بوێرێک خۆی ده‌کوژێت
و خوێڕییه‌کانیش ده‌مێننه‌وه
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له گوتارێکدا له‌ژێر سه‌ردێڕی "چیرۆکی جاسوسیکردنی
دوو کورد له ئه‌وروپاوه بۆ موخابه‌راتی عیراقی"، له ڕۆژی 24ی سێپته‌مبه‌ری
2007دا، ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی، باس له دوو برا ده‌کات، که هه‌ردوویان پێوه‌ندیان به ده‌سگای هه‌واڵگری عیراقه‌وه هه‌بووه و
کاری سیخوڕییان بۆ ئه‌و ده‌سگایه کردووه. له‌و ژماره‌یه‌دا باس له یه‌کێک له‌و
برایانه ده‌کات[1].
یه‌ک ڕۆژ دوای
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه، واته: له ڕۆژی 25-9-2007 دا و له ماڵپه‌ڕی سبه‌ی (www.sbeiy.com)، هه‌واڵی خۆکوشتنی یه‌کێک له‌و
دوو برایه، واته ئه‌وه‌یان، که هاوڵاتی باسی لێوه کردبوو، بڵاوکرایه‌وه.
دوو ڕۆژ دواتر، واته له 27- 9-2007دا و له ڕۆژنامه‌ی
(کوردستانی نوێ)یشدا هه‌مان هه‌واڵی خۆکوشتنی ئه‌و پیاوه بڵاوکرایه‌وه[2].
له 6-10-2007 دا، ڕۆژنامه‌ی "هه‌واڵ"، هه‌ر
ئه‌و هه‌واڵه‌ی بڵاوکردووه‌ته‌وه، لێ به "کرده‌وه‌یه‌کی کوشتن" نێوی
ده‌بات، واته نه ده‌ڵێ: خۆی کوشتووه و نه‌ش ده‌ڵێ: کوژراوه[3].
ئه‌وه‌ی "خۆی کوشت" یا 'کوژراوه"،
پیاوێک بوو به نێوی(سددیق قادر کاکه‌خان) و له نێو خه‌ڵک و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات
و له نووسینه‌کانیشیدا به (هاوڕی نه‌مه‌ڵی) به‌نێوبانگ بوو، به‌ڵام له هه‌واڵی
خۆکوشتن/ کوژرانه‌که‌یدا به نێوی(سددیق قادر کاکه‌خان)ه‌وه نێوبراوه.
هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، هه‌ر
ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی گوتاره‌که‌ی هاوڵاتی بڵاوکرایه‌وه، واته: 24-9-2007
و پێش ئه‌وه‌ی ببێته 25/9، کۆتایی به ژیانی خۆی هێناوه و لاشه‌که‌ی له نێو گه‌راژی
ماڵه‌که‌ی خۆیدا له سلێمانی دۆزراوه‌ته‌وه.
بۆ یه‌که‌مجار (هاوڕێ نه‌مه‌ڵی)م بینی له ستۆکهۆڵم، له
ماڵی هاوڕێیه‌ک و بۆ ماوه‌ی دوو سێ سه‌عاتێک بوو، ئه‌ویش له سه‌ره‌تای ساڵانی 1990کاندا
بوو. ساڵی2000 یش، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند به‌شێکی گوتارێکم به نێوی"سه‌ره‌تایه‌ک
بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێی مێژووی چه‌پی کوردیی (عیراق)"، به زنجیره له
بڵاوکراوه‌ی "په‌یام" دا له له‌نده‌ن، هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، بابه‌ته‌که‌ی
خوێندبووه‌وه و به‌و بۆنه‌یه‌وه، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کدا کیلۆیه‌ک باقلاوه‌ی بۆ
ستۆکهۆڵم بۆ ناردم و منیش دوای ئه‌وه، زه‌نگێکی سوپاسگۆییم بۆ لێدا و بڕێک قسه‌مان
کرد. هه‌موو ناسیاوییه‌کی من له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده بووه، لێ ئه‌وه‌نده‌ی
بۆ خۆم له باره‌یه‌وه ده‌مزانی و ئه‌وه‌نده‌ی له خه‌ڵکم بیستبوو، پیاوێکی گه‌رموگوڕ
و ڕووخۆش و کراوه و ده‌م به خه‌نده و به خزمه‌ت و دڵفراوان بوو و به‌رده‌وام
کۆمه‌کی به خه‌ڵک ده‌کرد و ماڵیشی هه‌میشه بۆ میوان کراوه بووه.
