هه‌وه‌ساری یا هه‌وێساری
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
هه‌وه یا
هه‌وێ، له زمانی کوردی‌دا، بۆ دوو ژن به‌کار ده‌برێت، که هه‌ردووکیان مێردیان به
یه‌ک پیاو کردبێت. ململانێی نێوان دوو هه‌وه یا هه‌وێ، پێی ده‌گوترێت، هه‌وه‌ساری
یا هه‌وێساری. مرۆڤ، که ده‌نۆڕێته ڕه‌وتار و گوتار و هه‌ڵسوکه‌وتی هه‌ردوو زلحیزب(پارتی
و یه‌کیه‌تی) و زلحوکوومه‌ت(هه‌ولێر و سلێمانی) و زلسه‌رکرده(مه‌سعوود بارزانی و
جه‌لال تاڵه‌بانی ) و زلته‌له‌ڤزیۆن(کوردستان تیڤی و کوردسات) و زلشار(هه‌ولێر و
سلێمانی)، ڕێک ده‌ڵێی دوو هه‌وه یا دوو هه‌وێی یه‌کدین و هه‌ریه‌که‌یان له قینی
ئه‌وی دیکه‌یان، هه‌مان کار ئه‌نجام ده‌دات، هه‌مان گوته ده‌ڵێته‌وه، سه‌ردانی هه‌مان
که‌س ده‌کات و پێشوازی له هه‌مان که‌س ده‌کات. بارزانی، ده‌چێته مسر، تاڵه‌بانی
دوای ئه‌و ده‌چێته مسر. تاڵه‌بانی ده‌چێته کووه‌یت، بارزانی دوای ئه‌و ده‌چێته کووه‌یت.
شاندێک یا ئه‌فسه‌رێک یا کارگێڕێکی ئه‌مه‌ریکایی سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌کات و بارزانی
ده‌بینێت، ڕۆژی دووه‌م سه‌ردانی سلێمانیش ده‌کات و تاڵه‌بانی ده‌بینێت. کوردستان تیڤی،
ژڤانی سترانانی هه‌یه، کوردسات ساباتی
سترانی هه‌یه، زۆرینه‌ی سترانگه‌لێک، که له‌و دوو پرۆگرامه‌دا په‌خش ده‌کرێنه‌وه،
هیچ له سترانه‌کانی "بنت الریف" و ئه‌وانه باشتر نین. کوردسات ده‌بێته
عه‌ره‌بی، کوردستان تیڤیش ده‌بێته عه‌ره‌بی. خێڵی عه‌ره‌ب ده‌بنه میوانی بارزانی،
ڕۆژێکی دوای ئه‌وه‌ش ده‌بنه میوانی تاڵه‌بانی. بارزانی، مه‌سرووری کوڕی له‌گه‌ڵ خۆیدا
ده‌باته هه‌نده‌ران، تاڵه‌بانی قوبادی کوڕی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌باته هه‌نده‌ران.
بارزانی ده‌چێته سووریا، تاڵه‌بانی ده‌چێته ئێران. ته‌نانه‌ت بیانیگه‌لێک، که ده‌بنه
میوانی ئه‌م دوو ڕێبه‌ریه‌تییه، یا ئه‌م دوو ڕێبه‌ریه‌تییه ده‌بنه میوانیان، ئه‌وانیش
له فیکه‌ی خۆیان چاک تێگه‌یشتوون و له نێوانیاندا، گه‌مه ده‌که‌ن و به ڕدێنی هه‌ردووکیان
پێده‌که‌نن. من له‌و بڕوایه‌دام، ته‌نانه‌ت له ئه‌نجومه‌نی فه‌رمانڕه‌وایی به‌غدایش،
که هه‌ردوو ڕێبه‌ر ئه‌ندامن تێیدا، تاڵه‌بانی ته‌نێ گوی بۆ قسه‌کانی بارزانی ڕاده‌دێرێت
و بارزانیش ته‌نێ بۆ قسه‌کانی تاڵه‌بانی گوێڕاده‌دێرێت، ئه‌ویش نه‌ک له به‌ر گرنگی
قسه‌کان، به‌ڵکه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه له یه‌کدی بدۆزنه‌وه و خۆ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی
یه‌کدی ئاماده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر پێویست بوو، ده‌نا قسه‌ی ئه‌ندامانی دیکه‌ی ئه‌نجومه‌ن،
بۆ هیچ یه‌کێک له‌وان به‌های سه‌لکه توورێکیان نییه. ئه‌م دووفاقییه، ئه‌م دوو
سه‌رکرده‌یه‌تییه، ئه‌م دوو جۆره بیرکردنه‌وه یا بیرنه‌کردنه‌وه، ئه‌م دوو جۆره
