Monday 17 December 2018

حەکیم کاکەوەیس، هەواری خەم، ڕووباری وشەی جوان

حەکیم کاکەوەیس،
هەواری خەم، ڕووباری وشەی جوان
ئەمجەد شاکەلی
دواجار کاک حەکیمم بینی، لە نەخۆشخانەی یەڤلە (Gävle) بوو، ئەو شارەی لە سوێد تێیدا دەژیا. 16 ئوکتۆبەری 2018 بوو. کاک ئۆمیدی کوڕی ویستی عارەبانەکەی باوکی بباتە خوارەوە و منیش هەر دەمگوت نەخێر خۆم دەیبەمە خوارێ. ژوورەکەی کاک حەکیمی تێدا بوو، لە نهۆمی دەیەمی نەخۆشخانەکە بوو و بۆ جگەرەکێشان دەبوو بچووبایە خوارێ و لە دەرێی نەخۆشخانەکە جگەرە بکێشێت. کاک حەکیم وەک هەموودەم تامەزرووی جگەرەکێشان بوو، هەموودەم بە چێژەوە مژی لێدەدا و تەنانەت لەو ڕەوشەیشیدا هەردەبوو بیکێشابا. ساڵانێک بوو، ڕێک لە ساڵی 1989 بە دواوە، کە ئیدی بۆ خۆم وازم لە جگەرەکێشان هاوردبوو، هەمیشە هەوڵم لەگەڵ دەدا بۆوەی واز لە جگەرەکێشان بهێنێت، چون من بۆ خۆم دەردی جگەرەکێشانم دیتبوو و بە هۆیشییەوە گیرۆدەی گەلێ ناساغی بووبووم. ئەو هەوڵانەی من لەگەڵ کاک حەکیمدا، هەرگیز سوودی نەبوو و هەمیشە دەیگوت:"بەخوا ئەوە خوویەکی خراپە لە تۆدا، کە هەمیشە باسی دەستبەردابوونم لە جگەرەکێشان دەکەیت". حەزم دەکرد جێینەهێڵم و زۆرترین کات لەگەڵی بم، بۆیە گەرەکمبوو هەر خۆم بە عارەبانەکەوە بیبەمە خوارێ، بۆوەی بتوانین زیاتر قسان بکەین. ئیدی لە ژوورەکەیەوە تا نێو ئەسانسۆرەکە و بڕینی دە نهۆم بۆ خوارەوە و لەوێشەوە بۆ دەرێی نەخۆشخانەکە و کێشانی جگەرەیەک و هەندێ دەردەڵ و قسەگۆڕینەوە و دیسان گەڕانەوەمان بۆ ژوورەکەی، نزیکەی سێچارەکە سەعاتێکی  پێدەچوو و ئیدی ئەوە بۆ خۆی دەرفەتێک بوو، بۆوەی پتر قسە بکەین. سێ جاران ئەو جگەرەی کێشا و منیش لەگەڵیدا چوومە دەرێ. بۆ سبەینێی ڕۆژی دواتر 17ی ئۆکتۆبەر، دەبوو بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە یەکەم چوونە خوارەوەماندا، بە ڕوویەکی خۆش و دەم بە خەندەوە پێی گوتم:" دەزانی گەلێ دڵخۆشم"، گوتم:"یاخوا هەمیشە دڵخۆش بیت"، گوتی:"دەزانی لە خودا پاڕاماوە، هێزم بخاتەوە بەر و ژیانم لێ نەستێنێ، تا ڕۆمانەکەم تەواو دەکەم، خودا بە هانامەوە هات و نزاکەمی قەبووڵ کرد و ئەو بەشەی کۆتایی ئەم دواڕۆمانەم، کە ساڵانێکە خەریکیم، تەواو کرد، ئیدی ئەگەر بشمرم چ کێشەیەک نییە و بە ئارامی و دڵخۆشی سەردەنێمەوە، چونکە لە نووسینی ڕۆمانەکەم بوومەوە و ناردیشمەوە بۆ کوردستان"، گوتم:"هیوادارم هەر بمێنی و دەیان ڕۆمانی دیکەش بنووسیت". گوتی:"نا نا ئەوە ئیتر، کە نابێت، من تەواو و هیچم نەماوە". ناڵێم هێندەی کاک حەکیم، بە تەواوکردنی ڕۆمانەکەی دڵخۆش بووم، چونکە ئەوە داهێنان و ڕۆمانی ئەو بوو، لێ دنیایەکم پێ خۆش بوو و حەمکەیەک بەو هەواڵەی گەشامەوە و دەمزانی بێگومان کارێکی جوان و داهێنانێکی کردووە و ئەوەش دەبێتە ستوونێک و کۆڵەکەیەک، بۆ ژێر دەوار و ماڵۆچکەی ئەدەبییاتی کوردی.