هاوڕی نه‌مه‌ڵی، ساڵانی 1974-1975 پێشمه‌رگه بووه و
دواتر بووه‌ته ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان و له 1979 دا له لایه‌ن
حوکوومه‌تی عیراقه‌وه گیراوه و فه‌رمانی هه‌ڵواسینی بۆ ده‌رچووه و دواتر به‌ر
لێخۆشبوونێکی گشتی که‌وتووه و له زیندان و هه‌ڵواسین ڕزگار بووه و له 1981دا
چووه‌ته چیا و له‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستاندا بووه و هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ش
وڵاتی به‌جێهێشتووه و چووته ڕۆمانیا و له‌وێشه‌وه گه‌یشتووه‌ته ئینگلستان. له
1984یشه‌وه تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی گه‌لی دیموکراتی کوردستان، ئه‌ندامی ئه‌و
پارتییه بووه و کاری له‌گه‌ڵدا کردووه. تا گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ کوردستان پێش دوو سێ ساڵێک، هه‌ر له ئینگلستان ژیاوه.
ئه‌گه‌ر هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، سیخوڕی کردبێت و زانیاری به ده‌سگای
هه‌واڵگری عیراق دابێت و زانیارییه‌کان هه‌ر ئه‌وانه بن، که له له‌نده‌ن
کۆبوونه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی عیراقی کراوه و له‌و کۆبوونه‌وه‌دا جه‌لال تاڵه‌بانی
وکێ و کێ به‌شدار بوون و له‌وێدا باس له ڕووخانی ڕێژیم کراوه، ئه‌وانه
زانیاریگه‌لێکن، به‌عس و سه‌ددام حوسه‌ین و خه‌ڵکانی سه‌ر به حوکوومه‌تی عیراق
پێش هاوڕێ نه‌مه‌ڵی و له هاوڕێ نه‌مه‌ڵی باشتر و وردتر و زیاتر ئاگاداری بوونه و
هه‌ر له‌نێو ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌وه و له لایه‌ن خه‌ڵکانی به‌شداربووی ئه‌و
کۆبوونه‌وانه‌وه، هه‌واڵه‌کان گه‌یشتوونه‌ته‌وه به‌عس و حوکوومه‌تی عیراق!
که هاوڕی نه‌مه‌ڵی،
پێش دوو سێ ساڵێک، گه‌ڕایه‌وه کوردستان، له‌گه‌ڵ یه‌ک دوو که‌سی تردا، وه‌ک ده‌سته‌یه‌کی
پاشماوه‌ی پارتی گه‌لی دیموکراتی کوردستان[4]،
چوونه‌وه نێو یه‌کیه‌تیی نیشتمانی کوردستان و جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک سکرتێری گشتی
یه‌کیه‌تیی نیشتمانی پێشوازی لێکردن و ئیدی چوونه ڕیزی یه‌کیه‌تیی نیشتمانییه‌وه
و وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌و حیزبه کاریان ده‌کرد. هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، له مه‌کته‌بی"بیر
و هۆشیاری"، که مه‌کته‌بێکی حیزبیی سه‌ر به یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه
دامه‌زرا و له‌وێ تا ڕۆژی کۆچی‌دوایی کاری ده‌کرد. که هاوڕێ نه‌مه‌ڵی چووه ڕیزی
یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه و که جه‌لال تاڵه‌بانی پێشوازی لێکرد و که
بوو به کارمه‌ند له مه‌کته‌بی بیروهۆشیاریدا، وه‌ک کادرێکی پارتی گه‌ل و وه‌ک
تێکۆشه‌ر و خه‌باتگێڕ قه‌بووڵ کرا و وه‌ک "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی" درایه ناسین
و وه‌ک "هه‌ڤاڵ"ێکی حیزبی ته‌ماشا ده‌کرا، لێ که له‌به‌ین چوو، وه‌ک
"هاووڵاتی سدیق قادر ناسراو به هاوڕێ نه‌مه‌ڵی..." باسی خۆکوشتنه‌که‌ی کرا[5]
و وه‌ک بڵێی، هه‌ر ئه‌و "هاوڕێ"یه نه‌بووه، که ئه‌ندامی یه‌کیه‌تیی
بووه و یه‌کیه‌تییش هه‌ر نه‌یناسیوه!
