قالوبه‌لا
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
میمکه جه‌یرانی که‌ریم جانی، که ماڵیان له که‌لار بوو
و بۆره خزمایه‌تییه‌کیشمان هه‌بوو، هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له ڕۆحی پاکی بێت، که باسی
نه‌ریتێک، ڕه‌وشتێک، خوویه‌ک، ڕاهاتنێک، مێژوویه‌ک، یا هه‌ر شتێکی دیکه‌ی کردبا، که
هه‌ر له زووه‌وه وا بووبێت و به‌و جۆره بووبێت و خه‌ڵک له سه‌ر ئه‌و شێوه‌یه
بووبێتن و ڕاهاتبن، ده‌یگوت:"قالوبه‌لا هه‌ر وا بووه". یا "له
قالوبه‌لاوه هه‌ر وایه". قالوبه‌لا، که له "قالوا ﺒﻠﻰ"ی عه‌ره‌بییه‌وه
وه‌رگیراوه و له قورئانیشدا هه‌ر به‌و جۆره هاتووه، له کوردی‌دا ده‌بێته: "گوتیان به‌ڵێ". له‌م به‌ینه‌ی پیشوودا و
له ته‌له‌ڤزیۆنی "کوردسات"ه‌وه و له پرۆگرامێکدا، "عیماد ئه‌حمه‌د"،
که ئێستا ئه‌ندامیی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستانه و کاتی خۆیشی
له‌گه‌ڵ ئاش(ئاڵای شۆڕش)دا بووه و کۆڵێکیش خۆی به چه‌پ و مارکسیست زانیوه و بۆ
خۆیشی خه‌ڵکی خانه‌قینه، له وه‌ڵامی پرسیارێکدا، له‌مه‌ڕ داهاتووی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی
کوردستان، که تازه‌کی ڕزگاربوون، مانه‌ندی که‌رکووک و خانه‌قین و ئه‌وانه، گوتی:
پاشان ده‌بێ ڕاخوازی بکرێت و خه‌ڵکی خانه‌قین خۆیان بڕیار بده‌ن، که له‌گه‌ڵ کوردستان
ده‌بن یا له‌گه‌ڵ عیراق. تۆ وه‌ره به ده‌ستی خۆت، کوردستانیبوونی خانه‌قین
بخه‌یته گومانه‌وه و پێتوابێت، خه‌ڵک ده‌بێ بڕیاری ئه‌وه بدات، که خانه‌قین، کوردستانه
یا نه! کوردستانیبوونی خانه‌قین، مه‌نده‌لی، به‌دره، قه‌ره‌غان، قزڕه‌بات و تا جه‌به‌ڵ
حه‌مرین، چ وه‌ک خاک و چ وه‌ک خه‌ڵکیش، چ وه‌ک جوگرافیا و چ وه‌ک دیرۆکیش، بێ هیچ
دوودڵییه‌ک، کوردستانه و که کوردستانیش بوو، چ پێویستییه‌ک به‌وه هه‌یه، خه‌ڵک
ده‌نگ بدات، بۆ سه‌لماندنی کوردستانیبوونی خانه‌قین. جا، که حاڵ وا بێت، ده‌بێ
داوا له خه‌ڵکی شاره عه‌ره‌به‌کانی نێزیکی سنووری کوردستانیش بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی
ده‌نگ بده‌ن، بزانن ده‌یانه‌وێت، له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی عیراق بن، یا له‌گه‌ڵ کوردستان،
بۆ نموونه شاری باقووبه (بعقوبة) ، به‌غدا (بغداد) ، تکریت، بێجی و. . . . ، به
گوێره‌ی ئه‌م تیۆرییه زۆرکوردستانییه‌ی عیماد ئه‌حمه‌د بێت، ده‌بێ هه‌مان مۆدێل،
بۆ شاره‌کانی که‌رکووک، خورماتوو، تاووغ، کفری، قه‌ره‌غان، قه‌ره‌ته‌پپه، دووبز،
شێخان، شنگال و. . . . به‌کار ببرێت و ڕه‌نگه، ئه‌م تیۆرییه شۆڕشگێڕانه‌یه‌ی عیماد
ئه‌حمه‌د، ماوه‌یه‌کی دیکه، هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک و. . . . یش بگرێته‌وه، ئه‌وده‌م
کوردستانیبوونی ئه‌و شارانه‌ش، ده‌خرێته گومانه‌وه. ئه‌وده‌م، ئیدی چ ده‌مێنێت له
خاکی کوردستان، که هه‌ڕاج نه‌کرێت و سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ی پێ نه‌کرێت!. مرۆڤه‌کان به
ته‌نێ و بێ خاک ده‌مێننه‌وه، لێ تیۆرییه‌که، له دواییشدا و پاش بیرازکردنێک، ئه‌وانیش
ده‌گرێته‌وه و ئه‌وده‌م، باس له‌وه ده‌کرێت، که خاکێک هه‌بوو، نێوی کوردستان
بوو و گه‌لێک هه‌بوو، نێوی کورد بوو. شاری خانه‌قین، عیماد ئه‌حمه‌د و عیماد ئه‌حمه‌دان،
هه‌رچۆنی بخه‌نه مه‌زاده‌وه، هه‌ر شارێکی کورد بووه و به‌شێک بووه له کوردستان
و بڕوا ناکه‌م هیچ که‌سێک - بێجگه له به‌عس و خه‌ڵکانی سه‌ر به ڕێژیمی سه‌ددام
و شۆڤینیست و نه‌ته‌وه‌په‌رستانی عه‌ره‌ب- نکۆڵی له‌وه بکات. خانه‌قین، میمکه جه‌یران گوته‌نی قالوبه‌لا
هه‌ر کوردستان بووه و هه‌ر به کوردستانییش ده‌مێنێته‌وه.
23/10/2003
No comments:
Post a Comment