ماڵمان لە گەڕەکی هێلێنەلووند(Helenelund)ی شاری ستۆکهۆڵم بوو، پاش شیو، ئێوارەیەکی کۆتایی هاوین یا دەسپێکی پاییزی 1984بوو، دۆست و هاوڕێم کاک فەرهادی عەبدولقادر(فەرهاد ئازاد)، زەنگێکی بۆ لێدام، ئەودەمی تەلیفۆنی ماڵان هەبوو، دوای چاک و خۆشی و ئەوانە، گوتی:"بۆ نایەن بۆ ئێرە، بۆ ماڵی خۆمان، هاوڕێیەکی کەرکووکیی خۆمانەیش، کە تازە هاتووە لێرەیە و پێمخۆشە لە نزیکەوە یەکتر بناسن". منیش پرسیاری ناویم کرد و ئەویش پێی گوتم:"ناوی حەکیم عەبدوڵڵایە". منیش بە کاک فەرهادم گوت:"مادام کەرکووکییە، بێگومان خۆمانەیشە، ئەوە ئیدی بەرامەی گەرمیانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ئەو هاوڕێیە میوانی تۆیە، میوانی منیشە و ئێوە کەستان میوان نین و ئێوە بفەرموون بۆ لای ئێمە و ماڵ ماڵی خۆتانە، لە خزمەتتاندا دەبین و لە ڕووی کردەییشەوە من ئۆتۆمبیلم نییە و هاتنی ئێوە ئاسانترە". ئیدی لە کاک فەرهاد خوڵک لە من خوڵک، کاک فەرهاد کاری ڕاست بێ، قایل بوو و خۆی و خێزانی و هەردوو کوڕە گچکەکانی و کاک حەکیمیش خۆی و خێزانی و هەردوو کوڕە گچکەکانی هاتن. ئێمەیش "سوعاد"ی خێزانم و "ناز"ی کچم، کە ئەودەمە تەمەنی هەر حەفت هەشت مانگێک دەبوو، کاک حەکیم، تازەکی لە کوردستانەوە هاتبوو و ئەو بەرامەی باران و دۆمەڵان و گوڵاڵەسوورە و گڕە و گەردەلوولی گەرمیان و نێرگزی کوێستانی کوردستانی لەگەڵ خۆیدا هاوردبوو. وێکڕا ئێوارەیەکی خۆشمان بەدەم باسی کەرکووک و گەلێ شتی دیکەوە بەسەر برد و هەر دەتگوت دەیان ساڵە لەگەڵ کاک حەکیمدا یەکدی دەناسین. ئەوە یەکەم دیداری کاک حەکیم عەبدوڵڵا، کە دواتر عەبدوڵڵاکەی نەما و بوو بە حەکیم کاکەوەیس و بەندە بوو، ئیدی لەو دەمیەوە(1984) تا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندا بوو(17-11-2018) و ڕۆژی دواتر بەجێیهێشتین، کاک حەکیم، دۆست و هاوڕێیەکی گەلێک نزیکم بوو و بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە، نێوانمان تا دەهات خۆشتر و گەرمتر دەبوو و هەرگیز بۆ یەک چرکەیش زویری یا لێکتێنەگەیشتن نەکەوتە نێوانمانەوە.
کاک حەکیم، لە یەکەمجاری یەکتر ناسینمانەوە، ئیدی نەک هەر تەنی هاوڕێی من بوو، بەڵکە هاوڕێی منداڵەکانیشم بوو و منیش هاوڕێی منداڵەکانی ئەو بووم. کە دەهاتە سەردانمان، کچەکانم، ناز، ڕاز و پەری، لە ئێمەی گەورەکان زیاتر کەیفساز دەبوون و دەگەشانەوە. کە لەم دواییەدا لە نەخۆشخانە بوو، کچەکان گەلێک بە پەرۆشەوە بوون، سەردانی بکەن و لە نزیکەوە چاویان پێی بکەوێ و هەر بەو جۆرەشمان کرد و وێکڕا چووینە سەردانی. کە ڕاز و پەری بینین، ماشەڵڵای دەکرد و دەیگوت؛"ماشەڵڵا ئەو کچانە چەندە میهرەبان و ڕێکوپێکن و کێ دەزانێ ئەوانە منداڵەکانی جارانن. ئەو پەرییە، کە سێزدە و چواردە ساڵان بوو، جارێکی جلکی پەڵەپەڵەی کەسکی سەربازی لەبەر کردبوو و جووتێ کەوش (پۆستاڵ)ی ئەستوور و قەبەی سەربازیی لەپێ کردبوو، ئەودەمە کەس نەیدەوێرا قسەی لەگەڵ بکات، کەچی ئێستا ئەم مرۆڤە نیان و میهرەبانەی لێ دەرچووە". لەگەڵ (ڕاز)ی کچمدا نزیکییەکی پتری لە کچەکانی دیکەم هەبوو. ئەوەش بۆ خۆی چیرۆکێکە. ڕاز، هێشتا شەش حەفت هەشت مانگان بوو، لە