ئاخرنه
باخ
ئه‌مجه‌د
شاکه‌لی
ناردیانه‌وه یا هاته‌وه
یا هێنرایه‌وه، گه‌ڕێنرایه‌وه یا گه‌ڕایه‌وه، هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. دوای
پتر له ساڵ‌ونیوێک له نه‌خۆشخانه‌کانی ئه‌ڵمانیا، سه‌رۆککۆماری عیراق و سکرتێری
گشتیی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، گه‌یێنرایه‌وه سلێمانی. ئه‌و وه‌ک سه‌رۆککۆمار
پێشوازیی لێ نه‌کرا و ته‌نێ ماڵباتی تاڵه‌بانی و ته‌نانه‌ت بێ سه‌رکرده‌کانی حیزبه‌که‌یشی،
پێشوازییان لێ کرد.
تاڵه‌بانی، هه‌زار ساڵی
ته‌مه‌ن بێ و خوا ته‌مه‌نی نووحی بداتێ و خوا له ته‌مه‌نی یه‌کبه‌یه‌کی ئه‌ندامانی
حیزبی یه‌کیه‌تیی، هه‌ریه‌که‌و ساڵێک که‌م بکاته‌وه و بیخاته سه‌ر ته‌مه‌نی تاڵه‌بانی،
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی له دواڕۆژه‌کانی ساڵی 2012، که گه‌یێنرایه ئه‌ڵمانیا، ئیدی ئه‌و
وه‌ک سه‌رۆککۆمار و وه‌ک سکرتێری گشتیی، نه‌یتوانیوه کار بکات و کارا بێت و به
ته‌واوی له‌ژێر چاودێری بژیشک و چاره‌سه‌ردا بووه.
خه‌ڵک هه‌موو له ڕه‌وشی
تاڵه‌بانی تێگه‌یشتبوون، ته‌نێ یه‌کیه‌تییه‌کان نه‌بێ. ئه‌وان هه‌رگیز و ئێستایشی
له‌گه‌ڵ بێ، ئه‌و بوێری و ڕاستگۆییه‌یان نه‌بوو و به‌لای ئه‌وه‌دا نه‌ده‌چوون و نه‌یانده‌ویست،
ڕه‌وشی وی وه‌ک خۆی ببینن. گوته‌بێژێکیان به‌ناوی دوکتۆر و بنه‌ماڵه و حیزبه‌وه
دانابوو، هیچی له موحه‌ممه‌د سه‌عید ئه‌لسه‌ححاف(محمد سعید الصحاف) که‌متر نه‌بوو.
ڕۆژانه به بۆنه و بێ بۆنه، درۆی زه‌لام و شاخداری وای ده‌کرد، ته‌نانه‌ت
منداڵیش بڕوای پێ نه‌ده‌کرد. دوکتۆر ده‌یگوت، تاڵه‌بانی هه‌موو شه‌وێک به ته‌له‌فۆن
قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرد و سڵاوی ده‌گه‌یاند و وای ده‌گوت و وای ده‌فه‌رموو. تاڵه‌بانییه‌ک،
ئێستاش که له سلێمانییه، ئه‌گه‌ر بیتوانیایه یه‌ک ڕسته به ڕێکوپێکی بڵێ، چما
یه‌کیه‌تییه‌کان نه‌یانده‌کرده ڕۆژی خۆیان و ئه‌و ڕسته‌یه‌یان شه‌ووڕۆژ له
میدیاکانی خۆیانه‌وه لێنه‌ده‌دایه‌وه و دونیایان لێی پڕ نه‌ده‌کرد!
یه‌کیه‌تی ده‌بوو هه‌ر که
تاڵه‌بانی برا بۆ ئه‌ڵمانیا، ئیدی سکرتێرێکی گشتییان بۆ خۆیان دانابا و عیراقیش ده‌بوو،
جێگرێکی تاڵه‌بانییان کردبایه‌ته سه‌رۆککۆمار و ئیدی ده‌رگای ئه‌و هه‌موو درۆیه‌یان
داخستبا و واقیعه‌که چۆنه به‌و جۆره جووڵابانه‌وه.
هێنانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له‌م
کاته‌دا، ڕه‌نگه به‌شێکی پێوه‌ندی به لایه‌نی بژیشکی و چاره‌سه‌ر و نه‌خۆشییه‌که‌یه‌وه
هه‌بێت، به‌ڵام پێوه‌ند و کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به ڕه‌وشی ئێستای عیراق و
کوردستانه‌وه هه‌یه، که عیراق وه‌ک وڵاتێک هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه و یه‌کپارچه‌یی
خاکه‌که‌ی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه.