ئه‌گه‌ر هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، له به‌ندیخانه‌دا له ساڵی
1979دا، پاکانه‌ی کردبێت و نێوی خه‌ڵکی بردبێت، وه‌ک باوه، ئه‌وا خه‌ڵکی پاکانه‌کار
و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌داو و نێوی خه‌ڵک بردوو، چه‌ندی بڵێی ئه‌وه‌نده زۆرن و له نێو
بڵندترین پایه‌ی حیزب و ده‌سه‌ڵاتی کوردستاندا هه‌ن و که‌سیش ناتوانێت یه‌ک شتیان
به‌رانبه‌ر بڵێت!
هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، له به‌رگی ناوه‌وه‌ی کتێبێکی بچکۆله‌یدا،
که به نێوی"به‌ندیخانه"یه، به‌رهه‌مه‌که‌ی به‌م جۆره پێشکه‌ش ده‌کات:
"پێشکه‌شه به:
- ئه‌و که‌سانه‌ی که په‌تی قه‌ناره‌ی به‌عسیه‌کان له
ملیان کرا.
- ئه‌و که‌سانه‌ی که تاڵاوی به‌ندیخانه‌ی لێژنه‌ی تایبه‌تی
که‌رکوک یان چێشتوه.
- ئه‌و که‌سانه‌ی که به دوای ڕاستی دا وێڵن"[6].
هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، ئه‌و کتێبه‌ی پاش ده‌رچوونی له زیندان
به چوار ساڵان نووسیوه و بڵاو کردووه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر هاوڕێ نه‌مه‌ڵێ، سیخوڕ بووبێت و زانیاری به
حوکوومه‌تی عیراق و ده‌سگا سیخوڕییه‌کانی دابێت، وه‌ک باوه، ئه‌وا هه‌زاران سیخوڕ
و جاش و ئه‌نفالچی و خۆفرۆش و کۆنه‌به‌عسی و ڕاپۆرتنووس و دووزمان، له سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی
حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتی کوردستاندا هه‌ن و نه‌ک هه‌ر ورده زانیاری به‌ڵکه
درشته زانیاری و ته‌واوی زانیاری‌یان به ده‌سگا سیخوڕییه‌کان و حوکوومه‌ته‌کانی
نه‌ک هه‌ر عیراق، به‌ڵکه تورکیا و ئێران و سووریا و کۆمه‌ڵێک وڵاتی دیکه‌یش داوه
و ده‌ده‌ن و که‌سیش ناتوانێت نێویان به‌رێت!
ڕۆژی یه‌کشه‌ممه 25-10-2007، له له‌نده‌ن هاوڕێیه‌کم
زه‌نگی بۆ لێدام و گوتی: ئه‌مڕۆ سه‌عات پێنجی ئێواره پرسه‌ی "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی"
هه‌یه بۆ نایه‌ی پێکه‌وه بڕۆین؟ ده‌سبه‌جێ گوتم باشه و چووین. پرسه‌یه‌کی هێنده
گه‌وره بوو، من بۆ خۆم تا ئێستا له ئه‌وروپا پرسه‌ی ئاوا گه‌رمم نه‌دیتووه. که
له پرسه‌که هاتینه ده‌رێ، هاوڕێیه‌که‌م لێی پرسیمه‌وه، که چۆن بوو ده‌سبه‌جێ
بڕیارم دا بچم بۆ ئه‌و پرسه‌یه، گوتم: "ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه هاتم، ئه‌و
پیاوه(هاوڕێ نه‌مه‌ڵی) پیاوێکی بوێر و ئازا بوو، ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه هه‌رگیز
خۆی نه‌ده‌کوشت".
