاسایی
ده‌رده‌هات و پارتیی دیموکراتی کوردستانیش خه‌ریکی دامه‌زراندنی بنکه و باره‌گایه‌ک
بوو بۆ نووسینگه‌ی پارتیی له پێته‌ختی عیراقدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاکه په‌ڵه هه‌ورێکی
نیگه‌رانی، که له ئارادا بوو، دواخستنی ئه‌و ڕاخوازییه گه‌لییه بوو، که ده‌بووایه
له پاییزی 1970دا بکرابا، بۆ کاتێکی نادیار. داهاتوو ده‌بێ ئه‌وه نیشان بدات، که
ئایا خێرخوازیی هه‌یه و به‌شی ئه‌وه ده‌کات، که ئاشتییه‌کی جێگر و چه‌سپاو له کوردستاندا
بهێنرێته دی، یا له ساڵی 1970کانیشدا، وه‌ک ساڵانی 1960ه‌کان، ئاگربه‌ستن و جهنگڕاگرتن
و گوت‌وبێژی ئاشتی، که پاشانیش به کاری له‌شکریی و چه‌کداریی کۆتایی پێ ده‌هات، پێڕۆ
و دووپات ده‌کرێته‌وه.
*ئه‌مانه‌ی
خواره‌وه سه‌رچاوه‌گه‌لێکن، که نووسه‌ر بۆ نووسینی بابه‌ته‌که‌ی که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوون:
Arfa, Hassan, the Kurds-a
historical and political study, Oxford
1966.
Boris, Thomas, the Kurds, Beirut 1966.
Eagleton, William, the Kurdic
republic of 1946, London
1963.
Ghassemlu, Abdul Rahman, Kurdistan and the Kurds, Prag 1965.
Khadduri, Majid, Republican Iraq -a study in Iraqi politics since the
Revolution of 1958, Oxford
1969.
Kinnane Derk, the Kurds and
Kurdistan, Institute of race relations, Oxford
1964.
Kurdish facts, tidskrift av Silvio Van Rooy och
International Society Kurdistan i Amsterdam.
Lomborn, Rune, Kurderna-folket utan land, nr 5-1970 i
seien världspolitikens dagsfrågor, utgiven av Utrikspolitiska institutet i
Stockholm.
Nordlander, J, E/Rastgeldi, S/Tandberg, O, G, Det glömda
kriget, Rapport från irakiska Kurdistan, Natur och Kultur, Stockholm
1967.
Viennot, Jean-Pierre, Arabisme,
kurdisme et iranisme, s.55-63 i Europa-Etnica 1970: 2.
*ئه‌م
گوتاره، که نێوی "کوردستان"ه و له نووسینی ئه‌ندرێس کونگ(Andres
Küng)ه، به‌شێکه له کتێبێکی سوێدی به
نێوی "چه‌وساوه‌کانی زه‌وی Jordens förtryckta"، که ئه‌ندرێس کونگ و ئوولۆف.گ.
تاندبهری (Olof G. Tandberg) پێکه‌وه، له ساڵی 1970دا، نووسیویانه و له لایه‌ن
په‌خشخانه‌ی "بۆنیهش"ه‌وه له ستۆکهۆڵم، چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه. کتێبه‌که
پاش پێشه‌کی و ناوه‌ڕۆک و ئه‌وانه، بریتییه له چه‌ند به‌شێک، که هه‌ر به‌شه‌و
ته‌رخان کراوه بۆ ده‌ڤه‌رێکی تایبه‌تی جیهان. به‌شی یه‌که‌می، له‌مه‌ڕ کۆمه‌ڵه ڕه‌گه‌ز
و گه‌ل و نه‌ته‌وه و که‌مینه‌یه‌کی نێو ده‌وڵه‌تانی جیهانه‌وه‌یه، که چه‌وسانه‌وه‌یه‌کی
ئاشکرایان له سه‌ره و ڕه‌شه‌کوژ ده‌کرێن، وه‌ک کورد و خوارووی سوودان و چاد و ئێریتریا
و خوارووی ئه‌فریقا. کورد، یه‌که‌م باسێکه، که له‌و کتێبه‌دا هاتووه. به‌شی دووه‌می
کتێبه‌که، باس له گه‌له ڕه‌وه‌نده‌کان ده‌کات، وه‌ک هیندییه‌کان له ئه‌فریقا و
قه‌ره‌ج و جووله‌که. به‌شی سێیه‌می کتێبه‌که، باس له که‌مینه له‌شکرییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا
و سپییه ڕه‌شپێسته‌کانی ئه‌مه‌ریکای ژووروو(کویبێک) و سۆڤیێت و چین و هیندوستان
و سیلان و مالایزیا ده‌کات. به‌شی چواره‌می، باسی ئه‌بۆریجینه‌کانی ئه‌وسترالیا و
ماورییه‌کانی نیوزیلاند و گه‌لی ئاینۆی ژاپۆن و ئیندیانه‌کانی ئه‌مه‌ریکای لاتین ده‌کات.