گالیسکەی منداڵاندا دادەنیشت، ئەگەر هەموو ڕۆژێک نەبووایە، زۆرینەی ڕۆژەکانی حەفتە و بۆ ماوەی چەند مانگێک، لەگەڵ دایکی و لەگەڵ مندا، دەچووینە سەردانی نەخۆشخانەی کارۆلینسکا(Karonliska), لە گەڕەکی سۆڵنا (Solna)ی شاری ستۆکهۆڵم, بۆ سەردانی کاک ئازاد موستەفا، کە ئەودەمی لەوێ بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشییەکەی، کە شێرپەنجە بوو، دەمایەوە. ڕاز، گچکە بوو و لەو چەند سەعاتەی لەوێ دەبوو، لەنێو گالیسکەکەیەوە، بەدەم هەموو ئەو کەسانەی سەردانی کاک ئازادیان دەکرد، پێدەکەنی و دەگەشایەوە و ئەوانیش بە خەندە و بزەیەک بەرسڤیان دەدایەوە. ڕاز، لەگەڵ کاک حەکیمدا پێوەندێکی تایبەتی پەیدا کردبوو و نێوانیان گەلێک خۆش بوو. ئەو پێوەندەی کاک حەکیم و ڕاز، هەر بەردەوام بوو، تا ئەو ڕادەیەی لە خۆشەویستیی ڕازەکەی من، کاک حەکیم ناوی ڕازی لە تاقە کچەکەی خۆی نا.   دواجار، کە چوومە لای کاک حەکیم، (ڕاز)ی کچم، بە مندا ئاوی زەمزەمی بۆ نارد، کاک حەکیم گوتی:" مادام ڕاز بۆی ناردووم، باوەڕم پێیەتی و بە هیوای چاکبوونەوە، دەیخۆمەوە". ئەو چەند جارانەی دوایی، کە چوومە سەردانی، خورماوڕۆنم بۆ دەبرد، دەمزانی ئەوە جوانترین دیارییەکە، کاک حەکیم دڵخۆش دەکات و هیچ شتێک لە سەرووی ئەوەوە نییە، دەمگوت:"کاک حەکیم، خورماوڕۆنم بۆ هێناوی، خورماوڕۆن، یەکەمی بێ ڕکابەر و دەرمانی حەوت دەردان" ئای کە پێی خۆش بوو، ئای کە پێی دەگەشایەوە. دەیگوت:" ئەشهەدو وایە و زیاتریش...". 
هەر جارێک نامەم بۆ ناردبا یا بە تەلیفۆن قسەمان کردبا، دەمگوت:"کاک حەکیم سڵاوم بە هەموو کاکەوەیسان بگەیەنە" و ئەویش سڵاوی بۆ هەموو شاکەلییان دەنارد. من ئەوم وەک یەکێک لە شاکەلییان و ئەو منی وەک یەکێک لە کاکەوەیسان دەبینی و دەژمارد. ئەو لە ماڵی ئێمەدا و من ماڵی ئەواندا نامۆ نەبووین، خۆیی بووین و پێویستیمان بە خوڵک و فەرموو فەرموو و ئەوانە نەبوو. کاک حەکیم، خۆشەویستی و ڕێزێکی تایبەتی بۆ باوکم هەبوو و باوکیشم خوێنەرێکی باشی نووسینەکانی ئەو بوو و هەموو جارێ بە ئەرێنی باسی دەکردن و دەیگوت:"بەخوا ڕێک لەبنی هەمبانەکە دەدات و قسەی دڵی ئێمە دەکات".
دوو شتی یەکجار گرنگی هاوبەشی نێوان کاک حەکیم و من، کە دانیشتن و دیدار و قسەوباس و تەلیفۆن و نامە و کرۆکی هەموو بوونمانیان داگیرکردبوون، کەرکووک و خورما بوون. سەدلەسەد لە هەموو باسوخواس و دید و بۆچوون و بیروڕایەکماندا لەمەر کەرکووک و خورماوە، کۆک بووین و موو بە نێوانماندا نەدەچوو و هاوڕا بووین، تەواو هاوڕا. ئێمە کە باسی کەرکووک و خورمامان دەکرد، وەک دوو عاشق، وەک دوو دڵدار، چۆن باسی مەعشووق و دڵدار و خۆشەویستەکانیان دەکەن، بەو جۆرە باسمان دەکردن. جارێک لەم ساڵانەی دواییەدا بۆ یەکەمجار لە کەرکووک پێکەوە بووین و پیاسەیەکی باشی ئیمام قاسم و قەڵا و کەمێکیش ڕەحیماواما و ئەو ناوەمان کرد. بۆ کەرکووک دەسووتاین و دنیایەک تێبینی و سەرنج و بیرۆکە و نەخشەمان هەبوون، لێ لە خۆمان زیاتر تاکە سیاسییەکی هەوساربەدەستی کورد، هەرگیز گوێی لە ئێمە و خەڵکانی مانەندی ئێمە نە دەگرت و نە دەگرێ. کاک حەکیم، هەموو جارێک لێی دەپرسیم:"ئەگەر خودا