به گوێره‌ی ئه‌وه‌ی، که له نێو جله‌کانیدا، سێ نامه‌ی،
یه‌کێک بۆ ژنه‌که‌ی و یه‌کێک بۆ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی و یه‌کێکیش له‌مه‌ڕ قه‌رزوقۆڵه‌کانی
خۆیه‌وه جێهێشتووه، وا پێده‌چێت "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی"، خۆی کوشتبێت، نه‌ک
کوژرابێت، دیاره خۆکوشتنیشی سه‌نگێکی پتر ده‌داته کرده‌که و بوێری و ئازایه‌تییه‌کیش
به ئه‌نجامده‌ری کاره‌که ده‌به‌خشێ، لێ ئایا "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی' سیخوڕ بوو یا
نه! من ناتوانم وه‌رامی ئه‌و پرسیاره بده‌مه‌وه، چونکه ئه‌وه کاری دادگا و
پیاوانی قانوونه، به‌ڵام له وڵاتێکی بێ‌قانوونی وه‌ک کوردستاندا نه‌ء! ئه‌وه‌ی ده‌توانم
بیڵێم ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌و پیاوه بوێر و ئازا نه‌بووایه هه‌رگیز خۆی نه‌ده‌کوشت.
خۆکوشتنی وی نیشانه‌ی به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی بوو، به ناو و ناوبانگ و ئاوڕووی خۆیه‌وه.
هاوڕێ نه‌مه‌ڵی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سیخوڕیش بووبێت، وه‌ک
باوه، ئه‌وا ئه‌و له خواری خواره‌وه‌ی لیسته‌یه‌ک‌دا بووه، که هه‌زارانی یه‌کجار
که‌لله‌زل و ته‌نگه‌زلی له خۆ گرتووه و له دوندی ده‌سه‌ڵاتدان. ئه‌ویش وه‌ک ئه‌و
له‌شکره سیخوڕه‌ی، ئه‌مڕۆ له نێو "کوردستانی ئازاد"دا ته‌راتێن ده‌که‌ن
و خودانی ده‌سه‌ڵاتن و سواری سه‌ری خه‌ڵکی کورد بوونه، زۆر چاک ده‌یتوانی بمابایه
و باشترین ژیانیش بژیایه و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتیش بووایه، لێ که خۆی کوشت، ده‌ستبه‌رداری
هه‌موو شتێک بوو و ده‌ستی له هه‌موو شتێک شۆرد و خۆی له هه‌موو شتێک پاککرده‌وه.
خۆکوشتنی "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی"، کارێکی ئاسایی نه‌بوو،
به‌ڵام زۆر به ئاسایی وه‌رگیرا. میدیاکانی کورردستان به دوویدا نه‌چوون و هه‌ر
ئه‌و یه‌ک دوو ڕۆژه‌ی، که تازه‌کی خۆی کوشتبوو، ئه‌ویش وه‌ک هه‌واڵ باسیان لێوه
کرد، ده‌نا ئیدی باسی لێوه نه‌کرا. ده‌بوو ئه‌و خۆکوشتنه ڕامانێکی لێ زابا و زۆر
باس کرابا و زۆر تاوتوێ کرابا، چونکه بۆ کورد کرده‌یه‌کی نوێ و بێ پێشینه بوو و
پێموایه یه‌که‌مجاره له مێژووی کورددا، که‌سێک نێوی سیخوڕی لیبنرێت، هه‌رله‌خۆڕا
و ده‌سبه‌جێ خۆی بکوژێت.
ده‌یان ساڵه خه‌ڵک باس له سیخوڕیی ئه‌م سه‌رکرده و ئه‌و
به‌رپرس و ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌و ئه‌ندامی باڵای حیزب ده‌که‌ن، که‌چی هه‌رده‌ڵێی
گوێزیان بۆ ده‌ژمێردرێ و که‌س هه‌ر به سه‌ر خۆیدا نابات و هه‌موو خۆیانی لێ نه‌بان
ده‌که‌ن.
چه‌ندین ساڵه به‌رپرس و حیزبی و ده‌سه‌ڵاتداری کورد، سیخوڕانه
و گرێدراوانه و وابه‌ستانه، خاک و وڵات و هه‌موو شتێکی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی، هه‌رزانفرۆش
ده‌که‌نه هه‌رچی ده‌سگای سیخوڕی، نه‌ک هه‌ر وڵاتانی ده‌وروبه‌ری کوردستان، به‌ڵکه
هه‌موو جیهان و له هه‌مان کاتیش‌دا، کرده‌که‌ی خۆیان به "کوردایه‌تی"
به خه‌ڵکی کوردی ده‌فرۆشنه‌وه.