به‌شی پێنجه‌می، باسی نه‌ته‌وه‌په‌رستی له سکۆتلاند و وه‌یلز و ئایرلاندی سه‌روو
و فرانسه و ئیسپانیا و به‌لژیک و یۆگوسلاڤیا و سویسرا و قوبرس ده‌کات. به‌شی شه‌شه‌می،
باسی ده‌ڤه‌ری نووردی سه‌رووی ئه‌وروپا، سامه‌کانی سوێد و گروێنلاند و فهرئوێیهرنا
و سوێدییه‌کانی فینلاند و تۆرنهدالییهکان و شلیسویگ و فریسهکان ده‌کات. به‌شی کۆتایی
کتێبه‌که‌ش، به‌نده‌کانی جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ و سزادانی تاوانه‌کانی ڕه‌شه‌کوژی گه‌لان
و سه‌رچاوه‌ی باسه‌کانه. له هه‌ریه‌ک له‌و به‌شانه‌دا، ئه‌و دوو نووسه‌ره ئه‌و
خه‌ڵکانه‌ی باسیان کردوون، له ڕووی سیاسی و ئابووری و جڤاکی و هه‌موو لایه‌نه‌کانی
دیکه‌ی ژیانه‌وه لێیان وردبوونه‌وه و خوێندوویاننهوه و تاوتووی ڕه‌وش و گیروگرفتهکانیانیان کردوون. کتێبه‌که
272 لاپه‌ڕه‌ی (A5) ه و له لاپه‌ڕه 37-49 یشی له
باره‌ی کورده‌وه‌یه. ئه‌ندرێس کونگ، به‌رپرسی پرۆگرامی "چاره‌که سه‌عاتێکی
فه‌رهه‌نگ"ییه"OBS!"و پێشتریش کتێبی"ئه‌مه‌ریکای لاتین- بیراز یا چه‌قین"ی
نووسیوه و وهچاپ گه‌یاندووه. له پاییزی 1985دا ئه‌م گوتاره‌م له سوێدییه‌وه کردووه
به کوردی و پهراوێزیشم بۆ داناوه .
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
پاییزی 1985
[1] یه‌ک ده‌رزه‌ن ده‌کاته 12 میلیۆن. له‌مه‌ڕ ژماره‌ی
کورده‌وه تا ئێستا ئامارێکی ڕاست و دروست نییه، به‌ڵام کورد خۆی به 25 میلیۆنێک
داده‌نێت.
[2] ئه‌و گه‌ڕه‌که، کورده‌کان بۆ خۆیان پێی ده‌ڵێن
"تاخا کوردا" و عه‌ره‌به‌کانیش پێی ده‌ڵێن"حي الاکراد" یا
"رکن ا‌لدین".
[3]مه‌لا یا حه‌کیم ئیدریسی بتلیسی، له سه‌رده‌می سوڵتان
سه‌لیمی عوسمانی‌دا، سه‌رکرده‌یه‌تیی له‌شکرێکی مه‌زنی خێڵه کورده‌کانی کرد و له
هه‌موو جه‌نگێکی سوڵتاندا دژ به شای سه‌فه‌وی به‌شدار بوو و سه‌فه‌وییه‌کانی له
هه‌موو لایه‌ک ده‌رده‌په‌ڕان، ئیدی له دوای جه‌نگی چاڵدیرانی 1514، له‌کن سوڵتان
ڕێز و پایه‌یه‌کی په‌یدا کرد و سوڵتان وای لێ کرد، ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو میرنشین
و ده‌ڤه‌ره کورده‌کاندا بڕوات و جۆره سه‌ربه‌خۆییه‌کی نێوخۆیی هه‌بێت مه‌لا ئیدریس له 1520دا کۆچی دوایی کردووه.
[5]سواره‌ی حه‌میدییه، له 1891دا به فه‌رمانی سوڵتان عه‌بدولحه‌مید
دامه‌زران، هه‌ر بۆیه‌ش نێوی "سواره‌ی حه‌میدییه"یان لێ نرابوون.دامه‌زراندنی
ئه‌و سوارانه بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو له کوردستاندا و
له په‌نای ئه‌وه‌شدا ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکهۆزه کورده‌کانیشی ده‌چه‌سپاند.شاکر پاشا،
سازکاری ئه‌و سوارانه بوو. حوکوومه‌تی عوسمانی هێنده به‌ته‌نگ ئه‌و سوارانه‌وه
نه‌بوو و پڕچه‌ککردنیان و تفاق و ڕێکخستنیان به‌ره‌به‌ره پشتگوێ ده‌خران تا له
یه‌که‌م ساڵی جه‌نگی جیهانیی یه‌که‌مدا به ته‌واوی هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه.
