گسکدان
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ماوه‌یه‌که،
له نێو ته‌واوی خه‌ڵکی کورددا، باسی سیخوڕی و جاسووسی و خیانه‌تکاریی، کۆمه‌ڵێک له
ئه‌ندامه باڵاکانی هه‌ردوو زلحیزبی باشووری کوردستان، پارتی و یه‌کیه‌تی، ده‌کرێت
و ئه‌م ڕۆژنامه‌ی کوردی، دوو ناو و ئه‌و سایتی کوردی سێ ناویان، لێ بڵاوده‌کاته‌وه
و که‌سیش، تا ئێستا و به ته‌واویی، نێوی هه‌موو ئه‌و سیخوڕانه‌ی بڵاو نه‌کردووه‌ته‌وه.
خه‌ڵکانی ده‌رێی حیزبه‌کان، زۆرجاران له‌ترس و جارنایش، له به‌ر خاتری ئه‌م و ئه‌و،
ئه‌و نێوانه ئاشکرا ناکه‌ن. هه‌رچی هه‌ردوو زلحیزبه‌که‌یشه، لۆکه‌یان خستووه‌ته
گوێی خۆیان و خۆیان لێ که‌ڕ کردووه و به هیچ شێوه‌یه‌ک، باس له‌و مه‌سه‌له‌یه
ناکه‌ن. ئه‌وه‌ی له نێو خه‌ڵکدا باوه، ئه‌و نێوانه، به هه‌ردوو حیزبه‌وه، خۆیان
ده‌ده‌ن له 700-800 ناوێک. من هیچ گومانم له‌وه‌دا نییه، که له نێو حیزبه‌کانی
دیکه‌ی کوردستانیشدا، له‌و جۆره سیخوڕ و جاسووسانه هه‌ن. یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان،
هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه، که له مۆڵگه‌کانی به‌کره‌جۆ و که‌لاردا ده‌ژیان، و نێوی 66یان
لێنرابوو، حوکوومه‌تی عیراق، توانیبووی خۆ بترنجێنێته نێویانه‌وه و گه‌رایان تێدا
دا‌نێت. ئه‌گه‌ر وا نییه، ئه‌دی ئه‌و هه‌موو لاوانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان،
چۆن به‌و ئاسانییه ئاشکرا ده‌بوون و ده‌گیران و ده‌کوژران! هه‌ر به نێو یه‌کیه‌تیی
نیشتمانیی کوردستاندا، شێخ سه‌تتار تاهیر شه‌ریف و عه‌بدولوه‌هاب تاڵه‌بانی، که‌ونه
سیخوڕانی به‌عس، ده‌ربازبوون و گه‌یشتنه هه‌نده‌ران. هه‌ر ئه‌و دوو زلحیزبانه
بوون، که سه‌دان که‌ونه‌به‌عسی، که‌ونه‌جاش، که‌ونه‌جاسووسیان، گرته‌خۆ و ڕۆڵی له‌به‌رچاو
و به‌رزیان، له نێو حیزبه‌کانی خۆیان و کارگێڕییه‌کانیاندا دانێ! ئه‌و ڕه‌وشه،
بارێکی وای ساز کردووه، که مرۆض گومان له ته‌واوی سه‌رانی ئه‌و حیزبانه و سه‌رکرده‌یه‌تیی
سیاسیی کورد بکات. موزه‌ففه‌ر ئه‌ننه‌واب(مظفرالنواب) گوته‌نی:"بدأت أحاذر حتی
الحیطان..."، واته: واملێهاتووه، ته‌نانه‌ت سڵ له دیواره‌کانیش ده‌که‌م/واملێهاتووه
ته‌نانه‌ت خۆم له دیواره‌کانیش ده‌پارێزم.خه‌ڵکی کورد مافی خۆیه‌تی داوای ئاشکراکردنی
ته‌واوی ئه‌و ناوانه بکات، چونکه ئه‌وه‌ی حیزبییه و سه‌ره په‌تێکی به ده‌سته‌وه‌یه، بێ که‌مترین ئاگایی، له دیرۆکی کورد، وا ده‌زانیت،
ئه‌و بۆ خۆی کوردی گه‌یاندووه‌ته، ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا. خه‌ڵکی کورد مافی خۆیه‌تی،
نه‌ک ته‌نێ ناوی ئه‌و جاسووسانه بزانێت، به‌ڵکه هه‌موو ورد و درشتێکی ئه‌و حیزبانه‌یشی
ئاگا لێبێت، چونکه ئه‌وان به نێوی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه قسان ده‌که‌ن و ئه‌وان به نێوی
ئه‌و خه‌ڵکه‌وه پاره و پووڵ و سامانی کوردستان، بۆ مه‌به‌سته تایبه‌تییه‌کانی خۆیان
به‌کار ده‌به‌ن. سه‌رانی کورد، تا ئێستا هه‌رچی ده‌که‌ن و هه‌رچی به ته‌مان بیکه‌ن
و هه‌رچی ده‌ڵێن، بێ ئاگادارکردنه‌وه، بێ پرس و قایل‌بوون، بێ ئاره‌زوو و بێ ڕاوێژی،
خه‌ڵکی کورد کردوویانه و ده‌یکه‌ن. سه‌رانی کورد، بۆ خۆیان وا تێده‌گه‌ن، هێنده
لێزان و شاره‌زان، له سیاسه‌ت و کارگێڕی و دانوستاندندا، که هه‌رگیز پێویستیان به
که‌س نییه و هه‌موو کارێکی که ده‌یکه‌ن، هه‌رگیز هه‌ڵه‌ی تێدا نییه. خه‌ڵکی کورد،
ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ن، که سه‌رانی کورد، به هیچ شێوه‌یه‌ک، که‌مترین ڕێز و بایه‌خ
و گوێڕایه‌ڵییان، بۆ ئاره‌زوو و خواست و ئامانجه‌کانی ئه‌وان نییه و ئه‌وه‌ی ده‌یکه‌ن،
ته‌نێ شۆخیکردنه به‌وان. شووره‌یی و شه‌رمه بۆ ئه‌و حیزبانه و بۆ سه‌رانی کورد،
ئه‌گه‌ر هه‌رچی زووتره، نه‌که‌ونه خۆیان و ئه‌و جاسووس و که‌ونه‌به‌عسییانه، نه‌ک
هه‌ر ئاشکرا که‌ن و ده‌رکه‌ن له ڕیزه‌کانیان، به‌ڵکه بیانده‌نه دادگا و به سزای
شایسته‌ی خۆیانیان بگه‌یه‌نن. خه‌ڵکی کورد، ئیدی پێویست ناکات له هیچ گوتار و کردار
و ڕه‌وتارێکی ئه‌و حیزبانه و سه‌رانیان بێده‌نگ بێت. ئه‌و حیزبانه و سه‌رانیان، که
ڕێزه‌یه‌ک ڕێزیان بۆ میلیۆن و زیاتر شه‌هیدانی کوردستان نه‌بێت، هی ئه‌وه‌ن نه‌ک هه‌ر
نه‌فره‌تیان لێ بکرێت، به‌ڵکه گسکدرێن و وه‌ک سه‌ددامییه‌کان، بخرێنه زبڵدانی مێژووه‌وه
و ماڵی کوردیان، لێ خاوێن بکرێته‌وه.
24/10/2003
No comments:
Post a Comment