کاریکی وا بکات و بچیتەوە عیراق و لەنێو دەسەڵاتی بەغدادا کارێکت پێ بسپێرن، ئیدی وەک وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ئەوانە، حەز دەکەیت  بکرێی بە چی؟". دەمگوت:"کاک حەکیم تا مشەخۆر و مەراییکار و کاسەلێس هەبن، کەسانی مانەندی تۆ و من و ئێمەئاسا چۆن دەکرێین بەوەزیر یا بەڕێوەبەری گشتی! تۆ لە خودات گەرەکبێ دارکاریمان نەکەن" دەیگوت:"دەی ئەمە دنیایە و لەوانەیە هەڵە بکەن و لە دەستیان دەرچێ و کارێکی وەهات پێ بسپێرن". بێ یەکودوو دەمگوت:"وەزیری خورما". دەیگوت:"ئەی ئەگەر بەڕێوەبەری گشتی بیت". دەمگوت:"بەڕێوەبەری خورما". دەیگوت:"ئەی لەوە خوارەوەتر". دەمگوت:" هەرشتێک پێوەندی بە خورماوە هەبێت دەیکەم". ئیدی هەر خەیاڵم بۆ کارێکی سەر بە خورما و پێوەند بە خورما دەچوو و بە دەوری خورمادا دەسووڕایەوە و لە بازنەی خورما نەدەهاتە دەرێ. دەیگوت:"دەی ئەگەر ئەوانە نەبوون". دەمگوت:"کەی کێشەیە، وردەوردە دێمە خوارێ تا خورمافرۆشیی سەر عارەبانەشم قەبووڵە، مادام پێوەندی بە خورماوەیەوە و هاوڕێی خورمام". ئیدی سەدان خەیاڵی هاوبەشمان لە دەوری خورما و جۆرەکانی خورما و خورماوڕۆن، تا ڕادەی ڕواندنی "دارخورماوڕۆن"، هەڵدەچنین و بە سەعاتان لەسەر ئەو باسە درێژەمان بە قسان دەدا. وەنەبێ ئەوە تەنیا یەک جار ڕوویدابێ، بەڵکە هەر کە یەکدیمان دەدی یا زەنگمان بۆ یەکدی لێدەدا یا نامەمان بۆ یەکدی دەنارد، کەرکووک و خورما، دوو بابەت بوون، هەرگیز لای ئێمە کۆتاییان نەدەهات و لەبن نەدەهاتن.
کاک حەکیم، وەک خێزان و ماڵبات، سەر بە چینێکی دەشتەکی ئاوایینشینی وەرزێری هەژاری جڤاکی کوردستان بوو و کوڕی باوکێک بوو، کە کۆمۆنیست بووبوو و باپیرێکیش، کە هەر وەک کۆمۆنیست، لەلایەن جەلالییە دژەکۆمۆنیستەکانەوە سەیر کرابوو، لێ کاک حەکیم بۆ خۆی، ڕێچکەکەی ئەوانی نەگرتبووەبەر و وەک ئەوان بیری نەدەکردەوە و لەو بازنەیە هاتبووە دەرێ. ئەو خۆی لەنێو "فێرگەی بیری نەتەوەیی کوردی"یدا دۆزیبووە، کە ئەو سەردەمانە کاژیک و دواتریش پاسۆک خۆیان بە نوێنەر و دامەزرێنەری ئەو فێرگەیە دەزانی لە کوردستاندا. تەواوی خولیا و هویری کاک حەکیم، لەنێو و بە دەوری ئەو دیدەدا دەخولایەوە. جیهانبینی کاک حەکیم و هەڵسەنگاندنی ئەو بۆ سیاسەت و هەموو بزاڤی مرۆڤایەتی و گوڕانکارییەکانی جیهان، لە دەلاقەی کورد و کوردبوون و کوردستانەوە دەبینران. خوێندنەوەی ئەو بۆ مێژوو و دەوروبەر و مرۆڤایەتی، خوێندنەوەیەکی نەتەوەییانە بوو. کرۆکی هزرین و پێوەری ئەو، بۆ هەموو گۆڕانکارییەک و ڕووداوێکی ئەم جیهانەی، لە چاوی کوردێکەوە دەبینی و هەموو شتێکی بە باڵای کورد دەگرت، جا ئەگەر کورتی بهێنایە، پێی خراپ بوو و پێچەوانەکەیشی باش، ئەو، هێندەی نەتەوە و کورد و کوردبوونی، مەبەست بوو، هێندە سۆراخی کێشەی هەژاری و چینایەتی نەدەکرد. لەنێوان بیرکرنەوەی کاک حەکیم و مندا، ئەو جیاوازییە هەبوو. من کێشەی چینایەتیم هەرگیز لە کێشەی خاک و وڵات و نیشتمان و نەتەوە، جودا نەدەکردەوە و پێموابوو و وایە، دەبێ ئەوانە شان بە شانی یەکدی بڕۆن و خەباتیان بۆ بکرێ، چون باسنەکردن و خۆلەقەرەنەدانی هەژاران و چەوساوان و چینەکانی خوارێی پلیکانەی