[6] له ساڵی 1900دا له ئیسته‌نبوول، کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کوردی
به نێوی "کوردستان عه‌زمی قه‌وی جه‌معیه‌تی" له لایه‌ن "فکری ئه‌فه‌ندی
ئامه‌دی"یه‌وه ساز کراوه."کوردیزاده ئه‌حمه‌د ڕه‌مزی لجه"، یه‌کێک
بووه له ئه‌ندامه ناسراوه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه. ئه‌وه یه‌که‌م کۆمه‌ڵه و
ڕێکخراوی کورد بووه و دواتر کۆمه‌ڵه‌ی "ته‌عالی و ته‌ره‌ققی" و "ژ.
ک" و "هیوا" و...په‌یدا بوون. ئه‌ڵبه‌ت ده‌کرێت پارتیی دیموکراتی
کوردستانییش به درێژه‌پێدانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه دابنرێت.
[7] په‌یمانی سیڤر، که له 10/8/1920دا مۆر کرا و به‌نده‌کانی
62، 63 و 64ی له‌مه‌ڕ کورد بوون، زۆر ئاشکرا باس له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی
تێدا نه‌کرابوو و ئه‌و باسه به هه‌ندێک مه‌رجه‌وه گرێ درابوو، وه‌ک: ڕاپرسیی له‌وه
ده‌ڤه‌رانه‌دا که کوردنشینن، که له‌وه‌شدا ده‌ڤه‌رێکی زۆر گچکه به کورد
دانرابوو و پاشان ئه‌نجامی ئه‌و ڕاپرسییه گه‌لییه بخرێته پێش کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان
و ئه‌ویش بڕیاری ئه‌وه بدات، که ئایا کورد شایسته‌ی ده‌وڵه‌ته یا نه؟ ئه‌وجا
ئه‌و بڕیاره‌ش به تورکیا ڕابگه‌یه‌ندرێت. وه‌لێ به پێچه‌وانه‌ی کورده‌وه، بڕیاری
دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئه‌رمه‌نی به ئاشکرا هاتبوو.
[8]پاش ئه‌وه‌ی که‌مالیسته‌کان له بواری جه‌نگدا، کۆمه‌ڵێک
سه‌رکه‌وتنیان به سه‌ر ئه‌رمه‌ن و یۆنانییه‌کاندا وه‌دیهێنا، په‌یمانی لۆزان له 24/7/1923دا، له نێوان که‌مالیسته‌کانی
تورکیا و ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یماندا مۆرکرا. له‌و په‌یمانه‌دا نێوی کورد و کوردستان
نه‌هات و ته‌نێ باسی ئه‌وه کرا، که ڕێز له که‌مینه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بگیرێت.
ئیدی په‌یمانی سیڤر هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه و به‌شێکی زۆری کوردستان خرایه ژێر ده‌ستی
تورکیا.
[9] له 23/8/1921دا، میر فه‌یسه‌ڵی کوڕی شه‌ریف حوسه‌ینی مه‌ککه،
له لایه‌ن "بێرسی کۆکس"ی نوێنه‌ری بریتانیا له میزۆپۆتامیا، کرا به
شای عیراق .میر فه‌یسه‌ڵ فرانسییه‌کان له سووریا وه‌ده‌ریان نابوو. ڕاپرسییه‌کی
گه‌لیی بۆ دانانی فه‌یسه‌ڵ به شای عیراق ساز کرا و کورد به که‌میی به‌شداریی کرد
و تا ڕاده‌یه‌کیش دژی ڕاوه‌ستا.
[10]مه‌به‌ست "شێخ مه‌حموودی به‌رزنجی- حه‌فید"ه(1882-
9/10/1956). شێخی حه‌فید، له 20/5/1919-1920 یه‌که‌م شۆڕشی دژ به داگیرکارانی
بریتانی له خوارووی کوردستان ڕاگه‌یاند و ئامانجیشی کوردستانێکی یه‌کگرتوو و سه‌ربه‌خۆ
بوو. له 1923دا شۆڕشی دووه‌می ده‌ستپێکرده‌وه و حوکوومه‌تێکی له ده‌ڤه‌ری
سلێمانیدا دامه‌زراند و بۆ خۆیشی بوو به شای کوردستان. له‌شکری بریتانی پاشتر ئه‌و
شۆڕش و حوکوومه‌ته‌ی شێخیان تێکشکاند و شێخ گیرا و بۆ هیندوستان دوورخرایه‌وه.
شێخ دیسان له ساڵی 1931دا شۆڕشی هه‌ڵگیرسانده‌وه و ئه‌وجا بریتانییه‌کان گرتیان
و له سیته‌ک و داریکه‌لی نیشته‌جێیان کرد تا کاتی نه‌خۆشییه‌که‌ی و دوای برایه
نه‌خۆشخانه‌ی ئهلحهیدهرییه"الحیدریه" له به‌غدا و ئیدی له‌وێ له
9/10/1956دا شێخ کۆچی دوایی کرد.
