به‌غدا
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
سه‌رانی کورد،
به تایبه‌ت مه‌سعوود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌وه‌تی چوونه‌ته به‌غدا و
بوون به ئه‌ندامی ئه‌و ئه‌نجومه‌نی حوکمه، یه‌ک به‌خۆم، وه‌ک مه‌ست دێنه به‌رچاوم.
مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه خودا نه‌خواسته، به‌دمه‌ستیی بکه‌ن و مه‌ستی باده و
خواردنه‌وه بن، نه‌خێر مه‌به‌ستم مه‌ستبوونه به به‌غدا خۆیه‌وه!. نازانم ئێوه
هه‌رگیز له خۆتان پرسیوه، که ئه‌و دوو جوامێره بۆ هێنده دڵبهندن به به‌غداوه؟
من بۆ خۆم وای ده‌بینم: مه‌سعوود بارزانی، سالآنی منداڵی و مێردمنداڵی، له به‌غدایه
گوزه‌راندووه. خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی له به‌غدا بووه. دیاره یادگارییه‌کی
زۆری سه‌رده‌مانی منداڵی و مێردمنداڵی، کووچه و کۆلآنه‌کانی به‌غدای له بیره. جه‌لال
تاڵه‌بانییش، دوو ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی، که سالآنی هه‌ڕه‌تی لاویه‌تیی بوون، له به‌غدا
بردووه‌ته سه‌ر. سالآنی کۆلیژی قانوون و زانستگه‌ی به‌غدای، که ئه‌و سالآنه خۆشترین
ته‌مه‌نێکن له ژیانی مرۆڤدا، و سالآنی 1966-1970ی، که ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ئیدی بۆ
خۆی خاوه‌نی پاره و پووڵ و گیرفان و چه‌کدار و باره‌گا و ڕۆژنامه و پێوه‌ند به
ده‌سه‌لآت و ده‌بده‌به و به‌زمی دیکه بووه، بێگومان ئه‌و سالآنه‌ش، پڕ له پیت
و فه‌ڕ و خۆشی بوون له ژیانیدا. هه‌رچی هه‌ردوو
ئه‌و سه‌رکردانه‌ن، له ڕووی سایکۆلۆژییه‌وه، تاسه‌یه‌کی زۆر به‌تین و به‌هێزیان،
بۆ ئه‌و ڕۆژگارانه‌ی ژیانی به‌غدایان هه‌یه. به‌غدا، به لای ئه‌وانه‌وه، هه‌رچه‌نده
بۆ خۆیشیان نایڵێن، ئێستاش جێی گۆڵمه‌ز و ڕابواردن و گه‌نجایه‌تی و سه‌دان به‌زمی
دیکه‌یه. ئه‌وان، به‌شێک له ڕۆحیان ئێستاش به‌ند و گرێدراوی به‌غدایه و "دڵیان
هه‌ر ئه‌و دڵه‌ی جارانه ئێستاکه‌ش ده‌ناڵێنێ..". هه‌رچه‌ندی ئه‌و هه‌سته‌یان
له هه‌مبه‌ر به‌غدا له کن به‌هێزتر بێت،
هێنده له کوردستان دوور ده‌که‌ونه‌وه، چه‌ندی ئه‌و هه‌ست و تاسه و نۆستالژیایهشیان
له بۆ به‌غدا که‌متر و کزتر بێت، له کوردستان نێزیک ده‌بنه‌وه. ئیدی خودا له به‌ر
خاتری ئه‌و خه‌ڵکه کڵۆڵه‌ی کوردستان، هیدایه‌تیان بدات و له‌و مه‌ستییه ڕزگاریان
کات و بینه‌وه سه‌ر خۆیان.
8/9/2003
No comments:
Post a Comment