جڤاک و  کێشەی چینایەتی، خۆلادانە و دوورەپەرێزییە لە باسی دادوەری و یەکسانی مرۆڤ. ڕزگاربوونی کورد و یەکبوونی کورد و ڕزگاربوون و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، پرسێک بوو، بەندە سەدلەسەد لاریم لێی نەبووە و نییە و هەموو دەمێکیش بە هەموو توانستێکی خۆم لەگەڵیدام و بۆی دەکۆشم، کاک حەکیمیش ئەوەی دەزانی، لێ بیری تەسکی نەتەوەیی و پێداهەڵدان و بڵندکردنەوەی کورد بۆ حەلحەلەی ئاسمان و تێزی سڕینەوەی خەڵکی دیکەی ناکورد و شۆخییکردن بە نەتەوە و گەلی دیکە و بیر لە چێکردنی کوردستانێکی سەرمایەداریی، نیوولیبرالی و بازاڕی ئازاد، کە تەنێ چینەباڵاکانی کۆمەڵی کوردستان لێی سوودمەند بن و  تەنێ بۆ کورد، من ئەوەم پێ هرس نەدەکرا و ناکرێ. کوردستان بۆ من تەنێ هی کورد نییە، هی کورد، تورکمان، ئاشووری، سریان، ئەرمەن، کلدان، عەرەب، ئێزدی (ئەوانەیشی کە خۆیان بە کورد نازانن)، موسڵمان، شیعە، سوننە، کریستیان، یارسان و هەموو ئەوانی دیکەشە. کودستان بۆ من تەنێ هی دەوڵەمەند و سەرمایەدار و بەرپرسی حیزب و دەسەڵات نییە، بەڵکە هی نەدار و چەوساوە و هەژار و خەڵکە زەحمەتکێشەکانی جڤاکی کوردستانیشە. کاک حەکیم کاریگەری مەسعوود موحەممەد، جەمال نەبەز، کاژیک و پاسۆکی لەسەر بوو و ئەوانە بنەمای پاشخانی فەرهەنگی و سیاسیی کاک حەکیم بوون. ئەو باوەڕی وابوو، بیری نەتەوەیی کورد، لە بیری نەتەوەیی نەتەوەکانی سەردەستە و ئەوانەی خودانی دەوڵەتن، جیاوازە، چون کورد سەربەخۆ نییە. من دەمگوت:"مادام نەتەوەکانی دەوروبەری کوردستان، خودانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و دەستبەرداری دەوڵەتی نەتەوەیی نابن، کوردستانیش مافی خۆیەتی و دەبێ خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، بۆ هەموو دانیشتوانی کوردستان، لێ گەیشتن بە وەها ئامانجێک بە بزاڤێکی نیشتمانیی کوردستانی، خاوەنی تیۆری و تێزێکی شۆڕشگێڕانەی ڕادیکالی نیشتمانپەروەرانەی یەکسانیخواز و پارێزەری چینە ستەمدیدەکان و بەرژەوەندەکانی ئەوان، گەلێک واقیعبینانەترە، لەوەی مرۆڤ تەنێ باس لە کوردبوون و نەتەوایەتییەکی بێ هیچ بنەما و فەلسەفە و تیۆرییەک بکات". من ئەودەم و ئێستاش پێموایە ئەو بیرە نەتەوەییەی کاژیک و پاسۆک باسیان لێوە دەکرد، تەنیا کوردایەتی و کوردەواری و کوردبوون، چەقی بیروڕا و قسەکانیان بوو، ئیدی بێ داڕشتنی چوارچێوەیەک یا تیۆریزەکردنی ئەو بیرە لە بەرنامەیەکی هەمەلایەنە و فرەڕەهەنددا. بە من هەموو بیرکردنەوە نەتەوەییەکان، لە دیرۆکی هەموو مرۆڤایەتیدا، کە بۆ خۆیشیان مێژوویەکی گەلێ و کۆن درێژیان نییە، هەر ڕەنگ و دەنگێکیان هەبێت، لە کۆتاییدا و کاتێک دەبنە دەسەڵات و هێز و هەژموون، ئیدی هەڵگری یەک پەیامن و هەموویان ئاو بە یەک ئاسیاودا دەکەن. کاک حەکیم وای بۆ نەدەچوو و ئەو جیاوازییەشمان هەرگیز لەیەکدی دووری نەدەخستینەوە و بە کەرکووک و خورمایەکە یەکدیمان دەگرتەوە و چەند نوکتە و قسەیەکی خۆش و مەزەداری "حاجی خەلیل"یشمان، حاجی خەلیلی کاکەوەیس، مامی کاک حەکیم، بەسەردا دەکردن، ئیدی کەشێکی پر پێکەنین و گەش و خۆشی بەسەرماندا زاڵ دەبوو و بۆ ساتێک مەستی دەکردین.  
