نیگه‌رانیی
ئه‌مجه‌د
شاکه‌لی
ته‌واوی ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له
باشووری کوردستان له دوای 10ی حوزه‌یرانی 2014 و داگیرکردنی باژێڕێ مووسڵه‌وه له‌لایه‌ن
هێزه چه‌کداره‌کانی داعشه‌وه، هاتووه‌ته گۆڕێ، له شانۆیییه‌ک ده‌چێ، که تێگه‌یشتن
لێی، بۆ ئێمه‌گه‌لێکی ده‌رێی بازنه‌ی سیاسه‌ت و دامێنی جڤاک و کۆمه‌ڵ، کارێکی
ئاسان نییه.
دوای ڕزگارکردنی به‌شێک
له ده‌ڤه‌ره، جاران دابڕاوه‌کانی کوردستان، به‌تایبه‌ت که‌رکووک، له لایه‌ن
هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌وه، هه‌موو کورد، گه‌شایه‌وه و دڵخۆش و که‌یفساز بوو و چاوه‌نۆڕی
ئه‌وه بوو، که ته‌واوی باشووری کوردستان، تا ده‌گاته زنجیره‌کانی جه‌وه‌ڵ حه‌مرین،
به ته‌واوی ئوستانی مووسڵ و ته‌واوی ئوستانی
که‌رکووک و به‌شێکی ئوستانه‌کانی تکریت و دیاله و کووت و عه‌ماره‌وه
ڕزگار ده‌بن و به‌وه‌ش ته‌واوی خاکی باشووری کوردستان ڕزگار ده‌بێ و ئیدی سه‌ربه‌خۆیی
و ئازادی و ده‌وڵه‌تی کوردستان، خه‌ونی سه‌دان ساڵه‌ی خه‌ڵکی کوردستان، له
زووترین کاتدا، دێته دی.
چاوه‌ڕوانییه‌کان وا ده‌رنه‌چوون:
وا بۆ دوو مانگ ده‌چێ، جه‌له‌ولا،
که باژێڕێکی گچکه‌ی گه‌رمێنه ڕزگار نه‌کراوه. تاقه گه‌ڕه‌کێک له ناو جه‌له‌ولادا
داعش فه‌رمانڕه‌وایه‌تی و کورد پێی ناگیرێ. ئه‌وه هیچ که سه‌عدییه و
مه‌نده‌لی و به‌دره و جه‌سسان و زرباتییه و...ده‌ڤه‌ره‌کانی خواره‌وه‌ی جه‌له‌ولا
چ باسێکیان لێوه ناکرێن. سلێمان به‌گ و ئامرلی و به‌شێکی دیکه‌ی ده‌ڤه‌ری
خورماتوو و تاووغ و حه‌وویجه له ئوستانی که‌رکووک، هێشتا له‌بن ده‌سه‌ڵاتی
داعشدان. باژێڕی مووسڵ و به‌شێکی زۆری ئوستانی مووسڵ له‌بن ده‌سه‌ڵاتی داعشدایه.
پێش چه‌ند ڕۆژان، سه‌رۆکی
هه‌رێم باسی ڕزگارکردنی مووسڵ و وه‌ده‌رنانی داعشی ده‌کرد! داعش نه‌ک هه‌ر وه‌ده‌ر
نه‌نرا، به‌ڵکه زوممار و شنگال و ڕيبیعه‌شی، که پێشتر له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه
ڕزگار کرابوون، گرته‌وه. پێشمه‌رگه،
شنگال و هه‌موو ئێزدییه داماوه‌کانی مارانگه‌سته‌ی چه‌ندین هێرش و په‌لامار
و قڕکردن له مێژووی کۆن و نوێ‌دا، بۆ گورگه‌کانی داعش جێهێشت و هه‌ڵات. كه سه‌ربازه‌کانی
عێراق به هاتنی داعش بۆ مووسڵ، هه‌ڵاتن، پێشمه‌رگه و کورد، گاڵته‌یان پێ ده‌کردن.