وه‌ک سیاسییه‌کی کارامه
و زمانلووس و عه‌ره‌ب گوته‌نی: له‌بله‌بان(لبلبان)، تاڵه‌بانی، نه‌ک هه‌ر ئێستا،
به‌ڵکه ته‌واوی ژیانی سیاسیی خۆی و هه‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی جه‌لالیزمه‌وه وه‌ک
فێرگه‌یه‌کی سیاسیی له کوردستان، له شار بووبێت یا له چیا، له هه‌نده‌ران
بووبێت یا له وڵات، ڕانه‌کوچۆغه‌ی له‌به‌ر بووبێ یا پانتۆڵوچاکه‌ت، به کوردی قسه‌ی
کردبێ یا به عه‌ره‌بی، هه‌میشه ستوون و کۆڵه‌که و پایه‌ی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی
خاکی عیراق بووه و هه‌میشه کاری بۆ عیراقییاندنی کورد کردووه و هه‌میشه سه‌ری
کوردی له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقدا نه‌وی کردووه و هه‌میشه سازشی له‌سه‌ر
به‌رژه‌وه‌نده باڵاکانی گه‌لی کوردستان کردووه. هه‌رگیز هیچ کێشه و پرسێکی
گرنگی، به تایبه‌ت پێوه‌نددار به کوردستان و کورده‌وه، چاره‌سه‌ر نه‌کردووه.
ئه‌و وه‌ک که‌سێک که چۆن هه‌موو خاشاک و پۆخڵییه‌کان گسک بدات و ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی
له‌به‌رچاو لایانبات، بیانکاته ژێر ڕایه‌خه‌که‌وه، ڕێک وای کردووه. پرس و کێشه
و گرفته‌کانی ماڵیونه‌ته ژێر ڕایه‌خه‌که‌وه و شاردوونیه‌وه و دایپۆشیون. ئه‌و کێشه‌کانی
پینه کردووه، بۆیه هه‌مووده‌م هه‌ڵته‌قاونه‌وه و سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ته‌وه و
نوێبوونه‌وه.
ئێستا ئه‌و نه‌خۆشه و له‌ڕه‌وشێکی
تایبه‌تدایه و قسه ناکات و ئاگای له‌خۆ نییه، لێ قسه و بیروباوه‌ڕه‌کانی، خه‌ڵکانی
دیکه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی و حیزبه‌که‌ی ده‌یخوێننه‌وه و تێیده‌گه‌ن و پێڕۆی ده‌که‌ن.
ئه‌وان چۆنیان بووێ وا لێکی ده‌ده‌نه‌وه.
حاجی برایمی شاتری، له
دوای کۆچی‌دوایی حاجی قادری شاتری مامی، یادیان به‌خێر، بوو به سه‌رۆکی هۆزی
شاتری. حاجی برایم، پیاوێکی خوێندوو و شاعیر بوو. زمانی تور بوو و زۆر په‌له قسه‌ی
ده‌کرد و تێگه‌یشتن لێی سه‌خت بوو. له دوا ساڵه‌کانی ژیانیدا زمانی تورتر بوو و
گه‌لێ سه‌ختتر مرۆڤ لێی تێده‌گه‌یشت و ته‌نێ که‌سه نزیکه‌کانی خۆی لێی تێده‌گه‌یشتن.
ساڵی 1998 له‌ته‌ک کاک سه‌لاحی برامدا چووینه خزمه‌تی. من خه‌می ئه‌وه‌م لێهاتبوو
چۆن لێی تێبگه‌م. کاک سه‌لاح پێی‌گوتم، که‌سێکی خۆیان قسه‌کانی بۆ ئێمه وه‌رده‌گێڕێ.
ڕیک وابوو. نه به‌خێرهێنان و نه پرسیار و نه قسه‌وباسه‌کان، که له‌گه‌ڵی ده‌کردم، تاکه یه‌ک وشه‌یشی تێنه‌ده‌گه‌یشتم. کوڕێکی یا
کوڕه‌زایه‌کی مێردمنداڵی له نێوانماندا دانیشتبوو، ئه‌و قسه‌کانی حاجی بۆ من وه‌رده‌گێڕا
و له مه‌به‌سته‌کانی تێیده‌گه‌یاندم. ئیدی هه‌ر به‌و جۆره‌ش ماڵباتی حاجی، ته‌واوی
قسه و مه‌به‌ست و بیروڕاکانی ئه‌ویان ده‌خوێنده‌وه و لێکده‌دایه‌وه و پیاده ده‌کرد.