ئەو هویرە نەتەوەییە خەستە، گەلێ جار وای لە کاک حەکیم دەکرد، کە سیاسییەکی کوردی دەستکردی بیانی، کەونەجاش و ناپاک، کە زۆرترینی تەمەنی خۆی لە خراپەدا لەهەمبەر کورد و کوردستان و لە خزمەتی نەیارانی کورددا گوزەراندووە، لەبەر ئەوەی لە ساتێکدا، دەماری کوردبوونی ڕەپ دەبێت و گوتارێک یا کتێبێک دەنووسێت و ڕەخنە لە نووسەرێکی نەتەوەیی عەرەب دەگرێت، کە شتێکی ناپەسەندی لەمەڕ کوردەوە نووسیوە، لێ دەبووە پیاوچاک و کوردێکی ساف و بێگەرد و عەیار 24، تەنێ لەبەر ئەوەی جارێک لە جاران"لە پلکەی تسیوە" و بۆ چەواشەکردنی نەتەوەکەی، قسەیەکی نەتەوەییانەی کردووە یا نووسیوە، ئیدی هەموو ئەو خراپەکاری و ناپاکییەی، لەهەمبەر کورد و کوردستانەوەی کردووە، لای کاک حەکیم دەسڕایەوە و هیچ گوناە و تاوانێکی نەدەمان، تەنێ لەبەر ئەوەی لەو ساتەدا، ئەو سیاسییە کوردە، نەتەوەییانە بیری کردووەتەوە و نووسیویەتی. جاری وا بووە، سەرکردەیەکی مرۆڤکوژی، بێجگە لە خۆی و خەڵکی شارەکەی خۆی، کەس بە کورد نەزانی، لێ دەبووە پێشەنگی هەژاران و چەوساوان، تەنێ لەبەر ئەوەی جلکێکی سادەی بێ کەشوفشی لەبەر کردووە. یا جارنا قەڵەم بەدەستێکی کەللەپووچی، مێشک بەتاڵی، چەواشەکاری، لەمیش و مشەخۆری، تەنێ لەبەر ئەوەی بڕێک نەتەوەییانە دەپەیڤێ، لێ دەبووە خەباتکار و تێکۆشەری مەیدانی ڕزگاریی کورد و کوردستان. دەمەوێ بڵێم گەلێ جار، تەنێ تاکە هەڵوێستێکی بچووکی کەمبایەخی نەتەوەیییانە، لەکن کەسێک، نووسەرێک، سیاسییەک، چالاکڤانێک، ئیدی خۆفرۆش و پاشەڵپیسیش بووبێت یا مرۆڤکوژ و تەوربەدەست، یا پێداهەڵدان بە بەژنی نەتەوەدا، ساتێک یا تاکە جارێک، لەلایەن تەنانەت کەسێکی چرووک و بەرژەوەندخواز و خۆپەرست و خۆویستەوە، لەکن کاک حەکیم و کەسانێکی نەتەوەیی و ئەوانەی خۆیان لە بازنەی ئەو فێرگەیەدا دەدۆزییەوە، دەبووە جێ سەرنج و پێداهەڵدان و مایەی سەرسامبوون و ڕووی دێزە و پۆخڵی ئەوانیان سپی دەکردنەوە. ئەو هەڵوێست و لێکدانەوە تیژپەڕ  و سەرپێییە، گەلێ جاران، هەموو کاغەزەکانی لەکن کاک حەکیم و ئەوانەی سەر بەو فێرگە نەتەوەییە بوون، تێکەڵ دەکرد و هەموو سمێڵ سوورێکیان لێ دەبووە هەمزاغا. فرەجاران، کە باسی بابەتێکی لەو جۆرە دەکەوتە نێوانمانەوە یا ناوی کەسێک لەوانە دەهاتە گۆڕێ، دەمگوت:" بە خوا ڕقم لێیەتی..". ئەو لە دەسپێکدا بڕێک، ئەو بەخوا ڕقم لێیەتییەی منی، پێ گران بوو، لێ بە تێپەڕبوونی کات، وایلێهات، کە من دەمگوت:"بەخوا ڕقم لێیەتی"، ئەویش دەسبەجێ بە دووی مندا دەیگوت:"بەخوا منیش ڕقم لێیەتی..".