پێشمه‌رگه خۆی له‌و سه‌ربازانه‌ی که‌متر نه‌کرد و هه‌مان ڕێگه‌ی ئه‌وانی گرته‌به‌ر.
ئێستاش که‌ونه پێشمه‌رگه
و خه‌ڵکه حزبییه‌کانی کوردستان، ده‌یان داستانی نه‌به‌رده‌کانی ساڵانی 1980 و ده‌شتاییه‌کانی
گه‌رمیان، که به چه‌کی سووکه‌وه به‌رانبه‌ر سه‌دان تانک و هێلیکۆپته‌ر و چه‌کی
قورس و هێزی زۆر و کارامه‌ی سپای عیراق ڕاوه‌ستاون و تێیاندا سه‌رکه‌وتوون، ده‌گێڕنه‌وه،
به‌ڵام گه‌ڕه‌کێکی جه‌له‌ولایان پێ ڕزگار ناکرێ! شنگال و زوممار چۆڵ ده‌که‌ن و هه‌ڵدێن!
ناتوانن ده‌شتاییه‌کانی که‌رکووک له داعش
خاوێن که‌نه‌وه! په‌نا بۆ عیراق و حوکوومه‌ته‌که‌ی مالیکی ده‌به‌ن بۆ وه‌ی کۆمه‌کیان
پێ بکات و له داعش بیانپارێزێ!
ئێستا پێشمه‌رگه، سه‌دجاران
له‌و ساڵانه، پۆشته‌تر و پڕچه‌کتر و تێرتره. ئێستا خاوه‌نی هه‌موو جۆره چه‌کێکی
پێشکه‌وتووه له تانک و تۆپ و سه‌دان شتی دیکه‌وه، که من ناویان نازانم تا خودا
ده‌زانێ چی دیکه، لێ جه‌نگ ته‌نێ چه‌ک و پۆشته‌یی نییه! داعش ئه‌مڕۆ شه‌ڕی
حوکوومه‌تی عیراق و حوکوومه‌تی کوردستان و ده‌سه‌ڵاته کوردییه‌که‌ی ڕۆژاوای
کوردستان و حوکوومه‌تی سووریا ده‌کات، ئه‌وه‌شی له میدیاکانه‌وه ده‌بێنرێ، ئه‌وان
چه‌کی هێنده به هێزیان نییه، که بتوانن له‌هه‌مبه‌ر چوار حوکوومه‌تدا بجه‌نگن!
ڕه‌نگه ته‌نیا چه‌کێکی زیاتر له چه‌کی پێشمه‌رگه، که ئه‌وان هه‌یانبێ و پێشمه‌رگه
نه‌یبێ، چه‌کی باوه‌ڕه‌که‌یان بێ، ئه‌و
باوه‌ڕه سه‌قه‌ت و خواروخێچه‌ی هه‌یانه و مه‌ستی کردوون، که له‌کن پێشمه‌رگه‌کانی
باشووری کوردستان نییه.
کێماسیگه‌لێکی مه‌زن و له‌به‌رچاو،
که ئه‌مڕۆ له باشووری کوردستان و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌نگه‌دا ده‌بێنرێن،
ڕه‌نگه له چه‌ند خاڵێکدا بخرێنه به‌رچاو:
- هێزی پێشمه‌رگه، به‌ڵێ
به ڕواڵه‌ت سه‌ر به حوکوومه‌تی کوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه، به‌ڵام له
ڕاستیدا یه‌ک هێز نییه و یه‌ک فه‌رمانده‌ی نییه و سه‌ر به حوکوومه‌ت نییه و
هێزی وڵاتی کوردستان و خه‌ڵکی کوردستان نییه، به‌ڵکه کۆمه‌ڵێک میلیشیای سه‌ر به
حیزبن و وه‌لائیان بۆ حیزبه و کار بۆ حیزب ده‌که‌ن. سپایه‌ک ئه‌گه‌ر سپایه‌کی
نیشتمانی نه‌بوو و له‌ژێر یه‌ک فه‌رمانده‌دا نه‌بوو و یه‌ک ئامانجی نه‌بوو، هه‌رگیز
چاوه‌ڕوانی سه‌رکه‌وتنی لێ ناکرێ!