سیاسه‌ته یا ناسیاسه‌ته، ڕه‌وشێکی وای هێناوه‌ته
گۆڕی، که له بێئومێدی و هیوابڕاوی زیاتر، له دڵ و هزر و خه‌ونی مرۆڤی کورددا،
شتێکی دیکه شین نه‌کات. ئه‌مان له بری ئه‌وه‌ی، هه‌وڵده‌ن نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کانی
خۆیان، نه‌نێرن بۆ ده‌ڤه‌ره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و بڵاویان نه‌که‌نه‌وه،
که‌چی ڕێک به پێچه‌وانه‌وه، ته‌واوی ئه‌و ئایدزه‌سیاسییانه‌ی، که زۆر له مێژه
دووچاری بوون، به دیاری، به سه‌ر که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره نوێ ڕزگاربووه‌کانی دیکه‌یشدا،
ده‌یبه‌شنه‌وه. ئه‌مان، که هێشتا له سه‌ر وشه‌ی"قوتابخانه" و
"خوێندنگه" و "قوتابی" و "خوێندکار" ، پێکنه‌هاتوون،
ده‌بێ که‌ی له سه‌ر شته گه‌وره‌کان پێک بێن!. ڕه‌نگه تاقه شتێک، که به ئاسانی
و زۆر خێرا له سه‌ری پێکبێن، خۆ گه‌یاندن بێت به تورکیا و وڵاتانی عه‌ره‌ب و...خۆ
به‌ده‌سته‌وه‌دان و مۆرکردنی هه‌رچی ته‌نازولاتێکی زیاتر بێت، ده‌نا له چی دیکه‌دا
پێک هاتوون؟ خێڵی یه‌کیه‌تیی، له که‌رکووک، مه‌کته‌بێک –من بۆیه گوتم مه‌کته‌ب،
بۆ ئه‌وه‌ی ئێستا و لێره‌دا خۆم له وشه‌کانی ئه‌وان لاده‌م- ده‌که‌نه‌وه و منداڵ
به زمانی کوردی تێیدا ده‌خوێنن، له به‌ر ده‌رگای مه‌کته‌به‌که، ده‌نووسن: خوێندنگای....،
که له ڕاستیدا ده‌بێ: خوێندنگه بێت، نه‌ک خوێندنگا. خێڵی پارتی، له که‌رکووک،
مه‌کته‌بێک ده‌که‌نه‌وه و منداڵ به زمانی کوردی تێیدا ده‌خوێنن، له به‌ر ده‌رگای
مه‌کته‌به‌که، ده‌نووسن: قوتابخانه‌ی....،ئه‌مه بۆ خۆی سه‌رلێشێواندن و چه‌واشه‌کردنی
خه‌ڵکه. ئه‌مه بۆ خۆی به‌شینه‌وه‌ی منداڵه به سه‌ر قوتابخانه و خوێندنگه‌گه‌لێکدا،
که حێزبێنراون. به‌شینه‌وه‌ی زارۆکه به سه‌ر پارتی و یه‌کیه‌تییدا. پارتییه‌ک،
ئه‌گه‌ر خوێندنگه‌یه‌کیش نێزیکی ماڵه‌که‌ی بێت، منداڵه‌که‌ی یا منداڵه‌کانی، نانێرێته
ئه‌و خوێندنگه‌یه، به‌ڵکه ده‌ینێرێته یا ده‌یاننێرێته قوتابخانه‌یه‌کی، ئه‌گه‌ر
گه‌لێک له ماڵه‌که‌ی خۆیشیه‌وه دوور بێت. هه‌رچی یه‌کیه‌تییه‌کیشه ڕێک به پێچه‌وانه‌ی
ئه‌وه‌وه ده‌کات و منداڵی ده‌نێرێته خوێندنگه‌یه‌کی دووری ماڵی خۆیان و ناینێرێته
قوتابخانه‌یه‌کی نێزیکی ماڵی خۆیان. بێجگه له خوێندنگه و قوتابخانه، ڕێکخراوی
قوتابییان و خوێندکاران، یه‌کیه‌تیی ژنان و ئافره‌تانیشیان، هه‌ر به ناوه‌کانیاندا
جودا کردووه‌ته‌وه. تۆ بنۆڕێ، که چۆن ئه‌مانه گاڵته نه‌ک هه‌ر به سیاسه‌ت، به‌ڵکه
به زمان و فه‌رهه‌نگ و منداڵی کوردیش ده‌که‌ن. ئه‌مه ته‌نێ به‌شێکه له زنجیره‌یه‌کی
یه‌کجار دووروودرێژی هه‌وه‌ساری یا هه‌وێساری، جوامێرگه‌لی ڕێبه‌رانی کورد، که له‌وه‌ی
زیاتر، له دوو هه‌وه یا هه‌وێی زۆر دژه‌یه‌ک و که‌لله‌ڕه‌ق و یه‌کده‌نده ده‌چن،
له هیچ شتێکی دیکه ناچن.
22/10/2003
No comments:
Post a Comment