ده‌بوو کورد ئابڵۆقه بخاته سه‌ر تورکیا،
نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
غاندی،
ڕزگارکاری هیندوستان، به که‌چه‌خه‌ڕه‌کێک و کراسێکی شڕ و شیری بزنه‌لاتێک و دارده‌سێک و جووتێک سه‌رپێییه‌وه، به‌رانبه‌ر
ئینگلیزی داگیرکه‌ر ڕاوه‌ستا و چۆکی پێ دادان و وڵاته‌که‌ی(ئه‌و هیندوستانه مه‌زنه،
که ئه‌وده‌می پاکستان و به‌نگلادیشیشی له‌گه‌ڵ بوو) ڕزگار کرد.
کوردانێک،
که ده‌بوونه ئه‌ندامی حیزبی هیوا، یه‌کێک له مه‌رجی وه‌رگرتنیان له‌و حیزبه‌دا
ئه‌وه‌بوو، چای نه‌خۆنه‌وه، چونکه چای هی ئینگلیزه و ئینگلیز هێناویه‌تییه
وڵاته‌وه. مامۆستا عه‌بدولعه‌زیز پشتیوان، یادی به‌خێر و ڕه‌وانی شاد، که یه‌کێک
بوو له پێشه‌نگانی هیوا و بزاڤی کوردایه‌تیی گه‌رمیان، تا کۆچی دواییشی کرد چای
نه‌ده‌خوارده‌وه. نه‌ک هه‌ر خۆی، منداڵ و نه‌وه‌کانیشی تا ئێستایش چای ناخۆنه‌وه
و له نێوه‌ندی ساڵانی 1940ه‌کانه‌وه چای سه‌ری به ماڵیاندا نه‌کردووه.
ساڵانی 1980کان، له مه‌یدانی هوێتۆریه‌ت(Hötorget)ی ستۆکهۆڵم، که مه‌یدانێکه میوه و سه‌وزه‌ی لێ ده‌فرۆشرێ
و ته‌واوی ئه‌و به‌قاڵانه‌ش خه‌ڵکانێکی بیانین، له کاتێکدا که هه‌مووان میوه‌ی
هه‌موو وڵاتێکیان ده‌فرۆشت، کابرایه‌کی کوردی لوبنان، که ئه‌ویش له‌وێ میوه‌فرۆش
بوو، پرته‌قاڵی"یافا"ی ئیسرائیلی نه‌ده‌فرۆشت و به ئاشکرایش ده‌یگوت،
دژی ئیسرائیله و له‌به‌ر ئه‌وه میوه‌ی ئیسرائیلی نافرۆشێت و ناخوات.
خه‌ڵکێکی زۆر ده‌ناسم، ساڵانیکی دوورودرێژ، له دژی ئه‌مه‌ریکا،
نه (کۆکاکۆلا)یان ده‌خوارده‌وه و نه خۆراکی مه‌کدۆناڵدز(McDonald’s)یان
ده‌خوارد. من بۆ خۆیشم یه‌کێک بووم له‌وانه و ئێستایش هه‌ر وا ده‌که‌م و له سه‌ر
ئه‌و ڕێگه‌یه به‌رده‌وامم.