- هیچ سپایه‌کی ئه‌م
جیهانه له میدیاکانه‌وه باسی ورده‌کاریی جموجووڵی سه‌ربازه‌کانی و نه‌خشه‌کانی
و چه‌که‌کانی و هیچ شتێکی پێوه‌نددار به له‌شکر و جۆری کار و چالاکییه سه‌ربازییه‌کانه‌وه
ناکات و بچووکترین نهێنی نادرکێنێ. کاتی خۆی ساڵ‌ونیوێک له سپای عیراقدا سه‌ربازییم
کردووه، که له شوێنێکه‌وه ده‌گوێزراینه‌وه بۆ شوێنێکی دیکه، له ماوه‌ی که‌متر
له نیو سه‌عاتدا فه‌رمانمان پێ ده‌درا، خۆمان و هه‌موو شتومه‌کمان ئاماده‌که‌ین و
ده‌سبه‌جێ سواری ئۆتۆمبیله سه‌ربازییه‌کان ده‌بووین و وه‌ڕێ ده‌که‌وتین، بێ ئه‌وه‌ی
بزانین بۆ کوێ ده‌ڕۆین، هیچ یه‌کێکیشمان بۆی نه‌بوو پرسیار بکات. ئه‌و کاته سپاکه
له جه‌نگیشدا نه‌بوو. له سپادا نه‌ریتێک، یاسایه‌ک، فه‌رمانێک هه‌بوو ده‌یگوت:
جێبه‌جێی که و گه‌نگه‌شه‌ی له‌سه‌ر مه‌که"نفذ ولا تناقش". ئێستا پێش
ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و ئه‌فسه‌ر و ڕێبه‌ره‌کانیان بزانن، میدیاکانی کوردستان، هه‌مووی
هه‌ڵده‌ڕێژن و ده‌یخه‌نه به‌رده‌م داعش و هه‌موو خه‌ڵکی دیکه‌ش. ته‌ماشای ئه‌م هه‌واڵانه
بکه، که میدیای کورد بڵاوی کردووه‌ته‌وه و من ڕێک وه‌ک خۆیان وه‌رمگرتوون:
"کاروانێکی دیکەی چەکی قورس دەگاتە ھەولێر.
ھێزێکی تایبەت بەرەو گوێڕ بەڕێکەوت.
پێشمه‌رگه به‌خێرایی به‌ره‌و شه‌نگال ده‌چن.
ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی
رۆژهه‌لات گه‌یشتنه به‌ره‌كانی شه‌نگال.
هێزێكی گەورەی پێشمەرگە لە گوێر و مەخموور جێگیردەكرێن.
کاکەییەکانی داقووق چەک هەڵدەگرن.
وێنە
؛ پێشمەرگەکانی کوردستان ئەم چەکانەیان بەدەست گەشتووە.
وێنە
؛ بزانە ئەم بەیانییە وەزیری پێشمەرگە لەکوێ نانی خواردوە.
فەرماندەكانی پێشمەرگە دەڵێن بەمزووانە هەردوو
رێگە سەرەكییەكەی شنگال كۆنترۆڵدەكرێ".
ئه‌مه چ پاراستنی نهێنی و چ سپا و چ وڵاتێکه،که
میدیا و میدیاکارانی کوردستان، نۆره‌ی تابووری پێنجه‌می تێدا ده‌بینن!
- سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حوکوومه‌تی کوردستان، ده‌بوو
ته‌واوی خه‌ڵکی کوردستانی چه‌کدار کردبا و سپایه‌کی میللی، گه‌لێری کوردستانیی، نه‌ک
حیزبی و ئایینی و ئایینزایی و خێڵه‌کی، له ته‌نیشت هێزی پێشه‌مه‌رگه‌وه دروست کردبا،
وه‌ک هێزێکی یه‌ده‌ک، بۆ پشتیوانیی پێشمه‌رگه و داکۆکی له خاک و خه‌ڵکی
کوردستان. ئێستا خه‌ڵکی کوردستان، به تایبه‌ت دانیشتووان و هاووڵاتیانی هه‌رێم،
بێلایه‌نانه له‌و جه‌نگه‌ی هه‌یه ده‌نۆڕن و نه‌بوونه‌ته لایه‌ک لێی. حوکوومه‌ت
و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و ڕێبه‌رانی کوردستان، ده‌بێ خه‌ڵک بکه‌نه لایه‌ن و خه‌ڵک
بخه‌نه نێو کێشه و جه‌نگ و باسه‌که‌وه و هه‌ڵوێستیان هه‌بێ، خه‌ڵک وا لێ بکه‌ن
هه‌موو ڕووداو و لێقه‌ومان و شکست و پێشکه‌وتنه‌کان، به هی خۆیان بزانن.