ئەو بیرکردنەوە نەتەوەییەی کاک حەکیم و زۆرێک لەوانەی هاوبیرانی، خەیاڵ و وەهمێکی وای لەکن ئافراندبوون و ئافراندوون، کە وەدووی زەردەشت و زەردەشتیەتی و زەردەشتیبوون و ئەو تێزەدا، وەک ئایین و مێژووی کورد، بگەڕێن. گەلێ جار ئەو باسە دەهاتە نێوانمانەوە و ئەو بە باسی زەردەشت و ئایینەکەی سەرسام بوو و مێژووی کوردی، بەو ئایینەوە گرێدەدا و پێیشیوابوو، دەشێ کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشخانەی خۆی. من هەرگیز لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەیەدا نەبووم و زەردەشت و زەردەشتیبوونیشم بۆ کورد، وەک زیندووکردنەوەی مردوو دەهاتە پێش چاو و زەردەشتیشم هەرگیز نە بە کورد زانیوە و نە دەیشیزانم، چونکە ئەگەر زەردەشت کورد بووایە و زەردەشتی ئایینێکی کوردی بووایە، ئێستا ئەویش وەک ئێزدیایەتی و یارسانی، ئایینی پاژێکی خەڵکی کورد دەبوو و هەر هیچ نەبێت بڕێک لە کورد، ئێستا زەردەشتی دەبوون. خەڵک ئازادە لەوەی چ ئایینێک پێڕۆ دەکات و دەپەرستێ، لێ ئەوەی ئێستا لەنێو کورددا باسی زەردەشت و ئایینی زەردەشتی دەکات و پەرستگە و ڕێکخراوی زەردەشتییانە دەکاتەوە و دادەمەزرێنێ و زەردەشتیەتی پەخش دەکات، بێجگە لە هاندان و دەستێک زیاتر، بێجگە لە کارێکی مژدەدەرانە زیاتر، بێجگە لە دوکان و فرۆشگەیەک زیاتر، کە لە پشتەوەی مەبەستێکی سیاسی هەیە، من هەرگیز ناتوانم وەک خۆرسک و بارێکی سروشتیی هەڵقوڵایی جڤاکی کوردستانی وەرگرم. لە گرنگیدان بە زەردەشت و زەردەشیەتی، کاک حەکیم ناوی یەکێک لە کوڕەکانی نا"زەروان"، بەمن ناوێکی خۆش بوو و لێم پرسی:"زەروان چییە و لە کوێوە هاتووە؟". دەیگوت:"زەروان.......زەردەشتە"، واتە: زەروان، کەسێکی زەردەشتە، ئێستا من لە یادم نەماوە کێی زەردەشت، بەڵام ئیدی وەک ئەو دەیگوت، مامی، لالەی، باپیری، نازانم شتێکی لەو جۆرەی زەردەشتە یا پێوەندێکی بە زەردەشتەوە هەیە! لێ من ئەوەم دەزانی، کە ئاواییەک لە دەوروبەری ڕواندز بە ناوی"زەروان" هەیە.
کە لە نەخۆشخانەکەی کاک ئازاد موستەفای لێبوو، لەگەڵ کاک حەکیم و کاک ئازاددا، ڕۆژانە یەکدیمان دەدیت، جارێکی کاک حەکیم باسی وەرگێڕانی نووسینە عەرەبییەکانی مەسعوود موحەممەدی هێنایە گۆڕی، کە بەڕاستی کاک ئازاد و منیش بۆخۆم، گەلێک پێمان باش بوو و بە پرۆژە و کارێکی زۆر نایاب و سوودبەخش هاتە بەرچاومان. کاک ئازاد، گوتی:"ئێوە هەردووکتان دەتوانن پێکەوە وەها کارێک بکەن و گومانیشم نییە باشی دەکەن و سەرکەوتوو دەبن". من دەمزانی کاک حەکیم عەرەبییەکی تا بڵێی جوان دەزانێت و دەتوانێت نەک وەرگێڕان، بەڵکە بۆخۆی کتێبیشی پێ بنووسێت، لێ من ئەو توانستەم لە خۆمدا وەدی نەدەکرد و پێم ئاسان نەبوو و داوای لێبوردنم کرد و گوتم:"عەرەبییەکەی مەسعوود موحەممەد، عەرەب بۆخۆیان لێی تێناگەن، منێکی هەژار کوا ئەوەم پێ دەکرێ! هەرگیز خۆم ناخەمە ژێر ئەو بارەوە". من دەمزانی کاک حەکیم، عەرەبیزانێکی زۆر شارەزا و توانایە و دەمزانی کارێکی وا، مەگەر هەر بەو بکرێ.  کاک حەکیم، شانی دایە ژێری و مەسعوود موحەممەدە عەرەبییەکانی، هەموو، کردنە کوردی و چ کوردییەکیش، بەڕاستی تۆ کە دەیانخوێنییەوە، هەر وا دەزانیت مەسعوود موحەممەد بۆخۆی بە کوردی بەو جۆرەی نووسیوە.