کووبا، له ساڵی
1962وه‌وه، ئابڵۆقه‌ی ئه‌مه‌ریکای له سه‌ره و له ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانییه‌وه،
هیچی بۆ ناڕوات و هیچی لێ ناکڕدرێت، به‌ڵام گه‌ل و وڵات و خه‌ڵک و سه‌رۆکه‌که‌یش‌ی،
گه‌لێک ئازایانه و داهێنه‌رانه، خۆیان ڕاگرتووه و ژیانیان گونجاندووه و له‌گه‌ڵ
نه‌بوونی شتی ئه‌مه‌ریکایشدا ڕاهاتوون. تا سۆڤیێت هه‌بوو، نه‌وتیان له‌وێوه بۆ ده‌هات
و پیشه‌سازییه‌کی باشیان له په‌نای کشتوکاڵ و بواره‌کانی دیکه‌ی ئابووریدا
چێکردبوو. که سۆڤیێت نه‌ما، نه‌وتیان لێ بڕا، به‌ڵام چ په‌کیان له‌به‌ر نه‌وت نه‌که‌وت،
چونکه ئابوورییه‌کی کشتوکاڵی زۆر به‌هێزیان هه‌بوو و پتر گرنگییان دایه‌وه به کشتوکاڵ
و له‌به‌ر نه‌بوونی که‌ره‌سه و ئامێر و کاڵای کشتوکاڵیی هاوچه‌رخ و نوێ، گه‌ڕانه‌وه
بۆ شێوازه کۆنه‌که‌ی کشتوکاڵ. ئێستایش، بێجگه له‌و مه‌کینه و ئامێرانه‌ی، که
ده‌سکردی خۆماڵییه، گاجووت و وڵاخ به‌کار ده‌به‌ن بۆ کێڵانی زه‌وی و هه‌موو جۆره
سه‌وزه و میوه‌یه‌ک ده‌چێنن و ده‌ڕوێنن و هه‌نارده‌یه‌کی زۆریشیان بۆ ده‌ره‌وه
هه‌یه و پاکژترین جۆری سه‌وزه و میوه و ڕووه‌کیش وه‌به‌رهه‌م دێنن، که ده‌رمان
و مادده‌ی کیمیایی تێدا به‌کار نابه‌ن. سوود له ئامێر و کاڵا و که‌ره‌سته‌ی ساکار
و ئاسایی وه‌رده‌گرن و کاره‌کانی خۆیانی به باشترین شێوه پێ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و
زۆر ژیرانه و دووربینانه‌یش، بیر له ژینگه و پاراستنی ده‌که‌نه‌وه. بێجگه له‌وانه‌یش
له بواری خوێندن و له‌شاغی(ته‌ندروستی)دا، کووبا یه‌کێکه له هه‌ره‌باشترین و هه‌ره‌پێشکه‌وتووترین
و پێشه‌نگانی وڵاتانی جیهان.
تورکیا
پێش ئه‌وه‌ی هێرش بکاته سه‌ر باشووری کوردستان، باس له ئابڵۆقه‌ی ئابووری ده‌کات
بۆ سه‌ر کوردستان. له‌م کێشه‌یه‌ی نێوان تورکیا و کوردستاندا، ده‌بوو کورد، نه‌ک
تورکیا، وه‌ها بیرۆکه‌یه‌کی هێنابایه‌ته گۆڕێ. گه‌لی باشووری کوردستان، ئه‌گه‌ر
وه‌ک گه‌لانی ئاگای جیهان، وه‌ک خه‌ڵکانێکی به‌ته‌نگه‌وه‌هاتووی خاک و وڵات، وه‌ک
گه‌لێکی قاڵبووی ساڵانێکی دوورودرێژی چه‌وسانه‌وه و سته‌م، وه‌ک گه‌لێک، که هه‌میشه
له ژێر سایه‌ی ئابڵۆقه‌دا ژیاوه و گوشاری ئابڵۆقه‌ی له سه‌ر بووه، له ڕه‌وشی
خۆی نۆڕیبا و بنۆڕێ، ده‌بوو ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ری وه‌ها ئابڵۆقه‌یه‌ک بووایه نه‌ک
تورکیا. ده‌بوو ئه‌و بووایه‌ته مۆته‌که و مێرده‌زمه و تورکیای تۆقاندبا، نه‌ک تورکیا ئه‌وی ترساندبا.
خه‌ڵکی
کورد له باشووری کوردستان، ئه‌گه‌ر بڕێک ئاوڕیان له مێژوو و ڕابوردووی خۆیان بدایه‌ته‌وه
و ئه‌گه‌ر هه‌ستی وڵاتپارێزییان تێدا هه‌بووایه و ئه‌گه‌ر بڕێک هاوچه‌رخانه و سه‌رده‌مانه
بیریان کردبایه‌وه و ئه‌گه‌ر بڕێک هۆش و هزریان خستبایه‌ته گه‌ڕ و چاویان کردبایه‌وه
و ڕوونتر شته‌کانیان دیتبا و خوێنبایه‌وه، بێ سێودوولێکردن و بی ڕاوه‌ستان و هه‌ر زۆر خێرا
و پێش هه‌ر شتێک، ده‌بێ له هه‌موو خۆراک، خواردنه‌وه، کاڵا، کووتاڵ، که‌ره‌سته،
ئامێر، ئامراز، خزمه‌تگوزاری و کۆمپانیایه‌کی تورکی دوورکه‌رنه‌وه. هیچی تورکیا نه‌خۆن، نه‌خۆنه‌وه،
له‌به‌ر نه‌که‌ن، به‌کار نه‌به‌ن، نه‌کڕن، نه‌فرۆشن و خۆیان به ته‌واوی له هه‌موو
شتێکی ئه‌و وڵاته دابڕن و ده‌ستبه‌رداری هه‌موو شتێکیان ببن و لێیان دوورکه‌ونه‌وه.