چه‌ندین ساڵه وه‌ک ئه‌رکێکی سیخوڕانه، که پێیان
سپێردراوه، سه‌رانی کورد، بۆ ئه‌م ده‌وڵه‌ت و ئه‌و ده‌وڵه‌ت لاوی کورد ده‌ده‌نه
کوشت و ده‌کوژن و به خه‌ڵکی کوردیش به ده‌یان نێوی جیاوازی وڵاتپاری و کوردایه‌تییه‌وه
ده‌یفرۆشنه‌وه.
چه‌ندین ساڵه سیخوڕانی سه‌رکرده و ده‌سه‌ڵات له
کوردستان، هه‌رچی خودان کاریانه له وڵاته داگیرکاره‌کانی کوردستان و وڵاتانێک
که گرێدراوین، به سه‌ر هه‌موو خه‌ڵکی کورد و گه‌لی کوردستانه‌وه کردووه‌ته که‌ڵه‌گا
و وڵاتیان ده‌به‌خشنێ و سازشیان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و ملیان بۆ شۆڕ ده‌که‌نه‌وه و
له‌کن خه‌ڵکی کوردیش به میواندۆستی و چاوتێری و دیپلۆماسییه‌ت ده‌یده‌نه قه‌ڵه‌م.
ترسنۆکن ئه‌و هه‌موو سیخوڕانه‌ی له سه‌ر تا خوارێی حیزب
و ده‌سه‌ڵاتی کوردستاندا جممه‌یان دێت و جیفڕک لێده‌ده‌ن و خۆ ناکوژن!
ده‌بوو خۆکوشتنی "هاوڕێ نه‌مه‌ڵی"، که هه‌ر
مه‌رج نییه سیخوڕیش بووبێت، بووایه‌ته سه‌رمه‌شق و وانه و هانده‌رێک، بۆ ته‌واوی
ئه‌و سیخوڕانه‌ی، که ئێستاش له پله و پایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و حیزبی
کوردستان نایه‌نه خوارێ و تا دێت هه‌ورازتر هه‌ڵده‌کشێن، ده‌بوو ئه‌و هه‌موو سێخوڕانه‌ی ئه‌وڕۆ به ناوی کوردایه‌تییه‌وه
ده‌له‌وه‌ڕێن و چاره‌نووسی خه‌ڵک دیاری ده‌که‌ن، به ژنه‌وتنی ئه‌و هه‌واڵه، ئه‌گه‌ر
ڕێزه‌یه‌ک بوێری و پیاوه‌تی و ئاوڕوویان تێدا هه‌بووایه و هه‌یه، بێ
سێودوولێکردن سه‌رو یه‌ک فیشه‌کێکیان به که‌لله‌سه‌ری خۆیانه‌وه نابا و به لادا
هاتبان، یا ئه‌گه‌ر خۆیان ئه‌و زات و بوێرییه‌یان تێدا نه‌بووه و نییه و ده‌ستیان
نه‌چووه و ناچێته خۆیان، خه‌ڵکی کورد ئه‌و کاره‌یان له‌بری ئه‌وان کردبا و ده‌ستیان
لێ نه‌پاراستبان و هه‌ر ڕۆژه‌و چه‌ند دانه‌یه‌کیان سارد کردبانه‌وه، به‌و جۆره
له کۆڵی خه‌ڵکی کوردستان ده‌بوو‌نه‌وه و خه‌ڵکی کوردیان لێ ڕزگار ده‌بوو.
ده‌بوو که‌لله‌سه‌ره ڕه‌سیوه‌کانی، ئه‌و له‌شکره
سیخوڕه‌ی کوردستان، که گه‌لێک زۆرن و له هه‌موو ئاست و پایه‌یه‌کی به‌رپرسیی و
ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ن، وه‌لادا هاتبان و وڵاتیان لێ خاوێن کرابایه‌وه.
11-11-2007
[4] پارتی گه‌لی دیموکراتی کوردستان،
که سامی عه‌بدوڕه‌حمان ڕێبه‌ری بوو، له هاوینی
ساڵی 1992دا خۆی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و له‌گه‌ڵ حیزبی سۆسیالیستی کوردستان و "پاسۆک"دا،
حیزبێکی نوێیان، به نێوی "حیزبی یه‌کگرتنی کوردستان" ساز کرد و دواتر
ئه‌و حیزبه‌یش هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و چووه نێو پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه. چه‌ند
که‌سێک له حیزبی سۆسیالیست، وه‌ک تاک، چوونه نێو یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه
و بڕێکیش له‌وانه‌ی پارتی گه‌ل نه چوونه نێو پارتی و نه چوونه نێو یه‌کیه‌تییه‌وه،
به‌ڵکه حیزبێکی دیکه‌یان به نێوی"حیزبی ڕزگاری کوردستان" ساز کرد.