[12] ڕۆژنامه‌ی "خه‌بات"، ده‌نگیی پارتیی دیموکراتی
کوردستان بوو و له به‌غدا به کوردی و عه‌ره‌بی و دواتر ته‌نێ به عه‌ره‌بی ده‌رده‌چوو.
یه‌که‌م ژماره‌ی له 4/4/1959دا ده‌رچوو و له 28/3/1961 به فه‌رمانی حوکوومه‌تی
قاسم داخرا. 462 ژماره‌ی لێ ده‌رچوو. "ئیبراهیم ئه‌حمه‌د" سکرتێری پارتیی سه‌رنووسه‌ری بوو. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نه‌گیرا،
به‌ڵکه خۆی شارده‌وه و به‌غدای به‌جێهێشت.
[15] عه‌بدوسسه‌لام عارف، سه‌رۆکی عیراق بوو، به‌بم ئه‌وه‌ی سه‌ردانی
بارزانی کرد له کوردستان، "تاهیر یه‌حیا"ی سه‌رۆکی حوکوومه‌تی عیراق
بوو.
[18] عه‌بدوسسه‌لام عارف، له 13/4/1966دا، له فڕۆکه که‌وته
خوارێ و تێداچوو. "عه‌بدوڕڕه‌حمان عارف"ی برایشی له 17/4/1966-17/7/1968،
سه‌رۆککۆماری عیراق بوو.
[23]حوکوومه‌تی سۆڤیێت، پاش بارزانییه‌کان، که له دوای
ڕووخانی کۆماری مه‌هاباده‌وه تا 1958 له سۆڤیێت بوو، هه‌رگیز په‌نابه‌ری کوردی
وه‌رنه‌گرتووه. ڕه‌نگه تاکه‌تاکه‌یه‌ک کورد، ئه‌ویش نه‌ک وه‌ک کورد، به‌ڵکه وه‌ک
ئه‌ندامی پارتییه کۆمۆنیسته‌کانی عیراق، ئێران، تورکیا و سووریا له‌وێ مافی مانه‌وه
و نیشته‌جێبوونیان وێدرابێ.
[25]دۆمینه یا دۆمینۆ، بریتییه له 28 پارچه‌ی لاکێشه‌یی،
که هه‌ریه‌که‌و چه‌ند ژماره‌یه‌کی له سه‌ره. ئه‌گه‌ر ئه‌و 28 پارچه‌یه به
درێژی و له سه‌ر لایه گچکه‌که‌ی و به ته‌نیشت یه‌که‌وه به پێوه دانێیت
و یه‌که‌م دانه‌یان پاڵپێوهنێیت، ئیدی یه‌که‌م
دانه، دووه‌م دانه ده‌خات و دووه‌م دانه سێیه‌م دانه ده‌خات تا دوا دانه هه‌موو
ئه‌و دۆمینانه یه‌کدی ده‌خه‌ن و ده‌که‌ون و به پێوه نامێنن. واته: خستنی یه‌ک
دانه کار ده‌کاته سه‌ر هه‌موو و هه‌موویان ده‌خات.
[26]ڕاسته زۆرینه‌ی کورد سه‌ر به ئایینزای سوننه‌ی
ئیسلامن، لێ به‌شێکی له‌به‌رچاوی کوردییش هه‌ن، که سه‌ر به ئایینزای شیعه‌ی
ئیسلامن، وه‌ک: کوردانی به‌غدا، عیماره، حه‌ی، کووت، عه‌زیزییه‌ی عیراق و کوردانی
جه‌سسان، به‌دره، مه‌نده‌لی، قزڕه‌بات و به‌شێکیش له کوردانی خانه‌قین و قه‌ره‌ته‌پپه
و خورماتوو و که‌رکووک له باشووری کوردستان و ته‌واوی کرماشان و لوڕستان و ئیلام
و بهختیارییش له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
[27] حوکوومه‌تی سووریا تیپی له‌شکری ئه‌لیه‌رمووک"الیرموک"ی
3000 سه‌ربازیی بۆ کۆمه‌ک به عیراقییه‌کان نارده کوردستان و دژ به شۆڕشی کورد
جه‌نگان.
[28] بارزانی، سکرتێری گشتیی پ.د.ک نه‌بوو و سه‌رۆکی بوو، حه‌بیب
موحه‌ممه‌د که‌ریم، سکرتێری گشتیی پ.د.ک بوو.
[30] له ڕێککه‌وتننامه‌ی 11ی مارسی 1970دا هیچ جۆره ئاماژه‌یه‌ک
به چاودێری و ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کان نییه.