ڕه‌نگه بۆرژوازی و بازرگان و سه‌رمایه‌دار و ده‌سه‌ڵاتداری کورد، له‌به‌ر گرێدراوییان
به تورکیاوه و به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ تورکیادا، وه‌ها کارێک نه‌که‌ن، به‌ڵام
وه‌ها کارێک به خه‌ڵکه ئاساییه‌که ده‌کرێت و ئه‌وان ده‌بێ له خۆیانه‌وه ده‌ست
پێ بکه‌ن. ئه‌وان ده‌بێ ته‌واوی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی تورکیا و ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به
تورکیاوه‌یه، له ده‌سگا و بازاڕ و کۆمپانیا و کاڵا و کارگێڕی و هه‌رچی شتی دیکه‌یه
له کوردستان، بیخه‌نه به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی خۆیان و له‌گه‌ڵ هاتنه‌ژووره‌وه‌ی یه‌که‌م
چه‌کمه له‌پێی تورک‌دا، هه‌مووی بخه‌نه بنده‌ستی خۆیانه‌وه و له‌نێوی به‌رن و
بیشکێنن و بیسووتێنن و بیفه‌وتێنن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هی سه‌رمایه‌دار و
بۆرژوازییانی کوردستانیش بێت. سه‌رمایه‌دار و بۆرژوازی و ده‌سه‌ڵاتدارانی
کوردستان، داهۆڵ و پارێزگار و پاسه‌وانی به‌رژه‌وه‌ندی تورکیان له کوردستان. ئه‌وانن
کوردستانیان کردووه‌ته کۆڵۆنی تورکیا و کورد له‌به‌رده‌م تورکیادا سه‌رشۆڕ ده‌که‌ن.
خه‌ڵکی کورد، ده‌بێ له‌وانه‌وه ده‌ستپێبکات و ده‌ست له هیچ یه‌کێکیان نه‌پارێزێت،
چونکه ئه‌وان کورد گوته‌نی"ڕه‌فیقی قافڵه و شه‌ریکی دزن = هاوڕێی کاروان و هاوبه‌شی
دز"ن. له ته‌واوی بازرگانی و کۆمپانیا و سه‌رچاوه‌ی پاره‌دا، هاوبه‌شن له‌گه‌ڵ
تورکیا و وه‌کی دیکه‌یش، بۆ بره‌ودان به کاڵا و سه‌رمایه‌ی خۆیان و گه‌رمکردنی
بازاڕی خۆیان، خۆ به هاوده‌ردی خه‌ڵکی کورد داده‌نێن.
تاوانه
مرۆڤ ببێته کۆیله‌ی خوو و ڕاهاتن و خۆراک و کاڵا و شتومه‌ک و مادده. مرۆڤ، که بۆ
خۆی له پێشدا خووه‌کان دروست ده‌کات و دواتر خووه‌کان مرۆڤ دروست ده‌که‌ن و له
مرۆڤ نابنه‌وه و مرۆڤ ناتوانێت ده‌ستبه‌رداریان ببێت. تاوانه مرۆڤ نه‌توانێت ده‌ستبه‌رداری
کۆمه‌ڵێک شتی ناپێویستی ژیان ببێت، که بۆ خۆی و به ده‌ستی خۆی سازی کردوون و بۆ
خۆی و به ده‌ستی خۆی کردوونی به که‌ڵه‌گا و زاڵی کردوون به سه‌ر خۆیه‌وه و پێی
سه‌خته بیانبڕێ و وازیان لی بهێنێت. تاوانه مرۆڤ نه‌توانێت ده‌ستبناته‌ڕووی کۆمه‌ڵیک
شته‌وه، که ئامرازگه‌لێکن بۆ ملکه‌چکردن و سووککردن و چاوه‌خوارکردنی، ته‌نانه‌ت
ئه‌گه‌ر ئه‌و شتگه‌لانه زێڕی هه‌موو
جیهانیش بهێنێن.
زۆرێک له
ئێمه سه‌دان چیرۆکی له ساڵانی 1963-1970 و 1974 تا 1991وه، بیر دێته‌وه، که
چۆن له بازگه‌کانی حوکوومه‌تی به‌عس، ڕۆژانه هه‌زارویه‌ک سووکایه‌تی به ژنانی
کورد ده‌کرا، له‌سه‌ر کیلۆیه‌ک چای یا چه‌ند کیلۆ شه‌که‌ر یا چه‌ند لیترێک نه‌وت.