چوونی هاوڕێ نه‌مه‌ڵی و یه‌ک دوو که‌سی دیکه، وه‌ک ده‌سته و پاشماوه‌ی پارتی گه‌ل
و دوای پازده شازده ساڵێک له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حیزبه‌که‌یان و کۆڵدانیان له
سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی و که‌نارگرتنیان، بۆ نێو یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان، له
وازییه‌کی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی زیاتر شتێکی دیکه نه‌بوو و ته‌نیا بۆ ئه‌وه بوو،
له میدیاکانی یه‌کیه‌تییدا وا پێشان بده‌ن، که ئه‌وانه پاشماوه‌ی حیزبێکن و
تێکه‌ڵ به حیزبه‌که‌ی ئه‌وان ده‌بن، ده‌نا له ڕاستیدا ئه‌وانه زۆر له‌مێژ بوو له
حیزبایه‌تی دابڕابوون و پێش ئه‌وه‌ی له میدیاکانی یه‌کیه‌تییشدا باسیان وه‌ک ده‌سته
بکرێت، ئه‌وان وه‌ک تاک گه‌ڕابوونه‌وه نێو یه‌کیه‌تیی و کاریان وێ درابوو. ساڵی
1984 پارتی گه‌ل له سووریاوه چه‌ند که‌سێکی خۆی وه‌ک ده‌سته‌یه‌ک نارده‌وه بۆ
کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بچن له‌وێ بنکه‌یه‌ک دانێن و به‌شداری بزاڤی چه‌کداری بکه‌ن. دووان
له‌وانه، خه‌ڵکی سلێمانی و گه‌رمیان بوون. یه‌کێکیان هه‌ر که گه‌یشتنه‌وه ده‌وروبه‌ری
سلێمانی و هێزه‌کانی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانی بینی، که ئه‌وده‌م یه‌کیه‌تیی
له گوتوبێژدا بوو له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی به‌عسدا و خه‌ڵکانی یه‌کیه‌تییش هاتوچۆی
شارانیان ده‌کرد، ئیدی خۆی تێکه‌ڵ به‌وان کرد و وازی له پارتی گه‌ل هێنا. ئه‌وی
دیکه‌شیان له سلێمانی خۆی مات کرد و پاڵی لێ دایه‌وه و دواتر خۆی گه‌یانده هه‌نده‌ران
و 1991، که ڕاپه‌ڕین هاته گۆڕێ، ئه‌وده‌م له سلێمانی سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه.
هاوڕێیه‌کم گێڕایه‌وه و گوتی:"که 1991 دوای ڕاپه‌ڕین گه‌ڕامه‌وه سلێمانی
ده‌بینم ئه‌و هاوڕێیه‌ی له 1984ه‌وه خۆی مات کردبوو و وازی له پارتی گه‌ل
هێنابوو و لێی دابڕابوو، له‌به‌رده‌م یه‌کێک له خانووه داگیرکراوه‌کانی حوکوومه‌تدا
ڕاوه‌ستاوه و له‌سه‌ر ده‌رگاکه‌ی به گه‌وره‌یی
نووسیویه‌تی (باره‌گای پارتیی گه‌لی دیموکراتی کوردستان) و بۆ خۆیشی جلێکی کوردی
له‌به‌ر کردووه و ده‌مانچه‌یه‌کی کردووه‌ته لاکه‌مه‌ریدا. منیش پێم گوت: کوڕه
ئه‌وه تۆ ئه‌م هه‌موو ساڵانه له کوێ بووی و چۆن بوویته‌وه به پارتیی گه‌ل!".
[5] کوردستانی نوێ،
ژماره 4384، پێنجشه‌ممه 27-9-2007. هه‌ر له کوردستانی نوێ‌دا پێشتر وه‌ک هه‌ڤاڵ
و کادری پارتی گه‌ل درایه ناسین، کاتێک جه‌لال تاڵه‌بانی پێشوازی لێکرد.
No comments:
Post a Comment