خۆکێشانه‌وه له به‌غدا به قازانجی کورده
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
جاروبار
گوێم له خه‌ڵکانێک ده‌بێت، که باس له دانوستاندنه‌کانی ده‌ستووری عیراق ده‌که‌ن،
ده‌ڵێن: خوانه‌کرده ئه‌گه‌ر پێکنه‌هاتن و خودانه‌خواسته ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام،
ئه‌وا ڕه‌وش تێکده‌چێت و کورد بێ ئه‌نجام ده‌گه‌ڕێته‌وه. من ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه
بیر ده‌که‌مه‌وه و ده‌ڵێم خوداخواسته پێکنه‌یه‌ن و خوداکرده نه‌گه‌نه ئه‌نجام،
به‌ڵکه سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستان بگه‌ڕێته‌وه کاوله‌که‌ی خۆی و ماڵه‌که‌ی
خۆی یه‌کخات و بڕیاری گه‌ل، ته‌واوی گه‌لی کوردستان بهێنێته جێ و له‌گه‌ڵ عیراقدا
بیقرتێنێت. که ته‌ماشای که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆنه عه‌ره‌بییه‌کان ده‌که‌یت و گوێت
له قسه‌ی عه‌ره‌ب ده‌بێت و ڕۆژنامه‌کانیان ده‌خوێنییه‌وه و گوتاره‌کانیان له ماڵپه‌ڕی
ئینته‌رنێتدا ده‌بینیت و میدیای عه‌ره‌ب ده‌هێنیته پێش چاوی خۆت، هیچ وشه‌یه‌کی ئه‌رێنیت
له‌مه‌ڕ خواسته‌کانی گه‌لی باشووری کوردستانه‌وه گوێ لێ نابێت. دیاره ئه‌مه دیارده‌یه‌کی
نوێ نییه و منیش به ته‌نێ به‌و ئه‌نجامه نه‌گه‌یشتووم. عه‌ره‌ب به ده‌نگی به‌رز
دژ به کورد هاوار ده‌که‌ن و هیچ بۆ کورد به ڕه‌وا نابینن. له پاڵ ده‌نگی بڵندی
عه‌ره‌بدا، دیاره که ده‌ڵێم عه‌ره‌ب مه‌به‌ستم هه‌موو عه‌ره‌بی سه‌ر گۆی زه‌وییه،
نووزه‌یه‌کی دیکه‌ش لێره و له‌وێ به‌رگوێ ده‌که‌وێت ئه‌ویش نووزه‌ی تورکمان و بڕێک
له ئاشووری و ئه‌وانی دیکه‌یه. ئه‌و خه‌ڵکانه‌ش ڕێک به بای عه‌ره‌بان شه‌ن ده‌که‌ن
و به زۆڕنای ئه‌وان دێنه سه‌ما و هه‌موویان ته‌واوکه‌ری یه‌کدین. سه‌رکردیه‌تیی
سیاسیی کورد ئه‌گه‌ر خۆی و گه‌لی کوردستانیش نه‌خه‌ڵه‌تێنێت، ئه‌وا ته‌واوی ئه‌و
مانه‌وه‌یان له به‌غدا و به‌شداربوونیان له دانیشتنه‌کانی گوت‌وبێژی ده‌ستووردا و
هه‌موو دانیشتنه‌کانی دیکه‌ی چێ‌کردنی عیراق و دامه‌زراندنه‌وه و یه‌کخستنی عیراق و
هه‌وڵدانیان بۆ پاراستنی یه‌کیه‌تیی خاکی عیراق، ماندووبوونێکی مایه‌پووچ و بێهووده‌یه
و ده‌بوو هه‌ر له ڕۆژی یه‌که‌می ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه ده‌رکیان پێ کردبا. ئه‌گه‌ر
ته‌واوی ئه‌و ماندووبوونه‌یان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی کارگێڕی و حوکوومه‌ته‌کانی خۆیان(هه‌ولێر
و سلێمانی) ته‌رخان کردبا، ئێستاکه باره‌که جۆرێکی دیکه ده‌بوو. خۆگرێدان به به‌غدا
و عیراقه‌وه و به‌هاواره‌وه‌چوونی عیراق له لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستانه‌وه،
بۆ خۆی سازش بوو و نزمته‌ماشاکردنی گه‌لی کوردستان بوو و خۆدزینه‌وه بوو له
خواسته ڕاستینه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان. به‌ده‌مه‌وه‌چوونی عیراق و گوێدانه قسه‌ی
عیراقییان و چاوه‌نواڕی خێر و به‌ره‌که‌ت له عه‌ره‌ب و عیراق و عیراقییانه‌وه، بۆ کورد، له باشترین حاڵ‌دا پاشه‌کشه
و په‌شیمانبوونه‌وه و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی له دوایه. ڕۆژێکی زیاتری مانه‌وه‌ی سه‌رکردیه‌تیی
سیاسیی کورد له به‌غدا و خۆشه‌که‌تکردنیان به عیراق و عیراقییانه‌وه و هه‌ر سستی
نواندنێکیان، پاساوێکه بۆ ئه‌مه‌ریکا، که ده‌سه‌ڵاتداری ڕاستینه‌ی عیراقه، بۆ
ناچارکردنی کورد و پتر گوشارخستنه سه‌ر کورد و پتر سه‌رنه‌ویکردنی کورد بۆ
پاراستنی عیراق و یه‌کیه‌تیی خاکه‌که‌ی و ده‌ستبه‌رداربوون له خواسته بنه‌ڕه‌تی
و کرۆکییه‌کانی گه‌لی کوردستان وه‌ک ئه‌وه‌ی گه‌لی کوردستان ده‌یه‌وێت(سنووری کوردستان
و مووسڵ و که‌رکووک و شه‌نگال و شێخان و خانه‌قین و مه‌نده‌لی و به‌دره و جه‌سسان،
فیدرالی، مافی چاره‌نووس، پێشمه‌رگه، سامانی سروشتی و...) و نزمبوونه‌وه و چۆکدادان
و دابه‌زینه بۆ ئاستی ئه‌وه‌ی، که عه‌ره‌ب و عیراقییان بۆ کوردی به ڕه‌وا ده‌بینن.
هه‌ر پێکهاتنێک له‌مه‌ڕ ده‌ستووره‌وه بکرێت و ئه‌و مافه ڕه‌وایانه‌ی کوردی تێدا
نه‌بێت یا ڕێزه‌یه‌کی لێ که‌م کرابێته‌وه، ئه‌گه‌ر له ژێر گوشاری ئه‌مه‌ریکا و
زلهێزانی دیکه‌شدا بێت، که ده‌یانه‌وێت کورد بکه‌نه قوربانیی خه‌ڵکی دیکه، ده‌کاته
سازشێکی گه‌وره له لایه‌ن سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستانه‌وه و هیچ پاساوێکی
نییه و ناکرێ له ناپاکی زیاتر چ نێوێکی دیکه‌ی لێ بنرێت.
20/8/2005
No comments:
Post a Comment