من بۆ خۆم سه‌دانم له‌و چیرۆکانه بیر دێته‌وه، که سه‌رباز و به‌عسییانی عیراق و
جارجاره‌یش جاشی کوردیان له‌گه‌ڵ، چۆن فڵانه پیره‌ژنیان کوشت و فڵانه پیره‌مێردیان
دایه به‌ر شه‌ق و چای و شه‌که‌ری فڵانیان ڕۆ کرده نێو ئاوده‌ست و نه‌وتی فڵانیان
ئاگرتێبه‌ردا و...!
کێ له
ئێمه ساڵانی 1991 و دواتری بیر نایه‌ته‌وه، که چۆن هه‌زاران کورد، بۆ چنگێک ڕۆن
و گوێلێک ئارد و کیلۆیه‌ک شه‌که‌ر و بڕێک چای و نیسک و نۆک، ده‌ستبه‌رداری
کوردبوونی خۆیان ده‌بوون و له‌کن حیزب و ڕێکخراو و ده‌سگا تورکمانییه‌کانی سه‌ر به میتی تورکیا، خۆیان به تورکمان
نێونووس ده‌کرد!
کێ له
ئێمه چه‌ندین چیرۆک له‌مه‌ڕ ئه‌و قاچاخچییه کوردانه‌وه نازانێت و ناوی ده‌یان
که‌س له‌وانه نازانێت، که له نێوان سنووره ده‌سکرده‌کانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و
باکووری کوردستاندا ، بوونه و ده‌بنه قوربانی فیشه‌کی پۆلیس و سه‌رباز و جه‌ندرمه
و قه‌ره‌قۆڵ و پاسدار! خه‌ڵکی کورد ئه‌گه‌ر چاوێک له جیهان بکات
و وانه‌یه‌ک له مێژوولکه‌که‌ی خۆیه‌وه و
شتێک له خه‌ڵکی دیکه‌وه فێر ده‌بێت، ئه‌وده‌م بۆ خۆی بایه‌خی ئابڵۆقه و
خۆدابڕین ده‌زانێت و ئه‌وده‌م ده‌ستبه‌کار ده‌بێت.
زلحیزبه‌کانی باشووری کوردستان، له 1991ه‌وه، که ده‌سه‌ڵات
که‌وته ده‌ستیان، به موو له سیاسه‌تی به‌عس لایان نه‌دا. به‌عسێک، که
کوردستانی وشک کردبوو و کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداریی تێدا له‌به‌ین بردبوو و له‌شکرێکی به‌رهه‌مهێنی
گوندنشینی، کردبووه مشه‌خۆری نێو کووچه و کۆڵانه‌کانی شار و له هه‌موو
کوردستاندا دوو سێ زله‌شار و چه‌ند قوته‌ئۆردووگایه‌کی هێشتبووه و ته‌واوی گوندی
کوردستانی له‌گه‌ڵ خاک‌دا یه‌کسان کردبوو، ئه‌مانیش(سه‌رانی کورد) هه‌مان ڕێچکه‌ی
به‌عسیان گرته‌به‌ر. ئه‌مان نه ئوردووگای
زۆره‌ملێیان تێکدا و نه گوندیان زیندوو کرده‌وه و نه گرنگییان به کشتوکاڵ دا،
که کوردستان بۆ خۆی وڵاتێکی کشتوکاڵییه و نه ئاژه‌ڵدارییان زیندوو کرده‌وه، به‌ڵکه
گه‌لی باشووری کوردستانیان کرده به‌کاربه‌ر و بخۆر و بدڕ و بێبه‌رهه‌م. ته‌واوی
ئه‌وه‌ی له بازاڕه‌کانی کوردستاندا بۆ خه‌ڵکی کوردستان فه‌راهه‌م کران، له گۆشت
و ڕۆن و ئارد و برنج و نیسک و نۆک و شه‌که‌ر
و چای و وشکه‌مه‌نییه‌وه تا ده‌گاته هه‌موو سه‌وزه و میوه‌یه‌ک و هه‌رچی کاڵا و
کووتاڵ و ئامرازی دیکه‌یه، له چین و برازیل و نیوزیلاند و ئوردون و سووریا و
تورکیا و ئێران و هه‌رچی وڵاتی دنیایه هێنایاننه کوردستان. وه‌رزێری شاره‌زوور و
ده‌شتی قه‌راج و ده‌شتی که‌رکووک و گه‌رمیاننشینی بنگه‌ی کشتوکاڵ، ته‌ڕه و سه‌وزه