- هێزه چه‌کداره‌کانی کوردستان، که ناوی پێشمه‌رگه‌یان
لێ نراوه، ڕێک وه‌ک عه‌شیره‌ت و هۆزه‌کانی جاران و وه‌ک سووکه‌جاشه‌کانی سه‌رده‌می
به‌عس ناودێر ده‌کرێن و باس ده‌کرێن. پێشمه‌رگه‌ی پارتی، یه‌کیه‌تیی، سۆسیالیست،
دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان، په‌که‌که، یه‌په‌گه، پاسه‌وانه‌کانی
گۆڕان، لیواکانی کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ و هی دیکه‌ش. ئه‌مه فره‌به‌ره‌یی و ناکۆکی هێزی
چه‌کدار و سپای کوردستان ده‌رده‌خا.
- له ته‌واوی ڕووداوه‌کانی کوردستاندا، ناته‌بایی
و دووفاقی و جیاوازییه‌ک له هه‌ڵوێسته‌کانی هه‌ردوو زلحیزبی، پارتی و یه‌کیه‌تیی
ده‌بینرێن. هه‌ردوو لا به دوو ئاراسته‌ی جیاواز کار ده‌که‌ن و هه‌ریه‌که‌یان به‌ره‌یه‌ک
ده‌لاوێنێته‌وه و کاریگه‌ریی لایه‌نێکی له‌سه‌ره. ئه‌گه‌ر وا نییه، ڕێگه‌دان به
هاتنی چه‌کداری عه‌ره‌ب و ئێرانی و به‌در و حوکوومه‌تی عیراق بۆ که‌رکووک و کفری و
تاوغ و خورماتوو، چ واتایه‌کی هه‌یه! ئه‌ی ئه‌و هه‌موو عه‌ره‌ب و تورکمانه‌ی له
مووسڵ و ته‌له‌عفه‌ر و شوێنانی دیکه هه‌ڵدێن و له که‌رکووک داڵده ده‌درێن، بۆ؟
که‌رکووک هێشتا عه‌ره‌به‌کانی هه‌نارده و عه‌ره‌باندنی له‌کۆڵ نه‌بووه‌ته‌وه، ئه‌وجا
ئه‌وانه‌شی دێنه سه‌ر. کارگێڕی شاری که‌رکووک، وه‌ک به‌شێک له سیاسه‌تی یه‌کیه‌تیی
نیشتمانی بۆ ڕازیکردنی عیراق و ئێران، وه‌ها کارێک ئه‌نجام ده‌دا، که به‌ڕاستی هه‌رگیز
به قازانجی که‌رکووکی کوردستان نابێت.
- خڕبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو عه‌ره‌به هه‌نارده و
هاورده و هێزی کار و هه‌ڵاتوو و په‌نابه‌ره، له شار و گوند و هه‌موو جێیه‌کی
باشووری کوردستان(هه‌ولێر، دهۆک، که‌رکووک، سلێمانی، خانه‌قین، که‌لار و...)، جگه
له داڵده‌دانی سه‌دان هه‌زار خه‌ڵکی هه‌واداری داعش و به‌عس و تێرۆریست زیاتر
شتێکی دیکه نییه. ئه‌وانه ده‌ستی داعشن له‌نێو کوردستاندا و هه‌موو ئه‌وانه
شانه‌ی خه‌وتوون و قورمیش کراون، هه‌ر که پێویستی کرد، وه‌ئاگا ده‌هێنرێنه‌وه و
ده‌ته‌قنه‌وه و کوردستان ده‌که‌نه دۆزه‌خ. هه‌ر ئێستا ئه‌و دیارده‌یه به
ئاشکرا ده‌بێنرێ. داعش به یارمه‌تی عه‌ره‌به‌کانی شنگال هاتوونه‌ته نێو شنگاله‌وه
و به کۆمه‌کی عه‌ره‌به‌کانی مه‌خموور هاتوونه‌ته نێو مه‌خمووره‌وه و عه‌ره‌بی
که‌رکووکه، که ته‌قینه‌وه و کوشتن و ماڵوێرانی له که‌رکووک جێبه‌جێ ده‌کا و
سبه‌ی هه‌ر ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ن، له سلێمانی و چۆمان و هه‌ڵه‌بجه و هه‌ولێر و که‌لار،
ده‌یان مه‌رگه‌سات ده‌ئافرێنن. ئه‌م بۆچوونه‌ی من هه‌رگیز به‌رهه‌می دید و هزر و بۆچوونێکی
ڕه‌گه‌زپه‌رستانه نییه و هه‌رگیز ڕقبوونه‌وه له عه‌ره‌ب نییه، به‌ڵام ئه‌مه
ڕاستییه‌که و له‌به‌رچاوه و چاره‌سه‌ریشی ڕێگه‌نه‌دانه به بوونی عه‌ره‌بی هه‌نارده
و هاورده و ئاواره و هه‌موو جۆره‌کانی دیکه، له کوردستان و گێرانه‌وه‌یان بۆ
زێدی خۆیان یا خڕکردنه‌وه‌ی ئاواره‌کانیان، وه‌ک کارێکی مرۆڤانه، له خێوه‌تگه و
ئۆردووگادا، به مه‌رجی چاودێری، تا ئه‌و کاته‌ی هه‌لی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێن و
نشینگه‌ی خۆیان هه‌ڵده‌که‌وێ.
له ساڵی 61ی کۆچی/ 680ی
زایینی، که ئیمام حوسه‌ین، له‌سه‌ر داوا و خواست و بانگهێشتنی خه‌ڵکی کووفه و
عیراق، له مه‌ککه‌وه وه‌ڕێ ده‌که‌وێ به‌ره‌و کووفه له عیراق بۆ وه‌ی ببێته
ڕێبه‌ری موسوڵمانان و دژی ده‌سه‌ڵاتی یه‌زیدی کوڕی موعاویه ڕاوه‌ستێ، له ڕێگه
تووشی فه‌ره‌زده‌ق(الفرزدق)ی شاعیر ده‌بێ، که به پێچه‌وانه‌ی ئیمام حوسه‌ینه‌وه،
له کووفه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌ککه. ئیمام حوسه‌ین هه‌واڵی کووفه و عیراقی
لێ ده‌پرسێ، ئه‌ویش ده‌ڵێ:"دڵیان له‌گه‌ڵته و شمشێره‌کانیان له‌بان سه‌رته(قلوبهم معك وسیوفهم علیك". عه‌ره‌بی کوردستان، هه‌مان ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ن،
ئه‌مانه نه‌وه‌ی موعاویه و یه‌زید و ئه‌مه‌وییه‌کانن و له‌سه‌ر ئایینی ئه‌وانن.
ئه‌مانه نه‌وه‌ی به‌عس و ئه‌نفالکه‌ر و داگیرکه‌ر و وێرانکه‌ری کوردستانن، هه‌رگیز
ڕێزه‌یه‌ک خۆشه‌ویستییان بۆ خاکی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی نییه، ئه‌گه‌ر هه‌زاران
ساڵیش به‌خێوی کردبن و داڵده‌ی دابن. ئه‌مانه هه‌میشه شمشێره‌کانیان له‌سه‌ر سه‌ری
کوردستانه.