تاڵه‌بانی، زمانی تور نه‌بوو
و ئێستاش تور نییه و به‌په‌له قسه‌ی نه‌ده‌کرد و ئێستاش به‌په‌له قسه ناکات،
ئه‌و هه‌ر قسه ناکات، ته‌واوی ئه‌وه‌ی له مێشکی ئه‌ودایه به مه‌یلی ماڵباته‌که‌ی
و که‌سه‌نزیکه‌کانی، لێکده‌درێته‌وه و پێڕۆ ده‌کرێ و وه‌گه‌ڕ ده‌خرێ و جێبه‌جێ ده‌کرێ.
له‌بری ئه‌وه‌ی وه‌ک نه‌خۆشێک
مامه‌ڵه بکرێ و دشداشه‌یه‌کی له‌به‌ر بکرێ و ئارام و ئاسووده بحه‌سێته‌وه و له
سیاسی و سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و هه‌موو ئه‌و یارییانه دوورخرێته‌وه، ئه‌و هه‌موو
ڕۆژێک ملپێچێکی سوور و قاتێک پانتۆڵ و چاکه‌تی له‌به‌ر ده‌کرێ و په‌یتاپه‌یتا شاند
و خه‌ڵک و سیاسه‌تکار دێن و ده‌هێنرێنه سه‌ردانی، که ئه‌وه بارگرانییه‌که بۆ
ئه‌و و تا ڕاده‌یه‌کیش ئازاردانی ئه‌وه.
ئه‌و هێنرایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی:
- چه‌کدارانی ئێرانی و به‌در،
به‌ناوی پاراستنی شوێنه پیرۆزه‌کانی شیعه‌وه، له ڕێگه‌ی سلێمانییه‌وه بگه‌یه‌نرێنه
که‌رکووک و تاووغ و خورماتووی کوردستان.
- شانده‌کانی ئێران و
حوکوومه‌تی به‌غدا و حیزبی یه‌کیه‌تیی له سلێمانی کۆبوونه‌وه بکه‌ن و نه‌خشه‌ی
پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکی عیراق دانێن.
- ڕیسه‌کان بکرێنه‌وه به
خۆری و هه‌موو باسێک له هه‌ڵوشاندنه‌وه‌ی عیراق و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، گرفت
بخرێته ڕێی و به‌ر به شه‌پۆلی ویستی خه‌ڵکی کوردستان بگیرێ.
- قه‌وانی سواوی عێراقی
هیوا و ئاشتی و برایه‌تی و یه‌کپارچه‌یی، هه‌میشه لێ بدرێته‌وه و خه‌ڵکی کورد له
هیوا و ئاواته‌کانی بۆ سه‌ربه‌خۆیی، دووخرێنه‌وه و سارد کرێنه‌وه، چونکه ئه‌و
ئاواتانه به‌لای ئه‌وانه‌وه، خه‌ونی شاعیرانه.
- فوئاد مه‌عسووم، شاگرده
گوێڕایه‌ڵه‌که‌ی بنه‌ماڵه و درێژه‌پێده‌ری ڕێبازه سازشکارییه‌که‌ی تاڵه‌بانی،
بکرێته سه‌رۆککۆمار، تا کورد بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خانه‌ی یه‌که‌می گه‌مه‌ی مار و په‌یژه‌که.
- ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی
بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و که‌سه نزیکه‌کانی زیاتر بچه‌سپێنرێن و به‌ره‌به‌ره هه‌موو
ئه‌وانه‌ی له‌نێو حیزبه‌که‌یدا نووزه‌یه‌کیان لێوه دێ، که‌نار خرێن.
- به‌شێکی زۆری ئه‌جیندا
و نه‌خشه‌کانی عیراق و حوکوومه‌ته فشۆڵه‌که‌ی و ئێران و عه‌ره‌ب و زۆرێک له نه‌یارانی
کورد، تێپه‌ڕێنرێ.
هه‌موو ئه‌وانه و خودا
ده‌زانێ چی دیکه!
له فۆلکلۆری کوردی‌دا گوتراوه:
ناسکۆڵه‌ی نازه‌نینم یاخوا به‌خێربێ
ده‌رکه‌و لاروله‌نجه‌که‌ی
ئه‌نجامی خێر بێ
تاڵه‌بانی هێنرایه‌وه،
یاخوا به‌خێربێته‌وه، به‌ڵام خوا به‌خێری بگێڕێ و خوا بکات ئه‌نجامی خێر بێت و
تورکمان گوته‌نی:"ئاخرنه باخ" واته: ته‌ماشای کۆتاییه‌که‌ی که!
31 – 7 - 2014
No comments:
Post a Comment