و میوه‌ی له هه‌نده‌رانه‌وه پێ ده‌گات و بۆ خۆی هیچ وه‌به‌رهه‌م ناهێنێت. هه‌وراماننشینی
خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو گوێز و به‌ڕوو و هه‌نجیر و میوه‌ی ئه‌و هه‌ورامانه، له
قیرغیزستانه‌وه گوێزی بۆ دێ و له ئه‌لبانیاوه هه‌نجیره‌وشکه‌ی پێ ده‌گات. ئه‌مه
نه‌ک تۆ و منێکی به‌ساڵاچوو، به‌ڵکه مێردمنداڵێک و زارۆکێکیش، تێی ده‌گات، که ئه‌نجامی
چه‌وتی و دۆڕان و تێکشکانی سیاسه‌تی ئابووری و هه‌موو سیاسه‌ته‌کانی
دیکه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی کوردستانه. سه‌رانی کورد، به ده‌ست و ئاره‌زووی خۆیان
گه‌لێ باشووری کوردستانیان کردووه‌ته پاشکۆ، به تایبه‌تیش پاشکۆی وڵاتێک، که له‌وه‌تی
هه‌بووه و هه‌یه دوژمنی کوردستان و کورد بووه، ئه‌ویش که تورکیایه.
عه‌ره‌ب قسه‌یه‌کی هه‌یه ده‌ڵێ:"تعشی بي قبل ما
یتغدی بیك" واته:"بیکه شیوی ئێوارێ پێش ئه‌وه‌ی بتکاته نانی نیوه‌ڕۆ"
یا "بیخۆ پێش ئه‌وه‌ی بتخوا". یا"أتعشی بیك قبل ما تتغدی بي"،
واته:"ده‌تکه‌مه شیوی ئێوارێ پێش ئه‌وه‌ی بمکه‌یته نانی نیوه‌ڕۆ" یا
"پێش ئه‌وه‌ی بمخۆی ده‌تخۆم".
ئه‌وه خه‌ڵکی کورده، که ده‌بێ یه‌که‌مجار، ئابڵۆقه
بخاته سه‌ر تورکیا، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌وه خه‌ڵکی کورده، که ده‌بێ دووه‌مجار،
په‌لاماری هه‌رچی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی تورکیایه له کوردستان و ده‌رێی کوردستان و
له هه‌ر کوێیه‌ک ده‌ستی پێ ڕا ده‌گات، بدات، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه.
ئه‌وه خه‌ڵکی کورده، که ده‌بێ سێیه‌مجار، جه‌نگ بباته
نێو تورکیاوه و گڕ له تورکیا به‌ربدات، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه.
ڕۆژانه سه‌دان هه‌زار به‌رمیله نه‌وتی که‌رکووکی
کوردستان ده‌چێته به‌نده‌ری جیهانی تورکیا و له‌وێشه‌وه ده‌فرۆشرێته وڵاتانی ئه‌وروپا.
به هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک و به بڕینی ئه‌و نه‌وته، نه‌ک هه‌ر تورکیا، به‌ڵکه ئه‌وروپا
ده‌هه‌ژێنرێت. گه‌لی کوردستان، ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له غاندی و کووبای خۆڕاگر و خه‌ڵکانی
ئازادیخوازی جیهان بداته‌وه و له سه‌ر پێی خۆی ڕاوه‌ستی، به ئابڵۆقه خستنه‌سه‌ر
تورکیا، تورکیا ده‌خاته پاڕانه‌وه.
خه‌ڵکی کوردستان ئه‌گه‌ر بۆ خۆیان ده‌ستبه‌کار نه‌بن و
بۆ خۆیان ئابڵۆقه نه‌خه‌نه سه‌ر تورکیا و شتی تورکی و چاوه‌ڕوانی سه‌رکرده
سازشکار و گه‌نده‌ڵ و خۆویست و خۆپه‌رسته‌کانیان بن، ئه‌وا نه‌ک هه‌ر هیچ به هیچ
ناکه‌ن، به‌ڵکه کۆیله‌تر و پاشکۆتر ده‌مێننه‌وه و تورکیاش زاڵتر ده‌که‌ن به سه‌ر
خۆیاندا.
1-11-2007
No comments:
Post a Comment