- ماڵوێرانییه‌کی دیکه‌ی
ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی کوردستان، ئه‌و خۆشباوه‌ڕی و زیاد له پێویست بڕوابوونه‌یه به
ئه‌مه‌ریکا. ئه‌مه‌ریکا هه‌رگیز دۆستی که‌س نه‌بووه و نییه و ناشبێت. نه به‌ڵێنی هه‌یه
و نه دڵسۆزی هیچ که‌سێکه و نه به‌زه‌یی به که‌سیشدا دێته‌وه. ئه‌و وه‌دووی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی
خۆیه‌وه‌یه‌تی. ئه‌مه‌ریکا له چوارچێوه‌ی عیراقدا ده‌نۆڕێته کورد و ئێستاش له
تاکه یه‌ک لێدوانی ڕه‌سمی و باسێکی جیددی و دیپلۆماسیدا، وشه‌ی کوردستان یا کورد،
به زاری هیچ به‌رپرسێکیاندا نایه‌ت و وه‌ک گه‌لی عیراق و سنووره‌کانی عیراق و
وڵاتی عیراق و لێقه‌ومانی عیراق، باس له کوردستان ده‌که‌ن، ئه‌ویش بۆ کورد خۆی و
که‌سێکی شاره‌زای ئه‌و ناوچه‌یه، که نێوان دێڕه‌کان ده‌خوێنێته‌وه و تێده‌گا،
عیراق کوردیش ده‌گرێته‌وه، ده‌نا بۆ خه‌ڵکێکی ناشاره‌زا و دوور له مێژوو و ڕه‌وشی
ئه‌و ناوچه‌یه، هه‌رگیز ناتوانێ له‌وه تێ‌بگا، کورد، به‌شێکی گرنگی ئه‌و ده‌ڤه‌ره
و سیاسه‌تیه‌تی. ئه‌مه‌ریکا له‌م وه‌رزی سه‌رهه‌ڵدانی داعشه‌دا، ئێستا و له‌یه‌ک
کاتدا، چه‌ک ده‌داته عیراق و کوردستان و هیچ گومانیشت له‌وه نه‌بێت، له په‌ناوپێچه‌وه
به سوننه و داعشیشی ده‌دات! ئه‌مه‌ریکا چه‌ک ده‌فرۆشێ، چه‌ک ده‌ئه‌زمووێ و مه‌به‌ستیشێتی
هه‌رچی زۆرتره و هه‌رچی زووتره، خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینی، ئیسرائیلی لێ ده‌رچێ،
له‌کۆڵ بێته‌وه.
- سه‌رکرده‌یه‌تی
کوردستان یا سه‌رکرده‌یه‌تییه‌کانی کوردستان، چونکه له ڕاستیدا یه‌ک سه‌رکرده‌یه‌تی
نییه، هه‌میشه ده‌که‌ونه دوای ڕووداو و ده‌گلێنرێنه نێو ڕووداو و دوای لێقه‌ومانه‌کانه‌وه،
که قه‌وما و ناقڕه‌ی گرتن، ئه‌وجا باس له دانانی نه‌خشه و کار و چاره‌سه‌ر و
ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ده‌که‌ن. پێشبینیی له‌کن ئه‌وان نییه! پێکهاتن و یه‌کخستنی هه‌ڵوێسته
جیاوازه‌کانی خۆیان و دانانی نه‌خشه‌ی پێشوه‌خت و هاوئاهه‌نگیی و ئاماده‌یی له‌کن
ئه‌وان نییه! سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش، گه‌لێک بێمنه‌تانه و له‌خۆباییانه،
دێنه گۆ و ڕه‌وتار ده‌که‌ن، که ته‌واوی ئه‌و کرده‌یه، کاریگه‌رییه‌کی خراپ ده‌کاته
سه‌ر گه‌لی کوردستان و تۆوی بێ‌بڕوایی و نابه‌رپرسیاریه‌تی و بێهووده‌یی و دوودڵی و
نیگه‌رانی له‌نێو خه‌ڵکدا، دێنێته گۆڕێ.
هه‌ویری کورد ئاوکێشه و
نیگه‌رانییه‌کان گه‌لێکن و به چه‌ند دێڕێک نایه‌نه کۆتا.
7 – 8 - 2014
No comments:
Post a Comment