کاک حەکیم، کوردیزانێکی توانا بوو، ڕووبارێک بوو لە دەربڕینی سفت و بەهێز و کوردانە و زەریایەک بوو لە وشەی جوان. هەرگیز بۆ وشە دانەدەما و وشە وەک تاوەبارانی بەهارێ، بە سەریدا دەبارین و ئەو لەژێر بارانی وشەدا خەنی دەبوو و دەیچڕین و ناوازەترینیانی هەڵدبژارد و گوڵڕستەی لێ دەکردن بە تاجەگوڵینە و بەرامەی خۆشی بۆ تۆ و بۆ من و بۆ خوێنەر دەبەشییەوە. خەیاڵێکی تا هزر بڕ بکات، فراوان و بەرینی هەبوو و چیرۆکی لێ دەچۆڕا، ڕۆمانی لێ شین دەبوو. کەسەکانی نێو چیرۆک و ڕۆمانەکانی کاک حەکیم، بۆخۆیان وەدووی کاک حەکیمدا دەگەڕان و دەیاندواند و لێیان دەپرسی و بە گوێیدا دەیانچرپاند و خەویان لێ دەزڕاند، بۆوەی بیانهێنێتە زمان و نەستیان بخوێنێتەوە و دواتریش گوێ بۆ دەردەدڵ و ڕازەکانیان شل کات. کەسەکانی ئەو، کەسە نزیکەکانی خۆی و تۆ و من بوون و ئەوانەن ئێمە ڕۆژانە دەیانبینین و دەیانناسین و زۆرجارانیش ئێمە خۆمانین. ئەو پاشخان و گیانە گوندی و دەشتەکییەی کاک حەکیم، لەتەک هەموو دەربڕین و دەستەواژەیەک یا وشەیەکی بەکاری دەهێنان، تێکەڵ دەبوون و  ڕەسەنایەتییان بە داهێنانەکانی دەبەخشی. کاک حەکیم، گەلێک چالاک بوو، دەیخوێندەوە، دەینووسی، بەردەوام دەینووسی. هەرگیز کاتی بە فیڕۆ نەدەدا و تەنانەت بەو باری نەخۆشییەیشییەوە، هەرگیز وچانی نەدەدا و هەمیشە شتێکی نوێی هەبوو و هەمیشە ئاوڕی لە باسوخواس و بابەتێک دەدایەوە. وەرگێڕانەکانی، هیچیان لە نووسینەکانی خۆی کەمتر نین، ئەوانیش شاکارن و ڕەنگینترین وشەی بەبەردا کردوون و هەر دەڵێی بۆ خۆی ئەو ڕۆمانانەی نووسیون. تاکە کارێکی هاوبەشی کاک حەکیم و من دیداری"ئەوەی نابێ بگوترێ، دەبێ بگوترێ"ی، پرسیارەکانی ئەو و وەڵامەکانی منن. کە "تەونی جاڵجاڵۆکە"کەیشی بڵاو بووەوە، ڕانانێکم بۆ کرد.
کاک حەکیم، پیاوێکی خاکەرای دەستپاکی سەربەرزی ئەو کوردستانە بوو. ئەو هەرگیز هێندەی ڕێزەیەک گیانی لەخۆباییبوون و لووتبەرزیی تێدا نەبوو، سەرباری هەموو سەختی ژیان و باری ئابووری و ناساغی و ناتەندروستی خۆی، هەمیشە سەربەرزانە دەژیا و بۆ جارێکیش گازندەی لە بەختی خۆی نەدەکرد. لە تەواوی ئەو 34 ساڵەی کاک حەکیمم ناسی و دۆستایەتیم لەگەڵدا هەبوو، لە نێزیکەوە ئاگام لە وێستگەکانی ژیانی ستۆکهۆڵم و یەڤلە و دارەتوو و حەساری بوو و دەمزانی چەندە دەستکورت و نەدارە، بەڵام دەشمزانی هێندەی کەژێک خۆڕاگرە و هەرگیز ناچەمێتەوە. کاک حەکیم، زۆر بە ئاسانی دەیتوانی، مانەندی ئەو لەشکرە بە ناو "ڕووناکبیر" و "نووسەر"انەی لەنێو پارەوپووڵدا مەلە دەکەن و لەسەر خوانی حیزب و دەسەڵات دەلەوڕێن، وەها کارێک بکات و ئەویش بۆ خۆی هەمیشە بوخچەی پڕ و خۆشگوزەران بژی، لێ ئەو پێچەوانەی ئەوان ڕەوتاری دەکرد، ئەو هەرگیز ئامادەی سەرنەویکردن نەبوو، ئەو ئامادەی ملکەچبوون بۆ هیچ جۆرە چێژێکی ماددە و سامان و پاشکۆکانیان نەبوو. ئەو سەربەرزانە، پشتڕاستانە، بێمنەتانە ژیا و مرد.
حەکیم کاکەوەیس، پاژێک بوو لە ئاگایی و ویژدانی نەتەوەی کورد. ئەو خەمی نەتەوە و خاک و نیشتمانەکەی، هەمیشە وەک کۆڵەپشتێک بە کۆڵەوە بوو و بۆ ساتێکیش کوردستان و کوردی فەرامۆش نەدەکردن. ئەو زوو بەجێێهێشتین، هێشتا مابووی، زۆری پێ بوون، کە هێشتا نەیگوتبوون، چیرۆک، ڕۆمان، پەخشان، وەرگێڕان و داهێنانی زیاتری مابوون. ئەو کوردستانیانە دەخەونی، هێز نەبوو خەونەکانی لەبیر بباتەوە و  ناچاری دەستبەرداربوونیان بێت، مەرگ نەبێ. مەرگ خەون و گەیشتن بە ئامانج و مەبەست نازانێت،  مەرگ لێنەگەڕا و ئەو و خەونەکانی و ئەو و ئێمەی لەیەکتر دابڕی و دوورخستەوە. داهێنان و کارەکانی ئەو هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە و چرۆ دەکەن، گوڵی نوێ دەپشکوون و گوڵستانێک، بۆن و بەرامەی خۆش دەبەشنەوە. 
2018-12-17

No comments:

Post a Comment